■ بەختیار شارەزوری ئەمتوانی بە زمانێکی سیاسی و گشتگیری ئابوری ئەم نامەیەتان بۆ بنوسم ، بەڵام زمانی ئەدەب زمانی خۆشەویستی نیشتمانە و لەسەرو بەرژەوەندیەکانەوەیە ، دەبێت هەموتان ئەو نامەیە بخوێننەوە کە سیاتڵ سەرکردەی هندیە سورەکان بۆ سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا ناردی ، هەر لەو دیدەوە ئەم نامەیەتان بۆ دەنێرم : هەر کات تێگەشتن کە نیشتمان لەسەروی گیرفان و بەرژەوەندیەوەیە ، هەر کات تێگەشتن کە نیشمان وەک ڕۆح وایە ناتوانیت دەستبەرداری بیت ، لەهەر کوێ بیت ، لەهەر کۆشکێکا بیت ، چۆن بتەوێ بڵی ی نیشتمان دەفرۆشم ، هێشتا نیشتمان لە ناو ڕۆحتایە ، ڕۆژێ دێت دڵت وێران دەکات ، ئێوە بیرناکەنەوە کە بڕینی چنارێک چی پرسەیەکی گەورە بۆ باڵندەکان دادەنێت ، ئێوە بیر ناکەنەوە ، جێ هێشتنی کانیەک چۆن باران توڕە دەکات ، بیر ناکەنەوە دار بەڕوویەک برامانە و ڕۆژێ لە ڕۆژان لەشایی نیشتماندا چۆپیەکەی گرتوە ، بیرناکەنەوە مناڵێکی ئەم نیشتمانە چۆن پڕە لە جوانی تەمی ئێوارن ، لە گوڵاڵە سورەی بەهاران ، پڕە لە بۆنی نێرگزی دەستی ئەو فرۆشیارانەی لەسەر ڕێگاکاندا چەپکێکی پێ دەفرۆشتین ، بۆ نیشتمان وێران بکەین ئەم بەشەرانەی کە وەک بەردێکی لاپاڵی شاخێکمانە بڕۆن هەناسەی غەریبی هەڵمژن و دواتر تەنها لاشەیەکی مردوو بێتەوە ناو نیشتمان ، بۆ بیرناکەنەوە ، ئێمە دەبێت ببین بە بونەوەر ، بونەوەرێک خاک و نیشتمان سیاتڵیانە دەبێت بگاتە ئاستی دایک ، بیر ناکەنەوە کە مناڵێک لە ماڵە هەژارێکا دەگری ، دار گوێز موچرکە بە لەشیدا دێت ، بەڵاڵوک شمشاڵەکەی حەزین دەژەنێ ، ئێوە بیر بکەنەوە کە تەنها خۆتان و خانەوادەکانتان لێرە نین ، وەک ئێوە هەر بەشەرێکی ئەم نیشمانە تاوەرە بەردێک برایەتی ، کانیەکی قەت پاڵی قەندیل خوشکێتی ، ئێوەش برای ئەون ، بیر بکەنەوە چۆن دەتوانن شەوە سورەکانتان بڕازێننەوە ، کە دەزانن لەبەر نوکی خەنجەری ئێوە نیشتمان خوێنی لێ دەتکێ ، وەرن بڕۆنە پەنای کانی یەک ، قسە لەگەڵ ڕەنگاڵەیەکدا بکەن ، بچنە سەر شاخێک و ڕابمێنن لە پەلکە زێڕینەی ئەم نیشتمانە ، سەیر بکەن بزانن پۆلە ڕیشۆڵەکان چی دەڵێن ، وەرن لە کۆشکەکانتان وەرنە دەرێ ، بچن کەپرێکی سادە و ماڵیل لە قوڕ دروست بکەن ، با بنەوە بە بونەوەر ، ببنەوە بە بەشێک لە نیشتمان ، وەرن بچن خۆتان بە قوڕی سور بشۆن تا گڵاوی جیاکاری ئێوە و مناڵە هەژارێک ، ئێوە و دار هەڵوژەیەکی عەیار ، ئێوە و چڵە گەنمێک ، ئێوە و دار گێلاسێک ، با ئەم گڵاوێەتان لێ دەرچێت ، چاوتان بشۆن تا ببینن ، ئێوە چەند ناشیرینن لەسەر خاکی نیشتمان ، چی پەڵەیەکن بە کراسە ڕەنگاوڕەنگەکەی نیشتمانەوە ، ئێوە کە قەڵەمێک دەکوژن هەزاران بولبولی و کەنار چەم حاشاتان لێ دەکات و ئیتر گۆرانی ناڵێن ، ئێوە کە خیانەت بە خیانەت حەل دەکەن لە پێناو ئەو بەرژەوەندیەی لە سەروی نیشتمانەوەیە ، چی تر ڕوبار دەوەستێ ، هەڵۆ مات و مەلول دەبێت ، دایک بێز شیری خۆی دەکاتەوە کە ئێوەی گەورە کرد بۆ خیانەتی زیاتر ، بیر بکەنەوە چی لەوە خۆشترە گوندەکانمان جوانتر بێت لە شارەکانمان ، سفرەی ماڵەکان لە سفرەی ئێوە ڕازاوەتر بێت ، وەرەنەوە بچن لە گوندێکی دوری بێ نازدا دەوار هەڵدەن و ببن بە شوان و بەردو کانی و ڕوبار و مێگەل و باخچە و گوڵاڵە بکەنەوە بە هاوڕێتان ، ئەو کات دەبینن نیشتمان نە هی فرۆشتنە نە هی گیرفانیشە ، ئێمە هیچمان ناوێت بەس تکا دەکەم نیشتمان مەشێونن ، ئەو کات وەک سیاتڵ دەڵێ درەخت و مەلەکان وەک برای خۆتان سەیر بکەن تا نیشتمان جوانتر بێت و پێکەوە بڵێین ( خوایە وەتەن ئاوا کەی .... چەند دڵگیر و شیرینە ) ئەمەش لینکی نامەکەی سیاتڵ بۆ سەرکردەکی ولایەتەکانی ئەمریکا ، کە جوانترین نامەی مێژوییە . https://www.youtube.com/watch?v=qDVvERQBq00&t=27s
■ كارۆخ عوسمان ئەگەر بڕیاربێت ئەمریكا دەستبەرداری باكوری سوریا بێت، ئەوا دیارە ئەسپەكەی بەرامبەر ڕوسیا بەزیوە، ھەموو داواكانی توركیاش لەو ناوچەیە دێنەدی. تەنھا كورد نیە بە ئەگەری كشانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا ناڕازی بێت بەڵكو دەوڵەتەكەی ئەسەدیش قایل بەڕادەستكردنی باكوری سوریا بەتوركیا نابێت، گریمان ئەمریكا ئەوەی كرد بەڵام خۆ تاكە عەمیل و ھاوپەیمانی ڕوسیا لەناوچەكەدا سوریایە، چۆن ڕازی دەبن بەتەسلیم كردنی سنوری ٦٠٠كم سوریا بەتوركیا. ھەتا ئێستاش ڕوسیا متمانەی بەتوركیا نیە بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی، بۆیە ڕازی بە بچوك بوونەوەی سوریا نابێت، وەكچۆن لە ٢٠١١ تائێستا لێ نەگەڕاوە ڕژێمەكەی ئەسەد بكەوێت. عنوانی نوسینەكەم تەعبیرە لەگەمەیەكیتری ئەمریكا بە توركیا، چونكە؛ ١-توركیا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ھەڕەشەی لە خواست و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا كردووە لەناوچەكەدا. ٢-ھەڕەشەی واڵاكردنی سنورەكانی بووە بەڕووی پەنابەراندا بۆ ئەوڕوپا. ٣-ھەڕەشەی گرتنەوەی ئاوەكانی فوڕات و دیجلە بووە لەسەر عێڕاق كە گەورەترین كۆڵۆنی ئەمریكاو ھاوپەیمانەكانیەتی. ٤-ھەڕەشە بۆسەر سیادەی سعودیەو وەلیعەھدەكەی كە گەورەترین ھاوپەیمانی ئەمریكایە لەناوچەكەدا. ئینجا جگە لەوەش ئێران بەشێكە لەمعادەلەكە، ھەروا ئاسان دەستبەسەرداگرتنی ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فوڕات تێناپەڕێت، حەتمەن لەبەرامبەردا توركیا دەبێ شتێك ببەخشێت بەئێران، ئەگەر ئەمریكاش لەو ناوەدا نەمێنێت. ھەبوونی سوڵتەی سەربازی توركیا لەباكوری سوریا كارەكانی ئێران بۆ گەیشتن بەدۆستانی لەلوبنان و سوریاو فڵستین قوڕس دەكات، كەواتە ئێران بەخششی دەوێت و توركیا بەدەلی ئەوەی نیە بیدات بەئێران. ئەمریكا بناغەكەی لەسەر بەرژەوەندی ئەمریكایی دامەزراوە، نەك دەزگایەكی خێرخوازی بێت، كەواتە ئامادە نیە ئەو ناوچانەی كە بەشەڕو خەرجیەكی زۆری جەنگی بەدەستی ھێناون بیداتە دەستی توركیا بەبێ بەرامبەر. پرسیار ئەوەیە؛ چ شتێك لەڕۆژھەڵاتی ڕووباری فوڕات و باكوری سوریا بۆ ئەمریكا گرنگترە تا لەگەڵ توركیا سەودای پێبكات؟ بێگومان توركیا لەوە بەنرختری نیە تا بیداتە ئەمریكا لەبەرامبەر وەرگرتنی ٦٠٠كم سنوری سوریا لەگەڵ وڵاتەكەی. سەبارەت بەكورد؛ ھێزەكانی كورد لەسوریا كە لەژێر ناوی سوپای سوریای دیموكڕات گرێدراون، جگە لەكورد پێكھاتە نەوەیی و ئایینی و ئایدیاكانیتریشی لەخۆ گرتووە، تاكە ھێزە كەھاوشانی ئەمریكا دژی تیرۆریستان شەڕ دەكەن. تەنھا توركیاش دوژمنی ئەوان نین بەڵكو حكومەتی مەركەزی سوریاو سوپای سوریای ئازادو ھێزە ئیسلامیە توندڕەوەكان و داعشیش دوژمنیانن. لێرەدا ئەمریكا ئەو ھێزەی كە لەماوەی ڕابردوودا پڕ چەكی كردن ئامادە نیە جێیان بھێڵێت و بەرامبەر دوژمنەكانیان بكەون. ئەمریكا ھەمان یاری لەعێڕاقیش كرد، عەفرین چۆن ڕادەستكرا لەكەركوكیش ھەمان شتی كرد. حەقیقەت ئەوەیە كە ئەگەر ئیمداداتی ئەمریكا نەبێت ھێزە كوردیەكان لەعێڕاق و سوریا توانای تێكشكاندنی ھێرشەكانی دەوڵەتانی وەك توركیاو عێڕاق و سوریایان نیە لەئاستی سەنگەرگرتنەوە، بەڵكو شەڕی زیانگەیاندن بەو دەوڵەتانە لەڕێگەی پارتیزانی بووە (بگرەو بكوژەو بكشێوە). مونبەج كە بووەتە جێی تەماحی توركیا ڕەنگە بكەوێتە دەست توركیا بەڵام تەواوی ڕۆژھەڵاتی ڕووباری فوڕات لەئێستادا ناخرێتە سەر مێزی مامەڵەو سەودا. ئەمریكا دەڵێت؛ بۆیە ھێزەكانمان دەكێشینەوە چونكە ئەركەكەمان كۆتایی ھات كە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشە، بەڵام موددەیەكی زەمەنی دووری بۆ ئەم كشانەوەیە دیاریكردووە، كە ١٠٠ ڕۆژە، بێشك لەماوەی ئەو ١٠٠ ڕۆژەدا معادەلەكان گۆڕانكاریان بەسەردا دێت كە مەھانە بدەنە مانەوەی زیاتری ئەمریكا. ھەرچەندە لەبنەڕەتدا تیرۆریستان ھێشتا لەبرەودان و تێكنەشكاون. لەوكاتەی كەمززەی كشانەوە ھاتەگۆڕێ جوڵەكانی ڕێكخراوەی داعش ڕووی لەزیادی كرد، ئەمەش وەك ئەو تەقینەوە تیرۆریستیانەیە كاتێ ئەمریكا ڕایگەیاند لەعێڕاق و ئەفغانستان دەكشێینەوە ڕوویان لەزیادبوون كرد، ئەوكات ئەمریكا خۆی ناچاركرد بمێنێتەوە. ئەمریكا لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا ھەزار فێڵیتر دەكات بۆ مانەوە لەباكوری سوریا، چونكە لێی ڕوونە ئەگەر بەتەواوی بكشێتەوە ھاوپەیمانە كوردەكانی لەدەست دەدات، ئەوكات كوردەكان ھاوپەیمانی لەگەڵ حكومەتی مەركەزی سوریاو ڕوسیاو ئێران گرێدەدەن، ئەوانیش كە دوژمنی ئەمریكان. توركیا ئەو شەڕە بەھاوكاری چەتە تیرۆریستیەكان و سوپای سوریای ئازاد ÖSO ئەكات، چونكە ئەگەر ئەوان نەبن ئارتەشی تورك ناتوانێ لەزەمینیدا سەركەوتوو بێت، بۆیە لەئەوەلدا وازەروورە ھێزەكانی قەسەدە بەچڕی ئیش بۆ بڕینی دەستی ھێزە عەمیلەكان بكەن. كوردانی سوریا لەئەگەری كشانەوەی ئەمریكا ناكرێت بەرگریكاربن، وەك ئەوەی لەعەفرین ڕوویدا. یاسای شەڕی نابەرابەر وایە كەپارتیزانی بچێتە قوڵایی دەستەڵاتی دوژمن، توركیاش دەوڵەتێكە ئەمساڵ بەپێی ڕیزبەندی جیھاتی نۆیەمینی سەرئاستی وڵاتانە لەڕووی عەسكەریەوە، بۆیە بەبەرگریكردن بەرپەرچی نادرێتەوە. كەواتە دەبێ ھێزی ڕكابەری توركیا شەڕ بباتە ناو جەرگەی توركیا. دەتوانرێت توركیا بھێنرێتە ژێر باری پاڕانەوە، بۆنمونە؛ زەرەرگەیاندن بەو بەنداوانەی كە توركیا لەسەر ڕووباری دیجلە دروستی كردوون، چونكە شەرعیەتی بەدەستە ئەوكات، مادام كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی بێھەڵوێست بێت لەھەمبەر ئەو ھێرش و سنوربەزاندنەی توركیا و ھەڕەشەی قەتڵ و عامی كوردان كە بەدەرن لەیاساكانی جەنگی كوردانیش لەناو خاكی توركیا شەرعیەتی ھەموو جۆرە چالاكیەكیان ھەیە. بەتەقاندنەوەی ئەو بەنداوانە دەوڵەتی توركیا بەتەواوی دەكەوێتە سەر ئەژنۆ، چونكە لەبڕبڕەی پشتی ئیقتسادی توركیا دەدرێت. ھەموو ئەمانە بەلایەكداو بێ متمانەیی دەوڵەتی توركیا بەرامبەر بڕیارەكانی ئەمریكا بەلایەكیتر، لە ٢٠١٤ تا ڕۆژی ئەمڕۆ سەرای چانكایا بڕوای بەكۆشكی سپی نەبووە، بەڵام لەئاستی نھێنیدا دەرین دەوڵەتی تورك ھاوبەندی بەھێزی ھەبووە لەگەڵ CİA، فرۆشتنی كەرەستەی جەنگی پێشكەوتوو بەھێزی بەرگری نیشتمانی توركیا دەلالەتی ئەو پەیوەندیەن.
سەردار عەزیز تویتەکەی ترەمپ جارێكی تر کوردی هەژاندەوە. بەڵام تراژیدیای گەورە ئەوەیە کە کورد ناهەژێت. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمە بەرچاو بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پاشخانێک بۆ ئەم پەشۆکانە. یەکەم، ئەمە یەکەم جارنیە کە ترەمپ دەیەوێت لە سوریا بکشێتەوە. پێشتر لە مانگی سێ ئاماژەی بە کشانەوە لە سوریادا. ترەمپ ئەو کاتە ووتی بەم زوانە. دووەم، هەر لە سەردەمی ئۆباماوە ئەمریکا کێشەی هەبوە کە چۆن لە گەڵ سوریادا مامەڵە بکات. بە بیرهێنانەوەی پرسی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و هێڵی سور، دەرخەری ڕاڕایی ئەمریکایە بەرامبەر سوریا. سێیەم، بەڵام کشانەوەی لەمجۆرە، یان پێدانی رۆژئاڤا بە ئەردۆگان خواستی ترەمپە تەنانەت خواستی ئیدارەکەشی نیە، نەک خواستی ئەمریکا. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ئەو ئەفسانەیە لە گۆڕنێت کە لە لە دونیایی کوردیدا باوە و ساویلکانە دووبارە و دووبارە دەکرێتەوە، ئەویش ئەمریکا وڵاتێکی دەزگاییە. سەرباری ئەمە ئەمریکا هەرگیز نەیوت هەمیشە لە سوریا دەمێنێتەوە. جەیمس جێفری هەنگاوەکانی باش نەبوون، پەیەدەی وەک حیزب اللە لە قەڵەمدا. چوارهەم، پێشتر ترەمپ پاشەکشەی پێکرا، ئێستاش هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن. بەڵام ترەمپ بە ئاشکرا پاشەکشە لە بڕیارەکە ناکات، بەڵکو بە دروستکردنی دۆخێک کە نەبونی هیچ کاتێکی دیاریکراو، دروستکردنی ئاڵۆزی لە دەوەری پرۆسەکە. ترەمپ لە پرسی دیوارەکە هەفتەی پێشوو ووتی من شانازی دەکەم کە حکومەت پەک خەم، ئێستا دەڵێت دیموکراتەکان حکومەت پەک دەخەن. درۆکردن کرۆکی سیاسیە شەعبەوییەکانە. بۆ ترەمپ ئەم کارەی کرد: یەکەم، ترەمپ هەمیشە لە گەڵ ئەوەدا نەبوو کە سوپای ئەمریکی لە سوریا بێت. دووەم، بۆ دروستکردنی دۆخێک کە فشارەکانی تر لاببات، وەک پێنەدانی پارە بۆ دروستکردنی دیوارەکەی، مۆلەر، روسیا. سێیەم، ئەمریکا چیدی گرنگی نادات بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئۆبامابوو ووتی کە ئەمریکا نەتەوەیەکی پاسفیکە. سێیەم، وەرچەرخان بەرەو تورکیا، لە میانەی فشارەکان لە سەر سعودیە چوارهەم، بۆ فرۆشتنی هەندێک چەک. ئایا جێبەجێ دەکرێت: خوێندنەوەی نامەکەی جیم ماتیس ئاماژە بە ئەوە ئەدات کە ناڕەزایی دەربارەی ئەم پرسە لە باڵاترین ئاستدا لە ئارادەیە. نەدانی هیچ لێدوانێک لە پەنتاگۆن و ناوەندەکانی ترەوە ئەنجامدانی کارەکە دەخاتە گومانەوە. ئاماژە بەئەوە ئەدات کە ترەمپ دەڵێت بەڵام مەرج نیە جێبەجێ بکرێت. لە کاتی قسەکردنی ترەمپ و ئەردۆگاندا، جۆن بۆلتن لە سەر خەت بوو، ترەمپ پێی ووت ئەنجامی دە، بەبێ هیچ پەیوەندییەک بە پۆمپییو و ماتییەس. هەنگاوەکە پشێویی دروستکردوە، پشێویی ئەو دۆخەیە کە ترەمپ حەزیی لێیەتی. ترەمپ لە ماوەی پێشوودا سیاسەتی بەمجۆرە بوە. کاتێک هەر پرسێکی جوڵاندبێت، هەرایەکی لە سەر دروستکردوە، دونیای بە تویت هەژاندوە، بەڵام بە گشتی زۆر کەم لە سەر ئەرزی واقیع گۆڕاوە، هەر لە پرسی گواستنەوەی باڵوێزخانە بۆ قودس هەتا ئابلۆقەی ئێران. بۆیە گومان هەیە جێبەجێ بکرێت. بەڵام وەک جێفری ئاماژەی پێدا ئەمریکا دەیەوێت سوریا دەستوری هەبێت، پەیەدە پارتێکی سیاسی سوری بێت، هەتا لە ڕێگایەوە فشار بکەن. ئەمە مۆدێلی عێراقە، بەڵام سوریا عێراق نیە. چی بکرێت باشە؟ پلانی ئەمریکا بۆ سوریا بە مۆدێلی عێراق، بۆ سوریا سەرناگرێت. کورد دەبێت بیر لە رێگای تر بکاتەوە. ئەمریکا هەمیشە ئاماژەی بە ئەوەداوە کە پەیوەندییەکی کاتی و تەکتیکییە. ئێستا کاتی ئەوەیە کە کورد شاندێکی هەبێت و باس لە پرۆسەی ئاشتی بکات، لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئێستا ئەمریکاییەکان لە قۆناغی پرۆسەی ئاشتیین لە یەمەن، هەروەها لە گەڵ تالیباندا. ئەم قەیرانەی ئێستا دەبێت بۆ فشاری ئاشتی بەکاربێت. بەڵام ئەگەر شاندێکی کوردی بەرفراوان هەبێت لە باکور و باشور و رۆژئاڤا، کاریگەری زۆرتر دەبێت. جیاوازییەکانی نیوان کوردانی پارچەکان جیاوازی درۆیینەو شەخسیین، نیشانەی بچکۆلەیی سیاسیی کوردن نەک جیاوازی تر، هیچ نەبێت با ئەم قەیرانە بتوانێت تێیپەڕێنێت. ئەوروپا لە دۆخێکی خراپدایە، ناتوانێت خۆی بپارێزێت و هەتابێت باوەرێ بە ئەمریکا نامێنێت بۆیە دەکرێت بە ئاسانی بکرێتە هێزێکی پشتیوان. ئێمە گەر داوای پرۆسەی ئاشت بکەین پێشوازی زیاتر دەبێت لە پاراستن و جەنگکردن. ئەم قەیرانە سەختە بەڵام بۆ یەکەمجارە کاریگەری هەیە لە سەر ئاسایشی ئەوانی تریش. بۆیە دەکرێت دەرفەتێکیش بێت ئەگەر عەقڵێکی باڵا هەبێت. هاتنی تورک کارێکی ترسناک دەبێت چونکە تورک لە تەل عوبەیدەوە دێنە ناوەوە، هەتا زیاتر بکشێن عەرەبێکی زۆر دەهێنێت کە ئاوارەن لە تورکیا بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە وەک لە عەفرین ئەنجامی ئەدات.
■ ئارام قادر یهكێك لهپرنسیپهكانی هاوپهیمانیی نیشتمانی ئهوهیه مرۆڤ پێویسته شكۆی پارێزراو بێت و نابێت لهژێر هیچ پاساوێكدا شكۆی بشكێنرێت، چونكه لهكهداركردنی شكۆی تاكهكان تیرۆركردنی كهسایهتیهكانه لهكهسێكی ئاساییهوه تا سهركردهیهك، ناوڕزاندن و تهشهیر میژوو و شارستانیهتی نیشتمانهكهمان وێران دهكات، ئهمهش خواستی ئهو كهسانه نهبووه خهباتیان لهپێناو ئهم گهلهكردووه، وه خواستی ئهو سیاسیانه نیه كه خهمی ئایندهی ئهم میللهتهیانه، سهرباری ئهمهش ههندێك لههێزه سیاسیهكان لهپێناو بهدیهێنانی چهند ئامانجێكی سیاسی پهنادهبهنه ئهم جۆره دیارده خراپانهو میدیا بهكاردههێنن له چوارچێوهی كامپینی شكاندنی بهرانبهرهكانیان، شكاندنی شكۆی دهستهبژێری گهلهكهمان لهڕێگای ههڵمهتێكی ناشرینكردن و سوككردن كه كراوه به بهكلتور و ئادابی سیاسی. ئهم دیاردهیهش كۆمهڵگهی كوردی ڕووبهڕوی شهپۆلێك لهتوندوتیژی كردووهتهوه لهڕێگهی ئهو هێرش و یهكتر شكاندنه لهتۆڕه كۆمهڵایهتیهكان كه ڕووبهڕی یهكتری و پاشان ڕووبهڕوی تاك و كهسایهتیهكان دهبێتهوه، ئهمه ئهگهر دهرهاویشتهی دۆخی كۆمهڵگهی پاش جهنگی ناوخۆ بێت دهرهاویشتهیهكی سهرهكی ئهوهیه پارته سیاسیهكان دژی یهكتری ئهم هۆكارانهیان بهكارهێناوه. ئهم دۆخه مهترسیداره جگه لهوهی دهرگای واڵاكردووه بۆ ئهوهی ههرچی پیرۆزی نیشتمانی و شكۆی كهسایهتیهكان، وه پیرۆزی كهسایهتیه مهعنهوییهكان بكهوێته بهر نهشتهرو پلاری دور لهخوێندنهوهی زانستی و دادپهروهرانه، بۆیه ئهبینین ئێستا هیچ ڕهمزێكی ئهم نیشتمانه نهماوه كه ڕووبهڕوی پرسیاری نادروست وگومانی نابهجێی و قسهی نهشیاو نهكرابێتهوه، ئهمهش وایكردووه شارستانیهتی نویی نیشتمانهكهمان و سیمبول و كهسایهتی مهعنهوی گهلهكهمان لهبهردهم مهترسی لهناوچوونی كهسایهتیدابن. هاوپهیمانیی نیشتمانی دژی ههموو ههڵمهتێكه كه ئهنجام دهدرێت دژی شكۆی مرۆڤهكان، وه ناوزراندنی كهسایهتیهكانی تێدابێت نهكاریش بۆ ئهوهدهكات لهههمانكاتدا ئهوه واتای پیرۆزكردنی كهسایهتیهكان نیه، لهگهڵ ڕێزگرتن لهخهبات و ئێستای كهسایهتیهكان زمانی ڕهخنهگرتن بهشێوهیهكی شهفاف و دادپهروهرانه ڕێگای چاكسازی و گۆرانكاریمان بۆ دهسازێنێت، وه ناكرێت بواری ڕهخنهگرتن بهرتهسك بكرێتهوه لهژێر هیچ ناو ناونیشانێكدا بۆیه دهتوانین بڵێن ڕهخنهگرتن مرۆڤهكان و نیشتمانمان بۆ بنیات دهنێت بهڵام ناوڕزاندن و لهكهداركردن شكۆی مرۆڤهكان دهشكێنێت و نیشتمانمان دهڕمێنێت.
■ ئارام ئەحمەد لەسەر سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەداو لەو کاتەوە هاتوونەتە خلیج، دەیان بابەتم نوسیوە، لێدانەوەی قەوانیش بێسوودە، ئێستایش کە ترامپ بریاری داوە هێزەکانی لە ڕۆژئاوا بکێشێتەوەو هێشتا جێبەجێنەکراوە، ئەوەی دەستی قەڵەم دەگرێت شەن و کەوی ئەم بابەتە دەکات، وەک ئەوەی بە درێژایی مێژوو ئەمریکا ئێمەی پاراستبێت وئەگەر ئەوان نەبن گورگ ئەمان خوات، هەرجۆرێک ئەم بیرەبکەینەوە مانای هیچی خۆمان دەگەیەنێت، گەلێک ئیرادەی هەبێت، دەبێت خۆی خاوەنی خۆی بێت و خۆی خۆی بپارێزێت، ئەمریکا باوکی بەرژەوندیە سیاسی و ئابوریەکانی خۆیەتی، هەرگەلێکی بن دەست بەتەمای ئەمریکا بێت ڕزگاری بکات و بیپارێزێت دەبەنگە. ئەمانە هەر ئەوهێزانەن ئاپۆیان بردە نایرۆبی ولەوێوە فرۆشتیان بە تورک، هەرئەو هێزانەن، چل سالە دەیانەوێ پەکەکە تەسفیە بکەن و نەیان توانی، چونکە چەک وشاخی بەدەستەوە بوو، ئەوەی کە هەموو دۆست و نۆکەرەکانی تورک داوا دەکەن با پەکەکە چەک دابنێت، تەنها بۆ لەناوبردنیانە، ئاخر ئەگەر نیەتێک هەبێت بۆ چارەسەری کێشەی کورد، چەک دانانی بۆچیە؟،وەرە کێشەی کورد چارە بکە، پەکەکەو کورد چەکی ناوێت. ئادەی ئێوەبڵێن، لە ئەفغانستانەوە تا لیبیاوعێراق وسوریا کام سەرزەمین ئەمریکای تێ چووەو نەبۆتە کەلاوەو وێرانە؟ بە درێژایی مێژووی خۆی پێی خستبێتە هەر جێگایەک، ئاسەواری مەدەنیەتی و خۆشی نەهێشتۆتەوەو کاتێک ڕۆیشتوە، مشتێ خۆڵی بەجێهێشتوە. ئەمریکا بکشێتەوە یان نا، دەست لە بەرژەوەندیەکانی هەڵناگرێت لە سوریاو ڕۆژئاواو ناوچەکە، بە جۆرێک لە جۆرەکان حزوری هەر دەمێنیت، وە بۆشەڕی داعشیش نەهاتوە، ساڵی نەوەدەکانیش کە هیزەکانی هێنایە خلیج وتی بۆیە هاتووین، سەدام کویتی داگیرکردوەو چەکی کیمیاوی هەیەو دیکتاتۆرە، خۆیشیان داوایان لەسەدام کردبوو کوێت داگیر بکات، چونکە هەشت ساڵ شەڕ لەگەڵ ئێران ئابوری سفرکردۆتەوەو قەرزاری کردوە، هەر خۆیشیان مشتێ چەکی کیمیاویان دابویە ودوایش هیچی نەبوو، بەڵام سەدام و دیکتاتۆریەکەی تەنها بیانویەک بوو، ئاخر پێشتر سەدام هەلەبجەی کیمیاباران کردبوو، ئەنفالی کردبوو 5000 گوندی بە سوتماک کردبوو، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سوچی ڕۆژنامەیەکیشدا باسیان نەکرد. داعش بەرهەمی ئەقڵیەتی خۆیانە، من کارم بەوە نیە زبڵ نوسەکانی کورد چی دەڵین، بەلام گومانم لەوە نیە، ئەمریکاو هاوپەیمەنەکانی لە دوای 11 ی سیپتەمبەرەوە، مەیدانی شەڕیان گواستوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێ ژێرخانە ئابوریەکەی تالان دەکەن، بایی دەیان وسەدان ملیارد دۆلار چەک و تەقەمەنی ساخ دەکەنەوەو پارەکەی چەند قات لەو دەوڵەتانە وەردەگرنەوە،هەم بای دەیان ملیارد چەک دەفرۆشن بەو دەولەتانە، وەبە خولقاندنی داعشەکان و ئاگری شەرەکان، ملیۆنەها ئینسان دەکەنە قوربانی و دەیان شار وجێگاکانی تر وێران دەکەن، دوایش کۆمپانیاکانیان بە چاکەت و پانتۆڵەوە دێن و دەلین ئاوەدانی دەکەینەوەو سەدان ملیارد دۆلار لووش دەدەن، بە کورتی بڵێم، ئەوەی کە ڕووی داوە لە ڕوخاندنی سەدامەوە تا قەزافی و یەمەن وئەفغانستان و سوریاو تا ئێران ی ئێستاو ئایندە تەنها یاریەکەو هیچیتر،بۆ دەسکەوتی ئابوری. ئەمریکا هیچ عەقدێکی لەگەڵ پەیەدە واژۆ نەکردوە، پەیەدە هەڵقولاوی ناخ و میژووی گەلی ئێمەیەو ئەمریکا داینەگیرساندوە تا بە ڕۆیشتنی ئەویش بکوژێتەوە، ئەمریکا قازانجی خۆی لە چیدا بێت ئەوە دەکات، ئەوە ئەرکی گەلەکەمانە لە ڕۆژئاوا خۆی بپارێزێت وئەرکی گەلەکەی ئیمەیە لەهەرچوار پارچەو لە دەرەوەی وڵاتیش کەلە دەوری پلاتفۆرمێکی یەکگرتوو کۆببنەوەبۆ سەرکەوتن، ئێوە کە پارچە پارچەن و سێ بەشتان پیاوی تورکیاو ئێران و بەغداو ئەمریکا و کوێ کوین، گلەیی لە کەسیش مەکەن، تۆ کە خۆت نەبیت بەتەمای کەس مەبە ڕاتبگرێت. ئەوەتا پۆلیسەکەی تورکیا لە باشور" بنەماڵەی بارزانی" خەون بەوە دەبینێت هەرچی زووە ئەمریکا بڕوات، خەون بەوە دەبینێت تورکیا زوو پەلاماری ڕۆژئاوا بدات و خاکی بە تورەکە ببێژێت، تۆ کە ڕەگت خیانەتەو خۆ خۆری، گلەیی لە ئەمریکاو کەس مەکە.
■ دلشاد ئهنوهر ئەمڕۆ کاتێک تەرمی جەمال نەبەز گەشتەوە سلێمانی، حیزب و بەرپرسی کوردی بە ئاڵاندنی ئاڵای کوردستان لەو ئۆتۆمبێلەی تەرمەکەی تێدا بوو، یاخود بە هەڵای ئیعلامی دەیانویست بە جۆرێک لە جۆرەکان خاوەندارێتی نەبەز بکەن.٠ ئەم هاش و هوشە ، یاخود ئەم خۆبەخاوەن کردن و بێ شەرمیەی حیزب، ئەو میژووە پڕ لە شەرمەزاریە ناسرێتەوە، کە تاکێک ناوبراو لە ژیان دا بوو، ئەمان لە رێگەی دادگاو هاندانی دادوەری حەلقە لەگوێوە ، دەیانویست نەهێڵن لە تاراوگەش بە ئاسودەیی بژی. هەروەک هەرچی هەیە بیکەن، ناتوانن ئەوەی کاتی خۆی بەرانبەر بیرمەندی گەورە مەسعود محەمەد کردیان، لەمیژوودا بیسرنەوە. جەمال نەبەز، ٥٦ ساڵە لە ئەڵمانیایەو نەگەڕاوەتەوە، لەکاتێکدا قەومی ترین پیاوی دونیابوو. 27 ساڵە حیزبی کوردی حوکمی هەرێم دەکات، جەمال نەبەز بێزی نەهاتووە بۆ چرکەیەکیش سەربکاتەوە هەرێم و حوکمی بەناو خۆماڵی حیزبی کوردی ببینێ... چاوپێکەوتن و لێدوانە رۆژنامەوانیە تۆمارکراوەکانی شاهیدن کە ڕای جەمال نەبەز بەرانبەر حیزبی پۆخڵەواتی کوردی و ئەم جەنگەڵەستانە چیە کە حیزب دروستکەریەتی... بۆیە، جمال نەبەز ، تا لە ژیان دا بوو ، بێزی نەهات لە نزیک بوونەوە لە حیزبی بەناو ناسیۆنالیستی کوردی و لە دوورەوە ژیا، ئێستاش کە تەرمەکەی هێنراوەتەوە، لێی نزیک مەبنەوە و پیسی مەکەن، ئەوعەتف و سۆزە بهێڵن کە خەڵک هەیەتی بۆی. دەوترێ، جۆرە ماسیەک هەیە، کاتێک لە دایک دەبێ ، سەدان میل دەبرێ و لە شوێنی لە دایک بوونی دوور دەکەوێتەوەو لەوێ دەژی ، بەڵام کاتیک وەختی مردنی دێ ، دیسانەوە بەهەزاران میلی تر دەبڕێ و دێتەوە لەو شوێنە دەمرێ کە لێی لەدایکبووە. واتە زێدی لە دایک بوون و خاکی باوباپیران لەلایەن خراپەکارانەوە چەند پیس بکرێ و بگەنێنرێ، هێشتا هەر خۆشەویستە، بۆیە نەبەزیش لاری نەبووە لە هێنانەوەی تەرمەکەی دوای مردنی ، ئەگینا دڵنیابووە لەوەی بۆنی حیزبی کوردی بەمردویش هەست پێدەکات.
■ ژوان ئەحمەد سەعید ئەوەی نكوڵی بكات لەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە قەیراندایە، كلۆجێك دڵسۆزی بۆ حزبەكەو ئەمەكی بۆ قوربانیەكانی یەكێتی نیە، چونكە دیارە بە هەر پاساوێك بێت دەیەوێت چاو ببوێرێ لە گشت ئەو ئاستەنگو كۆسپو پیلانانەی ڕوبەروی حزبەكە بۆتەوە. خۆ ئەگەر ئەو پیلانو ئاستەنگانە تەنیا كاریگەری بۆ سەر حزب هەبوایە ئەوا لە ئێستاوە یەكەم كەس حەزم دەكرد فاتیحە بۆ ڕوحی یەكێتی بخوێنمو بە لەناوچونی بارگرانیەكی تر لەسەر شانی ئەم میللەتە لادەچوو، بەڵام گرفتەكە لەوە گەورەترە كە ئەویش لەناوچونی لایەكی تری تەرازوی راگرتنی باڵانسی هێزو ئازادیو دیموكراسی یە، لەناوچونی پایەیەكە بۆ بەرگرتن لەتاكڕەوی بەرامبەر. یەكێتی توشی چی هاتوە؟ بۆ ئەوەی لە خورتەو بۆڵەی چی بوەو كێ وایكردوە، تەنیا باس لەو هەڵوێستانە دەكەین كە یەكێتی توشی بوەو لە ئاستیدا تارادەیەك دەستەوەستانە، بۆ ئەوەشی كە هەندێك گەرای پیاوپیاوێنەو چاپلوسیش بابەتەكە بە ئاراستەیەكی تردا نەبەن، تەنیا ئەوانە رون دەكەینەوە كە، یەكێتی: لەگەڵ بەغدا: پەیوەندیەكان هێشتا لە ئاستی پێویستدا نین، پارتی فشارو پەیوەندیەكانی تۆكمەترە لە بەرامبەر بەیەكێتی، لە حكومەتی نوێ لە عێراق تەنیا سەركۆماری پێ بڕاوەو لە ئاسۆشدا رون نیە بەركەوتەی تری دەبێت یان نا، سەرۆك وەزیر قسەی بارزانیو پارتی لا گرنگتر بوو وەك لە هەڤاڵانی ئێمە. پرۆژەی یەكگرتوی حزبە كوردستانیەكان كە یەكێتیو پارتی گەڵاڵەیان كردبوو هەر بە ساوایی نێژرا، كەچی ئێستا هەڤاڵانی پارلەمانتارانی یەكێتی دەڵێن بە یەكگرتووییو یەكڕیزی نەبێ هیچمان لە بەغدا بۆ ناكرێت!! لە هەرێم: لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، متمانە نەماوە، پەیوەندیەكانیش هیچ هێزو تینێكی تیا نەماوەو تەنیا كۆمەڵی ئیسلامی پەیوەندی لەگەڵیان خراپتر. لەگەڵ حزبە ئیسلامیەكان هیچ پرۆژەو كارو نزیكایەتیەك نیەو تەنانەت كۆبونەوە بچوكەكانیش نەماون لەگەڵ گۆڕان گەیشتوینەتە بنبەستو ئێستا گۆڕان لە كێبڕكێی بەدەستهێنانی بەركەوتەی پۆستەكان خەریكە بۆڕی یەكێتی دەداتو بە قەولی خۆیان خاڵی هاوبەش لە نێوان پارتیو گۆڕان زۆرترە وەك لە ناكۆكی ( سەرەرای دەركردنی وەزیرەكانو سەرۆكی پارلەمان لە كابینەی پێشوو) لەگەڵ توركیا: هیچ پەیوەندیەك لە نێوان توركیاو یەكێتی نەماوە، دوایین گوللەی رەحمەتیش دەركردنی نوێنەری یەكێتیو داخستنی فرۆكەخانەی سلێمانی بوو لەگەڵ ئێران: سەرەرای پەیوەندی دێرینو مێژوویی لەگەڵ ئێران، ئێستا بە وتەی زۆرینەی ئەوانەی لە پەیوەندیەكان كاردەكەن، پەیوەندی پارتی لەگەڵ ئێران زۆر توندوتۆڵترە بە بەراورد بە یەكێتی، تەنانەت یەكێك لە بەرپرسانی ئێران لە سەردانی وەفدێكی یەكێتی بۆ ئێران وتبوی: پێتان وایە ئێوە نزیكترن لە ئێمە؟ پارتی كوڕی خۆمانن!! چارە چی یە، كادر چی بكات؟ هەموو ئەو ئاستەنگو كێاشنەی روبەرومان بۆتەوە وەك یەكێتی، بە پلەی یەكەم ئاستی سەرەوە لە (هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ، هێرۆخان، پاشان مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی) لێی بەرپرسن، كە دیدێكی رونیان نەبوە بۆ سیاسەت كردنو مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە جیاوازانەو هەمووی بە هەوڵی شەخسی كراوە نەك سیستمو دامەزراوەییو كەس نازانێ لە یەكێتیدا كێ بەرپرسی یەكەمە لە پەیوەندیەكان لەگەڵ كۆی ئەو كایانە. لایەكی ترو بەشێكی تری بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە لە ئەستۆی ئێمەی كادردایە، كە دۆش داماوو دەستەوەستانین بەرامبەر ئەو دۆخەی حزبەكەی تێكەوتوە، بیانوش ئەوەیە كە گوێ ناگرن یخود دەسەڵاتمان نیە. چارەسەری ئەم دۆخە تەنیاو تەنیا یەك هەنگاوە، ئەویش بەستنی كۆنگرەیە، پێویستە ئێمەی كادر لە ئێستاوە فشار بكەین تا كۆنگرەی یەكێتی سازبكرێتو سازكردنەكەشی لە سێ مانگ زیاتر نەخایەنێت بە تایبەت بەشێك لە ئامادەكاریەكان كراوە. نابێ دەرفەت بدەینە كەس كە یاری بەچارەنوسی ئەم حزبەوە بكات، راستە لە سەردەمی شاخ ئەو هەڤاڵانەی سەرەوە پشكی شێریان هەبوە لە قوربانیدان بۆ یەكێتی، بەڵام هێندەی ئەوانیش لە دوای راپەرینەوە ئێمەی كادر ماندوو بوینو قوربانیمان بۆ ئەم حزبە داوە، بۆیە ناكرێ چیتر چارەنوسی ئەم حزبە بكرێتە قوربانی بڕیاری ئەم هەڤاڵ یان ئەو هەڤاڵ. ئێمەی كادر بەڵێ لە ئاستی ئەو نادادیو هەڵانەی سەركردایەتی دەیكەن، دەسەڵاتمان نیە، بەڵام دەتوانین فشار بۆ كۆنگرە بكەینو لەناو ئۆرگانەكانەوە دەست پێ بكەین تەنیا بۆ یەك ئامانج، ئەویش: لە كۆنگرەدا ئێمەی كادر دەسەڵاتمان هەیە، ئێمە بڕیار دەدەین، لە كۆنگرەدا هاوكێشەكان پێچەوانە دەبێتەوەو ئەوانەی سەردارن دەرۆزە دەكەن بۆ دەنگی ئێمە، بۆیە دەتوانین سزای ئەوانە بدەین كە هەڵەیان كردوەو گۆڕانكاری لە ستراكچەری سەركردایەتی یەكێتی بكەینو بەرهەڵستی بكەین لەوەی ئیدی سەكردایەتی یەكێتی وەك دیوەخانێك سەیر بكرێتو تەنیا كوڕی ئاغاو كوێخا بۆیان هەبێت بچنە ناوی. بێگومان كۆنگرەش دەبێت كۆنگرەیەك بێت دڵخوازی كادران بێت، دور لە دەستەگەریو سەپاندنی لیستە ڕەشەكانی تەكەتولو سەپاندنی دەنگی گزیو فزی، ئەم هەنگاوەش پێویستە بەپەلە بكرێت بەر لەوەی تەكەتولگەراكان ئۆرگانەكان بئاخنن بە گەراكانی خۆیان بە پلە بەخشینەوەو تەزكیەی بێ بنەما، تا سوكانی كۆنگرە بە خواستی خۆیان ئاراستە بكەنو ئەو كۆنگرەیەی ئێمە هیوای پێ ئەخوازین، بیكەنە كۆنگرەی ناشتنی هەتا هەتایی یەكێتی لەبری كۆنگرەی ئازادو گۆڕانكارو بوژاندنەوە. بۆیە ئێمەی كادری یەكێتی بەرپرسیارینو ئەبێت ئیدی فشار بكەین چونكە نیەتو خواستەكە دیارە، ئێمە یەكێتیەكی بەهێزمان ئەوێ بەبێ بەرژەوەندی، یەكێتیەك نزیك لە خەڵكو لەناو خەڵك، یەكێتیەكی خەمخۆرو خزمەتگوزار، خاوەن لیستە ڕەشەكانیش یەكێتیەكیان دەوێت كە بەرژەوەندی خۆیانی تیا پارێزراو بێت ئیدی گەورە بێت یان بچوك كێشەیان نیە.
■ لاوك سەڵاح پشودان لە جەنگ ناردنەوەی جەنگاوەرەکان نییە بۆ ماڵەوە وهیچیتر، کۆتایی داوا فەسڵی رۆمانێک نییە، هاتنەدەرەوە و قوتاربوون نییە لە پاش خاپوور بوونی گوندێک و شارێک و نیشتمانێک، هەڵاتن نییە بەناو کێلە شکاوەکاندا، جەنگاوەربوون خانەنشینی نییە لە پیشەیەک کە هەموو تەمەنی خۆتت پێبەخشیبێت و دواتر هێورانە ئاورێک لە رابردووت بدەیتەوە و بە بێ دەنگی تاریکییەکی مەنگ داپۆشیت. درۆزەکردنێکی ئاسایی نییە بۆ چەک و تەقەمەنی، کارکردن نییە لە سەر کۆلارەهەڵدان بۆ رووکردنە ئاسمانی بەرین و شین، شنەی شەماڵی ئاسۆییەکی فراوان نییە کە دەرژێتە رۆحتەوە و هەر لە سەرەتاوە فێری ژیان دۆستیت دەکات. کە جەنگ دەبێتە شوناسی تەمەنت، هەموو "ئینتماکان" دەسرێنەوە، جەنگ دەدکاتە ئەکتەرێکی بێدەنگی ناو شانۆگەرییەکی بێدەنگ کە تەنها و تەنها خۆت لە جووڵە و ئاماژەکانی خۆت دەگەیت. جەنگ هەموو تەمەنت سڕ دەکات بەڵام چەندان جوگرافیا بگەرێیت گومانی عاشقە کۆنەکانی رۆژانی جەنگت لە یاد ناباتەوە، پێتان سەیر نەبێت کە دەڵێم جەنگ دەرمانی زەهایمەرە! لەبەرئەوەی هەموو زەمەنەکان و سەردەمەکان بە بێداری دەهێڵێتەوە. جەنگ ومەرگ دوانەیەکی ئاشکران، لە خۆیاندا توانات بەرجەستە دەکەن کە دواتر ناناسرێیتەوە. کە جەنگ دەبێتە شوناست، هەروەک چۆن نیشتمانی خۆت لە دەست دەدەیت، ئەو کاتەی نیشتمان لە ناو تەمتومانی هاوکێشە گەورەکاندا ون دەبێت، ئەو کاتەی نیشتمان لە نێوان شوناسی سیاسی و شوناسی نیشتمانیدا وێڵ دەبێت، هاورێکانیشت بەو جۆرە ون دەبن، تارماییە کاڵبووەکانیان و چرچ ولۆچی روخساریان و کاراکتەرە پەرشوبڵاوەکانیان ئاوێزانی خەونە نەگریسەکان دەبن، جەنگ دەبێتە تارمایی ناوەکانیان و دابەشیان دەکات بەسەر جوگرافیا جیاوازەکانی گۆی زەویدا. هەر رۆژەی چیرۆک و سەرگوزشتەی یەکێکیانت پێدەگات، هەر رۆژەی حیکایەتێکی جیاواز کە جەنگ و مەرگ شوناسیان بووە. لە چ کەنارێکی مەرگدا لەنگەر دەگریت؟ ئەو پرسیارە عەدەمییە لە خۆت دەکەیت. عەدەمیەتی دوانەی جەنگ و مەرگ. کە جەنگ دەبێتە شوناست، ئەوەی نەیناسیتەوە خۆتیت، رەنگە بە دونیادا بگەرێیت و چاوت بە باڵای خانمە ناسکە جۆربەجۆرەکانی پایتەختەکانی جیهاندا بگێریت، بەڵام هەمیشە ئەو فرسەخە لەعنەتییەی کە جەنگ لە رۆحدا چاندویەتی دەبێتە مۆتەکە لەبەردەم بینینی جوانی شۆخەکانی دونیا. کە لە خۆت لە ئاوێنە وبەردە بێگەردەکانی شەقامەکان و شۆستەکان رادەمێنیت، خۆتت لێدەبێتە ورچێکی ترسناک، خۆزگە دەخوازیت رێگەیەک هەبووایە ئەو جوانیانە لە خۆتدا و لە نیشتمانی خۆتدا بینابکەیت. کە جەنگ دەبێتە شوناست، هەموو دایالۆگی نێو نەوەکان ئیفلیج دەبێت و زمان نایەتە گۆ بۆ ئەوەی لەگەڵ نەوەکانتا رۆژێکی پڕ خۆشەویستی بنووسنەوە، بەداخەوە، بە ئاگا یان بێ ئاگا رەفتارەکانی نێو جەنگ دەگوێزرێنەوە بۆ ناو رۆحییان و ئاییندەیان لێ زەوت دەکات. پرسیارت لێدەکەن، ئەو پرسیارانەی لە تۆ گەورەترن و وەڵامیان لای تۆ نییە، هەوڵ دەدەیت رق و کیننە دڵیان رەش نەکات. ئەو کاتەی نەوەکان بەئاگادێن کە ئەوان سەر بە جوگرافیایەکی ترن، نامۆ دەبن، نامۆ بە رابردوویان و نامۆ بە ئاییندەیان، سەرەتاترین نامۆبوونیان بیرکردنەوەیانە بە کەلتوورێک و قسەکردنیانە بە زمانێکی دیکە ، دواتر نامۆبوونیان بە تۆ، بەداخەوە، جەنگ دەبێتە کۆی شوناسی نەوەکان. کە جەنگ دەبێتە شوناست هەموو پێوەرەکانی حکومڕانی بە رادەی وێرانی و بە ئاستی سوودمەندێتی لۆردەکانی جەنگ دەپێویت، بە ئاستی ئەو لافاوە لە خوێن رژاوەی کە خۆت هەڵدەخەڵەتێنی ئەگەر بۆ چرکەیەکیش بێت و بۆ زەردەخەنەیەکی کورتیش بێت لە بیر خۆتی بەریتەوە. جەنگ بە رادەی مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکان و قارەمانێتی پوچەڵ و شکۆی هەرەس و نەزۆکی ئیرادە و بێ توانایی دەپێویت. بە رادەی پەرینەوە لە رۆمانسیەتی شۆرشگێریەوە بۆ ئیدعای پراگماتیکی دەوڵەتمەداری دەپێویت. کە جەنگ دەبێتە شوناست، بلیمەتیت ئەگەر ئاییندە ببینیت، جەنگ نەخشەرێگاکان دەکاتە مارێکی لوولی پەڵەپەلی درێژ و لە ملت دەئاڵێت و دەدخنکێنێت ئەگەر دەستبەجێ بە ئاگانەبیتەوە. هەموو کێو وگردەکان لە بن هەڵدەکۆڵێت و سیما و رووخسارت تەخت دەکات و هیچ خەسڵەتێکت ناهێڵێت. جەنگ ئاییندە دەکاتە زەمەنێکی نووستووی هەتا هەتایی، شەختە وبەستەڵەك، خەفەکراو و بێ رۆح. لە باشترین دۆخدا ئاییندە دەبێتە دووڕیانێکی سەرەرێ. کە جەنگ دەبێتە شوناست، لە سەرەمەرگدا، وەک خۆی، وەک رۆژانی رابردوو، دەست دەکاتەوە ملت و ئاوێزانت دەبێت، ئەو ساتە زیندووترین ساتی ژیانتە کە بەرەو رووت دێت، ئەو کات، زۆر باش دەیناسیتەوە و دەتناسێتەوە لەبەرئەوەی نزیکترین هاورێتە و ساغترین شوناستە. ئەو کاتە خۆتیت.
■ مسعود حیدر بە ھەوڵ کۆششی ھەموولایەک پرۆژە یاسای بودجە نێردرایە پەرلەمان و بۆ یەکەم جارە بە سێ سیناریۆی جیاواز پرۆژە یاساکە بخرێتە پێش پەرلەمانی عێراق و ئەوەی گرنگە تەشریعکردنی یاساکە بە ئاراستەی خزمەتکردنی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێت و مافی گەلانی عێراقی تێدا رەچاو بکرێت. سیناریۆکان بەم شێوەی خوارەوەن؛ ١- پشکی ھەرێم ١٢،٦٧٪ وە خەرجێ سیادێکان دەستکاری نەکراوە، پشکی ھەرێم لە رووی تیۆری ٩،٧ ترلیۆن دینار. لێرە دەبێ ھەرێم ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. ٢- پشکی ھەرێم ١٢،٦٧٪و خەرجی سیادی کەمکراوەتەو، پشکی ھەرێم لە رووی تیۆری ١١،٥٩٠ . لێرە دەبێ ھەرێم ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات. ٣- تەنھا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و خەرجی حاکمە ( دەرمان و پارەی جوتیاران..ھتد) بۆ ھەرێم خەرج بکرێت بەپێ ی لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتی دارایی عێراق. ھەرێم نەوت رادەست ناکات بە داھاتی نەوت و داھاتەکانی تر مووچەکە تەواو دەکرێت و #پاشەکەوتی_مووچە_نامێنێت. ھەروەھا ئامادەسازی دەکرێت بۆ ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ دانوستان بکرێت لەسەر ھەموو مەلەفە دارایی و ئابورێکانی نێوان ھەرێم و بەغداد. ھەروەھا بە پێ ی دەستوور، مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدرالیە و پەیوەست نییە بە ھیچ مەلەفێکی تر. ئەرکی نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق و حزبە کوردستانێکانە ھەموو پێکەوە کار بۆ جێگیرکردنی سیناریۆی سەرفکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بکەن ، مووچە ئەرکی دەستوری حکومەتی فیدرالیەو پەیوەندی بە ماف و ژیانی سەدان ھەزار خەلکی ھەرێمی کوردستان ھەیەو پێویستە ھەموو ململانێیەکی سیاسی لە مووچە دوربخرێتەوە و ببێتە ئەولەویەتی ھەموو فراکسیۆنە کوردستانێکان و حزبەکان لە ھەرێمی کوردستان. مسعود حیدر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق/ خولی سێیەم ٢٠١٨/١٢/٢٠
■ د.كامهران مهنتك یهكێك له لایهنه كارهسات ئامیزهكانی مێژوو، پیرۆزكردنی رابردو و بچووك كردنهوهی ئێستایه، دهسهلاتداران له سهرهتای مێژژوهوه ئهو چهمكهیان وهكو ئامڕازێك بهكارهیناوه بۆ پیرۆزكردنی رابردوو، بێگومان رابردووی خۆیان. ئهمهش له پێناو هیێشتنهوهو گهورهكردنی دهسهڵاتی ئێستایان، تاوهكو بهردهوام ههموو كایهكانی ناو كۆمهڵگا له خزمهت بهرژهوهندیهكانی خۆیان بهكاربێنن. لهم روهوه مێژووی كورد له دوو ئاستهوه دژی كورد خۆی بهكارهێنراوه، له لایهن ئهو هێزانهی كوردستانیان بهسهر دابهش كراوه، یاخود ئهو هێزانهی لهسهر ئاستێكی جیهانی ململانێ لهسهر ناوچهكه بهگشتی و كوردستان به تایبهتی، كه دڵی رۆژههڵاتی ناوهڕاست پێكدههینێت، بهمهبهستی ئهوهی وا لهتاكی كورد بكهن ههمیشه رابردووێكی رهش ببینێت و ئیرادهی ئێسستای و كاركردن بۆ دوا رۆژی چرووك پێ بكرێت، وهك دروستكردنی چهمكی خیانهت بهرامبهر گۆڕان له چهمكی ململانێیه سیاسیهكان و جیۆپۆلهتیكیهكان و لهكهداركردنی رابردو و ئێستای كهسایهتی تاكی كورد، له لایهكی تر له لایهن هیزه دواكهوتو و مشهخۆرهكانی سهر پرسی نهتهوهیی كورد، هێجگار نابهرپرسانه بهكارهاتووهو له رێگای دروستكردنی مێژژووێكی ساخته، هینده خۆیان پیرۆزكردوه، كه ههژموونێكی وههمیان لای تاكی كورد دروست بێت، كه جگه لهوان كهسی تر نه شایهنی ئهوهیه و نهتوانای ئهوهی ههیه پێشهنگایهتی مهسهلهی كورد بكات، سهرباری ئهوهی له ماوهی سهد ساڵی رابردوودا هیچ جۆره بازرگانیهك نهما بهو مهسهله رهوایهی نهكهن وشكست و شهرمهزاری نهما دوچاری خهڵكی كوردستانی نهكهنهوه! وا خهریكه ههمدیس له مهسهلهی كشانهوهی ئهمریكا لهو ناوچهیه، مێژوو وهك شهڕێكی دهروونی ترسناك دژی رۆژئاوا خراوهته گهڕ ، له لایهن دوژمنانی كورد، بۆ ئهوهی ئیرادهی كوردی پێ بشكێنن و بهر لهوهی ئهزموونی رۆژئاوا له واقعدا شكست بێنێت، ئهوان له رووی دهروونیهوه شكستی پێ بێنن، له لایهكی تر له له لایهن نیمچه خویندهوهراو بهناو رۆشنبیرهكانی كورد، كه ههندێكیان به نهزانی و ههندیكی تریان به زۆرزانی ئهو كاره ئهنجام دهدهن!، بهر له ههموو شتێك، تهندروست نیه ئهزموونی رۆژئاوا به ئهزموونهكانی تری مێژووی كورد لهو سهد سالهی دوایی به راورد بكرێت، چونكه ئهزموونێكی تهواو جیاوازه، ئهگهر به ئهزموونی باشوری كوردستان و ئهو كارهساتهی به ههڵه به شۆڕشی ئهیلوول ناوزهد كراوه بچوێنن، ئهوا تاوانێكی گهورهیه، چونكه سهركردایهتی ئهو قۆناغه خاوهنی هیچ ئیرادهو پڕۆگرامێك نهبو و له ههمووچركهیهكدا ئامادهی تهسلیم بوونی تێدابوو، سهركردایهتیهكی دواكهوتوو لهسهر بنهمای بنهما خێڵهكیهكان و به كارت بوون له دهستی ئهم هێزو ئهو هێز، مامهلهی لهگهڵ سیاسهتی جیهانی و پهیوهندیه نیودهوڵهتی و ههرێمایهتیهكان دهكرد، بۆیه له كاتێكدا لهو پهڕی بههێزیدا بوو، به قسهیهكی شای ئێران، تهسلیم به داواكانی دوژمن بو و شۆڕشگێڕهكانی له گۆڕهپانی رووبهرووبوونهوه بهجێهێشت! ئهگهر به ئهزموونی كۆماری مهابادی بچوێنین، ئهویش به ههمان شێوه هیچ راستیهكی زانستی تیدا نیه، له بهرئهوه قازی محهمهد له لایهك خاوهنی هیچ هێزێكی گهورهی خۆی نهبوو، ئهو هیزه خێڵهكیانهی پشتی پێ دهبهستان كهسیان گوێ رایهڵی نهبوون دهسهڵاتهكانی له شاری مهاباد تێنهدهپهری، له لایهكی تر هێزهكانی بارزانی بوو، كه له ههستیارترین كاتدا، له كاتێكدا قازی محهمهد له كونجی زیندان دابووگرهوی لهسهر هێزهكانی ئهو دهكرد، لهگهڵ حكومهتی ئێران كهوته گفتو گۆ، بهمهش رێگای بۆ ئێران خۆشكرد، به بێئهوهی رووبهرووی پهرچهكردارێك بێتهوه، قازی و ئامۆزاكانی له سێداره بدات! ئهوهی له رۆژئاوا روودهدات ئهزموونێكی نوێیه، بۆیه بهر لهدوژمنان خێڵ و حیزبه دواكهوتوهكانی كوردستان دوژمنداری دهكهن، ئهزموونی رۆژئاوا ئهزموونێكی خێڵهكی نیه، كچ و كوڕی خاوهن بڕوا خاوهندارێتی دهكهن، كه ههرگیز تهسلیم بوون نازانن، ئهزموونێكی شهڕكردن و بهرهنگاربوونهوهی باش و بههێزیشیان ههیه، له كۆبانێ بینیمان، له ههموو شهڕهكانی تر سهركهوتنیان به دهست هیناوه و توانیویانه ئهو قهواره دابمهزرێنن، راسته عهفرین، له ژێر فڕۆكه و رۆكێتهكانی(زهوی-زهوی) و (ئاسمان-زهوی) هیزهكانی ناتۆ چۆل كراو كشانهوه، بهڵام له ماوهی 55 رۆژی ئالنگاریدا، گیانی رووبهرووبوونهوهو بهرهنگاریهكی وایان لهناو ههموو كورد دروست كرد، كه نمونهی نهك به تهنیا له مێژووی كورد، بهڵكو لهمێژووی جیهانیش كهمه. بۆیه تاوانه ئێستا له رێگای كۆیله بوون بۆ میژو و هێزه كۆنه پاریزهكانی كوردیهوه چرووك بكرێت، با لهجیاتی ئهوهی نمونه رهشهكانی مێژژوو بكهینه ئامڕازێك بۆ لێكدانهوهو رووخانی ئهزموونی رۆژئاوا، كه ئێستا لهوپهڕی بههیزیدایه، لهسهر بنهمای بیركردنهوه له ئایندهو گۆڕینی چارهنووسی پڕ شكستی كورد، بیر لهوه بكهینهوه چۆن ئهو ئهزموونه سهربخهین و بهردهوامی پێ بدهین.
■ ئارام سەعید یەکەم جار نیە کە ئەمریکا یان وڵاتی تری زلهێز لە هاوپەیمانیەتیەکەی بکشێتەوە، لەمێژوودا زۆر روداوی لەوجۆرە هەیە و هەمیشە ئەو لایەنە لێی زەرەرمەند دەبێت کە زۆر پشتی بەستوە بە هاوپەیمانیەتەکە، کە ئەوەش خاڵی لاوازی ئەوانەیە کە هەموو ئایندەی خۆیان بە هاوپەیمانیەتی وڵاتێکی ترەوە دەبەستن کە چەندین نمونە لە مێژوودا هەن .من نامەوێت بەرگری لە ئەمریکاو ترەمپ بکەم کە ئێستا سەرۆکی ئەمریکا سەرقاڵی داکوتینی بزمارەکانی سەر تابوتی دیموکراسیە لەگەل ژمارەیەک هێزی هاوپەیمانی خۆی لە جیهاندا، ئەویش بە پاشەکشێ لە دیموکراسی لە بەرگری کردن لە ئازادی ناوخۆو وڵاتانی دەرەوەی خۆیان. ئەوکاتەی لە کوردستاندا ئەمریکا بڕیاری کشانەوە دەدات لە رۆژئاڤا زۆر لە هاولاتیان و هەندیک لە نوسەران لە هەرێمی كوردستان شیکردنەوەیەکی سۆزداریانەی بۆ دەکەن و دەستدەکەن بە جنیودان بە ئەمریکا کە هیوادارم هێزەکانی رۆژئاوا و دیموکراسیخوازانی سوریا وانەیان لە عەفرین وەرگرتبێت و جارێکی تر ئەو کارەساتە دوبارە نەبێتەوە. هەرچەندە بەهەموو توانایانەوە بەرگریان کرد لە عەفرین. بەلام ئایا هەرێمی کوردستان لەو کشانەوەیە زەرەرمەند دەبێت یان نا؟ ئەگەر ترەمپ لە ماوەی ئایندە هەمان بڕیاریشی دا دەربارەی عێراق؟ کە ئەگەریکی نزیکەو خۆئامادەکردنیشی پێویستە. بەڵام کێ دەبێت ئەوە بکات و چۆن بیکات؟ ئەگەر ئەم پرسیارە لەهەر هاولاتیەکی سادە بکەیت دەزانێت و بیرکردنەوەی ناوێت کە پارتی و یەکێتی پێویستیان بە ئامادەکاری نیە چونکە بەدیل حازرە و ئەمریکا بکشێتەوە ئەوا وڵاتانی دراوسێ هەن و پەنایان بۆ دەبەن و ئەوانیش لەبەرامبەردا داواکاریان هەیە و بۆیان جێبەجێ دەکرێت. کەواتە لە باوەشی ئەمریکا وە بۆ باوەشی ئێران و تورکیا، ئەگەر پێویستی کرد ئەوا ولاتی تریش زۆرن. بۆ ئەوەی لەم میحنەتە رزگارمان بیت دەبێت رۆحی بەرگری هەبێت،عەقڵانی بیر لە کێشەکان بکرێتە نەک سۆزداریانە. لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە کێ دەتوانێت بەرگری بکات؟ چۆن دەیکات؟ حزب یان حکومەت دەبێت بیکات؟ ئەم پرسیارگەلانە وەلامیان هەیە و ئاشکراو روونە کە بەرگری و شەڕی مقاوەمەت بەو هێزانە دەکریت کە نوێنەری راستەقینەی خەڵک بن و بەرگریکار بن لە ئازادی و حوکمڕانیی شەفاف، هاوڵاتی بەرگری لە وڵاتێک دەکات کە تیایدا کەرامەتی پارێزراو بیت و هیزەچەکدارەکانی سەربە حزب نەبن، هەڵبژاردنی راستەقینەو بێ تەزویر بەڕێوەبچێت،بڕوای بە پێکەوەژیانی راستەقینە هەبێت. ئەوکاتەی پارتی بڕیاری ریفراندۆمی دا و ئەوانی تریش هاوئاوازی بوون، حکومەتی عێراق زۆربەڵێنی داو چووە ژێر باری جێبەجێکردنی ژمارەیەک بەڵێنی گرنگ، بەمەرجێک ریفراندۆم نەکریت. وڵاتانی هاوپەیمانیش لە هەموو کەنالەکانیانەوە هەوڵیان داو بەدەنگی بەرز وتیان کە ئەو بڕیارە زەرەری زۆری تێدایە لە ناوچەکەو هەرێمی کوردستان لێی زەرەرمەند دەبێت. کە دواتر بە زوویی باجەکەی درا. تا ئەوکاتەی ئەقڵیەتی حزبی ئێستا حوکمڕان بێت ئەوا دەبێت هەر خەریکی پەت پەتێن بێت و ناتوانێت متمانەی ئەوەی هەبێت کە هاونیشتیمانیان بەرگری لێبکەن، خەلک بەرگری لە هێزێک ناکات کە داهێنەری روبعە مووچە بێت.
■ لەتیف شێخ مستەفا ساڵی پار ئێران و عێراق بە پاڵپشتی تورکیاش هێڕشیان کردە سەر باشووری کوردستان و لەسەداپەنجای خاکەکەیان لەدەست دەرهێنا بێ ئەوەی تۆزقاڵێک ڕای گشتی جیهانی بجوڵێت ،چونکە ئەو وڵاتانەی پشتگیری باشوریان دەکرد بێزاربوون لەم مۆدێلی سیاسەتو بەڕێوەبردنە بەڵام لە ڕۆژئاڤا جارێ هیچ نەبووە ،تەنها بڕیارێکی سەرپێی ترەمپە سۆر ( بەگوتەی کاکەی مەخموری ) دەرچوە یەک دنیا ناڕەزایی ناخۆی ئەمریکاو جیهانی لێکەوتۆتەوە : ۱ـ سیناتی ئەمریکی هاتۆتە سەرخەت و بیر لە پڕۆژە یاسایەک دەکرێتەوە بۆ پوچەڵ کردنەوی بڕیارەکە ۲ـوەزیری بەرگری دەستی لەکارکێشایەوە،لەکاتێکدا هیچ بەرپرسێکی ڕەسمی باشوور نەلەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم و چلەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵ نەیانوێرا هەڵوێستیکی زارەکیش دەرببڕن ۳ـ فەڕەنساو هۆڵەنداو بەریتانیاو چەندین وڵاتی تر ناڕەزاییان دەربڕیوە ٥ـ هەر لەبەر ئەو کاریگەریانە ئەردۆغان بڕیاری دواخستنی ئۆپەرسیۆنەکەی ڕاگەیاند ٤ـ هاوسۆزیەکی جیهانی زۆر بۆ ستاتێۆی ڕۆژئاڤا دروست بوە کە دڵنیام کاریگەری لەسەر بڕیارەکە دەبێت ئەوە دەرەنجامی قوربانیو کاری پرۆفیشناڵیو لێهاتووی و دڵسۆزی خۆیانە توانیویانە سۆزی جیهان بەدەست بهێنن سەرەڕای ئەوە ڕۆژئاڤا کە شۆڕشەکەیان کرد بە پشتگیری ئەمریکا نەیانکرد تاوەکو بە ڕۆیشتنی ئەمریکا قەڵەمی دەست و قاچیان بشکێ،شۆڕشی ئەوان شۆڕشێکی فیکری و بونیاد نانی مرۆڤە ،ئاشبەتاڵ لە مەزەبیا نیە بۆ یە ڕۆژئاڤا ئەوەند بێهێز نیەو ئەوەندەش دەستەوەستان نیە سیاسیە شکستخواردوەکان ئامۆژگاری بکەن یان فرمێسکی بۆ هەڵڕیژن،ئەگەر بۆتاندەکرێت یارمەتی پارەو چەک و خواردن و هاوکای لۆجستیان بدەن ،ئەگەر نا پێویستیان بە وەعزو ئامۆژگاری نیە کەچەڵ حەکیم بوایە دەرمانی سەری خۆی دەکرد
■ مەلا بەختیار وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رۆژی (6/11/2018) بڕیارێكی چاوەڕوانكراوی دژی رابەرانی پەكەكە، كە لەم دۆخەدا دەكاتە بڕیار دژی خەباتی رزگاریخوازی گەلەكەمان لەباكوری كوردستان دەركرد. لەم دوو رۆژەشدا، سەرۆكی ئەمریكا، سیاسەتی وڵاتەكەی لەسوریاو رۆژهەڵاتی كوردستاندا، ئاشكرا كرد. ئەویش كشانەوەی هێزەكانێتی لەڕۆژئاوا، هەروەها لەئەفغانستانیش. بەندە، لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە، پێچەوانەی رەفتارو گفتاری بەشێكی بەرپرسان، سەرقاڵی دەستەبازیو موزایەدەخوازییو پیلانگێڕی بون، هەمیشە، یەكێك بوم لەوانەی وتومە: دۆخی كۆتایی جەنگی ساردو پاشان سەرهەڵدانی داعش بقۆزینەوە بۆ دەستەبەركردنی مافە سیاسییەكانمان. با ئەمریكاو زلهێزەكان، وا نەزانن دژی داعش تەنها جەنگاوەری باشین. با باشتر تێیان بگەیەنین كە پێش داعشو ماعش، نەتەوەی كورد، ئازادیخواز بوینو هەین. بۆ باشتر رونكردنەوەی ئەم بۆ چوونانەم، پەیتا پەیتا، سەر وتارم نوسیووە. كۆڕم بەستووە. چاوپێكەوتنم كردووە. لەسەر ئەم هەڵوێستانەش، دژایەتییەكی زۆر كراوم. بەتایبەتی لەلایەن ئەوانەی لەناو كێشمەكێشەكاندا پلە پەرستبوونو، دەستكەوت مەستی كردبوونو لەئاست مەترسییەكانیش، بۆ سەر نەتەوەكەمان، لەگوێی گادا نوستبوون!! وا ئەمریكا (19/12/2018) بڕیاری كشانەوەی لەڕۆژئاوای كوردستان داوە. سەرسوڕمانێكی سیاسی هەموولایەكی گرتووە. بەتایبەتی ئەوانەی لایەنیكەمی پێشبینی روداوەكانیان لەسیاسەتی زلهێزەكانو هاوكێشەی ناوچەكەدا نەبووە. بەشبەحاڵی خۆم، سەرم لەم بڕیارەی ئەمریكا سوڕنەماوە، تەواوی بەڵگەكانیشم هەڵگرتووە، كە دەهەیەك لەمەوبەر، كەسێك بوم لەوانەی زەنگی مەترسی دۆخی ئێستام لێداوە. بەڵام مەخابن، زۆربەی سەركردەو لایەنەكان، لەسەر سیاسەتی "ترازان" بەردەوام بوونو "سازان"ی راستەقینەیان دەكردە قوربانی رقی سیاسی. وایاندەزانی، كێشە گشتییەكان لەناوچەكەدا بەردەوام دەبێو لایەكی سیاسی دەتوانێ، لەهەر بەشێكی كوردستاندا، سەربكەوێ و لاكانی تر فەرامۆش بكات. هەمان هەڵەی كوشندە، كە لەسەردەمی جەنگی عیراق- ئیران، بۆ یەكتر لەناوبردن لەشەڕی ناوخۆدا، پەیڕەو دەكرا. ئەوكاتەش دژی ئەو سیاسەتە بووم. بۆ ئەوەی بیری خوێنەری بخەینەوە، كە ساڵەهایە، لەسەر ئەم مەترسیانە زەنگمان لێداوە، فەرموون ئاماژە بەهەندێك لەو بۆچوونانە دەكەین. یەكەم زەنگ دوای راپەڕین، خرۆشانی جەماوەری لەوپەڕیدا بوو. كۆنگرەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە(30/10/1991) بەسترا. بەندە رۆژی (10)ی تشرینی دووەمی (1991) وتارێكم نوسی بەناونیشانی (كۆنگرەی رۆژهەڵاتو فەرامۆشكردنی كێشەی كوردستان)، تیایدا رەخنەم لەفەرامۆشكردنی كێشەی كوردستان، لەو كۆنگرەیەدا گرتبوو. بەڵكو بەمەترسیداریشم لەسەر چارەی خۆنوسینی نەتەوەكەمان زانیبوو. هێزەكانی بەرەی كوردستانی، بەچەپو راستو ناوەڕاستەوە، سەرقاڵی ئاودیوكردنی ئامێرە دزراوەكانی كوردستانو گومرگو وەرگرتنو دابەشكردنی بوون بەسەر لایەنەكانی بەرەی كوردستانیدا. بەئاشكرا وڵاتەكەیان تاڵان دەكردو خوێندنەوەیان بۆ كۆنگرەكە هەر نەبوو!! خواكردی، لەناو ناكۆكییەكانی ئەمریكاو عیراقدا، ئەزمونەكەمان لەناو نەچوو. دووەم مەترسی لەسەر وتاری رۆژنامەی چاوێردا، رۆژی (16/6/2014) وتومانە: "دەستمان بەدامێنی مێژووتان، هەڵەكانی رابوردوو مەكەنەوە. مەترسی ئاوێتەبونی ئایدۆلۆژیەتو سیاسەتی ناسیونالیستی سەلەفی "بەعس- داعش" وەكو خۆی لەبەرچاوبگرن، خوانەخواستە ئەمانە سەربكەون، ئەنفالێكی سامناكتر چاوەڕوانمانە". دەپرسم: بەعسی سوریا، دژی عەرەب، چەكی كیمیایی بەكارهێنابێ، كە ئەمریكا دەكێشتەوەو شەڕ كۆتایی بێت. چی لەرۆژئاوای كوردستان دەكات؟ ئەگەر چارەسەری سیاسی نەدۆزرێتەوە؟! سێهەم وریایی لەسەر وتاری كوردستانی نوێ (15/3/2016) لەوتاری "مەترسی لۆزانە تر، دوای سەدەیەك لەسایكس پیكۆ"دا، نوسیومانە: ئەگەری رێككەوتنی سیاسی لەناوچەكەدا، بە مەرجێك كۆتایی بەتیرۆریزم بێنێت، بێتە ئاراوە، باوەڕناكەین ئەمریكا رەتیبكاتەوە. لەدرێژەی وتاری ناوبراودا، جەختمان كردۆتەوە، كەوا: "لەهەموو بارێكەوە، ئەگەری جۆرێك لەڕێككەوتن، بەپاراستنی سیستەمەكانی ئێستای ناوچەكە، بەسیستەمی سوریاشەوە، لەپێشمانە. ئەم رێككەوتنەش رووبدات، راستە مەترسی لەسەر فیدراڵی باشوری كوردستان نییە. بەڵام بێگومان، مەترسی ئاشكرا لەسەر رۆژئاواو باكوری كوردستان، سەرەتاتكێی سیاسیمان لەگەڵ دەكات".. ئەم بۆچونانەمان لەتەك پەیەدەدا، لەهەموو دانیشتنەكاندا دووپاتدەكردەوە، بەڵام ئەوان تەنها لە لولەی تفەنگو شەكاندنی ئاڵای پەكەكە، رووداوەكانیان دەخوێندەوە. چوارەم راچەڵەكاندن لەسەر وتاری چاودێر (15/8/2016) لەدوو پەرەگرفدا، ئاماژەمان بەمەترسییەكان كردووە، وتومانە: "ئێستا ئەركی سەركردایەتی سیاسییە، سەرەتای رووداوەكان، قوڵ هەڵبسەنگێنێو بەرەنجامی بابەتیش بۆ بڕیاری بەرپرسانە هەڵبهێنجێ، ئەگینا كە كار لەكار ترازا، هیچ پەشیمانییەك دادمان نادات". كۆتایی ئەم وتارەشمان، ئاوها قفڵداوە: "سەركردایەتی سیاسی هێزە سیاسییەكانیش، مادام دەستەبەری سیاسی ئاییندەی رووداوەكانیان نییە، چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان، دەبێتە ئۆباڵێكی مێژوویی ئەستۆمانو بەهەر پاساوو بیانوویەك ئەم چارەسەرە لەمە زیاتر داوابخرێت، ئێستا سزای ویژدانیو لەئاییندەشدا، سزای مێژوویی، هەیە". مەخابن، ئەوەتا دوای سزای ویژدانی، خەریكە سزا مێژوییەكەشمان دەرخوارد دەدەرێ!! پێنجەم شۆك كە زانیمان تەنها دڵسۆزانی كوردستان وتارەكان دەخوێننەوەو لایەنە سیاسییەكان نەبایان دیوەو نەباران، ناچار بوین لە (13/6/2016)دا، لەزانكۆی سلێمان كۆڕێكی فراوان ببەستین بەناونیشانی (مەترسییەكانی دۆخی ئێستا؛ سازان یان ترازان). هۆڵی زانكۆ ئاپۆرە بوو لەسەركردەی حزبەكانو مامۆستایانی زانكۆ و خوێندكارو كادر. لەو دۆخەدا مەترسی لەسەر چارەنوسی بەشەكانی كوردستانو تەقینەوەی كێشە ناوخۆییەكان، دایگرتبووم. چونكە ناكۆكییە ناوخۆییەكان چارەسەر نەدەكرانو موزایەدەخوازی برەوی هەبوو. لەمەتنی كۆڕەكەدا، وتمان: "لەبەرئەوەی تائێستا هیچ جۆرە رێككەوتنێكی كۆنكرێتی، لەنێوان پەیەدەو هەندێك لەهێزە رادیكاڵەكانی رۆژئاوای كوردستان، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا نییە، هەروەها لەكۆنگرەكانی جنێف قبوڵیان ناكەن، لەبەر ئەم دوو خاڵەیە: یەك: لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا، هیچ جۆرە رێككەوتنێكو دەستەبەرێك نییە. دوو: لەكۆنگرەی جنێف، تائێستا مافی كورد دەستەبەر نەكراوەو پەیەدە قبوڵ نەكراوە. ئەم سیناریۆیانە ئەگەر بچێتە سەر، بەم سیاسەتەی ئێستای حكومەتی سوریا، بەم عەقڵییەتەی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی سوریاو بەو رێككەوتنەوەی كە لەنێوان سوریاو توركیا بەڕێوەیە، رۆژئاوای كوردستان، لەهەموو بەشەكانی تری كوردستان زیاتر، مەترسی لەسەرە". لەدوا بەشداریشمان لەكۆنفرانسی میری (23-24/10/2018) لەهەولێر، دووپاتمان كردەوە، كە: دەبێ پەیەدە، كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی رۆژئاوا چارەسەر بكاتو لەدانوستانەكاندا، بۆ نوسینەوەی دەستورو ئاییندەی سوریا، مافی كورد دابینبكات. هەروەها لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیشدا، هەمان بابەتم باسكردو پەسەندیشكرا. لەهاتنی وەفدی رۆژئاواشدا، مەترسییەكانمان لەگەڵ باسكردنو وتمان: پەیامی ئێمە ئەوەیە، چارەسەری سیاسی بۆ كێشەی رۆژئاوای كوردستان لەناو سوریادا بدۆزرێتەوە، ئەگینا مەترسی بەڕێوەیە. وا ئەمریكا، بڕیاری خۆیدا، جارێ دوا ئەنجام دیار نییە، روسیاو فەرەنسا، چیان پێدەكرێ بۆ چارەسەری سیاسی. هێزە كوردستانییەكانیش، لایەنیكەمی رێككەوتنی گشتیان لەناو خۆیاندا نییە. مەخابن: -پەیەدە سورە لەسەر سیاسەتی حاكمییەتی خۆی. -هەندێك لایەنی سیاسیش هەن، سیاسەتی كاردانەوەیان بەرامبەر پەیەدە گەیاندۆتە رادەیەك، داگیركەران سودی لێوەردەگرن. وەرزێكی سیاسی مەترسیدارە. بەڵام كەرامەتی سیاسی لەهەموو لایەك دەخوازێ، بەرەنگاری بكەنو مەترسییەكان كەمبكەنەوە. خەبات بۆ چارەسەری سیاسی گونجاو بكەن. ناكۆكی ناوخۆیی كەمبكەنەوە. لەبەشەكانی كوردستانیشدا، پشتیوانی رۆژئاوا، باشتر بكرێ. ئەمریكا بڕیاری خۆیدا، ئێستا ئیتر ئەنجومەنی ئاسایشو یەكێتی ئۆرۆپا، كاتێتی نەهێڵن تراژیدیای سیاسی لۆزانو رێككەوتننامەی جەزائیر، سێپات ببێتەوە. روسیا، لەسوریادا كاریگەرترین دەوڵەتی ئەنجومەنی ئاسایشە، دەتوانێ چارەسەر بسەپێنێ. بۆیە، ئومێدەوارم، بەپشتیوانی فەرەنسا، داكۆكی لەچارەسەری گشتگیر بكەن. نەك چارەسەرێك سوپای سوریا ئازاد بكرێ بۆ سەركوتكردنو بێبەشكردنی گەلانی سوریا لەمافە دیموكراسییەكان. ئەگەر، ئەنجومەنی ئاسایشو یەكێتیی ئۆرۆپا، داكۆكی لەچارەسەری سیاسی بكەنو لەپرۆژە دەستوری ئێستادا، لەكۆنگرەی ژنێفدا، روسیا پێداگیری بكات بۆ مافە دیموكراسییەكانی كوردو پێكهاتەكانی تریش، بەدڵنیاییەوە، ئەمریكاش پەسەندی دەكاتو دەوڵەتانی هەرێمایەتیش ناتوانن، دوژمنی چارەسەری دەستوری بن. بەپێچەوانەشەوە، تراژیدیا بەڕێوەیە. گەرچی دڵنیاین گیانی بەرەنگاری لەرۆژئاوادا، بەرزە. تابتوانن، ناهێڵن ئەزمونی شێخ مەحمودی دوای جەنگی یەكەمو، ئەزمونی كۆماری كوردستان دوای جەنگی دووەمو، ئەزمونی شۆڕشی ئەیلول لەجەنگی سارددا، روبداتەوە. بەهیواشین، حزبە كوردستانییەكانیش، خۆیان شەرمەزاری مێژوو نەكەن.
■ دانا حەمەعەزیز ئەمریکا بێ قەید و شەرت، سوریا جێناهێڵێ، بڕیاری پاشکشەی یەکە سەربازیەکانی لە کوردوستانی سوریا، مانای پاشکەشە و بێکەسکوشتنی کوردەکان نیە. وتویژە نهێنیەکانی (واشنتن و پاریس و لەندەن) و پاشان کۆبونەوە ڕەسمیەکانی ماکرۆن لەگەڵ پەیەدە، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە ئەمریکا دۆسیەی سوریا و پەیەدە ڕادەستی فرەنسا ئەکا. ئەمریکیەکان وەك ئەوەی پێشتر لە دۆسیەی لیبیادا کردیان، سەرقاڵن بە زۆربەی کێشە و قەیرانەکانی سەرزەوی، بۆیە ئەرکی شەریکە بەهێزەکانیەتی لە ناتۆ بەتایبەتی فرەنسا و بریتانیا کە ئەرکی راستەوخۆی بەشێك لە قەیرانەکان بگرنە ئەستۆ وەك ئەوەی لە ڕوخاندنی قەزافیدا کردیان. بەپێی بۆچونی لیکۆڵەرێکی سیاسی بی بی سی، ئەمریکا تەنها کۆمەکی لۆجیستی فرەنسا ئەکا، بریتانیاش هاریکاری ڕاستەوخۆ و، شیخەکانی خەلیجیش تێچوی دارایی پیشکەش ئەکەن. فرەنسا دووەم گەورەترین هێزی ناتۆیە دوای ئەمریکا، خاوەنی هەمان ئەو چەك و توانا سەربازیانەیە کە ئەمریکا هەیەتی. لە ڕوی جوگرافیەوە نزیکە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و، لە ڕوی مێژوویشەوە، لەهەموان ئاشناترە بە سوریا و کەمترین حەسیاسیەتیشی هەیە لەگەڵ ناوچەکە بەبەراورد بە ئەمریکا. ئەم رۆلەی فرەنسا، لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بەتەواوی پشتیوانی ئەکرێ و، هەنگاوێکە بۆ ڕێگرتن لە لافاوی پەنابەران بەرەوە ئەوروپا لە ئەگەری پەلامار و دەسدریژی تورکیا بۆسەر کوردەکان. یەکەم ئاڵوگۆڕی دۆسیەی ولاتان لە نێوان فرەنسا و ئەمریکا، لە ڤێتنام بوو کاتێ فرەنسا ئەو وڵاتەی بۆ ئەمریکا بەجێهێشت.
■ هیمداد شاهین دوای ئەوەی «ئەفغانستان، عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و لیبیا و تاد..»، تەواوی وڵاتانی موسوڵمانیان وێرانكرد، دوای ئەوەی صەدانھەزار مرۆڤی بێتاوانیان قەتڵ و عام كرد، دوای ئەوەی بەبیانووی جەنگی دژ بە تێرۆر میلۆنان مرۆڤیان لە منداڵ و گەنج و پیر بێماڵ و دەربەدەر كرد، جا ملیان دەشكێنن و دەگەڕێنەوە بۆ بەھەشتەكەی خۆیان، ئەو بەھەشتەی كە لەسەر ئێسك و پروسكی ئێمەی ڕۆژھەڵاتیی بونیاد نراوە، دەی تۆش ئەی مرۆڤی ڕۆژھەڵاتیی نەگبەت، ئەی موسوڵمانی بێئاگا و بێعەقڵ، ئەی فڕێدراوی و تێھەڵدراو، بەخۆتدا بچۆرەوە تێبگە دۆست و دوژمنت كێیە، ئەوان شارستانیەت و ئیمانی تۆیان دەوێت، دەیانەوێت ببیتە تانكییەكی بەتاڵ و پڕت بكە لە ڕق و كینە بەرامبەر بە شارستانیەت، ھونەر و ئیمانەكەی خۆت، ھەڕەشەكانی ئیسرائيل و ئەمێریكا لە وڵاتانی ڕۆژھەڵات و برسیكردنی گەلانی ناوچەكە بۆ مرۆڤی عاقڵ تازە نییە، بەنموونە ساڵانێكی درێژە بەئومێدی ملكەچكردنی، ئەمێریكا ھەڕەشە لەئێران دەكات و گەلەكەی برسیی دەكات، ئەمێریكا لەڕێگای ھەڕەشەكردن لە ئێرانەوە، دەیەوێ ھەڕەشە لە ھەموو جومگە سیاسیی، دینیی، شارستانیی و ئابوورییەكانی خۆرھەڵات بكات، ئەگەر بێت و ملكەچی فەرمانەكانی «كۆشكی تاریك» و خۆرئاوا نەبن، ئەم ھەڕەشانە لە توركیاش دەكەن، لەڕاستییدا ئەمێریكا و ئیسرائیل ھەر ھەڕەشە نیین بۆسەر ناوچەكە و ڕۆژھەڵات، بەڵكو ھەڕەشەن بۆسەر تەواوی مرۆڤایەتیی، ئەفغانستان كە سەردەمانێك بوكێكی تاقانەی «ئاسیای ناوەڕاست» بوو، مارێنزە بێدایك و باوكەكان ھاتن و وێرانیان كرد، مزگەوت و میعماریی ئیسلامییان بەپێوە نەھێشت، عێراقیان كرد بە زبڵدان و ئێستاش ھەر ھەڕەشە لە گەلانی عێراق دەكەن، ھەڕەشە لە توركیا دەكەن، لە پەكەكەی دەكەن، ھەرئەوان بوون ئاژەوە و ئاشوبی نێوان توركیا و پەكەكەیان زیاتر كرد، عەفرین و كۆبانێ-یان كرد بە زبڵدان، ئێستاش ئەم ئەمێریكایە لەڕێگای دەزگا موخابەراتییەكانیەوە، ھەڕەشە لە سوریا، سودان، لوبنان و یەمەن دەكات، لە ئازەربایجان و ئەرمینیای دەكات، ئەمێریكا و ئیسرائیل بەئاشكرا دەڵێن ئێمە خودای ئێوەین، گوتمان باش، دەبێ بڵێن باش، گوتمان خراپ دەبێ ھەمووتان بڵێن خراپ، فەرمانمان پێدان، دەبێ ھەمووتان بڵێن فەرمانتە گەورەم، گەرنا ھەمووتان تێرۆریستن، ھەمووتان بۆمبی ئەتۆمتان ھەیە، بۆیە دەبێ لەسەر دەسەڵات لاببردرێن، دێنە سەر وڵاتەكە و وێرانی دەكەن و پڕی دەكەن لە گروپی تێرۆریستیی، صەدساڵ عەمالەتیان بۆبكە، یەك شتێك بكەیت ئەوان نەیانەوێ، كارت تەواوە، لەبەرئەوە، باشترین چارەسەر ئەوەیە گەلانی ڕۆژھەڵات ھۆشیار ببنەوە و ھیوا و ئومێدی خۆیان لەسەر ئەمێریكا و وڵاتانی خۆرئاوا ھەڵنەچنن، چونكە ئەوان ھەر نەیار و دوژمنێكی سیاسیی ئێمە نین، بەڵكو دوژمنێكی دینیی، كولتووریی، مێژوویی، شارستانیی و ئابووریی ئێمەن، ئەمانە كە كاتی خۆی و نزیك بە دوو سەدە پەلاماریی خۆرھەڵاتیان دا، یەكەم كارێك كە كردیان سوتاندن و وێرانكردنی كتێبخانەكان و ناوەندە زانستییەكان بوو، دواتر كەوتنە لاقەكردنی شەرەف و عەورەتی خەڵك و پاشان قەتڵ و عام كردنیان، دەبێ گەلانی ئەم ناوچەیە وریاتر بن كە بە ھوتافی درۆزنانەی مرۆڤدۆستیی ئەمێریكا و وڵاتانی خۆرئاوا فریو نەخۆن، ئەمانە بەڵا و ئافاتن و لەسەر حیسابی ئێسك و پروسكی ئێمەی خۆرھەڵاتی بەھەشتێكی درۆزنانەیان لە وڵاتانی خۆیان بونیاد ناوە، گەرنا ئەمانە ھەر وەحشیی بوون، نەیاندەزانی ڕۆژ و شەو چییە، نەیاندەزانیی مانای ژیان چییە، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە لەم خۆرھەڵاتەدا «عەباسی بن فەرناس» ھەوڵی فڕینی دەدا، «خواریزمیی» زانستیی جەبری پەرەپێدا و «ئیبن ھەیثەم» زانستی «بەصەریات»ی داھێنا، «جابری كوڕی حەییان» ئەسیدی ھایدرۆكلۆریك و ترشی نایتریك و سوۆلفۆریكی دۆزیەوە، شیخ الرئیس «ئیبن سینا» تەقطیری ھەڵمی كەشفكرد. ڕۆژێك دێت، ھەموو برینەكانمان، ھەموو شكانەكانمان، ھەموو گریانەكانمان دەنووسینەوە، ڕۆژێك ھەر دێت بیانووسینەوە.