Draw Media

دۆڕاوی ئەبەدیی و براوەی ئەبەدیی

Draw Media

2023-08-27 13:02:29



مەریوان وریا قانع (هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)
(١)

 

ئەم پشووی هاوینە ماوەی ٥٠ رۆژ لە کوردستان مامەوە، لەسەرەتای مانگی حەوتەوە بۆ ٢٠ مانگی هەشت. لەو ماوەیەدا، لەپاڵ شادبوونەوە بە دیداریی کەسوکارو هاوڕێ و دۆستان، چەندان سەرنج و تێبینی جیاوازم لەسەر چەندان دیاردەی جیاواز لادروستبوو. لە رۆژانی داهاتوودا هەوڵئەدەم لەرێگای چەند نوسینێکەوە. خاڵە هەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ئەو سەرنج و تێبینیانە بخەمەڕوو، ئەمە بەشی یەکەمی ئەو سەرنجانەیە.

یەکەمین شتێک بکرێت لە هەرێمی کوردستاندا تێبینی بکرێت گۆڕانی کۆمەڵگای ئێمەیە بۆ کۆمەڵگایەکی تەواو نایەکسان و پارچەپارچەو بێمتمانەو بێزار. بۆ هەر شوێنێک دەڕۆیت لەگەڵ هەر کەسێکدا قسەدەکەیت، بە دەگمەن یەکێک دەبینیت، رازیبێت لەو دۆخەی لەناویدا دەژیی، یان رازیبێت لەوەی دروستکراوەو باڵادەستە. ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی گەورە هەیە کە بەشی هەرەزۆری وابەستەی دروستبوونی دابەشبوونێکی نوێیە لە کۆمەلگاکەدا کە بریتییە لە دروستبوون و لەدایکبوونی «دۆڕاوی ئەبەدیی»و «براوەی ئەبەدیی». بەشێکی گرنگی کۆمەڵگاکە هەستدەکات کە هیچ ئەگەرێکی گەشەکردن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی و پێشکەوتنی لەبەردەمدا نییەو نەماوە، گرنگ نییە خوێندەواربێت یان نەخوێندەوار، خەڵکی شاربێت یان خەڵکی لادێکان، خاوەن کارێکی سادەبێت یان نەبێت. ئەمانە هەستدەکەن دۆڕاوی ژمارە یەکی ناو ئەو مۆدێلە لە کۆمەڵگاو حوکمڕانین کە دروستکراوە، مۆدێلەک لە هیچ ئاستێکدا نە «سەرەتایەکی یەکسان»ی تێداماوە، نە لانی هەرەکەمی دادپەروەریش، ئەمانە هەستدەکەن دۆڕاوێکی ئەبەدیین.
بە دیوی ئەودویدا بەشێکی دیکەی ئەو کۆمەڵگایە لە دۆخێکدا دەژیی گرنگ نییە جەنگ بێت یان ئاشتی، پارتە سیاسییەکان ڕێکبکەون یان نەکەون، لەگەڵ بەغدا پەیوەندیی باشبێت یان خراپ، نەوت بفرشرێت یان نەفرۆشرێت، هتد... ئەمانە ئەو بەشەی کۆمەڵگان کە لە دەرەوەی کۆمەڵگاکەدا دەژین و بە بەردەوامیش لە دۆخی بردنەوەو قەڵەوبوونێکی کۆمەڵایەتیدان، ئەمانە «براوە ئەبەدیی»یەکانی کۆمەڵگاکەن.
ئەم دۆخە وایکردوە بەدبینیی و بەدگومانییەکی گەورە لە هەموو شوێنێکدا ئامادەبێت. هەژاران هەستبکەن تا دێت هەژارتردەبن و دەوڵەمەندانیش دەوڵەمەندتر. ئەم دابەشبوونە کۆمەڵایەتییە هاوشانە بە چەندان دابەشبوونی تر، کە لانی هەرەکەمی هیچ ئیجماعێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگیی لە وڵاتەکەدا نەهێشتۆتەوە.


لە ئاستی سیاسیدا کۆمەڵگاکە دابەشە بەسەر چەندان هێزی دژ بەیەک و ناتەبا و نیمچەدوژمندا، کە دەشێت تا شکاندنی ئێسقانی یەکتریی و ئێسقانی کۆمەڵگاکە بڕۆن. ئەمە لەکاتێکدا نوخبە حوکمڕانەکە سەر بەو بەشەی کۆمەڵگاکەن کە «براوەی ئەبەدیین». هەریەکێکیان بەشێکی گرنگیی ئابووریی وڵاتەکەی لەژێردەستدایەو لەڕێگای کۆمپانیە حیزبیەکانیشەوە بەشی زۆری ئەو ئابورییەیان قۆرخکردوە.
لە ئاستی دینیدا چەندان دابەشبوونی تازە دروستبوون، ئەم دابەشبوونانەش چەندەها ناکۆکیی و دوژمنایەتی دینییان لەناو بەشێکی گەورە بەشە دینییەکەی کۆمەڵگاکەدا دروستکردوە، دوای ئەوەش لەنێوان ئەو بەشە دینییەو بەشە نادینییەکەی هەمان کۆمەڵگا.
کایەی دین لە وڵاتەکەدا دابەشبووە بەسەر چەندان بزاوت و بانگخوازو دیدگای دینیی ناکۆک و دژ بەیەکدا. هەریەکێکیشیان کار لەسەر نەفیکردنێکی دینیی هەر کەس و لایەن و گروپێک دەکات کە لە خۆی ناچێت و سەر بە تاقم و گروپ و تائیفەیکی دینیی ترە. وەکچۆن غیابی ژمارە یەک لەناو کایەی سیاسیدا خەمخۆرییە لە ژیان و قازانجی گشتیی کۆمەڵگاکە، لەناو کایە دینییەکەشدا، هەمان کێشە بەشێوەیەکی ترسناک لەئارادایە. دۆخەکە بە ئاستێک گەیشتوە تەکفیرکردن لەوە نزیكبۆتەوە ببێت بە بە کارێکی رۆژانەو ئەمەش مافی کوشتنی ئەو کەسانە بەو دیندارانە ببەخشێت کە لە خۆی ناچن، یان پێیانوایە لە دین لایانداوە. کوشتنی گەنجێک لەلایەن گەنجێکی دینیی ناو ئەم دۆخە تایبەتەوە لە چەمچەماڵ نیشاندەری ئەم مەترسییە گەورەیەیە.  
ئەگەر زمانی هێزەکانی ناو کایەی سیاسیی زمانی بە خائین و ناپاک و قینەدۆزکردنی یەکتری بێت، زمانێک پر لە توندوتیژیی رەمزیی، زمانی گروپ و فیرقە دینیەکانیش لێوانلێوە لە هەمان توندوتیژیی رەمزیی، بەڵام لە ئاستە دینییەکەیدا، ئەمانيش یەکتری بە مونافیق و موشریک و بێدین و کافر ناودزەدەکەن و لە پشتی هەریەکێکیش لەم ناونانەوە مێژوویەکی پڕ لە جەنگ و پێکدادان و کوشتن و بڕینی دینیی هەیە.
ئەوەی لە هەردوو دۆخەکەدا غائیبە هەستی پێکەوەبوون و پێکەوەژیانی هاوبەشە، هەوڵی دروستکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی و دینیی هاوبەشە کە مرۆڤەکان  وەک هاوڵاتیی یەکسانی یەک نیشتیمان و ئەندامی یەک میلەت وێنابکات و بناسێنێت. ئەوەی غائیبە وێنەی مرۆڤە وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت، مرۆڤە بە مانا ئەبستراکتەکەی بەر لە دابەشکردنی بەسەر بنەماڵەو خێزان و پارت و ناوچەو گروپی دینیی جیاوازدا.


ئەم دۆخە وایکردوە بەشێکی گەورەی کۆمەڵگاکە متمانەی بە هیچ شتێکی ناو کۆمەڵگاکە نەبێت. هەر کۆمەڵگایەک دابەشببێت بەسەر دۆڕاوی ئەبەدیی و براوەی ئەبەدیدا، لەوەدەکەوێت وەک کۆمەڵگا ئامادەبێت، شتێک نامێنێتەوە بەیەکەوە کۆیانبکاتەوە، پارچەپارچەبوون و رق دەبێتە دەرکەوتی سەرەکیی ئەو ژیانە گشتییەی لەناویدا دروستدەبێت. هەر کەسێک یەک وانەی لە بواری کۆمەڵناسیدا خوێندبێت، دەزانێت ئەم دۆخە جگە لە کارەسات هیچ شتێکی دیکەی لێ بەرهەمنایەت. دۆڕاوی ئەبەدیی و براوەی ئەبەدیی، مانای دروستبوونی دۆخێک خاڵی لە «سەرەتای یەکسان»، لە ماف، لە لانی هەرەکەمی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. غیابی ئەمانەش کۆمەڵگا بەرەو ئەوەدەبات ببێت بە جەنگەڵ، بە دارستانێک بەهێز لاواز بخوات و لاوازیش بەدوای هەلێکدا بگەڕێت تۆڵە لە بەهەز بکاتەوە. لە مێژە تیوریستەکانی بواری «پەیمانی کۆمەڵایەتیی» باس لە دۆخی جەنگی گشت بەرامبەر بە گشت دەکەن، کاتێک گرێبەستێک نەبێت ژیانی گشتی ئەو کۆمەڵگایە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ڕێکبخات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand