سیستەمی سیاسی و پێکدادانی دەسەڵاتەکان

Draw Media

2019-05-25 17:36:39



د. شێركۆ كرمانج 

٤-٤
لە سێ بەشی پێشوتری ئەم زنجیرە وتارە قسەوباسمان لەسەر سیستمی پەرلەمانیی‌و سیستمی سەرۆکایەتیی کرد. ئارگیومێنتی سەرەکی لەو سێ بەشەدا ئەوەبوو کە سیستمی پەرلەمانی گونجاوترە لە سیستمی سەرۆکایەتی بۆ ئەو وڵاتانەی کە تازەبەدیموکراسی گەیشتوون. لەم بەشەدا دوای قسەکردن لەسەر ئەو تەنگژە سیاسیانەی کە ڕووبەڕووی ئەم دوو جۆرە سیستمە سیاسییە دەبنەوە هەوڵدەدەین باس لە گونجاوی‌و نەگونجاوی هەر یەکێک لەو دوو سیستمە سیاسییە بۆ هەرێمی کوردستان بکەین.

تەنگژەی سیاسیی لە سیستمی سەرۆکایەتیی
تەواو پێچەوانەی سیستمە پەرلەمانییەکان، سیستمە سەرۆکایەتییەکان تەواو تەنگژەئامێزن‌، وەک ئەو کێشە بەردەوامانەی ئۆباما لەگەڵ کۆنگرێس (پەرلەمان)دا هەیبوو یان ئەوەی ئێستا ترەمپ لەگەڵ کۆنگرێسدا هەیەتی. کێشەکانی نێوان سەرۆک لەگەڵ پەرلەماندا سەرچاوەکەی لەوەگرتوە کە هەردوولایان بە جیاو راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن‌. ئەوەی کێشەکان زیاتر قوڵدەکاتەوە ئەوەیە کە هەردوولا، سەرۆک‌و پەرلەمان/کۆنگرێس، بەرنامەو پلان‌و سیاسات‌و مانداتای (mandates) جیاو زۆرجار ناکۆک بەیەکیان پێیە.
بۆیە سەرۆک زۆرجار بێئومێدو بێزاردەبێت لە پرۆسەی سیاسی‌. دیسانەوە وەک ئەو کێشانەی کە ئۆباما لە پرسی بیمەی تەندروستی‌و یاساکانی چەکداماڵین هاتە پێشی‌و ئەوانەش کە ترمپ لە دروستکردنی دیواری نێوان ئەمریکاو مەکسیک هاتۆتەپێشی نمونەی پشتڕاستکەرەوەن. ئا لەوکاتانە سەرۆک لەوانەیە بێگوێدانە پەرلەمان بڕیاری وا بدات کە هێزی یاسایان هەبێت، وەک ئەوەی لە ئینگلیزی پێیدەگوترێت (rule by decree-law).
لادانی سەرۆک لە سیستمی سەرۆکایەتیی نزیک بە نەکردەیە، تەنانەت ئەگەر سەرۆک دوای هەڵبژاردنەکان هیچ پشتیوانییەکی جەماوەری یان پەرلەمانی نەبێت یان ئەوەتا کارێکی نادەستوری ئەنجامبدات، چونکە سەرۆک شەرعیەتی لە خەڵک وەرگرتوە بۆیە پەرلەمان ناتوانێت لەسەر کار لایدات یان داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکات، وەک پێشتر ئاماژەمانپێکرد مەگەر لە حالەتی تانەلێدان (impeachment). ئەویش زۆرینەیەکی ڕەهای دەوێت بۆیە تاوانبارکردنی سەرۆک یان متمانە لێسەندنەوەی نزیک بە نەکردەیە، وەک لە کەیسی بیل کلینتن‌و مۆنیکا دیمان کە سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی تەواو بەدەستەوەبوو کە کلینتن لەگەڵ مۆنیکا لەناو کۆشکی سپی کاری سێکسی ئەنجامدابوو کەچی کۆنگرێس نەیتوانی متمانەی لێبستێنێتەوە.
ئەمە لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پەرلەمان‌و سەرۆک لە سیستمە سەرۆکایەتییەکەیاندا ئاوا سەخت بێت دەبێت لە وڵاتێکی/هەرێمێکی وەک کوردستان ئەم کێشەیە چەند ئاستەم بێت. لەگەڵ قوڵبونەوەی کێشەکان‌و گەیشتنیان بە ئاستی تەنگژە، وەک ئاماژەی پێکرا، ئیدی ئەگەری ئەوە هەیە کە هەم سەرۆک یان ئۆپۆزسیۆن پەنا بۆ هێزە سەربازییەکان ببەن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان، یان هێزە سەربازییەکان خۆیان لە پرسەکە هەڵقورتێنن‌و سەرۆک لابدەن‌و پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە.
بەبنەما لەسەر ئەو لۆجیکەی کە سیستمە سەرۆکایەتییەکانی لەسەر دامەزراوە بەگشتی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو ماوەیەکی دیارکراویان هەیە. بۆیە لۆجیکی سەرۆکایەتی مەیلی بەوەدایە کە سەرۆکێک بەرهەمبێنێت کە بەردەوام لەگەڵ پەرلەمان‌و کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕووبەڕووبوونەوەو بەگژیەکداچوونەوەن، وەک ترەمپ و کۆنگرێس لەلایەک‌و ترەمپ‌و کۆمەلگەی مەدەنی‌و میدیا لەلایەکی دیکە. بەگشتیش هەردولا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەوان شەرعییەتییان لە خەڵک وەرگرتووە بۆیە ئامادەنین گوێڕایەڵی لە گروپ‌و رێکخراوە بەرگریکەرەکان لە مافەکانی کەمینەکان، چ کەمینەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتی بن یان کەمینەی نەتەوەیی‌و ئایینی. ئەم دیاردەیە بە زەقی لە کوردستان لەسەروبەندی ناڕەزاییەکان لەسەر پرۆژەی دەستورو یاسای خۆپیشاندان بەدیدەکران.

تەنگژەی سیاسی لە سیستمی پەرلەمانی
ئەم کێشانەی لەسەرەوە لە پەیوەند بە سیستمی سەرۆکایەتی باسیلێکرا زۆر کەمتر ڕووبەرڕووی سەرۆکی حکومەت‌و پەرلەمان لە سیستمە پەرلەمانییەکان دەبنەوە. ئەمەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سیستمی پەرلەمانی سەرۆک وەزیران نوێنەرایەتی ئەو حیزبە یان ئەو ئیئتیلافە دەکات کە زۆرینەی پەرلەمانی پێکدێنن بۆیە بۆ تێپەڕکردنی بڕیارو یاساکان ململانێکان ئەگەر دروستیشبن ناگەن بە بنبەست.

پوختەی هەر چوار بەشی ئەم زنجیرە وتارە
بەبنەما لەسەر ئەم شیکردنەوانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین کە هەڵبژاردنی سیستمی سەرۆکایەتی بۆ ئەو وڵات‌و گەلانەی کە لە سیستمێکی پاشایەتیی-سوڵتانیی یان تۆتالیتێری/دکتاتۆریی تازە رزگاریان بووەو دەیانەویت بەرەو دیموکراسی بچن ئەوا هەڵبژارندن‌و پەیڕەوکردنی سیستمی سەرۆکایەتی لەبەرئەوەی فەزاکانی ئازادی کەمدەکاتەوەو سیستەمێکی کێشەئامێزەو تەگەرە لەپێش کۆمەڵگەی مەدەنی دروستدەکات‌و تەنگ بە فرەحیزبی هەڵدەچنێت‌و ئەگەری کودەتا زیاددەکات‌ هەڵەیەکی کوشندەیە. جۆرجیاو بولگاریا دوو نمونەی دیارن لەم پەیوەندەدا، جۆرجیا دوای رزگاربوون لە دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت سیستمی سەرۆکایەتی هەڵبژارد ئەمەش بۆ ئەو دەوڵەتە بوو بە یەکێک لە هۆکارەکانی گەشەنەکردنی کۆمەڵگای مەدەنی‌و رۆیشتنی ئەم وڵاتە بۆ ئاقارەکانی تاکڕەوی. هاوکات بولگاریا دوای رزگاربوونی لە سیستمە تۆتالیتارییە کۆمۆنیستەکە سیستمی پەرلەمانی هەڵبژارد ئەمەش گەشەیەی کۆمەڵگای مەدەنی‌و دیموکرسی لێکەوتەوە بەتایبەت ئەگەر بەراوردبکرێت بە جۆرجیا، ئەمە ئەگەر قسە لەسەر ئەو شەڕە ناوخۆیی‌و ئاژاوەو ناسەقامگیریانە نەکەین کە ساڵانێک دوای رزگاربوون جۆرجیا پێیداتێپەڕی.

 

بەشی ( 3-4 )

http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3852

بەشی ( 2-4 ) 

http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3784&fbclid=IwAR3nv1RpR04pPORK7OqAQT1ZNFYQxD8gKyJhtVZPGbPQQLtGBb5_f2zq9lk

بەشی ( 1-4 )

http://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3762&fbclid=IwAR1dCsvvcoH8W67gMmM9aYh63-ZqMVC16qTsU2DhH3n3lwBzhm60NIsfpkw 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand