درەو:
راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
لە ماوەی (21) رۆژی شەڕی ئیسرائیل - ئەمریكا لەگەڵ ئێران، (5900) كەس كوژراون، لەوانە (595) كەسیان مەدەنی (10%)، (5305) كەسیان سەربازین بەڕێژەی (90%)ە
هاوکات لەگەڵ بیست و یەکەمین ڕۆژی شەڕ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی لە زۆربوونی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە. بە پێی ئامارە پشتڕاستکراوەکان لە لایەن ناوەندی ئاماری هەنگاو، تا کۆتایی ڕۆژی بیست و یەکەمی شەڕ لانی کەم ٥٩٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە کە ١٠٪ی واتە ٥٩٥ هاووڵاتیی سڤیل و پێنج هەزار و ٣٠٥ کەس هێزە سەربازییەکانی ئێران بوون.
جیاکردنەوەی قوربانیان و پانتایی جۆگرافیایی هێرشەکان بۆ سەر ناوەندە سەربازی و حکوومەتییەکان
بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ تا ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، لانی کەم لە ١٨٤ شاری ٢٦ پارێزگای ئێران ناوەندە نیزامی و حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
ئەم ئامانجانە بریتی بوون لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سەکۆ مووشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، ناوەندە دادوەرییەکان، ناوەندە هەواڵگیرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی ئەرتەش و بارەگاکانی یەکەی تایبەت (یگان ویژە).
بە پێی زانیاری کۆکراوە لە هەنگاو، تا ئێستا پێنج هەزار و ٣٠٥ نیزامی کوژراون کە زۆربەی ئەم کوژراوانە لە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و هەروەها ئەرتەش بوون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین زیانی هێزە نیزامییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هۆرمۆزگان، ئەلبۆرز، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.
هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پەیڕەوکردنی "شاردنەوەی سیستماتیک" لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکان خۆیان پاراستووە و لە کاتە دەگمەنەکاندا، ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستییە مەیدانییەکان دەخەنە ڕوو.
کوژرانی لانی کەم ٥٩٥ هاووڵاتیی سڤیل لە ٢١ ڕۆژی یەکەمی شەڕ
هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانبەختکردوانی مەدەنی و خەڵکی سڤیل لە پارێزگاکانی تاران، هۆرمۆزگان، کرماشان، فارس، ئەلبۆرز، ئیلام، مەرکەزی و لوڕستان بوون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە تا ئێستا ٥٩٥ کەسی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە دەکاتە ١٠٪ی کۆی قوربانییەکان.
لە کۆی هاووڵاتییانی سڤیل کە کوژراون، هەنگاو کوژرانی ١٢٧ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ و هەروەها ١٦٨ ژن پشتڕاست دەکاتەوە. شایانی باسە کە میدیا حکوومەتییەکان و هەروەها بەرپرسانی فەرمیی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە قوتابخانەی میناب ١٦٧ منداڵ کوژراون. بەو پێیە تا ئێستا و بە تێپەڕینی ٢١ ڕۆژ، تەنیا ناسنامەی ٥٨ کەس لە قوربانیانی ئەم قوتابخانەیە ئاشکرا بووە کە ٤٨ کەسیان منداڵ و ١٠ کەسیان گەورەساڵ بوون.
هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێ گەیشتووە کە دەری دەخات هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی، بە چۆڵکردنی بنکە فەرمییەکان، لە شوێنی گشتی و نەسەربازییەکان لەوانە قوتابخانەکان، بەشەناوخۆییەکانی خوێندکاران و مزگەوتەکان کە لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندان جێگیر بوون. ئەم هەوڵە، بە پێی کۆنڤاسیۆنی ژنێڤ، وەک بەکارهێنانی "قەڵغانی مرۆیی" هەژمار دەکرێت و گیانی کەسانی مەدەنی بە توندی خستووەتە مەترسییەوە.
زیانی بەرفراوانی هێزە حکوومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان
لە ٢١ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە نیزامی و حکوومەتی بە توندی ئەنجام دراوە و لە ٣٥ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئورمیە، لانی کەم ٢٤٠ بنکەی سەربازی و ناوەندیی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج
بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشانی دەدات کە لە ماوەی ٢١ ڕۆژی یەکەمی شەڕ لانی کەم ١٤٨٠ کەس لە هێزە نیزامی و حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم چوار پارێزگایە کوژراون.
هەروەها لانی کەم ٩٤ کەسی مەدەنی لە ئەنجامی ئەم هێرشانە کوژراون کە زۆرترینیان لە شارەکانی ئورمیە، سنە، دیواندەرە، شاباد، ئیلام، نەغەدە، بۆکان و کرماشان بوون.
هەنگاو لە ڕاپۆرتەکانی پێشووتری خۆی ڕایگەیاندبوو کە، ناوەندە ئەمنییەکان لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستی کوژراوانی نیزامی، بە تایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆیان پاراستووە و لە چەند حاڵەتێکدا ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستییەکانیان بڵاو کردووەتەوە. هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی شەفافیەت لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانیان و پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل لە ململانێ چەکدارییەکاندا بە پێی کۆنڤاسیۆنە نێونەتەوەییەکان دەکاتەوە.
داواکاریی هەنگاو
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە جەختکردنەوە لەسەر کۆنڤاسیۆنی چوارەمی ژنێڤ سەبارەت بە پاراستنی کەسانی مەدەنی لە کاتی شەڕدا، ڕادەگەیەنێت کە لایەنە شەڕکەرەکان پێویست بە جیاکردنەوەی ورد لە نێوان ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکاندا پێبەند بن.
هەنگاو داوا لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان، بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە چاودێرییەکانی مافی مرۆڤ دەکات، بە گوشارخستنەسەر لایەنەکانی شەڕ و چاودێریی تایبەت لەسەر سیاسەتەکانی شاردنەوەی کۆماری ئیسلامیی، میکانیزمی پاراستن و بۆ پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل دەستبەجێ چالاک بکەن.