درەو: داهاتی مانگی حوزەیرانی نەوتی عێراق نزیكەی ( 3 ملیار ) دۆلارەو بەراورد بە مانگی ئایار نزیكەی (800 ملیۆن) دۆلار زیادی كردووە واتا بەڕێژەی (26%). وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی حوزەیرانی 2020ی بڵاوكردەوە بە جۆرێك داهاتی مانگی ئایاری نەوتی عێراق ( 2 ملیارو 91861ملیۆن ) دۆلاربووە، لە كاتێكدا داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئایار ( 2 ملیارو 91ملیۆن) دۆلار بووە، ئەوە لە كاتێكدایە داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی یەكی 2020دا ( 6 ملیارو 163 ملیۆن) دۆلار بووە. 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 2020/6 🔹نەوتی هەناردەكراو: ( 84ملیۆن و 490هەزارو 194) بەرمیل نەوت 🔹رۆژانەی هەناردەكراو: ( 2ملیۆن و 816هەزار) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (33.86) دۆلار. 🔹داهاتی نەوت: ( 2 ملیارو 861ملیۆن و 141) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 5/2020 🔹نەوتی هەناردەكراو: ( 99 ملیۆن و 585 هەزارو 283) بەرمیل نەوت 🔹رۆژانەی هەناردەكراو: ( 3 ملیۆن و 212 هەزار) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (21) دۆلار. 🔹داهاتی نەوت: ( 2 ملیارو 91 ملیۆن و 811هەزار) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 4/2020 🔹نەوتی هەناردەكراو: ( 103 ملیۆن و 144 هەزارو 911) بەرمیل نەوت 🔹رۆژانەی هەناردەكراو: ( 3 ملیۆن و 438 هەزار) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (13.8) دۆلار. 🔹داهاتی نەوت: ( ملیارێك و 423 ملیۆن و 799هەزار) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 3/2020 🔹فرۆشی نەوت: (105 ملیۆن و 102 هەزار و 927) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیل: (28.4) دۆلار 🔹كۆی داهات: ( 2 ملیار و 988 ملیۆن و 711 هەزار) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 2/2020 🔹فرۆشی نەوت (98 ملیۆن و 347 هەزارو 884) بەرمیل 🔹داهات ( 5ملیارو 52 ملیۆن و 528هەزار) دۆلار 🔹نرخی بەرمیل: (51.4) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 1/2020 🔹فرۆشی نەوت: ( 102 ملیۆن و 485 هەزار 591 ) دۆلار 🔹داهاتی نەوت : ( 6 ملیارو 163 ملیۆن و 338 هەزار) دۆلار بووە. 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (60) دۆلار
راپۆرت: فازڵ حەمەرەفعەت - محەمەد رەئوف ١٧ ساڵ لەمەوبەر هەرێمی کوردستان بەبێ ئەوەی نەوت بفرۆشێت و بەشە بودجە لە بەغداد وەربگرێت، تەنیا بە داهاتی ناوخۆی ئیدارەی دۆخی دارایی خۆی دەدا، لە شەش ساڵی رابردوودا کە حکومەت سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی راگەیاندووە، سەرباری ئەوەی حکومەت نەوتی فرۆشتووەو بڕێک پارەشێ لە بەغداد وەرگرتووە، بەڵام (٢٧ ملیار) دۆلار قەرزار بووە، ئایا نەوت بۆ هەرێمی کوردستان رەحمەت بووە یان لەعنەت ؟ ئابوری سەربەخۆ ! ساڵی ٢٠١٤ کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد، ئابوری سەربەخۆی راگەیاند. ئەوەی ئەوکات ناوی لێنرابوو "ئابوری سەربەخۆ" بەدیاریکراوی مەبەست لێی ئەوەبوو هەرێم بەشێوەیەکی سەربەخۆو دوری لە چاوی بەغداد نەوتەکەی بفرۆشێت و بودجەی خۆی دابین بکات. ئەم بڕیارە، هەرێمی كوردستانی لە سەقامگیری ئابوری و موچەو بازاڕەوە گۆڕی بۆ قەیرانێكی گەورەو كەڵەكەبوو، لەدوای بڕیارەکەوە بەشێوەیەکی بەردەوام و تائێستا ئابوری هەرێم لەدۆخێکی ناسەقامگیردا دەژی. پێش ئابوری سەربەخۆ تا ساڵی 2003و پێش پرۆسەی ئازادی عێراق، حكومەتی هەرێم (دوو ئیدارەكە) بە داهاتی ناوخۆ موچەی موچەخۆران و خەرجی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی دابین دەكرد. لەدوای 2004ەوە، حكومەتی هەرێم سەرچاوەیەکی تری داهاتی دەستکەوت، ئەوکات حکومەتی عێراق کە (ئەیاد عەلاوی) سەرۆکایەتی دەکرد، بڕیاریدا (17%)ی کۆی بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت. لە 2004 تا 2014 حكومەتی هەرێم بەبەردەوامی بەشە بودجەی خۆی لە بەغداد وەردەگرت، كە بەشێوەیەكی گشتی مانگانە بە تێكڕا دەگەیشتە (ترلیۆنێک و 200 ملیار) دینار، هەرێم مانگانە پارەکەی بەغدادی بەمشێوەیە دابەشکردبوو بەسەر خەرجییەکانیدا: 🔹 بڕی (850 ملیار) دینار بۆ موچەی موچەخۆران 🔹 بڕی (350 ملیار) دینار بۆ خەرجی دیكەو وەبەرهێنان تا ئەوكاتە حکومەتی هەرێم هیچ كێشەیەكی موچەو بودجە نەبوو، بەپێی زانیارییەکانی لەنێوان ساڵانی 2004 بۆ 2013، لە بەغدادەوە بڕی (75 ملیار) دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، نوری مالیکی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق قسەیەکی تر دەکات و دەڵێ لەماوەی نێوان ساڵانی 2004 بۆ 2014، زیاتر لە (119 ملیار) دۆلار لە بەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە، بۆ نمونە: 🔹 ساڵی 2004 كۆی بودجەی عێراق (13 ملیار) دۆلار بووە، لەم رێژەیە پشكی هەرێم (2 ملیار و 330 ملیۆن) دینار بووە، واتە هەرێم رێژەی 17.9%ی بودجەی عێراقی بردووە. 🔹 ساڵی 2010 بودجەی عێراق (72 ملیار) دۆلار بووە، پشكی هەرێم (9 ملیار) دۆلار بووە، واتە رێژەی 14.4%ی بودجەی ئەو ساڵەی بردووە. 🔹 ساڵی 2013 كە دوا ساڵی ناردنی بودجە بووە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، بودجەی عێراق (115 ملیار) دۆلار بووە، پشكی هەرێم (12 ملیار) دۆلار بووە، واتە هەرێم رێژەی 10.4%ی کۆی بودجەی عێراقی بردووە. تا پارە لە بەغدادەوە دەهات واتە تەوەکو ساڵی ٢٠١٣، کابینەکانی حکومەت لە هەرێم بەبەردەوامی پرۆژەی بودجەیان رەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكردو حكومەتی هەرێم خاوەنی یاسای بودجە بوو. نەوت سەری موچە دەخوات ! ساڵی 2013 بانگەشەی ناردنە دەرەوەی نەوت لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێم، بەدیاریکراوی (ئاشتی هەورامی) وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەکانەوە دەستیپێكرد. دوای بانگەشەکانی هەرێم، لە پرۆژە یاسای بودجە فیدراڵدا بۆ 2013، حكومەتی عێراق مەرجی رادەستكردنی (200 هەزار) بەرمیل نەوتی بەستەوە بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە، حكومەتی هەرێم بەمە قایل نەبوو، بەڵام حكومەتی عێراق بەشە بودجەكەی نەبڕی. ساڵی 2014 حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی كرد بە ناردنە دەرەوەی نەوت لەڕێگەی بۆریەوە، هەندێک لە بەرپرسانی هەرێم بانگەشەی ئەوەیان کرد ئاستی هەناردەی نەوت دەگەیەننە (یەك ملیۆن) بەرمیل لە رۆژێکدا، حكومەتی عێراق جارێکی تر لە پرۆژە بودجەی 2014دا مەرجی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمیان بەستەوە بە رادەستكردنی (400 هەزار) بەرمیلی رۆژانەوە، واتە بەبەراورد بەو رێژەیەی کە ساڵی ٢٠١٣ داوای دەکرد، بۆ ساڵی ٢٠١٤ عێراق رادەستکردنی (٢٠٠ هەزار)ی لەسەر هەرێم زیادکرد. حكومەتی هەرێم ساڵی ٢٠١٤ بە مەرجەكەی عێراق رازی نەبوو، عێراق بڕیاری بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی دەركرد، هەرچەندە لە دوای ئەو بڕیارەوە دوو جاری ترو لە مانگی (شوبات و ئایاری 2014)دا بڕێكی دیاریكراوی پارەی بۆ هەرێم نارد، لەگەڵ ئەوەشدا بودجەی عێراق لە پەرلەمان پەسەند نەكرا. لەدوای ساڵی 2014 و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە عێراق، هەرێمی كوردستان كەوتە ناو قەیرانێكی قوڵی داراییەوەو تا ئێستاش بەدەستیەوە دەناڵێنێت. بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تاوەکو ساڵی ٢٠١٣ واتە بەر بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان کە بە تەنکەر فرۆشراوە (٧ ترلیۆن و ٩٠٠ ملیۆن) دۆلار بوو. ئابوری سەربەخۆو حکومەتێکی قەرزار لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، حكومەت (27 ملیار) دۆلار قەرزدارەو هیچ یەدەگ و پاشەكەوتێكیشی نیە. ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی راپۆرتێك، کە کابینەی مەسرور بارزانی لە رۆژی (28/4/2020) ئاڕاستەی حکومەتی عێراقی کردووە، لە دوای بڕیاری ئابوری سەربەخۆوە، واتە لە 2014ەوە تائێستا کە ماوەی (٦ ساڵ) دەکات، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق بڕی (75 ترلیۆن و 541 ملیار و 843 ملیۆن) دینار بووە، بەڵام هەرێم لەو بڕە پارەیە تەنها (13 ترلیۆن و 370 ملیار و 533 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە. بەوپێیە لە ماوەی ئەو (6) ساڵەدا، بڕیاری ئابوری سەربەخۆ بڕی (62 ترلیۆن و 171 ملیارو 310 ملیۆن) دینار زیانی لە هەرێمی كوردستان داوە. بەمشێوەیە: 🔹 ساڵی 2014 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (19 ترلیۆنو 999 ملیارو 616 ملیۆن) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆنو 280 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (17 ترلیۆنو 719 ملیارو 616 ملیۆن) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2015 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (14 ترلیۆنو 817 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (2 ترلیۆنو 476 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆنو 341 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2016 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (12 ترلیۆنو 570 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕەپارەیەكی وەرنەگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (12 ترلیۆنو 570 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2017 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (11 ترلیۆنو 605 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم هیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە هەرێم بڕی (11 ترلیۆنو 605 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2018 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (6ترلیۆنو 776 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (3 ترلیۆنو 175 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (3 ترلیۆنو 591 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. 🔹 ساڵی 2019 پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق بڕی (9 ترلیۆنو 783 ملیار) دیناربووە، لەم رێژەیە هەرێم تەنیا بڕی (5 ترلیۆنو 439 ملیار) دیناری وەرگرتووە، واتە تەنیا لەو ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆوە، هەرێم بڕی (4 ترلیۆنو 343 ملیار) دینار زیانی دارایی بەركەوتووە. (بڕوانە خشتەی ژمارە) گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر ئێستا بەڕوونی بۆ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركەوتووە، سیاسەتی هەڵەی نەوت، دۆخی كوردستانی بەم دەردە بردووە. مەسرور بارزانی وتی:" لەكۆی 700 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت، تەنها 300 ملیۆن دۆلاری بۆ حكومەتە" بە جۆرێك داهاتی نەوت مانگانە دابەش دەكرێت بەسەر قەرزو كرێی بۆری و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت. بەپێی راپۆرتی حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت لە مانگی چواردا بەم شێوەیە بووە: 🔹 رۆژانە (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت 🔹 نەوت بە (20) دۆلار فرۆشرا 🔹 كۆی داهاتی نەوت (261 ملیۆن) دۆلار 🔹 (60 ملیۆن دۆلار) بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت 🔹 (30 ملیۆن) بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت 🔹 (50) ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی توركیا لەدواین وتاریدا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" مانگی رابردوو تەنیا ٣٠ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی هەرێم"، واتا دوای شەش ساڵ لە بڕیاری ئابوری سەربەخۆ، كە مانگانە (ترلیۆنێك و 200 ملیار) دینار لە بەغداوە دەهات، سیاسەتی نەوتی ئێستا گەیشتوەتە سەر (30 ملیۆن) دۆلار. سەرۆكی حكومەتی هۆكاری ئەم دۆخە سەختە ئابورییەی گەڕاندەوە بۆ" سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگری نەوت"، واتا دوای شەش ساڵ لە قەیران و نەهامەتی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر لەبری پشت بەستن بە داهاتی نەوت. ئێستا دۆخەکە گەیشتوەتە ئاستێک، هەرێم بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕینی بەشە بودجەی عێراق، ئامادەیە هەموو نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.
(درەو): راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی: • پێشبینییەكان بۆ ئابوری عێراق لە شەش مانگی رابردوودا خراپتر بوون. • پێشبینی دەكرێت داهاتی ناوخۆیی لە ساڵی 2020دا بەرێژەی 9,7% كەمبكات، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵی رابردوو ئاستی گەشەی ئەرێنی ئابوری عێراق گەیشتوەتە 4,4%. • لە ساڵی 2003وە ئەمە خراپترین ئاستی ئابورییە كە لەمساڵدا عێراق بەخۆیەوە دەبینێت. • ئەو بارودۆخەی كە لە عێراق هەیە، تەنانەت بەر لە قەیرانی دابەزینی نرخی نەوتیش، تواناكانی وڵاتی سنورداركردبوو لە ئیدارەدانو كەمكردنەوەی لێكەوتە ئابورییو كۆمەڵایەتییەكانی دابەزینی نرخو كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتو رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرنا. • پشتبەستن بە نەوتو رۆڵی بەرفراوانی كەرتی گشتی لە چالاكییە ئابوریو بازرگانییەكان لە عێراق گرفت بۆ رەخساندنی هەلی كار بۆ خەڵك دروستدەكات كە زۆربەیان گەنجن. • زیادبوونی دامەزراندن لە كەرتی گشتیو دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینییو حەواڵەی جۆراوجۆری داراییو كەبونەوەی داهاتی نەوت، پێشبینی لێكەوتی زیانبەخشی ئابورییان لێدەكرێت. • تەنانەت ئەگەر نرخی نەوت لە دەوروبەری (30 دۆلار)یشدا رابوەستێت، ئەگەر چاكسازی نەكرێت، پێشبینی بانكی نێودەوڵەتەتی ئەوەیە: - بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 رێژەی 29%ی كورتهێنانی دەبێت. - تەنیا بۆ موچەی موچەخۆران عێراق پێویستی بە (67 ملیار) دینارە، واتە زیاتر لە 39%ی كۆی داهاتی ناوخۆیی. - لەم بارودۆخەدا ئەگەر پشت بە دابینكردنی دارایی لەناوخۆدا ببەسرێت، یەدەگی بانكی ناوەندی كەمدەبێتەوەو زیان بە بودجەی گشتی بانكەكە دەگات، ئەمەش دەبێتەهۆی دروستبوونی فشاری هەڵاوسانو نرخی دراو. • پێویستە عێراق دەستبكات بە جێبەجێكردنی ئەجێندای چاكسازییەكی ئابوری گشتگیر بە ئاڕاستەی ئەوەی كەرتی تایبەت سەركردایەتی گەشەی ئابوریو رەخساندنی هەلی كار بكات.
درەو: داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق لە ( 6 ملیار) دۆلارەوە بۆ ( ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار) كەمیكردووە بەڕێژەی (400%). وەزارەتی نەوتی عێراق داهات و فرۆشی نەوتی مانگی نیسانی 2020ی بڵاوكردەوە بەم شێوەیە: 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 3/2020 🔹نەوتی هەناردەكراو: ( 103 ملیۆن و 144 هەزارو 911) بەرمیل نەوت 🔹رۆژانەی هەناردەكراو: ( 3 ملیۆن و 438 هەزار) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (13.8) دۆلار. 🔹داهاتی نەوت: ( ملیارێك و 423 ملیۆن و 799هەزار) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 3/2020 🔹فرۆشی نەوت: (105 ملیۆن و 102 هەزار و 927) بەرمیل 🔹نرخی بەرمیل: (28.4) دۆلار 🔹كۆی داهات: ( 2 ملیار و 988 ملیۆن و 711 هەزار) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 2/2020 🔹فرۆشی نەوت (98 ملیۆن و 347 هەزارو 884) بەرمیل 🔹داهات ( 5ملیارو 52 ملیۆن و 528هەزار) دۆلار 🔹نرخی بەرمیل: (51.4) دۆلار 🔻 داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی 1/2020 🔹فرۆشی نەوت: ( 102 ملیۆن و 485 هەزار 591 ) دۆلار 🔹داهاتی نەوت : ( 6 ملیارو 163 ملیۆن و 338 هەزار) دۆلار بووە. 🔹نرخی بەرمیلێك نەوت: (60) دۆلار بەو پێیەش بەراوردی داهاتی نەوتی عێراق لە نێوان مانگی (1/2020 – 4/2020) لە ( 6 ملیارو 163 ملیۆن) دۆلارەوە بۆ ( ملیارێك و 423 ملیۆن) دۆلار كەمیكردووە، واتا بەرێژەی (400%) كەمیكردووە.
(درەو): "بەهۆی ئەو زیانانەی كردوویەتی كۆمپانیای دانە غاز بە نیازە پشكەكانی بفرۆشێت، ئەگەر دانە غاز هەوڵبدات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، ئەوا ئابوری هەرێم ڕووبەڕووی گورزێكی نوێ دەبێتەوە، لەكۆتایی ساڵی 2019وە حكومەتی هەرێم دەستیكردووە بە دواخستنی گێڕانەوەی قەرزە شایستەكانی كۆمپانیا و وەبەرهێنەران، كۆمپانیای دانە غازو هیلال داوای 11 ملیار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم كرد وەك قەرەبووی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە، چاودێران پێشبینی دەكەن هەرێمی كوردستان دووچاری كورتهێنان بێت لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش سەردەكێشێت بۆ توڕەیی زیاتری شەقامو ڕەنگە لەكۆتایدا ببێتە هۆی تەقینەوەی قەیرانێكی كۆمەڵایەتی فراوان" ئەمە بەشێكە لە راپۆرتێكی شیكاری ماڵپەری عێراقی 24. دەقی راپۆرتەكەی عێراقی 24 هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی گورزێكی ئابوری نوێ دەبێتەوە، دانە غاز بەنیازە پشكە داراییەكانی بۆ فرۆشتن بخاتەڕوو كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی ڕایگەیاند، كۆمپانیاكەیان لەمیانی كۆبونەوەی ساڵانەی كۆمەڵەی گشتی كۆمپانیاكە ڕەزامەندی پشكدارەكانی بەدەستهێناوە بۆ دەستكردن بە دیراسەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەبارەی سودەكانی جیاكردنەوەی كاری گەڕانو بەرهەمهێنان لە كۆمپانیایەكی سەربەخۆی نوێ، بەجۆرێك ئەویش بخرێتە چوارچێوەی بازاڕی ئەبوزەبی بۆ كاغەزی دارایی. ئەوەش مانای وایە كۆمپانیاكە بەنیازە پشكە دارییەكانی( موڵكەكانی) بفرۆشێت، بەهۆی ئەو زیانانەی بەم دواییە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. كۆمپانیاكە لەبەیاننامەیەكدا كە لەپێگەی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: بەپێی ئەو ڕێوشوێنە پشكدارانی ئێستا پشكیان دەبێت لەهەردوو كۆمپانیا جیاوازەكە، كە یەكێكیان تایبەتمەند دەبێت بە كاری گەڕانو بەرهەمهێنان، كە پرۆسەكانی كۆمپانیاكە دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستانی عێراقو میسر، كۆمپانیاكەی تریش تایبەتمەند دەبێت لەبواری گواستنەوەو چارەسەركردن، كە پرۆسەكانی پرۆژەی غازی ئیمارات لەخۆ دەگرێتو پەیوەستە بە پرسی ناوبژیوانی و قەرەبووكردنەوە. دانا غاز كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەو لەبواری غازی سروشتی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكات، لە كانوونی یەكەمی ساڵی 2005دا دامەزراوە، لە ڕیزی كۆمپانیاكانی بازاڕی ئەبوزەبییە بۆ كاغەزی دارایی. كۆمپانیای دانا غازو هیلال داوای 11 ملیار دۆلاریان لەحكومەتی هەرێم كرد وەك قەرەبووی ئەو زیانانەی پێیان گەیشتووە، لەئەنجامی پێنەدانی شایستە داراییەكانی چەند ساڵی ڕابردوویان، هەروەك ئەو دوو كۆمپانیایە توانیان لەساڵی 2015 سكاڵایەكی تر لە حكومەتی هەرێم ببنەوە كە لە لەندەن تۆماریان كردبوو لەسەری. بەوپێیەش دوو ملیار دۆلاریان وەرگرت وەك قەرەبووی پابەندنەبوونی حكومەتی هەرێم بە بڕگەكانی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ ئەو دوو كۆمپانیایە ئیمزای كردووە، كە لەبواری وەبەرهێنانە وزە لە هەرێم كاردەكەن. حكومەتی هەرێم قەرزی كۆمپانیا ئیماراتییەكان بەشێوەی سولفە دەدات، بەڵام لەئێستادا زیانەكانی، كۆمپانیاكە ناچاری دەكات كە پشكەكانی بفرۆشێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانە بەردەوامەی لەساڵی 2007وە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ئەگەر كارەكانی دانا غاز پەكی بكەوێت، یاخود هەوڵبدات بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لەو گرێبەستەی لەگەڵ حكومەتی كوردی ئەنجامیداوە، ئەوا ئابوری هەرێم ڕووبەڕووی گورزێكی نوێ دەبێتەوە. پسپۆڕان پێیانوایە، هەرێمی كوردستان خاوەنی لاوازترین ئابورییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێك هیچ توانایەكی نییە لەپەنابردن بۆ سود وەرگرتن لە دراوی یەدەگی سیادی عێراق كە 60 ملیار دۆلارەو، باری شانی گران بووە بە قەرز كە لە 10 ملیار دۆلار تێپەڕدەكاتو نزیكەی 70% تێكڕای بەرهەمی ناوخۆییەتی. هەروەها ناتوانێت دانوستان بكات بۆ بەدەستهێنانی قەرزی سیادی یان چەردەی هاوكاری. هەرێمی كوردستان لەكۆتایی ساڵی 2019وە دەستیكردووە بە دواخستنی گێڕانەوەی قەرزە شایستەكانی وەبەرهێنەران لەسەری بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە. بانكی "البحر المتوسگ"یش، گورزێكی ئازاربەخشی ئاراستەی هەرێمی كوردستان كرد دوای سڕكردنی بڕی یەك ملیار دۆلار، كە هەرێم لەڕێی پرۆسەیەكی نایاساییەوە لە لوبنان گلیدابووەوە. چاودێران وایدەبین، هەرێمی كوردستان دووچاری دۆخێكی كارەستاوی ئابوریی ببێت، لەئەنجامی قەرزە كەڵەكەبووەكانیو، كۆمپانیا وەبەرهێنەكانیش داوای قەرزەكانیان بكەن، كە پێشبینی دەكرێت حكومەتی هەرێم نەتوانێت بیانداتەوە. پێشترو لەدوو ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان خۆپیشاندانی فراوانی بەخۆوە بینی بەهۆی قەیرانی ئابورییەوە، بەڵام هێزە كوردییەكان لەڕێی بەكارهێنانی توندوتیژییەوە ڕووبەڕووی بونەوە. چاودێران پێشبینی دەكەن هەرێمی كوردستان دووچاری كورتهێنان بێت لەپێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش مانای توڕەیی زیاتری شەقامو ڕەنگە لەكۆتایدا ببێتە هۆی تەقینەوەی قەیرانێكی كۆمەڵایەتی فراوان. سەرچاوە: عێراقی 24
(درەو): نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی تاكساس بۆ خوار سفر دابەزی، بەڵام نرخی نەوتی خاو (21 )دۆلار و برێنت (26) دۆلار راوەستاوە، دابەزینی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی تایبەتە بە بازاڕی نرخی نەوتی ئەمریكاوە بەڵام بێكاریگەری نابێت لەسەر بازاڕی نەوتی جیهان. كەمبونەوەی خواست لەسەر نەوت لە بازاڕی جهانیدا بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی خۆرئاوای تێكساس بۆ كەمتر لە سفر دابەزاند، ئەمە دابەزینێكی مێژوویی بوو لە نرخی نەوتی خاوی ئەمریكی هاوكات لەگەڵ پڕبوونی ئەمبارەكانی نەوتدا. چاودێرانی بازاڕی نەوت دەڵێن، ئەوەی رویداوە حاڵەتێكی تایبەتە بە بازاڕی نەوتی ئەمریكی و بەهای نەوتی برێنت لە شوێنی خۆیدایەو ئەمڕۆ گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوە نەبینیوە. هۆكاری دابەزینی نرخی نەوتی تاكساس دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمبارەكانی نەوت لە ئەمریكا پڕبوون، خەرجی ئەمباركردن زیاتربووە، فرۆشیارەكان دەیانەوێت بەشێوەیەكی خێرا خۆیان لە نەوتی ئەمباركراوی مانگی ئازار رزگاربكەن، بۆیە نرخی نەوتیان توشی داڕمان كرد. دابەزینە مێژوییەكەی ئەمڕۆی نرخی نەوتی خاوی ئەمریكیی، بەڕای هەندێك لە چاودێران دەریخست ئەو رێككەوتنەی كە سەرەتای ئەم مانگە رێكخراوی "ئۆپێك پڵەس" كردی بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەمەبەستی جێگیركردنی نرخ لە بازاڕدا، هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییەو ناتوانێت لەم كاتەدا كە جیهان بەدەست قەیرانی كۆرۆناوە دەناڵێنێت نرخی نەوت سەقامگیر بكات. لە ساڵی ١٩٨٣وە كە دەستكراوە بە فرۆشتنی نەوتی خاوی ئەمریكی بەشێوەی گرێبەست، ئەمە نزمترین ئاستی نرخ بوو كە ئەمڕۆ نەوتی خاوی ئەمریكیی تۆماریكرد. 🔸ئەمریكا رۆژانە (15 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸سعودیە رۆژانە (12 ملیۆن) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸روسیا رۆژانە (10 ملیۆن و 800 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. 🔸عێراق رۆژانە (4 ملیۆن و 450 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. لەبارەی نەوتی خاوی (تاكساس) ئەمریكیەوە 🔹نەوتی خاوی ئەمریكی كە بە نەوتی خۆرئاوای تاكساس ناسراوە، خراپترین جۆری نەوتە لەسەر ئاستی جیهان لەرووی كوالێتیەوە كە نەوتێكی سوكەو كەمترین چڕی هەیە، نرخەكەی هەمیشە لە نەوتی خاوو برێنت كەمترە لە بازاڕەكانی جیهان، نەوتی خاوی تەكساس بریتیە لەو نەوتە سوكەی لە (تاكساس و لویزیانا و باكوری داكۆتا)ی ئەمریكا بەرهەمدەهێنرێت. 🔹 نەوتی برێنت كە لە بازاڕەكانی جیهاندا نرخەكەی ئێستا (26) دۆلارەو بەشێوەیەكی كەم نرخەكەی دابەزی، ئەو نەوتەیە كە لە (دەریای باكور لە نێوان دوورگەكانی شێتلاندی بەریتانیا و وڵاتی نەرویج) بەرهەم دەهێنرێت. 🔹نەوتی خاوی ئۆپێك كە ئێستا نرخەكەی (21) دۆلارە ئەو نەوتەیە كە لە وڵاتەكانی (عێراق، ئێران، سعودیە، كوەیت ، بەحرەین ، ئیمارات، عومان، نەیجیریا، لیبیا، جەزائیر، ئەنگۆلا، كۆنگۆ، كۆڵۆمبیا، ڤەنزوێلا، گینیای ئیستیوائی و گابۆن)، بەرهەمدەهێنرێت و زۆرترین بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێكدێنێت.
درەو: 🔻 نەوتی برێنت لە 23دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوە 🔻 نەوتی خاو لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە درەو: نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبوەوە لەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سوعودیە . لەدوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەوە ترەمپ رایگەیاند پێشبینی دەكەم رۆژانە 10 ملیۆن بەرمیل نەوت كەمبكرێـەوە بەوەش راستەوخۆ نرخی نەوتی بەرزكردەوە بە جۆرێك نرخی نەوتی برێنت لە 23 دۆلارەوە بۆ 31 دۆلار بەرزبوەوەو نرخی نەوتی خاویش لە 20 دۆلارەوە بۆ 25 دۆلار بەرزبوەوە. 🔹 ئێستا نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بەم شێوەیەیە: 🔸 نەوتی برێنت: 31.68 دۆلارە 🔸 نەوتی خاو : 25.87 دۆلارە 🔹 بەڵام لە 2020/3/30 نرخی نەوت بەم شێوەیە بوو : 🔸 نرخی نەوتی برێنت : 23.3 دۆلار 🔸 نرخی نەوتی خاو : 20.34 دۆلار
درەو: مانگانە(80 ملیۆن ) دۆلار لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەدرێت بە توركیاو بۆ مانگی چوار تەنها (60) ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ حكومەت دەمێنێتەوە. بەپێی راپۆرتی نهێنی و تایبەتی ئامادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ مانگی چوار (پێشبینیكراوی حكومەتی هەرێم) بەم شێوەیەیە:. • رۆژانە هەرێمی كوردستان (435 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردەدەكات. • بەرمیلی نەوت بە (20 دۆلار) دەفرۆشرێت • داهاتی مانگی چواری نەوتی هەرێم (261 ملیۆن) دۆلار دەكات لەو بڕە (261 ملیۆن) دۆلارە • (30 ملیۆن ) دۆلار بۆ توركیا مافی گواستنەوەی نەوت • (50 ملیۆن ) دۆلار بۆ قەرزی توركیا • (60 ملیۆن ) دۆلار بۆ كۆمپانیای رۆز نەفت • واتا (120 ملیۆن )دۆلار دەمێنێتەوە كە (50%)ی بۆ كۆمپانیا بەرهەمهێن دەچێت، واتا لە مانگی چواردا تەنها (60 ملیۆن) دۆلار دەمێنێتەوە. ئەم شیكاریە راپۆرتی تایبەت و ئامادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ مانگی چوار. بەڵام هەر بەپێی راپۆرتەكە لە مانگی رابردوودا پارەی نەوتی هەرێم بۆ موچە (295 ملیۆن) دۆلار بووە، بەڵام بۆ مانگی چوار دەبێت بە (60 ملیۆن) دۆلار، واتا داهاتی نەوتی هەرێم بۆ موچە (80%) كەندەبێتەوە. بەڵام بەپێی لێكدانەوەو زانیاری پەرلەمانتارانو شارەزایانی بواری نەوت داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم زۆر لەو بڕە زیاتر بووە كە حكومەتی هەرێم باسی كردووە بە جۆرێك: • حكومەتی هەرێم پێشتر مانگانە تەنها بڕی (295ملیۆن) دۆلاری داوەتە حكومەت بۆ موچە لە كاتێكدایە: • هەرێم رۆژانە (470 هەزار ) بەرمیل نەوتی رەوانە كردووو • نرخی بەرمیلێك نەوتی بە (50 دۆلار ) فرۆشتووە • داهاتی یەك مانگی نەوتی هەرێم ( 700 ملیۆن) دۆلار بووە لەو بڕە حكومەت تەنها (295 ملیۆن) دۆلاری داوە بە وەزارەتی دارایی بۆ موچە كەواتا ( 405ملیۆن) دۆلاری دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر (200ملیۆن) دۆلاریشی بۆ قەرزو كرێی كۆمپانیاكان بچێت (205 ملیۆن) دۆلاری دەمێنێتەوە. ناشەفافی و ئاڵۆزی لە داهاتی نەوت گومانەكانی گەندەڵی لەو كەرتەدا زیاتر كردووە، بە جۆرێك لەدوای پرۆسەی سەربەخۆی نەوتەوە هەرێمی كوردستان بەردەوام لە قەیرانی داراییدا بووە.
(درەو): حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (751 ملیار) دینار قەرزی لای كۆمپانیاكانە، بەپێی نوسراوێك كە دەست (درەو) كەوتووە، دەبێت قەرزارەكان لەماوەی سێ مانگدا ئەو پارانە بۆ حكومەت بگەڕێننەوە. بەپێی نوسراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانییەكان كە كۆپییەكی دەست (درەو) كەوتووە، دەبێت ئەو كەسو كۆمپانیایانەی كە قەرزیان لە حكومەت وەرگرتووە، لەماوەی سێ مانگدا قەرزەكانیان بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە حكومەت دەست بەسەر ئەو موڵكانەدا دەگرێت كە وەكو بارمتە (رهن) بۆ وەرگرتنی قەرزەكە دایانناوە. نوسراوەكە كە ئاڕاستەی گشت بانكە بازرگانییەكان كراوە، چەند مەرجێكی دیاریكردووە بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكان كە ئەمانەن: • گەڕانەوەی قەرزەكان دەبێت بە چەكی بانكیی بێت یاخود بەشێوەی كاش، بەمەرجێك كڕینو فرۆشتن بە چەكە بانكییەكەوە نەكرابێتو چەكە بانكییەكانی حكومەتی هەرێم بێت. • چەكە بانكییەكان بەناوی قەرزارەكانەوە بێتو چەكی بانكیی هەمان پارێزگا بێتو چەكی بانكە ئەهلییەكان نەبێت. • ماوەی گەڕانەوەی قەرزەكان (سێ) مانگەو ماوەكە لە رۆژی 10/2/2020وە دەستپێدەكاتو 10/5/2020. • دوای تەواوبوونی ماوەی (سێ) مانگەكە رێكاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو كەسو كۆمپانیایانە دەگیرێتەبەر كە قەرزەكانیان نەگەڕاندوەتەوە، ئەوەش لەڕێگەی دەستگیرتن بەسەر ئەو موڵكانەی كە وەكو بارمتە لای حكومەت دایانناوە بۆ وەرگرتنی قەرزەكانیان. قەرزی كۆمپانیاكان یەكێكی ترە لەو دۆسیە چارەسەرنەكراوانەی كە بە میرات لە كابینەكەی نێچرڤان بارزانییەوە بۆ كابینەی مەسرور بارزانی بەجێماوە، بەهای ئەم قەرزانە ئێستا گەیشتوەتە (751 ملیار) دینار، بەپێی یاسای چاكسازی كە بەمدواییە لە پەرلەمان پەسەندكرا، دەبێت حكومەت ئەم پارەیە لە كۆمپانیاكان وەرگرێتەوە، كێن ئەو كۆمپانیاو سەرمایەدارانەی كە سودمەندبوون لە قەرزی حكومەت، بۆ زانیاری زیاتر كلیك لەسەر ئەم ناونیشانەی خوارەوە بكە: ئەوانەی قەرزاری حكومەتن كێن ؟
(درەو): مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بۆ کاروباری دارایی: 🔹قەرزە دەرەکییەکانی عێراق کەمتر لە ۳۰ ملیار دۆلارە 🔹 قەرزەکانی عێراق لەقۆناغی بەر لە ساڵی ۱۹۹۰ کە بڕەکەی ۱۲۸ ملیار دۆلارە، رێژەی ۸۰٪ی بەپێی رێککەوتنی یانەی پاریس سڕدراوەتەوە. 🔹بڕی ٤۱ بۆ ٤۲ ملیار دۆلار هەیە کە قەرزی وڵاتانی کەنداو و هەندێک وڵاتی ترەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی ۱۹۹۰، ئەمانە قەرزی دەرەوەی رێککەوتنی یانەی پاریسن. 🔹 ئەو قەرزانەی کە دەکەونە چوارچێوەی رێککەوتنی یانەی پاریسەوەو تائێستا نەگەڕێندراونەتەوە، کەمترە لە ۹ ملیار دۆلار. 🔹 هەندێک قەرزی نوێ هەن کە کەوتونەتەسەر عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە، رێژەی ئەم قەرزانە نزیکەی ۱۳ ملیار دۆلارە. 🔹 رێژەی ئەو قەرزانەی کە لەسەر عێراق ماونەتەوە بەڕێژەکەی یانەی پاریس و قەرزەکانی دەرەوەی هەروەها قەرزی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە ملکەچ نین بۆ رێککەوتنی یانەی پاریس، بەنزیکەی ۲۸ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. 🔹پێدانەوەی ئەو قەرزانە بەشێوەی قیست دەبێت لەساڵی ۲۰۲۰وە بۆ ساڵی ۲۰۲۸. 🔹 قەرزی ناوخۆیی عێراق کە پارەی بانکی ناوەندی و بانکی رافیدەین و بانکی ئێڵ تی بی ئای و بانکی رەشیدە، نزیکەی ٤۲ ملیار دۆلارە.
درەو میدیا: وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی كانونی یەكەمی 2019 (106)ملیۆن و (265)هەزارو (307) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (6) ملیارو (700) ملیۆن و (174) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (63.051)دۆلار فرۆشراوە" رۆژانە عێراق بڕی ( 3 ) ملیارو (428) هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەكردووە. ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی كانونی یەكەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (103)ملیۆن و (90)هەزارو (550) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 2 ) ملیۆن و ( 827 ) هەزارو ( 50 ) بەرمیل هەناردەكراوە .
(درەو): بەبەراورد بە ساڵی 2018، ئەمساڵ ئاستی هەناردەی كاڵاو شمەك لە دەرەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەرێژەی 22% كەمیكردووە، سەرۆكی لقیی هەولێری یەكێتی هاوردەو ناردنكاران دەڵێ:" یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم كەمبونەوەیە، بایكۆتكردنی كاڵای توركییە لەلایەن خەڵكی هەرێمەوە". گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی هاوردەكارانو ناردنكارانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری هاوردەكردنی بەمشێوەیە خستەڕوو. • عێراقو هەرێمی كوردستان لە 96 وڵاتەوە هاوردە دەكەن. • كۆی گشتی كاڵای هاوردەكراو بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لە 9 مانگی ساڵی 2019دا (48 ملیارو 970 ملیۆن) دۆلار بووە. • لەساڵی 2018دا، لەهەموو عیراق بەبڕی (45 ملیارو 567 ملیۆن) دۆلار كاڵا هاوردە كراوە. • لەساڵی 2019دا بڕی هاوردە بۆ (48 ملیارو 970 ملیۆن) دۆلار بەرزبوەتەوە. • لەهەرێمی كوردستان لەساڵی 2018دا بەبڕی (26 ملیارو 880 ملیۆن) دۆلار هاوردە هەبووە. • بڕی هاورە لەساڵی 2019دا لە هەرێمی كوردستان بۆ (20 ملیارو 926 ملیۆن) دۆلار دابەزیوەو كە بەرێژەی سەدی ئاستی كەمبونەوەكە دەكاتە 22%. • هۆكاری دابەزینی ئاستی هاوردەكردنی كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان لەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ: - یەكخستنی پێناسەی گومرگیو زیادكردنی بڕی گومرگی لەخاڵە سنورییەكان. - بایكۆت لەسەر كاڵای توركی • توركیاو ئێران لە پلەی یەكەمی ئەو وڵاتانەدان كە زۆرترین كاڵایان لێوە هاوردە كراوە بۆ هەرێمی كوردستان.
(درەو میدیا): تەنیا قەزای زوبێر، بەرهەمی تەماتە بۆ هەموو پارێزگاكانی عێراق دابین دەكاتو چیتر پێداویستی بۆ هاوردەكردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات نەماوە. وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند، وەبەرهێنانی تەماتە لە عێراق ئەمساڵ بەرزترین ئاستی تۆماركردووە، لە ساڵی 2003وە ئەم رێژەیە تۆمارنەكراوە. وەزارەتی كشتوكاڵی دەڵێ: بەرهەمی تەماتەی ئەمساڵ پێداویستی بازاڕی ناوخۆی لە هەموو پارێزگاكان پڕكردووەتەوە، ئەمە سەرباری رێگریكردن لە هاوردەكردنی تەماتە لە سەرجەم دەروازە سنورییەكانەوە لەسەر فەرمانی وەزیر. بەگوێرەی قسەی وەزارەتی كشتوكاڵ، بەتەنیا لە قەزای زوبێر، ئاستی وەبەرهێنانی تەماتە رۆژانە گەیشتووەتە زیاتر لە (800 هەزار) تەن، ئەمەش بەشی پێداویستی هەموو پارێزگان دەكات، سەرباری وەبەرهێنانی تەماتە بە بڕی جیاجیا لە ناوچەكانی تر.
درەو میدیا: میری قەتەر پرۆژە یاسای بودجەی 2020ی وڵاتەكەی بە 58 ملیار دۆلار پەسەندكرد كەلەبری كورتهێنان زیادەی هەیە. تەمیم بن حەمەد ئال سانی میری قەتەر، پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2020 وڵاتەكەی پەسەندكرد، بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایی قەتەر، قەبارەی داهات بە نزیكەی 58 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بە پێچەوانەی زۆرێك لەوڵاتانیش لەبری كورتهێنان، بودجەی قەتەر 137 ملیۆن دۆلاری زیادەیە. وەزارەتی دارایی قەتەر ئاماژەی بەوەشكردووە، ملیارێك و 200 ملیۆن دۆلار زیادەی بودجەی ساڵی 2019 بووە. قەتەر بەنیازە نزیكەی نیوە بودجەكەی بۆ ساڵی داهاتوو لە كۆمەڵێك پرۆژەی گەورەدا ئەنجامبدات، بە زیادەی 16% لە پرۆژەكانی ئەمساڵی. قەتەر • یەكێكە لەوڵاتانی كەنداو و دەكەوێتە خۆرهەڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبی. • پایتەختەكەی (دەوحە)یەو تەنها سنوری وشكانی لە باشورەوە لەگەڵ سعودییەدا هەیە. • 1971 سەربەخۆی بەدەستهێناوە. • خانەوادەی ئال سانی لەناوەڕاستی سەدەی 19وە حوكمی دەكەن. • ژمارەی كۆی دانیشتوانی قەتەر لەساڵی 2019دا (2 ملیۆن و 773هەزار) كەسە ( نێر: 2 ملیۆن و 375 هەزار) و ( مێ 736 هەزارو 305 ) كە ( 69%)ی نێرو (31%)ی مێیە، 300 هەزاری دانیشتوانی ڕەسەنی قەتەرن و (ملیۆنێك و500 هەزار)یش بیانین. • بەیەكێك لەو دەڵەتانەی جیهان دادەنرێت كە داهاتی تاك تێیدا بەرزە. • خاوەنی پلەی سێیەمی یەدەگی غازی سروشتییە لەجیهاندا . • نەتەوەیەكگرتووەكان قەتەری بە پێشكەوترین وڵاتی عەرەبی ڕیزبەندكردووە لەڕووی گەشەی مرۆییەوە. • لەگەڵ ئەو قەبارە بچوكەی لەسەر نەخشەی جیهان هەیەتی، بەیەكێك لە دەوڵەتە كاریگەرەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت لەڕووی سیاسیەوە. • ساڵی 2022 میوانداری جامی جیهانی تۆپی پێ دەكات و، بەوەش دەبێت یەكەم دەوڵەتی عەرەبی لە مێژوودا كە نازناوی میوانداریكردنی ئەو ڕوداوە جیهانییە گەورەیەی پێدەبڕێت.
"هێڵە نوێیەكە نابێت بە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان" (درەو میدیا): حكومەتی عێراق تاوتوێی دروستكردنی هێڵێكی نوێی بۆری نەوت دەكات بۆ توركیا، بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ هێڵە نوێیەكە نابێت بە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان. فەیاز نیعمە بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (سەباح)ی توركیا ئاشكرایكرد، عێراق تاوتوێی پلانێك دەكات بۆ راكێشانی هێڵێكی نوێی بۆری گواستنەوەی نەوت بۆ توركیاو لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهان. ئێستا لەنێوان عێراقو توركیادا تەنیا یەك هێڵی گواستنەوەی نەوت هەیە، ئەویش ئەو هێڵەیە كە لە هەرێمی كوردستانەوە دەچێتە توركیاو نەوتی هەرێم دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان، نەوتی كەركوكیش هەر لەڕێگەی ئەم هێڵەوە هەناردەی دەرەوە دەكرێت كە رۆژانە (100 هەزار) بەرمیلە، پێشتر كەركوك لەڕێگەی هێڵی كەركوك- جەیهانەوە هەناردەدەكرا، بەڵام ئێستا ئەو هێڵە لەكاركەتووە. بریكارەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆژنامە توركییەكەی وتووە:" ئەو پلانە نوێیەی كە ئێستا بۆ دروستكردنی هێڵێكی نوێ تاوتوێ دەكرێت، نابێتە كێشە بۆ بارودۆخی هەرێمی كوردستان كە لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ توركیادا هەیە". باسلەوەشدەكات، ئەگەر حكومەتی عێراق پلانی دروستكردنی بۆرییە نوێیەكە پەسەندبكات، توانای هەناردەی نەوت لەو هێڵەوە رۆژانە دەگاتە (یەك ملیۆن) بەرمیل. عێراق لەدوای سعودیە دووەم گەورە هەناردەكاری نەوتە لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوی "ئۆپێك"، رۆژانە نزیكەی (4 ملیۆنو 500 هەزار بەرمیل) نەوت بەرهەمدەهێنێت، سەرچاوەی داهاتی عێراق بەرێژەی 97% پشتی بە فرۆشی نەوت بەستووە.