( درەو میدیا): ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بە كۆی دەنگ پرۆژە بڕیارێكی پەسەندكرد و بەرپرسیارێتی كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودیەی خستە ئەستۆی محەمەد بن سەلمانن شازادەی جێنیشینی سعودیە. پرۆژە یاساكە لەلایەن سیناتۆر پۆب كۆركەر، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجومەنی پیرانەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشكەشكرا و بە كۆی دەنگ پەسەندكرا. پرۆژە یاساكە بەرپرسیارێتی كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوس دەخاتە ئەستۆی بن سەلمان و جەختیشدەكاتەوە لە سزادانی ئەو كەسانەی لە كوژرانی ئەو رۆژنامەنوسەوە تێوەگلاون. جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودیە دووی مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو لە كونسوڵگەری وڵاتەكەی لە ئیستانبوڵ كوژرا و تائێستاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا خوازیارە پارێزگاری لە پەیوەندی پتەوی ئەمریكا و سعودیە بكات، بەڵام پرۆژە یاساكە لەلایەن 10 هاوڕێی كۆماری ترەمپەوە لە ئەنجومەنی پیران پشتیوانی لێكرا، كە بریتین لە كۆركەر و نۆ بەشداربووی تری داڕشتنی پرۆژە یاساكە و میچ مەككۆنێل سەرۆكی زۆرینەی كۆمارییەكان یەكێكیانە. هەروەها پرۆژە یاساكە هۆشداریداوە لەوەی مامەڵەی سعودیە بۆ كڕینی كەلوپەلی سەربازی لە هەردوو حكومەتی چین و روسیا و هەماهەنگی لەگەڵیاندا، كاریگەری نەرێنی بۆسەر سەلامەتی پەیوەندییە سەربازییەكانی نێوان ئەمریكا و سعودیە دەبێت. هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا پرۆژە بڕیارێكی تری پەسەندكرد، بۆ كۆتاییهێنان بە هاوكاری سەربازی ئەمریكا لە شەڕی یەمەن و پرۆژە یاساكە بە دەنگی 56 ئەندامی ئەنجومەنی پیران پەسەندكراو 41 ئەندامیش لەدژی دەنگیاندا.
راپۆرتی: نامیق رەسوڵ توركیا هێز بەرەو سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان دەجوڵێنێت و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاواش داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هەڵوێستی رەسمی خۆی بەرامبەر بە هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیەنێت و وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش هۆشداری دەداتە توركیا لەهەر هێرشێكی تاكلایەنە بۆسەر رۆژئاوای كوردستان. ئەنكەرە هێز كۆدەكاتەوە دوای راگەیاندنەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ ئەنجامدانی هێرش لەدژی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات" رۆژئاوای كوردستان"، سوپای توركیا دەستیكردووە بە رەوانەكردنی هێز و چەكی قورس بۆ سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا و رۆژئاوای كوردستان، لە كاروانێكی سەربازی كە لە 200 ئۆتۆمبیل پێكهاتبوون، لە شاری كیلیسەوە لە باكوری كوردستان چونەتە جەرابلوس لە هەرێمی شەهبای باكوری سوریا. بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو كاروانە سەربازییە چەندین تانك و زرێپۆشی لەخۆگرتووە و جگە لەوەش سوپای توركیا لە ناوچەكانی عەفرین و مارع و باب و جەرابلوس و ئەختەرین و عەزاز و راعی دەستی بە جموجوڵ كردووە و ماوەی دوو رۆژە لەو ناوچانە باری نائاسایی راگەیاندووە. سەرچاوە هەرێمییەكان راشیانگەیاند، سوپای توركیا جموجوڵی سەربازی و گواستنەوەی سەرباز و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی لە ناوچەی عەلۆك و تەل خەلەف تاوەكو نەستەلە دەستپێكردووە و جاروباریش دەنگی تەقە لە ناوچەکە دەبیسترێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە. . واشنتۆن هۆشداریدەدات لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە هەڕەشەكانی ئەرۆدغان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند هەر كردەوەیەكی تاكلایەنە لە باكوری سوریا جێگەی نیگەرانییەكی زۆر و قبوڵنەكراوە. شۆن رۆبەرتسۆن، وتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەكدا وتی:" ئەنجامدانی هەر كردەوەیەكی سەربازی تاكلایەنە لە باكوری خۆرهەڵاتی سوریا و بە تایبەتی لە سایەی بوونی هێزەكانی سوپای ئەمریكا لەو ناوچانە جێگەی نیگەرانییەكی زۆر و هەر جۆرە كردوەیەكی لەو شێوەیە بەلای ئێمەوە قبوڵنەكراوە". وتەبێژەكەی پێنتاگۆن ئاماژیبەوەشدا كە ئەمریكا پابەندی ئاسایشی سنورەكانی توركیایە، بەڵام شەڕی دژ بە داعش تەواونەبووە و هێزەكانی سوریای دیموكرات، هاوبەشێكی بەردەوام و پابەندی ئەمریكان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو رێكخراوە توندڕەوەدا" هەڵمەتی سەرتاسەری لە بەرامبەر هەڕەشەكانی توركیا و كۆكردنەوەی هێز لە سنورەکان، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتی سەرتاسەری دژی توركیا راگەیاند. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە ئاراستەی رای گشتی جیهانی كردووە داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هەڵوێستی رەسمی بەرامبەر ئەو هەڕەشانەی توركیا هەبێت و هەموو ئامادەكارییەكیشی بۆ رووبەڕبوونەوەی هێرش و پەلاماری توركیا راگەیاند. هاوكات دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەكەیدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەكات " هەڵوێستیان لە دژی پلانە دوژمنكارییەكانی ئەردۆغان " هەبێت. "هەڕەشەكانی ئەردۆغان بە جدی وەردەگرین" زوبێر ئایدار ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان " كەنەكە" رایگەیاند، هێز و رێكخراوە كوردییەكان لە وڵات و دەرەوەی وڵات رۆژی ١٥ی كانونی یەكەمی ٢٠١٨ لە برۆكسل كۆدەبنەوەو لە دژی بڕیارەكەی ئەمریكا بەرامبەر بە ٣ بەڕێوەبەری پەكەكە هەڵوێستی نەتەوەیی دەخرێتەڕوو، هەروەها لێكدانەوە بۆ هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ هێرشكردنە سەر باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەكرێت. سەبارەت بە هەڕەشەكانی توركیا، ئایدار لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فوراتنیوز" وتیشی:" ئێمە هەوڵەكان و لێدوانی لەو جۆرەی بە جدی وەردەگرین. هێشتا ئەمریكا لە هەوڵدایە هاوسەنگی لەگەڵ توركیا دروست بكات و ئەوەش بوێری بە توركیا دەدات". جەختیشیكردەوە كە ئەوان هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا بە جدی وەردەگرن و پێویستە هەموو كەسێكیش ئەو هەڕەشانە بە جدی بزانێت و هەڵوێستی لە دژی ئەو هەڕەشانە هەبێت.
( درەو میدیا): دادگایەكی ئەمریكا سزای 36 مانگ زیندانیكردنی بەسەر مایكڵ كوهین، پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكادا سەپاند، كە جارێك وتبووی ئەوەندە دڵسۆزی ترەمپە ئامادەیە لەبری ئەو بمرێت و لەجیاتی ئەو خۆی دەداتە بەر فیشەكێك. كوهین یەكەم ئەندامی بازنەی نزیكی ترەمپە كە بەهۆی لێكۆڵینەوەكان لە دەنگۆی دەستێوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2016ی ئەمریكا بە زیندانیكردن سزادەدرێت. هەروەها كوهین لەلایەن دادگای نیویۆركەوە بە چەند تاوانێكی وەك پێشێلكردنی یاسای سپۆنسەری هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن و خۆدزینەوە لە باج و درۆكردن لەگەڵ كۆنگرێس تاوانباركرا. بە گوێرەی میدیاكانی ئەمریكا كوهینی تەمەن 52 ساڵ لەبەردەم دادگادا رەخنەی لە ترەمپ گرتووەو بە دادوەر ولیام پۆلی وتووە " ترەمپ هۆكاری ئەوە بووە لە جیاتی رێگایەكی رۆشن رێگایەكی تاریك بگرێتەبەر". هەروەها وتوشیەتی:" لاوازیی بەهۆیەوە ئەوەبووە كە كوێرانە گوێڕایەڵی ترەمپ بووە و ئەوەش وایكردووە كە هەست بەوەبكات ئەركی سەرشانییەتی كارە قێزەونەكانی بۆ پەردەپۆش بكات". یەكێك لەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی پارێزەرەكەی ترەمپ كراوە، ئەوەیە پارەی بە دوو ژن داوە بەرامبەر بە بێدەنگ بونیان، كاتێك لە میانی كەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا هەڕەشەی ئەوەیان لە كردبوو كە پەیوەندی سێكسی خۆیان لەگەڵ ترەمپ ئاشكرادەكەن. لە ماوەی رابردوو ترەمپ دانینا بەوەی كە پارەی داوە، بەڵام رەتیكردنەوەی هیچ پەیوەندییەكی سێكسی هەبوبێت و ئەوە پارەدانەشی وەك مامەڵەیەكی تایبەتی لە دەرەوەی چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن وەسفكرد. مایكڵ كوهین جگە لەسزای 36 مانگ زیندانیكردن، دوو مانگی تریش سزای زیندانی تری بەسەردا سەپێندران بە تۆمەتی درۆكردن لە بەردەم كۆنگرێسدا دەربارەی پرۆژەی " تاوەری ترەمپ" لە مۆسكۆ، ئەو تۆمەتەشی لەلایەن راوێژكاری یاسایی تایبەت رۆبەرت مۆلەرەوە ئاراستەكراوە. جگە لە سزای زیندانیكردن دادگای نیویۆرك بڕیاریدا بەدەستبەسەراگرتنی نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار و لەكاتی هاتنەدەرەوەشیدا لە دادگا كوهین هیچ قسەیەكی رۆ رۆژنامەنوسان نەكرد.
راپۆرتی: درەو میدیا لە كۆبوونەوەی نێوان وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی داوایكردووە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت لە كابینەی نۆیەمداو نێچیرڤان بارزانیش بە ئیجابی وەڵامی داواکەی رێکخەری گشتی گۆڕانی داوەتەوە. شەفاعەتەكەی عومەری سەید عەلی بۆ كۆمەڵ بەپێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" كە لە بەرپرسێكی باڵاوە دەستی كەتوە لە كۆبوونەوەی ئەمرۆِی نێوان پارتی و گۆڕان، سەرەرای ئەوەی بەشێكی زۆری كۆبوونەوەكە تەرخانكرابوو بۆ موجامەلەی یەكتری، عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت" باوكە ئەو قسەو لێدوانانە چیە كە لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی دەیكەن، ئەوانە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئێمەبوونەوەو پێمان باشە بۆ چوار ساڵی داهاتویش پێكەوە بین" لە وەڵامدا نێچیرڤان بارزانی بە موجامەلەوە بە عومەری سەید عەلی وتووە" رەئیمان ئیجابیە لەسەر كۆمەڵی ئیسلامی" ئەم لێدوانەی نێچیرڤان بارزانی وای لە بەرپرسانی گۆڕانكرد كە لەدوای كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ پارتی سەردانی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بكەن و ئەو هەنگاوەیان پێ رابگەیەنن. هەر ئەمڕۆش بەرپرسانی یەكێتی لە هەولێر بانگهێشتی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵیان كردووەو پێیان راگەیاندووە لای پارتی داوایانكردووە دەبێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت. ترسی گۆڕان لە بەشداریپێنەكردنی كۆمەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی بەتەنها نەمێنێتەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا" چونكە بڕیاریداوە بچێتە حكومەتەوە" زۆر پێی باشە كۆمەڵی ئیسلامیش هاوسەفەری حكومەتی بێت، بەشێكی لە ترسی شەقام و بەشێكیشی لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی چوار ساڵی رابردووی كۆمەڵی ئیسلامی كە گۆڕانی جێنەهێشت. كۆمەڵی ئیسلامیش هاوشێوەی گۆڕان، زۆرینەی سەركردەكانی لەگەڵ ئەوەدان بەشداربن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام شەقامی كۆمەڵ زۆر دژی ئەو بەشداریكردنەن، بۆیە تا ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری بەشداری یان ئۆپۆزسیۆنی نەداوە. پارتی لە نێوان یەكگرتوو و كۆمەڵ كامیان هەڵدەبژێرێت؟ پارتی پێی وایە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە خولی پێشوو لە حكومەت و ئۆپۆزسیۆنیش موستەفید بووەو قازانجی كردووە بۆیە نابێت ئەمجارە لە هەردووكیان موستەفیدبن، بۆیە بە زۆرینەی دەنگی سەركردایەتی پارتی رەتكراوەتەوە كە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری پێبكرێت لە كابینەی نۆیەمدا. ئەوەی ستراتیژبووە لای پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداریكردنی یەكێك لەلایەن ئیسلامیەكان بووە و ئارەزوویانكردووە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەشداری بكات، نەك كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام كە یەكگرتوو ئۆپۆزسیۆن بونی خۆی راگەیاند، بەرپرسانی پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی پەیوەندی بە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتووە دەكات و پێیان رادەیەگەینێت كە پارتی زۆر پێی خۆشە بەشداری حكومەت بكەن و دەیانەوێت لە كابینەی نۆیەم لەگەڵیان بن، بەڵام سەڵاحەدین بەهادین پێیان رادەیەگەیەنێت كە ئەوان لە هەڵوێستەكانی رابردوویان زیانیان كردووەو نایانەوێت بەو رێگەیەدا بڕۆنەوە.
نوسینی: كریستین هینتۆن/ بی بی سی وەرگێڕان و ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ لە چاوتروكانێكدا گەشتیار لە وڵاتە بچوكەكانی ئەوروپاوە بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ بەربەستێك بكات تێدەپەڕێت و سنوری چەندین دەوڵەت دەبڕێت، یەكێك لەو وڵاتە بچوكانە لۆكسمبۆرگە كە بە كەمتر لە كاتژمێرێك بە ئۆتۆمبیل دەتوانیت لە ئەمسەری ئەو وڵاتەوە بچیتە ئەوسەری و پاشان بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ سنورێك بكەیت، بگەیتە وڵاتانی دراوسێی وەك فەرەنسا، یان ئەڵمانیا یان بەلجیكا. ئاسانی هاتوچۆكردن بەنێو ئەو وڵاتانەدا دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنێك كە زیاتر لە 30 ساڵ لەمەوبەر لە گوندی " شینگن" لە باشووری خۆرهەڵاتی لۆكسمبۆرگ ئیمزاكرا و ئەو رێككەوتنە كە ناوی گوندەكەی لێنرا، سروشتی هاتوچۆكردنی بە نێو ئەوروپادا گۆڕی و لەو كاتەشەوە تائێستا بەردەوام گۆڕانكاریی بەسەردا دێت. لۆكسمبۆرگ سەرەتا لۆكسمبۆرگ وەك ناوەندێكی ساردی بازرگانی دەردەكەوێت, كە گەورە سەرمایەدار و خاوەنكارانی ئەوروپا پارە و سامانەكانیانی تێدا بەڕێوەدەبەن، هەروەها ئەو وڵاتەی كە بەشێكی زۆر كەمی لەسەر نەخشە داگیركردووە، زۆربەی جار لەلایەن ئەو گەشتیارانەوە پشتگوێ دەخرێت كە سەردانی وڵاتە گەورەكانی دراوسێی دەكەن. ئەم وڵاتە بچوكە یەكێكە لە ئەندامە دامەزرێنەرەكانی ئەوەی ئێستا بە یەكێتی ئەوروپا ناسراوە و پایتەختەكەی " لۆكسمبۆرگ سیتی" لە پاڵ برۆكسل و ستراسبۆرگی فەرەنسا یەكێكە لەو سێ پایتەختەی رۆڵێكی گرنگیان هەیە لە بەڕێوەبردنی كاروباری یەكێتییەكەدا. سیستمی حكومڕانی لۆكسمبۆرگ پاشایەتی دەستورییە و كەوتوەتە نێوان دوو كۆماری زەبەلاحی فەرەنسا و ئەڵمانیاوە، بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە ئەو وڵاتە بچوكە لە میانی هەردوو جەنگی جیهانیدا باجێكی زۆری داوە كە مێژوو گەواهی بۆدەدات. لۆكسمبۆرگ بە پیشەسازی مەی و چێشتخانەی گرانبەها و مۆزەخانە و مۆنۆمێنتی زۆر بەناوبانگە لەگەڵ قەڵا بەناوبانگەكەی كە لە لیستی شوێنەوارەكانی یونیسكۆدایە، ئەمە جگە لە شارە دێرینەكەی و مەزاری ژەنەراڵ جۆرج ئێس باتۆن جۆنیۆر و خەڵكەكەشی زۆر عاشقی خۆراكە دەریاییەكان و جۆرەكانی پەنیر و خواردەمەنین. ساڵی 1985 لۆكسمبۆرگ رۆڵی بنەڕەتی گێڕا لە ئیمزاكردنی پەیماننامەی شینگن وەك رێككەوتنێكی یەكلایەنە بۆ گەرەنتیكردنی ئازادی هاتوچۆ لە نێوان وڵاتانی ئەندامدا. لە میانی گەڕانمدا لەم وڵاتە مێژوویەدا دابەزیمە دۆڵی " مۆزیل" لە خۆرهەڵاتی لۆكسمبۆرگ كە رووبارەكەی بەرەو باشوور سەرچاوەیگرتووە و لۆكسمبۆرگ لە ئەڵمانیا جیادەكاتەوە و چەندین رەزی ترێ گردەكانی نێوان گوند و شارۆچكەكانی داگیركردووە. پێش ئەوەی گەشتەكەم تەواوببێت گەیشتمە گوندی شینگن كە كەتووەتە نێو رەزەكان لەبەری خۆرئاوای رووباری مۆزیل، ژمارەی دانیشتوانەكەی لە 520 كەس كەمترە، هەرچەندە لە ریزی شار و شارۆچكە پرشنگدارەكاندا نیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش میوانداری رێككەوتنێكی تێداكراوە كە سیما و سروشتی هاتوچۆكردنی بە ئەوروپادا گۆڕی. لەم گوندەدا نوێنەرانی هەریەك لە بەلجیكا، فەرەنسا, لۆكسمبۆرگ كە ئەوكات بە ئەڵمانیای خۆرئاوا دەناسرا لەگەڵ هۆڵەندا بەیانی 14ی حوەزیرانی 1985 كۆبووونەوە بۆ پەسەندكردنی رێككەوتنێكی پێشەنگ بۆ كردنەوەی سنورەكان. باكگراوندێكی مێژوویی گۆڕەپانی ئەوروپا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا چەندین پەیماننامە و رێككەوتن و هاوپەیمانێتی دژ بەیەكی بەخۆیەوە بینیوە، كە چەندین بەربەستی بیرۆكراتیی نەبڕاوەیان بینیوە و لێرەدا پێویستە بۆ تێگەیشتنی رەهەندەكانی ئەو دیمەنانەی بوونە هێنانە كایە پەیماننامەی شینگەنەوە بخرێنەڕوو. كاتێك ساڵی 1944 جەنگی دووەمی جیهانی بەرەو كۆتایی دەچوو، بەلجیكا ولۆكسمبۆرگ و هۆڵەندا یەكێتییەكی سێ قۆڵییان پێكهێنا كە بە " بەنیلۆكس" ناسرا، ئەوەش بە ئامانجی تێپەڕاندنی ناخۆشییەكانی ساڵەكانی دواتر و بە هیوای پتەوتركردنی بازرگانی لە رێگەی رێككەوتنێكی گومركییەوە. پاشان ساڵی 1957 پەیماننامەی رۆما هات بۆئەوەی بەنیلۆكس فراوانتربكات و گروپی ئابوریی ئەوروپی دابمەزرێنێت بۆئەوەی یەكێتی گومركی فراوان بكات و شەش ئەندامی دامەزرێنەر بگرێتەوە كە ئەوانیش گروپی بەنیلۆكس و ئەڵمانیای خۆرئاوا و فەرەنسا و ئیتالیا بوو. لە سەرەتای هەشتاكاندا گروپی ئەوروپا بووە دە وڵات و ئەندامەكانی كۆت و بەندی سنوری نێوانیان سوككرد، بەڵام نەگەیشتە ئاستی هەڵگرتنی تەواوەتی، چونكە كۆنترۆڵكردنی سنورەكان توانایەكی مرۆیی زۆری دەوێت و یەكێك بوو لەو كۆسپ و تەگەرانەی كە پێویست بوو كاربكرێت بۆ رزگاربوون لێی. وڵاتانی ئەندام ناكۆك و جیاوازبوون، نیوەیان داوایانكرد ئازادی هاتوچۆ تەنها بۆ هاوڵاتیانی یەكێتی ئەوروپا بێت و سنورە ناوخۆییەكان بۆ جیاكردنەوەی هاوڵاتیانی یەكێتی ئەوروپا و بیانییەكان بەردەوام بێت. بەوتەی مارتینا نیب، لێپرسراوی مۆزەخانەی شینگنی ئەوروپی بیرۆكەی سنوری كراوەی ساڵی 1985 " شتێك بوو بڕوای پێنەدەكرا، بەو پێیەی كارێكی نمونەیی بوو، هیچ كەسێك گومانی نەبوو كە رۆژێك ببێتە راستی". و پاشان رێگە بە هەر پێنج وڵات " سیانی بەنیلۆكس و فەرەنسا و ئەڵمانیای خۆرئاوا" درا كە خوازیاری ئازادی هاتوچۆی مرۆڤ و گواستنەوەی شمەك بوون، ببنە پێشەنگ لە دامەزراندنی ناوچەیەكدا كە ئێستا بە ناوچەی شینگن دەناسرێت. بۆچی شینگن؟ لەكاتێكدا لۆكسمبۆرگ سەرۆكایەتی گروپی ئابوری ئەوروپی دەكرد، رێگە بەو وڵاتە بچوكە درا شوێنێك بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دیاریبكات و شینگن تاكە شوێن بوو كە فەرەنسا و ئەڵمانیا بكاتە هاوسنوری وڵاتانی ئەندامی بەنیلۆكس و پاشان ئەو شوێنە بۆ ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دیاریكرا و بەمشێوەیە شینگن بووە شوێنی بەیەكگەیشتنی هەرسێ وڵات و نوێنەرانی ئەو وڵاتانە رێككەوتنەكەیان ئیمزاكرد، لەسەر كەشتییەكی گەشتكردن بەناوی " ئێم ئێس پرەنسیس ماری – ئەسترید" كە لە شوێنی بەیەكگەیشتنی هەرسێ سنورەكە لە ئاوی رووباری مۆزیلدا لەنگەری گرتبوو. رێككەوتنەكە لە كاتی خۆیدا سەرنجی زۆر بۆلای خۆی رانەكێشا، هەروەها زۆریش پشتگیری لێنەكرا، جگە لە پێنج ئەندامی یەكێتی ئەوروپا كە دژی بوون، ژمارەیەكی زۆر لە لێپرسراوانی ئەو وڵاتانەش باوەڕیان وانەبوو كە رێككەوتنەكە كارابكرێت، هەتا بۆ ئیمزاكردنیشی سەرۆكی هیچ وڵاتێكی ئەو پێنج وڵاتەی ئیمزایان كرد ئامادەنەبوون. بەڵام رێككەوتنی شینگن، پێشبینییەكانی تێپەڕاند كە بەقسەی " نیب" باوەڕیان وابوو زۆر ناخایەنێت شكست دەهێنێت، ئەوەشی كە كاروبارەكانی زۆر زەحمەت كردبوو، ئەو رۆتینە ئاڵۆزە بوو كە بۆ نەهێشتنی سنوری نێوخۆی نێوان ئەو پێنج وڵاتە دامەزرێنەرە پێویست بوو لێی رزگارببن، ئەوەش هەتا ساڵی 1995 كۆتایی نەهات. ناوچەی شینگنی ئێستا ئەمڕۆ ناوچەی شینگن 26 وڵاتی ئەندام لەخۆدەگرێت، لەو ژمارەیەش 22 وڵاتی یەكێتی ئەوروپا و چوار وڵاتی ترە كە بریتین لە ئایسلەندا، سویسران نەرویج و لیشتنشتاین. هاوشێوەی رابردوو ئەمڕۆش شینگن رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە، قەیرانی ئەمدواییەی كۆچ بەرەو ئەوروپا و هێرشەكانی 2015ی میترۆكانی پاریس، پاساوی زۆری داوەتە ئەوانەی دژی بیرۆكەی سنوری كراوەن بۆئەوەی لەو دەستكەوتانە بدەن كە شینگن بەدەستیهێناون. سەرەڕای ئەوەش هێشتا ناوچەی شینگن بەردەوامە لە گەشەكردن و پرۆسەی ئەندامبوون تێیدا بەردەوامە،و چونەناوی ئارەزوومەندانەیە و پێویستی بە رەزامەندی هەموان هەیە و چەندینجار تائێستا ئەندامبوونی بوڵگاریا و رۆمانیا رەتكراوەتەوە بەهۆی مەترسی گەندەڵی و ناسەقامگیری سنورەكانی ئەو دوو وڵاتەی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا و لە 2011شەوە كە لیشتنشتاین بووەتە ئەندام هیچ وڵاتێكی تر نەبووەتە ئەندام تێیدا. شینگن بۆ ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە هەڵبژێدرا تەنها لەبەرئەوەی تاكە شوێن بوو سنورەكانی فەرەنسا و ئەڵمانیا بە وڵاتانی ئەندامی بەنیلۆكس بگەیەنێت، بەڵام سەرەڕای ئەوە سودێكی زۆری بە خەڵێكی زۆر گەیاندووە و بەوتەی " نیب" رێككەوتنەكە" رۆژانە پەیوەندی بە ژیانی 400 ملیۆن كەسەوە هەیە كە لە وڵاتانی شینگن دەژین". هەروەها دانیشتوانی شینگن و دەوروبەری دەتوانن سەردانی هاوڕێكانیان بكەن و بۆ كاركردن بچنە وڵاتێكی تر و سود لە كەمی باجی سەر سوتەمەنی لە لۆكسمبۆرگ وەربگرن بە تایبەتی دیزڵ كە بەبەراورد بە وڵاتانی دراوسێ باج لەسەری كەمترە. شینگن ئازادی هاتوچۆكردن بە گەشتیاران دەبەخشێت لە هەموو وڵاتەكانیدا لە رێگەی وشكانی و ئاسمانییەوە و ئەوەش كات و ماندووبوون كەمدەكاتەوە، هەروەها ئەو كەسەشی كە لە دەرەوەی ئەو وڵاتانەیەو ڤیزای شینگن بەدەستدەهێنێت، دەتوانێت بۆماوەی 90 رۆژ بە نێو وڵاتانی ناوچەكەدا گەشتبكات. گوندی شینگن چۆنە؟ شینگن لەسەر هیچ رێگایەكی سەرەكیی نییە، و كەس پێیدا ناڕوات ئەگەر بە تایبەتی بۆی نەچێت، 35 كیلۆمەتر لە شاری لۆكسبمۆرگ سیتی پایتەختەوە دوورە و كاتێك سەردانی دەكەیت رووبەرێكی بەرفراوان لە دارستان و كشتوكاڵ دەبینیت تا دەگەیتە دۆڵی مۆزیل، پاشان بەرەو شارۆچكەی ریمیش رێگەدەگریتەبەر بە كەنار روباری مۆزیل و باخ و رەزەكاندا رێگەكە دەتباتە شینگن و مۆزەخانەی ئەوروپی كە لە دەرەوەو ناوەوە چیرۆكی ناوچەكەی تێدا خراوەتەڕوو. هەروەها كاتێك سەردانی شینگن دەكەیت، چاوت لە كڵاوی هێزەكانی پاسەوانی سنوری ,ڵاتانی ئەندام دەكەوێت كە وەك سیبموڵێكی نیشتمانی لە پێناوی رێگەخۆشكردن بۆ رێككەوتنەوە دانراون، هەروەها لەبەردەم مۆزەخانەكەدا بەشێك لە دیواری بەرلین دانراوە وەك ئاماژەیەك بۆئەوەی كە ئەو پارچە كۆنكرێتیەی رۆژێك لە رۆژان لە یەكێك لە وڵاتە دامەزرێنەرە گەورەكانی بەرزكرابووەوە ئێستا نەماوە. هەروەها لەبەردەم مۆزەخانەكەدا تابلۆیەكی كانزایی هەیە و بە ژمارەی وڵاتانی ئەندام ئەستێرەی تێدایە و چەند شاشەیەكی گەورەش دانراون كە دیمەنی وڵاتانی ئەندامی شینگن نمایشدەكەن.
( درەو میدیا): ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، كاركردن بە بڕیارەكانی حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی رادەگرێت و نوسینگەی عەبادیش ئەو هەنگاوە بە پێشهاتێكی خراپ وەسفدەكات و تانەش لە دەستوریبوونی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەدات. رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی كۆبووەوە و چەند بڕیارێكی پەسەندكرد. بە گوێرەی بەیاننامەیەكی نوسینگەی رۆژنامەوانی عەبدولمەهدی لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە بە " راگرتنی كاركردن بە بڕیارەكان و رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشوو لە 1/7/2018 بۆ 24/10/2018 و لەسەر وەزیرەكان پێویستە لە ماوەی حەوت رۆژدا هەڵسەنگاندنێك پێشكەشبكەن بۆ ئەو بڕیارانەی كە دەركراون لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران، یان سەرۆك وەزیران، یان وەزیرەكانەوە هەركەسەی و بە گوێرەی پسپۆریخۆی و پێشكەشی ئەو لیژنەیەی بكات كە پێكهێنراوە و لەسەر ئەو لیژنەیەش پێویستە لەماوەیەكی كورتی دیاریكراودا ئەو بڕیارانە یەكلابكاتەوە". زیان بە هاوڵاتیان دەگەیەنێت لە كاردانەوەیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو لە بەیاننامەیەكدا كە نوسینگەی راگەیاندنەكەی بڵاویكردوەتەوە، رەخنە لەو هەنگاوەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەگرێت و بە زیانگەیاندن بە هاوڵاتیان وەسفیدەكات. عەبادی لە بەیاننامەكەیدا جەختدەكاتەوە كە ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ " چەمكەكانی دەوڵەتی دامەزراوە" یەكناكرێتەوە كە پێویستە وڵات لەسەریان بڕوات. جەختیشدەكاتەوە ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران كردویەتی پێشهاتێكی مەترسیدارە و رێخۆشكەر دەبێت بۆ دروستكردنی پشێویی و وەستاندنی كاری حكومەت بەتەواوەتی و رێگریكردن لێی لە بڕیاردان لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانداو سەردەكێشێت بۆ ئەوەی حكومەتی نوێ هەموو بڕیارەكانی حكومەتی پێشوو هەڵبوەشێنتێەوە و ئەوەش بەزیان بۆ بەرژەوەندی هاوڵاتیان دەشكێتەوە و بەوەش حكومەتی نوێ تانە دەهێنێتە سەر بڕیارەكانی ئێستای بە تایبەتی كە " حكومەتی ئێستا ناتەواوە و چەند وەزیرێكی سكاڵایان لەسەرە و لە چۆنیەتی دیاریكردنیشیدا پێشێلكاریی دەستوریی كراوە". عەبادی لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بەو بڕیارانەش داوە كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی رایگرتوون كە بریتین لە تەرخانكردنی پارەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگای بەسرە، پشكی بەسرە لە داهاتی دەروازە سنورییەكان و پارەی تەرخانكراو بۆ داواكارییەكانی دانیشتوانی پارێزگاكانی باشوور و چەند پرسێكی تری تایبەت بە خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا. عەبادی لە كۆتایی بەیاننامەكەشیدا ئیدانەی ئەو بڕیارەی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دەكات و داوادەكات پاشگەزببێتەوە لێی و هۆشداریشدەدات لەوەی ئەو جۆرە بڕیارانە كە سروشتێكی سیاسیان هەیە و بۆ بەرژەوەندی تایبەتە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی پشێوی لە كاروباری حكومەت، ئەگەر هەڵنەوەشێنرێتەوە، ئەوا سەرۆك وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران دەبێت بەرپرسیارێتی ئەنجامەكانی لە ئەستۆبگرن.
( درەو میدیا): جارێكی تر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان دەكات و رایدەگەیەنێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپەراسیۆن لەدژی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی فورات دەستپێدەكەن، ئەوەش لە كاتێكدایە ئەو ناوچانە هێزەكانی ئەمریكا تێیدا بنكە و بارەگایان هەیە. ئەردۆغانی چی وت؟ لە وتەیەكیدا كە تەلەفزیۆنی توركیا بڵاویكردەوە ئەردۆغان وتی:" لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستدەكەین بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی، بۆ چۆڵكردنی خۆرهەڵاتی فورات لە تیرۆریستە جوداخوازەكان". ئەردۆغان ئەو ناوچانەی ئاشكرانەكرد، كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە دەیانگرێتەوە تەنها ئاماژەی بەوەدا كە هێرشدەكەنە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە"دان. هاوكاری بەردەوامی ئەمریكا بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات و یەپەگە توركیای توڕە و نیگەران كردووە و رۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا " پێنتاگۆن" رایگەیاند بە ئامانجی رێگەگرتن لە پێكدانانی سوپای توركیا و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل چەند خاڵێكی چاودێری سەربازیان لەسەر سنوری نێوان رۆژئاوای كوردستان و توركیا داناوە. ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی رۆژئاوای كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا، سوپای توركیا دوو ئۆپەراسیۆنی لەدژی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە و هەردووجارەكەش ناوچەكانی رۆژئاوای فوراتی گرتوەتەوەو ئەوە یەكەمجارە كە نیازی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆن بۆ خۆرهەڵاتی فورات رادەگەیەنێت. ئۆپەراسیۆنی یەكەكی سوپای توركیا هاوینی 2016 ئەنجامدرا بە ناوی " قەڵغانی فورات" و هەشت ماگی خایاند و ئازاری 2017 كۆتاییهات و ئۆپەراسیۆنی دووەمیش سەرەتای 2018 دەستیپێكرد بەناوی " چڵی زەیتون" و دوو مانگی خایان و توركیا كانتۆنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستانی كۆنترۆڵكرد و رادەستی چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریای كرد.
( درەو میدیا): ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەوەو راگەیەنراوێكی سێ خاڵیان بڵاوكردەوە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر ": توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان به گوێرەی قۆناغەكە، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان". دەقی راگەیێندراوەكە: ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ چوارشەممە 12/12/2018 لە هەولێر خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوونەوە و تیایدا چەند بابەتێكی هەستیار و گرنگ خرانە بەر باس و گفتوگۆ، لەوانە: یەكەم: توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێكخستنەوەیان به گوێرەی قۆناغەكە، هەلومەرجی سیاسی و ئابووریی كوردستان و پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی فیدرال و وڵاتانی دەوروبەر كە بە شێوەیەكی گشتی ئەم پەیوەندییە دووقۆڵییە لە خزمەت پێشكەوتن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نیشتماندا بێت. دووەم: پێكەوە هەوڵی دروستكردنی یەكگوتاریی كوردستان بدرێت بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە هەیە و چارەسەری دۆخی ئێستا بكرێ به شێوەیەك لەگەڵ دەستوور بگونجێ و مافی هەموو لایەك پارێزراو بێت. سێیەم: سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و ئۆرگانەكانی دیكە، گفتوگۆ كرا و بیروڕا گۆڕدرایەوە و هەردوولا لەسەر ئەوە كۆك بون كە قۆناغەكە و هەلومەرجەكە یەكڕیزی و مشوورخۆریی هەموو لایەكی پێویستە و دەبێت بە ئاراستەی جددی بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵكی كوردستان و ڕیفۆرمی پێویست لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ دابینكردنی زیاتری سەقامگیری و دڵنیایی و بەهێزبوونی هەرێم بۆ بەرگەگرتنی تەحەدییەكان، هەنگاوی گونجاو هەڵێنرێت. مەكەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت كەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رادەگەیەنرێت؟ پارتی چۆن وەزارەتەكان دابەشدەكات ؟ پارتی بە چ شێوەیەك بەشداری بە بزوتنەوەی گۆڕان دەكات؟ چارەنوسی كۆمەڵی ئیسلامی چۆن دەبێت؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ئاڵاونو (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە. ئەمڕۆ لە هەولێر مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لەسەر داوای یەكێتی بەڕێوەچوو. شوێنی كۆبونەوەكە ! كۆبونەوەكە لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی بەڕێوەچوو، ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرەتا بڕیاربووە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر بەڕێوەبچێت. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرپرسانی یەكێتی وتویانە ئەگەر كۆبونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی بەڕێوەبچێت، ناتوانن كۆنترۆڵی بكەن كێ لەسەركردەكانی یەكێتی بەشداری بكاتو كێی تر بەشداری نەكات، بەتایبەتیش پارتی بەیەكێتی راگەیاندووە كە رازی نابن هەندێك سەركردەی یەكێتی بەشداری ئەو كۆبونەوەیە بكات، بۆیە بڕیاردراوە كۆبونەوەكە ببرێتە ماڵی نێچیرڤان بارزانی. كۆبونەوە بۆچی ؟ (درەو میدیا) زانیویەتی، كۆبونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیو پارتی زیاتر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانو گلەییو گازندە بووە لە یەكتر، نەك بۆ دابەشكردنی پۆستە باڵاكانو یەكلاكردنەوەی پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا. پۆستەكان چۆن دابەشدەكرێن ؟ پارتی نایەوێت وەكو جاران بەشێوەیەكی "فیفتی بە فیفتی" پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ یەكێتی دابەشبكات، بەڵكو دەیەوێت بەپێی رێژە یاخود خاڵ پۆستەكان دابەشبكرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی دەیەوێت لە كۆی (19) وەزارەتی سەرەكی و دوو وەزارەتی هەرێم پۆستەكان بەمشێوەیەدا دابەشبكرێن: * پارتی: (10) وەزارەت * یەكێتی: (6) وەزارەت * بزوتنەوەی گۆڕان: 3 وەزارەت * پێكهاتەكان: 2 وەزارەت موگناتیسەكەی پارتی ! پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئامادەكاری كردبوو بۆ ئەوەی گەڕی دووەمی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی دەستپێبكات، بەڵام موگناتیسی كێكی حكومەت وایكرد، هێشتا وەفدی پارتی نەگەیشتووەتە سلێمانی بۆ لای لایەنەكان، وەفدی یەكێتی چووە هەولێرو بڕیارە سبەینێش وەفدێكی بزوتنەوەی گۆڕان بچێتە هەولێرو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆببێتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئەم كۆبونەوانەی پارتی لەگەڵ یەكێتیو گۆڕان، لەپێناو ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانەو پارتی نایەوێت لەم كۆبونەوانەدا بەهیچ شێوەیەك باس لە دابەشكاری پۆستەكان بكات، چونكە پارتی دەیەوێت بە پلان هەنگاو بنێتو پلانەكەشی دابەشكردووە بۆ چەند قۆناغێك لەوانە (سەقامگیری سیاسی- سەقامگیری ئەمنی- سەقامگیری ئابوری- روبەڕووبونەوەی گەندەڵی)، پارتی پێیوایە هەرێم سەقامگیری ئەمنی هەیە، پێویستە سەقامگیری سیاسی بەدی بهێنرێت، بۆ ئەمە پێویستیان بەوەیە لەگەڵ لایەنەكان پەیوەندییەكانیان ئاسایی بكەنەوەو دوای ئەوە دەست بە قۆناغی سەقامگیری ئابوری بكرێت لەرێگەی چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدادو زامنكردنی بەشەبودجەی هەرێم، ئەگەر پارتی بتوانێت سەقامگیری سیاسیو ئابوری بەدیبهێنێت، بەپێی قسەی سەرچاوەكەی (درەو میدیا) لە قۆناغی كۆتایدا دەستدەكات بە چاكسازیكردنو لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران. پارتی دەست لە گۆڕان بەرنادات پارتی بەجدی كار بۆ ئەوە دەكات بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بۆ چی پارتی سورە لەسەر بەشداریپێكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت، سەرچاوەیەكی باڵای پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" پارتی لەپێناو نەهێشتنی مۆركی دوو ئیدارەیی دەیەوێت گۆڕان بەشداری حكومەت بكات، چونكە ئەگەر حكومەت تەنها لە پارتیو یەكێتی پێكبێت، ئەوە تۆخكردنەوەی مۆركی دوو ئیدارەیی دەبێت". سەرباری ئەمە" پارتی بەڕوونی دەیەوێت سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت، جێگرەكەش وەك حكومەتی پێشوو نابێت، كە سەرۆكی حكومەتی سلێمانی بێت، بەڵكو دەبێت سەرۆكی حكومەتی داهاتوو سەرۆكی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت". پارتی هەرچەندە هەوڵی جدی دەدات بۆ بەشداریپێكردنی گۆڕان لە حكومەت، بەڵام هاوكات نایەوێت هیچ پۆستێكی باڵا بە گۆڕان بدات. بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا)، ئەوەی لای پارتی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دانراوە، چەند وەزارەتێكی خزمەتگوزاریو دەستەیەكە، دەنگۆی دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی حكومەت راست نییە. سەرچاوەیەكی تر لەناو پارتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، زیادكردنی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، پێویستی بە گۆڕانكارییە لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەش لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر دەدرێت، پارتی پێیوایە گۆڕان ئەو سەنگە گەورەیەی نییە خۆی توشی ئەو هەموو سەر ئێشەیە بكات بۆی. دابەشكردنی پۆستەكان بەمشێوەیە دەبێت: • سەرۆكی حكومەت جێگرێكی دەبێت، بەڵام دەسەڵاتی زۆری نابێتو ئەو پۆستە دەدرێت بە یەكێتی. • سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دەبێتو جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بۆ پارتیو جێگری دووەم بۆ پێكهاتەكان دەبێت. • سەرۆكی هەرێم لای پارتی دەبێتو جێگرەكەی كە دەبێتە جێگری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان (پێشمەرگە) دەدرێتە یەكێتی، نەك بزوتنەوەی گۆڕان، چونكە گۆڕان هێزی چەكداری نیە. سێ سەرۆكایەتییەكە ! شێوازی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەپێی رێككەوتن دەبێت، هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان) پێكەوە رێككەوتنیان لەسەر دەكرێت. بەگوێرەی زانیاری (درەو میدیا)، یەكەمجار سەرۆكایەتی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخواتو دەستبەكاردەبێت، دواتر پەرلەمانی كوردستان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار دەكاتەوەو سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت بەوەش دڵی گۆڕان رازی دەكات كە پێشتر داوای كردبوو، دوای سەرۆكایەتی پەرلەمان سەرۆكایەتی هەرێم (واتە بەر لە راگەیاندنی كابینەی حكومەت نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات)، پاشان سەرۆكی حكومەت (مەسرور بارزانی) كە لەبەردەم سەرۆكی هەرێمدا سوێندی یاسایی دەخوات. چارەنوسی كۆمەڵی ئیسلامی؟ سەبارەت بە كۆمەڵی ئیسلامی، (درەو میدیا) زانیویەتی، لەدواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، پارتی بڕیاریداوە بەشداری بە كۆمەڵی ئیسلامی نەكات لە كابینەی نوێی حكومەت ( هەرچەندە ئێرانیەكان لەسەر خەتن بۆ رازیكردنی پارتی بە بەشداریپێكردنی كۆمەڵ)، هەر لەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردراوە ئەو پەیامە بە كۆمەڵی ئیسلامی بدرێت، بەڵام سەركردایەتی كۆمەڵ دابەشبووە بەسەر دوو بۆچوندا، بۆچونێك لەگەڵ ئەوەن ببن بە ئۆپۆزسیۆن و رایبگەیەنن بەرلەوەی پارتی پێیان رابگەیەنێت، بۆچونێكی تر داوا دەكەن بەشداری لە دەسەڵات بكەن. كابینەی نوێ كەی رادەگەیەنرێت؟ چاوەڕەوان دەكرێت پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی (9)ی حكومەتی هەرێم تا سەرەتای مانگی دوو بخایەنێت، بەشێك لە هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەكە پەیوەندی بە یەكێتییەوە هەیە، كە رەنگە نەتوانن بەئاسانی لەناو خۆیاندا لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان رێكبكەون. كەركوك چۆن چارەسەردەكەن؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەبارەی چارەنوسی كەركوكەوە، پارتی پێیوایە نابێت پارێزگارێك لە كەركوك دابنرێت كە ئەندامی سەركردایەتی یاخود مەكتەبی سیاسی یەكێتی بێت، بەڵكو دەبێت كەسێكی بێلایەنی سەربەخۆی كورد دابنرێت، هاوشێوەی (عەبدولڕەحمان مستەفا) پارێزگاری پێشووتری كەركوك. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا یەكێتی بەم مەرجەی پارتی لە كەركوك قایل دەبێت یاخود نا؟
( درەو میدیا): سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختدەكاتەوە كە بەغدا بەشێك نییە لە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران و بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسەش وەفدێكی عێراق سەردانی واشنتۆن دەكات. دوای كۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" هەڵوێستمان دەربارەی سزاكانی ئەمریكا دژی ئێران دووپاتدەكەیەنەوە، و عێراق بەشێك نییە لێی". عەبدولمەهدی ئاماژەیبەوەشدا كە وەفدێكی عێراقی بەمزوانە دەچێتە واشنتۆن بۆ تاوتوێكردن و چارەسەركردنی ئەو سزایانە. لە بەشێكی تری قسەكانیدا سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی لە كابینەی حكومەتەكەی كرد و رایگەیاند لە دیاریكردنی چەند وەزیرێكدا ئازادی هەبووە، بەڵام ئەوانی تر بە رێككەوتنی سیاسی هاتوون.
(درەو میدیا): مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسیيەكان " كە نیوەی هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردنیان نەكردووە، ئەوەش لاوازبوونی متمانەی خەڵكە بەسەركردایەتیو سیاسەتو بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان و ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسیو كۆمەڵایەتیو سایكۆلۆژیيە". بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ماوەیەكە زویر بووەو لە ماڵەوە دانیشتووە، لە وتارێكدا بەناوی" كابینەی نوێ و كێشە كۆنەكان" دەنوسێت " ئەم بێ متمانەییە، كە جارێ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ، لەم دۆخەی عیراقو كوردستانو ناوچەكەدا، پێویستە لە كابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێو لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لە كوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بنو، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لە عیراقو یاخود لە كوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات". دەقی نوسینەكەی مەلا بەختیار كابینەی نوێ و كێشە كۆنەكان ■ مەلا بەختیار هەڵبژاردن، بەوشێوەیە بەڕێكرا، كە بەڕێكرا. ئێستا، ئیدی پارتی یەكەمی هەرە زۆرینەو یەكێتیی دووەمو گۆڕانیش سێهەم لایەنی براوەن. لایەنەكانی دیكەش، كۆمەڵی ئیسلامی پێشی دانەوە. سۆسیالیستو كۆمۆنیستە كوردستانییەكانیش، كورسییە تاقانەكەیان، هێنایەوە. كۆتاكانیش، دەرچێندرانەوە! رەوتە پۆپۆلیستییە لەناو قەیراندا سەرهەڵداوەكەی "نەوەی نوێ"یش، تاویان سەندووە. لەم هەڵبژاردنەدا پەندە خانەقینییەكە پڕ بەپێستێتی كە پێشینان فەرمویانە: گشتمان لەكین، برای یەكین. بۆ؟ -چونكە؛ لایەكی دەسەڵات، ناتوانێ لایەكی دیكەی باڵادەست، بە بەڵگەوە تاوانبار بكاتو رەخنەشیان بەرامبەر یەكدی هەس! -چونكە؛ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، سەرەنجامی سیاسەتی هەڵبەزو دابەزی رابردوویان، هەرلایەكیان بەئەندازەی پاشماوەی كاریگەریان، دەنگیان هێناگە. لەناویاندا، نەوەی نوێ، گەرچی لاتاریكیشە لەهەموو لایەك. -چونكە؛ رێژەی دەنگە هێنراوەكانی یەكێتییو پارتی، ئەو راستییەی نەگۆڕی، كە نە پارتی بەبێ یەكێتیی و نە یەكێتیش بەبێ پارتی، حكومەتی زۆرینەیان پێ پێكنایەت. پارتی كە زۆرینەی هێناوە، پێویستی بە یەكێتییە، یەكێتیش كە لەنیوەی پارتی كەمتریشی هێناوە، ئەمجارەش، بۆ كابینەی نۆهەم، سەلمایەوە كە هەر یەكێتییە، دەركەوت، بەزۆرینەی بادینی، دەڤەری سەوز حوكم ناكرێ. بەڵێ، نە پارتی بەسیاسەتی حاكمییەتی زۆرینە كوردستانی پێ بەڕێ دەچێو نە یەكێتیش، بەزۆربەركێ (موزایەدە)ی سیاسی، پارتی پێ لاواز دەكرێ. ئەوانەی لەناو پارتی پێیانوابوو، ئەگەر دوو بەرامبەر یەكێتیی دەنگ بێننو لیستی كۆتاش بكەنە دۆستی خۆیان، دەتوانن یەكێتیی بخەنە دەرەوەی بازنەكە، شكستیانخوارد. رەوتی موزایەدەخوازی یەكێتیش، كاڵفامیان دای لەتاشە بەردی هاوكێشە سیاسییە راستەقینەكان. ئۆپۆزسیۆنیش، كە پێیانوابوو، ئەگەر بتوانن زۆرینەی كورسی وەدەستبهێنن، یان خۆیانو تەكەتولی هەلپەرستی یەكێتیی ببنە زۆرینە، دەتوانن پارتی بچوك بكەنەوە، ئەمانیش، رێژەی دەنگەكانیان، ناچاری كردن، پاشەكشە بكەنو لایان داوەو بایان داوە. ئیستا، دوو هەفتەیەكمان ماوە، دەربكەوێ، چ لایەك دەچێتە حكومەتو چ لایەكیش، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. بەڵام بیرمان نەچێ نیوەی خەڵك دەنگیداوە (قەیناكە با وابڵێین!) نیوەكەی تریشی دەنگی نەداوە (ئەگەر زیاتریش نەبن!!). لێرەدا دەمەوێ، سەرنجی ئەو لایەنانە بۆ ئەم راستییانە رابكێشم كە پێكەوە رێكدەكەونو كابینەی نۆهەم پێكبهێنن. كە ئەمەی خوارەوەیە: هەموو لایەنەكان ببینن كە، بەهەموو توانای راگەیاندنو، هێزی چەكدارو دەستڕەنگینی لەهەڵبژاردندا، نەتوانرا نیوەی خەڵك، لەدەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن، كەمەندكێش بكرێنە ناو بازنەكە. ئەمە ئاماژەیەكی دڕدۆنگی سیاسیو كۆمەڵایەتیو سایكۆلۆژیە...تد. هۆی سەرەكی ئەم دڕدۆنگییە، لاوازبوونی متمانەی خەڵكە، بەسەركردایەتیو سیاسەتو بەڵێنەكانی سەرجەم لایەنەكان. كە ئەمەش، سەرەنجامی كەڵەكەبونی گرفتو گەندەڵیو ئەو بارە نالەبارەی خەڵكە. ئەم بێ متمانەییە، كە جارێ بە بەشداری نەكردنی هەڵبژاردن دەردەبڕدرێ، لەم دۆخەی عیراقو كوردستانو ناوچەكەدا، پێویستە لەكابینەی نۆیەمدا، بەقوڵی لێكبدرێتەوە. ئەگینا، بەدوری نەزانین، دەروازەی دۆخەكە لەگرێژنە دەربچێو لەم هەلومەرجەشدا، كە فەرەنسای پێشەنگێكی وڵاتانی دیموكراسی، لەسەر باج زیادكردنی سوتەمەنی، دەسوتێندرێ، دوور نییە، كێشە كۆنە چارەسەر نەكراوەكان، لەسایەی كابینەی نوێدا، لەم قۆناغەی گواستنەوەی دیموكراسیدا، لەكوردستانی دواكەوتودا، ئاوێتەی دۆخی نەخوازراو بنو، هەر ئەگەرێكی ئاڵۆزی ناوچەكەش، یان لەعیراقو یاخود لەكوردستاندا، كارلێك لەتەك كێشەی كۆنی پاشكەوتی مووچە بكات، بیرمان نەچێ كێشەی نێوان ئەمریكاو دەوڵەتانی كەنداوو ئێران، هەروەها كێشەی كۆمەڵایەتی، ئابورییو سیاسی چارەسەر نەكراوی تەواوی ناوچەكە، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی بەهاری عەرەبی، هاوكات كێشەی نێوان شیعەكانی عیراق، هەروەها سوننەكانی عیراق، ئینجا ئەو رێژە كەمەی كە لەبەغدادو ناوچەكانی تری عیراق بەشداریان كردووە، خۆپیشاندانەكانی بەسرەو پارێزگاكانی تر، لەكاتێكدا هێشتا پاشماوەی جەنگی داعشو ناوچە وێرانكراوەكانی جەنگ ساڵەهای ساڵی دەوێ چارەسەر بكرێن، ئەمانە دەبێ هەموویان لەبەرچاو بگیرێن كە كاریگەریان لەسەر كوردستانو عیراقو ناوچەكەش هەیە. بێگومان یەكانگیربوونی هەموو ئەم رووداوانەو كاریگەریان لەسەر هەستو هەڵوێستی خەڵكی كوردستان، خرۆشانی خەڵك دەكاتە ئەنجامێكی مەترسیدار بۆ سەر هەمووان. لەدۆخێكی نەخوازراوی واشدا، جڵەوی رووداوەكان كە لەدەست دەرچوون، نەلایەنەكانی دەسەڵاتو، نەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش، ناتوانن ببنە خاوەنی شەقامی توڕە. ڕەنگە، لەهەلومەرجێكی ئاوهاشدا، چەند رابەرێكی دەركەوتووی سۆسیال-مێدیا، بۆ ماوەیەك بتوانن روداوەكان، بەئاراستەی پۆپۆلیستیو ئاژاوەگێڕی، رابەرایەتی بكەن. بەتایبەتی هەلپەرستو پۆپۆلیستە شكستخواردووەكانی كوردستان لەدەهەی رابردوودا، تاقیكردنەوەی سودبەخشیان بۆ پۆپۆلیستە دەرنەكەوتووەكان، جێهێشتووە. دەمێنێتەوە بڵێین: كابینەكانی پێشوو، قەیرانیان بەقەیران سپاردو تەقینەوەی قەیرانەكانیش، دووچاری كابینەی هەشتەم كرا. ئەمانیش ناچاری پاشكەوتی موچە بوون. بەڵام ساڵێكیشە، بەرەبەرە چارەسەریان هێنایە ئارا. دڵنیام، مێژوو، ئابوری بایۆمەتریو چارەسەری قەیرانی ئابوری، وەكو دەستكەوتی گەورە، بۆ كابینەی هەشتەم تۆمار دەكات
گفتوگۆی رۆژنامەوانی: فازل حەمەڕەفعەت ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی تاكە لایەنە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاستەكەدا ماوەتەوەو بەسەر هیچ بەرەیەكدا (دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن) ساغ نەبووەتەوە. بەرپرسانی پارتی رۆژانە پەیامی بێئومێدكەر بۆ كۆمەڵ دەنێرنو دەیانەوێت لەوە حاڵی بكەن كە بەشێك نییە لە كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هێشتا بەرپرسانی كۆمەڵ بە ئومێدەوە تەماشای پارتی دەكەنو نایانەوێت بچنە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆنەوە. لەم گفتوگۆ رۆژنامەوانییەدا (بیلال سلێمان) بەرپرسی ناوەندی حكومەتو پەرلەمانی كۆمەڵی ئیسلامی وەڵامی چەند پرسیارێكی (درەو میدیا) دەداتەوە. دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: بەمزوانە وەفدی پارتی بۆ جاری دووەم سەردانی سلێمانی دەكاتەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، ئەمجارەش پارتی نایەوێت كۆمەڵ ببینێت، ئەمە زیاتر لە چەند جارێكە پارتی پەیامی ئەوەتان پێدەدات كە نایەوێت بەشداری حكومەت بكەن، راتان چییە ؟ بیلال سلێمان: باوەڕم بەو پەیامە نییە، من باوەڕیشم بەوە نییە شتی وا وترابێت. درەو میدیا: واتە وەفدی پارتی دەیەوێت ئەمجارە سەردانتان بكات؟ بیلال سلێمان: من نازانم لە ئێستادا پارتی سەردانمان دەكات یاخود نا، بەڵام پارتی موستەغنی (دەستبەردار) نابێت لە كۆمەڵ، بەپێچەوانەوە ئەگەر وابێت، پێموایە ئەوە هەڵەیەكە پارتی دەیكات، من ناڵێم كۆمەڵ بەشدار دەبێت یان نا، بەڵام پێموانییە پارتی پەیامی وای هەبێت. درەو میدیا: سەلیم كۆیی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ لە لێدوانێكدا دەڵێ" لە بەرپرسانی پارتیمان بیستووە لە حكومەت بەشداریمان پێناكەن"، ئێوە چی دەڵێن؟ بیلال سلێمان: ئەوە رەئی كاك سەلیم خۆیەتی، من كۆمێنتم لەسەری نییە. درەو میدیا: ئێمە بیستومانە بەمزوانە سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبێتەوەو بڕیاری كۆتایی دەدات لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت، ئەمە راستە ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، هیچ بڕیارێكمان نییە بە زوترین كات كۆببینەوە، ئێمە تا بەرنامەی حكومەتی داهاتوومان بۆ دەرنەكەوێتو بەرچاومان روون نەبێت، هیچ كۆبونەوەیەك ناكەین، ئێمە پێشتر كۆبونەوەمان كردووە، بەڵام تائێستا بەرچاومان روون نییە، تا بەرچاومان روون نەبێت بڕیار نادەین. درەو میدیا: خەڵك دەپرسن حیكمەت لە چیدایە كۆمەڵ بڕیارنادات ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، لەكاتێكدا پارتی بە ئاشكرا پێی دەڵێ بەشداری حكومەتت پێناكەم؟ بیلال سلێمان: شەرت نییە هەموو حیكمەتێك باسبكرێت، كۆمەڵ بەرنامەی خۆی هەیە، سەركردایەتی حزب بەرنامەی خۆی هەیە بۆ ئەو پرسانە، كۆمەڵ بۆ ئەو قۆناغە ئەمەی هەڵبژاردووە كە سیاسەتیەتی. درەو میدیا: بەڵام دیمەنەكە لە شەقام وا دەردەكەوێت كۆمەڵی ئیسلامی بەزۆر دەیەوێت خۆی بە پاسی حكومەتدا هەڵواسێ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، ئێمە خۆمان هەڵناواسین، ئێمە كەس خێرمان پێناكات، خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگی بە ئێمەداوە، ئێمە متمانەی خەڵكمان بەدەستهێناوە، ئەوەندەی كە خەڵك متمانەی پێداوین، مافی خۆمانە داوای حەقو مافی ئەو خەڵكە بكەین كە دەنگی پێداوین، ئەمە لە حكومەتدابوون بێت یاخود لە موعارەزەبوون، هەركامیان بوو ئێمە نوێنەری ئەو خەڵكەین. درەو میدیا: دەكرێت وا لێكبدرێتەوە ئێوە بەهۆی بوونی یەكگرتووی ئیسلامی ناتانەوێ بچنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، یاخود ئەگەر ببن بە ئۆپۆزسیۆن ئامادەن لەگەڵ یەكگرتوو كاری هاوبەش بكەن؟ بیلال سلێمان: ئێمە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی لە رابردوودا لە چەندین قۆناغ پێكەوە بووین، هیچ كاتێك پێچەوانەی یەكتر هەڵسوكەوتمان نەبووە، لەبەرئەوە ئێمە لە حكومەتدا بین یان لە ئۆپۆزسیۆن، پێمانخۆشە لەگەڵ ئەوان لێكنزیك بین. (درەو میدیا): سەرەتا ئێوە لەگەڵ گۆڕان كۆبونەوەیەكتان كرد بۆ ئەوەی پێكەوە بڕیاربدەن لەسەر بەشداریكردن لە حكومەت، بەڵام ئێستا وا دەردەكەوێت گۆڕان لایخۆیەوە بڕیاریداوە بەشداری حكومەت بكاتو ئێوەش خۆتان یەكلا نەكردوەتەوە، ئێستا پەیوەندییەكانتان لەگەڵ گۆڕان لە چ ئاستێكدایە ؟ بیلال سلێمان: ئێمە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هەروەكو رابردوو پەیوەندییەكانمان بەهێزە، هیچ درزێك نەكەوتوەتە ناو پەیوەندییەكانمانەوە، ئەو پەیوەندیانەش بەردەوامەو پێكەوە هەماهەنگیو راگۆڕینەوەشمان هەیە، ئەو مەعلوماتانەی جەنابت باسی دەكەیت لەوانەیە هەڵەبن. درەو میدیا: واتا ئێوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان باسی ئەوەتان نەكردووە پێكەوە بڕیار بدەن لەسەر بەشداریكردن یان نەكردن لە حكومەت ؟ بیلال سلێمان: نەخێر، پێكەوە بڕیارمان نەداوە كە پێكەوە بڕیاربدەین بچینە حكومەت، هەر حزبەو بڕیاری خۆی هەیە، هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختمان نییە پێكەوە، كە یەكێكمان بەشداربوو لە حكومەت ئەوی تریش بەشدار بێت، بەپپَچەوانەشەوە.
(درەو میدیا): بزوتنەوەی گۆڕان كاندیدی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشكەشكردووەو سبەینێ سێ ئەندامی نوێ لە ئەنجومەنی پارێزگا دەستبەكاردەبن. سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (49) هەمین كۆبونەوەی ئاسایی خۆی دەكات. بەپێی نوسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا كە ئاڕاستەی سكرتێری ئەنجومەن كراوە، لە كۆبونەوەكەدا سێ ئەندامی نوێ بۆ ئەنجومەن سەردەكەونو سوێندی یاسایی دەخۆنو لە شوێنی سێ ئەندام دەستبەكاردەبن كە پێشتر خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانو پەرلەمانی عێراق كاندیدكردووەو سەركەوتوون. هەر لە كۆبونەوەكەدا دەستلەكاركێشانەوەی (ئەنوەر تاهیر) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر پشكی گۆڕان پەسەند دەكرێت. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) محەمەد شێخ وەهاب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەنوەر تاهیر لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا، (بەرزان محەمەد ساڵح)ی كاندیدكردووە. ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبونەوەی سبەینێدا، لە فراكسیۆنی پارتی (بارزان حامد سەعید) لە جێگەی (دانا جەزا) دەستبەكاردەبێتو سوێندی یاسایی دەخوات، لە فراكسیۆنی یەكێتی (دیمەن رەزا رەشید) لە جێگەی (سەلمە فاتیح) دەستبەكاردەبێت، لە فراكسیۆنی گۆڕان (ئیسماعیل عەلی) لە جێگەی (غالب محەمەد) دەستبەكاردەبێت.
( درەو میدیا): دادگای توركیا سزای ساڵێك و شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك پەرلەمانتارانی پێشووی پارتی دیموكراتی گەلان " هەدەپە" دا سەپاند. بە گوێرەی میدیاكانی توركیا، هۆكاری سزادانی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ساڵی 2015 بەشداری خۆپیشاندانێكیان كردووە، كە بۆ ئیدانەكردنی قەدەغەی هاتوچۆی سەر ناوچەی سوری ئامەد و ناوچەی كەربۆرانی مێردین و جزیرە و سلۆپی رێكخرابوو. لە دانیشتنی دادگادا كە لە شرناخ بەڕێوەچوو، دادگا بە پاساوی ئەوەی لە دژی یاسای رێپێوان و خۆپیشاندان بوون، بۆ هەر یەك لە عوسمان بایدەمیر و لەیلا بیرلیك بڕیاری سزای ساڵێك و ٦ مانگ زیندانیی دەركرد.
ئامادەكردنی: نامیق ڕەسوڵ چالاكانی بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكان" لە سەرەتای ناڕەزایەتییەكانیاندا دژی سیاسەتەكانی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رەتیاندەكردەوە كەسێك یان زیاتر بەناوی ئەوانەوە قسەبكات، بەڵام لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەكان كە هەموو شەممەیەك لە پاریس و شارەكانی تری فەرەنسا بەڕێوەدەچن، چەند دەموچاوێك دەركەوتن و لە میدیاكانی فەرەنساوە دەناسێنران، لەو سۆنگەیەوە كە شیاون بۆئەوەی بەناوی ئەم رەوت یان ئەو رەوتەوە قسەبكەن كە هەندێكیان گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی رەتدەكەنەوە و هەندێكی تریان باوەڕیان وایە كە ئەم گفتوگۆیە كاری بنەڕەتییە، چونكە چارەسەری هەموو كێشەكان یان بەشێكی كەمی لە رێگەی گفتوگۆوە دەبێت. سەرەڕای زۆری ئەوانەی هەوڵدەدەن لەناو بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكاندا" دەربكەون وەك نوێنەری نیمچە رەسمی، بەڵام ئەمڕۆ كۆدەنگییەك هەیە كە " بریسیلیا لۆدۆسكی" رۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە لە دەستپێكردن و دامەزراندنی ئەو بزوتنەوەیەدا كە دوكانێكی بچوكی لە گەڕەکی " ئاڤینۆ لۆتە مپڵ" لە پاریس هەیە و پێشتر فەرمانبەرێكی ئاسایی بووە لە یەكێك لە بانكەكاندا. 29ی ئایاری 2018 بریسلیا لۆدۆسكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە یاداشتێكی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا كرد و تێیدا ئەو هۆكارانەی رونكردەوە كە بوونەتە هۆی قورسكردنی ئەركی سەرشانی ئەو كەسانەی كە داهاتیان سنوردارە، یان خاوەنی دامەزراوەی بچوكن و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی تەنگیان پێهەڵدەچنێت. ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو یاداشتەدا، ئەوەیە لۆدۆسكی نوسەری تێیدا داوای دابەزاندنی نرخی سوتەمەنی دەكات و لە هەمان کاتیشدا زنجیرەیەك پێشنیاری پراكتیكی خستوەتەڕوو، دەكرێت ببنە یارمەتیدەری حكومەتی فەرەنسا بۆئەوەی هاوسەنگییەک بێنێتە کایەوەو لە یەك كاتدا لەلایەكەوە رەچاوی دۆخی كۆمەڵایەتی ئەو كەسانە بكات كە داهاتیان سنوردارە، لەلایەكی تریشەوە رەچاوی دۆخی ژینگەش بكات كە وادەخوازێت كەمتر پشت بەو سەرچاوەی وزانە ببەسترێت كە دەبنە هۆی پیسبونی ژینگە. دەقی یاداشتەكە دەنگدانەوەیەكی ئەرێنی بەرفراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێكەوتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەی بینەران و ئەوانەی كە پشتگیریان لە بیرۆكە و پێشنیارەكانی دەكرد گەیشتە یەك ملیۆن كەس. ئەوانەی كە لە نزیكەوە رۆژانە چاودێری خۆپیشاندانەكانی بزوتنەوەی " هێلەك زەردەكان" دەكەن دەڵێن ئەو ژنە لە رێگەی هێمنی و واقعبینییەوە رۆڵی گەورەی دەبێت لە قایلكردنی حكومەتی فەرەنسا و بە تایبەتیش ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بەوەی كە پێویستە بە زووترین كات وەڵامی هەبێت و لانیكەم بەشێك لە داخوازی خۆپیشاندەران جێبەجێبكات. سەرچاوە: مۆنتی كارلۆ