Draw Media

"دەبێت رێگایەكی تر لەبەرامبەر یەكێتی‌و پارتی بدۆزینەوە"

"دەبێت رێگایەكی تر لەبەرامبەر یەكێتی‌و پارتی بدۆزینەوە"

2018-11-26 12:17:30



گفتوگۆی رۆژنامەوانی: (درەو میدیا) 
دژی بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕانە لەحكومەت، لەگەڵ ئەوەشدا نییە گۆڕان ببێت بە ئۆپۆزسیۆن بەشێوازەكەی جاران، ئەو بەشوێن رێگەی سێیەمدا دەگەڕێت، بێئومێدە لەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی لەكابینەی نوێی حكومەتدا چاكسازی بكەن، ئەو عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕانە كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ئەمدواییەی پەرلەمانی كوردستان داوای لە خەڵك كرد بایكۆتی پرۆسەكە بكەن‌و بەشداری تێدا نەكەن، لەم دیدارە رۆژنامەوانییەدا لەگەڵ (درەو میدیا) عەبدوڵای كوێخا موبارەك وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە لەبارەی دۆخی بزوتنەوەكەی‌و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت‌و ئایندەی سیاسی هەرێمی كوردستان.


دەقی دیدارە رۆژنامەوانییەكە:


درەو میدیا: لە یەكەم هەنگاوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد بۆ بەشداربوون لە حكومەت، بۆچونی ئێوە لەسەر بەشداربوونی گۆڕان لە حكومەت چۆنە ؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: رەئی خۆم كورت‌و پۆخت ئەوەیە گۆڕان هەر نابێ بەشدار بێت، كابینەی پێشووش نەدەبوو بەشداربوایە، ئێمە بەڕوونی نەمانتوانی خەڵكی تێبگەیەنین كە چیدەكەین‌و چیمان پێدەكرێت، چیمان لە پارتی و یەكێتی ئەوێ، دەبوو ئەوكاتە بەڕوونی‌و راشكاوی خەڵكمان تێبگەیەندایە كە هێزێكین‌و فۆرمێكی نوێین هاتووینە، یەكەم هەنگاو ئەمانەوێت ئەم دەسەڵاتە چاك بێت، كە چاك بوو بۆ ئەوەی بتوانین بەیەكەوە حوكمڕانی‌و شەراكەت بكەین، ئەگەر بۆمان چاكنەكرا هەوڵبدەین ئەو دوو لایەنە دەسەڵاتدارە لە دەسەڵات لابدەین‌و خۆمان بچینە دەسەڵات‌و بتوانین خزمەتگوزاری‌و چاكسازی بكەین، بەڵام ئێمە هەتاكو ئەم كاتە نەتوانیومانە ئەم دەسەڵاتە لابەرین لەسەر حوكم‌و خۆمان دەسەڵاتێكی باش‌و تەندروست بێنینە ئاراوە، وە نە هیچ هەنگاوێكی باشیشیان ناوە تا بچین شەریكیان بین.
لەسەرەتدا ئێمە خەڵكمان وشیاركردووەو تێمانگەیاندن كە ئەم دوو دەسەڵاتە گەندەڵن‌و سەروەت‌و سامان بەهەدەر دەدەن‌و وڵات وێران دەكەن، لەپڕ بەبێ ئەوەی یەكێتی‌و پارتی لابەرین‌و هیچ گۆڕانكارییەك بكەین، خەڵكەكەمان جێهێشت‌و چوین بوینە شەریكیان، ئەمەش لەلای خەڵكی ئەو مەسجە ئەگەیەنێت كە ئێمە هەوڵی جێكردنەوەی خۆمانداوە، نەك هەوڵی چاكسازی لەم وڵاتەدا، بۆیە من بە هەڵەیەی دەزانم شەریكیان بین.


درەو میدیا: ئێوە لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوو هەردوو ئەزمونەكەتان تاقیكردوەتەوە، چوار ساڵی ئۆپۆزسیۆن‌و چوار ساڵی دەسەڵات، ئێستا تۆ رەخنەت لەوەیە گۆڕان نەچێتە ناو حكومەت، ئێوە ئۆپۆزسیۆنیشتان تاقیكردۆتەوە، پێشنیازی ئێوە چیە؟ چی رێگەیەكی تر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن چاكسازی بكەن؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ئێستا بەرچاو روون نیم كە گۆڕان لەم كاتەدا چی بكات، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا شەراكەتكردنی دوو لایەنی دەسەڵات كە ئێمە هەشت ساڵە پێیان ئەڵێن گەندەڵ، پێیان ئەڵێن ستەمكار، پێیان ئەڵێن بەهەدەردەری داهاتی ئەم وڵاتە، دزو هەموو شتێكیان پێ ئەڵێن، نابێت شەریكیان بین، ئەبێت رێگایەكی تر بدۆزرێتەوە، هەر جۆرە رێگایەك بێت ئەگەر لەسەر شەقام بمێنینەوە هەر نابێت شەریكیان بین. 

عەبدوڵای كوێخا موبارەك: رەئی خۆم كورت‌و پۆخت ئەوەیە گۆڕان هەر نابێ بەشدار بێت، كابینەی پێشووش نەدەبوو بەشداربوایە


درەو میدیا: واتا تۆ بەدیلی بەشداریكردن لە حكومەت بە ئۆپۆزسیۆنبوونیش نابینیت، ناتەوێت گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بێ؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: من ناڵێم ئۆپۆزسیۆن باش نیە، لە هەموو حاڵەتێكدا ئۆپۆزسیۆن بوونی هەبێت باشە، وڵاتی بێ ئۆپۆزسیۆن وەك مردووی لێدێت، چاودێری نامێنێت، لەبەرئەوەی لە ئۆپۆزسیۆندا نەمانتوانی خەڵك تێبكەیەنین كە چیمان ئەوێت‌و چی ئەكەین، بەڵام ئەگەر هەر ئۆپۆزسیۆنبوون هەبێت ئەتوانین رێگایەك هەر بدۆزینەوە، بەڵام كە تۆ بویتە شەریكی ئەو دەسەڵاتەی كە تۆ پێت وتووە دزو گەندەڵ، هیچ نامێنێتەوە.


درەو میدیا: واتە ئێوە بەم دۆخەی ئێستاوە چوونی گۆڕان بۆناو حكومەت‌و شەریكایەتی لەگەڵ یەكێتی‌و پارتی بە ئینتیحاری سیاسی دەزان؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ئێمە زۆرجار گلەیی لەخەڵكی دەكەین‌و دەڵێن ئێوە بۆ دووبارەو سێبارە دەنگ بە پارتی‌و یەكێتی دەدەنەوە، ئێمە پێشڕەویتان دەكەین‌و ئەو نادادی‌و گەندەڵییە بوەستێنین، ئێستا خەڵكیش بە ئێمە دەڵێن ئێوە بۆ شەریكیان دەبنەوە، ئەوان هیچ چاك نەبوونە تا ئێوە شەریكیان ببنەوە، ئەمە لەلایەنی مافی خەڵكەوە، لەلایەكی تریشەوە ئێمە وەزیرمان دەركرا، پەرلەمان داخرا، هیچ شكۆیەك نەمایەوە، بۆیە لە هەردوو لایەنەكەوە ناكرێت ئێمە لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی شەریك بین.


درەو میدیا: ئەگەر هەیە لە چوار ساڵی داهاتوودا هەندێك گۆڕانكاری بكرێت، بۆچی ناكرێت گۆڕان دەستبار بێت لەو بارودۆخەدا، پێشبینیت بۆ چوار ساڵی داهاتوو چیە، پێتوایە بەڵێنەكانیان دەبەنەسەر؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: بڕوام نیە ئەو دوو هێزە دەسەڵاتدارە گۆڕانكاری بكەن، هەموو هەوڵ‌و فشارێكی نێودەوڵەتیش تەنها لەپێناو بەرژەوەندی خۆیانە، هەرچەند بڕوام وایە لەترسی خەڵك‌و بۆ رووكەش رەنگە هەندێك شت بكەن كە 10%ی مافی خەڵك بێت، بەڵام بڕوام بەوە نیە بۆ گۆڕانكاری‌و چاكسازی هەنگاوەی گەورە بهاون.  


درەو میدیا: پێتان وایە شێوازی كابینەی نوێی حكومەت جیاواز بێت لە كابینەكانی پێشوو؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: بەهۆی ئەو بودجەیەی كە لە بەغداوە بڕیارە بنێردرێت پێدەچێت كەمێك لە بواری موچەو بودجەوە باش بێت، بەڵام باوەڕناكەم شتی گەورە بكرێت، پێدەچێت جارێكی تر بودجە لە بەغداوە بۆ هەرێم رێگری بۆ دروستببێتەوە، چونكە ئێستا شەڕێكی زۆر سەخت هەیە لەنێوان یەكێتی‌و پارتی‌و لەناو پارتیش ناكۆكی هەیەو پارتیش وەك یەكێتی بوەتە باڵ باڵێن، من سەردانەكەی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد بۆ ململانێ‌و ناكۆكی شەخسی نێوان یەكێتی‌و پارتی لەلایەك، لەلایەكی تریش بۆ مەسەلەی ناكۆكی ناوخۆیان دەگێڕمەوە، بەتایبەت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ناكۆكن لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم، رەنگە جارێكی تر ئەم ململانێیانە ببێتە هۆی ئەوەی تەگەرە بخرێتەوە بەردەم بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدا، كە هیوادارم وانەبێت.

عەبدوڵای كوێخا موبارەك: خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان لە مەبدەئی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم (یەكێتی‌و پارتی)دا هەر نیە. 

 

درەو میدیا: ئەو سەردانەی مەسعود بارزانی بۆ بەغداد چی كاریگەریەكی دەبێت بۆ بارودۆخی سیاسی‌و ئابوری هەرێم؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: باوەڕناكەم كاریگەری هەبێت، ئەگەر بەپێی ناوەڕۆكی سەردانەكەی بێت كە باس دەكرێت بۆ ملشكاندنی یەكتری بێت، سازشكردن لەسەر كۆمەڵێك پرسی ئابوری‌و نیشتیمانی‌و نەتەوەیی، لەپێناو زیاتر خۆبردنە پێشەوەدا، هیچ گرنگییەكی ئەوتۆی نابێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە. 


درەو میدیا: لەسەر پرسی نەوت‌و داهاتی نەوت هیچ گۆڕانكاریەك درووست بووە ؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: هیچ گۆڕانكارییەك لە بواری نەوتدا نەبووە، هیچ شەفافیەتێك لە بواری نەوتدا نیە، بگرە ئێستا ئاڵۆزترە، لە چەند ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك هەوڵی رۆژنامەنووسان‌و نوسەران‌و چالاكان‌و كۆمەڵك خەڵكی ئازادیخواز، كۆمەڵێك زانیاریمان وەردەگرت، ئەگەر بۆشمان كۆنترۆڵ نەكرایە، ئێستا ئەو زانیاریانەش نەما، كێ هەیە زانیاری‌و رونكردنەوە بدات لەسەر داهاتی نەوت‌و شەفافیەتی نەوت.


درەو میدیا: بەبۆچونی ئێوە پارتی‌و یەكێتی چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوتدا دەكەن، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی كە ئێوە نیشتەجێن نەوتێكی زۆر هەیە؟ 
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان لە مەبدەئی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم (یەكێتی‌و پارتی)دا هەر نیە، هەریەكەیان نەوت بۆ خۆشگوزەرانی حزبەكەی خۆی بەكاردەهێنێت، لەناو خۆشیاندا كێشەیان هەیە، وای لێهاتووە جاران نەوت بە بۆری دەدزرا، ئێستا لەلابەلاوە ئەشكێنرێت‌و بەتەنكەر ئەدزرێت، لەخۆشیان دەدزن، ئەوان دزی لە میللەت ئەكەن‌و لەناو خۆشیاندا دزی لەیەكتر دەكەن.


درەو میدیا: پێشتر ئێوە بانگەشەی بایكۆتی هەڵبژاردنتان كرد، ئەم هەڵوێستە لەوەوە بوو كە باوەڕات وابوو ساختەكاری  دەكرێت، یان باوەڕت بە خەباتی پەرلەمانی نەماوە؟ 
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: مەسەلەی تەزویرات ئەوە قەناعەتێكی سەد دەر سەد بوو كە تەزویر دەكرێت، مەسەلەی خەباتی پەرلەمانیش من بەڕاستی مەبەستە حەقیقییەكەم ئەمانە بەناوی ئۆپۆزسیۆن‌و میدیای ئازادو نوسەرو رۆژنامەنووس شەعیەتێكیان وەرگرتووە لەم وڵاتەدا، ئێستا تۆ ناتوانیت بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و جیهان بڵێیت ئەمانە دیكتاتۆرن، لەبەر ئەوەی دەڵێن ئۆپۆزسیۆن هەیە، میدیای ئازاد هەیە، ئیتر ئەمانە بۆچی دیكتاتۆرن، ئەگەر ئێمە بایكۆتی هەڵبژاردنمان بكردایە، وەك ناڕەزایی‌و پەیامێك بەهەموو وڵاتان كە ئێمە وەكو گەلی كوردستان لەگەڵ ئەم هێزو دەسەڵاتەدا نین‌و ئەمانە گورگ‌و مافیان‌و ئەمانە ستەممان لێدەكەن، كە سەر سندوقەكان چۆڵ بوایەو ئەو رۆژە وەك رۆژێكی (منع التجول ) بوایە، دڵنیام لەوەی چەندین وڵات دەهاتە سەر خەت، بەڵام كە ئێمە هەموو پرۆسەكەیان لەگەڵدا ئەبەینەڕێوە، لەو سەرەوە پێیان دەڵێین دزو تەرزویر چی كەس بڕوامان پێناكات، بۆیە كەس بڕوامان پێناكات.


درەو میدیا: ئێستا ئێوە لە بنەڕەتەوە باوەڕتان بە خەباتی پەرلەمانی هەیە یان نا؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: لە بنەڕەتەوە باوەڕم پێیەتی، بەو هێوایەم هەر رۆژێك بێت بچێتەوە سەر ئەو رێچكەیەی كە بە خەباتی پەرلەمانی ململانێی مەدەنی‌و  خزمەتگوزاری، نەك بە ململانێی ملشكاندن گۆڕانكاری بكرێت، بەڵام لە سیاسەتی یەكێتی‌و پارتیدا ئەم پرۆسەیە دوورە، ئەگەر بڵێم بڕوام پێی نیە، بڕوام بە سیاسەتی یەكێتی‌و پارتی نیە.


درەو میدیا: كێن ئەوانەی پەرلەمانیان بێ ئەهمیەت كردووە؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ئەوەی لەبەر دەرگایە كە نەهێڵیت دزی بكرێت لاوازەو ئەوەی دزییەكە دەكات بەهێزە، بۆیە ئەوە بەرارود ناكرێت، بەڵێ كارەكتەرەكانی ئێمە خەڵكی لاواز بوون خەڵكی بەرژەوەندیخوازی تێدابووە، بەڵام زۆر جیاوازن لەگەڵ ئەوانەی یەكێتی‌و پارتی، من ئیعراف بەوە دەكەم كە كارەكتەرەكانی ئێمە نەمانتوانیوە بە فیلتەرو سانسۆری باشدا بڕۆن‌و خەڵكی لێهاتوو بن، بەڵام نابێ بە یەكێتی‌و پارتی بەراورد بكرێن.


درەو میدیا: ئێوە زیاتر وێنایەكی سەربازیتان هەیە، پێتانوایە گۆڕانكاری بە خەباتی شەقام‌و پەرلەمان دەكرێت یان بەڕێگەی سەربازی؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: با راستگۆبم لەگەڵتدا خەباتی شەقام‌و مانگرتن‌و خۆپیشاندان هەنگاوێكی باش بوون بۆ گۆڕانكاری، بەڵام ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان بەشێك بووین لەوەی خەڵكمان نائومێدكرد، بۆمان نەكرا، سیاسەتمان هەڵەو ناڕوون بوو تا ئێستا، بۆیە ئێستا زۆر قورسە، بەڵام ئەتوانرێت قۆناغێكی تریش هەوڵی بۆ بدرێت ئەگەر هەر نەكرا، ئەو هەموو دونیای پێشكەوتووەو دەوترێت مافی مرۆڤ ‌و دیموكراسی، ئەی بۆ هێزی چەكداریان هەیە، دیارە بۆ حاڵەتی بنبەستە، من پێموایە هەنگاوێكی تریش بنرێت، بەڵام لەوە بەولاوە دەگەینە بنبەست‌و بیر لەڕێگای تر بكاتەوە.


درەو میدیا: تۆ لەگەڵ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان هێزی چەكداری هەبێت؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: من لەگەڵ ئەوەدا نیم هەر حزبەو هێزی چەكداری خۆی هەبێت، ئەگەر بیەوێت وەك یەكەی 70و 80 بێت، من لەگەڵی نیم، ئەگەر بیەوێت هێزێكی نیشتیمانی بێت یان كاریگەری هەبێت لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە‌و بەهێزی بكات‌و لە چنگی یەكێتی‌و پارتی دەریبكات، نەك بۆ چنگی خۆی، بۆ پاراستنی خاك‌و خەڵك من سەد لەسەد لەگەڵیم.


درەو میدیا: واتە مانەوەی یەكێتی‌و پارتی بەهۆی لاوازی بەرامبەرەكانیەتی؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: من پێموایە لە لاوازی ئێمەوەیە، ئەگەرنا یەكێتی‌و پارتی كارگەیشتبووە ئەوەی تەواو پەلەپڕۆزێیان پێكەوتبوو، من نمونەیەكتان بۆ بگێڕمەوە، كاتی خۆی لە سەروەختی  خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتدا پەیامێكی مەسعود بارزانی بە كاك شۆرش حاجیدا گەیەنراوەتە كاك نەوشیروان، لە پەیامەكەدا بە كاك نەوشیروان دەڵێت ئەگەر ئێوە راپەڕین بكەن لەم وڵاتەداو تەشەنە بكات، چی لە (عائیلەی بارزانی ئەكەن)، ئەوەندە ترسی لێنیشتووە لەسەری رەشەوە هەوڵی ئەوەی بووە، ویستویەتی بزانێت چارەنووسی خانەوادەكەی چی بەسەر دێت، واتا بەتەما نەبوونە لەم وڵاتەدا بتوانن دابنیشن، بەڵام ئەوان وردە وردە توانیان لەگەڵ بارودۆخەكەدا رابێن، توانیان خەڵك فریو بدەن، ئێمە نەمانتوانی خەڵك وشیار بكەینەوە، نەمانتوانی پێشڕەوی خەڵك بكەین.


درەو میدیا: بەو هێزو توانایەی ئەوكاتەوە‌و بارودۆخی ئێستا، ئومێدی گۆڕانكاری زیاتر بووە یان كەمتر؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: ناكرێت خەڵكی نائومێد بكرێت، ئەتوانرێت كار بكرێت، بەڵام بەو میكانیزمەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆم وەك هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان دەبینم، بە هەڵەی ئەزانم، ئەبێ خەڵكانێكی بەتوانا بتوانن میكانیزمێكی گونجاوتر بدۆزنەوە. 


درەو میدیا: ئێستا سێ هێز بەفەرمی رایانگەیاندووە دەبنە ئۆپۆزسیۆن (نەوەی نوێ، یەكگرتوو، شیوعی)، چاوەڕەوانی چییان لێدەكەیت؟
عەبدوڵای كوێخا موبارەك: من نامەوێت دژی هیچ لایەنێك قسە بكەم كە مەبەستی گۆڕانكاری‌و چاكسازی بێت لەم وڵاتەدا، ئەوان دەڵێن ئۆپۆزسیۆنین، كە ئۆپۆزسیۆن بن، واتا هەڵی چاكسازی دەدەن، بەڵام ئومێدم نیە بەوشێوەیە، ئێمە ئەو خەڵكە هەشت ساڵ هات بزوتنەوەی گۆڕانی دروستكرد بە هەوڵی خۆی‌و گیرفانی خۆی‌و ماندوبوونی خۆی، ئێستا ئەم بڕوات ببێتە شەریكی پارتی‌و یەكێتی بچێتە حكومەتەوەو هێزێكی تازە بێتەوە خەڵك پشتیوانی ناكات ئۆمیدی پێی نابێت. 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand