په‌نجه‌ره‌ی سیاسی؛ ماده‌ی هۆشبه‌رو موچه‌خۆری حكومی!!

2019-01-10 17:22:00

ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج   

فه‌رمانبه‌رێك له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی سه‌ر به‌ یه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك موعتادی ماده‌ی هۆشبه‌ر خرایه‌ به‌ندیخانه‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ كۆتایی به‌ راژه‌كه‌ی هات.
ئه‌وانه‌ی باسی دۆخی خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌یان ده‌كرد سه‌رزه‌نشتێكی زۆریان ده‌كردو ته‌نها ئه‌و روه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌یان ده‌بینی كه‌ چۆن ده‌بێ باوكێك، مێردێك، كوڕێك كه‌ تاكه‌ به‌خێوكه‌ری خێزانێكی ٧ كه‌سیه‌ ئه‌وه‌نده‌ خۆ په‌رست بێ گوێ به‌هیچ شتێك نه‌داو هه‌رچی ده‌ستی ده‌كه‌وێ بیدا به‌ ماده‌ی هۆشبه‌رو خێزانێ وه‌ها وێران بكا، منیش كه‌ به‌هێمنی گوێم لێ ده‌گرتن، دوای ئه‌وه‌ی رویان تێكردم تا رام بزانن، وتم ئه‌م دۆخه‌ ماتمتیك و ژماره‌ نیه‌ به‌ موجه‌ره‌دی و موحایدی سه‌یری بكه‌ی، چونكه‌ ته‌نانه‌ت یاساش ده‌قێكی موجه‌ره‌د نیه‌و له‌ به‌كارهێنانه‌كانیدا لاستیكیه‌، ته‌نها ژماره‌كان بێلایه‌ن و موجه‌ره‌دن، بۆیه‌ ده‌بێ سه‌یری ژینگه‌كه‌ی بكه‌ین.

ئێمه‌ دو وڵات دراوسێمانن یه‌كێكیان به‌رهه‌مهێنی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌و ئه‌وی تر گوێزه‌ره‌وه‌و موزع-یه‌تی، بۆیه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ به‌رده‌ستخستنی ماده‌ی هۆشبه‌ر له‌م هه‌رێمه‌دا كارێكی ئاسانه‌، كه‌وایه‌، یه‌كه‌م شت پێویسته‌ یه‌خه‌ی حكومه‌ت بگیرێ كه‌ سنوره‌كان به‌باشی ناپارێزێ تا هه‌وڵه‌كانی ئه‌و دووڵاته‌ شكست بخۆن و تاكی ئه‌م هه‌رێمه‌ موعتاد نه‌بن.

دوه‌م؛ دۆخی ئابوری فه‌رمانبه‌ر له‌م سێ ساڵه‌ی رابردودا تا ئاستی داڕمان رۆشتوه‌، به‌خێوكردنی ٧ كه‌س له‌سه‌ر شانی تاكه‌كه‌سێ كارێكی ئه‌وه‌نده‌ قورسه‌ كه‌ ره‌نگه‌ بێهۆشكردن لای ئه‌و كه‌سه‌ (كه‌ پێ ده‌چێ كه‌سێكی بێ ئیراده‌ش بوبێ) تاكه‌ ده‌رفه‌تبوه‌ خۆی له‌ گرفته‌كانی بوك و خه‌سو، مناڵ و خوێندنگه‌، ژن و داواكاریه‌كانی، كرێخانو، نه‌وت، ئاو كاره‌با، و زۆر شت كه‌ ئێمه‌ ورده‌كاریه‌كانی نازانین. له‌مه‌شدا حكومه‌ت دیسان به‌رپرسیاره‌ كه‌ سه‌رباری دۆخی خراپی فه‌رمانبه‌ران، سه‌دی ١٥-٣٠ له‌ كۆموچه‌یان ده‌بڕێ و ئه‌وه‌نده‌ی تر ژیانیان داده‌هێزرێنێ.

سێیه‌م، مه‌سه‌له‌ی ئازادی، مرۆڤ له‌ نه‌بونی ئازادی راسته‌قینه‌دا په‌نا بۆ ئازادی یاساغكراو ده‌با. كاتێ گه‌نجێك ئازاد نیه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا ژیانێكی ساده‌ بگوزه‌رێنێ و به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگه‌و خێزان و تاكه‌كانی ده‌وروبه‌ری زومی لێپێچینه‌وه‌كانیانی له‌سه‌ر گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن بێگومان، په‌نا بۆ یاساغ ده‌با. به‌ڵام كه‌له‌ئازادیه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی و ئه‌وانی تر گه‌یشت ئه‌وا بێگومان بیر له‌ داهێنانیش نه‌كاته‌وه‌ به‌هره‌كانی بێبه‌ر ناكا.

نمونه‌: له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردو به‌ته‌نها گه‌شتێكی چون و هاتنه‌وه‌م له‌ ١٠ سه‌عاتدا بۆ هه‌ولێر ئه‌نجامداو به‌ته‌نها بڕیارم دا ئه‌و رێگه‌یه‌ تاقی بكه‌مه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جارم نیه‌و ناشبێ. له‌ رێگه‌ی گه‌رانه‌وه‌مدا بڕیارم دا وه‌ك هه‌ر تاكێكی ئازاد له‌ كانی وه‌تمان لابده‌م و كه‌بابێك بخۆم. له‌ دابه‌زیندا داوام له‌ كاكه‌ی ئۆتۆمۆبیلشۆر كرد ئه‌وه‌ی منیش خاوێن بكاته‌وه‌و ئه‌وجا له‌ ریسته‌ورانتێك لامداو بێ ئێوه‌ ناخۆش كه‌بابێكم خوارد. سه‌یره‌كه‌ی ئه‌وه‌بو، به‌نزیكی ٣٠ پیاوو ٤ ژن له‌ ریسته‌ورانته‌كه‌دابون، له‌ نانخواردن و دانیشتن و هه‌ستانمدا هه‌مو چاویان له‌سه‌ر من بو، سێ شاگردی جودا هاتن تا بزانن هه‌ر خۆمم یان نا، ئاخۆ نان ده‌خۆم یان نا!!! تا ده‌ستوم به‌ ئاژونی سه‌یاره‌كه‌م كرد هه‌رچی ژن و پیاوی ئه‌و چێشتخانه‌یه‌یه‌ ته‌ماشایان ده‌كردم، منیش بێباك له‌و چاوانه‌ پاروی چه‌وری كه‌بابم ده‌خواردو قاچم له‌سه‌ر قاچ دانابو، ئه‌وساش پاره‌م داو هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌و ده‌ستم به‌لێخوڕین كرد به‌ ئاراسته‌ی شاره‌ حه‌یاته‌كه‌. هه‌ڵبه‌ت ده‌مزانی ژنه‌كان چه‌ند ده‌مه‌قاڵێیان له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانیان كرد، پیاوه‌كانیش له‌یه‌ككاتدا هه‌م دڵخۆشبون پێم و هه‌میش ده‌ترسان ژنه‌كانیان فێری باڵه‌فڕین و ئازادی ببن!!

دیاره‌ مرۆڤ كه‌ رۆحی ئازاد بو ده‌سته‌كانی ناله‌رزن، بیر له‌ له‌رزینی دڵ و مێشكیشی ناكاته‌وه‌ له‌ قه‌یرانه‌كاندا، به‌ڵكو هه‌میشه‌ محوه‌ری هه‌مو هه‌نگاوه‌كانی سه‌قامگیری ده‌بێ، هه‌رچه‌ند ده‌وروبه‌رو كۆمه‌ڵگه‌ش نامۆ بێت. منیش پیاوه‌كانی خێزانه‌كه‌ هه‌مو سه‌رقاڵ بون و نه‌مده‌توانی واده‌كه‌م له‌وه‌زاره‌ت دوابخه‌م، بۆیه‌ ژنبونی خۆمم به‌ كه‌می نه‌ده‌زانی تا ئه‌و هه‌نگاوه‌ی له‌ ٢٠١٠ نام جارێكی تر نه‌ینێمه‌وه‌....

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

گەشبینێت بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم؟

ژماره‌ی ده‌نگده‌ران:
بەڵــــێ
نەخــــێر
كەشوهەواو پلەكانی گەرمی دووشەممە 2019/1/21

ئەستێرەكانی هۆڵیۆد.. لە لوتكەی بەناوبانگییەوە بۆسەر ساجی عەلی 

چەند ئەستێرەیەكی بەناوبانگی جیهانی تۆپی پێ بەدوای كارێكدا وێڵن

لە ترسی ئەردۆغان سەردانی بەریتانیا ناكات

گیانەوەرێكی وشكاوەكیی نوێ‌ ناودەنرێت دۆناڵد ترەمپ

" ئامێری سێكس" راسپۆتین چۆن گیانی لەدەستدا؟

مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand