( درەو میدیا): لێدوانێكی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەربارەی سەرچاوەی سەرەكی هاتنە ناوەی مادە هۆشبەرەكان بۆ عێراق مشتومڕێكی زۆری لە نێو عێراق و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێدەكەوێتەوە. عەبدولمەهدی رۆژی چوارشەممە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی:" مادە هۆشبەرەكان دیاریدەیەكی گەورەیە و هەوڵدەدرێت بەرفراوان بكرێت، لە ئەرجەنتینەوە دێتە عرسالی سوریا و لەوشێەوە دێتە ناو عێ{اق و لە ناو عێراقیشدا تۆڕ بۆ بڵاوبوونەوەی دروستدەكات". ئەم قسەیەی عەبدولمەهدی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە و زۆر كەس وای لێكدەدەنەوە كە سەرۆك وەزیرانی عێراق بەو لێدوانەی دەیەوێت بابەتی هێنانەوەی مادە هۆشبەرەكان لە ئێرانەوە پەردەپۆش بكات. ئەوانەی رەخنەیان لە عەبدولمەهدی گرتووە باوەڕیان وایە كە دیاریكردنی ئەرجەنتین زیادەڕوی زۆری تێدایە بەهۆی دووری نێوان عێراق و ئەو وڵاتە. بەشداربوویەكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نوسیویەتی:" دووری نێوان عێراق و ئەرجەنتین 8000 میلە و چەندین وڵات كەوتوەتە نێوانیانەوە، بەڵام دووری نێوان ئەفغانستان وەك گەورەترین وڵاتی بەرهەمهێنەری مادە هۆشبەرەكان 790 میلە و تەنها ئێرانیش لە نێوان عێراق و ئەفغانستاندایە". هەندێكی تر ئاماژەیان بەوەداوە كە لێدوانەكەی عەبدولمەهدی دەربارەی سەرچاوەی هاتنی مادەی هۆشبەرەكان، ناكۆكە لەگەڵ لێدوانی پێشووی بەرپرسە ئەمنییەكان دەربارەی هاتنە ناوەوەی مادە هۆشبەرەكان بۆ عێراق.
(درەو میدیا): بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییەكانیانەوە، حكومەتی عێراق هەرسێ كۆمپانیای (ئاسیاسێڵو كۆڕەك تیلیكۆمو زەین)ی سزادا. دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عێراق ئەمڕۆ سزای دارایی بەسەر سێ كۆمپانیای بواری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكاندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی خراپی كوالیتی خزمەتگوزارییەكانیان. دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەریەكە لە كۆمپانیاكانی (ئاسیا سێڵو كۆڕەك تیلیكۆمو زەین) سزادراون، بڕیاری سزاكانیشیان لەسەر بنەمای راپۆرتی تیمە تایبەتمەندەكانی سەربە دەستەكە بووە، كە بەردەوام لەسەرەتاسەری عێراق پشكنین دەكەن، ئەمە سەرباری ئەو سكاڵایانەی كە لەلایەن خەڵك بۆی نێردراوە. دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكان ئاماژەی بەوەكردووە، سەرباری سزای دارایی كە بەسەر ئەو سێ كۆمپانیایەدا سەپێندراوە، هەرسێ كۆمپانیاكەش پابەندكراون بەوەی دەبێت لەوادەیەكی زەمەنی دیاریكراودا خزمەتگوزارییەكانیان باش بكەن، بەپێچەوانەوە دەستەكە رێوشوێنی توندتریان لەدژ دەگرێتەبەر.
راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی سێیەم لە هەرێمی كوردستاندا (128424) مامۆستا هەیە، ئەوەش رێژەیەكی كەم نیە ئەگەر زیاد نەبێت, بەڵام هۆكاری ئەوەی كە هەندێك قوتابخانە بەدەست بێ مامۆستایی و كەمی مامۆستاوە دەناڵێََنن ئەوەیە كە ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە، لە هەرێمدا هەر مامۆستایەك 17 خوێندكاری بەردەكەوێت، كەمی و زۆری مامۆستای میلاك میلاكی مامۆستا لە قوتابخانەكاندا وەك پێویست نیە، سەرباری ئەوەی پێشتر ساڵانە ژمارەیەكی بەرچاو مامۆستا دادەمەزران، كەچی لە گەلێ شوێندا میلاك كەمە، لە كاتێكدا ئەگەر ستاندارتێكی نێودەوڵەتی لەبەرچاو بگرین، یاخود بە بەراورد لەگەڵا وڵاتانی تردا رێژەی مامۆستا زۆر زیادە لە هەرێمدا، بۆ نمونە لە وڵاتێكی وەك توركیا هەر مامۆستایەك (25) خوێندكاری بەردەكەوێت بەڵام لە هەرێمی كوردستان هەر مامۆستایەك (17) خوێندكاری بەردەكەوێت. كەچی هێشتا لای خۆمان مامۆستا كەمە! هەرێمی كوردستان كە (128424) مامۆستای هەیە، ئەوەش رێژەیەكی كەم نیە ئەگەر زیاد نەبێت, بەڵام هۆكاری ئەوەی كە هەندێك قوتابخانە بەدەست بێ مامۆستایی و كەمی مامۆستاوە دەناڵێََنن ئەوەیە كە ناڕێكی لە دابەشكردنی مامۆستادا هەیە، قوتابخانە هەیە رێژەی زیاد لە پێویستی مامۆستای هەیە، قوتابخانە هەیە ژمارەی مامۆستاكانی ئەگەر بەقەد خوێندكارەكانی نەبێت هیچی وای كەمتر نیە، قوتابخانەش هەیە بە نزیكەی (700) خوێندكارەوە (10) مامۆستای هەیە. ئەمەش دیاردەیەكی ناتەندروستە و پرۆسەی پەروەردە سەقەت دەكات. كە هۆكاری سەرەكیش تیایدا دەست تێخستنی حزب و بەرپرسانە لەوەی كە رێگە نادرێت بەپێی پێویستی میلاك دابەش بكرێتەوە و بەرژەوەندی تایبەتی لەبەرچاو دەگیرێت نەك گشتی. كەمی ژمارەی مامۆستای پێویست لە خوێندنگەكاندا ئاستەنگێكی تری بەردەم پرۆسەی خوێندنە، چەند سالێكە مامۆستا دانامەزرێت و ئەوەش گرفتی گەورەی دروست كردوە، جگە لەوەی نایەكسانیەكی زۆر هەیە لەدابەشكردنی مامۆستایان بەسەر قوتابخانەكان هەندێك لێیان زیادە هەندێكی تریش تا كۆتایی ساڵا وانە هەیە ناخوێنرێت بەهۆی نەبونی مامۆستاوە. بەداخەوە دیسانەوە حزبایەتی و پەیوەندی كەسیەكانی بەرێوەبەرو سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرایەتیەكان هۆكاری ئەوەن. بەپێی لێدوانێكی وەزیری پەروەردە، هەرێمی كوردستان پێوستی بە ١٠ بۆ ١٥هەزار مامۆستای دیكە هەیە تا بۆشایی كەمی مامۆستای پێ پڕ بكاتەوە. لەم خشتانەدا ئاماری پێنج ساڵی مامۆستایان لە هەرێمی كوردستاندا خراوەتە روو: پرۆسەی دامەزراندن ئەگەر چی تا ئاستێكی زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووەو بەبەراورد لەگەڵا پێشتر باشترە، بەڵام هێشتا گرفتی تێدایە و وەك پێویست شوێنی خۆی ناگرێت و ئامانجەكانی پەروەردە نایەنەتە دی. بۆ نمونە پێویستە لە پرۆسەی دامەزراندنی مامۆستایاندا پەروەردە لەپاڵا بەڕێوەبەرایەتی ئاماردا رۆڵی زیاتری هەبێت خۆی بڕیار بدات. چونكە پەروەردە خۆی دەزانێت چی پسپۆرییەكی زیاتر پێویستە و چی كاتێك پێویستە دامەزرێن و دەست بەكار بن. ساڵانە ئەو پلانەی كە دادەمەزرێن لە كاتی خۆیان زۆر زیاتر دووادەكەون و وەك پێویست سودیان لێنابینرێت. پسپۆرییەكان وەك پێویست نین كە بەپێی پێداویستی پەروەردە دامەزرێن. پرۆسەكە بەیەك جار راناگەیەنرێت و بە دوو جار یا بە سێ جار ئینجا تەواو ئەبێت. هەر ئەمەشە وای كردووە كە وەك پێویست ئەوانەی دادەمەزرێن دەستبەكار نەبن. هەرچەندە لەساڵی 2014 وە دامەزراندن وەستاوەو تەنها ئەو مامۆستایانە نەبێت كە بەشێوەی گرێبەست دانراون. نەبوونی خولی راهێنان بۆ مامۆستایان خۆرۆشنبیركردنی مامۆستایان یەكێ لە كۆڵەكەكانی بەهێزبوونی سیستمی پەروەردەی هەر وڵاتێكە، بەتایبەت بۆ هەرێمی كوردستان گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، چونكە سیستەمی خوێندن و پرۆگرامەكان گۆڕاون. بەڵام مامۆستایان هەمان مامۆستای جارانن، بێگومان ئەمەش بەیەكدادان دروستدەكات و نە مامۆستاكان لە ئەركی خۆیان سەركەوتوو دەبن و نە سیستەمەكە وەك پێویست بەڕێوە دەچێت و نە پرۆگرامەكەش وەك پێویست دەخوێنرێت و لە ئەنجامیشدا خوێندكاران زەرەر مەند دەبن. ئەمە ئەركی سەر شانی وەزارەت بوو كە بەشێوەیەكی بەردەوام خول بۆ مامۆستایان بكاتەوە بەڵام بەداخەوە كە وەك پێویست بەم ئەركەی سەر شانی هەڵنەستاوە. هەرچەندە وەزارت ساڵانە كۆمەڵێك كەس، بەناوی بەشداریكردن لەخول و بابەتی پەروەردەیی، دەنێرێتە دەرەوە. بەڵام دواتر كە دەگەڕێنەوە، نە كاریگەریەكەی لەسەر خودی ئەو كەسانە ئەبینین لەناو پرۆسەكە نە لەسەر تەواوی پرۆسەكە، جگە لەوەی لەم سەردەمەدا زۆر گرنگە مامۆستا بەردەوام زانیاری و شێوازی وانەوتنەوە نوێبكاتەوە، راهێنانی پێ بكرێت و سود لە ئەزمونی هەم راهێنەران و مامۆستایان و پسپۆرانی كورد وەربگرێت. هەروەها بیانیش بهێنرێنە كوردستان بەچاودێرییەوە خول بكەنەوە، بەڵام خولی بەهێزكردن تەنها لەپێناوی ئەوە نەبێت كە بڵێن خول كراوەتەوە، بەداخەوە ئەوانەی پێشو بەو شێوەیە بوون و سودێكی ئەو تۆیان نەبووە. پێشتر ساڵانە لەكاتی پشووی هاویندا خولی راهێنان هەبوو بۆ مامۆستایان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەو خولانەش وەستاون. بڕینی موچەی مامۆستایان ئەگەر بەراوردی موچەی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ موچەی مامۆستایانی وڵاتانی تر بكەین، جیاوازی زەق بەرچاودەكەوێت و دەردەكەوێت كە مامۆستایانی هەرێمی كوردستان لەم هەرێمە دەوڵەمەنەددا، چ موچەیەكی كەم وەردەگرن. بۆ نمونە موچەی مامۆستایەك لە وڵاتی لۆكسمبۆرگ، هەر ئەوە نییە كە باشترین موچەیە لە جیهان، بگرە موچەی مامۆستا لە یەكەم ساڵی كاركردنیدا، زیاترە لە موچەی مامۆستا بە درێژایی ژیانی لە هەر شوێنێكی دیكەی جیهان. بەپێی داتا تازەكان كە لە ڕاپۆرتی رێكخراوی هاریكاری ئابوری و گەشەپێدان OECD بڵاوكراوەتەوە، لە وڵاتی لۆكسمبۆرگ موچەی دەستپێكی مامۆستایەك كە خیبرەی نییە دەگاتە 73 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا، موچەكەی لە كاتی خانەنشینبووندا دەگاتە 131 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا. جیاوازییەكی گەورە لە نێوان موچەی مامۆستایەك لە لۆكسمبۆرگ، لەگەڵ موچەی مامۆستایەك لە ئیرلەندە هەیە. ئیرلەندە بە دووەم وڵات دادەنرێت لە بەرزی موچەی مامۆستا. لە كۆریای باشور كە سێیەم وڵاتە لە بەرزی موچەی مامۆستا، مامۆستایەكی تازە دامەزراوی بێ خیبرە، موچەكەی نزیكەی 22 هەزار دۆلارە لە ساڵێكدا، دوای نزیكەی 10 ساڵ لە دامەزراندنی، موچەكەی دەگاتە نزیكەی 34 هەزار دۆلار، لەكاتی خانەنشینداو لە كۆتایی دوا ساڵی كاركردنیدا موچەكەی لەوانەیە بگاتە 62 هەزار دۆلار. لە ئەڵمانیا كە لەسەر ئاستی جیهان، چوارەم وڵاتە لە بەرزی موچەی مامۆستا، مامۆستایەكی تازە دامەزراو موچەكەی 46 هەزار دۆلارە لە ساڵێكدا، بە موچەی 60 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا خانەنشین دەبێت. لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە لە پلەی پێنجەندایە، مامۆستای تازە دامەزراو موچەی ساڵانەكەی دەكاتە 37 هەزار دۆلار، لە كاتی خانەنشینبوندا دەگاتە 60 هەزار دۆلار. لەهەندێ ولاتی تردا موچەی مامۆستایان كەمە، ئەو دە وڵاتەی كە تێیدا مامۆستا كەمترین موچە وەردەگرێت، بریتین لە: یۆنان، چیلی، مەكسیك، توركیا، ئیستۆنیا، چیك، سلۆڤینیا، پۆڵەندە، هەنگاریا و كۆلۆمبیا. بۆ نموونە لە یۆنان مامۆستا لە تەمەنی خانەنشینیدا موچەكەی دەگاتە 37 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا، ئەوە لە ئەمریكا موچەی مامۆستایەكی تازە دامەزراوی بێ خیبرەیە، لە چیلی لە تەمەنی خانەنشینیدا دەگاتە 39 هەزار دۆلار لە ساڵێكدا. مامۆستا لە كۆڵۆمبیاو چیلی، لەبەرامبەر ئەو موچە كەمەی وەریدەگرن، زۆرترین كار دەكەن. مامۆستای كۆلۆمبیا لە ساڵێكدا نزیكەی 1200 كاتژمێر لە قوتابخانە كاردەكات، لە چیلی نزیكەی 1150 كاتژمێر كاردەكات. بەڵام ئەم ئامارانە مانای ئەوە نییە، خوێندن لەو وڵاتانەدا خراپبێت، بەڵكو مانای ئەوەیە موچەكەیان كەمە. هەروەها مانای ئەوە نییە موچەی مامۆستا خراپە، لێرەدا مەسەلەكە پشت بە ئاستی مەعیشەت دەبەستێت لەو ولاتانەدا. بۆنموونە لە كۆڵۆمبیا موچەی ساڵانەی مامۆستایەك دەگاتە 6 هەزار دۆلار، بەڵام ئەگەرچی ئەم موچەیە جیاوازییەكی هێجگار گەورەی لەگەڵ موچەی مامۆستایەكی لۆكسمبۆرگ هەیە، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت بڕێكی باش لە پارەكەی پاشەكەوت بكات بە بەراورد بە مامۆستای هەندێك لە وڵاتە پێشكەوتووەكان. هەر بۆ نمونە تێكرای موچەی بنەڕەتی مامۆستایەك ساڵانە لە كوەیت 4 هەزار دۆلار و لە قەتەر 49440 دۆلار و لە توركیا 8000 دۆلار و لە ئوردن 7500 دۆلار، سەرباری ئەمەش بەپێی بارودۆخی ولاتەكانیان كە ئاسانكاری و پێداویستی تریان بۆ ابین كراوە خۆشگوزەران پێی دەژین. كەچی لەكوردستاندا نەك هەر موچەی مامۆستا كەمە، بەڵكو ئەو كەمەش كراوە بە نیوە و چارەك و چەندین مانگ ئەو نیوەو چارەكە موچەیەشیان وەرنەگرتووە! جیاوازی لە موچەو دەرماڵەی مامۆستایان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە پێی سیستەمی موچە لە هەرێمی كوردستاندا جیاوازی لەموچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی مامۆستایان هەیە و لە هەموو ناوچە و پارێزگاكاندا وەكو یەك نیە و ئەمەش ناڕەزایی لەلایەن مامۆستایانەوە لێكەوتۆتەوە، سەرباری ئەوەی دەیان یاداشت و داواكاری لەم بارەیەوە دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكانی پەروەردەو دارایی كەچی تا ئێستا وەك خۆی ماوەتەوەو چارەنەكراوە. جگە لەمە مامۆستایان بەهۆی پاشەكەوتی موچەوە ماوەی سێ ساڵ نیوەو چارەكە موچەیان وەرگرتووەو چەندین مانگیش موچەكەیان پێنەدراوە، كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر گوزەرانی مامۆستایان هەیە. بایكۆتی مامۆستایان یەكێك لەگرفتەكانی پەروەردەو پەك كەوتنی دەوامی خوێندن لەم ساڵانەی دواییدا بایكۆتی مامۆستایان بوو، كە بەهۆی پێنەدانی موچەكانیانەوە لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕیندا كرا، دیارە هۆكاری ئەم بایكۆتەش حكومەت لێی بەرپرسیار بوو نەك مامۆستایان، چونكە مامۆستایان داوای مافێكی رەوای خۆیان دەكرد كە تەنها وەرگرتنی موچەكانیان بوو لەكاتی خۆیدا، لەكاتێكدا بۆ چارەكە موچەش كەم ببویەوە، كەچی وەزیری پەروەردە پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی ئەزموونە گشتییەكانی خولی یەكەم بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٧-٢٠١٨ لەبارەی خراپی بارودۆخی پەروەردە هێرشی كردەسەر مامۆستایانی سلێمانی و دەڤەری گەرمیان بەوە تۆمەتباریانی كرد كە بایكۆتی خوێندنیان كردووە پرۆسەی خوێندنیان دواخستووە. بەڵام باسی لە كەمتەرخەمی حكومەت نەكرد! ئەگەرچی بایكۆتی ئاشكرای مامۆستایان تەنها لە سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیاندا بوو، بەڵام رەوشی دەوامی مامۆستایانی هەولێر و دهۆكیش لەوان باشتر نەبوو چونكە لەو دوو پارێزگایەشدا بایكۆتێكی شاراوە هەبوو كە رانەگەیەنرابوو. زۆر باسی كاریگەری بایكۆت دەكرێت لەسەر خوێندكار، بەڵام بەدڵنیاییەوە كۆی بارودۆخی قەیران كاریگەری لەسەر پڕۆسەكە هەیە ئەنجام ڕێژەی دەرچون لەشارەكاندا سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە. شكاندنی كەسایەتی مامۆستا مامۆستایەتی بەرزترین پیشەیە و هەرچی كەسایەتی و شارەزاو زاناو سیاسی و ناوداری كۆمەڵ هەیە، لەسەر دەستی مامۆستا پێدەگەن، بەداخەوە وەك پێویست رێز لە مامۆستا نەگیراوە و وەك پێویست پێداویستی و ئیمتیازاتی بۆ دابین نەكراوە، موچەی وەك پێویست نییە، بۆیە لەدوای دەوام بەناچاری پەنا بۆ پیشەو كارێكی تر دەبات بۆ بژێوی ژیانی، بەتایبەت لەم سێ ساڵەی دواییدا كە مامۆستا لەبەر بێ پارەیی پەنای بردۆتە بەر فرۆشتنی كەلوپەلە زۆر پێویست و خۆشەویستەكانی، جگە لەوەی بەهۆی ئەو بارودۆخە خراپەوە، ئێستا قەرزارن. بۆیە مامۆستا لەدۆخێكی ناجێگری لەو شێوەیەدا ناتوانێت پەیامەكەی خۆی بگەیەنێت، دابین نەكردنی بژێویی ژیانی مامۆستایان جگە لەوەی كاریگەری خراپی لەسەر ژیانی ئەوان كردووە، هاوكات بۆتە هۆكاری ئەوەی كە لەڕوی زانستیشەوە لاوازبوون، چونكە هێندەی بەڕێكردن و تەواوكردنی پڕۆگرام یان خوێندنی چەند بابەتێك بووە، هێندەی بەخەمی ئەوەوە نەبووەو كاتی ئەوەشی نەبووە كە ژینگەیەكی گونجاو بڕەخسێنێت. لە گەلێ كاتیشدا دەبینین كەسایەتی مامۆستاش لە قوتابخانەكاندا دەشكێت و و هەمان ئەو توند و تیژییەی لەلایەن هەندێك مامۆستاوە بەرامبەر بە خوێندكاران دەكرێت، پێچەوانەكەیشی هەیە. هۆكاری سەرەكیش روانین و مامەڵەی دەسەڵات و ئەقڵیەتی سیاسییە كە چۆن دەڕوانێتە سێكتەری پەروەردەو مامۆستایان. تا دەسەڵات بەو تێگەیشتنە خراپەی مامەڵە لەگەڵ پەروەردە بكات، كەسێتی مامۆستا باڵا ناكات و داهێنان و دروستكردنی مرۆڤ و دیدگای نوێش لە ئاستێكی لاوازو خراپدا دەبێت. ئەوەی لەماوەی بارودۆخی قەیراناوی كوردستاندا زۆرترین قوربانی دا، مامۆستایان بون و بەهەمو شێوەیەك كەسایەتیان شكێندرا، لەكاتێكدا ئەوان بوونە پێشەنگی زیاتر لە 63 خۆپیشاندان لەپێناوی گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكانیان، بەداخەوە حكومەت گەورەترین سوكایەتی بە مامۆستایان كرد. بۆ نمونە چەندین بەڵێنی پێدان و هیچی جێبەجێ نەكرد. لە ساتی خۆپیشاندانەكانی ئازاری 2018 دا كە مامۆستایان بۆ داواكردنی مافە سەرەتاییەكانیان كردیان، هێزە ئەمنیەكان بەجلی مەدەنییەوە بەجۆرەها شێواز ئازاری مامۆستایانیاندا، بۆ نمونە: هێرشكرایە سەر مامۆستایەكی خانەنشینكراوی بەتەمەنی هەولێر، جگە لە سوكایەتیپێكردن زۆریشیان لێدا و زیاتر شكۆی مامۆستا شكێنرا. هەرچەندە لەمبارەیەوە لێژنەی تۆماركردنی داوای مافی گشتیی هەولێر، لە نووسراوێكدا كە ئاڕاستەی دادگای لێكۆڵینەوەی شارەكەی كردووە، داوای جووڵاندنی سكاڵا لە بەرامبەر ئەو دوو كەسە دەكات كە لە خۆپیشاندانی شاری هەولێردا هێرشیان كردووەتە سەر مامۆستاكە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتەوە. جگە لەمە لە زۆربەی خۆپیشاندانەكاندا، هێزە چەكدارەكان بە توندترین شێوە، رووبەرووی مامۆستایان بوونەتەوەو برینداریان كردوون و ئازاریان داون، تا ئاستێك لە ئەنجامی تەقەكردندا مامۆستاش شەهید بووە. بۆ نمونە رۆژی 19/12/2017 مامۆستا (هێرش عومەر)، یەكێك لەبریندارەكانی خۆپیشاندانەكان كە بەتەقەی هێزە ئەمنیەكان لەبەردەم مەڵبەندی كۆیەی یەكێتی برینداربوو، دوای نۆ ڕۆژ مانەوەی لەنەخۆشخانە لەهەولێر شەهید بوو. لەم بارەشەوە هەرچەندە لەدادگای كۆیە سكاڵا تۆمار كراوە، بەمەبەستی سزادانی بكەرانی ئەم تاوانە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بێ ئەنجام بووەو تۆمەتباران ئامادە نەبوون بچنە بەردەم دادگا. ئەمەو توندوتیژی بەرامبەر مامۆستایان هەندێ كات لەلایەن خوێندكاران یا كەسوكاریشیانەوە كراوە، بۆ نمونە لە كانی قرژاڵەی سەر بە پارێزگای هەولێر، لەلایەن خوێندكارێكەوە لە خوێندگایەكی ناحیەكەدا، هێرشكرایە سەر مامۆستایەك و بەسەختی برینداركرا. لەماوەی رابردوودا چەندین حاڵەتی لەو جۆرە دووبارەبوونەتەوە. یەكێتی مامۆستایانی كوردستانیش هەستی بەم دیاردە خراپە كردووە، هەر بۆیە بۆ رێكخستنی پەیوەندیەكانی نێوان مامۆستا و خوێندكار و گەڕانەوەی شكۆی مامۆستا لە خوێندنگەكاندا پرۆژە یاسایەكی ئامادە كرد و پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی كرد، بەڵام تا ئێستا ئەو پرۆژەیاسایە كاری لەسەر نەكراوە.. كێشەی وانەبێژ و گرێبەستەكان لەم ساڵانەی ئەم دواییەدا كە دامەزراندنی مامۆستا نەماوە، یا كەم بۆتەوە، بۆ پڕكردنەوەیەی ئەم بۆشاییەو دابینكردنی مامۆستا وەزارەتی پەروەردە هانای بۆ دابینكردنی مامۆستا بردووە بە شێوازی وانەبێژ، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژیش بێ كێشە نین، زۆرینەیان لە لادێ دوورە دەستەكاندا وانەدەڵێنەوە، ماوەی 5-6 ساڵە گرێبەستیان بۆ كراوەو بەڵێنیان پێدراوە كە بۆیان بكرێت بە هەمیشەیی، بەڵام تا ئێستاش بۆیان نەكراوە، موچەی ئەو وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن (400000) چوارسەد هەزار و بەكالۆریۆسیش (450000) چوار سەدوپەنجا هەزار دینارە. كە هەم جیاوازی لە موچەكانیاندا هەیە لەگەڵا هاوتاكانیان و هەم بەڵێنی بوون بەهەمیشەییان بۆ جێبەجێنەكراوەو لە دڵەراوكێدان. جگە لەمە كردەی بەناو پاشەكەوتی موچە ئەوانیشی گرتەوە كە موچەكانیان سەرباری كەمی بڕەكەی بوو بە نیوە. گرفتێكی تریش سەرفكردنی كرێی وانەی وانە بێژەكانە كە لە بری مانگانە ساڵی دوو جار (لە وەرزی یەكەم و دووەمی خوێندن) بۆیان سەرفكراوە. بەپێی ئاماری پەروەردە ساڵی خوێندنی 2017-2018 لە سەرجەم هەرێمدا (11136) مامۆستا وەك وانەبێژ گرێبەستیان بۆ كراوە كە لەوانە (4770) ی نێر و (6366)ی لە رەگەزی مێن.
درەو میدیا: عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ژمارەیەكی لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەكەی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كۆبوەوە و رایگەیاند: "گەلەكەمان دوای دەیان ساڵ لە خەبات و تێكۆشان بۆ دەستەبەركردنی مافە رەواكانی، لەم رۆژەدا و لە پێنجی ئازاردا بە سەرۆكایەتی ئەندازیاری راپەرین رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە دەروازەی راپەرین دەستی پێكرد و لە رانیەوە پەرەی سەند و هەمو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە و لە نەورۆزدا تاجی سەركەوتنی خستە سەر خەباتی گەلەكەمان و هەمو دام و دەزگاكانی رژێمی راماڵی". ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕێككەوتنەكەیانی لەگەڵ پارتی بۆ هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەكەی رونكردەوەو وتی: پارتی جەختی لەوە كردووەتەوە نابێت پێیەكیان لە حكومەت و پێیەكیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت، "وەفدەكەی گۆڕانیش وتویانە ئەوەمان قبوڵە، بەڵام لەبری ئەوە شەش مانگ دەوەستین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لابردنی پاشەكەوت و باشكردنی بژێوی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزاریی." عومەر سەید عەلی دەشڵێت"دوای شەش مانگ ئەگەر زانیمان هیچ هەنگاوێك نییە بە ئاڕاستەی چاكسازی و باشكردنی بژێوی خەڵك، ئەوا گۆڕان وەك لایەنێكی سیاسی و بەشدار لە حكومەت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبێتەوە، وەك دو لایەنی سیاسی دادەنیشینەوە و دەڵێین ئەوە شەش مانگ تێپەڕی هیچ دەستپێشخەرییەك نیە، بۆیە ئاگاداربن و پێویستە هەنگاو بنرێت، بەڵام شەش مانگی دیكەش دەدەینەوە حكومەت، ئەگەر زانیمان دوای ئەوە هەر هیچ بەرەو پێشچونێك نییە ئەوە ئێمە رادەوەستین و ئینجا دێین قسە بۆ خەڵك و میللەتی خۆمان دەكەین و هەڵوێستی دیكەمان دەبێت، شاندی پارتیش ئەوەی قبوڵ بوە." بەپێی میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان كە ناوەڕۆكی وتەكانی عومەر سەید عەلییان بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی پشكی گۆڕان لە حكومەت، ئەوەی خستووەتەڕوو، "جەختمان كردوەتەوە كە ناماناوێت لەپشكی خۆمان زیاترمان بدرێتێو خێرمان پێ بكرێت، بەڵكو دەمانەوێت بە قەبارەو قورسایی خۆمان لە زاخۆ تا خانەقین بەپێی پرەنسیپی ستونی و ئاسۆیی بەشداربین لە هەمو دام و دەزگاكان و داوای زیاتر ناكەین، ئەوانیش پێیان باش بو." عومەر سەید عەلی دەربارەی پۆستەكانی گۆڕان ئەوەی خستووەتەڕوو، جێگری سەرۆكی هەرێم بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتوە، هەروەها ئەو دەستەیەی بۆ چاكسازی دادەمەزرێت كە بەرپرسەكەی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت دەبێت، لەگەڵ چوار وەزارەت و بریكاری وەزارەتەكانی چوار وەزارەتی دیكە و سێ بەڕێوەبەری گشتیی دیار لەوانە؛ ئەمینداری پێشمەرگە و بەڕێوەبەری گشتییەك لە پەرلەمان یەكێكیش لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە. هەربەپێی رێككەوتنەكە؛ لە وەزارەتەكان بەپێی ئەو (12%)ی گۆڕان هەیەتی بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژكاریان بەردەكەوێتو دەبێت لەماوەی سێ مانگدا ئیستیحقاقی خۆیان پێ بدرێت. لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكێتی، عومەر سەید عەلی باسیلەوە كردووە، چوار رێككەوتنیان لەگەڵ یەكێتی هەیە، دوانیان لەسەر ئاستی حزبییو دوانیان لەسەر ئاستی حكومەتە خۆجێییەكانی سلێمانیو هەڵەبجە، بەڵام "یەكێتی هیچیانی جێبەجێ نەكردووە." ڕێكخەری گشتی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكردووە، لەم كۆتاییەدا یەكێتی چەند جارێك داوای كۆبونەوەیان لە گۆڕان كردوە، "ئێمە وتومانە ئێوە یەك هەنگاو بنێن، ئیمە ئامادەین، وتومانە لە هەڵەبجە فەرمان بۆ پارێزگار دەركراوە بۆ جێگری پارێزگار و قائیمقامیش دەربكەن كە مافی ئێمەیە با دەست بە كارەكانیان بكەن دوای ئەوە ئێمە ئامادەین بۆ دانیشتن، بەڵام نەیانكردوە." عومەر سەید عەلی، دەشڵێت"دوای چەند كۆبونەوەیەك لەنێوان پارتی و یەكێتی، دوێنێ ڕێككەوتن و لەژێر وێنەی ڕەوانشاد جەنابی مام جەلال واژۆیان كرد، مام جەلال بە ڕەحمەت بێت كە لە ژیاندا بو بە ئامادەبونی ئەو ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئێمە كرد و جێبەجێیان نەكرد، ئومێد دەكەین ئەو ڕێككەوتنەی دوێنێ لەژێر وێنەی مام جەلال كردویانە جێبەجێی بكەن بۆ خزمەتی گەلەكەمان."
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت چارەنوسی زیاتر لە 80%ی كۆی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت لەنێوان پارتیو یەكێتیو گۆڕاندا یەكلابوەتەوەو تەنیا چەند وەزارەتێك ماوە كە هێشتا گفتوگۆیان لەسەرە. پارتی دەیەوێت بەر لە جەژنی نەورۆز پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەت رابگەیەنێت، بەپێی بەدواداچوونی (درەو میدیا)، پۆستەكانی كابینەی نوێ بەمشێوەیە بەسەر لایەنەكاندا دابەشبووە: چوار سەرۆكایەتییەكە هەر چوار پۆستە سەرۆكاییەكەی هەرێم (سەرۆكایەتی پەرلەمان- سەرۆكایەتی هەرێم- سەرۆكایەتی حكومەت- سەرۆكایەتی ئەنجومەنی دادوەری) یەكلابونەتەوە. • پۆستەكانی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەت پارتی دیموكراتی كوردستان دەیبات، نێچیرڤان بارزانی یەكلابوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، مەسرور بارزانیش بۆ سەرۆكایەتی حكومەت. • پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش یەكلابوەتەوە بۆ یەكێتی نیشتمانی، بڕیارە ئەو حزبە سبەی كاندیدی خۆی لەنێوان هەریەكە لە (بێگەرد تاڵەبانیو رێواس فایەق) بۆ سەرۆكی پەرلەمان یەكلابكاتەوە. • پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان یەكلابوەتەوە بۆ پارتی، سكرتێری پەرلەمانیش بۆ پێكهاتەكان. • پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم یەكلابوەتەوە بۆ یەكێتیو (قوباد تاڵەبانی) كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. • پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی، یەكلابوەتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەم پۆستە نوێیەو لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت. • پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابوەتەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕانو (مستەفا سەید قادر) كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەڵام دەنگۆی خۆكاندیدكردنی (محەمەد تۆفیق رەحیم)یش هەیە بۆ هەمان پۆست، (درەو میدیا) لەبارەی خۆكاندیدكردنی، پەیوەندی بە محەمەد تۆفیق رەحیمەوە كرد، ئەو خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رەتیكردەوە. • پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی، ئەم پۆستەش پۆستێكی نوێیەو لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت، ئەم پۆستە نوێیە بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە، زیادكردنی پۆستی یاریدەدەر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لەبەرامبەر زیادكردنی پۆستی یاریدەدەرە بۆ سەرۆكی حكومەت، كە یەكەمیان بۆ گۆڕانەو دووەمیان بۆ یەكێتی. • پۆستی سەرۆكایەتی دەستەی دادوەری هەرێمی كوردستان، ئەم پۆستە بۆ پارتی یەكلابوەتەوە. بەركەوتی یەكێتی لە وەزارەتەكان بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەو پۆستە وزارییانەی كە تائێستا بۆ یەكێتی نیشتمانی یەكلابونەتەوە بریتین لە (5) وەزارەتو چەند دەستەو بریكارێك كە ئەمانەن: • وەزارەتی كشتوكاڵ • وەزارەتی تەندروستی • وەزارەتی شارەوانییەكان • وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام یەكێتی شەڕی وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ دەكات، واتە ئەمە هیشتا یەكلانەبوەتەوە • وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵام پارتی دەیەوێت وەزارەتی پەروەردە بە یەكێتی بدات، واتە ئەمەش هێشتا یەكلانەبوەتەوە • بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە • سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران • چوار ئەندام لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان • جگە لە پۆستەكانی هەرێم، بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، پۆستی پارێزگاری كەركوكو وەزیری دادی عێراق كە پشكی كوردن، بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوە بەركەوتی گۆڕان لە وەزارەتەكان لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پۆستە وزاریانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە: • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی • وەزیری دارایی • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە • سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • جێگری وەزیری ناوخۆ • دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات • بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت • بریكاری وەزیری پەروەردە بەركەوتی پارتی لە وەزارەتەكان دوای لێدەركردنی پشكی یەكێتیو گۆڕان، ئەم پۆستانە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ماونەتەوە: • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • وەزارەتی ناوخۆ (یەكلانەبوەتەوە) • وەزارەتی رۆشنبیری • وەزارەتی داد • وەزارەتی كاروباری شەهیدان • وەزارەتی پلاندانان • وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان • وەزیری هەرێم بۆ كاروباری ژینگە • وەزارەتی ئەوقاف • سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە • سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران • دەستەی وەبەرهێنان • دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم • سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (پلەكەی وەزیرە) • راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (پلەكەی وەزیرە) • دەزگای گشتی كاروباری مین • فەرمانگەی هەماهەنگیو بەدواداچوون • فەرمانگەی میدیاو زانیاری • وتەبێژی حكومەتو وتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێم بەركەوتی لایەنەكانی تر پێشبینی دەكرێت پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بەشداری پێبكات لە حكومەتو لە پشكی خۆی پۆستی وەزارەتی شەهیدانو ئەنفالكراوان یاخود دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بدات بە كەسایەتییەك لە حزبی سۆسیالست. ئەگەری بەشداریكردنی بزوتنەوەی ئیسلامیش لە حكومەت هەیە، پێدەچێت پارتی لە پشكی خۆی، پۆستێك بەو حزبەش بدات. بڕیارە پێكهاتەكانیش (مەسیحی- توركمان) پۆستێك لە حكومەت وەرگرن، ئەم پۆستەش پارتی لە پشكی خۆی دەیدات.
راپۆرت: بی بی سی وەرگێڕانی: فازل حەمەڕەفعەت فڕۆكەوانی هیندی "ئەبهیناندان فارسامان" كە بەمدواییە پاكستان ئازادی كرد، بووە بە كەسایەتییەكی نیشتمانیو ئیلهام بۆ چەندین كاری هونەریو ریكلام، ئەوەش بەهۆی شێوازی قژو سمێڵەكەی. سمێڵەكەی كە لە دەسكى ماتۆڕ دەچێت بەجۆرێك بەربڵاو بووە كە زۆرێك لە پیاوانی هیندی دەیانەوێت لەو بچن. ئەو فڕۆكەوانە دوای چەند كاتژمێرێك لە دەستگیركردنی پاش خستەخوارەوەی فڕۆكەكەی لەلایەن هێزەكانی پاكستانەوە، بوو بە پاڵەوانێكی نەتەوەیی. رۆژی هەینی كە گەڕایەوە بۆ ماڵەكەی، وەكو پاڵەوانێك پێشوازی لێكرا. لەوكاتەوە فڕۆكەوانەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناوبانگی دەركردووە، زۆرێك لە هیندییەكان وەكو سیمبولی ئازایەتی بەباڵایدا هەڵدەدەن. كۆمپانیای (ئەمول) كە بەناوبانگترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی شیرەمەنییە لە هیندستانو ریكلامەكانی لەسەر بنەمای ئەو بابەتانە ئامادە دەكات كە لەناو خەڵكدا بەربڵاون، ریكلامێكی لەسەر شێوازی سمێڵی فڕۆكەوانەكە بەرهەمهێنا. ئاهەنگگێڕانی خەڵك بەبۆنەی گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە ئەو سمێڵەی كە لە دەسكى ماتۆڕ دەچێت، لە هیندستان شتێكی غەریب نییە، لە فیلمەكانی بۆلیوددا ئەو جۆرە سمێڵە بەستراوەتەوە بە كەسانی شەڕەنگێزەو ئەفسەرە دڵڕەقەكانی سوپاو پۆلیسو تەنانەت قاچاخچییە بەدناوەكانیشەوە. بەڵام لەم رۆژانەی دوایدا سومعە بۆ سمێڵ گەڕێندرایەوەو ئێستا بووە بە سیمبولی ئازایەتیو نیشتمانپەروەری. رۆژی دوو شەممە لە شاری بانگالوری باشور سەرتاشخانەیەك دەرفەتێكی خۆڕایی بۆ هەر كەسێك رەخساند كە بیەوێت وەكو فڕۆكەوانەكە بێت. عیمران قریشی خاوەنی سەرتاشخانەی (نانیش ساكور) بە (بی بی سی) وت:" ئەبهیناندان كاری گەورەی كردووە لە پێناو وڵاتەكەماندا. هەستم بەوە كرد دەبێت هەوڵبدەم هەموو روخسارێك وا لێبكەم كە لەو بچن". سێ كەس سمێڵیان وەكو "ئەبهیناندان" چاككرد، یەكێكیان تیجاس چاودری بوو كە وتی:" ئەو وەكو رێزلێنانێك لە فڕۆكەوانەكە ئەو كارە دەكات"، ئاماژەی بەوەكرد" ئەو كاری زۆری لەپێناو وڵاتەكەماندا كردووە، من ناتوانم ئەو كارە بكەم". تیجاس چاودری دەیەوێت سمێڵی وەكو فڕۆكەوانەكە چاك بكات نافین كومار كە شۆفێری ئەمبوڵانسە، ئەویش وەكو فڕۆكەوانەكە سمێڵی چاككردووە، ئەو وتی:" ئەبهیناندان پاڵەوانێكی راستەقینەیە، بۆیە من سمێڵی خۆم وەكو ئەو چاك دەكەم". زۆر كەس بایەخیان بەو شێوازە داوە، بەڵام تاكهور دەڵێ:" سمێڵی درێژنییە بەو ئاستەی كە بتوانێت وەكو دەسكی ماتۆڕ چاكی بكات، كە پێشی دەوترێت چەك بەدەست"، لەبری ئەوە، زۆرینەی پیاوان قژیان كورتدەكەنەوە، كە ئەو شێوازە لای ئەفسەرانی سوپا ناسراوە. لە چەندین ناوچەی تری وڵات، خەڵكانێك وێنەی خۆیان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردوەتەوە كە سمێڵی خۆیان وەكو دەسكی ماتۆڕ چاككردووەو دەڵێن ئەو شێوازەیان لە فڕۆكەوانەكەوە وەرگرتووە. فڕۆكەوانەكە بووە بە سیمبولی نیشتمانی یەكەمجار رۆژی 27ی شوبات هیندییەكان فڕۆكەوانەكەیان بینی، كاتێك وەزارەتی راگەیاندنی پاكستان پارچە ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە كە تێیدا فڕۆكەوانەكە بە چاوی بەستراوو روخسارێكی خوێناوییەوە دەركەوت، بەڵام دواتر پارچە ڤیدیۆكە سڕدرایەوە. دواتر لە ڤیدیۆیەكی تردا فڕۆكەوانەكە بینرا، كە كوپێك چای دەخواتەوەو پەڕۆكە لەسەر چاوی لابراوەو وا دەردەكەوێت بارودۆخی باشە، هەروەك ناوی خۆیو پلە سەربازییەكەی دەڵێتو باسلەوە دەكات "خەڵكی ئەوپەڕی باشورە" بەڵام رەتیدەكاتەوە هیچ وردەكارییەكی تر لەبارەی ئەركەكەی بدركێنێتو دەڵێ" پێویست نییە لەوبارەیەوە هیچتان پێ بڵێم". ئەو ڤیدیۆیە بەشێوەیەكی خێرا بڵاوبووەوە، خەڵك ستایشی لەسەرخۆییو ئازایەتی فڕۆكەوانەكەیان كرد، پاش ماوەیەكی كەم هاشتاگی "ئەبهیناندان بگەڕێننەوە" راگەیەندرا، تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر پڕبوو لە نزاكردن بۆ گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە بە سەلامەتی. رۆژی هەینی كاتێك فڕۆكەوانەكە رادەستی دەسەڵاتدارانی هیندستان كرایەوە، خەڵكێكی زۆر بە ئاڵای هیندستانەوە لەسەر سنور لە ویلایەتی پونجاب كۆبوتەوە. لە زۆرێك لە شارەكانی هیندستان بە هەڵدانی یارییە ئاگرینەكان پێشوازی لە گەڕانەوەی فڕۆكەوانەكە كرا، لەناویاندا شاری دەلهی پایتەخت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پارتیو یەكێتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە كرۆكی رێككەوتنەكەی ئەمڕۆی نێوانیان بۆ رایگشتی هەرێمی كوردستان بڵاونەكردوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكى هەرێم بۆ كاروباری سەربازی وەردەگرێتو پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكیش سپێردراوە بە حكومەتی داهاتووی هەرێم. دوای پێنج مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دواجار ئەمڕۆ پارتی دیموكراتیو كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنیان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئیمزا كرد. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ پارتیو یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە بۆ یەكێتییە. رێككەوتنەكە ! بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای جیاوازەوە لەناو یەكێتیو پارتی دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لەبارەی پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمو پشكی یەكێتی لە حكومەت، رێككەوتنی ئەمڕۆی نێوان پارتیو یەكێتی هیچ شتێكی زیاتری تێدا نییە لەو رێككەوتنەی كە رۆژی (5)ی شوبات لەنێوان هەردوولادا كرا. (درەو میدیا) زانیویەتی، یەكێتی قایل بووە بەو پۆستانەی كە پێشتر لە حكومەت پێیدراوە، واتە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو جێگری سەرۆكی حكومەتو پێنج وەزارەتو چەند دەستەیەك. تەنیا پەرەسەندنێك كە لە رێككەوتنەكەی ئەمڕۆیدا رویداوە، ئەوەیە، یەكێتی بەنوسراو گەرەنتی "شەراكەتی راستەقینە"ی لە پارتی وەرگرتووە لە پرسی حكومەتداریدا لە هەرێم، بەتایبەتی لە بوارەكانی نەوتو پەیوەندییەكانی دەرەوە. گرێكوێرەكەی كەركوك سەبارەت بە پرسی كەركوك كە خاڵی گەورەی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی بوو لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی هەرێمدا، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتیو یەكێتی رێككەوتوون لەسەر ئەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، حكومەتی نوێی هەرێم یەكلايی بكاتەوە، بەجۆرێك حكومەتی نوێی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێككەوتن بكات لەسەر ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكانو دوای ئاسایكردنەوەی دۆخەكان، پارێزگارێكی نوێ لە یەكێتی بۆ كەركوك هەڵبژێردرێت. واتە لەبارەی دۆخی كەركوكەوە، دواجار پارتی بۆچونەكانی خۆی چەسپاندو ئەوەی بۆ یەكێتی ماوەتەوە تەنیا ئەوەیە پارێزگاری داهاتووی كەركوك كەسێك دەبێت لە یەكێتی نیشتمانی، چونكە پێشتر پارتی جەختی لەسەر ئەوە دەكرد دەبێت سەرەتا دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوەو دواتر پارێزگار هەڵبژێردرێت، بەڵام یەكێتی داوای دەكرد دەبێت سەرەتا گرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك بكرێت. پەرلەمانو یەكێتی ! بەپێی رێككەوتنە نوێیەكە، دەبێت لە كورتترین ماوەدا، یەكێتی نیشتمانی كاندیدی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی پارتی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی بكشێتەوەو كاندیدی یەكێتی بەدەنگدان لەناو پەرلەماندا وەكو سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووەو تەنیا (بێگەرد تاڵەبانیو رێواز فایەق)ن. سەرۆكایەتی هەرێم (درەو میدیا) زانیویەتی، بەپێی رێككەوتنەكە، لەدوای پێكهێنانی سەرۆكایەتی پەرلەمان (واتە دەستبەكاربوونی كاندیدی یەكێتی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان) یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەموار دەكرێتەوە، كە ئێستا پارتی پرۆژە هەموارەكەی ئامادەكردووەو، ئەویش هەمواركردنی ئەو بڕگەیە كە باس لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكاتو لە هەموارەكەدا داواكراوە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت. بەگوێرەی رێككەوتنەكەی پارتیو یەكێتی، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی زیاد دەكرێتو ئەو پۆستە بە یەكێتی دەدرێت، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت. سەبارەت بە یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمو یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بڕیارە لەهەمان رۆژدا كۆتایی بە كاركردن بەو دوو یاسایە بهێنرێتو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكرێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەكو خۆی دەمێنێتەوەو كەمناكرێنەوە، هەموو ئەم پرۆسەیە بڕیارە لەماوەی كەمتر لە (10) رۆژدا جێبەجێ بكرێت. سەرۆكی نوێی هەرێم، بە دەنگی (دوو لەسەر سێ)ی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای دەستوری عێراق دەكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان تائێستا دەستوری نییە. بەڵام ئەگەر زیاتر لە كەسێك خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكردو دەنگەكانیان لەناو پەرلەمان یەكسان بوو، ئەوكات بەزۆرینەی سادەی دەنگ كاندیدی سەرۆكی هەرێم یەكلادەكرێتەوە. سەرۆكایەتی حكومەتو وەزارەتەكان لەبارەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی نوێی حكومەتی هەرێمیشەوە، زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئاماژە بەوەدەكەن، پارتی هەوڵێكی هەیە بۆ ئەوەی بەر لە جەژنی نەورۆز حكومەتی نوێی هەرێم پێكبێت. لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان (قوباد تاڵەبانی) كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، پۆستەكانی تریش لەناو باڵەكانی یەكێتیدا یەكلادەكرێتەوە، بەڵام پێدەچێت كاندیدی پۆستەكانی تر لەناو یەكێتی دوچاری گێرمەو كێشە ببێتەوە. لەبارەی وەزارەتەكانیشەوە، یەكێتی لە كابینەی نوێدا (5) وەزارەت وەردەگرێت، یەكێتی تائێستا سورە لەسەر وەرگرتنی وەزارەتی ناوخۆ، یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆو پشكەكانی تری یەكێتی لە حكومەت سپێردراوە بەو كۆمیتە هاوبەشەی كە لە چەند رۆژی داهاتوودا لەنێوان هەردوولادا دروستدەكرێت. كێشەی بەغداد لەسەر پرسی وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی كوردەو بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی تائێستا ئەو وەزارەتە پڕنەكراوەتەوە، مەسعود بارزانی بەڵێنی بە یەكێتی داوە ئەو پۆستە بۆ ئەوان دەبێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر كاندیدی بۆ پۆستی وەزارەتی داد راگەیاندووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت دواجار یەكێتی (خالید شوانی) لە پۆستی وەزارەتی داد جێگیر بكات. بەرهەم ساڵحو پارتی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی بەڵێنیداوە بەمزوانە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاسایی بكاتەوە، كە یەكێك لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەردوو حزب بوو، بەوپێیەی بەرهەم ساڵح لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم یهكێتیی خواستیبوو به زووترین كات لهگهڵ پارتی بگاته ڕێككهوتن، بهڵام نهیدهتوانی، ئهمهش بههۆی ئهو مهرجانهی لهكۆبوونهوهكانی ڕابردوو بۆچوونه حكومهت لهسهرپارتی داینابوو، دوای ئهوهی زانی به تهواوی ناتوانێت ئامانجهكانی بهێنێتهدی، لهم چهند ڕۆژهی ڕابردوودا، دهستیكرد به دۆزینهوهی دهرهچه ( مهخرهجێك ) بۆ دهربازبوون لهو بارودۆخهی تێیكهوتووهو بۆ ڕێگهگرتن له زیاتر پهراوێزخستنی، بهڵام بههۆی ئهوهی كهس نهیدهتوانی لهو حزبه ئۆباڵی ئهستۆی ئهو ڕێككهوتنه بخاته سهر ملی، رٍێككهوتنهكه ههر دوادهكهوت، دواجار بهڵێنێكی زارهكی دوێنێی مهسعود بارزانی و كۆسرهت رهسوڵیان كرده دهرهچه، بۆ دهربازبوون لهو دۆخهو واژۆكردنی ڕێككهوتنهكهی ئهمڕۆیان. پارتی و یهكێتیی لهسهر پرسی پۆستهكانی حكومهت و پهرلهمان و بهغدا هیچ كێشهیهكیان نهبووه، بهڵام پرسی كهركوك، واژووكردنی ڕێككهوتنی سیاسی نێوانیان دواخستبوو، بهڵام دواجار له دوا كۆبوونهوهی ئهمڕۆدا، یهكێتیی نهیتوانی ڕێككهوتنێكی كۆنكرێتی و دیاریكراو، لهبارهی ناوی پارێزگارو وادهی دانانی پارێزگار، به مسۆگهری لهگهڵ پارتی واژووبكات، تهنها ئهوهیه له بارهی رێككهوتن لهسهر پۆستی پارێزگاری كهركووك، سیغهیهكی لاستیكی و مهتاتیان داڕشتووه، میكانیزمیان بۆ ههڵبژاردنی پارێزگاری كهركوك داناوه، دووباره ئهو پرسهی دهسپێردرێت به لیژنه، لهگهڵ گهرهنتی پێدانی ئهو پۆسته به یهكێتیی. بهپێی ڕێككهوتنهكهی ئهمڕۆی نێوانیان ( جگه له قسه ئینشائییهكانی نێو ڕێككهوتنهكه له بارهی كاری هاوبهش و پێكهوهیی لهسهر ئاستی بهغداو ههرێم )، ههنگاوهكانی پێكهێنانی حكومهت و ههڵبژاردنی سهرۆكی پهرلهمان و ههرێم خێرادهبێت، یهكێتیش جگه له وهرگرتنی ههردوو پۆستی سیادی ( سهرۆكی پهرلهمان و جێگری سهرۆكی حكومهت)، پێنج پۆستی وزاری وهردهگرێت، بهڵام وردهكاری تهواوی جێبهجێكردنی ڕێككهوتنهكه دراوهته كۆمیتهیهكی هاوبهش. ئهوهی له ناوهڕۆكی رێككهوتنهكهی ئهمڕۆدا هاتووه و زۆر به دڵی یهكێتیی نییه، برتییه له چاوهڕوانی یهكێتیی له پارتی، بۆ كاتی دانانی پارێزگاری كهركوك و دهشبێت ئهو پرسه بارزانی و كۆسرهت ڕهسوڵ یهكلایبكهنهوه، ئهمهش دهوهستێته سهر پابهندبوون ههردوولا به ناوهڕۆكی رێككهوتنهكه وهكو خۆی.
درەو میدیا: - بودجەی تەندروستی ( 3 ترلیۆن و 290 ملیار دینار) - بودجەی كڕینی دەرمان ( 1 ترلیۆن و 500 ملیار دینار) - پشكی تاكی عێراق لە تەندروستی ( 125 هەزار دینار) - بودجەی بەكاربردنی تەندروستی( 2 ترلیۆن و 900 ملیار دینار) - بودجەی وەبەرهێنان بۆ تەندرووستی( 351 ملیار دینار) - ژمارەی كارمەندانی تەندروستی ( 99 هەزارو 630 ) -
راپۆرتی: درەو میدیا وەڵامەكانی بارزانی لە ئاستی چاوەڕەوانی وەفدی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نەبوو، كە ئەمڕۆ لە پیرمام لەگەڵی كۆبونەوە، مەسعود بارزانی بەغدای بە نیوەناچڵ چارەسەركردوو پرسی كەركوكیشی هەڵپەسارد، چارەسەری بنەڕەتی بۆ كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی پێنەبوو. بە پێی زانیاریەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستی كەوتووە، مەسعود بارزانی هیچ پرسێكی بەتەواوی لەگەڵ بەرپرسانی یەكێتی یەكلا نەكردوەتەوە، تەنها لەسەر هێوركردنەوەی راگەیاندن و گرژییەكانی نێوانیان رێکكەوتوون. بارزانی چی بۆ یەكێتی پێبووە؟ بڕیار بوو ئەمڕۆ وەفدی یەكێتی و پارتی كۆببنەوەو دواتر پێكەوە بچنە لای مەسعود بارزانی، بەڵام بەهۆی سوربوونی یەكێتی لەسەر داواكانی خۆی و نەبوونی چارەسەری بەدیل لەلایەن پارتیەوە، كۆبونەوەكە نەكراوەو دواجار وەفدی باڵای یەكێتی چونەتە لای مەسعود بارزانی لە پیرمام، بارزانی لە گفتوگۆو لێدوانەكانیدا خۆی وەكو مەرجەعێك پیشانداوەو لە هەندێك لە لێدوانەكانیدا بێلایەنانە قسەیکردووە. ئەوەی هەردوولا لەسەری كۆك بوون، هەوڵدان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو رێگەگرتن لە هەڵمەتی راگەیاندن لە دژی یەكتر بۆ ئەوەی كەشوهەوایەكی گونجاو بڕەخسینن بۆ رێكکەوتنی نێوان هەردوولا، بەڵام لەسەر بەشێك لە پرسەكان هەڵوێستیان جیاواز بووە. پرسی وەزارەتی دادی عێراق لەسەر پرسی پێدانی وەزارەتی دادی حكومەتی عێراق بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، مەسعود بارزانی بەڵێنی بە وەفدەكەی یەكێتی داوە كە ئەتوانن كاندیدی خۆیان بدەنە عادل عەبدولمەهدی و ئەوان هیچ لاریەكیان نیە و كاندیدیان نابێت و پشتیوانیشی ناكەن، پێشی وتوون كە ئەو وەزارەتە هیچ سودێكی بۆ هەرێمی كوردستان نابێت، بۆیە نابێت ببێتە كێشە لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و تێكچونی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی. پرسی سەرۆك كۆمار لە پرسی مامەڵەكردنی پارتی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق ( بەرهەم ساڵح) مەسعود بارزانی نیگەرانی خۆی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام پێشی راگەیاندوون كە پەیوەندیەكانیان ئاسایی دەكەنەوەو وەك یەكەم هەنگاویش هۆشیار زێباریان ناردووە بۆ كۆبونەوە لە سەرۆكایەتی كۆمار، كە ئەمەش سەرەتای ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی پارتیە لەگەڵ بەرهەم ساڵح، لە سەرۆكایەتی كۆماریش هۆشیار زێباری بۆ ماوەی 20 خولەك لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبوەتەوەو پەیامی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی پارتی پێگەیاندووە. پرسی كەركوك لەسەر پرسی كەركوك، مەسعود بارزانی بە وەفدی یەكێتی راگەیاندووە " ناكرێت بە بێ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك پارێزگار هەڵبژێردرێت، چونكە بەبێ ئاساییكردنەوەی دۆخەكەو گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەگەر پارێزگار كوردیش بێت دەسەڵاتی ئەوتۆی نابێت"، لەگەڵ ئەوەی وەفدی یەكێتی سوربوونی سەركردایەتی حزبەكەیان راگەیاندووە لەسەر ئەوەی كە دەبێت پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردرێت و بۆ یەكێتیش بێت، هەروەها پارتی پێشنیازێكی نوێی خستوەتە بەردەم یەكێتی بۆ كەركوك، ئەویش پێدانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە بە یەكێتی لەبەرامبەر دواخستنی پرسی پارێزگاری كەركوك، هەرچەندە رەنگە ئەم پێشنیازە بۆ یەكێتی خراپ نەبێت و باڵەكانی یەكێتی لەسەری بوەستن، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی تا ئێستاش سورن لەسەر ئەوەی كە پارتی بە نوسراو گرەنتی پارێزگاری كەركوك بدات بە یەكێتی، چونكە یەكێتی پێی وایە تاكە دەستكەوتی لەم حكومەتە تەنها بەدەستهێنانی پارێزگاری كەركوكە، پارتیش سەرەرای بیانوی نائارامی كەركوك، گومانیشی لە فراوانبوونی دەسەڵاتی یەكێتی هەیە لە حاڵەتی گرتنە دەستی پارێزگاری كەركوك. رەنگە كەركوك بۆیەكێتی خۆیشی سەرئێشەو ناكۆكی بەداودا بێت بەتایبەتی لە دیاریكردنی كاندیدی پارێزگاری كەركوك كە ئێستا هەرباڵەی ناو یەكێتی كاندیدی نوێ پێشكەشدەكەن. پۆستەكانی هەرێم بەشێكی زۆری سەركردایەتی یەكێتی پێیان وایە كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هیچ گرنگیەكی نەماوە بۆ یەكێتی و پێویستە لەبەرامبەر سەرۆكی پەرلەمان پۆستی دیكە وەربگرن، بەتایبەت پۆستی سیادی، زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان داوای پۆستی وەزارەتی ناوخۆ و جێگری سەرۆكی هەرێم دەكات، هەرچەندە پارتی بە بەرپرسانی یەكێتیان راگەیاندووە جێگری سەرۆكی هەرێم بەپێی رێكکەوتن دراوە بە گۆڕان و پاشەكشەی لێناكەن، بەڵام رەنگە لە حاڵەتی رازی بوونی یەكێتی بە چونی بۆناو حكومەت پۆستەكان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، چونكە یەكێتی داوای دوو ئەوەندەی ئەو پۆستانە دەكات كە بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، ( چوار وەزارەت و چوار بریكار و جێگری سەرۆكی هەرێم و یاریدەدری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازی و دەیان بەرێوەبەر و راوێژكار) . كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە؟ بڕیارە سبەی دووشەممە وەفدی یەكێتی و پارتی لە هەولێر كۆببنەوە، ئەگەرچی باس لە كۆبونەوەی یەكلاكەرەوە دەكرێت، بەڵام رەنگە ئەو كۆبونەوەیە درێژە بكێشێت بۆ چەند كۆبونەوەیەكی دیكە، چونكە كۆبونەوەكەی بارزانی و وەفدی یەكێتی كێشەكانی بەتەواوی ( حەسم )نەكرد، ئێستا لەبەردەم كۆبونەوەی سبەی وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی چەن پرسێك ئامادەیە بۆ یەكلاكردنەوە لەوانە: • پرسی بارودۆخی كەركوك و یەكلاكردنەوەی پارێزگاری كەركوك • پرسی هاوبەشی راستەقینەی یەكێتی لە حكومەت • پرسی بەركەوتەی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمان • پرسی میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم • پرسی بەغداو سەرۆك كۆمار • پرسی میكانزمی رێكکەوتنی سیاسی نێوان هەردولا بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە هەردوولا بگەنە رێكکەوتن و چارەسەری مامناوەند بۆ پرسەكان بدۆزنەوە، چونكە هەردوولا ماندووبون لەوەی ناتوانن یەكتری بخەن و ناشتوانن بەبێ یەك حكومەت پێكبهێنن و سەرەرای فشاری نێودەوڵەتی ( ئیران – ئەمریكا) لەسەر هەرێم بۆ رێكکەوتن، بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی نێوان هەردوولاش زۆر لەوە زیاترن كە لێكبترازێن.
راپۆرتی: درەو میدیا ساڵی رابردوو دروست لە 3/5/2018 لەو كاتەی ئاسمانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەرووی توركیا داخرابوو، شاسوار عەبدولواحید لە بەریتانیاوە دەگەڕێتەوە فڕۆكە خانەی بەغدا و لەوێشەوە بۆ فرۆِكەخانەی نێو دەوڵەتی سلێمانی، كاتێك دەچێتە شوێنی چێككردن، "بە وتەی كەسێكی نزیكی شاسوار عەبدولواحید" یەكسەر شاسوار عەبدولواحید بەرێدەكەن و نەچێكی پاسپۆرتی بۆ دەكەن نە پەنجە مۆر و نە وێنەی دەگرن بە پێچەوانەی سەرنشینانی ترەوە". شاسوار عەبدولواحید بە كارمەندی ئاساییشی فڕۆكەخانە دەڵێت:" بۆچی چێكی پاسپۆرتم بۆ ناكەن، چونكە ناوبراو گومانی لا دروست دەبێت لەوەی دواتر كێشەی بۆ دروست بكەن، كارمەندەكان پێی دەڵێن نایەوێت، لەو كاتەدا دەمە بۆڵە دروست دەبێت لە نێوان هەردوولادا، بە وتەی كارمەندانی فڕۆكەخانە شاسوار عەبدولواحید ئیهانەی كردون وەك لە سكاڵاكەدا هاتووە، بەڵام كەسە نزیكەكانی دەڵێن شاسوار عەبدولواحید تەنها پێی وتوون ئێوە دەتانەوێت كێشەم بۆ دروست بكەن و من لە سەرو خۆتان لە بەغداو لە هێڵی فڕۆكەوانی عێراق سكاڵاتان لەسەر تۆماردەكەم". تۆماركردنی سكاڵا شاسوار عەبدولواحید دوو سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە یەكێكیان كارمەندی ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانیە كە شاسوار عەبدولواحیدی تۆمەتباركردووە بەوەی قسەی پێ وتووەو ئیهانەی كردووە، ئەوی تریان كارمەندێكی ( كۆمپانیای ئەزمەڕ ئێرلاین)ە كە شاسوار عەبدولواحیدی تۆمەتباركردووە بەوەی پاڵی پێوەناوە لەناو فڕۆكەخانەدا. رێباز مەحمود، پارێزەری شاسوار عەبدولواحید بە ( درەو میدیا) راگەیاند" شاسوار عەبدولواحید دوو سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، یەكەمیان سكاڵایەكە بە مادەی ( 229 ) كە تایبەتە بە ئیهانەكردن بە كارمەدانی گشتی دەوڵەت، لەسەر ئەم سكاڵایە دادوەر بە بارمتەی ( 1 ملیۆن دینار) شاسوار عەبدولواحیدی ئازادكرد". لە دەقی مادەی 229 ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە" هەر كەسێك ئیهانە یان هەڕەشە لە فەرمانبەر یان هەر كەسێك راسپێدرابێت بۆ كارێكی گشتی(مكلف بخدمە عامە) بكات، ئەوا سزادەدرێت بە بەند كردن( حبس ) كە زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و غەرامە كردنی كە زیاتر نەبێت لە دوو سەد دینار". سكاڵای دووەم بە پێی مادەی ( 434 ) ی یاسای سزادانی عێراقیە كە تایبەتە بە دەمە بۆڵە( جنێودان) لە نێوان دوو كەسدا، ئەمەش لە مادە ئاسانەكانە، هەربۆیە بە پێی ئەو مادەیە شاسوار عەبدولواحیدیان دەستگیركرد، بیانووی دەستگیركردنەكەش ئەوەیە كە بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانەی سلێمانی كە سكاڵاكان لەوێ تۆماركراون" دەڵێن چەندجارێك ئاگاداركردنەوەیان ناردووە بۆ شاسوار عەبدولواحید و كەس لێی وەرنەگرتوون، بەڵام پارێزەرەكەی دەڵێت شوێن و ناونیشانی شاسوار عەبدولواحید دیارەو كەس ئاگاداركردنەوەی نەهێناوە. هەروەك لە راگەیەنراوەكەی دادگای سلێمانیدا هاتووە" لە مانگی 5/2018 وە دادگا بانگهێشتنامەی ئاراستەی شاسوار عەبدولواحید كرد، بەڵام بەڕێزیان ئامادەنەبوو بێتە بەردەم دادگا و بەدەم بانگهێشنامەكەوە نەهات, بۆیە دادگا بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناوبراو دەركرد" لە دەقی ماددەی (434) لە یاسای سزادانی عیراقیدا هاتووە كە" تاوانی (جنێودان)بریتیە لەوەی كەسێك قسەی وەها بە یەكێك بڵێت كە ئابڕووی یان پێگەی لەكەدار بكات یان هەستی بریندار بكات هەرچەندە ڕووداوێكی دیاریكراوی نەدابێتە پاڵ". ئێستا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ براوە بۆ زیندانی گرتنو گواستنەوەی ( مەعەسكەر سەلام) و بڕیارە سبەی بهێنرێتەوە بۆ بەردەم دادوەری لێكۆڵێنەوەی ئاسایش، كە پێشتر دادوەر بە پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحیدیان راگەیاندبوو با بێتە بەردەم دادگاو بە كەفالەت ئازاددەكرێت چونكە مادەكانی سوكە. هەربۆیە شاسوار عەبدولواحید كاتژمێر 9:30 خولەكی بەیانی لە ماڵەكەی خۆی بەرەو دادگای سلێمانی بەرێكەوتووەو چوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی لەوێ دەستگیركراوەو براوە بۆ بنكەی پۆلیسی فڕۆكەخانەی سلێمانی و لەوێشەوە بۆ زیندانی گرتنو گواستنەوەی ( مەعەسكەر سەلام). لەتیف شێخ مستەفا دادوەری دەستلەكاركێشاوە لە نوسێنێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی دەڵێت" مادەی ٤۲٤ لە یاسای سزادان سزاكەی لە ساڵ كەمترە وتاوانی جۆری كەتنی سادەیە و پێویستە (واجبە ) لەسەر دادوەر یەكسەر بەكەفالەت بەری بدات بەگوێرەی مادەی۱۱٠لەیاسای بنەمای دادگەریە سزاییەكان و دەشێ هەر بەبەڵێن نامەی كەسی بەربدرێ بەتایبەتی ئەگەر تۆمەتبار كەسێكی ناسراو بێت و ترس لە ڕاكردنی نەبێت ،گرنگیش نیە بە پیر تەبلیغەكەوە نەچوبیت و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوبێت ،بەتایبەتی دەبێ ئەوەش بزانرێت كە تەوقیف ئیجرائیكی ئیحتیاتیەو سزا نیە ،باشە پرسیارەكە ئەوەیە بۆ چەند مانگە ئەو فەرمانە جێبەجێ نەكراوە و پشت گوێ خراوە ئایا تۆمەتبار هەر لەم شارە نەبوە ؟بۆ ئیستا جێ بەجێ دەكرێ دوای ئەوەی تۆمەتبار هەندێ قسەو ڕەخنەی سیاسی توند بە دەسەڵاتداران دەڵێت چۆن ئیتر خەڵك قەناعەت بكەن كە دادگا بەكار نایەت ؟" بەرپرسانی نەوەی نوێ گومانیان هەیە بەرپرسانی نەوەی نوێ گومانیان هەیە لە شێوازی دەستگیركردنی سەرۆكەكەیانە و پێیان وایە " دەستگیركردنەكەی سیاسییە نەك یاسایی". فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە" دەستگیركردن و زیندانیكردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سیاسییە نەك یاسایی". بەشێكی دیكەی بەرپرسانی نەوی نوێ پێیان وایە دەستگیركردنی، بەشێكی هەوڵێكە بۆ شكاندنی كەسێتی شاسوار عەبدولواحیدو بەشێكیشی بۆ رێگریە لە كاروچالاكییەكانی بەتایبەتی كە بڕیاربووە سبەی دووشەممە لە بەغداد لەگەڵ بەشێك لە سەركردە باڵاكانی عێراق كۆببێتەوەو دووسبەی سێشەممەش لە پەرلەمانی بەریتانیا كۆڕێك سازبكات سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان. رەنگە بە حوكمی پۆستەكەی دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید بەرگێكی سیاسی وەرگرتبێت و هەموو لێكدانەوەكان بە ئاراستەی دیوە سیاسیەكەی دەڕەوات، كە لە پاڵ ئەو لێكدانەوەیەی كە دەوترێت بۆ تێكشكاندنی كەسێتی سیاسی شاسوارعەبدولواحیدە، لێكدانەوەیەكی تر دەڵێت دەستگیركردنەكەی هەولێكە بۆ زیاتر گەورەكردن و ناساندنی شاسوار عەبدولواحید. دادگا بێدەنگی دەشكێنێت هەرچەندە بەرپرسانی نەوەی نوێ پێیان وایە دەستگیركردنی شاسوار عەبدولواحید پەیوەندی بە هەڵوێست و قسەو لێدوانەكانیەوە هەیەو كەیسەكەی سیاسییە نەك یاسایی، بەڵام لە رونكردنەوەیەكدا دادگای سلێمانی رایدەگەیەنێت " فەرمانی دەستگیركردنی هاوڵاتی (شاسوار عەبدولواحید) پەیوەندی بە پۆستەكەیەوە نییە وەكو سەرۆكی پارتێكی سیاسی، بەڵكو لەسەر دوو سكاڵایە كە دژی خودی خۆی تۆماركراون، دوای ئەوەی بەدەم بانگهێشتی دادگاوە نەهاتووە" رونكردنەوەكەی دادگا ئەوەشی خستوەتەروو كە شاسوار عەبدولواحید بەشێوەیەكی كاتی راگیراوە" لە دۆسیەی سكاڵای دوو كارمەندەكەی ئاسایشی فڕۆكەخانە كە مادەی (۲۲۹ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە بە كەفالەت ئازاد كراوە، و لە دۆسیەی كارمەندی كۆمپانیاكە كە مادەی (٤۳٤ لە یاسای سزادانی عێراقی) بۆ دانراوە، تۆمەتبار بەشێوەیەكی كاتی ڕاگیراوە"
راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی دووەم یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی قوتابخانەكانی هەرێم كێشەی زۆری خوێندكارە لە پۆلێكدا كە لەگەڵ ستاندارە نێودەوڵەتیی و زانستییەكاندا یەكناگرێتەوە، لە كۆی ( 1 ملیۆن و 741 هەزار و 764 ) قوتابی ( 68 هەزارو 91 ) پۆلی خوێندن هەیەو كە ( 5 هەزارو 234 ) قوتابخانە كە پۆلەكان بە شێوەی نادادپەروەر قوتابیەكان بەسەر پۆلەكان دابەشبوون، هاوكات ( 716 ) قوتابخانە نەبەستراونەتەوە بە ئاوی پاكەوە و گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە. لە ( 5 هەزارو 234 ) قوتابخانە ( 159 ) قوتابخانەی تەوالێت ( W.C ) ی نیە بۆ قوتابیەكان و ( 350 ) قوتابخانەی تەواڵیتی بۆ مامۆستا نیە، هەروەها ( 2 هەزارو 411 ) قوتابخانە باخچەی نیە بەرێژەی ( 46%). زۆری ژمارەی خوێندكار لە پۆلێكدا بەپێی سیستمی نوێی خوێندن دەبێت هەر پۆلێك لە (15-40) خوێندكاری زیاتر تیادا نەبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینیدەكرێت بەهۆی ژمارەی زۆری خوێندكاران و كەمی پۆلەكانەوە ئەم ستاندارە جێبەجێ نەكراوە، زۆر قوتابخانە هەیە پۆلەكانیان 50-60 خوێندكاری تیادایە و ئەمە لەگەڵ هیچ پێوەرێكی پەروەردەییدا ناگونجێت، كە بێگومان ئەم ژمارە زۆرەش دەبێتە مایەی ئەوەی كە فەوزا لە پۆلەكەدا هەبێت و مامۆستا نەتوانێت بەباشی وانەكە بگەیەنێت و نەتوانێت وەك پێویست چاودێری خوێندكارەكان بكات لە فێربوون و تێگەیشتنیان لە وانەكە. بێگومان ئەم حاڵەت زۆرتربووە كەمتر نەبوە، بەتایبەت بەهۆی بارودۆخی ئەم چەند ساڵەو نەكردنەوەی قوتابخانەی نوێ ئەوەش هێندەی تر كاری مامۆستای قورستركردوە پڕۆسەی فێركردنی هێندەی تر دواخستوە. ئاماری پێنج ساڵی رابردووی ژمارەی خوێندكاران لە پۆلێكدا: پاكوخاوێنی لە قوتابخانەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان لەڕوی پاكوخاوێنییەوە وەك پێویست نین. چ ژووری پۆلەكان، یا دیوارەكان یا گۆڕەپانەكانی، ئەمە جگە لە توالێتەكان كە هەر باس ناكرێت. ئەمە هەم دیمەنێكی ناشیرینە و هەم دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوەی جۆرەها نەخۆشی، هەم دەبێت بە كلتورێكیش لای ئەو مناڵانە كە گرنگی بە پاكوخاوێنی نەدەن. ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە پەروەردە غیابە لەناو قوتابخانەكانی ئێمەدا، هەر بۆیە دەبێت پەروەردە پێش فێركردن بێت. گرفتی گەورە سەرەتا لەقۆناغی بنەڕەتی و گرنگی نەدانی پێویست بەهۆشیاری پاك راگرتنی ژینگەو خاوێنی قوتابخانە دەستپێدەكات، تا لەقۆناغی ئامادەیی دەگاتە ئەوەی رۆژانە بن رەحلەو سەر پەنجەرەو قادرمەو بن دیوارو ژوورەكان، پڕ دەكرێن لەپاشماوەی قوتووی ئاوو بیبسی و كاغەزو سەمون. ئەم حاڵەتە ئەوە دەهێنێت كاری پەروەردەیی جدی بۆ بكرێت. لە راستیدا گرنگیدان بەهەستی بەرپرسیارێتی پاك راگرتنی قوتابخانەو بایەخدان بە كاری هەرەوەزی، ئەركێكی سەرەكی پرۆسەی پەروەردەو فێركردنە. بۆ ئەو مەبەستە دەكرێت قوتابیان و تێكڕای ستافی مامۆستایان، بە بەرێوەبەرو جێگرەكانییەوە، بەشداربن لە شوشتنی ژورو پۆل و راوەوەكان و خاوێنكردنەوەی قوتابخانە، دەكرێت لە ساڵەكەدا چەند رۆژێك بۆ كاری پاكردنەوەی قوتابخانە، بە شێوەی كۆمەڵ، دیاری بكرێت و بخرێتە بەرنامە یان ساڵنامەی قوتابخانەكەوە، نەك هەر پشت بەستن بەتاقە خزمەتگوزارێك. گرفتی ئاوی خواردنەوە ئاوی خواردنەوە یەكێكە لە مافە سەرەتاییەكانی هەر خوێندكارێك كە پێویستە لە قوتابخانەكاندا بۆی دابین بكرێت، بەڵام بەشێكی زۆر لە قوتابخانەكان، بە تۆڕی ئاوی پاكەوە نەبەستراونەتەوە و نەبوونی ئاوی پاك بۆ خواردنەوە لە خوێندگاكاندا گرفتێكی ترە. ئەو قوتابخانانەش كە بەتۆڕی ئاوی خواردنەوەوە بەستراونەتەوە، وەك پێویست نییە، یا ئاوەكە پاك نییە یاخود شوێنی دابینكردن یا بەكارهێنانی ئاوەكە و تانكی سەربانی قوتابخانەكان وەك پێویست نین و پاك نین، مەرجی سەرداپۆشین و پارێزگاریشیان تێدا نییە، كە هۆكاری پیسبوونی زیاتری ئاون، تانكی ئاوەكان ساڵانە پاكناكرێنەوە، ئەمەش كاریگەری لەسەر تەندروستی ئەو مناڵانە دەبێت. خۆ ئەگەر لیژنەیەك بچێت پشكنین بۆ تانكی ئاوەكان بكات، ئەوسا دەزانێ چ میكرۆبێك لەنێو ئەو تانكییانەدایە، هەندێك لە قوتابخانەكان چەندان ساڵە تانكییەكانیان پاك نەكردووەتەوە. بەپێی ئامارێك 13.6%ی قوتابخانەكانی هەرێم لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن. لەم خشتەیەدا بۆمان دەردەكەوێت كە چەند قوتابخانە بە تۆڕی ئاوی پاكەوە نەبەستراونەتەوە: گرفتی توالێت و دەستشۆر شوێنی دەست شۆردن و توالێتەكانی زۆربەی قوتابخانەكان پاك نین و شایەنی بەكار هێنان نین و هیچ مەرجێكی تەندروستیان تێدا نیە, ئەمەش هەم دەبێتە مایەی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی و هەم نەنگییە بۆ دەزگایەكی رەسمی و پەروەردەیی شوێنی تەوالێت و دەستشۆرەكانی بەم شێوازە بێت. كە دواجار كاریگەری لەسەر خوێندكارەكان بەشێوەیەك دەبێت كە پەروەردە نەبن. لەو قوتابخانانەشدا كە تەوالێت هەیە ژمارەیان كەمە، قوتابخانەیەك ئەگەر 500 قوتابی هەبێت، چۆن دەكرێت لە پشوویەكی 5 خولەكیدا ئەو ژمارەیە بە 5 یان 6 تەوالێت رابگەن؟! دەستشۆریش هەمان شت. لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە تەنانەت چەندان قوتابخانە تەوالێتیان نیە: ساردی و گەرمی قوتابخانەكان ژینگەی زۆربەی قوتابخانەكان لەڕووی ساردی و گەرمیەوە بۆ منداڵان گونجاو نیە، لە وەرزی هاوینا گەرم و تاقەت پڕوكێنە و هۆكارەكانی فێنككردنەوە نین و گەر هەشبێت وەك پێویست نیە، لە وەرزی زستانیشا ساردە، بەشێك لە پۆلەكانی خوێندن شوشەی پەنجەرەكانیان شكاوەو ئەمەش دەبێتە مایەی ساردی زیاتر. یان هۆی گەرم كەرەوەیان نیە یان زۆپاكان شكاون یان نەوت و پلیتەیان تیانیە، بەگشتی ئەمانە دەبنە مایەی ئەوەی منداڵا لە قوتابخانە بێزار بێت. لەلایەكی تریشەوە حكومەت و وەزارەت وەك پێویست سوتەمەنی بۆ قوتابخانەكان دابین ناكەن، لەم خشتەیەدا هۆكارەكانی گەرمی و فێنك كەرەوەمان بۆ دەردەكەوێت: گرفتی كارەبا لە قوتابخانەكاندا پێویستە قوتابخانەكان بەردەوام كارەبای نیشتمانییان هەبێت، بەڵام كارەبا وەك پێویست نیە و ئەو ئامێرانەش كە بە كارەبا كار دەكەن لەو كاتانەدا لە كار دەوەستن. ئەمەش بوەتە مایەی ئەوەی خوێندكاران لە وەرزی گەرمادا لە خوێندن بێزار بن. وە لەوەرزی زستانیش لەبەر سەرما و هەڵا لەرزینیان نەتوانن بەباشی لەپۆلدا دابنیشن. ئەم گرفتە وایكردووە، ئەگەر كەش هەور و باراناوی بێت، ژوورەكان بەتەواوی تاریكدابێن، بەتایبەت لە دەوامی ئێواران، مامۆستا ناچارە خوێندكاران ڕەوانەی ماڵەوە بكاتەوە. ئەمەش دەبێتە تەگەرە لەبەردەم تەواوكردنی پرۆگرامی خوێندن. زۆر قوتابخانە دەوامی ئێواران بەتایبەتی وەرزی زستان هەر لەكاتژمێر 3ی دوای نیوەڕۆوە، كە كارەبا نەبێت، ژوورەكان تاریك و نوتەكن، گرفتی نەبوونی كارەبا فرە رەهەندەو زۆر ئیشوكاری پێویستی قوتابخانەی پەكخستووە، چارەسەر ئەوەیە لەبیری ئاوی گەڕەكەكان كە خەتی هەمیشەیی كارەبای نیشتمانیان هەیە، خەت بۆ قوتابخانەكان رابكێشرێت، یان لەرێی پارێزگاكان گازی تایبەت بەموەلیدەكان بدرێت و هەتا ئەمپێری موەلیدەی ئەهلی گەڕەكیشیان هەبێت. لەم خشتەیەدا باری قوتابخانەكانمان بۆ دەردەكەوێت كە تاچەند كارەبای نیشتمانی بەردەوامیان هەیە: نەبوونی كارگوزار و باخچەوان لە قوتابخانەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان یا كارگوزاریان نیە، یا ئەوەتا ئەگەر هەشیان بێت یەك یا دوو كارگوزاریان هەیە و ئەوانیش بەساڵاچوون و پێویستە خانەنشین بكرێن, ئەمەش یەكێك لە هۆكارەكانی پیس و پۆخلی هەندێك لە قوتابخانەكانە. وە ناكرێت لە قوتابخانەیەكدا چەند كارگوزارێك هەبێت و لە زۆربەی قوتابخانەكانی تریشدا یەك دانە یا هیچ نەبێت. لەم خشتەیەدا ئاماری پێنج ساڵی رابردووی كارگوزار لە قوتابخانەكاندا دەخاتە بەرچاو: نەبوونی باخچە لە قوتابخانەكاندا مەسەلەی ژینگە و ژینگە پارێزی یەكێك لەبابەتەكانی سەردەمە و پێویستە گرنگی پێ بدرێت و خوێندكار لەگەڵی رابهێنرێت، بۆئەوەی گیانی ژینگە پارێزی هەر لە مناڵیەوە تیایدا چەكەرە بكات، بەڵام بەداخەوە زۆبەی هەرە زۆری قوتابخانەكانی ئێمە باخچەیان تیادا نیە و ئەم بابەتە گرنگی پێ نادرێت و پشتگوێ خراوە كە ئەمەش هەم دیمەنی قوتابخانەكانی ناشیرین كردووەو هەم خوێندكارانیش بەم گیانە راناهێنێت. لەو قوتابخانانەشدا كە باخچە هەیە، سەرەتا دارێكی زۆر دەڕوێنرێت، چونكە فەرمانبەری تایبەتی وەك باخەوان بۆ دانامەزرێت، دارو گوڵ و سەوزاییەكەی هەرزوو وشك دەكات و مشوری ناخورێت، لەكاتێكدا ناكرێت قوتابخانە باخەوانی نەبێت. لەم خشتەیەدا رێژەی باخچەی قوتابخانەكان روون دەبێتەوە: كێشەی فرۆشگە (حانوت)ی قوتابخانەكان فرۆشگەی قوتابخانەكان كە شوێنی دەستكەوتن و كڕینی كەلوپەل و پێداویستی و خواردنی خوێندكارانە لە قوتابخانەكاندا، بەڵام وەك پێویست نیە، لە هەندێك قوتابخانە هەر نیە، لە هەندێكیان هەیە بەڵام بێ سەروبەرە، كەلوپەلەكانی گرانە، شت و مەكی بەسەرچوو لە هەندێكیان فرۆشراوەو چاودێری بەسەرەوە نیە كە ئەمەش مەترسی هەیە بۆسەر تەندروستی خوێندكارەكان، هەندێك لەو مادانەی لە فرۆشگەكان دەفرۆشرێن، بەهیچ شێوەیەك لە ڕووی تەندروستییەوە ڕێگە پێدراو نین و زیان بە تەندروستیی خوێندكاران دەگەیەنن. لە هەندێك قوتابخانەشدا فرۆشگا بازرگانی پێوە دەكرێت كە بە نرخێكی خەیاڵی بە كرێدراوە كە لۆژیك قبوڵی ناكات و مایەی سەرسوڕمانە، بەتایبەت لە هەندێك لە ئامادەییەكانی كچان! كە نازانرێت هۆكارەكەی چیە؟ ئەمە گرفتێكەو ئەركی سەر شانی وەزارەتە هیچی تر پشتگوێی نەخات و بەدوایدا بچێت. جگە لەوەی لەم دووساڵەدا پارەی فرۆشگاكان دەبرێنە بانك و جارێكی تر لەوێوە دابەش دەكرێت، بەڵام زۆرێك لە فرۆشگاكان ئەو پارەیەیان وەرنەگرتوە یان لەكاتی خۆیدا وەریان نەگرتوەو قوتابخانەكان كەوتونەتە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوە. یان ناتوانن پێداویستیەكان لەكاتی خۆی دابین بكەن، جگەلەوەی بڕێكی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەكان، لەكاتێكدا ئەگەر پارەكە لە دەستی قوتابخانەكە خۆیدا بێت و لیژنەیەكی شارەزاو بەرپرسیار سەرپەرشتی بكات، ساڵانە زۆر كێشەی خۆیان چارەدەكەن و پێداویستییەكانیان دابین دەكەن. لەم خشتەیەدا رەوشی فرۆشگای قودابخانەكان دەردەكەوێت: لە هەندێك ناوچەی دەرەوەی شارەكاندا بەچەند گوندێك یەك قوتابخانەیان هەیە، هاتوچۆی منداڵانی گوندەكانی تر بۆ ئەو گوندەی قوتابخانەی لێیە قورسە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا، هیچ هۆكارێكی هاتوچۆشیان بۆ دابین نەكراوە. بۆ پاراستنی گیانی ئەو منداڵانە و باشتر سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە لەو ناوچانەدا، پێویستە وەزارەت بیرێكی لێبكاتەوە و بەرنامەیەكی بۆ دابنێت و هۆكارەكانی هاتوچۆیان بۆ دابین بكات. ئێستا زۆربەی قوتابی و خوێندكارانیش لەناو شارەكان هەر بەپاس یان تەكسی هاتوچۆ دەكەن ئەوەی گرفتە زۆربەی كچان لەگەڵا سایەقی پاسەكان روبەری كێشەی گەورە بونەتەوە هەروەها لەناو پاسەكاندا بەتایبەت بۆ منداڵان لەبەیانی زوو هەتا نیوەرو ئێوارە گۆرانی زۆر نەشیاویان بۆ لێدەدەریت كە بووە بەسەر زاری هەمویان رۆژانە دەیڵێنەوە و پڕن لەوشەی ناپەروەردەیی، جگە لە هەرەمەكی نرخەكانیان، بۆیە گرنگە پەروەردە بەجدی رێنمایی هەبێت لەوبارەیەوە وە بەرَێوەبەر ئاگاداری دۆخەكە بێت بەهەماهەنگی لەگەڵ كەس و كاریان.
( درەو میدیا): كورد و سوننە لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادان لە عێراق و شیعەش دژیەتی و هێزە شیعەكان دەیانەوێت هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە و لە پەرلەمانەوە كۆتایی بە مانەوەو هەژموونی هێزە بیانییەكان بەگشتی و هێزەكانی ئەمریكا بە تایبەتی بهێنن. سەرچاوەیەی سیاسی باڵا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكان و نوێنەری قەوارەكانی عێراقدا كە بە بانگهێشتی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام بەڕێوەچوو، هیچ رێككەوتنێك لەسەر چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نەكراوە. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی یەكێك بووە لە بەشداربوانی كۆبوونەوەكە لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی " غەد پرێس" وتی:" نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا مانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق رەتكردەوە و هەڕەشەیەكی ئەمریكای رەتكردەوە كە لە كۆبوونەوەكدا باسكرا بەوەی دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا كاریگەری زۆر خراپی لەسەر عێراق دەبێت". ئاشكراشیكرد زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی سوننە و كورد لەگەڵ مانەوەی هێزەكانی ئەمریكادان لە عێراق و هێزە سیاسییەكانی شیعەش ئاماژەیان بەوەدا كە لەرێگەی دەركردنی یاسایەوە یان رووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە هێزەكانی ئەمریكا ناچاردەكەن لە عێراق بچنە دەرەوە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە لە كۆبوونەوەكەی كۆشكی سەلامدا رێككەوتنكراوە كە بە لێكتێگەیشتنێكی سیاسی و بە رێككەوتن متمانە بە كاندیدی وەزارەتە بەتاڵەكانی كابینەی ئێستای حكومەت بدرێت و رێژەی یاسای پەرلەمان تێكنەدرێت و پشێوی لە پەرلەماندا نەنرێتەوە.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف "كێشەی هەڤاڵ ئەبوبەكر كۆتایی نایەت" ئەمە ناونیشانی قەیرانێكی نوێیە لە دۆخی سیاسی زۆنی سەوزو نیللیدا، ماوەیەكە لەناو یەكێتی قسەوباس دەكرێت لەبارەی سەندنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەندامێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگا دەڵێ" هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو یەكێتییەك مامەڵە دەكاتو سیاسەتی یەكێتی جێبەجێ دەكات". لەدوای دروستبونییەوە لە ساڵی 2009، بزوتنەوەی گۆڕان دووجار رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئیمزا كردووە: • رێككەوتنی یەكەم: رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە لە 12/11/2014 ئیمزاكرا. • رێككەوتنی دووەم: رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیو گۆڕان "رێككەوتنی دەباشان" كە لە 17/5/2016 ئیمزاكرا. رێككەوتنی دووەمی نێوان یەكێتیو گۆڕان "رێككەوتنی دەباشان" تەنیا یەك خاڵی لێ جێبەجێكرا، ئەو خاڵەش بڵاوكردنەوەی دەقی رێككەوتنەكە بوو بۆ رایگشتی، رۆژی 20/12/2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە كاركردنی بە رێككەوتنەكە هەڵپەسارد. لەدوای هەڵپەساردنی "رێككەوتنی دەباشان"، ئێستا تەنیا یەك رێككەوتن ماوە لەنێوان یەكێتیو گۆڕاندا، ئەویش رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێییە لە سلێمانیو هەڵەبجە. ئەم رێككەوتنەش بەپێی ئەوەی لە دەقی نوسراوی رێككەوتنەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە، رۆژی 30/4/2018 كۆتایی هاتووە، واتە نزیكەی ساڵێكە وادەی كاركردن بەم رێككەوتنە بەسەرچووەو هەردوو لایەن رێككەوتنەكەیان هەموارنەكردوەتەوە. یەكێتی پارێزگار دەگۆڕێت ؟ لەدوای ئەو رێككەوتنە سیاسییەی كە رۆژی 18ی شوبات بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئیمزایان كرد، لەناو سەركردایەتی یەكێتی دەنگێك بەرزبوەتەوەو داوادەكات پۆستەكانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بەتایبەتی پۆستی پارێزگار لە بزوتنەوەی گۆڕان وەربگیرێتەوە. ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە، ئاماژە بە رێككەوتنەكەی تشرینی دووەمی 2014ی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانیو هەڵەبجە دەكەن كە لەنێوان گۆڕانو یەكێتیدا ئیمزا كرا. بەپێی ئەو رێككەوتنە، دوو ساڵ بە دووساڵەكەی یەكێتیو گۆڕان كۆتایی هاتووە، چونكە بە دەق لە رێككەوتنەكەدا نوسراوە، دوو ساڵی دووەمی پۆستەكانی پارێزگاری سلێمانیو هەڵەبجە لە رۆژی 30/4/2018 كۆتایی دێت. یاسا یان رێككەوتن ؟ ئەوانەی لە ناو یەكێتیدا داوای سەندنەوەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن، پشتئەستور بە دەقی رێككەوتنە سیاسییەكەی یەكێتیو گۆڕان قسە دەكەن، چونكە بەپێی ئەو رێككەوتنە وادەی هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو پارێزگاری سلێمانی لەسەر پشكی بزوتنەوەی گۆڕان نزیكەی ساڵێكە كۆتایی هاتووە. بەڵام لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان بەیاسا دەیەوێت هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستەكەیدا بهێڵێتەوە تائەوكاتەی هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت. ئەنوەر تاهیر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) وتی:" حكومەتی خۆجێی بەپێی یاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە، رێككەوتنە سیاسییەكە تەنیا بناغەی كارەكە بووە". بەگوێرەی ماددەی (بیستو یەك) لە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگانی هەرێمی كوردستان" پارێزگارو هەردوو جێگرەكەی بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی كاروباری رۆژانە دوای تەواوبوونی ماوەی خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەن تا ئەوكاتەی ئەنجومەنی نوێ لەدوای ئەوان كەسانی تر هەڵدەبژێرن". ئەمە ئەو ماددە یاساییەیە كە هەڤاڵ ئەبوبەكر بەهۆیەوە دەیەوێت لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بمێنێتەوە تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام هێشتا دیارنییە ئاخۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكرێت یاخود نا. پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خوازیاری ئەوەیە كاركردن بە ئەنجومەنی پارێزگاكان رابگیرێتو لەبری ئەو، ئەنجومەنی شارەوانییەكان كارابكرێنەوە. "هەڤاڵ ئەبوبەكر سیاسەتی یەكێتی جێبەجێ دەكات" پێناچێت یەكێتی نیشتمانی جددی بێت لە لابردنی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، بەپێی بەدواداچونی (درەو میدیا) كە قسەی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕاندا كردووە، یەكێتی تەنیا وەكو كاردانەوەیەك لەبەرامبەر رێككەوتنەكەی گۆڕان لەگەڵ پارتی، پرسی گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی هێناوەتەپێشەوە، ئەگەرنا جدی نییە لە هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی. لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رێكەوت زەكی, ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی یەكێتی وتی:" وادەی هەڤاڵ ئەبوبەكر وەكو پارێزگاری سلێمانی تەواوبووە، یەكێتی فایلی پارێزگاری ئامادەكردووە، دواكەوتنی گۆڕینی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەكاتی خۆیدا لەبەر دوو هۆكار بوو، هۆكاری یەكەم ئەوەبووە كە هەڤاڵ ئەبوبەكر نزیك بووە لە یەكێتیو سیاسەتەكانی یەكێتی جێبەجێكردووەو وەكو یەكێتییەك مامەڵەی كردووە، هۆكاری دووەمیش ئەوە بوو، ئەوكات كە وادەكەی تەواوبووە، هەرێمی كوردستان لەناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بووە، ئەگەرنا ئەو فایلە لای یەكێتی هەر كراوە بووە". رێكەوت زەكی ئاماژەی بەوەكرد" راستە هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوە، بەڵام بەپێی ئەنجامی دوو هەڵبژاردنی دوایی یەكێتی دەنگی زۆرینەی لە سلێمانی هەیەو پۆستی پارێزگار مافی یەكێتییە، ئەو كەسەی لەو شوێنەدایە دەبێت یان یەكێتی بێت یان وەكو یەكێتی مامەڵە بكات". لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگادا، یەكێتی نیشتمانی لە سلێمانی كەمپەینێكی توندی لەدژی هەڤاڵ ئەبوبەكر كاندیدی گۆڕان بۆ پۆستی پارێزگار كرد، یەكێتی لە شەقامەكانی سلێمانی پۆستەری گەورە هەڵواسیبوو، هەڤاڵ ئەبوبەكری وەكو "كۆنە بەعسیو هەڵەوەڕ" ناوبرد، بەهۆی كەمپەینە توندەكەی یەكێتییەوە، رێژەی دەنگەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر هەڵكشا. بەپێی بەدواداچوونەكانی " درەومیدیا" هەڤاڵ ئەبوبەكر دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی، خۆی لە كاری حزبی بەدوورگرتووەو بەشداری هیچ كەمپەینێكی هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانی نەكردو لەكاتی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان گۆڕان و یەكێتی لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە، رۆژانە بەرپرسە حزبەییەكانی یەكێتی سەردانی دەكەنو لەبارەی تەقەكردن لە بارەگای بزوتنەوەی گۆڕان و چەند پێشێلكارییەكی ئەمنی هیچ كاردانەوەیەكی ئەوتۆی نەبوو كە خۆی سەرپەرشتی لیژنەی ئەمنیی "ئارامی" سلێمانی دەكات. پۆستی" لەبری پارێزگار" رۆژی 9ی ئابی 2016 بەگوێرەی رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ماوەی دوو ساڵەكەی یەكێتی (ئاسۆ فەرەیدون) لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی كۆتایی هات، بزوتنەوەی گۆڕان لەوكاتەدا لە لوتكەی ململانێی سیاسیدا بوو لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، گۆڕان ئامادە نەبوو، مەسعود بارزانی مەرسوم بۆ دانانی پارێزگارەكەی لە سلێمانی (هەڤاڵ ئەبوبەكر) دەربكات، بۆ خۆدەربازكردن لە مەرسومەكەی بارزانی، گۆڕانو یەكێتی رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەردار قادر كە ئەوكات جێگری پارێزگاری سلێمانی بوو لەسەر پشكی گۆڕان، بەناونیشانی "لەبری پارێزگار" كاروبارەكان بەڕێوەببات تا ئەوكاتەی كێشەی نێوان گۆڕانو پارتی چارەسەردەبێت. بەڵام مانەوەی سەردار قادر لە پۆستی "لەبری پارێزگار"دا زۆری نەخایاند، رۆژی 2ی ئازاری 2017 سەردار قادر دەستیلەكاركێشایەوە، بە پاساوی ئەوەی "ناتوانێت لەو پۆستەدا خزمەتی هاوڵاتیان بكات". لەبەردەم نێچیرڤان بارزانیدا سوێندی خوارد بزوتنەوەی گۆڕان كە لەسەرەتاوە قایل نەبوو بەوەی پارێزگارەكەی لە سلێمانی بەپێی یاسا لەبەردەم مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمدا سوێندی یاسایی بخوات، بەڵام دواتر رازی بوو بەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمو جێگری سەرۆكی پارتیدا سوێند بخوات. دوای وازهێنانی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم لە 29/10/2017دا، بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، دەسەڵاتی سوێندخواردنی پارێزگارەكان لەبەردەم سەرۆكی هەرێم، گوازرایەوە بۆسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی حكومەت، رۆژی 5/12/2017 هەڤاڵ ئەبوبەكر لەبەردەم نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتو كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ كە هەردووكیان سەربە پارتی بوون، سوێندی یاسایی خواردو وەكو پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو. پارێزگارێكی سەربە كێشە هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی ساڵی 2014دا زیاتر لە (240 هەزار) دەنگی بەدەستهێنا، ماوەی ساڵێكەو سێ مانگە لە پۆستی پارێزگاری سلێمانیدایە، پاشماوەی دوو ساڵەكەی سەردار قادر تەواویكردووە كە لە "بری پارێزگا" دانرا. لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا دانانی هەڤاڵ ئەبوبەكر لە پۆستی پارێزگار یەكێك لە قەیرانە سەرەكییەكانی زۆنی سەوزو نیلی بوو، چاوەڕوانییەكان بۆ دانانی هەڤاڵ ئەبوبەكر لەو پۆستە زۆر گەورە بوون، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربونیدا دەنگدەرەكانی بێئومێد كرد، ئەو سەرباری ئەوەی تائێستا نەیتوانیوە هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژی لە سنورەكەیدا جێبەجێ بكات، هاوكات ناوبەناو بە لێدوانەكانی خەڵكو دەنگدەرەكانی توڕە كردووە. لە وتەكانی هەڤاڵ ئەبوبەكر هەڤاڵ ئەبوبەكر دەرچووی بەشی زمانی كوردییەو هاوكات مامۆستای راگەیاندنیش بووە، ئەو پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەدەبیاتدا هەیە، لە یاریكردن بە وشەو رستەكاندا توانایەكی گەورەی هەیە. لەماوەی رابردوودا قسەكانی ئەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كاردانەوەی زۆریان لێكەوتەوە. لە دیاترین ئەو قسانەی هەڤاڵ ئەبوبەكر كە لەماوەی رابردوودا كاردانەوەی لێكەوتووەتەوە ئەمانەن: • بۆ چارەسەری كێشەی سوتەمەنی ماڵان، هەڤاڵ ئەبوبەكر داوای لە خەڵك كرد، لە هاویندا نەوت بكڕن، بەڵام ئەمساڵ سەرباری سەختی وەرزی سەرما، لە زستاندا نرخی نەوت لە هاوین هەرزانتر بوو. • لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی چیت كردووە لە پۆستی پارێزگاردا، جارێك هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" لەماوەی 11 مانگدا 11 هەزار ئیشم كردوو". • یەكێك لە قسەكانی تری هەڤاڵ ئەبوبەكر كە كاردانەوەی لێكەوتەوە ئەو قسەیە بوو كە وتی:" لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانیدا بەڵێنمانداوە دەوڵەتداری بكەین". • لە لێدوانێكی تردا لەبارەی كێشەی ئاو و كارەباو سوتەمەنییەوە، هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" دابینكردنی ئاو و كارەباو سوتەمەنی ئیشی پارێزگار نییە". • جارێكی تری وتی:" سلێمانی ئێستا ئارامترین شوێنی دنیایە". • قسەیەكی تری هەیە دەڵێ" ئەوە ئیشی من نییە هاوڵاتی لە ماڵەوە بەلوعەكەی بەردەداتەوە ئاوی نییە". • كاتێكیش رەخنەیان لێگرت لەسەر شێوازی پێشوازیكردن لە بەرپرسانی حزبی لە فڕۆكەخانە، هەڤاڵ ئەبوبەكر وتی:" من مامۆستای ئەخلاقو ئەتەكێتم". • هەڤاڵ ئەبوبەكر دوجار نرخی بەنزینی دابەزاند، هەرجار 25 دیناری عێراق نرخی داگرت، خەڵك گلەییان كرد لەوەی 25 دینار زۆركەمە، ئەو وەڵامی دانەوەو وتی:" نرخی بەنزین لە سلێمانی لە هەموو پارێزگاكانی عێراقو جیهانیش هەرزانترە"، دواتر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەی نرخی بەنزینیان لە شارەكانی عێراق بۆ بڵاوكردەوە كە زۆر لە سلێمانی هەرزانتربوو.
راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی یەكەم كەرتی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت و هەتائێستاش كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، وەك پێویست ئاوڕیان لەم كەرتە بایەخدارە نەداوەتەوە كە لە زۆربەی وڵاتە پێشكەت ووەكانی جیهاندا ئەو بودجەیەی بۆ كەرتی پەروەردەو فێركردن دابیندەكرێت، ئەگەر زیاتر نەبێت لە بودجەی كە بۆ وەزارەتی بەرگری و كەرتی سەربازیی تەرخاندەكرێت كەمتر نییە. بەگوێرەی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لەم سەدەی بیست و یەكەدا، دوای (27) ساڵا لە حكومڕانیەتی خۆماڵی، (30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، هەروەها لە 60%ی قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات ( 1785 ) قوتابخانە دوودەوامەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامیەو ( 5 ) قوتابخانە چوار دەوامیەو ( 194 ) قوتابخانە لە بینای كرێدان. ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە نوێترین كاریدا بەپشت بەستن بە ئاماری فەرمی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان راپۆرتێكی وردو فراوانی لەسەر كەرتی پەروەردە و ئەو كێشە و قەیرانانەی كە رووبەڕووی بوونەتەوە ئامادەكردووە. ژینگەی خوێندنگەكان ژینگەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی نالەبارە و گونجاو نیە بۆ خوێندن و لەگەڵا سیستمی تازەی خوێندندا یەكناگرێتەوە ژمارەیەكی بەرچاوی بینای قوتابخانەكان كۆن و داڕزیون و بەكەڵكی خوێندن نایەن و تەنانەت هەندێكیان مەترسی روخانیان لێدەكرێت. لە ساڵانی رابردوودا ئەمە روویداو خوێندكارو مامۆستا كەوتنە ژێر دارو پەردووی ئەم بینا داڕزیوانە و خوێندكارێكیش گیانی لەدەستدا، كە ئەمەش نەنگییە بۆ حكومەتی هەرێم تا ئێستاش مناڵانی كوردستان لەم جۆرە قوتابخانانەدا وانە بخوێنن. خوێندن لەم ژینگەیەدا وەك پێویست و تەندروست نابێت. ئەگەر بەراوردێكی رەوشی قوتابخانەكان بكرێت دەبینین: هەندێك لەو بینایانەشی تازە دروستدەكرێن بەهۆی چاودێرینەكردنیانەوە یان گەندەڵیەوە هۆڵێكی هونەری و یاریگەیەكی وەرزشی گونجاوی تێدا نییە، هەروەها بەهۆی چاودێری نەكردنی بەڕێوەبەرەكانەوە كە زۆرجار هۆڵی كۆمپیوتەرو و هۆڵی تاقیگەو ژوری كتێبخانە دەكەن بە كۆگا، یان بەبیانوی نەبوونی جێگاوە دەیكەن بە پۆل. جیا لەخراپی ژینگەی خوێندن و بینای قوتابخانەكان، گرفتی گەورەش لەشوێنی قوتابخانەو دەستنیشانكردنی شوێنەكەیەتی، كە لە دروستكردنی بینای قوتابخانەدا رەچاوی لایەنی زانستی و پەروەردەیی ناكرێت، دەیان قوتابخانە لەنێو بازاڕو نزیك بازاڕو سەر شەقامی گشتی و شوێنی جەنجاڵن، ژاوەژاوو دەنگی جاڕسكەر ژینگەی فێربوونی شێواندووە، لەكاتێكدا دەبێت قوتابخانەكان لەشوێنی دوور لەقەرەباڵغی و هێمن و كەشێكی لەباردابن. لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە قوتابخانەكان چەندە نەشیاون بۆ خوێندن و چەندیان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە: ئەوەی لەم خشتەیەدا تێبینی دەكرێت، زیاد لە نیوەی قوتابخانەكانی هەرێم پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، لە هەندێك قوتابخانەدا مەترسی رووخان هەیە، قوتابخانە هەیە هەر كە باران دەبارێت پۆلەكانی دڵۆپە دەكەن و ئاویان تێدەچێت. پەنابردن بۆ خێرخوازان بە هۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بینای نوێی قوتابخانە دروست بكات، وەزارەتی پەروەردە بە كۆمەك و هاوكاریی خێرخوازان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەندێك لە قوتابخانەكانی نۆژەن كردووەتەوە. وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: ئاگاداری هەموو كێشە و كەموكورتییەكانی خوێندنگەكانن، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر قوتابخانانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگەی نەداوە كاریان تێدا بكرێت و نۆژەن بكرێنەوەو هەڵمەتی نیشتیمانیی خوێندنگاكانیان ڕاگەیاندووە، لە ڕێگەی ڕێكخراو و خێرخێوازان و كونسوڵخاكانەوە توانیویانە 1000 خوێندنگە نۆژەن بكەنەوە. لەو قوتابخانانەی نۆژەنكراونەتەوە، ساڵی 2017 بۆ 2018 لە پارێزگای هەولێر لەلایەن كەسانی سەرمایەدار و دەستڕۆیشتوو، توانرا 159 قوتابخانە دوای وەستانی پڕۆژەكان بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، نۆژەن بكرێنەوە. زۆرن ئەو قوتابخانانەی مەترسی داڕمانیان لێدەكرێت و رۆژانە باسی میدیاكانن، لە هەریەك لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەو رانیەو قەلادزێ و...هتد بەرچاو دەكەون. پێویستیان بە نۆژەكردنەوە هەیە، هەموو ئەو قوتابخانانەش كە مەترسی رووخانیان لێدەكرێت، ناویان لە لیستی وەزارەتی پەروەردەدا هەیە ، كە مەترسی رووخانیان لێدەكرێت كەچی هێشتا وەزارەت بۆ نۆژەنكردنەوەیان هەنگاوی نەناوە. بۆ نمونە لە مانگی تشرینی دووەمی 2018 بەهۆی كۆنی بیناكەیەوە لەكاتی دەوامی ئاساییدا بەشێك لە سەقفی خوێندنگایەكی سەرەتایی لە شاری سلێمانی داڕما و زیانی ماددی لێكەوتەوە. هەرچەندە رووداوەكە تەنها زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە و خوێندكارێكیش بە سووكی بریندار بووە. كێشەی فرە دەوامی لە خوێندنگەكاندا بە پێی سیستمی نوێی خوێندن پێویستە هەر بینایەك یەك قوتابخانەی تیادابێت بۆئەوەی كاتی دەوامی پێویست دابین بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان چەند دەوامێكیان تیادا دەكرێت،هەرگیز لەگەڵا سیستمەكەدا یەكناگرێتەوە و سیستمەكە جێبەجێ ناكرێت. بەگوێرەی ئەو خشتەیە تائێستاش (1785) قوتابخانە دوو دەوامیان تێدا دەكرێت و (134) سێ دەوام و (5) قوتابخانەش چوار دەوامیان تێدا دەكرێت و ئەگەر قوتابخانەیەك ئەوەندە دەوامەی تیادابێت چۆن سیستمی خوێندنی تیایدا جێبەجێ دەكرێت و پرۆسەی پەروەردەو خوێندن تیایاندا تەندروست دەبێت؟ چۆن لەگەڵ ئەو سیستمەدا یەك دەگرێتەوە كە حكومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكات و دەیەوێت لە ناوەندەكانی خوێندندا جێبەجێی بكات. كەمی كاتی خوێندن سەبارەت بە دەوامی قوتابخانەكانیش بەهەمان شێوە بەسەر چوار كاتدا دابەش كراوەو ئەوەی تێبینی دەكرێت بەشێك لە قوتابخانەكان قوتابخانە لە بینای كرێدا: بە پێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمدا (452) قوتابخانەیە لە بینای كرێدان، واتە ناوچەكە بینای قوتابخانەی لێ نیەو بینایەك بە كرێ گیراوە بۆیان، بێگومان ئەو بینایەی بە كرێش گیراوە هیچ مەرجێكی قوتابخانە و شوێنی خوێندنی تیادا نیە، چونكە لە بنچینەدا بیناكە بۆ قوتابخانە دروستنەكراوە. بێگومان لەو كاتەشدا ئەو خوێندكارانەی لەو قەتابخانەیەدا دەخوێنن نە سیستمیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت و نە مامۆستاكانیش دەتوانن وەك پێویست وانەكان بلێنەوەو نە وەك پێویستیش سەركەوتوو دەبن. قوتابخانەی میوان: بە پێی دوا ئاماری وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 ژمارەی (1395) قوتابخانە لە هەرێمی كردستاندا میوانن، واتە قوتابخانەیە بەڵام بینای تایبەتی خۆیان نیە و لە بینای قوتابخانەیەكی تر یا فەرمانگەیەكی تردان، ئەمەش گرفتێكەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت هەم ئەم قوتابخانەیە و هەم قوتابخانەی خاوەن بیناكە یا فەرمانگەكە توشی گرفت دەبن و كێشەیان بۆ دروست دەبێت. قوتابخانەی لە گڵ (قوڕ) دروستكراو: بە پێی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا لەم سەدەی بیست و یەكەدا، دوای (27) ساڵا لە حكومڕانیەتی خۆماڵی، (30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، كە ئەمەش لە وەرزی زستاندا هەندێكیان دڵۆپە دەكەن و مەترسی روخانیان لێدەكرێت و هیچ مەرجێكی خوێندنیان تیادا نیە. لەم خشتەیەدا ئاماری پێنج ساڵی رابردووی ئەو قوتابخانانەی بیناكانیان لە گڵ دروستكراون دەردەكەوێت: جیاوازی نێوان قوتابخانەی گوند و شارەكان جیاوازی زۆر لەنێوان قوتابخانەی لادێكان و شارەكاندا هەیە، هەر لە ژمارەی مامۆستا و پێداویستیەكانی ترەوە و قوتابخانەی گوندەكان وەك شارەكان سەیری نەكراوە و بە جۆرێك لە جۆرەكان پشتگوێ خراون. لە كاتێكدا لە گوندەكاندا (2810) قوتابخانە هەیە. گوندی بێ قوتابخانە بە پێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە ساڵی خوێندنی 2013-2014 لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی (600) گوند بێ قوتابخانەن, ئەمەش دەبێتە مایەی دابڕانی مناڵانی ئەو گوندانە لە خوێندن. كەچی ئێستا ژمارەی ئەو گوندانەی بێ قوتابخانەن زۆر زیاتر بووە چونكە لە بەشێكی زۆری گوندەكاندا قوتابخانەكان داخران بە بیانووی ئەوەی كە منداڵانی چەند گوندێك لە قوتابخانەی یەك گونددا كۆبكرێنەوە، بە پاساوی ئەوەی كوالیتی باشتر دەبێت و تێچوشی كەمتر، بەمەرجێك هۆكارەكانی گواستنەوە بۆ منداڵەكان دابین بكرێت، بەڵام قوتابخانەكانیش داخران و پێداویستیەكانیشیان كە بەڵێنیان پێدرابوون جێبەجێنەكرا، هەر بۆیە ژمارەی قوتابخانەكان لە گوندەكاندا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمتر بووەتەوە، ئەگەر سەیری ئاماری پێنج ساڵی رابردوو بكەین بۆمان روون دەبێتەوە: خراپی مێز و رەحلە: بەشێكی زۆر لە مێز و كورسی و رەحلەی قوتابخانەكان كۆن بوون یا شكاون یا بەكەڵكی بەكارهێنان و دانیشتنی منداڵان نایەن، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ژینگەی خوێندن. لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە چەند كورسی و مێزی منداڵان لە قوتابخانەكاندا هەیەو چەندیان باشن و چەندیشیان خراپن و بۆ بەكارهێنان ناشێن: بەپێی ئەم داتایانە لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا مێز و رەحلەو كورسیەكانی خوێندكاران زۆرینەیان شكاون و خراپ بوون و چاكیش نەكراونەتەوە، كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی منداڵان دەبێت كە ئاسودە نەبێت لە شوێنی دانیشتنەكەی لەكاتی وانە خوێندندا.