Draw Media

چۆن دەنگی دەنگدەران دەكرێت بە كورسی پەرلەمان؟

چۆن دەنگی دەنگدەران دەكرێت بە كورسی پەرلەمان؟

2025-05-13 14:26:19


راپۆرتی: درەو
بۆ هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، لەكۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق (46) كورسی لە سنوری هەرێمی كوردستاندایەو لەم ژمارەیەش (9) كورسییان ژنان دەیبەن، بەپێی سیستەمی هەڵبژاردن دەنگی دەنگدەران چۆن دەكرێت بە كورسیی پەرلەمان؟ ئەگەر كورسییەكی پەرلەمان بە هەر هۆكارێك چۆڵ بوو، چۆن شوێنگرەوەی بۆ دادەنرێت. وردەكاریی زیاتر لەم راپۆرتەدایە.

هەڵبژاردن و دابەشبوونی كورسییەكان
ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەردەوامە.  كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان (سیستەمی دابەشكردنی كورسییەكان و جێگۆڕكێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران)ی بڵاوكردەوە، كە رۆژی 12ی ئایاری ئەمساڵ (واتا دوێنێ) دەرچووە. 
بەگوێرەی ئەم سیستەمە، هەر پارێزگایەكی عێراق كراوە بە یەك (بازنە)ی هەڵبژاردن و كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە (329) كورسییە، بەمشێوەیە دابەشكراوە بەسەر بازنەكاندا دابەشكراوە. 

هەڵەبجە كە بەمدواییە بە فەرمی لە پەرلەمانی عێراقەوە وەكو پارێزگا پەسەندكرا، هێشتا لەچوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا مامەڵەی لەگەڵ كراوەو بۆ هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەم جیانەكراوەتەوە. 
بەپێی ئەم سیستەمە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق بەگشتیی  (46) كورسی بەر پارێزگاكانی هەرێم كەوتووە كە بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پارێزگاكاندا. 

كۆتای پێكهاتەكان 
سیستەمی هەڵبژاردن لەكۆی 329 كورسی پەرلەمان (9) كورسی بەشێوەی "كۆتا" بۆ پێكهاتەكان تەرخانكردووە، كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بەمشێوەیە دابەشبووە: 

بەپێی سیستەمی هەڵبژاردن، لە بابەتی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكاندا دەبێت ئەم خاڵانە لەبەرچاوبگیرێن: 
-    ئەگەر هاتوو هەر یەكێك لەو كاندیدانەی كە سەربە پێكهاتەكانن، كورسی گشتییان بردەوە، ئەمە كاریگەریی لەسەر كورسی تەرخانكراو بۆ ئەو پێكهاتانە نابێت (واتا خەڵكی سەربە پێكهاتەكان كورسی گشتیی ببەن، لەسەر حسابی كۆتا ئەژمار ناكرێن). 
-    ناوی كاندید بۆ كورسی پێكهاتە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كە كورسی پێكهاتەكانی بۆ تەرخانكراوە، بەگوێرەی ئەو دەنگەی كە بەدەستیهێناوە لە زۆرەوە بۆ كەم ریزبەند دەكرێتەوە. 
-    براوەی كورسی پێكهاتە ئەو كەسە دەبێت كە زۆرترین دەنگی بازنە یاخود ناوچەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە. 
-    ئەگەر كاندیدێك یان زیاتری پێكهاتەكان ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە، كۆمسیۆن تیروپشك لە نێوانیاندا دەكات. 

"كۆتا"ی ژنان چۆن رێكخراوە ؟
بەپێی سیستەمی هەڵبژاردن، مەرجە لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردندا، رێژەی كورسی ژنان لەرێژەی 25%ی تێكڕای (كورسییە گشتییەكان) كەمتر نەبێت (واتا دەرچوونی ژنان لە كورسی كۆتای پێكهاتەكان لەسەر پشكی ژنان ئەژمار ناكرێت).
ئەگەر لە هەر بازنەیەكدا، بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و لەسەر كورسییە گشتییەكان، ژنان لە لیستی كراوە یان لیستە تاكەكەسییەكان بەدەنگی خۆیان سەركەوتبن و "كۆتا"ی ژنانیان تەواوكردبێت، پرۆسەی گۆڕین (جێگۆڕكێ) ئەنجام نادرێت (مەبەست لە گۆڕینی دورخستنەوەی كاندیدی براوەی پیاوانە لە بازنەكانی هەڵبژاردن و دانانی ژنانە لە شوێنەكانیان بەمەبەستی پڕكردنەوەی رێژەی 25%ی كورسییەكانی هەر بازنەیەك بە ژنان).
خۆ ئەگەر بەگوێرەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كۆتای ژنان بەدی نەهاتبوو، كاندیدێك یان زیاتر لە كاندیدە پیاوە براوەكان لە هەمان لیستی كراوە لادەبرێت و ژنێك یان زیاتر لە هەمان لیست لە شوێنەكەی دادەنرێت كە لە هەموو ژنەكانی تری لیستەكە دەنگی زیاتری هێنابوو، بەمشێوەیە:
1- بۆ دیاریكردنی پشكی هەر لیستێك لە كۆتای ژنان، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستیهێناوە دابەش دەكرێت بەسەر (4)دا.
2- ئەگەر رێژەی 25%ی كۆتای ژنان بەدی نەهات، ئەوا ژمارەی كورسی هەر لستێكی كراوە دابەشدەكرێت بەسەر (3)دا.
3- خۆ ئەگەر بە هیچ یەكێك لە دوو هەنگاوەكەی پێشووش هەر "كۆتای ژنان" بەدی نەهات، ئەوان پشت بە ئەنجامی هەنگاوی ژمارە (2)ی سەرەوە دەبەسترێت و؛ كورسییەك بۆ ژنان تەرخاندەكرێت لە كورسی ئەو لیستە كراوانەی كە دوو كورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش دوای رێكخستنەوەی لە كەمەوە بۆ زۆر بەگوێرەی ئەو دەنگانەی كە لیستەكە بەدەستیهێناوە، ئەو كاندیدە پیاوەی كە كورسی دووەمی لە لیستی كراوەدا بردوەتەوە، لادەبرێت و ژنێك لە هەمان لیست لە شوێنەكەی دادەنرێت كە زۆرترین دەنگی هێنابێت. ئیتر بەم شێوەیە بۆ هەموو ئەو لیستانەی تریش كە دوو كورسییان بەدەستهێناوە تا ئەوكاتەی ژمارەی داواكراو بۆ بەدیهێنانی "كۆتا"ی ژنان بەدی دەهێنرێت. 
4- خۆ بە هیچ یەكێك لەو هەنگاوانەی سەرەوە هەر "كۆتا"ی ژنان بەدی نەهات، ئیتر دەبێت پشت بە دەرەنجامی بڕگەكانی (2و 3)ی سەرەوە ببەسترێت بۆ تەواوكردنی رێژەی ژنان، ئەمەش لەرێگەی تەرخانكردنی كورسی بۆ ژنان لەو لیستە كراوانەی كە تەنیا (1) كورسییان بردوەتەوە، ئەمەش دوای رێكخستنەوە لە كەمترینەوە بۆ زۆرترین لەسەر بنەمای دەنگی لیستەكە بۆ دانانی ژنێك و بەدیهێنانی "كۆتا".
5- دوو لیست كە هەردووكیان (2) كورسییان بردبێتەوە یاخود (1) كورسی، ئەگەر هاتوو ژمارەی دەنگەكانیان یەكسان بوو، ئەوا بۆ دیاریكردنی "كۆتا"ی ژنان لەنێوانیاندا تیروپشك دەكرێت لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی دیاری بكرێت كام لیستەكەیان دەبێت "كۆتا"ی ژنان پڕبكاتەوە. 
6- كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان سیستەمی "كۆتا"ی ژنان نایگرێتەوە، واتا ئەو ژنانەی كە كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان دەبنەوە لەسەر "كۆتا"ی ژنان بۆ كورسییە گشتییەكان ئەژمار ناكرێن كە بۆ هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن لانی كەم 25%ی كورسییەكانە.
بەمجۆرە، لەكۆی 329 كورسی پەرلەمانی عێراق، دەبێت 83 كورسییان ژنان پڕی بكەنەوە، لەم ژمارەیە هەرێمی كوردستان (12) پەرلەمانتاری ژنی بەركەوتووە، كە بەمشێوەیە دابەشبووە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمدا:

كورسییە بەتاڵەكان چۆن پڕدەكرێنەوە ؟
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەچوارچێوەی ماددەیەكداو بە (5) بڕگە رێوشوێنی پڕكردنەوەی كورسییە بەتاڵەكانی لە پەرلەمانی عێراق بەمشێوەیە دیاریكردووە: 
•    ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی كراوەدا كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا ئەو كاندیدە دۆڕاوەی كە لە هەمان لیست و بازنەی هەڵبژاردن زۆرترین دەنگی هێناوە، شوێنەكەی پڕدەكاتەوە.
•    ئەگەر بە هەر هۆكارێك، لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیدا (ئەو لیستەی كە لە یەك كاندید پێكدێت) كورسییەك چۆڵ بوو، ئەوا كورسییەكە دەدرێت بە كاندیدی حزب یان رێكخراوێكی سیاسی كە زۆرترین دەنگی دەنگی هێناوەو كورسی نەبردوەتەوە. 
•    ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەران چۆڵ بوو، كە لەچوارچێوەی كورسی "كۆتا"ی پێكهاتەكان بوو، كورسییەكە تەرخان دەكرێت بۆ كاندیدێكی تر لە هەمان پێكهاتەو بازنەی هەڵبژاردن كە زۆرترین دەنگی هێناوەو كورسی نەبردوەتەوە. 
•    ئەگەر كورسی "كۆتا"ی ژنان چۆڵ بوو، مەرجە ئەو ژنەی كە شوێنی دەگرێتەوە لە هەمان لیستی كراوەی هەڵبژاردن بێت. ئەم دەقە جێبەجێ نابێت بەسەر كورسی چۆڵ بوو لەچوارچێوەی كورسی تەرخانكراو بۆ "كۆتا"ی پێكهاتەكان.  
•    ئەگەر هاتوو كورسی چۆڵ بوو تایبەت بوو بە ژنێكی براوە لەچوارچێوەی لیستی تاكەكەسیی، كورسییەكەی تەرخان دەكرێت بۆ ژنێك لە حزب یان رێكخراوێكی سیاسی كە زۆرترین دەنگی هێنابێت بەڵام كورسی پەرلەمانی نەبردبێتەوە. 

چۆن دەنگ دەكرێت بە كورسیی؟
بەگوێرەی سیستەمەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، بۆ كورسییە گشتییەكان، دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەرهێنانی ژمارەی كورسی هەر لیستێك (كراوە یان تاكەكەسیی)، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە دەبێت:
•    كۆكردنەوەی تێكڕای دەنگی دروستی هەموو لیستەكان (كراوە یان تاكەكەسیی)، لەچوارچێوەی یەك بازنەی هەڵبژاردن. 
•    رێكخستنەوەی ریزبەندی لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان لە بازنەی هەڵبژاردنەكەدا بەگوێرەی تێكڕای ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە، لە زۆرەوە بۆ كەم. 
•    تێكڕای ئەو دەنگە دروستانەی كە لیستە كراوەو تاكەكەسییەكان بەدەستیان هێناوە، دابەشدەكرێت بەسەر ژمارە تاكەكانی (1.7، 3، 5، 7، 9،  ... هتد)و ژمارەی كورسییە گشتییەكان لەو بازنەیەدا، تا گەیشتن بە بەرزترین ئەنجامی دابەشبوون؛ كە هاوتابێت لەگەڵ ژمارەی كورسی تەرخانكراو بۆ بازنەی هەڵبژاردن. 
•    كورسی تەرخاندەكرێت بۆ ئەو لیستەی كە بەرزترین ئەنجامی دابەشكردنی بەدەستهێناوە، كورسی دووەمیش بۆ ئەو لیستە دەبێت كە دووەم بەرزترین ئەنجامی دابەشكردنی بەدەستهێناوە، ئیتر بەمشێوەیە هەموو كورسییەكانی بازنەكە دابەشدەكرێت. 
•    ئەگەر دوو لیست یان زیاتر هەمان ئەنجامی دابەشكردنیان بەدەستهێنا بوو بۆ ئەوەی كۆتا كورسی بازنەی هەڵبژاردن ببەن، ئەوا بە ئامادەبوونی نوێنەرەكانیان تیروپشك بۆ ئەو لیستانە دەكرێت. 
سیستەمەكەی كۆمسیۆن، بەگوێرەی ئەم هەنگاوانە، كورسییە گشتییەكانی پەرلەمانی عێراق بەسەر كاندیدەكاندا دابەشدەكات: 
•    ناوی كاندیدەكان لەناو لیستی كراوەدا، سەرلەنوێ لەسەر بنەمای دەنگەكانیان لە زۆرەوە بۆ كەم رێزبەند دەكرێتەوە.
•    بەگوێرەی ئەو بڕگەی سەرەوە، ئەو كورسییانەی كە هەر لیستێك بەدەستی هێناوە دابەش دەكرێت بەسەر كاندیدەكانیدا.
•    ئەگەر كاندیدێك یان زیاتر لە لیستێكی هەڵبژاردندا دەنگەكانیان یەكسان بوو، لەچوارچێوەی ناوچەی هەڵبژاردنەكەدا لە ریزبەندی كۆتاییدا بوون، ئەوا كۆمسیۆن بە ئامادەبوونی خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان، تیروپشك بۆ ئەو دوو كاندیدە دەكات بۆ دیاریكردنی براوەی كورسییەكە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand