163 ملیۆن دۆلار دراوەبە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنی نەوت

Draw Media

2021-07-30 06:58:18



راپۆرتی: ڕێکخراوت ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئایاری 2021دا بڕی (163 ملیۆن) دۆلاری داوە بە(8) كۆمپانیای وەبەرهێنی نەوت كە لە (5) كێڵگەی هەرێمی كوردستان كار دەكەن.

 

   شایستەکان بەم شێوەیەی خوارەوە وەرگیراوە:

١-  کێڵگەی تاوکی ( تاوکی – پیشخاپور)

هەریەک لە کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی DNO نەرویجی وکۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی تورکی لە کێڵگەی تاوکی خاوەن پشکن. شایستە دارایی ئەو دوو کۆمپانیایە لەو کێڵگەیە بۆ مانگی ئایار بریتی بووە لە ٨١,٩ ملیۆن دۆلار . تەنها پشکی کۆمپانیا نەرویجییەکە (دی ئێن ئۆ) ٥٦ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلارە، لەو بڕە ٤٢ ملیۆن دۆلار پشکی فرۆشی نەوت و شایستەی  مانگی ئایاری کۆمپانیاکە بووە. کۆی شایستەی گەنێڵ ئەنێرجی لە کێڵگەکە بریتی یە لە ٢٥ ملیۆن دۆلار لەم بڕە   ١٣,٦ ملیۆن دۆلار شایستەی فرۆشی نەوتی ئایاری کۆمپانیاکە بووە و وەرگیراوە،  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٥,٦ ملیۆن دۆلاری  داهاتی ٣٪ ی کۆی بەرهەمی کێڵگەکە و کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجیش ٤,٥٪ ی کۆی داهاتی کێڵگەکە کە بریتی بووە لە ٨,٣ ملیۆن دۆلار(بە پێی ڕیکەوتنێک لە  ساڵی ٢٠١٧ دا کۆمپانیاکان لەگەڵ هەرێم کردویانە، لە ناوچەی گرێبەستی تاوکی لەیەکێک لە بڕگەکانیا مافی ئەوە دەدات بە گەنێڵ ئەنێرجی و دی ئێن ئۆ ٧,٥٪ کۆی داهاتی کێڵگەکە بۆ ماوەی  ٥ ساڵ وەربگرن [ ٣٪ بۆ دی ئێن ئۆ و ٤,٥٪ بۆ گەنێڵ] لەبری ئەو قەرزانەی لای حکومەت هەیان بووە تا پێش ئابی ٢٠١٧   ).  هەروەها دی ئێن ئۆ بڕی ٩,٣ ملیۆن دۆلار و گەنێڵیش بڕی ٣,١ ملیۆن دۆلاری ئەو شایستەی دواخراو یان قەرزی ساڵی ٢٠٢٠ یان وەر گرتووە کە ئەم دوو جۆرە شایستە ٢٦,٣ ملیۆن دۆلار دەکات.  لەم مانگەدا داهاتی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەدا ١٤٪ زیادی کردووە بەراورد بە مانگی پێشوو، ئەمە پێنجەم گوژمە یە کۆمپانیاکان وەری دەگرنەوە.  بالانسی شایستە دواخراوەکانی  کۆمپانیای دی ئێن ئۆ  DNO لە ٢٥٩ ملیۆن دۆلارەوە کەم بووەتەوە بۆ ٢١٤ ملیۆن دۆلار ، هەروەها باڵانسسی شایستە دواکەوتووەکانی گەنێڵ ئەنێرجی ئێستا بریتییە لە ١٤١ ملیۆن دۆلار.

بە پێی میکانیزمێک کە حکومەتی هەرێم لە مانگی ئازارەوە پەیڕەوی دەکات بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەرو ٥٠ دۆلارەوەبێت بۆ هەر سەنتێکی زیادە ٢٠٪  بۆ ئەو شایستە دوا خراوانە دەبێت. پێشتر لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بووە .

 تێبینی دەکرێت لەبری ئەوەی شایستە دواخراوەکان بەم میکانیزمە نوێیە کەم بکات لە هەموو کیڵگەکاندا زیادی کردووە جگە لەکێڵگەی ئەتروش،ئەم خاڵە جێی تیبینی و سەرنجە!

کۆمپانیای دی ئێن ئۆ  DNOخاوەنی ٧٥٪ پشکەکانەو گەنێڵ ئەنێرجی Genel Energy خاوەنی ٢٥٪ی پشکەکانە. ناوچەی گرێبەستی تاوکی لە پارێزگای دهۆکە و پێک دێت لە کێڵگەی تاوکی بەرهەمی رۆژانە بە تێکڕا لە چارەکی دووەمی ٢٠٢١دا بریتیی بووە  لە ٤٧٫٣٠٠ بەرمیل و بەرهەمی فیشخاپور ٦٣٫٠٠٠ بەرمیل بەسەریەکەوە هەردوو کێڵگەکە بەرهەمیان  لە ١١٠٫٣٠٠ بەرمیل نەوت. بەهۆی ئەوەی ماوەی ساڵێک زیاترەر بیری نوێ لێنەدراوە لەڕیگەی داخڵ کردنی رۆژانە ٢٠ ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتییەوە  لە کێڵگەی فیشخاپورەوە پارێزگاری لە کەمکردنی بەرهەمی کێڵگەکە کراوە.

٢- کێڵگەی شێخان    

لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای ( ئێم ئۆ ئێڵ) ی هەنگاری و گۆڵف کیستۆنی بەریتانی پێکەوە٣٥,٨ملیۆن دۆلار یان وەرگرتووە، لەم بڕە کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی  ٢٤ملیۆن دۆلاری وەر گرتووە بۆ شایستەی نەوتی فرۆشراوی مانگی ئایاری ٢٠٢١  و بڕی  ٦,٧ ملیۆن دۆلار بۆ ئێم ئۆ ئێڵ MOL. هەروەها بڕی ٥,١ ملیۆن دۆلار وەکو شایستە دواخراواکان وەرگیراوە ،لەم ىڕە ٤ ملیۆن دۆلار بۆ کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن و بڕی ١,١ ملیۆن دۆلار بۆ  ئێم ئۆ ئێڵ وەکو شایستەی مانگە دوا خراوەکان وەر گرتووە.

داهاتی کۆمپانیاکان لەم مانگەدا بەراورد بە مانگی پێشو ٤,٩ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە کە دەکاتە رێژەی ١٤٪. باڵانسی شایستە دواخراوەکانی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن دابەزیوە بۆ ٥٤,٨ ملیۆن دۆلار  بەڵام باڵانسی کۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵ نەزانراوە بۆ ڕێکخراوی ڕوونبین.

 لە کانوونی دووەم دا بەرهەمی رۆژانە بریتی بووە لە ٤٠٥ ,٤٤ بەرمیل نەوت و بڕیارە لە لە چارەکت چواری ٢٠٢١ دا بەرهەمی کێڵگەکە بگاتە ٥٥ هەزار بەرمیل نەتی ڕۆژانە.

 کێڵگەی شێخان  دەکەوێتە پارێزگای دهۆک،کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن ٨٠٪ ی پشکەکان و ( ئێم ئۆ ئێڵ) پشکی ٢٠٪ ی هەیە لە و کێڵگەیەدا.

٣- کێڵگەی ئەتروش

کۆی شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگەی ئەتروش  لەم مانگەدا بریتی بووە لە ٣٣,٤٧ ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای شاماران کە پشکی ٢٧,٦%کێڵگەکەی هەیە بڕی ١٢,٣١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە و کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کە خاوەنی ٤٧,٤%ی پشکەکانە بڕی  ٢١,١٦ ملیۆنی وەرگرتووە.. شایستەی فرۆشی نەوتی مانگی ئایاری کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بریتی بووە  لە ٣١ملیۆن دۆلار  لەم بڕە پشکی شامارەن بریتی بووە لە ١١,٤ ملیۆن دۆلار و تاقە ١٩,٦ملیۆن دۆلار هەروەها بڕی ئەو شایتسە دواخراوانەی لەم مانگەدا  وەرگیراوەتەوە بریتی بووە لە ٢،٤٧ ملیۆن دۆلار ، کۆمپانیای شاماران بڕی ٠,٩١ ملیۆن دۆلار و تاقەش ١,٥٦ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووەتەوە. لە کاتێکدا لەمانگی نیساندا بڕی ١٠,٧٣  ملیۆن دۆلار یان وەرگرتووە. شایستەی فرۆشی نەوتیبەرێژەی ١٠٪ زیادی کردووە بەڵام شایستەە دواخراوەکان بەرێژەی ٧٥٪ کەمی کردووە لەم کێڵگەیە. باڵانسی شایستە دواکەوتووەکانی کۆمپانیای شاماران کەمی کردووە بۆ ٣٢,١ملیۆن دۆلار بەڵام زانیاری لەسەر باڵانسی کۆمپانیای تاقە لەبەردەستی روونبین نییە.

تێکڕای بەرهەمی کێڵگەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا بریتی بووە لە ٤٧٫٤٥٠  هەزار بەرمیل. بەرزترین ڕێژەی بەرهەم لە ٢٧/٣/٢٠٢٠دا بووە کە گەشتووەتە ٥٤ هەزار و٥٥ بەرمیل نەوت.

٤- کێڵگەی سەرتە

کێڵگەی سەرتە شەشەمین مانگە شایستەی فرۆشی نەوت وەردەگرێت  یەکەم جار  کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی  و شێڤرۆن شایستەی دارایی مانگی کانونی یەکەمی کێڵگەی سەرتە وەرگرت. شایستەی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بۆ مانگی ئایار بریتی بووە لە ٨,١  ملیۆن دۆلار . پشکی کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی   ٣  ملیۆن دۆلار بووە و ئەو    ٥,١  ملیۆن دۆلارەی دەمێنێتەوە پشکی کۆمپانیای شیڤرۆنە ( پشکی شیڤرۆن لەسەر بنەمای پشکی کۆمپانیاکە لە کێڵگەکە وەرگیراوە).   ئەم کێڵگەیە لە مانگی تشرینی دووەم ٢٠٢٠ بەفەرمی وەک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنی بازرگانی ڕاگەیەنرا، بەرهەمی کێڵگەکە زیاتر لە ١٠٫٠٠٠ بەرمیل نەوتە لەڕۆژێکدا. داهاتی کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە بەڕێژەی ٢٧٪ بەراورد بەمانگی پێشوو زیادیکردووە.

کێڵگەی سەرتە دەکەوێتە پارێزگای هەولێرەوە و کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی پشکی ٥٠٪ و گەنێڵ ئەنێرجی ٣٠٪ و هەرێم ٢٠٪ ی هەیە.

٥ – کێڵگەی تەق تەق

کۆمپانیاکان لەم کێڵگەیە نزیکەی ٤ ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە. کۆمپانیای گەنێڵ ئەنێرجی خاوەن پشکی ٤٤% ی کێڵگەی تەق تەقە  بڕی ٢,٤ ملیۆن دۆلاری وەکو شایستەی  مانگی ئایار وەرگرتووە و بڕی ٤٠٠ هەزار دۆلاری لەبری شایستە دواکەوتووەکان وەرگرتووەتەوە، هەروەها کۆمپانیای ئاداکس پەترۆلیۆم پشکی ٣٦% هەیە بەو پێیە بێت کۆمپانیاکە بڕی شایستەی بۆ مانگی ئایار کردوویەتییە  ١,٣٣ ملیۆن دۆلار و  شایستەی  دواخراویش دەبێت ٢٦٠هەزار دۆلار بووبێت.

بەرهەم لەم کێڵگەیە ٧,٠٠٠ بەرمیل دابەزیوە لە کاتێکدا لە چارەکی سێهەمی ٢٠٢٠ دا رۆژانە بڕی ١١,٢٦٠ بەرمیل بووە واتە بەڕێژەی ٣٧٪ بەرهەم کەمی کردووە. بەرهەمی ئەم کێڵگەیە لەساڵی ٢٠١٥ دا  ڕۆژانە ١٢٨ هەزار بەرمیل  بووە، بەڵام بەهۆی هاتنە ناوەوەی ئاوێکی زۆر بۆ ناو حەشارگە نەوتییەکە بەرهەمی  زۆر کەمی کرد و بەردەوامیش بەرهەمی لەکەم کردندایە.

ئەو کێڵگە و کۆمپانیایانەی شایستەکانیان ڕانەگەیاندووە:

١- سەرسەنگ

لە کێڵگەی سەرسەنگ هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئێچ کەی ئێنی HKN  ئەمەریکی  خاوەنی ٦٢٪ی پشکەکانە و کۆمپانیای شامارانی کەنەدی ١٨٪ ی پشکەکان (کۆمپانیای شامارانی کەنەدی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە پشکاکانی  تۆتاڵی فەرەنسی کریوەتەوە، بەمەش شاماران لە هەردوو کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ خاوەن پشکە).  زانیاری لەسەر شایستەی دارایی مانگی ئازار و نیسان و ئایاری  ئەم دوو کۆمپانیایەمان لەبەردەست نییە.

ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کرد بۆ زانینی شایستە وەرگیراوەکانیان بەڵام  تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وەڵاممان دەست نەکەوتووە. کۆمپانیای HKN  بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی دارایی و چالاکییەکانی بڵاو دەکاتەوە، چاوەڕێ دەکرێت کۆمپانیای شاماران هەروەک لە کێڵگەی ئەتروش بەشێوەیەکی بەردەوام چالاکی و ڕاپۆرتەکانی بڵاودەکاتەوە لە سەرسەنگیش بەهەمانشێوە بەردەوامبێت .

کێڵگەی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆکە و ئاستی بەرهەمی لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دا  رۆژانە بریتی بووە لە ٣١٫٥٠٠ بەرمیل نەوت.

٢- هەولێر

  لە کێڵگەی هەولێر و کۆمپانیای فۆرزا پێترۆلیۆم  کاردەکات و پشکی ٦٥٪ لە کێڵگەکەدا هەیە، لە ئێستادا شایستەکانی بۆ مانگی ئازار و نیسان و ئایاری ٢٠٢١ ی ڕانەگەیاندووە. ئاستی بەرهەمی ئەم کێگەیە لە مانگی شوباتدا ١١٫١٠٠ بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا بەڵام لە مانگی نیساندا بۆ ١٢،٤٠٠ بەرمیلی رۆژانە بەرزبووەتەوە واتە رێژەی ١٠٪ی بەرهەم زیادی کردووە . زۆر جار ئەم کۆمپانیایە بەشێوەی وەرزی ڕاپۆرتی چالاکییەکان و شایستەکانی ڕادەگەیەنێت. لەوەڵامی  روونبیندا کۆمپانیای فۆرزا دەڵێت بڕیارە ڕاپۆرتی چالاکییەکانیان لە ١٠ی ئابی ٢٠٢١ دا بڵاو بکەنەوە.

کۆمپانیای فۆرزا لە پێش مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دا  لە ژێر ناوی Orex Petroleum  دا کاری دەکرد و لە ٢٧ ی تشرینی دووەم ناوەکەی گۆڕی بۆ  Forza Petroleum ئێستا لەژێر ئەو  ناوەدا کاردەکات. زانیارییە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کۆمپانیای کار  بەشێکی زۆری پشکەکانی کۆمپانیای فۆرزای کڕیوە و خاوەندارێتی دەکات، باس لە سەر و ٩٠٪ ی پشکەکان دەکرێت.

٣- خورمەڵە

کۆمپانیای کار لە کێڵگەی خورمەڵە کار دەکات و گرێبەستی لە گەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەیە بۆ پەرەپێدن لە کێڵگەکەدا. جۆری گرێبەستی ئەم کۆمپانیایە تائێستا ڕانەگەیەنراوە، بەڵام ئەم کێڵگەیەی کاری تێدا دەکات کێڵگەیەکی ئامادەبووە و لە بەرهەمدابووە کاتێک کۆمپانیاکە وەریگرتووە. ئاستی بەرهەم لەکێڵگەی خورمەڵە بە ١٧٠ بۆ ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە مەزەندە دەکرێت، نزیکەی ٣٧٪ ی هەموو بەرهەمی نەوتی کوردستانە. کۆمپانیاکە تا ئێستا هیج ڕاپۆرتێکی لەسەر ئاستی بەرهەم و شایستە داراییەکانی بڵاو نەکردووەتەوە. ڕوونبین تا ئێستا هیچ هۆکارێکی پەیوەندی کردنی دەستنەکەوتووە بۆ پەیوەندیکردن بە کۆمپانیای کارەوە بۆ دەستخستنی زانیاری و کۆمپانیاکەش هیچ پێگەیەکی ئەلەکترۆنی نییە بۆ چالاکییەکانی.

 ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی خۆماڵییە و کارکردنی لە بواری نەوتدا نوێ یە و لە گەڵ دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا کار ئاسانی بۆ کراوە، ئێستا بە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا ناوخۆییەکانی بواری وزە دادەنرێت لە هەرێم.

کۆمپانیای کار ئێستا لە گەڵ کۆمپانیای رۆسنەفتی روسیدا خاوەندارێتی  بۆری گواستنەوەی هەرێمیش دەکات و  پشکی ٤٠٪ ی هەیە و کۆمپانیا روسییەکەش ٦٠٪ . کرێی گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت بەم بۆرییەدا لە ناو خاکی کوردستاندا بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت کە لە ٢٨/٦/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە  ٤ دۆلار و ٨٦ سەنت بووە لە چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوە  و ئەمبارکردنی بەرمیلێک نەوت لە ناو خاکی تورکیادا ١ دۆلار  و ٢٨ سەنت بووە بەپێی هەمان ڕاپۆرت.

هەروەها کۆمپانیای کار خاوەندارێتی گەورەترین پاڵاوگەی هەرێمی کوردستانیش دەکات کە رۆژانە نزیکەی ٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بۆ وەزارەتی سامانە سرو شتییەکان دەپاڵێوێت بە نرخێک کە دوو هێندەی ئەو نرخەیە کە پاڵاوگەکە بۆ وەزارەتی نەوتی عێراقی دەپاڵێوێت!

٤- گەرمیان

ئەم کێڵگەیە کەو تووەتە ناوچەی گەرمیانەوە هەریەک لە کۆمپانیای گازپرۆم روسی  و وێستێرن زاگرۆسی کەنەدی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و هەریەکە خاەنی ٤٠٪ ی پشکەکانن. ڕوونبین پەیوەندی بەهەردوو کۆمپانیاکەوە کردووە بۆ دەستخستنی زانیاری نوێ بەڵام بەداخەوە تا ئەم ساتە هیچ وەڵامێکمان دەست نەکەوتووە.

ئەم کێڵگەیە ئێستا ئاستی بەرهەمی نزیکەی ٣٣ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە جۆری نەوتی ئەم کێڵگەیە نەوتێکی سوک و شیرینە وAPI  یەکەی لە ٤٥ دایە.

بەهەمان شێوەی کۆمپانیای کار ئەو کۆمپانیایەنەی کە لێرە کاردەکەن شایستە داراییەکانیان ڕانەگەیاندووە بەڵام ساڵی چەند جرێک زانیاری لەسەر چالاکی و ئاستی بەرهەمیان ڕادەگەیەنن.

 تائێستا چەند جارێک کێشە بۆ گواستنەوەی نەوتی ئەم کێڵگەیە دروست بووە، وەکو ناڕەزایی لە لایەن شۆفێری گواستنەوەی نەوت و خەڵکی ناوچەکەوە.

کۆی بەرهەمی نەوتی ئەو کێڵگانەی کە شایستەی مانگی ئایاریان ڕاگەیاندووە بریتییە لە ٢١٩ هەزار بەرمیل نەوت کە دەکاتە ٤٧٪ ی کۆی بەرهەمی هەرێم.

 شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایەنە لەو پێنج کێڵگەدا وەرگیراوە بریتییەلە ١٦٣.٨٧ ملیۆن دۆلار .

لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ دا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند کە بەشێوەی مانگانە شایستە داراییەکانیان پێ دەدات، لە وکاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم بەشێوەیەکی بەردەوام هەموو مانگێک و لەکاتی خۆیدا شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان بەبێ دواکەوتن دەدات. تا ئێستا چواردە (١٤ )مانگ لەسەر یەک شایستەکان وەرگیراوە، دواترینیان شایستەی مانگی نیسانە. وەهەر لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠دا حکومەتی هەرێم بە کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕاگەیاند شایستەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم ٢٠١٩ و کانوونی یەکەم و شوباتی ٢٠٢٠ دوادەخات تا ئەوکاتەی نرخی نەوتی برێنت دەگاتە ٥٠ دۆلار. 

کۆمپانیا نەوتییەکان لە گەڵ شایستەی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا یەکەمین بڕی شایستە دواخراوەکانیان وەرگرتەوە و ئەم مانگەش بۆ جاری پێنجەم شایستە دواخراوەکانیان وەرگرت بەڵام لەبری ئەوەی مانگانە شایستەکان وەربگرن هەر ٦٠ ڕۆژ جارێک وەری دەگرن و رێژەی وەرگرتنەوەکەش کەم کرایەوە بەم شێوەیە؛ کاتێک نرخی نەوتی برێنت لەسەروو ٥٠ دۆلارەوەیە تەنها رێژەی ٢٠٪ ی ئەو  زیادەی نرخە دەدرێتەوە بەقەرزی کۆمپانیاکان لە کاتێکدا لە مانگەکانی پێشودا ئەم رێژەیە ٥٠٪ بوو. بەپێی ئەم میکانیزمە نوێیە کۆمپانیاکان ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیان درێژ دەبێتەوە، پێشتر چاوەڕییان دەکرد تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ زۆربەی قەرزەکانیان وەربگرنەوە بەڵام ئێستا چاوەڕێ دەکەن لە چارەکی سێهەمی ساڵی ٢٠٢٢ دا قەرزەکانیان بە تەواوی وەربگرنەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand