جەستەی ژن لەنێوان حیجاب و ڕووتییدا

Draw Media

2021-02-15 10:33:16



مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) 

ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بەشێوەیەکی گشتیی، خاوەنی جەستەی خۆی نییە. کەسانی تر و ھێزی تر و ئایدۆلۆژیای تر ھاوڕا بە پرۆژەی سیاسیی و ئایینیی و کۆمەڵایەتیی تر، خاوەنی ئەو جەستەیەن. ھەریەکێکیش لەم گروپ و لایەنە جیاوازانە شتێکی تایبەتیان لەو جەستەیە دەوێت و ھەریەکێکیشیان شتێکی تیادا دەچێنێت کە بژاردەی خودی ئەو جەستەیە نییە. ھەموو ئەمانە لەناو جەستەی ژندا بەدوای وێنە و ڕەمز و مانا و خواست و چێژی تایبەتی خۆیاندا دەگەڕێن. یەکێکیان جەستەیەکی ڕووت و بینراو و بەمۆدێڵکراوی ژنی دەوێت، ئەویتریان جەستەیەکی داپۆشراو و نەبینراو و شاردراوە. ئەمیان بەناوی ”پێشکەوتن“ و ”ماف“ی ”ئازادیی ھەڵبژاردن“ و پرۆسەی تازەبوونەوە و ”مۆدێرن“بوونەوە، داوای دەرکەوتن و نماییشکردن و چێژبەخشین لەو جەستەیە دەکات، ئەویتریان بەناوی دین و خودا و پێغەمبەرانەوە دەستدەخاتە ناو ئەو جەستەیەوە و بەو شێوەیەش دایدەڕێژێت و دایدەپۆشێت و دەیشارێتەوە، کە دونیابنینیی و ژنبینییەکەی ئەو دەیەوێت. 

ئەم سەندنەوەی جەستەیە لە ژن، ئەم دەستگرتنە ڕاستەوخۆ و ڕەمزییە بەسەر ئەو جەستەیەدا، ئەم بەکارھێنان و سەرفکردنەی جەستەی ژن لە پێناو پرۆژەی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی تایبەتییدا، یەکێکە لەو تاوانە مێژووییە گەورانەی بەرامبەر بە ژنان کراوە. لەناو ئەم شتانەدا چەندان کەس و لایەن خۆیان بە خاوەنی ئەو جەستەیە دەناسن، ژنان خۆیان نەبێت. ئەمەش پێشێلکردنێکی تەواوی یەکێک لە مافە ھەرە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤە: مافی خاوەندارییکردنی جەستە.

ھەموو جەستەیەک لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا لەناو کۆمەڵگا و سیستەمە فەرھەنگیی و دینیی و ئەخلاقیی و سیاسیی و ڕەمزییەکانیدا، دروستدەبێت. ژنبوون بە گشتیی و لەشی ژن بەتایبەتی لەم پرۆسەیەدا شوناسی تایبەت وەردەگرن و لە وێنەی تایبەتیشدا بەرجەستەدەبن، مانا و دەلالەتی جیاوازیشیان پێدەبەخشرێت. لێرەدا میکانیزمی سەرەکیی لە پەیوەندیدا بە لەشی ژنەوە بریتییە لە سەندنەوەی ئەم لەشە لە خاوەنەکەی و سەندنەوەی سەربەخۆیی لێی. جەستەی ژن لەم پرۆسەیەدا بارگاویدەکرێت بەچەندان خواست و ئارەزوی ئایدیۆلۆژیی و بە چەندان حەرام و حەڵاڵی دینیی و بە چەندان خواستی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دەستەجەمعیی جیاواز.

ھیچ چەمکێک ھێندەی چەمکی شەرەف و پاراستنی شەرەف ئەم دۆخی سەندنەوەیەی جەستە لە ژن بەرجەستە ناکات. چەمکی شەرەف  جەستەی ژن لەوە دەخات جەستەیەکی تاکەکەسیی و سەربەخۆ بێت، موڵکی خاوەنەکەی بێت بەتەنھا، بەڵکو دەیگۆڕێت بۆ جەستەیەکی دەستەجەمعیی کە لەشکرێک لە کەسان، بەتایبەتی پیاو، و دەزگا و لایەنی تر دەبنە خاوەنی، لە خاوەندارێتیکردنیەوە لەلایەن لەلایەن خێزان و خزم و کەسوکار و خێڵەوە بیگرە، تا بە خاوەندارێتی خودی کۆمەڵگا و نەتەوە دەگات. ئەم گەمارۆدانە ھەمەلایەنەیە وادەکات جەستەی ئافرەت لەناو جیھان و واقیع و سروشتدا نەژی، بەڵکو لەناو ئەو گوتار و خواست و سیستەمی حەڵاڵ و حەرامانەدا بژیی کە لەدەرەوەڕا گەمارۆی ئەدات. تا ئاستی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان وا پەروەردەبکرێن ئەم گەمارۆدانە دەرەکییە بە دۆخێکی سروشتیی بزانن وەک بەشێک لە بوون و ئامادەگیی ئاسایی خۆیان بیبینن. جەستەی ژن بەم مانایە جەستەیەکی نەفیکراوە لە جیھان، لە باتی ئەوەی لەناو جیھاندا بژی لەناو ئەو گوتارانەدا دەژیی کە بۆ سنووردارکردن و گەمارۆدانی دروستکراون.

جەستەی ژن تەنھا لەشێکی بایۆلۆژیی نییە، بەڵکو جەستەیەکی ئایدیۆلۆژیی، کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و دینییشە. لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە، جەستەی ژن بە پلەی یەکەم جەستەیەکی دینییە، ئەو بەھایانەی گەمارۆی ئەم جەستەیەیان داوە بەھای دینیین و ئەو کردارانەش بەرامبەری ئەنجامدەدرێن ڕەوایەتی دینیان پێدراوە؛ بۆ نموونە خەتەنەکردن، بەشوودانی پێشوەخت، داپۆشین، سنووردارکردنی توانای جوڵە و گەڕان، تا دەگاتە لێدان و بەستنەوە و کوشتن و ڕەجمکردن. ئەو فەتوایانەی سنوور بۆ ڕێکخستنی ژیانی ژنان و سنووردانان بۆ  هەڵسوکەوتیان دانراوە بێشومارن. ئەو بەشەی دین کە پێیدەگوترێت “فیقهی خێزان“ بەشێکی گەورەی فیقهی دینییە. لەشکرێک مەلا و شێخ و بانگخواز و خوێندەواری دینییش ھەن کە ڕۆژانە خۆیان بە مەسەلەی ژنبوون و ماناکانی و چۆنیەتی ئامادەبوون و دەرکەوتنی جەستەی ژنەوە لە کۆمەڵگادا سەرقاڵدەکەن.

یەکێک لە کێشەکانی ئەم ساتەی کۆمەڵگای ئێمە ئەوەیە، بەشێکی زۆری ئەو بەھایانەی بە دەوری ژنبووندا دروستکراون بەرەو ئەوەدەچن ببن بە ھای سەلەفەیی و وەھابیی سعودیی و خەلیجیی. سیستەمێک لە بەھا کە دۆلاری نەوت و میدیای دینیی و پەیوەندیی ئیقلیمیی و جیھانی ڕۆڵی سەرەکیی لە گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەیاندا، دەبینن. وەک ھەندێک لێکۆڵینەوە باسیدەکەن لە جیھانی عەرەبیدا زیاد لە ١٤٠٠ تەلەفیزیۆنی ساتالایت ھەیە کە بەشێکی گەورەیان کەناڵی دینیین و خەریکی پەخشکردنی ئەو دیدە سەلەفییە وەھابییە خەلیجییەیە بە جیھاندا. یەکێک لە بابەتە ھەرە سەرەکییەکانی ناو ئەم کەناڵانە بریتییە لە ژن و جەستەی ژن. ئەمانە بەناوی ئامۆژگارییەوە داوای سنووردارکردن و شاردنەوە و دەرنەکەوتنی ژن وەک مرۆڤ و شاردنەوەی لەشی لەناو ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەکەن. ئەم میدیا دینییە جەستەی ئافرەت وەک لەشێکی پڕ فیتنە و بێئامان نمایشدەکەن  و چوونە دەرەوەی لە ماڵ و دەرکەوتنی لەشیان لەناو ژیانی گشتییدا وەک چوونە دەرەوە بۆ ناو فەزایەکی پڕ فیتنە و خراپەکاریی وێنادەکەن. ھەر جەستەیەکیش لەو جەستە سەلەفییە سعودییە نەچێت، وەک جەستەیەکی بەرەڵا و بەدڕەوشت و گوناھبار وێنادەکات.


سەیر لەوەدایە لەناو ئەم ژینگە ئاراستەکراو و کۆنترۆڵکراو و قانگدراوەدا، کە لەشکرێک لە دەزگا و ئۆرگان و بکەری دینیی ناوەکیی و دەرەکیی جیاوازی تێدایە و خۆیان بە لەشی ژن و مەسەلەی ژنبوونەوە سەقاڵدەکەن، باس لە ئازادیی ھەڵبژاردنی ژنان بکەیت. ئەم لەشکرە لە گروپ و پارتی سیاسیی و بانگخوازی دینیی، لە میدیایەکی دینیی زەبەلاح، لە دەیان و سەدان ڕێکخراو و ئۆرگانی دینیی کە گوایە کاری خێرخوازی ئەنجامئەدەن، لە ھەموو شوێنێکدا ھەن. لەپاڵ ئەمانەشدا ئەو ھەموو کتێب و نووسین و بڵاوکراوە و سایتە دینییانە، ئەو سێنتەرە دینییانە، کە تێکەڵن بە سەرمایە و پارەیەکی زۆری ناوەکیی و دەرەکیی، بەشێکن لەم دیمەنی کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنە ھەمەلایەنەی لەشی ژن. بە بۆچوونی ئێمە لە ژینگەیەکی لەو جۆرەدا باسکردن لە ”بڕیاری سەربەخۆی“ کچە منداڵێکی پانزە ساڵ کە گوایە بە ”بڕیاری تاکانە و سەربەخۆی“ خۆی حیجاب لەسەردەکات و جلوبەرگی دینیی دەپۆشێت، جگە لە خۆخەڵەتاندن و خەڵک خەڵەتاندن، جگە لە ساختەگوتن و ساختەکاریی، شتێکی دیکە نییە. بانگەشەی ”ھەڵبژاردنی ئازاد“ی کچان لەناو ژینگەیەکی چەپێنراو و نالیبراڵ و نائازادا، وەک باسکردنی  فەلسەفەیە لای بەدمەست و سەرخۆشێک. ئەوەی ھێزە ئیسلامییەکان و ھەوادارەکانیان لەسەر ھەڵبژاردنی ئازادانەی کچانی منداڵ و گەنج لەناو ئەو ژینگە دەسەڵاتگەر و پڕ لە فشار و شکاندن و ھەڕەشەیەدا دەیڵێن، لە ھەڕەشەی خوداوە بۆ ھەڕەشەی باوک و برا و خێزانەکان دەگات، جگە لە بەرخوردێکی ھەڵە و ناڕاست و نەگونجاو هیچی تر نییە.

بە دیوی ئەودیودا مۆدێلێکی تر لە جەستەی ژن لە دونیای ئێمەدا ئامادەیە، کە ئەمیش ھەڵگری چەندەھا کێشەی گەورە و فشار و فۆرمی تری نەفیکردنی خاوەندارێتییکردنی ژنە بۆ جەستەی خۆی. ئەمەیان ئەو مۆدێلەیە لە جەستە کە لەپاڵ زەوق و چێژی ملیۆنێر و بازرگانە سیاسییەکانی دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. ئەم جەستەیەیان جەستەی ژنە مۆدێڵ و گۆرانیبێژ و سەماکەرەکانی ناو ئەو ژینگە تایبەتەیە کە ئەم نوخبە ملیۆنێرە بۆ خۆیان و دەوروبەرەکەیان، دروستکردوە. لێرەدا جەستەیەک ئامادەیە ئەرکی سەرەکیی ئەوەیە ئەوانیتر ببیبینن، چێژی لێوەربگرن، خواستی مەسرەفگەراییان گەورەبکەن و لەڕێگایەوە سەرمایە کۆبکەنەوە.

ئەم جەستەیەیان جەستەیەکی دینیی نییە و لەناو وەعز و ھەڕەشەکانی دینەوە نەھاتوە، بەڵکو بەرهەمی ناو ڕێجیمە تایبەتەکانی خۆراک و ئارایشکردن و جلپۆشین و نەشتەگەری جوانکارییە، بەرهەمی لە چاوکردنی لێنزی تایبەت، ئەستورکردنی لێو، بچوکردنەوەی لوت، گەورەکردن یان بچوککردنەوەی مەمک، و شتگەلێکی تری لەو بابەتەیە. ئەم جەستەیە لەشێکی دروستکراوە بۆئەوەی وەک جەستەیەکی بینراو و ویستراو و خواستراو دەربکەوێت و لەناو پرۆژەی بازرگانیدا ڕۆڵ بگێڕێت. جەستەیەکە خۆی دادەڕێژێتەوە لەسەر مۆدێلی ھەندێک جەستەی بە گلۆباڵبوو، کە فۆرمێکی تایبەتی بازرگانیکردن و بازاڕ بەدەوریدا دروستبووە. ئەم جەستەیەش جەستەیەکی تەواو دیسپلین و ئاراستەکراو و گونجێندراوە لەگەڵ ھەندێک تێگەیشتنی تایبەتدا بۆ جوانیی و بۆ لەش و بۆ دەرکەوتن. مەبەستی سەرەکیی لێرەدا  دروستکردنی جەستەیەکی سێسکیی و شەھوانییە، وەک بەشێک لە پیشەسازییەکی تازە کە پیشەسازیی مەسرەفگەرایی چێژ و لەزەتە. ئەم جۆرە دەرکەوتنەی جەستە، ئەم فۆرمە لە لەشی سێکسیی، کە ھاوشانە بە جۆرێکی تایبەتیش لە مۆسیقا و گۆرانی  و سەما، لە ئاھەنگگێڕانی تایبەت، خواستی کۆمەڵایەتییان لەسەرە و ھێز و گروپ و توێژی کۆمەڵایەتیی تازە دروستبوون کە ئەو مۆدێلە لە ژنبوون خواستی ھەرەسەرەکیی ژیانیانە. ئەمانەش، وەک وتمان، بەشی ھەرەزۆری ملیۆنەرەکانی دونیای دوای ڕاپەڕینن.

جەستەی ژن لە ھەردوو دۆخەکەدا، ھەم لە دۆخی داپۆشین و بەدینییکردنیدا و ھەم لە دۆخی بەسێکسیکردن و ئابوریی چێژدا، جەستەیەکە ژن خۆی خاوەنی نییە، جەستەی تاکەکەسێک نییە ئەو کەسە ئازادانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەوجۆرە دایپۆشێت یان دەریبخات کە خۆی دەیەوێت، یان بەشێوازێک بڕیاری لەسەر بدات کە بڕیاری خۆی بێت، بەڵکو جەستەیەکی داگیرکراوە لەلایەن دوو گروپی جیاوازەوە. یەکەمیان گروپە دینییەکانی دونیای دوای ڕاپەڕینن، دووھەمیان گروپی ملیۆنێرەکان و دەوڵەمەندەکانی ناو ھەمان دونیان. لە ھەردوو دۆخەکەدا ئەو جەستەیەی ئامادەیە جەستەیەک نییە ژیانی خۆی و ژنبوونی خۆی وەک بوونەوەرێکی ئازاد بژیی، بەڵکو لەناو دوو زەوق و دوو چێژی پیاوانەی ژنبینیی و دوو ئابوریی سێکسوالێتیی و دوو دونیابینیی و دوو خواستی کۆمەڵایەتی جیاوازدا جێگیرە. ئەو دوو زەوقەش زەوقی نادینیی ملیۆنێرەکان و زەوقی ئایدیۆلۆژیی دینیی ئیسلامییەکانە. لە ھەردوو دۆخەکەدا جەستەی ژن، لەژێر کۆنترۆڵ و ڕەحمی خواست و خەون و چێژی ئەو دوو گروپە کۆمەڵایەتییەدایە. جەستەی مۆدێڵەکان و چەشنی دەرکەوتن و شێوازی نماییشکردنیان پەیوەستە بە زەوقی بەشە ملیۆنێرەکەی کۆمەڵگاوە. جەستەی دینیی منداڵە حیجاببەسەرەکان بەشێکە لە پرۆژە ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەکەی نوخبە ئیخوانیی و سەلەفییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە.

بێگومان ڕەخنەکردنی ئەم دوو شێوازە لە جەستە بەوە نابێت لەمیانەوە بازبدەین بۆ ئەویتریان، نەفی جەستەی دینیی بکەین و چەپڵە بۆ جەستەی مۆدێلە دروستکراوەکە لێبدەین، یان بە پێچەوانەوە ئیدانەی جەستە چێژبەخشە دروستکراوەکە بکەین و بە باڵای جەستە دینییە داپۆشراوەکەدا ھەڵبدەین. جەستەی دینیی، بەتایبەتی جەستەی سەلەفیی داپۆشراو و لە نیقابکێشراو، ئەلتەرناتیڤی ئەو جەستە نیمچەڕووتە نییە کە لەپاڵ زەوقی ملیۆنێرەکانی دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. ڕەخنەکردنی ھەردوو جەستەکە پێویستە بەرگرییکردن بێت لەو ڕوانینە کە جەستەی ژن جەستەی خۆیەتی بەتەنھا، جەستەی کەسیتر نییە، خۆشی ئازادە لەوەدا چۆن دەیپۆشێت و چۆن نایپۆشێت. تەنھا لەڕێگای بەرگریکردن لە خاوەندارێتی ژنەوە بۆ جەستەی خۆی دەتوانین خاوەنی مەسەلەیەکی قابیلی بەرگریلێکردن بین.

نە ئەو جەستەیەی لەناو ئابووری بەرخۆریی لە فۆرمە گەندەڵەکەی دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە، قابیلی بەرگریلێکردنە، نە لەشێک کە لەپاڵ زەوق و تێگەیشتنی سەلەفی و ەھابیی و ئیخوانەکاندا دروستدەکرێت. نە جەستەیەک کە ملیۆنێرەکان بۆ ئامراز و کاڵایەک بۆ چێژبەخشین و قابیلی کڕین کورتیدەکەنەوە، نە جەستەیەکیش کە ئیسلامییەکان وەک ڕووبەرێک بۆ گوناھ و سەرزەمینێک بۆ فیتنە وێنایدەکەن. ھیچ یەکێک لەم دوانە قابیلی بەرگریلێکردن نین. لە دەرەوەی ئەم دوو پرۆژە و ئەم دوو ستراتیژییەتی قسەکردن و بەرهەمهێنانی گوتارەدا جەستەی تر ھەیە، جەستەیەک کە بەرھەمی ئیرادە و خواستی ئازادانەی ژنان خۆیانە. جەستەیەک کە تەنها موڵکی ژن خۆیەتی و مافەکانیشی وەک جەستە ھەر لای خۆی پارێزراون. بۆئەوەی لەڕووی جێندەرییەوە کۆمەڵگایەکی ئینسانیی ئازاد و یەکسانمان هەبێت، دەبێت جگە لە ژن خۆی کەس مافی خاوەندارێتییکردنی جەستەی ژنی نەبێت.

 

بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە
بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی 
بابەتی یانزەیەم:  دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا

بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی

بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا
بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی.
بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەت‌و نابەرپرسیارێتیی رێكخراو 

بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر
بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون 
بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی
بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا

بابەتی دووەم:  عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل 

بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand