Draw Media

دادگا سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی ره‌تكرده‌وه‌

دادگا سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی ره‌تكرده‌وه‌

2023-08-27 18:12:47


راپۆرت: درەو
ئەگەر لەسەر یاسای بودجە كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ دروستبوو، ئەوەی بڕیار دەدات دادگای فیدراڵییە نەك پەرلەمانی عێراق، بڕیاردان لە خەرجكردنی شایستەی دارایی هەرێمی كوردستان تەنیا لە دەسەڵاتی وەزیری دارایی فیدراڵدایە‌و پێویستی بە رەزامەندی سەرۆك وەزیرانی عێراق نییە، زیادكردنی بڕگە بۆ ماددەكانی هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی نییە، چونكە حكومەتی فیدراڵ سكاڵای نەكردووە، واتا رازییە بەوەی پەرلەمان دەستكاری كردووە، ئەمە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقە لەبارەی ئەو سكاڵایە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر یاسای بودجەوە تۆماری كردو دادگا جگە لە دەستكاریكردنی دوو دەستەواژە، تەواوی سكاڵاكەی رەتكردەوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. 
 
دادگا بڕیارەكەی بڵاوكردەوە
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەقی بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایە بڵاوكردەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگەی پارێزەرەكانییەوە لەسەر یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) تۆماریكردبوو.
مەسرور بارزانی سكاڵاكەی لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تۆماركردبوو، دادگا رۆژی 7ی ئەم مانگە بڕیاری خۆی ئاشكراكرد كە رەتكردنەوەی سكاڵاكە بووە، بەڵام ئەمڕۆ  وردەكاری بڕیاری خۆی لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.  
دادگای جگە لە گۆڕینی دوو (دەستەواژە)، تەواوی سكاڵای سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ماددەو بڕگەكانی بودجە رەتكردەوە. 

ئەگەر كێشە دروستبوو كێ بڕیار دەدات ؟
بڕگەی (حەوتەم) لە ماددەی (13)ی یاسای بودجە، یەكێك لەو بڕگانەیە كە مەسرور بارزانی سكاڵای لەسەر تۆماركردووە. ئەم بڕگەیە دەڵێ:" لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، پێشنیازو چارەسەرەكانی بەرزبكاتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرا ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاری پێویست بدات".
دادگای فیدراڵی لەم بڕگەیەدا ئەوە دەستەواژەی هەڵوەشاندەوە لەحاڵەتی دروستبوونی كێشەدا لەنێوان هەرێم‌و بەغداد (پەرلەمانی عێراق) بڕیار بدات، دەڵێ لەم بڕگەیەدا پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتێكی بۆ خۆی زیاد كردووە كە لە دەستوردا نەهاتووە، دادگای ئاماژەی بەوەكردووە بەگوێرەی ماددەی (93/ چوارەم)ی دەستور دەسەڵاتی چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێمی داراوە بە دادگای فیدراڵی. 
ئەگەر بڕیاردان لە پەرلەمانی عێراقدا كە ئێستا شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تێیدا زۆرینەن، لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێم نەبێت، ئەوا بڕیاردان لە دادگای فیدراڵی باشتر نابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەم دادگایە بە پێكهاتەی ئێستایەوە زۆرێك لە بڕیارەكانی لەبەرژەوەندی حكومەتی هەرێمدا نەبووە. 
حكومەتی هەرێم خوازیار بوو ئەم بڕگەیە بەوشێوەیە دابڕێژرێت ئەگەر كێشەی لەنێوان هەردوولا دروستبوو، لیژنەی هاوبەشی هەردوو حكومەت راپۆرتی خۆیان ئامادە بكەن‌و (سەرۆك وەزیرانی عێراق) بڕیار بدات، ئەمە هێڵی سەرەكی رێككەوتنی مەسرور بارزانی بوو لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، بەڵام كاتێك یاسای بودجە گەیشتە پەرلەمان، دەستكاری ئەم بڕگەیە كرا. 
واتا ئێستا بەگوێرەی حوكمەكەی دادگا، ئەگەر لەبارەی ماف‌و پابەندییەكانی یاسای بودجەوە كێشەی لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ دروستبوو، دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات نەك پەرلەمانی عێراق.

پێویستی به‌ سه‌رۆك وه‌زیران نییه‌ !
بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (11)ی یاسای بودجە یەكێكی تر لەو بڕگانەیە كە سەرۆك وەزیرانی هەرێم سكاڵای لەسەر تۆماركردووە، ئەم بڕگەیە دەڵێ:" خەرجی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای خەرجی راستەقینە دیاری دەكرێت، كە لە خشتەی (د)ی هاوپێچی ئەم یاسایەدا هاتووە (خەرجی حاكیمە)، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەرەزامەندی سەرۆك وەزیران، خەرجدەكرێت".
دادگای فیدراڵی لەبارەی ئەم بڕگەیەوە دەڵێ، بنەمای كارپێكراوی یاسای بودجە ئەوەیە كە دەسەڵاتی خەرجكردن بۆ وەزارەت‌و پارێزگاكان لای وەزیری دارایی فیدراڵە، زیادكردنی سەرۆك وەزیران بۆ دەسەڵاتی خەرجكردن لەم بڕگەیەدا كە تایبەتە بە هەرێمی كوردستان پێچەوانەی بنەمای یەكسانییە كە لە ماددەی (14)ی دەستوردا هاتووە، بۆیە دەستەواژەی (بەرەزامەندی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ) نادەستوریە.

سكاڵاكەی مەسرور بارزانی رەتكرایەوە
جگە لەو دوو بڕگەیە كە دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای سكاڵاكەی مەسرور بارزانی هەمواری كردونەتەوە، تەواوی سكاڵای سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەبارەی بڕگەكانی تری یاسای بودجە لەلایەن دادگاوە رەتكراوەتەوە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە زیادكردنی بڕگە بۆ ماددەكانی یاسای بودجە جیاواز لەو دەقەی كە لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە. 
دادگای فیدراڵی بنەمایەكی گشتی دیاریكردووە بۆ رەتكردنەوەی سكاڵاكەی مەسرور بارزانی لەبارەی زیادكردنی بڕگە بۆ ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا، دادگا دەڵێ راستە زیادكردن كراوە، بەڵام حكومەتی فیدراڵ كە خۆی سكاڵای لەسەر یاسای بودجە تۆماركردووە، تانەی لەم زیادكردنانە نەداوە كە پەرلەمان كردویەتی، واتا حكومەتی فیدراڵ رازییە بە دەستكاریكردنەكەی پەرلەمان، لەسەر ئەم بنەمایەش سكاڵاكەی مەسرور بارزانی رەتكردوەتەوە.

مەسرور بارزانی سكاڵای لە چی كردووە ؟
ئەو ماددەو بڕگانەی كە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەدادگای فیدراڵی سكاڵای لەسەر تۆماركردبوون، ئەمانەن:
-    مادەی دووەم بڕگەی یەكەم 5/ب
-    مادەی یانزەیەم بڕگەی یەكەم و دووەم
-    مادەی یانزە بڕگەی دووەم
-    مادەی دوانزە بڕگەی دووەم ه
-    مادەی دوانزە بڕگەی دووەم (ا، ب، ج، د، ه)
-    مادەی سیانزە بڕگەی حەوتەم‌و هەشتەم.

دەقی ئەو بڕگانەی یاسای بودجە تایبەت بە پشكی هەرێم كە مەسرور بارزانی تانەی لێدابوون‌و  دادگای فیدراڵی رەتیكردەوە، بەمشێوەیە:
ماددەی 11:
یەكەم: خەرجی هەرێمی كوردستان لە تێكڕای خەرجی راستەقینە دیاری دەكرێت، كە لە خشتەی (د)ی هاوپێچی ئەم یاسایەدا هاتووە (خەرجی حاكیمە)، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بەرەزامەندی سەرۆك وەزیران، خەرجدەكرێت. (دادگا دەستەواژەی سەرۆك وەزیرانی لابرد، دەسەڵاتی تاقانەی خەرجكردنی دایەوە بە وەزیری دارایی) 
دووەم: پشكی هەرێمی كوردستان لەتێكڕای خەرجی راستەقینە (خەرجی رەوەن‌و خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دیاری دەكرێت، دوای لێدەركردنی خەرجییە سیادییەكان كە خۆی دەبینێتەوە لە (ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەستەی حەشدی شەعبی، وەزارەتی دەرەوە، دەزگای دژەتیرۆر، وەزارەتی بەرگریی، دیاریكردنی رێژەیەك لە تەرخانكراوی هێزی وشكانی سوپای عێراق لەبواری وەبەرهێنان‌و بەكارخستن بۆ هێزی پێشمەرگە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی هێزی ناوبراو بەوپێیەی بەشێكە لە سیستمی ئەمنی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە خەرجی هەڵبژاردنەكانیشەوە، دەستەی لێپرسینەوە‌و دادەپەروەریی، دەستەی سكاڵاكانی موڵكایەتی جگە لە قەرەبووەكان، دەستەی عێراقی بۆ سەرچاوە تیشكدەرەكان، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق، تێچووی دانوستان‌و داواكارییە یاساییەكان، پشكداری لە خەرجی وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو، خەرجی بەكاربردن لە وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو و گواستنەوەی لەلایەن هەرێمەوە، بڕی پشكدارییە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەكان، خەرجی رەوەنی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی‌و پاسپۆرت‌و مانەوە‌و فەرماندەیی هێزی سنورو پۆلیسی فیدراڵی، پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانی‌و مانەوە لەنێویشیاندا كارتی نیشتمانی‌و فەرماندەیی هێزی سنور، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، پارەداركردنی هاوبەش، پرۆژەی بەندەرەكان، پرۆژەكانی هێڵی ئاسن، پرۆژەی پردو سودی گشتی پرۆژەكانی بەڕێوەبردنی ئاسمانیی، پرۆژەی گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان، سودی سەر قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی، سودەكان لەسەر قەرزی جایكا JICA، سودی سەر قەرزەكانی ئیتالیا، سودی قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان، سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە، سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای ما بین النهرین-ی گشتی بۆ بازرگانی بنەتۆو، سودەكان لەسەر قەرزی ئەڵمانی KFW، سودەكان لەسەر قەرزی بانكی ژاپۆن بۆ هاوكاری نێودەوڵەتیی JBICی ژاپۆنی، سودەكانی لەسەر قەرزی سویدی، سودەكان لەسەر قەرزی چین، سودەكان لەسەر قەرزی سیمنسی ئەڵمانی، سودەكانی بیمەی هەناردەكردن، سودەكانی بیمەی سیادی، سودەكان لەسەر قەرزی فەڕەنسا، سودەكان لەسەر قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی، سودەكانی سەر قەرزی سعودیە، سودی سەر قەرزی ئیتالی SACE، سودی سەر قەرزی كوەیت، سودی سەر قەرزی ئەمریكا، سودی سەر قەرزی فەڕەنسا BPI، سود لەسەر قەرزی بەریتانیا UKEF، سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی كۆری، سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی هیندی، سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی ئەمریكی، سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی یانەی پاریس، سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس، سودەكانی قەواڵەی سڕینەوەی قەرزی كەرتی تایبەت لە دەرەوە، سودی سەر شایستەكانی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری، سودی سەر حەواڵە كۆنەكانی خەزێنە، سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەلایەن هەریەكە لە بانكی رەشیدو رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە، سودی حەواڵە داشكێندراوەكانی خەزێنە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی/ 2015و 2016، سودی سەر قەرزی قەواڵەی دەرەكی- یۆریۆبۆند، سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكان‌و بانكی بازرگانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی/ 2015، پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنەی كۆن، قیستی ئەو قەرزانەی كە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە بەخشراوە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2015‌و 2016، پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی یانەی پاریس، پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس، پاكتاوی قەرزەكان لە دەرەوە، پاكتاوی خەختینەیی قەرزی بچوكی كەرتی تایبەت لە دەرەوە، پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتیی، پێدانەوەی قیستی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەوانە SDR، پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی ئەمریكی، پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی JICA، پێدانەوەی قیستی بیمە سیادییەكان، پێدانەوەی قیستی بیمەی هەناردەكردن، پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی، پێدانەوەی قیستی قەرزی سیمنسی ئەڵمانی، قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان، پێدانەوەی قیستی قەرزی ئەڵمانی KFW، پێدانەوەی قیستی قەرزی سعودیە، پێدانەوەی قیستی قەرزی بەریتانی UKEF، پێدانەوەی قیستی قەرزی چین، پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی SACE، پێدانەوەی قیستی قەرزی JBICی ژاپۆنی، پێدانەوەی قیستی قەرزی سویدی، پێدانی شایستەی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری، پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان، پێدانەوەی قەرزی سندوقی نێودەوڵەتیی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی، پێدانەوەی قەرزی كوەیت، پێدانەوەی قەرزی فەڕەنسی BPI، پێدانەوەی قەرزی فەرەنسی، پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی كۆری، پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی هیندی، پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی ئەمریكی، پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان بۆ سڕینەوەی قەرزەكان، پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە‌و كۆمپانیای ما بین النهرین بۆ بنەتۆو، پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانەوە، پێدانەوەی قیستی قەواڵە خۆجێییەكان، قیستەكانی سەر حەواڵەی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەریەكە لە بانكەكانی رەشید‌و رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە‌و كرێی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی گیارە). (دادگا دەڵێ ئەوەی لەم ماددەیەدا هاتووە پێچەوانەی حوكمەكانی ماددەی 121/سێیەمی دەستور نییە، سكاڵاكار بەڵگەی پێویستی لەمبارەیەوە نەخستوەتەڕوو)

ماددەی 12:
یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2022 پاكتاودەكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، پشتبەست بەو ماف‌و پابەندییانەی كە لە یاساكانی بودجەی فیدراڵی تایبەت بە هەر ساڵێكی دارایی هاتووە.
دووەم:
ا- حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، لە باركردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لەو كێڵگانەی دەكەونە هەرێم بۆ ئەمبارەكانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوت (سۆمۆ) لە بەندەری جەیهانی توركیا، بەجۆرێك لە (400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە) كەمتر نەبێت، بەگوێرەی داتای مانگانەی پێشكەشكراو لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان‌و پەسەندكردنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، كۆمپانیای سۆمۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، بە هەمان نرخ‌و میكانیزمی پشت پێ بەستراوی فرۆشتن لەلایەن كۆمپانیای ناوبراوەوە، هەناردەكردنی ئەو بڕە لە ئەستۆدەگرێت‌و داهاتەكانی وەكو داهاتی كۆتایی بۆ خەزێنەی فیدراڵ، تۆماردەكرێت.
ب- لە حاڵێكدا نەتوانرا لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركی یان هەر دەروازەیەكی فەرمی ترەوە كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری بكات، هەناردە بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی بڕی نەوتی ئاماژەبۆكراو لە بڕگەی (دووەم/ا)ی ئەم ماددەیە بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، بەمەبەستی بەكارهێنانی لەناوخۆدا‌و بەگوێرەی ئەو پێداویستییەی كە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دیاری دەكات.
ج- وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرەبووكردنەوەی خەرجییەكانی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی بڕی ئەو نەوتە وەبەرهێنراوەی هەرێم دەگرێتە ئەستۆ، كە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دەكرێت بەگوێرەی هەردوو بڕگەی (1)‌و (ب)ی ئەم ماددەیە، بەمەرجێك خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوە هاوتای خەرجی وەبەرهێنان‌و گواستنەوەی یەك بەرمیل نەوت بێت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ‌و بە لێدانی لەگەڵ ژمارەی ئەو بەرمیلانەی كە رادەستدەكرێن، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم ماددەیە.  
د- حكومەتی هەرێم پابەندە بە رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكان بە خەزێنەی دەوڵەت بەگوێرەی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ، بەمەرجێك دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم وردبینی بكات لەو تۆمارانەی كە تایبەتن بەم داهاتانەوە.
ه- وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە پێدانی شایستەكانی هەرێم بەشێوەی مانگانە، بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم یاسایە، دوای جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ا، ب، ج، د)ی ئەم ماددەیە، دەبێت هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێم بكرێت‌و ئەو وەزارەتە بودجەی پێداچونەوەی مانگانە بۆ فەرمانگەی ژمێریاری بنێرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو تێكڕای حساباتی مانگانەی دەوڵەتەوە، بەمەرجێك حسابی تایبەت بە ماف‌و پابەندییە نەوتی‌و نانەوتییەكانی هەردوولا پاكتاو بكرێت، دوای وردبینیكردنی لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ‌و بەهەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، لەسەر بنەمای وەرزیی، بەجۆرێك گرەنتی پێدان‌و پاكتاوی ئەو شایستانە بكات بەشێوەیەكی رێكوپێك.
(لەبارەی بڕەگانی ا، ب، ج، د، ه دادگای فیدراڵی دەڵێ دەستوری 2005ی عێراق دەقی روون‌و راشكاوی تێدایە لەبارەی بەرهەمهێنان‌و بەڕێوەبردنی نەوت‌و خاوەندارێتی نەوت‌و غازو دابەشكردنی داهاتەكان‌و هەموو ئەو حوكمانەی كە لەم بڕگانەدا هاتوون پێچەوانەی دەستور نین‌و جێبەجێكردنێكی رێكوپێكی ئەو بنەمایانەن كە لە ماددەی 111ی دەستوردا هاتووە).

ماددەی 13:
حەوتەم: لەكاتی بوونی هەر ناكۆكییەك لە تێڕوانینی حكومەتی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەوانەی كە پەیوەندیدارن بە ماف‌و پابەندی‌و میكانیزمەكانی هاتوو لە حوكمەكانی ئەم یاسایەدا، لیژنەیەكی هاوبەش لەهەردوولا دروستدەكرێت بۆ تەماشاكردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا لەدوای پێكهێنانی، پێشنیازو چارەسەرەكانی بەرزبكاتەوە، ئەگەر چارەسەر نەكرا ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاری پێویست بدات. (دادگای فیدراڵی دەستەواژەی "ئەنجومەنی نوێنەران بۆی هەیە بڕیاربدات"ی لابردووە‌و دەڵێ دادگای فیدراڵی بڕیار دەدات). 
هەشتەم:
ا- حكومەتی هەرێم پابەندە بەوەی ئەولەویەت بدات بە خەرجكردنی شایستەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و خانەنشینان، ئەمە لەگەڵ پابەندبوون بە خەرجكردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاكانی هەرێم بەگوێرەی ئەو پێوەرانەی لەم یاسایەدا چەسپێندراوە.
ب- بەپێچەوانەی ئەمەوە، دەبێت سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ جێبەجێكردنی بڕگەی (ا)ی سەرەوە، لەنێویدا پێدانی پارە. (ئەمە ئەو بڕگەیە كە یەكێتیی داوای كرد بۆ ئەوەی لەحاڵی دروستبوونی ناكۆكیدا بتوانێت بەشێوەی راستەوخۆ بەشە بودجەی سلێمانی لە بەغدادەوە وەربگرێت، دادگا سكاڵای مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە رەتكردەوە)
ده‌قی بریاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵ له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم: PDF

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand