ناڕازییەكان دەتوانن نەوەی نوێ هەڵوەشێننەوە ؟

Draw Media

2019-04-22 17:37:44



راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لە نوسینگەكەی خۆی لە گوندی ئەڵمانی شاری سلێمانی لێمان پرسی " جوڵانەوەی نەوەی نوێ هاوشێوەی حزبەكانی تر لەبەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، بەهۆی ئەوەی وابەستەیە بە ئابوری‌و خاوەندارێتی كەسێكەوە كە شاسوار عەبدولواحیدە، بە رۆشتن یان نەمانی ئەو لە شانۆكە، نەوەی نوێ چی بەسەردێت ؟".
ئەوكات شاسوار عەبدولواحید بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكەی (درەو میدیا)ی دایەوە:" لە داهاتوودا نەوەی نوێ دەبێت ببێت بە دامەزراوە‌و خەڵكانی تر هەبن بێنەپێشەوە‌و قیادەیەكی هەبێت، ئێمە لەم چەندساڵەی داهاتوودا وردەوردە لێی بكشێینە دواوە، ئەگەر ئەمە بكەین زۆر زۆر سەركەوتوو دەبین، ئێمە لەبەر دوو هۆكار ئەم كارە دەكەین، یەكەم: من نە پیاوم كوشتووە كە سبەینێ بڵێم ئەگەر لە حزبەكە بێمەدەرەوە دەمكوژنەوە یان منداڵەكانم دەكوژنەوە، دووەم: نە پارەم لەم حزبە دەستدەكەوێت تاوەكو بڵێم ئەگەر چومەدەرەوە ئیتر موخەسەسات‌و نەسریە‌و بەنزین‌و حیمایەكانم نامێنێ".
تەنیا پێنج مانگ بەسەر ئەم دیدارە رۆژنامەوانییەدا تێپەڕیوە، قەیرانی خاوەندارێتی بەرۆكی شاسوار عەبدولواحیدی گرتووە، ژمارەیەك لە هاوڕێكانی نیگەرانن‌و پەیوەندییان لەگەڵ شاسوار دابڕیوە.

نیگەرانەكان كێن ؟
ئەوانەی لە شاسوار عەبدولواحید نیگەرانن بریتین لە:
•    (8) ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە كۆی (12) ئەندامی ئەنجومەنەكە.
•    هەر (4) پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لەوانەن كە نیگەرانن، بە تاكە پەرلەمانتارەكەی سەربە (تەڤگەری ئازادی)یشەوە.
•    بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ناڕازییەكاندان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەكۆی (8) ئەندامی فراكسیۆنەكە، (6) كەسیان لەگەڵ رەوتی ناڕازییەكاندان، بەڵام تائێستا بەفەرمی هیچ شتێكیان نەوتووە.

لەچی نیگەرانن ؟
تائێستا ناڕازییەكانی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ تەنیا یەك رونكردنەوەیان بۆ رایگشتی بڵاوكردوەتەوە، رونكردنەوەكەش بەناوی (ئەنجومەنی باڵا)‌و (فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق)ەوە بڵاوكراوەتەوە.
بەپێی ئەوەی خۆیان لە رونكردنەوەكەدا ئاماژەیان بۆ كردووە، ئەوانەی نیگەرانن لە شاسوار عەبدولواحید، نیگەرانییەكانیان لەم خاڵانەوە سەرچاوەی گرتووە:
* نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەر براوە.
* هەموو دەزگاو ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان لە نەوەی نوێ‌ پەراوێزخراون.
* نەوەی نوێ‌ بڕیاری دەستەجەمعی تێدا نەماوە.
* جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان‌و بزنس تێكەڵكراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت.

پەیكەری رێكخراوەیی نەوەی نوێ
پەیكەری دەسەڵات لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە لەم سێكوچكەیە پێكدێت:
* سەرۆك
* ئەنجومەنی باڵا
* ئۆرگانەكان
ئەوەی ئێستا لەم سێكوچەكەیەدا كێشەی تێكەوتووە، (ئەنجومەنی باڵا)یە، بەگوێرەی مادەی 11ی پەیڕەوی ناوخۆ، باڵاترین دەسەڵاتی كارگێڕی لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا بریتییە لە (ئەنجومەنی باڵا)، ئەم ئەنجومەنە پێكدێت لە:
•    سەرۆكی جوڵانەوە: سەرۆكی جوڵانەوەكەو ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكەیە، كە ئێستا (شاسوار عەبدولواحید)ە.
•    جێگری سەرۆكی جوڵانەوە: تائێستا دانەنراوە، دەسەڵاتی دانانی ئەم جێگرە بەپێی پەیڕەو لەدەستی سەرۆكی جوڵانەوەكەدایە. 
•    ئەندامانی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوە.
•    بەڕێوەبەری نوسینگەكانی جێبەجێكردن‌و نوسینگەی پارێزگاكان.
بەپێی ماددەی 13ی هەمان پەیڕەوی ناوخۆ، ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێكدێت لە (13) ئەندام بە سەرۆكیشەوە، لەگەڵ (2) ئەندامی یەدەگ، ئەم دوو ئەندامە یەدەگە تائێستا دانەنراون.

ناڕازییەكان دەتوانن حزب هەڵوەشێننەوە ؟ 
مادەی 33ی پەیڕەوەی ناوخۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی حزبەكەی بەمشێوەیە دیاریكردووە:
"حزب هەڵدەوەشێتەوە بەبڕیاری ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكەو بەدەنگی دوو لەسەرسێی ئەندامەكانی، دواتر لە كۆنگرەی گشتی تایبەتدا دەنگی لەسەر دەدرێت، پارەو موڵكی حزب دەدرێتە ئەو لایەنەی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەكە دیاری دەكات".
بەپێی ئەم مادەیەی پەیڕەو بێت، ئەگەر ناكۆكی نێوان شاسوار عەبدولواحید‌و ناڕازییەكان چارەسەرنەكرێت، ناڕازییەكان دەتوانن حزبەكە هەڵوەشێننەوە، چونكە لەكۆی (12) دەنگی ئەنجومەنی باڵا، (8) دەنگیان لەگەڵدایە كە نیسابی یاسایی دوو لەسەر سێ پێكدەهێنێت بەوشێوەیەی لە پەیڕەودا دیاریكراوە.
بەپێی هەمان پەیڕەو، دوو لەسەر سێ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵا دەتوانن كۆبونەوەی نائاسایی رێكبخەن بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حزبەكە.

دەسەڵاتەكانی سەرۆكی نەوەی نوێ ؟
یەكێك لە سەرچاوەی سەرەكی نیگەرانییەكان لەناو نەوەی نوێدا دەسەڵاتی بەرفراوانی شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەكەیە، ئەو، سەرباری ئەوەی بە پارەو میدیای خۆی ئەم جوڵانەوەی دروستكردووە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆش دەسەڵاتی فراوانی بۆ دیاریكراوە، دەسەڵاتەكانی شاسوار عەبدولواحید بەپێی ماددەی (17)ی پەیڕەوی ناوخۆ ئەمانەن:
•    دەسەڵاتی دانانی جێگرێك بۆ خۆی. 
•    دامەزراندنی بەڕێوەبەری نوسینگەی پارێزگاكان‌و بەڕێوەبەری نوسینگە جێبەجێكارییەكان.
•    نوێنەرایەتی جوڵانەوەكە دەكات لەبەردەم دادگاو دەسەڵاتە حكومییەكان‌و فەرمانگەی كاروباری حزبەكان، دەتوانێت كەسێك دەستنیشان بكات بەشێوەیەكی یاسایی نوێنەرایەتی خۆی‌و جوڵانەوەكە بكات لەدەرەوەی وڵات‌و ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا.
•    سەرۆك بەرپرسە لە جێبەجێكردنی راسپاردەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكە.
•    سەرپەرشتیكردنی چالاكییەكانی تایبەت بە جوڵانەوەكە.
•    سەرۆك دەتوانێت داوای كۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكە بكات.
•    بەڕێوەبردن‌و بانگهێشت بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكەو كۆنگرەی گشتی.
•    واژۆكردنی كۆنوسی كۆبونەوەكانی تایبەت بە ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەكە.
•    پەسەندكردنی چەك‌و مامەڵە داراییەكان‌و پۆستەكانی تایبەت بە جوڵانەوەكە.
•    سەرۆكی جوڵانەوە مافی كردنەوەی حسابی بانكی‌و جوڵەپێكردنیان‌و بەڕێوەبردنی تەواوی كاروبارو مامەڵە داراییەكانی هەیە لە تەواوی بانكە حكومی‌و ئەهلییەكانی ناوەوەو دەرەوەی عێراق، دەتوانێت بەنوسراوێكی رەسمی كەسێك لەبری خۆی سەرپشك بكات.

سەرچاوەی دارایی حزبەكە !
سەرباری ئەوەی بۆ رایگشتی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرایە كە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر دارایی شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی گروپی كۆمپانیاكانی (نالیا) دامەزراوە، بەڵام بەگوێرەی ماددەی 20ی پەیڕەوە ناوخۆ، جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ لە بواری داراییدا پشت بەم سەرچاوانە دەبەستێت:
•    پشتیوانی خۆبەخشانەی دارایی لەلایەن ئەندامانی جوڵانەوەكەوە.
•    بەخشش‌و كۆمەكی بێ مەرجی كەسایەتی‌و دامەزراوە نیشتمانییەكان.
•    وەبەرهێنانەكانی تایبەت بە حزب بەپێی یاسا.
•    سەرچاوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی حزب.
•    پشتیوانی حكومەت بۆ حزبەكان.
•    داهاتەكان لە حسابی بانكیی تایبەت بە حزب دادەنرێت .

كورتەیەكی پێویست 
نەوەی نوێ.. یەكێكە لە نوێترین هێزەكانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان، كە یەكەم جوڵەی سیاسی خۆی بە  كەمپەینی "نەخێر لە ئێستادا" دژ بە ریفراندۆم لە ساڵی 2017 دەستپێكرد.
دوای وەرگرتنی مۆڵەتی كاركردن وەكو پارتێكی سیاسی نوێ لە حكومەتی عێراق، رۆژی 5/1/2018 نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی خۆی بەست.
نزیكەی (300) ئەندام بەشدارییان لە كۆنگرەكەدا كرد، شاسوار عەبدولواحید وەكو سەرۆكی جوڵانەوەكە هەڵبژێردرا، پرۆسەكە بێ كێشمەكێش تێنەپەڕی، بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە بە چەند رۆژێك، ژمارەیەك لە كارەكتەرە سەرەكییەكانی جوڵانەوەكە وازهێنانی خۆیان راگەیاندو شاسواریان تۆمەتبار كرد بە "تاكڕەوی"و هەوڵدان بۆ یەكلاكردنەوەی كۆنگرەكە لەبەرژەوەندی خۆی، لەبەرامبەردا شاسوار پەنای بۆ "تیۆری پیلانگێڕی" بردو هاوڕێكانی پێشووی خۆی تۆمەتبار كرد بەوەی "بەكرێگیراوی پارتی‌و یەكێتین"، واتە ئەمە دووەمجارە نەوەی نوێ جیابونەوە تێیدا رودەدات.
بە شاسوارەوە (5) كەس خۆیان بۆ سەرۆكایەتی نەوەی نوێ كاندید كرد، بەڵام بە هەرچوار كاندیدە ركابەرەكەوە هێندەی شاسوار دەنگیان نەهێنا.
دەنگی كاندیدەكانی پۆستی سەرۆكایەتی نەوەی نوێ:
•    شاسوار عەبدولواحید: 176 دەنگ
•    شادمان محەمەد: 28 دەنگ
•    هانی عەونی: 25
•    شنیار ئەنوەر: 12 دەنگ
•    دیار سدیق: 4 دەنگ
(ئیبراهیم عەباس)و (شێروان شێروانی) كە بەر لە راگەیاندنی نەوەی نوێ وەكو پارتێكی سیاسی دوو كارەكتەری نزیك و هاوڕابوون لەگەڵ شاسوارو لە كەمپەینی "نەخێر لە ئێستادا" بەشداربوون، بەر لە بەڕێوەچوونی كۆنگرە كشانەوەی خۆیان لە جوڵانەوە نوێیەكە راگەیاندو باسیان لەوەكرد، شاسوار " بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنە كاتییەكان و رێكخستنەكان، ئەندامانی كۆنگرەی دیاریكردووە"، ئەمەش لەپێناو زامنكردنی بردنەوەی ئەنجامی كۆنگرەكە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand