Draw Media

نەوزاد کەریم      ئەوەی کە رۆژانە دەگوترێ و گوێبیستی دەبین ، بەرامبەر بە پێشمەرگەو خەباتی رابردوو ،کە  ئێمەش لەناخەوە ئازاری پێ دەچیژین ، هەتا نەزانین دەردەکە لەکوێیە ، ئەو دەردەی کە دەڵین بێحورمەتی بە پێشمەرگە و خەباتی رابردوو دەکرێت ، دەست نەخرێتە سەر برینەکان و دەستنیشانی نەکریت ، هەرچی دەکریت خۆلادان و خۆ گێل کردنە لە ئەسلی مەسەلەکە و بردنێتی بە ئاراستەیەکی تر و بۆ مەبەستێکی ترە ، ئەگەر بەراست ئێوە وەک پێشمەرگەی دێرین بەتەنگ شکۆی پێشمەرگەوە و خوێنی هاورێ شەهیدەکان و خەباتی خۆتانەوەن ، ئەتانەوەی وەک ئەوەی کە دەڵین بێحورمەتیەکان راگرن ، خۆ دەبێ بزانن ، سەرچاوەی بێحورمەتیەکان لەکوێوەن و بۆ هەیە ، دەبێ بزانن ، کێن ئەوانەی هەموو شتێکیان لە جوانی داماڵی ، سوێند بە خوێنی هاورێ شەهیدەکانمان ئەوانەی ئەمرۆ تورەن و قسە لەسەر پێشمەرگە و خەباتی رابردوو ئەکەن ،  زوربەیان ئەوانەن کە تا ئیستاش خوینیان لێدەچۆریت و ئەوانەن کە خاوەنی گەورەترین قوربانین لە شۆرش و خەبات دا  ،چونکە لەسایەی ئەم حوکمەدا هەلپەرستەکان لە ئیستادا لەهەموو کات زیاتر ژیانیان باشتر و لە سێبەر و سایەی گەندەڵکاراندان و لە هیچیان کەم نیە ،خۆیان خاوەن وڵات وخاوەن ماڵن ، هەر خۆتان برۆن ئەوانەی گوندەکان بدوێنن ، ئەوانەی کە خۆیان لەو سەختی ژیان و کولەمەرگیەدا هەمیشە دەرگایان بۆ پێشمەرگە لەسەر پشت بوو ، برۆنە گوندەکانی گەرمیان و بەجێماوەکانی ئەنفال بدوێنن ، برۆن ئەو پیاوە بدوێنن ، کە لەمەرگەساتی ئەنفال دا ، تفی لە زەوی دەکرد و دەیوت ژیانیم بەبێ ئیوە ناویت و بەجێتان ناهێلم ، دەمەوێت لەگەڵ ئیوە بمرم ، سەرێکیش لە تیلەکۆ بدەن ، بچنە لای ئەو کاکەیەی کە  هێشتا ماڵ ومنداڵەکەی لەژێر تاشەبەرد وتاوێری شێوەکەدابوو ، لەچاوەرێی مەرگ دا بوون ، کە گەرایەوە گوندەکە و زانی نانەکەیمان خواردەوە ، وتی قوربانی ئەوە دەمەتان بم کە ئەو نانەتان پێ خواردوە ، برۆن و بزانن ، گوێیان لێبگرن و لەخۆیان و نەوەکانیان ، بزانن ئیستا چیمان پێ دەڵین ، خۆ لە بیرتان دێت ئەو شەوەی گەیشتینەوە ناو شاری سلێمانی و سەدان کەس لە پەنجەرەکانەوە سەریان دەرهینابوو ، بەخێرهاتنەوەی دەکردین و بەقوربانمان دەبوون و دەپارانەوە و دوعای سەلامەتیان بۆ دەکردین ، برۆن بزانن ئیستا چی دەڵین ،بزانن ئیستاش دوعای سەلامەتی و تەمەن درێژیمان بۆدەکەن ،  بەراست ئەمە ئەو رۆژەبوو، کە  خەباتمان  بۆ کرد و قوربانیمان بۆدا ، ئەمەی کە هەیەو ئەگوزەری و ئەو ژیانەی کە ٢٧ ساڵە خەڵک لەسایەیدا بەرێی دەکات ئەوەیە کە خەباتمان بۆکرد و خەونمان پێوە دەبینی وئەوەبوو هاورێکانمان خوێنی خۆیانیان بۆرشت و گیانی خۆیان لە پێناوی دا دانا ؟ بۆیە دەبێت دان بەو راستیەدا بنێن کە سەرچاوەی بێحورمەتیەکان بەهەموومان ، لای ئەوانەن کە خوێنی هاورێ شەهدەکانمان ،  رەنج و ماندووبونی گوندنشینەکان  ، خۆراگری پیاوان و ژنانی ناو زیندانەکانیان ، کردە خشت و کۆشک و تەلارەکانیان پێ هەڵچنی ، لای زوحاکەکانی سەردەمن ، لای ئەوانەن کە بەناوی خەباتی رابردووە ، وڵاتیان دادۆشی و نیشتمانیان کردە دیوەخانێک بۆ خۆیان و، برۆن یەخەی ئەوانە بگرن کە ئاشتی کۆمەلایەتیان تێکدا و کۆمەڵگایان لەبەر یەک هەڵوەشاند ،بەڵێ دەردەکە لێرەیە ، هەر لێرەشەوە بە خەبات و وەستانەوە لە دژی  دەتوانرێ  نرخ و شکۆ بۆ رابردوو، بگێردرێتەوە ، ئەو دیوارە ئەستورەی لەگەڵ خەڵک دروست بووە بروخێندریت..


پەیڕەو ئەنوەر      پرسیاری سەرەکی و بەرایی ئەوەیە تورکیا چۆن بیر لە کورد دەکاتەوە! دیارە بۆ تێگەیشتن لە تورکیا و جوڵەکانی، تێگەیشتن لە تورکیا وەک ئەکتەرێک کە زیاتر دەیەوێت لە دواوەی کورد دەربکەوێت نەک لە تەنیشت و لەتەکی دەگەڕێینەوە بۆ ئەدەبیات و رووداوەکانی جەنگی کۆتایی جەنگی سارد و کوێت. کوردانی باشوور لە کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١ دا روودەکەنە سنوور! ئەم جوڵە بە کۆمەڵەی کورد بۆ سەر سنوور و بەدیار چاوی میدیا گەورە و رۆژنامەنووسانی دونیاوە خەم و ترسێکی گەورەی بۆ تورکیا دروستکرد. ترس لەوەی کوردانی باشوور بۆیەکەمین جار لەدوای رووخان و پارچە پارچەبوونی ئیمپڕاتۆری عوسمانییەوە پەیوەندی بەیەکترەوە بکەن و سنووری لۆزان و هێڵەکانی لۆزان تێکبشکێنن! تورکیا یەکێک لە خەمە هەرە گەورەکانی لەو جێگۆڕکێ و راکردنەی کوردانی باشوور بۆ سەر سنور مەسەلەی پەیوەندیکردن و ئامێزانبوونی باشوور و باکوورییەکانی کوردستان بوو! ترس لەوەی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان بە یەک زمانی ناسیۆنالیزم و بەیەک خەمی سیاسی و نەتەوەیی گفتوگۆبکەن؛ بە یەک خەیاڵی سیاسی و بە یەک پڕۆژە و چاوەڕوانی سیاسی و نەتەوەیی لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدابن. دیارە تورکیا نەیدەویست لەڕووی جیۆپۆلەتیک و سنوور و ناسنامەی فەرمی وڵاتەکەیەوە لاواز دەربکەوێت و بخنکێت. (تورکت ئۆزاڵ) هەر زوو لەدوای کۆڕەوەکەوە پێشنیاری کرد کە ناوچەی ئارام لە باکووری عیراق دروست بکرێت. ئۆزاڵ دەیویست کوردانی ئەم دوو پارچەیە دابڕاو، دوور لەیەکتر، بە دووزمانی سیاسی و خەیاڵی سیاسی بمێننەوە! باشوورییەکان لە سنوورەوە بەرەو ناوەندی شارەکان بکشێننەوە تاکو لەگەڵ باکوورییەکان لە پەیوەندیدانەبن و بەیەک زمان و چاوەڕوانی سیاسی گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر نەکەن. پێدەچێت دەستەبژێری سیاسی تورکی لەوکاتدا ترسیان لەوە هەبووبێت بەهۆی گٶڕانی سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و بنەماکانی New World Order و تاک جەمسەرییەوە کورد ناسنامە و سنوور بەدەستبهێنێتەوە! باکوورییەکانیش هاوشێوەی برا باشوورییەکانیان جوڵە بکەن، زمانی سیاسی و جەستەی سیاسیی و نەتەوەییان رێکبخەنەوە! داواکارییەکی بونگەراییانەیان لەو سیستمە سیاسییە تازەیەی دونیا هەبێت و جەستەی تورکیا رووبەڕووی ماندووبوون و لەت لەتبوون بکەنەوە! تورکیا لەدوای راپەڕینەوە هەرزوو ئامادەیی دەبێت لە باشووری کوردستاندا. ئامادەبوون لەڕێگەی PMF ەوە، ئامادەبوون بەزمانێکی ئاشتییانە. پڕۆسەکە وەهابوو کە تورکیا بەشێوەیەکی سیمبوڵی لە باشووردا بژی، بمێنێتەوە و ئاگاداری دونیای کوردی بێت. دواتر چەندین بنکەی سەربازی تورکی لە باشووردا دەرکەوتن. لێرەوە ئامادەبوونی تورکیا لە فۆڕمێکی نەرمەوە دەگۆڕێت بۆ سەرباز و هێز. هێز لێرەوە نوێنەرایەتی دۆخێک دەکات کە ئەوانی تر پارچە پارچە و دابڕاو بکات، یان دەرفەتی تێکەڵبوون و پەیوەندی ئەندامانی نەتەوە بەیەکتر نەدات. ئەمڕۆ تورکیا لە شیلادزێ ناسنامەی سەربازبوونی خۆی لەدەستدەدات؛ تانک و هێما سەربازییەکانی دەسوتێنرێت! تورکیا ترسێکی گەورەی لەوە هەیە ئەم کردەیەی شیلادزێ لە کردەیەکی سیمبوڵییەوە خۆی بگۆڕێت بۆ کردەیەک جەماوەری و بچێتە نێو جەستە و پەیکەری تورکیاوە وەک چۆن لەدوای جەنگی ساردەوە سۆڤیەت پارچە جیاوازەکانی لە جەستەی جیابوویەوە! یوگسلاڤیای پێشوو رووبەڕووی دابڕان و دابەشبوون بوویەوە. دیارە تورکیا هێشتا خەمی ئەوەیەتی ئەگەر وەک سەرباز لەباشوور ئامادەنەبێت باشوور و باكوور هەستی هاوبەش و خەمی هاوبەش کۆیانبکاتەوە یان بەلایەنی کەمەوە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی تێری تری Territory بێتەوە کایەوە. ئەم ترسە لەزۆربەی دۆخەکاندا وای لە تورکیا کردووە مەسەلەی کورد لە مەسەلەی شوناس و بوون بگۆڕێت بۆ مەسەلەی ئاسایش. تورکیا دەترسێت بەبێ بوونی سەرباز لە شیلادزێ و بەبێ فڕۆکە لە ئاسمانی ناوچەکە جۆرێک لە تێری تری بەرهەمبێت ماناکانی تورکبوون و دەوڵەتبوون دەستکاری بکات. دەکرێت لەڕێگەی تێزەکانی (بیندکت ئەندەرسن) زیاتر لەدۆخی بەرهەمهێنانی ناسیۆنالیزم و تێپەڕاندنی سنور و جیۆپۆلەتیک و جەستەی دەوڵەت و لەیەکترنزیکبوونەوەی ئەندامانی نەتەوە بگەین.


لاوك سەڵاح      ئەم ماوە زۆرەی لە پێکهێنانی حکومەتدا بەسەربراوە ئاماژەیەکی زەقە کە پارتە سیاسییەکان پێویستیان بە کاتە بۆ بیانکردنەوەی متمانە لە نێوان خۆیاندا، هەر بۆیە براوەی یەکەم بە جیا لەگەڵ براوەی دووەم و سێهەم دانیشت بۆ ئەوەی زەمینە خۆش بکات بۆ دانیشتنی سێ قۆڵی. ئەمە ئاساییە تا ئەو کاتەی پرۆسە و گفتوگۆی سیاسی بەرهەمی سیاسی لێدەکەوێتەوە نەوەک ململانێی سیاسی-کەلتووری. باشتر بوو هەر لەسەرەتاوە هەرسێ لایەنەکە پرۆسەیەکی هاوبەشی سیاسی شەفاف و تەکنیکییان دامەزراندایە بۆ ئەوەی دووربن لە ورتە ورتی ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەو لا چی وتراو لە کۆبوونەوەی ئەم لا چی وترا؟! هەر بۆ ئەوەی ناچار نەبن لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵیدا ئەوەی وتراوە بووترێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی تا کاتێکی کەمتر بەڵام چرتر بۆ چارەسەری کێشەکان بەسەر بەرن، بەڵام ئەوەی روودەدا ئەوەیە کە هەر سێ لایەنەکە بە وریایی و بێ متمانەیی و بە ئاگاییەوە لەگەڵ یەکتر دەجووڵێنەوە کە پێم وایە هێشتا ئەو بنەما یاسایی و سیاسییە نییە بۆ کاری پێکەوەیی کە دەبێت چەخت لەسەر ئەوە بکەنەوە. ئەوەی روودەدات بۆ بیناکرندنەوەی متمانەیە کە رەنگە لە هەر ساتێکدا بێت ئەو هەوڵەش نەمێنێت ئەگەر بە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت. ئەم سات و ئەم دۆخ و ئەم ئەزموونە جیاوازە، لەبەر ئەوەی لە بەردەم دونیایەک هەرەشەی ناوخۆ و دەرەکی و گۆرینی سەرکردایەتی سیاسی لۆکەڵداین کە دەناڵێنن بە دەست نەبوونی دیدێکی ستراتیژییەوە موتوربە بێت بە گرفتەکان وخاوەنی نەفەسێکی درێژ و رەفتارێکی میانرەو بن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەرژەوەندی ناوچەکاندا. بەداخەوە گرفت لە دروشم و بەرنامە سیاسییەکاندا نییە، هەموویان دەتوانن بەرنامەی سیاسی بە باشترین شێوە دارێژن بەڵام ناتوانن لەبەر کێشەی سیاسی، کە لە بنەچەدا کەلتووری و کەسییە، تا سەر بە شوێنی مەبەستی بگەیەنن، کێ خاوەنی پرۆسەیەکی شەفافە بۆ ئەوەی فلتەری کەسەکان و دامەزراوەکان بکات دوور لە فشاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و عەشایەری و ناوچەگەری بۆئەوەی نوێنەرایەتی خەڵک بکەن، بۆ خزمەتی خەڵک. گرفت لە عەشیرەت و گروپ نییە، گرفت لەوەدایە کە لە ناو عەشیرەت و پارتی سیاسییدا میکانیزمێک نەبێت بۆ فلتەرکردنی کەسە بە تواناکان بۆ ئەنجامدانی کارەکان. کێ حکومەت دەکاتەوە بە قوربانی خزم و هاورێ و عەشیرەت و دۆستی خۆی با سەرلەنوێ باجەکەی بداتەوە. با ئینتحار بکات! پێکهێنان و دامەزراندنی حکومەت پێویستی بە جورئەتی سیاسی هەیە لە هەڵبژاردنی بەرنامە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە بەرنامەی سیاسی تەندروست و ستانەدەرد هەیە، گرفت لە پارتی بوون و یەکێتی بوون و گۆران بوون و کۆمەڵ بوون نییە، گرفت لەوەدایە کە کۆمەڵە کەسێک هەن لەهەر کۆیەک بن هەروەک یەکن ولە یەک دەچن و پارتەکانیش بەهەمان میکانیزم و ئامانچ هەر ئەوانە هەڵدەبژێرن، هەر ئەوەندەیە کەسەکان ناویان جیاوازە ! ئەوەی دەگوزەرێ بەداخەوە پرۆسەی بەرجەستەکردنی سیاسەت نییە، بەڵکو ململانێیەکی کەلتووری نێوان براکانە، بەداخەوە جیاوازی فەلسەفەی سیاسی و ئایدیۆلۆجیای سیاسی نییە، جیاوازی گروپەکانە، کێ دەتوانێت خشتێک بخاتە سەر میراتی خۆی ئینجا بۆ راستکردنەوەی رێرەوی کارکردنی سیاسی بێت یان هێنانەکایەی وەچەرخانێکی سیاسی بێت کە ئەمە خەونە ئەوە لەمەودای دووردا براوەیە. لە یادتان بێت ئەوەی دەگوزەرێ لە دۆخێکی پڕ نائومێدیدا روودەدات، کەس ناتوانێ بڵێ هەڵە نەبووم، بەڵام دەتوانن بڵێن ئەو هەڵەیە دووبارە ناکەمەوە، پارتی، هەڵەی ستراتیژی کردووە، خۆیان ئاگادارن، کاندیدەکانی گۆڕان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی حکومەت و میراتی خۆیاندا نەبوون، لە نیوەی رێگا کادەرەکانی بەجێیان هێشت، یەکێتی سەرقاڵی رێکخستنەوەی بەرژەوەندی کۆمپانیا پەرتەوازەکان و لۆردەکانی جەنگن و پارتە ئیسلامییەکان تا ئێستا نەیان توانیووە ببنە پارتێکی سیاسی مەدەنی. ئەمە هەرێمە لە بەردەم هەرەشەی نەزانینی رۆڵەکانی خۆیدایە، لەبەردەم خۆ خۆریدایە. کێ مەهەدییە قوتاری بکات.


لەتیف فاتیح فەرەج        هەڵبەتە تا ئێستا هۆكاری زۆر هەبوە بۆ ئەوەی لە سەر كەم و كوڕی و كەندو لەندەكان قسە نەكەین ، سەرەكی ترین هۆكار هەر ئەوە بووە هێشتا ئومێدی زۆرمان بەوە بووە ،ئەم بزوتنەوەیە بتوانێت بەسەر كێشەو گرفتەكانی نێو خۆیدا زاڵ بێت و بگەڕێتەوە سەر راستە رێی ئیشكردن ، لە ماوەی رابردوداو لە سەرەتای دروست بوونی ئەم بزوتنەوەیەوە ، بەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بێت ، خۆی بەو مانایەی لەوانی تر نەچێت ، لەو پێناوەشداو لە پێناوی ئەوەشدا كە ئەمبزوتنەوەیە ببێتە بزوتنەوەیەكی جیاوازو روحی تولە رانس و پێكەوەی پەرە پێبدات دیدو سەرنجی زۆرمان داوەبە خاوەنبڕیارەكانی ناوی ، مەبەستیشمان بووەلانی كەم لە رێگەی ئەم بزوتنەوەیەوە ئەو بارو دۆخەی كوردستانی تێكەوتوە ، بە تایبەت ئەو ململانێ‌ ناشرینەی نێوان پارتی و یەكێتی بە كۆتا بێت و هەنگاوەكانی بە نیشتمانی كردنی هێزی پێشمەرگە ، نوسینەوەو دانانی دەستورێك بۆ هەرێمی كوردستان ، كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان ،  چارەسەری بارو دۆخی خەڵك ، پرسی نەوت و سامانی ژێر زەوی بگەنە ئەنجام . بزوتنەوەی گۆڕان  لە ئێستادا لە دۆخێكی زۆر خراپدایە لە بەر ئەوەی : یەكەم : كورسیەكانی لە پارلەمانی كوردستان نیوە كەمیان كردوە . دووەم : دەنگەكانی بەڕادەیەكی بەرچاو هاتوەتە خوارەوە . سێیەم : ژمارەیەكی یەكجار زۆری هە ڵسوڕاوو هەواداری نائومێد كردوە ، یان لێیان ناپرسێتەوە . چوارەم : بە كردوە ئێستا دوو دیدی جیاواز لەو بزوتنەوەیەدا هەیە  دیدێكی دەرەوەی گردەكەو دیدێكی نێو گردەكە . پێنجەم : لەسەر چوونە ناوحكومەت یان نەچوون هیچ كۆدەنگیەك نیە ، بەرچاو ڕوونی نیە ، لە چوون و نەچوون گومان و دوودڵی هەیە . شەشەم : ناتوانێ‌ كۆنگرەی چارەسەرو گەڕانەوەی راستەڕێ‌ ببەستێ‌ . حەوتەم : نەیتوانیوە لە نێوان پارتی و یەكێتیدا بێلایەنی خۆی بپارێزێ‌ . هەشتەم :بزوتنەوەی گۆڕان خەریكە دەبێتە بەشێك لە نائومێدی . نۆیەم : بۆیەكجاریش ئەم بزوتنەوەیە بایەخی بە پەروەردەی سیاسی نەدا هەتا ئەو خزان و لادانانە دروست نەبن كە بوون . دەیەم : چ لە سەردەمی كاك نەوشیرواندا چ تا ئێستابزوتنەوەی گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی بگۆڕ نا وەك دیاردەیەكی دەنگی هەیە ، ئەمە كێشەیەكی گەورەی ئەو بزوتنەوەیەیە . سێ‌ خاڵی گرنگ لە نێو ئەم بزوتنەوەیەدا ونن : یەكەم : بەرپرسیارەتی و رێزی ناوەكی . دووەم : لێپرسینەوەو بە دواداچوون . سێیەم : دیدگای سیاسی  كە ئەمەیان لە خاڵەكانی تر گرنگترە . لە راستیدا ئەم كێشەو گرفتانە پێویستە بە ئاشكراو بە بەر چاوی خەڵكەوە قسەی لە سەر بكرێت ، نەك ئەوەی بەردەوام قسە لەسەر ئەوە بكرێت كە ناكرێ‌ كێشەكان بكەونە سەر ڕووپەڕی میدیاكان ، لە كاتێكا بزوتنەوەی گۆڕان خۆی دژی ناڕوونی و شاردنەوەیە . لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەر لە سەرەتاوە جۆرێك لە فەوزا هەبووە ، یان رونتر خودی بزوتنەوەكەش كاری لە سەر فەوزا كردووە ، لە كاتێكا ئەمە بەرە بەرە دەبێت بە دیسپیلین و بەرنامە چارەسەر بكرێت ، كەچی خراوەتە سەریەك و بۆ رۆژگار لێی گەڕاون، رۆژگار هیچ كاتێك كێشەكان چارەسەر ناكات . ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان كێشەی شوناس و ناسنامەشی هەیە ، ئەمەیان پەیوەستە بەوەوە كە تا ئێستا نەتوانراوە كۆنگرەیەكی دروست ببەسترێت ، كۆنگرەیەك بەرپرسیارەتی و دەسەڵات و خاوەندارێتی و خۆخاوەنی بزوتنەوەكە یەكلا بكاتەوە . من لەم رۆژانەدا زۆر سەیرم بەو دەستەواژانە دێت كە ئەم بزوتنەوەیە  بڵاوی دەكاتەوە ، بۆ نمونە یەكێتی حەز دەكات ئاشت بینەوە ، پارتی حەز دەكات بڕۆینە حكومەتەوە ، لێرەدا قسە لە سەر ویستی گۆڕان و پێویستی ئاشی یان بەشداری ناكرێت ، لێرەدا بزوتنەوەی گۆڕان ونەو ئەوانی تر لە بارەی خۆیان و ئەویشەوە قسە دەكەن ، ئەوە جگە لەوەی لەوە دەچێت جیفاتی نیشتمانی ئیدی هۆیەك بۆ مانەوەی نەمابێت ، چونكە لە نێو ئەو بارو دۆخەدا هیچ پڕۆژەیەكی رونی نیە . ئەم بزوتنەوەیە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت لە داهاتوی نزیكدا لە ئێستا زیاتر داغان دەبێت ، بەوەش نەوشیروان مستەفاو هەموو ئەوانەی لە تەكیدا دەستیان دایە ئەم پڕۆژەیەوە بەرەو بیر چوونەوە دەچن لای خەڵك ، كە نەمن و نەكەس مەگەر نەیارەكانی ئەو بزوتنەوەبە ئاواتە خوازی ئەوە بن .  


سەردار عەزیز      چەند ساڵێک لەمەوپێش بە مەبەستی زانینی زیاتر چومە نزیک بنکەی سەربازی تورکی لە شیلادزێ. ئاشکرابوو بۆ چاودێری پەکەکە لەوێدا دانرابوو. بەڵام ئەوەی چەند ڕۆژی پێشوو ڕویدا ئاماژەن بۆ چەند پێشهاتێکی نوێ: ماوەیەکە بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن بتوانین بە شێوازێکی جیاواز وێنای چارەسەری کێشەی کورد بکەین. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە چارەسەری کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی سێ پارچەی کوردستان، باکور و باشور و ڕۆژئاڤا، هەتا بێت زیاتر پێکەوە دەبەسترێن. بەو مانایە چارەسەری دەوڵەتی یان دەوڵەتی نەتەوەیی: عێراقی و سوری و تورکی بوونی نیە، ئەمە لە قۆناغێکی تریشدا کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە.  لە ساڵی ٢٠١٢ لە زانکۆی کەلتور یونیڤێسیتی لە ئیستەنبول لە کۆنفراسێکی تایبەتدا بە ستراتیژی بیری داودئۆغلۆ، لە گەڵ کۆمەڵێک دیپلۆمات و ئەفسەر و ئەکادیمی تورکدا پێشنیاری ئەوەم کرد، کە دۆخی دونیای ئەمڕۆ لە ڕووی ئاگایی و تەکنەلۆجیا و چالاکبوون و گۆڕانکاری سیستەمی دەوڵەت، هەتا بێت کوردەکان لەیەکتر زیاتر نزیک دەکاتەوە: ئەمە بە ئاشتی بکرێت باشترە، چونکە شەڕیش هەمان دەرئەنجامی دەبێت.  ئەگەر ڕۆژێک کوردەکان بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکرێت جۆرێک لە پێکەوەبوون تر لە دونیای ئەمڕۆدا بێتە دی. وەڵامی ئەوان تێکەڵ بوو. دیارە یەکەم ترس ئەوەیە کە نەک هەر دان بە کورددا بنێن بەڵکو دان بە ئەوەدا بنێن کە خاکی کوردستانی فراوانترە لە دەوڵەتەکانی ناوچەکە. بەم پێیە خاک و گەلی تورکی شوناسی دەکەوێتە ژێر مەترسیەوە. گرێیەک هەیە لە ناخی سیاسەتی تورکیدا ناوی دەنێم گرێی سیڤەر، بەمانای ئەوەی کە تورک دەترسن کە ئەوانی تر هەوڵی سڕینەوەیان بدەن. لەم ڕوانگەیەوە پرسی کورد دەبینن. بۆیە پەیوەندییان لە کورددا پەیوەندی وجودییە. یان ئێمە یان ئەوان، ناکرێت هەردوکمان هەبین. ئێمەی کورد ئەم دۆخەمان نیە، ئێمە هەین بەڵام شەڕی دانپیانان دەکەین، ئەوان دانیان پیانراوە بەڵام شەڕی بوون دەکەن. ئێمە ناترسین لە بوونی ئەوانی تر، ئەوان دەترسن لە بوونی ئەوانی تر، چونکە بونیان بونێکی دەوڵەتییە نەک بونێکی نەتەوەیی. دەوڵەت و نەتەوە لە دۆخی تورکیادا تەماهی بوون. دەوڵەت نەتەوەیە و نەتەوە دەوڵەتە، ئەمە کرۆکی پرۆسەی ئەسیمیلاسیون یان توانەوەیە. لە کوردستانی عێراق کۆمەڵێک عێراقچی خاوەنی ئەم دیدە ئەتاتورکیەن، کە دەیانەوێت کورد لە عێراقدا بتوێننەوە، بەڵام زیاتر نەخۆشییەکی شەڕی ناوخۆی کوردییە، لەوەی دیدێکی توکمەبێت.  ئەوەی من بیری لێدەکەمەوە وەک ڕوانگەیەک، دەوڵەمەندکردنی دیدی جەیمس سکۆتە. ئەم بیرە لەوێوە دێت کە دەوڵەتی تیرەتۆری ناوچەکە، لە سەرەتادا وەها دروست بوون کە پێکهاتەکانیان بتوێننەوە، هەتا نەتەوەیەک دروست بکەن بە مۆدێلی ئەوروپا. بەڵام تازە درەنگە بۆ ئەمە. لە دۆخی کورددا، ئەگەر سنوری نێوان ئەم وڵاتانە نەرم بکرێنەوە، بە جۆرێک هاتوچۆ و جوڵە و ئاسان بکرێت، لە بەرامبەردا کورد بەرپرس بێت لە پاراستنی ئاسایشی ئەم سنورانە، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆکاری پەرتبوون لە نێوانیاندا. ئەمە وەها دەکات کە کێشەی ئاسایش چارەسەربێت، ئابوری بگەشێتەوە، پرۆسەی نکوڵی و توانەوە کۆتایی پێبێت. لە هەمانکاتدا پرسی جوادبونەوە، پەرتکردنی ئەم وڵاتانە وەک ترسێک کۆتایی پێبێت. چونکە لەم دۆخەدا کورد یەکن بەڵام سەر بە سیستەمی سیاسی جیاوازن، بەڵام دەتوانن سیستەمی سیاسی لۆکاڵی خۆیان بەرهەمبهێنن بە تەبا لە گەڵ سیستەمی سیاسی وڵاتەکان.  ئەم دۆخی کاڵبونەوەی سنور یان نەرمبوونی، بەڵام مانەوەی، کورد دەکاتە خاڵی بەیەکگەیشتنی سێ شارستانی پڕ لە ململانێ.  بۆ کورد کۆمەڵێک سودی هەیە: یەکەم خۆیەتی لە گەڵ ئەویتردا، کە سروشتی دونیای ئەمرۆیە دووەم، پرسی سنور کۆتایی دێت وەک کێشە، بەڵکو سنور دەبێتە خاڵی بەیەک گەیشتن.  سێیەم، لە بڕی بوون بە بەربەست کورد دەبنە بەیەک گەیەنەر چوارهەم، ئەم پرۆسەیە کورد لە پەراوێزەوە دەکاتە سەنتەر. دیارە ئەم پرۆسەی سەنتەر و پەراوێز لە سەردەمی جیهانگەریدا دەکرێت بە شێوازێکی تر ببینرێت. بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە: کۆتایی بە ململانێی سەربازی کۆتایی بە دەستورەدانی نێودەوڵەتی کۆتایی بە کێبڕکێی هەرێمی کۆتایی بە سیاسەتی ترس هێشتنەوەی سنورەکان بە گۆڕینی ڕۆڵ و مانایان. هەوڵ ئەدەم لە کۆنفرانسی کوردش ستەدی لە لەندەن ئەمساڵ ئەم بیرە بخەمە بەرچاوی لێکۆڵەرەوانی کورد بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری. هەموو ئەمە لە سەر ئەو تێزەیە کە ئەگەر لە ڕابوردوودا سەرباز و دیپلۆماتەکان سنوریان کێشا، ئەمڕۆ خەڵک دەیانەوێت سنورەکان داڕێژنەوە.


فه‌همی نه‌بی       وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ناوی سەفین دزەییە، ساڵانێک نوێنەری حکومەتی ھەرێم و نوێنەری پارتیش بوە لە تورکیا، خێزانەکەشی تورکە، بەراوردی راگەیەنراو و بەیاننامەکانی کابینەکانی پێشووی حکومەت و ئەم کابینەیە بکەن کە ئەم برادەرە نوسەری بەیاننامە و راگەیەنراوەکانە جیاوازیەکی زەقی ھەیە، لە کابینەکانی تر نەک ھەر زمانی بەیاننامەکان راستەوخۆ بوون بەڵکو درێژتر و باشتر بوون،ئ ێستا حکومەت لەجێی بەیاننامە راگەیەنراو دەردەکا کە جیاوازیان ھەیە. راگەیەنراوەکانی ئێستای حکومەت سەبارەت بە تاوانەکانی تورکیا لە پەنجا ووشە تیپەڕناکا، لەھەموو راگەیەنراوەکان یەک رستەی دوبارە ھەیە (نابێ پەکەکە چیتر بیانو بدات بۆ دوبارە کردنەوەی بۆردومانەکان)، لەوە گەڕێ حکومەتی ھەرێم بە خڕ و خڕی لەژێردەستی ئیڕان و تورکیایە بەڵام ئەم بێشەرمییە بەئاشکرا مێژوو چ ناوێکی لێدەنێ؟ ده‌ستی ده‌ره‌كی و گێره‌شێوێنان ده‌ربڕینێكه‌ جگه‌ له‌ رازیكردنی دڵی توركیا هیچ راسته‌یه‌كی نیه‌، ئه‌ردۆگان به‌ هه‌رێمه‌كه‌ی تۆ ده‌ڵێ زۆنگاو،ت ۆش خه‌ڵكی راپه‌ڕیوی ئه‌م زۆنگاوه‌ی! بۆ ناویده‌نێی گێره‌شێوێن!ته‌واوكردنی ئه‌ركه‌،‌ سەیری بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عیراق بکە لە ھەمبەر بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بڕیار دەدەن بالیۆزی تورکیا لەعیراق بانگھێشت بکەن بۆ پرسیار لە ئاست ئەو دەستدرێژیانەی دەیکات لە خاکی عێراق، ئێدارەی ئەم ھەرێمە ھەرگیز لەوە ناچێ ساڵێک بەر لەئێستا داوای سەربەخۆیی کردبێ، تایپێکی سیاسەت لە ھەرێم پەیڕەو دەکرێت مێژوو رابوردوو و داھاتووی نەک کورستان ھەموو ناوچەکە روبەڕووی خەجاڵەت کێشان دەکاتەوە، کەڵەگایی تورکیا لەم ناوچەیە دەرئەنجامی بێدەنگی و ملکەچ بوونی سەرانی سیاسی بەشێک لەووڵاتانە، ئەرمەنیەکان دەرگای ھەموو پەیوەندیەکی ئابوری و سیاسیان لەگەڵ تورکیا داخستوە، تورک قەستەسەری کوشتنی ئەرمەنن لە مێژودا، بەڵام ھەرگیز ملکەچی ئیرادەی تورکیا نابن و لەبیری ناکەن،تۆ سەیرکە تورکیا لەگەڵ بولگاریا لە کێشەدایە لەگەڵ یۆنان و ئەرمینیا و بەشێکی زۆری وڵاتانی عەرەبی لە کێشەدایە، باسی ئەوروپا و رۆژئاوا ھەر مەکە، ئەوەی تەواو تەسلیمی ئیرادەی تورکیابوە لەناوچەکە بەتەنیا ئەو ھەرێمە چکۆڵەیەی خۆمانە کە بیست و پێنج ساڵە توركیا تەراتێنی لێ دەکا،كۆی روداوه‌كه‌ی شیلادزێ وەلامدانەوەیەکی باشە ئەگەر بەردەوام بێت.  


سەرتیپ جەوهەر        پاراستنی ئەو هێزانەی توركیا لەئەستۆی پارتییە، تۆ بڵێی روداوەكان خۆڕسك بن؟! روداوەكانی ئەمڕۆی شیلادزێ لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، دەشێت ریشەو سەرەداوی ئەو روداوە لەناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتبێت، هاوكات دەشێت پەیوەندی بەبارودۆخی ناوخۆی سوریاو گوشارەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستانەوە بێت، بەڵام لەوەناچێت هیچ پەیوەندیەكی بە جوڵانەوەی خۆڕسك و راپەڕینی جەماوەرییەوە هەبێت، ئەگەرچی خەڵكی ناوچەكەو كوردستان زۆر بێزارو ناڕازین لەبونی دەیان بنكەی جەندرمەو میتی تورك لەناوچە جیاوازەكانی هەولێرو سلێمانی. لەوەدەچێت روداوەكانی ئەمڕۆ لێكەوتەی نزیك بونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە ئێران و ئاغای قاسمی بێت، هەروەك لەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق هاوكاریی زۆری پارتی كرد لەململانێكانی بەغدا، لەدەستنیشانكردنی سەرۆك كۆماری عیراق هەوڵێكی زۆری دا كاندیدەكەی پارتی (فوئاد حوسێن) ببێتە كاندیدی كورد، بەڵام لەوەدا سەرنەكەوتن. لەپاڵ ئەو نزیكبونەوەیەی پارتی لەئێران، جۆرێك لەخاوبونەوەو نەمانی گرژی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و توركیا هەستی پێدەكرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئاستی پەیوەندییەكی ئاسایی، بەڵكو تەنها فرۆكەخانەی سلێمانی كرایەوە. یەكێك لەئەگەرە بەهێزەكانی روداوەكانی ئەمڕۆ ئەوەیە پەیوەندی بەو نزیكبونەوەیەی پارتی دیموكراتی كوردستانە لەئاغای قاسمیی و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە هەبێت، چونكە بارزانی باوك مەبەستییەتی حكومەتی نوێی هەرێم بەخێرایی دروست بێت و كوڕوكەی (مەسرور بارزانی) ببێتە سەرۆكی حكومەت، لەوانەیە هەوڵدەن لەو رێگەیەوە گوشار بۆسەر نێچیرڤان بارزانی دروستبكەن! دروستكردنی پشێوی و ئاڵۆزی لەنێوان حكومەتی هەرێم و توركیا لەخزمەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتدا نییە، كە پەیوەندییەكی زۆر تایبەتی شەخسی و بازرگانی لەگەڵ ئەردۆغان و بەشێك لەكاربەدەستانی توركیا هەیە. چونكە بەهیچ شێوەیەك ناكرێت خەڵك كۆببێتەوەو بەبێ رێگری هێرش بكەنە سەر بنكەیەكی سەربازی توركیا ئەگەر رێخۆشكردنێك نەبێت، بەتایبەت ئەو بنكەو بارەگایانە، جگە لەبازنەی ئەمنی خۆیان بۆ پاراستنی بنكەكان، بازنەیەكی دیكەی ئەمنی هەیە كە ئاسایش و پێشمەرگەی پارتی كوردستان لێی بەرپرسن و لەئەستۆی دامودەزگاكا ئەمنییەكانی پارتیدایە! بگرە لە ئایاری 2018 كاتێك هێزێكی هاوبەشی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە دەبرێن بۆئەوەی وەك هێزی پارێزگاری لەبنكەیەكی سەربازی تورك لەكانی ماسی دابمەزرێن، توركەكان ناڕەزایی دەردەبڕن كە هێزێكی هاوبەش هاتوە، پێان باش نەبوو لەو هێزەی پارێزگاریان دەكات پێشمەرگەو ئەفسەری سەر بەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەبێت! كەوایە بونی ئەو هێزانە بەهێزێكی تایبەت پارێزگاریی دەكرێن نەوەك هێزی سەربازیی دیكە هێرشیان بكاتەسەر یان لەدورەوە چاودێریی بكرێن، ئێستا چۆن دەكرێت هاوڵاتیان بێ‌ چەك و سڤیل وا بەئاسانی لەو بنكەو بارەگا سەربازیی و میتی تورك نزیك ببنەوە ئەگەر رێگەیان پێنەدرابێت؟! خراپتر لەوە، پەیوەندی نێوان هێزەكانی توركیا بەجەندرمەو میتی توركی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان بەجۆرێكە، لەهەندێ بارودۆخدا بەپێی زانیاریی بەئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگە سەربازو كاربەدەستانی توركیا هاتوچۆیان پێكراوە! ئەمە جگە لەوەی هاتنی ئەو هێزانەو جێگیربونیان لەباشوری كوردستان بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختە بووەو یەكێك لەمەرجەكانی هاتنیان پارێزگاری لێكردنیانە لەلایەن پێشمەرگەو ئاسایشی پارتی. یەكێكی دیكە لەئەگەرەكانی روداوەكانی ئەمڕۆی شیلادزێ، بەستنەوەیەتی بەروداوەكانی ئەو دواییەی رۆژئاوای كوردستان و هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ پەلاماردانی ئەو ناوچەیەی بەرۆژهەڵاتی فورات ناسراوە، ئەگەرێكی لاواز هەیە كە ئەمریكییەكان لەڕێی ئەو دروستكردنی زەمینەی هێرشكردنە سەر بارەگاكانی توركیا لەباشوری كوردستان نامەیەك بۆ توركیا بنێرن كە دەتوانن ئاڵۆزیی بۆ نفوزی توركیا دروست بكەن، بەڵام ئەو ئەگەرە لاوازە، چونكە بۆ ئەمریكا ئاسان نییە جوڵاندنی شەقام و كردنەوەی ئەو رێگەیە بەڕوی خەڵك تا هێرش بكەنە سەر بنكەو بارەگای تورك لەباشوری كوردستان. خولاسەی كەلام روداوەكانی ئەمڕۆ بۆنی زۆری لێدێت، دیارترینیان پەیوەندی بەدۆخی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان و پەرەسەندنی ئەو ململانێیەوە هەیە كە لەناوخۆی ئەو حزبە لەنێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا با چاوەڕێ بكەین لەرۆژانی داهاتوودا بزانین ئەنجام و لێكەوتەكانی چی دەبێت.


كاروان عەلی شامار بادینان ئەو دەڤەرەی ھەمیشە ھەژمونی پارتی دیموكرات بەسەریدا زاڵ بووە تەنانەت لە سەرەتای سەرھەڵدانی شۆرشی نوێشدا نەتوانرا وەك پێویست شانەی چەكداری تێدا دروستكرێت لێ ئەوەی ھەنوكە رادەگوزەرێ لەو ناوچەیەدا دوو فاكتی سەرەكی لەخۆدەگرێ!  (١) سیناریۆی پارتیه وەك كارتێكی فشار دژ بە توركیا، ئەمەش دوای ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی، بە ئاشكرا دەیەوێ بە توركیا بڵێ باشكردنی پەیوەندییەكانتان و كردنەوەی فرۆكەخانەی سلێمانی و زیادكردنی ئاڵوگۆری بازرگانی سلێمانی - ئەستەنبول ناكرێ لە سەر حسابی ئێمە بێت و ئێمەش ئەكت و بژاردەی ترمان ھەیە! (٢) بەھۆی غیابی چالاكی ھێزە سیاسیەكانی تری باشوری كوردستانەوە تارادەیەك جموجۆلی پارتی كرێكاران لەدەڤەری بادینان بەبەراورد بە پارتە سیاسیەكانی ترو لە چاو سالانی رابردوو زیاد بووە، دەشێ پارتی بۆ جێبەجێكردنی ئاماجێكی ھاوبەشی دوو لایەنە كە خۆی دەبینێتەوە لە پەلاماردانی پەكەكە لەناوچەكەدا ھەستابێت بە ئەنجامدانی كارێكی لەو شێوە !


سامانـی وەستا بەکر       ئاخۆ ئەگەر پارتێک لە پارتەکانـی ڕۆژهەڵاتـی ناوین و لە ناویشیانا بە دیاری کـراوی لە باشوری کوردستان هەڵمەتـی کۆکردنەوەی پێڵاوی دڕاو بکات و بینێـرێ بۆ سەرۆکـی پارتێکـی تری ڕکابەر و  داوای لێبکەن کە هەمووی یان بەشێکـی بخوات چـی ڕووبات؟ خوانەخواستە ئەگەر ئەو پارتانە چەکداریان هەبـێ یان خاوەن دەسەڵاتبـن؟ بەڵـێ لە سوید بینیامیـن دۆوسا "سەرۆکـی یەکێتـی لاوان"ی سەر بەپارتـی "مۆدێرات"ەکانـی سوید هەڵمەتێکـی کۆکردنەوەی پێڵاوی کۆن و دڕاوی دەستپێکـرد کە تا پاش ناردن و گەشتنـی پێڵاوەکان سەرۆکـی "سێنتەر پارتـی" بیانخوات، چونکە لە بەڵێنێکـی خۆی پاشگەز بۆتەوە! لەوەڵامـی ئەو کارەشدا یەکێتـی لاوانـی سەر بە سێنتەر پارتـی ڕایگەیاند کە ئەوان پاش گەشتـن و وەرگرتنـی پێڵاوەکان ئەوەی بە کەڵکبێت ئەینێرن بۆ ڕێکخـراوە خێـرخوازەکان تا  بیگەیەنە دەست خەڵکانـی نەدار و ئەوانەشـی کە دڕاوو بێکەڵکـن ڕیسایکڵـی ئەکەن تا جارێکـیتر سودی لێوەرگیـرێ. ئەوەی لێـرەیا مەبەستە سایکۆلۆژی تاکـی سویدیە کە لە پای ئەم کارە هیچ هەڵچون و گرژییەکـی لێنەکەوتەوە بە جۆرێک ئەو جۆرە لە هێـرش و سوکایەتـی و ڕووشاندنـی سەرۆکـی پارتێکـی دێرین و گەورەی سوید هەڵگێـرایەوە بۆ بابەتێک کە بە سودی خەڵکـی نەدارو ژینگە کۆتایـی پێبێت،  مەخابـن ئەم جۆرە کارە ئەگەر لە ڕۆژهەڵاتـی ناویـن و هەرێمـی کوردستان ڕووبدات خۆ ئەگەر خودی پارتەکەو سەرۆکەکەشـی هیچ نەڵێـن و کاردانەوەیان نەبـێ بەڵام لایانگران و هەوادارەکانیان دوور نیە ساڵانێک جەنگـی سارد بەرامبەر  یەکتـر لایەنـی کەم لە تۆڕەکۆمەڵاتیەکانەوە بەرپابکەن خۆ  ئەگەر ئەمە گـرژی و ڕووبەڕووبوونەوەش لە شوێنە گشتـی و تایبەتەکانیشا لێنەکەوێتەوانـێ. ڕۆژی یەک شەممە بەرواری ٩ی ئەیلولـی پار ساڵ ٢٠١٨ دواین هەڵبـژاردنـی پەرلەمانـی وڵاتـی سوید و هەرێم و شارەوانیەکان بەڕێوەچوو، هاوپێچ هەروەک نەریتـی هەڵبژاردن پارتە جیاوازەکان کارو بەرنامەی خۆیان ئەخەنە بەردەسـتـی خەڵک و زۆرترین هەوڵ ئەیەن بۆ ڕاکێشانـی زۆرترین ژمارەی دەنگدەر لەدەوری بەرنامە و کاری چورا ساڵـی داهاتوویان ئەگەر بگەنە پەرلەمان هەروەک چۆن حیـزبەکان پێشـتـر هاوپەیمانـی و دوورو نزیکـی خۆیان لەگەڵ یەکتـر بۆ خەڵک ئاشکرا ئەکەن و لەو چوارچێوەیەشا هەندێ لە حیـزبەکان دژایەتـی خۆیان بۆ حیـزبـی ڕکابەر ئاشکرا ئەکەن تا ئاستـی ئەوەی کە بەهۆی "تای هەڵبـژاردنەوە" هەندێ دەستەواژە بەکار ئەهێنـن کە دواتر لە دژاین بەکار ئەهێنـرێتەوانـێ. ئاشکرایە سوید یەکێکە لە پێشکەوتووترین وڵاتانـی جیهان کە بە دیموکراسـی بوون و هاوتایـی جەندەری و مافـی ئاژەڵ و مناڵ و هاوڕەگەزباز....هتد ئەناسـرێتەوە بەجۆرێک سیستـم و موئەسەسات لەم وڵاتەیا جێگیـر بووەو دامەزراوە کە تەنانەت ئەنجامـی هەڵبـژاردنەکانیش کاریگەری لەسەر بنچینەی دامەزراوەکان و بنەما دیموکراسیەکان دانانێت واتە ئەنجامـی هەڵبـژاردن تەنها کاری حکومەتـی هەڵبـژێراوی پێئەبرێ بەڕێوە نەک حوکمـی موتڵەق و هەڵگێـڕانەوەو سەرو بن کردنـی کایەکە. لە وڵاتـی سوید دوو پارتـی گەورە بوونیان هەیە و ڕکابەری سەرەکـیـن کە ئەکرێ بە دوو پارتـی سەرەکـی ڕۆژەهەڵاتـی ناوین بەراورد بکرێن بەڵام جیاوزی ئەخلاقـی کارکردن و ڕێز گرتن لە یاسا و پارستنـی موئەساسەکانـی دەوڵەت و پابەندبوون بە هەر بەڵێنێکـی هەڵبـژرادن و خۆشگـوزەرانـی میلەت بە ئامانج گرتـن و بەکارهێنانـی حیزبیش بۆ گەشتـن بە ترۆپکـی ڕەفاهیەت ئەگەرنا خودی حیزبەکە هیچ پیـرۆزیەکـی نیە و پیرۆزیش ناکرێ لای ئەندامانـی حیـزب و خەڵکیش هیچ حیزب و کەسایەتیەک پیـرۆز تەماشا ناکەن. ساڵانێکـی زۆرە دوو بەرە دروست کراوە کە هەر یەکێکیان لە چەند حیـزبێک پێکهاتوون. بەرەیەکیان بە بەرەی "سورو سەوز"ەکان ناسـراون لە هەریەکە لە سۆسیال دیموکـراتەکان، پارتـی چەپ و پارتـی ژینگە پێکهاتوون و لە رامبەریشدا بەرەی "بۆرجواز"ەکان هەن کە لە هەریەکە لە پارتـی مۆدێرات، سێنتەر، لیبـراڵ و مەسیحیە دیموکراتەکان پێکهاتوون کە  بۆ هەڵبـژرادنەکان ئەم دوو بەرەیە ڕووبەڕووی بەرنامەو کاری یەکتـر ئەبنەوە لە ڕێگەی پێشنیارکردنـی بەرنامەی باشتـرو ڕێفـۆرمـی بە سوودتر بۆ کۆمەڵگە.  ئەوەی گرنگە ئاماژەی پێبکـرێ لە هەڵبژاردنـی ساڵـی ٢٠١٠یا  پارتێک بەناوی "سویدیە دیموکراتەکان"ەوە بۆ یەکەم جار بە بەدەسهێنانـی ٢٠ کورسـی سەرکەوتـن بۆ پەرلەمان کە ئەم پارتە پارتێکـی ڕەگەزپەرستـی دژ بە پەناهەندەیە، لە سەرەتای چوونیان بۆ پەرلەمان هیچ پارتێکـی سوید دوورو نزیک نەک کاری هاوبەشیان لەگەڵا نەئەکردن بەڵکو  بە پارتێکـی ڕەگەزپەرستـی دژ بە بەها مرۆڤایەتـی و دیموکراسییەکان ئەیاناساندن کە ئەم ڕەفتارانە لە دەستوری سویدا جێگەی نابێتەوە. هەر لەو  چوراچێوەیەدا  لە هەڵمەتـی هەڵبژاردنەکانـی پار ساڵ  سەرۆکـی "سێنەر پارتـی" کە خانمێکە ناوی "ئـانـی لۆۆف "ە و پارتەکەی یەکێک بوون لەو چورا پارتەی بەرەی "بۆرجواز"  لە وەڵامـی ڕاگەیاندکارێکـی ڕۆژنامەی "ئیکس پرێس"دا  کە ئەگەر دوای ئەنجامـی هەڵبژاردنەکان ئامادەبێت کار لەگەڵ گەورەترین پارتـی سوید "سۆسیال دیموکرات"ەکانا بکات ووتـی (پێـی باشتـرە تاکـی پێڵاوی قاچـی ڕاستـی بخوات لەوەی ببـێ بە هاوکاری سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پێکهێنانـی حکومەت)! هەڵبەتە پێکهاتەی کۆمەڵگەی سویدی بەجۆرێکە کە هەموو ووشەیەک بەجدی وەرەگیـرێ و ئەبـێ خاوەنەکەی خاوەندەرێتـی ئەو دەستەواژەیە بکات کە زار بەجێئەهێڵـێ و کەمتـرین سوبعەت و دەستەواژەی نەبێژراوی و وێژراو بوونـی هەیە کە ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکانـی خەڵکانـی کۆچ کردوو بۆ سوید بۆ نمونە ئێمەی کورد مناڵەکانمان لاساری بکات پێـی ئەڵێیـن دانیشە ئەگینا ئەوکوژم کە لە ڕاستیا موبالەغە بەو دەستەواژەیەوە ئەکەرێت و مەبەست لێـی کوشتـن نیە بەڵکو بۆ  داساکاندنـی مناڵەکەیە بەڵام لە سوید سـزادانـی لەسەرە ئەگەر بگاتە دەم پارێزەرانـی کۆمەڵایەتـی و پۆلیس. دوای ئەوەی کە هیچ بەرەیەک نەیتوانـی دەنگـی پێویست کۆبکاتەوە بۆ دروستکـردنـی حکومەت لەماوەی نزیکەی چور مانگ پاش تاقـی کردنەوەی زۆربەی ڕێگاکان کە لەو ماوەیەدا پارتەکانـی سوید شێلگـرانە هەم وەک بەرەو هەم یەک بەیەک نەگەشتنە هیچ ئەنجامێک و چوار جار کاندیدی دیاری کراوی سەرۆکـی پەرلەمان ڕەفز کاریەوە و تەنها بوار بۆ یەک دەنگدانـی تر مابۆوە خۆ ئەگەر ئەو جارەش لە پێنچەم دەنگدانا ئەو کاندیدە سەرکەوتوو نەبوایە بۆ پێکهێنانـی حکومەت ئەوا بەپـێ دەستوری سوید و بەناچاری ئەبوو هەڵبـژاردنێکـی نوێ بکرایەتەوە کە ئەمەش لە بەرژەوەندی پارتـی ڕەگەزپەرست "سویدیە دیموکراتەکان"ا ئەبوو بە پلەی یەک هەر بۆیە بۆ پاراستنـی وڵات لە کەوتنە دەست بەرەی بۆرجواز بە پاڵپشتـی پارتـی ڕەگەز پەرست و تێچوونـی هەڵبـژاردنێکـی نوێ هەردوو پارتـی "سێنتەرو لیبـڕاڵ"  لە بەرەی بۆرجوازی ڕێکەوتنێکـی ٧٣ خاڵەیان لەگەڵ پارتـی سوسیال دیموکرات و ژینگەیا کرد و زۆربەی بەڵێنەکانـی هەڵبـژاردنـی خۆیان سەپاند و سەرەنجام پاش ١٣٤ ڕۆژ حکومەتـی نوێـی  لە ٢٢ی یەکـی ٢٠١٩دا ڕاگەیانرا لە هەردوو پارتـی سۆسیال دیموکرات و پارتـی ژینگە و بە پاڵپشتـی دوو پارتـی بۆرجواز حکومەتێکـی لە دوو پارتـی چەپ و مام ناوەند بە بەرنامەیەکـی نیمچە بۆرجواز  لە دایک بوو. ئەنجامـی هەڵبژاردنەکانـی ٩ی سێپتەمبەری ٢٠١٨ بەجۆرێک بوو کە بەرەی سورو سەوزەکان توانیان ١٤٤ کورسـی و بەرەی بۆرجوازی ١٤٣ کورسـی و پارتـی ڕەگەزپەرستیش سویدەیە دیموکراتەکان ٦٢بەدەستبهێنـن لە کاتێکا بۆ پێکهێنانـی حکومەت ١٧٥ کورسـی پێویستە لە کۆی ٣٤٩ کورسـی واتە هیچ بەرەیەک ژمارەی تەوای بەدەستنەهێنا و پێکهێنانـی حکومەت ١٣٤ی ڕەبەقـی خایاند کە ئەمە لە مێژووی سویدا نمونەی زۆر کەمە هەر ئەوەش وای کرد کە ئەو دوو بەرەیە چاوێک بە پێکهاتەکەیانا بخشێنەوەو سەرەنجام بەرەی بۆرجوازی هەڵوەشایەوە. جێـی ئاماژەیە لەماوەی ١٣٤ ڕۆژدا هەموو ڕێگاکان تاقـی کرانەوە تا بتوانرێ حکومەتێک پێنهێنـرێ کە بە هیچ جۆرێ پشت بە دەنگـی پارتـی ڕەگەزپەرست نەبەستـێ لەو پێناوەشدا هەردوو پارتـی سێنتەرو لیبـڕاڵ بۆ سەرخستنـی هاوتایـی نـرخـی مرۆڤەکان دوور لە ڕەنگ و ئاین و ڕەگەز بەرەکەی خۆیان جێهێشت و ڕێگەیاندا بەرەی نەیار حکومەت پێکبهێنـێ و دەنگەکانـی خۆیان خەواند چونکوم دوو پارتـی بەرەکەیان "بەرەی بۆرجوازی" ئامادەیان تیادابوو سود لە دەنگـی پارتـی ڕەگەزپەرست وەرگرن بۆ دروست کردنـی حکومەت و تێپەڕاندنـی بودجە کە ئەمەش لەگەڵ بەها دیموکراتیەکان و ئەو بەڵێنانەیا نە ئەهاتەوە کە هەردوو پارتـی سێنتەرو لیبـڕاڵ بە دەنگدەرانـی خۆیان دابوو کە ئەمەش ئەوە ئەگەیەنـێ پارستنـی بەها دیموکراتیەکان وپابەندبوون بە بەڵێنەکانـی هەڵبژاردنەوە لە بەرەو هاوپەیمانـی و پێکهێنانـی حکومەت و دەسەڵات وەرگرتن گرنگتـرە ئەگەر باجەکەی پێڵاو خواردنیش بـێت. لێرەوە بۆ ئاشنابوونـی خوێنەر پێم باشە مێژوویەکـی کورت و چڕی کاری پەرلەمانـی و لە دایک بوونـی دیموکراسـی و بوونـی ئەو خۆشگوزەرانیەی سوید و سیستمی پەرلەمانـی ئەو وڵاتە کە بە چەند قۆناغێکا گوزەری کردووە تا ئەم کاکڵە هاوتاییەی مافـی مرۆڤ و ئاژەڵ و سـروشتـی لـێ دروست بووە لە چەند دێڕێکا ئاماژە پێبەم. یەکەمیـن کۆبوونەوەی سویدییەکان لە ساڵـی ١٤٣١دا ئەبێت لە "ئەربۆگا" بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنیەتـی بەڕێوەبردنـی وڵات کە سویدیەکان ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەمیـن کۆبوونەوەی پەرلەمان کە سویدیەکان بە "ڕیکسداگ" ناوی ئەبەن دائەنێـن بەڵام یەکەمیـن پەرلەمان "ڕیکسداگ"ی سوید لە شاری ڤێستەڕۆس لەسەردەمـی پاشا "گوستاڤ ڤاسا"ی دووەم لە ساڵانـی ١٥٢٧-١٥٤٤کە کاری لەسەر وە بە نبچینەکانـی "خەڵك، قەشە، هاوڵاتـی و جوتیاران" کردووە وە بۆ یەکەمیـن جار ساڵـی ١٥٤٠ دەستەواژەی پەرلەمان "ڕیکسداگ" لە وڵاتـی سوید بەکارئەهێنـرێت. ساڵـی ١٦٠٠ بۆ یەکەمیـن جار لیژنەکانـی پەرلەمان ڕێکخران بەڵام لە کۆتایـی هەمان سەدەیا واتە کۆتاییەکانـی  ١٦٠٠داو لەسەردەمـی دەسەڵاتـی پاشا "کارل گوستاڤ"ی یانـزەهەمـیـن پەرلەمان زۆر لاواز کراو بوو بە داردەسـتـی پاشا. لەسەدەی هەژدەیا پەرلەمان جارێکـیتـر  گرنگــی بۆ گەڕایەوە و لەسەر چوار بنچینەکەی لای سەرەوە دەستبەکاربۆوە بۆ یەکەمیـن جار هەردوو پارتـی "شەپقە و کڵاو" پەیدابوون و ئەندامەکانیان ناردە پەرلەمان ، دواتر پەرلەمان بەهۆکاری داڕمانـی ئابوری و گەندەڵـی نێوان شارەکان بـێ هێـز بوو کە دواتر  ساڵـی ١٧٧٢ پاشا "کارل گوستاڤ"ی سێیەم ئینقلابـێکـی بـێ خوێن ڕشتن ئەنجامدا و کۆی دەسەلاتەکان کەوتە لای خۆی و پەرلەمان دەسەڵات و نفوژی خۆی لەدەستدا. ساڵـی ١٨٠٩ سوید جارێکـی تر یاسا بنچینەییەکانـی بەڕێوەبردنـی وڵاتـی داڕشت و دەسەڵاتـی یاسادانان و جێبەجێکردن و قەزا جیاکـرانەوە، هەر لەو ساڵەدا سوید دامەزراوەیەکـی بەناوی "ئەمینداری دادوەری زوڵم لێکراوان" دامەزراند کە ئەمە بووە یەکەمیـن دامەزراوە لە جیهاندا کە پارێزگاری لە مافـی بەشخوراوان بکات و پاشان تا ساڵـی ١٩٧٤ گۆڕانکاریەکـی ئەوتۆ بەسەر یاسا بنچینەیەکانـی ئەو وڵاتەدا نەهات کە شایانـی باس کردن بێت. ساڵـی ١٨٦٢ ئەو کچانەی کە قەیرە بوون و شویان نەکردبوو بەڵام خاوەنـی سەروەت و سامانێکـی زۆر بوون ڕێگەیان پێدرا کە لە هەڵبـژاردنـی شارەوانیەکانا دەنگبدەن و ساڵـی ١٩٠٧-١٩٠٩ ڕێگە بەو کچانە درا کە مافـی دەنگدانیان هەبوو کە خۆیان کاندید بکەن بۆ شارەوانیەکان و پاشان ساڵـی ١٩١٨ ڕێگەی دەنگدان بۆ هەموو ئافرەتان بـێ جیاوازی دەستبەرکـرا. ٢٤ی ئایاری ساڵـی ١٩١٩مافـی دەنگدان بۆ هەردوو ڕەگەزی نێـرو مـێ وەک یەک هاوتا کراو پاشان لە هەڵبژاردنـی ساڵـی ١٩٢١ پێنچ ئافرەت بۆ ئەندام پەرلەمان هەڵبـژێـران وە لێـرەوە پەرلەمانـی سوید بوو بە پەرلەمانێکـی دیموکـراتـی کە نوێنەرایەتـی کۆی خەڵکـی ئەکرد بـێ جیاوازی. ساڵەکانـی ١٩٢١، ١٩٢٢، ١٩٣٧ و ١٩٤٥ یاساکانـی سەربازی نەکردن، ئەوانەی تاوانیان کردووەو زیندانـی کراون و ئەوانەی ئیفلاسـی ئابوریان کردبوو هەڵگـیـران کە ڕێگەی لەو خەڵکانە ئەگـرت مافـی دەنگدانیان هەبـێ و تا ساڵـی ١٩٨٩ کە کۆی یاسا ڕێگـرەکان لەسەر دەنگدانـی هاوڵاتیانا هەڵگیـراو بەوجۆرە مافـی دەنگدان بۆ هەمووان دەستەبرکرا. هەڵبەتە مێـژووی ئەو وڵاتە ئەوەمان پێئەڵـێ کە بۆ گەیشتن بە دیموکراسـی ڕاستەقینەو خۆشگورزەرانـی ئەوەی پێویستە تەنها کات و کۆڵنەدانە، سەرەنجام ئەگەیتە ئەو باوەڕەی ژەمە خورادنێکـی سەرۆکـی پارتەکەت پێڵاوێک بێت سەربەرزانەترە لەوەی لە بەڵێنێکـی هەڵبژاردن پاشگەزبیتەوە یان لە بەها دیموکراسیەکان پاشەکشـێ بکەیت   


عەزیز ڕەئووف یەکەم: بێدەنگی درێژخایەن لەسەر دۆخێکی سیاسی بەمانای ڕازیبوون نیە. هەندێ جار لە سوچێکی دنیای ئێمە بەشێک لە ناڕەزایی ئامادەیە و لەپڕ دەتەقێتەوە و زۆر شت لەگەڵ خۆیدا دەسوتێنێت. ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا پێماندەڵێت دۆخی بێدەنگی و فەزای قسەنەکردن بەمانای ڕازیبوون نایات و ڕەنگە ڕووداوێک، توڕەییەکی کاتی دۆخەکە بباتە قۆناغێکی تر و ناڕەزایی فراوان دروست بکات. دووەم: تورک بەڵای گەورەی ناوچەکەیە و هەمیشە شەڕ دەگوازێتەوە دەرەوەی سنوری خۆی. تورک لە قەندیل و لە شیلادزێ و لە شەنگال دەیەوێت لە باشور ئامادە بێت و ئەگەر نەشکرا ئەوا لە بەرگێکی تردا کە گروپی تیرۆرستی داعشە دێتەوە نێو دنیای ئێمە. سێیەم: دنیای ئێمە پڕە لە ناڕەزایی و توڕەیی نادیار. ئەم بێدەنگیە و لە پشتکردنە دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردن دەیسەلمێنێت کە لە کۆڵانەکانی ئێمە شتێکی تر دەگوزەرێت و نابینرێت. لە کۆڵانەکانی دنیای ئێمە ناڕازی گەورە ئامادەیە و نایبینین و ئەم ناڕەزاییانە لە هەڵوێستێکی کاتیدا خۆی مانڤێست دەکات.  چوارەم: خۆپیشانەکانی شیلادزێ خورسکە و خاوەنی نیە. خۆپیشاندەری بێخاوەن جۆرێک لە جوانی تێدایە بەوەی نەکەس ئاراستەی دەکات، نە دەتوانرێت کات و شوێنی بۆ دیاری بکرێت. ئەوەی لە شیلادزێ ڕوویدا دەم و چاوی کەسی پێوە دیار نیە و دەستی کەسی تێدا نابینرێت جگە لە دەستی خەڵک خۆی بە خۆیان و خەم و توڕەیی و ناڕەزاییەکانیانەوە.  پێنجەم: مرۆڤ پرسیاری لا دروست دەبێت: ئەم هەموو تانک و زرێپۆش و سەربازەی تورک چی دەکا لە شیلادزێ؟. خۆ پارتی هەمیشە ناوچەی سلێمانی تاوانبار دەکرد بە بوونی هێزە ئێرانیەکان و قاسمی سولەیمانی. دەسەڵاتداران لەو دەڤەرە پێیان وابوو ناوچەکە ئارامە. ئەم خۆپیشاندانە عەورەتی ناشرینی دەسەڵاتی لەو دەڤەرە نیشانداین کە دەیویست دایپۆشێ و کەس نەیبینێت کە لە نێوان پارتی و تورکیادا چی لەئارادایە. دروستبوونی ئەم درزە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە شتێک بەناوی سنور لە هەرێم نەماوە و شوێن پۆستاڵی تورکەکان بەئاشکرا دیارە. شەشەم: ئەوەی بینیمان لە شیلادزێ و بێدەنگی سەرجەم هێزەکان سەلماندی کە لە باشور سیاسەت مردووە و ئەسڵەن پارتە سیاسیەکان لە ناڕەزایی و خەم و ئازار و تەنانەت دیدو تێڕوانینی خەڵک تێناگەن و ئەوان لە بارەگاکاندا سیاسەت دەکەن نەک لە کۆڵانەکان. ئەم خۆپیشاندانە خوڕسکە ئەوەی دەرخست کە سیاسەت لە کۆڵان و لەسەر شەقامەکانە نەک لەبارەگای حزبەکان.


ئومێد حه‌مه‌عه‌لی      سه‌رنجێك له‌باره‌ی ته‌سلیمبوونی كه‌لتوریی و جیهانبینییه‌وه‌          ئه‌توانین نمونه‌یه‌كی ئاسایی مێژوویی بۆ ده‌ستپێكی ئه‌م قسه‌كردنه‌مان باسبكه‌ین: پارتی نازی ئه‌ڵمانی دیارده‌یه‌كی سیاسی و ئایدۆلۆژی سه‌رده‌مێكی دیاریكراوی ئه‌ڵمانه‌ و سه‌رۆكایه‌تی ره‌های ئه‌و وڵاته‌ی كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا تا دۆڕاندنی یه‌كجاره‌كییانه‌یان له‌و جه‌نگه‌ خوێناوی و كاولكاره‌دا. من مه‌به‌ستم نییه‌ بچمه‌ ئه‌و مێژووه‌وه‌، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ هێمای پێبكه‌م و بیرتانی بخه‌مه‌وه‌ كۆتایهاتنی پارتی نازی و روخاندنی رژێمه‌كه‌یه‌تی، به‌ڵام به‌رده‌وامی شوناس و ئایدۆلۆژیای ئه‌و حیزبه‌یه‌ له‌ ده‌می تری مێژوودا و له‌ جوگرافیا و كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌واو جیاوازدا. ئێمه‌ له‌ ئێستا شوناسی نازیبوون و فاشیستبوون بۆ هه‌ر هێز و كه‌سێك قایلبین، زۆر به‌ ساكاریی هه‌موو كه‌س له‌وه‌ تێده‌گات، كه‌ مانای ئه‌وه‌نییه‌ پێمانوابێ، ئه‌و هێز و كه‌سانه‌ ئه‌ندامی راسته‌قینه‌ و راسته‌وخۆی پارتی نازی ئه‌ڵمانی، یان پارتی فاشی ئیتالیین، ئه‌گه‌ر كه‌سێك واتێبگات كه‌ ئه‌و مه‌به‌سته‌مان هه‌بێ دیاره‌ له‌رووی هزرییه‌وه‌ ناكامڵه‌. ئه‌م قسه‌یه‌مان بۆ ئه‌وه‌یه‌ پارتیبوون و یه‌كێتیبوون ته‌نیا نه‌به‌ستینه‌وه‌ به‌وه‌ی ته‌نیا ئه‌ندامی ئه‌و دوو حیزبه‌ سیاسییه‌ بیت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری شوناسی سیاسیی ئه‌وان بیت. هه‌ر هێز و كه‌سێك ده‌توانێت له‌گه‌ل ئه‌و دوو حیزبه‌ بچێته‌ شه‌ڕه‌وه‌، ته‌نانه‌ت شه‌ڕ له‌ هه‌ر فۆرمێكیدا بێت، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ببێته‌ له‌خۆگر و هه‌ڵگری شوناسی سیاسی پارتیبوون و یه‌كێتیبوون، چونكه‌ لێره‌دا پارتیبوون، یان یه‌كێتیبوون ئاماژه‌یه‌ بۆ جۆرێكی جیهانبینی، به‌ڕێوه‌بردنی حیزب و ئیداره‌دان و په‌یوه‌ندی به‌ مرۆڤ و ئازادییه‌وه‌، كه‌ بێگومان ره‌گوریشه‌ی هه‌موویان له‌و جیهانبینیی و ئه‌قڵییه‌ته‌دایه‌ كۆی پرسه‌كانی پێ ئاراسته‌ئه‌كه‌ن.   ئه‌گه‌ر بۆ نازیبوون و فاشیبوون كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تی ئایدۆلۆژی و سیاسی له‌ئارادابن، به‌دڵنیایی بۆ پارتیبوون و یه‌كێتیبوونی هه‌ر هێز و ئینسانێكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگری راسته‌وخۆی ئه‌و دوو حیزبه‌بێت، چه‌ند خه‌سڵه‌تێك پێویسته‌ هه‌بن:   یه‌ك، قه‌بوڵكردنی بنه‌ماڵه‌ییكردن: پارتی له‌ پرسی بنه‌ماڵییكردنی هه‌موو شتێكدا مێژوویه‌كی دوورودرێژی سیاسی هه‌یه‌ و، یه‌كێتیش سه‌رباری زه‌مه‌نێكی دیاریكراو له‌ به‌رێوه‌بردنی شه‌ڕێكی سیاسی و تائه‌ندازه‌یه‌كی سنورداریش شه‌ڕی فیكری دژی بنه‌ما خێڵایه‌تی و بنه‌ماڵه‌ییه‌كان و، داگیركردنی فه‌زای حیزب و سیاسه‌تی گشتی، ته‌سلیمی هه‌مان نه‌هجی سیاسی خێڵایه‌تی-بنه‌ماڵه‌چێتی بوو و، نه‌یتوانی به‌رده‌وامی به‌خۆی بدات و، دواجار له‌شوناسی پارتیبون دا دۆخێكی تراژیدی ده‌ژی. قسه‌یه‌كی نیتشه‌ی فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌ زۆر گونجاوه‌ بۆ دۆخی ئه‌و جۆره‌ ململانێیانه‌ی كه‌س، یان هێزێك تێیدا ده‌دۆڕێت، نه‌ك له‌رێگه‌ی ته‌سلیمبوونی راسته‌وخۆی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌رێگه‌ی ته‌سلیمبوونی جیهانبینی و فۆرمی بیركردنه‌وه‌ی سیاسییه‌وه‌ به‌ جۆری بیركردنه‌وه‌ی دوژمن، یان نه‌یاری سیاسییه‌وه‌ ده‌رباره‌ی سیسته‌می به‌رێوه‌بردنی حیزب و فه‌رمانره‌وایی؛ ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌ گوتویه‌تی:" له‌ شه‌ڕكردنتا له‌گه‌ل دێوه‌كان، پێویسته‌ وریابیت خۆت نه‌بیت به‌ دێو". ئه‌مه‌یه‌ كێشه‌ی دونیای سیاسیی و حیزبی ئێمه‌، مێژوویه‌كی خوێناوی، یان مێژوویه‌كی پڕ له‌ ململانێی دژوار ده‌ژی و، له‌جیاتی خوڵقاندنی ژیان و دونیایه‌كی تازه‌ و به‌رجه‌سته‌كردنی پرۆژه‌ی ئه‌لته‌رناتیڤی ته‌واو جیاواز، به‌هه‌مان ئاراسته‌ی به‌ دێو-بوون دا تێده‌پڕێ و، له‌بری داهێنانی مێژووییانه‌، ئه‌بێته‌وه‌ به‌هه‌مان كارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی مێژوو، كه‌ ئه‌شێ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسی  دیكه‌دا به‌رده‌وام بێت. دوو، موقه‌ده‌سكردنی حیزب و سه‌رۆك: هه‌موو ئه‌و هێز و كه‌سه‌ سیاسییانه‌ی توانای خوڵقاندنی سیاسی له‌ده‌ستده‌ده‌ن و ئیراده‌ی رووبه‌رووبونه‌وه‌یان نامێنێ و له‌ ئازادبوونی راسته‌قینه‌ی خۆیان تۆقیون، په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر ئه‌و فۆرمه‌ دواكه‌وتووانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ حیزب و سه‌رۆكه‌وه‌، كه‌ جێبه‌جێكردنی شێوه‌یه‌كی په‌رستنه‌، نه‌ك په‌یوه‌ندی سیاسی گرێدراو به‌ ئاگامه‌ندییه‌كی قووڵ و روانینێكی فیكری ره‌خنه‌گرانه‌ی تیژه‌وه‌، كه‌ ته‌نیا مه‌رجن بۆ ره‌سه‌ناێتی هه‌ر ئینسانێك و ته‌ندروستبوونی په‌یوه‌ندی سیاسی به‌ حیزب و سه‌رۆكه‌وه‌.    ژماردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌ ترسناك و چه‌وتیی و تراژیدیاكانی ئه‌و دوو حیزبه‌ ته‌نیا بۆ دوو به‌ش پۆلێن و ده‌ستنیشانناكرێن، به‌ڵام من ئاماژه‌ بۆ ئه‌و دوو مانا ره‌مزییه‌ ئه‌كه‌م و، پێموایه‌ بناغه‌یترین خه‌سڵه‌تی ئه‌و دوو هێزه‌ن و سه‌رچاوه‌ی زۆرێك له‌ كێشه‌ و فه‌سادییه‌ زۆرزه‌وه‌نده‌كانی دیكه‌یانن. مه‌به‌ستمه‌ بڵێم پارتی و یه‌كێتی دوو حیزبی سیاسیی نین به‌ته‌نیا، ئاماژه‌ن و سیمبۆل و شوناسێكی دیاریكراون بۆ هه‌موو ئه‌و هێز و كه‌سانه‌ی كه‌لتوری سیاسیی ئه‌وان به‌رهه‌مده‌هێننه‌وه‌ و پیاده‌ی ئه‌كه‌ن له‌ ژیانی سیاسیی خۆیاندا.  


چۆمان محه‌مه‌د         سەروەری یاسا لە سادەترین پێناسەیدا بریتیە لە بوونی شكۆ و هەیبەتی ئەو یاسایانەی كەلە وڵاتدا دەردەچن، جێ بەجێ دەكرێت بەسەر هەموو كەسێكی سروشتی و مەعنەوی بەبێ حسابكردن جیاوازی  بۆ ڕەگەز و نەتەوە و ئایان و پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی، واتادادگاكان بێ لایەن و سەربەخۆیانە بەبێ دەستێوەردانی حیزبی دەسەڵاتدار كاری یاسای و دادگەری خۆیان بكەن و بڕیارەكانیان هێزی پابەندكاری هەیە بۆ هەمووان. گەر لە ڕوانگەی  ئەو ناساندنەوە بڕوانیە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان دەبینین شتێك نەماوە بەناوی سەروەری  یاسا، چونكە ئەو بنەماو مەرجانەی پێویستن بۆ بەدیهێنانی ڕێز و شكۆی یاسا لەم هەرێمەدا وجودی نیە، دادگاكان و دەسەڵاتی  دادوەری تەنها لە ڕواڵەت و ڕوكەشدا ویلایەت و هەژمونیان هەیە بەسەر هەمووان، دەنا واقیعی ئێستا ی كوردستان پێیمان دەڵێت، یاسا تەنها بۆ خەڵكی نا حیزبی و بێ دەسەڵات و بێ  پلە وپایە و پێگە جێ بەجێ دەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە لە سەرانی حیزبی دەسەڵاتدارو  كەسی سەربازی خاوەنی پێگەی سیاسی و جەماوەری دارایی، دادگا و یاسا ناتوانێت بە ئاسانی و  بێ لەمپەڕ دەستیان پێی بگات، بەو واتایەكی رونتر هەرگیز یاسا بەسەر هەمووماندا وەك یەك جێ بەجێ نابێت، ڕۆژانە دەبینینبێ ڕێزی و بێ حورمەتی و پێشێلكاری دەرهەق بە مافی گشتی و سامانی گشتی و ئازادی و مافی تاك  دەكرێت، وە چەندین بڕگە و مادە و یاسای گرنگ هەن لە هەرێمدا كە بونەتە داڕشتن و ڕستەی ڕیزكراو كە جێ بەجێ ناكرێت.   حساب نەكردن بۆ سەروەری یاسا گەشتۆتە ترۆپك  هیچ قۆناغ و زەمەنێك بە هێندەی ئێستا سەروەری یاسا و دادگا لە پاشەكشەدا نەبووە، تەنانەت لە سەردەمی بەعسی لەناوچوودا، كە سییتمێكی دیكتاتۆری هەبووە لە پێناوی پاراستنی سیستمی گشتی و ئاسایشی وڵاتدا، بەڵام  هەمیشە رێزی یاسا و دادگا بوونی هەبووە و بەپیرۆزییەوە لییان روانیوە و بە سانای و بێحساب و بێ ئەرزش سەیر نەكراوە، گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی ولات و  پێشیلكاری و مافیا گەری بەم چەشنە بووە، قۆناغێكی مەترسیدار گوزەر دەكات تایبەت بە شكۆی دادگا و یاسا، چونكە لەسەر ئاستی باڵا تا نزمترین  پلە بێ ڕێزی بە یاسا و دادگا و سەروەری ئەم چەمكانە دەكرێت، زۆربەی پرسی سیاسی و كۆمەڵایەتی و حكومڕانی و كارگێڕی بەبێ حساب كردن بۆ یاسا دەڕوات بەڕێوە، لە دیارترینیان سەپاندنی سیستمی پاشەكەوت بە نایاسای، داخستنی دەرگای پەرلەمان، ڕێگری لە سەرۆكی پرلمان و وەزیرەكان بۆسەر كارەكانیان، تا دەگاتە تزویر و ساختەكاری و گزی لە هەڵبژاردنەكان و گاڵتەكردن بە دەنگی دەنگداران و تەواوبوونی ماوەی یاسای چەندین دەستە و دامەزراوەی فەرمی وەك ئەنجومەنی پارێزگاكان،  برۆ بۆ جێ بەجێ نە كردنی چەندین فەرمانی گرتن و داڵدەدانی تۆمەتباران، تەقەكردن لە خۆپیشاندان مانەوە لە كۆرسی دەسەڵات پاش تەواوبوونی ماوەی یاسایی، تدخل كردنی حیزب لەناو دەسەڵاتی دادوەری و دادگاكان، گرتن و ئازادكردنی هاوڵاتیان بێ حساب كردن بۆ دادگا، بوونی چەندین باندو مافیای گەورە بۆ دزین سامانی وڵات، دزینی نەوت و سامانی سروشتی و پەلاماردانی دكتۆر و هێرشكردنە سەر تاكەكان، دووبارەبوونەوەی سەدان حاڵەتی تەقەكردن و كوشتن، هەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت  وداگیركردنی مالی دەولەت و بابەتی زیادە رۆی , هەموو ئە مانە  و چەندین تاوانی تر كە رۆژانە دەست و پەنجەیان لەگەل نەرم دەكەین ,نمونەی دیاری ئەو تاوان و بێ ڕێزیانە  پەنجەكانهیلاك و شەكەت دەبن لە نوسینیان، زمان ویستی گۆی نامێنێت لە وتنیان، گوێكان ئاڕەزووی پێویستی ناكەن  لە زۆری ژمارە  و گەورەی قەبارە یان.   كاریگەریە مەترسیدارەكانی حساب نەكردن بۆ یاسا ئەو واقعە تاڵەی ئێستا تێی كەوتویین، گەر سنورو بەربەستێكی بۆ دانەنرێت ,دەمانباتبۆ قەدەرێكی ترسناك كە وردە وردە ئاماژەكانی دەركەوتون ، لەبری هێزی یاسا حوكم و بڕیاربدات یاسای هێز واتا كێ بەهێزترە حوكم دەكات، یاسا سەروەر نەبوو خەڵك و هاوڵاتی لەبری پەنابردنەبەر دادگا هەوڵی تۆڵەكردنەوەی كەسی دەدات، یاخود خۆی دەداتە پاڵ گروپ و عەشرەت و هێزی چەكدار و حیزب، ڕۆڵی دامەزراوە ئەمنیەكان كەم دەبێتەوە و خەڵك متمانەیان پێ ناكات، دادگاش وەك دامەزراوەكانی تر دەبێتە دائیرەیەكی رۆتین و بێ ئەرزش، دیاردەی بەرتیل و وەرگرتنی رەشوە زۆر زیاد دەكات، سامانی گشتی و تاك بەهەدەر دەدرێت، گەندەڵی وڵات سیخناخ دەكات، كەشێك دروست دەبێت كەسی پاك و ڕێزگری یاسا ئەوەندە كەمدەبنەوە دەبێتە كارێكی عەیب و نەشیاو كە ئیش و كاریان و بەرژەوەندیان ناڕوات بەڕێوە و بێ یاسای وبەدیهێنانی  بە رژەوەندی كەسی  بە هە ر نریك بێت دەبێتە نەریت، دیسان دەگەڕێنەوە قۆناغێك  كە حیزب دە كەینەوە بەكەڵەگا و حاكم تاوەكو ئاڕاستەی كۆمەڵگا و وڵات بكات، ئازادی تاك و ڕادەربڕین و خۆپشاندان و گرتن و پەلاماردان و سزادانی سیاسی و سەركوتكردن دەبێتە كاری ڕۆژانە و نەریتی هەمیشەی,بێدەنگی و سەركوتكردن دەچەسپێت,هیندەی تر مالی گشتی و سامانی گشتی بەهەدەر دەدرێت و هیچ كەسێك دەستەبەری  سەلامەتی  ژیان و كەرامەتی خۆیی ناكات، بەو واتایەی گەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت درێژە بەسەروەرنەبونی ی یاساو شگۆی دادگاكان ڕانەگرێت، ئەوا  كۆمەڵگای كوردی وشیرازەو هاوسەنگی كۆمەلایەتی و سیاسی و حكومرانی و ئاسایشی نیشتیمانی و  نمونەی حوكمڕانی و مافی گشتی و ئازادی گشتی و تاكەكان لە لێواری نەمان و ڕوخاندایە، گرنگە ویژدان زیندوانی نێو حیزبەكان و دادوەر و پلە دارانی دەسەڵاتی دادوەری لە گەورەی و پڕمەترسی ئەم دۆخە تێبگەن و ڕۆلیان  هەبێت لە ڕاگرتنی باڵانس و ئەو پیشێلكارە یاساییانەی رودەدەن لە هەرێم، چونكە گەر وانەكەن پیگەو سومعەی خۆیان و پیشەكەیان لە كەدار دەبێت و خەلكیش بە بێ ئەرزش و بودەلە لێان دەروانن و وەك ئامرازی پارێزگاری لەو دۆخە چەقبەستوە  وەسفیان دەكەن.


 سەرتیپ وەیسی كەریم        * لەسەرەتای كۆبوونەوەكانی نێوانی پارتی و یەكێتیی، جۆرێك لە بێ متمانەیی لە نێوان پارتی و یەكێتیی هەبوو، بەڵام پەیوەندییەكانی ئێستای پارتی و یەكێتیی تاڕادەیەك ئاسایی بۆتەوە، هەرچەندە پارتی جۆرێك لە یاری نێوان گۆڕان و یەكێتیی دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا قەناعەتیان بەوەیە یەكێتیی هاوبەشیان بێت، دەشزانن ناتوانن بەبێ یەكێتیی هیچ بكەن. * پارتی و یەكێتیی لەسەر واژووكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوانیان هاوڕان و لیژنەشیان بۆ دروستكردوە، بەڵام جیاوازیەكەیان لە ڕووی ناوەڕۆك و بنەماو پڕەنسیپەكانی ئەو ڕێككەوتنەیە. *یەكێتیی تاوەكو ئێستاش لەگەڵ ئەوەیە پرسی كەركوك، بە دانانی پارێزگارو كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگار ئاسایی بكرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا پارتی نەهاتۆتە ژێر باری ئەو داواكاریە، دەیەوێ لەگەڵ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ نەبێت، بەڵام ئەمەی بۆ نەچۆتە سەر. * جیاوازییەكانی نێوان پارتی و یەكێتیی چەند ڕێگرە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ، ناكۆكییەكانی نێو باڵەكانیش دوو ئەوەندە. *ماڵی بارزانی باوك ( مەسعود بارزانی مەسرور بارزانی) جیاوازیان هەیە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەسەر مەسەلەی مامەلەكردنی پارتی لەگەڵ (بەرهەم ساڵح و پرسی كەركووك و باڵەكانی نێو یەكێتی). * شاندەكانی كۆبوونەوەكانی هەفتەی داهاتووی نێوان لایەنەكان بچووكتر دەبن و بڕیاری زیاتریان لادەبێت. * هەرچەندە گۆڕان و پارتی لە دانوستاندنەكان لە لێدوانەكانیان باس لەوەدەكەن هاوڕان، بەڵام دوای پێشەكشكردنی پڕۆژەكەی گۆڕان لە بارەی (كارنامەی حكومەت و پێوەری دابەشكردنی پۆستەكان)، پارتی پێیوایە: سەقفی داواكارییەكانی گۆڕان لە نێو كابینەی داهاتوو زۆر زۆرە، چونكە گۆڕان داوای چەندین پۆستی وەكو ( بەڕێوبەری گشتیی و بریكارو راوێژكار لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و ژمارەیەك وەزیری خزمەتگوزاری و سیادی و جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات)، كە ئەمەش بەلای پارتیەوە زۆرە.  *گۆڕان گۆمانی زۆرە لەوەی ئەو بەرنامەیەی پێشكەشی كردووە، لە لایەن پارتیەوە جێبەجێكرێـت، ئەگەر ڕازیبن لە بەژداریكردن لە حكومەت. * گۆڕان داوای پۆستی باڵا دەكات بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی، ئەمەش بەنسبەت پارتیەوە قوڕسە، چونكە یەكێتیی لە هاوكێشەكەدا ژمارەیەكی گەورەترە. * ئەگەرێكی لاواز هەیە ئەگەر پارتی داواكارییەكانی گۆڕان جێبەجێنەكات، جڤاتی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن هەڵبژێرێت، لەسەر ئەو مەسەلەیەش چاوەڕێی پارتی دەكەن.  *پارتی و گۆڕان لەیەوەكە نزیكن، بەڵام پارتی پڕۆسەكەی خاوكردۆتەوەو جارێ دەیەوێ لەگەڵ یەكێتیش بچێتە پێش. * پێكدادان هەیە لە نێوان داواكارییەكانی یەكێتی و گۆڕان. * پارتی داوای لە گۆران كردووە بەیەكەوە لەگەڵ یەكێتیی، كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لەبارەی پرسی كارنامەی حكومەت بكەن، یەكێتیش ئەرسەلان بایزی بۆ ئەو لیژنەیە دیاریكردوە. * ئاڕاستەی دانیشتنەكانی گۆڕان لەگەڵ پارتی، زیاتر لە لایەن عومەری سەید علی و موستەفای سەید قادرو كوڕەكانی نەوشێروان موستەفاوەیە. * هەوڵێك هەیە پرسی مامەڵەی پارتی لەگەڵ بەرهەم ساڵح لە لایەن نێچیرڤان ئاسایبكرێتەوە . * نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ دانانی جێگری سەرۆكی هەرێم نییەو، پێیوایە: ئەمە زیاتر دوو ئیدارەیی تۆخ دەكاتەوە، داواشكراوە یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم بە دەسەڵاتەكانی پێشووتر بمێنێتەوەو سەرۆك بۆ دوو خول لە ناو پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام جێگری نەبێت. *یەكێتی تاوەكو ئێستا لەسەر كاندیدو پۆستەكان خۆی یەكلانەكردۆتەوەو گفتووگۆی جدیشی لەسەر نەكردووە، بەڵام تەنها بەفەرمی دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی كردوە، وەك كارتێك تاوەكو پۆستی باڵاتر وەگرێت، لە نێوشیان ناوخۆو دارایی. * ئاشتی هەورامی تارادەیەكی زۆر یەكلابۆتەوە كە بمێنێتەوە، ماڵی بارزانیش ئارەزوویانە پشتیوان صادقیش بمێنێتەوە، ئەوەش یەكلابۆتەوە كە نەجمەدین كەریم پۆستێكی باڵای پێبدرێت لە كابینەی داهاتوودا، ئەگەر دەربازیش بێتەوە نێو حكومەت سێ كەس دەبنە دووبارە. * تاوەكو ئێستا كۆمەڵ لە دەرەوەی هاوكێشەی حكومەتە. * هەرچەند پارتی لەگەڵ ئەوەیە بە زووترین كات سەقفی زەمەنی بۆ دروستكردنی كابینەی داهاتوو دابنرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا دیار نییە، كەی ئەو كابینەیە دروستدەكرێت؟ بەپێی ڕەوشی كۆبوونەوەكان و ڕێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم و، پاشان ڕاسپاردنی مەسرور بارزانی، پێدەچێت كابینەی نوێ بكەوێتە بەهاری ئەمساڵ  


كاوە محەمەد  بۆئەوەی گەشبینییەکی لەرادەبەدەر و دوور لەواقیعی (دزی و تاڵانی) دەسەڵاتداران، بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت مووچەخۆران دروست نەکرێت و ئێمەی پەرلەمانتارانی کوردیش تەنها لەدیوە عیراقییەکەوە مژدەی پێدانی مووچەی تەواو و بێ پاشەکەوت بەخەڵکی خۆمان نەدەین، زەروورە بەبێ چوونە ناو وردەکاری ژمارەکان، ئەوە بڵێین کە ئەوەی لەیاسای بودجەی ئەمساڵدا بۆ هەرێمی کوردستان جێگیرکراوە (بە بەراورد بە لاوازیی کورد لەدوای ریفراندۆم-ەوە)، باشترین بڕگە و داڕشتنە کە لەنێو ململانێی فراکسیۆن و رەوتە جیا جیاکانی ناو پەرلەمان و عیراقدا بەدەستبهێنرێت. بەڵێ بەپێی یاساکە، ئەگەر رۆژانە حکومەتی هەرێم (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتەکەش رادەستی بەغدا نەکات، مانگانە ئەو بڕە پارەی بۆ مووچەخۆران و پێشمەرگە تەرخانکراوە کە زیاترە لە (٥٠٠) ملیار دینار، دەبێ لەبەغداوە بنێردرێت، خۆ ئەگەر هەرێم ئەو نەوتەش رادەست بکات، بێگومان باشتر دەبێت و لەساڵەکەدا زیاتر لە(١٠) تریلیۆن دینار بۆ هەرێم دەنێردرێت، هێشتا زیاتر لە (١٥٠) هەزار بەرمیل (رۆژانە)ش بەدەست هەرێمەوە دەمێنێتەوە خۆی بیفرۆشێت، ئیتر لەهەردوو حاڵەتەکەدا حکومەتی هەرێم دەتوانێت بەزیادەوە مانگانە (بەبێ پاشەکەوت و دواکەوتن) مووچەی خەڵکی هەرێم دابەش بکات.. بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە، ئاخۆ حکومەتی هەرێم (بەو سیستمە پڕ لەگەندەڵی و راوووتە حزبی و شەخسیە بێ چاودێرییەی پێی بەڕێوەدەچێت) ئەهلیەت و ئامادەیی ئەوەی تێدایە، ئەو داواکارییە رەوا و سادەیەی خەڵک بەدیبهێنێت ؟ یان دیسان (دەبێتەوە گۆشت بە پشیلە سپاردن) و هەر پارەیەک (چەندە زۆریش بێت) لەبەغداوە بگاتە هەولێر، دەخرێتەوە نێو ژێرزەمینە تاریکەکانی حزب و ئینجا تیمەکانی بەرپرسان (لەراوێژکار و شرۆڤەکار و میدیاکاران) دەست دەکەنەوە بە هۆنینەوە و داتاشینی بڕوبیانووی پووچ و بێ مانا، بۆ داپۆشینی دزییەکان ! کە هەر ئەم ئەگەرەشیان بەهێزتر دێتە بەرچاو.. خۆ لەکاتی رادەستنەکردنی نەوتی هەرێمیش، رەنگە لەهەر کاتێکدا گۆڕانکاریی سیاسی بێتە پێشەوە و بەغدا لەرێککەوتنی ژێر بەژێری سیاسی و دەقی ناو یاسای بودجەیش پاشگەزبێتەوە و ئەو پارەیە ببڕێت، کە رەنگە لەمەشدا بۆ دادگای فیدرالی بگەڕێتەوە و تەفسیری دەستووری بۆ نادەستووریبوونی ناردنی پارەی مووچەی خەڵکی هەرێم بەدەستبهێنێت.. بۆیە لێرەدا گرنگە ئەوەی پەیوەندی بە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٩)ی عیراقەوە هەیە، هەموو رەهەند و ئەگەر و کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بخرێتەڕوو، بۆئەوەی (وێنەکە وەک خۆی) بخرێتە بەرچاوی خەڵک و کەس بە گەشبینیی و خۆشباوەڕی مەست و حەیران نەکەین. کاوە محەمەد


سەرکەوت شەمسەدین دیدی جیاکردنەوەی “موچە لە بودجەی هەرێم" و سیراعی سیاسی نێوان هەرێم و بەغداد بابەتێکی نوێ یە روئیای نەوەی نوێ بوو. پێشتر لە خولی پێشوی پەرلەمان تەنیا شەر لەسەر ۱۷٪ دەکرا بەڵام لە خولی پێشو بزوتنەوەی گۆران دوای تێکچونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی، گۆران تەبەنی ئەوەیکرد کە ئەگەر هەرێم ئیلتیزامی نەکرد ئەوە بەغداد راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات، وە ئەم هەوڵە زیاتر چوەپێش لە پاش ریفراندۆمە شومەکەی بارزانی. بەڵام ئەو هەنگاوە نادەستوری بوو جێبەجێکردنی ئەستەم بوو وە پارێزگارەکانی هەرێم نەچونە ژێر باری ئەم هەوڵەوە.، دواتر پێشنیاری ئەوە کرا کە فەرمانبەران راستەوخۆ لە بانکەوە موچەکانیان لە عێراق وەربگرن (هاوشێوەی ئاوارەکانی موصڵ) بەڵام ئەوەش عەمەلی نەبوو چونکە عێراق بەیاناتی دەقیقی فەرمانبەرانی هەرێمی لا نییە. دیدی ئێمە ئەوەبوو موچە نابێت بە مەرج بدرێت وە بەپێی مادەی ۱۱۲ دەستور داهاتی وڵات بەپێی رێژەی دانیشتوان دابەشدەکرێت بێ جیاوازی. هەروەها ئێمە لەگەڵ کوتلەی سائیرون و نەصر کەوتینە گفتوگۆ کە ناکرێت لە یاسادا بەرپرسیاری سزا پێکەوە دابنرێت بێئەوەی دادگا ناکۆیکە یەکلاییبکاتەوە، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم وبەغداد لە دادگا ناکۆکیەکانیان یەکلایبکەنەوە ئەگەر هەر لایەکیان پێشێلی رێکەوتنەکەیانکرد، نەک حکومەتی عێراق تاکلایەنە بریاربدات و قوتی خەڵک ببرێت. باسی ئەوەمان کرد کە ئەگەر بەغداد لانیکەم موچە نەنێرێت ئەمە جگە لەوەی نادەستورییە بەڵکو وادەکات کورد بەغداد وەک دوژمن سەیربکەن وە خەڵک زیاتر باوەر بە موهاتەراتەکانی بارزانی دەکات دژبە عێراق ئەوەش بۆ ئایندە مەترسیدارە و دژی پێکەوە ژیانە لەنێوان کورد و عەرەب، ئەمە زۆر کاریگەری هەبوو لەسەر یان بەڵام داوایانکرد کەپشتیوانیان بین لە چاودێریکردنی چۆنییەتی سەرفکردنی بودجەی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە وە لەپرسی نەوتی هەرێم دیسان پێکەوە کار بکەین چ لە پەرلەمان یان دادگای ئیتیحادی. لە ناو کوتلە کوردییەکان بۆچونێکی باو هەبوو کە "پێویست ناکات شەر لەسەر ۱۷٪ یان هەر هیچ بابەتێکی بودجە بکەین ئەگەر دڵنیا نەبین کە پارتی رازیدەبێت بە هەناردەکردنی (۲٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەرێگەی سۆمۆ" وە بۆ ئەوەش ئەزمونی ساڵانی رابردو وەک نمونە دەهێنرایەوە کە پارتی "بەهیچ جۆرێ نەوت تەسلیمی بەغداد ناکات، بۆیە پێویستناکات خۆمان ماندوبکەین،" ئەمە قسەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد بوو. بەڵگەش هەبوو کە پارتی نایەوێ نەوت رادەست بکات بۆیە پارتی بەدوای بیانودا دەگەرا وە بە فواد حسین یان راگەیاندبوو کە "ئەگەر ۱۷٪ نادرێت ئەوە پێویست ناکات زۆر شەر لەسەر بودجە بکات،" تەنانەت فواد حسین لەسەر داوای پارتی بە مەبەست پشکی هەرێمی کوردستانی لە ۱۲.٦۷٪ نەکرد بە ۱٤٪ کە دەیتوانی ئەوە بکات، ئەمەش بۆ ئەوەی پارتی بیانوی هەبێت نەوت تەسلیمی عێراق نەکاتبەیانوی رەتکردنەوەی ۱۷٪ . خۆشبەختانە هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی پشتیوانی ئەو بۆچونەبون کە موچە لە سیراعی نەوت جیابکرێتەوە و وە ئەوە چەسپێنرا ، هەرچەندە ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پێیان وابوو چەسپاندنی برگەیەی "جیاکردنەوەی موچە لە سیراعی نەوت" ئەستەمە لە پەرلەمان تێپەرێنرێت. بۆیە زۆربەی هێزەکان ئومێدیان بەم برگەیە نەبوو کەمتر باسی لێوەدەکرا لە میدیا، بەڵام یەکەم هێز کە پێش چەند هەفتەیەک ئەم برگەیەی لە میدیاکان باسکرد "نەوەی نوێ" بوو چونکە شێوەیک لە دڵنیاییمان لە سائیرون و نەصر وەرگرتبوو کە ئەوان رێگەنادەن قوتی هاوڵتیانی هەرێم ببرێت ئەگەر هەرێم وبەغدادیش رێکنەکەون لەسەرنەوت. بەڵام ترسی ئێمە وەک نەوەی نوێ ئەوەبوو ئەم برگەیە لە لیژنەی دارایی تێنەپەرێت ئەوکات کارەکە زەحمەت دەبوو،بۆیە رۆژانە لەگەڵ لیژنەی دارایی لەسەرخەت بوین. هەنگاوی دواترمان لێپێچینەوەیە لە چۆنیەتی سەرفکردنی ئەم پارەیە بەهاوکاری پەرلەمانی کوردستان وە پەلکێشکردنی بەرپرسانی هەرێمە بۆدادگای فیدراڵی لەسەرمەلەفی نەوت وە دەرهێنانیەتی لە دەستی تاڵانچییەکانی پارتی و یەکێتی، چونکە خەڵکی کوردستان بەهۆی مەلەفی نەوتی هەرێمەوە ملیارەها دۆلار قەرزارکراون. ئێمە لە نەوەی نوێ خاوەن ستراتیژی "پەیوەندی ئاشتیانە و دەستوریانەلەگەڵ بەغداد" وەک تاکەگەرەنتی خۆشگوزەرانی وبوژاندنەوەی کوردستان ین وە دەزانین ئەمەرێگە دروستەکەیە، نەک شەرفرۆشی و شەرانگێزی بارزانی، ئێمەبەغداد بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانین، نەک بە هەرەشە بۆیە هاوپەیمانی ستراتیژی لەگەڵ هێزە نیشتیمانییەکان گرێدەدەین، نەک وەک بارزانی ببینە داردەستی وڵاتانی دراوسێ دژی عێراق و خەڵکی کوردستان بخەینە بەر مەترسی .



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand