( درەو میدیا): حەسەن ئۆزتورك، رۆژنامەنوسی رۆژنامەی " یەنی شەفەق"ی نزیك لە حكومەتی توركیا رایگەیاند ئەو كەسانەی كە لە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا جیابوونەتەوە سەرقاڵی دامەزراندنی دوو حزبی نوێن. بە گوێرەی هەواڵێكی سایتی رۆژنامەی " زەمان"ی توركی، ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشوون عەبدوڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشوو ئامادەكارییان كردووە بۆ دامەزراندنی حزبێكی نوێ دوای شكستهێنانی ئاكەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی شارە گەورەكانی وەك ئەنكەرەو ئیستانبوڵو ئەنتالیا. بە گوێرەی ئۆزتوك، دادوئۆغڵۆ پەشیمان بوەتەوە كە گویل بەشداری پێبكات لە حزبەكەیدا، بۆیە تیمەكەی گویل سەرقاڵی دامەزراندنی حزبێكی ترن. ئۆزتورك رایگەیاندووە كە 50 بۆ 60 پەرلەمانتاری پێشووی ئاكەپەو پێنج بۆ شەش وەزیری پێشوو ئیمزا لەسەر بەیاننامەی دامەزراندنی حزبە نوێكەی داود ئۆغڵو دەكەنو لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا رادەگەیەندرێت. ئاماژەیبەوەشداوە كە حزبی دووەم عەلی باباجان وەزیری پێشووی دارایی كە لە بەرەی عەبدوڵا گویلە حزبێك دادەمەزرێنێت و بەشیر ئەتەڵای وەزیری پێشووی ناوخۆی توركیا دژی دامەزراندنی دوو حزب بووەو لە هەوڵدایە بۆئەوەی هەردوو بەرەكە یەك حزب دابمەزرێنن.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە، ئەم رۆژە بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانەوە كراوە بە پشوو. ئێزدییەكان كێن ؟ زمانو ئاینیان چییە ؟ چوارشەمبا سۆر چییە ؟ تاووس مەلەك كێیە ؟ مەسحەفا رەش چییە ؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە. ئاینی ئێزدیی ئێزدیی یەكێكە لە ئاینە رەسەنو دێرینەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام زانیاری ئەوتۆ سەبارەت بەم ئاینە لەبەردەستدا نییە، باوەڕدارانی ئەم ئاینە، باسی ئاینو بیروباوەڕەكانیان بۆ كەسانی تر ناكەن، بەهۆی ئەوەی لە مێژوودا رووبەڕووی چەندین هەڵمەتی پاكتاوكردن بوونەتەوە، كە دواهەمینیان هێرشی چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی " داعش" بوو بۆسەر شەنگالو ناوچە ئێزدیی نیشنەكانی پارێزگای نەینەوا، كە بەهۆیەوە هەزاران كەسیان لێكوژراو هەزاران ژنو كچو منداڵیشان كرانە كۆیلەو كەنیزەك. ئێزدییەكان سەرەڕای ئەوەی زۆر رووبەڕووی ستەمو چەوساندنەوەو پاكتاوكردن بوونەتەوە، بەڵام بەردەوام پابەندی ئاینەكەیانن، باوەڕیان وایە ئاینەكەیان رێگای رزگاربوونە. ئامارێكی دروستی ژمارەی ئێزدییەكان لەبەردەستدا نییە، چەند سەرچاوەیەك ژمارەیان بە (300 هەزار بۆ 750 هەزار) كەس دەخەمڵێنن، بەزۆریش لە باكوری خۆرهەڵاتی موسڵ لە عێراقو باكوری سوریا نیشتەجێن. ئێزدییەكان خۆیان بە تایەفەیەك دادەنێن كە "لە ئەزەلەوە هەنو بە تەنها لە وەچەی ئادەمن"، بڕوایان وایە "ئادەم تۆوی خۆی لە دەفرێكدا داناوەو پاشان وەچەی ئێزدیی لێوە پەیدابووە، دواتر خودا حەوای خەڵقكردووەو هاوسەرگیری لەگەڵ ئادەمدا كردووە، مرۆڤەكانی تری جگە لە ئێزدیی لێكەوتوەتەوە"، بەوەش خۆیان بە "وەچەیەكی زۆر تایبەتمەند" دادەنێن. چیرۆكی " ئیبلیس" لە ئاینی ئێزدییدا ئاینی ئێزدیی لە چیرۆكی سوجدە نەبردنی شەیتان "ئیبلیس" بۆ ئادەم لەگەڵ ئیسلامدا هاوڕایە، لە ریوایەتی ئاینی ئیسلامدا قورئان لە ئایەتی (34)ی سورەتی "البقرە"دا ئاماژەی بەو چیرۆكە داوەو هاتووە: "ۆإِژْ قُلْنَا لِلْمَڵائِكَەِ اسْجُدُواْ ڵادَمَ فَسَجَدُواْ إِلاَّ إِبْلِیسَ أَبَی ۆاسْتَكْبَرَ ۆكَانَ مِنَ الْكَافِڕینَ". بەڵام ئێزدییەكان لەگەڵ ئەنجامی بەشی دووەمی ئەو ئایەتەدا جیاوازو ناكۆكن، ئەوان بڕوایان بەوە نییە ئیبلیس بەهۆی رەتكردنەوەی سوجدە بۆ ئادەم سزادرابێت، بەڵكو باوەڕیان وایە "خودا ئیبلیسی خەڵات كردووەو كردوویەتی بە سەرۆكی مەلائیكەتەكان، بەهۆی ئەوەی تاكە مەلائیكەت بووە لە تاقیكردنەوەی خودا دەرچووە، چونكە خودا دوای خەلقكردنی مەلائیكەتەكان داوای لێكردوون جگە لە ئەو سوجدە بۆ كەس نەبەنو دوای خەلقكردنی ئادەمیش كە داوای لێكردوون سوجدەی بۆ بەرن وەك جۆرێك لە تاقیكردنەوە وابووەو جگە لە ئیبلیس، كەسیان لەو تاقیكردنەوەیەدا دەرنەچوون، بەوەش شیاوی ئەوە بووە كە خودای گەورە بیكاتە سەرۆكی مەلائیكەتەكان"، كە ئێزدییەكان بە "تاووس مەلەك" ناویدەبەنو هەموو رۆژێك پێنجار نوێژی بۆ دەكەن. بانگەواز لە ئاینی ئێزدیدا ئاینی ئێزدیی ئاینێكی موژدەبەر " تەبشیری " نییە، هیچ كەسێكی تازە ناتوانێت ببێت بە ئێزدیی، بەڵكو دەبێت ئەو كەسە لە لەدایكبوونییەوە ئێزدی بێت، واتە لە دایكو باوكێكی ئێزدیی لەدایك ببێت، ئەوان خۆیان بە "خواپەرست" وەسفدەكەنو دەڵێن ناوی ئاینەكەیان ئەو واتایە دەگەیەنێت، خواوەندی گەورەشیان بە " ئێزدان" ناسراوەو پێگەیەكی زۆر باڵای هەیە لایان، بەجۆرێك نابێت راستەوخۆ بپەرسترێت، بەڵكو بە خاوەن هێزێكی شاراوەی لەبن نەهاتووەو لەگەڵ ئەوەدا كە خوڵقێنەری گەردوونە، بەڵام پاسەوانی گەردوون نییە. مەزارو شوێنە پیرۆزەكانی ئێزدیی ئێزدییەكان خاوەنی چەندین شوێنو مەزاری پیرۆزن، یەكێك لەوانە مەزاری "شەرفەدینە" لە چیای شەنگال، هەروەها پەرستگای "لالش" لە قەزای شێخانی باكوری خۆرئاوای موسڵو ئێزدییەكان لە حەجدا دەچنە ئەم پەرستگایەو زۆربەی مەراسیمو سروتە ئاینییەكانیانی تێدا ئەنجامدەدەن. زمانو كتێبی پیرۆز ئێزدییەكان بە زاراوەی كرمانجی ژوورووی زمانی كوردی قسەدەكەن، زمانی رەسمی مەراسیمو سروتە ئاینییەكانیشانە، خاوەنی سیستمێكی ئاینییو ئیداریی دێرینن، كە لە كۆنەوە بۆیان ماوەتەوە، هەروەها چەند نەریتو كەلەپوری هاوبەشیان لەگەڵ ئاینیەكانی تردا هەیە. بەشێك لە ئێزدییەكان دەڵێن كتێبێكی پیرۆزیان هەیە بەناوی "مەسحەفا رەش"، بەڵام زۆرینەیان جەختدەكەنەوە كە ئەم كتێبەیان نەبینوە. ئایینی ئێزدی كاریگەری هەبوو بۆسەر ئاینەكانی ترو ئاینەكانی تری دراوسێشی كاریگەریان كردوەتە سەری، ئەم ئاینە لە بە پیرۆزدانانی خۆرو مانگدا لە ئایینی زەردەشتیو لە حەرامكردنی چەند خۆراكێكدا لە ئاینی جولەكەو لە چەند ریتمێكی میوزیكیشدا لە ئاینی مەسیحیو لە نوێژو زەكاتو حەجو خەتەنەكردنیشدا لە ئاینی ئیسلام دەچێت. بە گوێرەی چەند چاوپێكەتنێك لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆو چەند ئەكادیمییەك، رۆژووگرتن لای ئێزدییەكان دابەشدەبێت بۆ دوو رۆژووگرتن، یەكەمیان رۆژووگرتنی تایبەتە كە 80 رۆژە (40 رۆژ لە هاوینو 40 رۆژ لە زستان)، دووەمیشیان رۆژووگرتنی گشتییە، واتە (رۆژووی ئێزید) كە سێ رۆژە لە ساڵێكدا (سێشەممە، چوارشەممەو پێنج شەممەی هەفتەی دووەمی مانگی 12ی هەموو ساڵێك)، دوای ئەوەش جەژنی ئێزید دێت كە یەك رۆژە. ئێزدییەكان سێ رۆژی تر لە مانگی دوومی هەموو ساڵێك بە رۆژوودەبنو دەبێت بكەوێتە (دووشەممەو سێشەممەو چوارشەممە)و بە رۆژووی "خدر ئەلیاس" ناودەبرێت، پاشان جەژن دێت كە یەك رۆژە. چوارشەمبا سۆر چییە ؟ هاوشێوەی ئاینەكانی تر، ئێزدییەكانیش چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان هەیە، یەكێك لەو جەژنانە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییە، كە پێی دەڵێن جەژنی "چوارشەمبەی سۆر". جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكان دەكەوێتە یەكەمین چوارشەممەی مانگی نیسانی خۆرهەڵاتی هەموو ساڵێك، كە 13 رۆژ جیاوازو درەنگترە لە مانگی نیسانی زاینییو بەمشێوەیە ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی نیسان جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەكانە. پلەو پایە لە ئاینی ئێزدیدا ئێزدییەكان بەگوێرەی پێگەی ئاینی دەكرێن بە چەند چینێكەوە: یەكەم: چینی رۆحانییەكان: ئەمەش دەكرێن بە دوو گروپەوە: 1- گروپی پیر: ئەمە كۆنترین گروپی ئاینی ئێزدیین، بە تێپەڕبوونی كات كەمبونەتەوەو بەهۆی ئەو هەڵمەتانەشی كە كراوەتە سەریان ژمارەیەكی كەمیان ماوەتەوە. 2- گروپی شێخ: دوای لاوازبوونی گروپی پیر لە راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا، لەسەر دەستی شێخ (عادی بن مسافر) ئەم گروپە دامەزرێنرا بۆئەوەی ئاینی ئێزدیی كۆبكاتەوە، ئەم گروپەش دابەش دەبەێت بۆ چەند چینێك، ئەندامەكانی هەر چینێك ناتوانن جگە لە چینەكەی خۆیان هاوسەرگیری بكەن، ئەمەش چینەكانن: • شێخ شەمش • شێخ حەسەن • شێخ بەكر • شێخ ناسرەدینو .. هتد 3- چینی فەقیر: ئەمانە چینی خواپەرستنو پۆشاكێكی سپی تایبەت بە خۆیان هەیەو قژێكی درێژیان هەیە. 4- چینی حادی یان قەواڵەكان: ئەمانە ئەو دەروێشانەن كە پلەی ئاینی وەك (خواپەرستو باوەڕدار)یان هەیە، قەواڵ ئەو كەسانەن كە سرودە ئاینییەكان دەڵێنو سەربە یەك عەشیرەتن، ناوەندی سەرەكییان دەكەوێتە نێوان ناوچەی باشیكو بەحزانی لە پارێزگای نەینەوا. 5- چینی كەواچك: كەواچك كۆی وشەی "كوچك"ە كە بە مانای دیوەخان دێت، چینێكن لە خەڵكی گشتیو پۆشاكی تایبەت بەخۆیان هەیە، ئەركەكەیان بریتییە " لە دۆزینەوەی چارەنوسی مردووان باش بێت یان خراپ لەگەڵ پەیوەندیكردن بە جیهانی غەیبەوە بۆ زانینی دۆخی ئێستاو داهاتوو"، دەتوانین بڵێین ئەركەكەیان زیاتر رۆحانییە. 6- چینی موریدەكان: نزمترین چینی ئێزدییەكانەو لە رابردوودا ئەركیان گوێڕایەڵی كوێرانە بووە، بەڵام نەوەی نوێی ئەم چینە ئێستا زۆر مەیلیان بۆ چەمكە مەدەنییەكان هەیەو زۆر ملكەچ نینو زەكات نادەن، مافی ئەوەشیان نیە لەگەڵ چینەكانی تردا هاوسەرگیری بكەن. هەندێك لە ئێزدییەكان خۆیان تەنها بەسەر سێ چیندا دابەشدەكەن، لەسەر ئەو بنەمایەی كە چینی كوچكو حادی لە بنەڕەتدا لە چینی موریدەكاننو چینی "پیر" یش چینێكی جیاوازن لە چینی "شێخ"، بەڵام ئەوە راستییەكی پشتڕاستكراوەیە كە هاوسەرگیری لەنێوان پەیڕەوانی ئەو پێنج چینەدا رێگەی پێنادرێت، هەتا تەنانەت لە ناو یەك چینی وەكو شێخەكانیشدان بۆ نمونە كەسێكی سەر بە گروپی شێخ حەسەن ناتوانێت لەگەڵ كەسێكی سەربە شێخ ناسرەدین یان گروپێكی تر هاوسەرگیری بكات.
راپۆرت: درەو میدیا لەمەودوا ئەندامانی پەرلەمان بۆ ئەوەی بچنە ناو بینای پەرلەمان، دەبێت لە پرسگەكانی پەرلەماندا بە پشكنینی وردی ئەمنیدا تێپەڕن، ئەمە نوێترین بڕیاری دیوانی پەرلەمانی كوردستانە. پارتی لەم خولەدا لە كۆی (111) كورسی پەرلەمان، (45) كورسی هەیە، ئەمە سەرباری (11) كورسی كۆتاكان كە زۆرینەیان بۆ پارتی یەكلابونەتەوە، ئەمە زۆرینەیە وایكردووە پارتی ئەمجارە زۆیاتر خۆی بەخاوەنی پەرلەمان بزانێت. پارتی ئەم خولەی نوێی پەرلەمانی بە مانۆڕێك بۆ نیشاندنی هەژمونی خۆی دەستپێكرد كاتێك دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی پارتی لە رۆژی 14/3 یادی لە دایك بوونی بارزانی لەناو حەوشەی پەرلەمانی كوردستاندا نەمامیان چاند پشكنینی پەرلەمانتاران بەپێی بڕیارێكی (هیوا نەسرەدین) بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمانی كوردستان كە لە رۆژی 16/4/2019 دەركراوەو وێنەیەكی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، لەمەودوا تەواوی ئەندامانی پەرلەمانو فەرمانبەران بەر لە چونیان بۆناو بینای پەرلەمان دەبێت پشكنینی ئەمنییان بۆ بكرێت. نوسراوەكەی سەرۆكی دیوانی پەرلەمان دەڵێ بڕیارەكە "لەسەر فەرمانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەو لپێناو پاراستنی ئاسایشی پەرلەمان پێویستە گشت جانتاو كەلوپەلێك بەناو ئامێری تایبەت بە پشكنیندا بڕوات لە پرسگەكانی پەرلەمان". هیوا نەسرەدین سەرۆكی ئێستا دیوانی پەرلەمان سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەدوای رێگریكردن لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (یوسف محەمە)، سەرۆكی پێشووی دیوانی پەرلەمان كە ناوی (دیلمان محەمەد) بوو، بەهەمان شێوە نەگەڕایەوە بۆ سەر كارەكەی لە پەرلەمان، ئەوكات جەعفەر ئیمینیكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە لەبری یوسف محەمەد كاروباری پەرلەمانی لە هەولێر بەڕێوەدەبرد، (هیوا نەسرەدین)ی كرد بە بەڕێوەبەری دیوانی پەرلەمان. دیار نییە، سەرۆكی دیوانی ئەم خولەی پەرلەمان بۆ كێ یەكلادەبێتەوە، بەڵام ئەگەر یەكێتی نیشتمانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، رەنگە سەرۆكی دیوان كەسێك بێت لە یەكێتی. بڕیاری پشكنینی پەرلەمانتاران لە پرسگەكانی بینای پەرلەمان، ناڕەزایەتی لەناو پەرلەمانتاران دروستكردووە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەماندا نیە، ئەوە سوكایەتیو عەیبەیەكی گەورەیە بۆ پەرلەمانتاران، چونكە لە هیچ سەردەمێكدا تەنانەت لەسەردەمی شەڕی ناوخۆشدا پەرلەمانتار لە تەلاری پەرلەمان نەپشكنراوە". ئەو پەرلەمانتارە وتی:" بڕیارەكە لەسەر فەرمانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، بەهۆی ناڕەزایی زۆری پەرلەمانتارانەوە، ئەو بڕیارە لە گروپی تایبەت بە پەرلەمانتاراندا سڕدراوەتەوەو باس لەوە دەكرێت بڕیارەكە پەرلەمانتاران ناگرێتەوە، بەڵام هێشتا بەرەسمی بڕیارەكە هەڵنەوەشێنراوەتەوە". ژورەكەی هێمن هەورامی ! ئێستا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كۆنترۆڵكراوە، سەرۆكی پەرلەمانو جێگری سەرۆكی پەرلەمان سەربە پارتین، سكرتێری پەرلەمانیش كە مونا قەهوەجییەو سەربە پێكهاتەی توركمانە، بۆ پارتی یەكلابوەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەم خولەی پەرلەمانەوە، دەستكراوە بە نۆژەنكردنەوەی ژوری تایبەت بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە (هێمن هەورامی)یە، بەڵام ژوری سەرۆكی پەرلەمان وەكو خۆی ماوەتەوەو هیچ دەستكارییەك نەكراوە، ئەمە نۆژەنكردنەوەیە لەناو پەرلەمانتاراندا وەكو بەهێزیی هەژموونی (هێمن هەورامی) بەسەر پەرلەمانو تەنانەت سەرۆكی پەرلەمانیشدا لێكدەدرێتەوە. لەدوای دەستبەكاربونییەوە هێمن هەورامی بەتەواوەتی كۆنترۆڵی دۆسیەی ئیداریو ئەمنی بینای پەرلەمانی لەدەستی خۆیدا توند كردووەو بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆكی پەرلەمانو فراكسیۆنەكان بەناوی پەرلەمانەوە بڕیار دەدات. گۆڕانكاری ئەمنیی ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوای دەستبەكاربوونی ئەم خولەی پەرلەمانەوە، تەواوی بەرپرسە ئەمنییەكانی پەرلەمانی كوردستان گۆڕدراون بە كەسانی تر. زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، سەرۆكایەتی پەرلەمان (ئێستا بڕیارەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان لای جێگری سەرۆكی پەرلەماندا كۆبوەتەوە)، بەرپرسی ئەمنیو پۆلیسو پاسەوانی پەرلەمانی گۆڕیوە، ئەمنیەتی تەلاری پەرلەمانی كوردستان توندوتۆڵتركراوەو ستافێكی نوێی ئەمنی لە پەرلەمان دەستبەكاربووە. ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەم خولەدا لە پەرلەمان كراوە، زۆرینەیان بەبێ ئاگاداری فراكسیۆنەكان پەرلەمان نەبووەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەدیاریكراویش هێمن هەورامی بەتەنیا بڕیاری لەسەر داون. پەرلەمانو كێشەیەكی تر سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا دەڵێ" لەلایەن ئیدارەی گەرمیانەوە بێڕێزی كراوە بەرامبەر بە گەورەترین دەسەڵاتی یاسادانانو نۆینەری شەرعیی خەڵكی كوردستان"، ئەمە بەهۆی ئەوەی رێكخەرانی مەراسیمی یادی 31 ساڵەی ئەنفال، وتاری سەرۆكایەتی پەرلەمانیان لە پرۆتۆكۆڵی یادەكە سڕیوەتەوە. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، دەركردنی وتاری سەرۆكایەتی پەرلەمان لەلایەن رێكخەرانی مەراسیمی یادی 31 ساڵەی تاوانی ئەنفال، كە لە 14/4 لە گەرمیان بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەوە بووە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان وتاری سەرۆكایەتیان داوە بە پەرلەمانتارێكی پارتی (بەهمەن كاكە عەبدوڵا)، ئەو پەرلەمانتارە پێشتر بەهۆی خۆپیشاندانەكان، لە گەرمیان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە. بەرپرسانی ئیداری گەرمیان پێیانوایە سەرۆكایەتی پەرلەمان كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە بەئەنقەست خوێندنەوەی وتاری پەرلەمانیان داوە بە پەرلەمانتار (بەهمەن كاكە عەبدوڵا)، چونكە لە مەراسیمەكەدا پەرلەمانتاری تر هەبوون، لەوانە سەرۆكی لیژنەی شەهیدانو جینۆسایدو زیندانی سیاسی كە دەبوو ئەو وتارەكە بخوێنێتەوە. بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئیداری گەرمیان، سەرۆكایەتی پەرلەمان ویستوویانە بەو خوێندنەوەی وتارە، رووی پەرلەمانتارەكەی پارتی بە شەرعیەتی پەرلەمانەوە لە گەرمیان نیشان بدەن، ئەوەش بۆ رێكخەرانی مەراسیمەكەو ئیدارەی گەرمیان قبوڵنەكراو بووەو چەندین رێگەیان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە وتاری سەرۆكایەتی پەرلەمان نەخوێنێتەوە.
درەو میدیا: . - ژمارەی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی كوردستان: یەك ملیۆن و 607 هەزارو 65 ئۆتۆمبێل - پارێزگای هەولێر: 791 هەزارو 72 ئۆتۆمبێل - پارێزگای سلێمانی: 533 هەزارو 979 ئۆتۆمبێل - پارێزگای دهۆك: 248هەزارو 398 ئۆتۆمبێل - سۆران و گەرمیانیش چوار هەزارو 687 ئۆتۆمبێل - ئۆتۆمبێلی تایبەت: 879 هەزارو 647 - ئۆتۆمبێلی كرێ: 94 هەزارو 252 - ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر: 385 هەزار 889. - ئۆتۆمبێلی فەحس و زانیاری: 146 هەزارو 157 - ئۆتۆمبێلی حكومی: 28 هەزارو 929 ئۆتۆمبێلە SNN
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی لەلایەن دوو كوتلەی فراوانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پێكهێنراوەو پشتیوانی لێدەكرێت، كە بریتین لە " هاوپەیمانی بونیاتنان" بە سەرۆكایەتی هادی عامریو "هاوپەیمانی چاكسازی" كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكات. ئێستا ئەو دوو كوتلە گەورەیە لەبەردەم هەڵوەشانەوەدایە، پێدەچێت لە ئایندەیەكی نزیكدا كوتلەی نوێو هاوپەیمانێتی نوێی لێبكەوێتەوە، كە رەنگە كاریگەری لەسەر مانەوە یان لابردنی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیران هەبێت، بەتایبەتی تائێستا كابینەكەی (4) وەزارەتی (بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە، داد" بەهۆی ململانێو ناكۆكی كوتلەكانەوە پڕنەكراوەتەوەو بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن. عەبادیو مالیكیو حەكیم یەكدەگرن چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار ئاشكرایانكرد، پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نوێ زۆر نزیكبوەتەوە، هاوپەیمانێتییەكە پێكدێت بەشێك لە لایەنەكانی هەردوو هاوپەیمانی چاكسازیو بونیاتنان. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، كە بۆ میدیا عێراقییەكان قسەیانكردووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانی نەسرو نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاساو عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە كاردەكەن بۆئەوەی هاوپەیمانێتییەكی نوێ پێكبهێننو گفتوگۆكانیان لەوبارەیەوە قۆناغی باشی بڕیوە. خەونی گەڕانەوە بۆ سەر كورسی ئاژانسی ئاژانسی (فارس)ی سەربە كۆماری ئیسلامی ئێران، لە زاری رۆژنامەی (الاخبار)ی لوبنانییەوە نوسیویەتی:" ئامانجی ئەو كەسانەی كە ئەم بەرە نوێیە دروستدەكەن، دوورخستنەوەی عادل عەبدولمەهدیو گەڕاندنەوەی حەیدەر عەبادییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق". بەپێی قسەی كەسانی نزیك لە عەبادی، پاڵنەری سەرەكی پشت ئەم جموجوڵە سیاسییە نوێیە" میكانیزمی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت"ە، كابینەیەك كە بە رێككەوتنی دوولایەنەی نێوان هاوپەیمانی (سائیرون)و (فەتح) پێكهاتووەو هاوپەیمانی یەكەم (موقتەدا سەدر) رێبەری رەوتی سەدر سەرۆكایەتی دەكاتو هاوپەیمانی دووەمیش (هادی عامری) سەرۆكی رێكخراوی بەدر سەرۆكایەتی دەكات. سەدر پشتیوانی دەكات ؟ وەكو رۆژنامە لوبنانییەكە باسی دەكات، سەرباری ئەوەی هەردوو لایەن، واتە سەدرو عامری لەناو دوو هاوپەیمانی گەورەتردان بەناوی هاوپەیمانی (چاكسازی)و هاوپەیمانی (بونیادنان)، بەڵام زۆرینەی ئەو لایەنانەی تر كە لەناو ئەو دوو هاوپەیمانێتییەدان، لەسەر رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت قایل نەبوون. سەرچاوەكانی نزیك لە عەبادیو عەممار حەكیم، هەردوو هاوپەیمانی سائیرونو فەتح تۆمەتبار دەكەن بەوەی ئەو دوو لایەنە بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانەكانی تریان پێكەوە كێكی دەسەڵاتیان لەنێوان خۆیاندا دابەشكردووە. لەبەرامبەردا سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات دەربارەی ئەو جموجوڵە سیاسییانەی كە بەمدواییە دەستیانپێكردووە، دەڵێن" ئەو جموجوڵانە ناتوانێت ئۆپۆزسیۆن دروستبكاتو بە ئامانجەكەی خۆشی لە گەڕاندنەوەی عابادی بۆسەر كورسی دەسەڵات سەركەوتوو نابێت"، بەڵام بەوتەی رۆژنامە لوبنانییەك، عەبادی رایگەیاندووە كە لەم هەنگاوەیدا موقتەدا سەدر پشتیوانی لێدەكات. كەسانێك كە عەبادییان بینیوە، لەزاری ئەوەوە دەڵێن" موقتەدا سەدر قایلە بەوەی عەبادی ببێتە سەرۆك وەزیران"، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری باسلەوەدەكەن" عەبادی لەناو خەیاڵەكانی خۆیدا نقوم بووە، چونكە سەدر لەم كاتەدا عامری ناكاتە قوربانی بۆ عەبادی، لەگەڵ عەبادیدا هاوبەشی ناكات كە دواجار نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاساش ببێتە شەریكی رێككەوتنەكەیان". لایەنە كوردییەكان لە هاوكێشەدا ! سەرچاوەكانی نزیك لە هاوپەیمانی چاكسازی دەڵێن، تاڕادەیەكی زۆر یەكلابوەتەوە عەبادیو حەكیم دەبن بە ئۆپۆزسیۆن لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا، پایەكانی ئەم ئۆپۆزسیۆنەش بریتییە لە هاوپەیمانێتی نێوان عەبادیو حەكیمو مالیكیو جەمال كەربولی سەرۆكی حزبی حەلو شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەگەریش هەیە لە كۆتاییدا یەكێتی نیشتمانی پەیوەندی بە كاروانەكەوە بكات. ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە لەلایەن خودی عەبادییەوە سەرۆكایەتی دەكرێتو ناوبراو لە سەردانی ئەمدواییەدا بۆ نەجەف پێشنیازی خۆی بۆ سەرجەم مەرجەعەكانی شیعە خستەڕوو (جگە لە عەلی سیستانیی كە ئامادەنەبوو پێشوازی لێبكات). هەڵوێستی رەوتەكەی عەممار حەكیم كەمێك دەربارەی ئەم هەوڵە جیاوازەو ئەوان دەیانەوێت ببنە ئۆپۆزسیۆنێكی كارا چاودێری حكومەتی ئێستا بكەن، نەك هەوڵ بدەن بۆ رووخاندنی. سەرچاوەكانی نزیك لە عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە رایانگەیاند" ئەوان پشتیوانی كابینەی حكومەت دەكەن، بەڵام لەوباوەڕەدان كە حكومەتەكە سائیرونو فەتحو پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.. حكومەت دەبێت كاروباری خۆی چاكبكاتەوە، چونكە ئێمە بەرپرسیارێتی هەڵەی ئەوان لە ئەستۆناگرین". هەڵوێستی نێودەوڵەتیو سەرۆك كۆمار بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی ئێران، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق دژی هەموو هەوڵێكە بۆ گەڕاندنەوەی حەیدەر عەبادی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانو هاوكات دژی ئەوەشە نوری مالیكی پۆستی جێگری سەرۆك كۆمار وەربگرێت. كەسە نزیكەكان لە عەبادی دەڵێن" بەرپرسانی ئەمریكا لە عادل عەبدولمەهدی نیگەراننو ئاگاداریان كردەوەتەوە كە بە سیاسەتەكانی رازی نین، ئەمەش دوای ئەوەی عەبدولمەهدی خۆی لەسەر میحوەری ئێران یەكلاكردەوە".
درەو میدیا: عەبدوڵا كوێخا موبارەك ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت : بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر دەستی لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم هەڵگرتووە باشترە وەك لەوەی ڕازی بێت بە دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەش دەكات كە هیچ بەرپرسێكی پارتی و یەكێتی پابەند نابێت بە بڕیارەكانی گۆڕان لە حكومەتدا. عەبدوڵا كوێخا موبارەك بە دەنگی ئەمریكای راگەیاندووە" بەرپرسەكانی گۆڕان لەناو حكومەت هەر فەرمانێك دەربكەن هیچ بەرپرسێكی پارتی و یەكێتی گوێی لێ ناگرن شێخ جەعفەر ڕاستگۆترینیانە كە بەدەمی خۆی باسی كرد، ئەگەرنا بەرپرسەكانی گۆڕان لە حكومەت دەبێت هەر فرمانێكیان دەركرد سبەی لە بەرپرسەكانی پارتی و یەكێتی بپاڕێنەوە بڵێن "توخوا بەقسەمان بكەن" تا بەقسەی بكات فرمانە ئیداریەكەی جێ بەجێ بكات، چونكە هیچ دەسەڵاتێكی تری نابێت." پێشی وایە بزوتنەوەی گۆڕان فشارێكی زۆری لەسەر بوو لەلایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە بەشێوەیەكی زۆر "نائاكاریانە" پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان درا هەوڵی دەدا سزای گۆڕان بدات، پۆستەكانی قۆرخ بكات ئەوەش هۆكارێك بوو كەبەشێك لەسەركردایەتی گۆڕان بڕیاریدا بەناچاری بچنە ژێر باڵی پارتی كە ئەو ڕاستیانە-شیان دەزانی، من ئەوە بە نەشیاو دەزانم دەكرا لەدەرەوە بەربەرەكانێی یەكێتی یا هەرلایەنێكمان بكردایە زۆر باشتر بوو ئێمە "تەسلیم" بەو واقیعە نەشیاو و نایاساییەی هەرێمی كوردستان بوینایە." عەبدوڵا كوێخا موبارەك ئەوەش دەخاتە روو پێشتر گۆڕانیش و یەكێتی-ش دەیانوت ، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم زیادەیە وە قۆرخ كراوە لەلایەن بارزانیەوە ئێستا بەم شێوازە هەریەكە و لەلایەكەوە "تەسلیم بوون" بە پارتی وای لێهاتووە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەوەندە گرنگە لەبەرچاوییان شەڕییانە لەسەر دوو جێگری ئەوە قازانجەكەی پارتیە." ئەندامەی پێشوی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەشلێت" ئەگەر كاك نەوشیروان بمایە بزوتنەوەی گۆڕانی هەڵدەوەشاندەوە بەس بەم شێوازە تەسلیم بەو واقیعە نەدەبوو بەشداری حكومەتی نەدەكرد." ئەگەر نەبێتە قسەیەك لەسەرمان جاری پێشوو هەڵەیەكیان پێیكرد كە بەدڵی نەبوو، بەناچاری دەوروبەرەكەی "فریوییاندا كەبەشدار بێت لەحكومەت هەر لەیەكەم سات-یشەوە بڕوای پێی نەبوو." زۆرێك لەو برادەرانەی ئێستا خۆیان بە خاوەنی گۆڕان دەزانن و بڕیاریان بەدەستە، دەوروبەری كاك نەوشیروان لە 80% ی ببووە خەڵكی بەرژەوەندی خواز، خۆ لە دە كەس ئەگەر هەشتی یەك قسەبن ئەگەر بڕواشی نەبێت دەبێت بەناچاری قسەی زۆرینە بێت." عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەوەشی وت" ناكرێت كەس ناوی كاك نەوشیروان بۆ شتی ئەملاو لا و بەشداری كردن لەحكومەت بەكاربێنێ كاك نەوشیروان پڕۆژەیەكی جوانی بۆ بەجێ هێشتوین، چونكە زۆربەی ئەوكارانەی دەیكەن "ئەملاو لان" من زۆر سەركردەی گۆڕان دەناسم كاتێك كاك نەوشیروان مابوو هەر "جورئەتیان "نەبوو لەبەردەم "كاك نەوشیروان "دابنیشن ئێستا دەڵێ كاك نەوشیروان وای وت و وای پێ وتین و وایكرد و وامەكەن." سەبارەت بە مانەوەی گۆڕان لەناو حكومەت عەبدوڵا كوێخا موبارەك دەڵێت" بەو شێوازەی برادەرانی ئێستای ئێمە خۆیان لەپارتی نزیكردۆتەوە ، پێشبینی دەكەم دەریشیان بكەن نەڕۆن لەحكومەت هەر لەلایان بن."
( درەو میدیا): كەمپەینی بانگەشەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا رایگەیاند لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار هاوكاری دارایی كۆكردوەتەوە، ئەو بڕەش زیاترە لە كۆی هاوكاری دارایی هەموو كاندیدەكانی دیموكراتەكان. كەمپەینەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد بڕی ئەو پارەیەی بەشێوەی كاش كۆیانكردوەتەوە گەیشتوەتە 40.8 ملیۆن دۆلار. روینشیكردەوە كە 99%ی ئەوانەی پارەیان بەخشیوە بڕی 200 دۆلار بووەو تێكڕای بەهای بەخشینەوەكە بریتیە لە 34.26 دۆلار. هاوكات ئاژانسی ئەسۆشیەیتدپرێس رایگەیاند ئەو بڕە پارەیەی بۆ كاندیدەكانی دیموكراتەكان كۆدەكرێتەوە بەسەر ژمارەیەكی زۆر لە كاندیددا دابەشدەبێت، ئەوەش لەكاتێكدایە كوەلیژنەی نیشتمانی دیموكراتەكان بەدەست قەرزێكی زۆرەوە دەناڵێنێت. بە گوێرەی ئاژاسنەكە سیناتۆی دیموكراتی ڤێرمۆنت " بێرندی ساندەرز" كە هەڵبژاردنی پێشووش خۆی كاندیدكرد بڕی زیاترە لە 18 ملیۆن دۆلاری لە چارەیەكی یەكەمی ئەمساڵدا كۆكردوەتەوە، هاوكات خانمە سیناتۆر كامالا هاریس 12 ملیۆن دۆلاری كۆكردوەتەوەو ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بیتۆ ئۆروكی دیموكراتی 9.4 ملیۆن دۆلاری كۆكردوەتەوە. تیم مۆرترۆ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان لە كەمپەینی دووباری هەڵبژاردنەوەی ترەمپ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند ئەو بڕە پارەیەی وەك كۆمەك بۆ كەمپەینی ترەمپ كۆكراوەتەوە هەتائێستا 21 جار زیاترە لە بڕی پارەی كۆكراوە بۆ كەمپەینی دووباری هەڵبژاردنەوەی باراك ئۆباما لە ساڵی 2011دا. بە گوێرەی تۆڕی " سی ئێن ئێن" كەمپەینی دووباری هەڵبژاردنەوەی باراك ئۆباما لەو ماوەیەدا كەمتر لە دوو ملیۆن دۆلاری كۆكردبوەوە. ئاژانسی " ئەسۆشیەیتدپرێس" ئاشكراشیكرد لیژنەی نیشتمانی كۆمارییەكانیش كۆمەكی دارایی بۆ بەرژەوەندی ترەمپ پێدەگاتو تائێستا نزیكەی 46 ملیۆن دۆلاری كۆكردوەتەوە، بەوەش كۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ كەمپەینی دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترەمپ گەیشتوەتە هەتا ئێستا گەیشتوەتە نزیكەی 82 ملیۆن دۆلارو لە بانكدا دانراوە. دۆناڵد ترەمپ دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا لە ساڵی 2017دا كەمپەینی دووبارە خۆكاندیدكردنەوەی راگەیاند، بە پێچەوانەی ئۆباماوە كە ساڵی 2011 و پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە 2012دا كەمپەینی دووبارە هەڵبژاردنەوەی رایگەیاندو كەمپەینی ئۆباما توانی 720 ملیۆن دۆلار كۆبكاتەوە، لە كاتێكدا كەمپەینی ترەمپ چاوی لەوەیە لە 2020 بەربەستی دوو ملیار دۆلار تێبپەڕێنێت.
راپۆرت: محەمەد رەئوف – فازڵ حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ هێشتا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە كێشمەكشێی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕاندایەو یەكلانەبووەتەوە، بەڵام لایەنە بەشدارەكانی كابینەی نوێی حكومەت تاڕادەیەك لیستی كاندیدەكانی خۆیان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكانی حكومەت یەكلاكردوەتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو حزبە بەشدارەكانی كابینەی نوێ دەستیكەوتووە، (درەو میدیا) كاندیدی هەموو لایەنە بەشدارەكانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ پۆستەكان ئاشكرادەكات، بەڵام ئەمە لیستی كۆتایی كاندیدەكان نییەو رەنگە لە دوا ساتەكاندا هەندێك گۆڕانكاری لە لیستی كاندیدەكاندا بكرێت. كاندیدەكانی پارتی بۆ پۆستەكان: • سەرۆكی هەرێمی كوردستان: نێچیرڤان بارزانی • سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان: مەسرور بارزانی • وەزارەتی ناوخۆ: رێبەر ئەحمەد • وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: ئاشتی هەورامی • وەزارەتی شارەوانییەكان: ساسان عەونی • وەزارەتی كارەبا: نەوزاد هادی • وەزارەتی تەندروستی: د. نزار عیسمەت • وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن: فەرهاد ئەتروشی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان: • جێگری سەرۆكی حكومەت: قوباد تاڵەبانی • جێگری سەرۆكی هەرێم: سێ كەس كاندیدن (جەعفەر شێخ مستەفا، حاكم قادر، عیماد ئەحمەد) • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: (بێگەرد تاڵەبانی، رێواز فایەق) • وەزارەتی پلاندانان: دەرباز كۆسرەت رەسوڵ • وەزارەتی پێشمەرگە: سێ كەس كاندیدن (جەبار یاوەر ، شۆرش ئیسماعیل، مەحمود سەنگاوی، عەدنان حەمەی مینا، سامان گەرمیانی) • وەزارەتی رۆشنبیری: سێ كەس كاندیدن (جەمال حسێن، ئارام حەمەی مینا، حەمەی حەمەسەعید) • وەزارەتی كشتوكاڵ: سەعدی ئەحمەد پیرە • وەزارەتی خوێندنی باڵا: یوسف گۆران چاوی لە پۆستەكەیەو قوباد تاڵەبانی پاڵپشتی دەكات، بەڵام ركابەرو نەیاری بەهێزی هەیە • وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری بەغداد: چەتۆ ساڵح • جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە: دابان شەدەڵە • سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران: ئامانج رەحیم كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پۆستەكان: • جێگری سەرۆكی هەرێم: مستەفا سەید قادر • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی: سەردار قادر • وەزارەتی دارایی: ئاوات شێخ جەناب • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كوێستان محەمەد • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی: سێ كەس كاندیدن ( دانا عەبدولكەریم لە سلێمانی، برزۆ مەجیدو چالاكی موهەندیس لە هەولێر) • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری چاكسازی: جەلال جەوهەر كاندیدی حزبەكانی تر: بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشكی خۆی، پۆستێك لە كابینەی نوێی حكومەت بە حزبی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بدات، (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی بەنیازە پۆستی وەزارەتی شەهیدانو كاروباری ئەنفالكراوان بە سۆسیالست بدات، ئەگەر ئەو پۆستە بۆ سۆسیالیست یەكلاببێتەوە، محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبەكە خۆی وەریدەگرێت. هەندێك سەرچاوەی تر باسلەوەدەكەن، رەنگە پارتی پۆستی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان بە سۆسیالیست بدات، ئەگەر ئەم پۆستە بۆ سۆسیالیست یەكلاببێتەوە، عەبدوڵای حاجی مەحمود تاكە پەرلەمانتاری سۆسیالیس لە پەرلەمانی كوردستان پۆستەكە وەردەگرێت. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30 ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، حزبی سۆسیالیست بە لیستی هاوبەش لەگەڵ پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستان كە (باپیر كامەلا) سەرۆكایەتی دەكات، بەشداری هەڵبژاردنی كردو هەردوو حزبەكە پێكەوە (یەك) كورسی پەرلەمانیان بردەوە. بۆیە ئەگەر سۆسیالست پۆست لەكابینەی نوێی حكومەت وەرگرێت، لە پەرلەمان كێشەی بۆ دروستدەبێتو پارتەكەی باپیر كامەلا لەبری پۆستەكەی حكومەت، داوای تاكە كورسییەكەی پەرلەمان دەكات. پشكی پێكهاتەكان پێكهاتەكان كە بریتین لە هەردوو پێكهاتەی (توركمانو مەسیحی)و بە شێوازی سیستمی "كۆتا" لە پەرلەمانی كوردستان (11) كورسییان بۆ تەرخانكراوە، ئەمجارە لە پەرلەمانو لە حكومەتیش پۆستی باڵایان دەبێت. پێكهاتەی توركمان لە خولی نوێی پەرلەماندا پۆستی سكرتێری پەرلەمانی وەرگرتووەو (مونا قەهوەچی) لە پۆستەكەدا دەستبەكاربووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت كورسی تایبەت بە پێكهاتەكان لە حكومەت بدرێت بە كەسایەتییەكی سەربە پێكهاتەی مەسیحی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تائێستا بڕیارە وەزارەتی داد بدرێت بە پێكهاتەكان خۆ ئەگەر پارتی وەزارەتی داد بۆ كارەكتەرێكی خۆی دابنێت ئەوا وەزارەتێكی هەرێم دەدرێتە پێكهاتەكان
درەو میدیا: رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیلە فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە، كە " ٤٠ ملیار دیناری جادە ١٠٠ مەتریەكەمان لافاوەكە بردی!" لە نوسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك، ئاماژەی بەوەكردووە" وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ھەرێم بەنوسراوی ژمارە ٣١١٩ لە ٢٠١٨/١٢/٢٦ بڕی تەرخانكراوی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دیاریكردووە بە ٩٠ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەكۆی نزیكەی ٤٧٠ ملیار دیناری سەرجەمی تێچوی پرۆژەكە، سەرەتا بڕیاربوو لەكۆتایی مانگی ئـادار پرۆژەكە دەستپێبكات بێگومان دوای ئـەوەی تەمویلی بۆبكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام بەداخەوە گەشتینە ناوەڕاستی مانگی نیسان و ھێشتا تەمویلی پرۆژەكە نەكراوە، لەوەش زیاتر كەمایەی نیگەرانییە ھەرچەندە بڕی تەرخانكردنەكەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٩٠ ملیار دیناربوو، بەڵام كەمكراوەتەوە بۆ ٥٠ ملیار دینار لەمساڵدا واتە بەداخەوە بڕی ٤٠ ملیار دیناری لێكەمكرایەوە!!." دەقی نوسینەكە بەڵێ ٤٠ ملیار دیناری جادە ١٠٠ مەتریەكەمان لافاوەكە بردی! وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی ھەرێم بەنوسراوی ژمارە ٣١١٩ لە ٢٠١٨/١٢/٢٦ بڕی تەرخانكراوی پرۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی دیاریكردووە بە ٩٠ ملیار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەكۆی نزیكەی ٤٧٠ ملیار دیناری سەرجەمی تێچوی پرۆژەكە، سەرەتا بڕیاربوو لەكۆتایی مانگی ئـادار پرۆژەكە دەستپێبكات بێگومان دوای ئـەوەی تەمویلی بۆبكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام بەداخەوە گەشتینە ناوەڕاستی مانگی نیسان و ھێشتا تەمویلی پرۆژەكە نەكراوە، لەوەش زیاتر كەمایەی نیگەرانییە ھەرچەندە بڕی تەرخانكردنەكەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ٩٠ ملیار دیناربوو، بەڵام كەمكراوەتەوە بۆ ٥٠ ملیار دینار لەمساڵدا واتە بەداخەوە بڕی ٤٠ ملیار دیناری لێكەمكرایەوە!!. ئـەوە لەكاتێكدایە دوای تەواوكردنی شەقامی ١٢٠ مەتری لەشاری ھەولێری خۆشەویست وا دەستكرا بە شەقامی ١٥٠ مەتری، كە ھەموو ئـاوەدانی و پێشكەوتنێكی پایتەختی ھەرێمی كوردستان مایەی دڵخۆشی زۆرە، بەڵام نیگەرانیەكە ڵەوەدایە بۆ ھێشتا سلێمانی لە ٦٠ ی دایەو ١٠٠ یەكەشی ئـاوایە كە ھەیە!! كێ كەمتەرخەمە؟ بەبۆچۆنی من نوێنەرە بڕیار بەدەستەكانی ئـەم شارە كەبڕیاری خەرجكردنی پارەیان بەدەستە لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان كەمتەرخەمی یەكەمن لەمەداو نازانین بۆ وادەكەن!! بەداخەوە نە پارێزگارو نەئـەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی پێویستیان نییە لەو داھاتەی كەلەسلێمانی ھەیە بۆیە گەیشتینە ئـێرە..
درەو میدیا: بەهای گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان بەپێی راپۆرتی دەستەی دەسپاكی ھەرێمی كوردستان نزیكەی 300 ملیار دینارەو توانراوە نزیكەی 40 ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێنێتەوە. بەپێی ئامارەكەی بەرێوەبەری راگەیاندنی دەستەی دەستپاكی ھەرێمی كوردستان : - بەهای گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان ( 297 ملیار و 586 ملیۆن ) دینار كە دابەشبووە بەسەر سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان. - پارێزگای ھەولێر بەھای گەندەڵی بە ( 274 ملیار و 842 ملیۆن و 885 ھەزار و 200 )دینار خەملێندراوە، بڕی پارەی گەڕێندراوە لە كەیسەكانی گەندەڵی بریتیە لە 3 ملیار دینار مانگانە و 36 ملیار دیناری ساڵانە . - پارێزگای سلێمانی: بەھای گەندەڵی بە( 22 ملیار و 735 ملیۆن و 401 ھەزار و 94 )دینار خەملێندراوە. بڕی پارەی دەستبەسەردا گیراو لەو پارێزگایە بریتییە لە 17 ملیۆن و 45 ھەزار دینار، بەھای پارەی گەڕێندراوە لە سلێمانی 2 ملیار و 381 ملیۆن و 82 ھەزار و 500 دینار . - پارێزگای دھۆك، بەھای گەندەڵی لە( 8 ملیۆن و 551 ھەزار) دینار.
درەو میدیا: بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەماوەی 14 رۆژدا 3 هاوڵاتی كوژراون و 29 تۆمەتباریش دەستگیركراون. ئەمرۆ بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماری كاروچالاكیەكانی بۆ ماوەی 14 لە 1/4/2019 بۆ 14/4/2019 راگەیاند: ئەمرۆ 2019/4/15، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەرێوەبەری بەشی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماری روداوو كارو چالاكییەكانی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبەرواری 1/4/2019 تا 14/4/2019 بەمشێوەیە خستەرو: روداوەكانی كوشتن: 1- لەبەرواری 9/4/2019 لەشەقامی سالم لەكافتریایەكدا هاوڵاتییەك كوژرا ئەم كێشەیە لەسەر پێنەدانی پارە بووە كوژراو و بكوژ یەكتریان ناسیوە، هەموو رێكارەكانی وەرگیراوەو فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتبار دەرچووە. 2- (10/4/2019) كورێك لەگەڕكی چوارباخو لەحەوشەی ماڵی خۆیاندا لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی باوكی خۆی دەكوژێت بەچەقۆ بەهاوكاری برایەكی تری پاش ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان هەردوو تۆمەتبارەكە خۆیان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی كردووە. لەكاتی پشكنینی ماڵی ئەو هاوڵاتییەی كەكوژراوە بڕی 9 نۆ ملیۆن دینار دۆزرایەوە كە كەسوكاریشی نەیانزانیوە كە ئەو بڕپاریەی هەیەو پارەكەش درایەوە بەكەسوكاری. 3- لە 12/4/2019 هاوڵاتییەك كوژرا لەگەڕەكی مامەیارە كەسێكی تریش بریندار بوو بنكەی پۆلیسی ئازادیو تیمەكانی بەڵگەی تاوان چونەتە شوێنی رووداوەكەو كەمتر لە 24 كاتژمێر كەسێك دەستگیركراوە بەو تۆمەتە كە گومانی زۆری لەسەرەو ئێستا بەندە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 406 ی.س. دەستگیركردنی 29 تۆمەتبار لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان 105: 1- دەستگیركردنی 4 تۆمەتبار كە هەستاون بەفێڵ كردنو هەرەشەكردن لەهاوڵاتیانو بڕی 8800 دۆلاریان لەهاوڵاتیان وەرگرتووە. 2- تۆمەتبارێك هەستاوە بەشكاندنی جامی ئوتومبیلو بڕی 14 هەزار دۆلارو 5 ملیۆنو 400 هەزار دیناری دزیوە، دواتر دەستگیركراوەو دەستبەسەر پارە دزراوەكەشدا گیراوە. 3- پێنج تۆمەتبار هەستاون بەساغكردنەوەی پارەی تەزویر لەناو بازارو بری 7000 دۆلاری تەزویریان پێگیراوە. 4- دو تۆمەتبار هەستاون بەوەرگرتنی پارە لەهاوڵاتیان بەفێڵ كە گوایە لەدەزگاكانی حكومەتی هەرێم دایان دەمەزرێنێت. 5- شەش تۆمەتبار هەستاون بەدزینی ماتۆرسكیلو دەستدرێژیكردنە سەر ئافرەتان لەناو بازاردا. 6- دو تۆمەتبار هەستاون بەكێشانی ماددەی هۆشبەر، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراوەو رادەستی ئاسایشی سلێمانی كراون. 7- تۆمەتبارێك هەستاوە بەدزینی كێبڵی كارەبا لەگەرەكی كارێزەوشك. 8- دو تۆمەتبار هەستاون بەدزینی موبایلی هاوڵاتیانو خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن. 9- تۆمەتبارێك هەستاوە بەساختەكردنی ساڵانەو بەڵگەنامەی ئوتومبیل. 10- ئافرەتێكی تۆمەتبار دەستگیركرا كە داوای وردكردنەوەی دراوی 10 هەزار دیناری لەهاوڵاتیان كردووە بۆئەوەی بزانێت چەندی پارە پێیە دواتر داوایكردووە كاری نەشیاوی لەگەڵ بكەن بەمەبەستی دزینی پارەكەیان دوای دەستگیركردنی هەندێك بەڵگەنامەی پێگیراوە كە زیاتر لە 100 هەزار دۆلاری لای خەڵك داناوە بەقەرز. 11- دەستگیركردنی سێ تۆمەتبار كە بەنیازبون بەڵگەنامەی ساختە دروستبكەن. 12- تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە چەندین تاوانی دزی ئەنجامداوە لەدوكانو سوپەرماركێتەكان. 13- دو تۆمەتبار دەستگیركران كە هەستاون بەدزیكردن لەماڵان لەگەرەكی چوارچرا. 14- دەستگیركردنی دو تۆمەتبار كە بەبری 15 هەزار دۆلار شیرینیان لەهەولێرەوە هێناوە بۆ سلێمانی پارەیان نەداوە بەخاوەنی كۆمپانیاكەو فەرمانی دەستگیركردنیان هەبووە، لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەختیارییەوە دەستگیركران. 15- دەستگیركردنی تۆمەتبارێك لەلایەن بنكەی پۆلیسی بەختیارییەوە كە زیاتر لە 2784 وێنەی ئافرەتی لەموبایلەكەیدا بوەو وێنەكانی دەستكارییكردووەو ناردویەتییەوە بۆ هەندێك لەو ئافرەتانەو داوای پارەی كردووە تا وێنەكانیان بڵاونەكاتەوە. 16- دەستبەسەر 5 دەمانچەو كڵاشینكۆفدا گیراوە. 17- دەستگیركردنی دو تۆمەتبار لەلایەن بنكەی پۆلیسی وارماواوە لەسنوری قەزای سەیدسادق كە تۆمەتبارن بەتاوانی دزیكردنو دانیان بەئەنجامدانی چوار تاوانی دزیكردنی دیكەشدا ناوە. كاروچالاكییەكانی بەشی پۆلیسی فریاكەوتن 104 130 حاڵەتی بەهاناوەچونی هاوڵاتیان تۆماركراوە. 32 كێشەی توندوتیژی خێزانی تۆماركراوە. 9 حاڵەتی روداوی هاتوچۆ تۆماركراوە. دەستگیركردنی یەك تەقەكەرو دەستبەسەرداگرتنی یەك چەك لەجۆری دەمانچە. 13 ئوتومبیل دەستیبەسەرداگیراوە كە بێ سەرەتابونو فەرمانی دەستبەسەرداگرتنیان هەبووە. هێزی تایبەتی بارەگا - لێكردنەوەی پەردەی جامی ئوتومبیل 350 - لێكردنەوەی لەزگەی جام رەشی ئوتومبیل 78 - دەستبەسەرداگرتنی چەقۆو بۆكس خەنجەر 62 - دەستبەسەرداگرتنی نۆ دەمانچە - دەستبەسەرداگرتنی یەك كڵاشینكۆفو یەك چەكی ویلتەر بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - راگەیاندنو پەیوەندییەكان
(درەو میدیا): حكومەتی عێراق پاڵاوگەیەكی نەوت لە كەركوك دروستدەكات كە رۆژانە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە. سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەكەی لە كەركوك پاڵاوگەیەك دروستدەكات كە توانای (150 هەزار) بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا. وەزیری نەوتی عێراق لەسەردانێكدا بۆ كەركوك، دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی:" وەزارەت گەیشتوەتە قۆناغی كۆتایی بنیادنانی پاڵاوگەكە كە پاڵاوگەیەكی سەرمایەگوزارییەو بە نوێترین تایبەتمەندی جیهانی دروستدەكرێت".
لە تیف شێخ مستەفا پێی وایە كە ماوەی 10 ساڵە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە بۆتە كێشەیەكی یاسایی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەربازبوون لەوبارودۆخە پرۆژەیەك دەخاتە روو . پێشنیاز دەکات کە سیستمی سیاسی هەرێم بەتەواوەتی بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ھەرێم لەدەسەڵاتەکانی دابماڵرێت و دەسەڵاتەکانی بدرێت بە سەرۆکی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران ،ئەو پۆستەش واتە سەرۆکی ھەرێم بۆپارتی نەبێت ،بەڵکو بدرێتە گۆڕان یان یەکێتی . دەقی پرۆژەكە پڕۆژەیەک بۆ چارەسەر کردنی کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و کێشەی لایەنە سیاسیەکانیش . ماوەی ١٠ ساڵە سەرۆکایەتی ھەرێم بۆتە کێشەیەکی جدی یاسایی و سیاسی لە ھەرێمی کوردستاندا لە ئێستاشدا ھەر ئەو پۆستە بۆتە کۆسپی جدی لەبەردەم پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم ،بۆیە ئەگەر لایەنەکان ھەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن ئەم پێشنیارە دەخەمە ڕوو پێم وایە دەبێتە ھۆی چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەروەھا چاڕەسەرکردنی کێشەی خەڵکیش کە خۆی لە دیموکراتیزەکردنی سیستەمەکەدا دەبینێتەوە سەرەڕای ڕازی کردنی داواکاری لایەنە سیاسیە ناکۆکەکانی. لەسیستەمی پەرلەمانیدا سەرۆکی دەوڵەت یان ھەرێم سەرەڕای ئەوەی پێویستە لە پەرلەمان ھەڵببژێردرێ پێویستە دەسەڵاتی ڕاستەقینەشی نەبێت بەڵکو دەسەلاتەکانی تەنھا کۆمەڵێک دەسەڵاتی پڕۆتۆکۆڵی و تەشریفاتین ودەسەڵاتی ڕاستەقینەی جێبەجێکردن لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیرانە بۆیە پێشنیاز دەکەم کە سیستەمەکە بەتەواوەتی بکرێتە پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ھەرێم لەدەسەڵاتەکانی دابماڵرێت و دەسەڵاتەکانی بدرێت بە سەرۆکی وەزیران و ئەنجومەنی وەزیران ،ئەو پۆستەش واتە سەرۆکی ھەرێم بۆپارتی نەبێت ،بەڵکو بدرێتە گۆڕان یان یەکێتی . بەمەش کێشەی ھەموو لایەنەکان و کەسەکان چارەسەر دەبێ بەم شێوەیەی خوارەوە: یەکەم :پارتی : پارتی چەند ئامانجێکی ھەیە دەیەوێت لەم پێک ھێنانی حکومەتەدا بەدەستیان بێنێت لە پێش ھەمویانەوە مسۆگەرکردنی ئەوەی کە دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە پایتەخت بەدەست خۆیەوە بێت و ترس لەسەر دەسەڵاتەکەی دروست نەبێت، جگە لەوەش دۆزینەوەی پۆست و پێگەش بۆ نێچیرڤان بەرزانی بەجۆرێک بالانس لەنێوان ئەوو مەسرور بەرزانی پارێزراو بێت ،سەرەڕای ئەوەی کە پارتی دەیەوێت پێگەی بەڕێز مەسعود بارزانی بە قەولی خۆیان وەک مەرجەعێکی سیاسی پارێزراو بێت ،لەم پڕۆژەیەدا ھەرسێک ئامانجەکەی پارتی دێنە دی ١- بەنیسبەت مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی فیعلی لەلایەن پارتیەوە مسۆگەر دەبێت بۆی چونکە دەسەڵاتی فیعلی لای سەرۆک وەزیرانەئەویش لە پارتیەو بەدیاری کراویش مەسرور بەرزانیە،سەرۆکی ھەرێمی پرۆتۆکۆڵیش ھیچ دەسەڵاتی نیەو بونێکی ڕەمزی ھەیە وپارتی ترسی لێی نابێت ھەروەکو چۆن لە بەغداد پۆست ی سەرۆکی وەزیران دەسەڵاتی ڕاستەقینەی بۆ شیعەکان مسۆگەر کردوەو ترسیان لەسەرۆکی کۆمار یان سەرۆکی پەرلەمان نیە ھەرکەسێک بن . ٢- سەبارەت بە مەسعود بەرزانی پارتی دەیەوێت ئەگەر ھیچ پێگەیەکی ڕەسمیشی نەبێت وەک مەرچەعێکی سیاسی پرس پێکراو بمێنێتەوە ،بۆیە باشترین پێگە بۆ ئەو بۆئەوەی ئەومەرامەیان بۆ بێنێتە دی و مەسعود بەرزانی لەسەرۆکی پارتیەوە ببێتە ئەوەی خۆیان دەیانەوێ ،لەسەرۆکایەتی حیزبەکەی دەست لەکار بکێشێتەوە،لەجیاتی ئەوە ئەنجومەنیێکی سیاسی ڕاوێژکاری لە سەرۆکی حیزبە سیاسیە بەشدار بوەکانی حکومەت پێک بھێنرێ ومەسعود بەرزانی سەرۆکایەتی بکات و بەشێوەی دەوری کۆببێتەوەو ڕاوێژ بدات بە حکومەت و پەرلەمان و ھەر جارەش بەگوێرەی پێویستی بابەتەکە میوانداری سێ سەرۆکایەتێەکە یان یەکێکیان بکات،نمونەی واشمان لە وڵاتانی پێشکەوتو ھەیە سەرۆکەکانی پێشوو بۆ سود وەرگرتن لە شارەزایی سیاسیان دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی و ڕاوێژکاری ،باشترین نمونەش فەڕەنسایە کە ھەموو سەرۆک کۆمارە پێشوە زیندوەکان دەبنە ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی دەستوری فەڕەنسا ٣-نێچیرڤان بارزانی بکرێتە سەرۆکی پارتی لە ھەمان کاتیشدا ئەندامیش دەبێ لە ئەنجومەنی سیاسی کە مەسعود بەرزانی سەرۆکایەتی دەکات. دوەم : یەکێتی و گۆڕان یەکێتی و گۆڕان کە جاران وایان نیشان دەدا کە ھەردوکیان لەگەڵ سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینەن و بەقەولی خۆیان خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی سیستەمەکە ببێتە پەرلەمانی و سەرۆکیش ببێتە دەسەڵاتیکی پرۆتۆکۆلی تەشریفاتی ،ئێستا شەڕیانە لەسەر ئەوەی کامیان ببێتە جێگری ئەو سەرۆکە فول دەسەڵاتەی تا دوێنێ داوای نەھێشتنی دەسەڵاتەکانیان دەکرد ،بۆیە کردنی سیستەمەکە بە پەرلەمانی ئامانجی ھەردوکیان بەدی دەھێنێ یەکێکیان پۆستی سەرۆکی ھەرێم وەربگرێ ئەویتریان پۆستی جیگر لەجیاتی ئەوەی ئێستا کە ھەردوکیان شەڕیانە لەسەر جێگرێک یان دوو جێگر،بەمەرجێ ئەوەی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی وەرگرت سەرۆکی پەرلەمان بدات بەوەی تر سێیەم : لایەنەکانی ئۆپۆزسێۆن: سیستەمی پەرلەمانی ڕاستەقینە بەبێ ئۆپۆزسێۆنی ڕاستەقینە نابێت ،لە سیستەمە دیموکراتیەکان دەسەڵات نەک ھەر دژایەتی ئۆپۆزسێۆن ناکات بەڵکو کاردەکات بۆ دروست بوونی ئۆپۆزسێۆنێکی کارا ،چونکە ڕادەی دیموکراتی ھەر سیستەمێک بەبونی ئۆپۆزسێۆنێکی کارا دەپێورێت ،خۆشبەختانە لەم خولەدا تا ئێستا نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئۆپۆزسێۆن بونی خۆیان ڕاگەیاندوە ھیوادارم کۆمەڵیش ئەگەر بەشداری پێنەکرا بەدڵی خۆی لەحوکمەتدا بچێتە پاڵیان و یەک بەرەی بەھێزی ئۆپۆزسێۆن پێک بێنن ،بەمەرجێ لەلەیەن دەسەڵاتەوە دان با ئۆپۆزسێۆن دابنرێ و کوتلەی ئۆپۆزسێۆن لە پەرلەمان بەرامبەر کوتلەی دەسەڵات بێت لە ھەموو یاساو بابەتەکان مافی ڕا دەربڕین و چاودێری کردنی حکومەت و مافی پێشکەش کردنی پڕۆژەی بەدیل و مافی حکومەتی سێبەریشی ھەبێت و نەوەی نوێ بەو پێیەی گەورەترین کوتلەی ئۆپۆزسێۆنە مافی سەرۆکایەتی ئۆپۆزسێۆنی پێ بدرێت یاخوا ڕێک بکەون لەسەر ئەنجومەنێکی سەکردایەتی لە سەرۆکی حیزبەکانی ئۆپۆزسێۆن و سەرۆکەکەی بەشێوەی دەوری بێت بۆیە بەکورتی نەخشەی پۆستە باڵاکان بەم شێوەیەی لێدێت : مەسعود بەرزانی :سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی ڕاوێژکاری. سەرۆکی حیزبەکانی بەرەی دەسەڵات :ئەندام لە ئەنجومەنی سیاسی ڕاوێژکاری. دەشێ سەرۆکەکانی پێشوی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران ببنە ئەندام لەو ئەنجومەنە،ھەرکامێکیان بیانەوێت ، بەمەرجێ ئەو ئەنجومەنە ھیچ موچەو ئیمتیازی ئیزافیان پێ نەدرێ بەلکو کارێکی خۆبەخشی بێت و تەنھا موچەی خانەنشینیەکەی خۆیان ھەبێت . نێچیرڤان بەرزانی :سەرۆکی پارتی مەسرور بەرزانی :سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران گۆڕان :سەرۆکی ھەرێم. یەکێتی : جێگری سەرۆکی ھەرێم یان سەرۆکی ھەرێم بۆ یەکێتی و سەرۆکی پەرلەمان بۆ گۆڕان ،لەم حاڵەتەیا پێویستە سەرۆکی ھەرێم جێگری نەبێت یان ئەگەر ھەشی بێت بدرێت بە کریستیانەکان یان ئێزدیەکان. سەرۆکی ئۆپۆزسێۆن : بۆ نەوەی نوێ یان بەڕێک کەوتن لەنێوان خۆیاندا بەشێوەی ساڵانە ھەرساڵەی سەرۆکی یەکیک لە حیزبەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن سەرۆکایەتی بکات
راپۆرت: محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ - فازڵ حەمە رەفعەت كێشەی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پرۆسەی سیاسی بەگشتییو پرسی پێكهێنانی حكومەتی پەكخستووە، لە دوایین پەرەسەندندا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی دڵنیاكردۆتەوە كە خۆی چارەسەری كێشەی زیادكردنی جێگرێكى تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم چارەسەر دەكات و بە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە " باشترە زیادكردنی جێگرێك بۆ یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵ بكەن" . پێشترو بەدیاریكراوی ساڵی 2015، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان نەك تەنیا زیادكردنی جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو پۆستی سەرۆكی هەرێمیشیان پێ پۆستێكی زیادەبوو. پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە بە "كوڕی سێو لە باخەڵ"، پارتی لەگەڵ گۆڕان رێككەوتنی كردووە پۆستی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێتو جێگرەكەش لای گۆڕان بێت، لەگەڵ یەكێتیش رێككەوتنی كردووە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێتو جێگرێكیان لای یەكێتی بێت. ئەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، تا ئەم ساتە سەرۆكی هەرێم كە هاوكات فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەشە، تەنیا یەك جێگری هەیە. سەرچاوەی كێشەكە ئێستا پارتی، نە یەكێتی پێ رازی دەكرێتو نە گۆڕان، لە رێككەوتنی 18ی شوباتدا، پارتیو گۆڕان رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم جێگرێكی هەبێت بۆ كاروباری سەربازی، ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی رەتكردەوەو داوای جێگری سەرۆكی حكومەت یاخود جێگری سەرۆكی پەرلەمانی دەكرد، بەڵام پارتی هیچ یەكێك لەو دوو پۆستەی بە گۆڕان نەداو گۆڕانی رازی كرد بە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. سەرەتای كێشەكە لەوێوە سەرچاوەی گرت، پارتی لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنی كرد، رێككەوتنێك كە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێتو جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی لای یەكێتی بێت. پارتیو یەكێتی بەشێوەی زارەكی رێككەوتوون، بەڵام تائێستا لەسەر كاغەز رێككەوتنەكەی نێوانیان ئیمزا نەكردووە. گۆڕان دەیگۆڕێتەوە ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكەوە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستیكەوتووە، گۆڕان تائێستا سوورە لەسەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت، ئەو جێگرەش لای بزوتنەوەی گۆڕان بێت. پێشتر كاتێك پارتی پێشنیازی زیادكردنی جێگرێكی تری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم خستەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕان، گۆڕان دوو مەرجی هەبوو بۆ زیادكردنی ئەو پۆستە: • مەرجی یەكەم: پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێت بە بزوتنەوەی گۆڕان • یاخود، پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی كە بەر گۆڕان كەوتووە، بكرێت بە جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی مەرجەكانی گۆڕان هەرزوو لەلایەن یەكێتییەوە رەتكرایەوە، یەكێتی نە ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە ببێت، نە ئامادەشە پۆستی سەرۆكی حكومەت جێگرێكی تری بۆ زیادبكرێت. لە دوایین پەرەسەندندا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی دڵنیاكردۆتەوە كە خۆی چارەسەری كێشەی زیادكردنی جێگرێتر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم چارەسەر دەكات و بە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە " باشترە زیادكردنی جێگرێك بۆ یەكێتی لە سەرۆكایەتی هەرێم قبوڵ بكەن" . بەپێی زانیاریەكانی (درەو میدیا ) رەنگە دواجار بزووتنەوەی گۆڕان قایل بێت بە زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، لەبەرامبەردا پارتی پۆستێكی جێگر لە دامەزراوەكان بۆ گۆڕان زیادبكات . یەكێتی چاوەڕێیە ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بەڕوونی بە پارتی راگەیاندووە، ئەوان پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گۆڕانو قایلكردنییەوە نییە لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی لەگەڵ پارتی رێككەوتنی كردووەو دەبێت رێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت. لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆكەوە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری سەربازی، لەسەرەتای دانانی یاسای سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لە ساڵی 2005دا جێگیركراوە، لەماوەی 14 ساڵی رابردوودا، ئەم پۆستە لای یەكێتی بووەو (كۆسرەت رەسوڵ عەلی) لەو پۆستەدا بووە. بەپێی یاسای ژمارە (1) ساڵی 2005ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی هەرێم جێگرێكی دەبێت بۆ كاروباری هێزی پێشمەگە، لە بڕگەی دووەمی مادەی سیازدەیەمی یاساكەدا هاتووە" سەرۆكی هەرێم جێگرێك بۆ فەرمانداری گشتی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان- عێراق دادەمەزرێنێ، تا لە ئەركو فەرمانەكانیدا لەمڕوەوە یاریدەی بداو لە دیارنەبوونیدا جێگای بگرێتەوە". ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی رێككەوتنێك دەستبەرداری ئەو پۆستە ببێت، ئەم مادەیەی یاساكە وەك خۆی دەمێنێتەوەو سەرۆكی هەرێم یەك جێگری دەبێت، بەڵام ئەگەر قایل بێت بەوەی جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، دەبێت گۆڕانكاری لە بڕگە یاساییەكەدا بكرێت، هاوشێوەی ئەو دەقە پێشنیازكراوەی كە فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان پێشكەشیكردووەو دەڵێ:" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە ناونیشانو دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بە پەیڕەوێك كە لەماوەی 15ی رۆژ لەبەرواری سوێندخواردنی دەردەچێت، دیاری دەكرێت". ئیمتیازەكانی جێگری سەرۆك ئەو پۆستەی كە ئێستا پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی ئیفلیج كردووە، لەڕووی داراییەوە هەندێك ئیمتیازی هەیە. یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەیو بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە. • دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن و 500 هەزار) دینار. • كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە. • جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار. بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات. بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لەو كاتەوە تائێستا تەنها مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووەو كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستاو دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆنو 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر ماوەیەك سەرۆكی حكومەتیش بووە. جێگر لە پرۆژەیاساكاندا ! پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە پرۆژە یاساكانی 2015 و 2019ی لایەنە سیاسییەكاندا بەدیاریكراویش بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتمانی، بەبەراورد بە پرۆژەی ئێستا هەردوو لایەنەكە زۆر جیاوازو ناكۆكە. لە ساڵی 2015دا، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی تەمەنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعود بارزانی)، زۆربەی لایەنەكان پرۆژەیاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشكرد (ئەو پرۆژەیاسایانە هێشتا لە سایتی پەرلەماندا ماون). ئەوكات بزوتنەوەی گۆڕان، یەكێتی نیشتمانی، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، ژمارەیەك پەرلەمانتار، پرۆژەی تایبەتی خۆیان هەبوو، پرۆژەی یەكێتیو گۆڕان لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بەدیاریكراویش لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئێستا كێشەی دروستكردووە، زۆر جیاوازە لەگەڵ پرۆژەی ئێستای ئەو دوو لایەنە، لەوانە: • لە پرۆژەیاساكەی فراكسیۆنی گۆڕاندا لە 2015، داواكراوە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت، لە مادەی دووەم بڕگەی دووەمی پرۆژەكەی گۆڕاندا هاتووە" سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت، كە هاوكاریی دەكەن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیداو لەكاتی ئامادەنەبوونیدا جێگەی دەگرنەوە، بەپێی ریزبەندییان. بەڵام لە پرۆژە یاساكەی فراكسیۆنی (یەكێتیو كۆمەڵو یەكگرتووو ژمارەیەك پەرلەمانتار)دا، داواكراوە سەرۆكی هەرێم تەنها جێگرێكی هەبێت، ئێستا ئەمە بەتەواوەتی پێچەوانە بووەتەوە، گۆڕان داوا دەكات سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێتو یەكێتی داوا دەكات دوو جێگری هەبێت.