بارزانی چۆن یارییەكەی دۆڕاند ؟
2018-10-03 13:36:25
(درەو میدیا):
قسەیەك هەیە دەڵێت" لەسیاسەتدا ئەنجام حسابە" بەم پێوەربێت، هەرچییەك لەبارەی هۆكارەكانەوە بوترێت بەهای نیە و دەچێتە چوارچێوەی پاساوەوە، ئەنجامیش لەسەر زەمینی واقیع دەڵێت" بارزانی یارییەكەی دۆڕاند" و ڕۆیشتن بەرەو كۆشكی سەرۆكایەتی، لەبری سەری ڕەش، بە دەباشاندا تێپەڕی.
بەهۆی كورتیهێنانی خوێندنەوەكانی بارزانی بۆ دۆخی عێراق و ناوچەكە، لەماوەی ساڵێكدا دووجار پشتی درا بەزەویدا، هەردوو جارەكەش لەسەر دەستی نەوەكانی تاڵەبانی بوو، ڕەنگە پاساوی "خیانەت" كە زوو زوو لە قاموسی سیاسی كوردا دەردەهێنرێت و پارتی و یەكێتی دەیكێشن بەدەمووچاوی یەكدا، هیچ لە واقیعی ئەو شكستە نەگۆرێت كە بارزانی دووچاری بووە، چونكە ئەگەر "خیانەت" وەك هۆكار بۆ شكستە یەك لەدوای یەكەكانی بارزانی ڕاستبێت، دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرێت خۆی و پارتەكەی، لەسەر بنەمای 31 ئاب هاوكێشەی هێزیان لە كوردستان گۆڕی و تائێستاش لەسەر ئەو بنەمایە حوكمی كوردستان دەكەن كە زۆرێك بە "خیانەتی عوزما"ی لەقەڵمدەدەن.
لە پەرلەمانی عێراق چی ڕوویدا؟
"درەو میدیا" لەبەدواداچونێكی ورددا بۆ ڕوداوەكانی پشت پەردەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق و دواین ساتەكانی پێش هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆمار و ململانێكانی ناو پەرلەمانی عێراق، كۆمەڵێك زانیاری گرنگی دەستكەوتووە، كە لێرەدا دەیخاتەڕوو.
بەپێی زانیارییەكان، پارتی تا دواساتەكان نەیویستووە نیسابی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق تەواوبێت، چونكە ترسی جدی هەبووە بەرهەم ساڵح لە فوئاد حسێن بباتەوە، بەڵام یەكێتی جۆرێك لەنەرمی پیشانداوە و بەهاوكاری ئێرانییەكان قەناعەتیان بە پارتی و هاوپەیمانەكانی كردووە كە داخڵی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بن، كاتێك چونەتە دانیشتنەكە توشی شۆك بوون و كورد وتەنی دەستیان لەبنی هەمانەكەوە دەرچووە و، ئەو ڕاستییەیان بۆ ڕونبوەتەوە كە (تیمەكەی یەكێتی) لەسەر چەندین ئاست كاری بۆ دەرچوونی بەرهەم ساڵح كردووە، لەكاتێكدا بارزانی تەنها لەڕێی چەند سەرۆك هێزێكی سوننە و شیعەو و هەڕەشەكردن بەكشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق و گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لە یەكێتی، كاری بۆ سەرخستنی فوئاد حسێن كرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت متمانەبوونی لەڕادەبەری بارزانی بە پێگەو نفوزی خۆی دووچاری ئەو شكستە گەورەیەی كردووە.
سەرچاوەیەك لە تیمەكەی یەكێتی بە (درەو میدیا)ی وت:" ئێوارەی دوێنێ و لەكاتی توندبونەوەی ململانێكاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە تەلەفون قسەی لەگەڵ بەرپرسانی تیمەكەی یەكێتی كردووە و دوای لێكردوون بەرهەم ساڵح بكشێننەوە، لەترسی ئاڵۆزبونی دیمەنی سیاسی لەبەغدادو هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانیش پێشنیازی كردووە قوباد تاڵەبانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو وەربگرێت، بەڵام یەكێتی هەردوو داواكەی ڕەتكردوەتەوە".
بەوتەی سەرچاوەكە، پارتی پارەیەكی زۆری بەخشیوەتەوە بەسەر هێزو لایەنە عێراقییەكاندا بۆ دەرچواندنی كاندیدەكەی.
هاوكات سەرچاوەیەك لە تیمەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی، وت" یەكێتی پێشنیازی كردووە دووساڵ بە دووساڵ پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرن، پارتی ئەو پێشنیازەی ڕەتیكردوەتەوە.
بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوەیە لە وەفدی پارتی، بەرپرسەكانی یەكێتی بە پەرلەمانتارانی عێراقیان وتووە، "ئێوە چۆن دەنگ بە كاندیدی یەكێتی نادەن لەكاتێكدا ئێمە بێ شەڕ كەركوكمان ڕادەستكردن، دەنگ بە كاندیدی لایەنێكی تر دەدەن، كە پێوایە كەركوك داگیركراوە".
لەبارەی بەخشینەوەی پارەوە، سەرچاوەكەی تیمی پارتی بە (درەو میدیا) وت:" یەكێتی زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتەوە بۆ دەرچواندنی بەرهەم ساڵح".
شكستی شەخسی بارزانییە
دەكرێت هەردوو شكستەكە، چی پرۆسەی ڕیفراندۆم و هەم ململانێی پۆستی سەرۆك كۆمار بە شكستی شەخسی بارزانی دابنرێت و، شرۆڤەی ئەوەی بۆ بكرێت كە نەوەكانی تاڵەبانی لە گۆڕەپانی شەڕو ململانێی سیاسیشدا پشتی (مەسعود بارزانی)یان لەزەویدا، بەوپێیەی بارزانی لەهەردوو پرسەكەدا بەشەخسی ئیدارەی ململانێكانی داوەو، زیاتر لە سیاسەتكردن عینادی و بردنە سەری قسەی خۆی، بەسەریدا زاڵبووەو هەرئەوەش توشی هەڵەی گەورەی كردووە، كە ڕەنگە وەك شەخس تەنها لەڕووی مەعنەوییەوە باجەكەی دابێت، لەكاتێكدا لەسەر زەمین وێڕایی پەرتكردنی زیاتری ناوماڵی كورد و دورستكردنی مەترسی جدی لەسەر هەرێمی كوردستان وەك قەوارەی سیاسی، خەڵكی كوردستانیشی دوچاری كارەساتی تراژیدی كردووە.
بارزانی ویستی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار شكستی ڕیفراندۆم و هەموو لێكەوتەكانی داپۆشێت و جارێكی تر بەبەهێزی بگەڕێتەوە بەغداد، ئەم دەستكەوتە بخاتە پاڵ ئەو سەركەوتنەی كە لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا بەدەستیهێناوە، لەو ڕێیەوە وەك بڕیاردەری یەكەم و ڕەها دەربكەوێت و ئەو پەیامەش لەبەغدادەوە بگەیەنێت بەهەموو لایەك، بەڵام ئەنجامی یارییەكە لەبری سەركەوتن بووە شكست و چووە پاڵ شكستەكەی پێشووی لەڕیفراندۆمدا، لەبری ئەوەی ئەو پەیامە بدات بەهەموو لایەك، زۆرینەی شیعەو سوننەكان، تەنات یاریزانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكانیش پێیانوت، تۆ تادوێنێ بەتەمابویت عێراق پارچە بكەیت، ئەمڕۆ مافی ئەوەت نیە سەرۆك كۆماری عێراق كە سیمبوڵی و ڕەمزی دەوڵەتە تەعین بكەیت.