مەریوان وریا قانیع تا سەرەتای ساڵانی نەوەد یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھێزێکی چەپگەر و ڕادیکاڵی ناو سیاسەتی کوردیی بوو. ھەم لەڕووی بەرنامەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە جۆرێک لە بەرچاوڕوونی تێدابوو، ھەم لەڕووی ئۆرگان و پێکھاتی حیزبیشەوە. لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەبوو ئەم ھێزە موڵکی ھەموو یەکێتییەکان بوو، ھێزی ھیچ خێزان و بنەماڵە و بەرەباێکی ناو یەکێتی نەبوو. شتێک بە ناوی سوڵتانیزمی سیاسییەوە لەناو ئەو ھێزەدا بوونی نەبوو. ئەگەر تاڵەبانی خۆشی وەک کەسی یەکەمی ناو ئەم ھێزە، ھەندێکجار وەک سوڵتانێک کاریکردبێت، ئەوا تا دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینیش تاڵەبانی “سوڵتانێک بوو بێ سوڵتانیزم“. ئەو لەشکرە لە کوڕ و کوڕەزا و برا و ئامۆزا و خزم و خێزان و ھتد... لەناو یەکێتیدا و لە پێگەی دەسەڵاتدا بوونیان نەبوو. ئەگەرچی یەکێتییەکان تاڵەبانی وەک کەسایەتیەکی پیرۆز و بێھەڵە مامەڵەدەکەن، بەڵام تاوانی دروستبوون و چەسپاندنی ئەو سوڵتانیزمە سیاسییەی لە ئێستادا بووە بە شوناسی ھەرەسەرەکیی یەکێتی، لە ئەستۆی تاڵەبانی خۆیدایە. یەکێتی ئەمڕۆکە ھێزێکی پارچەپارچەی پڕ ناکۆکیی و پڕ ململانێ و ڕق و تەماحی سەرمایەدارانەی زەبەلاحە کە ھیچ شتێک ھیچ یەکێکیان ناباتەوە ناو سیاسەت وەک چالاکییەک کە پەیوەندیی بە قازانجی گشتییەوە ھەیە. یەکێتی بە کردەوە لەوە کەوتوە حیزبێکی سیاسیی بێت و تەواو گۆڕاوە بۆ کۆمپانیایەکی فرەپشک، پشک ھەڵگرە سەرەکییەکانیشی بەو شێوەیە بەکاریدەھێنن کە لەگەڵ سود و قازانج و تەماحەکانیاندا دەگونجێت. ئەگەر لۆژیکی سیاسەت لۆژیکی دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەش و ھێمن و ئازاد بێت لەڕێگای پاراستنی پلورالیزمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەوە، ئەوا لۆژیکی کۆمپانیا تەنھا یەک پرنسیپی سادە، بەڵام ترسناک، ئاراستەی دەکات: پرنسیپی بەدەستھێنانی قازانجی زیاتر و زیاتر بۆ خاوەنەکەی بەبێ گوێدان بە ھیچ پرنسیپێکی ئەخلاقیی و ئینسانیی و سیاسیی. پەلاماردانی پارتێکی پەراوێزیی وەک تەڤگەر و گرتنی کادر و چالاکەوانەکانیان، داخستنی سینەمای سالم و پەنابردن بۆ ھێز لەھەر پێشھاتێکی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراودا پەیوەستە بەو گۆڕانەوە کە باسمکرد: گۆڕانی یەکێتی لە پارتێکی سیاسییەوە بۆ کۆمپانیایەکی فرە پشک، کۆمپانیایەکی چەکدار. یەکێتی بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت وەک ھێزێکی سیاسیی ئامادەبێت و کاربکات. بەڵکو کۆمپانیایەکی فرەپشکی چەکدارە و قازانجی بەڕێوەبەران و بۆردی سەرەکیی کۆمپانیاکە و پشکھەڵگرەکانی، ئارستەی دەکات.
د.كامه‌ران مه‌نتك ده‌تانه‌وێت توركیا رازی بكه‌ن، فه‌رموون ئه‌وه هه‌موو رێگاكان، نه‌وت و سامانی كوردستانی ته‌سلیم بكه‌ن. وه‌ك ته‌سلیمتان كردووه، زه‌وی بۆ كۆمپانیا سیخوڕییه‌كانی به‌ناوی وه‌به‌رهینانه‌وه ته‌رخان بكه‌ن، وه‌ك ته‌رخانتان كردووه، فه‌رموون ببن چاوساغی سوپا‌و میتی تورك و شوێنه گرنگه‌كانی پایته‌ختی كوردستانیان پێ بفرۆشن، بازاڕ بۆ كۆمپانیاكانیان له‌ناوشاری كه‌ركوك بكه‌نه‌وه، فه‌رموون شه‌ڕی پارتی كرێكاران و دنیای بۆ بكه‌ن، وه‌كو پیشه‌یی هه‌میشه‌ییتان چۆن سه‌ری شوانه‌كانی كوردستانتان ده‌بڕی و به‌ناوی پێشمه‌رگه ته‌سلیمی رژێمه‌كه‌ی (صدام حسین) تان ده‌كرده‌وه، گه‌ریلاكان له شاخه‌كان بڕفێنن سه‌ریان ته‌سلیمی ژاندرمه‌كانی توركی بكه‌نه‌وه، وه‌ك كردووتانه و ده‌یكه‌ن! فه‌رموون هونه‌ره‌كان ریسوا بكه‌ن، فلیمه‌كان قه‌ده‌غه بكه‌ن، شه‌هیده‌كان سه‌دان جار شه‌هید بكه‌نه‌وه، فه‌رموون پاركی ئازادی بكه‌نه زیندان و نه‌ك په‌نجاو دوو كه‌س هه‌زاران هه‌زاری تیا بئاخنن، فه‌رموون پێش سوپای تورك بكه‌ون و بنه‌كه‌كانی كوردی هه‌رچوارپارچه‌یان پێ نیشان بده‌ن، سنوره‌كان له به‌رده‌م رۆژئاوا دابخه‌ن، پێشمه‌رگه‌كانی رۆژهه‌لات تیرۆر بكه‌ن، فه‌رموون ئه‌وه‌ی پیتان ده‌كرێت بیكه‌ن، تاجه گوڵینه له‌سه‌ر گۆری ئه‌تاتورك دابنین، ده‌ست له‌سه‌ر سنگ و به‌سه‌رشۆڕی به‌رامبه‌ر ئه‌ر‌دۆگان بوه‌ستن، وه‌ك وه‌ستاون، هه‌رچی ده‌كه‌ن بیكه‌ن، هه‌رگیز ناتوانن توركه‌كان و، هه‌رگیز دوژمنه‌كانی كوردستانتان بۆ رای ناكرێت، ته‌نیا له‌به‌ر یه‌ك هۆی بچووك، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وان هه‌رگیز ئێوه وه‌ك كوردێك نابینن، ده‌زانن ئیوه كوردبوون و ته‌نانه‌ت مرۆڤ بوونتان له ده‌ستداوه، ناتوانن هه‌رگیز توركه‌كان رازی بكه‌ن، چونكه ئه‌وان له چاوساغێك و وڵات و فرۆشێك و خائینێك به‌گه‌ل و وڵاته‌كه‌ی خۆتان زیاتر ئێوه نابینن! ئه‌وان ده‌زانن كێشه‌ی راسته‌قینه‌ی كورد لای گه‌لی كورده خۆیه‌تی. ئه‌وان ده‌زانن ته‌نیا خه‌ڵكی كوردستانه گه‌وره‌و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی، ئه‌وان ده‌زانن، كه ئێوه ته‌نانه‌ت بۆ دوژمنانیش، جگه له خائینێك به گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌تان شتیك زیاتر نین!!!
لاوك سەڵاح خەنی بووین کە بۆ یەکەم جار سەحنە گەورەکانمان لەسەر سەربانی ماڵەکانی خۆمان دامەزراند و خۆمان بە دونیاوە بەستەوە، شاگەشکەبووین کە لە بەردەم وێنە رەنگاورەنگەکانی ناو تەلەفزیۆنەکان وەک منداڵ دادەنیشتین وسەرسام دەبووین وەک ئەوەی گەمەیەکی نوێمان کڕی بێت کە هەموو تەمەنمان نە بۆنمان کردبێت و نە دەستمان بەرکەوتبێت. سەرمەست بووین بە دونیایەکی پڕ سەربەستی کە تەنانەت نەدەهاتە خەونەکانیشمانەوە. دونیایەکی لە دەستچوو و نەبوو لە ژیانی رۆژانەماندا. هاتنی لەپڕی تەکنەلۆجیا، بێ روخسەت و بێ پێشین و بێ خۆئامادەکردن وەک بوومەلەرزەیەکی کتوپر بوو هەموو وێنەکانی دونیای ئێمەی لێل کرد. تا ئێستاش ئەو وێنانە هەر تەڵخ و ناسەقامگیرن بەهۆی ئەو گۆرانکارییە خێراییانەی روودەدەن لە بواری تەکنەلۆجیا و سۆشیال میدیادا. تەکنەلۆجیا وەک لافاو هاتە هەموو ماڵێکەوە و لەگەڵ خۆیدا زۆر رادیکاڵانە هەموو بەها کۆمەڵایەتی و سیاسی و کەلتووریەکانی کۆمەڵگەی ئێمەی خستە بەردەم پرسیار و گومانەوە، سەحنەکانی تەکنەلۆجیا و دواتر گۆرانکارییە خێراکان لەم بوارەدا تا دەهاتن و تا دێن کاریگەری سەختیان لەسەر ژیانی سیاسی و پرۆسەی دیموکراسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت سایکۆلۆجیەتی کەسەکانیش هەیە. ئێمە هەرگیز ئەو پرسیارەمان بە خەیاڵدا نەدەهات کە ئێمە لە بەردەم ئاوێنەی ئەو هەموو گۆرانکارییانەی کە خۆمان بۆ ئامادەنەکردووە چۆن دەبینینەوە، چۆن مامەڵە دەکەین؟ چۆن لە دونیا رادەمێنین؟ بەهۆی شەکەتی و گومان لە ئاییندەیەکی نادیار ئەو ڕێگایانەشمان پێ نەدەزانی کە چۆن بیانکەینە سەرچاوەیەک بۆ خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی وکامەرانی هەتا هەتایی، هەر ئەوەندەمان دەزانی کە ئێمە لە بەردەم سحرێکدایین وەک جیوە لە نێو لەپی دەستمان هەڵدێت. هاتنی تەکنەلۆجیا هاوکات بوو لەگەڵ هەموو گۆرانکارییە سیاسییە سەرکێشەکانی ناوچەکە و وڵاتەکە، هاوکات بوو لەگەڵ هەرەس و خاپووربوونی هەموو دەزگا و ژێرخانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان. بەداخەوە، هەر لەسەرەتاوە هاتنی تەکنەلۆجیا بەشێک نەبوو لە پرۆسەی پەرەسەندن و گەشەسەندنێکی ئاسایی کۆمەڵگە، تەکنەلۆجیا نەهات تا لە مێژووی کاغەزەوە بە تێپەربوون بە تونێڵ و پرۆسەیەکی هێوری عەقڵانی بمانگوازێتەوە بۆ مێژوویەکی نوێ لە تایپی ئەلکترۆنی و وێنەی ئەلکترۆنی. تەکنەلۆجیا نەبووە بەشێک لە پرۆگرامەکانی پەروردە هەر لە قوتابخانە سەرەتیاییەکانەوە بۆ ئەوەی ببێتە بەشێک لە کەلتوری خوێندن و بەشێک لە سیما‌و روخساری سەرەکی ژیان، نموونەیەکی سادە؛ تا ئێستاش لە زۆربەی زۆری فەرمانگە حکومییەکاندا کۆمپیوتەر بەکار نایەت و ئەگەر بەکاریش بێت بەکارهێنانێکی دروست و تەندروست نییە؛ پڕ لە ڤایرۆسە! بەداخەوە، ئێمە بەر لە هاتنی کاغەزی ئەلکترۆنی، رۆژنامەی ئاسایی رۆژانە دەوری لە ژیانی ئێمەدا نەبوو، هەر بۆیە پشتمان بەو هەواڵانە دەبەست کە لە پرسە و کۆبوونەوە لابەلاکاندا دەماو دەم دەهات و دەچوو. ئێستاش زۆرجار هەر ئەوە باوە! هاتنی تەکنەلۆجیا لە کاتێکی درەنگ و ناشیاودا ئێمەی زیاتر هەتیوو کرد، دونیایەک بەهای نوێی فرێدایە ناو کۆمەڵگەوە کە هەمیشە زەمەنێکی گونجاو وسەقامگیری دەوێت بۆ ئەوەی وەک بەهایەک کە نامۆ نەبێت بە کۆمەڵگە و وردە وردە ئاوێزانی کۆمەڵگە ببێت و دوور بیت لە دونیایەک پێکدادانی کەلتووری بێ مانا. لە یادمە ساڵی ١٩٩٣، من و هاورێیەکم بە حوکمی کارەکەمان لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هانسێتەکانمان لە ناو ئۆتۆمۆبیەلەکانماندا لەسەر جادە بەکارهێنا، کارمەندەکانی ئاسایش دوامان کەوتن و نەیاندەزانی ئەوە هۆکی تۆکییە! زۆرتان تێبینیتان کردووە کەسانێکی زۆر بە هۆی جۆرەکانی پێکدادانی کەلتوورییەوە بە دەست سۆشیال میدیاوە شەکەتن و رقیان لێی دەبێتەوە، هەندێک هەر واز لەبەکارهێنانی دەهێنن، هەندێک خراپ بەکاری دەهێنن، هەندێک خۆیان بەگەورەتردەزانن لە سۆشیال میدیا، هەندێک هەست دەکەن چاوەڕوانینان لە رۆڵی سۆشیال میدیا ئەوە نەبوو، هەندێک وەک مینبەری سیاسی بەکاری دەهێنن بۆ هەڵبژاردنی سیاسی یان پرۆگرام و مەرامی سیاسی، هەندێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و هەندێک بۆ رازیکردنی حەزە خۆویستەکانیان، هەندێک، رەنگە زۆربەی، سەرۆکەکانی دونیا بۆ گەیاندنی پەیامی خۆیان بە خێرایی بەکاری دەهێنن، رۆژنامەکان روو دەکەنە ئامرازەکانی سۆشیال میدیا، هەندێک بۆ ئەدەب و شیعر و گۆرانی، هەندێک وەک تارمایی عزرائیل بەسەر سەری سۆشیال میدیاوەیە! ئەم پێکدادانە کەلتوورییە، بێگومان ئەنجام و رەنگدانەوەی تێگەیشتن و رەفتار و شێوازی بەکارهێنانی کەسەکەیە بۆ سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیا بەگشتی، واتە ئەمە ئەنجامی چالاکییەکی تاکە کەسە کە خۆی نمایشت دەکات و خۆی بە دونیا دەناسێنێت و هەوڵ دەدات مانایەک بۆ پەیوەندی خۆی بە دونیاوە بدۆزێتەوە، رەنگە سەرکەوتوو بێت یاخود نا. بەهەرحاڵ لە نەمانی رۆڵی رۆژنامەی کاغەز، تەنها و تەنها سۆشیال میدیا و ئامرازەکانی تەکنەلۆجیامان لە بەر دەستە بۆ ئەوەی بێ سانسۆر پەیوەندی بە دونیاوە بکەین. ئەوجا یان ژیانمان بەمانا دەکەین یان بەتاڵ دەکەینەوە و رێ بەو پێکدادانە کەلتوورییە دەدەین بەسەرماندا زاڵ بێت. لە کۆتایدا، من هەست دەکەم هەموو پێویستمان بەو پانتاییە تایبەتە هەیە یان بەشێک لەو پانتاییەمان بۆ بگەرێتەوە تا لەگەڵ خۆماندا دانیشین و سەرپشک بین لە بەکارهێنانی ئەو ئامرازانە لە کاتی گونجاوی خۆیدا، پێویستیمان بە راگرتنی پارسەنگی هەردوو لا هەیە، لایەکەوە ناتوانین دەستبەرداری تەکنەلۆجیا ببین و لەلایەکی دیکەوە نابێت هەراسانمان بکات ئەوەش پەیوەندی بەو راستییەوە هەیە تا چەند ئێمە شارەزای بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەیین.
د. شۆڕش حاجی بزوتنەوەی گۆڕان جوڵانەوەیەکی جەماوەری سیاسییەو گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی‌و چاکسازی لە جومگەکانی دەسەڵات لە کوردستانی عیراق ئامانجی سەرەکییەتی. بزوتنەوەی گۆڕان، تا ئەم ساتە وەختەش، خەباتی مەدەنی بە شاڕێی گوڕانکاری دەزانێ لە کوردستانی عیراق. لەبەر رۆشنایی ئەو راستییەش بەرنامەی سیاسی‌و شێوازی کاری خۆی داڕشتوەو بەو پێیەش هەنگاوەکانی داهاتوی دیاری دەکات. بۆیە، هەر هەوڵێک کە لەپێناوی جێبەجێکردنی ئەو ستراتیجەدا بێ گۆڕان پشتیوانی دەکاو هەر هەنگاوێکیش لەو ئامانجەی دور بخاتەوە رەتیدەکاتەوە. گفتوگۆ‌و دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچنە ئەو خانەیەو بزوتنەوەی گۆڕان بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکات. دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان لایەنە سیاسییەکان لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ دەستیپێکرد. لە کەسیش شاراوە نیە، کە هەڵبژاردنەکان پڕ بون لە تەزویرو ساختەکاری. هەروەها رێژەیەکی کەمی هاوڵاتیان بەشداریان لەو پرۆسەیەدا کرد. هەر بۆیە ژمارەی کورسی‌و دەنگی راگەیانراوی لایەنە سیاسییەکان گوزارشت لە سەنگ‌و پێگەی راستەقینەی لایەنەکان ناکەن. سەرەڕای ئەوەش بزوتنەوەی گۆڕان، وەک هێزێکی سیاسی، بەرپرسیارانە پێشوازی لە بانگهێشتی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ. بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوی هەرێم یان بون بە ئۆپۆزیسیۆن دو بژاردەی وەک یەک کراوەن لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕاندا. هیچکام لەو دو بژاردەیەش سەد لە سەد باش‌و ئەوەکەی تر بەتەواوی خراپ نیە تاکو بتوانرێ بە ئاسانی یەکێکیان هەڵبژێردرێ. هەردو بژاردەکە لایەنی باش‌و خراپی هەیەو دور نیە لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی هەر بژاردەیەکیان وا دەرنەچێ کە چاوەڕوان دەکرێ. بەڵام ئەوەی کە پرەنسیپێکی نەگۆڕە لای بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە، کە هەر شتێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێ‌و لەگەڵ ئامانج‌و بەڵێنەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا یەک بگرێتەوە ئەوە دەکاو ئەگەر وا نەبێ رەتیدەکاتەوە. بزوتنەوەی گۆڕان کاتێک بەشداری لە حکومەتی داهاتوی هەرێمدا دەکا کە رۆڵی هەبێ لە دانانی بەرنامەی کاری ئەو کابینەیە بۆ ئەوەی داکۆکی لێبکاو کار بۆ جێبەجێکردنی بکات. بەرنامەیەک کە پاکێجەکانی چاکسازی‌و، بەنیشتیمایکردنی دامەزراوەکانی هەرێم‌و، هەنگاونان بۆ گێڕانەوەی کەرکوک‌و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی تر بۆ سەر هەرێم‌و، باشکردنی بژێوی خەڵك‌و خزمەتگوزارییەکان‌و بنبڕکردنی گەندەڵی بەپێی خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو لەخۆ بگرێ. هەروەها کە پێگەی گۆڕان لەو کابینەیە وەک شەریکێکی راستەقینە مسۆگەر بکرێت. ناکرێ‌و نابێ چیتر چاوپۆشی لەوە بکرێ کە دوای بیستوحەوت ساڵ لە حوکمڕانی کوردی ئێستاش حکومەتی هەرێم خاوەنی هێزی چەکداری نیشتیمانی‌و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی نەبێ‌و ئەزمونەکەمان، کە بە خوێن‌و فرمێسکی سەدان هەزار کەس بەدەست هاتوە، هەمو ساتێک لەبەردەم ترس‌و دڵەراوکێی ئەگەری بەکارهێنانی هێزی چەکداری حیزبی دژ بەیەک‌و لەتکردنی ئەو بەشە بچوکەی هەرێم دابێ، کە لە نیوە کەمتری خاکی کوردستانی عیراق پێکدەهێنێ؛ یان داهاتی هەرێم نادیار بێ‌و بڕەکەی بە پێشبینی‌و بۆچونی ئەم‌و ئەوو بخەمڵێنرێ؛ یاخود ئاو‌و کارەباو خزمەتگوزاری تەندروستی‌و پەروەردە لە نزمترین ئاستدا بن. ناکرێ‌و نابێ چیتر کار بۆ سەربەخۆیی دادگاکان نەکرێ‌و سەرەڕای بونی هەزاران پارێزەرو یاساناس‌و سەدان دادوەری شارەزاو دڵسۆز، کەچی هاوڵاتیان متمانەیان بە سیستمی دادوەری لە هەرێم نەبێ. با کێبڕکێی لەمەودواو پێوەری بەهێزیی حیزبەکان ئەوە بێ کە کێ لەو پرسە نیشتیمانییانەدا سەرمەشق دەبێ. هەر کەس‌و لایەنێکی سیاسی ئەگەر دەیەوێ پشتیوانی هاوڵاتیان‌و ستایشی مێژو بەدەست بهێنێ، وا چاکە کار لەسەر ئەم چمکانە بکات. بزوتنەوەی گۆڕان بەو چاوە تەماشای روداوەکان‌و دانوستان‌و ئەنجامی گفتوگۆکان دەکات. هەر بۆیە، ئەگەر ئاراستەی گفتوگۆکان بەو ئاقارە بێ‌و ئەو نیەتە لە لایەنی بەرامبەر بەدی بکرێ، ئەوا جڤاتی نیشتمانی بڕیاری ئەرێنی لەسەر بەشداریکردن لە حکومەت دەداو کاندیدی بەرکەوتەی پۆستەکانی خۆی دەستنیشان دەکا. بەپێچەوانەوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەجاران شێلگیرانەتر وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی کاریگەر داکۆکی لەو پرەنسیپانە دەکاو هەمو شێوازێکی خەباتی گونجاو دەگرێتە بەر بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە. چونکە ئەو داواکاریانەی گۆڕان لە خزمەتی گەلەکەمان‌و بەرەو پێشبردنی ئەزمونەکەمانە.
ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج فه‌رمانبه‌رێك له فه‌رمانگه‌یه‌كی سه‌ر به یه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك موعتادی ماده‌ی هۆشبه‌ر خرایه به‌ندیخانه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه كۆتایی به راژه‌كه‌ی هات. ئه‌وانه‌ی باسی دۆخی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌یان ده‌كرد سه‌رزه‌نشتێكی زۆریان ده‌كردو ته‌نها ئه‌و روه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌یان ده‌بینی كه چۆن ده‌بێ باوكێك، مێردێك، كوڕێك كه تاكه به‌خێوكه‌ری خێزانێكی ٧ كه‌سیه ئه‌وه‌نده خۆ په‌رست بێ گوێ به‌هیچ شتێك نه‌داو هه‌رچی ده‌ستی ده‌كه‌وێ بیدا به ماده‌ی هۆشبه‌رو خێزانێ وه‌ها وێران بكا، منیش كه به‌هێمنی گوێم لێ ده‌گرتن، دوای ئه‌وه‌ی رویان تێ‌كردم تا رام بزانن، وتم ئه‌م دۆخه ماتمتیك و ژماره نیه به موجه‌ره‌دی و موحایدی سه‌یری بكه‌ی، چونكه ته‌نانه‌ت یاساش ده‌قێكی موجه‌ره‌د نیه‌و له به‌كارهێنانه‌كانیدا لاستیكیه، ته‌نها ژماره‌كان بێلایه‌ن و موجه‌ره‌دن، بۆیه ده‌بێ سه‌یری ژینگه‌كه‌ی بكه‌ین. ئێمه دو وڵات دراوسێمانن یه‌كێكیان به‌رهه‌مهێنی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌و ئه‌وی تر گوێزه‌ره‌وه‌و موزع-یه‌تی، بۆیه له‌و روانگه‌یه‌وه به‌رده‌ستخستنی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌م هه‌رێمه‌دا كارێكی ئاسانه، كه‌وایه، یه‌كه‌م شت پێویسته یه‌خه‌ی حكومه‌ت بگیرێ كه سنوره‌كان به‌باشی ناپارێزێ تا هه‌وڵه‌كانی ئه‌و دووڵاته شكست بخۆن و تاكی ئه‌م هه‌رێمه موعتاد نه‌بن. دوه‌م؛ دۆخی ئابوری فه‌رمانبه‌ر له‌م سێ ساڵه‌ی رابردودا تا ئاستی داڕمان رۆشتوه، به‌خێوكردنی ٧ كه‌س له‌سه‌ر شانی تاكه‌كه‌سێ كارێكی ئه‌وه‌نده قورسه كه ره‌نگه بێهۆشكردن لای ئه‌و كه‌سه (كه پێ ده‌چێ كه‌سێكی بێ ئیراده‌ش بوبێ) تاكه ده‌رفه‌تبوه خۆی له گرفته‌كانی بوك و خه‌سو، مناڵ و خوێندنگه، ژن و داواكاریه‌كانی، كرێخانو، نه‌وت، ئاو كاره‌با، و زۆر شت كه ئێمه ورده‌كاریه‌كانی نازانین. له‌مه‌شدا حكومه‌ت دیسان به‌رپرسیاره كه سه‌رباری دۆخی خراپی فه‌رمانبه‌ران، سه‌دی ١٥-٣٠ له كۆموچه‌یان ده‌بڕێ و ئه‌وه‌نده‌ی تر ژیانیان داده‌هێزرێنێ. سێیه‌م، مه‌سه‌له‌ی ئازادی، مرۆڤ له نه‌بونی ئازادی راسته‌قینه‌دا په‌نا بۆ ئازادی یاساغكراو ده‌با. كاتێ گه‌نجێك ئازاد نیه له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا ژیانێكی ساده بگوزه‌رێنێ و به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگه‌و خێزان و تاكه‌كانی ده‌وروبه‌ری زومی لێپێچینه‌وه‌كانیانی له‌سه‌ر گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن بێگومان، په‌نا بۆ یاساغ ده‌با. به‌ڵام كه‌له‌ئازادیه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی و ئه‌وانی تر گه‌یشت ئه‌وا بێگومان بیر له داهێنانیش نه‌كاته‌وه به‌هره‌كانی بێبه‌ر ناكا. نمونه: له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردو به‌ته‌نها گه‌شتێكی چون و هاتنه‌وه‌م له ١٠ سه‌عاتدا بۆ هه‌ولێر ئه‌نجامداو به‌ته‌نها بڕیارم دا ئه‌و رێگه‌یه تاقی بكه‌مه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه یه‌كه‌م جارم نیه‌و ناشبێ. له رێگه‌ی گه‌رانه‌وه‌مدا بڕیارم دا وه‌ك هه‌ر تاكێكی ئازاد له كانی وه‌تمان لابده‌م و كه‌بابێك بخۆم. له دابه‌زیندا داوام له كاكه‌ی ئۆتۆمۆبیلشۆر كرد ئه‌وه‌ی منیش خاوێن بكاته‌وه‌و ئه‌وجا له ریسته‌ورانتێك لامداو بێ ئێوه ناخۆش كه‌بابێكم خوارد. سه‌یره‌كه‌ی ئه‌وه‌بو، به‌نزیكی ٣٠ پیاوو ٤ ژن له ریسته‌ورانته‌كه‌دابون، له نانخواردن و دانیشتن و هه‌ستانمدا هه‌مو چاویان له‌سه‌ر من بو، سێ شاگردی جودا هاتن تا بزانن هه‌ر خۆمم یان نا، ئاخۆ نان ده‌خۆم یان نا!!! تا ده‌ستوم به ئاژونی سه‌یاره‌كه‌م كرد هه‌رچی ژن و پیاوی ئه‌و چێشتخانه‌یه‌یه ته‌ماشایان ده‌كردم، منیش بێ‌باك له‌و چاوانه پاروی چه‌وری كه‌بابم ده‌خواردو قاچم له‌سه‌ر قاچ دانابو، ئه‌وساش پاره‌م دا‌و هاتمه ده‌ره‌وه‌و ده‌ستم به‌لێخوڕین كرد به ئاراسته‌ی شاره حه‌یاته‌كه. هه‌ڵبه‌ت ده‌مزانی ژنه‌كان چه‌ند ده‌مه‌قاڵێیان له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانیان كرد، پیاوه‌كانیش له‌یه‌ككاتدا هه‌م دڵخۆشبون پێم و هه‌میش ده‌ترسان ژنه‌كانیان فێری باڵه‌فڕین و ئازادی ببن!! دیاره مرۆڤ كه رۆحی ئازاد بو ده‌سته‌كانی ناله‌رزن، بیر له له‌رزینی دڵ و مێشكیشی ناكاته‌وه له قه‌یرانه‌كاندا، به‌ڵكو هه‌میشه محوه‌ری هه‌مو هه‌نگاوه‌كانی سه‌قامگیری ده‌بێ، هه‌رچه‌ند ده‌وروبه‌رو كۆمه‌ڵگه‌ش نامۆ بێت. منیش پیاوه‌كانی خێزانه‌كه هه‌مو سه‌رقاڵ بون و نه‌مده‌توانی واده‌كه‌م له‌وه‌زاره‌ت دوابخه‌م، بۆیه ژنبونی خۆمم به كه‌می نه‌ده‌زانی تا ئه‌و هه‌نگاوه‌ی له ٢٠١٠ نام جارێكی تر نه‌ینێمه‌وه....
سەردار قادر تا هه‌ڵبژاردن كرا هه‌موان چاوه‌رێ بوین، لایه‌ك ئه‌یوت دوائه‌كه‌وێت لایه‌كی تر ئه‌یوت با بكرێت چ خه‌ممان نیه، هه‌رچۆنێك بو كرا، كێشه‌ی ته‌زویر هه‌موانی كاس و خه‌مبار كرد چ لیستی براوه چ لیستی دۆڕاو هه‌موی هه‌ر ئه‌یوت ته‌زویر كراوه له‌وه ئه‌چو كۆمسیۆنێك له ئه‌فه‌ریقاوه هاتبێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی بەڕێوه‌بردبێت؟ شكات و شكاتكاری ده‌ستی پێكردو ده‌رئه‌نجام ئێوه خۆش هیچ نه‌گۆڕا؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی مایه‌وه، موچه دوائه‌كه‌وێت؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ماوه، شه‌وانه شارم تاریكستانه؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ماوه، نه‌وتی ماڵان نیه له سه‌رمای زستاندا؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ماوه، كه‌ركوك و ناوچه ناكۆكی له سه‌ره‌كان هه‌ر شوێنی شكاندنی كه‌رامه‌تی تاكی كورده له‌و ناوچانه؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ماوه، گه‌نجی وڵاتم وێڵه به دوای رێگه‌یه‌كدا بگاته هه‌نده‌ران بۆ هاتنه دی خه‌ونی پرته‌قاڵی؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ماوه كۆبونه‌وه‌ی نێو لایه‌نه‌كان به‌رده‌وامه و هه‌مو ئه‌ڵێن كۆبونه‌وه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتو بو هیچیش نه‌گۆڕا؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ماوه ده‌رمانی به‌سه‌رچو، رێگه‌ی وێران و هه‌ر رۆژه‌ی مه‌رگی سپی، جیابونه‌وه‌ی نێو خێزانه‌كان، كۆبونه‌وه‌ی گه‌نجانی سه‌ر سه‌هۆڵه‌كه‌و به گیرفانی به‌تاڵه‌وه، جار جاره‌یه‌كیش خودا زه‌مین له‌رزه‌یه‌ك ئه‌كات به ناو شار‌و شارۆچكه‌كانماندا. ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامه ته‌كه‌تولی ئه‌م براده‌ر و ئه‌و براده‌ر، ئاشت بونه‌وه‌ی ئه‌م و زویر بونی ئه‌و، سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌ی ئه‌م و پێشوازی له‌م قه‌ڵه‌مێك، ئه‌مڕۆ لێره‌و سبه‌ی له‌ولا ده‌عوه‌تێكی شه‌و بۆ ئه‌و براده‌رو گرێبه‌ستێكی نوێ بۆ به‌شكردنی داهات؟ ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ئه‌مێنیت: سیڤی كاندید بۆ حكومه‌تی نوێ هاڕه ئه‌كات، كێشه نیه چیت پێ ئه‌كرێت گرنگ هه‌بێت؟ گرنگه پۆستێك به‌ده‌ستبێنی، موچه‌یه‌ك جیات ئه‌كاته‌وه له عه‌وامی خه‌ڵك، خانه‌نشینێك تا هه‌یت بتژێنێت، جار جاره‌یه‌كیش له میدیایه‌ك چاوپێكه‌وتنێك بكه‌و كۆمه‌ڵێك وشه‌ی باق و بریق بكه به‌سه‌ردا كێ هه‌یه لێت بپرسێته‌وه كه تۆ وات وت؟ یادوه‌ری له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا ته‌مه‌نی كورته‌و بیر ئه‌چیته‌وه؟ میدیایەكی سێبه‌ر بخه‌ره كار با بتكاته پاڵه‌وان دواتر ژماره‌ی ته‌له‌فونت زۆر ئاسانه بگۆڕی؟ گه‌ر دانه‌نرایت بكه‌وه‌ره حه‌شر له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ی دای نه‌ناوی وه‌ك كه‌سی خاوه‌ن ئه‌زمون خۆت بناسێنه‌و ببه به ناڕازی؟ ئه‌وه‌ی ئه‌كرێت چیه؟ نوسینێك یان بۆڵه‌یه‌ك یان فشارێك دروست بكه‌ین.. یان بانگ ئه‌كرێی بۆ دڵ رازی كردن یان موحاسه‌به‌یەكی هاوڕێیانه؟
ئاراس فەتاح گەر لەڕابردوودا کێشەی دەسەڵاتی کوردیی بریتی بووبێت لە گومانی قووڵی ھاوڵاتیان لە کردە و قسە و مژدەی سەرکردەکانی، ئەوا لەمڕۆدا ئەم کێشەیە قووڵتر و گەورەتر بووتەوە و چۆتە قۆناغی بەدگومانییەوە. لەم قۆناغەدا ھاوڵاتیانی ھەرێم لەھەموو کردەیەکی ئەم دەسەڵاتە بەدگومانن. بەدگومانیی دۆخێکی مەترسیداری پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایە، چونکە خەڵک نەک تەنھا بڕوای بە ھیچ حیکایەتێکی دەسەڵات نامێنێت، بەڵکو ھەموو ھەنگاوێکیشی بە کردەیەکی دوژمنکارانە تەماشادەکات. ھاوڵاتیان پێویستیان بە تێگەیشتن ھەیە لە بڕیار و ھەنگاوەکانی سیاسەت، ھەر کاتێکیش لە زانیاریی و ئارگیومێنتەکانی دەسەڵات بێبەریی بوون و تێنەگەن بۆچی و کێ بە کردەیەکی نایاسایی ھەڵدەستێت، مانای ئەوەیە کە دەسەڵات جڵەوی خۆی لەدەستداوە و جگە لە بەرھەمھێنانی زەبروزەنگ ھیچ بەرھەمێکی سیاسیی تری نییە. ئەلفوبای فەلسەفەی دەسەڵاتدارێتیی پێماندەڵێت کە ھەموو دەسەڵاتێک لەسەر بناغەی زەبر و ھێز دادەمەزرێت، بەڵام زەبرێک کە ھیچ ھێز و کەسێکی دەرەوەی دەزگای دادگا مافی پیادەکردنی نییە، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەوڵەتەوە مۆنۆپۆلکراوبێت. واتە لە دەوڵەتی یاسادا دەبێت رووبەری گشتیی بە شێوەیەکی شەفافانە لە ھەموو ڕوودا و پێشھات و ھەنگاوێک ئاگاداربکاتەوە و جگە لە دادگا ھیچ ھێزێکی تر ناتوانێت شەرعییەت بە پیادەکردنی توندوتیژیی بدات. یاسا خواستێکی شاراوە و نادیار و پەنھانی کەسێک یان ھێزێکی نادیار نییە، بەڵکو دەزگایەکی سەروو بەرژەوەندیی کەسیی و ڕێسایەکی بان ـ گروپیی و سیاسیی و لۆکاڵییە. دەسەڵاتداران کاتێک دەبنە مەترسیی بۆ سەر کۆمەڵگا کە ھاوڵاتیان نەزانن کێ بڕیار دەردەکات و چ دەزگایەکیش جێبەجێی دەکات. لەمڕۆشدا پێناسی ھێز و مۆنۆپۆڵی زەبروزەنگ لە مەترسییدارترین دۆخی خۆیدایە، چونکە حیزبە سیاسییە باڵادەستەکان لەنێوان خۆیان و لەناو خۆیاندا ھێندە ناکۆک و دابەشبوو و پەرتەوازەن کە زیاد لە ھێزێکی شاراوە و نادیار فەرمان دەردەکەن و لەبری یاسا توندتوتیژیی پیادەکەن. ھەرئەم دۆخەشە وادەکات کە کۆمەڵگای ئێمە لەم قۆناغەدا لەبەردەم ھەڕەشەی ئینفیلاتێکی ئەمنییدا بێت کە ھەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئاساییشی کۆمەڵاتییمان بەرھەمدەھێنێت، چونکە ھەر حیزبە لە ناوچەی خۆی و ھەر ھێز و گروپ و کوتلەی ناو حێزبێکیش بە ئارەزووی خۆی دەتوانێت لەبری یاسا فەرمان دەربکات و بەنھێنیی و بەبێ گەڕانەوە بۆ دادگا و یاسا خەڵک بگرێت و دەزگای رۆشنبیریی دابخات و بێسڵەمینەوە و لێپرسینەوە توندوتیژیی پیادەبکات. گرنگترین کەرەسەی دەسەڵات بریتییە لە قەناغەتپێھێنان، ھەرکاتێکیش دەسەڵاتێک توانای قەناعەتپێھێنانی نەما، ھاوڵاتییان نە تێدەگەن و نە تێگەیشتنیشیان دەبێت بۆ کردە و بڕیار و ھەنگاوەکانی دەسەڵات. داخستنی سینەما سالم لەلایەن ھێزێکی ئاساییشەوە لە شاری سلێمانیی و گرتنی ئەندامانی پارتی و یەکێتیی لەلایەن دەزگای ئاساییشی ھەردوولاوە تەنھا مانای ونبووکردن و نادیارکردنی بکەرە سەرەکییەکانی بڕیار نییە، بەڵکو مانای ھەڵتەکاندنی ھەموو مانایەکە بۆ دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و کردنی سیاسەتە بە کۆیلەی دەزگای زانیاریی و پاراستن و ئاساییش و بەرژەوەندیی گروپ و خێزانە سیاسییە داخراوەکانی ناو دەسەڵات. ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسییدارە بۆ ئەو مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەی کە لەداھاتوودا نەوەی نوێی ناو پارتیی و یەکێتیی دەیانەوێت لە کۆمەڵگای ئێمەدا دایمەزرێنن. مۆدێلی دەسەڵاتدارێتییەکی خۆڵەمێشیی کە تیایدا چەمکی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ سەروەر دەبێت. ................................. تێبینی: بۆ روونکردنەوەی زیاتری چەمکی چەمکی ”دەسەڵاتدارێتی ھیچکەس“ لای ھانا ئارێنت و نەبوونی ئەزموونی بیرۆکراسییەتی حوکمدارێتیی یاسایی و کارکردن بە مۆدێلی فەرمان لەبری یاسا لەناو جەستەی حیزب و دەسەڵاتدارێتی کوردییدا، خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ وتارێکم کە لە ساڵی 2013 دا بەناوی ”دەسەڵاتدارێتیی ھیچکەس“ لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاومکردۆتەوە.
جەلال جەوهەر پێویستی مرۆڤایەتی و ئەزمونەکانی ژیان سەلماندویانه که پێکەوە بون و هاوکاری لە نێوان دولا یان زیاتر، بە گشتی ئەنجامی باشی لێکەوتۆتەوە، ئەگەر تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش (تێکگەیشتن) و ئامانجی هاوبه‌ش و پێویست هەبوبێ لە نێوان لایەنەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش. دیارە ژیان و کاروانی مرۆڤایه‌تی لە دونیادا ئاست و شێوازی جۆراوجۆری بەخۆیەوە گرتوە، بەهۆی جیاوازی ئاستی فیکری، سیاسی، ئابوری، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتی، ژینگە، و بەهۆی شەڕ و ململانێ و خۆسەپاندنی داگیرکەران. بەشێوەیەکی گشتی تا ئاستی فیکری، سیاسی، ئابوری، رۆشنبیری، کۆمەڵایەتیی میللەتان و هێزه‌سیاسیه‌کانی بەرزبێ ئەوەندە ئاستی تێگەیشتنی هاوبەشیان بەرز دەبێ، و لەهەر جێگایەکدا تێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لە ویستی یەکتر لە ئاستی بەرزدابێ، لەوێ پەیوەندی نێوان لایەنەکان بەهێز دەبێ، و هەمو پەیوەندیەکی بەهێز و باشیش بڕوا‌و متمانەی بەهێزی لێدەکەوێتەوە، و هەر کاتێ بڕوا‌و متمانەش دروست بێ لە نێوان لایەنەکاندا بێگومان ئەوکاتە سازانیش دروست دەبێ، و بە پێچەوانەشەوە، لەهەر جێگایەکدا ئاستەکان (فکری،سیاسی،..) نزم بێ، لەوێ تێگەیشتنی هاوبەش و پەیوەندیەکان و بڕوا‌و متمانە بەیەکتر نزم دەبێ، و بواری سازانیش له‌وێدا زۆر که‌م دەبێ. بڕوا‌و متمانە بە یەکتر کاتێ به‌رهه‌م دێت و بە کرده‌وه دروست دەبێ لەنێوان دولایەندا، کە قسەکان ئەکرێن بە کردار، و په‌یمان و بەڵێن و رێککەوتنەکانیش جێ بە جێ دەکرێن. پاڵنەر و هاندەریش بۆ جێ بە جێ کردنی بەڵێن و رێکەوتنەکان دەوەستێتە سەر بڕوابون و پابەندبونی کەسایه‌تی و لایه‌نه‌کان بە بنەما پیرۆز و ئەخلاقیەکانی ژیان و یاسا کارپێکراوەکان. بڕوا و متمانه له ناو کورد شوێنی کوردستان و میللەتی کوردیش وا هەڵکەوتوە لەم جیهانه، کە خاکەکەی تا ئەمرۆ بە داگیرکراوی بمێنێ، و میللەتەکەشی بندەست بێ، ئاستی فیکری و سیاسی و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابوری لە خوارەوەی میللەتانی دونیاوه‌بێ،و تێگەیشتنی هاوبەش و رێزگرتن لە ویستی یەکتر،و پابه‌ندبون به بنه‌ما پیرۆز و ئه‌خلاقی و یاساکانیش له ئاستێکی زۆر نزمدابێ،و پەیوەندیه‌کانیش تەندروست نه‌بێ، و بڕوا‌و متمانە بە یەکتر، له هه‌رێمی کوردستان به‌گشتی،و له ناو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستانی عێراق به‌تایبه‌تی زۆر له خواره‌وه بێ. ئاستی نزمی بڕوا‌و متمانە لەنێوان کورد و لایەنەکانی کوردستان و هۆکارەکان: هۆکارەکانی که‌می و نزمی بڕوا‌و متمانە زۆرن لەناو کورد بە گشتی ، و لەنێوان هێز و لایەنەکانی کوردستان بەتایبەتی. ئێمە لەم بابەتە کورتەدا هەوڵ ئەدەین بە کورتی تیشک بخه‌ینه سەر هۆکارە گرنگەکان. ١- هۆکاره مێژوییه‌کان :- ێ/ دۆخی بڕوا و متمانه له قۆناغی داگیرکردن . کورد زۆر جیاواز لە بەشێکی زۆری گەلانی دونیا، تا ئەمڕۆش وڵاته‌که‌ی داگیرکراوە و میللەتەکەشی ژێردەستەیە، بەهۆی کورد خۆی، و لەبەر کۆمەڵێک هۆی بابەتی . ،،، دۆخی داگیرکردنی کوردستان و کارەساتەکانی شەڕو کوشتن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵات ، و سیاسەتی بەکارهێنانی هێزی مرۆیی کورد لە شەڕی نێوان داگیرکەران ، وله شەڕی دژی جوڵانەوەی کورد ، به‌م جۆره داگیرکه‌ران میلله‌تی کوردیان په‌رت و بڵاوکرد و هێز و توانایان لێ‌بڕی و دوایان خست له کاروانی مرۆڤایه‌تی. درێژەکێشانی شەڕ و ململانێی زلهێزەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، و شەڕو ململانێی نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی ناوچەکە (عوسمانی وسەفەوی )بۆ ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ده، و سیاسەتی داگیرکەران لە چاندنی تۆی تەفریقە و دوبەرەکی لەنێوان هۆز و خێڵ و عەشیرەت و خێزانی کورد، و سیاسەتی ترساندن،برسیکردن ،په‌راوێزخستن ، غەدر و خیانەت ،راگواستن و نه‌فیکردن ،... بوە هۆی ئەوەی ئاستی ژیان و گوزەران و ئاستی رۆشنبیری و سیاسی میللەتی کورد لە ریزبەندی خوارەوەی میللەتانی ناوچه‌که و دونیادا بێ . سه‌ر ئه‌نجام تێگەیشتنی هاوبەش له نێو کورد و جولانه‌وه‌که‌ی دروست نه‌بو له‌سه‌ر پرسی کورد و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی کورد، و پەیوەندیەکانی نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌شی سنوردار و لە ئاستی خوارەوەی میلله‌تاندا بێ، به‌م جۆره داگیرکەران توانیان نەخۆشی بەدگومانی لەنێو کورد و لایەنەکانیدا بڵاوبکەنەوە، و وابکەن کورد بڕوا و متمانەی بە جوڵاندنەوەکەی خۆی نەبێ، و لەنێو خۆشیاندا بروا و متمانەی تەواویان بە یەکتر نەبێ، و بێ بڕوایی و بێ متمانەییش بکەن بە بەشێک لە کەلتوری کورد و لایەنەکانی کورد لە کوردستان. ب/ دۆخی بڕوا و متمانه له قۆناغی رزگاری و (٢٦) ساڵی دەسەڵاتداریەتی کورد لە کوردستانی عێراق . بەهۆی بیری تەسک و کوێرانەی حیزبایەتی،و بەهۆی وابەستەیی هەندێکیان، و کاریگه‌ری که‌لتوری داگیرکه‌ران و رژێمه دکتاتۆره‌کان به‌سه‌ر هێزه سیاسیه‌کانه‌وه، دەسەڵاتدارانی کوردستانی عێراق زۆر بێباک و که‌مته‌رخه‌مبون له بیناکردن و راستکردنه‌وه و چاککردنی پرسە سەرەکی و بنەڕەتیەکانی ژیانی سیاسی و ئابوری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مه‌عنه‌وی و ده‌رونی خه‌ڵکی کوردستان لە ماوەی (٢٦) ساڵی رابوردو، ده‌سه‌ڵاتداران نه‌ک هه‌ر چاکیان نه‌کرد، به‌ڵکو بیری تەسکی حیزبایەتی له کوردستان جێگای تێگەیشتنی هاوبەشی نیشتیمانی و سیاسی گرتەوە، و بەرژەوەندی خێزان و حیزبیش جێگای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی گرتەوە، و شه‌ڕی ناوخۆ جێگای ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی گرته‌وه، و داڕوخانی باری ئابوری جێگای بوژانه‌وه و ئاوه‌دانکردنه‌وه و بیناکردنه‌وه‌ی گرته‌وه، ئینتیما و وه‌لائی نشتیمانی گۆڕا ئینتما و وه‌لا بۆ تاکه‌که‌س و حیزب، دزی و تاڵانی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت و وڵات، جێگای دابه‌شکردنی داهاتی گرته‌وه به شێوه‌یه‌کی دادپه‌روه‌رانه، و هه‌ره‌س هێنانی به‌ها ئه‌خلاقیه‌کان جێگای بیناکردنه‌وه‌ی به‌ها ئه‌خلاقیه‌کانی گرته‌وه، قوتابخانه و زانکۆکان له جیاتی ئه‌وه‌ی بکرێن به ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌یی زانستی و په‌روه‌رده‌یی نیشتیمانی بون به ناوه‌ند و دامه‌زراوه‌یی حیزبی، کارکردن بۆ به‌حیزبی و سیاسی‌کردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، جێگای هه‌وڵه‌کانی گرته‌وه بۆ سه‌ر به خۆیی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ،...ئەنجام هه‌مو ئه‌مانه، کەلتوری بێ بڕوایی و بێ متمانەیی لە نێو کورد و هێزەسیاسیەکانی کوردستان زیاتر و قوڵترکردەوە، و گەیشتە قۆناغی دژایەتی و دوژمنایەتی و هەڵگیرساندنی شەری ناوخۆ لە نێوان ئه‌و هێزانه. ٢/ هۆکاره‌کانی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و دەرونی . مانەوەی کوردستان بە داگیرکراوی بۆ ئەو ماوە دورودرێژە، میللەتی کوردی دابڕی لە دونیای دەرەوە بە گشتی، و لەبواری فیکری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بەتایبەتی، ئەم دۆخە بوە هۆی ئەوەی که کورد نەک هەر بە کەلتوری گەلانی دونیا ئاشنا نەبێ، بەڵکو بە مێژو و کەلتوری خۆشی ئاشنا نەبێ، و داببڕێ و دوربکەویتەوە لە بەشێکی زۆری هاوزمانەکەی خۆی، بەهۆی داگیرکردن و دابەشکردنی وڵاتەکەی ، هەر لەبەر ئەوەشە، بازنەی بیر و کەلتور و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤی کورد بە گشتی سنوردار بوە ، و لە سنوری بیر و کەلتوری تاکه کەس و خێزان و هۆز و خێڵ و عەشیرەت تێنه‌په‌ڕێ و نەترازێ. لە لایەکی تریشەوە زوڵم و ستەمی نەتەوایەتی، و باری قورسی ژیان لە نەبونی وبێ بەشی ، و دەربەدەری و ئاوارەبون ،....، هەمو ئەمانە باری کەسێتی ومه‌عنه‌وی و دەرونی مرۆڤی¬ کورد و لایەنە کوردیەکانی لاوازکرد ، ئه‌مه‌ش بوه هۆکاری ئه‌وه‌ی مرۆڤی کورد و هێزه سیاسیه‌کان هه‌میشه خۆیان بە کەم و بچوک و لاواز بزانن لە بەرانبەر داگیرکەران. بەم جۆرە ئاستی نزمی فکری و رۆشنبیری، ولاوازی پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی، و باری روخاوی ئابوری و دارایی و دەرونی لە نێو کورد‌و لایەنە کوردیەکان بون بەهۆی ئەوەی تێگەیشتنی هاوبەش له ئاستێکی زۆر کەمدا بێ ، و بڕوا و متمانەشیان بە یەکتر زۆر لاوازبێ ، دیاره پرۆسه‌ی سازانیش له دۆخێکی له‌م جۆره‌دا ئاسان نابێ ،به‌ڵام ئه‌سته‌میش نیه، گه‌ر ویستێکی نیشتیمان په‌روه‌رانه هه‌بێ. بڕوا و متمانه له ناو کورد چۆن دروستده‌بێ پرۆسه‌ی دروستبونی بڕوا و متمانه به‌یه‌کتر، پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه، و کاتی پێویست و ئاماده کاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی فیکری، سیاسی، ئابوری دارایی،کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری ده‌وێ. بڕوا‌و متمانه به‌بونی راو تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش، و به‌های ئه‌خلاقی هاوبه‌ش، وبه‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش دێته‌کایه‌وه. گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه به کوردیشه‌وه، خۆیان به ئیماندار و خاوه‌ن بڕوا ده‌زانن، به‌ڵام له راستیدا بڕوا‌و تێگه‌یشتنیان و پابه‌ندبونیان به پرنسیپه‌کانی ئاینی و نیشتیمانی،و ئه‌خلاقی زۆر ساده و روکه‌شه، چونکه ئه‌و بنه‌ما پرنسیپانه نه‌بوه به که‌لتورێکی گشتی راسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵ، و نه‌بوه به به‌شێک له ژیان وکرداری رۆژانه‌ی مرۆڤی کورد و خه‌ڵکی ناوچه‌که. لێره‌دا بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که ناته‌واوییەکی زۆر هه‌یه له‌بڕوا و که‌لتور ،و په‌روه‌رده‌ی نیشتیمانی، ئه‌خلاقی، رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بونی سه‌روه‌ری یاسا و عه‌داله‌ت و یه‌کسانی، و ناته‌واوی سیاسه‌تی په‌روه‌رده و خوێندن و سیاسه‌تی ئابوری ودارایی له هه‌رێمی کوردستان. بڕوا و متمانه به یه‌کتر، دواتریش سازان له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگایه‌ک دێته‌دی، که یاسا سه‌روه‌ر بێ، و پرنسیپه‌کانی دادپه‌روه‌ری و یه‌کسانی تێدا جێبه‌جێ بکرێ، و پابەند بون بە بەها ئەخلاقیەکان لە ئاستێکی بەرزدا بێ، بەو شێوەیە زەمینەی تیگەیشتنی هاوبەشی هەمەلایەنە دەڕەخسێ و دروست دەبێ، کە ئەویش تەنیاو تەنیا بە سیستەمێکی حوکمڕانی چاک و پاک و تەندروست دێتە ئاراوە.
پەیكار عوسمان سیاسەت کاری پێکەوەییە، ئەوەیە کە سەرەڕای ململانێ، دواجار من‌و تۆ پێکەوە ئەیکەین. من‌و تۆش کە خەریکی ناوزڕاندنی یەکتربین، ئیتر ناشێ سیاسیی بین، چونکە ناتوانین کەسایەتی یەکتر بهاڕین و تەواوکەرو هاوکاریش بین. سیاسەت فەنی بیناکردنی کۆمەڵگاو ئینسانە، کاتێ سیاسییەکانیش خەریکی ڕوخاندنی یەکترن، ئیتر ناتوانن شتی تر بینابکەن. سیاسەت بۆ ئەوەیە لەوسەرەوە بڕێك قورسایی و کەرامەت بۆ ئینسان فەراهەم بکات. کە سیاسەت پرۆسەی سوککردنی یەکتربێ و خۆی ئەونە سوك بێت، ئیتر ناتوانێ قورسایی ببەخشێت. سیاسەتی نائەخلاقیی شوناسی پارتی و یەکێتی و هێزە نادیموکراتەکانە. تۆ کە بە هەمان ئەخلاقەوە سیاسەت ئەکەیت، ناکرێ جیاواز‌و دیموکرات بیت، تۆ کە ئەخلاقی سیاسی بەدیل تەرح نەکەیت ناتوانی بەدیلی پارتی و یەکێتی بێت! ئێمە پێویستمان بە حیزبی تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی سیاسیی ترە. پێویستمان بە ڕاگەیاندنی تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی تری ڕاگەیاندنە. پێویستمان بە قەڵەم و نوسەرو ڕۆشنبیری تر نیە، پێویستمان بە ئەخلاقێکی تری نوسینە.. کاتێکیش کە ئەخلاقی باو ئەخلاقی ستەمکارییە، ئەخلاقی بەدیل هەر ئەوەیە کە ستەمکارانە نەبێت! ئێمە پێش هەر شتێك لە قەیرانی ئەخلاقداین و لە هەر شتێكیش زیاتر پێویستمان بە ئەخلاقە، ئەخلاقیش هەر ئەوەنیە کە بەرامبەر ستەمکاریی بوەستیتەوە، ئەخلاق ئەوەیە کە خۆت ستەمکارێکی تر نەبیت! ئەوە ئینجاز نیە تۆ لەناو ئەخلاقی خۆیاندا مونافەسەی پارتی و یەکێتی بکەیت، ئەسڵەن ئەوە کارەساتەو قووڵکردنەوەو تۆخکردنەوەی ئەخلاقی ئەوانە! ئینجاز ئەوەیە ئەخلاقی مونافس بۆ ئەخلاقی مەوجود دروست بکەیت. ئەمەوێ بڵێم لەم تۆڕی کۆمەڵایەتییە، ئەو ستەمەی کە پەیجە موعارزەکان ئەکەین لە ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوەو شکاندنی کەسایەتی.. ئەشهەدو پارتی و یەکێتی بەو دەرەجەیە نەیانکردوە ئەگەرچی مۆدێلەکەو ئەخلاقەکە هی ئەوانەو لەوانەوە داکەوتووە. نا بۆ مۆدێلی سەگەپەیج و قاچگرتنی ئەم و ئەو. بەڵێ بۆ ئەخلاقی بەدیل و ناستەمکارانە.
سەرتیپ جەوهەر دوای زیاتر لە ساڵێك لە شكستی كورد‌و لەدەستدانی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان بەهۆی پرۆژەی شكستخواردووی ریفراندۆمی جەماعەت، بارودۆخی كەركوك نەك باشتر نەبووە، بگرە هەندێجار بێئومێدمان دەكات! ئەو شكستەی جەماعەتی ریفراندۆم بەسەر كوردیان هێنا، بارەگرانەكەی كەوتە سەر كەركوك و كەركوكییەكان، ئەو تاوانە گەورەیەی كە كردیان، بەقەمیسێكیان سڕیەوە، وەك قەمیسەكەی عوسمان و ویستیان بیكەنە بەر خەڵكی دیكە! ئێستاش كەركوك بێكەس و بێنازەو تەنها ئاڵایەك هەڵدراوە بۆئەوەی ئاهێك بگەڕێتەوە بەر كەركوكیەكان و شارەكە، كەچی مخابن لەبری پشتیوانی، بەچە جاشێكی كەركوك (كوڕە "كۆنە!"مستەشارێك) پەتكان بەردەداو راست و چەپی خۆی پیس دەكات! لینین دەڵێت، هەر راپەرینێك یان بزوتنەوەیەك بەبێ پلان و بەرنامە بێت و سەرەنجام شكست بخوات، ئەوا هەر كەس بیكات خیانەتێكی گەورەیە لەمیللەتەكەی دەیكات! ئاخر كە بێپلان بوون ونەتاندەزانی چی دەكەن، بۆ خاكی كوردستانتان كردە قوربانی دروشمی بریقەداری حزبیی! یان هەندێك بۆ تیكە نانێك خۆیان بەپرۆژەكەوە هەڵواسی و سەرەنجام خەونی لەمێژینەی میللەتێكیان پوكاندەوە! من نازانم هەڵكردنی ئەم ئاڵایە بەكوێ دەگات، ئەوە دەوەستێتە سەر پلانی یەكێتی و پلانی بەدیلی ئەم هەنگاوە، بەڵام زیاتر لە ساڵێكە سەرباری ئەو شكستەو هەوڵی یەكێتی بۆ هێوركردنەوەی دۆخی كەركوك و بەهێمنی گێڕانەوەی ئەوەی لەدەستدراوە، كەچی عەرەبی شۆڤینی چ شیعەو چ سوننە دەستبەرداری عەربچێتی خۆیان نەبوون، گەڕو گولێكی وەكو راكان هەر رۆژە مودیرێك و كاربەدەستێكی كورد دەردەكات! دەیان پەڕۆی خورافاتی شیعە لەناوچە جیاوازەكانی كەركوك هەڵكراوە، كەچی سەركردایەتی كورد لەئاست ئەم بارودۆخە هیچ پلانێكی روونی نییە، وەكچۆن پرۆژە سەقەتەكەی ریفراندۆم بەسەر كەركوكدا شكایەوە، ئاوهاش پەرتەوازەییەكەی سەركردایەتی كورد لەكەركوك رەنگی داوەتەوە! نابێ لەمەودوا وەكو ریفراندۆمەكە قەدەری كەركوك تەسلیم بەهیچ لایەك بكرێت، یەكێتی زۆرینەی دەنگەكانی شارەكەیەو لێپرسراوە لەچارەنوس و دۆخی شارەكە، نابێ لەوە زیاتر چاوەڕێ بكەن، چونكە عەرەب دەستبەرداری تەعریب و تێكدانی كوردستان نابێت، ئەوان بەنیاز نین نە پارێزگارێكی كورد دابینین و نە دۆخی جاران بگەڕێننەوە كەركوك، بۆیە چاوەڕێكردن هیچی لێ شین نابێت.
■ شۆڕش خالید عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پێیوایه باشترین رێگا له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵكرنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، ئه‌وه‌یه "پرس به دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بکرێت"، ئه‌وه‌ش له‌باره‌ی ده‌ستوریبونی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی له كه‌ركوك گرتویه‌تییه به‌ر، به‌ڵام له‌ڕاستیدا پێشتر دادگای فیدراڵی بۆچونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ووتوه. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، له ئازاری 2017دا هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان بایكۆتیانكرد، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە. لە ناوه‌ڕاستی ئابی 2017دا دادگای كارگێڕی لە بەغدا، بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكی هەڵوەشاندەوە بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێم له شاره‌كه، ئه‌وه‌ش دوای سكاڵای ژمارەیەك ئەندامی بەرەی توركمانی ئەنجومەنی پارێزگا هات. رێبوار تاڵه‌بانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ئه‌وكات تانه‌ی له بڕیاره‌كه‌دا، به‌ڵام دادگای فیدراڵی به‌پاساوی ئه‌وه‌ی له تایبه‌تمه‌ندی ئه‌ودا نیه دۆسییه‌كه‌ی ره‌تكرده‌وه. واته ئێستاش ئه‌گه‌ر دۆسییه‌كه ببرێته دادگای فیدراڵی هه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ی هه‌یه‌و ده‌ڵێت له تایبەتمه‌ندی ئه‌ودا نییه. ئه‌نجومه‌نی پارێزگا دواتر بڕیاره‌كه‌ی دادگای كارگێڕی ره‌تكرده‌وه، ئه‌وه‌ش له د‌انیشتنێكدا كه جارێكی تر عه‌ره‌ب و توركمان بایكۆتیانكرد. خۆی له‌ڕاستیدا كورد تاكه كێشه كه له كه‌ركوك نه‌یبوو، مه‌سه‌له‌ی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان بوو، ده‌توانرا له‌سه‌ر خانوی هه‌موو ماڵێك و هه‌موو باره‌گایه‌كی حزبی و شه‌قامێك ئاڵا هه‌ڵبكه‌یت، ته‌نانه‌ت وه‌ك ته‌نزێك ده‌وترا توركمان له‌كاتی سه‌یرانی به‌هاردا ئاڵای هه‌رێمی كوردستانیان ده‌كڕی و له ئۆتۆمبێله‌كانیان هه‌ڵیانده‌واسی و ناویان نابوو "ئاڵای سه‌یرانه‌كه"، به‌ڵام پرسه‌كه كه برایه ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ورژێنرا. یه‌كێتی ئه‌وكات نه‌زانانه دوای داوێك كه‌وتبوو، كه به‌ده‌ست نه‌جمه‌دین كه‌ریم و رێبوار تاڵه‌بانییه‌وه بوو، به‌ڵام ته‌ڵه‌كه خۆی له‌ئه‌سڵدا خاوه‌نێكی تری هه‌بوو. یه‌كێتی كاتێك به‌ئاگا هاته‌وه ته‌ڵه‌كه ته‌قیبۆه و ده‌ست و قاچی گرتووه. ئەوەی ئێستا یەکێتی دەیکات، دوای شکستھێنانی دێت لەھەوڵە بەردەوامەکانی بۆ دانانی پارێزگاری نوێ و گەڕانەوەی ڕۆڵی بۆ کەرکوک، ئەوەش فشاری جەماوەری لەسەری دروستکردووە. ئێستا چی ده‌بێت و چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێت ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه ئاڵاكه‌ی هه‌رێم، ئه‌مشه‌و له دوێنی نه‌یاری زۆرتره و زۆرتریش ده‌بێت له كه‌ركوك. ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە بەغدا ھەڵوێستی نەگۆڕە لەسەر کەرکوک، سیاسییەکانی ھەرێمیش ھەروەکو ٢٠٠٣ بێ بەرنامەن.
■ ھیوا فایەق لەماوەی کەمتر لە دوو مانگی ڕابردووەوە، دووجار هەوڵی داخستنی سینەما سالم دراوە، جاری یەکەمیان بەهۆی نمایش‌کردنی فیلمی( ۱٤ ی تەمووز) کە لە کۆتاییدا هەر پیشاندرا، جاری دووهەمیش تائەم ساتە وەختە قفلدانی هۆڵی سینەماکە بە هۆکاری نمایش‌کردنی فیلمێکی کورتی بیست دەقەیی قوتابیەکی کۆلێجی سینەمای زانکۆی سلێمانی، ئەوەش دەزانرێت کە چیرۆکی هەردوو فیلمەکە پەیوەستە بە سیاسەتە دڕندەکانی تورکیا کە بەرامبەر بە کورد هەیەتی، تا کار گەیشتۆتە ئەوەی چەند دەقەیەک پێشدانانی ئەم پۆستە کافیتریاکەش بەرووی ئەو کەسانەدا دابخەن کە دەیانەوێت هەڵوێستكیان هەبێت. ئەم کردارەی ئاساییشی سلێمانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە چیتر ئیستیفزازی حکومەتی تورکیا نەکرێت تا بەلایەنی کەمەوە بەهانەی ئەوە نەدات بەدەستەوە چیتر تورکیا گەمارۆی سەر فرۆکە خانەی سلێمانی درێژ بکاتەوە یان خراپتر لەوەنەکات! لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پێگەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەدوای ڕیفراندۆمەوە ئەوەندە بێهێز بووە کە چیتر بەرگەی ئەوەنەگرێت بەدەنگی بەرز رەخنەی تورکیا و ئێران بکرێت. بۆمان دەردەکەوێت کە سیادەی ئەم هەرێمە تەنها توانای داپڵۆسین و کپکردنی دەنگی هاووڵاتیەکانی خۆی هەیە، بەڵام بەرامبەر دەرەوەی خۆیشی هیچ بەرگرییەکی پێناکرێت تا ئاستی ئەوەی نەهێڵێت فیلمێک نمایش بکرێت. ئاخر رەوایەتی ئەمە لەکوێدایە هەمان ئەو نوخبە سیاسیەی بوونە هۆکاری ئەم شکستە گەورەیە کە لە دەستگیرکردنی سیخورەکانی تورکیاوە لە سلێمانی بگاتە ئاستی قەدەغەکردنی فیلمی قوتابیەک، یان لەکاتی پێش ریفراندۆم تەخوینی ئەو کەسانەیان دەکرد کە کاتی راپرسێکەیان بە گونجاو نەدەزانی و مەترسی ئەم دەرئەنجامانەیان هەبوو کەرویداو ئێستاش باجەکەی دەدەین، چ ڕەوایە هەمان نوخبە دیزانی ژیانی ئێمە بکەنەوە دوای ئەم شکستە و دۆڕاندنەی بەسەر ئێمەیاندا هێنا؟ شایەنی باسە بینەری ئەم فیلمانەش ناگاتە دووهەزار کەس لە باشرین حاڵەتیدا، سینەما سالم چەند جارێک رووبەووی داخستنی هێجگاری بۆتەوە بە هۆکاری ئەوەی هۆڵی سینەماکە لەکاتی نمایشی زۆربەی فیلمەکاندا چۆڵ و هۆڵە، ئەوانەشی کە بەردەوام بۆ سەیرکردنی فیلمەکان ئەچن شایەتی ئەو حاڵەتەن! لە راستیدا خەونی سەربەخۆ بوون وا سوک و ڕسواکرا کە زەحمەتە بە ئاسانی سومعەی بۆ بگەڕێتەوە و باجەکەشی تەنها هاووڵاتیان دەیدەن.
ئارام سەعید بۆ ئەوەی کۆمەڵگا دادپەروەری تێدا بێت، گرنگە چاودێری دەزگاکانی دەسەڵات بکرێت. ئەوەی دەوڵەتێکی بەهێز جیا دەکاتەوە لە لاواز بونیی، هەبونیی ئۆپۆزیسیۆنیکی بەهێزە، کە هەمیشە ئامادەیی هەیە و رەخنە لە سیاسەتەکانی دەسەڵات دەگرێت، چاودێری دەزگاکانی دەکات، بەرپرسیاری دەکات. لە سیستمی پارلەمانیدا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن روون و ئاشکرایە، ئەویش پێشنیار کردن ورونکردنەوەو بەرگری کردنە لە ئەلتەرناتیڤی حکومەت، بۆیە هەمیشە دوپاتی دەکەینەوە ئۆپۆزیسیۆن نوێنەرایەتی بەدیلی حکومەت و دەسەڵات دەکات، روبەروی سیاسەتە چەوتەکانی حکومەت دەبێتەوەو سیاسەتی گونجاو و جیاواز پێشکەش دەکات. دادپەروەریش ئەوکاتە دەبێتە راستەقینە کە هاوڵاتی تەنها یەک هەڵبژاردەی نەبێت و بتوانێت زیاتر لە بژاردەیەکی لەبەردەمدا بێت. ئەوەی لە کوردستاندا رویدا لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە و پاش بەشداریکردنی هەموو هێزەکان لەدەسەڵاتدا تەنها یەک بژاردە مایەوە کە ئەویش سیاسەتەکانی پارتی بوو هەربۆیە شکست لەدوای شکست بەرۆکی هەریمی کوردستانی گرت. رۆژانە پێمان دەڵین: ئێوە چیتان پێ دەکرێت؟ بە فڵان و فیسار نەکرا، بە چوار کورسی بەغدا و هەشت کورسی پارلەمانی کوردستان چی دەکەن؟ ئەوان پارەو چەکیان هەیە و هیچتان پێ ناکرێت. وەڵامی ئێمەش بۆ ئەوان زۆر بە روونیی و ئاشکرا دەیڵێین، ئێمە خۆمان نافرۆشین بە دەسەڵات، درۆتان لەگەڵ ناکەین، لەگەڵ یەکێتی و پارتی رێک ناکەوین بۆ دوو وەزارەت و پۆستی حکومەت، ڕێز لە دەنگەکانتان دەگرین. هەربۆیەش لە چەندین بۆنەی جیاوازدا نەوەی نوێ داوای کردوە و پێشنیاری کردوە کە هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتی تەسلیم نەبن و پێکەوە بەرەیەکی هاوبەش دروستکەین، تەنها ئازایەتی و راستگۆیی لەگەڵ خەڵکی کوردستان بەوە پێوانە دەکرێت کە نەچنە بەرەی دەسەڵاتەوە، هێزی سیاسیش لەکاتی میحنەتی وەک ئێستادا دەردەکەوێت و بەرپرسیارە و مێژوو رەحمی پێناکات، لەکاتی خۆشی‌دا مرۆڤ دەرناکەوێت بەڵکو ئەوکاتانە روخساری راستەقینەی دەبینرێت کە کە لە ناخۆشیدایە.
چالاك ئاغجەلەری کۆماری فیدراڵی عێراق یەکێکە لەو ووڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە درێژبوونەوە لە تەمەنی دروست بوونیەوە زۆرترین کێشمەکێشی سیاسی و عسکری بەرۆکی گرتوە، ئەمەش بەهۆی خەسڵەتی دروستکردنیەوە لە کاتێکدا داڕێژەرانی ئەم ئایکۆنە سیاسیە لە ناوچەکەدا هیندەی لە هەوڵی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا ئەم نەخشە سیاسییەیان کردە پێویستیەک بۆ هەرچی گەیشتن بە مەرامە ئابوریەکانیان، زۆر کەمتر هەڵوێستەیان لەسەر داهاتویی جیوپۆڵەتیکی و جیوسیاسی ئایکۆنەکە کردەوە، هەر بۆیە نا جێگیری ڕەوشی سیاسی هەردەم مۆتەکە ئاسا ئامادەیی بەرچاوی هەبووە و دەشیبێت بۆ سبەی ڕۆژی ئەم ووڵاتە، جەنگ و گرژییە سیاسیەکان لە پێشەوەی هەرە گریمانە چاوەڕوانکراوەکان، دەکرێت کۆتایی پەرەگرافی پردێکتەکان(پێشبینی) لە سوچێکدا چەند ووشەیەک بچێتە نێو کاتەگۆری بوژانەوەی ئابوری ئەم ووڵاتەوە. ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە وەستانە لەسەر ئەو چەند ووشەیە لە پەیوەند بە ئابوری عێراق بۆ ئەمساڵ (٢٠١٩)، کە تاچەند ئەم ووڵاتە چانسی ئابوری یاوەری دەبێت لەمەڕ گەشەی ئابوری لە چوارچێوەی ئابوری جیهاندا. پێشبینیەکان بۆ گەشەی ئابوری جیهان فرە ڕەهەندە ، دیارە بە پشت بەستن بە ڕووداوە ئابوری و سیاسیەکانی ساڵی ٢٠١٨شڕۆڤەکارانی ئابوریناس پێشبینیەکانیان بە جۆرێک ئەرێنیە بەهێندەی ئەوەی قسەیەک لەسەر هەڵئاوسانەکەی بکرێت، هەرچەندە گریمانەی داڕووخانی ئابوری هەمیشە وەکو دەرگایەکی دانەدخراو بەجێدەهێڵن بۆ میس پۆڵەسیە نەخوازراوەکان. بە گەڕانەوە بۆ گەشەی ئابوری عێراق لە ساڵی ٢٠١٩دا ، بەجۆڕێک کە داهاتی نەوەت بڕبڕەی سەقامگیری و بە پێوە وەستانی ووڵاتەکە دیاری دەکات ، لە کاتیکدا نەوتی ئەم جوگرافیا سیاسیە لەسەدا ١٠ی هەموو جیهان پێکدەهێنێت. هەروەها پرێدکتەکان چاوەڕوانی هەڵکشانی یەک بەمیل نەوتی خاو بۆ ٧٠ دۆلار دەخەمڵێنن، ئەمەش بە هۆکاری کەمکردنەوەی ئاساتی بەرهەم هێنانی نەوت ووڵاتانی ئۆپیک لە مانگی ١٢ی ٢٠١٨ ووڵاتانی ئەندام لە ڤییەنا بڕی کەمکردنەوەی نەوتیان بۆ ١٢٠٠٠٠٠ لە ڕۆژێکدا بڕیاردا کە بە جۆرێک نرخی نەوت بەرەو هەڵکشان دەبات، هاوکات سزاکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریکاوە جوڵە بەم بەرزبوونەوەیە دەکات ، بەدوای ئـەم بڕیارەدا کەمکردنەوەی ناردنی نەوەتی سعودیە بە ڕێژی ٤٠٠٠٠٠بەرمیل لە ڕۆژیکدا لە ھەمان مانگدا و ئـەم مانگەش ٤٠٠٠٠٠ تری کەمکردوە ، کۆی ٨٠٠٠٠٠ بەرمیل بوستێکی بەهێزە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوەت کە سعودیە چاوی بڕیوەتە ٨٠دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠١٩. ووڵاتی عێراق جیاواز هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوکات لەلایەن ئەمریکاوە چۆتە ڕیزی ئەو ووڵاتانەوە کە تاوەکو مانگی پێنج ئازادە لە مامەڵەکردنی ئابوری لەگەڵ ئێران‌دا، بۆ خۆی ئێران یەکەم ووڵاتە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی ئابوری هەیە لەگەڵ عێراقدا. هۆکارێکی دی کە پشتیوانی بەختی بوژانەوەی ووڵاتەکەیە ئەویش کۆتایی هاتنی شەڕی داعش و گەڕانەوەی ئارامی بە شێوەک لە شێوەکان هەروەها ئەگەری دروست بوونی کابینەکەی عادل عبدولمەهدی بە بێ کێشە هەنگاوێکی ئەرێنی ترە لە بوژانەوەی ئابوری ووڵاتەکە، دوا خاڵیش دۆزینەی میکانیزمێک بۆ شل بوونەوەی بەستەڵەکی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فیدراڵ هۆکارێکی تر دەبێت بە ئاراستەی سەقامگیری ووڵات . بە شێوەکی گشتی ئەم خاڵانەی لەسەری هەڵوێستەم کرد و هاوکات پەیوەندەیە سیاسی دیبلۆماسیەکان بۆ ووڵاتانی ناوچەکە و دونیا ئەکرێت عێراق بە گشتی چاوەڕوانی بەختێکی باشی لێبکرێت بۆ بەدەستهێنانی ئابورییەکی گەش و تۆکمە تر لە ساڵی ٢٠١٩دا.
لاوك سەڵاح شەهیدبوونی پێشمەرگە گەران وکەشتێکی شاراوەی نەمرانەیە بۆ بەها و شکۆی دانپیاناندان، بۆ شەهید، ناساندنی خۆیەتی بە دونیا و پیشاندانی بوونێک و بە دەستهێنانی مافێکە بەهۆی شەهیدبوون و مەرگەوە. ئەمە بە سادەیی و بە کورتی حیکمەتی شەهیدبوونە، بە ئاگای یان بێ ئاگای بێت، بە بوونی هۆشمەندی سیاسی یان نەبوونی بێت، مەرگ وێستگەی ناسینەوە و پێناسەکردن و سەلماندنی شوناس و بوون بووە. دۆخی ئێستای هەرێم بە هەموو ئەو دیاردە قێزەوەن و ناچۆر و لە رادەبەر بێ لۆجیک و پڕ سەرکێشییەی کە هەیە وەک دیل گرتن و گۆرینەوە بەم دواییە، فرۆشتنی گەچ وەک دەرمان وچەندان نموونەی دیکە بەتاڵکردنەوەیەکی زەقی هەرێمە، تا دێت زیاتر و زیاتر، لە بەها و شکۆ و روخسارێکی دیار کە بە شەهیدبوون ومەرگ بیناکراوە. هەرێم نەوەک بەتاڵە لە شوناس بەڵکو لە هیچ هەوڵدانێکدا نییە بۆ گەران بە دوای پێناسەیەکدا بۆ خۆی. لە نێوان حیکمەتی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک و بۆشایی یاسایی و سیاسیی‌دا، هەرێمێک هەیە تا دێت سنوورەکان و جوگرافیاکەی کاڵ دەبێتەوە ئەگەر فریای بە ماناکردنەوەی نەکەوین. ژیانی زیاتر لە ٤ ملیۆن کەس بە تەواوی لە مەترسی راستەقینەدایە. ئەم جوگرافیا بچووکەی کە بە هەرێمی کوردستان ناو دەبرێت، بەم شێوازە لە حکومڕانییەی کە هەیە لە پاش سەدان ساڵ چۆن دەخوێنرێتەوە و هەڵدەسەنگێنرێت. لە یادەوەری ئێمەدا، میرنیشینەکانی بابان و ئەردەڵان و ئەوانی تر کە هەبوون، لانی کەم، هەڵگری ناسنامەیەکی لۆکەڵ واتە ناوچەیی بوون، دەستەڵاتی دیار و ناوچەی دیار و میکانیزمی بەرگری دیاریان هەبووە، ئایا، بابەتییانە قسە بکەین، ئەم هەرێمەی ئێمە لە پاش نزیکەی لە ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی خاوەنی چ پێناسەیەکە یان هیچ پرۆژەیەکی بۆ پێناسەکردنی یاسای و سیاسی هەیە؟! ئەم هەرێمە کە رێژەیەکی زۆر لە خەڵک دانیشتوویەتی، دوور لە هەر ئایدیۆلۆژیەکی سیاسی، خۆت بە ناسیۆنالیست یان کۆمۆنیست یان ئیسلامی یان لیبرالی یان سۆشیال دیمۆکرات بزانیت، شایەنی ئەوە نییە کە ژیانیان بپارێزرێت و بەرگریان لێبکەین بە کارکردن بۆ دارشتنی ناسنامە و شوناسێک بۆیان. جاران، جارانی رۆژگاری پێشمەرگایەتی و بەرگریکردن، خەڵک زیاتر شەرعیەتی هەبوو کە خۆی بە دونیا بناسێنێت و داوای ماف بکات. لەم دۆخەی ئێستای هەرێمدا داوای ماف لە کێ بکەین؟ ئەم پرسیارە شەکەتی خەڵک دەکولێنێتەوە و لە هەناسەیەکی سارد و بزیەکی گاڵتەجاری زیاترت دەست ناکەوێت. لە نێوان مێژووی بەرگری و مێژووی حکومڕانییەکی بێ رووخسار زەمەنێک لە ونبوون و عەدەمیەت هەیە. هەرێم لەبەردەم چەندان فۆرم و سیناریۆی حکومرانی سەرەتایی جەنگلستاندایە کە تا ساتی ئەم نووسینە هیچیان بۆ مەودای نزیک و دوور نەوەک متمانە و دڵنیایی نابەخشن، بەڵکو نەهامەتی بۆ هەرێم دەهێنن، لەبەرئەوەی وەک لە بۆنەیەکی تردا باسمان کرد هەموو فۆرمەکانی حکومڕانی لە سەر پەیوەندییەکی بایۆلۆجیانە دامەزراوە و تەمەنیان لە حیکایەت و سەرگوزشتەیەکی کوردی زیاتر نییە، هەر لەبەرئەوەی هیجیان توانای ئەوەیان نییە کە ئەم هەرێمە وەک یەک یەکە بپارێزێت و ناسنامەیەکی سەرتاسەری نوێی پێبەخشێت لەسەر بنەمای شەرعیەتی مێژووی و کۆمەڵایەتی و سیاسی وکەلتووری و ئابووری خۆی و بتوانیت هەرێم لە کەرتبوونی یەکجارەکی بپارێزێت. بێگومان لە چەندان قۆناغی سیاسی جیاوازدا ئەم هەرێمە لە ژێڕ پەردەی چەندان شێوازی حکومرانییدا بەرێوە براوە بۆ نموونە لە سەردەمەی رژێمی بەعسدا هەرێم وەک سێ پارێزگا بە سیستمی بەناو لامەرکەزی ئۆتۆنۆمی بەرێوە دەبرا، بێگومان ئەمە پرۆژەیەک بوو بۆ بەتاڵکردنەوەی هەرێم لە پێناسە راستەقینەکەی خۆی، ئەمە وەک پرۆژەیەکی فاشیانەی بەعس چووە مێژووە. ئەم ئەزموونەی ئێستا بە چی پێناسە بکەین؟ بەداخەوە نا‌توانیین بە ئاسانی پێناسەیەکی راشکاو بۆ ئەم شێوازی حکومرانییەی ئێستا بەکاربێنین، پێناسەیەک بۆ هەرێمێک کە نە شیرازە و نە سەنگی سیاسی هەیە و نە توانای دارایی و سەربازی و پیشەیی تۆکمەی هەیە و لە ئێستادا لە لایەن لۆردەکانی جەنگەوە بەرێوە دەبرێت. ئەم هەرێمە نە بەهاری شۆرشگێرەکان یارمەتیدا تاوەکو شوناسێکی چەسپاوی بۆ بخوڵقێنێت، نە سیاسییەکانی لە توانایاندایە ئیرادەیەکی سیاسی کۆ بۆ کارکردن پێکەوە بخەنە گەر و نە ناوەندێکی سیاسی و فیکریی هەیە کە دانپیانراو بێت تا یارمەتی بدات چوارچێوەیەکی یاسایی سەرتاسەری بۆ دەستنیشان بکات و نە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی هەیە کە پشتی ببەستێت بۆ لۆبیکردن لە کاتی شیاودا و نە رەوەندێکی لە دەرەوەی وڵات هەیە کاریگەری لە ناوە و دەرەوەی هەرێم هەبێت و بتوانیت هاواری سەر شەقامەکان بگوێزێتەوە بۆ سەر کاغەز و بیانکاتە پرۆژەی پێناسە و ناساندنەوەی هەرێم. ئەوەی هەیە کۆمەڵە گروپێکی چەکدارن هەریەکەیان لە دۆڵێکی جیاوازدا کار دەکەن. پرسیاری سەرەکی کە دەبێت دانیشتوونی ئەم هەرێمە لە خۆیانی بکەن سەرباری شەکەتییان؛ دەبێت بپرسن چۆن دەتوانن خۆیان لە فۆرمە عەسکەرتاری و ئیستبدادییەکانی حکومڕانی بپارێزن، چۆن فشار دروست بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە تەوژمە توندرەوەکانی ئاییندە بپارێزن کە هەمیشە لە پاش رەوینەوەی هەرەشە دەرەکییەکان، مەترسییە ناوخۆییە نووستووەکان سەر‌هەڵدەدەنەوە وەک ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمدا روودەدات، لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم چەندان بە ناو فەرماندە و کەسی جیاواز بوونەتە حاکمی رەهای ناوچەکان شیرازەی هەرێمیان بنێس و لاواز کردووە تا رادەی نەمان. هەرێم لە دووریانێکی سەختی دارشتنەوە و ناسینەوەی خۆیدایە کە دەبێت خۆی لە خوێن رشتن و مامەڵەی بایۆلۆجیایانەی سەرمایەو پارە و دەستەڵات بپارێزێت.