سندوقی نیشتمانی ئەمریکا بۆ دیموکراسی پاڵپشتی دارایی درەو دەکات

هەواڵ

چاوپێکەوتن

قەرەسوو: ئێمە هەر بە شێوازی ئاپۆیی دەستمان پێکرد

مستەفا قەرەسوو ئەندامی كۆنسەی سەرۆكایەتی كۆمپا جڤاكێ كوردستان (كەجەكە) رایدەگەیەنێت: هیچ رێكخراوێكی نوێمان درووست نەكردووە، ئێمە هەر خۆمان بە شێوازی ئاپۆیی دەستمان پێکرد

بڵاوکراوەتەوە لە : 12 ئایار 2026

قەرەسوو: ئێمە هەر بە شێوازی ئاپۆیی دەستمان پێکرد

قەبارەی دەقەکان

قەبارەی دەقەکان

درەو: 

موستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)  لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤی: 

- لە ٥ـی ئایاردا هاوشانی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی گشتیی کەجەکە سۆزدار ئاڤێستا، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیتان ساز کرد، تێیدا جەختتان لەسەر گرنگیی ئەم قۆناغە کردەوە؛ باشە، چی بووە هۆی ئەوەی ئێوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز بکەن؟

+ چاوەڕوانیمان لەم پرۆسەیە هەیە، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ لە ئارادایە، دەمانەوێت ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا بگاتە ئەنجامێک، ئەمە بانگەوازێک بوو بۆ دیموکراتیزەکردنی تورکیا، لەسەر ئەم بنەمایەش چارەسەری پرسی کوردی لەخۆ دەگرت، لەم ڕووەوە ڕای گشتیش چاوەڕوانیی هەیە کە دەوڵەتی تورک چی دەکات و چی ناکات، لەم بارەیەوە زۆر پرسیار دەکران، لە لایەکی ترەوە هەندێک لە وتەبێژانی دەوڵەتی تورک بە ڕاگەیاندراوەکانیان ڕێڕەوی پڕۆسەکەیان لێڵ دەکرد یان بەرپرسیارێتییان لە کۆڵی خۆیان دەکردەوە، سەرەڕای ئەوەی ئێمە ئەوەندە شتمان کرد و هەنگاومان نا، بەڵام ئەوان بە شێوازێک ڕەفتاریان دەکرد کە وەک بڵێی هێشتا چاوەڕێی ئێمەن، دەبوو وەڵامی ئەمانە بدرێتەوە، وەڵامنەدانەوە دەبووە هۆی درووستبوونی بۆشایی، لە بەرانبەر ئەم نزیکایەتییەی دەوڵەتی تورکدا هەڵوێستی ئێمە چییە؟ گەلی کورد، گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراسیخوازەکان تامەزرۆی زانینی ئەمە بوون.

بۆ ئەوەی نزیکایەتی خۆمان نیشان بدەین، لە هەمان کاتدا نیشانی بدەین کە ئێمە چیمان کردووە و دەوڵەتی تورک چی کردووە و چی نەکردووە، ئەمانەمان بە پێویست بینی، دەبێت ڕای گشتیش بزانێت کە ئێمە چیمان دەوێت، واتە چاوەڕوانیی ڕای گشتی، چاوەڕوانیی گەلی کورد و چاوەڕوانیی گەلانی تورکیا هەیە، جیهان بە پەرۆشەوە چاودێری پرۆسەکە دەکات، بەڕێوەچوونی پرۆسەکە چۆنە؟ ئایا بەرەوپێشچوونێکی ئەرێنی هەیە؟ گەشەسەندن هەیە؟ چونکە چەقبەستووییەک هەبوو، گەنگەشە هەبوو، ئایا پرۆسەکە کۆتایی دێت؟ لە لێواری تەواوبووندایە؟ گفتوگۆی لەو شێوەیە هەبوو، ئەمەش بەهۆی نزیکایەتیی دەوڵەتی تورکەوە بوو کە هەنگاوی نەدەنا، لەگەڵ نیشاندانی نزیکایەتیی دەوڵەتی تورک، ئاشکراکردنی نزیکایەتیی خۆمان گرنگە، ئێمە چۆن نزیک دەبینەوە؟ بەڕاستی هەوڵ دەدەین وەڵامی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بدەینەوە، دەمانەوێت ئەم پڕۆسەیە بەرەو پێش بچێت، هەڵوێستی ئێمە ئەمەیە، هەر بۆیە پێویستمان بە کارێکی لەو شێوەیە بینی، ئەگەر ئەمە نەبوایە، ئەو هەموو گەنگەشەیە هەیە و سەبارەت بە ڕێبەرێتی گفتوگۆ هەیە.

سەبارەت بە پرسی “مافی هیوا” بۆ ڕێبەرێتی و پرسی ئازادیی ڕێبەرێتی، چەندین هەڵسەنگاندنمان هەیە، بۆچی ئەمانە دەکەین؟ پێویستمان بە ڕاگەیاندراوێک بینی بۆ ئەوەی ئەمە ڕوون بکەینەوە، دەتوانم ئەوەش بڵێم، ڕەنگە لە پێشکەشکردنی ڕاگەیاندراوێکی لەم شێوەیەدا کەمێک دواش کەوتبین، بەڵام نەماندەویست هەمیشە ڕاگەیاندراوی وا بدەین و وەڵام بدەینەوە و بکەوینە ناو مشتومڕ و گفتوگۆوە، بێگومان کاتێک پێویست بکات وەڵام دەدەینەوە، بەڵام لەم دواییانەدا نزیکایەتی هەندێک لە بەرپرسانی ئاکەپە هەبوو کە پرۆسەکەیان لێڵ دەکرد، ڕاستییەکانیان دەشاروەوە و بەم شێوەیە دەبوونە ڕێگر لەبەردەم کۆمەڵگە بۆ ئەوەی لە پرۆسەکە بە درووستی تێبگەن، هەر بۆیە پێویستمان بەوە بینی وەڵامی ئەو نزیکایەتییانە بدەینەوە و وا بکەین هەمووان تێبگەن کە پڕۆسەکە چییە.

- دوای ڕاگەیاندراوەکەتان، نەیارانی پرۆسەکە دەستیان بە گەنگەشەیەکی تراژیکۆمیدی کرد؛ وتیان: “پەکەکە ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی”، وەک ئاپۆییەکی ٥٢ ساڵە، دەتەوێت بە کورتی چ وەڵامێکی ئەم دۆخە بدەیتەوە؟

+ بەڕاستی جێی سەرنجە، ئێمە هەر خۆمان بە شێوازی ئاپۆیی دەستمان پێکرد، ئەم تەڤگەرە بە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، ڕێکخستنێک هەبوو، کۆمەڵگەیەک هەبوو، ڕێبەر ئاپۆ وەک کەسێک دوای ئەوەی گەیشتە ئەم فیکرە بۆ هەڤاڵەکانی گێڕایەوە، کردیان بە گرووپێک و گرووپی ئاپۆیی دەستی پێکرد، ئێمەش لەو ڕۆژەوە تا ئێستا ئاپۆیی و هەمیشە ئاپۆیی بووین، هەمیشە بە ناوی ئاپۆییەوە سەربەرز بووین، بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە بەم شێوەیە پێناسە بکرێین، بێگومان ئەم ناوەمان لە خۆمان نەناوە، واتە خۆمان بە خۆمان نەوتووە “ئاپۆیی”، بەڵکو بەهۆی ڕێبەرێتییەوە، ئەوانەی لە دەرەوەی ئێمە بوون بەم شێوەیە پێناسەیان کردین، ئێمەش بەمە قەڵس نەبووین، هەمیشە پێمان خۆش بووە، چونکە ئەوەی ئێمەی گەیاندە ئەو خاڵە ڕێبەر ئاپۆ بوو.

ئەوەی ئەم فیکرەی پێ داین، ڕێگەی بۆ خۆش کردین، ڕێبەرێتی کرد و هەمیشە ڕێگەی تێکۆشانی کردەوە و گەیاندیە ئەم ئاستە و وایکرد تەڤگەرەکە گەشە بکات، ڕێبەرێتییە، هەر بۆیە کاتێک ڕاگەیاندراوێکی لەم شێوەیە درا، وترا تەڤگەری ئاپۆیی، ئێمە بە ناوی بەڕێوەبەریی تەڤگەرەکەوە ڕاگەیاندراومان دا، لە ژێر ڕاگەیاندراوەکەدا بەڕێوەبەریی تەڤگەر هەیە، واتە بۆ ئەوەی تێبگەن مەبەست کام بەڕێوەبەرییە، پێناسەیەکی لەو شێوەیە کرا، ئێمە لەم ناونانە بێزار نین، بەپێچەوانەی قسەی هەندێک کەس، ئەم ناوە بە واتای دامەزراندنی تەڤگەرێکی نوێ نایەت، ئێمە ناوێکی نوێمان لە خۆمان نەناوە، ئێمە ٥٠ ساڵ لەمەوبەریش ئاپۆیی بووین و ئێستاش ئاپۆیین، کێ دەتوانێت نکۆڵی لە کاریگەرییەی ڕێبەر ئاپۆ لە کوردستان بکات؟ لە کوردستاندا بە دەیان ملیۆن ئاپۆیی هەن، گەلی ئێمەش ئاپۆییە، هەر بۆیە بەو جۆرە پڕوپاگەندانە و ئەو نزیکایەتییە خراپانە ویستیان بۆ دژایەتیکردنی پرۆسەکە ئەم بابەتە بکەنە کەرەستە و ئامرازێک، بە بڕوای من هەڵسەنگاندنی بێمانا و پووچن.

- لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەت بەوە کرد، بۆ پێشکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ ڕوون بێتەوە؛ ئایا دیارنەبوونی ستاتۆی ڕێبەرێتی “پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” لە ناو دەوڵەت و دەسەڵاتدا، بە واتای هەبوونی ناکۆکی نایەت؟

+ ئەم بابەتە زۆر گرنگە، لەبەر ئەمە گرنگە چونکە دەوڵەتی تورک سەد ساڵە نکۆڵی لە کورد دەکات، نەک هەر کورد وەک لایەنی بەردەنگ نابینێت، بەڵکوو نوێنەرە سیاسییەکانی کوردیش قبوڵ ناکات و ڕەتیان دەکاتەوە و لەناویان دەبات، پراکتیکی ئەم سەد ساڵە بەم شێوەیە بووە، هەر بۆیە ئەگەر بڕیارە پرۆسەیەک هەبێت و هەنگاو بۆ چارەسەری پرسی کورد بنرێت، دەبێت ئەو عەقڵیەتە سەد ساڵەیە و ئەو جۆرە نزیکایەتییە کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەویش ئەوەیە کە دان بە هەبوونی کورددا بنێیت، دان بە نوێنەرە سیاسییەکانی کورددا بنێیت و ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکرێت، دەبێت نوێنەری سیاسیی ئەو گەلە وەک بەردەنگ ببینرێت، هەر بۆیە پرسی بەردەنگ و پرسی ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ زۆر گرنگە، لێرەدا ئەگەر نزیکایەتییەکی ڕاست و درووست نیشان نەدرێت، بەو واتایە دێت کە دیارە عەقڵییەتە سەد ساڵەیەکە و نکۆڵیکردن لە کورد و بە هەند وەرنەگرتنی کورد وەک بەردەنگ و فەرامۆشکردنیان بەردەوامە، واتە نەناسین و دانپێدانەنان بە ئیرادەی سیاسیی کورد بەردەوامە.

بۆیە، باشە لە سەرەتادا دیدار و گفتوگۆ کران و دەکرێن، بەڵام دوای ئەوەی پرۆسەکە گەیشتە قۆناغێک، ئەگەر ستاتۆی فەرمیی ڕێبەر ئاپۆ نەناسرێت و بەڕێوەبەریی ئەم دیدار و گفتوگۆیانە وەک بەردەنگ نەبینرێت، ئەمە بە واتای نەناسینی کورد دێت، بە واتای نەناسینی ئیرادەی سیاسی و هەبوون و قبوڵنەکردنی بەردەنگ دێت، واتە دیارە لە پرسی چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەبووندا نزیکایەتییەکی ڕاستگۆیانە لە ئارادا نییە، هەر بۆیە ئێمە ئەمە بە گرنگ دەبینین، ئایا ئەو عەقڵییەتە سەد ساڵەیە دەگۆڕێت و نزیکایەتییەکی نوێ نیشان دەدرێت، یان نا؟

بەدیهاتن و بەرجەستەبوونی ئەم گۆڕانکارییە بەم شێوەیە دەبێت، هەر بۆیە ئێمە بابەتی بەردەنگبوون بە گرنگ دەبینین، ئەگەر لە ناو دەوڵەت و دەسەڵاتی تورکیادا نزیکایەتییەک بۆ چارەسەریی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا هەبێت، ئەو کاتە دەبێت بەردەنگبوون و ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ بکات، وا ڕاپۆرت ئامادە کرا، کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەوێ بە فراوانی باسی بابەتەکە دەکات، بۆ ئەوەی ئەمانە واتایەکیان هەبێت، دەبێت بەردەنگبوون و ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ و کارکردنی ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی ئازاد و دیداری لەگەڵ هەموو کەسێکدا بێتە دی.

- بەپێچەوانەی ئەمەوە، ماوەیەکی درێژە هیچ دیدارێک ئەنجام نەدراوە؟

+ بێگومان، لە ٢٧ـی ئادارەوە تا ئێستا هیچ دیدارێک نەکراوە، بەم بیانوو و بەو هۆکارە ڕێگە نادەن دیدار ئەنجام بدرێت، ئایا بەم شێوەیە دەبێت؟ ئایا نزیکایەتییەکی ئاوا سادە بەرانبەر بە پرۆسەکە دەبێت؟ نازانم بۆچی دیدار ئەنجام نەدراوە، بەڵام بەمجۆرە نایێت، ئایا ئەمە یارییە؟ ئەمڕۆ دیدار بکات و سبەی نەیکات، ئەگەر پرۆسەیەک لە ئارادایە و ئەگەر نزیکایەتییەکی جدی هەیە، ئەگەر دەخوازرێت ئەم بابەتە بەرەو پێش بچێت، ئەو کات ڕێگریکردن لە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و هێنانەوەی بیانوو کارێکی ڕاست نییە، دەبێت دەست لەمە هەڵبگیرێت، واتە پێویستیمان بە نزیکایەتییەکی جدی هەیە بەرانبەر بە ڕووداوەکان، دەبیستین کە دەڵێن نازانم بە چ هۆکارێک پێویست بە دیدار ناکات و شاندیان نەبردووە، وتمان ئەمە چییە؟ ئەمە چ جۆرە نزیکایەتییەکە؟ پێدەچێت لە کاتێکی نزیکدا دیدارەکان سەرلەنوێ دەست پێ بکەنەوە.

- لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا جەختت لەسەر گرنگیی ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ کردەوە؛ ڕێک دوای ڕاگەیاندراوەکەی تۆ، سەرۆکی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان، باسی لەوە کرد کە دەبێت ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ دیار بێت، تۆ چۆن پێشوازیت لەم قسانە کرد؟

+ خۆ پێشتر دەوڵەت باخچەلی لە ٢٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا بانگەوازی کرد لە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی لە پەرلەمان قسە بکات، دواتریش قسەی کرد و باسی ڕێبەری دامەزرێنەری کرد، دواجاریش ڕاگەیاندراوێکی دا و وتی با ستاتۆکەی دیار بێت، وتی با وەک ڕێکخەر بێت، شتێکی هاوشێوەی ڕێکخەری ئاشتی و چارەسەری سیاسیی وت، ئەمانە هەمووی باشن و شتی ڕاستن، ئەم قسانە بەڕاستی واتادارن و ڕاستن، ئێمە هیچ لەبارەی قسەکانەوە ناڵێین، ئەمانە ئەو قسانەن کە دەبێت بکرێن، بەڵام دەبێت ئەم قسانە جێبەجێ بکرێن، تا ئەو شوێنەی ئێمە و ڕای گشتی بزانین، پەیوەندیی نێوان دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆغان جدییە و هاوبەشییەکی قووڵە، واتە ئەگەر نزیکایەتییەک هەبێت، تا ئێستا هەڵوێستێکی هاوشێوەیان هەبووە و پێکەوە بڕیاریان داوە، کەواتە دەبێت ئەمە ببێتە هەڵوێستێکی هاوبەش، ببێتە هەڵوێستی دەسەڵات و هەڵوێستی ئەردۆغان، چونکە پەیوەندییەکەیان بەو شێوەیەیە، پەیوەندی و هاوپەیمانیی ئاکەپە-مەهەپە ساڵانێکی زۆرە بەم شێوەیەیە.

بۆیە ئێمە قسەکانی دەوڵەت باخچەلیمان بە ئەرێنی بینی، بەڵام بۆ ئەوەی واتای هەبێت، دەبێت دەسەڵات بیخاتە بواری پراکتیکییەوە و خاوەندارێتی لێ بکات، ئەگینا ئێمە چی بڵێین؟ ئایا بڵێین باخچەلی دەڵێت و ئەردۆغان نایکات؟ شتی وا نابێت، ئەگەر باخچەلی شتێکی وتبێت، دەبێت ئەردۆغان جێبەجێی بکات، ئەگەر نایکات، ئەوا ئێمە چی بڵێین؟ ئایا باخچەلی بەم قسانە تەنها دەیەوێت کەشەکە نەرم بکاتەوە؟ چونکە لە ناو کۆمەڵگەدا داواکارییەک هەیە، داواکاریی ئێمە هەیە، نزیکایەتییەکانی باخچەلی ئەرێنین و دەبێت جێبەجێ بکرێن، ئایا دەبێت بڵێین قسەکانی باخچەلی بە جدی وەرناگیرێن؟ ئێمە ناتوانین بەو شێوەیە هەڵسەنگاندن بکەین، کەواتە دەبێت ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت، ئەگینا ئەو تێگەیشتنە درووست دەبێت کە باخچەلی قسە دەکات بەڵام هیچ ئەنجامێکی نییە.

- پێدەچێت سەرۆکی گشتیی ئاکەپە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەی ساز بکات؛ بە تێڕوانینی تۆ، ئەردۆغان پەیامی لەو شێوەیە دەدات؟

+ دوای دەوڵەت باخچەلی، ئەویش لە شوێنێک قسەی کرد و خاوەندارێتی لە پرۆسەکە کرد، وتی ‘پرۆسەکە بەرەو پێش دەچێت’، وتی گەشەکردنی پرۆسەکە بۆ داهاتووی تورکیا زۆر گرنگە، قسەی لەو شێوەیەی کرد، پێشتریش قسەی هاوشێوەی کردبوو، ئیدی کاتی ئەوەیە لە قسەی دووبارە تێپەڕین، باشە، قسەی خاوەندارێتی لە پرۆسەکە دەکەین و پرۆسەکە گەشە دەکات، شتێکی باشە، بەڵام ساڵ و نیوێک بەسەردا تێپەڕی، دەبێت ئیدی شتێک بکرێت، دەبێت هەندێک گۆڕانکاری بکرێت، بەتایبەتی لە بابەتی بەردەنگ دەبێت هەنگاو بنرێت، ئەگەر نزیکایەتی بەرانبەر بە بەردەنگ نەکرێت و گۆڕانکارییەکی جدی ڕووی نەدات، ئەو کاتە قسەکان بێ واتا دەبن، بێگومان باسی دەکات، بەڵام تەنها باسکردن بەس نییە.

ئەم باسکردنە دەبێت ئیتر واتای هەبێت، بە شێوەیەک بێت کە پرۆسەکە بەرەو پێش ببات، ئەگەر وا بێت، نرخ و بایەخی دەبێت، ئەگینا وەک هەموو جارەکانی تر تەنها لە چوارچێوەی قسەدا دەمێنێتەوە، هیوادارین لایەنی پراکتیکی گەشە بکات و هەڵوێستی هەنگاونان نیشان بدرێت، هیوا و چاوەڕوانیی ئێمە و ڕای گشتی ئەوەیە کە لە قسە تێپەڕین و هەنگاوی کردەیی ببینین، ئیدی گەیشتووینەتە ئەم قۆناغە، ئەگەر لەم قۆناغەدا هەنگاوی شایستە و پێویست نەنرێت، بێگومان هەڵسەنگاندنی جیاوازتر دێنە ئاراوە.

- دەسەڵات هەمیشە ڕاگەیاندراوی وا دەدات کە دەبێت پشتگیری لەم پرۆسەیە بکرێت؛ بەڵام لە ڕۆژانی دواییدا هێرشەکانی بۆ سەر جەهەپە زیاد کردووە، کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ببووە پارتی یەکەم، ئایا ئەگەر دەیانەوێت پشتگیری لە پرۆسەکە بکرێت، نابێت دەست لە سیاسەتی فشار خستنە سەر ئۆپۆزسیۆن هەڵبگرن؟

+ بەڕاستی جێی سەر سووڕمانە، ئێمە ساڵانی شەستەکانی تورکیا دەزانین، حەفتاکان و هەشتاکانیش دەزانین، بەڵێ، سەردەمی ١٢ـی ئەیلوولیش دەزانین، ڕاستە لە سەردەمی ١٢ـی ئەیلولدا پارتەکان داخران و سەرۆکەکانیان دەستگیر کران، بەڵام دەتوانم ئەمە بڵێم کە لە ساڵانی شەستەکانەوە تا ئێستا تێکۆشانی سیاسی هەبووە، پارتەکان ویستوویانە سنوور بۆ یەکتری دابنێن، بەڵام بەڕاستی هەڵوێستمان لەم ئاستەدا نەبینوە، نزیکایەتییەک لەم ئاستەدا نەبووە، هەر بۆیە نزیکایەتی لە بەرانبەر ئۆپۆزسیۆن پڕە لە کێشە، واتە سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا دەبێت بەم شێوەیە بێت؟ بەڵێ، ئاکەپە مافی خۆیەتی هەوڵ بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن بدات، با پڕوپاگەندە بکات و کارەکانی نیشان بدات و هەڵبژاردن بباتەوە، خۆ بیست ساڵە و بگرە زیاتریشە هەڵبژاردن دەباتەوە، ئێستا کە هەوڵ دەدات شێوازی بردنەوەی هەڵبژاردن بگۆڕێت، بەڕاستی لە نیشاندانی نزیکایەتییەکی ئاوا تێناگەین، لەم پرۆسەیەدا کە بە بانگەوازی ڕێبەرێتی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تا ئەمڕۆ هاتووە، کردنی شتێکی وا پشتگیری بۆ پرۆسەکە ڕادەگرێت.

چونکە دەبێت پشتگیریی ئۆپۆزسیۆن بەدەست بهێنرێت، ئەمە قورسترین پرسی تورکیایە و پرسێکی ١٠٠ ساڵەیە، هەر بۆیە بەدەستهێنانی پشتگیریی پارتێکی وەک جەهەپە کە دامەزرێنەری کۆمارە و بۆ چەندین دەیەی درێژ تا ساڵی ١٩٥٠ دەسەڵاتدار بووە زۆر گرنگە، بەڵام نزیکایەتی نیشان نادات، پێشتر جەهەپە بەوە هەڵسەنگاندن دەکرا کە لەگەڵ پەکەکە و دەم پارتی یەکی گرتووە، بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن، بە بەکارهێنانی دەستەواژەی پەیوەندیتان بە تیرۆرەوە هەیە و پەیوەندیتان بە پەکەکە، هەدەپە و دەم پارتییەوە هەیە تۆمەتبار دەکران، ڕاستە ئێستا ئەمە ناکرێت، ئەمە شتێکی گرنگە، چونکە ئەو تۆمەتبارکردنە زۆر قورس بوو، هەنگاوێکی گەورەی سەرکووتکردن و ئامرازێکی سەرکوتکردن بوو، سەردەمێک لەسەر کۆمەڵگەش کاریگەریی هەبوو، چونکە دەزانن لە هەڵبژاردنێکدا دیمەنی هەڤاڵ جەمال-یان بڵاوکردەوە وەک بڵێی پشتگیری لە جەهەپە دەکات.

بەو کارە ویستیان وا نیشان بدەن کە تەڤگەرەکەمان و جەهەپە پێکەوەین، واتە شتێکی ساختەیان ئامادە کرد، ئێستا دەڵێن بە ژیری دەستکرد ئامادە دەکرێت یان بە مۆنتاژ و شتی وا کردیان، ئێستا ئیدی بێگومان ئەوە ناکەن، ئیدی سەبارەت بە پەکەکە پێناسەی تیرۆر بەکار ناهێنن، بەڵام ئەوەی ئێستا دەکرێت بەڕاستی زۆر قورسە، واتە یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەیە ئەمەیە، چییە؟ دەروێشئۆغڵو پوچانە قسە دەکات، ئەم جۆرە نزیکایەتییانە هەمیشە درووست دەبن و لە جیهانیشدا هەیە، ئەوە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام نزیکایەتی لە بەرانبەر جەهەپە بەڕاستی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە نیگەران دەکات، لە هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر پرۆسەکەدا داواکارییەکان دەردەکەون، لە سەرەتاوە ئەمەمان بە ڕاست نەدەزانی و ئێستاش بە ڕاستی نازانین، هیوادارین ئەگەر دەسەڵات پشتگیریی دەوێت، ئەوا دەبێت زەمینە بۆ ئەو پشتگیرییە بڕەخسێنێت.

- یەکێک لەو مادانەی زۆرترین گفتوگۆی لەسەر دەکرێت لە ناو ڕای گشتیدا و لە ڕاگەیاندراوەکەی ئێوەشدا هاتووە، سەبارەت بە چەکدانانە؛ چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟

+ بەڕاستی هەنگاو دەنرێت، دانانی چەک پشتڕاست دەکرێتەوە و دەستنیشان دەکرێت، ئایا شتی وا سەیر دەبێت؟ واتە چووینەتە ناو سنوورەکانی تورکیا و بە چەکەوە چووین؟ مەگەر ئێمە ئێستا لە ناو تورکیادا چەکمان هەڵگرتووە؟ وای نیشان دەدەن وەک بڵێی ئێمە چووینەتە ناو تورکیا و چەکمان بەدەستەوەیە، دەڵێن تەنها پشکنین و پشتڕاستکردنەوە دەکەن کە ئایا ئێمە بێ‌چەکین یان نا، ئێمە ئێستا لە چیاین، بەڵێ، ئێستا چەکمان پێیە و ئێمە بەرگری لە خۆمان دەکەین، ئێمە شەڕمان لە دژی تورکیا کۆتایی پێهێناوە، بەڵام ئەگەری هەیە هێرشی جیاوازمان بکرێتە سەر، بێگومان ئەگەر یاسا و دیموکراسی بێنە کایەوە، ئێمە بە چەکەوە نایەینە ناو تورکیا، با بڵێین گەڕاینەوە، ئەو کاتە سیاسەتی دیموکراتیک بەڕێوە دەبەین، لەم ڕووەوە ئەم باسە بەڕاستی زۆر سادەیە و تەنها دیماگۆژییە، نابێت بەم شێوە سادەیە دیماگۆژی بکرێت، کاتێک پرۆسەیەکی ئاوا بەرەو پێش دەچێت، دەبێت دەسەڵات و دەوڵەتێک ڕێگە بەم جۆرە دیماگۆژییانە نەدات، چ پەیوەندییەکی بەمەوە هەیە؟ نازانم، دەڵێن چەک دابنێن، ئێمەش پشتڕاستی دەکەینەوە و دەستنیشانی دەکەین، دەی دەیانەوێت چی بکەن؟

واتای ئەمە ئەوەیە کە ئێمە نایکەین و ئێمە لە ناو ئەم یارییەدا نین، واتای ئەوەیە کە نامانەوێت ئەم پرۆسەیە بەرەو پێش ببەین، ئێمە دەڵێین با بێن و ئێمە دەڵێین چەکمان پێیە، ئەی دەبێت چی بکەین؟ بەڵام هەڤاڵ بەسێ هۆزات چەکی سووتاند و ئیرادەی ئێمەی نیشان دا، خۆمان لە ڕاگەیاندراوەکەدا وتمان، دەوڵەت باخچەلی وتبووی ‘ئەگەر یاسا دەربکرایە و بهاتنایە باش دەبوو’، ئەی تۆ کام یاسات دەرکرد؟ بۆچی باس لە یاسا دەکرێت؟ ئایا یاسایەکی ڕاستت دەرکردووە؟ ئایا بەڕاستی بۆ سیاسەتی دیموکراتیک یاسات دەرکردووە؟ ئایا نزیکایەتییەیەکت نیشان داوە بۆ ئازادیی بیرکردنەوە و ئازادیی ڕێکخستن و دانپێدانان بە هەبوونی کورددا و کەس نەهاتووە؟ ئەمە لەم ڕووەوە تەنها دیماگۆژییە، لە ڕاستیدا وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە هیچ مانایەکی نییە، بەڵام ناچارین بۆ ڕای گشتی ڕوونی بکەینەوە.

_ دەبینین، بەردەوام بەڵگەنامەکان لە ژێر ناوی ‘یادداشتەکانی ئیمراڵی’ لە میدیاکاندا بڵاودەکرێتەوە، لەسەر ناوی ڕێبەر ئاپۆ بە لێشاو شرۆڤە دەکرێت؛ داخۆ چی و کێ بەرپرسە لەم دۆخە؟

+ ڕاستە، پێشتر شتی لەم جۆرە ڕوویدا، لەم دواییانەدا ڕووی نەداوە، ئێمەش ڕێوشوێنمان گرتەبەر، لێ لە ئێستادا هەندێک دیدار دەرەکەون، بەڵێ، هەندێک شرۆڤەی جیاواز هەیە کە بەتەواوی بڵاوناکرێنەوە و پچڕ پچڕن، یانی بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەریتی وەردەگیرێت و پارچە پەیوەستەکانی ناخرێتەڕوو، بەم شێوەیە دەگەینرێتە ڕای گشتی، کە بێگومان کارێکی درووست نییە، جا بپرسین چارەی ئەمە چییە؟ ئێمە و دەوڵەتیش نائاسوودەین لە شتی لەم جۆرە، چارەسەری ئەمەش ئەوەیە کە ڕێبەرێتی بە شێوەیەکی ئازاد و بێ نێوەندگیر بۆچوونەکانی بگەیەنێت بە ڕای گشتی، با ڕیپۆرتاژ لەگەڵ میدیاکاندا بکات و با ڕاگەیاندنکارەکان بڕۆنە ئیمراڵی و هەموو جۆرە پرسیارێک لە ڕێبەرێتی بکەن و ڕاشکاوانە وەڵامەکانیان پێ بگات، دواجار ئەمە چارەسەر بۆ بنەبڕکردنی ئەم مشتومڕە، ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت چی بڵێت و چی نەڵێت و خواستی چییە، بابەتەکە ڕوون دەبێتەوە.

مامەڵەی کەموکورتی دەسەڵات بەرانبەر بە ڕێبەرێتی هۆکاری ئەم دۆخەیە، کە بێگومان نەڕەخساندنی هەلومەرجی کارکردنی ئازاد ئەم دۆخەی لێ دەکەوێتەوە، تێپەڕکردنی ئەم دۆخە بە پەرەدان بە گوتاری پەیوەست بە ستاتۆی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت، تا ئەوەی ڕێبەرێتی بتوانێت بە ئازادانە کارەکانی بکات.

دواین هەواڵەکان

زیاتر ببینە
null
پێش 11 کاتژمێر

كورد چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تۆمه‌ته‌كانی تره‌مپ بكات ؟

null
پێش 12 کاتژمێر

پارتی بە نیازی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتە

null
١١ ئایار ٢٠٢٦

مەزڵوم عەبدی: تا ئێستا روبەڕوی چەندین هەوڵی تیرۆركردن بوومەتەوە