■ خالید رەزا لە سەردەمی خەباتی شاخ و لە پێش راپەڕین، پێشمەرگەش وەک هەر مرۆڤێکی تر حەزی ئەکرد ئاهەنگی سەری ساڵی تازە، لەناو خیزان و کەسوکاری خۆیا بکا.! بەڵام ئەو ئەرکەی لەسەر شانی بو زۆر لەو حەزو ئارەزوانەی هەوراز تر بو، چونکە ئەوان کۆمەڵە مرۆڤیک بون کە بۆ سەندنی مافی خوراوی گەلەکەیان چەکی شەرەفیان لە شان کردبو. بۆیە ئاهەنگی سەری ساڵی تازە لای پێشمەرگەی شاخ جیاواز بو لە ئاهەنگی ناو شار و شارۆچکەکان. لە سەری ساڵی نوێ دا پێشمەرگەش بە شیوازی جیا جیا ئەو یادەی ئەکردەوە، بۆ سەری ساڵ هەوڵ ئەدرا خواردنی تایبەت دروست بکرێ، هاورێ و خزم و کەسوکاری یەکتر ئەگەر لە تیپ و مەلبەندی تر بونایە بەو بۆنەیەوە ئەچون بۆلای یەکتر و ئەو یادەیان پیکەوە ئەکردەوە، هەندیکی تر لە دەرەوە کەسوکار یان ئەهاتن بۆ لایان و خۆشیەکەیان ئەبو بە دو جەژن و، یاریەکانی ئەو شەوانەش کۆنکەن و تاوڵە و لە هەندێک شوینی دیاریکراو سەرگەرمکردن، لە هەندێک شوێنی تر گۆرانی و بەزم و رەزم و، لە هەندێک جیی تر بە ئامیری مۆسیقا و شەوە ئاهەنگی بچوکیان بۆ خۆیان ساز ئەکرد. ئەم بۆلای یەکچونە بەتەنها لە نێوان پێشمەرگەکاندا نەبو، هەندێک جار سەرکردەکانیش ئەچون بۆلای یەکتر، لەوانە کاک کۆسرەت و کاک حەسەن کوێستانی لە دەشتی هەولێرەوە ئەهاتن بۆلای کاک نەوشیروان... هەندێک جاریش پێشمەرگە داوەتی سەرکردە و بەرپرسەکانیان ئەکرد و خواردنی خۆشیان ئامادە ئەکرد و پێکەوە نان یان ئەخوارد. ئەو وێنانە هی ساڵی ٩٨٩یە، داوەتی عەدەد جیهازەکانی جیهازی مەرکەزیە لە قاسمەرەش بۆ کاک نەوشیروان و کاک کۆسرەت و مامۆستا نازم عومەرمان رێک خستبو، لە ناو خۆمانا پارەمان کۆکردەوە و، لە گوندی کانی زەرد (قەل) و، لە فرۆشگاکەی دۆڵەکەش هەندێک نوشئابە (کۆلا) مان کڕی . هەمومان لەسەر سفرەیەک نانمان ئەخوارد، سەرو خوار و جیاوازی لە نیوانمادا نەبو. بە داخەوە هەندیکی زۆر کەم لەو سەرکردانە بەو سادە و ساکاری و خاکێتییەی خۆیانەوە مانەوە و، زۆرینە یان بەجۆریک خۆیان لێگۆڕاوە کە بەچەندین پرسگەو سکرتێرە و واستە دەنگت پێ یان ناگات ! ئەو سەردەمە لەو شاخ و داخە لەهەمو شتیک دابرابوین تەنها هۆیەکی بینین کە هەبو، ئەویش دوکەنالی تەلەفزیۆنی کەرکوک و بەغدا بو ، ئەوەش ئەگەر مەقەرێک بەخت یاوەری بوایە و تەلەفزێۆنی هەبوایە. ئینجا بە هەزار ئەملا و لا و ئاریەل بادان و ناوی خوا ئەگەر کەناڵیکی بە (تەرزە) و پرتە پرتیکی زۆرەوە وەر بگرتایە و، شتێکی خۆشی پیشێن بدایە. بۆ ئەوەش ئەبوایە چەند کەسیک پێوەی مەشغول بونایە، یەکێ لەسەرەوە ئانتینی بادایە، یەکێکی تر لە دەرەوە بوایە و ئەوەی ژورەوە هاواری بکردایە باشە باشە، ئەویش وەک توتی بۆی بسەندایەتەوە و بەوەی سەربانی بوتایە باشە باشە تا بەباشی بیبەستێتەوە و نەجوڵێ. خۆ ئەگەر رەشەبایەکی ناوەخت هەلێ بکردایە ریسەکەی ئەکردەوە بە خوری... یادی بەخێر، کاک شێرکۆ بێکەس لە کتێبی نوسینەوە بە ئاوی خۆڵەمێش دا باس لە سەردانیکردن بە بۆ نەی سەرساڵەوە ئەکات و ئەیگێرێتەوە: کاک دلێری سەید مەجید بە هۆی سەری ساڵەوە هاتبو بۆ بارەگای ڕاگەیاندن ئێوارە بوو تەلەفزێۆن ئەفلام کارتۆن بو، کاک دلێر چوە بەردەمی تەلەفزیۆنەکە و بە قوڵی سەیری ئەکرد کە ئەفلام کارتۆن تەواو بو، ئاورێکی دایەوە و وتی وەلا خۆ ئەوە بۆ مندالیش ئەبێ هەندێک جاریش پیشمەرگە شەوە ئاهەنگی ساڵ یان لە عسیەکان تێک ئەدا و، بەزمیکیان ئەنایەوە . هاورێ نوری کە خۆی یەکێک بو لەو پێشمەرگانە گێرایەوە و، وتی سەری ساڵی ٩٨٦ بو زانیاری هاتبو بۆ کاک قادری حاجی عەلی کە ئەوکات بەرپرسی مەلبەندی دو بو، کە شیخ جەغفەر بەرزنجی محافز و سەرانی بەعس بەتەمان ئاهەنگی سەری ساڵ لە سیاحیەکەی دوکان بکەنەوە، کاک قادریش دو مەفرەزەی لە تیپی ٤٧ ی پیرەمەگرون شەهید دلێری شیخ رەزا و، تیپی مەلبەند کاک مستەفا سەرگەڵویی را سپارد کە شەوێ بچن لەسەر رێگای دوکان – سلێمانی لە کاتی گەڕانەوەیان دا کەمین یان بۆ دابنێن. پێشمەرگەکان بەنیازی کەمین دانان و خۆئامادە کردن بۆ چالاکیەکە گەیشتبونە شوینەکە. بەلام شیخ جەعفەری محافز پێشتربەوەی زانیبو بۆیە نەیان ویرابو بچن بۆ دوکان و، ئاهەنگ و خۆشیەکەیان لێ تیک دان. پێ ئەچێ سەرچاوەی هەواڵەکە دو سەرە بوبێ و، وەک کچە لێزانەکە هەردولای کردبێ بە کوڕی سێو لەباخەڵ و لای هەردولا خۆی شیرین کردبێ !! ئەو رۆژانە گەرچی لەزۆر جۆری خۆشیەکانی ژیان بێ بەش بوین، بەلام چونکە ئامانجێک کە روخانی بەعس و سەرفرازی گەلەکەمان بو، کۆی کردبوینەوە لەزەتمان لە ژیان ئەبینی ناخۆشی و نەهامەتی و سەختیەکانی ژیانمان بۆ ئیرادەی بەرگری و مانەوەمان بە سەربەرزی ئەگۆری. ئێستە کە یادی ئەو رۆژانە ئەکەینەوە و شریتی عومری رابردو هەڵ ئەکەینەوە، هەست بە خۆشی و سەربەرزی، لەهەمان کاتدا هەستیکی قوڵی شەرمەزاری دامان ئەگرێ. ئەو رۆژانە لە پێناوی گەلەکەمانا تێ ئەکۆشاین و بۆ خۆش گوزەرانی ئەوان ئەجەنگاین، ئەفسوس ئێستە لە زۆر باردا پێچەوانە بۆتەوە و خەمێکی قوڵ دامان ئەگرێ !وینەکان: وینەی یەکەم: لە لای راستەوە کاک نەوشیروان، کاک ئاکۆ حەسەن بەکر، کاک عومەر ئاغا، کاک ئازادی جیهاز(خارە ئازاد)، مامۆستا نازم عومەر، کاک کۆسرەت رەسوڵ. وینەی یەکەم: لە لای راستەوە کاک نەوشیروان، کاک ئاکۆ حەسەن بەکر، کاک عومەر ئاغا، کاک ئازادی جیهاز(خارە ئازاد)، مامۆستا نازم عومەر، کاک کۆسرەت رەسوڵ. وێنەی دوەم: لەراستەوە : کاک کۆسرەت، مامۆستا عوسمان عومەر، جوانە مەرگ کاک نەوزادی مهندس، کاک سەرکەوتی جیهاز، خالید رەزا، کاک نەوشیروان، کاک ئاکۆ حەسەن بەکر، کاک عومەر ئاغا ی عەدەد جیهاز.
■ مەریوان وریا قانع دوازدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ھەواڵی لە سێدارەدانی سەدام حوسەین لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بڵاوکرایەوە، دوای ھەواڵەکە من لەسەر تەلەفیزیۆنی ھۆڵەندیی میوانبووم بۆ شیکردنەوەی ڕووداوی لە سێدارەدانەکە. ئەو ڕۆژەش کە سەدام حوسەین لە حەشارگەکەی خۆیدا گیرا و سەربازە ئەمریکییەکان بەبەرچاوی کامێراکانەوە ئامێرە پزیشکیەکەیان بەناو دەمی سەدام حوسەیندا دەگەڕاند و ئەمری دەمکردنەوە و دەمداخستینیان بەسەر سەدام حوسەیندا دەکرد، دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆن میوانبووم. لە ھەردوو ساتەکەدا پێشکەشکارە ھۆڵەندییەکە لێی پرسیم ھەست بە چی دەکەم؟ منیش لە وەڵامدا ووتم ”لە قوڵاییدا ھەست بە ئیھانەکردنێکی گەورە دەکەم“. بە پێشکەشکارەکەم ووت ئەم پیاوە کە ئێستا لە بەردەمی سەربازە ئەمریکیەکاندا بە زەلیلیەوە وەستاوە و سەربازەکان بە کەیفی خۆیان دەمی پێدەکەنەوە و دەمی پێدادەخن، ھەمان ئەو پیاوەیە کە ژیانی ملیۆنان مرۆڤی لە عێراقدا وێرانکرد و جەھەنەمێکی گەورەی بۆ زیاد لە نەوەیەک لەو وڵاتەدا داخستبوو. ئەمە ئەو پیاوەیە بە درێژایی ٣٥ ساڵ کێی دەویست دەگرت و ڕاودەنا و دەکوشت، سامانی وڵاتەکەی لە چەندان جەنگی گەورەدا بە فێڕۆدا و دەوڵەتی عێراقی گۆڕیبوو بۆ موڵکی خێزان و ھاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی. ئەمە ئەو پیاوەیە کە ئەو ھەموو جەنگ و کوشتن و بڕین و ماڵوێرانیەی ئەنجامدا و ئێمە لەو وڵاتەدا نەمانتوانی بەری پێبگرین، کەچی ئێستا لەبەردەم چەند سەربازێکی ئەمریکیدا تەواو زەلیل و بێبایەخ کراوە. ساتی لە سێدارەدانەکەشی بەھەمان شێوە ساتێکی تاریک و ناخۆش بوو، ئەو ڕۆژەش دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆنی ھۆڵەندی قسەمدەکرد. کێشەکە لە سێدارەدانەکەیدا نەبوو، بەڵکو ئەوە بوو ئەم دیکتاتۆرە خوێناوەیە لەسەر یەکێک لە تاوانە ھەرە بچوکەکانی لەسێدارە درا. لەباتی ئەوەی داوەریکردن و سزادانی سەدام حوسەین بکرێت بە داوەریکردنی قۆناغی دەسەڵاتدارێتییە خوێناویەکەی و داوەریکردنی فەرھەنگ و کولتوری بەعسیزم و شێوازی حوکمڕانیی و دەوڵەتداریی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی کۆمەڵگا و چۆنیەتی بەفیڕۆدانی ئابوریی و مامەڵەکردنی منداڵان و گەنجان و ھتد... لەباتی ئەوەی داوەریکردنەکەی ببێت بە داوەریکردنی ئەو دونیا مادیی و رەمزییە ترسناکەی کە سەدام و بەعس دروستیانکردبوو، کەچی لەسەر ڕووداوێکی بچووکی ناو شارۆچکەیەکی بچووک لە سێدارە درا. زەلیل و بچووکیی لەبەردەم بێگانەدا و بێڕەحم و دڵڕەق و خوێناوی بەرامبەر بە میلەت و کۆمەڵگاکەی خۆت، ئەو ئاکارایە لای زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە بەخەستیی ئامادەیە، بەوانەی لای خۆشمانەوە. قبووڵکردنی ھەموو سوکایەتییەک لە کەسانی بیانیی و ئەنجامدانی ھەمان سوکایەتی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانییانی خۆت کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو سایکۆلۆژیا و ئەخلاقە سیاسییەیە کە ئەم مۆدێلە لە سیاسیی و سەرکردە دەجوڵێنێت. ئاغوس- دانیمارک ٣٠-١٢-٢٠١٨
■ هەردی مەهدی میکە بەیادی مانگرتنی ٥٩ پەرلەمانتارکەی ١٩٩٤ اوچەکە شاهێدی کشانەوەیەکی مەترسیداری کاری پەرلەمانییە. بە درێژایی مێژووەکەی، هیچکات پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لانیکەم لە چوارساڵی رابردوودا، وا سیسەڵە و کەم ئەرک نەبینراوە. هەریەک لە وڵاتانی هەرێمایەتی(تورکیا، ئێران و عێراق) کە خاوەن ئەزموون و پێشینەیەکی کاری پەرلەمانی و لە رووی دەزگای دەوڵەتیەوە لە هەرێمی کوردستان لە پێشترن، ئەوانیش بە جۆرێک کەمییان هێناوە و لە هەمبەر سوککردنی ئەرکی پەرلەمان و پەرلەمانتار کەمیان نەکردووە. لە مێژووی نزیکی ئەم ناوچەیە، پەرلەمان چەندین ناوی دیکەی بۆ بەکارهاتووە: خانەی میللەت، ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی میللەت، خانەی مەسڵەحەت، ئەنجومەنی نێردراوان، ئەنجومەنی شورای میللی و ئەنجومەنی پیران و ..تاد، چونکە گریمانەکە وایە ئەرکی پەرلەمان و کاری پەرلەمانتار، لە دۆخی نائاساییدا بریتی نییە لە هاوار و پاڵەوانبازی شاشەکان، پەرلەمانتار ناکرێت وەک خەڵک هاوار بکات، دەبێت نوێنەری هاوار و نەهامەتی هاونیشتمانیان بێت بە بیرکردنەوە و چارەسەری کێشەکانی نەک گەیاندن و خۆپێدەرخستنی، پەرلەمانتار ناکرێت لە نەهامەتی و نەبوونیدا وەک خەڵک دەنگبەرزبکاتەوە، دەبێت بە دوای هۆکار و چارەسەری هاوار و نەهامەتییەکانەوە بێت. پەرلەمانتارەکانی ئەم خولەی رابوورد زیاتر لە خەڵک هاوار و دەنگیان بەرزکردەوە، دەی ئەگەر ئێوەش وەک من و هاونیشتمانییانم تەنها هاواربکەن، وەرنەوە خوارەوە و "یۆقلەمەی گیرفان" بەسە. -١- تا بەرەو دواوە بگەڕێینەوە نمونەی باشتری کاری پەرلەمانیمان بۆ هەرێمی کوردستان دەستدەکەوێت، ٢٣کانونی یەکەمی١٩٩٤ یادی بیستوچوارساڵەی پەناگرتن و مانگرتنی پەرلەمانتارانی یەکەمین خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو. بۆ پەرلەمانی کورستان کە دووساڵ بوو دامەزرابوو، سێ ساڵ بوو راپەڕین کۆتایی هاتبوو، لە گەرمەی شەڕی براکوژیی، ٥٩ پەرلەمانتاری لیستەکانی سەوز و زەرد و مۆر، چەندین کەسایەتی حزبی، چەند بێلایەنێک، پێکهاتەکانیتری ئاینی و نەتەوەیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان پێکەوە دەنگیان بەرزکردەوە و شەڕی ناوخۆیان بە حەرامزانی و ئەرکی نیشتمانی خۆیان بەلایەنی کەمەوە نواند. ئەم روداوە دوای ئەوە هات کە ئەوەی جەولەیەکی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتی کۆتایی هاتبوو، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی١٩٩٤دا مەکتەبی سیاسی هەردوولا رێککەوتنیان راگەیاند کە ئیتر بە گژ یەکدا نەچنەوە! بەڵام پاش ٢١ رۆژ دیسانەوە بە یەکدا هەڵشاخانەوە و جەولەیەکیتری شەڕ دەستیپێکردەوە. ٥٩ پەرلەمانتارەکە وەک ئەرک مانگرتنیان راگەیاند تا شەڕی ناوخۆ رابگیرێت و کۆتایی بە خوێنڕێژی و "شەڕی براکان" بهێنرێت. لەناو مانگرتوواندا جیا لە جەوهەر نامیق سالم-ی سەرۆکی پەرلەمان و مەکتەبی سیاسی، چەندین ئەندامی سەرکردایەتی و کادیری باڵای ینک و پدک-یان تێدابوو، سەرۆکی پەرلەمان و هاوڕێ مانگرتووەکانی ئەرکی پیشەیی و پەرلەمانییان پێش ئەرکی حزبی و نەریتی شۆڕشگێڕییان خست. بەڵام چوار ساڵی رابردوو، پەرلەمانی کوردستان جیا لەوەی خۆی بەشێک بوو لە کێشە، ئەندامانیشی لە نێوان جەمسەرەکاندا دابەشبوون و هاواری خەڵکیان بەرزتر و کێشە و قەیرانەکانیشیان زیاتر کرد. ئێستاش کە حکومەتی نوێ پێکنایەت، هیچ. تەنانەت پەرلەمانتاران هەر چاوەڕوانی دەمی رێککەوتنی مەکتەب سیاسییەکانن و تەنانەت ناتوانن سەرۆکێکی هەمیشەییش بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن تا لانیکەم کاری خۆیان رێکبخات! وا دیارە چوار ساڵی ئایندەی پەرلەمان لەو چوارەی رابوورد باشتر نابێت. -٢- مەترسییەکە لەوەدایە پاشەکشەکە هەرێمایەتیە و لە کشانەوەی دیموکراسیدا وڵاتانی هەرێمایەتی کراس لەیەکتر دادەڕن بۆ پاشەکشە و درێژەدان بە ستەمکاری و نەچەسپاندنی پرۆسەی هاونیشتمانیبوون. ئەزموونی تورکیا لە کاری پەرلەمانیدا ئەزمونێکی کۆنترە لە ئاست وڵاتانیتری ناوچەکە، دامەزراندنی پەرلەمان لەوێ بۆ ساڵی ١٨٧٦ز دەگەڕێتەوە، کە پاش فشارێکی زۆری چاکسازیخوازان لە عەبولحەمیدی سوڵتانی عوسمانی هاتەدی، ناچارکرا دەستورێک و کردنەوەی یەکەمین ئەنجومەنی نوێنەران واژۆ بکات، ئەوکات ١١٩ کورسی لە خۆگرت کە ٧٧یان موسڵمان، ٤٤ کریستیان و چوار جوو پێکهاتبوو. کەچی بە وردبوونەوە لە کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی لە تورکیا، دەبینرێت بەیاسا و هەژموونی ئۆردۆگانیزم، کاری پەرلەمانتاری کراوەتە سێبەری کەسێتییەک و "بەڵێکاری" ئەردۆگان، جیاکاری نەتەوەیی و سیاسی لەو وڵاتەدا فراوان، دەمێکیشە هەنگاوێک و دەسپێشخەرییەکی جیا و کرداری لە پەرلەمانی تورکیاوە بەسەر دەزگای جێبەجێکردندا نەسەپێنراوە و تا گەشتە ئەوەی بە یاسا دەنگیشیان بە دەستورێک دا کە بە جۆرێک فاتیحایەکی سیاسیی بوو بۆ ئەزموونی باڵایی پەرلەمانی تورکیا بەسەر حکومەتدا. لە تورکیا حکومەت یان راستتر ئەردۆگانی سەرۆک کۆمار هەر تۆمەتێک بۆ هەرکەسێک دروستبکات ئەوە دەبێتە فاکت و یاسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، گولەنییەکان نمونەی زەقی ئەم پرسەن. لەوەش زیاتر، پەرلەمانی تورکیا لەبری ئەوەی بیر لەو جیاکارییە بکاتەوە کە دۆخی سیاسی و نەتەوەکانی تورکیای گرتۆتەوە، کۆبوونەوە بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە هاوپیشەیەکی وەک دەمیرتاش دەکاتەوە تا خەیاڵی حزبێک و گروپێک رازی بکات و بە ئاسانی توندی زیندانی بکات. ئەمە کاری پەرلەمان نییە و کاری ئەو بریتییە لە چارەسازی و کەمکردنەوەی جیاکاری نەک زەقکردنەوەی. -٣- کاری پەرلەمانی لە ئێراندا دەگەڕیتەوە بۆ سەرەتای بزوتنەوەی مەشرووتەخوازی(ریفۆرم) ئێران، وەک خواستێکی منەوەرەکانی ئێران لە ساڵی ١٩٠٥ز، لەلایەن مزەفەرەدین شای قاجارەوە، ئیمزای کردنەوەی ئەنجومەنی شورای میللی(پەرلەمان) کرا. لەوکاتەوە بە چەندین هەوراز و نشێوی ناو مێژووی ئیراندا پەرلەمانی ئێران تێپەڕی کردووە و بەردەوامە. بەڵام بەهۆی ماندووێتی سیستمی سیاسی ئێران و سایەی کوڕانی شۆڕشێکی مەزهەبیی و تۆڕە ئابوورییە فراوانەکانی سیاسییەکان و تەوافوقی بەرژەوەندیەکانی بناژۆخوازانی وەک لاریجانی(سەرۆکی بناژۆخوازی پەرلەمان) و بەرژەوەندگەرایی میراتگرانی رەفسەنجانی و روحانی لەلایەک و چاکسازیخوازانی بێدەنگی وەک عارف(سەرۆکی فراکسیۆنەکەیان)، پەرلەمانێکی بێدەنگ و بێسەنگ لەئاستی هەژاری و نادادی بەرامبەر خەڵک و ئازا لە داکۆکی ماف و پۆست و ئیمتیازاتی کوڕانی شۆڕش و مووچەباڵاکانییان. پەرلەمانی ئێران بووەتە شوێنی خۆگونجاندنی باڵە نەیارەکانی لەسەر حسێبی خەڵک و مرۆڤە ماندووەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی. هەفتەی رابردوو، چوار خوێندکاری ئێرانی لە خوێندنگەیەکی سەرەتایی بە هۆی خراپی سیستمی گەرمییەوە لە ناوپۆلەکانیاندا گیانیان سپارد، هەر لەو ماوەیەدا پەرلەمانتارێکی نوێنەری سیستان، بە جنێو بە کارمەندێکی بەڕیوەبەرایەتی گومرگی ئێراندا هاتەخوارەوە و جنێوی نەشیاوی بەکارهێنا، بەڵام پەرلەمانی ئێران لەبری ئەوەی کۆبوونەوە بۆ هۆکاری گیانسپاردنی چوار مناڵەکە و جنێو و دەمی پیسی پەرلەمانتارەکە رێکبخات، کۆبوونەوەیەکی بۆ سزادانی کارمەندی گومرگەکە و ئەو کەسەی کە ڤیدیۆی جنێوەکانی پەرلەمانتارەکە بڵاوکردۆتەوە، سازکرد و سەرجەم لیستەکانیش کۆک بوون لە بەرگریکردن لە هاوپیشەکەیان! ئایا گەلێکی وەک ئێران کە خاوەنی ١١٣ ساڵ ئەزموونی پەرلەمانی بێت شایەنی پەرلەمانێکی وەک ئەوەی ئێستایە؟ -٤- پەرلەمانی ئێراقیش مێژووەکەی بۆ ١٩٢٤ز وەک یەکەمین ئەنجومەنی دامەزراندن، ١٩٢٥ز-یش وەک یەکەمین ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئێراق، بەڵام ئێستا لەسایەی تەوافوق، بەشبەشێنە، جیاکاری تایفی و نەتەوەیی و تاد، موسڵ دەکەوێت و ٣٠٪ خاکی ئێراق داعش دەیگرێت و کەس تاوانبار ناکرێت، دەنگۆی فرۆشتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و بە زەبری پارە یان فشاری سیاسی پەرلەمانتار دەهێنرێتە سەرخەت یان بێدەنگ دەکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە، تا ئێستا پەرلەمانی ئێراق ناتوانێت لەسایەی تەوافوق دەرچێت، تەنانەت هەرکەسێکیشی سزادابێت لەبەر گەندەڵی نەبووە، بەڵکو بە هۆی تێکچوونی تەوافوق و سفرە هاوبەشەکەوە بووە و گەندەڵی کراوەتە کراسەکەی عوسمان و بۆ سزادانی کەسێک یان لایەنێک بەکارهاتووە. ئەمەیە دۆخی پەرلەمان و بە جۆرێک ئاماژەیەکیشە بۆ کشانەوەی ئەزموونی نیوەگیانی دیموکراسی و کاری دەزگایی. ناوچەکە دۆخێکی باشی نییە، پاشەکشە و پوکانەوەیەکی مەترسیدار هەیە لە سازکردنی مۆدێلێک کە تیایدا مرۆڤ و هاونیشتمانی سەروەر بێت نەک دەستە و کەمینە و تۆڕەکان.
■ لاوك سەڵاح ئەو دەمەی تەکنەلۆجیا پەرەدەسێنێت و سۆشیال میدیا دەبێتە تەنیا ئامراز بۆ بەستنەوەمان بە دونیا، ئەو دەمەی کە وێنە سێلفییەکان دەبنە تاقە ئامرازی رازاندنەوەمان، ئەو دەمە زیاتر و زیاتر خۆویست " ئەنانی" دەبین و خۆمان دەکەینە ناوەندی ژیان و کەسەکانی تر دەکەینە ئەو کەنارەی هەوڵ دەدەین دەستەبەری بکەین تا ئارەزووە شەیتانی وشەبەقەکانمان لە خۆ بگرن. ئا لەو ساتەدا "من" دەبمە ئەو فریشتەی کە هەموو پرسیارەکان بۆ دەرەوەی خۆم دەهاوم و تەلبەندێک لە وەهمی درۆ دەهۆنمەوە بۆ ئەوەی بڵێم من تاقە خاوەنی راستیم و هەموو ئەوانەی دەرەوەی سنوورەکانی منن ئەهریمەنن. ئەو ئەهریمەنەی کە دژە مننە لە هەموو شتێکدا. بەداخەوە، ساتەکانی دۆستایەتی زۆر کورترن لە ساتەکانی دوژمنایەتی، تەنانەت ئەوەشیان تەنراوە بە گومانێکی تەمتومان، بە تارمایی ترسێک کە رەنگە لە هەر چرکەیەکدا رووبدات ئەو ساتە کورتانەش بسرێنەوە. سەرباری هەموو ئەو تەکنەلۆجیایەی لە بەردەستدایە، زۆربەی دایالۆگەکانمان ئاشکرانیین، لەگەڵ بەرامبەردا قسە دەکەین و نایکەین، دایالۆگەکانی پاش قسەکردن و لێکدانەوە فەرەزییەکان زۆر زۆرترن لە قسە وتراوەکان، زۆریان دەدبەنەوە سەر "من" فریشتە و "تۆ"ی ئەهریمەن. ئەم کەلتوورە، ئەم دۆخە، ئەم بونیاتی بیرکردنەوەیە چەند بۆ تاکە کەس و بۆ هاورێیەتی و کەسایەتی دەشێت، زۆر ئەوەندە بۆ بواری سیاسەتیش دەشێت. جۆرج بۆش تەنیا کەس نەبوو کە وتی ئەگەر لەگەڵ ئێمە نەبن ئەوا دژی ئێمەن، بەرلەو، هەرە زۆری هاوکێشە سیاسییەکان لەسەر شەرعیەتی "من"ی فریشتەی رەها و "تۆ"ی ئەهریمەنی رەها بیناکراوە، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو شەرعیەتە رەهایە دونیایەک جێگۆرکێ بە هەموو بەهاکان و بەرژەوەندییەکان کراوە و دونیایەک تەکنیک پیادەکراوە بۆ شاردنەوەی راستییەکان و گۆرینی ئاراستەی رووداوەکان، بە مانایەکی دیکە، بەداخەوە، بە راشکاوی دەڵێم ئێمە لە ترۆپکی پەرەسەندنی تەکنەلۆجیادا گەمژەیین و سەردەمێکی زۆر دەبات تا بەئاگادێینەوە بۆ ئەوەی درک بەوە راستییە بکەین کە ئێمە بەو هاوکێشە سەرەتاییە و ساویلکەیەی کە بەرجەستەی ململانێی خێر و شەڕ دەکات هەڵخەڵەتێنراو گەوجێندراو بووین. بەدووری نەزانن رۆژێک بێت هەموو بەرەی تیرۆریزم وەک قوربانی خۆی بنوێنێت و رۆحی شەرانگێزی بچێتە ناو رۆحی هەموو ئەوانەی لە جەنگی تیرۆریزمدا بڕوایان وابوو بۆ لە دەستنەدانی بەهاکانی مرۆڤدۆستی و ئاسایشی نەتەوەیی دەجەنگان. تۆ بڕوانە دەوروبەرت، پارتە سیاسییەکان، رۆشنبیرەکان، دەوڵەتە گەورەکان کە بێ سڵەمینەوە لەو شاشانەی لە رابردوودا بە زەحمەت دەستدەکەوتن بۆ ئەوەی پەیامێکی کورت بنێرن، ئێستا لە سۆشیال میدیاوە چ ژەهرێک دەرژێنە ناو ئەو ژینگەی تێیدا دەژین کە کاریگەریەکەی لە پیسبوونی ژینگە بە هۆی ماددەی کیمیاوییەوە کەمتر نییە. تۆ ببینە، چ پارتێکی سیاسی لەسەرانسەری دونیادا، لەگەڵ ئەو رۆشنبیرانەی کە بوونەتە مێژووی کارەساتەکانیان، خۆیان بە فریشتە نازانن؟ تەنانەت ئەو کاتەی کە شەهید دەبیت، ئەگەر سەربەوان نەبیت ئەوە تۆ ئەهریمەنەکەیت ومێژووت یەک پوڵی قەڵپ ناهێنێت. لە یادممە، رۆژێکیان پرسیارێکم لە یەکێک لە حاکمەکانی شۆرش کرد وتم بۆ لە سیاسەت دوورکەوتیتەوە، لە وەڵامدا وتی لە بەغدا زۆر بە نهێنی و دڵسۆزی کارم بۆ شۆرش دەکرد و هەمیشە ژیانم لە مەترسیدا بوو بەڵام دواجار وتیان تۆ سەر بە ئێمە نییت، تۆ خائینیت و دەبێت باجەکەی بدەیت. دواتر، خۆ دەبینن چۆن مێژوو و میراتی سیاسی لە لای ئێمە لە مەرگدا دابەشبووە، لە شارێکی بچووکدا دوو کێڵ و دوو مەزار دەمانخەنە بەردەم هاوکێشەیەکی سەختی فریشتە و ئەهریمەنەوە. پێتان وانییە ئێمە لە دۆخێکی زۆر توندرەوانەداین؟ تەکنەلۆجیا پانتاییە جوگرافییەکانی نزیکردەوە بەڵام بەستەڵەکە ئایدیۆلۆجیاکانی نەتواندەوە، نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکو دونیایەک کێشەی کەلتووری و کەسایەتی و سیاسی دیکە هاتنە گۆرێ، رەنگە هەندێکی خەتای خێرایی گۆرانکاری و پەرەسەندنە تەکنەلۆجیاکان بێت کە مرۆڤ پێڕاناگات کار لەسەر زانستە مرۆڤایەتییەکان بکات، یان هەندێکیان،رەنگە، بەهۆی گەڵاڵەبوونی کێشە سیاسییەکانەوە بێت، لەسەروو هەموویانەوە سەرنەکەوتنی فۆرمە جیاوازەکانی دیموکراسیەتە لە دونیادا و سنوردارکردنی پانتایی کاری سیاسی لە نێوان 'من'ی فریشەتە و "تۆ"ی ئەهریمەندا، تەنانەت ئەو فۆرمە لە دیموکراسیەت لە وڵاتە پێشکەوتوەکانیشدا لەبەردەم هەرەشەدایە لە پاش راژاندنی مەشکەی هەموو ئەو بنەما و دەستور و رێکەوتن و پەیمان و دەزگا سیاسیانەی کە ببوونە میراتی کارکردنی سیاسی.
■ کەمال چۆمانی وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: رابەر دەرگەڵەیی نزیكەی ١٠٠ هەزار شەهیدی تۆماركراو هەن لە هەرێمی كوردستان كە كەس و كاریان موچەی مانگانە وەرئەگرن لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان. ئەو ١٠٠ هەزارە پێك دێن لەو پێشمەرگانەی كە دژی ڕژێمی پێشوو جەنگاون لە ١٩٦٠ەوە، قوربانیانی جینۆساید كە لە كۆتایی ٧٠-كان دەستی پێكرد، قوربانیانی جەنگ، ئەو زیندانیانەی لە سێدارە دران یان لەژێر ئەشكەنجە شەهید كران، قوربانیانی كۆڕەوە مەزنەكەی ١٩٩١ و ئەوانەشی كە لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون. هەموو ئەوانە بونە قوربانی دروشمەكانی شۆرش كە خۆی لە ئازادی، دادگەری كۆمەڵایەتی و ئابووری و دیموكراسی ئەبینیەوە بۆ هاوڵاتیانی كورد، تا كورد بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری پارێزگاكانی باكوری عێراق بكەن. پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا ئازادی شایەنی خۆ بەخت كردنە؟ بە دڵنیاییەوە بەڵێ، بەڵام، ئایا ئەو ئازادییەی خەڵكی كورد خۆی لەپێناو بەخت كرد، بەدەستهاتووە؟ ئەوەیان زۆر پرسیار هەڵدەگرێ. زۆرێك لە دەزگا میدیاییە جیهانیی و ئەكادیمیاكان، دەسەڵاتی هەرێمی كوردستانیان دوور لە واقیع باس كردووە، تەنها یەك دیوی چیرۆكەكە دەگێڕنەوە. ئەوەش بۆ كۆمەڵێك هۆكاری جیاواز دەگەڕێتەوە. كاتێك عێراق بە قۆناغێكی زۆر سەخت تێئەپەڕی لەدوای ٢٠٠٣، هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی سەقامگیر بوو و لە بوژانەوەدا بوو لە ڕووی ئابورییەوە. میدیا ئەمریكی و ئەوروپییەكان سەرقاڵ بوون بە شەرعیەتدان بە داگیركردنی عێراق لەڕێی باسکردنی سەقامگیری هەرێم و بوژانەوەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان. لەهەمان كاتدا حكومەتی هەرێم ملیۆنان دۆلاری سەرف كرد بە مەبەستی لۆبی كردن لەسەر ئاستی نێودەولەتی. پارەیەكی زۆریش خرایە بەردەم لێكۆڵەرە بیانیەكان لە لایەن حكومەتی هەرێم، تا چیرۆكی سەركەوتنەكانی ئەو هەرێمە باس بكەن. هەموو ئەوە لە كاتێكدا بوو كە میدیای سەربەخۆی كوردی پلاتفۆرمێكی ئینگلیزی نەبوو بۆ ئەوەی دیوەکەی تری چیرۆكەكە باس بكات، كە لایەنی واقعی چیرۆكەكەیە. لەم نوسینە من هەوڵ ئەدەم باسی لایەنەكەی تری چیرۆكەكە بكەم. سەرەڕای بە فانتازی كردنی هەرێمی كوردستان لە ناو هەرێمێكی تا ڕادەیەك ئاڵۆز و پڕ كێشە، ڕاستیەكەی ئەوەی كە خڵكی هەرێم لەنێوان دوو بژاردە دان، كە ئەوانیش خراپ و خراپترن، یان دەبێ ڕازی بن بە گەندەڵی، خزم خزمێنە و سەركوتكاری یانیش شەڕی ناوخۆ. ئەو بژاردانەش خراپن نەك تەنها لەبەر خەڵك، بەڵكو لەبەر سەقامگیری ناوچەكە بەگشتی لە ڕووی سیاسیەوە چونكە ئەوە جۆرێك لە دابەشكردنی دەسەڵات بەرهەم دێنێ، كە دەبنە دوو دەسەڵاتی خێڵەكی بێهێز و هێزە ئیقلیمیەكانی ئەو ناوچەیە زۆر بە ئاسانی دەتوانن دەست تێوەردان بكەن. هەر كاتێك خەڵك هاتبێتە سەر شەقام و داوای ئازادی و دادگەری ئابووری و كۆمەڵایەتیان كردبێت، ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارە سڵیان لە كوشتن نەكردۆتەوە. وەك زۆرێك لە شۆرشەكانی دوونیا، یەكەم شت كە هێزە شۆرشگێڕەكان كردیان لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، خیانەت كردن بوو لە پڕەنسیپ و بناغەكانی شۆرش. ڕێك دوای ڕاپەڕین و لەكاتی گەیشتنی یەكێتی و پارتی بە شارەكان، یەكسەر دەستیان بە تاڵانكردنی دامو دەزگاكانی حكومەتی پێشوو كرد. یەكێك لە گەورەترین بەنداوەكانی عێراق كە ئەوكات حكومەتی عێراق دەستی بە بنیات نانی كردبوو و لە %٣٠ كارەكانی تەواو بو بو، تاڵان كرا لە لایەن یەكێتی و پارتیەوە. دوای دابەش كردنی دەسەڵاتیش، ئەو دوو حزبە داهات و سەروەت و سامانیان دابەش كرد لە نێوان خۆیان. بەڵام كاتێك ڕێكەوتنەكەیان نەچووە سەر، شەرێكی خوێناویان لە ساڵی ١٩٩٤ دەست پێ كرد، ئەنجامی ئەوەش لە ساڵی ١٩٩٦ هەرێمیان بەسەر دوو حكومەت دابەش كرد، حكومەتی سلێمانی بە ڕابەرایەتی یەكێتی، حكومەتی هەولێر بە ڕابەرایەتی پارتی. سەرەڕای هەوڵەكانی حكومەتی ئەوكاتی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی كلینتۆن لە ساڵی ١٩٩٨، بۆ ڕێكەوتنی ئەو دو لایەنە، كە دواتریش ڕێكەوتنی واشنتۆنی لێ كەوتەوە، بەڵام ئەو ڕێكەوتنە بە تەواوی نەچووە بواری جێبەجێ كردن. لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ و داگیركردنی عێراق لە لایەن ئەمریكاوە، پارتی و یەكێتی ڕێكەوتن تا حكومەتی یەكگرتووی هەرێم دروست بكەن، بەڵام داهات و سامانەكەیان نیوە بە نیوە دابەش كرد. لە ئیستادا لە ڕووی تیۆریەوە حكومەتی یەكگرتوو بوونی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو حكومەتە تا ئێستاش دابەشە لە نێوان یەكێتی و پارتی. ئەو دوو پارتە تا ئێستاش بە مەبەست كۆتاییان بە جیاوازیەكانیان نەهێناوە، ئەوەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئەو دو لایەنە ناتوانن زاڵ بن بەسەر ئەو ڕق لێبوونەوە لە یەكتری و خوێن ڕشتنەی كەوتە نێوانیان. بەشێكی زۆریشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە مەبەستیانە بەردەوامی بدەن بەو جیاوازیانە، چونكە لەو ڕێگەیەوە دەتوانن بەردەوامی بدەن بە دەسەڵاتی خۆیان و ئەمری واقیع بەردەوامیی پێ بدەن، ئەوەش ڕوونە كە كۆتایی هێنان بە جیاوازیەكانیان دەیانخاتە مەوقیفێكەوە كە دەبێت دەست بە ڕیفۆرم و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات بكەن; خەڵك بەناچاری ئەمری واقیعەكەی قبوڵە بۆ ئەوەی ئەو دوو لایەنە جیاوازیەكانیان نەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی شەڕی خوێناوی ناوخۆ. شێركۆ بێكەسی شاعیر، كە بە یەكێك لە بەناوبانگترین و ڕەخنەگرەكانی مێژووی نوێی كوردستان هەژمار دەكرێ و بەشداریش بووە لە شۆرش و پێش ١٩٩١ شعری بۆ شۆڕش نوسیوە، یەكێك لە جوانترین تێكستەكانی لە میانی خۆپیشاندانەكانی شوباتی ٢٠١١ نوسی، كە لە دژی حكومەتی تەمەن ١٩ ساڵەی ئەوكات رێكخرابوو. ئەوەشمان بیر نەچێت كە شێركۆ بێكەس ڕێگەی پێ نە ئەدرا ئەو كارانەی بە ئاشكرا بەگەیەنێتە خەڵك، ئەو ناچار بوو كە ژێر زەمینەكان بەكار بێنێت، كە هاوشێوەی سەردەمی بەعس بوو. هیچ شاعیرێكی تر هاوشێوەی بێكەش شعرەكانی تەرخان نەكردووە بۆ شۆرش، لە هەمان كاتیشدا، `ئێستا كچێك نیشتمانمە` ی دەكرێ وەك گەورەترین شاكاری ڕەخنەگری لە دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەژمار بكرێ. لە بەشێكی نوسینەكەی ئەڵێ رو لە نیشتیمان دەکات و دەڵێت: “تۆ ئێستا منداڵەکان لێت ئەترسن. ژنەکان کە ئەتبینن دەرگای ماڵەکانیان دائەخەن. ئەگەر وا بڕوا تۆ رۆژێک بە تەنیا ئەمریت و لەگەڵ دارە مەیەتەکەتدا هەر ئەو قاچاخچی و دزانە ئەڕۆن کە خۆت کردنت بە میر و سەردار.” خەونی كورد بۆ ئازادی لە دوای ٢٠٠٣ەوە چی تر لە لایەن ڕژێمە سەركوتكارەكانی عێراق لەبار نابرێت، بەڵكو ئەوە ئەو دوو حزبەن كە خەونی دیموكراسی، ئازادی، دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئابووریان كوشتووە، ئەوەش بە تەواوی ڕوون بۆوە كاتێك یەكێتی و پارتی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات كرد، كە خۆپیشاندانێكی دژی گەندەڵی بوو، دوای ئەو ڕووداوانەش، ساڵ دوای ساڵ خەونەكانی خەڵك بێ ئەنجام بوون. لە مانگی ٩ی ٢٠١٧ سەرۆكی پارتی (مەسعود بارزانی) ڕابەرایەتی ڕیفراندۆمی كرد، بۆ سەربەخۆیی هەرێم، بەوەش دوا بزمار لە تابوتی دیموكراسی درا لە هەرێمی كوردستان، هەرچەندە ڕیفراندۆم شكستی هێنا، بەڵام خەونی بارزانی بۆ گۆرینی حكومەت بە بزنسێکی بنەماڵەیی هەر مایەوە. لەگەڵ هەوڵەكانی بارزانی بۆ گۆڕینی هەرێم بە بزنسێکی خێزانیی و بنەماڵەیی، دوو بنەماڵەی تریش لەناو یەكێتی هەمان كار دەكەن، ئەوانیش بنەماڵەی تاڵەبانی و كۆسرەت ڕەسوڵ-ی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی-ن. تا ڕادەیەكیش، كوڕانی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان چیاو نما نەوشیروان مستەفا بە هەمان ڕێچكە دا دەڕۆن و دەسەڵاتی خۆیان فراوان كردووە تا ڕادەی بڕیاردان لە جیاتی بزووتنەوەكە. لە سەرەتای مانگی ١٢ی ئەوساڵ، سەرۆكی پێشووتری هەرێم و سەرۆكی ئێستای پارتی، مەسعود بارزانی، كوڕە گەورەی خۆی، مەسرور بارزانی كاندید كرد بۆ سەرۆكایەتی كابینەی نوێی حكومەت، كە لە ئێستادا سەرۆكی دەزگای پاراستنە. لە هەمان كاتیشدا نێچیرڤان بارزانی، كە ئێستا سەرۆكی حكومەتە، كاندید كرا بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. هەروەك میدیاكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە وەیسی بارزانی، برا بچوكی مەسڕوڕ بارزانی، كە لە ئێستادا سەرۆكی دەزگای دژە تیرۆری پارتیە، كاندیدە بۆ سەرۆكی دەزگای پاراستن. لە كۆتاییدا، ٣ بارزانی لە هەمان بنەماڵە جێگای ٣ بارزانی تر دەگرنەوە. بە هەمان شێوە، یەكێتیش تاڵەبانیەكانی ئامادەكردووە تا پۆستە باڵاكانی حكومەت و پەرلەمان وەرگرن. كوڕە كچكەی تاڵەبانی لە ئێستادا ئامادەکراوە بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و، بێگەرد تاڵەبانیش بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان. كوڕە گەورەی تاڵەبانیش كە لە ئێستادا هیچ پۆستێكی حكومی و حزبی نیە، بەڵام بە ڕۆڵی سكرتێری گشتی یەكێتی هەڵدەستێت، ئەوەش وا دەكات كە كارەكتەرێكی بەهێز بێت لە ڕێكەوتنەكان لەگەڵ بەغداو ئێران و پارتی. ئەگەر پشتیوانی ئەویش نەبوایە، زۆر ئەستەم بوو بەرهەم سالح ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق. بەهەمان شێوە، كورەكانی كۆسرەت ڕەسوڵ-یش ئامادە كراون تا پۆست لە ناو یەكێتی و لە حكومەت وەرگرن. شاڵاوی كوڕە گەورەی كۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی-ەو كاروبارەكانی ئەو حزبە لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەبات، كوڕی بچوكیشی، وەزیری ئاوەدانكردنەوەیە، كە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە پۆستێكی باڵای دەبێت لە حكومەتی داهاتوو. هەرچەندە ڕوون نیە كە گۆڕان بەشداری حكومەت دەكا یان نا، بەڵام هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە دەچنە ناو حكومەتەوە، ئەگەر ئەوەش ڕوویدا، ئەو كەسانە پۆست لە كابینەی نوێ وەرئەگرن كە لە لایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە كۆنتڕۆڵ كراون. ڕەنگە زۆرێك بپرسن، ئەگەر خەڵك پشتگیری لەو بنەماڵانە ناكا، ئەی بۆچی هەڵبژاردنەكان دەبەنەوە؟ بۆ نمونە قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردنی ٣٠/٩ زۆرترین دەنگی لەناو كاندیدەكان بە دەست هێنا لەسەر ئاستی هەرێم. ئەوانەی ئەو پرسیارە ئەكەن، لە كۆمەڵێك شت ئاگادار نین: یەكەم، زۆرینەی خەڵكی هەرێم بڕیاریان دا دەنگ نەدەن. دوو، ڕێژەی دەنگدەران لە خوارووی %٤٠ەوە بوو، بەڵام یەكێتی و پارتی تەزویرێكی گەورەیان كرد تا ئەنجامەكان بگۆڕن.سێ، یەكێتی و پارتی سیستەمی ڕەعیەتیان بەرهەم هێنا، كە پشتگیری ماددی ئەوانە دەكەن كە پارێزگاری لە سیاسەتی پارتەكانیان دەكەن، ئەو دوو حزبە كۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر هێزە چەكدارەكانی وەكو، پێشمەرگەو ئاسایش هەیە. چوار، بەشینەوەی پارەی حكومەت بۆ كڕینی دەنگ. پێنج، هەردوو پارت خاوەنی دەزگای زەبەلاحی ڕاگەیاندنن، كە پشتگیری ماددیان لە بودجەی گشتەوەیە، كار لەسەر ناشیرینكردنی نەیارە سیاسیەكان دەكەن و ڕای گشتی بەلاڕێدا دەبەن. دواهەمینیشیان، هەڕەشەی پەنابردنە بۆ توندوتیژی، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكان سەرنەكەون. لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی یەكجار هەستیار گوزەر دەكات، قۆناغێك كە ململانێی شاراوەی شازادەكان دەبێتە هۆكاری لەباربردنی خەونی دیموكراسی و ئازادی. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە، كە هەرێمی كوردستان و پارتەكانی زیاتر دەكەونە ژێر كاریگەری وڵاتانی ئیقلیمی وەكو توركیاو ئێران، چونكە شازادەكان پێویستیان بە پشگیری ئەو هێزە ئیقلیمیانە هەیە بۆ پاراستنی تەختی پاشاییان. توركیاو ئێرانیش لاریان لەو كارە نادیموكراتیانە نیە، چونكە ئەوە وا دەكات هەژموونی خۆیان فراوانتر بكەن و كۆنتڕۆڵی ئەو لایەنانە بكەن. ڕوسیاش بە هەمان شێوە هەژمونی خۆی فراوانتر كردووە لە هەرێم، ئەویش بە ڕزگاركردنی هەرێم و سود بینین لە خاڵە بێهێزەكانی هەرێم لەكاتی ڕووبەڕووبونەوەی هەرێم بەغدا لە دوای ڕیفراندۆم. هەر ئەوەش وا لە میلیشیا عێراقیەكان دەكات كە ڕێك بكەون لەگەڵ ئەو شازادانەو بەردەوامی بەو دیفاكتۆیە بدەن. لەبەر ئەوە، یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكا، كە سەردەمانێك هاوكاری حكومەتی هەرێم لە بوژانەوە، نابێت ئەو دەنگانە بە تەنیا جێ بێڵن كە داوای دیموكراسی دەكەن. چونكە ئەگەر شەڕ كردن بۆ دیموكراسی بوەستێ، هەژموونی ئێران و توركیاو ڕوسیا، هەژموونی ئەمریكاو ئەوروپا لە ناوچەكە كەم دەكاتەوە. ململانێی دەسەڵات لە نێوان یەكێتی و پارتی بە درێژایی مێژوو، بە تایبەت لە ٩٠ەكانی سەدەی ڕابردوو، بۆشاییەكی وای پەیدا كردووە كە ئێران و توركیا، ڕەسمی سیاسەتی كوردی بكەن بە شێوەیەك كە لەگەڵ ستراتیجیەیی سیاسەتەكانی ئەوان بگونجێ. ئەو ململانێیانەو كێبڕكێی ئەو لایەنانە بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی سامان و وەرگرتنی پۆست لە هەرێم و بەغدا، وای كردووە كە ئێرانیەكان و توركەكان كاریگەریان لەهەموو كات زیاتر بێی لەسەر سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم. شازادەكانیش داوای پشتگیری لە ئێران و توركیا ئەكەن بۆ داكوتانی ڕەگ لەناو كایەكانی حكومەتی هەرێم، چونكە ئەو دوو وڵاتە، وەك بڕیاردەر وانە لەو هەرێمە. ئەو نیشتمانەی ئێستا، ئەوە نیە كە ئێمە ئەمان ناسی. ئێمە هەر لە قۆناخی سەرەتاییەوە فێر كراوین كە كوردستان دین و ئاینمانە، بەڵام ئەو نیشتمانە ئێستا لە ئێمە دزراوە. ئەو كوردستانەی شەهیدەكانمان گیانیان بۆ بەخت كرد، ئەو كوردستانە نیە كە یەكێتی و پارتی خەریكە بیكەنە سیستەمی پاشایی و هاوڵاتیان وەكو هاوڵاتی پلە سێ مامەڵەیان لەگەڵ ئەكرێ. ئەو نیشتمانە ئەوە نیە كە شێركۆ بێكەس خەونی پێوە ئەبینی، بەڵكو نیشتیمانێكە كە شازادەی جێنشینەكان شێوەی پێدەدەن. سەرچاوە: I001IraqThoushts
■شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ماوەیەک لەمەوبەر ڕەخنەم گرت لە مەسەلەی کردنەوەی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لەھەولێر کە بەگەورەترین کونسوڵخانەی جیھان ناوزەندکرا ، دواتر ووتارێکم لەژێر ناونیشانی ( لەقەیسەرەوە تا پۆتین ) نووسی ، ڕەنگە بڕوانەکەن چەند نامە و تەلەفۆنم بۆ ھات تاکو ئەو بابەتانە لابەرم ..!! کاتێکیش ھۆکارەکەیم پرسی ووتیان ( ئاخر ئەمەریکا و ڕوسیا دۆستی کوردن با عاجزیان نەکەین ) سەرەتا ووتم ئەوانە کەسیان دۆستی کوردنین و ھەرگیزیش نابنە دۆستی کورد ، شەرمە گاڵتە بەخۆمان بکەین ، دەفەرموو ئەوەش دۆستایەتی ..!! زۆر سەیرە ئەگەر بەردێک لەئاسمان بکەوێتە خوارەوە بەرسەری کورد ئەکەوێ !! ئاخر بڵێ کاکە ترامپ لەم سەری ساڵەدا ئەو نەگبەتییە چی بوو تووشت کردین ؟! برام خۆ کریسمس جەژنی لێبووردەیی و بەخشندەیی و میھرەبانی و خۆشەویستیە ، ئەرێ پێمناڵێیت بۆ لەکریسمسدا کوردت وەک بەرخەکانی جەژنی قوربانی خۆمان کردە قوربانی ..؟! بەڕاستی نازانم ساویلکەیی و نەزانی و خۆش باوەڕی خۆمانە کە ( بەبستێک ئاو دەکەوینە مەلەکردن ) یانیش بەدبەختی ھەر لەچارەمان نوسراوە و قەدەر و چارەنووسی ئێمە بەوجۆرەیە ؟! کورد ئەڵێ ( ئەگەر جارێک فێڵت لێکردم خوا بتگرێ ، ئەگەر دووجار فێڵت لێکردم خوا خۆم بگرێ ) وابزانم ئەوەندەجار فێڵمان لێکراوە دەبێت بڵێین خوا ھەردوو لامان بگرێ ..!! جا بۆ نەگبەتی سەرەڕای پلانگێڕی دژ بە کورد و ئەو ھەموو چرا سەوزەی لەلایەن زلھێز و مێشک بچووکەکانەوە بۆ سوڵتان ئەردۆغان ھەڵکراوە کێشەیەکی تریش بەرۆکی گرتووین ئەویش (حەشدە چەکدارەکەی بارزانییە) کە بێ چاوێنی بێت بەتەمان ببنە فریادڕەس ..!! ئاخر ڕۆڵە ئێوە ھێزە تایبەت و ئۆرجیناڵەکەتان بەرگەی پێنج دەقە شەڕی داعشی نەگرت لەشەنگال ئیتر چ باس لە ھێزی علوج ئەکەیت ؟! کورد ووتەنی ( کەچەڵ تیمارکەر بوایە ، تیماری سەری خۆی ئەکرد ) ..!!
■ د.محمد کیانی هەواڵێك بڵاوبوەتەوە سەبارەت بە بڵاوەپێکردنی هێزی سەربازی حوکمەتی سوریا و روسیا لە هەندی ناوچەی مەبنەج و لای دێرەزوو. ئەگەر ئەم هەواڵانەی چوونی هێزی حوکمەتی سوریا بە رێککەوتن لەگەڵ PYD و بە سەرپەرشتی روسیا راست بێت، باشترین بژاردەیە لەم کاتەدا بۆ رۆژاڤا. بە رێککەوتنێکی لەم جۆرە رێگری دەکردرێت لە داگیرکردن و کاولکردنی رۆژاڤا لەلایەن ئەڕتەشی تورک و چەتەی گروپە هەمەجە تیرۆریستە ئیسلامیەکانی سەر بە ئەردۆغان لە ئەنجامی شەڕی نابەرابەر بە هۆی تاکنەلۆجیای سەربازی پێشکەوتووی تورکیاوە. بە رێککەوتنی PYD لەگەڵ حوکمەتی سوریا بە سەرپەرشتی روسیا، ئەو بۆشایەی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دورست دەبێت، وەك لایەنە نەیارەکانی کورد ناویان ناوە و دەیکەنە بەهانەی هێرش بۆ سەر رۆژاڤا، بە تەواجودی فەڕمی هێزی سوریا و پارێزگاری روسیا پڕ دەبێتەوە و کەلێنێك بۆ تورکیا نامێنێ بۆ هەڵخەڵەتاندن و پیلانگێریەکانی دژی رۆژاڤا و باشوری کوردستان جێبەجێ بکات و شەڕێکی خوێناوی وێراناری بەرپا بکات. هەرچی زووتر PYD بگاتە رێککەوتنێك لەگەڵ حوکمەتی سوریا بە سەرپەرشتی روسیا گەلی رۆژاوا دەپارێزی لە وێرانکاری، دەستی تورکیا دەبڕێ لە شەڕانگێزی دزی گەلی کورد، مافێکێ دیاریکراو بەدەست دێنێت بۆ گەلی کورد وەك بنەمایەك کاری لەسەر بکرێت و شتی تری لەسەر بنیات بندرێت، بە مەرجێك سەرکردەکانی وەك سەرکردەکانی باشور گەندەڵ دەرنەچن، پرنسیپ و پرسە سەرەکیەکانیان لەبیر نەچێتەوە، خودبەرژەوەندخوازی تایبەت تووشی لادانیان نەکات وەك سەرانی باشور. ئەم کەمەی ئەمڕۆ بەدەستی دێنن بە کۆشش و کاری هاوبەش و دورستکردنی متمانە لەنێوان پێکهاتەکان و هەروها لە نێوان رۆژاڤا و دیمەشق و بوونی بەرپرسانی نموونەیی لە پراکتیزدا دەتواندڕێ پەرەی پێبدرێت و دەستکەوتی زۆر گرنگتری بەدوابێت. هەروها ئەم هەنگاوە، دەستی تورکیا و پاشکۆ عێراقیەکانیشی دەبڕێ و خەونی تەماحی تەوەسوعکردنی تورکیا بۆ خواراو بە نیازی داگیرکردنی ویلایەتی موسڵیش (ولایەتی موسڵ تا دیاڵەش دەگرێتەوە) لە قەبر دەندرێت. بەمەش عێراق رزگار دەبێت لە خەتەری بەردەوامی دەستتێوەردانی تورکیا و دڵەڕاوکێی داگیرکردنی لەلایەن تورکیاوە. بۆیە دەبێ عیراق هاندەر و پاڵپشت و ناوبژیوانی نزیکبوونەوە و رێککەوتنی نێوان PYD و حوکمەتی سوریا بێت. رێگریکردن لە داگیرکردنی رۆژاڤا بە دەستی تورکیا و چەتەکانی، گەلی رۆژاڤا دەپارێزدرێ لە ئاوارەبوون و پاکتاوی رەگەزی و جینوساید و وێرانبوونی شار و لادێ و سوکنایان، چەند مافێک بۆ گەلی کورد و پێهاتەکانی تری باکوری سوریا بەدەست دەهێندرێ. رێککەوتنێك لەم جۆرە رێگر دەبێت لە شەڕی ناوخۆی کوردانی رۆژاڤا. بە دەستەبەرکردنی پێکهاتنێک بە سەپەرشتی روسیا، لە توانای پارتی نامێنێ چەکدارەکانی بەناو پێشمەرکەی رۆژاڤا بنێرێت بۆ رۆژاڤا بە هەماهەنگی و پیلانی تورکیا. ئەم رێککەوتنە سوریا دەپارێزی لە غەزوی وەحشیانەی تورك و نەدۆڕاندنی بەشێك لە خاكەکەی وەك دۆڕاندنی لیوای ئەسکەندەرۆنە لە پاش داگیرکردنی لەلایەن تورکیا لە ساڵی ١٩٣٠. عێراق و باشوری کوردستانیش لە هەڕەشەی داگیرکاری تورکیا دەپارێزدرێن. سەبارەت بە دەستکەوتی روسیا لە ئەنجامی کشانەوەی هێزی ئەمریکا لە باکوری سوریا و رۆژاڤا و پێشگیریکردن لە داگیرکردنی رۆژاوا لەلایەن تورکیاوە بۆ چەند دەستکەوتی گرنگ دەبن: گرنگترینیان شکست پێهێنانی رکابەرە سەرەکیەکەیەتی، ئەمریکایە. بە نەمانی کاریگەری ئەمریکا لەم ناوچەیە، هەژمون و کاریگەری روسیا دەچەسپێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرژەوەندیە ئابووریەکانی بەرەوپێش دەچێت. دەستی واڵاتر دەبێت بۆ تەحجیمکردنی تورکیا و خەونەکانی بوونی بە سوپەرپاوەر. تورکیا بەو رێککەوتنەی لەگەڵ ترامپ بێمتمانە تر بووە لەلایەن روسیا. رێککەتنەکانی لەگەڵ روسیا لەسەرموشکی S400 و دامەزراندنی کارگەی وزەی هەستەیی بە یارمەتی روسیا کەوتوونەتە خەتەر. هەروها تورکیا هاوسێیێکی نەوخوازراو و هاوبەشێکی بێمتمانە و رەزا قورسی یەکێتی ئەوروپا و دەولەتانی ناوچەکەشە. هەر جۆرە رێککەوتنێك پێگەی رۆژاڤا چەسپاوتر دەکات. ئەمانە دەستکەوتێکن شایستەی ئەوەن قوربانیان بۆ بدرێ، بە خۆشخەیاڵی و حەماسەتی کاڵفامی شؤڕشگێرانە لەدەست نەدرێن، گرنگترین پرس باتایبەت ئەوەیە ڕیگە نەدرێت گەلی کورد تووشی پاکتاوی رەگەزی و ماڵوێرانی و جینوساید بێت بە دەستی تورکیا و چەتە ترۆریستە ئیسلامیەکان. گەل لەسەر خاکی خۆی بمێنێ شایستەی مافە رەواکانی لە ئازادی و دیموکڕاسی و دادوەری و خۆسەری و چارەی خۆنوسین هەر دەمێنێ گەر بەدەستهێنانیشیان دوابکەوێت، بەڵام ئەگەر گەڵ لەسەر خاکەکەی هەڵقەندرا و خاکەکەی لەدەست دا زۆر زەحمەت دەبێ میلی سعات بۆ دواوە بگەڕێندرێتەوە. گومان لەوەدا نییە سەرکردایەتی رژاڤا زۆر لەوە زیرەکترن درك بە ختورەتی دۆخەکە نەکەن و ئەزموونی عەفرین و ناوچە دابڕاوەکانی باشووریش نمونەی زیندوو و لەبەرچاوانن. هیوای سەلامەتی و سەرکەوتن بۆ رۆژاڤا.
■ خالید هەرکی روداوەکانی ئەم ناوچەیە بەتایبەت ئێراق و دەوروبەری بۆمان دەسەلمێنن کە هەندێک رژێم و لایەن بۆ ناچار کردنی ناحەزانیان هەڵەیەکی مەزن دەکەن، (خۆمانە دەیلێین لە رقی دراوسێ مندالەکانی خۆی دارکاری دەکا). شکست هێنان لە سیاسەتی ناوەخۆ بە پەنا بردن بۆ سەرقال کردنی هاولاتیانت بە روداوی دەرەکی کێشەکە ئالۆزتر دەکا، پێیان وایە بە ئەنجام دانی هەلەیەک دۆخەکە لەبیر دەکرێتەوە لەوە بێ خەبەرن هەلە هەلەیتر بەدوای خۆیدا دێنی، کاتێکیش ئەم هەلەو شکستانەیان لێ دەبێتە مۆتەکە ناچارن بە هەلەیەکی مەزنتر بیر لە چارەسەریبکەنەوە، بەم پەلکێشیە ئەو رژێمە یا لایەنە بەرەو داروخان هەنگاو دەنێ. ئێراق و رژێمە کۆنەکەی وەکو نمونە، ئەگەر بۆ چارەسەری پرسی کورد پەنای بۆ سەرکوت کردن و هێرش بردن نەبردبایە ناچار نەدەبو سەر بۆ داواکاریەکانی ئێران بنێ و رێککەوتنە شومەکەی ٦ی ئاداری ١٩٧٥ واژۆ بکا، کە دەستبەرداری هەندێک لە خاکی ئێراق دەبێ لە بەرانبەر دەست هەلگرتنی ئێران لە بزوتنەوەی کوردی. کاتێکیش لەژێر فشارەکان خۆی بە دۆراو دەبینێ بۆ پر کردنەوی ئەو شکستە بیانو بە خومێنی و رژێمەکەی دەکا شەری هەشت سالەی لەگەل دەکا کە زیانی لە ئەژمار نایە، ناچاردەبێ بە سازشێکیتر کۆتایی بە شەر بێنی، بەلام ئەوکات ئێراق دەکەویتە ژێر قەرزو فشارێکی زۆر بۆیە ناچربیانو بە کوێت دەکاو پەلاماری دەدا، هەرکە ئەمەی بۆ نەچوە سەر رکە لەبن ئەمریکا و هاوپەیمانان دەنێ لێێ ناچیتە دەر تا سەری خۆی و خانەوادەو رژێمەکەی لەسەر دادەنی. برادەرانی خۆشمان بە هەر هۆو پاساوێک بێ ئەگەر پێشتر ئەو هەمو سازشیە بێ بنەمایەیان نەکردبایە، پەنایان بۆ ١٦ی ئۆکتۆبەر نەدەبرد. کاتێک ویستیان ئەو هەلە پینە بکەن لەگەل پارتی رکەیان لەبن یەکتر نا لەسەر پرسی سەرۆکی کۆمار ، کە پێم وایە هەلەیەکی تریان کرد بەوەی لە پێناو سەرۆکی کۆمار نەک پۆستەکەی ئەم گرژی و ململانێیە نوێیەیان دروست کرد، هێنانەوەی بەرهەم سالح لە قازانجی یەکێتی دابو بەلام تا دوا قۆناغ نا. دەبوایە لە کۆتا قۆناغەکە وانەیەک بەوانە بدرابا کە پۆست لای ئەوان لە گفت و بیروباوەر گرنگترە و رێگەش لە لاسایی کردنەوەی ئەو جۆرە هەلوێستە خۆپەرستیانە بگرن، لە پێناو کەسێکدا شیرازەیەک تێک نەدەن، ئەوانەی ریزەکانی یەکێتینا جێهێشت چ گۆرانێک بەدی هاتبو تا بێنەوە؟ جگە لە پۆستی تاقە کەسێک؟ گوێ نەگرتن لە بۆچونی شەقام و لایەنگرانی گەلێک هێز و سەرکردەی لە لوتکە هێناوەتە خوار. یەکخستنی ناوماڵی بچوک، شەفافیەت لە داهات و خەرجی، گوێگرتن لە بەرانبەر، دادپەروەری لە پلەو پۆست، هەلگرتنی نازی خانەوادەی قوربانیان. مەرجی بنەرەتی پەرەسەندن و بەردەوامی هەر رێکخراویکە.
■ ئەنوەر کەریم نەوت یەکێکە لە بزوێنەرەگەورەکانی ئابوری جیهان بۆیە رەهەندێکی گەورەی ئابوری و سیاسسی هەیە بەڵام . ئەوەی شایانی باسە سێ کەس لە جیهاندا نرخی نەوت دیاری دەکات ئە و کەسانە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا و ڤڵادیمیر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری شانشێنی سعودیە محمد بن سەلمان ئەم سێ کەسە کەی بیانەوێت دەتوانن گۆ ڕانکاری بکەن لە بەرهەمی نەوت و نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە هۆی خواست و خستنە ڕوو کە ئەم هۆیە گرنگترین کاریگەری دەیێت لەسەر بازاڕی نەوت و نرخی نەوت . ئەو هۆیانە چی بوون بازاڕی نەوتی وا پڕکرد ونرخی نەوتی شکاند و کاریگەرترین کەس لەم کارەدا دۆناڵد ترامپی ئەمریکا بوو کەوایکرد نرخی نەوت بەتەواوی دابەزێت . یەکەم ؛ ئەمریکا بە هۆی بڕیاری سزاکانی کە لەسەر نەوت و گازی ئێران دابووی کە بڕیار بوو لە ٥-11-2018 بچیتە بواری جیبەجێکردنەوە کە کە هیچ ووڵاتێک بۆی نیە نەوتی ئێران بکڕێت بەس ئەو بڕیارە بەتەواوی نە چوە بواری جێبەچیکردنەوە ئەمریکا دەرفەتی دا بە 8 ووڵات کەڕۆژانە بۆیان هەیە نزیكی1.200000 یەک ملێۆنو دوو سەد هەزار بەرمیل نەوتی ئیران بكڕن لەگەڵ ئەوەشدا چەند مانگێک پێش ئەوە ئەمریکا داوای لەسعودیەو ڕووسیا عیراق دەکرد بەرهەم زیاد بکەن ئەوە بوو ئەو ووڵاتەنە بەرهەمیان زیاد کردو . بووە هۆی ئەوەی بازاڕ پڕبێت لە نەوت و ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. بەلام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنکەرە ئێرانیەکان بەردەوام ڕۆژانە نزیکی 2 ملێۆن بەرمیل نەوت دەگوێزنەوە بە نهینی هەرچەندە ( Transponders ( واتە جیهازی سەری کەشتیەکانیان کوژاونەتەوە بەڵام مانگە دەستکردەکان دەیانبینن دووهەم ؛ ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە داوا لە عەرەبسانی سعەدیە ی دەکرد کە وەک نەیارێکی سەسەختی ئێران توانی بەرهەمی نەوت زیاد بکا ت رۆژانە . بۆیە 11.2 سعودیە بەرهەمی گەیاندە 11.2ملێۆن بەرمیل کەئەمەش بەرزترین ئاستی نەوتی سعودیەی تۆمارکرد لەمانگی نۆڤەمبەردا وە کۆمپانیا ڕوووسەکان لە ناو ڕووسیا دەمێکە دەیانەوێت بەرهەمی نەوت زیاد بکەن بەمەش ڕوووسیا بەرهەمی نەوتی زیاد کرد بازاڕ پڕ بوو لەنەوت . سێهەم ؛ شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین کە ئەمریکا گومرکی لە سەرکاڵای چینی بڕێ تا 250 ملیار دۆلار بازرگانی نێوانیان دانا وە هاوتا چینیەکەی گومرکی تا برێ 60 ملیار دۆلاری داناوە ئەمەش بوە هۆی کەمکردنەوەی بازرگانی نێوان دوو گەورەترین ئابوری جیهان وە بووە هۆی دا بەزینی گەشەی ئابوری لە جیهاندا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە گەشیی ئابوری چیهان بۆ ساڵی 2018 بریتی بوە لە 2.9 بەڵام ئەم ڕێژەیە بۆساڵی 2019 دادەبەزێت بۆ 2.5 بەڵام ئەم ژمارانە زۆر جار بەهۆی ڕووداوەکانەوە دەگۆڕێت بەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکار بردنی نەوت و یارمەتی دابەزینی نرخی نەوتی دا . چوارهەم . بڕێکستی بەریتانی کە ئەمەش نا دڵنیایەکی تری خستۆتە بازاڕەوە بە گشتی چارەنووسی بەریتانیە کان دیار نیە کە ڕێکدەکەون لە گەڵ یەکێتی ئەوروپا یان دێنەدەرەوە بەمەش بازەڕەکانی جیهان زیاتر دەکەونە نا دڵنیاییە و ە بۆرسە ش لە حاڵەتی ناسەقامگیریدا دادەبەزێت. پێنچهەم ؛ هاڕەکردنی بازاڕی بۆرسەی جیهانی کە سەرەتاوە لە بازاڕی چینەوە دەستی پێکرد و تالەم 2مانگادا بۆرسەکانی ئەمریکای گرتەوە دیارە کەبازاڕ دێتە خوارەوە ئەوە کاتە هەموو پشکەکانی هەموو سێکتەرەکان دێنە خوارەوە وە بەمەش کۆمپانیاکانی نەوت و نەوتیش کە یەکێکە لە بزوێنەرە گەورەکانی ئابوری جیهان و بۆرسەوە کاریگەری لەسەر نرخی نەوت دەیێت و دێتە خوارەوە. لە ئێستادا بۆرسەی جیهانی بەهاکەی کەمیکردەوە بە بڕی 4.5 تریلێۆن دۆلار دابەزیوە. شەشەم ؛ لە وکاتەی کە بۆرسەکانی جیهان لە هاڕەکردندا بوون )جۆرم پاوڵی ( سەرۆکی بانکی فیدیڕاڵی ئەمریکا هات بەڕێژەی 0.25% سوودی بانکی بەرزکردەوە لەبەرئەوەی بەهای دۆلار بەرزبۆتەوە ئەمەش پەیوەندیەکی نێگێتڤی توندی هەیە لە گەڵ نرخی نەوت دا هەر لەوڕۆژادا نرخی نەوتی تێکساس و برێنت بە نزیکەی 5% تر دا بەزی هەرچەندە ترامپ زۆر توڕە بوو لەم کارە ی جۆرم پاوڵ بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە بوو بەفشارێکی تر بۆ سەر با زاڕی چیهان . حەوتهەم ؛ بەهۆی زیادکردنی بەرهەمی نەوتی شێڵی ئەمریکیەوە کە لەئێستادا رۆژانە بەرزبۆتەوە بۆ زیاتر لە 11 ملێۆن بەرمێل نەوت لە یەک لەڕۆژدا ئەمەش بوە هۆی ئەوەی بازاڕەکانی جیهان پڕ بێت لە نەوت و یارمەتی دابەزینی نرخی نەوتی دا. هەشتەم ؛کۆتا کاریگەر ئەوە بوو کە بەشێک لە دەزگاکانی حکومەتی ئەمریکا داخرا کە نزیکەی 800 هەزار فەرمانبەری حکومەت مانەوە بەبێ ئەوەی مووچەکانیان وەرگرن لەم کاتی پشوووی کرێسمس و سە ری ساڵدا کێشەکانی ترامپ لە گەڵ دیموکراتەکاندا قووڵتر بۆتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی ناجێگیری لە هەموو شتێکدا . تا ئێستا بەهۆی سیساتە کانی ترامپەوە نرخی نەوت ئەو دابەزینە گەورەیەی بەخۆوە بینیوە . ئێستا کاتی ئەوەیە کە پۆتینی سەرۆکی ڕوسی و محمد کوڕی شا سەلمانی سەعودی بەر بەم دابەزینە بگرن . بۆیە ڕێکخراوی ئۆپێک و دەروەی ئۆپێک کۆبوونەوە بڕیاریان دا کە لەسەری سالی 2019 ڕۆژانە بڕی 1.2 ملێۆن بەرمـێل کەمتر بخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە ئەمەش کارێگەری دەبێت لەسەر نرخی نەوت . کە لە ساڵی 2016 دا هەمان پلانیان جیبەجێکرد و بوە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەسەرخۆ . سوهەێل مەزروعی وەزیری نەوتی ئیماراتی لەکوەیت ووتی بەردەوام دەبین لەسەرکەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت وەزیرانی نەوتی عێراق و کوەیت و نایجیریا پشتێوانی خۆیان بۆ سعودیە دووپاتکردەوە و ئامادەی خۆیان دەربڕی تا زیاتر بەرهەم کەمبکەینەوە لەوەی کە بڕیارما نداوە تابازاڕی نەوت جێگیر دەبێت . وەهەروەها کاتێک کەنرخی نەوت دابەزێت نەوتی شیڵی ئەمریکی لەبەرئەوەی کەتێچوەکەی زۆرە ناتوانن بەردەوامبن لەسەر دەرهێنانی نەوت ئەمەش دەیێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی نەوتی شێڵی ئەمریکی چونکە تێچوی نەوتی ئەمریکا زۆرە لە نێوان 35- 50 دۆلاری بۆ یەک بەرمیل تێدەچیت بەمەش دابەزینی نەوت دەیێتە هۆی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی ئەمریکی و وبەرزبوونەوەی نرخی نەوت . هەروەک چۆن نەوتی لمی ئەلەبامای کەندەی ڕۆژانە بڕی 350 هەزار بەرمێل نەوتی کەمکردۆتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لەبەرئەوەی نرخی دەرهینانی زیاتر تێدەچیت وەک لەم نرخەی نەوت لەئیستادا هەیە بۆیە بازارگانانی نەوت ئەم نرخە بەدەرفەتێک باش دەزانن کە جارێکی تر لەسەرخۆ نرخی نەوت بەرز بکەنەوە کاتێک کە بڕیارەکانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک جیبەجیبکرێت بەتەواوی و دابەزینی بەرهەمی نەوتی نایجیریاو کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی فەنزوێلاو لیبیا یارمەتی دەردەبن بۆ بەرز بوونەوەی نرخی نەوت . بۆیە ڕوووسیا و سعودیە ووڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت بودجەی ووڵاکانیان بەتەواوی کورت دەهێنێت ئەگەر بەرهەم کەمنەکەنەوە. ئەمەش یارمەتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەدەن.
■ د. محەمەد عەلی یەکەم: سەرۆک کۆماری عێراق کەکوردە، سەردانی زۆربەی شارە گەورەکانی عێراق و پایتەختەکانی ناوچەکەو جیھانی کرد، بەڵام نەیتوانی سەردانی ھەولێر بکات؟! (بەشێک لەکوردایەتی پارتی و بارزانی). دوەم: عارف تەیفور ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك ئاماژەیەك بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن رایگەیاندبوو كە لەبەرامبەر بەشداریكردنیان لە حكومەتدا دەبێت بەڵێن بدەن كە لە داهاتوودا نەكشێنەوە و ناشبێت پەرلەمانتارەكانیشیان پەرلەمان بكەنە مەیدانی ئۆپۆزسیۆن لە دژی حكومەت.(لەسیستیمی پەرلەمانیدا، پەرلەمان و حکومەت دو دامەزراوەی سەربەخۆن، ھاوکات پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانان، چاودێری جدی دەبن بەسەرحکومەتەوە، نەوەک گوێڕاێەڵی حیزب و پێکھێنەرەکانی حکومەت). سێیەم : حاجی کاروان: لیژنەی فەتوا پێیان وتم وەرگرتنی ٤٩ ملیۆن دینارەکە حەڵاڵە. (بێئاگا لەوەی دادپەروەری یەکێکە لەدروشمە سەرەکیەکانی حیزبەکەی، ھاوکات یاسای خراپی موچەو خانەنشینی پلەتایبەتەکان و لیژنەی فەتوا کوجا مەرحەبا. ئایا دەمانەوێت حکومڕانی مەدەنیمان ھەبێت، یان دەوڵەتی ئاینی؟!). چوارەم: شۆڕش حاجی: پارتی پێی خۆشە گۆڕان بەشداری حکومەت بکات. (ئایا دامەزراوەکان موڵکی حیزبێکە؟ کەواتە پارتی پێی خۆشبێ دەچنە حکومەتەوە؟ بێگومان گۆڕان بەم سەرکردانەی ئێستایەوە، ھیچ زیانێکی نیەو نابێت بۆ بەرژەوەندیەکانی پارتی). پێنجەم: بارزانی، جارێکی تریش دەڵێین: ئێمە خۆناچەمێنین؟! (خۆناچەمێنن بۆ کێ؟ میللەتەکەت و دڵسۆزانی یان ناحەزان؟ پێموایە ئێوە زۆر لەمێژە بۆ ناحەزان خۆتان دەچەمێنن. خۆناچەمین جەستەیی نیە، بەڵکو چەمینەوەی مەعنەوی و بەھاو پرنسیپەکانە). شەشەم: قادر عەزیز: یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە سەرۆکی ھەرێم لەناوخەڵک ھەڵبژێرێت. (لەڕابردوا یەکێتی دو پرۆژەیاسای ھەبوە ناکۆک بەم لێدوانە ، ئەڵبەتە ئەم سیاسەتە نوێیە جگە لەسەرلێشیواوی سیاسی، بەشێکە لە نانەوەی ئاژاوەو ناسەقامگیری و پەکخستنی پرۆسەی پێکھێنانی حکومەت و مامەڵەی وەرگرتنی پۆستی زیاتر). حەوتەم : دۆناڵد ترامپ: برێت مەکگۆڕک ناناسم؟! (دەبەنگی و تاکڕەوی، کلتورو وجوگرافیا ناناسێت). ھەشتەم: سەعدی پیرە: پێکەوە ئیشکردنی پارتی و یەکێتی وەکو زەواجی کاسۆلیکیەو تەڵاقی تێدانیە؟! (پارتی و یەکێتی پێکەوە ئیش ناکەن، بەڵکو پێکەوە بەرژەوەندیان ھەیە. بەڵگەش: دو ھێزی پێشمەرگە، دو ئابوری جیاواز، دو ئیدارەو ناوچەی نفوز، دوئەجێندای جیاواز لەبەغداد....ھتد). نۆیەم:بارزانی بۆ دانیشتوانی بەسرە: ھاوسۆزو پشتیوانتانین.(بەڵام دژبە خۆپیشاندەران و دەنگە ناڕازیەکانی ھەرێمە و بەڵتەچیەکانی حیزب شەق لەمامۆستا ھەڵدەدەن). دەیەم: مەسعود حەیدەر: بارزانی مەرجەعی کوردە. (مەرجەع چەمکێکی ئاینی و کۆمەڵایەتیە، لەکلتوری سیاسی و دامەزراوەی پێشکەوتودا، بونی نیە. بارزانی نەک مەرجەع ، بەڵکو لەماوەی دوانزە ساڵی تەمەنی لەسەرۆکایەتی ھەرێمدا، نەیتوانی بە عەمەلی ببێتە سەرۆکی ھەرێمیش). یازدەیەم: د.شیرین فواد مەعسوم: دەبێت هەموو حزبەكان بارزانی بكەنە رابەر. (لەسەدەی بیستویەکدا، کورد پێویستی بەدامەزراوەی بەھێزو سەروەری یاسا ھەیە، نەک دیکتاتۆری بەھێز).
■ هونەر تۆفیق زۆربەی حکومەتەکانی پێشوو لە هەرێمی کوردستاندا حکومەتی ڕاستڕەوبوون ۰ جیاوازی ئەم حکومەتە چاوەڕوانکراوەی داهاتوو لەگەڵ ئەوانی تردا ئەوەیە کە ڕاستی توندڕەو سەرۆکایەتی دەکات ۰ ڕاست و ڕاستی توندڕەو لەوێدا لەیەکتر جودا دەکرێنەوە کە ڕاست جگە لەوەی کۆنزەرڤاتیڤە و دڵخوازی نەریت و ئاداب و فەرهەنگەدێرینەکەی کۆمەڵگەکەیەتی بەڵام لەگەڵ ژیاری نوێدا خۆی دەگونجێنێت و لە هەندێک کایەدا هەوڵی مۆدێرین بوون ئەدات بەتایبەتی لە بازاڕدا ۰ پێچەوانەی راست ٫ ڕاستی توندڕەو سازش لەسەر فەرهەنگە کۆنەکان ناکات ٫ دەیکاتە شانازی و هەوڵی بوژانەوە و چەسپاندنی دەدات ۰ ڕاستی توند ڕەو بڕوای تەواوی بە تاک سەرۆکی هەیە ٫ لەدیدی سیاسی خۆیەوە پێ ی وایە دەبێت خەڵک و حکومەت و دەزگا حکومی و ناحکومیەکان لەخزمەت بڕیار و فەرمانەکانی ڕابەرەکەیاندابن ۰ لە ئێستادا شەپۆڵێکی جیهانی لە هەڵکشانی ڕاستی توندڕەودا دروست بووە کە ڕێژەکەی ٪۳٥ نزیکە لەو ڕێژەیەی لە سی یەکانی سەدەی ڕابردوودا ٪٤٥ بوو ۰ هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم بوون ۰ چونکە ڕاستی توندڕەو بڕوای بە کرانەوەی بازاڕ و کاری هاوبەشی نێوان گەلان نیە ۰ لە سەرەتاوە چەند هاوپەیمانیەکی لاواز لەگەڵ لێکچووەکانی خۆیاندا دروست دەکەن بەڵام دواتر دەبنە نەیاری هاوپەیمانەکانی خۆیان ۰ دۆخ و کەشی سیاسی هەرێمیش لەباربوو بۆ سەرکەوتنی ڕاستی توندڕەو لەهەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێمدا ۰ موفاجەئە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا نەبوو ٫ بەڵام موفاجەئەکە لەوەدایە حیزبە چەپ مەیلەکانی هەرێم کە بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی نوێنەرایەتی دەکەن ٫ ئامادەن ببنە پشتیوانی ئەو حکومەتە ڕاست توندڕەوە ۰ بۆیە لە ئێستاوە هەر کارەساتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی چاوەڕوانکراو لە ئەنجامی دیدی سیاسی ئەو حکومەتە توندرەوە بکەوێتەوە پشکی شێری بەر یەکێتی و گۆڕان دەکەوێت ۰
■ د. یاسین سەردەشتی (مێجهر ههی) كه كارمهندێكی بهریتانییهكان بووه له عێراق ، به ئاشكرا و رهپوراست، سهرۆك و سهردارانی كوردی بهسهر دوو بهرهی ( ئاغای باش و ئاغای بهد ) دا دابهشكردووه. ناوبراو كه سهدهیهك پێش ئێستا هاتۆته كوردستان و دووساڵی تێیدا ماوهتهوه ، ئهو سهرنجهی له بیرهوهرییهكانی خۆیدا تۆماركردووه كه به ناونیشانی " دوو ساڵ له كوردستاندا " وهك كتێبێك له ساڵی 1921دا بڵاویكردۆتهوه . (ههی) باسی لهوه كردووه كه سهرۆكی باش بۆ خهڵكهكهی وهك باوكێكی دڵسۆزی راستهقینه وایه و ههموو بهرژهوهندییهكانی ئهوانی لهبهر چاوه ، لهكاتێكدا ئهوهی دووهمیان واته سهرۆكی بهد، كهسێكی دڵڕهقی خۆپهرسته و خهریكی رهپاندن و بێگارپێكردنی خهڵكهكهی بهردهستێتی و ههر ناڕهزایهتیی و ملنهدانێكیش بهخواستهكانی، به دهستێكی ئاسنیین سهركوت دهكات و له هیچ خراپهیهك سڵناكاتهوه . شایهنی باسه ، (مێجهر ههی) ئهم دابهشكردنهی سهرۆكهكانی كوردی بهتهنیا لهسهر بنهمای ستراكچهری مۆراڵی وێنا نهكردووه ، بهڵكو ههوڵی ئهوهی داوه هۆكاری شوێن و پێكهاتهی كۆمهڵایهتیش لهو بوارهدا لهبهرچاوبگرێت . ئهو ئاماژه بهوه دهدات كه ئهو سهرۆكانهی لهناوچه چۆڵ و دووردهسته سنورییه چیاییهكاندان و پهیوهندیی خوێن به دهستوپێوهندهكانیانهوه دهیانبهستێتهوه دهچنه قاڵبی سهرهۆكه باشهكانهوه و بهتهنگ خهڵكهكهی خۆیانهوه دێن و بۆیان باشن ، بهڵام ئهو سهرۆكانهی كهوتونهته ناوچه دهشتهكییهكانهوه و پشتیان به حكومهتهوهیه و فهرمانڕهوایی بهسهر چینی جووتكاره ههژارهكاندا دهكهن ، ئهوانه نموونهی سهرۆكێكی بهد و خراپن . ههروهها بهر له (ههی) به نزیكهی سهد ساڵێك ، (كلۆدیۆس جێمس ریچ) كه بهڕێوهبهری كۆمپانیای هیندیی رۆژههڵاتیی بووه له بهغدا ، سهردانی كوردستانی كردووه و دواتر لهساڵی 1836دا بیرهوهریی گهشتهكهی خۆی وهك كتێب بهچاپ گهیاندووه و بڵاویكردۆتهوه . ناوبراو لهو بیرهوهرییانهیدا كۆمهڵی كوردیی بۆ دوو چین (خێڵهكیی) و (ناخێڵهكیی) دابهشكردووه . (ریچ) پێی وایه و لهوهش دڵنیایه كه له كوردستاندا دهستهی یهكهم وهك پێكهاتهیهكی جهنگاوهر و تفهنگدار و خۆسهپێن و كهمینه ، جڵهوی دهسهڵاتیان بهدهستهوهیه و لنگیان بهسهر ملی زۆرینهی بهرههمهێنهری بێدیفاعدا كه جوتكاره ههژارهكانن ، شۆڕكردۆتهوه و وهك كۆیله مامهڵهیان لهگهڵ دهكهن و له ههموو مافێكی مرۆڤانهیان بێبهشكردوون ، بهوهش پهیوهندییهكی ستهمكارانه و نایهكسان له نێوان ئهم دوو چینه له كوردستاندا وهك ئاغا و رهعییهت ، شوان و مێگهل ، فهرماندار و خزمهتكار بهڕێوهچووه. (ریچ) سهبارهت به نهبوونی هیچ بهرپرسیاریهتێكی ئهخلاقیی و ویژدانیی لهلایهن دهسهڵاتدارانی كوردستانهوه لهههمبهر ئهم جۆره پهیوهندییه ستهمكارانهدا دهڵێت " ههرگیز رۆژێك نهمدی ئهو دهسهڵاتداره مهزنانهی كورد سهبارهت بهو دڵڕهقییهی دهرحهق به رهعییهتهكهیانی دهكهن ، شهرم بیانگرێت ." ههروهها (ریچ) باس لهوه دهكات كه جارێكیان یهكێك له كهسایهتییهكانی سهر بهدهستهی یهكهم، واته تفهنگ لهشانی دهسهڵاتدار، چۆتهی لای و لای ئهو دانی بهوهداناوه كه ئهوان بڕوایان وا كه خوا چینی دووهمی تهنیا بۆ خزمهتكاریی ئهوان دروستكردووه و هیچی تر . ئهوهش مانای ئهوهیه كه مامهڵهی ئهم دهستهیهش لهههمبهر خهڵكانی كوردی دهرهوهی خیڵهكانیان نائهخلاقییهو لهسهر بنهمای چهوساندنهوهو زاڵبوونو ملپێكهچكردنێكی زۆرهملێو توندوتیژه. حوكمدارانی كوردستانی ئهمڕۆ لهجۆره خراپ و بهدكارهكانن و هیچ تاوانیك نهماوه دهرحهق بهخهڵكی كوردستان نهیانكردبێت.
■ لاوك سەڵاح خۆزگە قەیرانەکانی ساڵانی رابردوومان هەمیشە لە یاد دەبوو. بەراستی بۆ هەموو لایەک زۆر سەخت بوو، قەیرانەکان جۆراوجۆر بوون و فشار لەسەر هەموو لایەک بە رادەی جیاواز بوو. خۆزگە لە ساڵی نوێدا، چەمکی " سەروەری یاسا" پیادە دەکرا و هەرێم لە بۆشایی سیاسی دەپارێزراو سەرلەنوێ هەوڵی توندوتۆڵ کردنی هەرێم دەدرا بە دارشتنی سیاسەتێکی پراکماتیکی واقیعبینانەی هێور کە پارسەنگی بەرژوەندییە سیاسییەکان لە نێوان گروپەکانی کۆمەڵگەدا رابگرێت، سیاسەتێک پەنا نەباتە بەر فێڵکردن و سرینەوەی یەکتر، سیاسەتێک رەنگدانەوەی ستراتیژیەتێکی ئاسایشی قووڵ و بەرپرسیار و تێگەیشتوو بێت لە ململانێ و هەرەشە ناوخۆی و دەرەکییەکان. خۆزگە بەرژەوەندی گشتی سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبی و تاکە کەسی و گروپ گروپێنە دەبوو، خۆزگە، بۆ یەکەم جار، دەستورێک بە هاوبەشی هەموو لایەک دەهاتە ئاراوە بە یارمەتی کەسانی پسپۆری ناوخۆ و دەرەکی بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەع بۆ نەوەکانی ئاییندە و ببێتە بنەمایەک هەموو پابەندیبن. خۆزگە نیشتمان لە یاسادا و یاسا لە نیشتماندا بەرجەستە دەکرا نەوەک لە کەسەکاندا. خۆزگە گەرانەوەی شەرعیەتی سیاسی راستەقینە بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا روویدەدا. چالاکی و ژیانی سیاسی دەستەبەر دەکرا و دەپارێزرا لە هەر ریسک و سەرکێشییەکی سیاسی، خۆزگە بە یاسا ئەم شەرعیەتە لە هەر دەستدرێژییەک و دەستێوەردانێک رێک دەخرا و ئەگەر هەر لایەنێک پابەندی ئەم شەرعیەتە نەبوو ئەوا رێکاری یاسایی ئاشکراو راشکاو هەبێت بۆ سزادان و باجدان، بەڵام سزادان نەبێتە پاساو بۆ مۆنۆپۆلکردنی دەستەڵات و بەکارهێنانی خراپی دەستەڵات. خۆزگە کارکردن بۆ بە دەستهێنانی دادوەریی یاسای و کۆمەڵایەتی راستگۆیانە دەبوو بەوەی دادگاکان پیشەییبن و دووربن لە دەست تێوەردانی حیزبی و ئەو کەسانەی کە نفوز و دەستەڵاتیان هەیە. دادگا کۆڵەکە و ئامرازی کۆمەڵگەیە بۆ پارستنی خۆی لە هەرەشە ناوخۆییەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەکان و بەرجەستەکردنی دادپەروەری، هەر لەبەرئەوە دەبێت سەربەخۆ بێت و تەنها لە ژێر چاودێری یاسایی دەوڵەتدا بێت. خۆزگە پلان و بودجەی تەواو بۆ پاراستنی ژینگە و دارشتنی سیاسەتێکی گونجاو بۆ پاراستنی ژینگە ئامادە دەکرا. خۆزگە پرۆژەیەکی ستراتیژی فراوان دەهاتە کایەوە بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە کە لە ئێستادا هۆکاری دونیایەک گرفتی تەندروستییە، تانجەرۆ وەک نموونە. خۆزگە پێداچوونەوەیەکی راستەقینانە و راستگۆیانە بە مەنهەجەکان و پێوەرەکانی پەروردە و خوێندنی باڵا دەکرا، ئەو پرۆگرامانەی کە ئێستا دەخوێندرێن زۆربەیان نیو سەدە بەسەریاندا تێپەریووە. خۆزگە سەرژمێرییەکی گشتی ستانەدەر دەکرا تاوەکو ببێتە بناغەی پلاندانان و داواکردنی ماف و پێشبینیکردنی ریسک و هەرەشەکان و پتەوکردنی سەکتەرەکانی خزمەتگوزاری. ئەمە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی شەرعیەتی هەرێم. خۆزگە پێداچوونەوەیەکی ریشەیی بە کەرتی تەندروستیدا دەکرا تاوەکو مافی کارمەند و نەخۆش دادپەروەرانە دەستنیشان دەکرا. ئەو پەیوەندییەی نێوان دکتۆر و نەخۆش کاتێک "موقەدەسە" کە یاسا ئەرک و مافی هەردوو لا بپارێزێت، نە دکتۆر پێنچ پێنچ خەڵک ببینێت و نە نەخۆش دەستدرێژی بکاتە سەر ژیانی دکتۆر! خۆزگە حکومەتێکی نیشتمانی پتەو دەهاتە کایەوە کە لەسەر بنەمای یەکسان کاری هاوبەش لەگەڵ رێکخراو و دەزگا و حکومەتەکانی دونیا دەکرد دوور لە زەردەخەنەی بێ تام! خۆزگە ناوەندەکانی راهێنانی پێشمەرگە یەکدەخرا بەر لە یەکگرتنەوەی هێزەکان، لانی کەم پێشمەرگەکان دەبوونە هاوڕێی یەکتر! خۆزگە چیمەنتۆ لە دەرەوەی هەرێم نەدەهێنرا، لەبەرئەوەی لە هەرێمدا چەندان کارگەی چیمەنتۆی دامەزراو هەیە کە کواڵیتیەکەی سەدان جار لەوەی دەرەوە باشترە و بێ مەترسییە. خۆزگە کەرتی وزە رەنگدانەوەی ستراتیژیەتێکی نیشتمانی دەبوو لە سەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو ناوچەکان و پارێزگاکان. خۆزگەکان زۆرن.... بە هیوای ئەوەی ساڵی نوێتان ئارام بێت، پڕ شکۆ و متمانە و بەها و راستگۆیی بێت، ساڵێک پڕ خەرمان و پڕ لە سەرگوزشتەی جوان و جۆش و خرۆش بێت. یەزدانی مەزن ئاگادارتان بێت.
■ زەبەنگ بەهادین ههر ساتێك پێگهیهكی میدیایی دهكهیتهوه یان بینهری ههواڵێك دهبیت له شاشهكانهوه به تهنها بهخشینهوهی خهمۆكی و دڵتهنگی به دی دهكهیت له ناو كۆمهڵگاكهدا , رۆژانه كارهساتی دڵتهزێن و ناخۆش ئهبیستین , به بهردهوامی چاوهرێ ی رۆژێكی تری ناخۆشترین , ئهمانه له پای چی ؟ ئایا بونیهتی كۆمهڵگای كوردی خۆی بهم شێوهیه دروست بووه یان ئهوه داینهمۆیهكه به بهردهوامی كار لهسهر وێرانكردنی كۆمهڵگا و روخاندنی به ها جوانهكانیدهكات ؟ مرۆڤ بۆ فێربوون و بۆ تێگهیشتن له پێگهی ماڵ دهست پێدهكات ئهو ماڵهی له پێشووتر تاكهكانی وا بهستهی یهك بوون , به بهردهوامی بهریهك كهوتن و ئاڵو گۆری دیدبینی و كاری رۆژانهی تێدا بهدی ئهكرا , ماڵ له پێشتر سهرتای پێكهوه نانی ووشهكانی ژیان بوو سهرتای ههنگاوهكانی خۆ ئامادهكردن بوو بۆ رۆشتنه دهرهروهو بهرهنگا ربوونهوهی ژیان , ئاخۆ ئێستا ماڵ بهو شێوهیه ماوه ؟ پێشهكهوتنی تهكنهڵۆژی سهركی ترین ویرانكهری ماڵ بوو , راسته تهكنهڵۆژیا بۆ خزمهتكردنی مرۆڤایهتی یه بهڵام دهبێت ههموو بابهتێك بهرنامهو پلانی تایبهتی ههبێت , دهبێت ههموو بابهتێكی ژیان یاسای تایبهتی ههبێت , ئهم یاسایه یان له لایهن ماڵ ریكدهخرێت یان له لایهن دهسهڵاتهوه , ههرچی ماڵه گۆرانكاری زۆری به خۆوه بینیوه له سروشتی پهروهردهو گهورهكردنی تاك و گوزهری رۆژنهدا له پهیوهندی نێوان تاكهكانی ماڵ پیكهوه له بهرنامهكانی بهردهوام بوونی ژیان و له یاساو رینمای یهكانی پهروهردهی خێزان . نهبوونی رۆشنبیری خێزانی و ههوڵدان بۆ گهیشتن به ههموو روكهشی یهكانی ژیان وای كردوه پهروهردهی خێزانی رۆژ به دوای رۆژ بهرهو دوا بروات , لهم بابهته ئهوهی هاندهر بووه بۆ تیكَشكانی خێزان دهسهڵاته , دهسهڵات دهبێته چاودێر بێت بۆ ریكخستنهوهی خێزان و كۆمهڵگا كاتێك دهسهڵات له پێناوی برهو دان به بهرهژهوهندی یهكانی خۆی و له پێناو به بهلارێدا بردنی تاكهكا ن ئاماده بێت ههموو هۆكارێك به كار بهێنیت ئهمه وێرانهی لێدهبێتهوه له داهاتوودا , دهسهڵات دهبێـت سنوور دابنێـت بۆ ههموو بابهتێك سنورێك رهوشی كۆمهلایهتی پێ رێكبخرێتهوه ,دهبێـت دهسهڵات ئهو یاسایانهی جێ به جێ بكات بۆ برهو دان به كۆمهڵگهیهكی تهندروستی پێشكهوتوو بێت , بهڵام نهك وهك ئهم دهسهڵاتهی ههرێمی كوردوستان كه سنورێكی نی یه بۆ هیچ بابهتێك به مهرجی ئهوهی باسی نهوت و داهات نهكرێت , ههر سوچێكی پهروهرده ئهگریت لهم ووڵاته وێرانهیه , خوێندنگا كان رۆژ به دوای رۆژ بهرهو دوا پاشهكشه دهكهن له پێناو هاندانی خهڵك بۆ چونه نێو خویندنگهی تایبهتهوه , له نێو هیچ دامهزراوهیهكمان دا پهروهردی كۆمهڵایهتی راستهقینهو پهروهردهی مرۆڤ بوون نهماوه , دهسهڵات رێگهی داوه ههموو جۆرهكانی پهیرهو كردنی دینداری سهربهست بێت كه بۆته هۆی سهر لێشێوانی تاك ,رێگهی به ههمووئازادی یهك داوه بێ لێكۆڵینهوه له گونجاندنی بۆ پێشكهوتنی كۆمهڵگا یان روخاندنی , میدیاكان له بری پێگهیاندن و فێركردن بونهته شوێنی بڵاو كردنهوه بیرو هزره ههڵهكان به تایبهت میدیا بینراوهكان بونهته ویرانكهری خێزان و له ناوبردنی بهها كۆمهڵایهتی یهكان . هیچ سانسۆرێك نابنرێت كه رێگه له بڵاو بوونهوهی دوا كهوتووی فكری بگرێت لهلایهن ئهم دهسهلاته پهیرهو كرا بێت . ئهوه كاری دهسهڵاته به دوادا چوون بكات بۆ پهرهوهردهی مناڵاكان له رووی خویندن و له رووی میدیا و له رووهكانی تری كۆمهلایهتی , ئهوهی ئێستا كۆمهڵگا كوردی تێی كهوتوهه سهرهتاكانی بهرو وێرانبوونی كۆمهڵایهتی یه تاك هیوای به داهاتوو نهماوه , سیاسهت بووه به درۆیهكی رووت و متمانهی له نێوان تاكهكان نههێشتووه , ئهو بێ متمانهیهی له نیوان دهسهلاتدارهكان ههیه كشینراوهته خوراهوه بۆ تاك تاكی كۆمهڵگا ,بیرێكیان له مێشكی تاك دا چاندووه بۆته هۆی سرینهوهی بههاكانی مرۆڤایهتی و كۆمهلایهتی و نیشتیمانی , تاك ئیستا له كاڵبونهوهی ئینتما یه بۆ خاك و خێزان و كۆمهڵگا ئهژی , ههموو ئهمانه به هۆی سیاسهت و كاری ههڵهی دهسهڵاتهوه یه كه رۆژانه ههوڵی ناخۆش و بروا پێنهكراو ئهبیستسن . كێشهكه ئهوهیه ئهگهر سیستمی سیاسی و بیری دهسهڵاتداری بهمشێوهیه بهردهوام بێت له ههرێمی كوردوستان ئهوهندی پێناچێت ههموو بهها كۆمهلایهتی و نیشتیمانی یهكه به تهواوی وێران دهبێـت ههموو ئهمانهش له پێناو دوو بهرمیل نهوتی زیاتر و كورسی یهكی زیاتری دهسهڵات ,بۆیه لهمرۆدا تاك دهبێت خۆی ههوڵی هێشتنهوی خۆی لهسهر هێڵی تهندروست بدات و ههوڵ بدات چوار دهورهكهی له سنورێك تهندروستدا بنیات بنێت ههرچهنده ئهمه كارێكی زۆر زهحمهته كاتێك دهسهڵات بهوشیوهیه ئازادی یهكی بێ بنهما و بێ مانای داوهته میدیا بیستراو بینراوهكان وه به دوادا چوونی نی یه بۆ سیستهمی پهروهرده له ههرێمدا هیچ ههولێكی نی یه بۆ ریكخستنهوهی كۆمهلگا و بنیات نانهوهی تاكهكانی ئهم خاكه .
■ سەركۆ یونس بۆچی نرخەكان بەم شێوەیە (0.99 $ & 1.99 $ & 999$ ) دادەنرێن ؟؟!! هەركەسێكمان كاتێك بەناو بازاڕ یان ناوەندەكانی فرۆشتندا وەك مۆڵ و سۆپەرماركێتەكان گوزەر دەكەین و بەدوای پێداویستی یەكانمدا دەگەڕێن تێبینی ئەوە دەكەین و دەبینین نرخی هەندێ لە شمەكەكان بەم شێوەیە(49.99$ یان 1.99 $ یان 1.99$) دیاریكراون، ڕەنگە ئەم شێوازە لە نرخ سەرنجی زۆربەمانی كێش كردبێت، لەڕاستیدا ئەمە جۆرێكە لە سەرنجڕاكێشانی كڕیار بەلای كاڵاكاندا. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی بازرگان و فرۆشیارەكان پەنا بۆ ئەم شێوازەی نرخدانان دەبەن و ڕاستەوخۆ نرخەكان دانانێن وەك (1$ یان 20 $ یان 200$ ) نرخ دانانی دەروونی یان دەتوانین بڵێن نرخدانانی سحری (فێڵ) بریتی یە لەستراتیژییەك بازرگان و فرۆشیارەكان لەسیستەمی بازاڕگەریدا پەیڕەوی دەكەن، زۆربەی بازرگانەكان ئاشنان بەم شێوازە. ئەم بیردۆزە كار لەسەر باری دەرونی كڕیاردەكات، كڕیار وا هەست دەكات گەر بەم نرخانە پێداویستییەكانی بكڕێت، ئەوا بەو داهاتە دیاریكراوەی ڕەنگە بتوانێت پێداویستی زیاتر پڕبكاتەوە، بەڵام ئەمە وەهمێكە كە فرۆشیار بۆ كڕیاری دروستكردوە، بۆ نمونە ئەگەر شمەكێك یان كاڵایەك بە نرخی (1.99$) بكرێت بەبەراورد بە (2$) لێرەدا هۆكاری دەروونی كار دەكاتە سەر بەكاربەران وا دادەنێت كە لەچوارچێوەی (1$ ) دۆلاردا كاڵاكەی بەدەستهێناوە كەواتە لێرەدا هەستەكە تەنها دەروونی یە، لە لایەكی دیكەوە ڕەنگە مەبەست لە دانانی نرخ بەم شپَوەیە كاركردنبێت بە یەكەكانی دراو (وەك سەنت و یەك دۆلار و پێنج دۆلاری) . بەم سیاسەتەی نرخدانان دەوترێت سیاسەتی نرخدان بەژمارەی نامۆ (غەریب ) كە تێدا ژمارەكە بەكەمتر دەردەكەوێت وەك ئەوەی لەواقعدا هەبێ ئەمەش ئارەزووی كڕیار بۆ كڕینی شمەكەكە راِدەكێشێت. چەند لێكۆڵینەوەك ئاماژە بەوەدەكات نرخدانان بەم سیاسەتە بەشداری دەكات لەزیادكردنی داهاتی فرۆشراوەكان ئەمەش بەو مانایەدێت نرخدانان بە ($1.99) وا لە كڕیاران دەكات ڕاستەوخۆ سەیری ژمارەی لای چەپی نرخەكە بكەن بەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دەروونی كڕیار وەها دەكات بەخێرای بڕیاری كڕین بدات، پاشان نرخەكە بە ژمارەكی كەم دێتە پێش چاوی، هەست دەكات كە نرخەكە نزمە، كەواتە لێرەدا تەنها چاو بەراورد دەكات و بەشێوەیەكی بێ ئاگایی لەنێوان ژمارە (1 و 2) دا كڕیارەكە ژمارە بچوكەكە هەڵدەبژێرێت ئەمە دورخستنەوەی كرٍیارە لەوەی كە بڕیارێكی عاقلانە بدات، سەرەڕای ئەوەی كە هەردوو ژمارەكە لەنرخدا وەك یەكن تەنها بەڕێژەیەكی بچوك نەبێت (1.99 بەبەراورد بە 2 )جیاوازییەكی ئەوتۆی نی یە. ئەم فێڵ و هەڵخەڵەتاندنە لەنرخداناندا تازەیە، زۆربەی كات سەركەوتنی تێدایە، لەبەر ئەوە زۆربەی كۆمپانیا بازرگانیە گەورەكان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكەن. بەسەرنجدان لەمۆڵ و سەنتەرو سۆپەرماركێتەكانی هەرێمی كوردستان تێبینی دەكەین ئەم شێوازە لە نرخدانان پەیڕەو دەكرێت بەڵام بەداخەوە زۆربەی كڕیاران هۆشیاری بازاڕكردنیان نی یە و بەچاو بڕیار دەدەن و دەبینین هەندێ كات دەكەونە تەڵەكەوە بەتایبەتی ئەگەر كڕین و فرۆشتن بەشێوازی ڕاستەوخۆ بێت. دەتوانین بڵێن ئەم شێوازی نرخدانانە جۆرێكە لە یاریكردن بە هەست و دەروونی كڕیاران و بەشێوەیەك لە شێوەكان فێڵێكی ڕێگەپێدراو و زانستی یە لەبواری بازاڕكاریدا، ئامانجەكەش بۆ ئەوەیە كاریگەری بكرێتە سەر دەروونی كڕیاران و بەكاربەران چونكە یەكێك لە ڕەگەزەكانی خواستی بەكاربەر حەزو ئارەزووە لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئامانجەكە بەدەست بهێنرێت، لەتەنیشت ئارەزوی كڕیار بۆ كاڵاكەوە یاریكردن بە نرخەكانەوە دەبێتە فاكتەرێكی دیكە بۆ ئەوەی كڕیار بڕیاری كڕینی كاڵاكە بدات. یەكێكی تر لە مەبەستەكانی ئەم سیاسەتە ئەوەیە زۆربەی نرخی شمەك و كاڵاكان بەنرخێك دادەنرێن كە كریار وا لێ بكات دوو پارچە یان زیاتر بكرێت وەك نرخی تەنها یەك قوتو دۆشاوی تەماتە تەنها بە (1.900) دینار بێت ئەمە وا دەكات كریارەكە دوو قوتو بكرێت و فرۆشیارەكە بڕی زیاتر بفرۆشێت . یەكێكی تر لە مەبەستەكانی ئەم سیاسەتە زیاتر بۆ چینی گەنجان و منداڵان و ژنانە، چونكە ئەم توێژانە بڕیارەكانیان لە بارەی كڕینەوە زۆرجار بڕیارێكی هەستەكییە، واتا فاكتەری هەست ڕۆڵی كڕین دەگێڕێت، لێرەدا فاكتەری مێنتاڵی زۆر لاوازە لە كڕیندا. بێگومان ئەم سیاسەتە لەو بازاڕانەدا زیاتر بڵاوە كە كێبڕكێ ی فرۆشتنی تێدایە چونكە بازرگان و فرۆشیاران دەیانەوێ بڕی زیاتر بفرۆشن زۆربەی هەست و ئارەزوی كڕیاران بۆ لای خۆیان ڕابكێشن تا بتوانن ئامانجە سەرەكیەكە بەدەست بهێنن. فرۆشیار و كۆمپانیاكان دەكرێت بە توێژینەوەیەكی زانستی گەشتبن بەو دەرئەنجامەی كە چۆن بتوانن لە ڕێگەی كەمكردنەوەیەكی ڕمزی نرخەكانەوە قازانجێكی تر بەدەستبهێنن، لێرەدا بەشێوەیەكی سایكۆلۆژی دەیانەوێت كڕیار بخەنە ناو ئەو فێلەوە كە بڕیارە ئەنجامی بدەن. پاشان ئەم فاكتەرە لەسەر ئاستی جیهانی زۆر بڵاوە، لە هەرێمدا هەمان سیاسەت پەیڕەودەكرێت بەڵام كوالێتی كاڵاكان لە ئاستی ئەو نرخانەدانین، بەواتایەكی دیكە كوالێتی كاڵاكان زۆر خراپە، لەگەڵا ئەوەشدا ئەم سیاسەتە بەكاردەهێنن بۆ كڕیار دەكەوێتە دۆخێكی نا جێگیرەوە، گەر كاڵاكان بكڕێت بەنرخێكی گران و كوالێتیشی خراپ بێت ئەوا كڕیار فێڵی لێكراوە. گەر بە نرخێكی كەمتربێـت (ئەگەر ڕمزیش بێت) كڕیار بیر لەو نرخە دەكاتەوە كە كەمترە، بۆیە ئەو شێوازە لە كەمكردنەوەی نرخ بە ئاڕاستەی زیاتری فرۆشتندا كاردەكات. *ئابوریناس