لە بودجەی لە سەدا حەڤدەوە بۆ ۵۲۱ ملیار دینار

Draw Media

2019-01-12 20:15:54



فەرمان عەبدولرەحمان       

پێناچێ پارتی هیچ وانەیەکی وەرگرتبێ ئاخر هەموو دەزانین پاشەکەوتی موچەو ئەو کارەسات و نائومێدی و هەژاریەی کە کۆمەڵگەی کوردی خستووەتە سەر لێواری خەرەندێکی ترسناک دەرەنجامی ئەو سیاسەتی ئابوریە سەربەخۆیەیە کە لە ۲۰۱٤ەوە سەرۆک وەزیرانە دەوڵەتمەدارەکەی هەرێم تەبەنای کردو بڕیاریدا هەرێم خۆی نەوتی خۆی بفرۆشێ..

دوای پێنج ساڵ لە پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە فاشیلە کە هەرێمی خستۆتە ژێر قەرزێکی ۲۱ ملیار دۆلاریەوەو خەڵکێکی زۆریشی هێناوەتە خوار هێڵی هەژاریەوە کەچی پێناچێ نوخبەی حوکمڕانی پارتی هیچ وانەیەکیان لەو شکستەیان وەرگرتبێ ئەوەتا لە بودجەی ۲۰۱۹ی حکومەتی عێراقیدا حکومەتی هەرێم مولزەم کراوە رۆژانە ۲۵۰ هەزار بەرمیل لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکات و لە بەرامبەردا بودجەی هەرێم بە ۱۰ ترلیۆن دینار دیاری بکرێت کە ئەو بڕە هەرچەندە زۆر کەمترە لە رێژەی سەدا حەڤدە بەڵام دڵنیاییەکی باشە بۆ بوژانەوەی ئابوری هەرێم کەچی ئەوەتا پارتی دەیەوێت بەردەوامی بدات بە سیاسەتی فاشیلانەی ئابوری سەرخۆو خۆی نەوت بفرۆشێ که هەمومان دەرەنجامە خراپەکەی ئەزمون دەکەین لە بەرامبەردا پێداگیری لە جێگیرکردنی ۵۲۱ ملیار دینار دەکات لە بودجەی ۲۰۱۹ی عێراق که ئەو بڕە بە ئاستەم بەشی موچەی فەرمانەران دەکات..

من تێناگەم عاقڵمەندێ نیە پارتی تێ بگەیەنێ کە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ جگە لە دۆزەخ هیچی دیکەی بۆ خەڵکی کوردستان بەرهەم نەهێناوە نەفرەت لە نەوت فرۆشتنێکی سەربەخۆ کە ئەمە دەرنجامەکەی بێت بۆ خەڵکی کوردستان ئایا خەڵک چەند ساڵی دیکە بەرگەی سیاسەتی فاشیلانەی ئێوە بگرێت ئاخر ئەمە چ حیکمەتێکە ۱۰ ترلیۆنی مسۆگەر بگۆڕیتەوە بە ۵۲۱ ملیاری تڕو منەت تەنها لە پێناوی ئەوەی خۆت نەوتی خۆت بفرۆشی هەڵبەت ئەم ماستە مویەکی تیایەو پێویستە ئەم بابەتە ببێتە بابەتی سەرەکی سۆشیاڵ میدیا..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand