زیاتر لە 200 كەس لە زنجیرەیەك تەقینەوەدا كوژران

Draw Media

2019-04-21 13:43:34



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
زیاتر لە (200) كەس كوژران‌و سەدان كەسی تر برینداربوون، لە زنجیرەیەك تەقینەوەدا كە ژمارەیەك كڵێسا‌و هۆتێلی لە سریلانكا كردەئامانج.
بەپێی قسەی سەرچاوەكانی پۆلیس، (6) تەقینەوە رویانداوە، تەقینەووەكان (3) كڵێسای لە ناوچەی كوچیكادی لە كۆلۆمبۆ‌و هەردوو شاری نگۆمبۆ و باتیكالوا كردووەتە ئامانج، لەكاتێكدا مەسیحییەكان لەو كڵێسایانەدا سەرقاڵی مەراسیمی جەژنی "هەستانەوەی مەسیح" بوون.
جەژنی "هەستانەوە- الفصح" یەكێكە لە دیارترین جەژنە ئاینییەكان لە رۆژژمێری مەسیحیدا.
تەقینەوەكان هاوكات سێ هۆتێلیان لە شاری كۆلۆمبۆی پایتەخت كردە ئامانج.
هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، (8) تەقینەوە رویداوە، یەكێك لە تەقینەوەكان لە هۆتێل (گراند سنامۆن) رویداوە كە دەكەوێتە نزیك بارەگای سەرۆك وەزیرانی سریلانكا.
لە ناو كوژراوەكاندا نزیكەی (35) كەس هەن كە بیانین‌و خەڵكی سریلانكا نین.

كێ بەرپرسە ؟
حكومەتی سریلانكا لەدوای تەقینەوەكانەوە قەدەغەی هاتوچۆی لە كاتژمێر شەشی ئەم ئێوارەیەوە راگەیاند‌و تاوەكو كاتژمێر شەشی بەیانی بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە‌و فێركردنیش بۆ دوو رۆژی داهاتوو پشووی فەرمی لەسەرجەم خوێندنگە حكومییەكانی وڵات راگەیاند.
هەر دوای هێرشەكانیش، كڵێسای پایتەخت، هەڵوەشاندنەوەی هەموو مەراسیم‌و نوێژەكانی تایبەت بە جەژنی "هەستانەوە"ی راگەیاند.
تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتەئەستۆ.
بەڵام مەترسی هەیە، چەكدارانی رێكخراوی "داعش" جارێكی تر كە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە، دەستیان لەو هێرشانەدا هەبێت. 

هێرشەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ؟
وێنەی هێرشەكان‌و قوربانییەكان، هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی، حكومەت جگە لە قەدەغەی هاتوچۆ، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشی راگرت، ئەمەش بۆ رێگرتن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست‌و تێكدانی زیاتری بارودۆخی ئەمنی وڵات.
خوێناویترین تەقینەوە، ئەو تەقینەوەیە بوو كە لە كڵێسای سانت سباستیان لە شاری نگۆمبۆ رویداوە، بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوەتەوە، سەقفی كڵێساكە هاتوەتەخوارەوە.
وەكو باس دەكرێت تەنیا لەم كڵێسایەدا (67) كەس كوژراون.
ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی تەقینەوەكان ئەوەندە زۆرن، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان خەڵك لەبەردەم نەخۆشخانەكان ریزیان بەستووە بەمەبەستی بەخشینی خوێن‌و یارمەتیدانی بریندارەكان.

حكومەت چی دەڵێ ؟
مایسریبالا سیریسینا سەرۆكی سریلانكا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، ئارام بگرن‌و یارمەتی دەسەڵاتداران بدەن بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكان.
رانێل ویكریمیسینگی سەرۆك وەزیرانیش كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی باری نائاسایی كرد، رایگەیاند" بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆكانەی ئەمڕۆی سەر گەلەمان دەكەم، داوا لە سریلانكییەكان دەكەن بە یەكگرتوویی‌و بەهێزی بمێننەوە لەم ساتە كارەساتبارەدا".
هێرشەكانی ئەمڕۆی سریلانكا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كاردانەوەی لێكەوتەوە، سەرۆك وەزیرانی هیندستان یەكەم كەس بوو ئیدانەی هێرشەكانی كرد.

پێشینەیەكی كورت !
كۆتایی مانگی رابردوو، بەهۆی هێرشی بەردەوام بۆسەر مزگەوت‌و موڵك‌و ماڵی موسوڵمانەكان لەلایەن توندڕەوەكانی سەربە رەگەزی (سنهال)ی بوزییەوە (زۆرینەی دانیشتوانی وڵات پێكدەهێنن)، حكومەت باری نائاسایی راگەیاند.
هێرشەكانی ئەمڕۆ موسوڵمانانی نەكردە ئامانج، بەڵكو مەسیحییەكانی گرتەوە.
سریلانكا زۆرینەی دانیشتوانەكەی بوزین، لەكۆی (21 ملیۆن) كەس لەدانیشتوانی ئەم وڵاتە، (ملیۆنێك‌و 200) هەزار كەس مەسیحی كاسۆلیكین.
بەشێوەیەكی گشتی پێكهاتەی دانیشتوان لە سریلانكا لەڕووی ئاینییەوە بەمشێوەیە دابەشبووە:
•    بوزی: 70%
•    هیندۆس: 12%
•    موسوڵمان: 10%
•    مەسیحی: 7%

مەسیحییەكان بەشێوەیەكی گشتی لە سریلانكا روبەڕووی دوژمنكاری دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دەكرێن بەوەی پشتیوانی لە لێكۆڵینەوە دەرەكییەكان دەكەن سەبارەت بەو تاوانانەی كە سوپای سریلانكا لەبەرامبەر تامیلەكان ئەنجامیداوە لە سەردەمی جەنگی ناوخۆیدا.
جەنگی ناوخۆیی سریلانكا لە ساڵی 1972 بۆ 2009 بەردەوام بوو، لەو ناكۆكیانەدا (80 هەزار) بۆ (100 هەزار) كەس كوژران، ئەمە بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان.
دوای 20 ساڵ لەسەردانی پاپا یوحەننا پۆلسی دووەمی بۆ دورگەكە، مانگی كانونی دووەمی 2015 پاپا فرانسیس سەردانی سریلانكای كرد‌و لەوێ بەشداری نوێژێكی كرد لە شاری كۆلۆمبۆ كە یەك ملیۆن كەس ئامادەی بوون. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand