Draw Media

حكومه‌ت دڵنیایی به‌ كۆمپانیاكانی نه‌وت ده‌دات

حكومه‌ت دڵنیایی به‌ كۆمپانیاكانی نه‌وت ده‌دات

2023-08-23 16:11:36


(درەو): 
دوای نزیكەی 5 مانگ لە راوەستانی هەناردەی نەوت، حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیاكانی نەوت كۆبووەوە، باسی نرخی بەرهەمهێنانی نەوت بەپێی یاسای بودجە‌و پارێزگاریكردن لە گرێبەستەكانی نەوت‌و رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ كراوە، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت دڵنیایی به‌ كۆمپانیاكان بدات بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كشێنه‌وه‌. 
حكومەت هەموو ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی كە گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، بانگهێشتی ئەنجومەنی وەزیران كرد. (كەمال محەمەد) وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت، (ئومێد سەباح) سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، (ئامانج رەحیم) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، (فەرسەت ئەحمەد) وەزیری داد، (عەبدولحەكیم خەسرۆ) سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگیی‌و بەدواداچوون بەشدارییان كردووە لە كۆبونەوەكەدا. 
بەپێی قسەی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا، تیمی حكومەتی هەرێم، جەختی لەسەر ئەم تەوەرانە كردووە:
•    پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی بۆ كۆمپانیاكانی بواری نەوت دووپاتكردوەتەوە.
•    تیشكی خستوەتەسەر دواین سەردان‌و گفتوگۆكانی شاندی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدادو هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای بودجەو تێچووی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكانی نەوت.
•    بۆچوونی حكومەتی هەرێم لەم بوارەو ناردنی ماف‌و شایستە داراییەكانی هەرێم‌و بۆچوونی بەغدای خستوەتەڕوو. 
سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێ:" كارو چالاكی كۆمپانیاكانی بواری نەوت بەرز نرخێنران، كۆمپانیاكانی بواری نەوت بە هاوبەشێكی راستەقینەی حكومەتی هەرێم باسیان لێوەكرا، ئەوە خرایەڕوو كە بەرگری لە ماف‌و گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم دەكەن، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆكان لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و  حكومەتی عێراق بە مەبەستی چارەسەر لە چوارچێوەی دەستورو پڕۆژە یاسای بودجە".
تەوەرێكی تری كۆبونەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت تایبەت بەوە بە پرسی رەشنوسی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ، تیمی حكومەتی هەرێم بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەو یاسایە بۆ كۆمپانیاكانی نەوت ئاشكراكردووە، باسیان لە بۆچوونی حكومەتی عێراقیش كردووە، كۆمپانیاكانی نەوتیش لە كۆبونەوەكەدا تێڕوانینی خۆیان لەبارەی یاساكە بە حكومەتی هەرێم گەیاندووە. 
لەبەرەبەیانی رۆژی 25ی ئازاری ئەمساڵەوە توركیا هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرتووە، ئەمەش دوای بڕیاری مانگی شوباتی دادگای ناوبژیوانی پاریس، لەوكاتەوە كۆمپانیاكانی نەوت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان كەمكردوەتەوە یاخود بەتەواوەتی راگرتووە، كۆمپانیاكان چاوەڕوانیی یەكلابوونەوەی دانوستانی نێوان هەرێم‌و بەغدادن لەبارەی ئەم پرسە، بەهۆی راوەستانی كارەكانیانەوە زۆرێك لە كۆمپانیاكان فەرمانبەرەكانیان كەمكردوەتەوەو مه‌ترسی كشانه‌وه‌ی یه‌كجارییان هه‌یه‌ له‌ كوردستان.


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand