ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئیسرائیل كە رۆژی سێشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، دەریخست حزبی لیكۆد بە سەرۆكایەتی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل 36 كورسی لە كۆی 120 كوسی پەرلەمان " كنێست"ی ئیسرائیل بەدەستهێناوە ئەوەش وایكرد ئەو حزبە لە پێگەی یەكەمدا بێت بۆ دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتێكی هاوپەیمانی راستڕەو. نەتەنیاهۆ بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت بۆ پێنجەم جار لە ژیانی سیاسیدا ببێتەوە سەرۆك وەزیرانو متمانەی بە تواناكانی خۆی هەیە كە حكومەتێكی هاوپەیمانی لە حزبە ئاینی و راستڕەوەكان پێكبهێنێت. ئەم حكومەتەی كە نەتەنیاهۆ ئەمجارە پێكیدەهێنێت خاوەنی زۆرینەیەكی لاواز دەبێت لە پەرلەماندا، لەبەرامبەر ئۆپۆزسیۆنێك كە پێدەچێت پارتی " شینو سپی" چەپی میانڕەو رابەرایەتی بكات كە 35 كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوەو لە مێژووی ئیسرائیلدا هیچ حزبێك نەیتوانیوە زۆرینەی رەهای پەرلەمانی بەدەستبهێنێت. لەم بەشەی ئەم راپۆرتەدا چاوخشاندنێكی خێرا دەكەین بە حزبە جیاوازەكانی ئیسرائیلو براوەو دۆڕاوەكانیان دیاریدەكەین و تیشك دەخەینە سەر ئەو رووداوانەی كە رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا رووبدەن: ئەو هاوپەیمانێتییەی كە نەتەنیاهۆ هەوڵدەدات پێكیبهێنێت: پێشبینیدەكرێت حكومەتی ئیئتیلافی نوێی ئیسرائیل كۆپییەكی حكومەتەكەی ئێستا بێت، نەتەنیاهۆ ( 6 ساڵ) لە وتاری سەركەوتندا ئاشكرایكرد " بەنیازە كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ پارتی ئاینیو راستڕەوەكاندا پێكبهێنێت". هەنگاوی دواتر هەنگاوی داهاتووی نەتەنیاهۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییە، ئەم هەفتەیە سەرۆكی ئیسرائیل گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەی هەموو حزبەكاندا دەكات دەربارەی ئەو كەسەی كە بەباشی دەزانن ببێتە سەرۆك وەزیران، پاشان ناوی ئەو كەسە ئاشكرادەكات كە بەبڕوای ئەو چانسی گەورەی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەتو پێدەچێت نەتەنیاهۆ كەسە دیاریكراوەكە بێت، بەرەچاوكردنی ئەوەی سەرۆكی ئەو حزبەیە كە خاوەنی زۆرترین كورسییە لە پەرلەماندا، ئەگەر دیاریكردنی راگەیەندرا، ئەوا 42 رۆژی مۆڵەت دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەتو ئەگەر شكستیهێنا، ئەوا سەرۆكی وڵات سیاسییەكی تر هەڵدەبژێرێت. دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئیئتیلافی هەمیشە وابووە كاتێكی زۆر دەخایەنێت، حزبە بچوكەكان داوای وەزارەت دەكەنو داواكاری داراییو یاساییان هەیە بۆئەوەی وەڵامی ئەو بەڵێنانەیان بدەنەوە كە لە هەڵبژاردندا بە دەنگدەرانیان داوە، ئەو كاتەش لەسەر نەتەنیاهۆ پێویستە ئەو داواكارییانەو كارە لە پێشینەكانی حزبەكەی هەڵبسەنگێنێت. ئەو حزبانەی پشتگیری لە نەتەنەیاهۆ دەكەن * لیكۆد: 36 كورسی لە پەرلەماندا هەیەو بەراورد بە پێشوو شەش كورسی زیادكردووەو نەتەنیاهۆ سەرۆكایەتی دەكات. لیكۆد چەندین دەیەیە سەرەڕمە لە سیاسەتەكانی بەرەی راستڕەو لە ئیسرائیل و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1977 بە سەرۆكایەتی مەناحم بێگن سەركردەی گروپی ئیرگۆنو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەسەڵاتی گرتەدەست. نەتەنیاهۆ هەڵوێستە توندە كلاسیكییەكانی لیكۆد دەربارەی ئاسایش بەرجەستەدەكات لە پرسەكانی وەك ناكۆكیو ململانێی ئیسرائیل – فەلەستینو سیاسەتی دەرەكی كە ئێستا زیاتر دەربارەی ئێرانە. ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی لیكۆد دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینن، نەتەنیاهۆ لە هەڵمەتی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەی دواییدا بەڵێنیدا كە ئۆردوگا جولەكەنشینەكانی كەرتی خۆرئاوا بهێنێتە سەر ئیسرائیل ئەگەر خولێكی تری سەرۆك وەزیرانی بەدەستهێنایەوە. لەو ئۆردوگایانەدا نزیكەی 400 هەزار جولەكە دەژینودراوسێی 2.9 ملیۆن فەلەستینین كە لە كەرتی خۆرئاوا دەژینو ئیسرائیل لە جەنگی ساڵی 1967دا داگیركردو هەتائێستاش لەرووی سەربازییەوە لەژێر دەسەڵاتیدایە، بەڵام هەرگیز بە رەسمی وەك بەشێك لە ئیسرئیل نەیناساندووە. لە هەڵبژاردنەكەدا ئەندامانو لایەنگرانی لیكۆد لەدەوری نەتەنیاهۆ گردبوونەوە كە ئەگەری ئەوە هەیە لە سێ كەیسی گەندەڵیدا تۆمەتی ئاراستەبكرێتو دادگایی بكرێت، بەڵام نەتەنیاهۆ رەتیدەكاتەوە هیچ پێشێلكارییو گەندەڵییەكی كردبێت. * حزبی یەكێتی راستڕەو پێنج كورسی كنێستی بەدەستهێناوەو پێشتریش هەمان ژمارە كورسی هەبوو، حاخام رافی پێریتس سەرۆكایەتی دەكات، حزبێكی ئاینیی نەتەوەییە لە ئیسرائیل و یەكێكەلە دیارترین قەوارە سیاسییەكان كە نوێنەرانی جولەكەكانی كەرتی خۆرئاوا دەكات. ئەم حزبە بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین رەتدەكاتەوەو جەختدەكاتەوە لەسەر پەیوەندیی تەوراتیو ئایینی جولەكە بەو زەوییانەی كە فەلەستینییەكان هەوڵدەدەن دەوڵەتەكەیان لەسەر دابمەزرێنن. چاوەڕوان دەكرێت دۆناڵد ترەمپ لە چەند مانگی داهاتوودا پلانەكەی بۆ ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست رابگەیەنێت، ئەگەر پلانەكەی سازشكردنی خاكی تێدابێت بۆ فەلەستینییەكان ئەوا پێدەچێت ئەم حزبە ناڕەزایەتی توند دەرببڕێت. * حزبی یسرائیل بیتنو " ئیسرائیل ماڵمانە": لەم هەڵبژاردنەدا پێنج كورسی كنێستی بەدەستهێناوە، خولی پێشووش هەمان ژمارە كورسی هەبوو، ئەڤیگدۆر لیبەرمان سەرۆكایەتی دەكات، حزبێكی عەلمانی، نەتەوەیی، راستڕەوی توندڕەوە، بنكەی جەماوەریی لەو جولەكانەدایە كە لە یەكێتی سۆڤیەتی پێشووەوە كۆچیان كردووە بۆ ئیسرائیل، لیبەرمان كە لە مۆڵدۆڤا لەدایكبووەو پێشتر وەزیری بەرگری بووە هەوڵدەدات لە توندڕەویدا نەتەنیاهۆ تێبپەڕێنێت. * حزبی تەوراتی یەهودی یەكگرتوو: حەوت كورسی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێناوە كورسییەكی زیادكردووە، سەرۆكەكەی یەعقوب لیتزمانە، نوێنەرانی جولەكەكانی حەریدیم ئەرسەدۆكسی توندڕەو دەكات كە بەرەچەڵەك ئەوروپین، رەنگە نەتەنیاهۆ لە پێكهێنانی حكومەتەكەیدا پشت بەم حزبە ببەستێت كە لە بنیچنەدا بایەخ بە گەرەنتیكردنی ئیمتیازات دەدات بۆ پیاوانی حەریدیمەكان لە حكومەت, چونكە ژیانیان بۆ خوێندنی ئاینی تەرخانكردووەو كارناكەنو خزمەتی سەربازیی ناكەن. * حزبی شاس هەشت كورسی لە كنێستی ئەمجارەدا بەدەستهێناوەو كورسییەكی زیادكردووە، ئەریێ درعی سەرۆكایەتی دەكاتو ناوە تەواوەتییەكەی بریتیە لە " یەكێتی سەفاردیم پاسەوانانی تەورات" لەگەڵ پارتی تەوراتی یەهودی یەكگرتوو, هاوپەیمانەو هاوشێوەی حزبەكانی تر بەردەوام بەشداری حكومەت دەكاتو نوێنەرایەتی جولەكە حەریدییەكان دەكات، كە بەرەچەڵك خەڵكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. * حزبی كولانو ( هەموومان): پێشتر 10 كورسی لە كنێستدا هەبوو، بەڵام ئەمجارە بۆ چوار كورسی دابەزیوە، مۆشێ كاحلون سەرۆكییەتی، خۆی وەكو حزبێكی راستڕەوی میانڕەو دەناسێنێتو لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زیاتر جەختی لە پرسە ئابوریو كۆمەڵایەتییەكان دەكردەوە. كاحلون كە وەزیری دارایی بوو لە حكومەتەكەی نەتەنیاهۆدا چەندجارێك بۆ تاوتوێكردنی كاروباری ئابوری لەگەڵ بەرپرسانی فەلەستیندا كۆبوەتەوە، هەرچەندە سەركردە سیاسییەكانی ئیسرائیلو فەلەستین لە ساڵی 2014ەوە كۆنەبوونەتەوە. كاحلون دەیەوێت، پارێزگاری لە پۆستەكەی بكاتو لە حكومەتی نوێدا وەك وەزیری دارایی بمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی شكستی حزبەكەیەوە لەم هەڵبژاردنەدا پێگەی لاواز بووە. كێ لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت؟ * حزبی شینو سپی: یەكەمجارە بەشداری هەڵبژاردن دەكاتو 35 كورسی كنێستی بەدەستهێناوە، بینی گانتسو یائیر لابید سەرۆكایەتی دەكەن. گانتس كە فەرماندەی پێشووی سوپایە, وەك ركابەرێكی مەترسیدار بەرامبەر بە نەتەنیاهۆ دەركەوت، بەڵام نەیتوانی بەسەریدا سەربكەوێتو راستگۆیی لەدەستدا كاتێك پەلەیكرد لە راگەیاندنی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكاندا پێش یەكلایكردنەوەی ئەنجامەكان. گانتس لەگەڵ مۆشێ یەعلون، وەزیری پێشووی داراییو یائیر لابید كە سەر بە چەپی میانڕەوە كاریانكرد بۆ پێكهێنانی ئەو حزبە نوێیە. حزبەكە بەڵێنیدا بوو كاربكات بۆ حكومەتێكی خاوێن لەگەڵ پاراستنی ئاشتیو ئاسایش و لابید لەكاتی داننان بە شكستیاندا رایگەیاند حزبەكەیان لە ئۆپۆزسیۆندا ژیانی لیكۆد دەكاتە دۆزەخ. * حزبی كار: پێشتر 12 كورسی لە كنێستدا هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا بۆ شەش كورسی كەمبوەوە، ئافی گابای سەرۆكایەتی دەكات، حزبێكی چەپەو لە دەیەكانی سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتەوە حوكمی ئیسرائیلی كردووە. لە بانگەشەی هەڵبژاردندا جەختیكردەوە لەسەر چاكسازی كۆمەڵایەتی و ئابوری لەگەڵ هەوڵەدان بۆ بەدیهێنانی ئاشتیو جێبەجێكردنی چارەسەری دوو دەوڵەت لەگەڵ فەلەستینییەكان، بەڵام لە هەڵبژاردنەكەدا گورزێكی كەمەرشكێنی بەركەوت. * بەرەی دیموكراتی بۆ ئاشتی و یەكسانی ( حداش)- حزبی گردبووەنەوەی نیشتمانی دیموكراتی: ئەیمەن عۆدە و ئەحمەد تەیبیی سەرۆكایەتی دەكەن، ئەم بەرەیە شەش كورسی لە پەرلەماندا هەیە، یەكێك لەو دوو كوتلە گەورەیەی كە عەرەب زۆرینەن تێیدا. ئەم بەرەیە یەك پەرلەمانتاری جولەكەشی هەیەو بانگەشە بۆ هاوپەیمانی عەرەبو جولەكە دەكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستیو نایەكسانی كۆمەڵایەتی. حزبە عەرەبییەكان هەرگیز لە هیچ حكومەتێكی هاوپەیمانی ئیسرائیلدا بەشداریان نەكردووە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا عەرەبەكان بەهۆی یاسای ناسنامەی جولەكەی دەوڵەت كە ساڵی 2018 پەسەندكرا بەرێژەیەكی بەرچاو بایكۆتی هەڵبژاردنیان كرد. * لیستی عەرەبی یەكگرتوو، گردبوونەوەی نیشتمانی دیموكراتی : عەباس مەنسور و ئیمتانس شحادە سەرۆكایەتی دەكەن، چوار كورسی كنێستیان بەدەستهێناوە، سەركردەكانی تێكەڵەیەكن لە نەتەوە پەرستی عەرەب و ئیسلامییو خۆی وەكو بزوتنەوەیەكی دیموكراتی دژ بە داگیركاری ئیسرائیل بۆ خاكی فەلەستین وەسفدەكات. * حزبی میرتس: تەمار زاندبێرگ سەرۆكایەتی دەكات، لەم هەڵبژاردنەدا كورسییەك كەمیكردووەو چوار كورسی بەدەستهێناوە، لەم 20 ساڵەی دواییدا بەشداری هیچ حكومەتێكی نەكردووە، لەناو نێوندە ئیسرائیلییە لیبراڵەكاندا جەماوەری هەیەو بۆ چارەسەری كێشەی فەلەستین بانگەشە بۆ بیرۆكەی دامەزراندنی دوو دەوڵەت دەكات. حزبە دۆڕاوەكان: * حزبی راستڕەوی نوێ بە سەرۆكایەتی نەفتالی بینیتو ئیلیت شاكد ، پێشتر سێ كورسی هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا. بینیت كە وەزیری پەروەردە بوو لەگەڵ شاكد وەزیری دارایی لە رەوتی ئاینی نەتەوەیی لە ئیسرائیل جیابوونەوەو حزبێكی راستڕەوی توندڕەویان دامەزراند بۆ راكێشانی دەنگی ئەو بازنانەی كە زۆر مەیلیان بەلای عەلمانیەتدا هەیە. * حزبی زیهۆت: هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا، مۆشێ فیلجن سەرۆكایەتی دەكات، لە راپرسییەكاندا دۆخی باش بوو، بەڵام رۆژی هەڵبژاردن كەوت. حزبێكی ئاینی نەتەوەیی توندڕەوە، داوادەكات رێگە بە كێشانی ماریوانا بدرێت، هەروەها داوادەكات فەلەستینییەكان بە ویستی خۆیان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتانی عەرەبی دراوسێو بونیاتنانی پەیكەری یەهودی سێیەم. سەرچاوە: ئاژانسی رۆیتەرز
ئامادەكردنی: فازل حەمەڕەفعەت چوار لایەنی عێراقی سەقاڵی نوسینەوەی پرۆژەیاسایەكن بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئەمە كێشەی بۆ سێ سەرۆكایەتییەكە دروستكردووەو لەبەردەم ئێراندا توشی شەرمازاریی كردوون. ئێران نیگەرانە لە هەڵوێستی "ناڕوون"ی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان سەبارەت بە دۆسیەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، بەدیاریكراوی هێزی ئەمریكا، ئەمە بەپێی راپۆرتی رۆژنامەیەكی قەتەری. ماوەیەكە هەندێك لە كوتلە سیاسییەكانی عێراق كار دەكەن بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەیاسایەك بە پەرلەمان سەبارەت كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق. هەوڵی خۆدزینەوە دەدەن ! رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری لەزاری بەرپرسێكی باڵای عێراقییەوە رایگەیاندووە، لایەنی ئێرانی نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە هەڵوێستی ناڕوونی بەرهەم ساڵحو محەمەد حەلبوسی سەبارەت بە دۆسیەی هێزە بیانییەكان، لەسەرو هەموشیانەوە هێزەكانی ئەمریكا. بەپێی قسەی سەرچاوەكە، بەرپرسانی ئێرانی باوەڕیانوایە بەرهەم ساڵحو محەمەد حەلبوسی هەوڵی خۆدزینەوە دەدەن لە هەڵوێستەكانی پێشتریان سەبارەت بەو پرسە، كە پێشترو بەر لە دەستبەكاربوونیان لە پۆستەكانیان، زیاتر لە كەسایەتییەكی ئێرانی لە زاری خۆیانەوە گوێبیستی هەڵوێستی ئەوان بوون لەسەر بابەتەكە. كێ سەرۆكایەتی هەوڵەكە دەكات ؟ لە هەفتەی رابردووەوە چوار كوتلەی سیاسی عێراقی لە بەغدادو نەجەف دەستیانكردوەتەوە بە كۆبونەوەكانیان، ئەو چوار كوتلەیەش بریتین لە (دەوڵەتی یاسا، رێكخراوی بەدر، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، هاوپەیمانی سائیرون بە باڵەكەی موقتەدار سەدریشەوە). ئەو چوار كوتلەیە لەڕێگەی نوێنەرو ئەندامو راوێژكارە یاساییەكانیانەوە چاودێری ئەو پرۆژەیاسایە دەكەن كە بڕیارە بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق بنوسرێتەوە. پرۆژەیاساكە ناوی لێنراوە "پرۆژەیاسای كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق"و چەند بەندێك لەخۆدەگرێت، دیارترین بەندەكانی پرۆژەیاساكە بریتییە لەو بەندەی كە دەڵێ" تاوەكو بەر لە مانگی كانونی دووەمی 2012، دەبێت هیچ هێزێكی بیانی لە عێراقدا نەمێنێت". بڕیارەكە سوپای توركیا ناگرێتەوە رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لەناو یەكێكە لەو هێزانەی كە بەشداری ئامادەكردنی پرۆژەیاساكە دەكەن، نوسیویەتی:" ئەمە بەواتای ئەوەدێت ماوەی 18 مانگ خراوەتە بەردەم حكومەت بۆ تەواوكردنی دۆسیەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق، كە دیارترینیان بریتین لە هێزەكانی ئەمریكاو بەریتانیاو فەرەنساو ئەڵمانیاو ئوسترالیاو هێزەكانی تر، كە هەمویان لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا كاردەكەن، جگە لە هێزەكانی توركیا كە لە كەمپی بەعشیقەو چیای قەندیل جێگیربوونو بەغداد دەڵێ ئەو هێزانە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی لەو سنورە جێگیربوونو لەبەرامبەردا ئەنكەرە رەتیدەكاتەوەو دەڵێ" هاتنی هێزەكانی بە لێكتێگەیشتن بووە لەگەڵ حكومەتەكەی حەیدەر عەبادیدا". هەڵوێستی بەرهەم ساڵحو حەلبوسی ! بەرپرسێكی باڵای عێراقی لە بەغداد بە رۆژنامە قەتەرییەكەی وتووە، ئێرانییەكان نیگەرانن لە هەڵوێستی بەرهەم ساڵحو محەمەد حەلبوسی، ئەوان چاوەڕوان بوون ئەو دوانە هەڵوێستی رونتریان هەبێت لەبارەی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان، بەرهەم ساڵحو حەلبوسی رەتیانكردوەتەوە هەڵوێستی دژ بە بوونی ئەمریكی لە عێراق رابگەیەننو هەندێك لێدوانیان داوە كە وا لێكدەدرێتەوە رێگرنین لەبەردەم بوونی بەردەوامی هێزی ئەمریكیو بیانی لە عێراق لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بۆ پاڵپشتیكردنی ئاسایشو سەقامگیری لە عێراق، بەتایبەتیش محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كە لە واشنتۆن لێدوانێكی داو تێیدا ستایشی بوونی هێزی ئەمریكی كرد لە عێراق، ئەوەش شتێكە كە ئێرانییەكان دەڵێن پێچەوانەی ئەو قسانەیە كە پێشتر لە حەلبوسییان بیستووەو ئەوە هۆكار بووە بۆ ئەوەی تاران لە كاتی خۆیدا دژایەتی هەڵبژاردنی نەكات وەكو سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق. عەبدولمەهدی چی دەڵێ ؟ بەرپرسەكە باسی لەوەكردووە، پرۆسەی خۆدزینەوە لە راگەیاندنی هەڵوێستی روونو راشكاو لەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، وای لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیش كردووە بە شوێن دەرفەتێكدا بگەڕێت بۆ مانۆڕكردن، لەكاتێكدا كەوتوەتە ژێر فشاری گەورەی ئێرانەوە. ئێستا عەبدولمەهدی جەخت لەسەر بایەخی رێككەوتنێكی عێراقی دەكات لەنێوان هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی پەرلەمان)و هێزە سیاسییەكان بەر لە هەڵگرتنی هەر هەنگاوێك دژ بە بوونی هێزەكانی ئەمریكا. عەبدولمەهدی راپۆرتی فەرماندە سەربازییەكانی عێراق بەكاردەهێنێت كە پاڵپشتی هەنگاوی كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان ناكەن، هاوكات بەهانە دەهێنێتەوە بەوەی هێشتا هیچ یەكێك لە وەزیری بەرگریو ناوخۆ دەستبەكارنەبوون، هەموو ئەمانەش لەپێناو دواخستنی هەر بڕیارێكی عێراقییە كە لەبارەی بوونی هێزی سەربازیی بیانییەوە بدرێت. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئێستا دۆخی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بەهۆی فشارەكانی ئێرانەوە ئاڵۆز بووە. كۆبونەوەكەی بەرهەم ساڵحو مەسجدی پێنج شەممەی رابردوو بەرهەم ساڵح لە دیدارێكدا لەگەڵ ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد وتی:" عێراق قبوڵی ناكات ببێت بە دەروازە بۆ هەر كارێك كە ببێتەهۆی ئازاردانی هاوسێكانی یان ئاڵۆزكردنی بارودۆخی ناوچەكە"، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ لێدوانەكانی پێشتری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا كە تێیدا باسی لەوەكرد، بوونی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بۆ چاودێریكردنی جموجوڵەكانی ئێرانە. جموجوڵی هەندێك لە لایەنە عێراقییەكان بە ئاڕاستەی كردنەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا، هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری ئەمریكا بۆ دانانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆردا.
(درەو میدیا): دوای كشانەوەی جەمال كەربولی سەرۆكی حزبی حەل لە هاوپەیمانێتی بونیاتنان كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، نەخشەی هەژمونی سیاسی و پەرلەمانی لە بەرژەوەندی هاوپەیمانی " چاكسازی" گۆڕانكاری بەسەردا هات. كەربولی رۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەكداوتی:" بەنیازی پاكەوە بووین بەبەشێك لە هاوپەیمانی بونیاتنان بۆئەوەی ببێتە چەترێكی نیشتمانی كە لەسەروو هەموو ئینتیما تەسكەكانەوە بێت،و خواستمان ئەوە بوو كە ئاسۆیەكی سیاسی نیشتمانی راستەقینە پێكبهێنیین، بەڵام ئەوە بەدینەهات بۆیە كشانەوەم لە هاوپەیمانی بونیاتنان رادەگەیەنم وەك هەنگاوێك بۆ راستكردنەوەی ئاراستەكە". لە پەرلەمانی عێراقدا دوو هاوپەیمانی گەورە هەن كە بە هەردووكیان پشتیوانی لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەكەنو بەشداری كابینەی نوێ حكومەتن، بەڵام بەردەوام لە ناكۆكیو ململانێدان. بەكشانەوەی حزبی حەل هاوپەیمانی بونیاتنان كورسییەكانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ كەمتر لە 115 كورسی لەكۆی 329 كورسی دادەبەزێتو دەبێتە دووەم گەورەترین كوتلەی پەرلەمانو هاوپەیمانی چاكساویش بە 140 كورسی دەبێتە گەورەترین كوتلەی ناو پەرلەمانی عێراق. هاوپەیمانی " چاكسازیو بونیاتنان" پێكدێت لە فراكسیۆنەكانی سەر بە موقتەدا سەدر، حەیدەر عەبادی، عەمار حەكیم، ئەیاد عەلاویو ئوسامە نوجێفی و جوڵانەوەی نەوەی نوێش بەشێكە لەم هاوپەیمانێتیە. هاوپەیمانێتی " بونیاتنان" یش پێكدێت لە فراكسیۆنەكانی سەربە هادی عامرین قەیس خەزعەلی سەرۆكی عەسائیبی ئەهلی حەق، لەگەڵ چەند كوتلەیەكی سوننە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ دوای چوار مانگ خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی بەردەوام لە شەقام، كۆتایی بە حوكمی عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی سودان هات. بەرەبەیانی ئەمڕۆ خەڵكی سودان كاتێك میلی رادیۆكانیان خستەسەر ئێزگەی فەرمی وڵاتەكەیان لە (ئوم دەرمان)، گوێیان لە گۆرانیو میوزیكی سەربازی بوو، ئێزگەكە ماوە لەدوای ماوە ئاگادارییەكیشی بڵاودەكردەوەو دەیوت" پاش كەمێكی تر فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان بەیاننامەیەكی گرنگ بڵاودەكاتەوە"، كاتێك بەتەواوەتی تیشكی رۆژ لە ئاسۆ دەركەوتو خەڵك لە ماڵەكانیان هاتنە دەرەوە، دیمەنی سەربازو تانكیان لە شەقامەكانی خەرتومی پایتەخت بینی. دوای ئاگادارییەكان لە ئێزگەو تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتەوە سەبارەت بە راگەیاندنی بەیاننامەیەكی گرنگ لەلایەن سوپاوە، خەڵك پەیتا پەیتا بەرەو بەردەم بارەگای گشتی فەرماندەیی سوپا لە پایتەخت رۆشتنو ئاهەنگی سەركەوتنو كۆتاییهاتنی حوكمی (30) ساڵەی عومەر بەشیریان گێڕا. دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، دواجار عەوەز بن عەوف وەزیری بەرگری سودانو جێگری سەرۆك كۆمار لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەركەوتو دەستیكرد بە خوێندنەوەی بەیاننامە مێژووییەكە. وەزیری بەرگری، دەستبەسەركردنو لەكارلادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵاتی راگەیاند، بەڵام وتی "بەشیر لە شوێنێكی ئارامدایەو پارێزراو دەبێت". وەزیری بەرگری بەرپرسیارێتی بارودۆخی سودانی خستەئەستۆی بەشیرو تۆمەتباریكرد بەوەی لەماوەی رابردوودا بۆ چارەسەركردنی بارودۆخەكەو خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی خەڵك، تەنیا پەنای بۆ چارەسەری سەربازی بردووە. وەزیری بەگری سودان لە چەند خاڵێكدا پلانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵاتی بۆ قۆناغی دوای لەكارلادانی عومەر بەشیر راگەیاند، كە ئەمانەن: • هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەرۆكایەتیو ئەنجومەنی وەزیرانو پەرلەمانو ئەنجومەنو حكومەتی هەرێمەكان. • دەستپێكردنی قۆناغی راگوزەر (ئینتیقالی) بۆ ماوەی دوو ساڵ بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی سەربازی، كە وەزیری بەرگری خۆی سەرۆكایەتی دەكات. • راگەیاندنی باری نائاسایی بۆ ماوەی سێ مانگو قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی مانگێك. • داخستنی سەرجەم دەروازە سنورییەكانو بواری ئاسمانی سودان تا كاتێكی نادیار. • ئازادكردنی سەرجەم دەستگیركراوانی سیاسی لە سودان. • كاری دەسەڵاتی دادوەریو دادگای باڵای دەستور وەكو خۆی بەردەوام دەبێت بەبێ گۆڕانكاری. • كاری باڵیۆزخانەكانی سودان لە وڵاتان وەكو خۆیان بەردەوام دەبن. • دەسەڵاتی نوێ لە سودان رێز لە هەموو ئەو رێككەوتنە نێودەوڵەتییانە دەگرێت كە دەسەڵاتی پێشووی كردویەتی. لە ئاهەنگگێڕانەوە بۆ نیگەرانیی ! خۆپیشاندەران سەرەتا بە ئاهەنگگێڕان پێشوازییان لە خوێندنەوەی بەیاننامەكەی سوپا كرد، بەڵام ئێستاو دوای خوێندنەوەی بەیاننامەكە، سەرەتای قۆناغێكی ناڕەزایەتی نوێ دەستیپێكردووە. گردبونەوەی سەندیكا پیشەییەكان كە لەماوەی چوار مانگی رابردوودا سەرۆكایەتی خۆپیشاندانەكانی سودانی كرد، لەیەكەم كاردانەوەدا بەیاننامەكەی سوپای رەتكردەوە. گردبونەوەكە داوا دەكات، دەسەڵات لەدوای بەشیر، رادەستی حكومەتێكی مەدەنی ئینتیقالی بكرێت، نەك سوپا. ئێستا رایگشتی سودانو تەنانەت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەسەر دوو بۆچوندا دابەشبووە، بۆچونێكیان دەڵێ:" سوپا بە سودوەرگرتن لە ناڕەزایەتییەكان شەقام، كودەتای سەربازی بەسەر بەشیردا كردووەو دەیەوێت دەستبەسەر دەسەڵاتدا بگرێت". هەندێكیش نیگەرانن لەوەی عەوەز بن عەوف وەزیری بەرگری بۆ ماوەی دوو ساڵی تر سەرۆكایەتی وڵات بكات، بەوپێیەی ئەو خۆی كەسێك بوو لە رژێمەكەی عومەر بەشیر. لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە ستایشی سوپای سودان دەكاتو دەڵێ" سوپا بەم هەنگاوە پشتیوانی لە گەل كردووەو كۆتایی بە حوكمی بەشیر هێناوە". ماوەی دوو ساڵی حوكمی ئەنجومەنی سەربازی لەدوای بەشیر، لەلایەن سوپاوە، نیگەرانی دروستكردووەو هەندێك دەڵێن ئەو ماوەیە زۆرە. چۆن دۆخەكە بە ئێستا گەیشت ؟ لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووەوە، شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان لە سودان دەستیپێكرد، سەرەتا خۆپیشاندانەكان دژی (گرانی نرخ)و (خراپبوونی باری بژێوی خەڵك) بوون، بەڵام دواتر ناڕەزایەتییەكان سەریانكێشا بۆ داوای دەستلەكاركێشانەوەی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵات، كە ماوەی 30 ساڵە جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە. كێ سەرۆكایەتی خۆپیشاندەرانی دەكرد ؟ ئەوانەی سەرۆكایەتی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی ئەمجارەی سودانیان كرد، حزبە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان نەبوون، بەڵكو رێكخراوێك بوو بەناوی "گردبونەوەی سەندیكا پیشەییەكانی سودان". ئەم رێكخراوە ساڵی 2013 دروستكرا، ئەوكات هاوشێوەی ئێستا شەپۆلێك ناڕەزایەتی سودانی گرتبووەوە، بەڵام راگەیاندنی گردبونەوەكە دواكەوت بۆ ساڵی 2018، چونكە ئەوكات كە سەرەتا رێكخراوەكە دروستكرا، دەسەڵاتدارانی سودان سەركردەكانی جوڵانەوەكەیان دەمكوت كرد. گردبونەوەی سەندیكا پیشەییەكان پێكدێت لە ئەندازیارو مامۆستایانی زانكۆو پزیشكان، ئامانجی دروستكردنی گردبونەوەكە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینییەوە: • دروستكردنی گردبونەوەیەك كە جێگای متمانەی خەڵك بێتو بتوانێ شوێنی هێزە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنەكان بگرێتەوە. • دۆزینەوەی بەدیلێك بۆ سەندیكا پیشەییەكان كە دەسەڵات كۆنترۆڵی كردوون. • دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ مانگرتنی گشتی وەكو ئامرازێكی ئاشتیانە بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری سیاسی. گردبونەوەی رێكخراوە پیشەییەكانی سودان كە سەرۆكایەتی ناڕەزایەتییەكانی كرد لە چوار مانگی رابردوودا، لە (8) رێكخراو پێكدەهات، گرنگترینیان بریتی بوون لە: • هاوپەیمانی پارێزەرە دیموكراتخوازەكان • تۆڕی رۆژنامەنوسانی سودان • لیژنەی ناوەندی پزیشكان • لیژنەی مامۆستایانی سودان داواكارییەكانی بنەڕەتییەكانی گردبونەوەكە لە چوار مانگی رابردوودا خۆی لەم خاڵانەدا دەبینییەوە: • دەستلەكاركێشانەوەی عومەر بەشیری سەرۆكی وڵات بەبێ هیچ مەرجێك. • پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتیمانی راگوزەر بۆ ماوەی چوار ساڵ لە كەسانی تەكنۆكرات. • راگرتنی پێشێلكارییەكانو هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی كە ئازادییە گشتییەكان كۆتوبەند دەكەن. ئەم خاڵانە لەلایەن هەمو رێكخراوەكانی ناو گردبونەوەكەوە پەسەندكرانو لەسەرەتای ئەمساڵدا وەكو نەخشەرێگایەك ئیمزایان لەسەر كرا. بەشیر.. كۆتایی 30 ساڵ دەسەڵات عومەر بەشیر كە ئەمڕۆ لە دەسەڵات لادراو دەستبەسەركرا، ساڵی 1989 كودەتای بەسەر (سادق مەهدی)دا كردو جڵەوی دەسەڵاتی گرتەدەست. عومەر بەشیر ناوی تەواوەتی (عومەر حەسەن ئەحمەد بەشیر)ە، پلەی سەربازییەكەی لە سوپای سوداندا (موشیر) بوو. عومەر بەشیر لە گوندی (حۆش بانقا- شندا) لە ویلایەتی رووباری نیل لە رۆژی 1/1/ 1944 لەدایكبووە. لەبارەی ژیانی تایبەتی عومەر بەشیرەوە زانیاری زۆر لەبەردەستدا نییە، دەوترێت خێزاندەرەو دوو ژنی هەیە، بەڵام منداڵی نییە، هاوسەری دووەمی، ژنی پێشووی (ئیبراهیم شەمسەدین)ە كە یەكێكە لە پاڵەوانە جەنگ لە باكوری وڵات. بەشیر لەماوەی سەرۆكایەتیدا پاڵپشتی لە فرەژنی دەكردو هانی سەركردەكانی وڵاتەكەی دەدات زیاتر لە هاوسەرگیرییەك بكەن، بۆ ئەوەی چاودێری ئەو ژنانە بگرنە ئەستۆ كە بەهۆی جەنگی ناوخۆییەوە بێوەژن كەوتوون. لەسەرەتای حوكمی عومەر بەشیردا، سودان لەڕووی ئابورییەوە تاڕادەیەك گەشایەوە، بەڵام سەرباری ئەو سەقامگیرییەی كە لە سێ دەیەی حوكمی بەشیردا لە سودان هەبوو، لەبری باشبوونی زیاتری بژێوی خەڵك، ئابوری بەرەو داكشان رۆشت. ساڵی 2013 خۆپیشاندانی میللی بەرفراوان لە سودان دژ لە حوكمی بەشیر دەستیپێكرد، ئەوكات هۆكاری ناڕەزایەتییەكان بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنیو ماددە خۆراكییەكانو خراپی بژێوی گشتی بوو، ئەوكات هێزە ئەمنییەكان بەتوندی روبەڕووی خۆپیشاندەران بونەوەو لانی كەم 200 خۆپیشاندەر كوژران، ژمارەیەكی زۆر خوێندكارو كرێكاریش دەستگیركرانو زۆرێكیان روبەڕووی ئەشكەنجەدان بوونەوە. ئەوكات كە خۆپیشاندەران فشاریان كرد، عومەر بەشیر رایگەیاند، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2015 خۆی كاندید ناكاتەوە، بەڵام دواتر پەیوەست نەبوو بە بەڵێنەكەیەوە. عومەر بەشیر بڕوانامەی ماستەری لە زانستە سەربازییەكان، كۆلێژی فەرماندەییو ئەركانی مالیزیا بەدەستهێناوە، هاوكات بڕوانامەی ماستەری هەیە لە زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی جەزیرە. بەشیر ساڵی 1989 دوای كودەتا سەربازییەكەی، لە 30 حوزەیرانی هەمان ساڵدا بووە بە سەرۆكی ئەنجومەنی رزگاری نیشتمانی، لەدوای ئەوەوە پۆستی سەرۆكی وڵاتی وەرگرتووە: • سەرۆكی كۆماری سودان لە 16ی ئەیلولی 1993 • نیسانی 1996 بە سەرۆكی كۆمار هەڵبژێردرایەوە • ساڵی 2001، 2010، 2015 بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرایەوە • ساڵی 2005 رێككەوتننامەی "نیڤاشا"ی لەگەڵ جۆن گەرەنگ سەرۆكی بزوتنەوەی میللی رزگایخوازی سودان ئیمزاكردو بەو رێككەوتنە كۆتایی بە درێژترین جەنگی ناوخۆیی لە سودان هات، كە 21 ساڵی خایاندو دواجاریش بووە هۆی لەدایكبوونی كۆماری باشووری سودانو لەتبوونی سودان. • مانگی ئازاری 2009 دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرد، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگو دژ بە مرۆڤایەتی لە هەرێمی دارفور. كێ دوای بەشیر حوكمی سودان دەكات ؟ 23ی شوباتی 2019، عومەر حەسەن بەشیر سەرۆكی سودان عەوەز بن عەوف، وەزیری بەرگری كردە جێگری یەكەمی خۆی لەگەڵ مانەوەی پۆستەكەی وەك وەزیری بەرگری. عەوف، دوای دەستبەكاربوونی لە پۆستە نوێیەكەیدا بە زمانێكی جیاواز لەگەڵ خۆپیشاندەراندا قسەیكردو رایگەیاند، ئەو گەنجانەی كە بەشداری خۆپیشاندانەكان دەكەن خواستو داواكاری گونجاویان هەیە. عەوف سەرەتای پەنجاكانی سەدەی رابردوو لە قەڵای (ود مالك) لە گوندی "قەرا" لە دایكبووە، لە لاوێتیدا پەیوەندی بە كۆلێژی جەنگیی میسرەوە كردووە، دوای تەواوكردنی خوێندنی سەربازی، لە ریزی سوپای سوداندا كاریكردووە. لەمیانی خزمەتی سەربازیدا، چەندین پۆستی وەك بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیو ئاسایشو جێگری سوپاسالاری بەڕێوەبردووە. دوای خانەنشینبوونی، ساڵی 2010 كرا بە باڵیۆز لە وەزارەتی دەرەوە، پاشان بووە بە كونسوڵی گشتی سودان لە قاهیرە، دواتر بووە باڵیۆزی خەرتووم لە عومان. ئابی 2015 عومەر حەسەن بەشیر بە مەرسومێكی كۆماریی، فەریقی یەكەمی روكن (عەوەز محەمەد ئەحمەد بن عەوف)ی وەك وەزیری بەرگری دیاریكرد. لیژنەی بەداوداچوونی راستییەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە دۆخی دارفۆر ساڵی 2005 ناوی عەوەز بن عەوفی خستە لیستی ئەو كەسانەی بەرپرسن لە خراپی بارودۆخی ناوچەكە، پاشان ئەمریكاش خستیە لیستی رەشەوە، بەهۆی رۆڵی عەوف وەك فەرماندەی هەواڵگری سەربازیو رۆڵی لەناو سوپادا لەكاتی شەڕی دارفۆردا.
(درەو میدیا): دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە، وەزیری بەرگری سودان بەیاننامەی هێزە چەكدارەكانی خوێندەوە. وەزیری بەرگری سودان دەستگیركردنی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵاتو لەكارلادانی لە دەسەڵات راگەیاند. عەوەز بن عۆف وەزیری بەرگری سودان لەبەیاننامەیەكدا كە خۆی لە شاشەی تەلەفزیۆنی سودانەوە خوێندییەوە، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی وڵاتو ئەنجومەنی وەزیرانو پەرلەمانو ئەنجومەنو حكومەتی ویلایەتەكانی راگەیاند. وەزیری بەرگری رایگەیاند، ئەنجومەنێكی سەربازی كە خۆی سەرۆكایەتی دەكات، بۆ ماوەی دوو ساڵ وەكو قۆناغی ئینتیقالی كاروباری وڵات بەڕێوەدەبات. سوپا باری نائاسایی لە وڵات راگەیاند بۆ ماوەی سێ مانگ، بۆ کاتێکی نادیاریش گەیشتە ئاسمانییەكانی راگرت. لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردووەوە، شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندان لە سودان ددەستیپێكرد، سەرەتا خۆپیشاندانەكان دژی گرانی نرخو خراپبوونی باری بژێووی خەڵك بوون، بەڵام دواتر ناڕەزایەتییەكان سەریانكێشا بۆ داوای دەستلەكاركێشانەوەی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆكی وڵات، كە ماوەی 30 ساڵە جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.
راپۆرتی: درەو میدیا بە پێچەوانەی ئێستاوە لە پرۆژە یاساكەیاندا لە 2015، فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان داوای دوو جێگری دەركرد و یەكێتی داوای یەك جێگرى دەركرد بۆ سەرۆكی هەرێم ، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت و یەكێتی داوای دوو جێگر دەكات. لە پرۆژە یاسای تەواوی فراكسیۆنەكاندا لە 2015 داوا دەكرا دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پرۆتۆكۆڵی بن هاوشێوەی سەرۆككۆماری عێراق، بەڵام ئێستا یەكێتی و گۆڕان هەردوكیان رازین سەرۆكی هەرێم بەتەواوی دەسەڵاتەكانیەوە هەڵبژێردرێت. تاكە خاڵی هاوبەشی ئەو كات و ئێستای پرۆژە یاسای فراكسیۆنەكان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بووە لەناو پەرلەماندا، ئەوكات بەدەنگدانی نهێنی و ئێستا بە دەنگدانی ئاشكرا، ئەو كات بە دوو لەسەر سێ و ئێستا بە زۆرینەی رەها( 50+1 ) پرۆژە یاساكانی لە نێوان 2015 و 2019 دا لە ساڵی 2015 داو لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی تەمەنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆرێك لە لایەنەكان پرۆژە یاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد( ئێستا لە سایتی پەرلەماندا هەیە) ، لەوانە ( گۆڕان ، یەكێتی، كۆمەڵ و یەكگرتوو، ژمارەیەك پەرلەمانتار) گەر بەراوردی ئەو پرۆژە یاسایانە بكرێت لەگەڵ ئێستا جیاوازییەكان زۆرن و تەواو پێچەوانەی پرۆژە یاساو هەڵوێستەكانی ئێستان لەوانە:. • لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە 2015سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت و لە مادەی دووەم بڕگەی دووەمیدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە هاوكاریی دەكەن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیدا و لە كاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرنەوە بەپێی ریزبەندییان. بەڵام لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی ( یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو و ژمارەیەك پەرلەمانتاردا) سەرۆكی هەرێم تەنها جێگرێكی دەبێت، وەك لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە" سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت بۆ فەرمانداری گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان" بەڵام لە پرۆژەكەی فراكسیۆنی یەكێتیدا ئەوەشخراوەتەوە روو" ئەگەر پلەو پایەی سەرۆكی هەرێم لەبەر هەر هۆیەك چۆڵ بوو جێگرەكەی جێگەی دەگرێتەوە". بەڵام لە ئێستادا ئەوە بەتەواوی پێچەوانە بۆتەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان داوای یەك جێگر دەكات كە لە پرۆژەكەی 2015 دا داوای دوو جێگری دەكرد و فراكسیۆنی یەكێتی داوای دوو جێگر دەكات كە لە پرۆژەكەی 2015 داوای یەك جێگری دەكرد. • سەبارەت بەوەی سەرۆكی هەرێم "دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندن"ە كەلە مادەی یەكەمی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم 2005 دا هاتووە" هەرێم سەرۆكێكی دەبێت كە سەرۆكی باڵای راپەڕاندنیشە" لە پرۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتیش 2015 ئەو مادەیە هەر لابراوە، تەنها لە پرۆژەكەی كۆمەڵدا هاتووە كە" سەرۆكی هەرێم سەرۆكی باڵای جێبەجێكردنە" بەڵام ئێستا 2019 بە پێچەوانەوە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی هەردووكیان رازین بەوەی مادەی یەكەمی یاساكەی 2005 وەك خۆی بمێنێتەوەكە " هەرێم سەرۆكێكی دەبێت كە سەرۆكی باڵای راپەڕاندنیشە" بەڵام كۆمەڵ و یەكگرتوو ئێستا داوای كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكات . • لە تەواوی پرۆژە یاسای فراكسیۆنەكاندا لە 2015، داوا دەكەن سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرێت. • لە بڕگەی یەكەمی مادەی سێیەمی پرۆژە یاساكەی 2015 ی فراكسیۆنی گۆڕاندا داوا دەكات كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا بە نهێنی بێت و تیایدا هاتووە" پەرلەمانی كوردستان لەنێو پاڵیوراوەكاندا لە رێگەی دەنگدانی نهێنی بە زۆرینەی دوولەسەرسێیەكی ئەندامەكانی سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرێت" بەڵام لە پرۆژە یاساكەی 2019 دا داوا دەكات بە زۆرینەی رەها ( 50 +1 ) و بە دەنگدانی ئاشكرا سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت. بەڵام لە لە بڕگەی یەكەمی مادەی سێیەمی پرۆژە یاساكەی 2015 ی یەكێتیدا داوا دەكات دەنگدان بەسەرۆكی هەرێم لەنێو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا هەڵبژێردرێت بە نهێنی و دوولەسەر سێ، كە ئێستا پێچەوانەیەو رازین بەوەی بە زۆرینەی رەهاو بە ئاشكرا هەڵبژێردریت. تەنها لە پرۆژە یاساكەی كۆمەڵ و یەكگرتوودا 2015 داوایانكردووە كە سەرۆكی هەرێم بە زۆرینەی رەها بێت ( 50+1 ) و بە دەنگدانی نهێنی بێت. • سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە پرۆژە یاسای تەواوی فراكسیۆنەكاندا لە 2015 داوا دەكەن دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پرۆتۆكۆڵی بێت. لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا 2015 لە بڕگەی یەكەم مادەی دووەمیدی داهاتووە" هەرێمی كوردستان سەرۆكێكی دەبێت كە نوێنەرایەتیی گەلی كوردستانو یەكگرتویی دەكاتو نوێنەرایەتیی دەكات لە بۆنە نیشتیمانیەكان و، تێدەكۆشێت بۆ زامن كردنی پابەندیی دەسەڵاتەكان بە دەستورو یاساكانو، هەڵدەستێت بە هەماهەنگی لە نێوان دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانو، هەڵدەستێت بە ئەركی سەركردایەتیی باڵای هێزە چەكدارەكانو ئەنجومەنی ئاسایش بە مەبەستی پرۆتۆكۆلیو، سەركردایەتیی ئەم هێزانەو ئەنجومەنی ئاسایش بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسپێردرێت" بەڵام ئێستا 2019 پرۆژەكەی فراكسیۆنی گۆڕان و پارتی تەواوی دەسەڵاتەكان دەداتەوە بە سەرۆكی هەرێم تا نوسینەوەی دەستور، كە فەرمانداری گشتی هێزە چەكدارەكانەو دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندنیشە زیاتر لە 22 دەسەڵاتی هەیە. لە پرۆژەكەی یەكێتیدا 2015 دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەتەواوی دەكاتە تەشریفاتی و لە مادەی دووەمی پرۆژە یاساكەدا هاتووە" سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانەی یەكگرتوویی گەل و خاكی كوردستانە، نوێنەرایەتی هەرێم لە نێوەندە نێودەوڵەتی و ئەقلیمیەكان و لە بۆنە گشتی و نیشتیمانییەكاندا دەكات و هەڵدەستێ بە هەماهەنگی كردن لە نێوان دەسەڵاتەكانی ئیتیحادو دەسەڵاتەكانی هەرێم" كە ئەم دەسەڵاتانە هاوشێوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی كۆماری عێراقە، بەڵام ئێستا فراكسیۆنی یەكێتی رازیە كە سەرۆكی هەرێم بە تەواوی دەسەڵاتەكانیەوە هەڵبژێردرێت تا نوسینەوەی دەستور. لە پرۆژە یاساكەی كۆمەڵ و یەكگرتوودا 2015 لە مادەی یەكەمدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم نوێنەرایەتی هەرێم دەكات لە بۆنە نیشتیمانیەكان هەوڵ ئەدات بۆ پابەندی دەسەڵاتەكان بەدەستوورەوە، وەك پرۆسەیەكی پرۆتۆكۆڵی سەركردایەتی هێزی پێشمەرگە دەكات" • لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە مادەی دووەمی بڕگەی چوارەمیدا دەڵێت" سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانیان بەر لە سوێندخواردنیان دەبێت دەست لە پۆستە حزبیەكانیان هەڵگرن" لە مادەی پێنجەمی پرۆژە یاسكەشدا داوا دەكات ئەو كەسەی خۆی دەپاڵێوێت بۆ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی دەبێت دەستبەرداری پۆستە ئەمنی و سەربازیەكەی بێت، بەڵام لە پرۆژەكەی ئێستای گۆڕان و پارتیدا 2019 ئەو خاڵە نەهاتووە، واتا سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی دەتوانن پۆستی حكومی و حزبیشیان پێكەوە هەبێت. • لە پرۆژە یاساكەی یەكێتیدا لە مادەی شەشەم و لە مەرجەكانی پاڵێوراو بۆ سەرۆكی هەرێم لە بڕگەی حەوتەمدا دەڵێت" بەشدارو هاوكار نەبووبێت لە هیچ پرۆسەیەك كە لەلایەن رژێمی بەعس و هێزە داگیركەرەكانی كوردستان دژ بە خاك و خەڵكی كوردستان ئەنجام درابێت" بەڵام لە ئێستادا هیچ مەرجێكی لەو شێوەیەیان نیە. ئەگەر بەراوردێكی ووردی نێوان پرۆژە یاساكانی 2015 ی تەواوی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان بكەیت بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم( كەلە ئێستادا لە سایتی پەرلەمان هەیە) ، لەگەڵ ئەو پرۆژەو هەنگاوانەی ئێستا تەواو جیاوازەو پێچەوانەی روانین و هەڵوێستەكانی ئەو كات و ئێستایە، لە كاتێكدا بەهۆی ئەو هەنگاوو پرۆژانەی 2015 ەوە هەرێمی كوردستان كەوتە بەردەم بارودۆخێكی نەخوازراو بەجۆرێك رێگری لە سەرۆكی پەرلەمانكراو سەرۆكی هەرێمیش لە رێگەی ئەنجومەنی شوراوە تەمەنی خۆی درێژكردەوە.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ لەماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا دوو حاڵەتی كوشتنی ئاشكرا لەناو شاری سلێمانی روویداوە، لە شاری هەولێریش هاوڵاتییەك بەبەرچاوی خەڵكەوە دەكوژرێتو بكوژەكە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەڵێت" جوان كوشتمو پەشیمانیش نیم". ئەمە لەكاتێكدایە كە لەماوەی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی هەرێم چەندین گروپی تاوانكارییان ئاشكراكردووە، لەم رۆژانەدا باسی گەرمی شەقام باسی پێكهێنانی حكومەت نییە، كە تاڕادەیەك خەڵكی دەستیان لێشتووە، ئێستا باس باسی گروپەكانی تاوانكارییەكانە، جۆری نیشاندانو داننانی تاوانكاران بەتاوانەكانیان لە میدیاكانەوە، لەبری ئارامكردنەوەی دەرونی خەڵك، هاوڵاتیانی روبەرووی دڵەراوكێی زیاتر كردوەتەوە، رەنگە ئەمە بەپلەی یەكەم پەیوەندی بە شێوازی روماڵكردنی هەواڵی دەستگیركردنی باندەكانی تاوانكارییەوە هەبێت لە میدیاكانەوە لەلایەكو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەلایەكی تر. ئامارێكی كورت لە مانگی رابردووەوە تائێستا، خەڵكی هەرێمی كوردستان بینەری كۆمەڵێك رووداوی تاوانكاری بوون، كە ئەو دیمەنانە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر باری دەروونیی هاوڵاتیان جێهێشتووە، لەوانە: • رفاندنی پارەی موچەخۆرانی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی، لە رۆژی 12ی مانگی رابردوو بەربەرچاوی خەڵكەوەو لەناو بازاڕدا. • هێشتا خەڵكی شۆكی دزییە چەكدارییەكەی پارەی كارمەندانی شار بەری نەدابوون، رۆژی 7ی نیسان، ئاسایشی سلێمانی دانپێدانانی گروپێكی تاوانكاری تری بڵاوكردەوە، كە زیاتر لە (40) تاوانیان ئەنجامدابوو، لە كوشتنو رفاندنو دزینی پارەو ئۆتۆمبیل. • رۆژی 4ی نیسان، ئاسایشی هەولێر دانپێدانانی گروپێكی تاوانكاریی راگەیاند. • رۆژی 4ی نیسان ئاسایشی گەرمیان دەستگیركردنی باندێكی چواركەسی دزینو قوڵبڕینی خەڵكی راگەیاند. • رۆژی 5ی نیسان، لەناو بازاڕی هەولێر هاوڵاتییەك دەدرێتە بە دەستڕێژی گوللەو دەكوژرێتو بكوژەكەش دەڵێت " جوانم كوشت، پەشیمانیش نیم". • رۆژی 6ی نیسان، پۆلیسی هەولێر باندیكی گەورەی دزیكردنو كوشتنو بەكارهێنانی مادەی هۆشبەری راگەیاند. • رۆژی 8ی نیسان، پۆلیسی راپەڕین باندێكی دزیكردنی دەستگیركرد. • رۆژی 9ی نیسان، لەناو كافێیەك لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی، تەقە لە گەنجێك كراو كوژرا. • رۆژی 10ی نیسان، لە گەڕەكی چوارباخی سلێمانی كوڕێك بە چەقۆ باوكی خۆی كوشتو هەڵات. • دەیان هەواڵی تاوانكاری تر. ژینگەی سیاسی زیادبوونی حاڵەتەكانی تاوانكاری لە دوو مانگی رابردوودا، هاوكاتە لەگەڵ چەقبەستوویو ئیفلیجبوونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو درێژەكێشانی، لایەنە سیاسییەكان بەدیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، پێكهێنانی حكومەت لە كۆبونەوەیەكەوە دەسپێرن بە كۆبونەوەیەكی تر، وای لێهاتووە ئێستا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، نە بۆ میدیاكانو نە بۆ هاوڵاتیانیش بایەخێكی ئەوتۆی نەماوە، ئەم ناكۆكییە سیاسییانە وایكردووە گروپەكانی تاوانكاری سود لە بۆشایی ئەمنیو ناكۆكییە سیاسییەكان وەرگرن بۆ ئەنجامدانی كارە تاوانكارییەكانیان. ژینگەی ئابووری لەدوای درووستبونی قەیرانی داراییەوە ساڵی 2014، بژێوی خەڵك بەشێوەیەكی گشتی لە هەرێم پاشەكشەی كردووە، دۆخی ئابوری جۆرێك لە بێئومێدی لەناو خێزانەكان دروستكردووە، ئەمەش كاریگەری لەسەر زۆربوونی حاڵەتەكانی تاوانكاری هەبووە. ناسەقامگیری ئابوریو هەڵكشانو داكشانی بازاڕ، قۆرخكاریو بێكاری ژینگەیەكی لەباری بۆ تاوانكاریو كوشتنو دزیكردن رەخساندووە، ئەمە سەرباری جیاوازی چینایەتیو ناعەدالەتی، چینی مامناوەند كە كۆڵەكەی راگرتنی هەموو كۆمەڵگەیەكە، لە كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستاندا بەدەست ناسەقامگیریی ئابورییەوە دەناڵێنێت، لەبەرامبەردا چینێكی نوێ كە لەدوای ساڵی 2003وە كەوتنی رژێمی عێراقەوە هەڵتۆقیوە، بەردەوام لە گەشەكردندایە، ئەم چینە هەڵتۆقیوە ئەو خەڵكانەن كە بەبێ هیچ بنەمایەكی ئابوری، بوون بە خاوەنی سەرمایەی گەورە، خەڵكانی ئەم چینە كە بەبێ هیچ داهێنانێك لە هیچ بوارێكدا سەرمایەی گەورەیان لەلا كەڵەكە بووە، بوون بە نمونەی باڵا بۆ زۆرێك لە گروپە تاوانكارییەكان. ژینگەی كۆمەڵایەتی لەم ساڵانەی دوایدا دامەزراوەی خێزان، بەشێوەیەكی كتوپڕو بەبێ هیچ ئامادەكارییەكی پێشوەختە، كەوتووە بەسەر پێشكەوتنێكی خێرای بواری تەكنەلۆژیو ئامرازەكانی پەیوەندیكردنو سۆسیال میدیادا، باوكانو دیكانو بەخێوكەران لەلایەكو حكومەت لەلایەكی تر، هیچ رێوشوێنێكی دیاریكراوی ئەوتۆیان نەگرتوەتەبەر بۆ رێكخستنی ئەم بوارە، تەكنەلۆژیای سەردەمو خراپ بەكارهێنانی، هێندەی خێزانەكانی دوچاری داڕمانكردووە، هێندە نەبووە بە روخساری پێشكەوتنی كۆمەڵگە، دادگاكان پڕبوون لە كەیسی تایبەت بە خراپبەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردنو سۆسیال میدیا، لەپاڵ ئەمەشدا لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی ئەوتۆی نەكردووەو میدیاكانیش بە ئەركی خۆیان هەڵنەساون، لە بەریتانیا حكومەت دەستیكردووە بە دانانی وانەی هۆشیاری لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی ئامرازەكانی پەیوەندیكردن لە ناوەندەكانی خوێندندا تا قۆناغی زانكۆ، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێڵەكانی ئینتەرنێت تائێستا بۆ هەموو جۆرە زانیاریو ڤیدیۆیەكی نەگونجاو لەگەڵ بارودۆخی كۆمەڵایەتی كراوەو بێسنورن، گەشەپێدانی مرۆیی لە كوردستاندا لە ئاستی خوارەوەیەداو خێزانەكان نازانن كێشەكانیان بخەنە بەردەم كێو چۆن مامەڵە لەگەڵدا بكەن. گرتوخانەكانی چاكسازی بەپێی ئاماری ئەمساڵ، (3 هەزارو 450) كەس لە گرتوخانەكانی چاكسازیدا لە هەرێمی كوردستان ماوەی حوكمەكانیان بەسەردەبن. ساڵی رابردوو پەرلەمانی كوردستان، یاسای لێبوردنی گشتی پەسەندكرد، بەپێی ئەو یاسایە (2 هەزارو 323) بەندكراو بەر لێبوردنەكە كەوتن، لەو ژمارەیە (هەزارو 281) كەسیان ئازادكرانو (هەزارو 42) كەسی تریان ئازادنەكران، بەڵام حوكمەكانیان سوككرا، ئەمە بەپێی ئاماری فەرمی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان. پاسای لێبوردنی گشتی لەكاتی خۆیدا مشتومڕە زۆری دروستكرد، هەندێك رەخنەیان هەبوو لە لێبوردنە گشتییەكە، بەوپێیەی گرتوخانەكانی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان توانای چاكسازیو راهێنانەوەی تاوانبارانیان نییەو ئەگەر ئەو كەسانە ئازادبكرێن جارێكی تر تاوان دەكەنەوە. بەمدواییە كە چەند باندێكی تاوانكاری دەستگیركران، هێزە ئەمنییەكان ئاشكرایانكرد، زۆربەی تاوانبارەكان ئەوان كە پێشینەی تاوانكارییان هەیەو حوكمدراونو هەندێكیان بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون. بەمدواییە لیوا حەسەن نوری بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێكدا وتی:" ئەوانەی بە لێبوردنی گشتی ئازاد دەكرێن، پێش چاككردنیان پیاوكوژە، دەستدەكاتەوە بە كوشتنو دەبێتە تیرۆریست.. ئەوەی دزە دەستدەكاتەوە بەدزی..". بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی بە راشكاوی دەڵێت" زیندان لە كوردستان نەك خەڵك چاك ناكات، بەڵكو ئەوەی لەناو زیندانەكاندا لەسەر سەرپێچی هاتوچۆ گیراوە، فێری ماددەی هۆشبەر دەبێت".
راپۆرتی: بی بی سی وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ رۆژی سێشەممە هاوڵاتیانی ئیسرائیل بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ بۆ وڵاتەكەیان چونە سەر سندوقەكانی دەنگدانو بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەكانیش پێدەچێت بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكی حزبی لیكۆد بۆ پێنجەمین جار پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەدەستبهێنێتەوە. ئەگەر نەتەنیاهۆ سەركەوتووبێت لە بەدەستهێناوەی پۆستی سەرۆك وەزیراندا بۆ پێنجەمینجار ئەوا دەبێتە دەستكەوتێك بۆی كە لە مێژووی ئیسرائیلدا هیچ كەسێك نەیتوانیوە بەدەستیبهێنێت، جگە لە ئەو كە رۆژانێك رەخنەگران بە كەسێكی ناشارەزا وەسفیاندەكرد كاتێكی بۆ یەكەمجارو لە ساڵی 1996 بە جیاوازییەكی زۆر كەم هەڵبژێردرا. نەتەنیاهۆ ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی ئیسرائیلدا لە ململانێدایە لە پێناوەی مانەوەیدا لەبەرامبەر زنجیرەیەك تۆمەتی گەندەڵی كە ئاراستەی دەكرێن. چەندین ساڵە نەتەنیاهۆ خۆی بە شێوەیەك وێنادەكات كە ئەو كەسەیە دەتوانێت ئاسایشی ئیسرائیل لەو ناوچە سەختەی تێیدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت، بۆئەوەش هەڵوێستی زۆر توندی بەرامبەر بە فەلەستینییەكان گرتوەتەبەرو مەترسییە ئەمنییەكانی ئیسرائیلی لە سەرووی هەموو پرسەكانەوە داناوە لەهەر دانوستانێكدا كە تایبەت بە ئاشتی ئەنجامبدرێت. رۆڵی براكەی لە دەركەوتنیدا بنیامین نەتەنیاهۆی ناسراو بە " بیبی" ساڵی 1949 لە تەلئەبیب لەدایكبووە، خێزانەكەی ساڵی 1963 لە ئیسرائیلەوە كۆچیان كردووە بۆ ئەمریكا ئەو كاتەی كە باوكی " سەهیۆن نەتەنیاهۆ" مێژوونوسو چالاكی جولەكە لە تەمەنی 18 ساڵیدا پۆستێكی ئەكادیمی بۆ پێشنیازكرا. نەتەنیاهۆ گەڕایەوە بۆ ئیسرائیلو ماوەی پێنج ساڵ لە سوپادا خزمەتیكردو لە یەكەیەكی دەستەبژێردا بە پلەی رائید كاریكردو ساڵی 1968 لە هێرشێكدا بۆسەر فڕۆكەخانەی بەیروتو لە شەڕی ئۆكتۆبەر/ تشرینی یەكەمی 1973 شدا بەشداریكرد. دوای تەواوبوونی خزمەتی سەربازیی، نەتەنیاهۆ گەڕایەوە بۆ ئەمریكاو لە پەیمانگای ماساچوستس بەكالۆریۆسو ماستەری بەدەستهێنا. ساڵی 1976 جۆناسانی برای لەكاتی سەرپەرشتیكردنی هێرشێك بۆ رزگاركردنی چەند بارمتەیەكی فڕۆكەیەكی رفێندراوی ئیسرائیلی لە فڕۆكەخانەی عەینتیە لە ئۆگەندا كوژرا. مردنی جۆناسان كاریگەری قوڵی كردە سەر خانەوادەی نەتەنیاهۆ، ناوەكەی بووە " ئەفسانە" لە ئیسرائیل، پاشان نەتەنیاهۆ پەیمانگایەكی بۆنەهێشتنی تیرۆر بەناوی براكەیەوە كردەوە. ساڵی 1982 نەتەنیاهۆ بووە جێگری سەرۆكی نێردەی ئیسرائیل لە ئەمریكاو لە ماوەیەكی زۆر كەمدا بەناوبانگ بوو كە زۆر بەباشی بە ئینگلیزییەكی شێوە ئەمریكی قسەیدەكردو لە كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی ئەمریكادا بووە دەموچاوێكی ناسراوو چالاكێكی كارا لە پێناوی ئیسرائیلداو لە ساڵی 1984 دا كرا بە نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك. دابەشكردنی خاكی فەلەستین نەتەنیاهۆ ساڵی 1998 گەڕایەوە ئیسرائیلو دەستیكرد بە سیاسەتكردن لە ناوخۆی ئیسرائیلد و كورسییەكی پەرلەمان " كنێست"ی ئیسرائیلی بەدەستهێناو بووبە جێگری وەزیری دەرەوە، لە گۆڕەپانی سیاسیشدا لە سەركردەكانی پێشووی حزبی لیكۆدو دوای ئەوەی ئەو حزبە لە هەڵبژاردنە گشتییەكانی ساڵی 1992 شكستیهێنا، نەتەنیاهۆ بوو بە سەرۆكی حزبەكەو ساڵی 1996 بووە یەكەمین سەرۆك وەزیران كە لە هەڵبژاردنی پێشوەختدا هەڵببژێدرێت، ئەوەش دوای تیرۆركردنی ئیسحاق رابینی سەرۆك وەزیران، بەوەش بووە گەنجترین سەرۆك وەزیران كە لە ئیسرائیل لە دایك بوبێت دوای دامەزراندنی لە ساڵی 1948. خولی یەكەمی نەتەنیاهۆ لە پۆستی سەرۆك وەزیراندا كورتو سەرنجڕاكێش بوو، چونكە لەو كاتەدا حكومەتە ئیئتیلافییەكەی دووچاری ناكۆكی نێوخۆییو دابەشبوون ببوو. نەتەنەیاهۆ سەرەڕای دژایەتیكردنی زۆر توندی رێككەوتنی ئاشتی ئۆسڵۆی نێوان ئیسرائیلو فەلەستینییەكان، بەڵام ساڵی 1997 رێككەوتنێكی ئیمزاكردو 80%ی شاری خەلیلی رادەستی دەسەڵاتی فەلەستینی كرد، هەروەها ساڵی 1998 یاداشتی " وای ریڤەر"ی ئیمزاكرد كە پرۆسەی كشانەوە لە كەناری خۆرئاوای تێدا دیاریكراوە، بەڵام ساڵی 1999 دوای ئەوەی داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد پۆستەكەی لەدەستداو لە بەرامبەر ئیهۆد باراك سەرۆكی حزبی كرێكاران شكستیهێنا كە بەڵێنیدابوو بەردەوامبێت لەكاركردن لە پێناوی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی هەمیشەیی و كشانەوە لە باشووری لوبنان. زیندبوونەوەی سیاسیی دوای شكستهێنانی لە هەڵبژاردندا نەتەنیاهۆ وەك ئەندامی كنێستو سەرۆكی حزبی لیكۆد دەستیلەكاركێشایەوەو ئاریێل شارۆن لە سەرۆكایەتی حزبەكەدا جێگەی گرتەوەو ساڵی 2001 شارۆن وەك سەرۆك وەزیران هەڵبژێدراو نەتەنیاهۆ وەك وەزیری دەرەوو پاشان وەزیری دارایی گەڕایەوە حكومەتو ساڵی 2005 وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر كشانەوەی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە دەستیلەكاركێشاوە و جارێكی تر لەو ساڵەدا دوای جیابوونەوەی شارۆن لە لیكۆدو دامەزراندنی حزبی كادیماو پاشان توشبونی بە جەڵتەی مێشكو بێهۆشبونی، نەتەنیاهۆ هەلەكەی قۆزتەوە. گرنگترین رووداوەكانی ژیانی نەتەنیاهۆ: * 1949 لە تەلئەبیب لە دایكبووە. * 1967- 1973 بە پلەی رائید لە یەكەیەكی تایبەتی موغاویردا كاریكردوە. * 1984 بووە باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان * 1988 چووە ناو كنێستو حكومەتەوە. * 1996 بووە سەرۆك وەزیران * 199 لە هەڵبژاردندا شكستیهێنا. * 2002- 2003 بووە وەزیری دەرەوە. * 2003- 2005 بووە وەزیری دارایی و پاشتن بەهۆی كشانەوەی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە دەستیلەكاركێشایەوە. * كانونی یەكەمی 2005 بووە سەرۆكی حزبی لیكۆد. * 2009 بە سەرۆك وەزیران هەڵبژێدرایەوە. * 2013 بۆ خولێكی نوێ بە سەرۆك وەزیران هەڵبژێدرایەوە. * 2015 بۆ چوارەمینجار بە سەرۆك وەزیران هەڵبژێدرایەوە. * 2019 خۆیو خێزانەكەی رووبەڕووی چەندین تۆمەتی گەندەڵی كرانەوە. نەتەنیاهۆ بە ئاشكرا چەمكی دەوڵەتی فەلەستینی داماڵراو لە چەكی پەسەندكردووە، بەڵام سورە لەسەرئەوەی كە دەبێت فەلەستینییەكان سازشبكەنو ئیسرائیل وەك دەوڵەتێكی جوولەكە بناسێننو دانی پێدا بنێن و ساڵی 2015 خۆی لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی بەدوورگرتو رەتیكردەوە بە پاساوی ئەوەی ئەو پرسە پەیوەندی لە دەركەوتنی ئیسلامی توندڕەوەوە هەیە لە هەموو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. ناكۆكی لە غەززە لە كۆتایی ساڵی 2012دا نەتەنیاهۆ داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد، دوای چەند هەفتەیەك لە هەڵوەشاندنەوەی كنێستن فەرمانیدا بە هێرشێكی گەورە بۆسەر غەززە، دوای ئاراستەكردنی چەند موشەكێك لەو ناوچەیەوە بۆ ناو خاكی ئیسرائیل، پاشان بەبێ بەشداریپێكردنی هێزی زەمینی ئۆپەراسیۆنەكەی راگرتو ئۆپەراسیۆنەكە كە هەشت رۆژی خایاند بە سەركەوتوولە قەڵەمدا، بەڵام هەرزوو جارێكی تر پێكدادان لە نێوان سنوری هەردوولادا سەریهەڵدایەوە و دوای چەند هێرشێكی تری موشەكی لە تەمموزی 2014دا نەتەنیاهۆ بڕیاریدا جارێكی تر هێرشبكرێتەوە سەر غەزە لە پێناوی گەڕاندنەوەی هێمنیو ئارامیی ماوەدرێژ بۆ ئیسرائیل. ئەم ئۆپەراسیۆنەیان كە 50 رۆژی خایاند كوژرانی زیاتر لە 2100 فەلەستینی لێكەوتەوە كە بەوتەی لێپرسراوانی نەتەوە یەكگرتووەكانو لێپرسراوانی فەلەستین زۆربەیان مەدەنی بوون، لە ئیسرائیلیش 67 سەربازو شەش هاوڵاتی مەدەنی كوژران. سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل بەردەوام لەلایەن ئەمریكای هاوپەیمانییەوە پشتیوانی لێدەكرێتن بەڵام پەیوەندییەكانی نەتەنیاهۆو باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووی ئەمریكا زۆر ئاڵۆزو لە نزمترین ئاستدا بوو. ئازاری 2015 نەتەنیاهۆ لە كۆنگرێسی ئەمریكا وتارێكی پێشكەشكردو هۆشداریدا لە " رێككەوتنە خراپەكە" لەگەڵ ئێران دەربارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكان، بەڵام ئیدارەی ئۆباما نیگەرانیو بێزاری خۆی بەرامبەری دەبڕی و بە دەستوەردانی ئاشكرای لە كاروباری ناوخۆی ئەمریكای لە قەڵەمدا. مەرجی دۆستانە لەگەڵ ترەمپ نەتەنیاهۆ هەڵوێستی توندی بەرامبەر ئێران گرتەبەرن چەندینجار هۆشداریداو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە مەترسیی وازهێنانیان لە ئێران بۆ پەرەپێدانی چەكە ئەتۆمییەكانی ئاگاداركردەوەو داوایكرد سزاكانی سەر ئێران توندتر بكرێت چونكە بە سەرەكیترین هەڕەشە بۆسەر ئیسرائیل دادەنرێت، هەروەها ئامادەی نیشاندا بۆ بەكارهێنانی هێز بۆ وەستاندنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئەگەر هەوڵەكانی تر شكستبهێنن. پاشتم ترەمپ وەك بەهێزترین هاوپەیمانی ئیسرائیل لە گۆڕەپانەكەدا دەركەوت، دوای ئەوەی بووە سەرۆكی ئەمریكاو لە ماوەی یەك ساڵدا قودسی وەك پایتەختی ئیسرائیل ناساند. ئەم هەنگاوە توڕەی جیهانی عەرەبی لێكەوتەوە كە داوادەكەن هاوكاری فەلەستینییەكان بكرێت بۆ ئەوەی قودسی خۆرهەڵات بەدەستبهێننەوە كە ئیسرائیل ساڵی 1967 داگیركردووە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هەر بەوەوە نەوەستا بەڵكو بە رەسمی دانیشنا بەوەی كە بەرزاییەكانی جۆلان بەشێكن لە ئیسرائیل. دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئەو هەنگاوە هۆكاری ستراتیژی لە پشتەوەیەو بەشێكە لە هەوڵەكان بۆ گۆشەگیركردنی ئێران, بەڵام چاودێران وایدەبینن كە هەنگاوێكی ئامانج لێی پتەوكردنو بەهێزكردنی پێگەی بنیامین نەتەنیاهۆ بوو پێش هەڵبژاردنی گشتی ئیسرائیل. تۆمەتەكانی گەندەڵیی لێكۆڵینەوە لە سێ كەیسی گەندەڵی دژی نەتەنیاهۆ لە شوباتی 2019دا گەیشتە لوتكە، واتە شەش حەفتە پێش هەڵبژاردنەكان، ئەو تۆمەتانەش بریتین لە بەرتیل وەرگرتن، فێڵكردنو پێشێلكردنی متمانە. دوو كەیسی پەیوەندیان بە دەنگۆی هەوڵی نەتەنیاهۆوەیە بۆ هاندانی دەزگاكانی راگەیاندن بۆئەوەی ریكلامی خۆڕایی بۆ بكەن، بەرامبەر بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆیان، كەیسێكی تریشیان پەیوەندی بە وەرگرتنی دیارییەوە هەیە لە كەسایەتییە بەناوبانگەكانی هۆڵیود لەبەرامبەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری سیاسیی، بەڵام نەتانیاهۆ رەتیدەكاتەوە كە هیچ پێشێلكارییەكی كردبێتو جەختدەكاتەوە كە ئەوانە لەلایەن نەیارەكانییەوە بۆ هەڵبەستراون. بە سەركەوتنی لە دواهەمین هەڵبژاردندا، نەتەنیاهۆ دەبێتە یەكەمین سەرۆك وەزیرانی دانیشتوی ئیسرائیل كە ئەو جۆرە لە تۆمەتی تاوانكاریی ئاراستەبكرێت، ئەگەر داواكاری گشتی بەردەوامبێت لە بەدواداچوونی كەیسەكان.
درەو میدیا: ساڵح ژاژڵەیی جێگری سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" جێگری سەرۆكی هەرێم ببێت یا نەبێت بۆ ئێمە چیە؟ هەر ئەو كەسە دەچێت "مەعاش" وەردەگرێت هیچی تر، چیە؟ چ نرخێكی هەیە؟ هیچ نیە بەڕاستی! "بەخوا بەڕاستی ڕاستیەكەت پێدەڵێم" پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو زیاتر هیچی تر نابێت هیچ، ئەگەر بە بۆچونی من بێت هەر وەرینەگرین ئەو پۆستە(پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم)، ئاخر سەرۆكی هەرێم هی پارتی بێت و هەموو دەسەڵاتە "ئەساسیەكان" لەدەست پارتیدا بن، "بەڕێز مەسعود بارزانی" كە خۆی مابێت ڕەنگە "نێچیریش" ئەو دەسەڵات و "ئەهمیەتە" گەورەی نەبێت هەر ناوبێت كە سەرۆكی هەرێمە، ئنجا ئێمە جێگری ئەویش بین دەبێت چیمان بەدەست بێت و جێمان پێبكرێت و چ بڕیارێكمان پێدەدرێت؟ " ساڵح ژاژڵەیی دەڵێت" ئێستا پارتی ڕازییە كە سەرۆكی هەرێم لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام ئایا ئەو داواكارییە دێتە دی كە كاتی خۆی ئۆپۆزسیۆن داوای دەكرد هەموو شتێك دێتە دی وەك داواكاری ئەوكات؟ یا ئێستا تێدەپەڕێنرێت بەڵام لەلایەك دڵی پارتی ڕازی دەكات لەلایەكی تریش هیچ شتێك بەبێ بەرژەوەندی پارتی تێناپەڕێنرێت بۆیە وەك دەڵێن پارتی بە تیرێك دوو نیشانەی شكاندووە لەلایەك گۆڕانی ڕازی كردووە لەلایەكیش پارتی دڵنیایە كەهیچ شتێك بێ بەرژەوەندی خۆیان تێناپەڕێنرێت." ژاژڵەیی ئەوەشی وت" كۆمەڵێك خەڵك هەیە ڕەنگە قسەكانی منیان بە دڵ نەبێت و بیكەنە"زەجە" چونكە من ڕاستیەكان دەڵێم من دەڵێم ئێستا ئێمە لەپێناوی ئەوەی "ئیستقرارێك" بەهەرێمی كوردستان بدرێت توشی گیروگرفت و دوو ئیدارەیی نەبین كێشەمان بۆ دروست نەبێت ئەگەر یەكێتیش بەهانە بگرێت بۆ پۆستێك كە دراوە بە گۆڕان با بیدەن بەوان كەی ئەوە كێشەیە؟ سەبارەت بەدیاریكردنی كاندیدی پۆستەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، ساڵح ژاژڵەیی دەخت دەكاتەوە و دەڵێت" تا ئێستا هیچ كەسێك بۆ هیچ پۆستێك دیاری نەكراوە تەنانەت ئەو لیژنەیەش پێكنەهاتووە كەوابڕیارە كاندیدەكان دیاری بكات ئەوەی كە تا ئێستا هەیە تەنها ناوە هەندێكیان خۆیان ناوی خۆیان دەدەن هەندێكیشیان خەڵك ناویان دەبات ئەگەرنا هیچ كەسێك بۆ هیچ پۆستێك تا ئەم ساتە دیاری نەكراوە."
( درەو میدیا): نەوەیەكی سەددام حسێن سەرۆكی پێشووتری عێراق رایدەگەیەنێت دوای كەوتنی بەغداو لە ساڵی 2003 جەلال تاڵەبانی داوای لێكردوون میوانداریان بكات بۆئەوەی بێنە هەرێمی كوردستان، بەڵام خانەوادەكەیان داواكەیان رەتكردوەتەوە. حەریر حسێن كامل، كچەزای سەددام حسێن لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی " RT " وتی دوای كەوتنی بەغدا جەلال تاڵەبانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوایكرد میوانداری خانەوادەكەمان بكات، بەڵام خانەوادەكان داواكەیان رەتكردەوە. حەریر حسێن كامل كە كچی رەغد، كچە گەورەی سەددام حسێنە و نوسەری كێبی " نەوەكەی سەددام"ە وتیشی: " هۆكاری رەتكردنەوەی داواكەی تاڵەبانی كە دواتر بووە سەرۆك كۆماری عێراق لەبەر هۆكاری ئەمنی رەتكرایەوەو پەیوەندی نەبوو بە خودی تاڵەبانییەوە". هەر لەو چاوپێكەوتنەدا كچەزاكەی سەددام ئاماژەی بە هەڵەكانی سەددام حسێن كردو وتی:" یەكێك لە گرنگترین هەڵەكانی سەرۆكی پێشووتری عێراق پشتبەستنی بوو بە خانەوادەكەیو ئەو بیرۆكەیەش بووە هۆی زیانگەیاندن بە خانەوادەكە و بازنەی نزیكی". حەریر حسێن كامل دەربارەی رەفتای كەسانی سەر بە خانەوادەی سەددام حسێن ئاشكرایكرد كە زۆربەی عێراقییەكان توشی نەهامەتی بوون بەهۆی رەفتاری هەندێك لە كەسانی خانەوادەی سەددام بەڵام ئەو كەسانە لە كەسە نزیكەكان نەبوون". دەربارەی رەفتاری قوسەیو عودەیو كەسە نزیكەكانی تری سەددام كە هۆكاربوون بۆ دروستكردنی كەلێن لە نێوان رژێمو حزبی بەعسو رژێمۆ گەلی عێراقدا حەریر حسێن كامل رایگەیاند مەبەستی لە كەسە نزیكەكانی سەددام حسێن قوسەیو عودەی نەبووەو ئەمەی دووەمیان هیچ پۆستێكی سیاسی نەبووە تا كاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی یان كاروباری ناوخۆو عێراق بەگشتی هەبێت.
درەو میدیا: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، ئەوەی یەكەمینجارە كە واشنتۆن هێزێكی سەربازی رەسمی وڵاتێكی تر بخاتە ریزی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە. ترەمپ دوای بڕیارەكەی جەختیشیكردەوە لەوەی واشنتۆن بەردەوام دەبێت لەسەر زیاتركردنی فشاری دارایی بۆسەر ئێران، بەهۆی پشتیوانیكردنی لە چالاكییە تیرۆریستییەكان. ترەمپ وتیشی:" سوپای پاسداران بەشێوەیەكی كارا بەشداریدەكات لە هاوكاریكردنی دارایی و پشتیوانیكردنی تیرۆر". هاوكات مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، سوپای پاسداران هاوشێوەی حزبوڵاو حەماس و جیهادی ئیسلامی خراوەتە لیستی تیرۆرەوەو داوا لە هەموو بانكە بیانییەكان دەكەین هەموو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سوپای پاسداران بپچڕێنن. پۆمپیۆ ئاشكراشیكرد، سوپای پاسداران دارایی رژێمی ئێران بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان تەرخاندەكاتو ئێران پێویستە پێش هەر هێرشێك بۆسەر ئەمریكا باش بیربكاتەوە كە سوپای پاسداران لەكاتی دامەزراندنیەوە ئامانجی هەناردەكردنی شۆڕشی ئێرانە بەهەموو رێگایەك. ئێران بە هەمان شێوە وەڵامدەداتەوە لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەو بڕیارەی ئەمریكا، محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند وەڵامدانەوەی هاوشێوە، واقیعیترین هەنگاوە بۆ بەرپەرچدانەوەی بە تیرۆر ناساندنی سوپای پاسداران. زەریف راشیگەیاند داوا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەكات هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بخاتە لیستی تیرۆرەوە. سوپای پاسداران سوپای پاسداران كە كورتكراوەی سوپا پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە، لقێكە لە هێزە چەكدارەكانی ئێران، 22ی نیسانی 1979 بە فەرمانی ئیمام خومەینی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران دامەزرێندراوە. بە گوێرەی دەستوری ئێران، سوپای كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرگریكردن لە سنورەكانی ئێرانو پاراستی سیستمی ناوخۆی ئێرانی پێسپێردراوە، پاراستنی رژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەناوخۆو دەرەوە بە سوپای پاسداران سپێردراوە. سوپای پاسداران بەشێكی زۆری كەرتی ئابوری لە ئێراندا كۆنترۆڵكردووەو كاریگەریو هەژمونی زۆری لەسەر سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە هەیە. بەرپرسە باڵاكانی سوپای پاسداران: * لیوا محەمەد عەلی جەعفەری : فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران * لیوا قاسم سولەیمانی: فەرماندەی فەیلەقی قودس * عەمید محەمەد باكبور: فەرماندەی هێزی زەمینی * عەمید عەلی فەدەوی: فەرماندەی هێزی دەریایی * عەمیدی ئەمیر عەلی حاجی زادە: فەرماندەی هێزی ئاسمانی * عەمید غوڵامحسێن غەیب پەروەر: فەرماندەی هێزەكانی بەسیج
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- محەمەد رەئوف پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی لەڕێگەی پۆستێكەوە خستوەتە نێوان بەرداشی یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ئەگەر كێشەی ئەو پۆستە چارەسەر نەكرێت، رەنگە پرۆسەكەی بگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. پارتی لەم خولەدا دەیەوێت دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ خەڵكی سلێمانی ئاشتبكاتەوە، ئەمەش لەڕێگەی كردنەوەی نوسینگەیەكەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری نوێ لەبارەی دواین پەرەسەندنەكان بڵاودەكاتەوە. كێشەیەكی نوێ رۆژی 6ی ئەم مانگە، وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر سەردانی شاری سلێمانی كرد. وەفدەكەی پارتی لەم سەردانەدا، تەنیا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە. لەو كۆبونەوەیەدا، وەفدی پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تریان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەیە، پێشتر پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو پۆستەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلاكردەوە. بەمدواییە، پارتی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی رێككەوتنێكی نوێی كرد، لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بەڵێنی بە یەكێتیدا، جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێتو ئەو پۆستە بە یەكێتی بدرێت. لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیازی فراكسیۆنی یەكێتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، جێگیركراو بڕیارە لە خوێندنەوەی سێیەمی كۆتایی پرۆژە یاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكی هەرێمو هەڵبژاردنی سەرۆكدا، پەسەندبكرێت. ئەو پۆستەی كە بەیەكێتی دەدرێت لە سەرۆكایەتی هەرێم ناوی "جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازیی"ە، ئەمە بزوتنەوەی گۆڕانی نیگەران كردووە، چونكە ئەگەر كاروباری سەربازی لای جێگرەكەی یەكێتی بێت، جێگرەكەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆی نامێنێت. ئەمە هۆكارەكە بوو، كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازی پارتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم رەتكردەوە. گۆڕان مەرجی هەیە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەكەی رۆژی 6ی مانگدا، لەبەرامبەر قایلبوون بە زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی هەرێم، بزوتنەوەی گۆڕان مەرجی هەبووە، مەرجەكەشی ئەوە بوو، پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بە بزوتنەوەی گۆڕان بدرێت، چونكە پێشتر گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت یاخود جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووەو هیچ یەكێك لەو دوو پۆستەی پێنەدراوە، سەرباری ئەوەش بەپێی رێككەوتنی نێوانیان، بڕیاربووە سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبێتو ئەو پۆستەش لای گۆڕان بێت. ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەمەرجێك رازییە جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی بدرێتو دەستبەرداری پۆستەكەی خۆی ببێت لە سەرۆكایەتی، كە وەزارەتی پێشمەرگە لای گۆڕان بێت، بەڵام یەكێتی ئامادەنییە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گۆڕان بەجێبهێڵێت. چارەسەری كۆتایی ئێستا لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان دوا راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكردووەو لە پرسی جێگری سەرۆكی هەرێمدا تەنیا یەك پێشنیاز هەیە كە پێشنیازەكەی یەكێتییە بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمو ئەو پێشنیازەش جێگیركراوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئەگەر تاوەكو سبەینێ، پارتی، بزوتنەوەی گۆڕان رازی نەكات لەسەر زیادكردنی ئەو جێگرە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، رۆژی چوارشەممە كۆبونەوەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەنگدانی كۆتایی لەسەر پرۆژەیاساكەو پێشنیازەكەی یەكێتی بۆ زیادكردنی جێگرێكی تر پەسەند دەكرێت، چونكە یەكێتی بە پارتی راگەیاندووە، ئەو حەقی بە نیگەرانییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نییەو چاوەڕێی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكات كە پارتی لەگەڵیدا كردووە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەحاڵی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، وەرگرتنی پۆستەی لە سەرۆكایەتی هەرێم رەتبكاتەوە یاخود بیگۆڕێتەوە بە پۆستێكی تر، لە پرۆژەیاساكەی پەرلەماندا دەنگ لەسەر یەك جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەدرێتو ئەو پۆستەش لای یەكێتی دەبێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بە فەرمی پارتی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی "ئەگەر ئەمجارە هەر كێشەیەك بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوانیان دروستبكرێت، یەكێتی رێككەوتنەكەی بەتەواوەتی هەڵدەوەشێنێتەوەو چیتر رێككەوتن لەگەڵ پارتیدا ناكات". گۆڕان گومانی هەیە ! هەر لەو كۆبونەوەیەدا كە رۆژی 6ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان داوایان لە وەفدی پارتی كردووە، بەر لە دانانی وەزیرەكان، دەبێت پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتیو راوێژكارەكان رادەستی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بكرێن كە رێككەوتنیان لەسەركراوە، بەڵام وەفدی پارتی رەتیانكردوەتەوەو پێیان راگەیاندوون، سەرەتا وەزیرەكان دادەنرێن دواتر بەرێوەبەری گشتیو راوێژكارەكان. پاساوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئەم داواكارییە لە پارتی ئەوەبوو، لە كابینەی پێشوودا پارتی بەشێكی زۆری ئەو پۆستانەی رادەستی گۆڕان نەكردووە كە رێككەوتنی لەسەر كردووە. رەنگە بەشێكی تری بێمتمانەیی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی، بۆ ئەو رێككەوتنە بگەڕێتەوە كە پارتی لەگەڵ یەكێتیدا كردویەتی لەسەر حسابی پۆستەكەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێم. نوسینگەیەك لە سلێمانی ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان، رێككەوتنە بەتامی "دوو ئیدارەیی"، بەوپێیەی پارتی لە نیازی یەكێتی تێگەیشتووە كە ویستێكی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ زەمەنی "دوو ئیدارەیی" یاخود لانی كەم "لامەركەزی ئیداریی"، بۆیە لە تەواوی جومگەكاندا پۆستی جێگری بەهەموو دەسەڵاتەكانییەوە بە یەكێتی بەخشیووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لەم خولەدا، نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سلێمانی دەكرێتەوەو جێگری سەرۆكی هەرێم لەو نوسینگەیەوە كاروباری خۆی بەڕێوەدەبات. كردنەوەی نوسینگەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سلێمانی، هەوڵێكی نوێی پارتییە بۆ ئاشتكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ خەڵكی سلێمانیدا، كە لە قۆناغی رابردوودا هەموو نیگەرانییەكان لەو دامەزراوەیە، لە سلێمانییەوە سەرچاوەیان دەگرت.
( درەو میدیا): بەشداری مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆڕبەندی ئابوری جیهانی لەئودن، بەبێ هیچ پۆستێكی فەرمی، سەرۆكایەتی وەفدی هەرێمی كوردستانی كردووەو لەگەڵ خۆی چوار وەزیری حكومەتی هەرێم و چەندین راوێژكار یاوەری دەكەن، سەرۆكایەتی وەفدی باڵای هەرێم لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، ئەوە دەخاتە روو كە هێشتا بارزانی هەیمەنەی بەسەر دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستانەوەماوە، لەلایەكی تر ئوردن دەیەوێت لەرێگەی مەسعود بارزانیەوە پرۆژە ئابورییەكانی لە هەرێمدا پەرەپێبدات. دوو وەفدی هەرێم بەشداربوون رۆژی شەممە لە ناوچەی دەریای مردوو لە ئوردن، كارەكانی كۆڕبەندی ئابوری جیهانی دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقا بەرێوەچوو بەبەشداری چەندین سەركردەو گەورە بەرپرسانی جیهانی دەستی پێكرد. مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانو سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان بە یاوەری وەفدێكی حزبی و حكومیی رۆژی هەینی گەیشتە عەممانی پایتەختی ئوردنو دواتر بەشداری كارەكانی كۆنگرەكەی كرد. وەفدەكەی بارزانی پێكهاتوو لە فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم. هاوكات لەگەڵ وەفدەكەی بارزانیدا، وەفدێكی حكومەتی هەرێمیش كە لە رێباز حەملان وەزیری داراییو دەرباز كۆسرەت وەزیری ئاوەدانكردنەوەو عەلی سندی وەزیری پلاندانی حكومەتی هەرێم پێكهاتبوو بەشداری كۆڕبەندەكەیان كرد. كێ سەرۆكایەتی وەفدی هەرێم دەكات؟ رێباز حەملان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پۆستێكیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیوێتی:" ئەمڕۆ 6/4/2019 لە وڵاتی ئوردن وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی و ئەندامێتی بەرێزان فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم و دەرباز كۆسرەت، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و سەروەر پێداوی و د.ئومێد صباح راوێژكارانی سەرۆك بارزانی بەشداری لە كۆربەندی ئابوری دەریای مردوو (world economic forum)كرا لەژێر ناوی "بونیادنانی پلاتفۆرمی نوێی پێكەوە كاركردن". بەوتەی وەزیری دارایی وەفدەكەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆڕبەندی ئابوری دەریای مردوو لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتییەوە سەرۆكایەتی كراوە، ئەوەش لە كاتێكدایە بارزانی تەنها سەرۆكی حزبێكی هەرێمی كوردستانەو هیچ پۆستێكی فەرمیی لە حكومەت فەرمانگە باڵاكانی تری حكومەتدا نەماوە. ئوردن بۆچی بانگهێشتی بارزانی كردووە؟ ساڵانە كە ئەو كۆڕبەندە بەڕێوەدەچێت، ئوردن بە فەرمی مەسعود بارزانی بانگهێشتی ئەو كۆڕەندە ئابورییە دەكات، دەربارەی هۆكاری ئەوە غالب محەمەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت:" وڵاتی ئوردن دوو پرۆژەی گەورەی هەیە لە عێراقدا بەم بانگهێشتكردنەی مەسعود بارزانی ئەیەوێت پشتگیری بەدەستبهێنێت، لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری ئەندام پەرلەمان و لایەنە عێراقیەكان دژی ئەو دوو پرۆژەیەن، چونكە هیچ سودێكی بۆ عێراق نیەو بەهەدەردانی سامانی عێراقە". پرۆژەكان چین؟ بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی گۆڕان كە لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رونیكردوەتەوە دوو پرۆژەكەی ئوردن ئەمانەن: یەكەم: حكومەتی عێراق دەیەوێت بەڕێككەوتنی وەزیری نەوتی عێراق كە دانیشتوی ئوردن بووە پێش ئەوەی ببێت بە وەزیر، ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە بەنرخێكی زۆر هەرزان هەناردەی ئوردن بكات، ئەم كارەش لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی نیگەران كردووە، بەم بانگهێشتكردنە ئەیەوێت پشتگیری هەرێم بەدەست بێنێت. دوەم: ئوردن بەڕێككەوتن لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق دەیەوێت پرۆژەیەكی ستراتیجی گەورە ئەنجامبدات، ئەویش ڕاكێشانی بۆریەكە لە(بەسرە)وە بۆ (عەقەبە) كە(18) ملیار دۆلاری تێدەچێت، ئەو پارەش لەئەستۆی عێراقدایەو ئوردن سودی لێدەبینێت، لەبەرئەوەی بەشێكی بەنرخێكی هەرزان پێدەفرۆشرێت. پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان ئاشكراشیدەكات كە لەسەر ئەو دوو بابەتە داوایكردوە وەزیری نەوتی عێراق بانگهێشتبكرێت بۆ پەرلەمان لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت.. لە كۆتاییشدا پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی گۆڕان سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لە بێ هەڵوێستی دەربارەی سەرۆكایەتیكردنی وەفدی هەرێم لەلایەن بارزانییەوە كە هیچ پۆستێكی حكومی نییە و دەڵێت:" پێویستە بپرسین و بزانین ئەو لایانانەی كە دەچنە حكومەت ئەوانەی لە حكومەت بون، ئەوەی ئۆپۆزسیۆنە، ئەوەی لەبەیندایە، بۆچی بێدەنگن؟ كاتی خۆی كە بەناشەرعی سەرۆكی هەرێم بوو هاوارمان دەكرد ئەو كارانەی ئەنجامیاندەدات نایاسایین، بەڵام ئێستا هەمومان ماوین و حیزبی تریش زیادیكردوە وە ئەو پۆستە نەماوە ئێستا، ئەی بۆ بێدەنگن". كۆڕبەندەكەی ئوردن لە كۆڕبەندەكەی ئەمساڵدا كە بۆ دەیەمین جارە لە ئوردن بەڕێوەدەچێتو دوو رۆژ دەخایەنێت، عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردنو مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینیو ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانو سەدان وەفدی حكومیی و بزنسمانو رابەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵەی مەدەنی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان ئامادەبوون. بەوتەی رێكخەرانی لە كۆڕبەندەكەی ئوردندا رۆشنایی دەخرێتە سەر چوار تەوەری سەرەكی كە بریتین لە: * بونیادنانی نمونەیەكی نوێی ئابوریو كۆمەڵایەتی لە ناوچەكەدا. * داهاتووی بەڕێوەبردنی ژینگە لە جیهانی عەرەبیدا. *گەیشتن بە زەمینەیەكی هاوبەش لە جیهانێكی فرە چەمكدا. * شۆڕشی پیشەسازی چوارەم لە جیهانی عەرەبیدا.
راپۆرت: محەمەد رەئوف - فازڵ حەمەرەفعەت لەیەكەم هەنگاودا پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان جێدەهێڵیتو لەنێوان داواكاری یەكێتیو رەتكردنەوەی گۆڕاندا بۆ زیادكردنی پۆستێكی نوێ، یەكێتی هەڵدەبژێرێت. ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری پارتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد، كۆبونەوەكە لە ماڵی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. پێشنیازێكی پارتی بۆ گۆڕان لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی) خستە بەردەم بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازەكەی پارتی بۆ زیادكردنی ئەو پۆستە رەتكردوەتەوە. پێشتر پارتی لەچوارچێوەی رێككەوتنیدا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمیدا بە گۆڕان، بەمدواییەش كە لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی كرد، بڕیاریداوە جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكاتو ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی. گۆڕان بۆ پێشنیازەكەی پارتی رەتكردەوە ؟ لەبارەی هۆكاری رەتكردنەوەی پێشنیازەكەی پارتی، سەرچاوەیەكی باڵا لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ژمارە (1)ی ساڵی 2005، سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەیەو ئەركی ئەو جێگرەش تایبەتە بە كاروباری سەربازی، ئەگەر ئەو دەسەڵاتە بدرێت بە یەكێتی، جێگرەكەی تری سەرۆكی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی نابێت، واتە ئەو جێگرەی كە لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت. بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا بەشێوەی زارەكی پێشنیازەكەی پارتی رەتكردوەتەوەو لەبنەڕەتەوە چارەسەری دەوێت، پارتیش بەدوای دەرەچەیەك تردا دەگەڕێت بۆ قەرەبووكردنەوەی گۆڕان. هێزی هەرێم یان هێزی حزب ؟ بڕگەی دووەم لە مادەی (13)ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دەڵێ" سەرۆكی هەرێم جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان- عێراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەركو فرمانەكانیدا لەمڕووەوە یاریدەی بداو لە دیارنەبونیدا جێگای بگرێتەوە". جگە لەو هێزەی پێشمەرگە كە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا رێكخراون، پارتیو یەكێتی هێشتا هێزی چەكداری تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێتی هێزێكی هەیە بەناوی هێزەكانی (70)، پارتیش هێزەكانی (80)ی هەیە، سەرباری ئەمە ئەو دوو حزبە بەتەواوەتی بڕیاری پێشمەرگەی زۆری خۆیان بەدەستەوەیە. ئەمە هۆكارەكەیە كە پارتی دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی بدات، چونكە ئەگەر ئەو پۆستە لەدەستی بزوتنەوەی گۆڕاندا بێت، بەرپرسەكە نە لە زۆنی زەرد، نە لە زۆنی سەوز فەرمانەكانی جێبەجێ ناكرێتو رەنگە لە كۆتایشدا كێشەی بۆ سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دروستبكات. پارتی لەیەكەم تاقیكردنەوەی گۆڕاندا ! سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، وەفدی دانوستانكاری پارتی دوای كۆبونەوەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، بە یەكێتییان راگەیاندووە" جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی بە یەكێتی دەدرێت". پارتی بەم بڕیارە لەیەكەم هەنگاوی دوای رێككەوتندا، بزوتنەوەی گۆڕانی پشتگوێ خست، ئەوكات كە پارتی رێككەوتنی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كرد، بڕیاربوو سەرۆكی هەرێم تەنیا یەك جێگری هەبێت. رەنگە پارتی چیتر هیچ ترسێكی لە بزوتنەوەی گۆڕان نەمابێت، بەتایبەتیش لەكاتێكدا زیاتر لەنیوەی رێگاكەی بە بزوتنەوەی گۆڕان بڕیوەو دڵنیایە لەوەی گۆڕان توانای پاشەكشێی لە رێككەوتنەكە نەماوە. پارتی ئێستا چاوی لە راكێشانی یەكێتییە بۆ ناو پرۆسەكەی خۆی، بەدیاریكراویش پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم، لەوپێناوەشدا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ قایلكردنی یەكێتی. هەوڵی پێشوەختە ! بەرلەوەی پارتی بۆچوونی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم وەربگرێت، یەكێتی لەناو پەرلەمانەوە كاری لەسەر جێبەجێكردنی خواستەكەی كردووە، هەڵبەت ئەوەش دوای هەڵكردنی گلۆپی سەوزی پارتی. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەكاتی بەشداریكردنی لە دانیشتنی پەرلەمان لەكاتی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەی یاسای تایبەت بە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەڵبژاردنی سەرۆك، پێشنیازی كردووە بڕگەی دووەم لە مادەی 13ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكرێتەوەو بەمشێوەیە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە ناونیشانو دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بەپێی پەیڕەوێك كە لەماوەی 15 رۆژ لە بەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاری دەكرێت". ئەم پێشنیازەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی خرایەڕوو، پێشنیازی بەدیلی نەبوو، بۆیە لە خوێندنەوەی سێیەمیدا تەنها دەخرێتە دەنگدانەوە، بە (بەڵی) یان (نەخێر)، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لە خوێندنەوەی سێیەمیدا ناتوانرێت هیچ بڕگەیەك زیادبكرێت، بەڵكو تەنها دەخرێتە دەنگدانەوەو هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر ناكرێت. بەپێی ئەو بەڵێنەی كە ئەمڕۆ دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی بە یەكێتی داوە، هەردوولا پێكەوە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەچەسپێننو دەنگی بۆ دەدەن. ئەمە لەكاتێكدایە، پرۆژەیاساكە لە بنەڕەتەوە پرۆژەی هاوبەشی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتییە. بەپێی زانیارییەكان، ئەو پۆستەی لە سەرۆكایەتی هەرێم لای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ناوی لێدەنرێت "پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری ئیداریو سیاسی"، پۆستەكەی یەكێتیش دەبێت بە "پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی".
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیە، خەلیفە حەفتەر كەسایەتییەكی دیاری گۆڕەپانی سیاسی لیبیایە، هەرچەندە پێگەكەی لە كاتێكەوە بۆ كاتێكی تر گۆڕانی بەسەردا هاتووە. حەفتەر یەكێك بوو لەو چەندان ئەفسەرەی كە ساڵی 1969 هاوكاری موعەممەر قەزافیان كردو لە كودەتایەكی سەربازیدا دژی شا ئیدریس سەنوسی پادشای لیبیان قەزاقیان گەیاندە دەسەڵات. درەوشانەوەی ئەستێرەی حەفتەر دوای كودەتاكەن قەزافی حەفتەری پاداشتكردو كردیە فەرماندەی گشتی ئەو هێزانەی كە شەڕیان لەدژی وڵاتی چاد بەرپاكرد، ئەو هەنگاوەش سەرەتای كەوتنی حەفتەر بوو، چونكە لەو جەنگەدا هێزەكانی لیبیا زۆر بە سەختی لەلایەن هێزەكانی چادەوە تێكشكێنرانو حەفتەر و 300 لە سەربازەكانی ساڵی 1987 بەدیلگیران. قەزافی دەستبەرداری حەفتەر بوو، سەرەتا نكوڵی كرد لەوەی كە هیچ هێزێكی لیبیا لە چاد بێت، ئەو هەڵوێستەش حەفتەری وابێكرد ژیانی خۆی بۆ رووخاندنی قەزافی تەرخان بكات، لە كۆتایی هەشتاكاندا حەفتەر لە رژێمەكەی قەزافی جیابوەوەو بەرەو ئەمریكا كۆچی كردو چەند راپۆرتێكیش باسیان لە نزیكی لە دەزگای هەواڵگری ئەمریكاوە دەكرد. گەڕانەوە لە تاراوگە ساڵی 2011 لەگەڵ راپەڕینی گەلی لیبیا دژ بە رژێمەكەی قەزافی، حەفتەر گەڕایەوە وڵاتو هەرزوو بوو بە یەكێك لە سەركردە سەرەكییەكانی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لە خۆرهەڵاتی وڵات. حەفتەر لە راپەڕینی گەلی لیبیا لەدژی قەزافی شان بەشانی گروپە ئیسلامییەكان جەنگا، بەڵام دواتر بووە دوژمنێكی سەرسەختیان. دوای ماوەیەك دیارنەمان لە شانۆی سیاسیو سەربازی لیبیا، حەفتەر شوباتی 2014 دەركەوتەوە، كاتێك لەرێگەی تەلەفزیۆنەوەو لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا پلانی خۆی بۆ " رزگاركردنی وڵات" راگەیاندو داوای لە هاوڵاتیانی لیبیا كرد روبەڕووی كۆنگرەی نیشتمانی گشتی ببنەوە، ئەم كۆنگرەیە ئەو پەرلەمانە بوو كە دوای شۆڕش هەڵبژێردرابوو، لەو كاتەدا گروپی ئەنسار شەریعەی سەر بە رێكخراوی قاعیدە و چەند گروپێكی تر كۆنترۆڵكردنی شاری بەنغازیان راگەیاند كە دووەم گەورەترین شاری لیبیایە. لە ئایاری 2014 حەفتەر ئۆپەراسیۆنی " كەرامە"ی لە بەنغازی لە خۆرهەڵاتی لیبیا لەدژی گروپە ئیسلامییە چەكدارەكان راگەیاند، كە لە نێویشیاندا گروپێكی نزیك لە رێكخراوی ئیخوان موسلمین هەبوو، بەوەش حەفتەر سەركەوتوو بوو لەوەی لە گۆڕەپانی دەرەوەدا وەك نەیارێكی ئیسلامییەكان خۆی نمایشبكات، بەوەش پشتیوانی هەردوو وڵاتی میسرو ئیماراتی بەدەستهێنا. هەروەها هێرشیكردە سەر تەلاری پەرلەمان لە تەرابلوسی پایتەخت و ئەو ئۆپەراسیۆنەشی بە راپەڕینێك وەسفكرد دژ بەو حكومەتەی كە ئیسلامییەكان كۆنترۆڵیان كردووە. لە ئازاردی 2015 ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی لیبیا كە جێگەی كۆنگرەی نیشتمانی گشتی گرتەوە، حەفتەری وەك فەرماندەی گشتی " سوپای نیشتمانی لیبیا" دیاریكرد كە توانی دوای نزیكەی ساڵێك گروپە ئیسلامییە چەكدارەكان لە بەنغازیو دەوروبەری دووربخاتەوە. خواستە سیاسییەكانی لە ئەیلولی 2016 حەفتەر ئۆپەراسیۆنی " هەورە بروسكەی رفێنەر"ی دەستپێكرد بۆ كۆنترۆڵكردنی دامەزراوەو كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەی هیلالی نەوت، بەوەش كلیلی گرنگترین هەناردەی وڵاتی رادەستی هاوپەیمانەكەی كرد كە پەرلەمانی توبرقە. حەفتەر دان بە حكومەتی ویفاقی نیشتمانیدا نانێت كە فایز سەراج سەرۆكایەتی دەكاتو لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە رەسمی ناسێنراوە، سەراج جەختدەكاتەوە لەسەرئەوەی فەرماندەیی سوپا لەژێر چاودێری حكومەتەكەیدا بێت. لەگەڵ ئەوەشدا سەراج ئایاری 2017 لەگەڵ حەفتەردا رێككەوت و لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا رایانگەیاند بەیەكەوە كاردەكەن بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی وڵات، بەڵام هیچ بڕگەیەكی ئەو رێككەوتنە جێبەجێ نەكرا. هاوینی 2017 دەنگۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستی حەفتەر بڵاوكرایەوە كە برایە نەخۆشخانەیەكی فەرەنساو ئەوكات وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەكەیدا رایگەیاند دۆخی تەندروستی حەفتەر جێگیرەو لە نەخۆشخانەیەكی سەربازی چارەسەر دەكرێت و هیچ وردەكارییەكی دەربارەی نەخۆشییەكەی ئاشكرانەكرد. حەفتەرو سەددام حسێن حەفتەر یەكێك لەو فەرماندە سەربازییانەی كە رەنگە بە سەددام حسێن سەرسام بێت، بۆیە كوڕێكی ناوناوە سەددام و كوڕێكی تریشی ناوی خالیدەو هەردووكیان ئەفسەرن لە سوپای نیشتمانی لیبیادا. چەند رۆژێكە حەفتەر ئۆپەراسیۆنێكی بۆ كۆنترۆڵكردنی تەرابلوسی پایتەختو ناوچەكانی خۆرئاوای لیبیا دەستپێكردووە هێزەكانی لە پایتەخت نزیكبوونەتەوەو سەرەڕای بانگەوازی وڵاتانی زلهێزی وەك ئەمریكاو روسیاو یەكێتی ئەوروپاو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، حەفتەر ئامادەنیە هێرشەكەی رابگرێت. سەرچاوە: بی بی سی