مەسعود بارزانی: مام جەلال وتی هەڵەی 1964 دووبارە ناكەمەوە
2023-08-28 07:15:33
درەو:
مەسعود بارزانی لە بەرگی شەشەمی كتێبی (بارزانی و بزوتنەوەی رزگاری خوازی كورد) سەبارەت بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ مام جەلال لەلاپەڕە (187 -193) نوسیویەتی: كۆبوونەوەیەكی گرنگ و كراوە لەگەڵ مام جەلال.
دوای دژایەتیكردنی بابەتی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتییەوە دوای پەیامەكەم، رۆژی 28ی ئایاری 2005 مام جەلال بە تەنیا و بەبێ ئەندامانی سەركردایەتی حزبەكەی سەردانی سەڵاحەدینی كرد و لەسەر داوای خۆی كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی و تایبەتمان كرد، لەم دانیشتنە تایبەتەماندا مام جەلال بە تەواوی و بە راشكاوانە قسەی دڵی بۆ گێرامەوە ناوەڕۆكی قسەكانی مام جەلال ئەمانە بوون:
• هاتوم و ناگەڕێمەوە هەتا بەڵێنی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانم پێ نەدەیت، سوێندی خوارد ئەگەر پۆستی سەرۆكی هەرێم وەرنەگرم ئەویش ناچێتە بەغداد.
• دیار بوو زۆر دڵگران و غەمبار بوو بەدەست برادەرانییەوە، وتی ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكێتی تووشی هستریا بوون.
• وتی پێم وتوون هەرچی لەدەستانهات دژی من و هێرۆ و منداڵەكان و كەسوكارەكانم كردتان، هەرچی قسەی نەشیاوە كردووتانە، تەنانەت ئەوەی لەدەستان هاتووە لە دژی ئیبراهیم ئەحمەد لەناو گۆڕیشدا درێخیتان نەكردووە.
• بە ئەندامانی سەركردایەتیمی یەكیتیم راگەیاندووە ساڵی 1964 هەڵەكم كرد و دووبارەی ناكەمەوە (....) پێیان وتم بۆیە پشتگیریمان ناكەیت چونكە مەلا مستەفا بە سكرتێری پارتیت هەڵدەبژێرێت.
• من لەگەڵ كۆنفرانسی ماوەت نەبووم بەڵام هەڵەكەم ئەوەبوو كە لەگەڵ زۆرینەی مەكتەبی سیاسی رۆیشتم.
• بە ئەندامانی سەركردایەتیم وت ئێستاش لەهەموو بابەت و پرسەكاندا پشتگیریتان دەكەم و هاوڕام لەگەڵتان جگە لە دژایەتیكردنی پارتی و تێكدانی نێوان من و مەسعود بارزانی.
• ئەوە وەهم و خەیاڵە دەڵێن پارتی یەكێتی قوت دەدات یان مەسعود بارزانی تۆڵەمان لێدەكاتەوە، ساڵی 1991 مەسعود بارزانی سەرۆكی بەرەی كوردستانی نەبوو، ئایا كەسی خوارد، تەنانەت زیاتر لایەنگری یەكێتی بوو تا پارتی.
• ئێستاش ئیستیقالەو وازهێنانەكەم نوسیوەو دانەیەك لەلای كامەران قەرەداغیەو دانەیەكیش لای كۆسرەت رەسوڵًە، بەڵام دیارە تا ئێستا نیشانتان نەدراوە.
• نەوشیروان مستەفا توشی شكست بووەو هەوڵ ئەدات بەناوی بەرگری لە یەكێتی هەموو شتەكان تێكبدات.
• مام جەلال وتی ئەم ئەندامانەی سەركردایەتی بەتەواوی لەگەڵ مندان: كۆسرەت رەسوڵ، عومەر فەتاح، ئەرسەلان باییز ، عیماد ئەحمەد، عەدنان موفتی، جەلال جەوهەر ، د. فوئاد مەسعوم، د. بەرهەم و عادل موراد، تەنیا نەوشیروان مستەفا و حەمەتۆفیق بەتەواوی دژن، عوسمانی حاجی مەحمود راڕایە یەكلا نەبووەتەوە، مستەفا سەید قادر راڕابوو بەڵام دوێنێ سەردانی كردم و بەڵێنیدا هەرچی بڵێم رازی بێت.
• نەوشیروان مستەفا ئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكاتەوە گوایە ژمارەیەكی یەكجار زۆر جامانە سوورەكان دێنە ناو سلێمانی و داگیری دەكەن!
• مام جەلال پێشنیازی كرد من سەرپەرشتی هەردوو ئیدارەكەی هەرێمی كوردستان بكەم.
• وتی جگە لەوەی كوڕی مەلا مستەفای گەورەی بارزانییەكانی و سەلماندوشتە كە پیاوی رۆژانی تەنگانەیت.
• وتیشی حەز ئەكەم رێو شوێن بگریتە بەر بۆ ئەوەی پێكەوە سەردانی مەزاری بارزانی نەمر بكەین.
• مام جەلال وتی لە كەلاكوك سەركەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە، سەركەوتنەكەمان بووە هۆی لەبەریەكهەڵوەشانەوەی بەرەی توركمانی