Draw Media

( درەو میدیا): هەرچەندە بڕیاربوو سبەی وەفدی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی باڵاو بەسەر پەرشتی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ لە هەولێر كۆببنەوە، بەڵام كۆبونەوەكە ئەنجامنادرێت و بەتەواویش هەڵوەشایەوە. سەرچاوەیەكی باڵا بە درەو میدیای راگەیاند: كۆبونەوەكەی سبەی سێشەمەی شاری هەولێر كە بڕیاربوو لە نێوان وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی بەرێوە بچێت بەتەواوی هەڵوەشایەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی مەسعود بارزانی مەرجی هەبووە كە لەگەڵ ژمارەیەك ئەندامی وەفدەكەی یەكێتی كۆنابێتەوەو یەكێتیش مەرجەكەی مەسعود بارزانی رەتكردۆتەوەو بەوەش كۆبونەوە چاوەڕەوانكراوەكەی نێوان یەكێتی و پارتی نەك هەر دواخرا، بەڵكو بەتەواوی هەڵوەشاوەوەتەوە.   چاوەڕەوان دەكرێت هەڵوەشاندنەوەی ئەم كۆبونەوەیە كاریگەری راستەوخۆ لەسەر كۆبونەوەی وەفدی دانوستانی نێوان هەردولا بكات و پێكهێنانی حكومەت و پرسی كەركوك و وەزارەتەكەی بەغداد و سەرۆكی هەرێمیش بەتەواوی دوابكەوێت.


نوسینی: جامی ڤیمار/ بی بی سی  وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ یەك خولیا و ئارەزووی هاوبەش هەموو كەسە زۆر بەتەمەنەكانی جیهان كۆدەكاتەوە، ئەویش باخداری، یان دروستكردنی باخچە و بایەخ پێدانیەتی، ئایا ئەو خولیا و ئارەزووە تەمەنت درێژدەكاتەوە؟, بە ئەنجامدانی خەمەكانت سوكدەكات؟ جان پۆیتنەر، توێژەری پسپۆر لە توێژینەوەكردن لەسەر ئەو ناوچانەی كە كەسانی زۆر بە تەمەنی تێدان، توێژینەوەیەكی كردووە لەسەر پێنج شوێن كە بەوە بەناوبانگن دانیشتوانەكانیان تەمەنیان زۆر درێژە، ئەوانیش بریتین لە دوورگەی ئۆكیناوا لە ژاپۆن، نیكۆیا لە كۆستاریكا، ئیكاریا لە یۆنان، لۆمالیندا لە كالیفۆرنیا و سەردینیا لە ئیتالیا. ئەو خەڵكانەی  لەو ناوچانە دەژین كە بە" ناوچە شینەكان" ناودەبرێن، چەند فاكتەرێك كۆیاندەكاتەوە، لەوانە تۆڕی پشتیوانی كۆمەڵایەتی، نەریتی ئەنجامدانی وەرزشی رۆژانە، خۆراكی رووەكی، بەڵام شتێكی چاوەڕواننەكراویش كۆیاندەكاتەوە،  لە هەریەكێك لەو شوێنانە خەڵكی سەرقاڵی كاری باخداریین، هەتا تەمەنێكی زۆر كە دەگاتە 80 بۆ 90 ساڵی و زیاتریش، ئایا كشتوكاڵكردن و باخداری سەرقاڵبوون پێیەوە دەتوانێت وابكات هەتا 100 ساڵ و زیاتریش بژیت؟   دەروون ئاسودە دەكات ئەوەی زۆر ئاشكرایە كە ژیان لە دەرەوەی دیواری ماڵ و ئەنجامدانی وەرزشی جەستەیی بە شێوەیەكی نەرمونیان پەیوەندیان هەیە بە ژیان بۆ ماوەیەكی درێژتر و سەرقاڵبوون بە باخچەی ناوماڵ رێگایەكی زۆر ئاسانە بۆ بەدیهێنانی دوو ئامانج وەك پۆینتەر دەڵێت " ئەگەر سەرقاڵی كشتوكاڵ و باخداریت ئەوا زۆربەی رۆژ راهێنانی جەستەیی دەكەیت كە ماندوت ناكەن، هەروەها دەتوانیت رابێیت لەسەر كاركردنی بەردەوام". پۆینتەر دەشڵێت بەڵگە هەیە كە ئەوانەی كاری باخداری دەكەن ژیانێكی درێژتر دەژین و زۆر كەمیش نائارام دەبن و چەندین توێژژینەوەی جۆراوجۆر هەن كە پشتڕاستیدەكەنەوە كە باخداری و سەرقاڵی بە باخچەی بچوكی ناوماڵەوە زۆر بەسودە بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی. لە توێژینەوەیەكی هۆڵەندی نوێدا، توێژەرەكان داوایان لە بەشداربووانی توێژینەوەكە كرد ئەو كارانە بكەن كە دەبێتە هۆی دوودڵی و نائارامسس و پاشان بەسەر دوو گروپدا دابەشیانكردن، یەكێك لە گروپەكان سەرقاڵی خوێندنەوە بوون لەناو ماڵەوەدا و گروپی دووەمیش سەرقاڵی باخداری  بوون بۆماوەی 30 خولەك لە دەرەوە. ئەو گروپەی كە سەرقاڵی خوێندەوە بوون رایانگەیاند گۆڕانكاری زۆر بەسەر دەرونیاندا هاتووە و دەرنیان زیاتر نائارام بووە، بەڵام هۆرمۆنی " كۆرتیزۆل" یان هۆرمۆنی دڵەڕاوكێ‌ لەلای ئەو گروپەی سەرقاڵی باخدای بوون دابەزینی بەخۆیەوە بینی، هەروەها ئەو گروپە راشیانگەیاند كە بە تەواوەتی دەرونیان ئارام بووتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی. توێژینەوەیەكی ئوستورالیش كە چاودێری چەند ژن و پیاوێكی تەمەن 60 ساڵان دەكات كە سەرقاڵی كاری باخدارین بە رێك و پێكی گەیشتوەتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو كەسانە بە رێژەی 30%ی مەترسی تووشبونیان بە نەخۆشییەكانی قۆناغی پیریی كەمبوەتەوە، بەبەراورد بەو كەسانەی كە ئەو كارە ناكەن. چەند توێژینەوەیەكی سەرەتاییش دەربارەی ئەو كەسە بەتەمەنانەی كە دووچارییە نەخۆشییەكانی مێشك وەك خڵەفان و  نەخۆشی ئەلزهایمەر بوون ئاماژەیان بۆ سودەكانی باخداری لەگەڵ چارەسەركردنی ئەو نەخۆشیانە لە رێگەی كشتوكاڵ و باخدارییەوە. بۆ نمونە تیشكی خۆر و هەوای پاك  یارمەتی ئەو كەسە بەتەمەنانەی كە هەست بە نائارامی و توڕەیی دەدەن و وادەكەن زیاتر هێورببنەوە، هەروەك چۆن رەنگەكان و گەڵای سەوزی رووك و درەختە جیاوازەكان هاوكاریان دەكەن لە باشتربوونی توانای بینین و هەستكردندا. هیچ چارەسەرێك بۆ پیربوون نییە، بەڵام زانست پێی وایە كە باخداری كوالێتی ژیانمان باش دەكات كاتێك دەچینە تەمەنەوە.   با سروشت بتپارێزێت باخداری و سەرقاڵبوون بە كاری كشتوكاڵەوە تەنها كاریگەری بۆسەر تەندروستی نییە، بەڵكو سودیی كۆمەڵایەتیشی هەیە كە رەنگە ببێتە هۆی درێژكردنەوەی تەمەن. دكتۆر برادلی ویلكۆكس لە زانكۆی هاوای سەرقاڵی توێژینەوەیەكە لەسەر كەسە زۆر بەتەمەنەكانی دوورگەی ئۆكیناوا، كە زۆرترین رێژەی كەسانەی بەتەمەنی تێدایە لە جیهاندا ولە هەر 100 هەزار كەسێك 50 كەسی تێدایە و زۆرێك لە هاوڵاتیانی ئەو دوورگەیە باخچەی تایبەتی بچوكیان هەیە كە لە قۆناغی پیریدا خۆیانی پێوە سەرقاڵدەكەن و بایەخی پێدەدەن. ویڵكۆكس دەڵێت، باخداری لەگەڵ چەند كارێكی بنچینەیی تر، یارمەتیدەر دەبن بۆ درێژكردنەوەی تەمەن و دەشڵێت:" لە ئۆكیناوا دەڵێن هەر كەسێك دەچێتە تەمەنەوە و تەندروستییەكی باشی هەیە پێویستی بەوە هەیە لە چەمكی" ئیكیجای" ژاپۆنی تێبگات كە بە واتای بوونە ئامانجێك دێت كە لە پێناویدا بژی، و باخداری هۆكارێكە كە وادەكات هەموو رۆژێك لە پێناویدا هەستیت". لەسەروو ئەوەشەوە وەك ویلكۆكس روونیدەكاتەوە، دانیشتوانی ئۆكیناوا بەهای چەمكێكی تر بەناوی " ویمارو"  یان ئاستی بەرزی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی بەرزدەنرخێنن و دەڵێت:"  بینینی كەسانی تر لە بازاڕی ناوچەكەدا و هێنانی بەرهەمەكانت و بەشداریكردنی داهێنانەكانت لە باخچە، یان كێڵگەدا، ئەمانە چەند بەكارێكن كە بە چالاكی كۆمەڵایەتی دادەنرێن و یارمەتی خەڵك دەدات هەستبەوە بكەن بەردەوام لە پەیوەندیدن لەگەڵ كەسانی تر و لە كۆمەڵگە دانەبڕاون. هەستكردن بە بوونی پەیوەندیی  لەگەڵ كەسانی تر زۆر گرنگە و پەیوەندی مرۆڤیش بە سروشتەوە هاوتایەتی لەو بایەخ و گرنگیدا، یەكێك لە توێژینەوەكانی زانكۆی هارڤارد دەریخستووە كە ئەو كەسانەی لەو ناوچانەدا دەژین كە چواردەوریان سەوزایی و درەختە، بۆماوەیەكی زیاتر دەژین و ئەگەری توشبونیان بە نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییەكانی هەناسەدان كەمتردەبێتەوە. چەند توێژینەوەیەكیش كە لە فەرەنسا ئەنجامدراون، دەریانخستووە كە جوتیارەكان لە رووی تەندروستییەوە باشترن لەوانەی كە جوتیار نین, لە سكۆتلەنداش ئێستا پزیشكەكان دەتوانن لە رەچەتەی پزیشكیدا رۆیشتن بە پێ‌ لەناو سروشتدا وەك چارەسەر بۆ چەند نەخۆشییەكی جۆراوجۆر بنوسن، لەوانەش نەخۆشی بەرزی گوشاری خوێن،  كەمكردنەوەی دڵەڕاوكێ و باشكردنی هەستكردن بە ئاسودەیی بە تەواوەتی. باخداری ئەگەر لە رووبەڕێكی زۆر بچوكی ناو ناوچەیەكی شارستانیشدا بێت، رێگایەكی ئاسانە بۆئەوەی هەستكردن بە سروشت بخەیتە ناو ژیانی رۆژانەتەوە. لە كۆتاییدا پێكهاتەیەكی خۆراكی هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەن كە رەنگە باخداری كۆمەكی بكات، توێژەران ، خۆراكی " ناوچەی ناوەڕاست" واتە ناوچەی حەوزی دەریای ناوەڕاستیان پەیوەست كردووە بە هێواشی پیربوونەوە بەهۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە سەوزەو میوەو دانەوێڵە و ماسی و زەیتی زەیتون  ویلكۆكس دەڵێت بنەما بنەڕەتییەكا بۆ خواردنی بڕێكی زۆر لە سەوزەی تازە كە لە بازاڕەكان و كێڵگەكانی ناوخۆوە دەهێنرێت، زۆر گرنگە بۆ درێژكردنەوەی تەمەن، جا ئەو خۆراكانە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن، یاخود نا، بۆ نمونە لە دوورگەی ئۆكیناوا زۆرینەی خەڵك سەوزەی وەك لیمۆی ترش و پەتاتەی شیرین لە باخچەكانی ماڵەكانیاندا دەڕوێنن. دەشڵێت:" كاتێك ئەو سەوزە و میوانە دەخۆیت كە بەدەستی خۆت بەرهەمتهێناون، ئەوا تامەكەی جیاواز و خۆشە و وادەكات هەست بكەیت بە جیاوازییە بەسودەكان بۆ تەندروستی وەك " ڤیتامینەكان و كانزاكان و پێكهاتە زیندەییەكان) لە هەمان خۆراكدا. پۆیتنەر كە شارەزایە لە " ناوچە شینەكان"  ئەو ناوچانەی زۆرینەی كەسە بەتەمەنەكانی تێدا نیشتەجێیە، رێنمایی ئەوەدەكات كە ئەو خۆراكانەی دەیخۆیت رێژەی لەسەدا 90ی سەوزە و دانەوێڵە و رووەك بن و ئاماژەش بە راستییەكی زۆر سادە دەدات ئەوەیە كە جوتیارەكان مەیلیان لە چاندنی ئەو خۆراكانەیە كە خۆیان حەز بە خواردنی دەكەن.   كشتوكاڵكردن لە پێناوی ژیانێكی درێژتردا؟ ئەگەر باخداری كارێكی باش بێت، ئایا كشتوكاڵكردن و كاركردن لە كێڵگەدا بەكارێكی باش دادەنرێت؟ ژمارەیەكی زۆر لە هۆكارەكانی پەیوەست بە شێوازی ژیان  و چۆنیەتی ژیان و پەیوەندی بە درێژبوونی تەمەنەوە- وەك ژیان لە گوند و ئەنجامدانی وەرزش- بەسەر جوتیاراندا جێبەجێ دەبێت. چەند بەڵگەیەك ئاماژە بەوەدەدەن كە كشتوكاڵ كردن یەكێكە لەو پیشانەی كە زۆر سودی بۆ تەندروستی هەیە، توێژینەوەیەكی ئوسترالی دەریخستووە كە كەمتر لە سێیەكی جوتیاران بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەكانەوە دەناڵێنن و ژمارەی ئەو جوتیارانەی كە سەردانی كلینیكە پزیشییەكان دەكەن كەمترە لە رێژەی لەسەدا 40ی ئەوانەی  كە لە كێڵگەكاندا كارناكەن. توێژەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەراوردكارییان كردووە لە نێوان رێژەی مردن لە جوتیاران و كۆی گشتی خەڵك، بینیویانە كە زۆر دوورە جوتیاران بە نەخۆشییەكانی وەك شێرپەنجە و شەكرە و نەخۆشییەكانی دڵ بمرن. توێژەران ئاشكرایانكردووە كە پەیوەندیی هەیە لە نێوان سیستمێكی خۆراكی دەوڵەمەند بە میوە و سەوزە و ماسی و زەیتی زەیتون لەگڵ هێواش پیربوندا، هەروەها چەند توێژینەوەیەك كە لە سوید و فەرەنسا كراون، دەریانخستووە جوتیارەكان زۆر تەندروسترن لە كەسانی تر. دكتۆر مساهیكۆ جیما، لە زانكۆی واسیدا لە تۆكیۆ، توێژینەوەیەكی دەربارەی ئەو جوتیارانە كرد كە لە هەرێمی سایتامای ناوەڕاستی وڵات نیشتەجێن  و بۆی دەركەوت كە هەلی ئەوەیان هەیە ژیانێكی درێژتر بژین و بەردەوام بن لە كاركردنیاندا تا تەمەنێكی زۆر، بە بەراورد بەوانەی كە جوتیار نین. ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانەی كە جیما وەك سامپڵ توێژینەوەكەی لەسەر كردوون خەڵكانی خانەنشین بوون یان ئەوانەی جوتیاریی كاری سەرەكییان نییە و كارەكانیان وەك سەرپەرشتیكردنی باخچەكان وایە. جیما دەڵێت:" باخچەی خێزانیی بچوك لە ژاپۆن زۆر بەربڵاوە،" و بۆشی دەركەوتووە كە ئەو جوتیارانەی بە تایبەتی بۆ خۆیان كاردەكات باری دەرونی و جەستەییان زۆر باشە لەكاتی سەرقاڵیان بە چالاكییە كشتوكاڵیی سوكەكان و دواتریشدا. جیما دەربارەی ئەوە دەڵێت:" پێشبینیدەكەین كە كاری كشتوكاڵ رۆڵی هەبێت لە پارێزگاریكردن لە باری تەندروستی لەرووی جەستەیی و دەرونییەوە". تاقیكردنەوەی واقیع سەرەڕای ئەو ئەنجامانەی كە جیما پێی گەیشتووە و دڵخۆشكەر و هاندەرن، بەڵام نمونەیی ژاپۆن لە كشتوكاڵكردندا جێبەجێ نابێت بەسەر هەموو ئەو كارە كشتوكاڵییانەی كە پیشەی سەرەكین بۆ هەندێك، كشتوكاڵكردن پیشەیەكە لە زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوادا هەیە، و لەوانەیە جوتیاران رووبەڕووی كاری قورس و مەترسیدار و قەرزی زۆر ببنەوە. كەواتە قورسە تەنها بڕوانرێتە كشتوكاڵ وەك چارەسەرێكی سیحراوی بۆ چاكبوونەوە لە پیری، باخداری و كشتوكاڵكردن لە كۆتاییدا گەرەنتی تەمەنێكی درێژ بۆ ژیان ناكەن، بەڵام هەندێكم فاكتەری تری پەیوەست بە شێوازی ژیان وەك دەرچوون لە ماڵەوە و سەرقاڵبوون بە كاری جەستەی سوك و خواردنی خۆراكی تەندروستی  رووەكی، لەوانەیە هۆكارێك بن بۆ درێژیی تەمەن و لە كۆتاییدا هەموو شتێك پشت بە هاوسەنگی دەبەستێت. ویلكۆكس دەڵێت:" ئەو كورسییە لێرەدا وەك نمونەیەكی پراكتیكی بەكاردەهێنم، كورسییەكە لەسەر چوار قاچ وەستاوە، كە بریتیە لە سیستمی خۆراك، چالاكی جەستەیی، چالاكی بیر و مێشك و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان، ئەگەر یەكێكیانت لەدەستدا ئەوا هاوسەنگیت تێكدەچێت، و دەكرێت ئەوە  لەو تەمەنەت كەمبكاتەوە كە پێشبینی دەكەیت بژیت".


راپۆرت: درەو میدیا لە 24ی كاتژمێری رابردووەوە بارودۆخی ناوخۆیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جۆرێك لە شڵەژانی تێكەوتووە، بەهۆی ئەو شڵەژانەوە، كۆبونەوەی نێوان وەفدی باڵای یەكێتی‌و پارتی بۆ كاتێكی نادیار دواخرا. بڕیار بوو كاتژمێر 10:00 بەیانی ئەمڕۆ لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، كۆبونەوە لەنێوان وەفدی باڵای یەكێتی‌و پارتی بەسەرپەرەشتی مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام كۆبونەوەكە نەكرا. بۆچی كۆبونەوەكە نەكرا؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەبەر دوو هۆكار ئەو كۆبونەوەیە دواخراوە بۆ كاتێكی نادیار: هۆكاری یەكەم: رۆژی شەممەی رابردوو كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی وادەی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دانا، بەڵام بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە، كۆسرەت رەسوڵ نەچووە شوێنی دیدارەكە‌و لەبری خۆی (دەرباز)ی كوڕی نارد بۆ كۆبونەوە لەگەڵ بارزانی. (درەو میدیا) زانیویەتی، دیداری دەرباز كۆسرەت لەگەڵ مەسعود بارزانی بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختی باڵەكانی تری یەكێتی بەڕێوەچووە، ئەوەش نیگەرانی دروستكردووە، بەتایبەتی لەلای بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی. ئێستا ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی گومانیان هەیە لەوەی كۆسرەت رەسوڵ بەنهێنی رێككەوتنی لەگەڵ بارزانی كردبێت سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەجۆرێك كۆسرەت رەسوڵ پشكەكانی یەكێتی لە كابینەی نوێ بۆ كەسانی نزیك لە خۆی یەكلاكردبێتەوە، لەوانە: •     زامنكردنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ (دەرباز)ی كوڕی •    زامنكردنی پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كەسایەتییەكی نزیك لە خۆی هۆكاری دووەم: لە چەند رۆژی رابردوودا كێشەی قوڵ لەناوخۆی یەكێتی دروستبووە لەسەر پرسی دارایی، بەتایبەتیش دارایی ئیدارەی گشتی حزب‌و ئەوەش وایكردووە كارەكتەرەكانی حزب بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا دابەش ببن. كێشەی سەردانەكەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بۆ لای بارزانی‌و كێشەی دارایی یەكێتی وایكرد مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە كە دوێنێ كۆبونەوەی كرد، لەبارەی كۆبونەوە لەگەڵ پارتی‌و پرسی پێكهێنانی حكومەت هیچ بڕیارێك نەدا. پارتی مەرجی تەوەرێكی سەرەكی كۆبونەوەكەی دوێنێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی دیاریكردنی ئەندامانی وەفدی دانوستانكار بووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی سەبارەت بە حكومەت. (درەو میدیا) زانیویەتی، بەهۆی ئەوەی پارتی مەرجی هەیە‌و نایەوێت ژمارەیەك كارەكتەر لەناو وەفدی دانوستانكاری یەكێتیدا بن، مەكتەبی سیاسی نەیتوانیوە ناوی ئەندامانی وەفدەكە یەكلابكاتەوە. پارتی تێبینی هەیە لەسەر ئەو كارەكتەرە سیاسییانەی یەكێتی كە بەوتەی خۆی لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، نایەوێت ئەو كەسانە لەناو وەفدی دانوستانكاردا بن.  


راپۆرت: نامیق رەسوڵ حكومەتی ئیسرائیل ئاشكرایكرد كە سێ‌ وەفدی عێراقی كە 15 كەس بووون، لەمیانی ساڵی رابردوو 2018 سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە و  پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی و ئێرانیان لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەبیبدا باسكردووە، لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی عێراقیش سەردانەكان رەتناكاتەوە، بەڵام باوەڕی وایە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵە بۆ نانەوەی فیتنە و ئاژاوە بێت لە ناخۆی عێراقدا. بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی " روسیا تودەی" وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكیدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوەتەوە ئاشكرایكردووە كە دواهەمین سەردانی وەفدی عێراق بۆ ئیسرائیل چەند هەفتەیەك لەمەوبەر ئەنجامدراوە. وەفدەكان كێ‌ بوون؟ باسی چیان كردووە؟ وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاشكراشیكردووە كە وەفدەكانی عێراق  لە كەسایەتی سوننە وشیعە و چەند سەركردەیەكی نێوخۆیی كاریگەری لە خۆگرتووە و لە گەڵ چەند كەسایەتییەكی ئەكادیمی و بەرپرسی ئیسرائیلدا كۆبوونەتەوە و سەردانی مۆزەخانەی " یاد فاشیم" یان كردووە كە تایبەتە بە مێژووی جینۆسایدی جولەكە " هۆڵۆكۆست". ئیدی كوهین كە چاودێرێكی سیاسی ئیسرائیلیە لە ئەكاونتی خۆی لە  تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" حكومەتی عێراق ئەو وەفدانەی رەوانەی ئیسرائیل كردووە بۆئەوەی دانوستان بكەن لەسەر كشانەوەی ئێران لە باشووری سوریا، لەبەرامبەر راگرتنی بۆردومانكردنی خاكی سوریا لەلایەن ئیسرائیلەوە". بەوتەی كوهین وەفدە عێراقییەكان باسیشان لە هەڵوەشاندنەوەی حزبە شیعەكانی عێراق و سوریا و لوبنان و وڵاتانی كەنداو كردووە لەگەڵ تاوتوێكردنی رێگاكانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسرائیل". " پێویستە وەزارەتی دەرەوە لێكۆڵینەوە بكات" لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە گەشتی چەند وەفدێكی عێراقی بۆ ئیسرائیل، حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە وەزارەتی دەرەوە كرد لێكۆڵینەوە بكات دەربارەی گەشتی ئەو وەفدە عێراقیان بۆ ئیسرائیل كە لەچەند میدیایەكی خۆرئاوا و ئیسرائیلەوە بڵاوكراوەتەوە. كەعبی كە سەر بە رەوتی سەدرە لە بەیاننامەیەكدا وتی:" پرسی سەردانكردنی خاكی داگیركراو و  ئیسرائیل، هێڵی سورە و پرسێكی هەستیارە بەلای موسوڵمانانەوە". هاوكات لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت ئەو بابەتە تایبەت بە هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی عێراقەوە و پێویستە ئەوان  لێكۆڵینەوە بكەن و راستی و دروستی ئەو سەردانانە ئاشكرابكەن. فورات تەمیمی ئەندامی لیژنەكە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی "سۆمەریە نیوز" رایگەیاند چوارشەممەی داهاتوو میوانداری وەزیری دەرەوە دەكەن و ئەو پرسەی لەگەڵدا تاوتوێدەكەن. بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی لیژەی پەیوەندییە دەرەكییەكان پرسی ئەو سەردانە دەكەوێتە سەرشانی لایەنە دەرەكییەكانن بە تایبەتیش هەردوو دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی و لەسەریان پێویستە راستی و دروستی ئەو هەواڵە ئاشكرابكەن. تەمیمی باوەڕیشی وایە كە ئیسرائیل بە بڵاوكردنەوەی ئەو هەواڵانە دەیەوێت فیتنەوە دووبەرەكی و ئاژاوە لەناو عێراقدا بنێتەوە.


  ( درەو میدیا):    نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران راگەیاندووە " ناردن و فرۆشتنی نەوت لەهەموو هەرێمی كوردستانەوە لەڕێگای ئێرانەوە ڕۆژانە بەردەوامە، بۆیە دوور نیە بەشێكی قسەكانی سەرۆكی ئەمریكا لەسەر فرۆشتنی نەوت بە ئێران لەلایەن كوردەكانەوە مەبەستی پەیوەندی هەیە بەكوردی عیراقەوە چونكە هەر ( پەیەده) خۆی ڕەتیكردەوە"  نازم دەباغ لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێت" من لەگەڵ ئەوەنیم چالاكی و بازرگانی و فرۆشتنی نەوت ڕابگرین جارێكی تر خۆمان توشی قەیرانی گەورەی تر بكەینەوە، دەبێت كورد خۆی بپارێزێت لەو شەڕە لاوەكیەی لەساحەی ئەو لەسەر حسابی ئەو دەكرێت كە ئەمریكا دژایەتی ئێران بكات، بۆیە باشترین ڕێگا خۆ بەستنەوەی كوردە بە سیاسەتی عیراق، دەبێت فرۆشتنی نەوت بە ئێران بەردەوامە تا ئەوكاتەی عیراق دەڵێت نا."    نوێنەری حكومەتی هەرێم دەڵێت" نەك هەر لەڕێگای پێنجوێن، بەڵكو لەخاڵی سنوری حاجی هۆمەران و پەروێزخان و هەموو هەرێمی كوردستانەوە فرۆشتنی نەوت ڕۆژانە لەڕێگای ئێرانەوە بەردەوامە، من نەشم بیستووە ڕاگیرابێت." ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو  دۆناڵد ترەمپ  لە كۆبونەوەی حكومەتەكەیدا لەبارەی بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لەسوریا وتی" كوردەكان كەمێك نەوتیان هەیە دەیفرۆشن بە ئێران." ئەم لێدوانەی ترەمپ كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو هەرزوو لەلایەم بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستانەوە رەتكرایەوە، ڕێدور خەلیل بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند: فرۆشتنی نەوت لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە بە ئێران ناڕاستن،ئەویش لەلایەك بەهۆی نەبوونی پاڵاوگەی پێویست و لەلایەكیش هیچ سنوورێكمان لەگەڵ ئێران نییە تا بازرگــانی لەگەڵ بكەین


(درەو میدیا): بڕیارە سبەی وەفدی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر كۆببنەوە. بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، كۆبونەوەكە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ دەبێت لە ماڵی نیچیرڤان بارزانی لە شاری هەولێر. زانیاریەكان باس لەوە دەكەن كە لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پارێزگاری كەركوك و وەزیرەكانی بەغداد دەكەن. 


(درەو میدیا): بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختەی باڵەكانی تری یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ كوڕەكەی خۆی ناردووە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، بڕیارە سبەینێ یەكێتی‌و پارتی لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دوێنێ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ كوڕی كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو میدیا) رایگەیاند، سەرەتا بڕیاربووە كۆسرەت رەسوڵ خۆی لەگەڵ مەسعود بارزانیدا كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە، دەربازی كوڕی ناردووە بۆ كۆبونەوەكە. بەگوێرەی زانیارییەكان، كۆسرەت رەسوڵ ژمارەیەك پەیامی خۆی بە دەربازی كوڕیدا بۆ مەسعود بارزانی ناردووە‌و بەتایبەتی لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. ئەم كۆبونەوەیەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بارزانی، بەبێ ئاگاداری پێشوەختەی باڵەكانی تری یەكێتی بەڕێوەچووە، بۆیە ئێستا شەپۆلێك نیگەرانی لەناو یەكێتی لەبارەی كۆبونەوەكە‌و ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەوە دروستبووە، بەتایبەتی لەلایەن هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگییەوە. لەدوای كۆبونەوەكەی دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ بارزانی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبوەوە، بڕیارە سبەنێ وەفدی باڵای یەكێتی‌و پارتی كۆببنەوە‌و چاوەڕوان دەكرێت كۆبونەوەكە بەسەرپەرەشتی مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ بەڕێوەبچێت.  


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف رۆژی سێشەممەی داهاتوو جارێكی تر ململانێی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك دەگاتە لوتكە، یەكێتی دەیەوێت سەرۆكێكی نوێ بۆ ئەنجومەن دابنێت، بۆ ئەوەی دواجار پۆستی پارێزگاریش لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، پارتیش رێگری دەكات. ململانێكانی یەكێتی‌و پارتی تەنیا خەڵكی سنورەكەی دابەشنەكردووە، بەڵكو بوەتە كێشە بۆ لایەنە سیاسییەكانیش، یەكێتی دەیەوێت لە سلێمانییەوە پارێزگارێك بۆ كەركوك دابنێت، پارتیش دەیەوێت لە هەولێرەوە. كۆبونەوەكەی یەكێتی ! رۆژی 24ی مانگی رابردوو، یەكێتی نیشتمانی بانگهێشتی لایەنە سیاسییە كوردییەكانی كەركوكی كرد بۆ كۆبونەوەیەك لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك، هەموو لایەنەكان جگە لە پارتی بەشداری كۆبونەوەكەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتییان كرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەو كۆبونەوەیەدا بەرپرسانی یەكێتی لەبەردەم نوێنەری لایەنەكاندا هێرشی توندیان كردوەتەسەر پارتی‌و تۆمەتباریان كردووە بەوەی كە "رێگرە لەبەردەم ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك". هەر لەو كۆبونەوەیەدا یەكێتی بەفەرمی پێشنیازی بۆ لایەنە كوردستانییەكان كردووە كە پێكەوە خۆپیشاندانێكی گەورە لە كەركوك رێكبخەن دژ بە دۆخی ئێستای شارەكە‌و رێگرییەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پارێزگا، بەڵام لایەنە كوردییەكان پێشنیازەكەیان رەتكردوەتەوە‌و داوایان لە یەكێتی كردووە لەگەڵ پارتی رێككەوتن بكات بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار. كۆبونەوەكەی پارتی ! كۆتا رۆژی ساڵی 2018 پارتی وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ كۆبونەوەكەی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە كەركوك، بانگهێشتی لایەنە كوردییەكانی كەركوكی كرد بۆ كۆبونەوەیەك لە هەولێر. كۆبونەوەكە لە وادەی دیاریكراودا لە بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر بەڕێوەچوو، سێ لایەن بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی پارتیدا نەكرد كە بریتی بوون لە (یەكێتی- بزوتنەوەی گۆرٍِان- كۆمەڵی ئیسلامی). (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی هەولێردا، بەرپرسانی رەخنەی توندیان لە یەكێتی گرتووە‌و تۆمەتباریان كردوەتەوە بەوەی كە "خیانەتی لە كەركوك كردووە". لە كۆبونەوەكەدا بەرپرسانی پارتی بە نوێنەری لایەنە كوردییەكانی كەركوكیان وتووە ئەوان وەكو پارتی نایانەوێت "هیچ كەسێك لە ئەندامانی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و ئەوانەی لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، ببن بە پارێزگاری كەركوك". بەرپرسانی پارتی پێشنیازیان بۆ نوێنەری لایەنەكان كردووە "پشتیوانی كەسایەتییەكی بێلایەن بكەن بۆ پارێزگاری نوێی كەركوك"، لەو چوارچێوەیەشدا ناوی (عەبدولڕەحمان سدیق ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی)یان هێناوە وەكو كاندیدی بێلایەنی پارتی بۆ پۆستەكە. هەر لە كۆبونەوەكەدا بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەوان كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ كەركوك كە هێزی سەربازی عێراق لەناو شاردا نەمابێت‌و رێگەبدرێت ئاڵای كوردستان لە شارەكەدا هەڵكرێت. لادانی رێبوار تاڵەبانی هەر ئەو رۆژەی كە پارتی لایەنەكانی بانگهێشتكرد بۆ هەولێر، یەكێتی لە كەركوك لەگەڵ كوتلەی عەرەب‌و توركمان كۆبوەوە. دوای كۆبونەوەكە یەكێتی‌و كوتلەی عەرەب‌و كوتلەی توركمان راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە‌و تێیدا رایانگەیاند" رێككەوتوون لەسەر بەخشینی رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن‌و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای بە وەكالەت، هەروەها دانانی جەمال مەولود (بەتەمەنترین ئەندامی ئەمجومەن) وەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، كە هاوكات دەبێتە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا.  گۆڕان‌و كۆمەڵ بۆچی بەشدارییان نەكرد؟ نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی رۆژی 24ی مانگ بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی یەكێتیدا كرد لە كەركوك، بەڵام وەڵامی بانگهێشتەكەی پارتییان نەدایەوە‌و بەشداری كۆبونەوەكەی رۆژی 30ی مانگی هەولێریان نەكرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەسەر مشتومڕی یەكێتی‌و پارتی لەسەر كەركوك، كێشە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروستبووە، بەرپرسانی باڵای گۆڕان داوایان لە باژێڕوان‌و بەرپرسانی بزوتنەوەكەیان كردووە لە كەركوك بەشداری لە كۆبونەوەكەی پارتیدا بكەن لە هەولێر، بەڵام ئەوان رەتیانكردوەتەوە. بەرپرسانی باڵای گۆڕان بۆچونیان وابووە كە نوێنەرانی گۆڕان لە كەركوك چۆن بەشدارییان لە كۆبونەوەی یەكێتیدا كردووە دەبوو هەر بەوشێوەیەش بەشدارییان لە كۆبونەوەكەی پارتیدا بكردایە‌و هاوسەنگییان رابگرتایە، بەڵام باژێڕوان‌و بەرپرسانی بزوتنەوەكە لە كەركوك دەڵێن ئەوان بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكەن لە دەرەوەی شاری كەركوك، ئەگەر پارتی لەناو كەركوك بانگهێشتیان بكات بۆ كۆبونەوە بەشداری دەكەن، بەڵام ناچن بۆ هەولێر، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش لە سلێمانی كۆبونەوە بە لایەنەكانی كەركوك بكات، ئەوان بەشدار نابن. سەبارەت بە بەشدارینەكردنی كۆمەڵی ئیسلامیش لە كۆبونەوەكەی هەولێر، بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، بەهانەی بەرپرسانی كۆمەڵ بۆ بەشدارینەكردن لەو كۆبونەوەیە ئەوە بووە كە خۆیان هەمان رۆژ واتە 30 مانگ، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتییان هەبووە‌و نوێنەرەكانیان نەیانتوانیوە بەشداری لە كۆبونەوەكەی هەولێر بكەن. كێشەكەی رێبوار تاڵەبانی ! رۆژی 26ی مانگی رابردوو دادگای لێكۆڵینەوەی كەركوك سەربە دەستەی دەستپاكی بەپێی مادەی 331ی یاسای سزادانی عێراقی حوكمی (6 مانگ) زیندانی بۆ رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بە وەكالەت دەركرد. (درەو میدیا) بەدواداچونێكی كرد بۆ ئەو دۆسیەیە، دەركەوت، بڕیارەكەی دادگای دەستپاكی پەیوەستە بە زیادە موچەیەكەوە كە رێبوار تاڵەبانی لەدوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەنجومەن وەریگرتووە. ساڵی 2014 حەسەن تۆران كە سەربە پێكهاتەی توركمان بوو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا خۆی كاندید كرد‌و سەركەوت بۆ پەرلەمان، دوای رۆشتنی بۆ پەرلەمان شوێنەكەی بەبەتاڵی مایەوە، تاوەكو پڕكردنەوەی شوێنەكەی، ئەنجومەنی پارێزگا رێبوار تاڵەبانی بەشێوەی "وەكالەت" وەكو سەرۆكەی ئەنجومەنی هەڵبژارد، رێبوار تاڵەبانی كە پێشتر جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بوو، هەر لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن بەوەكالەت مایەوە‌و ئەنجومەن بەتایبەتیش توركمانەكان نەیانتوانی كەسێك لە شوێنەكەی حەسەن تۆران جێگیر بكەن، لەمەشدا پارتی‌و یەكێتی هاوڕابوون‌و رێگرییان دەكرد. (درەو میدیا) زانیویەتی، دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بە وەكالەت، لە بەغدادەوە رێبوار تاڵەبانی ئاگاداركراوە لەوەی ئەو بە "وەكالەت" لەو پۆستەدایە‌و ناتوانێت موچەی سەرۆكی ئەنجومەن وەربگرێت، بەڵام رێبوار تاڵەبانی هەر موچەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەرگرتووە‌و بەمدواییە سەرجەمی ئەو زیادە موچەیەی كە مانگانە وەریگرتووە گەیشتوەتە (82 ملیۆن) دینار. بەپێی چەند سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ (درەو میدیا) كردووە، دوای ئەوەی دادگای لێكۆڵینەوەی سەربە دەستەی دەستپاكی ئاگاداركردنەوەی لەبارەی ئەو زیادە موچەیەوە بۆ رێبوار تاڵەبانی ناردووە، تاڵەبانی (82 ملیۆن) دینارە زیادەكەی گەڕاندوەتەوە، بەڵام هەر فەرمانی دەستگیركردنەكەی بۆ دەرچووە.  سێشەممەی یەكلاكەرەوە! رۆژی 8ی ئەم مانگە كە دەكاتە رۆژی سێ شەممەی داهاتوو، بڕیارە لەسەر خواستی یەكێتی‌و كوتلەی عەرەب‌و توركمانەكان ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە. ئامانجی ئەم كۆبونەوەیە وەكو ئەوەی پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە، ئەوەیە بەفەرمی لەناو ئەنجومەنەوە رێبوار تاڵەبانی لە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن‌و سەرۆكی ئەنجومەن بە وەكالەت لاببرێت‌و جەمال مەولود لە شوێنەكەی دابنرێت. جەمال مەولود ئەندامی لیستی حزبی شیوعی بوو لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەڵام ئێستا لەگەڵ هاوڕێكەی تری لە ئەنجومەن چووەنەتە ناو لیستی یەكێتییەوە. یەكێتی دەتوانێت گۆڕانكاری بكات؟ ئەوەی بڕیار لەسەر گۆڕانكاری دەدات لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ژمارەیە، واتە كێ زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لایە. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە ساڵی 2005 هەڵبژێردراوە‌و سێجار وادەی یاسایی بەسەرچووە، لە (41) ئەندام پێكهاتووە، بەپێی بەزۆرینەی دەنگی (50+1)ی ئەنجومەن دەتوانرێت رێبوار تاڵەبانی لابدرێت، واتە لە كۆی (41) ئەندام دەبێت (21) ئەندام دەنگ بۆ لابردنی رێبوار تاڵەبانی بدەن. دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەمشێوەیە دابەشبوون: •    پێكهاتەی عەرەب: 6 •    پێكهاتەی توركمان: 9 •    لیستی برایەتی كورد:  26 ئەندام لیستی برایەتی كورد دەنگەكان لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا دابەشبووە، لە كۆی (26) ئەندامی لیستی برایەتی، (12) ئەندام لەگەڵ پارتیدان، (6) ئەندام یەكێتین، (2)ی شیوعی هەن، بەڵام یەكلابونەتەوە بۆ یەكێتی، (3) ئەندام سەربە یەكگرتووی ئیسلامین، لەگەڵ ئەندامێكی عەرەب‌و توركمانێك‌و مەسیحییەك. ئەگەر كۆبونەوەكە لە وادەی دیاریكراودا بكرێت، گرەوی گەورەی یەكێتی‌و پارتی لەناو ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر (3) كورسییەكەی یەكگرتووی ئیسلامی دەبێت، رەنگە یەكگرتوو هاوشێوەی روداوەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی، تیمەكەی لە ئەنجومەنی پارێزگا دابەشبكات‌و كەسێك یاخود دوانیان بەشداری دانیشتنەكە بكەن بۆ راگرتنی دڵی یەكێتی‌و كەسێكی تریان بایكۆت بكات بۆ راگرتنی هاوسەنگی‌و دڵی پارتی. سەرەڕای ئەمە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی لە پشتەوە كار لەسەر نوێنەرانی عەرەب‌و توركمان دەكات تاوەكو بەشداری ئەو كۆبونەوەیە نەكەن، بەتایبەتیش دوای پاڵپشتییەكانی پارتی لە رێبوار تاڵەبانی كە سەربە یەكگرتووی ئیسلامییە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە.


( درەو میدیا): یەكێتی نیشتمانی كوردستان، پرسی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان دەوروژێنێت. مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند" یەكێتی دژی دوو ئیدارەییە لە هەرێمی كوردستاندا، بەڵام ئەگەر بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان كەوتنە مەترسییەوە، ئەوا لاریمان نیە لە گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی". سەنگاوی لە میانی مەراسیمێكی رێزلێنانی وەرزشیدا لە سلێمانی وتی:" نمونەیی دوو ئیدارەیی لە زۆربەی وڵاتان و هەرێمەكانی جیهاندا هەیە". لە دوای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناكۆكی زۆری پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پرسە، چەندجارێكە بەرپرسانی یەكێتی پرسی گەڕاندنەوەی هەرێم بۆ دوو ئیدارەیی دەوروژێنن.


(درەو میدیا): روسیا لەڕێگەی میدیاكانییەوە چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی سەردانەكەی ئەمدواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق ئاشكراكرد‌و بەپێی ئەو زانیارییانە بەر لە سەردانەكە، بنكە نهێنییەكانی ئەمریكا لە هەولێر سلێمانی داخراون. كەناڵی (روسیا تودەی) زمانحاڵی حكومەتی روسیا چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی پشتی پەردەی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق بڵاوكردەوە. كەناڵەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمریكییەوە لە عێراق، باس لەوەدەكات، بەرلە سەردانە نهێنییەكەی ئەمدواییەی ترەمپ بۆ عێراق، ئەمریكییەكان ژمارەیەك رێوشوێنیان گرتوەتەبەر. بەپێی قسەی كەناڵەكە، ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئەو هێزە ئەمریكییانەی كە لەسەر سنوری عێراق- سوریا بوون، كشاونەتەوە، بەڵام رۆژێك بەر لە سەردانەكەی ترەمپ بۆ بنكەی (عەین ئەسەد) عێراق جارێكی تر گەڕێندراونەتەوە بۆ شوێنەكەیان. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە" ئەو كارمەندە عێراقییانەی كە لەگەڵ هێزە ئەمریكییەكان لە بنكەی عەین ئەسەد كاردەكەن، رۆژی سەردانەكەی ترەمپ بۆ بنكەكە، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی بزانن، مۆڵەتی زۆرەملێیان پێدراوە". كەناڵەكەی لە بەشێكی تری راپۆرتەكەیدا دەڵێ" بەر لە رۆژێك لە سەردانەكەی ترەمپ بۆ عێراق، بنكەی نهێنی ئەمریكییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەولێر داخراوە‌و هەموو نوسراوەكانی ناو ئەو بنكانە گواستراونەتەوە‌و دواتر بنكەكان كراونەتەوە". بەپێی راپۆرتەكە، كارمەندانی عێراقی كە لەو بنكە نهێنیانەی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن، چەند رۆژێك بەر لە سەردانەكەی ترەمپ بەدۆخێكی سەختدا تێپەڕیون‌و هەندێكیان دەركراون‌و هەندێكی تریان بەبێ هۆكار گواستراونەتەوە بۆ بنكەی تری ئەمریكییەكان. "كاتێك ترەمپ گەیشتوەتە بنكەی عەین ئەسەد، سەركردەیەكی عێراقی كە ناسنامەكەی نەزانراوە، نوسراوێكی داوە بە دۆناڵد ترەمپ كە ژمارەیەك ئیمزای لەسەر بووە". راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە" حكومەتی عێراق ئاگاداری سەردانەكەی ترەمپ نەبووە، تاوەكو بەر لە دوو كاتژمێر لە گەیشتنی ترەمپ، ئەوكات عادل عەبدولمەهدییان ئاگاداركردووە لە سەردانەكە.  


راپۆرتی: محەمەد رەئوف ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك دوو هێزی دەسەڵاتدارو خاوەنی زۆنی تایبەتی خۆیان، گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، كە لە ناكۆكی سیاسیەوە سەری كێشاوە بۆ ناكۆكی ئەمنی و دەستگیركردنی كادرانی یەكتر، هاوشێوەی شەڕی ناوخۆ و سەرەتاكانی دوو ئیدارەیی لە هەرێمی كوردستان.  پرسیاری جدی ئەوەیە كە ئایا بەرژەوەندییە ئابوری و سیاسیەكانی نێوان ئەو دوو حزبە رێگە دەدات ناكۆكیەكانی نێوانیان بگاتە ئاستی تەقینەوەو سەربكێشێت بۆ دوو ئیدارەیی؟ قوڵبونەوەی ناكۆكیيەكان رۆژی 2ی ئابی 2018 پەیوەندیەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان گەیشتە لوتكە، ئەویش دوای دۆڕاندنی كاندیدەكەی پارتی ( د. فوئاد حسێن) بە كاندیدەكەی یەكێتی ( د. بەرهەم ساڵح) لە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقدا، كە دەرەنجامی توڕەیی پەنگخواردووی سەركردەكانی پارتی بوو بەرامبەر بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی لەسەر روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، كە پارتی پێی وایە " بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی خیانەتیان لە بارزانی و ئەنجامی ریفراندۆمكردووە". ناكۆكیەكان بەبێ چارەسەرماونەتەوەو لە پشتی پەردەشەوە ئێسكی یەك دەشكێنن، بەتایبەتیش لە پرسی وەزارەتەكانی كورد  لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی و دانانی پارێزگاری كەركوك، ئێستاش ئەو پەیوەندییانە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا رەنگیداوەتەوەو لەو پەڕی خراپیدایە، بەو پێیەی پارتی دەیەوێت بە زوویی كابینەی نۆیەمی حكومەت پێك بهێنرێت و یەكێتیش دەیەوێت ناكۆكیەكانی نێوانیان كۆتایی پێبهێنرێت و رێكەوتنێكی نوێ لە نێوانیاندا بكرێت ئەوكات گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت بكەن. ناكۆكیەكانی نێوان ئەو دووهێزە گەیشتۆتە ئاستێك كە بەشێك لە كادرانی هەردولا ئاماژە بە ئەگەرەكانی دوو ئیدارەیی دەكەن و سەرەتاكەشی بە گرتن و دەستگیركردنی كادرو لایەنگرانی هەردوولا دەستی پێكردووە. لە ناكۆكی سیاسیيەوە بۆ ناكۆكی ئەمنی شەوی 2/3ی 1ی 2018  ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر لە دوو هەڵمەتی جیادا هەڵیانكوتایە سەر ماڵی (پێشڕەو وەیسی) كارگێڕی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی‌و رفاندیان، هەمان شەو هێزێكی دیكەی ئاسایشی پارتی لە گەڕەكی (رۆشنبیری)ی شاری هەولێر چونەتە سەر ماڵی (لێزان بەكر) كادری یەكێتی‌و هەوڵی رفاندنیانداوە. ئەم دوو هەڵمەتە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بردە قۆناغێكی ترەوە كە ئەویش چونەوە ناو روداوەكانی شەڕی ناوخۆیە، چونكە هەرزوو تارق نوری، بەرێوەبەری ئاساییشی هەولێر ئەو راستییەی دركاند، كە دەستگیركردنی ئەو كادرەی یەكێتی پەیوەندی بە دەستگیركردنی  كادرێكی پارتیەوە هەیە لە گەرمیان كە كوڕی ( ئەكبەری حاجی رۆستەم)ە فەرماندەی سەربازی پارتی. ئێستا بۆ هەردوولا رونبۆتەوە كە دەستگیركردنی كادری لایەكیان دەستگیركردنی كادری لایەكەی دیكەی بەدوادادێت، كە ئەمەش ئاماژەیەكی رونە بەوەی كە هەرێمی كوردستان لەرووی "دیفاكتۆ"وە دوو ئیدارەی حزبییەو یەكێتی لە زۆنی سەوزو  پارتی لە زۆنی زەرد حوكم دەكات . بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا ئەم ناكۆكیانەی نێوان ئەم دوو هێزە كە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت لە كوێدا دەوەستێت؟ بەرژەوەندیيەكان ناكۆكیيەكان خامۆش دەكات؟ هەرچەندە  ئاماژەی ناكۆكیەكانی نێوان یەكێتی و پارتی بە ئاراستەیەكی رۆشندا نارۆن، بەڵام چاوەڕەوانی ئەوە ناكرێت بگاتە بنبەست"مریشكە رەشە" بەو پێیەی ئەم دوو هێزە چەندین بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری و بارزگانی لە نێوانیاندا هەیەو ئەستەمە رێگە بدەن ئەو بەرژەوەندیانەیان بكەوێتە مەترسیەوە، چونكە  بە دووركەوتنەوەیان لەیەك بەشێكی زۆری بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و كەسییەكانیان دەكەوێتە مەترسیەوە. یەكەم: بەرژەوەندیە سیاسیەكان ئەم دوو هێزە لە پرۆسەی حكومەتداریدا خاوەنی دەیان پۆستی باڵای سیاسین كە بەشێكیان پارێزگاری لە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەكانیان دەكەن ، لە داهاتوشدا  ژمارەیەكی زۆری پۆستی باڵا چاوەڕەوانی هەردوولا یان دەكات، لەوانەی  بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، پۆستەكانی ( سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی پەرلەمان، وەزیری نەوت و دارایی و ناوخۆ و پەیوەندیەكانی دەرەوە)  بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پۆستەكانی( سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكومەت و ژمارەیەكی زۆری وەزیر و پۆستی باڵا). بە دووركەوتنەوەیان لەیەكدی پێگەی هەرێمی كوردستان بەرەو لاوازی دەڕەوات و خۆشیان ئە راستییە دەزانن كە ئەوكات بەغداد هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات.    دووەم: بەرژەوەندی ئابوری لەروی ئابورییەوە سەرەرای فرۆشتنی بڕیكی زۆری نەوت و غاز، كە مانگانە داهاتێكی زۆریان دەستدەكەوێت و بەشێكی بۆ حزبەكانیانە، هەرلایەكیان خاوەنی 2 خاڵی گومرگی نێودەوڵەتی و دەیان دەروازەی دیكەن، ئەمە سەرەرای داهاتی ناوخۆ كە لەناوچەی زۆنی زەرد مانگانە بە نزیكەی 70 ملیار دینار و لە زۆنی سەوزیش بە 60 ملیار دینار مەزەندە دەكرێت، ئەمە سەرەرای پشكی هەرێم لە بەغداوە كە رەنگە بەناكۆكی دوو ئیدارەیی ئەو سەرچاوانەی داهات كەمببنەوە و زیانی ئابوری بكەن. سێیەم: بەرژەوەندییە كەسییەكان ژمارەیەكی زۆری كارەكتەری ناو ئەم دوو هێزە سەرقاڵی بازرگانی گەورەن و كۆنترۆڵی بازاڕەكانی هەرێمیانكردووە، كە سودیان لە پەیوەندی نێوانیان وەرگرتووەو هەردولا چاوپۆشیان لەیەكدیكردوون، بەشێك لە كارەكتەرەكانیانی نێوانیان سەرقاڵی فرۆشتنی نەوت و پشكی نەوت و پاڵیوگەی نەوتن، كە كۆنتاكت و پەیوەندی زۆر لە نێوان كارەكتەرەكانی نێوان ئەم دوو هێزە هەیە. بۆیە ئەستەمە بەرژەوەندیە كەسێكانی نێوان ئەم دوو هێزە رێگە بدەن، پەیوەندی نێوانیان بە بنبەست بگات و بگاتە ئاستی جیابوونەوەو دابڕانی یەكدی( مریشكە رەشە).  چوارەم: فاكتەری هەرێمایەتی ئەگەرچی وڵاتە دراوسێ و هەرێمایەتیەكان نایانەوێت هەرێمی كوردستان بەهێز بێت، بەڵام ناشیانەوێت هەرێمێكی پارچەپارچە لەناوچەكەدا هەبێت، بەو پێیەی ئەوان بەرژەوەندی خۆیان هەیە لەم ناوچانە، كە هەرێمی كوردستان دەچێتە چوارچێوەی سنوری ململانێی دەوڵەتە هەرێمایەتییەكانەوە، بەوەی ئێستا ئێران كە هەیمەنەی لەناوچەی سەوز هەیە، بەڵام بەهەمان شێوە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ناوچەی زەرد باشەو دەیەوێت هەرێمێكی یەكگرتوو هەبێت و نایەوێت سەرئێشەیەكی دیكە لە سنورەكانی هەبێت، چونكە ئەم دوو هێزە ئەو وەزیفەیەی بۆ دەبینن كە دەیەوێت. هەرچی دەوڵەتی توركیاشە سەرەرای هەژمونی خۆی كە لە ناوچەی زەرد هەیەتی، بەڵام دەشیەوێت هەیمەنەی لەناوچەی سەوز هەبێت و لەوێوە پیلانە ستراتیژیەكانی خۆی جێبەجێ بكات، كە ئەویش پرسی ئابوری و بازرگانی و ئەمنیە، بۆیە بۆ توركیاش هەرێمێكی یەكگرتوو باشتر و رونتر مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت وەك لە هەرێمێكی پارچەپارچە بوو، كە رەنگە بەلای توركیاوە لاوازی هەرێم رێگە خۆش بكات بۆ فراوانبوونی هەژمونی پەكەكە تیایدا. وڵاتە زلهێزەكانیش لەگەڵ ئەوەن كە هەرێمی كوردستان ئیستقراری ئەمنی و سیاسی هەبێت، ئەویش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە ئابوری و بازرگانی و پاراستنی كۆمپانیا زەبەلاحەكانیان لە ناوچەكەدا.     


( درەو  میدیا):دەستەی نەزاهەی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە یەكەمین پرۆسەی گەندەڵی لە ساڵی 2019دا ئاشكراكرد و چەند فەرمانبەرێكی لە كەركوك دەستگیركردووە كە گەنمی خراپیان كردووە بە ئارد. دەستەی نەزاهە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند نوسینگەی كەركوكی دەستەكە یەكەمین پرۆسەی گەندەڵییان لە ساڵی 2019دا ئاشكراكرد. ئاشكراشیكرد لەو پرۆسەیەدا چەند فەرمانبەرێكی سایلۆی كەركوك و چەند خاوەن ئاشێكی ئەهلییان دەستگیركردووە بەهۆی ئەوەی گەنمی خراپیان كردووە بە ئارد كە بۆ بەكارهێنانی مرۆڤ شیاو نیە.


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف پێنج پۆست لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبن بە چەقی ململانێی لە دانوستانی نێوان لایەنەكاندا، چونكە ئەو پۆستانە لە یەككاتدا زیاد لە لایەنێك داوای دەكەن، لە نوێترین پەرەسەندنیشدا لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی نیشتمانی سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكی نوێیە‌و پرۆژەكە دەخاتەبەردەم پارتی. پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان، كە دەیانەوێت پێكەوە كابینەیەكی "ترۆیكا- سێقۆڵی"ی حكومەت پێكبهێنن، هەریەكەیان لیستێكی تایبەت بەخۆی هەیە سەبارەت بە پۆستەكان، لە هەندێك شوێندا بەریەككەوتن لەنێوان خواستەكانیان هەیە لەسەر پۆستەكان. یەكێتی پرۆژە ئامادە دەكات بەگوێرەی نوێترین زانیاری كە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، ئێستا یەكێتی نیشتمانی سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكە بۆ پێكهێنانی كابینەی (نۆ)ی حكومەتی هەرێم. (درەو میدیا) زانیویەتی، پرۆژەكەی یەكێتی كۆكراوەی سێ پرۆژەیە: •    پرۆژەی یەكەم: فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی نوسیویەتی •    پرۆژەی دووەم: ئیدارەی گشتی یەكێتی ئەم پرۆژەیەی نوسیوە‌و زیاتر روئیایەكی ئابوری بەسەریدا زاڵە، یەكەمجارە ئیدارەی گشتی یەكێتی بەمشێوەیە بەشداری لە پرۆسەیەكی لەمشێوەیە بكات‌و پرۆژەی خۆی هەبێت •    پرۆژەی سێیەم: لەلایەن كۆمەڵێك لە گەنج‌و كادیرانی باڵای یەكێتییەوە نوسراوەتەوە بەپێی زانیاری (درەو میدیا)، یەكێتی لە پرۆژە كۆكراوەكەیدا دەیەوێت دۆسیەی كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان هەروەها دۆسیەی بەغداد ببەستێتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە. ئەو پۆستانەی یەكێتی چاوی لێیەتی! (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا یەكێتی نیشتمانی چاوی لەوەیە لە كابینەی نوێی حكومەتدا ئەم پۆستانە وەربگرێت: •    سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان •     جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران •    وەزارەتی خوێندنی باڵا •    وەزارەتی كشتوكاڵ •    وەزارەتی پلاندانان •    وەزارەتی ناوخۆ •    وەزارەتی دارایی •    وەزارەتی تەندروستی •    سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران •    بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان •    سەرۆكی سندوقی داهاتەكانی نەوت‌و غاز تائێستا دیارنییە لە كۆتایی یارییەكەدا چەند پۆست بۆ یەكێتی یەكلادەبێتەوە، بەڵام باڵەكانی یەكێتی هەر لەئێستاوە كێبركێیان لەسەر پڕكردنەوەی پۆستەكان بە كەسانی سەربە خۆیان دەستپێكرد‌و‌وە‌و چەندین كەس ناوی خۆی وەكو "كاندیدی گریمانەكراو" بۆ پۆستەكان خستوەتەبەر باس‌و خواست. پارتی چی دەكات؟ ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەكاری دەكات بۆ دەستپێكردنی گەڕێكی نوێی دانوستان لەگەڵ لایەنەكان بەدیاریكراویش (یەكێتی‌و گۆڕان). بەپێچەوانەی خواستی یەكێتییەوە كە دەیەوێت دۆسیەی كەركوك لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ بئاڵێنێت، پارتی دەیەوێت كەركوك‌و كەیسی بەغداد لە كابینەكەی مەسرور بارزانی دوربخاتەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی كابینەكە بە زوویی پێكبهێنێت‌و دوچاری بەربەست‌و مشتومڕ نەبێ. ئەو پۆستانەی پارتی چاوی لێیەتی ! پارتی كە وەك لایەنی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن ئێستا سەرۆكایەتی هەوڵی پێكهێنانی كابینەی نوێ دەكات، سەرباری ئەمە چاوی لە وەرگرتنی ژمارەیەك پۆستە لە كابینەی نوێدا، (درەو میدیا) زانیویەتی پارتی دەیەوێت ئەم پۆستانەش ببات: •    سەرۆكی هەرێمی كوردستان •    سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران •    جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان •    وەزارەتی سامانە سروشتییەكان •    وەزارەتی ناوخۆ •    وەزارەتی خوێندنی باڵا •    وەزارەتی تەندروستی  •    وەزارەتی ئەوقاف گۆڕان لە كوێدایە؟ بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی بێ پێشینە‌و زۆر گەرموگوڕ لەلایەن پارتییەوە بانگهێشتكراوە بۆ بەشداریكردن لە كابینەی (نۆ)، گۆڕان براوەی سێیەمی هەڵبژاردنەكانە، سەركردەكانی بزوتنەوەكە تاڕادەیەك سەرسامبوون بە گەرموگوڕی پارتی لەگەڵیان لە كۆبونەوەكاندا، بەڵام ئەمە بەتەواوەتی فریوی نەداون، ئەوان هێشتا بە گومانەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن‌و ئەزموونی چوار ساڵی رابردوویان لەگەڵ پارتی لەبیر نەكردووە. سەرباری گومانەكان لە پێشوازییە گەرموگوڕەكەی پارتی، زۆرینەی سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابونەتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتدا بكەن، بەڵام ئەیانەوێت ئەم نیازە پێشوەختەیە بۆ بەشداریكردن بە شاراوەیی بهێڵنەوە بۆ ئەوەی كاریگەری خراپ نەكاتەسەر رەوتی دانوستانەكانیان لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان. ئەو پۆستانەی گۆڕان چاوی لێیەتی! لەدواین گەڕی دانوستانەكاندا، وەفدی پارتی بە پاكێجێكەوە سەردانی گۆڕانیان كرد كە تەنیا پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكەی (سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی پەرلەمان)ی لەخۆدەگرت، (درەو میدیا) زانیویەتی، گۆڕان داوای لە وەفدی پارتی كردووە هەموو پۆستەكان بكەن بە یەك پاكێج، نەك تەنیا سێ سەرۆكایەتییەكە، بڕیارە وەفدی پارتی لە گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی پاكێجێكی نوێ بخاتەبەردەم گۆڕان. بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی گشتی لە كابینەی نوێدا چاوی لە وەرگرتنی ئەم پۆستانەیە: •    جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان •    وەزارەتی دارایی •    وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە •    وەزارەتی پەروەردە •    دەستەی وەبەرهێنان •    جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان وەزارەتە جێناكۆكەكان بەلەبەرچاوگرتنی خواستی لایەنەكان لەسەر پۆستەكان، پێدەچێت لە گەڕی داهاتووی دانوستانەكاندا بە تایبەتیش لە قۆناغی دابەشكردنی پۆستەكاندا، مشتومڕی سەرەكی دانوستانەكان لەسەر چەند وەزارەتێك چڕببێتەوە، واتە چەند پۆست ‌و وەزارەتێك هەن كە زیاتر لە لایەنێك داوای دەكات، لەوانە: •    پۆستی وەزارەتی ناوخۆ: پۆستێكی جێناكۆكە‌و پارتی‌و یەكێتی هەردوكیان خواستیان لەسەر وەرگرتنی ئەم پۆستە هەیە •    وەزارەتی تەندروستی: بەهەمان شێوە جێناكۆكە‌و پارتی‌و یەكێتی هەردوكیان داوای دەكەن •    وەزارەتی خوێندنی باڵا: پارتی‌و یەكێتی هەردوكیان داوای دەكەن •    وەزارەتی دارایی: پۆستێكی جێناكۆكە لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕان‌و هەردوكیان چاویان لەسەریەتی •    جێگری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: پۆستێكی جێناكۆكە لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی‌و هەردوكیان داوای دەكەن


راپۆرتی: درەو میدیا دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی لە هەولێر لەچوارچێوەی پلانێكی پێشوەختی پارتیيەو لە تۆڵەی دەستگیركردنی كادرانی پارتیيە لەلایەن بەرپرسە ئەمنیيەكانی یەكێتیيەوە لە زۆنی سەوز، بەتایبەتیش دەستگیركردنی كوڕێكی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) لە كفری لەلایەن پۆلیس و دواتر بردنی لەلایەن هێزێكی دیكەی ئەمنیيەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، پارتى زۆر توڕە بووە لە رووداوی ددەستگیركردنی ئەو كوڕە، لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی پارتی هۆشداری بە یەكێتی دراوە كە ئەوانیش دەستدەكەن بە دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی لە زۆنی زەرد. دەستگیركردنی كادران لە چەند رۆژی رابردوودا كوڕیكی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) لە شاری كفری بەناوی "سەرخێڵ" دەچێتە بەردەم پۆلیس و لەسەر كەیسێكی ئاسایی (ناسیاسی) دەستبەسەردەكرێت، بەڵام لەلایەن هێزێكی دیكەی ئەمنیيەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی تر، بە بیانووی ئەوەی "كەیسی ئەمنی لەسەرەو تێوەگلاوە هاوشێوەی مێرد منداڵەكەی كفری (هەڵۆ محەمەد) لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیيەكان، كەیسەكەی پەیوەستكراوە بە كەیسەكەی ئەو مێردمنداڵەوە". دەستگیركردنی ئەو كوڕەی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) بەرپرسانی پارتی توڕە دەكات، عزەدین بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی پەیوەندی بە بەرپرسانی یەكێتیيەوە دەكات‌و پێیان رادەگەیەنێت" دەبێت ئەو كوڕە ئازادبكەن، ئەگەرنا ئەوانیش كادرانی یەكێتی لە هەولێر دەستگیردەكەن، بۆیە كاتێك دەزگا ئەمنیيەكانی یەكێتی ئەو كەسە ئازاد ناكەن، پارتیش لەلایە خۆیەوە دەست دەكات بە گرتنی كادرانی یەكێتی".  هەڵمەتی دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی شەوی رابردوو ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر لە دوو هەڵمەتی جیادا كادرێكی باڵای یەكێتییان دەستگیركرد‌وهێرشیانكردە سەر ماڵی  كادرێكی دیكەی ئەو حزبە. (درەو میدیا) زانیویەتی، كاتژمێر 10:30 شەو لە گەڕەكی (برایەتی)ى هەولێر هێزێكی سەربە ئاسایشی پارتی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی (پێشڕەو وەیسی) كارگێڕی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی‌و رفاندویانە. كە كەسێكی نزیكە لە (لاهور شێخ جەنگی) بەرپرسی دەزگای پارستن‌و زانیاری- زانیاری، هەمان شەو هێزێكی دیكە ئاسایشی پارتی لە گەڕەكی (رۆشنبیری)ى شاری هەولێر چونەتە سەر ماڵی (لێزان بەكر) كادری یەكێتی‌و هەوڵی رفاندنیانداوە، ئەو كادرەی یەكێتی بەرپرسی نوسینگەی (بورهان سەعید سۆفی)ى بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتییە، ماڵی لە هەولیرە‌و رۆژانە سەردانی كۆیەی كردووە.. لە راگەیەنراوێكدا لیوا بكر گردەسۆری باوكی لێزان بەكر ئاماژەی بەوەكردووە"  كاتژمێر 9:30 ھێزەكانی ئاسایشی ھەولێر ھەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەم لە شاری ھەولێر، گەڕەكی ڕۆشنبیری، بەبێ ھیچ بیانوێك‌و نوسراوێكی فەرمی یاسایی، ماڵەكەیان پشكنین بەشوێن (لێزان)ی كوڕم". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوێنێوە هەرەیەك لە (كۆسرەت رەسوڵ)و (حاكم قادر) لەسەر هێڵن لەگەڵ پارتی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، تەنانەت كۆسرەت رەسوڵ ئێستا لە هەولێرەو دەیەوێت ئەو كێشەیە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی چارەسە بكات.    دەستگیركردن لە سەردەمی ناكۆكيیەكاندا پێناچێت گرتن‌و رفاندنی كادرانی یەكێتی تەنها پەیوەندی بە ناكۆكیيەكانی نێوان هەردوولاوە هەبێت، بەڵكو بەشێكی پەیوەندی بە دەستگیركردنی كادرانی پارتیيەوە هەیە لەلایەن هێزە ئەمنیيەكانی یەكێیتەوە. رۆژنامەنوس (سەرتیپ وەیسی كەریم) لە نوسینێكدا بەناوی "حەقیقەتی دەستگیركردنی كادیرانی یەكێتیی لە هەولێر" دەڵێ: هەڵوێستەكانی ئەمدوایيەی یەكێتیی‌و پێكهێنانی كابینەی نوێ، هیچ پەیوەندییەكی بە دەستگیركردنی كادیرانەوە نییە، ئەو هەنگاوەی هەردوولا گرتوویانەتە بەر دژ بەیەك، نایاسایيەو بەڵگەی میلیشیایبوونی ئەو هێزانە دەردەخات. ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی زانیارییەكان، گرتن‌و هەڵكوتانە سەر ماڵی ژمارەیەك لە كادیری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر، لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، پەیوەندی بە گرتنی چەند كادێرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ‌و ئیدارەی گەرمیان، بەرپرسانی هەردوولا لەسەر هێلن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، پارتی داوای ئازادكردنی كادیرەكانی دەكات، داواش لە هەریەك  لە (كەریم سنجاری- نەزهەت حالی- لاهور شێخ جەنگی‌و چەند بەرپرسێكی دەزگا ئەمنییەكانی هەردوولا) كراوە، كۆتایی بەو هەڵمەتانەی دەستگیركردن بهێنن.


( درەو میدیا): سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی پەرلەمانی ئەڵمانیا، رۆدریچ كیزەڤێتەر، داوا دەكات بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان ناوچەیەكی دژەفڕین لە سوریا بۆ پاراستنی كورد دابمەزرێنرێت. كیزەڤێتەر كە پەرلەمانتاری پارتی دیموكرات مەسیحی فەرمانڕەوای ئەڵمانیایە لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ دامەزراوەی  میدیای (Deutschlandfunk) دا ئاماژەی بەوەشدا كە فەرەنسا و ئەڵمانیا دەتوانن پرۆژەیەك بۆ دامەزراندنی ناوچەیەكی دژە فڕین لە سوریا پێشكەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكەن. لەو بارەیەوە كیسڤێتەر وتی:" فەرەنسا و ئەڵمانیا مانگی ئازار و نیسانی داهاتوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ئاسایش وەردەگرن، ئەوەش هەلێكی گەورەیە بۆ پاڵپشتیكردن لە پرۆژەی دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانەكە". جەختیشیكردەوە  لەسەر پێویستی یەكڕیزی وڵاتانی ئەوروپا بۆ گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی یەكگرتوو. ئەو سیاسەتمەدارەی ئەڵمانیا لە كۆتایی لێدوانەكەیدا جەختیكردەوە لەسەرئەوەی كە پێویستە ئەوروپا دوای بڕیارە كتوپڕە تاكلایەنەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە سوریا بە دەنگی بەرز قسەبكات.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand