گوێنەگرتن وەک پیشە

Draw Media

2021-03-01 16:26:30



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

دەسەڵاتدارانی هەرێم گەیشتوونەتە قۆناغێک لە بێباکیی کە نە گوێیان لە ناڕەزاییە ناوخۆییەکانە و نە لە گلەییە دەرەکییەکان؛ نە دەنگی بەناھەق تاوانبارکراوەکان دەبیستن، نە دەنگی پارێزەر و کەسوکارەکانیان، نە دەنگی ناڕەزایی ڕۆژنامەنووسان و نە دەنگی ڕەخنەیی ئەو داوەرانەی دەزانن چی لەناو سیستەمی داوەرییدا دەگوزەرێت، نە دەنگی چالاکەوانان و نە دەنگی ڕۆشنبیران، نە ھی دیاسپۆرا و نە ھی ناو نیشتیمان. ئەم نەوە سوڵتانییەی حوکمڕانانی ئێستای هەرێم تەنانەت دەنگی ئەو ئۆرگانە نێودەوڵەتیی و جیھانییانەش نابیستن کە لەسەر گرتنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانان بە زمانە جیاوازەکانی جیھان دێنەدەنگ، وەکچۆن دەنگی ئەو باڵوێزخانە و ناوەندە سیاسییە نێودەوڵەتییانەش نابیستن کە بە زمانێکی دیپلۆماسی پێیاندەڵێن: ”وا نابێت، ئەوەی ئێوە دەیکەن نە حوکمی یاسا و نە کاری داد و نە بڕیاری دادوەرییە، بەڵکو بەکارھێنانێکی نابەرپرسیارانەی دەسەڵات و وەگەڕخستنی لۆژیکی ھێز و توندوتیژیی ڕووتە“. ئەمانە لەباتی بیستن و گوێگرتن لەم ھەموو دەنگە ناڕازییانە، خۆیان لیستی لایەنگرە حیزبییەکانیان دروستدەکەن، بۆئەوەی بە ھەمووان بڵێن ”ئێوە ھەمووتان درۆدەکەن، ئەوە نییە هەوادارە گوێڕایەڵەکانی خۆمان ڕاستییەکان دەڵێن“. شانۆگەریی سیاسیی و نماییشی بەیعەتبەخشینەوە بە سەرۆک و سیستەمە یاساییەکەی گەیشتۆتە ئاستێک لە بێشەرمیی، سڵ لەوەش ناکەنەوە ناوی چەند مردویەک لە لیستی ئیمزاکەرەکاندا دابنێنن. یاخود نوێنەرێکیان بھێننە سەرشاشەی تەلەفیزیۆنە شەخسیی و حیزبییەکانی خۆیان، بۆئەوەی وەڵامی خێرا و حازربەدەستی ئەو ھەموو دەنگە ناڕازییانە بدەنەوە؛ دەنگە ناڕازییەکان وەک دەنگی درۆزن و خائین و خەڵەتێنراو نمایشبکەن. 

ئەو پرسیارانەی بۆ ئێمە گرنگن ئەوەیە: ئەم توانا گەورەیەی گوێنەگرتن و نەبیستن لە کوێوە دێت؟ ژێرخانی ئەم بێباکییە چییە؟ بێگومان وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە پێویستیان بە دووبارەکردنەوەی بەشێکی زۆری ئەو نووسینانە ھەیە کە ئێمە لە بیست ساڵی ڕابردوودا نووسیومانە و ئاکارە سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە سوڵتانییەمان لەڕێگایانەوە شیکردۆتەوە. لەم وتارەدا تەنھا لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ دەوەستین کە پێمانوایە ئەم دەسەڵاتدارێتییە مۆدێلێک لە سیاسەتمەداری گوێنەگری بەرهەمهێناوە کە توانای بیستنیی سادەترین ناڕەزایی و ڕەخنەی ھیچ ھێز و گروپێکی کۆمەڵایەتیی نییە و تا بینەقاقای لەناو کەڕبوونێکی سیاسیی کەم وێنەدا نووقمبووە.

بەبۆچوونی ئێمە دیاردەی گوێنەگرتن و نەبیستن لە فۆرمی کەڕبوونی سیاسییدا، بەر لە ھەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتی تێگەیشتنی ئەم دەسەڵاتدارانە لە چەمکی سیاسەت خۆی. لای ئەم نوخبە دەسەڵاتدارەی هەرێم سیاسەت بووە بە چالاکیی گۆڕینی خواست و حەز و ڕق و کینە و سایکۆلۆژیای تایبەتی خۆیان بۆ پلان و شێوازی ئیدارەدان و بەڕێوەبردن، یاخود بۆ یاسا. لۆژیکێک کاردەکات کە کۆجیتۆکەی دەڵێت ”من چیتان پێدەڵێم دەبێت بیکەن، بەڵام سەیرمەکەن من خۆم چیدەکەم“. ئەو لۆژیکە پێماندەڵێت ”یاسا من دەریدەکەم و بەو شێوەیەش بەکاریدەھێنم ئێوە کۆنترۆڵ بکات، نەک من و دەوروبەرەکەم“. 

بەڵام بەڕاستیی ئایا سیاسەت ئەوەیە کە ئەم حوکمڕانانەی ھەرێم تێیگەیشتوون؟ ئایا سیاسەت تەرجەمەی سایکۆلۆژیا و بوغزی شەخسیی و دەستەییە بۆ واقیع، یاخود شتێکی تەواو لەمە جیاواز و بەمە ناکۆکە؟ ئایا سیاسەت چییە؟ 

سیاسەت، بە پلەی یەکەم و بەر لە ھەمووشتێک، چالاکیی گوێگرتنە، بیستنی ئەو شتانەیە کە کۆمەڵگا و خەڵک و ھێزە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان دەیڵێن و بە زمانی جیاواز و لە فۆرمی جیاوازدا تەعبیری لێ دەکەن. بیستنی یار و نەیار و دۆست و دوژمن و ناحەز و دراوسێیە. ئەگەر بنەمای سەرەکیی و ژمارە یەکی سیاسەت، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و بەرخوردی ھەمەلایەن و بەردەوام بێت، ئەوا بەشە ھەرە جەوھەرییەکەی ئەم چالاکییە لە بیستن و گوێگرتن، پێکدێت. ئەگەر سیاسەت چالاکیی دروستکردن و ڕێکخستن و گۆڕین و دەسکاریکردنی ژیانی گشتیی بێت، بە مەبەستی ھێنانەکایەی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیی ئارام و کۆمەڵگایەکی خاوەن ڕا و خاوەن ماف، ئەودەم چالاکی گفتوگۆ و قسەکردن و دەرکەوتن لەناو ڕووبەری گشتییدا، دەبێت بە یەکێک لە چالاکییە ھەرە گرنگەکانی مرۆڤ وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتیی. لەم ئامادەبوونە چالاکەی مرۆڤ لەناو ڕووبەری گشتییدا، قسەکردن و گوێگرتن دەبن بە دوو دیوی سەرەکیی سیاسەت وەک چالاکیی. سیاسەت بەبێ قسەکردن و بەبێ گوێگرتن، بەبێ دیالۆگ و ڕاگۆڕکێ، بەبێ کرانەوە بەڕووی زمان و چەمک و دەستەواژەی تردا، دەگۆڕێت بۆ دونیایەکی داخراو، بۆ کابوسێکی گەورە، بە سەرزەمینیی کاوێژکردنی سیاسیی و مەنەلۆگی سیاسییەکان لەگەڵ خودی خۆیان و لەناو ئەو بازنە بچووکەدا کە بە دەوریاندا دروستبووە. ھەر کەسێکیش ھێزی ھەبێت دەتوانێت مەنەلۆگە ناوەکییەکانی خۆی بکات بە یاسا و بە نۆرم، تەنانەت بە دەزگا و ئۆرگانی ھەمەجۆر و ئەم مەنەلۆگانەش بەسەر ھەموواندا بسەپێنێت. بەمەش زمان لە ھەموو ئەوانە بسێنێتەوە کە توانای قسەکردن و گوتنی شتێکی تریان ھەیە جیاواز لەو مەنەلۆگە شەخسییانە.  

لەم جۆرە حوکمڕانییانەدا ئەوەی بزردەبێت و دەسڕێتەوە توانای گوێگرتنە، توانای گەیشتنە بەوانیتر، تێکەڵبوونە بە دونیای ئەوانەی دەکەونە سنووری ئەو حوکمڕانییەوە. لەم مۆدێلەدا حوکمڕانان کاتێک ناتوانن گوێبگرن و ببیستن، ئیتر بەردەوام خۆیان قسەدەکەن. ئەم قسەکردنە بەردەوامە لە دۆخی  ھەرێمی کوردستاندا لە فۆرمی بەخشینی بەڵێنی درۆ و مژدەی بێبنەما و بەرھەمھێنانی مەترسیی وەھمیی و خورافییدا بەرجەستەیە، کە لەسەرێکەوە کۆمەڵگای پێ لەخشتەدەبەن و لەسەرێکی دیکەوە دەیتۆقێنن. ھاوکات گەشەدانە بە زمانێک تیایدا بەتاوانبار و بەخائین و بەناپاککردنی ھەر کەس و دەنگ و زمانێکە، کە سەدای زمان و مەنەلۆگە داخراوەکانی خۆیان نەبێت. لەم مۆدێلەدا سیاسییەک دروستدەبێت کە نابیستێت، گوێی لە ھیچ شتێک نابێت، تووشی کەڕبوونێکی سیاسیی ھەمەلایەن بووە، بەڵام خۆی کەی ویستیی و بەبێ وەستان دەمدەکاتەوە و قسەدەکات، لەو ساتە کەمانەشدا کە دەشێت شتێک ببیستن، لە مەغزای بیستنەکە ناگەن و ڕاستەوخۆ بەدوای وەڵامدانەوە و بێنرخکردنی ئەو شتانەوەن کە بیستویانە. ئەم نوخبە سوڵتانییە وەک هەموو دیکتاتۆرەکانی تر، هەر کاتێک قسەدەکات دەیەوێت قسەکانی وەک یاسا حیسابی بۆ بکرێت و هەر کاتێک نوکتە دەکات دەبێت گەل پێبکەنێت و هەر کاتێکیش خەمبار بوو دەبێت هەموو نەتەوە لەگەڵیاندا فرمێسک بڕێژێت.
 
بەبۆچوونی ئێمە توانای نەبیستن هیچ پەیوەندییەکی بە تەمەڵییەوە نییە، سەرچاوەکەی لە تەوەزەلییدا نییە، بەپێچەوانەوە نەبیستن چالاکییە، چالاکیی خۆداخستنە بەڕووی دونیای دەرەوەدا، ھەوڵدانی بەردەوامە بۆ ڕێگرتن لە ھاتنی دونیای دەرەوە، بە ھەموو زمان و دەنگ و سەدا جیاوازەکانییەوە، بۆ ناو دونیای ناوەوە. لەم دۆخە سیاسییەدا، نەبیستنی سیاسیی، چالاکییەکی سیاسییە، پێویستیی بە بوون و کارکردنی چەندەھا دەزگا ھەیە بۆ مەیسەرکردنی گوێنەگرتن و ڕێگەگرتن لە بیستن. چالاکییە ھەرە سادەکەی ئەم دەزگایانە دروستکردنی ئەو سوپا چەکدارە تایبەتانەیە کە سیاسییەکان بەچەک لە خەڵک و کۆمەڵگا دەپارێزێت و دووردەخاتەوە، ئاڵۆزەکانیشیان بریتییە لە دروستکردنی دەزگای ھەواڵگریی و میدیا و سیستەمی داوەریی ئاراستەکراو. کردەی نەبیستنی سیاسیی وەک کردەی دروستکردنی ئەو ھەموو دەزگا ئاراستەکراوانە، کردەیەکەی بەمەبەستە. کردەی بیستن خۆشی کردەیەکی پاسیڤ نییە، ئەویش دیسانەوە کردەیەکی ئەکتیڤ و چالاکە، ئینسان بۆئەوەی ببیستێت، بۆئەوەی بزانێت چی لە دەوروبەریدا ڕودەدات و چی پێدەڵێن، دەبێت ھەوڵێکی ھۆشیارانە بدات و بە خەستی ئامادەی ناو ڕووداو و پێشھاتەکان بێت. 

لەسەرێکی دیکەوە نەبیستن لە بنەڕەتدا پەیوەندیی بە بنێرخکردنەوە ھەیە، بێنرخکردنی ئەوانەی قسەدەکەن. بێنرخ و بەگرنگنەزانینی ئەو دەوروبەر و ژینگەیەش کە لەئارادایە، سەرچاوەیەکی تری کولتووری نەبیستن و گوێنەگرتنە. بەشێکی زۆری بێباکیی سیاسیی لە دونیای ئێمەدا دەرەنجامی ئەم بەکەمزانین و بێنرخکردنەی ئەو کۆمەڵگایەیە کە ئەو سیاسییانە تیایدا حوکمڕانن. ھەموومان دەزانین چ توانایەکی گەورەی سوکایەتییکردن بە مرۆڤ و بێڕێزییکردن بەرامبەر بە کۆمەڵگا و حوکمکردن بە عەقڵییەتی شەقاوەوە، لەناو ئەم ئەزموونی گوێنەگرتن و نەبیستنەدا ئامادەیە. ئەم نەبیستنە ھاوشانە بە دەنگەدەنگ و ھاتوھاوار و گەڕەلاوژەیەکی گەورە، کە لەناو دەزگا میدیاییە ئاراستەکراوەکانەوە دێت و دەبێت بە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی درێژەدان بە چالاکی گوێنەگرتن و نەبیستن لەوڵاتی ئێمەدا.

