ئارام قادر بۆ یەكەمجار باسی جیابونەوەی بەرهەم ساڵح دەكات
2018-09-23 18:42:07
(درەو میدیا):
رەنگە هیچ سیاسەتمەدارێكی تری هەرێمی كوردستان لەم رۆژانەدا هێندەی ئەو سەرقاڵ نەبێت، سەرۆكی حزبەكەی، حزبی بەجێهێشتووە و پەیوەندی بە حزبێكی ترەوە كردووە، یان وەك فارسەكان دەڵێن " رەفیقی نیوەرێگا" بوو، رەنگە ئەمە دەگمەنترین تاقیكردنەوە بێت كە ئەو ئەزموونی دەكات، چونكە نەك لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەم ناوچەیە، تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش زۆر بەدەگمەن رودەدات سەرۆكی حزب، حزبەكەی جێبهێڵێت، ئەوەی لە سیاسەتی ئەم ناوچەیەدا رودەدات، هەمیشە مەكتەبی سیاسی و بەرپرسانی تری حزب لەدەستی سیاسەت و تاكڕەوی سەرۆكەكان رادەكەن و لە حزب جیادەبنەوە، بەڵام ئەو لەگەڵ هاوڕێكانیدا روبەڕووی روداوێكی تەواو پێچەوانە بوەنەتەوە، سەرۆكی حزبەكەیان رۆشتووە و ئێستا ئەركی رێكخستنەوەی حزبێكیان كەوتوەتە ئەستۆ، كە خۆی لە بنەڕەتەوە حزبێكی نوێیە و دامەزراوەكانی نەمەیون.
ئەو، ئارام قادرە، یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، پیاوێكە وەك باس دەكرێت" كەم قسە دەكات و زۆر كاردەكات" و پیاوی كۆبونەوە و كاری رێكخستنە، (درەو میدیا) یەكەمین میدیای كوردی بوو كە هەواڵی رێككەوتنی بەرهەم ساڵحی بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی بڵاوكردەوە، یەكەمین میدیاش دەبێت كە گفتوگۆی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئارام قادر دەكات لەدوای جیابونەوەی سەرۆكی حزبەكەی.
ئارام قادر كە پەرلەمانتاری خانەنشین و ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی و پێشتریش لە كارەكتەرە دیارەكانی بزوتنەوەی رابوونی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی بووە، لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا باسی چارەنوسی هاوپەیمانی و پەرلەمانتارەكانی لە بەغداد و رۆشتنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی دەكات و وەڵامی چەند پرسیارێكی هەنوكەیی دەداتەوە.
دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە:
(درەو میدیا): دوای رۆشتنی بەرهەم ساڵح، هاوپەیمانی بە كوێ دەگات ؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی بزاڤێكی سیاسی مەدەنییەو خاوەنی دیدگایەكی نیشتمانی بەهیزە، بۆیە بەردەوامی بەخۆی دەدات و بەردەوام دەبێت، هاوپەیمانی پێكهاتەكەی بەشێوەیەكە وابەستەی كەسێك یان كەسایەتییەك نییە، هاودیدانمان پرۆژە كۆیكردونەتەوە نەك كەسایەتی، تادێت ئەم ڕەوتە بەهێزتر و ئەزموندارتر دەبێت.
(درەو میدیا): ئەگەر هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت، میكانیزمی بەردەوامبونی چۆن دەبێت، بەدیاریكراوی چۆن حزبەكە رێكدەخەنەوە، ئایا جارێكی تر كۆنگرە دەكەنەوە ؟
ئارام قادر: میكانیزمی بەردەوامیمان بەوشێوەیە دەبێت لەنزیكترین كاتدا كۆبونەوەیەكی گشتی دەكرێت، لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغەو گرتنی كۆنگرە یان پلنیۆم دەدرێت.
(درەو میدیا): هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە كادیرانی پێشووی یەكێتی لەناو هاوپەیمانی ماون و دەكرێت لە هەر ساتێكدا بگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی، ئەمە نابێتە كێشەیەكی نوێ بۆ حزبەكەتان ؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی بزاڤێكی سیاسی مەدەنییە، لەسەر بنەمانی مرۆڤدۆستی كاردەكات، بۆیە بە سنگێكی فراوانەوە لەگەڵ هەموو بیروبۆچون و تێڕوانینێك كاردەكات، خوازیارین هیچ هاودیدێك هەرپاشخانێكی سیاسی هەبێت ڕیزەكانی هاوپەیمانی جێنەهێڵێت، وە لەبەجێهێشتنی كادرانی پیشووی یەكیتی نیگەرانین و هەندێك كیشەمان بۆ دروستدەكات، بەڵام توانای چارەسەرمان هەیە، هاوپەیمانی سەكۆی خزمەتكردنە، هەر كەس ئازادە لەگەڵ هاوپەیمانی برەو بە خزمەت دەدات یاخود لە جێگەیەكی تر، ئێمە دەمارگیری حزبیمان وەلاناوە، هاوپەیمانی ماڵی هەمووانە وهەموو كەس دەتوانیت خزمەتی تێدا بكات.
(درەو میدیا): هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بەشداریكرد و دوو كورسی پەرلەمان بردەوە، دوای گەرانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، چارەنوسی ئەو دوو پەرلەمانتارە چۆن یەكلادەكرێتەوە ؟
ئارام قادر: ئەو دوو پەرلەمانتارەی بەغداد فراكسیۆنی هاوپەیمانی پێكدەهێنن و نوێنەرو دەنگی دەنگدەرانی هاوپەیمانین، نوینەرایەتی دیدی و پرۆژەكانی هاوپەیمانین لە پەرلەمانی عێراق.
(درەو میدیا): ئێوە پێشتر راتانگەیاند بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، بەڵام ئێستا هەندێك لە كاندیدەكانتان دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كردووە، رای فەرمی هاوپەیمانی چیە ؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی لەسەر بڕیاری بایكۆتی خۆی بەردەوامەو هیچ گۆڕانكارییەك لە هەڵوێستیدا روینەداوە، ئەو كاندیدانەش لەسەر ئەرك و بەرپرسیاریتی خۆیان بەشداری هەڵبژاردن دەكەن و هاوپەیمانی هیچ بەرپرسیارێتییەك ناگریتەئەستۆ.
(درەو میدیا): بەمدواییە هەریەكە لە یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بانگەوازیان كرد بۆ گەڕانەوەی ئەو كادیرانەی حزبەكانیان كە پێشتر پەیوەندییان بە هاوپەیمانییەوە كردووە، ئێوە قسەتان لەوبارەیەوە چییە ؟
ئارام قادر: ئەو هاودیدانەی كە پێشتر پاشخانیان ئیسلامی بووە، پێش بونیان بە هاوپەیمانی قۆناغی ئیسلامی سیاسییان تێپەراندووەو وەك بڕوایەكی چەسپاو ناگەڕێنەوە بۆ ئەو قۆناغەو لەناو هاوپەیمانیدا برەو بە پرۆژەی هاوپەیمانی دەدەن، وە چاویان لە داهاتویەكی گەشترە، نەك گەڕانەوە بۆ دواوە.
(درەو میدیا): هەندێك گومانیان هەیە جیابونەوەی بەرهەم ساڵح و گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی بە رێككەوتن بوبێت لەگەڵ ئێوە و سەركردەكانی ئێستا هاوپەیمانی بەشێك بن لە رێككەوتنێك ژێربەژێر، ئەمە راستە ؟
ئارام قادر: ئەوە پڕوپاگەندەی هەندێك لە حزبە سیاسییەكان و بەشێكە لە بانگەشەی هەڵبژاردن و دكتۆر بەرهەم خۆیی و هەندیك لە هەڤاڵانی گەڕاونەتەوە ناو یەكێتی نیشتمانی، هاودیدانی هاوپەیمانی بەردەوامن لە خەباتی سیاسی خۆیان بۆ بەجێگەیاندنی تەواوی ئەو ئامانجانەی هاوپەیمانی هەڵیگرتووە.
(درەو میدیا): هاوپەیمانی بەناوی بەرهەم ساڵَحەوە تۆماركراوە، ئەمە نابێتە كێشە بۆ كاری داهاتووی ئێوە ؟
ئارام قادر: هاوپەیمانی بەناوی دەستەی دامەزرێنەرانەوە دامەزراوەو هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە.