Draw Media

خزمەتگوزاریى کارەبا مافى هەموو هاووڵاتیەکە

خزمەتگوزاریى کارەبا  مافى هەموو هاووڵاتیەکە

2025-05-13 11:24:45


“پێشنیارە پڕۆژەیەک بۆ دابینکردنى کارەباى (٢٤ کاتژمێر)ى بەردەوام بۆ هاووڵاتیان بەبێ بارگرانى لەسەر بژێوى ژیانیان”


ئامادەکردنى:
عومەر عەبدوڵڵا فەتاح (عومەر گوڵپى) ئەندامى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان
٢٠٢٥

 

پێشەکى
لە ڕوانگەى پەرۆشیمان بۆ هاووڵاتیانى کوردستان و بایەخى زۆرى وزەى کارەبا وەک سامانێکى نیشتیمانى بۆ ژیانى ڕۆژانەى خەڵک، پاش ڕاوێژ بە کەسانى شارەزا، ئەم پڕۆژە پێشنیارە لە بوارى بەڕێوەبردنى خزمەتگوزاریى کارەبا دەخەینە بەردەست ڕایگشتى لەلایەک و وەزارەتى کارەبا لەلایەکى ترەوە کە بەرپرسیارى سەرەکى خزمەتگوزاریى کارەبایە لە هەرێمى کوردستان.

دەکرێت ئەم پڕۆژەیە کە پێشنیارەکانى لە چوارچێوەى لایەنى بەڕێوەبردنى وزەى کارەبایە لە ڕووانگەى دادگەریی کۆمەڵایەتیەوە، لە پاڵ پڕۆژەى ترى گونجاودا، ببێتە هۆى باشترکردنى سیستمى بەڕێوەبردنى کارەبا لە کوردستاندا بەشێوەیەکى گشتى، بە هیواى ئەوەى لە ئایندەیەکى نزیکداو پاش جێبەجێکردنى پێشنیارەکان، هەرێمى کوردستان ببێتە خاوەنى کارەباى نیشتیمانى ٢٤ کاتژمێریى بەجۆرێک کە هاووڵاتى ئاسودە بێت بەوەى بووەتە خاوەنى خزمەتگوزارییەکى بنەڕەتى بەبێ بارگرانى لەسەر بژێوى ژیانى، لە هەمانکاتدا خەڵک و وڵات و هەرێمەکەشمان دوور بێت لە بەزایەدانى ئەم سامانە نیشتیمانییە گرنگە کە بە یەکێک لە کۆڵەکەکانى ژێرخانى ئابورى هەر وڵاتێک ئەژمار دەکرێت، بەجۆرێک هیچ گەل و وڵاتێک بەبێ دابینکردن و جێگیکردنى کۆڵەکەکانى ژێرخانى ئابورى کە یەکێک لەکۆڵەکە سەرەکییەکانیان کارەبایە، ناتوانێت هەنگاو بۆ پێشەوە، بەرەو خۆشگوزەرانى و پێشکەوتن بهاوێت.

 

                                                                      عومەر عەبدڵڵا فەتاح
                                                     ئەندامى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان
                                                                   ١٢/٥/٢٠٢٥ - سلێمانى

 

بەشى یەکەم
ئامانجەکانى پڕۆژە

ئەم پڕۆژەیە هەوڵدەدات ئەم ئامانجانەى خوارەوە بۆ هاووڵاتیان و دامەزراوەکان بهێنێتە دى:

1.    دابین کردنى کارەباى بەردەوام (٢٤ کاتژمێرى) بۆ هەموو خێزان و هاوبەشێک لە هەرێمى کوردستان.

2.    ڕەچاوکردنى بژێوى ژیانى هاووڵاتیان لە دەستنیشانکردنى نرخى بەکارهێنانى کارەبا بەجۆرێک نرخى بەکارهێنانى کارەبا نەبێتە بارگرانى بۆ ژیانى هاووڵاتیان و کارەبا بۆ هەمووان بێت نەوەک تەنها گروپێک لە خەڵک.

3.    ڕێگریکردن لە بە زایەدان و زیادەڕەوى لە بەکارهێنان و پاراستنى وزەى کارەبا وەک ساماتێکى نیشتیمانى گرنگ.

4.    ڕووکردنە وزەى پاک و پارێزگاریى لە ژینگەى کوردستان.


بەشى دووەم
شەش ڕاستى لەبارەى وزەى کارەباوە لە کوردستان

یەک/ کوردستان خاوەنى ژێرخانێکى گەورەى وزەیە لە نەوت و غاز، نەوت و غازیش سامانێکى نیشتیمانیەو پێویستە بە باشترین شێوە بۆ بەرژەوەندى هاووڵاتیان و بەرزکردنەوەى ئاستى خۆشگوزەرانیان وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت.
دوو/ نەوت و غازى هەرێمى کوردستان، موڵکى خەڵکى کوردستانە، بۆ هیچ کەس و لایەن و وەزارەت و کابینەى حکومەتێک نییە بەبێ ویست و دەسەڵاتى گەل و لە ڕێگەى یاساوە (لە پەرلەمان) دەست بۆ بەکارهێنانیان ببات.
سێ/ نزیکەى ڕێژەى (٩٥%)ى وزەى کارەبا لە کوردستان لە ڕێگەى (غاز)ەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەو غازەش موڵکى خەڵکى کوردستانە و خەڵک مافى خۆیەتى سودمەندى سەرەکى بەکارهێنان و بەرهەمهێنانى غاز بێت چ بۆ وزەى کارەبا یان بۆ بەکارهێنانى تر کە بڕى یەدەگى غاز لە کوردستان بە (٢٥ ترلیۆن پێ سێجا) خەمڵێنراوە.
چوار/ لە ئێستەدا هەرێمى کوردستان بە نزیکەیى (٣,٧٠٠ مێگاوات سەعات) کارەبا بەرهەمدەهێنێت، لەو بڕەیە نزیکەى (٣,٠٠٠ مێگاوات سەعات)ى بۆ ناوخۆى هەرێم و نزیکەى (٧٠٠ مێگاوات سەعات)ى بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەفرۆشێت.
پێنج/ کۆمپانیاکانى دەرهێنانى غاز لە قۆناغى پەرەپێداندانى کێڵگەکاندان، بەتایبەت کێڵگەى غازى چەمچەماڵ کە لەلایەن کۆمپانیاى دانەغاز وەبەرهێنانى تێدا دەکرێت، بەجۆرێک لە ئێستەدا (٥٥٠ ملیۆن پێ سێجاى ڕۆژانە) غاز بەرهەمدەهێنن و لە بەرنامەیاندا هەیە تا سەرەتاى ساڵى ئایندە (٢٠٢٦) تواناکانیان بگەیەننە (٨٥٠ ملیۆن پێ سێجاى ڕۆژانە)، ئەو بڕە غازەش پێویستى وێستگەکانى سوتەمەنى بە تەواوەتى دابین دەکات.
شەش/ لە ئێستەدا ژێرخانى بەرهەمهێنانى کارەبا لە کوردستان لە ئاستى پێداویستى وخواستى تەواوەتى کوردستاندایە بۆ وزەى کارەبا، بەتایبەت وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا تواناى دابینکردنى پێداویستى و خواستى هاوبەشانى کارەبایان هەیە کە نزیکەى (٦,٠٠٠ مێگا وات سەعات کارەبایە) ئەگەر غازى پێویستیان بۆ دابین بکرێت، تەنانەت چاوەڕووان دەکرێت (٢,٠٠٠ مێگا وات سەعات) زیاتر لە پێداویستى ئێستەى کوردستان وزەى کارەبا بەرهەم بهێنن.


بەشى سێیەم
چۆن نرخى کارەبا دەستنیشان بکرێت؟

یەک/ لەبەرئەوەى وزەى کارەبا، پێداویستى سەرەکى و بنەڕەتى ژیانى هاووڵاتیانەو بەهۆى ئەو گۆڕانکارییە جۆراو جۆرانەى بەسەر ژیانکردنى هاووڵاتیاندا هاتووە لە سەد ساڵى ڕابردوودا، هیچ کەس و خێزانێک نییە بتوانێت بەبێ کارەبا ژیانێکى ئاسایى و شایستە بژى، بۆیە هەر هاووڵاتیەک، لە هەر شوێنێکى دونیا، پێویستى بۆ وزەى کارەبا بووەتە پێداویستیەکى سەرەکى ژیانى، بەڵام بە ئاستى جیاواز، ئەوەش بە کاریگەریى ژینگەى کۆمەڵایەتى و دۆخى ئابورى و بەردەست بوون و نەبوونى سەرچاوەکانى ترى وزە بۆ ژیانکردن و شێوازى ژیانى هەر گەل و کۆمەڵگەیەک.
بەهۆى شێوازى ژیان لە سى ساڵى ڕابردوودا، هەروەها بەردەست نەبوونى شایستەو گونجاوى سەرچاوەکانى ترى وزە وەک (نەوت، غاز، ... ) و سروشتى ئەو ئامێرانەى بۆ فێنککردنەوەو گەرمکردنەوەو ئاو گەرم کردن هاووڵاتیان پشتیان پێدەبەستن، کارەبا بووەتە پێداویستیەکى سەرەکى بەجۆرێک کە هەر جۆرە دەستبردنێک بۆ نرخى کارەبا بەبێ تێگەیشتن لە شێوازى ژیان و پێداویستییەکانى خەڵک و ئاستى بژێوى، کێشەى گەورە بۆ ژیانى هاووڵاتیان دروست دەکات، بۆیە بابەتى نرخ، وابەستەى بابەتى بەکارهێنانى کارەبایە بۆ پێداویستى ژیانى هاووڵاتیان و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت.
دوو/ نرخى کارەبا وابەستەى ژیان و ئاستى بژێوى هاووڵاتیانە، دەستنیشانکردنى نرخى بەکارهێنانى کارەبا پێویستە بە پێى ئاستى بژێوى ژیانى هاووڵاتیان بێت، بەبێ ڕەچاوکردنى ئەم ڕاستیە هەر جۆرە نرخێک دەبێتە ستەم لەسەر خەڵک بە شێوەیەکى گشتى، بەتایبەت خێزانە مامناوەندو هەژارەکان.
سێ/ بۆیە بۆ دەستنیشانکردنى نرخى کارەبا، پێویستە ڕەچاوى ئەمانەى خوارەوە بکرێت:
1.    ئاستى بژێوى ژیانى هاووڵاتیان.
2.    بەرهەمهێنانى کارەبا لە غازى سروشتى کە موڵکى خەڵکى کوردستانە.
3.    پابەندییە دەستوریى و یاساییەکانى حکومەت بۆ دابینکردنى خزمەتگوزاریى گشتى و خزمەتگوزاریى کارەبا بە نرخى حکومى.

بەشى چوارەم
پێشنیارکردنى نرخى کارەبا

ئەو نرخانەى لە خشتەى ژمارە (٥)ى ڕێنمایى ژمارە (٢)ى ساڵى (٢٠٢١)ى وەزارەتى کارەبا بۆ نرخى کارەبا دەسنیشانکراون، تا ڕادەیەک نزیکن لە تواناى هاووڵاتى بۆ کڕین و بەکارهێنانى کارەباى نیشتیمانى بەراود بە ئاستى بژێوى ژیانى، بۆیە ئەو ڕێنماییە پێویستە بنەماى نرخى کارەبا بێت لە کوردستان، بەم گۆڕانکاریی و پۆلێن بەندییەى خوارەوە کە وەک پێشنیارێک بۆ نرخى کارەبا ئەم پڕۆژەیە دەیخاتە ڕوو:
یەکەم/ پشتیوانى تەواوەتى: (بۆ هاوبەشى ماڵان تا ئاستى پێویستى ستاندارد (کەمترلە ١,٥٠٠ کیلۆ وات):
1.    لە ئاستى بەکارهێنانى (١ بۆ ٣٠٠ کیلۆ وات  سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ واتى یەکەم بۆ مانگێک) بە نرخى (١٨ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات.
                              (تێبینى: ٣٠٠ کیلۆ وات لە مانگێکدا بە نزیکەى دەکاتە ٢ ئەمپێرى بەردەوام).

2.    لە ئاستى (٣٠٠ تا ٦٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ وات)ى دووەم بۆ مانگێک، بە نرخى (٢٤ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات.
                             (تێبینى: ٦٠٠ کیلۆ وات لە مانگێکدا بە نزیکەى دەکاتە ٣,٧ ئەمپێرى بەردەوام).

3.    لە ئاستى (٦٠١ تا ٩٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ وات)ى سێیەم بۆ مانگێک، بە نرخى (٣٠ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات.
                                    (تێبینى: ٩٠٠ کیلۆ وات لە مانگێکدا بە نزیکەیى دەکاتە ٥,٦٨ ئەمپێرى بەردەوام).

4.    لە ئاستى (٩٠١ تا ١,٢٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ وات)ى چوارەم بۆ مانگێک، بە نرخى (٣٦ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات.
                                   (تێبینى: ١,٢٠٠ کیلۆ وات لە مانگێکدا بە نزیکەیى دەکاتە ٧,٥ ئەمپێرى بەردەوام)

5.    لە ئاستى (١,٢٠١ تا ١٥٠٠ کیلۆ وات سەعات)، واتە (٣٠٠ کیلۆ وات)ى پێنجەم بۆ مانگێک، بە نرخى (٤٢ دینار) بۆ یەک کیلۆ وات.
                                       (تێبینى: ١,٥٠٠ کیلۆ واتى مانگانە بە نزیکەى دەکاتە ٩,٥ ئەمپێرى بەردەوام)
نمونە(١): ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا بڕى (٣٠٠ کیلۆ وات)ى بەکارهێنا، ئەوە ئەو پارەیەى لە مانگێکدا دەیدات بریتیە لە (٥,٤٠٠) دینار.
نمونە (٢): ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا (٧٥٠ کیلۆ وات)ى بەکارهێنا کە دەکاتە نزیکەى (٤,٧ ئەمپێر)، ئەوە پسوڵەکەى بەمجۆرە بۆ حساب دەکرێت: (٣٠٠ کیلۆ واتى یەکەم * ١٨ دینار) + (٣٠٠ کیلۆ واتى دووەم * ٢٤ دینار) + (١٥٠ کیلۆ وات * ٣٠ دینار) = (٥,٤٠٠ دینار + ٧,٢٠٠ دینار+ ٤,٥٠٠ دینار)= ١٧,١٠٠ دینار.
نمونە (٣): ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا (١,٣٠٠ کیلۆ وات)ى بەکارهێنا کە دەکاتە نزیکەى (٨ ئەمپێرى بەردەوام)، ئەوە پارەکەى بەمجۆرە ئەژمار دەکرێت: (٣٠٠ * ١٨) + (٣٠٠ * ٢٤) + (٣٠٠ * ٣٠) + (٣٠٠ * ٣٦) + (١٠٠ * ٤٢) = (٥,٤٠٠ + ٧,٢٠٠ + ٩,٠٠٠ + ١٠,٨٠٠ + ٤,٢٠٠) = ٣٦,٦٠٠ دینار.
نمونەى (٤): ئەگەر خێزانێک لە مانگێکدا (١,٥٠٠ کیلۆ وات)ى بەکارهێنا کە دەکاتە نزیکەى (٩,٥ ئەمپێر کارەباى بەردەوام)، ئەوە پارەى پسوڵەکەى بەمجۆرە ئەژمار دەکرێت: (٣٠٠ * ١٨ + ٣٠٠ * ٢٤ + ٣٠٠ * ٣٠ + ٣٠٠ * ٣٦ + ٣٠٠ * ٤٢) = (٥,٤٠٠ + ٧,٢٠٠ + ٩,٠٠٠ + ١٠,٨٠٠ + ١٢,٦٠٠)= ٤٥,٠٠٠ دینار.

دووەم/ پشتیوانى ڕێژەیى: (بۆ هاوبەشانى ماڵان کە زیاتر لە (١,٥٠٠ کیلۆ وات) بۆ مانگێک بەکاردەهێنن):
پێشنیار دەکەین بۆ بەکارهێنان لە (١,٥٠١ تا ٣,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات) لە مانگێکدا، پشتیوانى حکومەت بەمجۆرەى لێ بکرێت:
1.    لە (١,٥٠١ تا ١,٨٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ ماوەى مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى یەکەم لەسەروو ١٥٠٠ کیلۆ وات) پشتیوانى حکومى تەنها لە (٥٠%) بێت بۆ هەر کیلۆ واتێک، واتە ئەگەر خەمڵاندنى تێچووى کیلۆ واتێک کارەبا (١٠٠ دینار) بێت، ئەوە بۆ (٣٠٠ کیلۆ واتى سەروو ١٥٠٠ ەکە) حکومەت (٥٠ دینار)و هاووڵاتیش (٥٠) دینارى لە ئەستۆ بگرێت.

2.    لە (١,٨٠١ بۆ ٢,١٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ ماوەى مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى دووەمى سەروو ١٥٠٠ کیلۆ وات)، پشتیوانى حکومەت بۆى ببێت بە (٤٠%).


3.    لە (٢,١٠١ بۆ ٢,٤٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ ماوەى مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى سێیەمى سەروو ١٥٠٠)، پشتیوانى حکومەت بۆى ببێت بە (٣٠%)ى تێچووى یەک کیلۆ وات.

4.    لە (٢,٤٠١ بۆ ٢,٧٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى چوارەمى سەروو ١٥٠٠)، پشتیوانى حکومەت بۆى ببێت بە (٢٠%).

5.    لە (٢,٧٠١ بۆ ٣,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات) بۆ مانگێک، لە (٣٠٠ کیلۆ واتى پێنجەمى سەروو ١٥٠٠ کیلۆ وات)، پشتیوانى حکومەت بۆى ببێتە (١٠%).

6.    لە (٣,٠٠١ کیلۆ وات سەعات و زیاتر) بۆ مانگێک، پشتیوانى حکومەت بۆ ببێت بە (٠%).

سێیەم/ بۆ هاوبەشانى ماڵان کە لە سەروو (٣,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات) مانگانە کارەبا بەکاردەهێنن:
هیچ پشتیوانیەکى حکومەت بۆ ماڵێک نەبێت کە بەکارهێنانى لە سەروو (٣,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات)ەوەیە کە دەکاتە نزیکەى (١٩ ئەمپێرى بەردەوام بەرەو سەرەوە)، هەر لە کیلۆ واتى یەکەمەوە بە تێچووى تەواوى بەرهەمهێنان بۆ هەر کیلۆ واتێک پارەى لێ وەربگیرێت.

تێبینى: بەپێى ئەم پڕۆژەیە هیچ جیاوازییەک ناکرێت لە نێوان هاوبەشانى ماڵاندا، خێزان لە هەر شوێنێک نیشتەجێبوو (گەڕەک یان سیتى)، ئەرکى وەزارەتى کارەبایە بەبێ جیاوازى کارەباى بۆ دابین بکات بە نرخى حکومى پێشنیار کراو.


چوارەم/ بۆ هاوبەشى بازرگانى و پیشەسازى:
وەرگرتنى کرێى کارەبا بۆ هاوبەشى بازرگانى و پیشەسازى وەک یەک و بەبێ ڕەچاوکردنى شوێنى بازرگانی و پیشەسازییەکەو جۆرى بەرهەم و پێداویستیەکەى بۆ خەڵک، جۆرێک لە نادادگەریى تێدایە، بۆیە پێشنیار دەکەین هاوبەشانى پیشەسازى و بازرگانى لەسەر بنەماى جۆرو بەرهەم و شوێنەکەیان بە پێى بەرژەوەندى ئابورى و بەرژەوەندى گشتى، پۆلێن بکرێن بۆ دە ئاستى جیاوازو نرخى کارەبایان لە نێوان (٥٠ دینار تا ١٥٠ دینار) دابەش بکرێت بە پێى ئاستەکانیان.
بۆ نمونەى شوێن: دوکانێک لە سەنتەرى شارى پارێزگا یان لە شەقامێکى بازرگانى گرنگ جیاواز بێت لەگەڵ دوکانێک لە شارۆچکە یان شوێنێکى پەراوێزخراوى شارێک.
بۆ نمونەی جۆرى بەرهەم: شوێنێکى بازرگانى یان پیشەسازى کە کار لە بەرهەمێک دەکات پەیوەندى بە بابەتێکى تایبەت بە پێداویستى بنەڕەتى هاووڵاتیانەوە هەیە (وەک ئارد)، ئاستەکەى جیاوازبێت لە شوێنێکى بازرگانى یان پیشەسازى کە کار بۆ بەرهەمهێنانى بەرهەمێکى لاوەکى ژیانى هاووڵاتیان دەکات (وەک بابەتەکانى جوانکاریى)، واتە نابێت بۆ ئەم دوو شوێنە بازرگانییە وەک یەک پارەى کارەبایان لێوەربگیرێت.

 

بەشى پێنجەم
هەڵسەنگاندنى بەکارهێنانى کارەبا

لە ڕێگەى لیژنەیەکى پسپۆڕەوە، هەڵسەنگاندن بۆ هەر خێزانێک بکرێت کە بەکارهێنانى لە (٢,٠٠٠ کیلۆ وات سەعات)ى مانگانەى زیاتر بەکاربهێنێت و ئەو ماڵانە دابەش بکرێن بۆ دوو ئەگەر:

1.    ئەگەر بەکارهێنانى خێزان لە (٢٠٠٠ کیلۆ وات سەعات) لە ئەنجامى پێداویستى خێزانەکەیە بەهۆى قەرەباڵغى، یان بوونى زیاتر لە خێزانێک لە یەک خانوودا، ئەوە هەمان ئەو نرخانەى بۆ ئەژمار بکرێت کە لە هەردوو خاڵى یەکەم و دووەمى بەشى چوارەمدا پێشنیار کراون.

2.    ئەگەر بەکارهێنانى بەهۆى زیادەڕەویى و خراپ بەکارهێنانەوەیە، ئەوە هەر لە (٢٠٠٠ کیلۆ وات سەعات)بۆ مانگێک، نرخى کارەباى بۆ بکرێت بە نرخى تەواوى تێچووى هەر کیلۆ واتێک کارەباو هیچ پاڵپشتیەکى حکومەتى لەسەر نەبێت.


بەشى شەشەم
پاڵپشتى هەژارەکان

یەک/ چۆن پاڵپشتى هەژارەکان بکرێت؟
هەژارەکان، ئەو خانەوادانەى لە خوار هێڵى هەژارییەوەن، بریتین لە خێزانێک کە بەهۆى دۆخێکى کۆمەڵایەتى یان ئابورییەوە ناتوانێت پێداویستیە بنەڕەتییەکانى ژیان بۆ خۆیان دابین بکەن، کە بە پێى دواهەمین ئامارە زانستیەکان لە ئێستەدا نزیکەى (١٢٧,٠٠٠) خێزان لە خوار هێڵى هەژارییەوەن، بۆ کارەباى ئەم خێزانانە ئەم پێشنیارانە دەکەین:
1.    لە بەرکارهێنانى (١ تا ٥٠٠ کیلۆ وات سەعات)ى مانگانە بەبێ بەرانبەر بدرێت بەو خێزانانەى لە خوار هێڵى هەژارییەوەن کە دەکاتە نزیکەى (٣ ئەمپێرى بەردەوام) کە بۆ (١٢٧,٠٠٠) خێزان تێچووەکەى دەکاتە (١,٢٩٥,٠٠٠,٠٠٠ – یەک ملیارو دوو سەدو نەوەدو پێنج ملیۆن) دینار.

2.    ئەگەر خێزانەکە بە هەر هۆکارێک ئەو بڕە کارەبایە (هەمووى یان بەشێکى) بەکار نەهێنا، ئەوە بتوانێت بە حکومەتى بفرۆشێتەوە بەو نرخانەى کە لە خاڵى سێیەمى بەشى چوارەمدا هاتوون (تواناى پڕۆگرامکردنى ئەم پڕۆسەیە کارێکى ئاسانە).

3.    بۆ دەستنیشانکردنى ئەم خێزانانە سود لە فەرمانگەکانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى سەر بە وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى وەربگیرێت کە بە پێى ستانداردە بەکارهاتوەکان دەتوانن خێزانە هەژارو شایستەکان دەستنیشان بکەن.

4.    ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک هەڵسەنگاندن بۆ ئاستى بژێوى ژیانى خێزانە هەژارەکان بکرێتەوە، ئەگەر دۆخى داراییان بەجۆرێک گۆڕابوو کە بکەونە سەروو هێڵى هەژاریى، ئەوە لەو لێخۆشبوونەى لە خاڵى یەکەمدا هاتووە دەربهێنرێن.


دوو/ گرنگى و بایەخى بەخشینى هەژارەکان لە کرێى کارەبا:
1.    ئەو خێزانانەى لە خوار هێڵى هەژارییەوەن پێویستیان بە هاوکاریی و پشتیوانییە بۆ ئەوەى خواردن و خواردنەوەو جل و بەرگ و پێداویستى پەروەردەوتەندروستى پێویستیان دەست بکەوێت، بەخشینیان لە کارەبا یەکێک لە ئەرکە بنەڕەتییەکانى حکومەتە وەک بەشێک لە هاوکارى بۆیان کە بەداخەوە تا ئێستا لە کوردستان هیچ هاوکارییەک بۆ ئەو خێزانانە نییە.

2.    بەشێک لە خێزانە هەژارەکان پێکهاتوون لە هاووڵاتیانى خاوەن پێداویستى تایبەت کە سەرۆک خێزانن، یان منداڵانى بێسەرپەرشت، ئەو ئافرەتانەى هیچ بەخێوکاریان نییە و بەخێوکارى منداڵن، ئەو ئافرەتانەى هاوسەرەکانیان سزا دراوەو هیچ سەرچاوەیەکى بژێوى و پاڵپشتیەکى داراییان نییە، بەساڵاچووانى پەککەوتەو ئەوانەى نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە، ئەم چین و توێژانەش سەرەڕاى هەژاریى، ئەرکى حکومەتە زیاتر خزمەتیان بکات.

3.    لە کاتى کەم بەکارهێنان، یان بەهەر هۆکارێک بەکارنەهێنانى ئەو بڕە کارەبایە، ئەوە خێزانە هەژارەکە بڕە پارەیەکى دەست دەکەوێت بۆ بژێزى ژیانى، حکومەتیش بڕێک زیاتر کارەباى بۆ دەگەڕێتەوەو دەتوانێت بیفرۆشێتەوە بەشدارانى تر.

4.    ئەم شێوازە زیاتر لە دادگەرییەوە نزیکە.

5.    دەبێتە هۆى زیندووکردنەوەى هەستى نیشتیماندۆستى و خۆ بە خاوەنزانینى سەروەت و سامان و هاندانى هاووڵاتیانى هەژار بۆ دەستگرتن بە سامانى گشتى و پاراستنى و بڵاوکردنەوەى هەمان ئەم ڕەوشتە لەناو تێکڕاى هاووڵاتیاندا.

 

بەشى حەوتەم
پاراستنى وزەى کارەبا وەک سامانێکى گشتى

بابەتى ڕاستکردنەوەى هەڵس و کەوتى تاک لە بەفیڕۆنەدانى سامانى گشتى بە شێوەیەکى گشتى و بەتایبەت وزەى کارەبا، بابەتێکى فڕە ڕەهەندەو تەنها پەیوەندى بە لایەنى ئابوریی و هەرزانى یان گرانى نرخى کارەباوە نییە، بەڵکو پەیوەستییەکى زۆرى بە لایەنى پەروەردەیى و دەروونى و کۆمەڵایەتى و ئاستى بژێوى و هۆشیاریی تاکەوە هەیە، ئەمە بێجگە لەو کەلێنە گەورەیەى لە نێوان هەست و نەستى تاکى هاووڵاتی و دامەزرازەکانى حکومەتدا دروست بووە، بۆیە بۆ ئەوەى وا بکەین تاک و خێزان بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ خزمەتگوزاریى و سامانى گشتى بەتایبەت کارەبادا بکەن، پێویستە:
     پڕۆژەیەکى گەورەى نیشتیمانى ڕابگەیەنرێت، کە بە پێى پلانێکى ڕوونى کات دیاریکراو کار بکرێت بۆ پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوەى تاک و خێزان لە پاراستنى خزمەتگوزارییەکان بەتایبەت پاراستنى وزەى کارەباو بەزایەنەدانى لە هیچ دۆخێکدا، بەمجۆرەى خوارەوە:

1.    پڕۆژەیەکى نیشتیمانى بێت و هەموو تاکێک بگرێتەوە.

2.    وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانى وەک (کارەبا، پەروەردە، ڕۆشنبیریى، ئەوقاف، یەکێتى زانایان، ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، دەستەى ژینگە، پلاندانان) بەشداربن و لە پلانى پڕۆژە نیشاتیمانییەکەدا ئەرکیان دیاریکراوو دەستنیشان کراو بێت.

3.    میدیاو دەزگاکانى ڕاگەیاندن بەشدارى کارایان پێبکرێت لە پلانى پڕۆژە نیشتیمانیەکەدا.

4.    پلانەکە بۆ ماوەى پێنج ساڵ بەردەوام بێت و بۆردێکى لە ئاستى ئەنجومەنى وەزیران بۆ دروست بکرێت و بە بەردەوامى بەدواداچوون بۆ کارەکانى بکرێت تا هێنانەدى ئامانجەکانى.

بەشى هەشتەم
هاندان بۆ سودوەرگرتن لە وزە نوێبووەوەکان

بەمەبەستى هاندانى هاووڵاتیان و سەرجەم هاوبەشانى کارەبا لەسەرجەم پۆلێنەکان بۆ پشت بەستن بە وزەى خۆرو هەوا بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، پێشنیار دەکەین:
1.    ئاسانکاریى بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کە لە بوارى دامەزراندن و بەستن و دروستکردنى سەرچاوەى بەرهەمهێنانى کارەبا لە وزەى خۆرو هەوا کار دەکەن.

2.    بەخشینى ئەو کۆمپانیایانەى کە لە بوارى دروستکردنى سەرچاوەى کارەبا لە وزەى خۆرو هەوا کار دەکەن لە هەموو باج و ڕسوماتێک بۆ ماوەى (سێ ساڵ) بەمەرجى چاودێریى و دڵنیایى بەکارهێنانى ئەم بەخشینە بۆ مەبەستى ڕاستەقینە.

3.    ئاسانکاریى بۆ پێدانى قەرز (بەبێ هیچ زیادەیەک) بەو هاوبەشانەى کارەبا کە دەیانەوێت سود لە هەواو وزەى خۆر وەربگرن بۆ دروستکردنى سەرچاوەى کارەباى تایبەت بە خۆیان بە هاوکارى حکومەتى ئیتیحادى.

 

بەشى نۆیەم
چەند بنەمایەکى گشتى

بەمەبەستى پێشخستنى زیاترى خزمەتگوزاریى کارەبا، لەم بەشەدا چەند پێشنیارێک دەخەینەڕوو:
 
1.    پەیڕەویکردن لە هاوکێشەى (٩ بۆ ٩) لە نرخداناندا لەسەر پسوڵە:
بەمەبەستى ڕێکخستن و ڕاگرتنى هاوسەنگى لە خواستى هاوبەشانى کارەبا لە نێوان کاتە جیاوازەکانى شەووڕۆژو کەمکردنەوەى کێشەو فشار لەسەر وێستگەو تۆڕەکانى کارەبا، پێشنیار دەکەین نرخى کارەبا لە شەووڕۆژ جیاواز بێت بە بڕى (±٣) لە نێوان (٩ى شەو تا ٩ى بەیانى)، واتە بۆ بەکارهێنانى هەر یەک کیلۆ وات کارەبا لە شەودا نرخەکەى (٣ دینار) کەمتر بێت تا هەمان کیلۆ وات لە شەودا، ئەمەش لەسەر بنەماى زانیارییە بەردەستەکانى وەزارەتى کارەبا بۆ بەکارهێنانى کارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
یاخود پێشنیار دەکەین کاتەکە بە پێى زانیاریی و داتاکانى وەزارەتى کارەبا دەستنیشان بکرێت لەسەر بنەماى ئەوەى لە چ دوانزە سەعاتێکدا کارەباى زیاتر خەرج دەکرێت؟


2.    پێداچوونەوە بە گرێبەستەکاندا:
پێداچوونەوە بە گرێبەستى کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى غازو گرێبەستى وێستگەکانى کەرتى تایبەت بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، بەمەبەستى دڵنیابوونەوە لە بەدیهێنانى بەرژەوەندى گشتى و ڕێگە نەدان بە قۆرخکاریى و خراپ سودوەرگرتن لەو مۆڵەتەى پێیان دراوە لە بوارى کارکردنەکەیان، بەتایبەت ئەگەر گرێبەستەکان بە موساتەحەبن چاودێریکردنى گرێبەستەکان تا تەواوبوونى کاتەکانیان و گەڕاندنەوەیان بۆ موڵکیەتى کەرتى گشتى.

3.    سەرەتا دانیشتیووانى هەرێم:
نەفرۆشتنى هیچ بڕە کارەبایەک بە دەرەوەى هەرێمى کوردستان تا ئەو کاتەى پێداویستى هاوبەشانى کارەبا لە هەرێم پڕ دەکرێتەوەو پێداویستى هەرێمى کوردستان بۆ وزەى کارەبا بە تەواوەتى وەڵام دەدرێتەوە.

4.    ژێرخانى یاسا:
لە چوارچێوەى هێنانەدى ئامانجەکانى ئەم پڕۆژە پیشنیارە، پڕۆژە یاسایەک بدرێتە پەرلەمانى کوردستان (ئەو کاتەى پەرلەمانێکى کارا هەبوو) بەمەبەستى دروستکردنى ژێرخانى یاسایى بۆ (بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنى وزەى کارەباو سزادانى سەرپێچیکران) لە کوردستان کە تا ئێستا کەلێنێکى گەورەى یاسایى هەیە لەم بوارەدا.

5.    پێداچوونەوە:
پێداچوونەوەو نوێکردنەوەى تۆڕەکانى کارەبا لە پێناو کەمکردنەوەى بەفێڕۆچوونى وزە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand