عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران ساردە
2019-01-28 12:18:02
دیداری رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
لەگەڕەكی (كوردستات)ی شاری سلێمانی لە ئۆفێسەكەی دەوام دەكات، ئەندامانی حزبەكەی بەو ئۆفێسە دەڵێن "مەكتەبی رابەر"، دوای وەرگرتنی رەزامەندی بۆ سازدانی دیدارێكی رۆژنامەوانی سەردانمان كرد، ئەوانەی لە دەوروبەری بوون زۆربەیان گەنج بوون، بەر لە دەستپێكردنی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە، لەبارەی كتێبێك قسەی بۆ كردین لەسەر ژیانی"فارابی" فەیلەسوف كە ئێستا سەرقاڵی خوێندنەوەیەتی، ئەو خوێندنی لە ئێران تەواوكردووە، خوێنەرێكی باشی ئەدەبیاتی فارسییە، وەكو "ئیسڵاح تەڵەب"ەكانی ئێران قسە دەكاتو سەرسامە بە نوسەرانی ئێرانی، ئەو تێڕوانینی خۆی هەیە لەبارەی پرسی كوردەوەو دەڵێ "كورد قەبیلە"یە بۆیە بە نەریتی "قەبیلە" سیاسەت ئەكات.. ئەو عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامییە، لەم دیدارەدا لەگەڵ (درەو میدیا) باسی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەو یەك لیستیی لایەنە ئیسلامییەكانو هۆكاری پاشەكشێی دەنگەكانی بزوتنەوەو پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەكات.
درەو میدیا: بەمدواییە باستان لە سازدانی كۆنفرانسی بزوتنەوەی ئیسلامی كرد، كارەكانی ئەو كۆنفرانسە بە كوێ گەیشتوون، بەدیاریكراوی كەی كۆنفرانس دەكەن ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بسم اللە الرحمن الرحیم.. لیژنەی كۆنفرانس لەم هەفتانەی دوایدا كۆبونەوەیان هەبووە، كارەكانیان زۆربەی تەواو بووە، تەنیا ناوەكان ماوە، لە پێڕەوی ئێمەدا هاتووە كە تەنیا ئەندامی مەڵبەندو ئەندامی مەكتەب بەشداری دەكەن، بەڵام هەندێك ئەندامی مەڵبەندو ئەندامی مەكتەبیشمان هەیە كە بەپێی مروری زەمەن لەوانەیە لەكاردا نەمابن، ئەوە لەوانەیە قسەیان لەسەر بێت ئایا بەشداری بكەن یاخود نا، لەوانەیە وەكو پێشوو كێشەمان بۆ دروست بكات كە كۆمەڵێك نەهاتن بۆ كۆنگرە، خەریكی ئەو كارەن، ئیشاڵا بەزوترین كات ئەو كێشەیەش چارەسەر دەكرێت.
درەو میدیا: ئەوەندە ئێمە بزانین كۆنفرانسی ئێوە هیچ گۆڕانكارییەك لە كەسەكاندا دروستناكات، چ لە خۆتەوە وەكو رابەری گشتی چ لەسەر ئاستی بەرپرسانی خوارەوە، پێتانوایە كۆنفرانس بتوانێت كێشەكانی بزوتنەوە چارەسەر بكات؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: مەلەسەی كۆنفرانس بۆ ئەوە نییە كە كێشەكان چارەسەر بكات یاخود نا، هەر خۆی لە پەیڕەودا هەیە لە بەینی دوو كۆنگرەدا ئەبێت كۆنفرانسێك ببەسرێت، كۆنفرانسەكەی ئێمە قەرار بوو لە مانگی حەوتدا ببەسرێت، بەهۆی هەڵبژاردنەوە دواخرا، ئیستا دەیانەوێت كۆنفرانس بكەین.
درەو میدیا: بەمدواییە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوە دەستیان لەكاركێشایەوە، ئایا كۆنفرانس بەهۆی دوركەوتنەوەی ئەو كەسانەوەیە؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نەخێر، ئەو برایانە خۆیان لە شورادا بوون كاتی خۆی كە كۆنفرانس دواخراوە، واتە بەكۆی دەنگی شورا كۆنفرانس دواخراوە بەدەنگی ئەو برایانەشەوە، ئەمجارەش خۆیان هەر لە شورادا بوون كە باسی كۆنفرانس كرا، دیارە رەنگە ئەو برایانە مەسەلەی كۆنفرانسیان پێ ناخۆش بووە كە وتیان چارەسەر نییە، بەڵام ئێمە مەجبورین بیكەین، چونكە ئێمە بەپێی پەیڕەوەكە هەر دەبێت لە بەینی دوو كۆنگرەدا یاخود دوو ساڵ كە بەسەر كۆنگرەدا تێدەپەڕێت دەبێت كۆنفرانس بكەین.
درەو میدیا: ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی كە دەستیان لەكاركێشایەوە هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی ماوە یاخود نا، ئێستا هیچ گفتوگۆیەك لەنێوان ئێوەو ئەواندا هەیە ؟
عیرفان عەبدولعەزیز: ئەوانە كوڕی خۆماننو لەهەموو كەسێكیش زیاتر لە منەوە نزیك بوون، تائێستا نە ئێمە ئیستیقالەكانمان لێوەرگرتوونو نەخۆشیان بە رەسمی وتویانە ئێمە بزوتنەوە نین، قسە لەنێوانماندا هەیە.
یەك بڕیار لە شورادا عیرفان فەرزی نەكردووە، لەوانەیە ئەوان شتیان بەسەر مندا فەرز كردبێت، بەڵام من قەت شتم بەسەر كەسدا فەرز نەكردووە"
درەو میدیا: ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە دەڵێن سەرچاوەی دارایی بزوتنەوە ناڕوونە، ئێوە ئەتوانن بە خوێنەرانی ئێمە بڵێن سەرچاوەی دارایتان لە كوێوەیە ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: سەرچاوەی دارایی ئێمە دوو شتە، یەكێكیان بودجەی ئەحزاب بووە كە حەوت ساڵە بڕاوە، ئەو برایانەش لەمن باشتر ئەزانن، ئەوی تریشیان مەلەسەی ئابونەی ئەندامانی بزوتنەوەی ئیسلامییە، ئەوان لە مەسەلەی ئابونەوەكەدا بەڵێ گلەییان هەیەو پێشتریش وتیانە، ئەڵێن مەڵبەندێك كە سلێمانییە یان هەڵەبجەیە یان شوێنێكی تر ئابونەی زۆرتر كۆدەكاتەوەو مەڵبەندێكی تر كەمتر، یاخود بەشی مەكتەبەكان یا شوراكان نادرێت، لەوەدا گلەییان هەبووە، چەندینجار هەوڵمانداوە بەڵام لەبەر ئەو نەبوونییە نەمانتوانیوە ئەو سیستمە بەتەواوەتی رێكبخەین.
درەو میدیا: ئەوانەی دەستیان لەكاركێشاوەتەوە هاوكات گلەیی لە تاكڕەویی ئێوەش دەكەن ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: وەڵاهی جا نازانم، ئەبێت ئینسافیان هەبێت، ئێمە لە شورا بەتایبەتی لەماوەی ئەم شەش ساڵو نیوەدا كە من رابەر بووم، تائێستا یەك برا بڵێت عیرفان مەجالی پێنەداوم قسە بكەم.
درەو میدیا: رەنگە ئەوان مەبەستیان لە تاكڕەویی لە بڕیارداندا بێت ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: یەك بڕیار لەو شورادا عیرفان فەرزی نەكردووە، لەوانەیە ئەوان شتیان بەسەر مندا فەرز كردبێت، بەڵام من قەت شتم بەسەر كەسدا فەرز نەكردووە، من تەنانەت حەزم بە رابەرایەتیش نەكردووە، قسەیەكیش كە لەسەر تەلەفزیۆن كردم وتم ئەگەر كورسییەكان زیاد نەكات دەستلەكاردەكێشمەوە، لە كۆبونەوەی شورادا لە یەكەمین دانیشتنی دوای هەڵبژاردندا وتم من پابەندم بەو قسەیەوەو دەستلەكاردەكێشمەوە، ئەو شەش برا لەوانە بوون وتیان موتڵەقەن نابێت تۆ دەستلەكاربكێشیتەوە، هەموو شورا وتیان نابێت دەستلەكاربكێشیتەوە، ئەگەرنا من بۆ رابەری نە بەكەسم وتووە ئەبێت دەنگم پێبدەی نە حەزیشی لێئەكەم، لەبەرنامەشمدایەو من خۆم ئەو بەرنامەشم جێبەجێكردووە كە رەنگە هیچ حیزبێكی ئیسلامی ئەو بەرنامەیەی نەبێت كە وتومانە رابەرێك بۆی نییە بۆ زیاتر لە دووجار خۆی كاندید بكات.
درەو میدیا: واتە ئێوە بۆ كۆنگرەی ئەمجارە خۆتان كاندید ناكەنەوە ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەبەدەن، من بۆم نییە خۆم كاندید بكەمەوە، من ئەوپەڕی ماوەی ساڵو نیوێكم ماوە ئەگەر ئەوەش ببەمەسەر.
وتم دەستلەكاردەكێشمەوە، ئەو شەش برا لەوانە بوون وتیان موتڵەقەن نابێت تۆ دەستلەكاربكێشیتەوە
درەو میدیا: سەبارەت بە پەیوەندییەكانی دەرەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێوە لە سەرەتای دروستبونتانەوە هەم بە حوكمی ئەو ناوچەیەی كە هەژمونتان هەبوو تێیدا (هەڵەبجە) هەم بە حوكمی سەردەمی خەبات دژی بەعس پەیوەندی بەهێزتان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەبوو، ئێستا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی چۆنە ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: خۆی مەسەلەی ئێرانو موعارەزە كە لە زەمانی بەعسدا هەموومان هیچ رێگەیەكمان نەبوو، تەنانەت قورساییە سوكانییەكەش هەر لەسەر ئەو سنورانە بوو، توركیا لەو سەردەمەدا هەموو سنورەكانی بەستبوو، رێگەی نەدەدا هیچ كەسێك بەناوی موعارەزەوە بچێتە سەر خاكی ئەو، تەنها ئێران مابوو، لەگەڵ ئێراندا ئێمە ئەوكات سێ حیزبە بەهێزەكە هەبوین (یەكێتی نیشتمانی- پارتی دیموكراتی كوردستان- بزوتنەوەی ئیسلامی) عیلاقاتمان لەگەڵ ئێران هەبووە، بەڵام لەوانەیە عیلاقاتی ئێمە زەعیفتر بووبێت لە لایەنەكانی تر، یەعنی چەندینجار كە ویستبێتیان قسەكە بەجۆرێكی تر بێت كە رەتكردنەوەی تێدا بێت وتویانە مامۆستا مەلا عەلی نوێنەری كوردە، ئەوە چەندینجار ئەو برادەرانەش شایەتییان داوە، ئێمە عیلاقاتمان هەروەكو ئەو حیزبانە بووە، بەڵام لەوانەیە لەم ئەخیرانەدا لەدوای 2003 و مەلەسەی عێراق هاتەپێشەوەو سەددام نەماو تەقسیمكردنی پشكی عێراقو مەسەلەی سوننیو شیعیو سوریا هاتەئاراوە، ئینكاری ناكرێت عیلاقاتی ئێمە لەگەڵ ئێران سارد بوو.
درەو میدیا: ئێستاش ئەو ساردییە بەردەوامە ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ هەر ساردە.
درەو میدیا: بەم ساڵانەی دوایی هەندێك بەڵگەنامەی سایتی ویكیلیكس بلاوبووەوە باسیان لەوە دەكرد ئێوە بەناوی كاری خێرخوازییەوە پارەتان لە سعودیە وەرگرتووە، پەیوەندیتان لەگەڵ سعودیە چۆنە وەكو جەمسەرێكی بەهێز لەبەرامبەر ئێراندا ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: سعودیە وەكو دەوڵەتێك لە ژیانیدا ئیعترافی بە هیچ حزبێكی ئیسلامی نەكردووەو ناشیكات، تەنانەت بۆ ئینساف زۆرجار كە وتویانە یەكگرتوو سەربە سعودیەیە، ئەوە ئەسڵو ئەساسی نیە، ئێمە لە كۆنەوە عیلاقاتمان لەگەڵ سعودیە هەبووە، لە ساڵی 1974دا مامۆستا مەلا عوسمان بەناوی كوردەوە سەردانی سعودیەی كردووەو لەگەڵ مەلیك فەیسەڵ دانیشتووە، لەوكاتەوە پەیوەندیمان لەگەڵ سعودیە هەبووە، بەڵام سعودیە وەكو بنەماڵە مامەڵەی لەگەڵ ئێمە كردووە نەك وەكو حیزب، سعودیە رقی لە حیزبە، حیزبی ئیسلامی قبوڵ ناكات، تەنانەت چەنێك عیلاقاتیشمان بەهێز بووە، سعودیە هەرگیز نەیهێشتووە هیچ حزبێك لە وڵاتەكەی بارەگا بكاتەوە، سەبارەت بە كۆمەكی سعودیە وەختی خۆی لە ساڵی 1991 كە مامۆستا مەلا عەلی كە لەگەڵ فەهد دانیشت داوای لێكرد ئەو مونەزەماتانە بهێنێتە كوردستانەوە، خەڵك زۆر فەیر بوو، بۆ ئەوە بوو هاوكاری خەڵكی كوردستان بكات، بەلای كەمەوە ئەم مزگەوتانە بكاتەوە، ئەوكاتە بودجە نەبوو، ئەم چەند هەزار مزگەوتانە كە كراوەتەوە هەر لەسەر ئەو حسابانە كراوەتەوە.
لەم ئەخیرانەدا لەدوای 2003و مەلەسەی عێراق هاتەپێشەوەو سەددام نەما، عیلاقاتی ئێمە لەگەڵ ئێران سارد بوو
درەو میدیا: واتە لەم ساڵانەی دوایدا كۆمەكتان لە سعودیە وەرنەگرتووە ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەبەدەن، ئەوە ئەسڵ و ئەساسی نەبووەو دوایش دەركەوت كە دەستێكی خراپ كۆمەڵێك بەڵگەنامەیان دروستكردووە لەسەر كۆمەڵێك ئەحزاب بۆ ئەوەی ناشیرینیان بكەن، ئەسڵو ئەساسی نەبوو، ئێمە تەنانەت لە سعودیەكانیشمان پرسی وتیان ئەسڵو ئەساسی نییە.
درەو میدیا: ئێوە لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا كورسییەكتان هەبوو، كورسییەكی ئەكتیڤ بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ئەو كورسییەتان لەدەستدا، ئێوە بەیاننامەیەكتان بڵاوكردەوەو بەرپرسیارێتی بەشێكی شكستەكەتان خستەئەستۆی خۆتان، سەرباری ئەمە هۆكاری پاشەكشێكە بۆچی دەگەڕێننەوە ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: خۆی مەسەلەكە دوو جەمسەرییە، یەكێكیان پەیوەندی بە دەرەوەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە هەیە، یەكێكیان عیلاقەی بە ناوەوەی بزوتنەوەوە هەیە، ئەوەی عیلاقەی بە دەرەوە هەیە، ئەو شاخگیركردنەی ئەو هێزە زلانەیە كە لە عێراقدا هەیە ناهێڵێ كۆمەڵێك هێزی تر دەربكەون، ئەوە بەدەستی ئێمە نییە، ئەوە لە بەغدادو لە كوردستانیش دیارە، هێزگەلێكیشیان دەوێت كە لەگەڵ ئەواندا موتەعاون بێت، ئیتر دیارە ئێمە تائێستا ئەو تەعاونەمان نەبووە كە ئەوان دەیانەوێت، ئەوەشی كە عیلاقەی بەناوەوەی حیزبەوە هەیە دیارە چی بكەی، ئێمە لە سیستمێكداین كە پێی دەوترێت سیستمی قەبیلە، لە سیستمە قەبیلەییەدا ئەو حیزبانەی كە دروستبوون هیچیان لە ئەوروپادا نین كە تۆ بێیت لەسەر ئەساسێكی ئەكادیمیو جوان حیزب دروستبكەی، كە حیزب بێت حەزو ئارەزووەكانی توێژێك لە توێژەكان جێبەجێ بكات، وەكو ئەوەی لە ئەمریكاو ئەوروپا دروستبووە كە بە ئاشكرا دەڵێت من مەسڵەحەتی ئەم گروپە ئەپارێزم، بۆ نمونە لە ئەمریكا جمهورییەكان ئەڵێن ئێمە مەسڵەحەتی تیجارەت ئەپارێزین.
سعودیە وەكو دەوڵەتێك لە ژیانیدا ئیعترافی بە هیچ حزبێكی ئیسلامی نەكردووەو ناشیكات
درەو میدیا: ئەی ئێوە بۆچی ناتوانن ببن بە تاكە دەنگی ئیسلامییەكان ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: لەبەرئەوەی ئەو فەترە ئێمە دابڕاین، ساڵی 2002 تاوەكو ساڵی 2008 واتە فەترەی شەش ساڵ، ئەو شەش ساڵە كە لە ساحەكە دابڕاین خەڵكێكی زۆر رۆشتن یان دانیشتن یان لە زیندانەكانی ئەم دەسەڵاتە كوردیەدا تەعاهودیان لێوەرگرتن نابێت بزوتنەوە بن، یان چوەتە ناو حیزبێكی ترەوەو ئێستا خەریكی ئیشكردنەو سەختە بیهێنێتەوە، یان ئەوەتا ئیشی خۆی ئەكاتو تازە نایەتەوە ناو حیزب، ئەمە وایكرد بزوتنەوە زۆر زەعیف ببێت، هەتا 2008 بزوتنەوە هەر وجودی نەما لە ساحەكەدا، لە 2008وە كە ویستمان دوبارە ئیعادە تەنزیمی بكەینەوەو دوبارە ئەو مەشاكیلانەمان بوو دروستبوو، دواتر ئەم شەڕەی نێوان بەغداو هەولێر بەسەردا هات، دواتر دۆخی ئیقتیسادی بەسەردا هات، ئێ تۆش بە ئیقتیساد نەبێ، ئێمە هەموو بنكەكانمان لەدەستدا، بۆ نمونە هەر لەم سلێمانییەدا ئەو بارەگا گەورانەمان هەبوو لەدەستماندا، ئێستا لە خاتوی كرێداین، لە هەولێردا بارەگاكەمان 64 هەزار مەتر بووە، ئێستا لە 500 مەتری كرێداین، لەبەر ئەوە وەزعی ئێمە لەڕووی ئابورییەوە زۆر ناهەموارە، لەم ماوەیەدا هەموو ژێرخانی ئیقتیسادیمان لەدەستدا، ئێستاش ئەوە حەوت ساڵە بودجەمان بڕاوە، ئێ بەچی بێین رابەرایەتی دەنگی ئیسلام بكەین لەكاتێكدا تۆ نە سەتەلایتت هەیە نە وەسیلەیەك كە لەگەڵ كۆمەڵگادا جسرێك بێت، لەبەرئەوە ئەبێت ئینسان خۆشی بناسێت، ئێمە نەمانتوانیوە ئەو دەورە ببینین، بەڵام ئەوەی كە هەیە الحمدللە توانیومانە هەوێنێك بین بۆ ئەوەی بتوانین حاڵەتە ئیسلامییەكە بهێنینە سەر یەك سفرە دابنیشێنین.
یەك لیستیی ئیسلامییەكان تەجروبەیەك بوو فەشەلی هێنا، جارێكی تر یەك لیستیی ناكەینەوە
درەو میدیا: لەبارەی ئەو حاڵەتە ئیسلامییەوە دەمەوێت بپرسم ئایا ئەو یەك لیستییەی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كردتان بۆ هەڵبژاردن هۆكار نەبوو بۆ ئەوەی تاكە كورسییەكەشتان لە پەرلەمان لەدەستبدەن، ئایا ئێوە پێش یەك لیستیی هیچ رێككەوتنێكتان لەگەڵ یەكگرتوو نەكرد بۆ ئەوەی لانی كەم زامنی تاكە كورسییەكەی پەرلەمانتان بۆ بكات لە هەڵبژاردندا ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نەخێر ئەوە هیچ موبەریر نییە، تۆ نابێ شتێك داوا بكەی كە قانونی نییە، لەڕووی قانونییەوە ئەمە لیستی داخراو نییە تا ئێمە داوای كورسییەك بكەین، لیستی كراوەیە، لە لیستی كراوەشدا هەر كەسێك ئازا بێت ئەوە كورسی دەبات، تەنانەت برایانی یەكگرتوو 100% قەناعەتیان هەبوو كە ئێمە لە دوو كورسی كەمتر ناهێنین، وە ئەگەر دەنگەكانی خۆشمان بهێنینەوە سێ كورسیمان بەردەكەوت، ئەوە داتاكانیش هەیە، بەڵام ئیتر كە لیستێك لە 11 كورسییەوە دێتەسەر پێنج، حەقیقەت مەجالی تێدا نامێنێ.
درەو میدیا: پێتانوایە لەڕووی سیاسییەوە یەك لیستیی لەگەڵ یەكگرتوو هەنگاوێكی دروست بوو ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: زۆر زۆر دروست بوو، ئێستاش لێی پەشیمان نیم، لەبەرئەوەی ئێمە هەر لەم سلێمانییەدا تا 200 كادیری حاڵەتە ئیسلامییەكە نەك حیزبی، بە حیزبیو غەیرە حیزبییەوە هەمویمان لەوێدا كۆكردەوە، هەر 200 كەسەكە داوایان لێكردین یەك لیست بین، كە وەختێك ئێمەو یەكگرتوو هاتینەسەر ئەو قەناعەتەی كە یەك لیست بین زۆر هەوڵماندا لەگەڵ كۆمەڵ، ئەوان نەیانكرد، كە نەیانكرد ئێمە نەدەبوایە پەشیمان ببینەوە، لەبەرئەوە ئەو 200 كادیرە داوایان لێكردین.
درەو میدیا: بەبۆچونی ئێوە كۆمەڵی ئیسلامی بۆچی بەشداری لیستە ئیسلامییەكەی نەكرد، هەندێك قسەوباس هەن باس لەوەدەكەن ئێرانییەكان دژی یەك لیستیی ئیسلامییەكان بوون، ئەمە راستە ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: حەتەمەن، ئەوە یەك و دووی تیا نییە كە خەڵكێك هەبووە كە یەك لیستیی زۆر پێناخۆش بووە، بەڵام ئێمە وەكو خۆمان لەو دانیشتنانەی كە كردوومانە هەموو دانیشتنەكان سەركەوتوو بووە، ئەوە نەبووە كۆمەڵی ئیسلامی بڵێت یەك لیستی ناكەم یاخود هاوكاری ناكەم، شتەكان زۆر باش بوون، بەڵام ئێمە لەوێدا حەكەممان هەبوو، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیمان وەكو حەكەم هێنابوو، ئەوان ئەبوایە حوكمیان بدایە ئایا خەتای عیرفانە یان خەتای فڵانەكەسە، دوای ئەوەی یەك لیستییەكە شكستی هێنا ئەوان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە كەوا برایانی كۆمەڵی ئیسلامی ئامادە نەبوون بێنە ناو ئەو لیستەوە.
درەو میدیا: بەبۆچی ئێوە بەشدارنەبوونی كۆمەڵی ئیسلامی لە لیستە ئیسلامییەكەدا پەیوەندی بە ناڕەزایەتی ئێرانییەكانەوە هەبوو ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نازانم، ئەوە ئەبێت تەئریخ یان ویكیلیكسێكی تر ئەو شتانە بڵاوبكاتەوە (بەپێكەنینەوە).
درەو میدیا: ئێستا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی چۆنە ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئێستا زۆر باشە لەگەڵ یەكگرتوو لەگەڵ كۆمەڵ لەگەڵ هەموو كەس.
درەو میدیا: یەك لیستییەكەتان لەگەڵ یەكگرتوو بەردەوامە سەرباری ئەوەش كە كورسیتان لە پەرلەمان نییە؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نا نا، ئەو پرۆسەیە ئیتر تەواو.
درەو میدیا: واتە تەنیا بۆ هەڵبژاردن بوو ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نا، بڕوا ناكەم جارێكی تر ئێمە یەك لیستی بكەین، لەمەولا هەر كەس بۆ خۆی.
ئەوەی بەشداری لە حكومەتدا دەكات ئەمجارە پێگەی لە جاران زۆر لاواز تر دەبێت
درەو میدیا: واتە جارێكی تر ئامادەنین تەنانەت لەگەڵ یەكگرتووشدا یەك لیستی بكەن ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: نا، لەبەر ئەوەی تۆ ئەو خەڵكە داوایان لێكردی، دوایی وەكو ئەهلی كوفەیان لێكردی، داوایان لێكردین، دوایی پشتیان لێكردین (بەپێكەنینەوە)، ئەوە تەجروبەیەك بوو فەشەلی هێنا، فەشەلیان پێ هێناین، كردینیان بە دەرسێك بۆ ئەوەی جارێكی تر موسوڵمان بیر لە یەك لیستیی نەكاتەوە، ئەوە دەرسێك بوو كە پێیانداین، برایانی یەكگرتوو چەندجارێك هاتوون دڵنەواییان كردوین، ئێمە تەنیا یەك داواكاریمان هەبوو، پێمانوتن زۆر چاكە ئێوە هەر بەناوی خۆتانەوە لە پەرلەمانی كوردستان كاربكەن كە فراكسیۆنی یەكگرتووە، بەڵام تەنیا لەڕووی قانونییەوە تا چوار ساڵەكە تەواو ئەبێت نە ئێمە ئەچین هاوپەیمانێتییەكە هەڵئەوەشێنینەوە، نە ئێوە، لەبەرئەوەی كۆمەڵێك مەسائیلی قانونی هەیە با بەردەوام بێت.
درەو میدیا: باستان لەوەكرد جارێكی تر یەك لیستیی ناكەن، بەڵام ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامی ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، ئامادەن پێكەوە لەگەڵ كۆمەڵو یەكگرتوو كاری هاوبەش بكەن ؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەی بۆچی نایكەین، ئێمە ئەو وەزعە خراپەشمان بەسەردا هات لە مەسەلەی ئینشیقاقو ئەو شتانە، ئەمە رێگر نەبوو لەوەی كە لەگەڵ یەكتردا دابنیشین، ئێستا بۆ رێگر بێت، تەنانەت لەگەڵ ئەو حیزبانەی تریش، ئەو حزبانەی كە پێشتریش لە هەولێر دانیشتین (گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی، یەكگرتوو، بزوتنەوە) ئێمە پێشنیازمان كرد كە یەك بین، بەڵام بەداخەوە ئەوەش سەرینەگرت.
درەو میدیا: ئێستا لایەنەكان سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی كاندیدی سەرۆكی حكومەتی لە نێچیرڤان بارزانییەوە گۆڕیوە بۆ مەسرور بارزانی، پێتانوایە ئەم كابینەیە جیاواز دەبێت؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: مەسەلەی جۆری دەسەڵاتە لە هەرێمی كوردستاندا، تۆ بتەوێت ئەم دەسەڵاتەی دوێنێ جیاوازی هەبێت لەگەڵ ئەمڕۆدا لە سەدا سەد، هەر ناكرێت، بەڵام دەكرێت بڵێین لە 10% بۆ 20% ئێمە بەوە رازین، ئەوەندە چاكسازی ببێت لە دەسەڵاتی سیاسیدا، جاری پێشوو دەرفەتێكی باش بوو كە ئەو پێنج حزبە بەشداریان تێدا كرد، ئەكرا كۆمەڵێك گۆڕانكاری باش بكرێت، بەڵام نەكرا، ئەمجاریش ئەو قسانەی كە دەكرێتو پەلەی تێداناكرێت، لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕان شتێكی باشە، ئێمە حەز ئەكەین ئەو میللەتە بەرەوپێش بچێت، كێ پێی ناخۆشە سیستمەكەی سیسستمێكی باش بێت؟ ئەوەی ئێستا دوایدەخەنو وتوێژی لەسەر دەكەن، ئەگەر حكومەتی ئایندە جیاواز بێت لەوەی پێشوو، كارێكی زۆر باشە، دواشبكەوێت هەر باشە، بەڵام ئەگەر هەروەكو پێشوو بێت، خراپە.
درەو میدیا: تێڕوانینی خۆت چۆنە پێتوایە كابینەیەكی جیاواز بێت؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەسڵی گۆڕانكاریم پێباشە، واتا ئەمجارە كە كاك نێچیرڤان سەرۆكی حكومەت نیە شتێكی باشە بەلای منەوە.
درەو میدیا: واتا گۆڕینی كارەكتەرەكان گۆڕانكاری دروستدەكات لەبواری حكومەتداریدا؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: هەرچۆنێك بێت باشترە لەوەی هەمان كەس بێت، لەبەر ئەوەی یەكەم خەڵك بێزار دەبێت ئەگەر هەر هەمان كەس بێت، دووەم، ئەو كارەكتەرە كە دەڕەوات كۆمەڵێك خەڵكیش لەگەڵ خۆیدا دەبات، كۆمەڵێك خەڵكی تازەی تر دێنە سەركار، ئەم كۆمەڵە خەڵكە تازەیە ئۆمێد دەكەین كۆمەڵێك گۆڕانكاریان پێبێت، بەتایبەت لە ئێستادا كە ئەحزابی پێشتر ئۆپۆزسیۆن بوون بەشداری تێدادەكەن، ئومێد دەكەین ئەو بەرنامانە بگۆڕن. ئێمە ناكرێت هەر بە رەشبینی سەیری بارودۆخەكە بكەین، بەڵكو ئیشەڵڵا چاك ببێت، بەتایبەتیش ئێستا كە بەغداد، ئیشی ئێمە چاكسازی ئێمە لەمەودوا بەستراوەتەوە بە بەغداوە، ئەگەر لە بەغداد حكومەتێكی بەهێز بێتە سەر، حوكم چاكسازی بكات، دڵنیابە سەد دەر سەد كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش دروستدەكات، لەبەر ئەوە بەغدادیش لە حكومەتی هەرێم قبوڵناكات ئەو بارودۆخە ئاوا بڕوات، نەگبەتی كورد ئەوەیە كە بەغداد جێگرنیەو سەقامگیری رووی تێناكات، ئێستا ئەوەتا خراپترین بارودۆخی هەیە.
درەو میدیا: كابینەی نۆیەمیش هەمان ئەو حزبانە پێكیدەهێنن كە كابینەكانی پێشووتریان پێكهێناوە، پێتانوایە گۆڕانكاری لە عەقڵیەتی ئەو حزبانەدا دروست بووبێت؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ناتوانن نەكەن، رۆژە بەرۆژ خەڵكی وشیارترە، رۆژ بەرۆژ خەڵكی زیاتر داوای مافەكانی خۆی دەكات، ئێستا جاران نیە كە تۆ كەركوكت لەبەردەست بێتو سنورت تا ئاستێك دیاریكراوبێتو كەس نەتوانێت تەداخول بكات، نەخێر ئێستا بەغداد هەیە، كەركوكت لەدەستدا نەماوە، ئێستا بەغداد كۆمەڵێك فشاری هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان، ئەگەر حكومەتی هەرێم وەك پێشتر رەفتار بكاتو چاكسازی نەكات، بەتایبەت لە بواری ئابوریدا، لە بواری موچەو بودجەدا، دڵنیابە خۆیان زیان دەكەن، لەبەر ئەوە ناتوانێت وەك رابردوو بێت.
درەو میدیا: بەڵام لەچاو رابردوودا ئەم دوو هێزە دەنگیان زیادیكردووەو كورسیشیان زیادیكردووە؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: دەنگەكە هەموو كەس دەزانێت دەنگی راستەقینە نیە، هۆكاری زیادكردنی ئەو دەنگانەش ئەوەیە كە ئەو هێزەی هەژمونی هەیە بەسەر هەرێمی كوردستانو عێراقدا، هیچ بەدیلێكی پارتیو یەكێتی نەبووە، بەدیلی نیە واتا پارتیو یەكێتی بڕوا كێ حوكمی كوردستان دەكات، لاوازی بەدیلەكەیە، نەمانتوانیوە چەند حزبێك بەدیل دروستبكەین، ئەو بەدیلەی هەیە ئەوەیە كە ئەتوانێت بەرژەوەندییەكانی ئەو هێزانە بپارێزێت كە هەژمونیان هەیە بەسەر عێراقو هەرێمی كوردستاندا، وەكو ئەوەی چۆن پارتیو یەكێتی ئەیپارێزێن، ئەگەر ئەوە هەبێت بەڵێ ئەوە ئەو دەسەڵاتە دەكەوێتە ژێر مەترسییەكی گەورەوە.
درەو میدیا: لاوازی بەدیلەكە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: ئەو هێزانەی وا خۆیان داناوە لە روبەروبونەوەی ئەو دەسەڵاتەدان، لەناوخۆی خۆیاندا بەدگۆمانن لەیەكدی، هەریەكەیان حەز ئەكات خۆی هەبێتو ئەوەی دێكە نەبێت، خاوەنی پرۆژەی یەكگرتوو خۆیان نینو چەندجاریش هاوارمان كردووە، هەتا پرۆژەیەكمان دا بە ئۆپۆزسیۆنی كوردستان قبوڵیان نەكرد، یەكێك لەو بەدگومانیانەی كە لە كاك بەرهەم ساڵح هەیان بوو، ئەیان وت بۆیە قوبڵمان نیە ئەو پێنج حزبە ببینە ئۆپۆزسیۆن پێكەوە، كە بەهێزو بەقوەت بێتو بتوانێت مەترسی لەسەر دەسەڵات دروستبكات، ئەیانوت كاك بەرهەم ئەیەوێت سودی شەخسی خۆی هەبێت لەوبەرە ئۆپۆزسیۆنەدا، وتمان سودی شەخسیشی هەبێت ئەم باشترە.
درەو میدیا: واتا ترسیان لە بەهێزی كارەكتەری بەرهەم ساڵح هەبوو؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: بەڵێ، بەڵێ، بۆیە ئەوە یەكێك بوو لەو كێشانەی كە بەدگومان بوون لەیەك، متمانەیان بەیەك نەبوو، ئێستەش بەهەمان شێوە دەیبینی كە متمانەیان بەیەك نیە، ئەوە یەكێكە لەو كێشە گەورانە كە ئۆپۆزسیۆن لەناوخۆیدا ستراتیژێكی یەكگرتووی نیە، تێڕوانینێكی یەكگرتووشی نیە كە چۆن ئەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێت، بۆ نمونە برایانی كۆمەڵو گۆڕان یەك تێروانیان هەیە بۆ گۆڕینی دەسەڵات؟ بێگومان نیانە، دوو تێروانینی جیاوازیان هەیە. من هاوارم كرد وتم: با ئێمەی ئیسلامی یەك تێڕوانین تەبەنی بكەین بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ئەو خەڵكە بەئێمە دەڵێت ئێوە شەریعەت جێبەجێ دەكەن یان نایكەن، روانینتان چیە بۆ ئازادییەكان، بۆ مافی ژن، مافی مرۆڤ، ئێ با جارێ ئەمانە یەكبخەین ئیتر بزانن ئەو خەڵكە دەنگت پێدەدات یان نایدات، ئێستا خەڵكەكەش نازانێت بۆچی دەنگ بەتۆ بدات، ئەگەر دەنگیشت پێ بدات لەبەر ئەوە دەنگ دەدات ئەڵێت ئەمانە دەستیان پاكەو فەقیرنو با بچنە سەر كورسی، واتا دەنگ نادا بە تۆ كە حوكمی بكەیت، دەنگ بەوە ئەدا ئەڵێت فەقیرە با كورسی بهێنێت.
درەو میدیا: ئەم هێزانە كە لەدرەوە هێندە لاوازبن، بچنە حكومەتەوە چییان پێدەكرێت؟
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: كاتی خۆی دەرفەتێكی ئاڵتونی بوو كە كاك نەوشیروان مابوو، كاك مەسعودو مام جەلال هەموویان حورمەتیان ئەگرت، كارەكتەرێك بوو خۆی خوڵقێنەری بەشێك لە رووداوەكانی كوردستان بوو، مەحرەم بوو بە دەسەڵات، ئەو كەسەی مەحرەمە بەدەسەڵات زیاتر ئەتوانێت چاكسازی بكات وەك لە كەسێك لەدەرەوەی دەسەڵات، ئەمە 25 كورسی هێنا بوو، مەحرەم بوو بەدەسەڵات، هەمووشی حورمەتی ئەگرت، هەتا ئەوانەی یەكێتی نیشتیمانیش وەك مامۆستایەك سەیریان ئەكرد، دەرفەتێكی زێڕین بوو بەوەی ئەو حكومەتەی كە ناونرا حكومەتی پێنج ئەستێرە بتوانێت كۆمەڵێك گۆڕانكاری زۆر چاك بكات بۆ نەوەكانی ئایندە، بەڵام بەداخەوە لەبەرئەوەی نەبوونی یەك روانین بۆ چاكسازی لە هەرێمدا ئەوەبوو ئەوەشی پەكخست، دواتر نەبوونی ئەو ستراتیژییە كە بتوانێت تەفكیكی بازنەكان بكات، بازنەی دەسەڵات، بازنەی قانونگوزاری، بازنەی سوڕی ئابوری، ئەمانە لەیەك جیابكاتەوە، ئەگەر من لە بازنەی ئابوری چاكسازی كرا، با بازنەكانی تر كاریگەری لەسەر نەكات، ئەگەر من لەمەدا چەقیم، بۆ پەرلەمان دابخرێت؟ ئەوە ئێمە ئەو پرۆژەیەمان دانا وتمان با تەفكیكی بكەین بە گوێیان نەكردین، كە ئێمە ئۆپۆزسیۆنیش بووین كە تەنها حزبێك بووین دەنگمان بەو حكومەتە پێنج ئەستێرەییە نەدا، بەڵام لە دڵسۆزیمان بۆ بارودۆخە هاتین ئەو پرۆژەیەمان پێدان، وتمان كاكە وەرن لەسەر ئەم بنەمایە با چاكسازی بكەین، نەیانكرد كە نەیانكرد ئەوەبوو ئەو دەرفەتە ئاڵتونییەیان لەدەستدا.
تۆ بە 40 كورسییەوە بە مانی كاك نەوشیروانەوە وەك پاڵپشتییەكی مەعنەوی، نەتوانیوە چاكسازی بكەیت، ئێستا بە 20 كورسییەوە، بەنەمانی هیچ كەسایەتیەكی كاریزمیی، وە بە پێچەوانەشەوە، جاران پارتیو یەكێتی لاواز بوون، ئێستا پارتی بەتەنها ئەتوانێت حكومەتی پێكبهێنێت، ئێستا چی منەتێكی بەتۆ هەیە، حەتمەن ئەمجارە ئەوەی كەوا بەشداری دەكات لەو حكومەتەدا، پێگەی زۆر لاوازترە لە جاران، بێجگە لە یەكێتیو پارتی.