بۆ نهوتی ههرێم چووه توركیا
2023-08-21 15:49:12
(درەو):
بۆ گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان، وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە ئەنكەرە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتو جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە گەیشتە ئەنكەرەی پایتەختی توركیا.
ئەم سەردانە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، بۆ گفتوگۆكردنە لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی عێراقو توركیا لەبواری نەوتو غازو وزەدا، لەپاڵ ئەمەدا تاوتوێی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە لە بەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە راوەستاوە.
حەیان عەبدولغەنی ئەم پرسانە لەگەڵ (ئهلب ئهرسهلان بهیرهقدار) وەزیری وزەو سامانە سروشتییەكانی توركیا تاوتوێ دەكات، دەیەوێت توركیا رازی بكات بەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان دەستپێ بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان نەوتی كوردستان بە تەنیا لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقەوە بفرۆشرێت.
بەر لەم سەردانەی وەزیری نەوت، حكومەتی عێراق بەفەرمی نوسراوی ئاڕاستەی توركیا كرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بەڵام بەرپرسانی توركیا مەرجیان هەیە، دەیانەوێت بەر لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، حكومەتی عێراق ئەو پارە بكات بە قیست كە دادگای ناوبژیوانی پاریس وەكو قەرەبوو بەسەر توركیایدا سەپاندووەو بڕەكەی ملیارێكو 500 ملیۆن دۆلارە، سەرباری ئەمە توركیا دەیەوێت پێداچوونەوە بكرێت بە رێككەوتنی بۆرییەكان لەنێوان هەردوو وڵاتو عێراق ئەو سكاڵایەی تر بكێشێتەوە كە بەهەمان شێوە لە دادگای پاریس لەسەر توركیای تۆماركردووە.
بەپێی یاسای بودجەی 2023ی عێراق كە بۆ ماوەی سێ ساڵ كاری پێدەكرێت، حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستانی پابەند كردووە بەوەی رۆژانە 400هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكات، ئەگەر نەتوانرا نەوت لەرێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت، دەبێت هەرێم رۆژانە هەم بڕ نەوت رادەستی عێراق بكات بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەوە هەرێم رۆژانە لەنێوان 50 هەزار بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی عێراق دەكات بۆ پێداویستی ناوخۆ.