Draw Media

بارزانی لە بادینان‌و بافڵ تاڵەبانی لە كەركوك

بارزانی لە بادینان‌و بافڵ تاڵەبانی لە كەركوك

2023-08-22 11:11:52


(درەو): 
هەڵمەتی پێشوەختەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەستیپێكرد، بارزانی لە بادینانەوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كوڕەكەی دەكات، بافڵ تاڵەبانیش لە كەركوكەوە بانگەشەی دەستپێكرد. 
چەند رۆژێكە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەڤەری بادینانە، لەگەڵ چین‌و توێژەكانی سنورەكەدا كۆدەبێتەوە. وتارەكانی بارزانی بۆ خەڵكی سنورەكە بەپلەی یەكەم بانگەشەكردنە بۆ كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە مەسرور بارزانی كوڕی سەرۆكایەتیی دەكات. 
دیارترین ئەو قسەی كە ئەم چەند رۆژە بارزانی لەبارەی كارەكانی كابینەی نۆیەمەوە كردویەتی بریتییە لە بابەتەكانی (بنیاتنانی پەروەردە- دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان- دۆزینەوەی سەرچاوەكانی تری داهات بۆ هەرێم- دۆزینەوەی هۆكارەكانی كۆچ- ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر- بایەخدان بە كەرتی كشتوكاڵ‌و گەشتوگوزار- ئاوەدانكردنەوە)، بەڵام بەبێ خستەڕووی هیچ داتایەك لەبارەی ئەو بەرەوپێشچوونانەی كە لەم بوارانەدا روویانداوە.
لەم سەردانەیدا، بارزانی داوا لە خەڵك دەكات پشتیوانی لە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی بكەن، ئەم جوڵەی بارزانی هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی بانگەشەی پێشوەختەی لایەنەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە رۆژی 18ی شوباتی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچێت. 
مەسرور بارزانی كە كوڕی گەورەی مەسعود بارزانییە، یەكەم ئەزمونی خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا تاقیكردەوە، لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا قەیرانی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوت روویدا، ئەمە هەرێمی كوردستان توشی قەیرانێكی دارایی گەورە كرد، حكومەتی ناچاركرد موچەی موچەخۆران ببڕێت، لەپاڵ ئەمەدا لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا حكومەتی عێراق فشارەكانی لەسەر كەرتی نەوتی هەرێم چڕكردەوە‌و هەولێری ناچاركرد نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات. 
كابینەی نۆیەم یەكێك لە سیما دیارەكانی لێكترازانی دوو پێكهێنەری سەرەكی حكومەت بوو لە یەكتر كە پارتی‌و یەكێتییە، ئەم لێكترازانە تائێستا بەردەوامە‌و هەردوولا بە دوو ئەجێندای جیاوازەوە دانوستانیان لەسەر یاسای بودجەی گشتی عێراق كرد‌و لەبارەی پرسی نەوت‌و غازیشەوە تێڕوانینیان جیاوازە، ئەمە سەرباری ناكۆكییە ئەمنییەكانیان. 
بانگەشەكانی بارزانی بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەت، نیشاندەری ئەوەیە مەسرور بارزانی دەیەوێت جارێكی تر لەدوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید بكاتەوە. 
یەكێتیش بەهەمان شێوە ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردن چڕكردوەتەوە، دەیەوێت رۆژی 27ی ئەیلوی ئەمساڵ كۆنگرە بكات‌و بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و پەرلەمانی كوردستان، دۆخی ناوخۆیی خۆی رێكبخاتەوە. 
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی بەر لە هەڵبژاردنی كوردستان چاوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراقە كە بڕیارە رۆژی 18ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دەیەوێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بگەڕێنێتەوە بۆ یەكێتیی، بۆیە رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی بردە شاری كەركوك‌و خۆشی لەگەڵ چین‌و توێژەكانی شارەكە چەند كۆبونەوەیەكی كرد.
یەكێتیی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستداوە، بافڵ تاڵەبانی ئەوكات رێبەرایەتی رێككەوتنێكی كرد لەنێوان یەكێتیی‌و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق (حەیدەر عەبادی)، بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە هێزەكانی یەكێتیی شاری كەركوكیان بۆ هێزەكانی سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی چۆڵكرد، بافڵ تاڵەبانی ئومێدی هەبوو لەچوارچێوەی ئەم رێككەوتنەدا حكومەتی عێراق پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتیی بگەڕێنێتەوە، بەڵام ئەمە رووینەدا، پارتی ئەم رووداوەی ناو لێناوە "خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر"، دەیەوێت لەم رێگەیەوە لە هەڵبژاردندا لە پێگەی مێژوویی یەكێتیی بدات لە پارێزگای كەركوك. 

یه‌كێتیی به‌شداری سه‌ره‌كی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌، به‌ڵام پێناچێت بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن خۆی بكات به‌ خاوه‌نی شكسته‌كانی كابینه‌كه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌م كابینه‌یه‌دا كه‌وته‌ ناكۆكییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، ره‌نگه‌ یه‌كێتیی بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن زیاتر له‌وه‌ی خۆی به‌ خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م بكات، كار له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی له‌ناو كابینه‌كه‌ بكات بۆ راكێشانی سه‌ره‌نجی ده‌نگده‌ران له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی، پارێزگایه‌ك كه‌ به‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌رده‌وام ده‌ناسرێته‌وه‌.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2019وە یەكێتیی هەوڵێكی خستەگەڕ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە پاشكۆی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا، یەكێتیی رێككەوتنێكی بە پارتی ئیمزا كرد بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئەم رێككەوتنەش نەچووە بواری جێبەجێكردن. 
كۆتایی ئەمساڵ‌و سەرەتای ساڵی داهاتوو دوو هەڵبژاردن بەخۆوە دەبینێت، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان‌و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆیە لە ئێستاوە كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكانی هەرێم بانگەشەو كۆبونەوە جەماوەرییەكانیان چڕكردوەتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand