Draw Media

رۆیتەرز: كوردانی سوریا داوای سیستمی فیدراڵی دەكەن

رۆیتەرز: كوردانی سوریا داوای سیستمی فیدراڵی دەكەن

2025-04-10 18:47:33


 
درەو:
بەرپرسێکی باڵای کورد، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، کوردانی سوریا بڕیارە داوای سیستمێکی فیدراڵی بکەن لە سوریای دوای ئەسەد، کە ڕێگە بە دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی و سەرپەرشتیكردنی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بدات، وەك جەختكردنەوە لەسەر دیدگای نا ناوەندێتی، کە سەرۆکی کاتی سوریا دژایەتی دەکات.
داواکاریی بۆ حوکمڕانی فیدراڵی، گوڕوتنێكی گەورەی پەیداكرد دوای بڵاوبونەوەی  نیگەرانی لەناو کەمینەکانی سوریا،  لەبەرامبەر کوشتنی بە کۆمەڵی عەلەوییەکان لە مانگی رابردودا، ئەوە لەكاتێكدا، گروپە کوردییەکان ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتی و گروپە ئیسلامییەکەی تۆمەتبار دەکەن بە پیادەكردنی رێڕەوێكی هەڵە بۆ سوریای نوێ و قۆرخکردنی دەسەڵات.
سەرچاوە کوردییەکان رایانگەیاندووە، پارتە کوردییەكانی سوریا، لەنێویاندا هێزی  باڵادەست لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكە، کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، مانگی رابردوو لەسەر دیدێکی سیاسی هاوبەش - لەنێویاندا فیدراڵیزم – رێککەوتوون، كە تا ئێستا بە فەرمی رایاننەگەیاندووە.
بەدران چیا کورد، بەرپرسی باڵای ئیدارەی خۆسەر، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، سەرجەم گروپە کوردستانییەکان لەسەر "دیدێکی سیاسی هاوبەش" رێککەوتوون، کە جەخت لەسەر پێویستی "سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی" دەکاتەوە.
لێدوانە نوسراوەکانی چیا کورد لە وەڵامی پرسیارەکانی رۆیتەرزدا، بە یەکەمجار دادەنرێت كە بەرپرسێکی ئیدارەی خۆسە بە رابەرایەتی کورد جەخت لە ئامانجی فیدرالیزم بکاتەوە، دوای ئەوەی لە مانگی رابردودا لایەنە کوردییەکان لەسەری رێککەوتن.
ئیدارەی خۆسەری کوردی، بەردەوام خۆی لە وەسفکردنی وشەی "فیدراڵیزم" وەك ئامانج بەدوورگرتووە، لەبری ئەوە داوای نا ناوەندێتی كردووە.
شەرع دژایەتی خۆی بۆ سیستمی فیدراڵی راگەیاندووەو، لە مانگی كانونی دووەمدا بە رۆژنامەی ئیکۆنۆمیستی راگەیاندبوو، ئەو سیستەمە لەلایەن جەماوەرەوە پەسەندكراونییەو لە بەرژەوەندی سوریادا نییە.
چیا کورد ئاماژەی بەوەکردووە، پرسی بنەڕەتی بۆ سوریا، پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کلتوری هەر ناوچەیەكە، کە پێویستی بە ئەنجومەنی یاسادانانی ناوخۆیی لەناو ناوچەكە، لەگەڵ دەستە جێبەجێکارەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکەو هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆش سەر بەوان دەبێت، پێویستە ئەمە لە چوارچێوەی دەستوری سوریادا دابنرێت.
مانگی رابردوو، پەیەدە لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانی کورد (ENKS)  کۆبووەوە، کە گروپێکی رکابەری کوردی سوریایە و بە پشتیوانی یەکێک لە پارتە کوردییە سەرەکییەکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بنەماڵەی بارزانی دامەزراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە.
سلێمان ئۆسۆ، سەرۆکی ENKS رایگەیاند، پێشبینی دەکات تا کۆتایی مانگی نیسان دیدگای هاوبەشی کورد لە کۆنگرەیەكدا رابگەیەندرێت.
وتیشی، پێشهاتەکانی سوریا لەدوای روخانی ئەسەدەوە وایکردووە، زۆرێک لە سورییەکان سیستەمی فیدراڵی وەک "چارەسەرێکی گونجاو" ببینن.
ناوبراو ئاماژەی بۆ هێرشکردنە سەر عەلەوییەکان و بەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لەناو کەمینەی دروزەکان و راگەیاندنی دەستوری حکومەتی نوێ كردووە، کە ئیدارەی کوردی دەڵێت، ناکۆکە لەگەڵ فرەچەشنی سوریا.
جاڕنامەی دەستوری دەسەڵاتی فراوانی بەشەرع بەخشیوە و شەریعەی ئیسلامی وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان چەسپاندووە، زمانی عەرەبیشی وەک زمانی فەرمی سوریا ناساند، هیچ ئاماژەیەک بە زمانی کوردی نەکراوە.
ئۆسۆ وتی: پێمان وایە  چارەسەری گونجاو بۆ پاراستنی یەکگرتویی سوریا سیستمێکی فیدراڵییە، بەوپێیەی سوریا وڵاتێکە چەندین نەتەوە و ئایین و مەزهەبی تێدایە.
"کاتێک دەچینە دیمەشق، بە دڵنیاییەوە بۆچوون و داواکارییەکانمان دەخەینەڕوو".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand