(درەو): هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی زەوییەكانی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ لە سلێمانی، كە زیاتر لە (182) دۆنمە بكرێت بە پرۆژەی نیشتەجێبوون، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دژی ئەم هەنگاوەیە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەست (درەو) كەوتوون، هەوڵێك هەیە زەوییەكانی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ وەربگیرێت بۆ دروستكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون. رووبەری ئەم زەوییانە بە تێكڕا زیاتر لە (182) دۆنمە، لە بنەڕەتەوە ئەم زەوییانە تەرخانكراون بۆ (ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ)و (پەیمانگای تەكنیكی كشتوكاڵی سلێمانی)و (ئامادەیی پیشەسازی بەكرەجۆ). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرەتای زیادەڕۆیكردن بۆسەر زەوییەكانی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بۆ ساڵی (2000) دەگەڕێتەوە، ساڵی 2007 پەروەردەی سلێمانی بە نوسراوی فەرمی داوای گێڕانەوەی ئەم زەوییانەی كردووە كە شەتڵگەو شوێنی وانەی پراكتیكی بوون. بەشێك لەم زەوییانە پێشتر بە نایاسایی دابەشكراونو لە ساڵی 2011دا نوسراو كراوە بۆ گەڕاندنەوەیان، هەر لە 2011دا پەروەردەی سلێمانی نوسراوی بۆ شارەوانی كردووە بۆ دروستكردنی پرۆژەی كۆمەڵگەی پیشەیی، شارەوانی سلێمانی ئەم زەوییانەی بەكرەجۆی بۆ دروستكردنی پرۆژەكە دیاریكردووە. ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، شارەوانی سلێمانی هۆبەی ماستەرپلانی راسپاردووە بۆ ئەوەی سنوری زەوییەكانی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ بچەسێنن، نوێنەری پەروەردەو شارەوانیو كشتوكاڵ سەردانی (موقع)ی زەوییەكەیان كردووە، بەڵام دواتر شارەوانی ئەنجامی روپێویو نەخشەی زەوییەكانی بۆ پەروەردەی سلێمانی نەناردوەتەوە، بەوهۆیەوە چارەنوسی زەوییەكان بە نادیاری ماوەتەوە.
(درەو): محەمەدی حاجی مەحمود وێنەی ئەو وەفدەی ئیتلاعاتی ئاشكراكرد كە سێ رۆژ لە هەرێمی كوردستان بوون بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆكایەتی ئاغای (لوتفی) جێگری وەزیری ئیتلاعات ماوەی سێ رۆژ لە هەرێمی كوردستان بوو. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەم وەفدە هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقی بینیوە. دیدارەكانی ئەم وەفدە دوور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەچوون، هیچ یەكێك لەوانەی وەفدەكەیان بینیوە، وێنەی دیدارەكەیان بڵاونەكردەوە، بەڵام محەمەد حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەردانی وەفدەكە، وێنەی تیمەكەی ئێرانی ئاشكراكرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، تەوەری سەرەكی گفتوگۆی وەفدەكەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی پارتیو یەكێتیی، یەكلاكردنەوەی چارەنوسی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بووە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان. لەدوای خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی ئێران بەهۆی كوژرانی خاتوو (ژینا ئەمینی) ئێرانییەكان فشاریان لەسەر هەرێمی كوردستان توندكردوەتەوە بۆ داخستنی بارەگای پارتە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، ئێران هاوكات لەگەڵ خۆپیشاندانەكان بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی بۆردومان كرد، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی دەڵێن لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا لە هەرێمی كوردستانەوە چەك رەوانەی شارەكانی ئێران كراوە، ئەمە تۆمەتێك بوو كە لەكاتی خۆیدا حكومەتی هەرێم رەتیكردەوە. سەرچاوەیەك كە خۆی دوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو)ی راگەیاند، لەبارەی چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە، پارتیو یەكێتیی بەڵێنیی ئەرێنییان بە وەفدەكەی ئێران داوە. هەر لەم سەردانەدا، وەفدی ئێران لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییو دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتییو پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم قسەوباسیان كردووە.
(درەو): شیعەكان لە چاوەڕوانی دەركەوتنی ئیمامی دوانزەیەمدا بەنیازبوون وەكو "مەهدی چاوەڕوانكراو" بەیعەت بە موقتەدا سەدر بدەن، ئەمە سەدری توڕە كرد، ئیعتیكافەكەی لە مزگەوتی كوفە هەڵوەشاندەوەو رەوتەكەشی سڕكرد. ساڵح محەمەد عێراق كە یەكێكە لە كەسایەتییە نزیكەكان لە موقتەدا سەدرو بە "وەزیری قائید" ناسراوە، چەند كاتژمێرێك لەمەوبەر رایگەیاند، بەهۆی "اهل القضیە"ەوە، موقتەدا سەدر بڕیاریداوە "اعتكاف"ەكەی لە مزگەوتی كوفە هەڵوەشێنێتەوە. اعتكاف واتە مانەوەی كەسێك لە مزگەوتو یەكلابونەوەی بۆ خودای گەورەو ئامادەكردنی رۆحو جەستەیە بۆ خوداپەرەستی. اهل القضیە كێن ؟ گروپێك كەس كە ناویان لەخۆیان ناوە (اهل القضیە)، دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە ئیمام مەهدی (كە ئیمامی دوانزەیەمی شیعەیە) لە شاری كوفە دەردەكەوێت، ئەم بانگەشە هاوكات بوو لەگەڵ ئەوەی موقتەدا سەدر رایگەیاند بەشداری لە ئیعتیكافدا دەكات، بۆیە بانگەشەكانی ئەم گروپە وا لێكدرایەوە موقتەدا سەدر ئیمامی مەهدی یان پارێزەری ئیمامی مەهدیە. ئەمە تەنیا بانگەشە نەبوو، گرتەی ڤیدیۆیی پیاوێك لە جلوبەری ئاینیی بڵاوبووەوە كە دەمامكی كردووە، ئەم پیاوە وتی هەڵمەتێكی گەورە دەكەن بۆ ئەوەی بەیعەت بە ئیمام بدرێت. شیعە دوازە ئیمامییەكان باوەڕیانوایە، لە كۆتایی تەمەنی مرۆڤایەتیدا، دەسەڵاتدارێكی دادپەروەرو مەزن دەردەكەوێت، كۆتایی بە ستەمو خراپەكاری دەهێنێت لەسەر زەوی، ئەو كەسێك دەبێت لە خانەوادەی محەمەد پێغەمبەری ئیسلامو ناوەكەشی هەمان ناوی ئەو دەبێت، واتە ناوی (محەمەد كوڕی عەبدوڵا) دەبێت، شیعەكان ئەمەیان ناوناوە ئیمامی دوانزەیەم یاخود "مەهدی چاوەڕوانكراو". سوننەكان باوەڕیان بەو ریوایەتانە نییە كە باس لە دەركەوتنی ئیمامی مەهدی دەكەن، بەوپێیەی لە سەحیحی موسلیمو بوخاریدا هیچ ئاماژەیەك بە هاتنی كەسێكی تر وەكو پێخەمبەر لەدوای محەمەد (د.خ) لەسەر بێت نەكراوە. سەدر رەوتەكەی سڕكرد دوای بانگەوازی ئەو گروپە بۆ ناساندنی وەكو ئیمامی مەهدی، موقتەدا سەدر تویتێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردەوە، رایگەیاند" لەوەی چاكسازیخواز بم بۆ عێراق بەڵام نەتوانم چاكسازی لە رەوتی سەدردا بكەم، ئەمە گوناهە. بۆچی بەردەوام بم لە سەركردایەتیكردنی رەوتێك كە اهل القضیە و گەندەڵكاری تێدا بێت". سەدر بڕیاریدا بۆ ماوەیەك كە لە یەك ساڵ كەمتر نەبێت، رەوتی سەدر بەگشتی سڕ بكات، جگە لە نوێژی هەینیو (برانی سەید الشیهد)، دواتریش هەژمارەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان داخست. ئەمە جاری یەكەم نییە موقتەدا سەدر رەوتەكەی سڕ دەكات، ئەو ناو بەناو هەنگاوی لەمشێوەیە هەڵدەگرێت، ئەمەش بەڕای چاودێران كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی بەردەوام رەوتەكەی جڵەو و كۆنترۆڵ بكات. رەوتی سەدر براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختەی عێراق بوو لە ئۆكتۆبەری 2021دا، ئەم رەوتە لەكۆی 329 كورسی پەرلەمان (73) كورسی بردەوە، سەدر دروشمی پێكهێنانی "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی"ی بەرزكردەوە، ئەنجامدانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران رەتكردەوە، ئەمە عێراقی دووچاری بنبەستی سیاسی كرد، دواجار سەدر نەیتوانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بە هاوپەشی لەگەڵ كوردو سوننەكان دروست بكاتو كوتلە پەرلەمانییەكەی لە رۆژی 12ی حوزەیرانی 2022دا لە پەرلەمان كشایەوە، كورسییەكانی دابەشكرا بەسەر لایەنە براوەكانی تری هەڵبژاردندا. بە كشانەوە لە پەرلەمان، سەدرییەكان لە پرۆسەی سیاسی عێراق كشانەوە، لەوكاتەوە تائێستا موقتەدا سەدر بێدەنگیی هەڵبژاردووە، سەرباری دواكاری زۆرینەی لایەنە شیعەو كوردو سونییەكان بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو پرۆسەی سیاسی، هێشتا لە دەرەوەی گۆڕەپانەكە بە بێدەنگی ماوەتەوە. دوای كشانەوەی لە پەرلەمان، لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نزیك لە ئێران، هاوپەیمانێتییان لەگەڵ كورد (پارتی+ یەكێتی)و سوننەكان كردو پێكەوە كابینەی نوێی حكومەتیان بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی راگەیاند.
درەو: ئامادەكردنی: موقەدەم ئیسلام چالی، ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چەندین یەكە و دامەزراوەیەك پێكدێت، لەوانە: - وەزارەتی پێشمەرگە - یەكەی 70 - یەكەی 80 - زێرەڤانی - بەرگری فریاكەوتن - ھێزەكانی پشتیوانی یەك - ھێزەكانی پشتیوانی دوو - دژە تیرۆری پارتی - دژە تیرۆری یەكێتی - لیوا تایبەتەكانی پارتی - لیوا تایبەتەكانی یەكێتی - ھێزی سۆسیالیست - پێشمەرگەی ڕۆژ لە وەتەی پێكھێنانی یەكەمین كابینەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوای ڕاپەرینی 1991 دۆسیەی پێشمەرگە بە نادامەزراوەیی و ناڕێكخراوەیی ماوەتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەرەو زیاد بوون دەڕوات تا ئێشتا گەیشتووە زیاتر لە 200 ھەزار پێشمەرگە، ئەوەش قورساییەكی زۆر گەورە بە سەر بودجەی ھەرێمی كوردستان دروستكردووە و سرۆشتێكی سەربازی و ئەمنی بەسەر كۆمەڵگای كوردستان بەخشیوە. ماوەی چەندین ساڵە، بە تایبەتی دوای یەكگرتنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی 2010، بانگەشەی یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە دەكرێت، بەڵام بەداخەوە پرۆسەكە زۆر بە سستی و خاوی بەڕێوە دەچێت، ڕێگرییەكی زۆری لێ دەكرێت، ئەوەش بووەتە جێگای دڵگرانی ئەفسەر و پێشمەرگە و خەلكی كوردستان، هەروەها ھاوپەیمانانیش لەو دۆخە بێزار و نێگەرانن. بەداخەوە، ھێزی پێشمەرگە ھاوشێوەی حشدی شعبی، بەش بەش كراوە بەسەر چەندین گرۆپ و لایەن و كەسایەتی. دەبی دان بەو راستییە بنەین كه ھیچ ھێزێك، بە حكومەتی ھەرێمی كوردستانیشەوە دەسەڵاتی تەواوی نیە بەسەر ھەموو ھێزەكانی پێشمەرگەوە، تەنانەت هێزەكانی پارتی و یەكێتیش، له ژێر دەسەڵاتی یەك چەتردا بەڕێوە ناچن، واتە پارتی و یەكێتیش دەسەڵاتی تەواویان نیە بەسەر ھێزە حیزبیەكانی خۆیاندا. دوای ساڵی 2005 ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد، پارتی و یەكێتی كەوتنە كێبركێ بۆ ڕازیكردنی خەلك لە ڕێگای دامەزراندنیان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیان، لەناویاندا ھونەرمەند و ڕاگەیاندكار و بەناو نوسەر و رۆشنبیر و شێخ و ئاغا و كور و كچ و كەسوكاریان، جاش و شوان و گاوان و شۆفێریان دامەزراند، ژمارەیان ھێندە زۆر بوو لە ژێر دەسەڵاتی حیزب و حكومەت دەرچوو، ئەوەش وایكرد نەیانتوانی سوپایەكی رێك و پێك و نیشتیمانی لەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە دروست بكەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لە نێوانیاندا. سەرەڕای ھەوڵی ھاوپەیمانان بۆ یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە و دروست كردنی سوپایەكی نیشتیمانی بۆ كوردستان، پارتە سیاسییەكان بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مسۆگەركردنی دەنگی خەلك لە ھەڵبژاردنەكاندا، ئەوەش پاشەرۆژی خەلكی كوردستان دەخاتە مەترسییەوە و پرۆسەی یەكگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەش دەخاتە ڕێگایەكی نادیار. ئامانجی پارتی و یەكێتی لە دامەزراندنی پێشمەرگە ھیچ كات بە گوێرەی پیویست و ئامانجێكی نیشتیمانی نەبووە، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی تایبەتی حیزبی خۆیانە. ئەو پێشبڕكێیەی پارتی و یەكێتی بۆ زیادكردنی ھێزی پێشمەرگە بەدرێژایی تەمەنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامی ھەیە، بەپێی تۆماری بایۆمەتری ساڵی 2020 ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگە زیاتر لە 200 ھەزارە، ھاوپەیمانان داوا دەكەن ببێتە 90 ھەزار پێشمەرگە. سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگە، پارتی و یەكێتی و سۆسیالیست بەردەوامن لە دامەزراندنی پێشمەرگە بۆ مەرامی حیزبی، ئەمه لە كاتێكدایه، وەزارەتی پێشمەرگە خۆی خاوەن بەرێوەبەرایەتییەكە بەناوی (بەڕێوەبەرایەتی تاكەكان و خۆبەخشەكان) كە تایبەتە بە دامەزراندنی پێشمەرگە بەپێی مەرج و ڕێنمایی سەربازی. لێرەوە دەپرسم، ئایا ئەگەر ھەر پارتە سیاسییەكان پێشمەرگە دابمەزرێنن فەلسەفەی هەبوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە چیە؟ ژمارەی پلەباڵاكانی ھێزەكانی پێشمەرگە پێچەوانەی ستانداردە جیھانییەكانە. بۆڵ برێمەر لە كتێبەكەیدا دەڵێت: سوپای ئەمریكا 500 - 800 پلەی سەربازی لە نێوان عمید - فریق ھەیە، بەڵام لە ھەرێمی كوردستان پلەی عمید و لیوا و فریق زۆر زیاترە لە سوپای ئەمریكا. قوباد تالەبانیش لە دانیشتنێكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوو ئاماژە بە زۆربوونی پلەداری ھێزی پێشمەرگە كرد و گۆتی: پلەی عمید و لیوا لە ھەرێمی كوردستان زیاترە لە چین و ئەمریكا. ھێزەكانی پێشمەرگە كەمترین موچەی ھێزە سەربازییەكانی عێراقیان ھەیە، بەداخەوە ئەوانەی خۆیان بەنوێنەری پێشمەرگە دەزانن لە ھەولێر و بەغدا نەیانتوانیوە موچەی پێشمەرگە ھاوتای سوپای عیراق و حشدی شعبی بكەن، یاخود ھاوتای ئاسایش و پۆلیسی ھەرێمی كوردستان بكەن، پارتی و یەكێتی ئەو ھەموو شاندە دەنێرن بۆ بەغدا تەنھا جارێك شاندێكیش بنێرن بۆ بەرژەوەندی پێشمەرگە؟ ژمارەی ھێزەكانی پێشمەرگەی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە زۆر زیاترە لە ھێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە. بوونی ھیزی حیزبی لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە وایكردووە حكومەتی ھەرێمی كوردستان نەتوانێت كارەكانی خۆی ئەنجام بدات، بۆ نموونە لە بەرواری 7/1/2021، حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریدا ھێزێكی تایبەت لە ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ دروست بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و كاری نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە ھێزەكە دروست نەبوو لەبەر بوونی ھێزی حیزبی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی دەرچووانی خولی 27ی ئەكادیمیای سەربازیی زاخۆدا گوتارێك پێشكێش كرد و گۆتی، "دەستوەردانی حیزبی لە كاروباری پێشمەرگەدا رێگرە لە پێشكەوتنی پێشمەرگە و وادەكات بەردەوام مەترسیی ئەوە هەبێت پێشمەرگە بكەنە بەشێك لە ناكۆكیی حیزبی، ئەوەش مەترسییەكی جیدییە لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و یەكڕیزی و یەكێتیی هەرێمی كوردستان، لێرەوە وەكو داخوازییەكی خەڵكی كوردستان، وەكو پێویستییەكی نیشتمانی، وەكو ئەركی یاسایی خۆم داوا لە پارتی و یەكێتیی دەكەم دەستوەردان لە كاروباری پێشمەرگەدا ڕابگرن." بەڵام بەداخەوە، دەستوەردانی حیزبی لە كاروباری پێشمەرگە لە لایەن پارتی و یەكێتیەوە بەردەوامە. ھێزەكانی جیھان ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشكەوتندان، ئێمەش ڕۆژ بە ڕۆژ لە شوێنی خۆمان دەخۆڵینەوە. یەكێك لەو هێزانە كە بەردەوام لە هەوڵی پێشكەوتندایە، "ھێزی حشدی شعبی"یە، كە دوای ماوەیەكی كەم لە دروست بوونیان، توانیان چەندین جۆری چەك بە دەستی خۆیان بەرهەم بهێنن كه دیارترینیان فرۆكەی بێ فرۆكەوان و گولەھاوەن و موشەكی مامناوەند و دوورھاوێژە. بەڵام بەداخەوە دوای ئەو ماوە زۆرە بە سەر دروستبوونی ھێزی پێشمەرگە و ھاوكاری نێودەوڵەتی، ئێمه نەمانتوانیوە فیشەكێكی كلاشینكۆف دروست بكەین یاخود بچوكترین كەرەستەی سەربازی بەرھەم بهێنین، لە كاتێكدا كەسانی شارەزا و دڵسوزمان زۆره لە بوارە جیاجیاكانی سەربازیدا بەڵام پشتگوێ خراون و سود لە بەھرەكانیان وەرناگیرێت، چونكە فەرماندە باڵاكانی ھێزی پێشمەرگە هێشتا له بازنەی عەقلی ساڵەكانی شەستدا دەسوڕێنەوه و تێناگەن ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە چیە و ئایندەی خاكەكەمان بەرەو چ مەترسییەك هەنگاو دەنێت، بینیمان لە شەڕی داعش بەرپرسان لە بازاری ڕەش چەكیان دەكڕی بۆ ھێزەكانی خۆیان تا ئێستا پارەی ھەندێك لەو چەك فرۆشانە نەدراوە. هەموومان به باشی دەزانین كه چواردەوری كوردستان به دوژمنەوه تەنراوه، چەندین گرۆپی جۆراوجۆر دروست بوونە كه لە پاشەرۆژێكی نزیكدا دەبنە مەترسی بەسەر ھەرێمی كوردستان. نابێت بەردەوام چاوەڕێ ھاوكاری نێودەوڵەتی بین، ڕۆژێك دێت ھاوكارییەكان كۆتایی پێی دێت، پێش ئەوەی بگاتە كۆتایی با ئێمە ببینە خاوەن ھێزێكی رێك و پێك و بەرھەمھێنەر. نابێت بەسادەیی سەیری مەترسیەكان بكەین بەڵكۆ دەبێت بیر بكەینەوە چۆن ببینە خاوەن سوپایەكی یەكگرتوو لە ماوەیەكی كورتدا بۆ ئەوەی بتوانین بەرگری لە خۆمان و خاكەكەمان بكەین. لە كۆتاییدا، ئەگەر چاكسازی و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە لەوە زیاتر دوابخرێت و هاوكار نەبین لەگەڵ هاوپەیمانان، دڵنیابن ئەمەریكا و ھاوپەیمانان مامەڵەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ھێزەكانی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات و بە میلیشیا قەلەمییان دەدات.
(درەو): ماوەی (20) رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە، ئەمە (750 ملیار) دینار زیانی لە داهاتی هەرێم داوە، ئەگەر بەغداد پارە نەنێرێت، حكومەتی هەرێم ناتوانێت موچەی مانگی (نیسان) دابین بكات. بەپێی نوسراوی رەسمی بەڕێوەبەری نوسینگەی باركردنی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهانی توركیا، لە كاتژمێر (12:35) خولەكی رۆژی 25/3/2023 هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان راگیراوە. نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستانە، بەجۆرێك رێژەی (77%)ی كۆی گشتی داهاتەكانی بەردەستی حكومەت پێكدەهێنێت. ئێستا نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا (87) دۆلارە، بەپێی دواین راپۆرتی كۆمپانیای (دیلۆیت)، هەرێمی كوردستان نەوتەكەی بە (19) دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕەكانی جیهان فرۆشتووە، واتا هەرێم هەر بەرمیلێكی نەوتەكەی بە (68) دۆلار دەفرۆشێت. ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە بە تێكڕا (400) هەزار بەرمیل نەوتی بەو نرخە بۆ ئەژمار بكرێت، ئەوا زیانی كۆی داهاتی (20) رۆژی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهاكەی دەبێت بە (544 ملیۆن) دۆلار، واتا نزیكەی (750 ملیار) دینار. راوەستانی هەناردەی نەوت وایكردووە، ئێستا حكومەتی هەرێم تەنیا یەك سەرچاوەی داهاتی بەدەستەوە ماوە، كە ئەویش داهاتی ناوخۆیەو مانگانە نزیكەی (200 بۆ 250 ملیار) دینارە، ئەمە لەپاڵ ئەو بڕە پارەی كە هاوپەیمانان وەكو یارمەتی بە وەزارەتی پێشمەرگەی دەدەن كە مانگانە بڕەكەی نزیكەی (20 ملیۆن) دۆلارە.
(درەو): سەرۆكو جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هیچ یەكێكیان ناچنە تەلاری سەرەكی ئەنجومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی سێ ساڵە، قوباد تاڵەبانیش (6) مانگە نەچوەتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران. لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا لە ئازاری 2020وە، مەسرور بارزانی ناچێتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیرانو لەبری ئەوە لە ئۆفیسەكەی خۆی لە (پیرمام) كاروبارەكانی بەڕێوەدەبات، قوباد تاڵەبانیش لە (گوندی ئەمریكی)یەوە لەسەر رێگای پیرمام، كارەكان رایی دەكات. ئێستا تەلاری ئەنجومەنی وەزیران كە دەكەوێتە تەنیشت بینای پەرلەمانی كوردستان لە شاری هەولێر، بێ سەرۆكو بێ جێگرە، تیمو ستافی دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوەكانی لە ئەنجومەنی وەزیران رێكدەخەنو دەیگوازنەوە بۆ (پیرمام)، بۆ ئەوەی لەوێ سەرۆك وەزیران ئیمزایان لەسەر بكات. مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت تەنیا بۆ كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران دەچێتە شاری هەولێر كە هەفتانە لە رۆژی (چوارشەممە)دا بەڕێوەدەچێت، لەدوای بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆناوە، چیتر كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەناو تەلاری حكومەت بەڕێوەناچێتو سەرۆك وەزیرانو وەزیرەكان لە هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) كۆدەبنەوە. قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی، لە ئۆكتۆبەری 2022وە واتە نزیكەی (6) مانگە بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە، نە دەچێتە تەلاری ئەنجومەنی وەزیرانو نە بۆ كۆبونەوەكانی هۆڵی (سەعد عەبدوڵا) دەڕوات.
ئامادەكردنی: یادگار سدیق گەڵآڵی قسەیەکی باو هەیە دەڵێت" ئەودانوستکارەی بە چەند بژاردەیەکەوە دەچێت دانوستانەوە براوەیە". دانوستان جۆرێکە لە گفتوگۆ کە لە نێوان دوو لایەن یان زیاتردا پەنای بۆ دەبرێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنی هاوبەش. زۆربەیجار دانوستان بە جۆرێک لە جۆرەکان یەکلاکردنەوەی بابەتەکەی لێدەکەوێتەوە ، کە هەر لایەنێک هەندێک سازش دەکات بۆ لایەنی بەرانبەر... لە کاتی دانوستاندندا ئەوتیمەی کەزیاد لە بژاردەیەکی پێیە یان پلان و سیناریۆی جیای هەیە لە پێگەیەکی بەهێزتردایە بۆ گفتوگۆ و بواری مانۆڕی زیاترە. بە پێچەوانەشەوە کاتێک لە بژاردەیەک زیاترت پێ نییە، یان هیچ بژاردەت نییە ئەوکات دانوستان ناکەیت بەڵکو یان ئەوەیە رای خۆت دەسەپێنیت، ئەوەش لەکاتێکدا دەلوێت کە لە پێگەیەکی بەهێزدایت و پیویستت بە دانوستان نەبێت بەوشێوە نەبێت کە خۆت دەتەوێت، یاخود ببەپێچەوانەوە باناچاری دەڕۆیت بۆ ئەوەی رازیبیت بەوەی کە داوادەکرێت. وتوێژەکان و دانووستانی هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفی نەوت بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە، سەرەتا پێگەی بەهێزی هەولێر لە پاش دروست بونی عێراقی نوێوە بۆ پێگەی لاوازی گرتنەوەی قوفڵی هەناردە. هەرێم سەرەتا هەناردە و پاشان بەشی هەرەزۆری بەرهەمی نەوتی وەستا بۆیە چووە بەغدا بۆ ئەوەی رازی بێت بەمەرجەکانی بەغدا، زۆرێک لەئێمە پێش چەندساڵێک ئەمەمان لەبەرچاوبوو بۆیە دەمانویست لە قۆناغەکانی پێشوتردا و بە بەهێزی بچوایەتە بەغدا ئەوکات بژاردەی زیاتری لە بەردەست دەبوو و ئەنجامەکەشی باشتر دەبوو . حکومەت دەڵی ئێە گفتوگۆمان پێش وەستانی هەناردە و گرتنەوەی قوفڵی بۆرییەکە لەلایەن تورکیاوە دەست پێکردووە. ڕاست دەکات بەڵام ئێمە دەزانین و حکومەتیش باشتر دەزانێت هەرێم لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵەوە لەمانگی شوباتی ٢٠٢٢ ەوە گرفتی بۆ درووست بوو نەوتەکەی ئەوەندەی تر هەرزانفرۆش کرد بەهۆی ئەوفشارانەی بەغدا دەیکرد، وە دەشزانین لەبری هێورکردنەوەی بارودۆخەکە حکومەتی هەرێم ئەوکات زیاتر بارودۆخەکەی ئاڵۆز کرد و زمانێکی ئیفتیزازیانەی بەکاردەهێنا و وێنایەکی زیاد لەخۆی گەورەتری بۆخۆی دەکرد، و دەبووە سەرچاوەی وزە بۆ ئەوروپا ... زۆرێک لەئێمە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵ چاوەڕێمان دەکرد بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودوڵتی ICC لە بەرژەوەندی عێراق بدرێت. هەرێم لە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بەردەوام سیاسەتی دواخستنی کێشەکانی پەیرەو کردووە تا کار گەشتە ئەوەی ریگاکەی گەشتە بنبەست و تورکیاش پشتی تێکرد و ڕوویکردە بەغدا. حکومەتی هەرێم لە بارودۆخێکدا چووەتە بەغدا، تەنانەت گەر هەناردەش نەوەستایە لە کێشەیەکی دارایی گەورەدا بوو ،ماوەی ٦ مانگ شایستەی کۆمپانیاکانی نەوتی نەداوە لەگەڵ ئەوەشدا کە نرخی نەوتیش زۆر بەرزبووە بەڵام سوودی لەبەرزی نرخ نەبینیوە وەکو پێویست، نەیتوانییەوە لەکاتی خۆیدا مووچە بەتەواوی دابین بکات ،ئەمە جگە لە وەستانی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری، ئێستا وەستانی هەناردەشی هاتەسەر. تا یاسای بوجەش دەرنەچێت چاوەڕێ ناکرێت لەبەغداوە هیچ بڕە پارەیەک بنێردرێت. وا ٢٠ رۆژ تێدەپەڕێت و هەناردە وەستاوە، نزیکەی ١٠ رۆژیشە رێکەوتن لەگەڵ بەغدا کراوە بەڵام هێشتا قوفڵەکە نەکراوەتەوە. خاڵەکانی ڕێکەوتنەکە لە بەرواری ٤/٤/٢٠٢٣دا هەریم بە ناچاری و بەبێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکی تری لەبەردەست بێت حکومەتی هەرێم رازی بووە لەسەر چوار خاڵی سەرەکی : ا- رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی جەیهان بکرێت و رادەستی سۆمۆ بکرێت تا بیفرۆشێت.( ئەم خاڵە لە پرۆژەیاسای بوجەشدا جێگیر کراوە) ب- داهاتی نەوت بخرێتە ئەژمارێکی تایبەتەوە کە سەرۆک وەزیران یان کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات و بەغداش چاودێری دەکات. ج- دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی، ٢ لە هەرێم و ٢ لەوەزارەتی نەوتی عیراق بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت. د- جێگری بەڕیوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد. لەماوەی ڕابووردوودا قسەو باسی زۆر کرا لەسەر ئەوەی کە ئەم ڕێکەوتنە دەبێتە هۆی خۆشگوزەرانی و بوژانەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان، لێرەدا دەمەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خاڵانەی سەرەوە بکەم لەسەر بنەمای شێوازی بەڕیوەبردن و خەرجییە نەوتییەکانی هەرێم تاوەکو بزانین تاچ ئاستێک و بەچ شێوازێک کاریگەری دەبێت . ا-رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە جەیهان رادەستی سۆمۆ بکرێت تا بیفرۆشێت. هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابووردوودا نەوتی بەنرخێک فرۆشتووە کە زۆر لە ژێر نرخی برێنتەوە بووە( ١١-بۆ ١٢ -$) کە بنەمایەکی جیهانییە بۆ دیاری کردنی نرخی ٣/٢ی نەوتی جیهان و عێراقیش لە سەر ئەو بنەمایە نرخی نەوتەکەی دیاری دەکات ، هەروەها زۆر لەژێر ئەو نرخەوەبووە کە سۆمۆ نەوتی کەرکوک کە بەهەمان بۆری هەرێم دا دەگوازرایەوە لە جەیهان فرۆشتووە. داشکاندن بۆ نەوتی هەرێم لە چارەکی کۆتایی ساڵی ڕابووردوودا گەشتە لوتکە بەهۆی ئەو فشارانەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەرێم و کۆمپانیا بەرهەم هێن و کڕاارانی نەوتی هەرێمی کردبوو لەلایاک وە لەلایەکی تر نەوتی روسیا کە بەهۆی گەمارۆکانی سەرییەوە لە لایەن رۆژئاواوە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە بەداشکاندنێکی زۆر لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، بۆیە هەرێم ناچار بوو داشکاندنی زیاتر بۆ نرخی نەوتەکەی بکات تاوەکو سەرنجی کڕیارەکانی رابکێشێت. ئاستی داشکاندنەکە لە مانگەکانی ئەیلول تا کانوونی یەکەم لە نێوان ١٨ بۆ ١٩ دۆلاردابووە و لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ بۆ ١٥ دۆلار کەم بووەتەوە و لە مانگی شوباتدا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی ١١.٥ دۆلار بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوتی هەرێم. جیاوازی نرخی هەرێم لەگەڵ نەوتی کەرکوک لە باشترین بارودۆخدا لەمانگی شوباتدا نزیکی ٥.٧- دۆلار بووە. بنواڕە خشتەی ١) ئاشکرایە کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێی سۆمۆوە لە دوو رووە وە سوودی هەیە، یەکەم شەرعییەت دەدات بەونەتەی لەهەرێمەوە هەناردە دەکرێت و مەترسی کێشەی یاسایی نامێنێت. دووەم کاتێک کێشەیی شەرعییەت و یاسایی نەما و سۆمۆ فرۆشتی بەهەمان شێوەی نەوتی کەرکوک دەیفرۆشێت و دەرەنجام داهاتێکی زیاتر لە فرۆشی نەوت دەست دەکەوێت، چ عێراق وە چ کۆمپانیا بەرهەم هێنەکانی نەوت. کەواتە لەڕێی سۆمۆوە نرخی فرۆش بۆ هەربەرمیلێک لەنێوان ٥ بۆ ١١ دۆلار زیاددەکات، بەڵام ئەم بڕە زیادەیە هەمووی هی هەرێم نیە بەڵکو پشکی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی تێدایە. ب- داهاتی نەوت بخرێتە ئەژمارێکی تایبەت سەرۆک وەزیران یان کەسێک کە ئەو رایدەسپێرێت دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات و بەغداش چاودێری دەکات. ئەم حسابە بۆ داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەڕێمە لەڕیی سۆمۆ وە، کەدەبێت بە بەشیک لەبوجەی هەرێم و ئەوەی دەمێنێتەوە لەپشکی بوجە بە مەقاسە دەدرێت بەهەرێم بەپێی پرۆژە یاسی بوجە گەر وەکو خۆی لە پەرلەمان تێپەڕێت. سیناریۆی یەکەم ( باشترین نرخی نەوتی هەرێم) لە خشتەی (٢-٣) دا بەراوردی فرۆش بەنرخی سۆمۆ و هەرێم کراوە دەردەکەوێت زیادەی داهات لە فرۆشی نەوت دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان( بەغداش دەبێت بەپێی گرێبەستەکانی هەرێم شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجییەکانی نەوتی هەرێم بدات) لە نێوان ٣٢ ملیۆن بۆ ٣٣ ملیۆن دۆلار داهات مانگانە زیاد دەکات. ( رێژەی داهاتی گەڕاوە بۆ هەرێم دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان لەسەر دوایەمین راپۆرتی وردبینی دیلۆیت بۆ چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دیاری کراو، وەنرخی نەوتیش لەسەر بنەمای نرخی مانگی شوباتی هەریەک لەهەرێم و کەرکوک دیاری کراوە کە باشترین نرخە هەرێم نەوتەکەی پێ فرۆشتبێت - سیناریۆی یەکەم ) . سیناریۆی دووەم( تێکڕای جیاوازی نرخی هەرێم و کەرکوک لە ساڵی ٢٠٢٢دا) : لەساڵی ٢٠٢٢ دا هەرێم بە تێکڕا زیاد لە ١١ دۆلار نەوتەکەی لە خوار نرخی نەوتی کەرکوکەوە فرۆشتووە( تێکڕای ساڵ) لەسەر ئەو بنەمایە ئەوکات داهاتی فرۆشی نەوت کە سۆمۆ دەیفرۆشێت بەرێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات. کۆی داهاتی زیادە لە جیاوازی نرخی سۆمۆدا لە مانگێکدا نزیکەی ١٣٢.٥ ملیۆن دۆلارەو پشکی هەریمیش دوای لێدەرکردنی خەرجییەکان ٦٣ ملیۆن دۆلار دەبێت. بنواڕە خشتەی ٤. * سەیری خشتەی پاشکۆ بکە سەبارەت بە بەراوردی نرخەکان لە ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین لە پرۆژە یاسای بوجەدا کە تائێستا خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە لە پەرلەمان، شایستەی بەرهەم هێنەرانی نەوت و گواستنەوەی نەوت لە خەرجییە سەروەرییەکان دەدرێت کە دیاری کراوە بە ٢ ترلیۆن و ٤٤٨ ملیار و ٤٢٠ ملیۆن دینار کە دەکاتە ١.٨٨ ملیار دۆلار و دەکاتە رێژەی ٤٠٪ ی ئەوپارەیەی لەساڵی ٢٠٢٢ دا تەنها دراوە بە کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی نەوت کە ٤.٦٣٥ ملیار دۆلار بووە، جگەل لە خەرجی گواستنەوە وەک لە خشتەکەدا دیارە. بۆیە لەگەڵ ئەوەی داهاتی فرۆشی نەوت زیاد دەکات بەڵام گەر لە پرۆژە بوجەدا پارەی تەرخانکراو بۆ خەرجی و گواستنەوەی نەوت زیاد نەکریت کە ئەگەرێکی لاوازە زیادبکرێت ئەوا هەرێم لە و داهاتی نەوتەی بۆی دێت دەبێت پڕی بکاتەوە. هەروەها چۆنییەی مامەڵە پێوەکردن و ئیدارەدان و خەرج کردنی داهاتی هەرێم هەر حکومەتی هەریم دەیکات ، وە بەو شیوازی بەڕێوە بردنە خراپەی لە ساڵانی پێشودا کراوە چاوەڕی ناکرێت ئەنجامێکی جیاواز بدات بەدەستەوە. لە قۆناغی دواتردا چاوەڕی دەکرێت وەزارەتی نەوت پێداچوونەوە بە خەرجی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوتدا بکات گەر ئەمە بکرێت کاتی پێویستە بۆ دانوستان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا بەپێی گرێبەستی هاوبەشیکردن لەبەرهەم کە حکومەتی هەرێم هەیەتی لە گەڵیان، بۆیە چاوەڕێ ناکرێت کەمکردنەوەی خەرجی ئەنجامی خێرای هەبێت لە لەسەر زیادکردنی داهات، چوونکە بەشێکی ئەوخەرجیانە لەماوەی رابووردوودا کراوە. ئەگەری هەموارکردنەوەی گریبەستەکان ئەگەرێکی بەهێزترە نەوەک هەڵوەشاندنەوەی و ئەوەش دیسان کاتی پێویستە. سەبارەت بە گرێبەستی گواستنەوەی نەوت لە ناو هەرێم، گەر بەغدا رازی بێت بەوەی کە گواستنەوەی هەرێم لەرێێ کەرتی تایبەتەوە بەردەوام بێت ( کۆمپانیای کار) ئەوا کرێی گواستنەوە بەوشێوە نابێت کەلەرابوردوودا بووە ئەویش پێداچوونەوەی پێدادەکرێت بەڵام ئەمەیان ئەنجامی خێراتر دەدات بەدەستەوە. ج- دروستکردنی لیژنەیەکی چوارکەسی لە نێوان هەرێم و بەغدا (٢/٢)بۆ سەرپەرشتیکردنی فرۆشی نەوت. دروستکردنی ئەم لیژنەیە تا دەرچوونی یاسای نەوت و گازی فیدراڵییە لە پەرلەمان ، بوونی نوێنەری سامانە سروشتییەکان بۆ سەرپەرشتی پرۆسەی فرۆشتن وەکو پرەنسیپ کارێکی ئەرێنییە، لێرەدا مەبەست لێی ئەوەیە کە هەڕیم ئاگاداربێت چۆن و بەچەند نەوتەکە دەفرۆشرێت لەلایەک و لەلایەکی تر دەکرێت ئامانج لێی کڕیارانی نەوتی هەرێم بێت کە هەرێم بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەریان و بەردەوام بوونی گرێبەست لە گەڵیاندا بە ومەرجانەی کە سۆمۆ دایدەنێت. د- جێگری بەڕیوەبەری گشتی سۆمۆ دەدرێت بە کورد، بۆ یەکەم جارە کورد لەدەستپێکردنی پرۆسەکانی نەوتی هەرێمەوە بەشداربێت و ئەندامی هەبێت لە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). سۆمۆ دامەزراوەیەکی سەر بەوەزارەتی نەوتی عێراقە و تاکە لایەنە کە بەرپرسیارە لە بەبازاڕکردنی نەوتی وڵات و دامەزراوەیەکی گرنگە بەڵام لەهەمانکاتدا لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتییە لەناو وەزارەت و سەرۆکەکەی بەڕێوەبەری گشتییە ،ئەو پۆستەشی کە کورد وەری گرتووە جێگری بەڕێوەبەری گشتییە کە حەقی کورد بووە دەبوایە چەند ساڵە پڕی بکردایەتەوە ، بەڵام ئەو پۆستەش وەکو زۆرێک لە پۆستەکان لە بەر کێبرکێی لایەنەکوردییەکان( یەکیتی و پارتی) لەلایەک لە بەغدا بە بۆشی مابووەوە وە لەلایەکی تر هەرێم بەوەی کە مامەڵەی لەگەڵ سۆمۆ نەدەکرد لە ڕابوردودا نەیویستووە ئەو پۆستە پڕبکاتەوە، تاوەکو خۆی لە سین و جیم بپارێزێت. کەواتە لەو شیکردنەوەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت بەتایبەت لە روونکردنەوەی خاڵی (ا-ب) چاوەڕێ ناکرێت تەنها بە فرۆشتنی نرخی نەوتی هەرێم بەبێ هیچ گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە شێوازی بەڕێوەبردن لەهەموو سەکتەوەکان ئەنجامێکی جیاوەز وەربگرین لەوەی پێشوو، بینیمان لەساڵی ٢٠٢٢ دا نرخی نەوتی هەرێم لەسەرو ١٠٠ دۆلارەوە فرۆشراوە و کێشەکانی داراییش هەروەکوو خۆی ماون. ئەگەر قوفڵەکە نەکرێتەوە کێ زەرەر دەکات؟ بوجەی عێراق لە سەر بنەمای ئاستی هەناردەی نەوتی رۆژانە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل بە( ٤٠٠ هەزار بەرمیلی هەرێمەوە) و نرخی بەرمیلێکیش بە ٧٠ دۆلار دیاری کراوە. عێراق دووەم گەورە وەبەرهێنی نەوتی ناو ڕێکخراوی ئۆپێکە و لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرهەمی ٤ ملیۆن و ٤٢٤ هەزار بەرمیل بووە لەرۆژێکدا توانای بەرهەمیشی لە ٤،٥ ملیۆن بەرمیل زیاترە . کارێکتەرێکی کاریگەریشە لە ناو رێکخراوی ئۆپیک و بازاڕی وزەی جیهانیدا و بەرهەمی نەوتی عێراق نزیکەی ٤.٥٪ ی بەرهەمی جیهان پێک دەهێنێت. لە ناوەراستی مانگی ئازاردا نرخی نەوتی خاوی برێنت کە عێراق بە تێکرآ ٣ دۆلارێک کەمتر لەو نرخە نەوتی دەفرۆشێت لە دەوروبەری ٧٣ دۆلار بوو بەڵام لە ٢٥ ی ئازارەوە و لەدوای وەستانی هەناردەی هەرێم و کەرکوک نرخی نەوت دەستیکرد بەبەرز بوونەوە، وەستانی نەوتی هەرێم بەرپرسە لە بەرزبوونەوەی بەشێکی نرخی نەوت بەوپێیەی نزیکەی نیو لەسەدی دابینکردنی جیهانی پێک دەهێنا . پاشان بڕیاری ئۆپیک بەکەم کردنەوەی بەرهەم لە مانگی ئایاردا کە عێراقیش بە ٢١١ هەزار بەرمیلی رۆژانە بەشدارە، جارێکی تر نرخی نەوتی لەبازاڕدا بەرز کردەوە. لە ١ی نیسانەوە نرخی نەت لە سەروو ٨٥ دۆلارەو ئێستا ١٣ی نیسان ٨٧ دۆلارە ، گەر تێکڕا ٨٥ دۆلار ئەژمار بکەین بۆ نرخی نەوتی برێنت ئەوا لە کاتی گرتنەوەی قوفڵی بۆری عێراق- تورکیاوە ITP بۆ ئێستا زیاد لە ١٢ دۆلار نرخی بەرمیلێك نەوت بەرزبووەتەوە واتە ئێستا عێراق لەمانگی نیساندا نەوت بە دەوروبەری ٨٢ دۆلار دەفرۆشێت. لەهەمان کاتدا ١٢ دۆلار بەرزترە لەو نرخەی کە لە پرۆژەیاسای بوجەدا دانراوە. نەوتی هەرێم لە شوباتدا بە ١١.٥ لە ژێر برێنتەوە فرۆشراوە ( ئەوە باشترین نرخە هەرێم فرۆشتبێتی لە ٨ مانگی رابوردوودا) و گەر نرخی برینت ٨٥ دۆلاریش بێت لە مانگی نیساندا ئەوا نەوتی هەرێم بە ٧٣.٥ دەفرۆشرا و داهاتی مانگی نیسان ٨٨٢ ملیۆن دۆلار دەکات، لەم بڕە نیوە زیاتریشی بۆ خەرجی کۆمپانیاکان دەڕوات. ئەو بڕە کەمەشی کە لە ڕێی کەرکوکەوە عێراق هەناردەی دەکرد ئێستا لەنێوخۆدا دەتوانرێت بنێرێت بۆ پاڵاوگەکان ویاخود لەرێی بەسرەوە هەناردەی بکات. بەپێی ئەو داتایانەی لە بەردەستە عێراق لە بەسرەوە رۆژانە تێکڕا نزیکەی ٣.٢٥ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات، ئێمە لەسەر بنەمای مانگی ئازار کە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە رۆژانە بەتێکرا ٣ ملیۆن و ١٩٠ هەزار بەرمیلی لە بەسرەوە هەناردەکردووە ئەژماردەکەین بۆ ئەوەی بزانین بە زیاد بوونی ١٢ دۆلار بۆ نرخی نەوت چەند داهاتی زیاد دەکات ئایا زیاترە لەوەی لە رێی بۆری ITP ەوە دەروات؟ لەسەر بنەمای مانگی پێشوو هەناردەی بەسرە لە مانگی نیساندا دەکاتە ٩٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل و نرخیش ١٢ دۆلار زیادی کردووە ئەوا لەمانگێکدا یەک ملیار و ١٤٨ ملیۆن دۆلار داهات زیادی کردووە واتە ٢٦٦ ملیۆن دۆلار زیاتر لەهەموو داهاتی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەی هەرێم دەیفرۆشێت بەبێ لێدەرکردنی خەرجی . کەواتە گەر عێراق پەلەی نەبێت هیج زەرەر ناکات بەڵکو دەتوانێت نەناردنی نەوتی هەرێم بخاتە بری ئەوکەمکردنەوەی لەسەرشانیەتی بەرانبەر ئۆپیک، چونکە ئیلتیزامەکە لەسەر ئاستی بەرهەمە نەک هەناردە،لە ئێستاشدا هەریم بەرهەمی تەواو کەمی کردووە و هەناردەش سفرە. لەلایەکی ترەوە وەستانی بەرهەم لەبەرژەوەندی عێراقە و دەتوانرێت وەکو فشار بەکاربهێنرێت بەرانبەر کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمیش تاوەکو ناچاربن لە بەردەوامی وەستانی بەرهەم بچنە ژێر مەرجەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، چونکە ئەوانیش لەزەرەردان وە تا ئەم بارودۆخە بەردەوامبێت پشکەکانیان زیاتر دادەبەزێت. عێراق لە روکەشدا وادیارە کە داوای لە تورکیا کردووە قوفڵەکە بکاتەوە، بەڵام دوو هەفتەیە بریار بوو وەفدی عێراق بچێت بۆ ئەنقەرە بۆ وتوێژ و رێکەوتن لەسەر بارودۆخە نوێیەکە بەڵام هێشتا هیچ دیار نییە، بۆیە دەکرێت وەکو لەسەرەتای ئەم بارودۆخەوە وتمان عێراق لەوانەیە سیاسەتی کات کوشتن بەکاربهێنێت. هەرچەندە ئاماژەش هەیە کە تورکیاش دەیەوێت رێک بکەون لەسەر قەرەبووەکەی دادگا یان دوای بخات بۆ دوای هەڵبژاردناکانی ئەو وڵاتە کە ئەردۆگان نایەوێتلەوە زیاتر وەکو چەکێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دژی بەکار بهێنرێت. بۆیە لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی هەرێم ڕیککەوتووە لەگەڵ بەغدا بەڵام هێشتا هیچی نەچنیوەتەوە لەو ڕیکەوتنە. ئەم مانگە و مانگی ئایندەش پێ دەچێت کێشەی مووچەی نەبێت چونکە داهاتی ٦ مانگی فرۆشی نەوتی رابردووی لایە و هێشتا پشکی کۆمپانیاکانیشی لێنەداوە، لەو پارەیە دەتوانێت لانی کەم ٣ مانگی پێ بەڕێ بکات، دواتریش بەو هیوایەی یاسای بوجە دەربچێت و بەغدا بوجە بنێرێت. فۆکۆسی ئێمە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی داموودەزگاکانی هەرێمە نەک بەغدا .ناکرێت هەروا بەو شێوە خراپوو ماندووە بەردەوام بێت، تەنها گرفت لە نەوت نییە بەڵکو هەموو سەکتەرەکانی بەڕێوەبردنی هەرێم خراپە، کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان بەنموونە. لەلایەکی تر چەندین ساڵە هاوار دەکرێت نابێت تەنها پشت بەنەوت ببەسترێت و چارەسەری میللەتێک لەژێر رەحمەتی نرخی نەوتدا بێت بەو شێوەیەش کە نەوت قەیرانی زۆری بۆ خەڵکی هەرێم هێناوە، پێویستە ئەمڕۆ پێش سبەی هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بنرێت بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەی داهات. ناکرێت هەرچاومان لە بەغدابێت، سەرچاوەی مرۆیی و سروشتی زۆر و زەوەند هەیە، تەنها ئیرادە، پلان ولێبڕان و دڵسۆزی پێویستە. پاشکۆ : خشتەی بەراوردی نرخەکان سود وەرگیراوەلە: • ڕاپۆرتی دارایی کۆمپانیا نەوتییەکان بە تایبەت گۆڵف کیستۆن و HKN • پێگەی ئەلەکترۆنی وەزارەتی نەوتی عێراق • پێگەی ئەلەکترۆنی سۆمۆ • راپۆرتەکانی دیلۆیت, وردبینیی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن، بەکاربردن و داهاتی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵەکانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ • U.S. Energy Information Administration www.eia.gov
درەو: سەرۆكی پێشوی شارەوانی سوری ئامەد كتێبی مەم و زینی ئەحمەدی خانی و مافورێكی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستانی بەخشیە پاپای ڤاتیكان. عەبدوڵا دەمیر باش سەرۆكی پێشوی شارەوانی سوری ئامەد بە (درەو)ی راگەیاند: دوێنی لە ڤاتیكان پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكانمان بینی و نزیكەی (12) خولەك قسەمان كرد، پەرتوكی مەموزینی ئەحمەدی خانی و مافورێك كە هی ژنانی رۆژهەڵات بوو بەخشیمە پاپای ڤاتیكان. دەمیر باش دەڵێت: دیاری یەكەمیان پەرتوكی ئەحمەدی خانی ناسنامەی زمانی كوردییەو، مافورەكەی ژنانی رۆژهەڵاتیش و وەك پەیامی (ژنن ژیانن ئازادی) یە داوامان لە پاپای ڤاتیكانكرد بۆ ئازادی و چارەسەری ئاشتی كێشەی كورد دوعا بكات. عەبدوڵا دەمیرباش سیاسیەكی باكوری كوردستانەو بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتی توركیاوە بەرامبەری ماوەی چەند ساڵێكە لە تاراوگە دەژی.
(درەو): جێگری وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بە سەرۆكایەتی وەفدێك لە هەرێمی كوردستانە، لەوكاتەوە ئەم وەفدە هاتووە، گرژییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی هەندێك هێوربووەتەوە، چارەنوسی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تەوەرێكی گرنگی سەردانی وەفدەكەی ئێرانە. ماوەی دوو رۆژە وەفدێكی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی كوردستانە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، وەفدەكەی ئێران كە (جێگری وەزیری ئیتڵاعات) سەرۆكایەتی دەكاتو سەرەتا لە هەولێر هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی بینیوە. (درەو) زانیویەتی، ئێستا وەفدەكەی ئێران لە شاری سلێمانییەو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی بنیوەو لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری پێشووی عێراقیش كۆبونەوەی كردووە. ئەوانەی ئاگاداری هاتنی وەفدەكەی ئێرانن باسلەوە دەكەن، وەفدەكە بۆ چەند بابەتێك هاتوەتە هەرێمی كوردستان، كە ئەمانەن: • تاوتوێكردنی دۆسیەی ئەمنیی نێوان هەرێمی كوردستانو ئێرانو بەدیاریكراویش چارەنوسی حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان. • تاوتوێكردنی دۆخی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو حزبەدا. • تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستانو بەغداد لەگەڵ بەرپرسانی پارتیو یەكێتیی. • تاوتوێكردنی كێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی. بەر لەم وەفدە، هەر لەم هەفتەیەدا ئێران وەفدێكی تری بە سەرۆكایەتی (حەسن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە بەغداد، ناردە هەرێمی كوردستانو وەفدەكە بەرپرسانی پارتیو یەكێتیی بینی. لەدوای هاتنی وەفدەكانی ئێرانەوە، گرژی نێوان پارتیو یەكێتیی هەندێك هێوربوەتەوەو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت قایل بووە بەوەی وەفدێك بنێرێت بۆلای قوباد تاڵەبانی بۆ ئەوەی بانگهێشتی بكاتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران. سەردانی وەفدەكانی ئێران لەدوای بڕیاری ژوری بازرگانی دادگای نێودەوڵەتی دێت لە پاریس، بڕیارێك كە توركیای ناچاركرد هەناردەی نەوتی هەرێم رابگرێت، حكومەتی هەرێمیشی ناچاركرد نەوتەكەی رادەستی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بكات. زیاتر لە 20 رۆژە هەناردەی نەوت هەرێم راوەستاوەو پێناچێت بەمزوانە دەستپێبكاتەوە، لەم حاڵەتەدا تاكە دەرفەرتی بەردەم حكومەتی هەرێم پەسەندكردنی بودجەی گشتی عێراقو رەوانەكردنی پشكی هەرێمە لە لایەن حكومەتی بەغدادەوە. ئەو هاوپەیمانێتییە شیعەی كە ئێستا پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بەدەستەوەیە، نزیكە لە كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئێرانییەكان دەتوانن لە بەغدادەوە كاریگەریی لەسەر ئاڕاستەی پەیوەندییەكانی هەولێرو بەغداد دروست بكەن. ئێستا كە توركیا پشتی لە هەرێمی كوردستان كردووەو دەیەوێت كرانەوەیەك بكات بە ئاڕاستەی حكومەت لە بەغداد، رەنگە ئێرانییەكان بیانەوێت بۆشایی توركەكان لە هەرێم پڕبكەنەوە. توركیا لەلایەك هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە، لەلایەكی تر ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكاندا بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی داخستووە، واتە لە یەككاتدا فشارەكانی لەسەر پارتیو یەكێتیی وەكو دەسەڵاتداری دوو زۆنی هەرێمی كوردستان توندكردوەتەوە.
(درەو): كێشە بۆ موچەی ئەم مانگەی موچەخۆرانی سلێمانی دروستدەبێت، تائێستا تەنیا بڕی (170) ملیار دینار بۆ سلێمانی نێردراوە، لەكاتێكدا خەرجی مانگانەی موچە لە سلێمانی پێویستی بە (365) ملیار دینار هەیە، داهاتی ناوخۆش بەپێی سایتی شەفافیەت تائێستا (23) ملیار دینارە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە پێش جەژنی رەمەزان موچەی مانگی ئازاری تەواوی وەزارەتەكان دابەشبكات، بەڵام تائێستا دوو وەجبە پارەی بۆ بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی ناردووە، هەفتەی رابردوو بڕی (100) ملیار دینارو ئەمڕۆش بڕی (70) ملیار دینار، واتە بە تێكڕا تائێستا حكومەت بڕی (170 ملیار) دیناری بۆ موچەی سلێمانی ناردووە. حكومەتی هەرێم داوایكردووە لە سنوری سلێمانی (90) ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ بۆ مانگی ئازار تەرخانبكرێت، (75) ملیار دیناری بۆ موچەو (15) ملیار دیناریش بنێرێت بۆ هەولێر بۆ خەرجی سیادی، بەڵام بەپێی سایتی (شەفافیەت) تائێستا (23) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لە سلێمانی كۆكراوەتەوە، ئەمە بەواتای ئەوە دێت لەداهاتی ناوخۆی سلێمانیدا نزیكەی (70) ملیار دینار كورتهێنان دەبێت. چاوەڕوان ناكرێت تا پێش جەژن رەمەزان، داهاتی ناوخۆ بگاتە ئەو رێژەیەی كە دیاریكراوە، بۆیە ئەگەر حكومەت كێشەی كورتهێنانەكە چارەسەر نەكات، ئەم مانگەش كێشە بۆ موچەی موچەخۆران سلێمانی دروستدەبێت.
شیكاری: درەو وەزارەتی نەوتی عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا؛ # عێراق زیاتر لە (294 ملیۆن و 413 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، بە تێکڕای رۆژانەی زیاتر لە (3 ملیۆن و 271 هەزار) بەرمیل. # بە تێکڕا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە (75.2) دۆلار فرۆشراوە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان (81.17) دۆلار بووە. بەم پێیەش هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە کەمتر لە (6) دۆلار فرۆشراوە. # کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەو سێ مانگەدا (22 ملیار و 130 ملیۆن) دۆلار بووە. یەکەم: داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2022) بڕی (294 ملیۆن و 413 هەزار و 732) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بە تێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 271 هەزار و 264) بەرمیلی فرۆشراو، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.2) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (22 ملیار و 130 ملیۆن و 492 هەزار) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە؛ چارتی (1، 2، 3)) 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 265 هەزار و 971) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.5) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.8) دۆلار هەرزانتر ساغکردووەتەوە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 663 ملیۆن و 788 هەزار) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی شوباتی 2023 هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 294 هەزار و 843) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (82.59) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (6.03) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 62 ملیۆن و 704 هەزار) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، واتە بەتێکڕای ڕۆژانەی (3 ملیۆن و 255 هەزار و 259) بەرمیل، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (73.37) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهان بەهاکەی (78.43) دۆلار بووە، واتە حکومەتی عێراق لە مانگی ناوبراودا بەتێکڕا نەوتەکەی بە (5.06) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە. بەپێی ئاماری کۆتایی وەزارەتەکەش کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی عێراق لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (7 ملیار و 404 ملیۆن) دۆلار. خشتەی ژمارە (1) دووەم: بڕ و ڕێژە و داهاتی نەوتی کەرکوک لە هەناردەی گشتی نەوتی عێراق بۆ چارەکی یەکەمی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق (وەک لە خشتەی ژمارە (2)دا هاتووە)، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی (2023)دا بڕی (294 ملیۆن و 413 هەزار و 732) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (7 ملیۆن و 37 هەزار و 403) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.41%) نەوتی کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوک بووە، هەر بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە لەو ماوەیەدا بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە نزیکەی (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە. واتە کۆی داهاتی فرۆشراوی نەوتی کەرکوک لەماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە بڕی (531 ملیۆن و 120 هەزارو 886) دۆلار. ئەگەر ئەو ئامارانە وردتر بکەینەوەو بەپێی مانگەکانی ساڵەکە ئاماژەیان پێبدەین، ئەوا داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بەم شێوەیە دەبێت. (بڕوانە؛ چارتی (4)) 1. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی کانونی دووەمی 2023 وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی کانونی دووەمی (2023) بڕی (101 ملیۆن و 245 هەزار و 95) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 475 هەزار و 516) بەرمیلی بە ڕێژەی (2.45%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (75.695) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (187 ملیۆن و 385 هەزار و 175) دۆلار. 2. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی شوباتی 2023 بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی شوباتی (2023) بڕی (92 ملیۆن و 255 هەزار و 610) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (2 ملیۆن و 834 هەزار و 393) بەرمیلی بە ڕێژەی (3.07%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (76.556) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (216 ملیۆن و 989 هەزار و 284) دۆلار. 3. داهات و بڕی نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک لە مانگی ئازاری 2023 بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئازاری (2023) بڕی (100 ملیۆن و 913 هەزار و 27) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە فرۆشتووە، لەو بڕەش (1 ملیۆن و 727 هەزار و 494) بەرمیلی بە ڕێژەی (1.71%) لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای کەرکوک هەناردە کراوە، بەپێی ئامارەکان ئەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە بە تێکڕا هەر بەرمیلێکی بە (73.37) دۆلاری ئەمریکی فرۆشراوە، واتە کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی کەرکوک بریتی بووە لە بڕی (126 ملیۆن 746 هەزار و 427) دۆلار. سەرچاوەکان؛ ڕاگەیەنداوەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، دەربارە داهات و هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2022، لەم لینکانەی خوارەوە بەردەستن؛ - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر كانون الثاني الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1419 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية النهائية للصادرات النفطية لشهر شباط الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1455 - وزارة النفط تعلن عن الاحصائية الاولیة للصادرات النفطية لشهر آذار الماضي؛ https://oil.gov.iq/?page=1461
درەو: بڕیارەكەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس كە بووە هۆی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، لە (277) لاپەڕە پێكهاتووەو لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرچووە. بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چی نەوتی باكور بێت، چی نەوتی هەرێم، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) واتا ( بە بازاركردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراو. بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا: • هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( IPT) ی ساڵی 1973 كە لە نێوان توركیا و عێراق واژووكراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 2013ەوە بۆ گواستنەوە و باركردنی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە ڕاستەوخۆ بۆ توركیا كەڵكی وەرگرتووە، ئەمەش ناكۆكی درووستكردووە. • رێككەوتنی (ITP) نێوان عێراق - توركیا چیە؟ لە بڕیارەكەی دادگای ژووری نێوبژیوانی نێو دەوڵەتیدا بە ووردی باس لە رێككەوتنی( ITP) كراوەو هاتووە: لە ساڵی 1973 كۆماری عێراق و كۆماری توركیا ڕێككەوتنی بۆری نەوتی خاویان واژۆكرد بۆ دابینكردن و كڕینی نەوتی خاو، ڕێككەوتننامەی بە ڕێككەوتنی بۆری عێراق - توركیا (ITP) ناسراوە. بەپێی ڕێككەوتنەكانی ( ITP) هەردوو لایەن ڕێككەوتن لەسەر دروستكردنی دوو بۆری نەوت كە لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك لە باكوری عێراقەوە بەرەو جەیهان كە شارێكی بەندەرییە لە باشووری توركیا (The Pipelines) دەڕوات. جەیهان ناوەندێكی گواستنەوەی نەوت و گازی سروشتییە. بە پێی ڕێككەوتننامەكانی(ITP ) هەردوو لا (دروستكردن، چاككردنەوە، بەڕێوەبردن و بەكارهێنانی بۆرییەكان و بەكارهێنانی) دامەزراوە پەیوەندیدارەكان لە جەیهان بۆ هەڵگرتن و باركردنی نەوتی خاو كە لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە دەگوازرێتەوە بەڕێوەدەبەن. بۆری یەكەم بەپێی ڕێككەوتنی ساڵی 1973 بۆری (40) ئینج ، بۆری دووەم (گەورەتر) دواتر لە ساڵی 1985 بۆری (46) ئینج زیادكرا. بەپێی ڕێككەوتنەكانی (ITP ) هەر لایەنێك دوو بۆرییەكە لە ناوچەكانی خۆیاندا دروست دەكەن و بەڕێوەی دەبەن و دەیپارێزن. داواكار سوودمەند دەبێت لە كەناڵێكی نوێی هەناردەكردن بۆ نەوتەكەی و بەرامبەر زیاتر پەرەیان پێدەدات. لە بەرامبەر گواستنەوە و هەڵگرتن و باركردنی نەوتەكەی، داواكار كرێی گواستنەوە دەدات بە بەرامبەر. هەروەها تا ساڵی 2010 بەشێكی دیاریكراو لە نەوتەكە بۆ كڕینی لەلایەن بەرامبەرەوە تەرخانكرابوو. حكومەتی عێراق بانگەشەی ئەوەی كردووە كە حكومەتی توركیا پێشێلی رێككەوتنی ( ITP)كردووە، چونكە ڕێگەی داوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانەوە بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕێگەی بۆرییەكانەوە بڕوات، جكومەتی عێراق جەختی لەوە كردووەتەوە كە نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەندەری جەیهان هەڵگیراوەو باركراوەو بەكارهێندراوە بە بێ رەزامەندی حكومەتی عێراق. دەقی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی لە پاریس
راپۆرت: درەو بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بكات، ئەگەری هەیە لەو كۆبونەوەیەدا شوێنگرەوە بۆ وەزیرەكانی یەكێتیی دیاری بكرێت، پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لەبەردەم چەند سیناریۆیەكدایە، شوێنگرەوەی بریكارەكان یان دووبارەكردنەوەی سیناریۆكەی 2015ی پارتی بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان. وردەكارییەكان لەم راپۆرتەدا. سێ سیناریۆ ! بەپێی بەداواداچوونەكانی (درەو)، بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی هەفتانەی خۆی بكاتو لە كۆبونەوەكەدا پرسی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی یەكلابكرێتەوە، چونكە تیمی یەكێتیی لە حكومەت جارێكی تر سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاگادار كردووە لەوەی ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت. ئەو سەرچاوانەی (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، لەحاڵەتی پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكانی یەكێتیی لەناو كۆبونەوەكانی حكومەتدا لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە، چەند سیناریۆیەك لەبەردەستدا دەبێت: سیناریۆی یەكەم: بریكاری وەزارەتەكانی یەكێتیی كە سەرجەمیان پارتین، لەبری وەزیرەكانی یەكێتی بانگهێشتی ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت، جێبەجێكردنی فەرمانەكانی ناو كۆبونەوەكانی حكومەت لە ناو وەزارەتەكانی یەكێتییدا، بە بریكارەكان بسپێردرێت. سیناریۆی دووەم: بریكاری وەزارەتەكان وەك وەزیری بەوەكالەت لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەشداریان پێبكرێت، بە بڕیاری مەسرور بارزانی دەسەڵاتیان پێبدرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان. سیناریۆی سێیەم: دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتیی لە حكومەت هاوشێوەی دەركردنی وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە 2015دا، ئەمەیان پێدەچێت كاتێك بڕیاری لێبدرێت كە هەنگاوی پراكتیكی بۆ دوو ئیدارەیی دەستپێبكات، چونكە یەكێتیی ناوچەی دەسەڵاتدارێتیی خۆی هەیەو جیاوازە لە بزوتنەوەی گۆڕان. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لە پرسی شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی كراوە، بیرۆكەی هێنانی بریكاری وەزارەتەكان بۆ ناو كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، بۆیە چاوەڕوانكراوە لە كۆبونەوەی سبەینێ یان لە هەفتەی داهاتوودا، بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسی بۆشایی تیمی یەكێتیی لە كۆبونەوەكانی حكومەتدا بدرێت. شوێنگرەوەكان كێن ؟ ئەگەر مەسرور بارزانی بڕیاری خۆی یەكلابكاتەوەو كاروباری وەزارەتەكانی یەكێتیی بسپێرێت بە بریكاری وەزارەتەكان، شوێنگرەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی بەمشێوەیە دەبێت: • دارا رەشید وەزیری پلاندانان: بریكارەكەی (زاگرۆس فەتاح)ە • شۆڕش ئیسماعیل وەزیری دەستلەكاركێشاوەی پێشمەرگە: بریكارەكەی (عەبدولخالق باپیری)ە • ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا: بریكارەكەی (عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق) • محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری: بریكارەكەی (ئاریان سەلاحەدین) • بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ: بریكارەكەی (كەریم سلێمان)ە بایكۆتی یەكێتیی سەرەتای تەقینەوەی كێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتیی بۆ كوژرانی عەقید (هاوكار جاف) دەگەڕێتەوە لە تەقینەوەیەكدا لە هەولێر لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەری 2022دا، بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتبارانی ئەم كەیسەو تۆمەتباركردنی دەزگای دژەتیرۆری یەكێتیی بە كوشتنی عەقید (هاوكار جاف) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە، یەكێتیی نیگەران كردو ئەمەی بە تاكڕەوی مەسرور بارزانی لە بڕیاردان لەناو حكومەت لێكدایەوە. لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دەڵێ، یەكێتیی داخستنی كەیسی كوشتنی هاوكاری جافی كردووە بە مەرجو ئەو كەیسەكە داناخات. لە 26ی ئۆكتۆبەری 2022وە واتە نزیكەی (6) مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانو سەرۆكی تیمی یەكێتیی نەچوەتە ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانو (بایكۆت)ی كردووە، لە رۆژی 11ی كانونی یەكەمی 2022شەوە، واتە ماوەی (4) مانگی رەبەقە وەزیرەكانی یەكێتیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیان بایكۆتكردووە. لەوكاتەوە وەزیرەكانی یەكێتیی كە ژمارەیان (6) وەزیرە، لە بینای وەزارەتەكانیان دەوامی فەرمی خۆیان دەكەنو بەتەواوەتی لە حكومەت نەكشاونەتەوە، جگە لە (شۆڕش ئیسماعیل) وەزیری پێشمەرگە كە دەستلەكاركێشاوەتەوە هەروەها (خالید شوانی) كە شوێنەكەی وەكو وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغداد بەتاڵ بووەو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە. رۆژی 26ی شوباتی ئەمساڵ، سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە نوسراوێكی فەرمی داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، تیمی یەكێتیی بە نوسراوی فەرمی وەڵامی دایەوە ناگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكان، لەم نوسراوەدا تیمیی یەكێتی هۆكاری نەگەڕانەوە بۆ كۆبونەوەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ "رەچاونەكردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشیكردن لە بڕیاردانو شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەتو بەربەست لەبەردەم پیادەكردنی دەسەڵاتەكان". دواتر مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا، بەفەرمی لە وتارێكدا داوای لە تیمی یەكێتیی كرد بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام وەڵامێكی دڵنیاكەرەوەی لە بەیاننامەی نەورۆزی قوباد تاڵەبانیدا دەستنەكەوتو دۆخەكە وەكو خۆی مایەوە. ناكۆكییەكانی ئەمدواییەی قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دوای هێرشەكەی فڕۆكەخانەی سلێمانیو بەیاننامەكەی جوتیار عادلی وتەبێژی حكومەت، ئەگەری گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت زیاتر دورخستنەوە. بەمدواییە مەسرور بارزانی بەبێ بەشداری قوباد تاڵەبانیو ئەندامانی تیمی یەكێتیی چووە بەغدادو لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتنی ئیمزا كرد، لە دوێنێوە قوباد تاڵەبانیش بەبێ ئاگاداری مەسرور بارزانی چوەتە بەغدادو سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ توركەكان بەنێوەندگیری بەرپرسانی عێراق سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا. مەسرور بارزانیو قوباد تاڵەبانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا كە كابینەی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ بزوتنەوەی گۆڕان)، یەكێتی جگە لە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، (6) پۆستی وزاری بەدەستەوەیە، ئێستا تەنیا (4) لە وەزیرەكانی یەكێتیی لە وەزارەتەكانیان دەوام دەكەن كە بریتین لە هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ- محەمەد حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری- ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا- دارا رەشید وەزیری پلاندانان). وەزیری پێشمەرگە (شۆڕش ئیسماعیل) دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوەو (رێباز بێركۆتی) بۆ شوێنەكەی كاندیدكراوە، خالید شوانی كە وەزیری هەرێم بوو، پۆستەكەی چۆڵكردو پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرت، یەكێتی (ئەحمەد عەسكەری) بۆ شوێنەكەی كاندید كردووە. بەهۆی ناكۆكی پارتیو یەكێتیی لەبارەی گۆڕانكارییە وزارییەكانەوە، تائێستا پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە بۆ متمانەدان بە وەزیرە نوێیەكان، بۆیە یەكێتیی ئێستا دوو پۆستی وزاری چۆڵ بووە. كابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لە 10ی تەموزی 2019دا، بە ناكۆكی نێوان قوباد تاڵەبانیو مەسرور بارزانی دەستیپێكرد، یەكەم ناڕەزایەتی قوباد تاڵەبانی دژی دیارینەكردنی دەسەڵاتەكان بوو وەكو جێگری سەرۆك وەزیران، پاش ماوەیەك ناڕەزایەتی هەردووكیان كۆبونەوەیەكیان كردو مەسرور بارزانی وتی"رێككەوتینو هیچ كێشەیەك لەنێوانماندا نییە". بەڵام ئەمە كۆتایی ناكۆكییەكان نەبوو، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق (10 ئۆكتۆبەری 2021) بەبێ ناوهێنانی مەسرور بارزانی، قوباد تاڵەبانی وتی"چیتر تاكڕەوی قبوڵ ناكەین"، ئەم قسەیە مەسرور بارزانی توڕەكرد، داوای كرد قوباد تاڵەبانی لەبارەی قسەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا رونكردنەوە بدات، قوباد تاڵەبانی ئەم داواكارییەی رەتكردەوە، ئەمە وایكرد چەند كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران بایكۆت بكات. یەكێتیی بكشێتەوە حكومەت هەڵدەوەشێتەوە ؟ پارتی بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن تیمی یەكێتییەوە بە كارێكی نایاسایی دەبینێت، بەڵام تیمی یەكێتیی دەڵێ بەگوێرەی ماددەی (13) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەكان لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرسیارێتییان دەكەوێتە ئەستۆ نەك لەبەردەم سەرۆك وەزیراندا. ئێستا كە ئیتر مەسرور بارزانی لە گەڕانەوەی تیمی یەكێتیی بۆ ناو كۆبونەوەكانی حكومەت بێئومێد بووە، ئایا شوێنی وەزیرەكان بە بریكارەكانیان پڕدەكاتەوە ؟ ئەگەر ئەمە رووبدات ئایا تیمی یەكێتیی لە حكومەت دەكشێتەوە ؟ لە كۆتایشدا ئەگەر تیمی یەكێتی لە حكومەت بكشێتەوە ئایا كابینەكەی مەسرور بارزانی هەڵدەوەشێتەوە ؟ ئەو یاسایەی كە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، یاسای ژمارەی (3) ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە كە لە 16ی ئەیلولی ساڵی 1992دا دەرچووەو (10) جار هەموار كراوە، بەڵام ئەو بڕگەیەی ناو ماددە یاساییەكە كە تایبەتە بە كشانەوەی وەزیرەكان، وەكو خۆی ماوەتەوەو هیچ هەموارێكی تێدا نەكراوە. بڕگەی (1) لە ماددەی (یانزەیەم)ی ئەم یاسایە دەڵێ" لە حاڵەتی لادانی سەرۆكدا یا وازهێنانی، یاخود وازهێنانی زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەن، وا دادەنرێ كە وەزارەت وازی لە كار هێناوە، بەڵام ئەگەر وەزارەتەكە (مەبەستی لە كابینەكەیە) هاوپەیمانی بوو لەنێوان دوو دەستە سەرەكییەكەی ناو پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر وەزیرانی هەر لایەكیان بە كۆمەڵ لە وەزارەت كشانەوە، وا دادەنرێت كە وەزارەتەكە وازی لە كارهێناوە". بەگوێرەی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی یەكێتیدا لە حكومەت، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت، بەوپێیەی ئێستا یەكێتی یەكێكە لە دەستە سەرەكییەكانی ناو پەرلەمانو لە دوای پارتییەوە لەناو پەرلەمانی كوردستاندا زۆرترین كورسی هەیە. بەڵام بەگوێرەی بڕگەی (2) لە هەمان یاسا، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش لە حكومەت بكشێتەوەو حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار بكرێت، كابینەی نۆیەم هەر بەردەوام دەبێت، چونكە بڕگەی (2)ی ماددەكە دەڵێ" ئەندامانی ئەنجومەن تا كاتی پێكهێنانی وەزارەتێكی نوێ (مەبەستی كابینەیەكی نوێیە)، لەسەر بەڕێوەبردنی ئەركە رەسمییەكانیان بەردەوام دەبن". بەڵام لە ساڵی 1999دا، پەرلەمانی كوردستان هەموارێكی لەم ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیراندا كردووەو بڕگەی (3)ی بۆ ماددەكە زیادكردووە. بڕگەی (3)ی ماددەی (یانزەیەم)ی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ" سەرۆك بۆی هەیە دەستلەكاركێشانەوەی وەزیر قبوڵ بكات". بەپێی ئەم بڕگەیە، لەحاڵی كشانەوەی بەكۆمەڵی وەزیرەكانی یەكێتیی لە كابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بۆی هەیە لەژێر هەر بەهانەیەكدا دەستلەكاركێشانەوەكەیان قبوڵ نەكات، ئەمە وادەكات كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش وەكو خۆی بەردەوام بێتو بە كابینەی كاربەڕێكەر ئەژمار نەكرێت، سەرۆكی حكومەت دەتوانێت ئەم بڕگەیە بەكاربهێنێت بۆ ناچاركردنی یەكێتیی بە ملدان بۆ سازدانی هەڵبژاردنێكی نوێ. خۆ ئەگەر مەسرور بارزانی دەستلەكاركێشانەوەكانەوەی بەكۆمەڵی تیمی یەكێتیی لە حكومەت قبوڵ بكات، بەپێی دواین هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، دەبێت پەسەندكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بكات، سەرۆكی هەرێم دوای دەركردنی نوسراوی قبوڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەكان، بەپێی یاساكە دەبێت داوا لە وەزیرەكانی یەكێتی بكات لە ئەركو فەرمانی خۆیان بەردەوام بن تا ئەوكاتەی كابینەیەكی نوێی حكومەت پێكدەهێنرێت، واتە لە كۆتایدا تیمی یەكێتیی هەر دەبێت لەناو حكومەت بمێنێتەوە تا هەڵبژاردنێكی نوێ دەكرێت. لەبەرامبەریشدا لە هەموو حاڵەكاتدا كابینەی نۆیەم بەبێ یەكێتیش دەتوانێت بەردەوام بێت، تەنانەت ئەگەر بەشێوەی كاربەڕێكەریش بێت، بەڵام هەموو ئەمانە سیناریۆی یاسایین بۆ دۆخەكە، سیناریۆی واقعیش هەیە كە دەركردنی وەزیرەكانی یەكێتییە هاوشێوەی دەركردنی وەزیرەكانی گۆڕان لەلایەن پارتییەوە، هەروەها سیناریۆی راگەیاندنی دوو ئیدارەییو جیابونەوەی یەكجاری پارتیو یەكێتیی لەیەكتر.
(درەو): نەوت رێژەی زیاتر لە 90%ی كۆی داهاتەكانی عێراق پێكدەهێنێت، هەروەك گرنگترین سەرچاوەی دابینكردنی پارەیە بۆ بودجەی گشتیو پرۆژەكانی پەرەپێدان لەناوخۆی وڵاتدا. بۆ نمونە مانگی كانونی دووەمی رابردوو تێكڕای داهاتی نەوت گەیشتە زیاتر لە (7 ملیارو 600 ملیۆن) دۆلار. بەهۆی ناكۆكی لەبارەی مافی هەناردەكردنی نەوت لەنێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان، ئازاری رابردوو قسەوباس لەبارەی نەوتی عێراقەوە زیادی كرد. چیرۆكی نەوتی عێراق چییە ؟ گەورەترین كێڵگەی نەوت لە عێراق كامەیە؟ چۆن ئاڵتونی رەش رۆڵی گرنگی لەو جەنگانەدا گێڕاوە كە دەیەكانی رابردوودا عێراق كردویەتی؟ لە بابە گوڕگوڕەوە بۆ تەئمیم لەراستیدا عێراقییەكان بەر لە هەزاران ساڵ بوونی نەوتیان لە وڵاتەكەیان دۆزیوەتەوە. لەكاتی هەڵكەندنی هەڕەمەكیدا كە لە سەدەكانی پێشوودا ئەنجام دەدرا، كانزای رەش لە هەندێك ناوچە دەركەوت. هەندێكجار ئەو ناوچانەی كە نەوتیان تێدا دەردەكەوت، بازنەیەكی پیرۆزیو شكۆیان بەدەوردا دروستدەكرا. بۆ نمونە، زەردەشتییەكان ناوچەی بابە گوڕگوڕیان لەنزیك كەركوك پیرۆز كردووە، كە بەزمانی كوردی ناوەكەی بەواتای ئاگرێكی ئەبەدی دێت- ئەمەش بەهۆی ئەو ئاگرەی كە چەندین سەدەیە دەسوتێت. لە چاخە نوێیەكاندا زانست بەوە گەیشتووە ئەو ناوچەیە كێڵگەی گەورەی نەوتی تێدایەو ئەو ئاگرەشی كە دەسوتێت بەهۆی نەوتی ناو بەردەكانەوەیە. دەرتهێنانی نەوت لە عێراق لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمەوە دەستیپێكرد، لە ئۆكتۆبەری 1927دا دۆزینەوەی كێڵگەی نەوتی كەركوك لە باكوری عێراق راگەیەندرا، ئەمە یەكەم كێڵگەی گەورەی نەوت بوو كە لە عێراق بدۆزرێتەوە. لەو ماوەیەدا كۆمپانیای سنورداری نەوتی عێراق كە بە " IPC" ناسرابوو، بەرپرس بوو لە هەڵكەندنو گەڕانو دەرهێنانی نەوت، ئەم كۆمپانیایە لەلایەن ژمارەیەك وەبەرهێنی ئەوروپییەوە خاوەندارێتی دەكرا. لێدانی یهكهم بیری نهوت له كێڵگهی كهركوك- 1927 لە ساڵی 1934دا بەشێوەیەكی كردەیی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كەركوك دەستیپێكرد. لەرێگای (4) هێڵەوە كە كەركوكیان بە بەندەرەكانی دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستەوە، نەوت هەناردەی دەرەوە كرا. لەسەردەمی پادشایەتیدا، حكومەتی عێراق گەیشتە رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت كە لە عێراقدا كاریان دەكرد، بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە حكومەتی عێراق داهاتەكانی نەوتی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەدا دابەشكرد، هەروەها ئەو داهاتانە بەكارهێنرا بۆ پرۆژەكانی پەرەپێدان لەوڵاتدا. ئەمە رابونێكی گەورەی لە بوار كشتوكاڵیو پیشەسازیدا دروستكرد. لە سێپتێمبەری 1960دا، عێراق بەشێوەیەكی كارا بەشداری لە پەرەپێدانی ئابوری نەوتی لە جیهاندا كرد، ئەمەش كاتێك بوو كە بەغداد بەشداری لە دامەزراندنی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپێك)دا كرد. پەنجاكانی سەدەی بیستەم، لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەستی ناسیۆنالیستی لە ناوچەی عەرەبیو ئێران، حكومەتی عێراق هەوڵەكانی بۆ خۆماڵیكردنی پیشەسازی نەوت دەستپێكرد. لە ساڵی 1961دا یەكەم هەنگاوی لە پرۆسەی خۆماڵیكردن دەستپێكرد، ئەمەش كاتێك بوو كە كاری كۆمپانیا بیانییەكانی لە عێراق كۆتوبەند كرد. یاسایەك دەركرا كە تێدا هاتووە ئەو كۆمپانیایانە مافی گەڕانیان نییە بەدوای كێڵگەی نەوتی نوێدا، تەنیا كاریان كورت دەبێتەوە لە دەرهێنانی نەوت لە كێڵگە كۆنەكان. ساڵی 1964 هەنگاوی دووەم هەڵگیرا، ئەوەش كاتێك بوو كە سەرۆك عەبدولسەلام عارف (كۆمپانیای نیشتمانی نەوت)ی دامەزراندو ئامانج لێی گەڕان بوو بە دوای كێڵگەی نوێو بەرهەمهێنانی بەوشێوەی كە خزمەت بە بەرژەوەندی عێراق دەكات. بەڵام هەنگاوی یەكلاكەرەوە خۆی لە دەركردنی بڕیاری خۆماڵیكردنی نەوتی عێراقدا دەبینییەوە لە رۆژی 1ی حوزەیرانی 1972دا، بەبڕیاری ئەحمەد حەسەن بەكری سەرۆكی عێراقدا. لەو یاسایەدا كە پرۆسەی خۆماڵیكردنەكە رێكدەخات، هاتووە:" كارەكانی كۆمپانیای سنورداری نەوتی عێراق لەو ناوچانەی بەگوێرەی یاسای ژمارە 80ی ساڵی 1961 بۆی دیاریكراوە، بەنیشتمانی دەكرێتو خاوەندارێتی سەرجەم دامەزراوەو ئەو مافانەی كە پەیوەندییان بە پرۆسە ناوبراوەكانەوە هەیە دەبێت بگوازرێنەوە بۆسەر دەوڵەت، ئەمەش بەشێوەیەكی دیاریكراو دامەزراوەكانی گەڕانو هەڵكەندنو بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و غازو پرۆسێسكردن، كۆكردنەوە، پەمپكردن، گواستنەوە، پاڵاوتن، هەڵگرتن، بۆری سەرەكیو بۆری كێڵگەكانو هەموو ئەو شتانەی تر لەخۆدەگرێت لەناویاندا نوسینگەی كۆمپانیای ناوبراو لە بەغداد بە هەموو دامەزراوەو پێداویستییەكانییەوە". چاڵه نهوتێك له ناوچهی پهلكانهی نزیكی كهركوك مەجنونو رومێلە.. گرنگترین كێڵگەكانی نەوت یەدەگی نەوتی عێراق بە پێنجەم گەورە یەدەگی نەوت لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێتو دەگاتە (140 ملیار) بەرمیل. گەورەترین كێڵگەی نەوتی عێراق دەكەوێتە هەردوو پارێزگای بەسرەو كەركوك. لەدوای ئەوانیش، كێڵگەكانی پارێزگای میسانو بەغدادو سەلاحەدینو دیالەو نەینەوا دێت. كێڵگەی نەوتی (مەجنون) بە یەكێك لە گەورەترین كێڵگەكانی نەوت لە جیهاندا ئەژمار دەكرێتو گەورەترین كێڵگەی بەرهەمهێنەری عێراقە، نزیكەی یەك لەسەر سێی نەوتی وڵات بەرهەمدەهێنێت. كێڵگەكە دەكەوێتە باشوری عێراق لە دوری 60 كیلۆمەتری ناوەندی پارێزگای بەسرە، كێڵگەكە لە ساڵی 1975دا لەلایەن كۆمپانیای (براسپیترۆ)ی بەرازیلییەوە دۆزرایەوە. لەماوەی ساڵانی جەنگی عێراق- ئێراندا دەرهێنانی نەوت لە كێڵگەكە بۆ ماوەیەكی دورودرێژ راوەستا. لە 2007دا كۆمپانیای (تۆتاڵ)ی فەڕەنسیو (شیفرۆن)ی ئەمریكی رێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا ئیمزا كرد بۆ دۆزینەوەی نوێ لە كێڵگەكەدا. لە ئایاری 2018دا كۆمپانیای (KBR)ی ئەمریكی رایگەیاند گرێبەستێكی لەلایەن كۆمپانیای نەوتی بەسرە (BOC) بەدەستهێناوە بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە. هەروەها كێڵگەی (رومێلە)ش هەیە كە یەكێك لە گەورەترین كێڵگەكانی نەوتە لەسەر ئاستی جیهان. دەكەوێتە باشوری عێراق لە دووری 50 كیلۆمەتری خۆرئاوای شاری بەسرە. ئەم كێڵگەیەش رێژەی نزیكەی یەك لەسەر سێی نەوتی عێراق بەرهەمدەهێنێت. هەروەها كێڵگەكە رێژەی 12%ی یەدەگی نەوتی عێراق پێكدەهێنێت. كۆمپانیای نەوتی عێراق لە ساڵی 1953دا كێڵگەی رومێلەی دۆزیوەتەوە. چەند كۆمپانیایەك كار لەم كێڵگەیەدا دەكەن. كۆمپانیای نەوتی بەریتانی رێژەی پشكەكانی دەگاتە 47,6%، ئەمە لەكاتێكدایە پترۆشاینای چینی خاوەنی 46,4%ەو لەبەرامبەردا كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی 6%ی پشكەكانی هەیە. كێڵگەكە لای حكومەتی عێراقی جێگای بایەخە. لە دێسەمبەری 2022دا وەزیری نەوتی عێراق سەردانی رومێلەی كردو جەختی لەسەر هەوڵەكان كردەوە بۆ بەرزكردنەوەی توانای وەبەرهێنانی كێڵگەكە بە بڕی (300 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، بۆ ئەوەی توانای كێڵگەكە بگەیەندرێت بە (ملیۆنێكو 700 هەزار) بەرمیل. بیری ژمارهی 1ی كهركوك- 1927 نەوتو جەنگ لە هەموو ئەو جەنگانەی كە عێراق لە چەند دەیەی دوایدا كردویەتی، نەوت ئامادە بووە. هەندێك كات پیشەسازی نەوت زەرەرمەندترین لایەنی جەنگ بووە. لە هەندێك كاتی تریشدا نەوت ئامانجی هەڵگیرساندنی جەنگ بووە. لەكاتی جەنگی یەكەمی كەنداودا، كە لەنێوان عێراقو ئێراندا لەماوەی نێوان 1980 بۆ 1988 هەڵگیرسا، پیشەسازی نەوتی عێراق بوو بە قوربانی ئەو جەنگە درێژخایەنە. ئەمە لە شوێنێكدا روویدا كە كاتی خۆی بە "جەنگی تانكەرەكان" ناسرابوو. هێزەكانی عێراق لەكاتی جەنگدا بەندەرو كێڵگە نەوتییەكانی ئێرانیان لەسەر ناوچەی كەنداو بۆردومان كرد. هێزە ئاسمانیو دەریاییەكانی ئێران بەهەمان شێوە وەڵامیان دانەوەو ئەو تانكەرانەیان بۆردومان كرد كە نەوتی عێراقیان بەناو كەنداودا دەگواستەوە. ئەم جەنگانە كاریگەری نەرێنییان لەسەر پیشەسازی نەوتی عێراق بەجێهێشت، هەروەك كاریگەریشی هەبوو لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان. دۆخی كەنداو سەقامگیر نەبوو تا ئەوكاتەی كە هەریەكە لە یەكێتی سۆڤیەتو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستوەردانیان كرد. لەلایەكی ترەوە، نەوت یەكێك لە پاڵنەرە گرنگەكان بوو بۆ هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی كەنداو یاخود جەنگی كوەیت لە ساڵی 1990دا. عێراق بە قەرزاری لە جەنگی ئێران دەرچوو. حكومەتی عێراق دەیویست لەڕێگەی دابەزاندنی ئاستی وەبەرهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی ئۆپێكەوە، نرخی نەوت بەرزبكاتەوە. ئامانجی حكومەتی عێراق لەمەدا ئەوەبوو قەرزە دەرەكییەكانی بداتەوەو هەنگاو لە بواری پلانەكەی بۆ گەشەپێدان هەڵگرێت. ئەم پلانە بەر هەنگاوی كوەیتو هەندێك لە وڵاتانی كەنداو كەوت بۆ بەرزكردنی رێژەی وەبەرهێنانی نەوت. ئەمە بوو بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو لەسەر ئاستی جیهان. بەمە عێراق زیانی بەركەوتو پلانەكەی بۆ گەشەپێدان پەكیكەوت. لەلایەكی ترەوە حكومەتی عێراق، كوەیتی تۆمەتبار دەكرد بەوەی هەستاوە بە دەرهێنانی نەوتی عێراق لە كێڵگەی رومێلە كە 32 كیلۆمەتر لە باكوری سنوری كوەیتەوە دوورە، لە 15ی تەموزی 1990دا، تاریق عەزیز وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی عێراق، یاداشتێكی ناڕەزایەتی بۆ كۆمكاری عەرەبی بەرزكردەوە، لەو یاداشتەدا هاتووە:" دەستدرێژی حكومەتی كوەیت بۆسەر عێراق، دەستدرێژییەكەی دوو سەرەیە. لەلایەكەوە دەستدرێژی دەكاتە سەر خاكو كێڵگە نەوتییەكانمانو سامانی نیشتمانیمان دەدزێت كە ئەمەش دەستدرێژی سەربازییە، لەلایەكی ترەوە، لەم قۆناغەدا كە عێراق روبەرووی هەڕەشەی توندی ئیمپریالیزمی زایۆنی دەبێتەوە، حكومەتی كوەیت دەیەوێت ئابوری عێراق توشی داڕمان بكات، ئەمەش كاریگەرییەكانی كەمتر نییە لە دەستدرێژی سەربازیی". دوای كەمتر لە مانگێك، رژێمی سەددام حسێن خاكی كوەیتی داگیركرد. هەروەك نەوت رۆڵێكی گرنگی گێڕا لە واقعی سەختی عێراقی دوای شكان لە جەنگی كوەیتدا. لەبەرامبەر ئەو گەمارۆیانەی بەسەر عێراقدا سەپێندرا، نەتەوە یەكگرتووەكان رێگەی دا بە بەرنامەی "نەوت بەرامبەر بە خۆراك"، ئەمەش بەگوێرەی بڕیاری ژمارە (986)ی ساڵی 1995ی ئەنجومەنی ئاسایش، بەهۆی ئەم بەرنامەوە رێگە بە عێراق درا بەشێك لە نەوتەكەی هەناردە بكات بۆ كڕینی پێداویستییە خۆراكیو تەندروستییە گرنگەكانی. هەندێك لە بۆچوونەكانی بۆ ئەوە دەچن، نەوت یەكێك لە هۆكارەكانی هاتنە ناوەوەی ئەمریكا بووە بۆ عێراق لە ساڵی 2003دا. بەجۆرێك هەردوو حكومەتی ئەمریكاو بەریتانیا رێگەیاندا ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان بێنە ناو بازاڕی عێراقەوە، ئەمەش تاڕادەیەكی زۆر پیشەسازی نیشتمانی نەوتی تێكدا. لەم ساڵانەی دوایشدا، بایەخی نەوت لەو جەنگەدا دەركەوت كە دەوڵەتی عێراق دژی رێكخراوی داعش ئەنجامیدا. داعش دەستی بەسەر هەندێك لە بیرە نەوتییەكانی باكوری عێراقدا گرت. نەوتی بە نرخی كەمتر لە نرخی جیهانی فرۆشت. لەرێگەی داهاتەكانیشەوە رێكخراوەكە توانی چەكو كەلوپەلی سەربازیو ئۆتۆمبیل بكڕێت. سەرچاوە: الحرة
ئامادەكردنی: هێمن خۆشناو خانەوادەیەك لە شەرناخی باكوری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا چوار كاندیدیان هەیە لە ناو چوار پارتی سیاسی جیاوازدا، ئەمەش بووەتە سەردێڕی زۆرینەی رۆژنامەو سۆسیال میدیاكانی توركیا، شەرناخی باكوری كوردستان چوار كورسی لە پەرلەمانی توركیا هەیە لە هەڵبژاردنی رابردوو سێ كورسی بۆ هەدەپەو كورسیەكەی بۆ ئەكەپە بوو. دوێنی 9 نیسانی 2023، له توركیادا دوا مۆڵهت بوو بۆ ئهوهی پارته سیاسیهكان لیستی ناوی كاندیدانیان بۆ ههڵبژاردن پێشكهشی كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی ئهم وڵاته بكهن كه پڕ بوو له سهیر و سهمهره. ئهوهی مۆری خۆی له لیستی پارته سیاسیهكاندا و له ههموویان سهیرتر و سهرمهرهتر بوو، ههبوونی چوار كاندیدی یهك خانهوادهی كورده له ناو چوار پارتی سیاسی له پارێزگای (شهڕنهخ) له باكووری كوردستاندا. به گوێرهی ئاماری ساڵی 2019 ژمارهی دانیشتووانی شهڕنهخ 537 ههزار و 762 كهسه، له ئێستادا 75٪ دانیشتووانی ئهم شاره كه دهكهوێته باشووری رۆژههڵاتی توركیا لهناو شار و شارۆچكهكان دهژین. له رووی باكوور، باشوور و رۆژههڵاتهوه ئهم شاره به چهندین شاخ دهورهدراوه، بهڵام باشووری ئهم شاره به رووی جهزیر و سلۆپی دهبێته دهشتایی. له بهناوبانگترین عهشیرهتهكانی ئهم ناوچهیه عهشیرهتی (حهجی بهیره) یه، ئهم عهشیرهتهش لهچهندین تیرهی وهكو (تاتار،گۆیی، شهڕنهخی، سلۆپی و سپێرتی) پێكدێت كه دیارترینیان تیرهی (تاتاره) و بهرژهوهندی هاوبهش ئهم تیرهیه لهگهڵ پارتهكانی ناو سیستهمی سیاسی توركیا كۆ دهكاتهوه. باپیره گهورهی ئهم خانهوادهیه (سولهیمان ئاغا) كه ئاغایهكی ناودار بووه، له سهردهمی عوسمانیهكاندا یهكێك بووه له رهمزهكانی بهرهنگاربوونهوه و خۆڕاگری. تا له كۆتاییدا عوسمانیهكان ناچار دهبن، ئهم ئاغایه دهربهدهر بكهن و بۆ دوورگهی (گریت) دهیگوازنهوه. له ژیانی ئاوارهییدا ئاغای بهناوبانگ لهگهڵ كچه توركێك هاوسهرگیری دهكات، ئهمهش دهبێته دهستپێكێك بۆ گهڕانهوه بهرهو زێدی خۆی. ئهم گهڕانهوهیهش كۆتایی به مێژووی یاخیبوونی ئهم خانهوادهیه له دژی زوڵم و زۆری دێنێت، چونكه نهوهكانی سولهیمان ئاغا دهبنه بهشێك له سیستهم و پاراستنی بهرژهوهندیهكانی سیستهم له ناوچهكهدا. نهوهكانی ئهم ئاغایه له ئهمڕۆدا بۆ پهیداكردن و پاراستنی بهرژهوهندیهكانیان لهگهڵ پارته سیاسیهكانی ناو سیستهمی دهوڵهتی توركیا پهیوهندی پتهویان ههیه. لیستی ههڵبژاردنی پارته سیاسیهكانیش بۆ ههڵبژاردنی داهاتووی ئهم وڵاته كه دوێنێ ئاشكراكرا گهورهترین ئاماژهیه بهم راستیهی سهرهوه، تیایدا (تاتارهكان) بوونه ههواڵێكی گهرم و گوڕی سۆسیال میدیا. چونكه چوار كهسی ناو ئهم خانهوادهیه بوونه بهربژێری چوار پارتی جیاواز له شارهكهیاندا، كه ناوهكانیان بهم شێوهیهیه: (ئاسڵان تاتار بهربژێری یهكهمی ئاكهپه، خهلیل تاتار بهربژێری یهكهمی مهههپه، مهحمود تاتار بهربژێری یهكهمی پارتی زهفهر، ههروهها سهبڕی تاتار بهربژێری یهكهمی سهرلهنوێ پارتی رهفا) كه ههموویان پارتی نهتهوهپهرست و دژه كوردن، یهك هاوپهیمانیهتی (هاوپهیمانیهتی كۆمار) كۆیان دهكاتهوه. شهڕنهخ له پهرلهمانی توركیادا چوار كورسی ههیه، له ههڵبژاردنی 2019 دا، هاداپ سێ كوورسی بهدهستهێنا و كوورسیهكهی بۆ پارتی دهسهڵاتدار ئاكهپه چوو كه مهههپهش پشتگیری لێكرد. كاتێك دهنگی هاداپ و ئاكپارتی له ههڵبژاردنی پێشووتر بهراورد دهكهین، دهگهینه ئهو ئهنجامه كه چوار كاندیدهكهی خانهوادهی تاتاڕ دهبێته هۆی پهرتبوونی دهنگی هاوپهیمانی كۆمار لهم شارهدا، رهنگه له دهستدانی كوورسی چوارهمیشی لێبكهوێتهوه.