Draw Media

ئارام سەعید      "لەساڵی ٢٠١١ لە فیلیپین چەند بەرپرسێکی سیاسی بە بەکارهێنانی چەند پیاوکوژێکی بەکرێگیراو لەبەرامبەر تەنها ٢٥٠ دۆلار رۆژنامەنوسێکیان کوشت.لە سلۆڤاکیا بەهەمان شێوە رۆژنامەنوسی بەناوبانگ یان کۆچیاک و هاوسەرەکەی مارتینا کۆسنرۆڤا کوژران لەبەرامبەر ٨٠ هەزار دۆلار کە درابوو بە بەکرێگیراوەکان."  هەموو سالێک رۆژنامەنوسان بەهۆی کارەکەیانەوە دەکوژرێن، لەمبارەیەوە بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمیسیۆنی پاراستنی رۆژنامونوسان لە ساڵی ١٩٩٢ ەوە ١٣٢٤ رۆژنامەنوس لەکاتی ئەرکەکانیان کوژراون و ٨٤٩ یان بەهۆی راپۆرتەکانیانەوە لەسێدارە دراون. لە سەدا ٩٠ ی ئەنجامدەرانی ئەوکردەوانەش لە دادگا قوتاربوون.  بیرهێنانەوی ئەم ژمارانە بۆ ئەوە نیە هاوڕێانی رۆژنامەنوسم بترسن یان دودڵ و نیگەران بن لە ئەرکی ئێستایان کە لەمەترسیدایە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە بڵێین سەڕەرای ئازار و هەرەشە و کوشتار بە دەیان و سەدان مرۆڤی ئازا هەن کە بەرگری لە ئازادی ڕادەربرین دەکەن.  هەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار بۆئەوەی کۆمەڵگە بێدەنگ بکات و کۆنترۆڵی بکات سەرەتا دەست دەبات بۆ دوو دامەزراوەی گرنگ کە ئەوانیش دادوەری و میدیای ئازادە، ئەو دوو دەزگایە کە کۆنترۆڵکران ئیتر زەمانەتی بێدەنگی دەکەن. ئەوەی لەکوردستان ئێستا دەبینرێت و بە ئاشکرا کاری بۆ دەکرێت کپ کردنی چەند دەنگێکی کەمە کە ماون، چونکە دەسەلاتی ستەمکار نەک تەنها میدیا بەڵکو لە بێدەنگکردنی ئۆپۆزیسیۆنیش سەرکەوتوو بوو، ئەویش بە بیدەنگکردنی رموزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و رموزەکانی میدیای ئازاد، کە هەمویان خامۆش و بیدەنگن... دیارە ئەمەش بێبەرامبەرنیە، هیچ کام لەوانە بەبێ هۆ بێدەنگ نەبووە. بەڵام ئەوەیان لەبیرکرد کە کپکردنی دەنگی ئازاد لەبەرژەوەندی دەسەڵاتەو هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت دیموکراسی پەرپێ بدات بێ ئازادی ڕادەربرین.  ئەوەی مایەی نیگەرانیە لە جیهاندا ئەوشەڕە بەردەوامەو رۆژنامەنوسان ئازایانە بەرگری دەکەن، بەڵام ئەو کچ وکورە ئازایانەی لە میدیا ئەهلی و ئازادەوە هاتنە نێو مەیدان و سەرسەختانە بەرگریان لە ئازادی رادەربرین دەکرد ئێستا کپ و بێدەنگن. هەموومان دەزانین پێدانی بڕێک پارە لە دەسەڵاتەوە تێچونێکی زۆر نیە بۆیان کە ئەتوانن ملیۆنەها خەرج بکەن بۆئەوەی ئازادی ڕادەربڕین نەهێلن، لەبەرئەوەی لەبەرامبەردا ملیارەها دەبەن بۆخۆیان و خانەوادەیان.  ئەوەی مایەی خۆشحاڵیە تا ئێستا دەنگ ماوە بۆ بەرگری لەو ئازادیە و رەنگە رموزی گەورەی نوێ بێتە کایەوە بۆ بەرگری لە ئازادی رادەربرین و گرنگترینیشیان ئەوەیە کە سۆشیال میدیا بەشێک لەو بۆشاییەی پڕ کردۆتەوە کە ناتوانن بە تەواوەتی کۆنترۆلی بکەن.


ئاراس فەتاح      ماوەیەک ھەستم بە خەمبارییەکی قووڵ دەکرد. بێگومان لەم وڵاتەی ئێمەدا پێویستیت بە گەڕانی ورد و زۆر نییە بۆئەوەی لە ھۆکارەکانی خەمۆکێ تێبگەیت، چونکە وێرانەیی مۆدێلی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە و ئەو بێڕێزییە بێوێنەیەی ڕۆژانە بەرامبەر بە تاک و گروپەکانی کۆمەڵگای ئێمە دەکرێت و نەمانی شەرمی سیاسیی و خەمساردیی سیاسەت و ئیفلیجیی ئۆپۆزیسیۆن و مەترسیی پرۆسەی بەخێزانییبوونی تەواوی کایەی سیاسەت و دروستکردنی ئیمپراتۆرییەتی میدیایی تایبەت بەخۆیان و ھتد... ھەموو ئەمانە بەسن بۆئەوەی توشی سەرئێشەیەکی موزمن بیت. پاشئەوەی لەگەڵ ھاوسەرەکەم و ھەندێ ھاوڕێم باسی خەمۆکییەکەمم کرد، بۆم ڕوونبووەوە کە ھۆکارەکەی ئەمانە نین، بەڵکو ژانی بێبەرییبوونە لە ڕۆژنامەیەکی کاغەزیی کە ڕۆژانە پۆست بۆم بھێنێتە ماڵەوە و بەیانیان بەدەم چاخواردنەوە بیخوێنمەوە. سەرچاوەی خەمۆکییەکەم نەبوونی ڕۆژنامەیەک بوو لەناو پتر لە ٩٠٠ گۆڤار و ڕۆژنامە و ھەفتەنامەدا، کە لانی کەمی ئێتیکی ڕۆژنامەگەریی و سەنگی ڕۆشنبیریی لە دونیای ئێمەدا ھەبێت. دیارە لە ئێستادا ژمارەیان ھاتۆتە سەر ٥٠ دانە، چونکە بەپێی داتاکان زۆرینەیان بەھۆی قەیرانی داراییەوە داخراون یان ڕاگیراون. من لە ئەڵمانیا بەشداریی ساڵانەم لە دوو ڕۆژنامەدا ھەبوو، ھەموو بەیانییەکی زوو ئەو دوو ڕۆژنامەیەم لەڕێگای پۆستەوە بۆدەھات، یەکێکیان ھی چەپەکان و ئەوی تریان ھی کۆنزێرڤاتیڤەکان بوو، بۆئەوەی ئاگاداری دیدگا جیاواز و ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگای ئەڵمانیی بم. بەدەم بەرچاییەوە ھەموو بەیانییەک پێشئەوەی بچم بۆ سەر کار، ھەندێ لە ھەواڵ و ستونەکانم دەخوێندەوە، لە ناو شەمەندەفەر و پاس و لە پشووی نیوەڕوان و ئێوارانیشدا وتار و ریپۆرتاژ و پرسە گرنگەکانی کایەی سیاسەت و ڕۆشنبیریی و بەشەکانی ترم دەخوێندەوە. بەپێچەوانەی ھەندێ نووسەر کە ڕایان وایە نەنگییە گەر ڕۆشنبیر ببێت بە وتارنووس و ستوننووس، ڕۆژنامەنووسیان لێ کردووین بە پیشەیەکی ئاستنزم و بێقووڵایی، دەبینین کە لەزۆرینەی ڕۆژنامە سەنگین و گەورەکانی دونیا بیریارە گەورەکان ستون و وتاری خۆیان ھەیە و ھەر ئەو نووسینانەش دواتر دەبن بە بابەتی خوێندن لە زانکۆکان و دروستکردنی دیسکورسی فیکریی و سیاسیی و فەلسەفیی لە کۆمەڵگا. ھەرکەسێک دوور لە حوکمدانی نازانستیی و ھاوسەنگانە بیربکاتەوە، ئەو ڕاستییە سانایە دەزانێت کە کتێب ھیچ کاتێک ناتوانێت شوێنی ڕۆژنامە بگرێتەوە، ھەروەک چۆن ڕۆژنامەش شوێنی گۆڤار و ھەفتەنامە پڕناکاتەوە، چونکە ھەریەکەیان وەزیفەیەکی تەواو جیاوازی ھەیە. ھەر بۆیە مانگانە سەرەڕای بەشداریی ساڵانەم لە دوو ڕۆژنامەدا، دوو گۆڤاری فیکریی و تیۆرییم بەڕێگای پۆستەوە بۆ دەھات و ھەندێکی تریشم بەپێی گرنگیی مەلەف و بابەتەکانیان دەکڕی. ھاوکات چەند ڕۆژێک دوای ساڵیادی دەساڵەی دامەزراندنی ڕۆژنامەی ئەھلیی و سەربەخۆی ئاوێنە کە پێش ماوەیەک بەھۆکاری قەیرانی دارایی، ماڵئاوایی لە چاپ و بڵاوکراوکردنەوە کرد و تەنھا سایتەکەیان ماوەتەوە، دەبینین ڕۆژنامەیەکی تر لەدایکدەبێت و دەچێتە سەر لیستی ئەو ڕۆژنامانەی کە جگە لە پڕکردنەوەی کەلێنێکی حیزبییانەی تر، ھیچ مانایەکی ڕۆشنبیریی نوێ بۆ کۆمەڵگای ئێمە بەرھەمناھێنێت. من لەژیانمدا چوار جار کاک نەوشیروانم بینیوە، ھەر چوارجارەکەش دوای دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان بوو. یەکێک لەو دیدارانەش لە شاری موینشن بوو، کاتێک چووم بۆ ئەو ریستۆرانتەی کە شوێنی یەکتربینینمان بوو، چەند کەسێکی تری لەگەڵدا بوو. پاش سڵاوکردن و بەخێرھاتن، نیگای لەسەر ھەردوو ھەفتەنامەی Die Zeit و ڕۆژنامەی SZی ئەڵمانیی بوو کە بەدەستمەوە بوون. پاشئەوەی لە تەنیشتییەوە دانیشتم و ڕۆژنامەکانم لە تەنیشتەکەی ترم دانا، گوتی: ”کاک ئاراس بەخێر بێیت، خۆشحاڵم بە بینینت.“ ڕووی دەمی لە دۆستەکانی کرد و بە بزەیەکەوە درێژەی بە قسەکانی داو گوتی: ”کاک ئاراس دڵخۆشتکردم، چونکە ئەمە یەکەمجارە لە دەرەوەی وڵات کوردێک بە ڕۆژنامەوە دەبینم و ڕۆژنامە بخوێنێتەوە.“ ھەر ئەوەی گوت یەکسەر یەکێک لە ئامادەبووان گوتی بەخوا منیش ڕۆژانە ڕۆژنامە دەکڕم و ئەوی تریان گوتی لەناو سەیارەکەم بەجێمھێشتوە و ھتد. ڕاستییەکەی من لێم نەشاردەوە کە سەرنجەکەی ئەوم زور پێ سەیرە، بەڵام بۆ من بوو بە سەرەتایەکی گونجاو، بۆئەوەی بیکەم بە یەکێک لە بابەتەکانی گفتوگۆکەمان و باس لە گرنگیی گۆڤار و ڕۆژنامەی ئەھلیی و سەربەخۆ بکەین کە چ ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەریان لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا گێڕاوە و چۆن پشتیوانی لە میدیای ئازاد بکرێت و کولتوورێکی نوێ و جودا لە ڕۆژنامەگەریی دامەزرێنرێت و کۆتایی بە میدیای حیزبیی و سێبەر بھێنرێت. لەکاتێکدا زۆرینەی ئامادەبووان سەرسامیی خۆیان بە ئازایەتیی و گەورەیی نەوشیروان مستەفا نیشاندەدا و ڕایان وابوو گەر ئەو نەبایە بزوتنەوەی گۆڕان دروستنەدەبوو، کاک نەوشیروان قسەی پێبڕین و گوتی: ”حەزدەکەم پێتان بڵێم کە بەرھەمھێنانی ئەم بزوتنەوەیە بەتەنھا کار و ئازایەتی من و ھاوڕێکانم نەبووە، بەڵکو پێش ئێمە گۆڤاری رەھەند ھەبوو، لەپاڵ ئەوانیش میدیای ئازاد ھاتەبەرھەم، کە گرنگیی و کاریگەرییان بۆ کۆمەڵگای ئێمە ھاوتەریبە بەم بزوتنەوە سیاسییە نوێیەی ئێمە.... ئێمە قەرزارباری ئەوانین.“ لەم نووسینەدا قسەم لەسەر ھەڵسەنگاندنی شوێنگەی نووسەران و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و ئاراستەی سیاسەت و سیاسەتی میدیایی بزوتنەوەی گۆڕان نییە لەسەردەمی ئەو و دوای سەردەمی ئەو، یان بمەوێت وەڵامی ھەندێ پرسیار بدەمەوە لەنموونەی، بۆچی نەوشیروان مستەفا ڕۆژنامەی ”رۆژنامە“ی داخست و ئێستاش بزوتنەوەکە بەم قەیرانە گشتگییر و گەورانەیەوە ڕۆژنامەیەکی تر و سایتێکی تر لەتەنیشت سایتی سبەی، بەناوێکی تر دەردەکرێت؟ ئایا بزوتنەوەکە دوای چ لێکۆڵینەوە و ڕاپرسیی و شیکارییەکی میدیایی گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی کە کۆمەڵگای ئێمە پێویستی بە ڕۆژنامەیەکی حیزبیی ترە؟ ئایا بەم کردەیەی دەیەوێت چ کەلێنێکی میدیایی لە دونیای وێرانەی کۆپیکردنی یەکترییانەی ڕۆژنامەگەریی کوردییدا پڕبکاتەوە؟ بۆچی ڕۆژنامەیەکی ئەھلیی گەورەی سەربەخۆ و ڕەخنەیی وەکو ”ئاوێنە“ بەبەرچاوی ھەمووانەوە دەمرێت کە ڕۆڵێکی گرنگی لە وشیارکردنەوەی ھاوڵاتیانی ئێمەدا گێڕا و ڕۆژنامەیەکی حیزبیی تر لەدایکدەبێت؟ ئایا بەڕاست ئەم ڕۆژنامە حیزبییە نوێیە خوێنەری لە ڕۆژنامەی ”ئاوێنە“ یان ”هاوڵاتی“ جاران زۆرتر و گرنگییەکەی لەوان گەورەتر دەبێت بۆ کۆمەڵگای ئێمە؟ ئایا بەڕاست کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا نەمانی فیکر و ئاراستەی سیاسیی و قسەکردنی قووڵ و جیدییە لەسەر میراتی سیاسیی ئەم بزوتنەوەیە کە سەدان ھەزار کەس خۆبەخشانە بەرھەمیانھێنا، یان دەرکردنی ڕۆژنامە و سایتێکی نوێ و دۆزینەوەی ھەلی کار و دروستکردنی وەلائەتی سیاسیی نوێ و دامەزراندنی زۆنێکی داخراوی ترە لەناو ئەو بازنە تەواو بچووکبووەوەی میدیاکارانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان؟ ئایا کێشەی بزوتنەوەکە بەپێچەوانەی سەردەمی نەوشیروانەوە، کە ھێندەی ئاگادارم ھەموو ڕۆژانێکی ھەینیی لەگەڵ ھەندێ ڕۆشنبیر و میدیاکار و چالاکواندا کۆدەبووەوە و گفتوگۆی لەگەڵدادەکردن و پرس و ڕای پێدەکردن، یان نائومێدیی و تەرەبوونی تەواوی ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و جەریئەکانە لێی؟ ئایا ئەوانەی ماونەتەوە ئەوەندە بابەتی فیکریی قووڵ و ڕاپۆرت و شیکار و بەدواداچوونی سەنگبەھایان ھەیە کە لەبەر کەمیی ڕووبەر و کات، لە کەناڵە حیزبییەکانی خۆیاندا جێگایان نابێتەوە، بۆیە پێویستیان بە ڕووبەرێکی میدیایی ترە؟! وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ئێستادا پرسی ئەم بابەتم نین، مەبەستیشم لە گێڕانەوەی ئەم سەرگوزشتە لەگەڵ کاک نەوشیروان کە بۆ یەکەمینجارە لە مێژووی نووسینمدا بەسەرھاتم لەگەڵ سیاسەتمەدارێکدا دەگێڕمەوە، تەنھا نیشاندانی نموونەیەکی بچووک بوو لە بوونی جیاوازییەکی گەورە لە نێوان پەیوەندیی نووسەران و میدیاکارانی سەربەخۆ لە سەردەمی ئەو و سەردەمی دوای ئەو. ڕاستە ئەم پیاوە لەدواجاردا سیاسەتمەدارێک بوو و سیاسەتی دەکرد و ڕەخنەی توندیشمان لە سیاسەت و هەڵەی ستراتیژیی مۆدیلی بەجێهێشتنی میراتی بزوتنەوەکەی هەرچەندێک بێت، لەو ڕاستییە کەمناکەنەوە کە ئەم سیاسەتمەدارە یەکێک بوو لەو سەرکردە دەگمەنانەی کورد کە هاوکات نووسەر و ڕۆژنامەنووسیش بوو. بەبۆچوونی من باشترین ھەنگاوی عەقلانیی کە بزوتنەوەی گۆڕان لەڕابردوودا بیکردبایە، وەکو ھەموو حیزبە مۆدێرنەکانی دونیا، پێشنیارێک بوو کە لەدێرزەمانە بە دەستپێشخەریی کاک مەریوانی ھاوڕێم بۆ بزوتنەوەکەمان کردبوو، دامەزراندنی بڵاوکراوەیەکی ناوخۆیی تایبەت بوو بە بزوتنەوەکە خۆی، بۆ گفتوگۆکردن و کۆکردنەوەی دیدگا جیاوازەکانی ناوخۆی و فیلتەرکردنی ململانێکانی، نەک بردنی ئەو شەڕە بۆ ناو فەیسبووک یان دەرکردنی بەیاننامە لەبەر نەبوونی زەمینەی گونجاو بۆ ڕەخنەگرتن و گوێنەگرتن لە پێشنیار و فەرامۆشکردنی هەموو پڕۆژەیەکی چاکسازیی لەناو بزوتنەوەکە. لەئێستاشدا دەرکردنی ڕۆژنامەیەکی حیزبیی نوێ و هەوڵی بەجەماوەرییکردنی لەوێنەی ڕۆژنامە حیزبییەکانی تر، ھیچ گەرانتییەکی نییە کە ڕێگا بە وتاری ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانە بدات کە ڕەخنەی توند لە بزوتنەوەکە و ئاراستە نوێکەی دەگرن، چجای دەگات بە وتاری ئەو ھەڵسوڕاو و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە خەمخۆرانەی خۆیان کە لە سۆنگەی نائومێدیی و پرنسیپەوە دەستبەرداری پۆستەکانیان بوون، یان بزوتنەوەکەیان جێھێشتووە. دونیای میدیای بینراو و بیستراو و چاپ لە ئێستای کۆمەڵگای ئێمەدا وێنە حەقیقییەکەی خۆی تەواو ونکردوە و سەرتاپا بووە بە میدیایەکی سێبەر و بە ساباتێک بۆ پروپاگەندەکردن و شەرعییەتدان بە ھەندێ ئامانج و بەرژەوەندیی شەخسیی سیاسیی و ئابووریی. تاکە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەھلییمان ھەبوو، ئەویش کرا بە میدیایەکی حیزبیی و چەترێکی پروپاگەندەکردن بۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرکردەکەی. ململانێی داھاتوو لە کۆمەڵگای ئێمەدا ململانێیەکی حەقیقیی نابێت، بکەرەکان ڕاستەخۆ بەریەک ناکەون، بەڵکو گۆڕاوە بە ڕووبەرێک بۆ ململانێی ناڕاستەوخۆی بکەرە ڕاستەقینەکان لەڕێگای جەنگی ڕاستەوخۆی سێبەرەکان لەگەڵ یەکتر. من کاتێک دڵم بە لەدایکبوونی میدیایەکی تر خۆشدەبێت و دەتوانم دەستخۆشیی لێبکەم کە نەبێت بە سێبەرێکی تر لە ڕیزبەندی میدیا سێبەرەکان بۆ سیاسەتی حیزبیی و مەرامی شەخسیی. ئەو دەزگایانە چەندە خەڵکی باش و دڵسۆزیشی تێدا بێت، لەدوادەرئەنجامدا لە خزمەتی ستراتیژ و بەرژەوەندییەکی سیاسیی و شەخسییدایە. لەیادی دە ساڵەی دامەزراندنی ڕۆژنامەی ئاوێنەدا تەنھا بیری ڕۆژنامەی ئاوێنە ناکەم، بەڵکو بیرم لای ڕەھەندێکی ترە کە بۆ کۆمەڵگای ئێمە بەھایەکی گەورەی ھەیە. دوای داخستنی ناچارییانەی ئەم ڕۆژنامەیە لەبەر زیاد لە ھۆکارێک کە گرنگترینیان قەیرانی دارایی بوو، ھەستدەکەم کۆمەڵگای ئێمە گەلێک دوورە لەوەی ببێت بە نەتەوە بە مانا سیاسییەکەی. ھەرێمی کوردستان تاوەکو ئەمڕۆ رۆژنامەیەکی نییە کە فەرمانبەرێکی زاخۆ و قوتابییەکی خانەقین و کاسبکارێکی سلێمانیی و نووسەرێکی ھەولێر و مامۆستایەکی کەرکووک لەیەک کاتدا بەدەستیانبگات و بیخوێننەوە. لاپەڕەی تایبەتی لۆکاڵیی بۆ ھەر یەکێک لە شار و شارۆچکەکانی ھەبێت. گەرچی گەلی ئێمە لەچاو گەلانی تردا مێژوویەکی کۆنی ڕۆژنامەگەریی نییە، بەڵام بوونی ڕۆژنامەی ئاوێنە بەھەموو ڕەخنەکانمان و کەموکوڕیی و گرفتەکانییەوە لە ژیانی ڕۆشنبیرییمان، کە لەگەڵ ھەندێ لە ھاوڕێکانم ساڵانێک وتارمان تێدا بڵاودەکردەوە و ئەوەی لە تواناماندا بوو کۆمەکمان کرد، گرنگییەکی گەورەی بۆ ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگای ئێمە ھەبوو. ئەوەشی ئەم خەمە گەورەتر و قووڵتردەکات تەنھا لاموبالاتیی دەسەڵاتدارێتی سیاسیی و نێرجسییەتی نەوەی نوێی ناو ئەو نوخبە سیاسییە نییە کە زۆرینەی ڕەھایان ناتوانێت یەک وتار بنووسن و تاقەتی خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەیەکی فیکرییان نییە، بەڵکو لەھەمانکاتدا بێخەمیی نوخبەی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی و ھونەریی و میدیایی ئێمەشە بەرامبەر بە داکەوتنی دەزگا و بڵاوکراوە سەربەخۆ و گرنگ و سەنگینەکانی. ھەر یەکەیان خەونی بچووک گێژی کردوون، ھەریەکەیان خەمی ئەوەیەتی دوکانە بچوکە ڕۆشنبیریی و میدیاییەکەی خۆی بمێنێتەوە و بەھەمان شێوەی پێکھات و مۆدێلی حیزبەکان، دەیانەوێت بە سەرۆک و سەرنووسەر و ستافی بەڕێوەبەری ئەبەدیی دەزگاکەیان بمێننەوە. ھیچیان بیر لە مۆدێلێکی تر و ئەڵتەرناتیڤێکی تر و دروستکردنی یەکە و کوانوویەکی نوێی میدیایی سەربەخۆ ناکاتەوە کە توانای بەردەوامیی ھەبێت و بتوانێت ڕۆڵە ڕۆشەنگەرییەکەی خۆی بگێڕێت. تاوەکو بەم مۆدێل و فۆرمەی ئێستاشیان بمێننەوە و بەردەوامبن، ناچاردەبن ئامادەی خۆسانسۆرکردن و تەنازولات بن. گومانی تێدا نییە کە ئەم سیستەمە میدیاییەی دونیای ئێمە ستراتیژێکی مەترسییداری حیزبی بەڕێوەیدەبات و دەیەوێت تەنھا جێگەی ئەوانەی تێداببێتەوە کە دەبن بە سێبەر و شوناسی سەربەخۆیی خۆیان لەدەستدەدەن. ئەوەی ئەوان لێیدەترسن ئەو ڕاستییەیە کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا ھەر پرۆژە فیکرییە سەربەخۆکان و میدیای ئازاد بوو، بوون بە ھەوێنی سەرھەڵدانی وشیاریی ڕۆشنبیریی و سیاسیی نوێ و پاشان لەدایکبوونی ھێزی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی و ململانێی مەدەنیی. گێلێتییەکی گەورە و نەفامییەکی بێوێنەیە گەر وابزانیت تەنھا بە تەلەفیزیۆن و سایت و ڕۆژنامەی حیزبیی، ڕای گشتیی بەرھەمدەھێنیت و لەکاتی ھەڵبژاردنیشدا پۆپۆلیستانە بیانکەیت بە تۆپخانە و سۆزی دەنگدەری پێ کۆبکەیتەوە. جێی تێڕامانە کە ڕۆژنامەیەکی وەک ئاوێنە بەو ھەموو توانا کەمەوە و لەناو ھەموو ئەو دەزگا زەبەلاحە میدیا حیزبیی و سێبەر و ئۆپۆزیسیۆنەی کە لە ھەرێمدا ھەن، خەڵاتی یەکەمیی وەرگرت لە سەرھەڵدانەوە و بڵاوکردنەوەی گەندەڵییەکانی سیاسەتمەداران و دەزگا حکومیی و ناحکومییەکان. بەپێی ئامارەکانیش لەناو ھەموو ئەو ھەموو ڕۆژنامە حیزبیی و سێبەرانەی کە لە ھەرێمدا ھەن، ئاوێنە زۆرترین خوێنەری ھەبوو. چ شەرم و نەنگییەکی گەورەیە کاتێک لە وڵاتانی ئەوروپادا ڕۆژنامەکان بەسەدان ھەزار دانە چاپدەکەن و ئامارەکانی ساڵانەیان بڵاودەکەنەوە، بەڵام لە ھەرێمدا تیراژی ڕۆژنامە حیزبییەکان نانوسرێن، چونکە لەڕوویان نایەت ژمارەکەی ئاشکرا بکەن. ئەمە لەکاتێکدا ھەردوو حیزبە گەورەکەی ھەرێم سەرەڕای ئەوەی بە سەدان ھەزار ئەندام و موچەخۆر و ئیمپراتۆرییەتێکی زەبەلاحی میدیاییان ھەیە و ئەوەندەی منیش ئاگادارم، تیراژی چاپی گەورەترین ڕۆژنامەیان دەگاتە ٤٠٠٠ دانە، کەچی ئەو ژمارە کەمەشیان بۆ نافرۆشرێت. ئەم دۆخەی لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە جگە لە وێرانەیەکی گەورەی میدیایی و ئەخلاقیی ھیچ تەفسیرێکی تر ھەڵناگرێت. تێبینی: ئەم وتارە درێژەی هەیە و بەشی دووهەمی لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکەمەوە.


هوشیار حسێن      هۆكاری هەڵسوكەوتەكانی ئەم دواییەی یەكێتی، لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا لە پێناوی رزگاربوون لە بنبەستبوون، خۆی ناخاتە نێو تەنگەژەیەكی ترسناكترەوە؟ ئایا سەرانی ئەمرۆی یەكێتی بەو رەوشەی خۆیان لەو ئاستەدان، وەك مام جەلال هاوكێشە و هاوسەنگییەكان بخوێننەوە و ئیدارە بكەن؟ ئەقڵی مودەبیری یەكێتی لەمڕۆدا كێن و دەیانەوێت چی بكەن؟ ناوەڕۆكی هاوكێشەكە ئەوەیە؛ ( یەكێتی فشاری ئێرانی لەسەرە و مەرجەكانی جێبەجێ دەكات، لە هەمان كاتدا دەیەوێت ئەو كارانەی بۆ ئێرانی ئەنجامدەدات بە توركیاشی بفرۆشێتەوە یەكێتی سەرلەنوێ لەهەوڵدایە دیسان خۆی بگەیەنێتەوە هاوسەنگی هێز و هەژموون، لەبەرامبەر پارتی ) پێتان سەیر نەبێت، تۆمەت بۆ كەس هەڵنابەستم، وەك ئاگادارم و تێیگەیشتووم هۆكارەكانتان یەكبەیەك بۆ رووندەكەمەوە  هۆكارەكانی بێسەروبەری، سیاسەتی یەكێتی و رەوشی ئێستای: هۆكاری یەكەم: یەكێتی و ئێران زۆر ناكەومە نێو ووردەكارییەكان، بەڵام -     ماوەیەك لەمەوبەر، لە ئەنجامی ئەوەی پەكەكە چەند داواكارییەكی ئەمریكای رەتكردەوە، كە یەكێك لەو داواكاریانە دژایەتیكردنی ئێران بوو ئەمریكا بە خستنە ناوی سێ سەركردەكەی پەكەكە بۆ نێو لیستی داواكراوان و دیاریكردنی پاداشت بۆ زانیاری دەربارەیان، هەڵوێست و كاردانەوەی لە بەرامبەر پەكەكە نیشاندا -    ئێران هێشتا لە پەكەكە بە گومانە، دڵنیا نییە كە ئایا لە ئەگەری لێدان یان فشاری جەرگبری ئابلۆقەی ئەمریكا و لاوازبوونی دەسەڵاتەكەیان و ئاڵۆزبوونی ئەمنییەتی نێوخۆی ئێران، هەڵوێستی پەكەكە چیدەبێت؟ ئایا ئەمجارە پەكەكە بۆ ئەمریكاش نەبێت، هەر بۆ خۆی دەرفەتەكە بەكارناهێنێت و ناكەوێتە جووڵە؟ -    ئایا لە ڕەوشێكی وادا، پەكەكە هەوڵی دوبارەكردنەوەی مۆدێلی رۆژئاوا لە ئێرانیش نادات -    ئێران ئەوەی خوێندۆتەوە كە تاكە هێزێكی سیاسی و جەماوەری و سەربازی و ئاكتیفتر لەهەموان لەمەیداندا، كە كاریگەری لەسەر رۆژهەڵات و بەشێكی ئێران هەبێت، پەژاك ی نزیك لە پەكەكەیە ئەوەش دەزانێت، ئەوە پەكەكەیە دەتوانێت لەماوەی تەنیا یەك هەفتەدا، پەژاك بكاتە هێزێكی سەربازی خاوەن 2 تا 3 هەزار شەڕڤانی خاوەن ئەزموون و ئاكتیف  بۆیە ئێران لە ئێستاوە بە حسابی تەدابیرگرتنەوە، هەوڵدەدات بە یارمەتی یەكێتی، هەژموون یان وجودی پەكەكە لەو ناوچانە لاواز بكات كە لە داهاتودا دەبن بە ئەگەری مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەكەی هۆكاری دووەم: یەكێتی و توركیا -    یەكێتی بەهەر نرخێك بێت دەیەوێت نوێنەرایەتییەكەی ئەنقەرەی بكاتەوە و چەند بابەتێكی وەك فرۆكەخانەو ... چارەسەر بكات، بەڵام داواكارییەكانی توركیا لە یەكێتی زۆر و زەحمەتن -    یەكێتی بەبێ رەزامەندی ئێران ناتوانێت هەموو مەرجەكانی توركیا جێبەجێ بكات، ئێستا دەرفەتێكە و دەبێت بیقۆزێتەوە، هەم داواكارییەكانی ئێران و هەمیش مەرجەكانی توركیا پێك دێنێت -    بێگومان یەكێتی بشیەوێت، توانای پێكهێنانی هەموو مەرجەكانی توركیای نییە، هەندێ داواكاری زیانی بۆ یەكێتی زۆرترە لە قازانج، ئاخر توركیا تەنیا ئەو كاتە ئافەرینی بۆ دەنێرێت و گرنگی پێویستی پێدەدات كە سەری هەندێ سەركردەی پەكەكە تەسلیم بە توركیا بكاتەوە، یانیش هێز كۆكاتەوە و بچێتە سەر قەندیل -    بریاڕ بەدەستانی ئەمرۆی یەكێتی دیارە كێن! لاوازی ئەزموون، دەرچوون لە پرەنسیپی سیاسەت، گوێنەدان بە هێلی سوور، فەرامۆشكردنی پەیرەوی نێوخۆ و گوێنەگرتن لەوانی دیكە، پەرچەكرداری هەرزەكارانە و گەڵێك تایبەتمەنی دیكەی مەترسیدار كە دەبنە هۆی زیانی گشتی و تەنانەت گەورەترین زیانیش لە خودی یەكێتی بۆیە دیارنییە ئەو دەرچوونە لە پرەنسیپ، دەگاتە ئەوەی لەڕووی سەربازی و ئەمنیشەوە ژێراو ژێر رازی بووبن بۆ هەوڵی دیكەی مەترسیدار و نەبووبن بەهاوبەشی پیلانگێرییەكی ترسناك؟ هۆكاری سێییەم یەكێتی و پارتی      هەر لەدوای بەزمەكەی 16ی ئۆكتۆبەری شووم و لێكەوتەكاتی، پارتی لەئەمریكا تووڕە و لەتوركیاش دڵشكاو، سەرەرای رۆلی خراپی ئێران لەكاتی ریفراندۆمەكە و دواتریش وەك لایەنی ئەساسی لە داگیركردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی كێشە لەسەر -     پارتی پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ ئێران هەڵبژارد -    ویستی ئەو كارتە بەهێزەی دەستی یەكێتی كە ئێرانە لاوازبكات، ئیدی ترافیكی سەردان و هاتوچۆی نێوان تاران و هەولێر قەرەبالغ بوو -    یەكێتی ئەمەی بەدڵ نەبوو، هاوسەنگی سیاسی و سەربازی و ئابووری هەرێم گۆڕانی بەسەردادێت، رەنگە ئاكامەكەی بۆ یەكێتی لەئایندەدا بەخراپ بگەڕێتەوە -    پارتی كارتەكەی توركیاشی ماوەو خەریكە كارتی ئێرانیش لە دەست یەكێتی لاواز یان هاوبەش دەكات  -    ئێران ئەگەر لە زۆنی زەردیش گوێی لێبگیرێت، ئەوەندە ناچاری زۆنی سەوز نابێت، تێچووی داواكاریەكانی كەمتر و مەرجەكانیشی زیاتر دەبن بەسەر یەكێتییەوە -    یەكێتی نەیتوانی ببێت بە بەربەست لەبەردەم ئەو پەیوەندییەی پارتی - ئێران، كەواتە: 1-     لە تەشكیلكردنی حكومەتی ئێراقدا پارتی دەتوانێت رەزامەندی ئێران بۆ هەندێ لە داواكاری یان ویستەكانی خۆی مسۆگەر بكات 2-     لە تەشكیلكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشدا، یەكێتی ناتوانێت وەك جاری پێشوو پاڵپشتی ئێران بەدەست بێنێت، لە فشار خستنە سەر پارتی بۆ داواكارییەكانی خۆی  یەكێتی بریاریداوە، هەمان تاكتیكی پارتی پیادە بكات ئیدی یەكێتی لەچارەیەكی دیكە دەگەڕێت، ناچارە و دەبێت ئەو تەوازنە بەلای خۆیدا بهێنێتەوە لەبەرامبەر پارتی، وا دیارە بریاری خۆیداوە، بەوەی هەمان تاكتیكەكەی پارتی ئەنجام بدات ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئەوەیە؛ یەكێتی دەیەوێت لەگەڵ توركیا پەیوەندی توندوتۆڵ بكات، بەمەش كارتی پارتی لای توركیا لاواز بكات،( چەندە سەركەوتوو دەبێت یان نا، ئەوە شتێكی دیكەیە )، بەڵام بەرنامەكەی وایە ئەوەی ئێستاش لە سنووری خۆی ئەنجامی دەدات، بۆ ئەو مەبەستەیە و هیچی دیكە نییە، بەڵام باجەكەی لەسەر لاوازبوونی دیموكراسی و ئازادییەكان و ئازاردانی مۆرالی مرۆڤەكانە  بەداخەوە سیاسەتێكی هەرزان لەم هەرێمەی ئێمەدا دەگوزەرێت، زیانبەخش و خۆخۆرییە  ئەگەر یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی یەكەم حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمایەكی راست و دروست بنیادنرابایە و هێلی سوور لە بەرامبەر داگیركەران و پرەنسیپی پەیوەندییە دەرەكییەكان دیاری و جێبەجێكرابان، بێگومان كۆمەڵێ هەڵەی دیكەی كوشندەش ئەنجام نەدرابان، ئەوا ئەمرۆ هەرێمی كوردستان لە ئاست و پێگەیەكی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی دەبوو، ئەو نەهامەتی و لەدەستدانە جەرگبرانەیشی بەسەرنەدەهات، كە تا رۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە تەنیا چارەسەریش لەمڕۆدا، بە دامودەزگاكردنی سیتەم و دەسەڵات، سەروەركردنی یاسا و تەبایی نێو ماڵی كوردە، ئەگینا خراپتر لە چاوەڕوانیماندایە!   


شێرزاد شێخانی     هه‌مومان ئه‌زانین حكومه‌تی داهاتوی هه‌رێمی كوردستان كه‌ پارتی مه‌سرور بارزانی بۆ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی كاندیدكردوه‌، حكومه‌تێكی ئه‌منی سه‌ركوتكه‌ر ئه‌بێ ، به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی كه‌وا مه‌سرور په‌روه‌رده‌ی ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگری سه‌ركوتكه‌رو خوێناوییه‌و ، تا ئه‌م ته‌مه‌نه‌ی ئێستاشی ئه‌زمونێكی سیاسی ئه‌وتۆی له‌ناو گۆڕه‌پانی سیاسیدا نه‌بوه‌ . هه‌ڵبه‌ت ئه‌زمونی گه‌لانی دونیاش سه‌لماندویانه‌ كه‌وا حكومه‌تی ئه‌منی زۆر له‌حكومه‌تی عه‌سكه‌ریش خراپتره‌ كه‌ به‌ كوده‌تای سه‌ربازی ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست . عاده‌ته‌ن حكومه‌تی ئه‌منی له‌كاتێكدا سه‌رهه‌ڵئه‌دات ئه‌گه‌ر وڵات به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌تی تاكحیزبی هه‌نگاو بنێ . نزیكترین نمونه‌ش حكومه‌ته‌ ئه‌منیه‌كانی به‌عس بوه‌ له‌عیراق دوای ده‌ستگرتنی سه‌دام حوسین به‌ ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ، كه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌ داپلۆسێنه‌ره‌كانی رژێم هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبو . داهاتوی كوردستان به‌هۆی ئه‌و حكومه‌ته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌وه‌ زیاتر به‌ره‌و كاوڵكاری ئه‌ڕۆات ، چونكه‌ هێشتا حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سروریش دانه‌مه‌زراوه‌ هه‌ر له‌ئێستاوه‌ بینیمان ئاساییشه‌كه‌ی هه‌ولێر كه‌ به‌شێكه‌ له‌ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كه‌ی پاراستن چۆن كه‌وته‌ ره‌شبگییری كادیرانی یه‌كێتی ، به‌بێ ئه‌وه‌ی كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت نقه‌ی لێوه‌ بێت ، قسه‌ش هه‌یه‌ گوایه‌ ئه‌م كاره‌ به‌ره‌زامه‌ندی ئه‌و كرابێت ، ئه‌مه‌یان جارێ دیار نیه‌ چه‌ندی راسته‌. به‌ڵام خۆ هه‌ر نه‌بێ ئه‌م كاندیده‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت تۆزێك له‌سیاسه‌ت بگه‌یشتایه‌ لانیكه‌م ئیدانه‌یه‌كی ئه‌مكاره‌ی بكردایه‌ مادام ئه‌یه‌وێ چوار ساڵی حوكمڕانییه‌كه‌ی به‌ئارامی به‌ڕێوه‌ بچێت . به‌هه‌رحاڵ پێموایه‌ به‌شداریكردنی هه‌ر لایه‌نێك له‌م حكومه‌ته‌ی داهاتودا ، به‌شداری كردنه‌ له‌حكومه‌تێكی ئه‌منی داپلۆسێنه‌ر.  كاتی خۆیشی كه‌ كاك نه‌وشیروانی نه‌مر داوای رای منی كرد بۆ به‌شداریكردنیان له‌حكومه‌ته‌كه‌ی ساڵی 2014دا ، به‌ راشكاوی پێموت  كه‌وا به‌شداری نه‌كه‌ن وته‌نها سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وه‌ربگرن ، چونكه‌ ئه‌وان كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ گه‌نده‌ڵ ئه‌زانن ، بچنه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌وانیش ئه‌بنه‌ به‌شێك له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی حكومه‌ت له‌به‌رچاوی جه‌ماوه‌ردا. به‌ڵام دیاره‌ فشاری  پۆست په‌رستانی ناو گۆڕان كاك نه‌وه‌یان له‌خشته‌بردو به‌شدارییان له‌حكومه‌ت پێكردو ، چاره‌نوسه‌كه‌شمان بینی كه‌ به‌ده‌ركردنی وه‌زیره‌كانیان‌ كۆتایی هات . ئێستا باشترین فرسه‌ته‌ بۆ هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان بیر له‌چاره‌نوسی خۆیان بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ی بڕیاری چونه‌ ناو حكومه‌ته‌ ئه‌منیه‌كه‌ی پارتی بده‌ن ، بۆ ئه‌م چوار ساڵه‌ی داهاتو ببنه‌ ئۆپۆسزیۆن و له‌به‌ره‌ی میلله‌تدا بمێننه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌ : 1- بێگومان پارتی له‌حكومه‌ته‌كانی پێشوتردا به‌ژماره‌ كورسییه‌كی كه‌میشه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی حكومه‌تدا گرتبو ، ئێستا به‌ 45 كورسی و به‌و غروریه‌ی توشی بوه‌ مه‌حاڵه‌ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بدات به‌حزبه‌ نه‌یاره‌كانی له‌ناو حكومه‌تدا . 2- خه‌یال پڵاوییه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی وگۆڕان وا ته‌سه‌ور بكه‌ن كه‌وا پارتی وسه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌یان پابه‌ندی به‌رنامه‌كه‌ی ئه‌وان بێت و، كار بكات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی ئه‌وان دایانناوه‌ بۆ‌ حكومه‌ت ، چونكه‌ پارتی ده‌سكه‌وتێكی له‌مشێوه‌یه‌ ناداته‌ نه‌یاره‌كانی ، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر ئه‌جیندای خۆی ئه‌كات له‌ناو حكومه‌تدا . 3- بونی یه‌كێتی وگۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی ویه‌كگرتووش به‌ هێزێكی ئۆپۆسزیۆن له‌ناو په‌رله‌ماندا كاریگه‌رییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی ئه‌بێت به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسی و گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌ش دێنێته‌ كایه‌وه‌ ، به‌وه‌ی ئه‌توانن ببن به‌ ئۆپۆسزیۆنێكی به‌هێزو كاریگه‌ر  بۆ چاودێری حكومه‌ت و ته‌ئسیر كردن له‌سه‌ر بڕیارو سیاسه‌ته‌كانی . 4- بونی ئه‌م هێزه‌ گه‌ورانه‌ به‌ ئۆپۆسزیۆن داهێنانی كلتورێكی دیموكراسی تازه‌و جیایه‌ له‌و كلتوره‌ سه‌قه‌ته‌ی 27 ساڵه‌ میلله‌ته‌كه‌مان به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵینێ كه‌ له‌ ئاكامدا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی پارتی وه‌كو تاكه‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رده‌وام له‌سه‌ر كایه‌ی سیاسیدا یه‌كه‌م حیزب بێت و، ئه‌وانی تریش هیچ رۆڵێكیان نه‌بێ ته‌نها وه‌كو پاشكۆیه‌كی پارتی كاری سیاسی بكه‌ن . 5- داهێنانی ئه‌م كلتوره‌ دیموكراسییه‌ ئه‌بێته‌ بناغه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتودا ئه‌گه‌ر میلله‌ت بڕیاریدا حزبێكی غه‌یری پارتی زۆرینه‌ی بهێنێ ، ئه‌و كات پارتیش ناچار بكرێ له‌ده‌سه‌ڵات بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و رێگه‌ بدات حزبیتر خۆی تاقیبكاته‌وه‌ . 6- به‌داهێنانی كلتوری ئۆپۆسزیۆنی ده‌سته‌جه‌معی نمونه‌یه‌كی جوان پیشانی دونیای ده‌ره‌وه‌ ئه‌ده‌‌ن و دیموكراسییه‌تی راسته‌قینه‌ له‌م هه‌رێمه‌ جێگیر ئه‌كه‌ن وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی دیموكراتخوازی دونیا ، به‌مه‌ش رێزی زیاتر له‌ ئه‌زمونه‌كه‌مان ئه‌گێرێ . به‌ ئۆپۆسزیۆن بونی ئه‌م چوار لایه‌نه‌ی هه‌رێم قییامه‌ت هه‌ڵناسێت و دونیاش كۆتایی پێنایه‌ت ، بۆ چوار ساڵیتر زۆر شت گۆڕانیان به‌سه‌را دێت ، ئه‌توانن له‌ناو په‌رله‌ماندا هێزێكی كاریگه‌ر دروست بكه‌ن كه‌ رێگر بێت له‌ پیلانه‌ تاكڕه‌وییه‌كانی پارتی ، به‌مه‌ش هه‌م متمانه‌ی خه‌ڵكیان بۆ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ ، هه‌میش پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌خه‌نه‌ سه‌ر رێره‌وی راسته‌قیینه‌ی خۆیه‌وه‌ .


تەرزە جاف       یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ جنێوفرۆشه‌ ناسراوه‌كانی سۆشیال میدیا كه‌ له ‌ئه‌ورووپا ده‌ژیت له‌ ناكاو ده‌كه‌وێته‌ به‌رانبه‌ر كوردێك و ئه‌ویش به‌كامێراوه‌ لێی ده‌پرسێت: - تۆ بۆ هه‌میشه‌ جنێو به‌خه‌ڵكی شاری (...) ده‌ده‌یت؟ ئه‌ویش به‌ده‌م نێرگه‌له‌كێشانه‌وه، ‌له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: - (برام ئه‌گه‌ر جنێو نه‌ده‌م، كه‌س گوێم لێناگرێت)! سۆشیال میدیا پانتاییه‌كی فراوانه‌ و به ‌ئاسانی هه‌موو كه‌سێك به ‌باش و به‌خراپیه‌وه‌، ده‌توانێت په‌یامه‌كانی خۆی بگه‌یه‌نێت و‌ ئێستا بووه‌ته‌ سه‌ر زه‌مینێكی ته‌واو گونجاو ‌بۆ په‌یدابوونی دۆنكیشۆته‌كان. ژماره‌یه‌كی زۆر ‌فه‌یسبووكچی و لایڤچی و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئینستاگرام و سناپچات، ئه‌و كه‌سانه‌ن كه ‌به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، ده‌یانه‌وێت بناسرێن و به ‌دوای فۆڵۆوه‌ردا ده‌گه‌ڕێن، یان له ‌بارێكی ده‌روونیی ناته‌واو دان، یان بێ ئیشی و ته‌نیایی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوون، یاخود هۆكاری دیكه‌ پاڵیان پێوه ‌ده‌نێت. وه‌رگر، یاخود فۆڵۆوه‌ر، له‌ ‌بوون و زیادبوونی ئه‌م كه‌سایه‌تییه ‌جنێوفرۆش و ده‌نگ ناخۆشانه‌ی  كه ‌له ‌سه‌ره‌تادا وه‌ك حاڵه‌ت له‌م لا و ئه‌و لا، ده‌رده‌كه‌وتن و ئێستا بووه‌ته ‌دیارده‌یه‌كی زه‌ق، بێ گوناح نین. سه‌ره‌تا فۆڵۆوه‌ره‌كان پێده‌كه‌نن، وه‌ك قه‌شمه‌رجاڕییه‌ك ده‌چنه ‌ناو لایڤی جنێو به‌خشینه‌وه‌ و ناوزڕاندن، ده‌بن به‌ گوێگری ده‌نگه ‌نه ‌شازه‌كان و ورده ‌ورده‌ ده‌بن به‌ فۆڵۆوه‌ر، یان ڤیووه‌ری لایڤچییه‌كه، ‌یان گۆرانیبێژه‌كه، ‌یان كابرای هه‌زه‌لی، ئیتر به ‌ئاگا یان بێ ئاگا، له‌ فۆڵۆوه‌ره‌وه ‌ده‌بن به‌هه‌وادار. ئه‌م دۆخه‌ دووسه‌ره‌یه‌، ده‌وروبه‌رمان پڕده‌كات له‌ دۆنكیشۆته‌كان و فۆڵۆوه‌ره‌كان، باوه‌ڕ به ‌(ئه‌لۆنسۆ) ده‌هێنن كه ‌ئه‌سپه ‌ده‌رده‌ داره‌ له‌ڕه‌كه‌ی، باشترین ئه‌سپی دونیایه‌ و چه‌كه ‌چرووكه‌كه‌ی لێده‌كه‌نه‌ چه‌كی راسته‌قینه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌یبینینن گه‌عده‌ی تایبه‌ت بۆ دۆنكیشۆته‌كان رێكده‌خه‌ن، ده‌یان كه‌س پێشوازیی لێده‌كه‌ن. كابرایش ئه‌گه‌ر خۆی لێ ببێته ‌ئیمپراتۆر و پاشا و باوكی هونه‌ری كوردی، حه‌قی خۆیه‌تی. بۆیه‌ جنێفرۆشه لایڤچییه‌كان ته‌واو باوه‌ڕ به‌وه‌ ده‌هێنن، كه ‌ئه‌وان ده‌رمانی ده‌رده ‌كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانن. به‌ ژماره‌ی فۆڵۆوه‌ره‌كانیان ئیتر خۆیان لێده‌بێته ‌ئۆشۆ و دیبۆڤوار و سارته‌ر، خۆیان ده‌كه‌ن به‌ ده‌مڕاستی مافی ژنان و منداڵان و رۆشنبیران.  ئه‌وانه‌ی پێكه‌نینیان به ‌عه‌قڵی دۆنكیشۆته‌كان  دێت، ژماره‌یان ده‌گاته ‌ده‌یان هه‌زار و دۆنكیشۆتیش ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ به ‌هه‌واداری خۆی هه‌ژمار بكات، مافی خۆیه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای داخه ‌ئه‌وه‌یه‌، ‌ئه‌م گاڵته‌جاڕییه،‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی، ‌سه‌ره‌تا لایڤچییه‌ نه‌خۆشه ‌ده‌روون ‌گوناحه‌كه ‌و كابرای ده‌نگ نه‌شاز، ده‌بنه ‌قوربانی، دواتریش كه‌سانێك كه‌ دوای قه‌ره‌باڵغیه‌كه‌ ده‌كه‌ون.  له‌وانه‌ش خراپتر و مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه، ‌كه‌سانی جددی و شاره‌زا و هونه‌رمه‌ند و رۆشنبیرانی راسته‌قینه، ‌بێده‌نگ ده‌بن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له‌ ده‌می پیسی ئه‌م ده‌نگبه‌رزانه‌ بپارێزن. وه‌ك ده‌بینین ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌كانی تیڤیش روو ده‌كه‌نه ‌قه‌ره‌باڵغیی ناو سۆشیال میدیا و كه‌متر خۆیان له‌ قه‌ره‌ی پرسه ‌جددییه‌كان ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ك كه‌ناڵه جددییەکانیش پشت ده‌كه‌نه‌ هونه‌ر و رۆشنبیرانی راستەقینە و به ‌دڵی فۆڵۆوه‌ره‌كان، ئه‌وانیش توانا وئیمكانیاتیان ده‌خه‌نه‌ خزمه‌تی دۆنكیشۆته‌كان و به‌رنامه‌كانیان پڕ ده‌كه‌ن له‌ باسی تاتوو و سیلیكۆن و ناووناتۆره‌ و به‌ندی هه‌رزان.


د. هەردی مێد           ئۆتۆنۆمی ده‌ستگای قه‌زایی له‌ خۆرئاوا، ئه‌مریكا لاتین و ئه‌فریقا یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ی زۆرجار ده‌بێته‌‌ رۆژه‌ڤ له‌ به‌ر گرنگی و په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵگا و دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌. ده‌ستگای قه‌زایی زیاد له‌ هه‌ر كایه‌یه‌كی دی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌وڵی ده‌سته‌مۆكردنی ده‌دات له‌ پێناو به‌ كارهێنانی هه‌م وه‌ك ئامرازی فشار بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی كایه‌ی ئیمكانی نه‌یاره‌كانی، هه‌م بۆ خۆپاراستن و په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌و میكانیزمه‌ دزێوانه‌ی خۆی لێوه‌ به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه‌. له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستگای قه‌زایی له‌م دۆخه‌ به‌ دوور نییه‌، باوه‌ڕ ناكه‌م كه‌س گومانی له‌ بێده‌سه‌ڵاتی و ده‌سته‌مۆیی ده‌ستگای قه‌زایی هه‌بێت.‌ به‌ڵام چۆن كار بۆ سه‌ربه‌خۆبونی ئه‌م ده‌ستگایه‌ بكرێت؟ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌ دیدانه‌ی پێیانوایه‌ بۆ چاكسازی ده‌ستگایی له‌ كو‌ردستان ده‌بێت پشت به‌ توانای خۆماڵی و واقعی لۆكاڵی خۆمان ببه‌ستین، من پێموایه‌ ده‌بێت گرنگی به‌ ئه‌زمون و ره‌وتی دونیای ده‌روه‌مان بده‌ین و سود له‌و ڕێگه‌چاره‌ و ئامرازانه‌‌ ببینین كه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر به‌ مه‌به‌ستی چاكسازی ده‌ستگایی. ئه‌زمونی فه‌ره‌نسا له‌م رووه‌ به‌ رای من زۆر گرنگه‌. ده‌ستگای قه‌زایی له‌ فه‌ره‌نسا تا ساڵانی ١٩٨٠كان به‌ وابه‌سته‌ووبن و ده‌سته‌مۆبوونی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و پیاوانی سیاسیه‌وه‌ تاوانبار ده‌كرا. وه‌لێ، له‌م به‌رواره‌وه‌ هێدی هێدی ده‌ستگاكه‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆی به‌ ده‌ستده‌هێنێت. سێ فاكته‌ری گرنگ زه‌مینه‌سازی ئه‌م سه‌ربه‌خۆبوونه‌ خۆش ده‌كه‌ن. یه‌كه‌م، فاكته‌ری به‌ ده‌ستگاییكردن، وه‌ك دامه‌زراندنی <په‌یمانگای نشتیمانی دادوه‌ری> له‌ ١٩٥٨ كه‌ رۆڵێكی جه‌وهه‌ری له‌ پێگه‌یاندن و پیشه‌مه‌ندبوونیی دادوه‌ركان ده‌بینیت، هاوتا له‌گه‌ڵ داهێنانی <پێشبڕكێی> بۆ ته‌عینكردنی دادوه‌ركان. پێشبڕكێ بۆ دامه‌زراندن یه‌كێكه‌ له‌و ئامرازانه‌ی رۆڵێكی گرنگ له‌ دوورخستنه‌وه‌ی واسته‌ و ته‌داخولی پیاوانی سیاسی ده‌گرێت و جۆرێك له‌ سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی له‌ دانانی دادوه‌ره‌كان مه‌یسه‌ر ده‌كات. فاكته‌ری دووه‌م، رۆڵی خودی دادوه‌ره‌كان‌ خۆیانن كه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٠ كۆمه‌ڵێك كرده‌ی ده‌سته‌جه‌معی، خۆپشاندان و مانگرتن ساز ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستی سه‌ركۆنه‌كردنی فشاری پیاوانی سیاسی و ته‌داخولی ده‌سه‌ڵات له‌ كاروباری ده‌ستگاكه‌. واته‌ هه‌لگه‌ڕانه‌وه‌ی دادوه‌ره‌كان و خه‌باتیان بۆ ئازادبوونیان به‌ ناوی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌، كه‌ هه‌م سۆزی گشتی و پاڵپشتی میدیاكانی پێ مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن، رۆڵێكی گرنگ له‌ ڕه‌وینه‌وه‌ی چه‌پۆكی سیاسی له‌ سه‌ر ده‌ستگاكه‌ ده‌بینێت. فاكته‌ری سێیه‌مش، رۆڵی رۆژنامه‌نوس و میدیاكانه‌ كه‌ ده‌بنه‌ پاڵپشت و ئامرازی به‌رگریكاری ده‌ستگای قه‌زایی. زۆرێك له‌ دادوه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ ته‌داخول و بنبه‌ستوونی هه‌ر دۆسیه‌ و كه‌یسێكدا په‌نا بۆ میدیاكان ده‌بن بۆ جوڵاندی رای گشتی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌ستگاكه‌ و سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و پیاوه‌ سیاسیانه‌ی بونه‌ته‌ مایه‌ی ئه‌م بنبه‌ستوبن و ته‌داخولانه‌. به‌ رای من، له‌ كوردستان سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستگای قه‌زایی به‌ بێ خه‌باتی خودی دادوه‌ره‌كان و له‌ دایكبوونی <هه‌ستێكی هاوبه‌ش> له‌ نێوانیاندا به‌ ئه‌سته‌م ده‌زانم. هه‌ستێكی هاوبه‌ش كه‌ ببێته‌ بنه‌مای سه‌رهه‌ڵدانی <هۆشیاری جه‌سته‌> واتا هه‌ستكردن به‌وه‌ی ئه‌وان سه‌ر به‌ جه‌سته‌یه‌كی پیشه‌یین و خودان شوناسی خۆیانن. تا شوناسی دادوه‌ری به‌ سه‌ر شوناسی سیاسی و حزبیدا زاڵ نه‌بێت، هاوتا تا خودی دادوه‌ره‌كان ده‌نگ بۆ سه‌ركۆنه‌كردن و دێواندنی ته‌داخولی سیاسی و ده‌سته‌مۆبوونیان هه‌ڵنه‌بڕن، ده‌ستگاكه‌ ناتوانێت له‌م دۆخه‌ی ئێستای بێته‌ ده‌ره‌وه‌. بێگومان، خه‌باتی دادوه‌ره‌كانش به‌ بێ هاوكاری و پاڵپشتی میدیاكان ئاسان نییه‌. ئه‌م بابه‌ته‌ درێژه‌ی ده‌بێت. له‌ داهاتوودا باسی رۆڵی دادوه‌ر ده‌كه‌م له‌ قه‌ڵاچۆكردنی گه‌نده‌ڵی تا ئاوه‌ژووكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، ئیتاڵیا بۆ نمونه‌.


مەلا بەختیار      له‌وه‌ڵامی وتارێكماندا له‌سه‌ر (مه‌ترسیه‌كانی پاشه‌كشه‌ی دیموكراسی‌و په‌ره‌سه‌ندنی گه‌نده‌ڵی) هه‌روه‌ها، له‌سه‌ر تاڵانكردنی نه‌وتی كه‌ركوك، هه‌زاران كۆمێنتی نایاب نوسراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێكی ره‌خنه‌شن. ئه‌وه‌ی لامان سه‌یره‌، زۆربه‌ی ره‌خنه‌كان له‌لایه‌ن گۆڕانخواوزه‌كانه‌وه‌ نوسراوون. پرسیاری سه‌ره‌كی ره‌خنه‌كانیش، ئه‌وه‌یه‌ كه‌: بۆچی مه‌لا به‌ختیار، پێشتر ئه‌م ره‌خنانه‌ی نه‌ده‌گرت. هه‌روه‌كو بیانه‌وێ‌ بڵێن: ره‌خنه‌ پاوانی گۆڕانه‌كان بووه‌و به‌س! له‌وه‌ڵامی ئه‌مانه‌دا ده‌ڵێین: پێش جیابونه‌وه‌ی دۆستانی گۆڕانیش، له‌مه‌كته‌بی سیاسیدا، گه‌لێك له‌و ره‌خنه‌و سه‌رنجانه‌مان داوه‌، كه‌ سه‌ركرده‌كانی گۆڕانیش شایه‌تن. دوای جیابونه‌وه‌ی گۆڕانیش، زیاتر له‌ (25) بۆ (30) وتارمان هه‌یه‌ له‌ (15) ساڵی رابردوو له‌سه‌ر تاڵانی‌و نادادپه‌روه‌ری‌و ناڕه‌زایی خه‌ڵك، به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و یه‌كێتی. له‌ كۆڕو چاوپێكه‌وتنه‌كانیشدا، تێكڕا، هه‌ڵوێستی خۆمان له‌سه‌ر دیارده‌ دزێوه‌كان نه‌شاردۆته‌وه‌. سێ‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش، له‌سه‌ر تاوان‌و تاڵانه‌كانی ناو كه‌ركوك له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسی به‌رامبه‌ر پارێزگارو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رپرسیاری دۆخی ناو كه‌ركوكن، هه‌ڵوێستی لێبڕاومان هه‌بوو.. به‌ڵێنیش درا چاره‌سه‌ر بكرێن. به‌ڵام دێزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ كرا. بۆچونه‌كانمان‌و پرۆژه‌كه‌مان له‌وكاته‌دا وه‌كو دیكۆمێنت ماوون. له‌سه‌ر (30) هه‌زار به‌رمیله‌ نه‌وته‌ تاڵانكراوه‌كه‌ی ئێستای كه‌ركوكیش، كه‌ له‌ وتاره‌كه‌مدا ئاماژه‌م پێداوه‌، دۆستێك كۆمێنتێكی ماتماتیكی نوسیووه‌و ژماره‌كه‌ی به‌ ژماره‌ی گریمانه‌یی، به‌درۆخستۆته‌وه‌. به‌رپرسێكی به‌رێزیش، كۆمێنتی پشتیوانی له‌سه‌ر كۆمێنتی ناوبراو نوسیوه‌و ئۆباڵی دزینی نه‌وته‌كه‌ی خستۆته‌ سه‌ر (حه‌شدی شه‌عبی)‌و بڕێكی كه‌می به‌ستۆته‌وه‌ به‌ به‌رپرسان. بێگومان ئه‌م كۆمێنتانه‌، به‌ مه‌رام نوسراوون‌و پاساو بۆ باندی دزی‌و شه‌وكوتی‌و سه‌رانه‌سه‌ندن له‌ سه‌رمایه‌داران ده‌هێننه‌وه‌. په‌یوه‌ندیشیان به‌ قوتب‌و پایه‌و هێزه‌ چه‌كداره‌ تایبه‌تیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. (جارێ‌!) له‌وه‌ڵامی ئه‌م دوو كۆمێنتانه‌ی به‌ ماتماتیك‌و چه‌واشه‌كاری ئه‌م دوو به‌رێزه‌ نوسراوون، ته‌نها ئاماژه‌ به‌ وتارێك‌و زانیارییه‌ك ده‌ده‌ین كه‌ له‌ ژماره‌ (413)ی هه‌فته‌نامه‌ی (باس)ی ئه‌مڕۆ (15/1/2019-سێشه‌ممه‌) به‌ناونیشانی (نه‌وتی كه‌ركووك‌و به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌دزرێت‌و كه‌ركووكیه‌كانیش ناچارن بۆ ده‌به‌یه‌ك نه‌وت سه‌ره‌ بگرن) له‌ لاپه‌ڕه‌ (4)دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ته‌نها ئه‌م په‌ره‌گرافه‌ ده‌گوازینه‌وه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌: ((شاخه‌وان عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتاری خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی عێراق، پێشتر بۆ هه‌فته‌نامه‌ی (باس) رایگه‌یاند: "نه‌وتی كه‌ركووك له‌دوای داگیركردنی شاره‌كه‌وه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ ده‌برێته‌ ئێران‌و به‌ دوو شێوه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت، شێوه‌یه‌كیان حكوومه‌تی عێراق به‌ تانكه‌ر ده‌ینێرێته‌ ئێران، كه‌ ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراقه‌، كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، ده‌بێت هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌ر پارێزگایه‌ك به‌ هاوئاهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی ئه‌و پارێزگایه‌و ناردنی ئه‌و نه‌وته‌ش له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه‌ ئێستا به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندیی پارێزگارو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ده‌ڕوات‌و ئه‌وه‌یان گوایه‌ به‌فه‌رمی ده‌نێردرێت، به‌ڵام خۆی له‌خۆیدا نایاساییه‌". شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، روونی كرده‌وه‌، ئه‌وه‌شی كه‌ به‌ نافه‌رمی‌و له‌رێگای ته‌نكه‌ره‌وه‌ ده‌نێردرێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ رۆژانه‌ 200 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی كه‌ركووك به‌ تانكه‌رو به‌ قاچاخ ده‌دزرێت به‌ره‌و ئێران‌و داهاته‌كه‌شی بۆ حكوومه‌ت‌و بۆ كه‌ركووك‌و كه‌ركووكیه‌كان نییه‌، به‌ڵكوو بۆ حه‌شدی شه‌عبی‌و هه‌ندێك له‌ مافیاكانی كورده‌.)) ده‌ی به‌ڕێزینه‌، له‌و (200) هه‌زار به‌رمیله‌ (100) هه‌زاریشی راست بێ‌، تۆ بڵێی به‌رپرسه‌ هاوبه‌شه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌سلێمانی له‌ شیعه‌ شیعه‌تر بن‌و رازی بن به‌ كه‌متر له‌ (30) هه‌زار به‌رمیل پشكیان به‌ر بكه‌وێ‌؟! ئه‌گه‌ر، ئه‌و كاروانی ته‌نكه‌ره‌ دزراوانه‌ راست نین، بۆچی جێگری سكرتێری گشتی دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر هێزی تایبه‌تی بۆ چاودێری ته‌نكه‌ره‌ نه‌وته‌كان ناردووه‌و ته‌نانه‌ت له‌ده‌وروبه‌ری (كۆرمۆر)یشدا، سه‌یته‌ره‌شیان بۆ داناوون؟! ئایه‌ ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌، كه‌ یه‌كێكیان له‌ راگه‌یاندنی ئه‌لكترۆنی چالاكه‌و ئه‌وی تریشیان كاربه‌ده‌ستێكی باڵایه‌، ئایه‌ ده‌توانن به‌ خه‌ڵكی بڵێن: كێن ئه‌وانه‌ی بۆریه‌ نه‌وته‌كان ده‌شكێنن‌و به‌ حه‌ره‌سیاته‌وه‌، له‌ناوچه‌ی یه‌كێتی ساغیانده‌كه‌نه‌وه‌. له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێین: پاساو بۆ تاڵانی مه‌هێننه‌وه‌. وا چاكه‌ میلله‌ت رازی بكه‌ن‌و گه‌نده‌ڵكار و تاوانكار سزا بده‌ن!! ئه‌وه‌ی پاساو بۆ تاوان‌و تاڵان ده‌هێنێته‌وه‌، یان شه‌ریكیانه‌، یان ده‌یه‌وێ‌ پشكی به‌ر بكه‌وێ‌!!


نەبەز گۆران                لەم وتارەدا من سەرنجم لەسەر ئایدۆلۆژیای ئەم پیاوە نییە، ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد. سەرنجیشم لەسەر ئەوە نییە چەند ساڵ پێشمەرگە بووە و، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بووە، بەڵام كۆمەڵێك یادەوەری دراوسێیەتیم لەگەڵ ئەم پیاوەدا هەیە، كە ئەشێت گێڕانەوەیان ئاسایی بێت. ساڵانی ناوەراستی دووهەزارەكان، رۆژنامەی هاوڵاتی نزیكەی سێ‌ چوار ساڵ دراوسێی ئەم پیاوەبووین. ئەوكات من رۆژنامەنووسبووم و ئەویش ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی. ئێمە لە رۆژنامەی هاوڵاتی وەك مشكی هەواڵ، بەردەوام بەشوێن زانیاری سەرنج راكێشدا دەگەڕاین، بەتایبەتی زانیاری ناو كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیی پارتی و یەكێتیی. ئەم پیاوە لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووس هیچ كێشەی نەبوو، یانی بۆی گرنگ نەبوو دیدگات چۆنە لەسەر خۆی و حیزبەكەی، چۆن دەنووسی و دەتەوێت چۆن رەخنەیان بكەیت، كەسێكبوو دۆستایەتی نووسەر و رۆژنامەنووسی دەكرد، بەبێ‌ گرنگی دان بە ئایدۆلۆژیای حیزبی، ئەمە سروشتێك بوو تایبەت بەخۆی. لە دراوسێیەتیدا عادەتی وابوو، ئێواران دەهاتە بەردەرگا و لەسەر كورسییەك دادەنیشت و تا دەمەو تاریك نەدەچووە ژورەوە، ئێمەش ئەگەر هەواڵمان كەمبوایە، یان مانشێتی بەهێزمان نەبووایە، باشترین خەزێنە بۆ هەواڵ و مانشێت، ئەم دراوسێیەمان بوو. هەر بەكەمێك دانیشتن لەگەڵی، یان سەردانێك بۆ لای، چ بە ئێواران یان شەوان، كۆمەڵێك زانیاری باشت خڕدەكردەوە و هەواڵێكی پوختی لێ‌ بەرهەمدەهات. ئەوكات زۆربەی زانیارییەكانی كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسیی لەرێگەی مامۆستا (مەلا محەمەد)ەوە، دەگەیشت بە ئێمە و بڵاوماندەكردەوە. ئەما ئەم زانیاری وەرگرتنە بە ئاسانی نەبوو، هونەری خۆی هەبوو. هونەرەكە ئەوەبوو، دەمزانی رقی لە بەرپرسێكە، ئەو بەرپرسە لەلای ئەو زۆر رەزاگران بوو، دەچووم هەندێك وردە زانیاریم باسدەكرد و، ئەویش ئینكاری دەكرد، دەیگووت وانییە، منیش بۆ ئەوەی راستییەكەم دەستكەوێت، ئەموت فڵانەكەس وتی: كە ناوی ئەو بەرپرسەم دەبرد، ئیتر زۆر نیگەراندەبوو،دەیووت: راست ناكات، ئەمە راستییەكەیە. راستییەكەی پێدەوتم و دەهاتمەوە پوخت و پاك، راستییەكەم دەكرد بە هەواڵ و بڵاومان دەكردەوە.( دوای بۆم دەركەوت خۆی هەر پێیخۆشە یارمەتیمان بدات.) لەناو كەوانەیەك ( پیاوێك نەبوو هەرگیز حەزبكەین عەزیەتی بدەین، گەرچی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بوو، ئەما بەردەوام وەك دراوسێ‌ مامەڵەی لەگەڵ دەكردین و بۆچوونی حیزبەكەی چەند خراپبوو لەسەر ئێمە، كاری نەكردە سەر دراوسێیەتیمان و هەر وەك خۆی مایەوە لەگەڵمان. دەبێت ئەوەش بڵێم: ئەوكات و ئێستاش، لەناو ئەو مەكتەب سیاسییەی پارتی، كەیفم بەو فازڵ میرانییە نەدەهات. خۆی زۆر بەشت دەزانی و واش نەبوو، یەكێك لە هۆكانیش ئەوەبوو، یەكەمجار چووین بۆلای دیداری لەگەڵ بكەین بۆ رۆژنامەی هاوڵاتی، تەرتەنەو فەرتەنەی زۆربوو، دەیەویست خۆی بە ئەرستۆقرات پیشانبدات و لێشی نەدەهات و پێیەوە دیاربوو دەشتەكییە! قاتێك بیجامەی لەبەردابوو، لەسفرەی بریقەدار ئەچوو، زنجیرێك ئاڵتونیش لەملیا بەو تەمەنەوە! جا ئیتر ئەو دیمەنانەم بینی لە دڵی خۆما وتم چارت ئەكەم. هەڵبەتە جگەرە كێشە، كە پاكەتەكەم بینی، رێك كامێرەكەم دەهێنا و گرتم بە دەستمەوە، لەترسی ئەوەی وێنەی نەگرم بە جگەرەوە، دوو سەعات و نیوو نەمهێشت جگەرە بكێشێ‌، هەر دەستی ئەبرد بۆ پاكەتەكەی جگەرە دەربێنێت كامیڕەكەم روو تێدەكرد و خێرا لەترسی وێنەگرتن جگەرەكەی دادەنایەوە، بەم جۆرە واملێكرد تا رۆیشتن نەمهێشت دەم بەجگەرەوە بدات. دوای ئەوە ئیتر لەنووسینیشدا زەرەیەك رەحمم پێنەدەكرد، چونكە لە دیدارەكەدا وتی: من دیسداشەم لەبەردابوو، ماڵی بارزانی فێری جلی كوردییان كردم، كە عەیبە خۆت بەشت بزانیت و ئاواش خۆت تەفسیری خۆت بكەیت! بچن یەكەم دیداری لە هاوڵاتی بخوێننەوە، من و (شوان محەمەد) لەگەڵمانكرد. بە پێچەوانەی ئەوەوە مامۆستا (مەلامحەمەد) نەتدەتوانی شتێك بكەی عەزیەتی بدەیت.) بە هەرحاڵ... تومەس ئەم زانیاری بڵاوكرندەوەیەی ناو كۆبوونەوەكان لای مەكتەبی سیاسیی پارتی بووە بەبابەت و من ئاگام لێنییە و مامۆستاش باسی نەدەكرد. رۆژێك كاك (محەمەد خۆشناو) خۆی وتەنی: (كاك نێچیرڤان) دەیەوێت پێكەوە چایەك بخۆینەوە. ئێ‌ منیش ئاسایی بوولام رۆیشتم بۆ ماڵیان و دانیشتین. وابزانم كە بەكراس و پانتۆڵێكی شڕەوە منی بینی، پێی سەیربوو، چاوەرێی ئەوەیدەكرد بە چاكەتوپانتۆڵەوە بچم بۆلای! پاش دانیشتن هەندێك موجامەلەی كرد وخۆشی تۆزێك موجامیلە و موجامەلەی زۆرت دەكات، بەس لە بنەمادا وانییە و نابێت بكەویتە ژێركاریگەری موجامەلەكانی. كە چایچییەكە هاتە ژورەوە، وتی: تۆ چای چۆندەخۆی، وتم كەمێك روون، وتی حەتمەن دەزانی منیش چ جۆرە چایەك دەخۆم، وتم بەڵێ‌ زۆر روون دەخۆیت. وتی دەی رێك منیش مەبەستم ئەوەیە دەزانم هەموو شتی ئێمە بە تۆ دەوترێت، ئێمە ماوەیەكە ئاگادارین مامۆستا (مەلا محەمەد) هەرچی زانیاری كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسییە دەیدا بەتۆ، تۆش لە هاوڵاتی هەمووی بڵاو دەكەیتەوە. ئەو پیاوێكە سڕی زۆر قایمە، بەس تێمگەیەنە ئەو نهێنیانە چۆن بەتۆ دەڵێت!  منیش وتم: مامۆستا خۆی پیاوێكە لەگەڵ ئێمە خۆشیدێت و لە ئێوە ناچێت بەچاوی دوژمنەوە سەیرمانكات و هەر پێماندەڵێت كوڕەكانم. پاشان مامۆستا رقی لە فڵانە بەرپرسە، هەر ناوی ئەو ئەهێنم دەڵێم وای وت: ئیتر نیگەران دەبێت و راستییەكەم پێدەڵێت و منیش دەیكەم بەهەواڵ و بڵاوی دەكەینەوە. كێشەیەك هەیە لەمەدا؟ (نێچیرڤان بارزانی) وتی: نا كێشە نییە. بەس با یەك شتت بۆ باسكەم. لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی بە مامۆستامان وت ئیتر تۆ(یانی من) لەخۆی دوربخاتەوە، چونكە تۆ دراوسێیەتی ناكەیت و هەواڵت دەوێت، ئەویش بەڵێنیدا چیتر ئامادەنەبێت هیچ شتێك بدا بەتۆ، بەڵام دیاربوو بەڵێنەكەی لەبەر ئێمە بوو، چونكە لەوكاتەی باسی ئەوەماندەكرد هیچت پێنەدا، تۆ تەلۆفۆنت بۆكرد، ئەویش وتی: ئەوە خۆیەتی، لەبەرچاوی هەموومان تەلەفۆنەكەی هەڵگرت و جوابیدایتەوە و هەرچی لە كۆبوونەوەكە باسكرابوو هەمووی پێووتی! وتمان مامۆستا ئیمە سەعاتێكە باسی چیدەكەین، بۆ واتكرد؟ ئەویش وتی: ئەرێ‌ كاكە ئێوە بۆ وازیان لێناهێنن، تۆ هەواڵیان نادەیتێ‌، ئەو نایانداتێ‌، من نەیاندەمێ، ئێ‌ باشە ئەو بەدبەختانە كۆمەڵێگ گەنجی فەقیرو هەژارن رۆژنامەیەكیان هەیە، گەر چوار هەواڵی باشی تیانەبێت دەبێت دایخەن، خۆ قابیلە باسی ئەتۆممان نەكردوە، باسی حیزب و حوكومەت و كوردە، چیتێدایە با ئەوانیش دوو هەواڵیان دەستكەوێت و بڵاوی بكەنەوە، بەم دوو هەواڵە كارەسات دروست نابێت.  مامۆستا لەگەڵ ئێمەی ئاوابوو، تا ئەو رۆژەی دراوسێ بووین، هیچ كات مانای دراوسێیەتی لەبیرنەكرد و، وەك پارتییە ئایدۆلۆژییە تەعەسوبییەكان سەیری ئێمەی نەدەكرد. هەمیشەش، چ بە رۆژ چ بەشەو بچوینایە بۆلای، وەك ماڵی خۆمان هەڵسوكەوتمان دەكرد. یادی بەخێر دراوسێكی زۆر باشبوو لەگەڵمان و سودی زۆر باشیشمان لێبینی بۆ هەواڵ و مانشێتی رۆژنامەی هاوڵاتی و، لەرووی زانیاریی هەواڵەوە یارمەتی دەرێكی باشمانبوو، بریا ئەوانی تریش وەك ئەو بیریان بكردایەتەوە. ئەو بەو تەمەنە پیرەوە لەو خۆبەگەنج زانانە باشتربوو، كە رۆژنامەی هاوڵاتی و رۆژنامەنووسەكانییان بە دوژمن دەزانی.  


  ئارام سەعید          سەرهەڵدان یان جیابونەوەی هێزی نوێ لە هێزی دایک چەندین نمونەی هەیە لە کوردستاندا، بەگەرانەوەیەک بۆ رابردوی هەرێمی کوردستان ئەگەر لە مێژوی یەکێتیەوە دەستپێبکەین ئەوا وەک نمونەیەک بۆمان دەردەکەویت، دامەزراندن و سەرهەلدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بنەرەتدا بۆ رەتکردنەوەی دید و تێروانینی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە جیاواز لە پارتی بڕیاری سیاسەتکردن و حزبایەتی دا، کە دامەزراندنەکەی پاش شکستی گەورەی کوردایەتی پارتی بوو بۆیە سەرەتا زۆرینەیەک هەبوون گاڵتەیان پێدەهات کە کۆمەڵێک گەنج شۆڕش هەڵدەگیرسێننەوە، پاشان بوە جێی ئومێدی زۆرینە. هەربۆیە هەموو هێزیکی تازە کە دروست دەبیت لە دوای قەیران و شکستی گەورە زۆرینەیەک هەن بڕوا ناکەن، و هێشتا بێ ئومیدیان نەڕەویوەتەوە.  پاش ململانێی زۆر و گەیشتن بەشەڕی ناوخۆ لەگەڵ پارتی بە چەندین جەولەی گفتوگۆ گەیشتنە نیمچە ڕێکەوتن. هەموو هیزێکی نوێی سیاسی ئەگەر لە دایک بونیی سروشتی بێت بۆ ئەوەیە کە تێڕوانینێکی نوێ پێشکەش بکات، ئیرادەیەک بیت بۆ رەتکردنەوەی واقیعی حاڵ کە پێویستیەکی واقیعیی بۆ دروستبونیی هەیە. ئەوەی گرنگە جیاکردنەوەی ئەو جۆرە سەرهەڵدانانەیە کە هەندیک جار ویستی گروپێکی ناو حزبێکە بۆسەپاندنی بەرژەوەندی و ئیرادەی شەخسی و خیزانیی، نەک لەسەر بەرنامەو بەرژەوەندی گشتی ناکۆک بن، کە ئەمەیان جیایە لە سەرهەڵدانی نوێ کە لەم نموناش زۆرن لە مێژووی حزبایەتی و کوردایەتی. لەئەنجامی ئەم مێژوەو دەگەینە ئەو ئەنجامەی کاتێک هێزێک بە دژی هێزێکی تر دروست دەبێت گرنگە تێڕوانین و هەلسوکەوت و سیاسەت کردنی لە هێزەکەی بەرامبەری نەچێت، ئەوکاتەی هەمان سیاسەت دەگرنە بەر، دەبنەوە یەک و هێزە نوێکە لاواز دەبێت و ئەگەری پارچە پارچە بونیی زۆرە، بە نمونە ئەوکاتەی یەکێتی سیاسەتەکانی و کارکردنی لە پارتی نزیک بۆوەو وەک ئەوی لێهات بەشی زۆری لایەنگرو دەنگدەری لەدەستدا، گرفتی سەرەکی یەکێتی ئەوکاتە دەستی پێکرد کە لاسایی هیزێکی کردەوە کە لەسەر بنەمای دژایەتی کردن و ململانێی ئەو دروستبوە.  ئەم نمونەیە بۆ زۆر هێزی سیاسی تریش راستە، بە نمونە کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو لەسەربنەمای ئەوەو بوو کە دەسەڵاتی پارتی و یەکیتی گەندەڵی دەکەن و پێویستە هێزیکی نوێ ببێتە بەدیلی ئەوان، بەڵام بە نزیکبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەو هێزانەو رێکەوتن لەگەڵیان بەشێکی زۆری دەنگدەران و هەوادارانی گۆڕان بێ ئومید بوون. خەونیی گۆڕینی دونیا لای ئەو خەڵکە نەما کە ئومێدیکی گەورەیان لەسەر ئەو خەونە هەڵچنی بوو. بێگومان ئەم نمونەیە بۆ هێزە ئیسلامیەکانیش هەروایە.  هیزێکی سیاسی کە لەسەر بنەمایەک گەشەی کرد و دواتر بەهۆی بەرژەوەندی چەند کەسێک یان کورتبینی و سازشکردنی گروپیک یان خودی حزبەکە لەگەل بەرامبەرەکەی و لادان لە بنەماکانی خۆی، دەرئەنجامی ئەو ویرانەیە دەبێت کە ئیستا دەیبینین. هەر لەم بارەیەوە کاتێک کە پارتی و یەکێتی لە دژی ستەمی بەعس دروست بوبێتن و ئێستا ئەو ئامرازانەی سەرکوتکردنی ئەوان بەکاربێنن ئەوا دەرئەنجام بەو ئاقارەدا دەروات کە لە سەدا حەفتای کۆمەڵگە ناچێتە دەنگدان و سزای گەورەتریش چاوەروانیانە لە ئایندەدا کە کە لە لایەن خەلک و ئەو کەسانەوە دەبێت کە لە رابردودا متمانەی پیکردون لەسەربەرنامەکانیان.


سامانی وەستا بەکر       سیاسەت بێجگە لەوەی ھونەری ڕێکخستنی کۆمەڵگەو داودەزگاکانی دەوڵەتە ھەرواش پاراستنی سنورو سەروەری نەتەوەو خاکیشە بەڕووی دراوسێ و ھەرھێزێکی دەرەکیشدا.  مەخابن سیاسەت لە ھەرێمی کوردستان ڕێچکە باوەکەی بەزاندوەو ڕێچکەیەکی زۆر تایبەت بەخۆی گرتووە کە لە شکڵ و لە ھەناویا لە ھیچ شوێنێکیتر ناچێت بەجۆرێک ھونەری ڕێکخستن گۆڕاوە بۆ تێکدان، ھونەری شکۆپارێزی بۆ بودەڵەکردن، ھونەری دروست کردنی تاک بۆ تێکشکان، ھونەری سنورپارێزی بۆ بەدەستەوەدان، ھونەری خزمەتگوزاری بۆ تێھەڵدان و ھونەری بیروڕای جیاواز بۆ کووچی زیندان. ھەندێ جار پارچەیەک کوتاڵ ئەکرێ بە پینەی پۆشاکێکی دڕاو بەڵام چەند وردیش بکرێ پینە ھەر پینەیەو پۆشاکی دڕاویش ھەرگیز وەک خۆی لێنایەتەوە. ئەوەی ئێستا لە باشوری کوردستان ئەگوزەرێ ھەمان ئەم نمونەیەیە، بەنیازن بە پارچەیەک پەڕۆی چورا ڕەنگ دەلاقە گەورەگە داپۆشن و پارچەیەک پەرۆکی لاکێشە بدەن بەچاوی خەڵکیدا و ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنی سیاسی و داخستنی سینەمایەک بۆ قەدەغەکردنی فیلمێک و کۆکردنەوەی چەند پەرتوکێکی دیاری کراو زیندانـی کردنـی مناڵ ...ھتد لەبیری خەڵک پێببەنەوە! ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان ھیچ خواستێکی نیشتمانی بەرز ڕاگرتنی شکۆی نەتەوەی کورد لە کەرکوک و جەخت کردنەوەی کوردستانی بوونی ئەو شارەی لە پشتەوە نیە بەڵکو ھەر زوو بەزوو مەرامی ڕێپێدانی ھەڵکردنی ئەو ئاڵایە ڕوون و ئاشکرا بۆوە کە ئەو کارە بۆ لەبیربردنەوەی ھەڵکوتانە سەر پارتی کرێکارانی کوردستانە لە ھەرێم و بە دیاری کراوی لە سلێمانی لە ئێستایا کە ڕەنگە داگرتنەوەی ئاڵاکە لەسەر بارەگانـی یەکێتـی لە کەرکوک گەواهـی دەری ئەو ڕاستیە بێت. کلتوری خۆ بەدەستەوەدان و گوێڕایەڵی دوو پارتە سەوزو زەردەکەی ھەرێمی کوردستان بەجۆرێکە کە ھیچ یەکێک لە داگیرکەرانی مێژووی کوردستان دوو دڵ نەبوون و دوو دڵیش ناکەن لەھەر داوایەک و ھەر سیاسەتێک کە لە بەرژەوەندی خۆیانبێ و بیانەوێ لەو بەشە "نیمچە ئازاد"ەی کوردستانا جێبەجێی بکەن ئەگەرچـی پارسەنگی ئەو کارە خوێنی چەندین لاو پیرو مناڵی کوردیشبێ یان داخستنی بارەگاو داخستنی حیزب و دەستگیرکردنی سیاسیش بێت. ھیچ کاتێک خەڵک بە کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دڵخۆش نابن ئەگەر باجەکەی دەستگیرکردن سیاسی و تەسلیم کردنی کلیلی خوودی شارەکەبێ بە دوژمن لە کاتێکا کە کردنەوەی فڕۆکەخانە بۆ خۆشگوزەرانی ھاوڵاتیان نیە هێندەی بۆ کارئاسانی بازرگانە سیاسیەکان و ھەناردەو ھاوردەکردنی کاڵایە بۆ قازانجی زیاترو ئاسانکاری زیاتر کە لەوانەیە باڵادەستانی سلێمانی ئەو کارەیان لەڕێی فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە بۆنەچێتە سەر چونکە وەک ئەزانرێ ئەوان ھەر ڕکابەری سیاسی نین بەڵکو ڕکابەری بازرگانیشن. ھیچ کاتێک کوردانی کەرکوک بە ھەڵکردنی ئاڵایەک دڵخۆش نابن کە ڕەنگە سوورەکەی خوێنی ئەو گەنجانەبێ کە ١٦ی ئۆکتۆبەرا کران بە قوربانی، ڕەنگە سەوزەکەی ئەو دۆلارانەبێ کە ئەخزێنە گیرفانی سیاسیە بازرگانەکان بەرامبەر فرۆشتنـی خاک ونەتەوە و نیشتمان، ڕەنگە زەردەکەی شەرمەزاری پاشەکشێکردنبێ لە ئازادی و ڕەنگە سپیەکەشی ھەڵکردنی ئاڵای سپی خۆڕادەستکردنبێ. تێزی سیاسەت کردن لە هەرێمـی کوردستان نمونەیەکـی جیاوازە کە کە تەنانەت لە حـیزبە شمولـیەکانـی سەردەمـی پێشووش ناچـێ، جۆرێکە کە تێکەڵەیەکە لە ناشـرینتـرین و قێزەونترین پیشەوەری کە ئەتوانین بڵێین ئەخلاق لەوێدا غایبە. سیاسەت هونەری پێکەوەی و بینا کردن و بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیە کە لەوێدا هاوڵاتـی هەست بە کێش و شکۆی مرۆڤ بوون بکات.  هەروەک چۆن سیاسەت پێویستــی بە ڕێفۆرمـی بەردەوام هەیە هەرواش پێویستـی بە بوونـی نوخبە هەیە، ئەوەی شوینـی گلەیـی و ڕەخنەیە سیاسەتـی هەردوو ئاوایـی زەردو سەوز نیە چونکوم ئەوان تەنانەت لە هونەری ڕەخنەگرتنیش تێناگەن بەڵکو ڕوو لە سوپا  قەڵەم سێبەرەیە کە ئەکرا بەشێکبن لە نوخبەی هەڵکەوتەی کۆمەڵگە نەک حیزب چۆنیان بوێت ئەم قەڵەم سێبەرانە بارەکەیان بەوەلایەیا بۆ بچەرخێنن و هەرچـی و ڕووی ڕەشـی کارە نابەجـێ و پۆخڵەکانیانە بۆیان سپـی بکەنەوە. ئەبـێ سیاسەت بۆ دروست کردنـی ژیانێکـی هێمن و شایستە و خۆسەری تاکەکانـی کۆمەڵگەبـێ بەڵام ئەگەر ئاڕاستەی پێچەوانەی گرت ناکرێ بکەرەکانـی خەڵکانـی سیاسـیبن بەڵکو لە فەرهەنگـی سیاسـی گەلانـی ئازادیخوازا ئەوانە بە مافیا و بازرگانـی خوێن ناو ئەبرێن چونکوم لەناو هەردوو ئاوایـی زەردو سەوزا نە هێـزی چەپ و ڕادیکاڵ و ئازادیخواز  نە هێزی بۆرجواز و لیبراڵ و نەتەوەی بوونـی ماوە چونکە لۆژیکـی پاراستنـی پلورالیـزمـی سیاسـی، فەرهەنگـی، کۆمەڵایەتـی کاری پێناکرێ بەڵکو  لۆژیکـی دەستکەوت و بازرگانـی نائەخلاقـی تۆقێنەرو نامۆ بە مرۆڤ جێگەی گرتۆتەوانـێ. لەناو هەردوو ئاوایـی زەردو سەوزا  شەرم، ئەخلاق، ڕێزگرتن لە یاسا، دادوەری سەربەخۆ، فەرهەنگـی سیاسـی باو، هەست کردن بە بەرپرسیاریەتـی بوونـی نەماوە بۆیە ئەوەی دەسەڵاتـی بەدەستەوەیە وڵات بە قنەخشکـێ ئەبا بەڕێوە لۆژیکـی شەقاوەیە نەک حوکمڕانـیەکـی مەدنـی کە وڵاتێکیش لەلایەن بەڵتەجیەوە ببرێ بەڕێوە ئەودەم لەێدا هەموو سەمەرەیەک قابیلـی ڕوودانە  بەڵام ئەوەی نابەجێیە کاری قەڵەم سێبەرەکانە کە ئەبوو  ئەوان پاوەری گۆڕنکاری بن نەک چەسپاندنی حوکمـی قەرەقۆش. کەوابـێ پارچەیەک پەڕۆ ھیچ لە ئازاری خۆبەدەستەوەدان و دۆڕان ناشکێنێ کە کۆمەڵگە لەناخەوە گەمارۆدراوە و نەخشەی وڵاتیان لە دڵیانا پێئەنێژن هەربۆیە واباشتر بوو لەبری ھەڵکردنی تاکە ئاڵایەك کۆی ئاڵاکان بۆ نیوە داگرن چونکە خودی مرۆڤ و پاراستنـی کەرامەتـی چەقـی دەستکەوتەکانن و پارچەیەک پەڕۆی دروست کراوی دەستـی خودی مرۆڤ سەرە کوت کراوەکانـی پـێ بەرز ناکرێتەوە. ___________________________________________________________________________ سامانی وەستا بەکر                                              ١٣-١-٢٠١٩                                           سوید-ستۆکهۆڵم        


لاوك سەڵاح       هەموو شۆرشەکان و یاخیبوونە رۆمانسییەکان بۆ بەدەستهێنانی فۆرمە جیاوازەکانی شکۆمەندی وکەرامەت بوو، بۆ دانپیادان بوو بەوەی کە ئەو بوونەی هەتە دەبێت شکۆی هەبێت. زۆربەی شۆرشەکانی دونیا لە سەرەتادا، بەر لەوەرچەرخانە دڕندەکانی، هەوڵدان بووە بۆ وەدەستهێنانی شکۆمەندی سیاسی، هەر لەم پێناوەشدا دونیایەک پرس و کێشەی دادوەری کۆمەڵایەتی و مافی جۆراوجۆری کەسەکانی پێشێلکردووە. لە غارداندا بۆ وەدەستهێنانی شکۆمەندی سیاسی پێی بە هەزاران حیکایەت و سەرگوزشتەی عەشق و منداڵ و ئافرەتدا ناوە بە پاساوی سیاسی جیاواز لە سەرو هەموویانەوە پاساوی ئەوەی کاتەکە و دۆخەکە شیاو نییە؛ دۆخی پیادەکردنی دادوەری کۆمەڵایەتی نییە، دۆخی یەکسانی مافی سیاسی نییە، دۆخی پەرەپێدانی ئابووری نییە، لەوە سەیرتر دۆخی کۆنگرە و هەڵبژاردن نییە! بۆ شۆرشگێرە قەدیمەکان شکۆمەندی و دانپیانانی سیاسی بەر لە هەموو شکۆمەندییەکانی دیکە دەهات، ژیان هەمیشە دوادەخرا و بە مەرگ ئابلۆقە دەدرا نەوەک پیرۆزی شۆرش و کۆڵەکە و شکۆمەندی سیاسی شۆرش دارمێت. کۆی پرسیار؛ ئایا شکۆمەندی تەنیا شکۆمەندی سیاسی دەگەیەنێت؟ ئایا لە شکۆمەندی سیاسییدا هەموو ئەوانەی دیکە دەستەبەر دەکرێن؟ ئەم پرسیارە راستەوخۆ دەبێت زەین و دیدمان هەڵتەکێنێت. پێوەرەکانی کۆمەڵگەیەک بۆ هەڵسەنگاندنی رادە و ئاستی شکۆمەندی خۆی کامانەن؟ سەرەتا، ئایا هەمانن؟ ئەگەر هەمانن لەسەر کاغەز، ئەو پێوەرانە چۆن لە کاغەزەوە دەگوازرێنەوە و شۆردەبنەوە بۆ ناو دادگاکان و دامەزراوەکان و خێزانەکان؟ چۆن دەبنە یاسا و وەک رێوشوین و میکانیزم دادەرێژرێن بە شێوەیەک کە کەسەکان هەر لە ساتی لەدایکبوونیانەوە هەست بکەن لە کۆمەڵگەدا خاوەنی شکۆن و کۆمەڵگە وەک مافێکی سروشتی لە چەندان یاسادا بەرجەستەیان دەکات، ئەمە دوور لە دروشمی سیاسی کە هەموو پارتە سیاسییەکان بە فۆرمی جۆراوجۆر دەیڵێنەوە، زۆر نزیک لە بەها مرۆڤدۆستییەکان و مرۆییەکان. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک خاوەنی ئەو ئیرادە و توانایە بێت کە هاواری بۆ دەکەین، دەبێت پرۆسەیەکی دوورمەودا لە پەرەسەندی سیاسی ستراتیژی دامەزرێنیت، بۆ ئێمە ئەمە خەونە، پێتان وایە وڵاتێکی وەک ئیمارات یان ئێران یان تورکیا خاوەن شکۆمەندییەکی سیاسیین کە بەرجەستەی هەموو فۆرمەکانی دیکەی شکۆمەندی دەکات؟ لەگەڵ دەرکردنی بەیاننامە سیاسییە پەرتەوازەکان و تەقەی تفەنگە ژەنگ هەڵگرتووەکان و زۆر بوونی کێلە شکاوەکانی شەهیدەکان، ئەوەی نەکراوە و ئەوەی فەرامۆشکراوە شکۆمەندی چیین و توێژ و کەسەکانی کۆمەڵگە بوون لەو دیوو بەناو دونیای سیاسەتی ئێمەوە، ئەمەش بە بیانوو و پاساوی جۆراوجۆر بووە، ئێمە هەمیشە داوای شکۆمەندی خۆمان لە دونیای دەرەوە کردووە، راستە ئێمە هەمیشە بە رووی داگیرکەراندا هاوارمان بۆ شکۆمەندی نەتەوەیی کردووە، بەڵام هەرگیز بە توورەیەوە ئاورێکمان لە خۆمان و ناوەوە نەداوەتەوە، هۆشمەندییەک نەبووە کۆمەکمان بکات بۆ هێنانەدی شکۆمەندی خۆمان بەرامبەر خۆمان کە رێ لە سوتان و لاقەکردنی ئافرەت و فڕێدانی منداڵ و زوڵمی پیاوێکی بەد بکات. کۆمەڵگەیەک خۆی کەرامەت بۆ کەسەکانی خۆی دابین نەکات هەمیشە داواکردنی مافی لە دونیایی دەرەوە بەتاڵ دەبێتەوە، بە مانایەکی دیکە کۆڵەکەکان لە ناوەوە هەڵنەچنرێن چەندان نەهامەتی دیکە بەدوای خۆیاندا راپێچ دەکەن. بۆ نموونە، مەبەستی سەرەکی لە بەهاری عەرەبی لە سەرەتا و لە کرۆکدا، پانتاییە گەورەکەی بۆ یەکسانی کەسەکان و بۆ گەشەسەندی سروشتی کۆمەڵگە و وەدەستهێنانەوەی دانپیانانی شەرعیەت و بەرجەستەکردنی شکۆمەندی و کەرامەت بوو کە خۆیان لە دادوەری کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەهێشتنی مۆنۆپۆلکردنی ئابووریدا بەرجەستە دەکرد، مۆنۆپۆلکردنێک کە بەر لە زیاتر لە ٦٠ ساڵ لە وڵاتە عەرەبییەکاندا سەپێنراوە و تازە بە تازە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە سەرەتاترین فۆرم و شێوە خەریکە سەرهەڵدەدا. وڵاتێکی وەک لیبیا گرفتی برسێتی ئابووری نەبوو، ئەوان گرفتی مۆنۆپۆلکردنی سیاسی و ئابوورییان هەبوو، گرفتی بێ رێزگرتنی یاسای ئافرەت و منداڵیان هەبوو، گرفتیان خزمەتگوزاری تەندروستی و ئاو کارەبا نەبوو، گرفتیان نەبوونی یاسا و رێوشوێنی یاسایی بوو کە لە پاش هاتنی عەسکەر و نوقڵانەی شۆرشگێرەکان بەوەی هەوڵ بۆ هێنانەکایەی کۆمەڵگەیەکی بەهەشتی دەدەن، لە پاش چەندان ساڵ ئەو کۆمەڵگەیە نەوەک هەر بەها و شکۆمەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە دەستدا بەڵکو ئەو کۆڵەکە سیاسییەی کە دەیوویست وەک قەوارەیەکی سیاسی بەر لە هاتنەکایەی پرۆسەکانی تر هەبێت داڕما. بەداخەوە، بەهاری عەرەبی لە چرکە ساتی خۆیدا یاخبوونێک بوو بۆ زیندووکردنەوەی ئەو رەهەند و فۆرمە دادپەروەریانەی کە هەمیشە مێژوو کەڕیکردووین بە بوونیان بەڵام هەر لە ناو لاپەڕەی بەڵگەنامەکاندا هەبوون و کاریان پێنەکراوە. بۆ ئێمە، لە ئێستادا لە نەبوونی دامەزراوە ستراتیژییەکان و فیکرییەکان و نەبوونی دامەزراوە شەرعییە ئاساییەکانی وەک پەرلەمان و نەبوونی خیتابی سیاسی دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن و لە نەبوونی ئەکتەری سیاسی بە توانا ونیشتمانپەروەر و بەرپرسیار لە دۆخێکدا کە کەس بڕوای بە مزگێنی و مژدە و گفتەکانی شۆرشگێرەکان نەماوە، شکۆمەندییە سیاسییەکان و کۆمەڵایەتییەکان و ئابوورییەکان و مافەکانی مرۆڤ چۆن دادەمەزرێنین؟ ئایا متمانەتان ماوە؟ لە دۆخێکی دیفاکتۆی وەک ئەمەی ئێمە، گروپە سیاسییەکان، لانی کەم، هەر بۆ مانەوەی خۆیان تا قۆناغێکی دیکە، دەبێت هەست بەو مەترسییە بکەن کە چیدی بێ کاری هاوبەش سەختە کاری سیاسی بکرێت، سەختە کۆمەڵگە بپارێزیت. لە کۆمەڵگەیەک وەک کۆمەڵگەی کوردیدا بۆ پاراستنی خۆی لە دیکتاتۆریەتی ناوچەکان پێویستی بە چەترێکی هاوبەش هەیە لە بەردەم هەموو ئەو مەترسییە گەورانەی دەوریان داوە، بەڵام هەر کەسە و بە توانای واقیعی خۆی.


عەلی کەریمی        باش بوو جاری جاران میرێک هەبوو لە گەڵ هەموو کەم و کۆڕیی و بێئاگا‌هـ بوونی لە دونیا و لە میللەتی خۆی، هەڵپڕژان و جارو وبار شەڕە تفەنگ لە گەڵ میری ئەمبەر و ئەوبەر، بەڵام لە جوغرافیای خۆیدا هەر میر بوو، لە لای دەرودرواسێ، دۆست و دۆژمن و میللەتی خۆی، حوکمی دەرۆیشت و مەشروعییەتی هەبوو. ئەوە چەند ساڵە لە لایان سەرۆکی یەک لەم عەشیرەتانە، ئێستا بەناوی سەرۆکی حیزبی مۆدێرن پێناسەی دەکەن، هەر دەم و نادەمێک لەپڕ و لەناکاو باسی دەوڵەت دەکەن، نەک جارێک و دوان و سێیان و... ئەوە بوو بە دەیان جار ئەمانە ئەم باسە بە نەزۆکی دێنە گۆڕ و لە دوایەشدا بە سەرشۆڕیی و دەست لە ئەژنۆیان درێژتر دەچنە بە بارەگای عەرەبەکان لە بەغدا، وەک ئەوەی نە بایان دیبێ و نە باران. ئەوجار هەر ئەوانەی دۆینێ بە پەنجە راوەشاندن و هەڕەشە و گوڕەشە لە بەغدا و عەرەب؛ ئیتر ئێوە جیران بن و تەڵاقمان دان، هاووڵاتی بۆ کام وڵات یەکەم جار بە پاسپۆرتی کوردیی سەفر دەکا و سەدان شێعر و بالۆڕە لێدان لە لایان ئەو موستەفید و بەرماوخۆرانە بە ناوی "نوخبە و رۆشنبیر" یەک جێ ١٨٠ دەرجە دەگۆڕێن و لە هۆڵەکانی بەغدا و هەوڵیر هەر ئەوان ئەوجار باسی شەراکەتی راستەقیینە و زەروورەتی بەشداری لە عێراقی واحید، شەڕە خەنجەر لە سەر پۆستی سەرکۆماری عێراق، بە دەیان تئۆریی و شانتاژ و قسەی بێ مانا و دوور لە عیلم و زانستمان بۆ دەکەنەوە و هەر پێش نازانن هەر ئەو زاتە  موبارەکە دۆینێ چی دەگووت و ئەمڕۆ چی دەڵێت؟! ئێستا ئەوە چەند رۆژە لە چێکردنی دەوڵەتی مۆدێرن و موئەسساتی هاتووینە سەر حوکمی گەرەک و تەنانەت خانەوادە بچووکەکانی ناو بنەماڵەکان! سەیر ئەوەیە ئەو "نوخبە"یە کە خۆی وا وێنا دەکا لە خانەوادەیەکی ئەو بنەماڵەیە نزیکە و نووسینەکانی هەموو لە رووی عیلم و زانیاریی و دەزگا سیخور و ئەمنی و ئیستخباراتێکانەوە بۆ دێ، و بە داخەوە سایت و رۆژنامەنووسی دێیەکەی ئەمبەریش پێی سەرسام و موعجیبن و بە بێ ئەوەی وتارەکەیان بۆ بنێرێت یەکسەر هەر خۆیان بڵاوی دەکەنەوە و  روخساری سایت و رۆژنامەکەیانی پێ ناشیرین دەکەن، دیسان زۆر "دایی جان ناپلئون"انە تەحلیل و لێکدانەوە نا بەڵکوو وەک ئەوەی تەنیا ئەو مەعلومات و عیلمی هەیە دیسان کەتۆتە  هینا و بردن و حیکمەتی گەورەی ئەمریکا و بە هێند وەرگرتنی ئەم سەرۆک خانەوادانە لە سەردانەکەی هەفتەی رابردوویی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاغای مایک پۆمپیۆ. لێرەوە ئەم موحەلیلەی سیاسەتەکانی ئۆردۆغان دلنیا دەکەمەوە، تەیارەکەی ئاغای پۆمپیۆ دوای ئەو هەموو کۆبوونەوەی جیا لەگەڵ خانەوادەکان، هەر لە ئاسمانی هەوڵیر بووە کە دەیان جار وشەگەڵی "F"ی لە زار دەڕپەریوە!   ئاخر کوڕی باش ئەو کە وەک گەرەک و عێل و عەشیرە سەیری کورد دەکا تۆ بۆ تێناگەی و بە جیا سەردانی باوک و کوڕ و زاوا و ئەم وئەو، تیئۆریزەیەکی درۆزنانە دەکەی و دەرخواردی خەڵکیی دەدەی کە ئەمریکا ئەها چەند کوردی بەلاوە مەتڵبە، ئاخر ئەی نوخبەی نا رۆشەن! ئەمریکا لە کام وڵات رەفتاری وا دەکا؟! سەردانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا زۆر دیار و روون بوو دیدی ئەوان بۆ کورد تەنیا دەسەڵاتی گەرەک و خێل و عەشیرەیە و تەنانەت شکافەکانی مام و ئامۆزاکانیش دەزانن و بە پشی پشی پێکردن هەروەک سەردەمی "خاتوو بێل" کە خەریک بوو ئەمیر و ئەمیرزادەکانی هەموو دنیای عەرەبی لە دوای سایکسپیکۆ لە سەر پەنجە توتەی هەڵدەسوڕاند، ئەوە خەریکن هەر ئەو سیاسەتەش لە گەڵ مام و برازا و کوڕ وبلیمەتەکانی مەملەکەتی لەمەڕ تۆش دەگێڕن و ئەم جۆرە سەردان و تەعامولە لە گەڵ کورد تەنیا بێحورمەتی و بە هیچ نەگرتنمانە و تۆش ئیتر بۆ چەند ئیمتیاز و موستەفید بوون دەست هەڵگرە لەم جۆرە تەحلیل و بەناو تئۆریی و عیلمی ناراست و لە ورگ دەرهاتوو. زۆر روون بوو ئەم جۆرە دیدار و بەسەرکردنەوانە لە لایان وڵاتان و زلهێزانی دونیا و دەر و دراوسێ روانگەی ئەوانمان پێ دەڵێت لەسەر کورد و ئەم "سەرکردانە" کە نەتەنیا وەک دەوڵەت وهەرێم و زۆنی سەوز و زەرد سەیرمان ناکەن، بەڵکوو هەرکام لە وانەیان پێ مافیای گەڕەکێکە!


رێبوار کەریم وەلی (1) دوای 16ی ئۆكتۆبەر كە بەشێكی یەكێتی، لە دەرەوەی بڕیاری یەكێتی، پیلانی نەهێشتنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی كوردستانیان دادەڕشت و، خەونیان بە رووخاندنی حكومەتەوە دەبینی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هاتە سەر خەت. لە بەیاننامەیەكدا، بەناو و بە دیاریكراوی پشتیوانی بۆ نێچیرڤان بارزانی و جێگرەكەی دەربڕی. ئێستاش كە نێچیرڤان بارزانی بەربژێری پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، جارێكی دیكە وەزارەتی دەرەوە پیرۆزبایی لێدەكات، هاوكات پیرۆزباییش لە بەربژێرێكی دیكەی پارتی بۆ سەرۆكایەتیی حكومەتی داهاتوو دەكات كە مەسروور بارزانییە. دیداری وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆك بارزانیش دووپاتكەرەوەی ئەو راستییە بوو كە ئەمریكا هەوڵی بەدەستهێنانەوەی دڵی دۆستەكانی دەدات و، ناشتوانن رۆڵی سەرۆك بارزانی لە هاوكێشە سیاسی و ئیقلیمییەكان بە پێوەری پۆست و پلە و پایە بپێوین. ئینجا ئەم موبارەكەیەی وەزارەتی دەرەوە، پاڵپشتییەكی ئاشكرایە بۆ ئەو بڕیاری جێگۆڕكێیەی كە پارتی لەناوخۆی خۆیدا كردوویەتی. ئەمریكا بۆ داهاتووی ناوچەكە و ئەو هەنگاوانەی كە لە داهاتوودا لە هەمبەر ئێران دەیانهاوێت، پێویستی بە سەقامگیرییەكی سیاسی و ئەمنی هەیە لە كوردستان و وڵاتی بەناو عێراق بەگشتی، ئەوەش بە دوو ئاراستەدا مسۆگەر دەبێت كە حكومەتی داهاتوو، حكومەتێكی بەهێز بێت و رایەڵەكانی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەغدادا نەپچڕێنێ و، سەرۆكی هەرێمی داهاتووش بتوانێ لە هاوكێشە ناوخۆییەكان، ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بەڵانس رابگرێت و، رێگر بێت لە پشێوی و ئاڵۆزی. سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان، لە رابردوودا لە سەختترین بارودۆخەكاندا توانیویەتی خوێندنەوەیەكی دروستی بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان هەبێت و، تەنانەت دوای 16ی ئۆكتۆبەر دەرگا داخراوەكانی سەر كوردستانی بە شەونخونی و ئیرادەیەكی بەهێز كردەوە. نێچیرڤان بارزانی بە درێژایی 24ی ساڵی رابردوو، ئەندازیاری بەشی هەرە زۆری ئەو پەیوەندییانەیە كە پارتی و حكومەتی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیانە و، پەیوەندیی توركیای لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە شەڕەوە گۆڕی بۆ هاوبەشی ستراتیژی! بۆیە سەرۆكی داهاتوو، تەنها تەحەددییەكی لەبەردەمە كە بتوانێ ببێتە چەترێك بۆ هەموو حیزبە سیاسییەكانی كوردستان بێ فەرق و جیاوازی، بتوانێ متمانەی هەموو حیزبەكان و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان مسۆگەر بكات كە ئەوەش دەبێتە زامن و هەوێنی ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەناوخۆی كوردستان. یەكێتی تێگەیشت؟ (2) دەركەوت ئەمریكا تەنانەت یەكێتی وەكو دۆستێكیش نابینێ تا پێویست بكات چاوی بە سەرانی ئەو حیزبە بكەوێت. قوباد تاڵەبانی وەكو جێگری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ بەشێك لە وەزیرەكانی كابینە ئامادەی دیداری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بوو لە هەولێر. رەنگبێ بەشێكی پەیوەست بێت بەو متمانەیەی كە ئەمریكییەكان بە تاڵەبانیی بچووكیان هەیە و، بەشێكی دیكەشی پۆستە رەسمییەكەی بێت لە حكومەتدا. بەڵام نەك بە نوێنەرایەتی یەكێتی. دووركەوتنەوەی یەكێتی لە پارتی، ململانێی ناوخۆیی و ئەو بڕیارانەی لە دەرەوەی یەكێتییەوە بەناوی یەكێتی دەدرێن، وایانكردووە یەكێتی لەڕووی دیپلۆماسییەوە (كە خاڵی پرشنگداری سەردەمی جەلال تاڵەبانی ئەو پەیوەندییە بەرفراوانە بوو لەگەڵ دنیا هەیبوو) پشتئاو ببێ و، ئاستی پەیوەندییەكانی وەكو حیزبی دووەمی كوردستان دابەزێت بۆ بینینی سەفیر و كۆنسوڵی وڵاتان! لەوەشیاندا كۆنسوڵ و سەفیرەكان نازانن چەند كەس ببینن تا بزانن رای یەكێتی چییە و جاری وا هەیە مەجبوورن هەر چوار باڵەكە ببینن! ئەگەرچی ئێستا لە رێگەی پۆستی سەرۆككۆمارەوە لە بەغدا، یەكێتی هەوڵی نۆژەنكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاساییكردنەوەی ئەو سەرەڕۆییانە دەدات كە بەناوی یەكێتییەوە كراون، بەڵام گرفتەكە ئەوەیە كە واقیعی یەكێتی لە ناوخۆی كوردستان هەمان شتە و، سەرۆككۆماریش نایەوێ رایەڵەكانی خۆی بۆ قەڵەوكردنی هیچ باڵێكی ناو یەكێتی بەكاربێنێ، چونكە لە نیهایەتدا خۆیشی باڵێكی ناو یەكێتییە. بۆیە پێویستە لە قۆناغی یەكەمدا یەكێتی بتوانێ هەزمی ئەو واقیعە نوێیەی پارتی بكات و ببێتەوە بە بەشێك لە پێكهاتەی حوكمڕانی. بە پشكی خۆی رازی بێت و كاریش بۆ بەدەستهێنانی زیاتریش بكات، ئەگەرنا ئاراستەی رووداوەكانی ناوچەكە هیچی لە قازانجی ئەوان نییە. ئاڵا لە نیوەشەودا (3) دوای بێ ئەنجامبوونی هەموو هەوڵەكانی یەكێتی لە بەدەستهێنانی پارێزگاری كەركووك و، عیلمی ئەوەی كە پارتی بە شێوەیەكی كۆنكرێتی هەم لەگەڵ بەغدا و هەم لەگەڵ ئەمریكییەكان گەیشتووەتە رێككەوتن بۆئەوەی بە سەربڵندی بگەڕێتەوە كەركووك و، تەنانەت پێشمەرگەش لە پاراستنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەشدار بێت، باڵی 16ی ئۆكتۆبەر دوای 14 مانگ لە مانەوەی زەلیلانەیان لە كەركووك و بە چاولێكەریی حیزبی شیوعی ئاڵای كوردستانیان لە نیوەشەوێكدا لەسەر بارەگاكانیان هەڵكرد. ئەوەش بۆ ئەوە بوو كە ئەگەر سبەی پارتی بە شكۆمەندییەوە گەڕایەوە كەركووك و ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگاكانی خۆی هەڵكرد، ئەوان بڵێن ئێمە پێشتر ئاڵامان هەڵكرد! بەڵام باڵی 16ی ئۆكتۆبەر لەوە تێنەگەیشتوون كە هەموو ئەو سووكایەتی و تەعەددایەی 14 مانگە دەرهەق بە خەڵكی كەركووك و ناوچەكانی دیكە دەكرێت، ئەوان لێی بەرپرسیارن. ئۆباڵی هەموو ئەو نەهامەتییەی كە دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەرۆكی خەڵكی كوردستانی گرت بە پلەی یەكەم ئەوان دەبێ باجەكەی بدەنەوە، زوو یان درەنگ. ئەوان ئەگەر غیرەتیان هەبووایە نەدەبوو رێگە بدەن ئاڵای كوردستان بخرێتە ژێر پێ، پاراستنی كەركووكییەكان بەوە دەكرا، نەك نیوەشەوێك بەدزییەوە ئاڵا هەڵبكەن و دوایی وەك موزایەدەیەك بە خەڵكی بفرۆشنەوە. ئێوە كەركووكتان نەفرۆشتبایە بەس بوو. 


هەردی مەهدی      کاتێک پەرلەمانی کوردستان ۲۰۱٤ دەیویست هاودڵ و هاوپشتی پەیەدە بێت لە رۆژئاوا، پەکەکە تەنها لەبەر دڵی بەششاری سەففاح و "رەچاوکردنی دۆخ" وتی نابێت بە هیچ جۆرێک لە بەیاننامە و دانپیانانی کانتۆنەکانی رۆژئاوادا وشەکانی هەرێم، هەرێمەکان، کوردستان و ئاڵای کوردستان بەکاربهێنن، وتیان دەبێت دۆخەکە "رەچاو بکەن" و تەنها بنوسن "کانتۆنەکانی رۆژئاڤا". ئێستاشی لەگەڵ بێت ئاڵای کوردستان لە هەموو دنیادا ئازادە لە دیمەشق، تاران، ئەنکارا، كەرکوک، کانتۆنەکانی ئێوە نەبێت قەدەغەیە. دەیان ئاڵاتان هەیە تەنها ئاڵاکەی کوردستان نەبێت. "باشورییەکان" و بەتایبەت سلێمانی چی بۆ نەکردن! ئێوەش لەبەرامبەردا درێغتان نەکردوە و لە شێخی نەهریی، سمکۆ و قازی-ەوە تا تاڵەبانی و بارزانی بە دواکەوتوو و دەربەگ ناویان دەبەن و کوردبوونیش بە رەجعییەت(بڕوانە کتێبی سبعە ایام مع ێ‌بو1998). هەمیشە تاکڕەوانەش دەیسەپێنن  کە پێکاکا ئەعلاحزب و ئاپۆ ئەعلاحەزرەت و قەندیلیش ئەعلا مەکانن و هەمووانیش خزمەتکاری پێکاکا. ئەو پرسیارەش ناکەین بۆچی تەنها دژی "ئاستانە"ن و بێدەنگن لە ئاست تاران و شام و بەغدا! لەوەش دەگەڕێین کە دیاربەکرتان گۆڕییەوە بە منبجی عەرەبی و چۆڵیشتانکردەوە بۆ دیمەشق. ئێوە تازە "چەپفیکر"ن و دەبێت وابن. بەڵام تێبگەن و هیچ نەبێت رەچاوی دۆخ و بەرژەوەندی سلێمانی و کوردستان بکەن، کەمێک دەنگەدەنگ کەمبکەنەوە فیلمێک و چالاکییەک لێتان کەمناکاتەوە، شەڕگەی راستەقینەی ئێوە وان و دیاربەکرە. ئاخر لە واشنتۆنیش رۆژنامەیەک، فیلمێک، بارەگایەکی "کەمئەندام" زیانی حەوت ملیۆن دۆلار لە بەرژەوەندی شارێک بدات نەک دایدەخەن سزاشی دەدەن. لەوە تێبگەن ئەنکارا و ئەردۆگان لە بەشار و دیمەشق بەهێزترن، تێبگەن و دۆخەکە "رەچاو بکەن" وەک چۆن بۆتان رەچاوکرا بەرامبەر سەففاحەکەی شام.


مەلا بەختیار      (به‌ ئامار و ژماره‌) (16) ساڵه‌ رژێمی به‌عس روخاوه‌و چه‌ندین هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا، كراوه‌. ئایه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا: - عێراق توانیویه‌تی په‌ره‌ به‌ دیموكراسی بدات؟ - عێراق توانیویه‌تی راده‌ی گه‌نده‌ڵی كه‌مبكاته‌وه‌؟ - عێراق توانیویه‌تی تاڵان‌و تاوان نه‌هێڵێ‌؟ - عێراق توانیویه‌تی، ته‌زویر له‌هه‌ڵبژاردندا، وه‌كو تاوان سه‌یر بكات؟ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌، با هانا بۆ ژماره‌و رێژه‌و ئامار به‌رین. چونكه‌ كاتێك ژماره‌و ئامار، ساغده‌بنه‌وه‌، ئیتر پاساو داتاشینی تایفه‌گه‌ری‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتی، ناخوات. له‌م هه‌فته‌یه‌دا، رۆژنامه‌ی ئیكۆنۆمیست، ریزبه‌ندی سیسته‌مه‌ دیموكراسیه‌كانی جیهانی بڵاوكرده‌وه‌. به‌پێی ئه‌و ریزبه‌ندییه‌ له‌ناو (167) سیسته‌می دیموكراسی‌و به‌ناو دیموكراسی، عێراق له‌پله‌ی (114)هه‌میندایه‌. له‌وه‌ش سه‌یرتر، عێراق له‌وڵاتانی ئه‌فریقا (بوركینافاسۆ)و (ئۆگاندا)، هه‌روا له‌ (پاكستان)یش، ئاستی دیموكراسی خراپتره‌. هه‌روه‌ها، له‌ناو (10) وڵاتی جیهاندا، كه‌ له‌هه‌ڵبژاردندا گه‌نده‌ڵی‌و ته‌زویر هه‌یه‌، عێراق چواره‌م پله‌ی هه‌یه‌. به‌پێی خه‌مڵاندن له‌عێراقدا زیاتر له‌ (400) ملیار دۆلار به‌گه‌نده‌ڵی لوش كراوه‌! هه‌ر به‌پێی ئاماری حكومه‌تی عێراق خۆی له‌عێراقدا (172) كۆمپانیا هه‌یه‌، كه‌ تێچونیان (500) ملیار دۆلاره‌. به‌ڵام (17%)یان كارده‌كه‌ن!! به‌پێی زانیارییه‌ په‌خشكراوه‌كان (كه‌ هه‌تا ئێستا به‌درۆنه‌خراوه‌ته‌وه‌) له‌ چاڵگه‌ نه‌وته‌كانی (جمبور) له‌ناحیه‌ی تازه‌ خورماتوی كه‌ركوكدا، رۆژانه‌ رۆژانه‌ ئێستاش (30) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، به‌ كاروانی ته‌نكه‌ری به‌رپرسان تاڵان ده‌كرێ‌. كاروانی ئه‌و نه‌وته‌ دزراوانه‌، شه‌وانه‌ به‌ره‌و سلێمانی رێچكه‌ ده‌به‌ستن‌و به‌پێی سات‌و سه‌ودای تایبه‌تی ساغده‌كرێنه‌وه‌. ئه‌و ژماره‌و ئامارانه‌ی رۆژنامه‌ی متمانه‌پێكراوی وه‌كو (ئیكۆنۆمیست) كه‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاریه‌كانی هه‌میشه‌ راستن، (دزی‌و گه‌نده‌ڵی‌و ته‌زویر) بونه‌ته‌ سێگۆشه‌ی ترسناك له‌عێراقدا. كه‌ ناتوانین هه‌رگیز كوردستان‌و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كانیان لێده‌رهاوین. ئه‌م سێگۆشه‌ ترسناكه‌، ته‌نهاوته‌نها، به‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كرێ‌‌و له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتیشدا، به‌و كاربه‌ده‌ست‌و به‌رپرسانه‌ ئه‌نجامده‌درێ‌، كه‌ پله‌ی باڵای ده‌سه‌ڵاتی حكومی‌و سیاسی‌و هێزی چه‌كداری تایبه‌تیان هه‌یه‌. له‌ئاستی عێراق‌و كوردستاندا، بۆگه‌نی گه‌نده‌ڵی‌و پاشه‌كشه‌ی دیموكراسی‌و ده‌ستكاریكردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و راووڕوت، له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا تره‌كیووه‌. هه‌ربۆیه‌ عێراق له‌ (114)مین ریزبه‌ندی سیسته‌مه‌ دیموكراسیه‌كان‌و چواره‌مین وڵاته‌ له‌ناو (10) وڵاتدا، له‌ ته‌زویری هه‌ڵبژاردن‌و گه‌نده‌ڵیدا. ده‌ركه‌وت.. ته‌نها هه‌ڵبژاردن‌و بواره‌كانی میدیای ئازادو ره‌خنه‌گرتن، هیچ وڵاتێك‌و ئه‌زمونێك ناكاته‌ دیموكراسی. به‌ڵكو، دیموكراسی له‌سه‌رده‌می جیهانگیریدا، ره‌هه‌ندی فراوانتری هه‌یه‌. له‌پێشه‌وه‌یاندا.. ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی‌و سزای تاڵانكاران‌و سه‌روه‌ری یاساو به‌دیهێنانی سیسته‌می مۆدێرنه‌یه‌، له‌هه‌موو بواره‌كانی حوكمڕانی‌و خۆشگوزه‌رانی‌و دادپه‌روه‌ری. نه‌ك به‌ چه‌مكه‌ كلاسیكیه‌كان، حوكمی تایفه‌گه‌ری‌و حزبایه‌تی‌و هێزی چه‌كدار، له‌ژێر په‌رده‌ی رواڵه‌تی دیموكراسیدا، ناوبه‌ناو هه‌ڵبژاردنی سه‌یروسه‌مه‌ره‌ ئه‌نجام بدرێ‌‌و سیسته‌مه‌ به‌سه‌رچوه‌كان‌و سه‌ركرده‌ له‌به‌رچاوكه‌وتوه‌كان، به‌زه‌بری هێزی چه‌كدار بسه‌پێنرێنه‌وه‌. ئه‌نجامه‌كه‌شیمان بینی. له‌به‌غدادی پایته‌ختدا (30%)ی خه‌ڵك به‌شداری هه‌ڵبژاردنی كرد. ئه‌وه‌تا، هه‌تا ئێستاش، پێكه‌وه‌نانی حكومه‌ت، خراوه‌ته‌ گره‌وی به‌رپرسیارانی ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌ له‌عێراقدا. ئه‌گه‌ر كوردستانیش نه‌ویسترێ‌ به‌ده‌ردی عێراق‌و ده‌وڵه‌ته‌ داڕزیوه‌كانی به‌ناو دیموكراسی بچێ‌، ده‌بێ‌ ئه‌زمونی حوكمڕانی كوردستان، به‌ پرۆژه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری ستراتیژی: - یان كۆی سیسته‌می حوكمڕانی كوردستان‌و ره‌فتار و كرداری كاربه‌ده‌ست‌و به‌رپرسان، بگۆڕدرێن‌و یاسایان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێن. - یاخود، له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌دا، ده‌ستڕه‌نگینی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان‌و پروپاگه‌نده‌كانی میدیایی‌و هه‌ژمونگه‌ری چه‌كداری، چیكه‌ به‌رگه‌ی گۆڕانكاری هاوكێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی‌و سایكۆلۆژیه‌كانی رای گشتی ناگرن. دڵنیاین، ره‌وڕه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌ مێژوییه‌كان له‌سه‌ر هیچ لایه‌ك ناوه‌ستێ‌‌و، وه‌رچه‌رخانی چاوه‌ڕواننه‌كراویش، له‌هه‌ڵبژاردن‌و قوڵبونی ناڕه‌زاییه‌كان، به‌ڕێوه‌یه‌.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand