Draw Media

بە زیاتر لە 50 كورسی؛ سودانی كوتلەی گەورەی پەرلەمانە

بە زیاتر لە 50 كورسی؛ سودانی كوتلەی گەورەی پەرلەمانە

2025-11-12 12:03:04


(درەو):
سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانێتییەكەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئاژانسی (فرانس پرێس)یان راگەیاندووە، لیستەكەی سەرۆك وەزیران "سەركەوتنێكی گەورە"ی لە هەڵبژاردنی دوێنێی پەرلەماندا بەدەستهێناوە.
بەرپرسێكی نزیك لە سودانی تویەتی: لیستی (گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوە) سەركەوتنێكی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە. دوو سەرچاوەی تری نزیك باسیان لەوە كردووە، پێدەچێت لیستەكەی سودانی "كوتلەی زۆرینەی پەرلەمان" بە (50 كورسی)و زیاتر بۆخۆی مسۆگەر بكات. 
سودانی بەر لە سێ ساڵ و، دوای گەیشتنی بە پۆستی سەرۆك وەزیران بە پشتیوانی هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی) وەكو هێزێكی سیاسی نوێ دەركەوت. 
هەڵبژاردنی پەرلەمانیی دەرگای لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی نوێ لە عێراق كردەوە، ئەم پۆستە بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی لە عێراقی دوای سەدامەوە داكەوتووە، پشكی كوردە، دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماریش قسە دێتە سەر هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ، ئەم دوو پرۆسەیە كە بە كۆدەنگی هەڵدەبژێردرێن پێویستیان بە چەند مانگێك كات هەیە. 
سودانی ساڵی 2022 گەیشتە پۆستی سەرۆكایەتیی حكومەت، ئەمە دوا چەقبەستنێك كە زیاتر لە ساڵێكی خایاند؛ لەبەرەنجامی ناكۆكی سیاسی نێوان رەوتی سەدرو (چوارچێوەی هەماهەنگیی) كە خاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان بوو لە خولی پێنجەمدا. 
سەرباری ئەوەی هەریەكەیان بە جیا چوونە ناو هەڵبژاردنەوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لایەنە شیعەكانی ناو (چوارچێوەی هەماهەنگیی) ئێستاو لەدوای هەڵبژاردنەوە جارێكی تر لەناو هاوپەیمانێتییەكەیاندا كۆببنەوە بۆ پێكهێنانەوەی كوتلەی گەورەی ناو پەرلەمان. 
هەروەك پارتە سیاسییەكانی سوننەی بەشێوەی جیا جیا چونەتە ناو هەڵبژاردن و پێشبینی دەكرێت زۆرترین دەستكەوت بۆ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمان بچێت.
لە كوردستانیش ركابەری مێژوویی هەر لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا مایەوە. 
بەپێی قسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ئاستی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق رێژەی 55%ی تێپەڕاندووە، ئەمەش رێژەیەكی بەرزە، بە لەبەرچاوگرتنی بایكۆتكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن موقتەدا سەدرو؛ هەستیاری بارودۆخەكە لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەی عێراق. 
هەڵبژاردنەكە لەكاتێكدا بەڕێوەچوو، عێراق سەقامگیرییەكی رێژەیی بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای چەند دەیەیەك لە ململانێ كە ژێرخانی عێراقی وێران كردو لەدوای خۆی گەندەڵییەكی بەربڵاوی بەجێهێشت. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand