درەو میدیا: دواجار نیگەرانی و ناكۆكیەكانی ناوخۆیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ گەیشتنە تەقینەوەو لەیەكەم هەنگاویشدا ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا نیگەرانی خۆیان لە خراپی بارودۆخی ناوحۆی جوڵانەوەكەیان راگەیاندووە. بەپێی زانیارییەكانی درەو میدیا، لە كۆی 12 ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ كە بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی نەوەی نوێیە 8 ئەندامیان واژوویان كردووە بۆ ئەو راگەیەنراوە كە بەشێكیان پێشتر دەستیانلەكار كێشاوەتەوە، لەگەڵ هەر چوار ئەندامەكەی پەرلەمانی عێراقی نەوەی نوێ، نیگەرانن لە بەلارێدا بردنی نەوەی نوێ و قۆرخكردنی تەواوی كایەكانی جوڵانەوەكە لە ( دارایی و سیاسی و میدیای)ی . بەپێی خوێندنەوەی راگەیەنراوەكە هەڵوێستەكەیان ئینشیقاق و وازهێنانی كۆتایی نیە، بەڵكو هۆشداریدان و ئاگاداركردنەوەیە، بەتایبەت بۆ خودی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جولانەوەكە، كە لە ئێستا لەدەرەوەی وڵاتە. لە راگەیەنراوەكەدا ئەنجومەنی باڵاو فراكسیۆنی نەوەی نوێ نیگەرانن و دەڵێن" ئێمە نیگەرانین، كە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت" راگەیاندنێك بۆ رایگشتی زیاتر لە ساڵ و نیوێك پێش ئێستا، لە ناو دڵی شكستی سەرتاپاگیریی ھەمو پرۆسەی سیاسیی كوردستانی عێراق بە ھەمو حزب و بزوتنەوە سیاسیە تەقلیدیەكانیەوە، ئێمە كۆمەڵێك كەسایەتی و گەنج، بە ئومێدی سەرھەڵدانی مۆدێل و ئەزمونێكی نوێی سیاسیی سەرتاپا جیاواز، پێكەوە جوڵانەوە و ئاراستەیەكی سیاسیی تازە و دواتر (نەوەی نوێ) مان دامەزراند. لە دیدی ئێمەوە، سێ ھۆكار، بنەما و پایە سەرەكیەكانی ھەمو شكستی پرۆسەی سیاسی و ئەزمونی حزبە تەقلیدیەكانن: نەبونی ئازادی و دیموكراسی لە ژیانی حزبی و رێكخراوەییدا: كردنی حزبەكان لە ئامراز و ئۆرگانی گشتی و ھاوبەشەوە، بۆ موڵكی بنەماڵە و خێزانەكان: تێكەڵكردنی حزب و بزنس، بە جۆرێك حیزبەكان وەك لقێكی كۆمپانیا گەورەكان بەڕێوەدەبرێن. ئەو سێ فاكتەرە، بۆ دەیان ساڵ، گەلی ئێمەیان لە شكست و كارەساتێكەوە گواستوەتەوە بۆ شكست و كارەساتێكیتر، تا لە ئێستادا، سیاسەت و ھەستی بەرپرسیارێتی و ئامانجی ھاوبەش لە وڵاتی ئێمە پایەماڵ كراوە و سیاسەت، لەبری بوار و ئامرازێك بۆ باشترین بەڕێوەبردن و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی مادی و مەعنەویی ھاوڵاتیان و پاراستن و جێخستنی بنەماكانی دادپەروەریی، كراوەتە بوارێك بۆ بزنس و دابینكردنی بەرژەوەندیی تایبەتی و خێزانی. ئێمە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ھەمو مۆدێل و ئەزمونی سیاسی تەقلیدی و زاڵ و باو دەستمان برد بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ. بەو ئومێدەوە ھاتین، كە نەوەی نوێ بكەین بە ئامرازی ھەستانەوەی گەلەكەمان لە شكست: كە ئەزمونێكی سیاسی جیاوازی ئەوتۆ پێشكەشی گەلەكەمان بكەین، ببێتە جێگەی شانازیی و نمونەی چاولێكردن. بەڵام، ئێمە نیگەرانین، كە نەوەی نوێ لە جوڵانەوەیەكی سیاسی جیاواز لە مۆدێلی سیاسی زاڵ، بەرەو باندێكی سیاسی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە، كە ھەمو دەزگا و ئۆرگانە گرنگەكانی بڕیاردان تێیدا پەراوێز خراوە و بڕیاری دەستە جەمعی تێدا نەماوە. جوڵانەوەكە بەجۆرێك لەگەڵ خێزان و بزنس تێكەڵ كراوە، ئیتر جیاكردنەوەیان سەخت بێت. بۆیە، لێرەوە ئێمە ئۆرگانە سەرەكیە ھەڵبژێردراوەكانی نەوەی نوێ، لەبەردەم رایگشتی و گەلەكەمان رایدەگەیەنین كە دیدەگای ئێمە جیاوازە و سورین لەسەر بەردەوامی لەسەر ئەو بنەمایانەی بانگەشەمان بۆ كردن و نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند. ئیتر رێگە نادەین نەوەی نوێ لە بێدەنگیدا بكرێتە بازنەیەكیتری شكستی سیاسەت و ئامرازی خولیا و بەرژەوەندی تایبەتی. بۆ راستكردنەوەی سیاسەت لە زۆنگاوی ئێستا و میللەتەكەمان لە شكست، بۆ كۆتایی ھێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی و حوكمی بنەماڵە كە لە ٢٨ ساڵی رابردودا بونەتە مایەی شكست و كارەسات بۆ گەلەكەمان، وەك ھەمیشە بێسڵەمینەوە و شێلگیرانە، بەردەوام دەبین. ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ٢١ ی نیسانی ٢٠١٩
( درەو میدیا): سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق داوا لە هەرێمی كوردستان دەكات پابەندی بەندەكانی یاسای بودجەی گشتی 2019 بێت، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە هەناردەكردنی نەوتەوە هەیە. بە گوێرەی بەیاننامەیەكی نوسینگەی راگەیاندنی حەسەن كەعبی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كەعبی لە نوسینگەكەی لە بەغدا خۆی پێشوازی كردووە لە مونا قەهوەچی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانو وەفدی یاوەری كە بەشداری كارەكانی كۆبوونەوەی لوتكەی پەرلەمانەكانی وڵاتانی دراوسێی عێراق بوون. بە گوێرەی بەیاننامەكە كەعبی لەو كۆبوونەوەیەدا جەختیكردوەتەوە لەسەر پێویستی پابەندبوونی بە رێككەوتنی لەگەڵ ناوەند دەربارەی هەناردەكردنی نەوت، هەروەها پابەندبوون بە بەندەكانی یاسای بودجەی گشتی". لایخۆشیەوە مونا قەهوەچی، سوپاسی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراقی كرد كە بەشداریان بە پەرلەمانی هەرێم كردووە لە چالاكییەكانی كۆبوونەوەی پەرلەمانەكانی وڵاتانی دراوسێی عێراق.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت زیاتر لە (200) كەس كوژرانو سەدان كەسی تر برینداربوون، لە زنجیرەیەك تەقینەوەدا كە ژمارەیەك كڵێساو هۆتێلی لە سریلانكا كردەئامانج. بەپێی قسەی سەرچاوەكانی پۆلیس، (6) تەقینەوە رویانداوە، تەقینەووەكان (3) كڵێسای لە ناوچەی كوچیكادی لە كۆلۆمبۆو هەردوو شاری نگۆمبۆ و باتیكالوا كردووەتە ئامانج، لەكاتێكدا مەسیحییەكان لەو كڵێسایانەدا سەرقاڵی مەراسیمی جەژنی "هەستانەوەی مەسیح" بوون. جەژنی "هەستانەوە- الفصح" یەكێكە لە دیارترین جەژنە ئاینییەكان لە رۆژژمێری مەسیحیدا. تەقینەوەكان هاوكات سێ هۆتێلیان لە شاری كۆلۆمبۆی پایتەخت كردە ئامانج. هەندێك سەرچاوە باسلەوەدەكەن، (8) تەقینەوە رویداوە، یەكێك لە تەقینەوەكان لە هۆتێل (گراند سنامۆن) رویداوە كە دەكەوێتە نزیك بارەگای سەرۆك وەزیرانی سریلانكا. لە ناو كوژراوەكاندا نزیكەی (35) كەس هەن كە بیانینو خەڵكی سریلانكا نین. كێ بەرپرسە ؟ حكومەتی سریلانكا لەدوای تەقینەوەكانەوە قەدەغەی هاتوچۆی لە كاتژمێر شەشی ئەم ئێوارەیەوە راگەیاندو تاوەكو كاتژمێر شەشی بەیانی بەردەوام دەبێت. وەزارەتی پەروەردەو فێركردنیش بۆ دوو رۆژی داهاتوو پشووی فەرمی لەسەرجەم خوێندنگە حكومییەكانی وڵات راگەیاند. هەر دوای هێرشەكانیش، كڵێسای پایتەخت، هەڵوەشاندنەوەی هەموو مەراسیمو نوێژەكانی تایبەت بە جەژنی "هەستانەوە"ی راگەیاند. تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتەئەستۆ. بەڵام مەترسی هەیە، چەكدارانی رێكخراوی "داعش" جارێكی تر كە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە، دەستیان لەو هێرشانەدا هەبێت. هێرشەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ؟ وێنەی هێرشەكانو قوربانییەكان، هەرزوو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی، حكومەت جگە لە قەدەغەی هاتوچۆ، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشی راگرت، ئەمەش بۆ رێگرتن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاستو تێكدانی زیاتری بارودۆخی ئەمنی وڵات. خوێناویترین تەقینەوە، ئەو تەقینەوەیە بوو كە لە كڵێسای سانت سباستیان لە شاری نگۆمبۆ رویداوە، بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوەتەوە، سەقفی كڵێساكە هاتوەتەخوارەوە. وەكو باس دەكرێت تەنیا لەم كڵێسایەدا (67) كەس كوژراون. ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی تەقینەوەكان ئەوەندە زۆرن، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان خەڵك لەبەردەم نەخۆشخانەكان ریزیان بەستووە بەمەبەستی بەخشینی خوێنو یارمەتیدانی بریندارەكان. حكومەت چی دەڵێ ؟ مایسریبالا سیریسینا سەرۆكی سریلانكا بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو تێیدا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، ئارام بگرنو یارمەتی دەسەڵاتداران بدەن بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكان. رانێل ویكریمیسینگی سەرۆك وەزیرانیش كە سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی باری نائاسایی كرد، رایگەیاند" بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە ترسنۆكانەی ئەمڕۆی سەر گەلەمان دەكەم، داوا لە سریلانكییەكان دەكەن بە یەكگرتووییو بەهێزی بمێننەوە لەم ساتە كارەساتبارەدا". هێرشەكانی ئەمڕۆی سریلانكا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش كاردانەوەی لێكەوتەوە، سەرۆك وەزیرانی هیندستان یەكەم كەس بوو ئیدانەی هێرشەكانی كرد. پێشینەیەكی كورت ! كۆتایی مانگی رابردوو، بەهۆی هێرشی بەردەوام بۆسەر مزگەوتو موڵكو ماڵی موسوڵمانەكان لەلایەن توندڕەوەكانی سەربە رەگەزی (سنهال)ی بوزییەوە (زۆرینەی دانیشتوانی وڵات پێكدەهێنن)، حكومەت باری نائاسایی راگەیاند. هێرشەكانی ئەمڕۆ موسوڵمانانی نەكردە ئامانج، بەڵكو مەسیحییەكانی گرتەوە. سریلانكا زۆرینەی دانیشتوانەكەی بوزین، لەكۆی (21 ملیۆن) كەس لەدانیشتوانی ئەم وڵاتە، (ملیۆنێكو 200) هەزار كەس مەسیحی كاسۆلیكین. بەشێوەیەكی گشتی پێكهاتەی دانیشتوان لە سریلانكا لەڕووی ئاینییەوە بەمشێوەیە دابەشبووە: • بوزی: 70% • هیندۆس: 12% • موسوڵمان: 10% • مەسیحی: 7% مەسیحییەكان بەشێوەیەكی گشتی لە سریلانكا روبەڕووی دوژمنكاری دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دەكرێن بەوەی پشتیوانی لە لێكۆڵینەوە دەرەكییەكان دەكەن سەبارەت بەو تاوانانەی كە سوپای سریلانكا لەبەرامبەر تامیلەكان ئەنجامیداوە لە سەردەمی جەنگی ناوخۆیدا. جەنگی ناوخۆیی سریلانكا لە ساڵی 1972 بۆ 2009 بەردەوام بوو، لەو ناكۆكیانەدا (80 هەزار) بۆ (100 هەزار) كەس كوژران، ئەمە بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان. دوای 20 ساڵ لەسەردانی پاپا یوحەننا پۆلسی دووەمی بۆ دورگەكە، مانگی كانونی دووەمی 2015 پاپا فرانسیس سەردانی سریلانكای كردو لەوێ بەشداری نوێژێكی كرد لە شاری كۆلۆمبۆ كە یەك ملیۆن كەس ئامادەی بوون.
درەو میدیا: لە تیف شێخ مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دەڵێت" حكومەتی هەرێم خیانەت لە ئەمانەتی موچەخۆران دەكات و پارەكەی بەغداد لەبری موچەخۆران دەدات بە كۆمپانیا هەڵتۆقیوەكانی" لەتیف شیخ مستەفا لە نوسینێكدا لە پەیجی فەرمی خۆی ئاماژەی بەوەكردووە" حوكمەتێك ھەموو ئیشەكەی ئەوەبێت موچەی خەڵك لە بەغدا وەربگرێت و بە ئەمانەت بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەكانی كەچی ئەوەش نەكات بەڵكو خیانەتیش لەو ئەمانەتە بكات و لە جیاتی ئەوەی بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەكانی ، دەیداتە دەستی مقاول و كۆمپانیا ھەڵتۆقیوەكانی خۆیان" دەقی نوسینەكەی لەتیف شێخ مستەفا حوكمەتێك ھەموو ئیشەكەی ئەوەبێت موچەی خەڵك لە بەغدا وەربگرێت و بە ئەمانەت بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەكانی كەچی ئەوەش نەكات بەڵكو خیانەتیش لەو ئەمانەتە بكات و لە جیاتی ئەوەی بیگەیەنێتە دەستی خاوەنەكانی ، دەیداتە دەستی مقاول و كۆمپانیا ھەڵتۆقیوەكانی خۆیان ،ئایا حوكمەتی داھاتوو جیاوازتر دەبێت تاوەكو چاوەڕێی ئەوەمان لێی ھەبێت چاكسازیمان بۆ بكات و ژیانی خەڵك خۆش كات یان ھەر درێژەپێدەری ھەمان ئەو حوكمەتە دەبێت ؟ ئایا ئەوانەی بە تەما ی چاكسازین لە حكومەتی داھاتوو بەڕاستی پێیان وایە چاكسازی دەكات ؟ یان تەنھا قەناعەت بە خۆیان دێنن ؟
درەو میدیا: لەسەر ئاستی جیهان، زۆرترین ژمارەی لە سێدارەدان لە وڵاتی چینە و عێراقیش لە پلەی چوارەمدایە وڵاتی چین ساڵانە لەسەرو هەزار كەسەوە لە سێدارە دەدات و لە پلەی یەكەمدایەو وڵاتی ئێران لە پلەی دووەمدایە كە ساڵی 2017 زیاتر لە 507 كەسی لەسێدارە داوەو وڵاتی سعودیە كە لە پلەی سێیەمدایەو 146 كەسی لە سێدارە داوەو عێراق لە پلەی چوارەمدایەو 125 كەسی لە سێدارەداوە
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت ئەم رۆژانە هەرێمی كوردستان جموجوڵێكی نوێی جیابونەوەو "ئینشیقاق" لەناو حزبە سیاسییەكان بەخۆوە دەبینێت. جموجوڵەكانی ئەمدواییەی ناو حزبە سیاسییەكان هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمو یەكلابونەوەی ئەو لایەنانەی بەشداری تێدا دەكەن لەگەڵ پشكەكانیان. ناڕەزایەتی ناوخۆیی ئەمجارە دوو هێزی سیاسی گرتوەتەوە كە یەكێكیان هێزێكی نوێیە لە گۆڕەپانی سیاسیداو بۆ چوار ساڵی ئایندە خۆی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن یەكلاكردوەتەوە، ئەوی تریشیان هێزێكی ئیسلامییە كە هێشتا لەنێوان دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆندا خۆی یەكلانەكردوەتەوە. كۆمەڵی ئیسلامی دوێنێ سێ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی دەستلەكاركێشانەوەیان لە حزبەكەیان راگەیاند. ئەوانەی دەستیانلەكاركێشایەوە بریتی بوون لە هەریەكە لە (سەلیم كۆیی- سەعید هەركی- ئیسماعیل رەسوڵ)، ئەمانە لە بەرپرسە دیارەكانی كۆمەڵن لە زۆنی زەرد. ئەو سێ سەركردایەتییەكەی كۆمەڵ لە راگەیەندراوێكدا هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان بۆ چەند خاڵێك گەڕاندەوە، لەوانە: • نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر. • جێبەجێنەكردنی بنەما پیرۆزەكانی ئیسلام لەوانە (دادگەریی، یەكسانی، شورا، راوێژ). • قۆرخكردنی دەسەڵات لەلایەن گروپو باڵێكی ناو حزبەوە. • دەركردنی بڕیاری نادادپەروەرانە بەسەر كادیرو ئەندامانی حزبدا. • پشتگوێخستنی پێگەی سیاسیو ئابوریو دیپلۆماسیو جەماوەریی شاری هەولێر لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنو بانگەوازەوە. • دروستكردنی كێشە بۆ مەڵبەندو ئەنجومەنەكانی حزب لە سنوری هەولێر لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووەوە. • ناڕوونی لە سیاسەتی حزبدا (تائێستا خەڵك بەرچاوی رۆشن نییە ئایا كۆمەڵ حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یان بەشدارە لە حكومەت). سەرچاوەیەكی باڵا لە كۆمەڵی ئیسلامی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" كۆمەڵ بە هیچ جۆرێك دەستلەكاركێشانەوەی ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی پەسەند ناكاتو ئێستا هەوڵ هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان". لەبارەی كرۆكی كێشەی ئەو كەسانەی كە دەستیانلەكاركێشاوەتەوە، سەرچاوەكە وتی:" ئەو سێ ئەندامەی سەركردایەتی كێشەی كارگێڕیو بەڕێوەبردنیان هەیە، نەك كێشەی فیكریو ماددی". نەوەی نوێ چەند هەفتەیەكە لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ، جوڵانەوەیەكی ناڕەزایەتی سەریهەڵداوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند كەسێك لەناو ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێو فراكسیۆنی جوڵانەوەكە لە پەرلەمانی عێراقو كوردستان نیگەرانن لە سیاسەتەكانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكەو هەندێكیان بەتەواوەتی پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆكی جوڵانەوەكە دابڕیوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، سەرچاوەی نیگەرانییەكانی ئەمدواییەی ناو جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە چەند خاڵێكەوە سەرچاوەی گرتووە، لەوانە: • تاكڕەوی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بڕیارە سیاسیو ئابورییەكانی جوڵانەوەكەدا. • كۆنترۆڵكردنی میدیای جوڵانەوەكە لەلایەن سەرۆكی جوڵانەوەكەوە. • هاتنی سروە عەبدولواحید خوشكی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكە بۆناو حزبەكەو دانانی لە دەستەی سەرۆكایەتی هاوپەیمانی چاكسازیو بونیادنان وەكو نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كە زۆرینەی سەركردە دیارەكانی عێراق لەناو ئەو هاوپەیمانێتییەدان، ئەمە یەكێكە لەو هۆكارانەی كە نیگەرانی بەرپرسانی جوڵانەوەكەی لێكەوتوەتەوە. دانانی سروە عەبدولواحید لەو پۆستەدا، زیاتر ئەندامانی فراكسیۆنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق نیگەران كردووە، كە ژمارەیان (4) كەسە، چونكە هەندێك لەوانە دەڵێن دەبوو سەرۆكی فراكسیۆنی بەغداد (رابون مەعروف) نوێنەرایەتی جوڵانەوەكەی بكردایە لەناو هاوپەیمانێتییە عێراقییەكەدا، نەك سروە عەبدولواحید، هاوكات پێیانوایە شاسوار عەبدولواحید بە هێنانی سروەی خوشكیو پێدانی ئەو پۆستە لە بەغداد، جوڵانەوەكە بەرەو بنەماڵەیبوون دەبات. لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، شاسوار عەبدولواحیدو كەسە نزیكەكانی دەڵێن، پۆستی نوێنەری جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەناو هاوپەیمانی چاكسازیو بونیادنان پۆستێكە كە نوێنەرایەتی حزبەكان دەكات، نەك نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكان، بۆیە ناكرێت سەرۆكی فراكسیۆن لەو پۆستەدا دابنرێت. لەبارەی دانانی سروە عەبدولواحیدیشەوە لەو پۆستە، بەهانە بەوە دەهێنرێتەوە، سروە بەرلەوەی ببێت بە ئەندامی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، خۆی كەسایەتییەكی سیاسی كاریگەر بووە لە شەقامی عێراقیداو پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان بووە لە پەرلەمانی عێراق. رابون مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ شەوی پێنج شەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لە كەناڵی (پەیام)ی سەربە كۆمەڵی ئیسلامی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆو بەبێ ناوهێنان هێرشی توندی كردەسەر شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆكی جوڵانەوەكەی. رابون مەعروف وتی:" جارانی حزبەكان بازرگانیان دەكردو كۆمپانیایان دادەمەزراند، ئێستا پێچەوانە بووەتەوە، بازرگانو خاوەن كۆمپانیا حزب دادەمەزرێننو لەڕێگەیەوە پەرە بە بزنسەكەیان دەدەن". دوای ئەوەی مشتومڕ لەسەر ئەم قسانە دروستبوو، رابون مەعروف وتارێكی لە پەیجەكەی خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەژێر ناوی "نا بۆ حیزبو حوكمڕانی بنەماڵە" بڵاوكردەوە، لە وتارەكەدا هیچ بەهانەیەكی بۆ قسەكانی لە تەلەفزیۆنی پەیام نەهێناوەتەوەو جەخت لەسەر ئەوەدەكات " خۆیو هاوڕێكانی بڕیاریانداوە لەگەڵ خەڵكدا راستگۆ بن، ئەوان وەكو جوت حیزبی حوكمڕانو حیزبە تەقلیدییەكانو باندە سیاسییە تازەكان، تۆڕی فراوانی میدیاییان نییە، بەڵام بە گرنگی دەزانن خەڵك لە دیدو بۆچونی ئەوان ئاگاداربن". بەرپرسێكی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەبارەی نیگەرانییەكانی رابون مەعروفەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" بەشێك لە نیگەرانییەكانی رابون مەعروف پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئەو نایەوێت بەشێك لە موچەكەی لە پەرلەمانی عێراق بە جوڵانەوەكە بدات، كە بەر لە كاندیدكردنیان بەڵێنیان داوە".
(درەو میدیا): ئەمڕۆ هاوڵاتیانی میسر بۆ پەسەندكردن یان رەتكردنەوەی هەمواری دەستوری وڵاتەكەیان چوونە بەردەم سندوقەكانی دەنگدانو پرۆسەكە سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. هەمواری دەستوری میسر دەسەڵاتو پێگەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆمار زیاتردەكاتو ماوەی سەرۆكایەتی ئێستای كە چوار ساڵە دەكاتە شەش ساڵ و رێگەشی پێدەدرێت بۆ خولێكی تری شەش ساڵی خۆی كاندیدبكاتەوە بەوەش سیسی دەتوانێت تا ساڵی 2030 لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە. عەبدولفەتاح سیسی ساڵی 2014 بۆ یەكەمجار دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی وەزارەتی بەرگریو لادانی محەمەد مورسی سەرۆكی پێشوو بۆ یەكەمجار بە سەرۆكی میسر هەڵبژێردراو ساڵی رابردووش سیسی بۆ خولێكی تری چوار ساڵی هەڵبژێدرایەوەو بە گوێرەی دەستوری ئێستا ساڵی 2022 ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی كۆتایی پێدەهاتو مافی ئەوەشی نەبوو جارێكی تر خۆی كاندیدبكاتەوە. هەمواری دەستور سەرەتای شوباتی رابردوو 155 پەرلەمانتاری میسر كە زۆرینەیان سەر بە هاوپەیمانی " پشتیوانی میسر" بوون و پشتیوانی سیسی بوون، چەند پێشنیارێكیان بۆ هەمواركردنەوەی دەستور خستەڕووو دوای گفتوگۆ لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە پەسەندكرانو ئەمڕۆش خرایە راپرسییەوە بۆ پەسەندكردنی. سیسیو مافەكانی مرۆڤ عەبدولفەتاح سیسی لەو كاتەوەی دەسەڵاتی گرتوەتە دەست رووبەڕووی رەخنەی زۆری رێكخراوەكانی بواری مافەكانی مرۆڤ بوەتەوە، بەهۆی ئەو هەڵمەتەی لەدژی ئۆپۆزسیۆن دەستیپێكردووەو دەیان هەزار كەسی دەستگیركردووە. كۆمپانیای " نێت بلۆكس"ی تایبەتمەند لە بواری چاودێریكردنی چالاكییەكانی تۆڕی ئینتەرنێت دەڵێت دەسەڵاتدارانی میسر 34 هەزار ماڵپەڕۆ پێگەی ئەلیكترۆنییان بلۆك كردووە، بۆئەوەی كەس دەستی نەگات بە هەڵمەتی دژ بە هەمواری دەستورو راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانیش ئاماژەبەوەدەدەن كە هەڵمەتەكە 250 هەزار ئیمزای لەدژی ئەو هەموارە كۆكردوەتەوە. لە بەرامبەردا مەحمود ئەبوحامد پەرلەمانتاری میسر لە لێدوانێكیدا بۆ فرانس پرێس دەڵێت:" سیسی رێوشوێنی سیاسیو ئابوریو ئەمنی گرنگی گرتوەتەبەر، بەوەش پێویستە رێگەی پێبدرێت بەردەوام بێت لە چاكسازییەكانی. چۆن سیسی تا 2030 دەمێنێتەوە؟ مادەی 140ی دەستوری ئێستا میسر كە ساڵی 2014 لە راپرسییەكدا پەسەندكراوە، دەڵێت خولی سەرۆكایەتی 4 ساڵەو تەنها یەكجار نوێدەكرێتەوە، بەڵام بە گوێرەی هەموارە نوێیەكە خولی سەرۆكایەتی بۆ شەش ساڵ درێژدەكرێتەوە. بە گوێرەی مادەی 241ی دەستورە نوێكە ماوەی سەرۆكایەتی ئێستا سیسی دوو ساڵی تری دەخرێتەسەرو ساڵی 2024یش رێگەی پێدەدرێت بۆ خولێكی تری شەش ساڵی سەرۆكایەتی خۆی كاندید بكاتەوە. هەروەها رێگە بە سەرۆك كۆمار دەدرێت جێگرێك یان زیاتر بۆخۆی دابنێت، كە ئەو پۆستە لە دەستوری پێشوودا لابرابوو. سوپا رۆڵی چییە؟ چالاكییە ئابوریو مەدەنییەكانی سوپای میسر لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی سیسییەوە لە میسردا زۆر فراوان بووە، سوپا ئێستا چەندین پرۆژەی زەبەلاحی ئابوری لە ئەستۆدایە، هەروەها چەندین بەرپرسی سەربازی پێشوو، پۆستی باڵایان لە حكومەتدا هەیە. لە هەمواری نوێی دەستوردا مادەی 200ی دەستورەكە بە جۆرێك هەمواركراوەتەوە كە جگە لە پاراستی وڵاتو ئاسایشەكەی، سوپا ئەركی پاراستی دەستورو دیموكراتیەت و پاراستنی پایە بنچینەییەكانی دەوڵەتو مەدەنی بوونیو دەستكەوتەكانی گەلو ئازادییەكانو مافی تاكەكانی پێ سپێردراوە. هەروەها مادەی 234ی دەستو كە رۆڵی ئەنجومەنی باڵای هێزە چەكدارەكانی دیاریكردووە بە دامەزراندنی وەزارەتی بەرگری، هەرچەندە بڕیاربوو ئەم مادەیە بە كۆتاییهاتنی خولی دووەمی سەرۆكایەتی سیسی لاببرێت. هەموارەكەو كاریگەری بۆسەر دەسەڵاتی دادوەری بە گوێرەی هەمواری تایبەت بە مادەكانی 185، 189و 193 رێگەدەدرێت بە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی باڵا بۆ لایەنو دەستە دادوەرییەكان كە سەرۆكی دەوڵەت سەرۆكایەتییان دەكاتو سەرۆكیان بۆ دیاریدەكات، لەوانەش دادگای تێهەڵچوونەوەو دادگای باڵای دەستوری و داواكاری گشتی. هەروەها هەمواری مادەی 190 تارادەیەكی زۆر دەسەڵاتی دادوەرانی ئەنجومەنی دەوڵەت لە پێداچوونەوە بە پرۆژە یاساكاندا پێش پەسەندكردنیان كەمدەكاتەوە. مادەی 204ی دەستوریش گۆڕانكاری تێدادەكرێتو دەسەڵاتی زیاتر بە دادگا سەربازییەكان دەداتو رێگەیان پێدەدرێت كەسانی مەدەنی دادگایی بكەنو لە ساڵی 2011ەوە هەزاران كەسی مەدەنی براونەتە بەردەم دادگا سەربازییەكان. كاریگەری بۆسەر پەرلەمان مادە نوێكانی دەستوری میسر رێگەدەدات بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی ئەنجومەنی شورا، كە ساڵی 2014 هەڵوەشێندرایەوە، هەروەها سەرۆكی دەوڵەت یە لەسەر سێی ئەندامەكانی ئەنجومەنەكە كە 180 ئەندامە دیاریدەكاتو ئەوانی تریش لە رێگەی هەڵبژاردنی راستەوخۆوە هەڵدەبژێدرێن. ئەنجومەنی نوێنەرانیش ژمارەی كورسییەكانی لە 596 كورسییەوە بۆ 450 كەمدەكرێتەوەو رێژەی 25%ی كورسییەكانیش بۆ ژنان تەرخاندەكرێت.
(درەو میدیا): سێ ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەیان ڕاگەیاند، ئەو سێ كەسەی كە دەستیانلەكاركێشاوەتەوە بریتین لە: • (سەلیم كۆیی) ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵو لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندییەكانی كۆمەڵ • (سەعید هەركی) ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی 11ی دەوروبەری هەولێر • (ئیسماعیل ڕەسوڵ) لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێر ئەو سێ سەركردەیەی كۆمەڵ لەنامەیەكدا هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە كۆمەڵی ئیسلامی بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە. وەكو خۆیان دەڵێن: هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ " پشتگوێخستنی پێگەی سیاسیو ئابووریو دیپلۆماسیو جەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەوازو بەڕێوەبردنی كۆمەڵو .. قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گروپو باڵێكی ناو كۆمەڵی ئیسلامیو دەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیرو ئەندامانی ناو حزب". دەقی پەیامی دەستلەكاركێشانەوەی سەركردەكانی كۆمەڵ: بەناوی خوای گەورەی میهرەبان بۆ/ خەڵكی هەرێمی كوردستان/ ئیسلام دۆستانی دڵسۆز/ رای گشتی/ كەناڵەكانی راگەیاندن بابەت/ دەست لەكاركێشانەوە لەسۆنگەی بڕوابوونمان بەوەی حیزب دەبێ ئامرازێك بێت بۆ بەدیهێنانی ئامانجگەلێك كە لەسایەیدا دادپەروەریو ئارامیو خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك دەستەبەربكاتو هەلی یەكسان بڕەخسێنێ بۆ دەرخستنی تواناو كارامەییو لێهاتوویەكانی كادیرانو ئەندامەكانی لەپێناو خزمەتكردنی باشترو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی گەورەتر بۆ گەلو وڵاتەكەی، بەڵام ئەوكاتەی حیزب خۆی ببێت بەئامانجو سەرچاوەی بژێوی بۆ كەسانێكی دیاری كراو و نەتوانێت لەخودی خۆیدا دادپەروەری بەرقەرار بكات پێویستە سەركردایەتیو كادیرانو ئەندامەكانی هەموو هەوڵو تەقەلاكانیان بخەنەگەڕ بۆ چاكسازیو ڕاستەڕێ كردنی، ئەگەرنا لانی كەم هەڵوێست وەربگرن. بەڕێزان... دوای ئەوەی بەشێكی زۆری تەمەنمان بەدڵسۆزانەو لێنەبڕاوانە لە رابوونی ئیسلامی بەسەربردوەو لەخزمەتی بانگەوازی ئیسلامی بووینە لە ریزەكانی كۆمەڵی ئیسلامیو پێشتریش لە چوارچێوەی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئێمەی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كە ناو و پۆستو واژۆمان لەخوارەوە هاتووە، ئەمڕۆ رۆژی هەینی 19/4/2019 رایدەگەیەنین كە واز لە گشت پۆستەكانمان دەهێنینو دەست لەكاردەكێشینەوە لە ئەندامێتی ئەو حزبە. ئەم بڕیارەشەمان بە كورتی دەگەڕێنینەوە بۆ ئەو هۆكارانەوەی خوارەوە: یەكەم: نەبوونی پرۆژەیەكی سیاسی گشتگیر بەجۆرێك خزمەتی گشت چین وتوێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی بكات بێ جیاكاری لە نێوان تاكەكانی. دووەم: جێبەجێنەكردنی ئەو بنەما پیرۆزانەی ئیسلام كە بانگەشەی بۆ دەكرێت لەناو حیزب. بنەماكانی دادگەری، و یەكسانیو شوراو راوێژ تەنها بونەتە دروشمو لە هەڵسوكەوتی ناو حزب بەدیناكرێنو پێچەوانەكەشی جێبەجێ دەكرێن لە قۆرغكاری دەسەڵات لەناو گروپو باڵێكی ناو كۆمەڵی ئیسلامیو دەركردنی چەندین بڕیاری نادادوەرانە بەسەر كادیرو ئەندامانی ناو حزب. سێیەم: پشتگوێخستنی پێگەی سیاسیو ئابوریو دیپلۆماسی و جەماوەریی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن باڵی دەسترۆیشتوانی ئەنجومەنی بانگەوازو بەڕێوەبردن. تەنانەت زۆرجار كێشەو گرفتی گەورە دروستكراوە بۆ مەڵبەندو ئەنجومەنەكانی سنوری پارێزگای هەولێر لەلایەن ئەو گروپە. چوارەم: نەبوونی ستراتیژو پلانی سیاسی تۆكمە لەلایەن حزبەوە. ئەم نەبونی پلانەش بۆتە هۆكاری ناڕونی لە سیاسەتی حزبدا؛ هەر بۆیە تائێستاش خەڵكی كوردستان بەرچاوی رۆشن نیە ئایا كۆمەڵ حزبێكی ئۆپۆزسیۆنە یاخود بەشدارە لە حكومەت؟! ئێمە لەگەڵ ئەوەی دووپاتی دەكەینەوە كە لەم بەروارەی سەرەوە هیچ پەیوەندیەكمان نەماوە بە كۆمەڵی ئیسلامی، داوا لە بەڕێز ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەكەین هەوڵی راستەقینە بدات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو حزبەكەیو ئێمەش بەڵێن دەدەین لەدەرەوەی ئەو حزبە هاوكاری دڵسۆزیان بین بۆ پرۆسەی چاكسازی ریشەیی لە كۆمەڵی ئیسلامیو هەر پڕۆژەیەكی ئیسلامی تر. لە كۆتاییدا دەست لەكاركێشانەوەمان لەو حزبە مانای دەستبەرداربونمان ناگەیەنێ لە پرۆژە ئیسلامیو چاكسازیەكان، بەڵكو دەبێتە سەرەتای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی بانگەوازی ئیسلامیو پرۆسەی چاكسازی سیاسی ریشەیی لە هەرێمی كوردستان. خوای گەورە پشتوپەنامان بێت بۆ دینو ژینی هەمووان. سەلیم كۆیی/ ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی ناوەندی پەیوەندیەكانی كۆمەڵی ئیسلامی سەعید هەركی/ ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی (11)ی دەوروبەری هەولێر ئیسماعیل رەسول/ ئەندامی سەركردایەتیو لێپرسراوی مەڵبەندی (3)ی هەولێر
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازل حەمەرەفعەت هێشتا پارتی دیموكراتی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر كێشەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم رێكنەكەوتوون، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو گرێكوێرەكە بكرێتەوەو پارتیو یەكێتیش رێككەوتنەكەیان ئیمزا بكەن. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا) تائێستا پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندی دەرنەبڕیوە لەسەر پێشنیازەكانی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ دەنگۆی رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی بڵاوكرایەوە. پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بووەتە دواین گرێی بەردەم پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، پارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنی كردووەو پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی پێداوە، هاوكات لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانیش رێككەوتنی كردووەو هەمان پۆستی بۆ یەكێتی یەكلاكردوەتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسا تا ئەم ساتە، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیەو پارتی دەیەوێت لە هەمواری نوێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا جێگرێكی تر زیادبكات. بزوتنەوەی گۆڕان رازی نییە بە زیادكردنی جێگرێك بۆ یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم، چونكە پێیوایە جێگری سەرۆكی هەرێم یەك دەسەڵاتی گرنگی هەیە كە دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئەگەر جێگرێك لە سەرۆكایەتی بۆ یەكێتی زیادبكرێت، ئەو دەسەڵاتە دەكەوێتە لای یەكێتیو جێگرەكەی گۆڕان هیچ دەسەڵاتێكی نامێنێت. كۆتایی كێشەكە ! بەهۆی ناكۆكی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، تائێستا یەكێتیو پارتی رێككەوتنی كۆتایی خۆیان لەبارەی دابەشكردنی پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەت ئیمزا نەكردووە، ئەمەش پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی پەكخستووە. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، چاوەڕەوان دەكرێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارتی وەڵامی بزوتنەوەی گۆڕان بداتەوەو لەسەر چارەسەرێكی مامناوەند لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بگەنە رێككەوتن. گۆڕان داوای چی دەكات ؟ ئەو سەرچاوەیە وتی:" بزوتنەوەی گۆڕان لە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نیگەرانە، بەڵام بۆ چارەسەركردنی كێشەكە چەند پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم پارتیو پێدەچێت هەفتەی داهاتوو پارتی وەڵام بداتەوەو كێشەكە چارەسەر بكرێت". سەرچاوەكە باسی لەوەكرد، لەبەرامبەر پێدانی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بە یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان چەند پێشنیازێكی خستوەتە بەردەم پارتی كە بریتین لە: • وەزارەتی پێشمەرگە یان ناوخۆ بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەبەرامبەر وەرگرتنی یەكێك لەو دوو پۆستە گۆڕان ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت (پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ یەكێتی یەكلابوەتەوەو یەكێتی رەتیدەكاتەوە ئەو پۆستە بە گۆڕان بدات، پۆستی وەزارەتی ناوخۆش لای پارتییەو مەسرور بارزانی ئامادە نییە بە هیچ لایەنێكی بدات، واتە ئەگەری جێبەجێكردنەی ئەم پێشنیازە لاوازە). • دەستەیەكی تر بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، لەم حاڵەتەدا بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێتو قایل دەبێت بەوەی جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم لای یەكێتی بێت (ئەمە داواكارییەكی قورس نییەو پێدەچێت چارەسەری كێشەكە بكات)، بزوتنەوەی گۆڕان بە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش قایلە (ئەم پێشنیازەش ئەگەری جێبەجێبوونی لاوازە، چونكە یەكێتی سەرەنجی گەورەی لەسەر ئەو پۆستەیە). • پۆستی "یاریدەدەر"ی سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر گۆڕان كەوتووە، بكرێت بە پۆستی "جێگر"ی سەرۆكی حكومەت، واتە هاوشێوەی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەتیش دوو جێگری هەبێتو لە هەردوو پۆستەكەدا گۆڕانو یەكێتی هەریەكەیان جێگرێكیان هەبێت (یەكێتی ئەم پێشنیازەی قبوڵ نییە، كاندیدی بەهێزی یەكێتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت قوباد تاڵەبانییەو بەپێی رێككەوتنی پارتیو یەكێتی سەرۆكی حكومەت یەك جێگری دەبێت).
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت ململانێی ئێرانو ئەمریكا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان توند دەبێتەوە، كونسوڵی ئەمریكا چاودێری جێبەجێكردنی ئەو سزایانە دەكات كە وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی. ستیڤ فەیگن كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەردانی بەڕێوبەری گومركی راپەڕینی كرد لە سنوری ئیدارەی راپەڕین. بەپێی هەواڵێك كە لە پەیجی فەرمی كونسوڵگەری ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، سەردانەكەی كونسوڵی ئەمریكا بۆ لای بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین" بۆ گفتوگۆكردن بووە دەربارەی ئاستەنگەكانی بەردەم بەڕێوەبردنی ئەو سنورە دوورو درێژەی هەرێم لەگەڵ ئێراندا". لە كۆبونەوەكەدا كونسوڵی ئەمریكا لەگەڵ بەڕێوەبەری گومرگی راپەڕین قسەوباسی كردووە لەبارەی " ئەو هەڕەشانەی بەهۆی كاری قاچاغو خۆدزینەوە لە سزاكان دروست دەبن". گەڕانەوەی سزاكان بۆسەر ئێران سەرەتای مانگی 11ی ساڵی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەو سزایانەی كاراكردەوە كە پێشتر بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە، بەسەر ئێرانیدا سەپاندبوو. گەڕانەوەی سزاكان بۆسەر ئێران دوای ئەوەهات، مانگی ئایاری ساڵی رابردوو ترەمپ لە لێدوانێكدا رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێرانو وڵاتانی (5+1)ی بە "شەرمەزاریی لە جەوهەركەیدا" وەسفكرد. رێككەوتنی ئەتۆمی ئێرانو هێزە نێودەوڵەتییەكانی لەساڵی 2015، تایبەت بوو بە كەمكردنەوەی سزاكان لەسەر ئێران لەبەرامبەر سنورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی تاران. (بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو ڕوسیاو چین) كە لایەنی بەشدارن لە ڕێككەوتنەكەی ساڵی 2015، دوای كشانەوەی تاكلایەنەی ئەمریكا، پاپەندبونی خۆیان بەڕێككەوتنەكە دووپاتكردەوە. ترەمپ پێیوایە، مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە قبوڵكراونینو ڕێگە لە ئێران ناگرن پرۆگرامی موشەكە بالستییەكانی پێشنەخاتو دەستوەردان نەكات لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە، بەڵام لەكاتی خۆیدا باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بەرگری لە رێككەوتنەكە كردو ڕایگەیاند" ڕێگە لە ئێران دەگرێت چەكە ئەتۆمییەكانی پێشبخات". ئەوكات كە ترەمپ سزاكانی بۆسەر ئێران گەڕاندەوە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، ئەو سزایانەی وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا سەپاندویەتی، (600) كەسایەتیو كۆمپانیای بواری دارایی دەگرێتەوە. پۆمپیۆ لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی (فۆكس نیوز)ی ئەمریكی وتی:" ئەو سزایانە ئێران لەبازاڕی نەوت دادەبڕێت.. بەڵام گەلی ئێران لەو سزایانە زەرەرمەند نابێت". ئەمریكا ئەوكات (8) وڵاتی بۆ ماوەی (6 مانگ) لە سزاكانی سەر ئێران بوارد، تائەوەی ئەو وڵاتانە خۆیان وردە وردە بازرگانی لەگەڵ ئێران كۆتایی پێبهێنن. هاوپەیمانەكانی ئەمریكا (ئیتاڵیاو هیندو ژاپۆنو كۆریای باشور) لەنێو ئەو وڵاتانەدان كە نەوتی ئێران هاوردە دەكەنو لێخۆشبوونی مەرجداریان بۆ كراوە، بەپێی ڕاپۆرتێكی (ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس)، (توركیا) یەكێكی ترە لەو وڵاتانەی كە ئەمریكا ئاسانكاری بۆ كردووە. یەكێك لەو وڵاتانە تر مەرجەكەی ئەمریكا گرتییەوە، عێراق بوو، كە هەرێمی كوردستان ئەوكاتو ئێستاش بەشێكە لە عێراق. ئەمریكا بەمدواییە ماوەی (3 مانگ)ی تر كاتی بۆ عێراق درێژكردەوە بازرگانی كەلوپەلی پێویست لەگەڵ ئێراندا بكات بەتایبەتی كارەباو غازی سروشتی، عێراق بڕی (هەزارو 300 میگاوات) كارەباو (28 ملیۆن مەتر سێجا) غازی سروشتی لە ئێران دەكڕێت. لەدوای گەڕانەوەی سزاكان بۆ سەر ئێران، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی عێراقی كردو ژمارەیەك یاداشتی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق ئیمزا كرد، هەندێك لەوانە رێككەوتن بوون لە بواری بازرگانی. پاشان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئێرانی كرد، وەكو وەڵامدانەوەیەك بۆ سەردانەكەی رۆحانی. بەمدواییە ئێران لە دەستپێشخەرییەكی نوێدا نرخی پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی عێراقی هەڵگرت، ئەمەش بەمەبەستی راكێشانی ژمارەیەكی زیاتری گەشتیان لەم دۆخە ئابورییە نالەبارەدا بۆ وڵاتەكەی. سزاكان چی دەگرێتەوە ؟ سزا نوێكان ڕێگە لە ئێران دەگرێت دۆلاری ئەمریكی لەكاری بازرگانیدا بەكاربهێنێت، ئەوەش بە گورزێكی " گورچكبڕ" دادەنرێت بۆ هەناردەكردنی نەوتی ئێران كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتی ئەو وڵاتەیە. ئەمریكا بە دوو قۆناغ سزاكانی بۆسەر ئێران گەڕاندوەتەوە، قۆناغی یەكەم خۆی لەم سزایانە دەبینێتەوە: * قەدەغەكردنی ئاڵوگۆڕ بە دۆلار لەگەڵ حكومەتی ئێران، لەگەڵ قەدەغەكردنی مامەڵەی بازرگانی بە كانزا بەنرخەكانو بەتایبەتیش ئاڵتونو سزادانی ئەو دامەزراوەو حكومەتانەی مامەڵە بە (ڕیاڵ)ی ئێرانو مامەڵە بانكییەكان لەگەڵ ئێران دەكەن. * قەدەكردنی هاوردە یاخود كڕینی لیستێك لە كانزاكان، لە دیارترینیان (ئەلەمنیۆم، ئاسنو پۆڵا)، لەگەڵ سەپاندنی بەربەست بەسەر كەرتی دروستكردنی ئۆتۆمبیلو فەرش لە ئێران. * قەدەغەكردنی هاوردەو هەناردەی تەكنەلۆژیای پەیوەست بە بەرنامەی پیشەسازی تایبەت بە هەردوو مەبەستی مەدەنیو سەربازی. قۆناغی دوەمی سزاكانیش خۆی دەبینێتەوە لە: * سەپاندنی سزا بەسەر ئەو كۆمپانیایانەی ئیدارەی بەندەرەكانی ئێران دەدەن، لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی لەبواری گواستنەوەی ئاوییو دروستكردنی كەشتیدا كاردەكەن. * سەپاندنی سزای گشتگیر بەسەر كەرتی وەزی ئێران، بەتایبەت كەرتی نەوت. * سەپاندنی سزا بەسەر بانكی ناوەندیی ئێرانو مامەڵە داراییەكانی. هەرێمی كوردستانو ئێران "هەر كەسێك لەگەڵ ئێران بازرگانی بكات، ناتوانێت لەگەڵ ئەمریكا بازرگانی بكات" ئەمە قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بوو بەر لە گەڕاندنەوەی سزاكان بۆسەر ئێران. هەرێمی كوردستان (513) كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، ئەم سنورە هاوبەشە هەمیشە جێگەی كێشمەكێش بووە لەنێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقو ئێراندا. لەنێوان هەرێمی كوردستانو ئێراندا (3) دەروازەی سنوریی فەرمی هەیە كە بریتین لە: • دەروازەی پەروێزخان • دەروازەی باشماخ • دەروازەی حاجی ئۆمەران جگە لەم دەروازە سنورییە فەرمییانە، چەند دەروازەیەكی نیمچە فەرمی هەن كە بریتین لە: • دەروازەی كێلێ لە شارۆچكەی قەڵادزێ • دەروازەی سەیرانبەن لە شارۆچكەی پێنجوێن • دەروازەی شوشمێ لە تەوێڵە رۆژی 25ی ئایلولی ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو بۆ بڕیاردان لەسەر جیابونەوە لە عێراق، ئێران بە توندی دژی هەوڵی جیابونەوەی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، لە یەكەم هەنگاودا ئێران دەروازە سنورییەكانی بەڕووی هەرێمدا داخست، ئەوكات ئێران گەمارۆ ئابورییەكانی لەسەر هەڵگیرابوو. دوای شكستهێنانی هەوڵی جیابونەوە لە عێراق، حكومەتی بەغداد بە مەرج ئامادەبوو دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكاتەوە، یەكێك لە مەرجەكانی ئەوە بوو، هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكانو فڕۆكەخانەكان رادەستی حكومەتی ناوەند بكاتەوە، كە خۆی لە بنەڕەتەوە بەگوێرەی دەستور ئەو دەسەڵاتانە بۆ حكومەتی ناوەند یەكلاكراونەتەوە. نێچیرڤان بارزانی: ئێمە پابەندین بە عێراقەوە حكومەتی هەرێم دەسەڵاتی دەروازە سنورییەكانو فڕۆكەخانەكانی رادەستی بەغداد كردەوە، بەوهۆیەوە ئێستا بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی بازرگانیكردنی لەڕێگەی دەروازە سنورییەكان یاخود ئاسمانەوە لەگەڵ ئێران لەدەستی دەسەڵاتدارانی بەغدادایە. رەنگە ئەمە تاكە لایەنی ئەرێنی رادەستكردنەوەی دەسەڵاتی دەروازە سنوریو فڕۆكەخانەكان بێت، چونكە لە دۆخێكی وەكو ئێستادا كە ئەمریكا سزا ئابورییەكانی بۆسەر ئێران زیندووكردوەتەوە، رەنجاندنی دڵی ئێرانییەكان رەنگە باجی قورسی بۆسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی زیرەكانە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران، كاتێك وتی" ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە هەموو عێراقەوە هەیە، ئێمە ئەو یاساو تەعلیماتانە جێبەجێ دەكەین كە لە عێراقەوە دەردەچن"، بەڵام نازانرێت مەسرور بارزانی ئامۆزای كە سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتووی هەرێم دەكات چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كێشەیەدا دەكات. بازرگانی هەرێم لەگەڵ ئێران دوای شكستهێنانی ریفراندۆمو كردنەوەی دەروازە سنورییەكان، ئەمریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێران كشایەوە، هەر ئەوكاتو لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ لە هەولێر كۆنفرانسی "پەرەپێدانی هاوكارییە ئابورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو كۆماری ئیسلامی ئێران" بەڕێوەچوو، محەمەد شەریعەتمەداری وەزیری پیشەسازیو بازرگانی ئێران بەشداری تێدا كرد، لە كۆنفرانسەكەدا حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران رێككەوتننامەیەكی لە بواری بازرگانیدا ئیمزاكرد. لەو كۆنفرانسەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد" قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستانو ئێران ساڵانە (6 ملیار) دۆلاری تێپەڕاندووەو (359) كۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی كوردستان لقیان هەیە". بە گوێرەی هەندێك زانیاری رۆژنامەوانیش بەشێوەیەكی گشتی رێژەی 10%ی كۆی هەناردەی ئێران بۆ هەرێمی كوردستان دێت. لە كاتی پابەندبون بە سزاكانی ئەمریكاوە، هەرێمی كوردستانو ئێران زیاتر لە (6 ملیار) دۆلاری ساڵانەی بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەدەستدەدەن. ئەمەش تەنیا بەهای هەناردەكردن نییە، بەڵكو بەهای هاوردەكردنیشە، راوەستانی هاوردە لە ئێرانەوە، بازاڕی هەرێمی كوردستان دوچاری قەیران دەكات، چونكە وەكو نێچیرڤان بارزانی دەڵێ" ئێستا رێژەی 25%ی كۆی هاوردەی كاڵاو شمەك بۆ هەرێمی كوردستان لەڕێگەی ئێرانەوەیە"، بۆیە لەحاڵەتی پابەندبوون بە سزاكانی ئەمریكاوە ئەگەر حكومەتی هەرێم لە ماوەیەكی كورتدا بۆشایی كاڵاو شمەكی ئێرانی لە بازاڕەكاندا پڕنەكاتەوە، دووچاری كارەسات دەبێت. بەشی گەورەی بازرگانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران هاوردەكردنی كەلوپەلو كاڵاو شمەكە، لەبەرامبەردا هەناردەكردن كە شادەماری ئابورییە بۆ هەر وڵاتێك، زۆر لاوازە، هەناردەی هەرێم بۆ ئێران كورت دەبێتەوە لە چەند كاڵایەكدا كە بریتین لە: • نەوتو نەفتا بە تانكەر • پێستەو ریخۆڵە ئەم دۆخە نوێیەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران بەدیوێكی تردا رەنگە بتوانێت هەرێمی كوردستان بكات بە ناوەندێكی گەورەی بازرگانی، ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە، رەنگە بتوانێت ببێت بە رێگەی سەرەكی گواستنەوەی كاڵاو شمەكو تەنانەت دراوی قورس بۆ ئێران، بەڵام ئەمەش باجی خۆی دەبێت. رۆژی 17ی مارسی ئەمساڵ مورتەزا عەبادی سەركونسوڵی ئێران لە هەولێر لەگەڵ رێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. دوای كۆبونەوەكە، سایتی كونسوڵگەری ئێران ئاشكرایكرد، سەركونسوڵو وەزیری دارایی هەرێم رێككەوتوون لەسەر ئەوەی هەرێم رێژەی 20%ی قەرزی كۆمپانیاو بەڵێندەرانی ئێرانی كە لە هەرێمی كوردستان چالاكییان كردووە، بداتەوە. حكومەتی هەرێمو ئێران پێشتر سەبارەت بە رێژەی 15%ی قەرزی كۆمپانیا ئێرانییەكان رێككەوتنیان كردبووە، قەرزەكانیش گەڕێندرابووەوە، بەڵام كوسنوڵگەری ئێرانو وەزارەتی دارایی هەرێم هیچ یەكێكیان وردەكاری رێككەوتنەكەو قەبارەی كۆی گشتی قەرزی كۆمپانیا ئێرانییەكان بڵاونەكردەوە. یادی 40 ساڵەی سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەولێر هەناردەی دۆلار بۆ ئێران ئێستا بەهای دراوی ئێرانی (تمەن) لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی زۆر لاواز بووە، دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ راگرتنی بەهای تمەن هەوڵی دەستخستنی دۆلار دەدەن، بۆ ئەمەش هەرێمی كوردستانو عێراق نزیكترین سەرچاوەی دۆلاری ئەمریكین. لە ماوەی رابردوودا كاتێك ئەمریكا سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی بڵاوبونەوە كە باسیان لەوە دەكرد، لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە (دۆلار) كۆدەكرێتەوەو رەوانەی ئێران دەكرێت، ئێرانییەكان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار هەوڵدەدەن ئاسانكاری زیاتری بازرگانی بكەن تاوەكو لەڕێگەی هەناردەی كاڵاو شمەكەوە، دۆلار لە هەرێمی كوردستانو عێراقەوە كۆبكەنەوە. ئێستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری پابەندبون یان نەبونی بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆسەر ئێران بەستوەتەوە بە بڕیاری حكومەتی عێراقەوە، ئایا حكومەتی عێراق كە لەدوای روخانی رژێمی پێشووەوە لە 2003 لەژێر هەژمونی ئێراندایە بڕیاری چی دەدات؟ قۆناغی داهاتوو و ئاستی ململانێكانی نێوان ئەمریكاو ئێران وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەنەوە.
درەو میدیا: كودەتای سەربازی 11ی نیسانی 2019 دژ بە عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی سودان، دوایین زنجیرەی ئەو كودەتایانەبوو كە لە وڵاتی سودان روویانداوە. - یەكەم كودەتا ساڵی 1958 بوو بەسەرۆكایەتی ئیبراهیم عەبود - ساڵی 1960 هەوڵی كودەتای سەربازی دراوە لە سودان - ساڵی 1963 هەوڵی كودەتای سەربازی دراوە لە سودان - ساڵی 1969 كودەتای سەربازی كراوە لە سودان بە سەرۆكایەتی جەعفەر نەمێری - ساڵی 1975 هەوڵی كودەتای سەربازی دراوە لە سودان - ساڵی 1977 هەوڵی كودەتای سەربازی دراوە لە سودان - ساڵی 1989 كودەتای سەربازی كراوە لە سودان بەسەرۆكایەتی عومەر بەشیر - ساڵی 2019 كودەتای سەربازی دژ بە عومەر بەشیر كرا
( درەو میدیا): ئەحمەد تورك، سەرۆكی شارەوانی گەورەی مێردین لە باكوری كوردستان، رایگەیاند گەنجینەی شارەوانییەكە كاتێك رادەستی قەیومی ئاكەپە كرا 93 ملیۆن لیرەی توركی تێدابوو، بەڵام ئێستا كە وەك سەرۆكی نوێ دەستبەكاربوەتەوە، شارەوانییەكە 620 ملیۆن لیرە قەرزارە. بە گوێرەی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ئەحمەد تورك لە یەكەمین كۆبوونەوەیدا لە شارەوانی مێردین وتی:" كاتێك حكومەتی دادو گەشەپێدان ساڵی 2016 لە سەرۆكایەتی شارەوانییەكە دووریانخستەوەو قەیومیان لەجێگەی دانا گەنجینەی شارەوانییەكە 93 ملیۆن لیرەی نەقدی تێدابوون ئێستا كە سەرۆكایەتی شارەوانییەكەم وەرگرتوەتەوە 620 ملیۆن لیرە قەرزارە، ئەوەش عەقڵ قبوڵی ناكات، چۆن دەبێت 620 ملیۆن لیرە قەرز لەسەر شارەوانی شارێك بێت كە كۆی داهاتی دەگاتە تەنها 6 ملیۆن لیرە".
(درەو میدیا): قسەیەكی هۆشیاری زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاردانەوەی رەوتی حیكمەو حزبی دەعوەی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا. هۆشیار زێباری حزبی دەعوەو رەوتی حیكمە بە هەوڵدان بۆ شكستپێهێنانو دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆمەتباركرد. زێباری لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:" حزبی دەعوەی ئیسلامی لەگەڵ حەكیم پلاندادەڕێژن بۆ دوورخستنەوە عادل عەبدولمەهدی، دوای ئەوەی دەنگدەرانی عێراق لە هەڵبژاردنی 2018 سزایاندان بەهۆی شكستەكانیان لە ساڵی 2014دا، پێویستە بوەستێنرێن، چونكە شتێكی تازەیان پێی نییە پێشكەشی بكەن". لە كاردانەوەی ئەم هەڵوێستەی زێباریدا، سەلاح عەرباوی بەڕێوەبەری نوسینگەی عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە هێرشی توندی كردە سەر هۆشیار زێباری. عەرباوی لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: بۆ وەزیری لەكارلابراوی پێشوو هۆشیار زێباری، پێش ئەوەی ببیت بە پارێزەری حكومەتی عەبدولمەهدی، رێككەوتنەكەتان لەگەڵیدا جێبەجێبكەن بۆئەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت بچێتە گەنجینەی دەوڵەتەوە، نەك بۆ گیرفانی حزبەكان". هاوكات عەلی عەلاق، سەركردە لە حزبی دەعوە لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بە وتەكانی زێباری رایگەیاند، تۆمەتباركردنیان بە هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی عەبدولمەهدی بێ بنمایەو پشتی بە هیچ بەڵگەیەكی روونو ئاشكرا نەبەستووەو لە پشت ئەو تۆمەتانەوە ئامانجو مەبەستی سیاسی هەن.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف بەپێی بەدواداچونێكی ( درەو میدیا) حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی موچەی موچەخۆرانی داوە بە قەرزی كۆمپانیا بیانیەكان، تەنها داهاتی هەرێمی كوردستان بەبێ بەغداد بەشی موچەی تەواوی موچەرانی هەرێمە. دواكەوتنی موچە ئەگەرچی وەزیری درایی حكومەتی هەرێم چەند جارێك رایگەیاند كە هەموو 30 رۆژ جارێك موچە دەدرێت بە موچەخۆران، بەڵام ئەم مانگە موچەی موچەخۆران دواكەوت ، هۆكاری دواكەوتنی موچە ناردنی پارەبوو لە بەغداوە ئەگەرچی بەغداد مانگانە لە 15 بۆ 17 ی هەموو مانگێك پارە دەنێرێت، لە كاتێكدا بەوتەی وەزیری دارایی عێراق بەغداد پارەی مانگەكانی ( 1 ، 2 ، 3 )ی موچەخۆرانی هەرێمی رەوانەكردووە كە مانگانە ( 522 ملیار ) دینارە، لە ئێستاشدا حكومەتی هەرێم موچەی مانگی یەكی موچەخۆران دابەدەكات، بەپێی زانیاریەكانی ( درەو میدیا) حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێتە هەرێم و بۆ موچەی موچەخۆرانە دەداتەوە بە قەرزی كۆمپانیا بیانیەكان، هەروەك د. رێبوار كەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە " حكومەتی هەرێم موچەی فەرمانبەران بۆ پینەكردنی گەندەڵییەكانی خۆی بەكاردەهێنێت" بەو پێیەی هەرێمی كوردستان بە بە داهاتی ناوخۆ و نەوت و ئەو پارەیەی كە لەبەغداوە دێت بە ئاسانی دەتوانێت موچەی موچەخۆرانیش بدات و قەرزی كۆمپانیاكانیش بداتەوە. داهاتەكانی هەرێم بەپێی بەدواداچوونێكی ( درەو میدیا) حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاسانی دەتوانێت موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بكات بەبێ ئەو پارەیەش كە لەبەغداوە دێت، بەو پێیەی". • داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم لە ئێستادا زیاتر لە ( 700 ملیار ) دینارە • كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم نزیكەی ( 150 ملیار ) دینارە • پارەی ئەمریكیەكان ( 30 ملیار ) دینارە • كۆی گشتی ئەو داهاتانە دەكاتە ( 880 ملیار) دینار • كۆی پارەی موچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە ( 881 ملیار) دینار هەیە واتا واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاسانی دەتوانێت بەبێ پارەی بەغداد موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێم بدات. لە كاتێكدا كۆی داهاتی هەرێم ( داهاتی نەوت ، ناوخۆ ، پارەی ئەمریكا، پارەی بەغداد ) دەكاتە :. • پارەی بەغداد مانگانە ( 522 ملیار) دینار • داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم لە ئێستادا زیاتر لە ( 700 ملیار ) دینارە • كۆی داهاتی ناوخۆی هەرێم نزیكەی ( 150 ملیار ) دینارە • پارەی ئەمریكیەكان ( 30 ملیار ) دینارە • كۆی گشتی داهاتی هەرێم دەكاتە ( یەك ترلیۆن و 402 ملیار) دینار پارەی هەرێم چی لێدێت لە كاتێكدا د. فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە كە پارەی تەواوی مانگەكانی ( 1 ، 2 ، 3 ) ی موچەخۆرانی هەرێمی رەوانەكردووەو چوارشەمەش موچەی مانگی ( 4 ) ی رەوانەكردووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر چاوی لە پارەكەی بەغدایە، عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت" مانگی پێشوو ٧٢٤ ملیار دینار لە بەغداوە هاتووە" بەو پێیەش بەبێ پارەی نەوت هەرێم توانیویەتی لەگەڵ پارەی داهاتی ناوخۆ موچەی موچەخۆران بدات، پرسیارەكە ئەوەیە ئەی پارەی نەوت چی لێدێت؟ عەلی حەمە ساڵح لە نوسێنێكدا لە پەیجی فەرمی خۆی دەڵێت" بڕێكی زۆری پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان نادیارە، ئێستا هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ٤٢٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، كۆی داهاتی مانگانەی نەوت كە دەدرێتە موچە ٣٥٠ ملیار دینارەو بەمەش لە هەر بەرمیلێك هەرێم تەنیا ٢٣ دۆلاری دەمێنێتەوە لە كاتێكدا نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت ٧٠ دۆلارە" واتا ئەوەی نادیارو ناشەفافە پارەی نەوتی هەرێمە، چی لێدێت و بۆكوێ دەچێت؟
( درەو میدیا): حەسەن ئۆزتورك، رۆژنامەنوسی رۆژنامەی " یەنی شەفەق"ی نزیك لە حكومەتی توركیا رایگەیاند ئەو كەسانەی كە لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا جیابوونەتەوە سەرقاڵی دامەزراندنی دوو حزبی نوێن. بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی رۆژنامەی " زەمان"ی توركی، ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشوون عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشوو ئامادەكارییان كردووە بۆ دامەزراندنی حزبێكی نوێ دوای شكستهێنانی ئاكەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی شارە گەورەكانی وەك ئەنكەرەو ئیستانبوڵو ئەنتالیا. بە گوێرەی ئۆزتوك، دادوئۆغڵۆ پەشیمان بوەتەوە كە گویل بەشداری پێبكات لە حزبەكەیدا، بۆیە تیمەكەی گویل سەرقاڵی دامەزراندنی حزبێكی ترن. ئۆزتورك رایگەیاندووە كە 50 بۆ 60 پەرلەمانتاری پێشووی ئاكەپەو پێنج بۆ شەش وەزیری پێشوو ئیمزا لەسەر بەیاننامەی دامەزراندنی حزبە نوێكەی داود ئۆغڵو دەكەنو لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا رادەگەیەندرێت. ئاماژەیبەوەشداوە كە حزبی دووەم عەلی باباجان وەزیری پێشووی دارایی كە لە بەرەی عەبدوڵا گویلە حزبێك دادەمەزرێنێت و بەشیر ئەتەڵای وەزیری پێشووی ناوخۆی توركیا دژی دامەزراندنی دوو حزب بووەو لە هەوڵدایە بۆئەوەی هەردوو بەرەكە یەك حزب دابمەزرێنن.