سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە

Draw Media

2021-02-08 09:18:30



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 
 

 لە فیکری ھاوچەرخدا سیگمۆند فرۆید یەکەمین کەسە تیۆرییەکی تەواوی دەربارەی نوکتە ھەبێت. دوو ڕەھەندی ئەو تیۆرییە شوێنی سەرنجی شارەزایانن. یەکەمیان پێداگرتنە لەسەر گرنگیی ڕووکارە کۆمەڵایەتییەکانی نوکتە، گرنگیی ئەو پەیوەندییەی کە لەنێوان نوکتەکەر و نوکتەبۆکراودا دروستدەبێت. دووھەمیان گرێدان و بەستنەوەی نوکتەیە بە نەشیاو و حەرامە کۆمەڵایەتییەکانەوە. نوکتە وەک ئامرازێک بۆ خۆلادان و تێپەڕاندنی سانسۆر و سنوورەکانی. لە دوای فرۆیدەوە کەسانێکی زۆر لەسەر شیکردنەوەی دیاردەی نوکتەکردن ڕاوەستاون، دەکرێت زۆر بەخێرایی لەسەر دوو ئاراستەیان ڕاوەستین. یەکەمیان ئەو ئاراستەیە کە بە نوکتە ئەرکی خاوکردنەوەی گرژییەکان و مەوادی تەنفیس و خاڵیبوونەوەی کۆمەڵایەتیی دەبەخشێت دووھەمیان، بە پێچەوانەی یەکەمیانەوە، نوکتە نەک تەنھا وەک تەنفیس و ھەوڵدان بۆ کەمکردنەوە گرژیی و ململانێ و خاوکردنەوەی کێشەکان نابینێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی گرنگیی ناو ململانێکان و وەک جۆرێک لە خۆبەیانکردن و تەعبیرکردن لە پێگەیەکی ململانێئامێز دەیبینێت. ئەم دیدەیان نوکتە وەک چەمکێک بۆ ھێرشبردنە سەر ئەوانیتر، یان وەک ئامرازێک بۆ بەرگریکردن لە خود خۆی، مامەڵەدەکات.
بە بۆچوونی ئێمە نوکتە لە دونیای ئێمەدا ھەموو ئەو ڕۆڵانە دەبینێت؛ لەسەرێکەوە دەرچوونە لە سنوور و سانسۆر و حەرامەکان، بە دویوی ئەودیودا بەشێکە لە تەنفیسیی سیاسیی و خاڵیبوونەوەی کۆمەڵایەتیی، لەسەرێکی دیکەوە بەشێکە لە ململانێ سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازی ھێرشبردنیشە بۆسەر ئەوانیتر. لە دونیای ئێمەدا نوکتە سەرجەمی ئەو ئەرکانە جێبەجێدەکات، بەتایبەتی لەکاتێکدا ئەم دونیایە  بە تۆڕێکی گەورە لە حەرام و حەڵاڵ و سانسۆر، بە گەڕان بەدوای تەنفیس و ھەڵاتن لە گرژێتی و بە ململانێ و جەنگی واقیعیی و ڕەمزی تەنراوە. نوکتە بەشێکە لە ئاستە جیاوازەکانی ئامادەگیی ئەو واقیعە و لە فۆرمە جیاوازەکانی مامەڵەکردنیشی، بەتایبەتی نوکتەی سیاسیی.
نوکتەی سیاسیی لە واقیعی ئێمەدا ھەموو ئەو ڕۆڵانە بەسەریەکەوە دەبینێت. واتە دەتوانێت ئامرازێکبێت بۆ دەرچوون لە سانسۆر و بەزاندنی سنوورەکان و تەحەداکردنی حەرامە سیاسیی و دینییەکان. دەشێت ئامرازێک بێت بۆ خاوکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییەکان و لە فۆرمی تەنفیس و خاڵیبوونەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا ئامادەبێت، دەشێت چەکێکیش بێت بۆ ھێرشکردنە سەر کەسان و لایەنە جیاوازەکان، یان ئامرازی بەرگریکردن بێت لە خود خۆی بەرامبەر بە نەیارەکانی. 
لە سیستەمێکی سوڵتانیی کۆنترۆڵکراو و ستەمگەری وەک ئەو سیستەمەی لە ھەرێمدا ئامادەیە، نوکتە یەکێکە لەو کەرەستانەی کە خەڵک لە ڕیگایەوە توڕەیی و نائومێدیی خۆیان بەرامبەر بە گێلێتیی و گەمژەیی سیاسییەکانی، بەرامبەر بە بێباکیی و نابەرپرسیارێتییان، بەتایبەتی ئەوانەی لە پلەی سەرۆکایەتییدان، دەردەبڕن. مرۆڤ دەتوانێت لەڕێگای نوکتەوە و بەشێوەیەکی تەنزئامێز و گاڵتەکارییەوە، باس لە خەم و پەژارە و ناسۆرییەکانی کۆمەڵگاکەی خۆی بکات و هەر لەو ڕێگایەشەوە دەتوانێت ڕەخنە لە دەسەڵاتداران بگرێت و بە عەقڵیان پێبکەنێت. گاڵتەکردن بە دەسەڵاتداران بەشێکی گرنگیی نوکتەی سیاسییە، ئیتر لە گاڵتەکردن بە شێوازی قسە و گوتارەکانیانەوە بیگرە، تا بە لەھجە و ئاخاوتن و جوڵەی جەستە و ھەڵسوکەوتیان دەگات، لەمانەش گرنگتر گاڵتەکردن بە عەقڵیان و وێناکردنیان وەک گەمژە و نەزان و نابەرپرسیار. 


نوکتەی سیاسیی دەتوانێت تا ئەو شوێنە بڕوات و ببێت بە جۆرێک لە کردەی بەرگرییکردنێکی ڕۆژانە بەرامبەر بە مۆدێلێک لە حوکمڕانیی کە ئازاری کۆمەڵگا و تاکەکەسەکان دەدات. نوکتەچییە سیاسییەکان دەشێت مۆدێلێکی تایبەتی خەباتگێڕی پێکەنین بن، چونکە دەتوانن لەڕێگای بەرهەمهێنانی نوکتە و بڵاوکردنیەوە، وێنە و هەیبەتی دەسەڵاتدارن بە پێکەنین بشکێنن و ھەندێکجاریش بلەرزێنن. بەرهەمهێنەرانی نوکتەی سیاسیی دەتوانن پێکەنین بگۆڕن بۆ ھێزی وردوخاشکردنێکی ڕەمزیی ھەیبەت و خۆنمایشکردنی ئەو دەسەڵاتدارێتییەی نوکتەی لەسەر دروستدەکەن. 
ئەم توانا تایبەتەیە وادەکات نوکتەی سیاسیی لە ئەزموونە ستەمگەر و دیکتاتۆرەکاندا هاوشێوەی دروستکردنی حیزب و چالاکیی سیاسیی، کردەیەکی یاساغ بێت و سزای لەسەربدرێت، ئەمەش وابکات نوکتەکردن چالاکییەکی نھێنیی و ژێرزەمینیی بێت و ئاکتێکی ڕەمزیی بێخاوەن بێت. بەڵام لەگەڵ هەموو گێڕانەوەیەکیدا زیاتر بڵاوببێتەوە و خاوەنەکانی زۆرتر و زیادتر ببێت. بە مانایەکی دیکە گێڕانەوەی نوکتە سیاسییەکە خودی گێڕەڕەوەکە دەگۆڕێت بۆ خاوەنی نوکتەکە و بۆ بڵاوکەرەوەکەشی. بەمەش نوکتەکە لەوە دەکەوێت کە خاوەنێکی تاکەکەسیی کۆنکریتی ھەبێت و دەگۆڕێت بۆ بەرھەمێکی کۆیی و دەستەجەمعیی. نووسەر و دروستکەرە سەرەکییەکەی دەمرێت و گێڕەڕەوەکانی دەبن بە نووسەر و دروستکەرە نوێیەکەی. لەگەڵ ھەر گێڕانەوەیەکیشدا خاوەن و دروستکەرێکی نوێ بەرهەمبهێنێت. 

نوکتەی سیاسیی لە ئەزموونە دیکاتۆرەکاندا بەچەشنێک بەربڵاوە مرۆڤ واهەستدەکات لەم جۆرە کۆمەڵگایەدا جگە لە نوکتەگێرانەوە و پێکەنین، مرۆڤەکان هیچ کار و خەمێکی تریان نییە. نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین لە دەوڵەتە ستەمگەرە داخراوەکاندا وادەکات خەڵک ڕێگای تر بدۆزێتەوە بۆئەوەی تەعبیر لە خۆیان و کۆمەڵگاکەیان بکەن. نوکتەی سیاسیی تەنها دیوە کۆمیدییەکەی سیاسەت و سیاسەتمەداران نماییشناکات، بەڵکو دیوە تراژیدییەکەی پێگەی نوخبە و دیکتاتۆرەکانیش لەناو کۆمەڵگادا نیشاندەدات. 
لە مێژووشدا دیکتاتۆرێک نییە نوکتەی لەسەر نەکرابێت و خۆشی بەشێک لەو نوکتانەی پێنەگەیشتبێت. جەمال عەبدولناسر یەکێک بوو لەو دیکتاتۆرانەی کە بە نوکتە زۆر ئیزعاج دەبوو، و هەندێک جار نوکتەیەک لەسەر دۆخێک وای لێکردوە هەنگاوی سیاسیی و ئیداریی بنێت بۆئەوەی نەبێت بە قەشمەری گەلەکەی. بۆ نموونە عەبدولناسر بە نوکتەی خەڵک لەسەر لەشکرەکەی هێندە قەڵس بوو، ناچار لەیەکێک لە خوتبەکانی داوا لە گەلی میسر دەکات چیتر نوکتە لەسەر سەرباز و لەشکری وڵاتەکەیان دروستنەکەن. دیارە لەشکری میسر فشەی دونیای کرد کە بە چەند سەعاتێک دەگەنە ناو دڵی ئیسرائیل لە تەلئەبیب، کەچی ڕێک لەوکاتەدا فرۆکەکانی ئیسرائیل بەسەر قاهیرەوە بوون. نوکتەی سیاسیی بەچەشنێک جەمال عەبدولناسری هەراسان کردبوو کە بەرێوبەری موخابەراتی ڕاسپاردبوو، بەشێوەیەکی دەوریی هەرچی نوکتە هەیە بۆی بکات بە راپۆرت و بیخاتە بەردەستی، چونکە ترس و فۆبیایەکی گەورەی بەرامبەر بە نوکتەی خەڵک هەبوو. ترسی عەبدولناسر لە نوکتە ئەو ڕاستییەمان نیشاندەدات کە نوکتە دەشێت بگۆڕێت بۆ ئامرازێکی گرنگی ململانێی سیاسیی و گاڵتەکردن بە عەقڵیەتی سیاسیی حوکمڕانان و فشە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەکانیان. 


هاوشێوەی جەمال عەبدولناسر بارزانیش گەلەکەی خۆی بە سپڵە و چاکەنادیدە دەبینی. لەکاتێکدا هەموو میدیا حیزبیی و حکومیی و خێزانەکەی خەریکی ڕازانەوەی وێنەی ئەون وەک سەرۆکی نەتەوە، کەچی خەڵکێکی زۆر لە سەرۆک هەر ناڕازییە و خۆپیشاندان سازدەکەن و نوکتە لەسەر خۆی و دەسەڵاتدارێتییەکەی دەکەن. ئەم دۆخە بارزانیی بەچەشنێک توڕە کرد، لەیەکێک لە خوتبەکانیدا بڵێت با خەڵکی سلێمانی چی دەکەن با بیکەن، با بۆ خۆیان هەڵپەرن، قسەبکەن و پێبکەنن. نوکتەی خەڵکی کوردستان لەسەر ریفراندۆمەکەی بارزانی و لێدوانی هەندێک لە سەرکردەکانی پارتییش بۆ شەڕکردن لەگەڵ لەشکری عێراقیی گەیشتە ئاستێکی بێتام، کە بە زمانی شەعبی پێیدەڵێن ئاستی فشەکردن. ئەو فشانەی کە لەشکری میسری لە جەنگی ئیسرائیلدا کردیان، هەمان ئەو فشانە لە لایەن زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتی و ھێزەکانی ترەوە لەکاتی ریفراندۆمدا کران. دروستکردنی دەوڵەتی کوردییان بەستبووەوە بە وەڵامدانەوەی پرسیارێک لەسەر پارچە کاغەزێک بە بەڵێ. میدیاکارێکی ناسراوی پارتی تەنانەت ھەڕەشەی ئەوەی ئەکرد ئەگەر دەوڵەتە کوردییەکی دوای ڕیفراندۆم قبووڵنەکرێت، ئەوا تورکیا لەبەریەک ھەڵدەوەشێنرێتەوە و پارچەپارچەدەکرێت. فشەی نەتەوەیی گەورە و درۆی سیاسیی بەردەوام وایکرد هەم گەلی میسر و هەم گەلی کوردستان بەزەییان بەرامبەر بە سەرۆک و سیاسییەکانیان نەیەتەوە و بکەونە گاڵتەکردن بە توانا و لێهاتوویی و ئازایەتییان، بە عەقڵ و بیرکرندەوەیان ڕابوێرن. 

نوکتەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا تەنها لەکاتی درۆ و فشە گەورەکانی هەڵبژاردندا بەرهەمنایەت کە سیاسەتمەدارەکان بێ پەردە بۆ خەڵکی دەکەن، بەڵکو لەکاتی خۆپیشاندان و روبەڕووبونەوە توندوتیژەکانیش لەگەڵ دەسەڵاتدا ئامادەیە. گەورەترین فشەی هەڵبژاردن بریتیی بوو لە فشەی سەرۆک وەزیرانی ئەوسای هەرێم، نێچیروان بارزانی، کاتێک پەیمانی ئەوەی بە خەڵکی هەرێم دا، گەر لە هەڵبژاردندا دەنگ بە خۆی و حیزبەکەی بدەن، هەموویان دەکات بە خاوەن پشک لە داهاتی نەوتی هەرێمدا. دیارترین ڕەخنەی تەنزئامێزیش دەستەواژەی “مەعاشەکەو جوانە گەواد“ بوو، کە ئاراستەی گروپە چەکدارەکانی دەسەڵات کرا، چونکە تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی مەدەنیی دەکرد و بێبەزییانە ئەشکەنجەیان دەدان.

دیوێکی تری نوکتەی سیاسیی گاڵتەکردنی کەسایەتییە سیاسیی و سەرکردەکانە بە خەڵک و بەو کۆمەڵگایەی حوکمڕانیی دەکەن. ئەوان گەر شتێکیشیان دەستنەکەوێت پێی بکەنن، ئەوا یان بە گەلەکەیان پێدەکەنن یان بە خۆیان. ژمارەیەکی زۆری سەرکردەکانی ئێستای ھەرێمەکە ڕۆژگارێک پێشمەرگە بوون. لە ئێستاشدا کە ئەزموون و مۆدێلی دەسەڵاتداریی و حوکمڕانییان هیچ هەیبەت و نرخێکی لای خەڵکی نەماوە و بوون بە مایەی ڕقلێبونەوە و پێپێکەنین، ھەندێک لەو سەرکردانە کەوتوونەتە فشەکردن و باسکردنی ئازایەتیی خۆیان لەکاتی پێشمەرگایەتییدا . باسی روبەڕوبونەوەی ڕامبۆئاسای خۆیان بەرامبەر بە لەشکری بەعس دەکەن. کێشەکە لەوەدایە ئەو حیکایەتانەی ئەم سیاسەتمەدارانە دەیگێڕنەوە هێندە کۆمیدییە، گەر ئازایەتییەکیش لەسەردەمی پێشمەرگایەتییدا هەبووبێت، ئەمان بە فشەکانی ئەمڕۆیان و لە سیاقی فەشەلی سەرتاسەری حوکمڕانییەکەیاندا، تەواو وێرانی دەکەن. 

بەبۆچوونی ئێمە کێشەی سیاسەت و سیاسییەکانی کورد هەر ئەوە نییە کە زۆرینەیان بوون بە قەشمەرجاڕی خەڵک، بەڵکو خۆشیان قەشمەرییان بە خەڵکی خۆیان و بە ڕکابەرە سیاسییەکانیشیان دێت. لەکاتێکدا مەیدانی ماستەکە لە سلێمانی یەکێک بوو لە شوێنە گرنگەکانی خەباتی سیاسیی نهێنیی دژ بە ڕژێمی بەعس، ڕووبەرێکی گرنگیی بەرگریکردن و تەسلیمنەبوون بوو، لەکاتی پێشمەرگایەتیی ئەم سەرکردانەدا، کەچی ئێستا بۆئەوەی قەشمەریی بە بۆچوونێکی سیاسیی دیاریکراو بکەن، دەڵێن، ئەوەی دەگوترێت ڕای مەیدانی ماستەکەیە. لەکاتێکدا خەڵک داوای کارەبا و ئاو دەکات، ھەمان ئەو تایپە سیاسییە درۆی ئەوە دەکەن و دەڵێن کوردستان وەک سویسرایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
پێدەچێت لەپاڵ ئەم جۆرە سیاسییانەدا دۆخەکە لە کوردستاندا پێچەوانەبووبێتەوە. لە مێژوودا پادشا و حوکمڕانەکان بەردەوام موھەریج و لێبوک و بەھلولی تایبەتیان ھەبووە بۆ ئەوەی لە کۆشکەکانیاندا بیانخەنە پێکەنین. بەڵام ئەمڕۆ لە کوردستاندا ئەوە خەڵکە پێویستیان بەو جۆرە سیاسییە موھەریجانە ھەیە بۆئەوەی بیانخەنە پێکەنین و تەنفیسێکبن بۆ نائومێدیی و ڕەشبینییە مێژووییە گەورەکەی خۆیان. نوکتەبارانکردنی ئەم جۆرە سیاسیی و ھاوشێوەکانی بەشێکە لەو دۆخە سایکۆلۆژییە دەستەجەمعییەی لە کوردستاندا دروستبووە. ئەرکێکی گرنگی ئەم نوکتەکردنەش خۆبەتاڵکردنەوەی کۆمەڵگایە لە خەم و ڕق و حەسرەتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیان. 


کێشەکە لەوەدایە کاتێک سیاسەت دەبێت بە قەشمەرییات و سیاسەتمەریش بە موهەریج، مانای ئەوەیە کۆمەڵگایەکی تەواو خەمبار دروستبووە کە پێویستی ھەم بە تەنفیس و ھەم بە بەرگریکردنە. سیاسیی موھەریج ھەردوو ئەگەرەکە مەیسەردەکات، بەڵام لەڕێگای گۆڕینی سیاسەت خۆیەوە بۆ گاڵتەجاڕیی و قەشمەریی. بوونی ئەم جۆرە لە سیاسەت و ئەم جۆرە لە سیاسیی وادەکات نوکتە بەشێک بێت لە کردەی سیاسیی ڕۆژانە بە زیاد لە دیو و ئاراستەیەکدا. 

ئیبن خەلدون، کە یەکێک لە عەقڵە گەورەکانی ناو فیکری مرۆڤایەتیی، کاتێک باس لە ھۆکارەکانی گۆڕینی قەیران و زەحمەتییەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ نوکتە دەکات، دەڵێت: ”ئەگەر بینیت خەڵک لە سەردەمی قەیران و نەھامەتییەکاندا قسەی خۆش و نوکتەی زۆر دەکەن، لەوە دەڵنیابە کە ھەژاریی بڕستی لەو خەڵکە بڕیوە، ئەوان خەڵکانێکی لەخشتەبراو و چەوسێنراو و ئیھانەکراون. لەوجۆرە کەسانە دەچن کە بەر لەبردنیان بۆ کوشتن سەرخۆشیان دەکەن.“ نوکتەی زۆر لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، ھەم نوکتەی خەڵک بە سیاسییەکان و ھەم نوکتەی سیاسیەکان بە خەڵک، ئەم دیدە ترسناک و تراژیدیەی ئیبن خەلدون دەسەلمێنێت.

 

بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

 

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand