درەو:
بەها عەوام - ئیندیپێندت
وەرگێڕان: د.حلمى رەسوڵ ڕەزا
کیر ستارمایر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەوە ناسراوە کە هەرکاتێک ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنی جەماوەری، حزبی، یان هەندێک جار دەرەکی دەبێتەوە، لە بڕیارەکانی پاشەکشە دەکات. ئەمەش لە چەندین پرسدا ڕوویداوە، بەڵام دوایین بڕیاری لەلایەن میدیا ناوخۆییەکانەوە بە "دایکی پاشەکشەکان" وەسف کرا؛ ئەویش دوای ئەوەی ڕێگەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دا بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەریدا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت. بەمەش ستارمایر دەستی لە ڕەتکردنەوەی پێشووی بۆ تێوەگلان لە شەڕەکە هەڵگرت و وازی لەو ڕۆڵە هێنا کە تەنها بەرگری لە هاووڵاتیانی شانشینی یەکگرتوو و هاوپەیمانەکانی بگرێت.
هەڵوێستی بەریتانیا چۆن گۆڕا؟
سەرەتا شانشینی یەکگرتوو ڕەتیکردەوە مۆڵەت بە ئەمریکا بدات بۆ بەکارهێنانی بنکەکانی و بەشداری لە شەڕدا نەکرد. پاشان لە سەرەتای مانگی ئازاردا، ستارمر ڕێگەی دا بە لێدانی مووشەکە ئێرانییەکان لە بنکەکانی "فەیرفۆرد" لە گلۆستێرشایەر و "دیێگۆ گارسیا" لە زەریای هیندی. لە ٢٠ی هەمان مانگدا، ڕێگەی دا بە هێزە ئەمریکییەکان بنکە بەریتانییەکان بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر ئەو شوێنە ئێرانیانەی کە گەرووی هورمز دەکەنە ئامانج.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ترەمپ هاوپەیمانەکانی ناتۆی بە "ترسنۆک" وەسف کرد، چونکە هەوڵی پێویستیان نەداوە بۆ یارمەتیدانی کردنەوەی ڕێڕەوی کەشتیوانی. ئێران هۆشداری دایە بەریتانیا کە ڕێگەدان بە ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بنکەکانی وەک "بەشداری لە دەستدرێژی" هەژمار دەکرێت.
هێرشی سەر دیێگۆ گارسیا
ڕۆژی هەینی، حکومەتی بەریتانیا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەکارهێنانی بنکەکانی بۆ "لاوازکردنی پێگەی مووشەکی ئێران". لە بەرانبەردا، تاران دوو مووشەکی بالیستی ئاراستەی بنکەی "دیێگۆ گارسیا" کرد لە ناوەڕاستی زەریای هیندی. یەکێکیان لەلایەن کەشتییەکی جەنگی ئەمریکییەوە خرایە خوارەوە و ئەویتریان پەککەوت. وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند: "هێرشە بێباکانەکانی ئێران هەڕەشەن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا".
گرنگی بنکەی دیێگۆ گارسیا
ئەم بنکەیە یەکێکە لە گرنگترین بنکە دەرەکییەکانی بەریتانیا؛ توانای بڵاوەپێکردنەوەی هێز لە کاتی فریاگوزاریدا و نەرمی دەداتە هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باشووری ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا. ڕووبەرەکەی ٤٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و خاوەنی تاقە ڕێڕەوێکی فڕینە کە درێژییەکەی لە ٣٦٠٠ مەتر تێدەپەڕێت، کە ڕێگە دەدات بە نیشتنەوەی فڕۆکە زەبەلاحەکانی وەک (B-2) و (B-52). هەروەها بەندەرێکی تێدایە کە دەتوانێت فڕۆکەهەڵگرەکان لەخۆ بگرێت و کۆگای جۆرەها بۆمبی تێدایە، لەوانە ئەو بۆمبانەی بۆ کونکردنی قەڵا و سەنگەرەکان بەکاردێن.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا بەریتانیا دەستێوەردانی لە جەنگەکەدا زیاتر دەکات؟ بە تایبەت دوای ئەوەی تاران نیشانی دا کە مووشەکەکانی دەگەنە مەودای زۆر دوورتر لە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەوپێیەی دووری "دیێگۆ گارسیا" نزیکەی ٣٨٠٠ کیلۆمەترە لە ئێرانەوە، کە ئەمەش هاوتایە لەگەڵ دووریی نێوان تاران و هەندێک لە پایتەختە ئەوروپییەکان وەک ڕۆما.
هێرشە مووشەکییەکەی ئێران زیانی بە بنکە سەربازییەکە نەگەیاند، بەڵام دەنگدانەوەیەکی بەهێزی لە ناوەندە سیاسییەکانی بەریتانیادا دروست کرد. دەنگە ناڕازییەکان دژی ستارمر و حکومەتەکەی بەرزبوونەتەوە و داوا دەکەن وڵاتەکەیان تێوەگلانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەبێت بۆ سەر ئێران. پارتە چەپەکان وەک پارتی سەوز و "لیبراڵ دیموکراتەکان" جەخت لەسەر پێویستی بێلایەنی دەکەنەوە، لە کاتێکدا جێرمی کۆربین، ڕێبەری پارتی "حزبکم"ی نوێ، داوا دەکات بڕیاری ڕێگەدان بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا تەنها لە دەستی پەرلەماندا بێت.
هەرچەندە پارتی کرێکاران زۆرینەی ڕەهای پەرلەمانی هەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتارانی پارتەکە دژی تێوەگلانن لە جەنگی ئێران. بەپێی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی "یوگۆڤ" کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بڵاوکراوەتەوە، زۆرینەی خەڵک دژی جەنگن، ئەمەش وا دەکات ستارمر و وەزیرەکانی وریاتر بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پلانەکانی ئەمریکادا، چونکە ئەم ململانێیە هەڕەشە لە ژیانی ٣٠٠ هەزار بەریتانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
ئامارەکانی یوگۆڤ و دابەشبوونی ناوخۆیی
نزیکەی نیوەی بەریتانییەکان دژی جەنگن.
٤١٪ی دەنگدەران پێیان وایە حکومەت بە باشی قەیرانەکەی بەڕێوە نەبردووە.
٣٧٪ی دەنگدەران پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەت دەکەن.
ئامادەیی سەربازیی بەریتانیا لە ناوچەکەدا
بەریتانیا خاوەنی مێژوویەکی دوورودێژی سەربازییە لە ناوچەکەدا، لەوانە:
بەحرەین: میوانداری دامەزراوەی پاڵپشتی دەریایی بەریتانیا دەکات کە سەرپەرشتی "ئۆپەراسیۆنی کیپیۆن" دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو و زەریای هیندی.
قەتەر: سێرەی ١٢ی هاوبەش لەگەڵ هێزی ئاسمانی قەتەر هەیە؛ یەکێک لە فڕۆکە "تایفون"ەکانی ئەم سێرەیە ١٢ درۆنی ئێرانی خستە خوارەوە کە لە سەرەتای ئازاردا قەتەریان کردبووە ئامانج.
عومان: پەیوەندییەکی بەرگری کۆنی هەیە و بەندەری "دوگم" وەک ناوەندێکی لۆجیستی و بنکەیەکی دەریایی هاوبەش بەکاردێت.
عێراق: ٢٠٠ سەربازی بەریتانی بۆ مەبەستی مەشق و ڕاهێنان بە هێزە ئەمنیەکانی عێراق و کورد (پێشمەرگە) جێگیرکراون و ڕۆڵی شەڕکەریان نییە.
وڵاتانی تر: بەریتانیا بنکەی ئاسمانی "عەلی سالم" لە کوێت، "العدید" لە قەتەر، بنکەی "المنهاد" لە ئیمارات (کە لە ٢٠٢٤ وەک دامەزراوەیەکی سەربازی بەریتانی ناسێنرا) و ئامادەیی سەربازی لە ئوردن هەیە.
لە ئێستادا بەپێی ڕاپۆرتەکان، "ئۆپەراسیۆنی کیپیۆن" بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە و هێزی دەریایی شاهانە کەشتییەکانی لە کەنداو کێشاوەتەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزی دەریایی شاهانە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنی "پارێزەری خۆشگوزەرانی" (Prosperity Guardian) کردووە کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا لە بەرانبەر مووشەک و درۆنەکانی حوسییەکان. هەروەها بەریتانیا دوو بنکەی سەربازی لە قوبرس هەیە بە ناوەکانی (ئەکرۆتیری و دیکیلیا)؛ لەمەی دواییاندا وێستگەیەکی سیخوڕی و چاودێری هەیە کە لە ڕێگەیەوە شانشینی یەکگرتوو زانیارییەکی زۆر پێشکەش بە هاوپەیمانەکانی لە گرووپی "پێنج چاو" (Five Eyes) دەکات، کە پێکهاتوون لە ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و نیوزیلەندا.
ئەم دوو بنکەیەی کە لەندەن لەو کاتەوەی قوبرس یەکێک بوو لە هەرێمە دەریاییەکانی بەریتانیا پاراستوونی، لە سەرەتای جەنگەکەوە بوونەتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ ئەوروپییەکان، بەتایبەت دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئازاری ڕابردوودا بنکەی "ئەکرۆتیری" ڕووبەڕووی هێرشێکی درۆنی ئێرانی بووەوە و زیانی سووکی بەرکەوت. هێشتا سەرچاوەی جوگرافیی فڕۆکەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام شانشینی یەکگرتوو کەشتیی تێکشکێنەری "HMS Dragon"ی ناردووە بۆ دەریای ناوەڕاست بۆ پاراستنی بنکەکە وەک بەشێک لە هەوڵە بەرگرییە فراوانەکان لە ناوچەکەدا بە گشتی.
لەو کاتەدا، نیکۆس خریستودولیدیس، سەرۆکی قوبرس ڕایگەیاند کە پاشەکشەی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داهاتووی بنکە بەریتانییەکان لە دوورگەکەدا تاوتوێ دەکرێت و هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن. ئەمڕۆ و دوای هێرشەکەی سەر "دیێگۆ گارسیا" لە زەریای هیندی، خریستودولیدیس پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژخایەنی لەگەڵ کێر ستارمر ئەنجام دا و ستارمر دڵنیایی پێ دا کە شانشینی یەکگرتوو بنکەکانی ناو ئەو دوورگەیەی دەریای ناوەڕاست بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هێرشبەرانە بۆ سەر ئێران بەکارناهێنێت.