بەڵام نەبیستن تەنھا لەناو دەنگەدەنگ و ھاتوھاواری میدیاکانەوە نایەتەدەر، تەنھا پرۆپاگەندەکەرەکان درێژەدەری ئەم بەردەوامیییەی نەبیستن و گوێنەگرتنە نین، بەڵکو دەنگی مارشی سەربازیی، جوڵەی دەبابە و زرێپۆش و ماشێنە سەربازییەکان، دەنگی تێڵا و چەکی شەبیحە و بەڵتەجییەکان، مرخەی کەسە دەمامکدارەکانی ناو شەقام، ھەموویان دەنگی گەورە و ناقۆڵای ناو کۆمەڵگان، کە ناھێڵن دەنگە ناڕازییەکان ببیسترێن. توانای گرتن و ڕاونان و سەرنگونکردن، تا بە کوشتن دەگات، دیسانەوە ئامرازی تری ناو ئەو چالاکیی نەبیستن و گوێنەگرتنەن کە ھەیە و لە ئارادایە. 

توانای گوێنەگرتن و توانای تۆقاندن دوو وزەن بەیەکەوە دروستدەبن و هاوشانی یەک گەورەدەبن. توانای سوکایەتییکردن و توانای نەبیستنیش لە یەک سەرچاوەی ئەخلاقییەوە سەردەردەھێنن. لە ھەر شوێنێکیشدا شەرمی سیاسیی و ئەخلاقیی شکا و بێشەرمیی بوو بە یاسای نووسراو و نەنووسراوی حوکمڕانیی، لەوێدا نە مانایەک بۆ گوێگرتن دەمێنێتەوە، نە دەلالەتێک بۆ قسەکردن. مرۆڤ کە سڵی لەوە نەکردەوە دونیای دەوروبەری خۆی بسوتنێت، بارەگا و بنکە و وێستگەی تەلەفیزیۆن گڕتێبەردات، منداڵانی وەڵاتەکەی بگرێت و بکوژێت، ئیتر ھۆکارێک بۆ گوێگرتن و بیستن نامێنێتەوە.

گوێنەگرتن و نەبیستن خەسڵەتی ئەو کەس و دەسەڵاتانەن کە مانیان لە بینینی حەقیقەت گرتووە. نایانەوێت گوێیان لە دەنگی هەقیقی ئەو دونیایە بێت کە خۆیان دروستیانکردووە و بەرهەمیانهێناوە. نایانەوێت ڕەنگی ڕاستەقینەی ئەو کۆمەڵگایە ببینن کە خۆیان کێشاویانە. سیاسەتمەداری گوێنەگر هەمان ئەو کولتوورە تایبەتە لە گوێنەگرتن بەرهەمدەهێنێت کاتێک تەلەفۆن بۆ یەکێک دەکەیت و دەڵێت: ”بەشداربووەکەت بەردەست نییە“. سیاسەت کردەیەکی پەیوەندگەرای پڕ قسە و گوێگرتن و بیستنە، لە پەیوەندیییەکی بەردەوامدا لەگەڵ کەس و هێز و گروپ و دەزگا و دەوڵەت و جیهاندا دەژیی، کەچی سیاسەت لە کوردستاندا ئەو بەشداربوویەیە کە بەردەست نییە بۆئەوەی قسەی لەگەڵدا بکەیت، بیدوێنیت و گوێت لێبگرێت. 

هانا ئارێنت لە ڕستەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێت: „لە کوێ قسەکردن کۆتایی هات، لەوێش سیاسەت کۆتایی پێدێت“. گەر ئێمە ئەم ڕستەیە بۆ کۆمەڵگای سیاسیی کوردیی تەرجەمەبکەین، دەتوانین بڵێىن: لە کوێ گوێگرتن کۆتایی هات، لەوێش سیاسەت کۆتایی هاتووە.

بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا
بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا
بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand