ئیتر موبارەک رامەکێشنە بەر شاشەی تیڤی و مۆبایلەکان

Draw Media

2019-01-12 20:29:30



سەردەشت حەمەساڵح    

ئیتر موبارەک رامەکێشنە بەر شاشەی تیڤی و مۆبایلەکان، ئایندەو کەرامەتی مناڵەکانی لەبەرچاو بگرن

مناڵەکانی گەورە دەبن وامەکەن هەست بە ئحراجی بکەن، ئیتر کۆڵ بدەن و واز لەو پیاوە بێنن. رۆژگار وایکردوە کە ئاوەزی باش نەبێ. تکایە بۆ پەیج و راگەیاندنەکان، ئیتر توخنی مەکەون بۆ هەر مەبەستێ بێت.
ئەو پیاوە (موبارەک) لە وڵاتێکدا دەژی کە سەدا نەوەد بەرەو ژوری باری دەرونی تەواو نییە، ئەوەی بۆی دەکرێ خێر نییە، بەڵکو پارەی زەوتکراوی خۆیەتی وەک هەر هاوڵاتییەکی تری عێراق! کە دەبوو زۆر زیاتری هەبوایە، بەڵام ئیدی ئەوە نێوچاوانی ئەم خەڵکە داماو و نەگبەتەیە کە لە وڵاتێکی پڕ لەسەرمایە لەدایک دەبێ و وڵاتێک کە تەنها دز بەرهەم دەهێنێ.
ئەگەر بەزەیی و ویژدانتان بەرامبەر بەخۆی نییە، با بەرامبەر ئایندەی مناڵەکانی هەتانبێ! بۆ دو قسەی قۆڕو بۆ پێکەنین رایمەکێشنە بەر شاشەی تیڤی و مۆبایلەکانتان.
سەرباری ئەو هەموو قەیران و کێشەیە، لەبری هەڵکەندن و هەڵدێرکردنی تاڵانچی و مافیاکانی وڵات چیتان داوە لەو بەستەزمانانە!
ئایا هەست بەوە ناکەن کە وەک بوکەڵە بەو شتانەوە سەرقاڵتان دەکەن؟! 
ئەم وڵاتە هەزاران قارەمان گیانی خۆیان بۆ فیدا کرد، بۆ ئەم رۆژە ناکامڵە نەبو، ئەوان لەپێناو ژیانێکی باشتر گیانیان بەخشی. وەرن با گروپ گروپ خۆمان دروستکەین بۆ چاکبونی ژیانی ئەو خەڵکە، گروپێک دروست بکەین بۆ گژداچونەوەی گەندەڵی و دەرمان فرۆش و یاریزانان بەگیانی نەخۆشەکانمان. گروپێ دروستکەین بۆ باش کردنی پەروەردە، گروپێ بۆ راگەیاندن کە بۆتە هۆی بەلارێدا بردنی عەقڵی کۆمەڵگا، گروپێ دروستکەین بۆ چاودێری دادگاکان، گروپێ بۆ بۆ بۆ..... بۆیەکان زۆرن! ئەگەر چاوەڕێ بکەی ئەمانە ئەم وڵاتە باش بکەن و تۆ دانیشی بەتەمابی، ئەوا وەچە مەخەرەوەو بۆخۆت پاڵبەرەوە هەتا خێرخوازێ ئەتنێژێ!

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand