راپۆرتی: محەمەد رەئوف ساڵی 1983 لە گەرمەی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێراندا،هەشت هەزار پیاوی بارزانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەناوبران ،بەشێك لە پیاوە بارزانیەكان لە ئۆدوگا زۆرە ملێكانی قوشتەپەو بەحركەی هەولێر دەستگیركران و لە بیابانەكانی عەرعەردا زیندە بەچاڵكران، بەشێك لە كەس و كارو كوڕەكانی مەلا مستەفای بارزانیش لە بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق دەستگیركران و دواتر لە سێدارەدران. ( درەو میدیا) بە پشت بەستن بە دۆكیومێنت و سەرچاوە مێژوویەكان راپۆرتێكی وورد لەسەر جینۆسایدی بارزانیەكان بڵاودەكاتەوە. دەستگیركردنی بارزانیەكان دوای ھەرەسهێنانی شۆڕشی كورد ساڵی ( ١٩٧٥) و لە چوارچێوەی راگواستنی ناوچە سنورییەكان دەیان ھەزار لە خێزانی بەرزانییەكان بە زۆر گوند و لە شوێنەكانی خۆیان ھەڵكەنران و گوێزۆانەوە بۆ ناوچەی بیابانی ووشك لە باشوری عێراق لە پارێزگای دیوانیە،ئەم گوندنشینانە نزیكەی ( ٥) ساڵیان لە جێگەو ماڵی نوێدا بەسەر برد لە باشوری پارێزگای (دیوانیە) بەڵام لە ساڵی ( ١٩٨٠) سوپای عێراقی , بە ئۆتومبیلی سەربازی ئەم ئۆردوگایانەیان پێ پێچانەوەو بەرەو كۆمەڵگای (قوشتەپە)ی باشوری شاری ھەولێر راپێچكران و ھەندێكیشیان بران بۆ كۆمەڵگای (بەحرەكە)لەباكوری شاری ھەولێر ، ئەوانی تریش بۆ كۆمەڵگای ( دیانەو ھەریری). لەم كۆمەڵگایانەدا خەڵكەكە لەدوای پێنج ساڵ بۆیەكەمجار ھەوای كوردستانیان ھەڵمژی پاش ئەوەی لە ٢٢ی ٩/١٩٨٠ جەنگی نێوان عێراق و ئێران دەستی پێكرد ، لەو چوارچیوەیەدا سوپای ئێران لە ٢٢/ ٧ /١٩٨٣ پەلاماری شارۆچكەی ( حاجی ئۆمەران)یان داو بە چاوساغی ھێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان ناوچەكانی ( شیوەڕەش ، ئالانە ،ئازادی ، رایەت)یان لە دەسەڵاتی بەعس سەندو بەسەدان سەرباز لە ھەردوولا كوژران، ئەم هێرشەی سوپای ئێران بەتایبەتیش بە چاوساغی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی سەدام حسین و رژێمی بەعسی توڕەكرد، بەجۆرێك بیری لە تۆڵەو زەبرێكی توند دەكردەوە لە بنەماڵەی بارزانی بەو پێیەی هێزەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی بوو، رژێمی بەعس لە تۆڵەی ئەو هەنگاوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری كوشتن و لەناوبردنی هەموو ئەو بارزانیانەدا كە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدابوون و لە عێراق مابونەوە لەدوای شكستی شۆڕشی كورد لە ساڵی 1975 . نەوشیروان مستەفا و جینۆسایدی بارزانیەكان نەوشیروان مستەفا ( 1944 – 2017 ) كە خۆی لەناو گەرمەی روداوەكان بووەو لە زنجیرەیەك كتێبدا روداوەكانی شۆڕشی نوێی كوردی نوسیوەتەوە، لەلاپەڕە (322)ی كتێبی (پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن .. دیوی ناوەوەی روداوەكانی كوردستانی عێراق 1979 – 1983 ) بە ووردی باس لە لەناوبردنی بارزانیەكان دەكات لە 1983 و دەنوسێت : " گیرانی بارزانییەكان ئەوكاتەی ناوچەی حاجی هۆمەران بوو بوو بە مەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پدك بە ئاشكرا هاوكارییان لەگەڵ هێزەكانی ئێران ئەكرد دژی جەیشی عێراقی . كۆكردنەوەی دەنگ و باسی عێراق و هێزەكانی و , چاوساغی و ڕێبەری هێزەكانی ئێران و , هێنان و بردنی دێدەوانی تۆپخانەی ئێران ئەمە بەشێكی كەمی ئەو هاوكارییە ئاشكرایە بو . لە هێرشەكانیش دا ئەوان وەكو هێزی یارمەتیدەر و خەریككەر و لێدانی پشتەوە بەشدار ئەبوون, بەشدار بونی بنەماڵەی بارزانی و هێزەكانیان لە هێرشەكانی ناوچەی حاجی هۆمەران دا , لە لای صەدام جگە لەوەی بە خیانەتی نیشتمانی دا ئەنرا, بۆ خۆیشی بە خیانەت و دەسبڕین و فێڵ لێكردن ئەژمارد .... شێخ عوسمانی كوڕی شێخ ئەحمەد و عیماد و ئەدهەمی كوڕی بوبون بە بەعسی، عیماد سكرتێری مەجلیسی تەشریعی بو، عوبەید و لوقمان و سابیری كوڕی مەلا مستەفا لە بەغداد دانیشتبون، عوبەید بۆ شكاندنی باوكی ماوەیەك لە وەزارەتی بەعسیەكاندا بووب بە وەزیری دەوڵەت، سەدام بۆ ئەوەی تۆڵە لە بنەماڵەی بارزانی بكاتەوە، هێزێكی حەرەس جمهوری لە بەغداوە نارد بۆ دەوری ئۆردوگاكانی قوشتەپەو بەحركەیانگرت، هەر پیاوێكی بارزانیان بەردەستكەوت لە گەنجو پیر هەمویانگرتن، شێخ عوسمان و كوڕەكانی و كوڕەكانی مەلا مستەفا، عوبەید و لوقمان و سابیریان چنیەوە، سەرو سۆراغیان نەما، بە ماوەیەكی كورت سەدام لەیەكێ لە وتارەكانیدا لە تەلەفزیۆندا وتی: ئەوانە خیانەتیان كرد و لەبەر ئەوەی" ارسلناهم الی الجحیم" واباوبو كە مەسعود و ئیدریس هاوزەمان لەگەڵ هێرەشانی ئێراندا بۆ حاجی ئۆمەران، هەواڵیان بۆ بارزانیەكان ناردوە خۆیان ئامادەبكەن بۆ چەكهەڵگرتن و گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی سنور" هیڵتەرمان و 8 هەزار بارزانیەكە یوست هڵتەرمان، كە بە چالاك و نوسەری دیاری مافی مرۆڤ و بەتایبەتیش جینوسایدەكانی گەلی كورد دادەنرێت لە لاپەڕە 38ی كتێبەكەیدا( كارێكی ژەهراوی .. ئەمریكاو عێراق و گازبارانی هەڵەبجە) دەنوسێت"پەیوەندی توندوتۆڵی نێوان ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستان, بە جارێ عێراقییەكانی نیگەران كردبوو, لە پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی1975دا, پارتی پاڵپشتییەكی چالاكانەی شەڕی هێزەكانی ئێرانی دەكرد وەك ڕێنماو شارەزایی، لە ساڵی 1983 هێزەكانی عێراق - ئێران لە چیاكانی سەرو حاجی ئۆمەران كەوتنە شەڕێكی سەختەوە، ئامانجی سەرەكی ئێران لەو هێرشەی بۆسەر یاخیبووە كوردەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی سەربە عەبدولڕەحمان قاسملۆ بوو و هێزە ناحەزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هێزێكی عەشیرەتی برادۆستی بوو لە ناوچەكەدا، كە لەو كاتەدا هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و فەیلەقی بەدری سەربە ئەنجومەنی باڵای شۆِرشی ئیسلامیش پاڵپشت و چاوساغی هێزەكانی ئێران بوون، زانیاری تەواوی بارزانیەكان لەسەر ناوچەی عەشیرەتی برادۆستی كەوا هاوسنور بون لەگەڵیان یارمەتیەكی گەورەبوو بۆ ئێرانییەكان لەو كاتەدا نزیكەی دە میل هاتوونەتە ناو خاكی عێراقەوەو "سەربازگەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە فەیلەقی یەك, بەرزاییە سەرەكییەكان و بنكەكانی تۆپخانە لە ناوچەكەدا, نزیكەی 43 گوندی كوردنشین ,بنكەیەكی سەرەكی حدكا و زۆربەی كەلو پەل و تفاقی جەنگیی حدكایان گرت"...هێرشی حاجی ئۆمەران هەلێكی بۆ پدك ڕەخساند حساباتی خۆی لەگەڵ عەشیرەتی برادۆستیدا یەكلا بكاتەوە, كە ناحەزییەكی كۆنیان لە نێواندا بوو, بەڵام لەبەرامبەر كارئاسانیكردنی بۆ ئێران لە حاجی ئۆمەران رژێمی بەعس تەواوی نێرینەی سەربە عەشیرەتی بارزانی راپێچكرد، كە زۆربەیان لەپاش هەرەسی ساڵی 1975 ی شۆِرشی بارزانیەوە ناچاری نیشتەجێی كۆمەڵگەكانی دەوروپشتی هەولێركرابوون" چارەنوسی بارزانیەكان هەموو بەڵگەنامەكانی رژێمی بەعس تایبەت بە هەشت هەزار بارزانیەكەی ساڵی 1983 ئاماژەن بە رق و توڕەیی رژێمی بەعس لەبەرامبەر پێشڕەوی و چاوساغی هێزی پێشمەرگە بۆ سوپای ئێران و گرتنی ناوچەیەكی فراوانی ناوچەی حاجی ئۆمەران لەلایەن سوپای ئێرانەوە. رژێمی بەعس رق و توڕەیی خۆی بەرامبەر سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو بارزانیانە رشت كە لەژێر دەستی خۆیدا مابونەوە لەدوای هەرەسی 1975 و رۆیشتنی سەركردەكانی ئەو پارتە بۆ ئێران. رژێمی بەعس چارەنوسی بارزانیەكانی هەرزوو یەكلاكردەوە، سەدام حوسێن لە سیپتێمەری ١٩٨٣ دا گومانێكی ئەوو تۆی نەھێشتەوەو لە وتارێكیدا كە دواتر لە تەلەفزیۆ ن ورۆژنامەكانی بەعسدا بڵاوكرایەوە زۆر بەڕاشكاوانە وتی( ئەوانە خیانەتیان لە وڵات و لە پەیمان كرد بۆیە بەسزای سەختمان گەیاندن و بۆ دۆزەخمان ناردن ) لە دەقی قسەكانی سەدامدا ھاتووە ( ئەوان بەجۆرێك رۆچوون لەخیانەتدا كەناتوانن پەشیمان ببنەوە لێی، ئەم خیانەتەشیان گواستووەتەوە بۆ سنورێكی بەرفراوانتر لەبنەماڵەكەیان تا ئەو تاوانەیان ئەنجام دا و بوون بەڕێنیشاندەر و یارمەتیدەری ھێزی فارس بۆ داگیركردنی خاكی عێراق، بەم شێوەیە جیابوونەوەی كۆتای روویدا لەنێوان ئێمە و ئەوان لەوەش زیاتر ھەوڵماندا پەیوەندی دروست بكەن بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕیزی نیشتیمانی چەند نامەیەكیش ئاڵۆگۆر كرا لەم بارەیەوە، بۆیە دووجار خیانەتیان كرد یەكەمیان خیانەتیان لەخاك كرد دووەمینیان خیانەتیان لەو بەڵێنانەشیان كرد كەدابوویان، بارزانیەكانیش بەشدار بوون لەم كارە و سزای خۆیان وەرگرت و رۆشتن بۆ دۆزەخ) مەبەستی سەدام لەوەبوو كە ئەوان جۆرە رێكەوتنێكیان ھەبووە لەگەل مەسعود و ئیدریس بارزانیدا كە چاوساغی سوپای ئێرانی نەكەن بۆسەر خاكی عێراق. بەپێی زانیاریەكان دوای ماوەیەك لە دەستگیركردنیان ئەم پیاوە بەرزانیانەی لە كۆمەڵگە زۆرەمڵێكانی هەولێر دەستگیركران لەبیابانی ( عەرعەر)دا زیندە بەچاڵ كراون ، ژن ومناڵەكانیشیان دوای خۆیان تا راپەڕینی 1991 لە ئۆردوگاكاندا دەوریان بە ئەمن و ئیستخباراتی بەعس گیرابوو ، كە لە ژیانێكی زۆر سەخت و دژواردا دەژیان ئاوو كارەباو كەل و پەلی خواردەمەنیان لێ بڕیبون بەردەوام . ژنێكی بارزانی كەلەو كاتەدا لە (قوشتەپە) دەژیا ووتی :.( ئێمە گشت خەوتبوین كە سەربازەكان لە كاتژمێر (٣:٣٠)دەقیقەی بەرەبەیاندا ئابڵوقەی كۆمەڵگاكەیان دابوو ،پاشان بەر لەشەبەق كاتێك كە خەڵكەكە وەبەر خۆكەوتن بچنە سەر ئیش و كاریان ھەموو سەربازەكان بەجاری رژانە ناو كۆمەڵگاكەوە ، ھەر پیاوێك دەچوە دەرەوە دەیان گرت ، تەنانەت پیرەمێردێكی شێتیشیانگرت و دەست و قاچیان شەتەك دا ، ئەو مەلایەشیان گرت كەدەچوو بۆ مزگەوت بانگی نوێژی بەیانی بدات ، ئەوجا دەرگای ماڵەكانیان شكاندین و كەوتنە گەڕان بەدووی پیاوەكانماندا ، ئەوان تەنانەت تەماشای سەلاجەو تەنكی ئاویشیان دەكرد ، ھەموو نێرینەیەك كەتەمەنی لە (١٣) ساڵ بەرەو ژور بوو بردیان ، ئافرەتان دەستیان كردە گریان و رۆ رۆو قورئانیان بەرەو رویان بردن و زۆر پاڕانەوە لە سەربازەكان تا پیاوەكانیان نەبەن ). پاش ئەوەی ئەم پیاوە بەرزانییانەیان دەست گیركردوو پاشان رەوانەی (دیوانییە)دەكرێن ، وە پاش ماوەیەكیش بەفەرمانی راستەوخۆی (سەدا حسین) دەبرێن بۆ بیابانی عەرعەری سنوری عێراق ـ سعودیە لەوێدا چاڵیان بۆ ھەڵدەكەنرێو دەكەس دەكەس گوللەباران دەكرێن و دادەپۆشرێن . چارەنوسی سێ كوڕەكەی مەلا مستەفا رژێمی بەعس لە پرۆسەی دەستگیركردنی بارزانیەكاندا لەیەك كات و شوێندا پرۆسەكەی ئەنجام نەداوەو بە زنجیرەیەك پرۆسەی دەستگیركردندا تێپەڕێوە، سەرەرای دەستگیكردنی پیاوی خێزانە بارزانیەكان لە ئۆردوگاكانی نزیك هەولێر، چەندین كەسی تری بارزانیەكان لە شارەكانی دیكەی عێراق دەستگیركران، ھەر لەو سەروبەندەدا ( عوبەیدوڵا و سابیر و لوقمانی كوڕانی مەلامستەفا كە براگەورەی مەسعود بارزانی ) بوون دەستگیركران و دواتر لەسێدارە دران، ئەو سێ كوڕەی مەلا مستەفا لەدوای هەرەسی 1975 لەگەڵ مەلا مستەفا نەچوون بۆ ئێران و لە بەغداد مانەوە چونكە كێشەیان لەگەڵ باوكیان ھەبوو، وەزیر و پەرلەمانتار و سەرمایەداربوون, بۆیە رژێمی بەعس لەدوای پشتیوانی ھێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سوپای ئێران بۆسەر ناوچەی حاجی ئۆمەران و گرتنی ٨ ھەزار بارزانی، كوڕەكانی مەلا مستەفاشی لە سێدارەدا كە عوبەیدوڵا وەزیری دەوڵەت بوو لە بەغدا و لوقمان پەرلەمانتار و سابیر بارزگان بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی مەلا مستەفا نەفرەتی لێكردبوون بۆیە تا ئێستاش ھیچ سەركردەیەكی بارزانی ناویشیان ناھێنێت. بڕیاری لە سێدارەدانی كوڕەكانی مەلا مستەفا لە دادگای شۆرش بەسەرۆكایەتی عەواد حەمەد بەندەر دەركرا: حوكمی لە سێدارەدان درا بەسەر ھەر یەك لە (سابیر مستەفا محەمەد عەبدولسەلام بارزانی و نەوزاد لوقمان مستەفا بارزانی و ئازاد لوقمان مستەفا بارزانی و سەلاح لوقمان مستەفا بارزانی و بیداد لوقمان مستەفا بارزانی و ئیسماعیل فەقی عەولا بارزانی و ئەمین عوسمان ھەمیرە بارزانی و نورەدین محەمەد سدیق بارزانی و رەجەب ئیسماعیل حەسەن بارزانی و قادر نوعمان جەھوەر بارزانی و مەجید عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حەكیم سەعید حەسەن بارزانی و سوبحان ئیسماعیل عەبدولسەلام بارزانی و زوبیر عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حسێن زیاب بارزانی و دڵدار عەلی محەمەد حاجی بارزانی و ئیسماعیل مستەفا محەمەد بارزانی و عەلی عومەر ئەحمەد بارزانی و عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و عەبدولباری سلێمان عەبدولسەلام بارزانی و عیماد عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و نەزیر ئەحمەد محەمەد عەبدولسەلام بارزانی)، بەلام ھەر یەك لە لوقمان و عوبەیدوڵا بە بریارێكی تر لە سێدارەداران چونكە ئەوان وەزیر و پارلەمانتار بوون. سابیر مستەفا بارزانی كە لە گەڵ 22 كەسدا لە 26/7/1983 لە بەغداد دەستگیركرا بە نوسراوی سەرۆكایەتی دادگای شۆڕشی ژمارە 1446/1983 دەرچووە لەسێدارەدراوەو راپۆرتی لەسێدارەدانەكەیدا ئاماژە بەوە كراوە " تۆمەتبار صابر مستەفا بارزانی لەگەڵ كۆمەڵێك لە تێكدەران كە سەربە مەسعود و ئیدریس بارزانین، زانیاری ناوخۆی سەركردایەتیان داوەتە تێكدەران بەتایبەتی لەسەر ئەو جێگایانەی ستراتیژی و گرنگن و ئامادەكارییان لە بەغدا و هەولێر لەگەڵ تێكدەران كردووە بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانمان لە كەرتی باكور لە حاجی ئۆمەران لە رێگای مەسعود و ئیدریسەوە" لە راپۆرتەكەدا ئەوانی بە هەڵگرتنی چەك بەرامبەر بە هێزە چەكدارەكانی عێراق بەمەبەستی هاوكاری هێزەكانی ئێران بۆ گرتنی ناوچەكانی حاجی ئۆمەران تۆمەتبار كردووەو بە بەكرێگراوی ئێرانی ناوزدیكردون. بەعس زانیاریەكانی دەشاردەوە سەبارەت بە جینۆسایدی بارزانیەكان هەمیشە سەركردایەتی حزبی بەعس ویستویەتی زانیاری لەسەر گرتن و سەرنگومكردنیان بشارێتەوە. بەپێی بەڵگەنامەیەك سكرتاریەتی سەرۆك كۆمار بە نووسراوی 2651/ك لە 24/8/1987 دا فەرمانی دەركردووە بۆ هەموو ئەو دام و دەزگا و بەرپرسانەی تایبەتن بە كێشەی كورد لەوانەیە لە لایەنێكی سێهەهەمەوە پەیوەندییان پێوە بكرێت و سەبارەت بە چارەنووسی بارزانییەكان و پرسیارییان لێ بكرێت، بۆیە وا پێویست ئەكات كە وەڵام دانەوەی هەر پرسیارێك سەبارەت بەم بابەتە ئەم وەڵامە بێت كە: "تەنها سەرۆكایەتی دەوڵەت لەم كێشەیە ئاگادارە چونكە كێشەكە كێشەیەكی سیاسیە و زۆر گەورەترە لە كێشەی ئەم خێزانانە". سەرچاوەكان: • نەوشیروان مستەفا ئەمین, پەنجەكان یەكتری ئەشكێنن , دیوی ناوەوەی ڕوداوەكانی كوردستانی عێراق 1979-1983 ل322 • یۆست هلتەرمان، كارێكی ژەهراوی,وەرگێڕانی محەمەد حەمە ساڵەح تۆفیق,كۆمپانیای ئاوێنەل39 • رۆژنامەی ( العیراق) ، 13ی ئەیلولی ، 1983 . • محەمەد رەئوف , ئەنفال و رەھەندە سۆسیۆلۆجیەكانی, 2005 سلێمانی. • عەباس هەمزە خدر ـ جینۆساید كارەساتی كوردو تاوانی نێودەوڵەتی ، گۆڤاری یاسا پارێزی ، ژـ 4 ، ساڵی چوارەم ، 1999 , لاپەڕە 260 . • رَێكار مزوری , شێواز میكانیزمی جینۆساید و دیمۆسایدی بارزانییەكان . • عەدالەت عومەر, بارزانیەكان لە راگواستنەوە تاكو جینۆساید بەپێی بەڵگەنامە فەرمی و مێژوویەكان.
درەو میدیا: لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا كە لە سلێمانی بەرێوەچوو، بەشێكی زۆری كۆبونەوەكە تەرخانكرا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر جموجوڵەكانی مەلا بەختیار لەناو یەكێتیدا و مەكتەبی سیاسی یەكێتی هۆشداری توند دەداتە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی كە ماوەیەكە لە ماڵەوە دانیشتووە. سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ( بە درەو میدیا)ی راگەیاند: مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی لە كۆبونەوەی دوێنێیدا گفتوگۆی جدی كردووە لەسەر جموجوڵەكانی مەلا بەختیار لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتیدا، لە كۆبونەوەكەدا راپۆرتی( ئابوری و سیاسی و هەواڵگری) لەسەر مەلا بەختیار خوێندراوەتەوەو گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی كە لەلایەن پارتیەوە پشتیوانی سیاسی و دارایی دەكرێت بۆیە دەبێت لە یەكێتی دەربكرێت، بەڵام دوای گفتوگۆكردن بڕیاردراوە كە هۆشداری توندی پێبدرێت، بۆیە بڕیار دەدەن بە دلێری سەید مەجیدا نامەیەكی هۆشداری پێبدەن، كە ئەگەر جموحوڵەكانی لەناو یەكێتی رانەگرێت لە یەكێتی دەردەكرێت. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد كە "لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری/ زانیاری، بەشداربووەو چەندین بەڵگەو زانیاری لەسەر مەلا بەختیار خستۆتە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی و هەڕەشەی دەركردنی مەلا بەختیاری كردووە لە یەكێتی هەر لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردراوە " ئاگاداركردنەوە بدرێتە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد،بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی یەكێتی، سامان گەرمیانی بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیان، سیروان كوێخا نەجم، بەرپرسی مەڵبەندی چەمچەماڵ، بەبیانوی ئەوەی هانی لایەنگران و كادرانی یەكێتی دەدەن دژ بە سەركردایەتی حزبەكەیان هەڵوێست وەربگرن" لە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بڕیار درا رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكرێتە بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە شوێنی شۆرش ئیسماعیل كە ئێستا بوەتە وەزیری پێشمەرگە .
رۆژنامەی عەرەبی جەدید وەرگێڕانی: درەو میدیا رۆژنامەی " ئەلعەرەبی جەدید"ی قەتەری لە راپۆرتێكیدا زانیاری نوێ دەربارەی هێرشەكەی رێستورانتی " هۆقەباز"ی شاری هەولێر ئاشكرادەكات كە عوسمان كۆسە دیپلۆماتكاری توركیای تێدا كوژرا. رۆژنامەكە دەڵێت وردەكاری نوێ ئاشكرابووون دەربارەی هێرشبەرەكانی هێرشەكەی دوو هەفتە لەمەوبەری یەكێك لە رێستۆرانتەكانی شاری هەولێر كە كرایە سەر دیپلۆماتكاری توركی "عوسمان كۆسە" یەكێك لە ئەنجامدەرانی هێرشەكە بزنسمان سدقی كەریم خان برادۆستییە كە سەرمایەدارێكی بەناوبانگەو خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریكییەو سەر بە هۆزێكی ناسراوەو باوكی چەند دەیەیەك لەمەوبەر لە دیمەشق لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان كۆبووەتەوەو چەند رێككەوتنێكی گرنگی لەگەڵدا كردووە. هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان هەینی رابردوو، ناوو دانپێدانانی شەش كەسیان بڵاوكردەوە كە تێوەگلاون لە هێرشەكە، یەكێك لەوانە سدقی كەریم خان برادۆستی بوو كە لە دایكبووی ساڵی 1970، و ئەنجامدەری هێرشەكە مەزڵوم داغ داوای لێكردووە رێگایەكی بۆ بدۆزێتەوە بۆئەوەی لە هەولێر بچێتە دەرەوەو بچێت بۆ سلێمانی یان هەر جێگایەكی تر، چونكە مەزڵوم داغ لە هێرشەكەدا قاچێكی برینداربوووەو چەند كەسێك هاتوچۆیان پێكردووە تا گەیاندویانەتە لای سدقی برادۆستی. بە گوێرەی گێڕانەوەی فەرمی سدقی داوای لێبوردنی لە مەزڵوم داغ كردووە كە ئەستەمە بتوانێت بەهۆی گرتنبەرەی رێوشوێنی ئەمنی توندەوە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە هاوكاری بكات، پاشان بۆ هاوكاریكردنی مەزڵوم داغ پەیوەندی بە كەسێكی ترەوە كردووە بەناوی ( ئەیوب ئیبراهیم مەلا ئەحمەد برادۆستی) كە لە كۆمپانیای زۆزك كاردەكات و خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ خانەوادەی سدقیو پاش ماوەیەكەی كورت سدقیو سەرجەم تۆمەتبارانی تر دەستگیردەكرێن. تۆمەتبارانی هێرشەكە شەش كەسبوون سیانیان خەڵكی توركیا ( باكوری كوردستان)نن، كە بریتین لە مەزڵوم داغ ( 1992) ئامەد، عەبدولڕەحمان ئەر دژوار ( 1986) سێرت، ئیسماعیل خەلیل محەمەد ( 1988) ئورفەو سیانەكەی تریش هاوڵاتی هەرێمی كوردستاننو بریتین لە ئەیوب ئیبراهیم برادۆستی، سدقی كەریم خان برادۆستی، رەجەب باقی عەبدولكەریم برادۆستی". رۆژنامەی " خەبەر تورك" رۆشنایی خستوەتە سەر كەسایەتی سەدقی برادۆستی كە تۆمەتبارە بە هاوكاریكردنو داڵدەدانی هێرشبەرەكانو بەوتەی ئەو سدقی برادۆستی پەیوەندییەكی بەرفراوانی هەیەو ئەوەش جۆرێك لە پارێزبەندی لە عێراقو هەرێمدا پێبەخشیووەو بە سێەم دەوڵەمەندی عێراق دادەنرێتو پرۆژەی وەبەرهێنانو كۆمپانیای لە هەموو عێراقدا هەیە. رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە كە كەریم خان برادۆستی باوكی سدقی ساڵی 1996 لە دیمەشق چاوی بە ئۆجەلان كەتووەو رێككەوتنی لەگەڵدا كردووە بۆئەوەی خانەوادەی بارزانی لە ناوچەكانیان بكەنە دەرەوەو گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان جێگەیان بگرنەوەو ئێستا عەشیرەتی برادۆست كۆنترۆڵی ئەوە ناوچەیە دەكات كە نزیكە لە خواكوركەوەو ئێستا سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی بۆسەری دەستپێكردووەوو ئێستا سدقی كەریم خان سەرۆكی ناوچەكەو عەشیرەتەكەیە. رۆژنامەكە رونیشیكردوەتەوە كە خانەوادەی كەریم خانی برادۆست پەیوەندی باشیان لەگەڵ سەددام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراقدا هەبووەو راوێژكاری بووەو ساڵی 2003 دوای داگیركاری ئەمریكا سدقی كەریم خان بووە بە یەكێك لە بازرگانە چالاكو كاراكانی عێراق لە رێگەی كۆمپانیای زۆزكەوەو خزمەتگوزاریی لۆجیستی پێشكەشی سوپای ئەمریكا كردووە لە هەردووو بەندەری مێرسینی توركیاو بەسرەی باشوری عێراقو بەو هۆیەوە كۆمپانیاكە هەموو مانگێك چەندین ملیون دۆلاری بەدەستهێناوە. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە خانەوادەی سدقی برادۆست خۆیان دوورە پەرێز گرتووە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمو بەهۆی بوونی پەیوەندی بەرفراوانییەوە لەگەڵ ئەمریكا سدقی كەریم خان برادۆستی پارێزبەندی بەدەستهێناوەو خۆی و خێزانەكەی هاوڵاتی ئەمریكینو كۆمپانیاكەشی لە چەند بوارێكدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كاردەكات، هەروەها كۆمپانیاكە رۆڵیشی هەبووە لە پرسی رێككەوتنی نێوان عێراقو نەتەوە یەكگرتووەكانی تایبەت بە پرۆگرامی نەوت بەرامبەر بە خۆراك لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا. رۆژنامەی (خەبەر تورك) لە درێژەی باسكردنی وردەكارییەكانی تایبەت بە خانەوادەی سدقی برادۆستیو كۆمپانیاكەی ئاشكرایكردووە كە كۆمپانیای زۆزك هاوكاری لۆجیستی ئەمریكای دابینكردووە كە واشنتۆن پێشكەشەی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە"ی كردووە لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام ئەو هێرشەی ئەمدواییەی هەولێر هەلی ئەوەی دایە دەسەڵاتدارانی هەرێم تا حەسانەی سەر سدقی كەریم خان بكشێننو دەستگیری بكەنو هاوسەرەكەو منداڵەكانیشی پەنایان بۆ كونسوڵگەری ئەمریكا بردووەو لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە هەوڵدەدرێت رێگە بگیرێت لە لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵ هاوسەرەكەیو بردنە دەرەوەیو لە هەرێمو هەوڵیشدەدات كە سدقی كەریم خان ئازاد بكرێت.
(درەو میدیا): دادگای فیدراڵی لە حوكمێكی نوێدا دروستكردنی كوتلەی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان بەكارێكی دەستوری ناودەبات. ئیاس ساموك وتەبێژی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، دادگا كۆبوەتەوەو تەماشای داواكارییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە سەبارەت بە چەمكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسیو پەیوەندی ئەو چەمكە بە حوكمەكانی ماددەی 76ی دەستورەوە. ئەنجومەنی نوێنەران بە نوسراو داوای لە دادگای فیدراڵی كردووە بۆی روون بكاتەوە ئاخۆ كوتلەیەك یان چەند كوتلەیەك كە لەناو كوتلەی زۆرینەی ناو پەرلەماندا نەبن، یان لەو كوتلە گەورەیە بنو بكشێنەوە، دەتوانن ببن بە كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانیی ؟ واتەی پەرلەمان بۆی روون نییە ئاخۆ بەپێی ماددەی 76ی دەستور كوتلەیەك یان چەند پەرلەمانتارێك لە ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانن بە هەمان ئەو میكانیزمەی كە دانراوە، بچنە ناو بەرەیەكە ئۆپۆزسیۆنەوە. لەوەڵامی ئەم پرسیارەی پەرلەماندا، دادگای فیدراڵی دەڵێ" بۆمان دەركەوت چەمكی كوتلەی زۆرینە ئەو كوتلەیەیە كە دوای هەڵبژاردن دروستبووە، ئەوەش لەرێگەی لیستێكی هەڵبژاردنەوە كە زۆرترین كورسی بەدەستهێناوە یاخود كۆبونەوەی دوو لیستو زیاتر كە زۆرترین كورسییان هەبێت، كوتلەی زۆرینە دوای ئەوەی ئەندامەكانی سوێندی یاسایی دەخۆن، لە پەرلەمان كاندیدی خۆیان رادەسپێرێن بە پیكهێنانی حكومەت.. ئەوانەی دەمێنێننەوەو ناچێنە ناو كوتلەی زۆرینەوە كە كاندیدی ئەو كوتلەیە حكومەت پێكدەهێنێت، دەتوانن كوتلەیەكی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن یاخود بەشێوەی تاكەكەسی بمێننەوەو نەیارێتی هەر شتێكی كاری دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكەن كە دەیانەوێت".
(درەو میدیا): محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەیەكیدا بۆ عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی وەزیری دەرەوە دەكات، ئەگەر ئەو هەڵمەتی سوكایەتیو تەنگپێهەڵچنینە رانەگیرێت كە نەیارەكانی لە بەرەی موحافیزكارەكان لەدژی بەرپایان كردووە. رۆژنامەی " ئیعتیماد"ی سەر بە باڵی ریفۆرمخوازەكانی ئێران رایگەیاند: زەریف بەمدواییانە نامەیەكی بۆ خامنەیی ناردووەو لە قەبارەی ئەو سوكایەتیو تەشهیرە ئاگاداری كردوەتەوە كە رووبەڕووی بوەتەوەو ئاماژیبەوەشداوە كە ئەگەر ئەوە بەردەوام بێت ناتوانێت لە كارەكەی لە وەزارەتی دەرەوە بەردەوام بێت. رۆژنامەكە ئاشكراشیكرد زەریف لە نامەكەیدا ئاماژەی بە زنجیرە درامای " گاندۆ" داوە كە تەلەفزیۆنی رەسمی حكومیی لە سەرەتای تەموزەوە دەستی بە پەخشكردنی كردووەو دامەزراوەیەكی سەر بە سوپای پاسداران بەرهەمیهێناوە. زەریف نوسیویەتی:" لەم ماوەیەی دواییداو دوای پەخشكردنی زنجیرەی گاندو رووبەڕووی شەپۆلێك لە جوێنو سوكایەتی پێكردن بومەتەوەو هەتا ئەگەر بەشێك لەو رەخنانەش دروست بن، ئەوا خزمەتكردن لە وەزارەتی دەرەوە مایەی قبوڵكردن نەماوە". رۆژنامەی ئیعتیماد ئاماژیبەوەشداوە كە خامنەیی لە وەڵامی نامەی زەریفدا جەختیكردوەتەوە " بەهیچ شێوازێك بە كەمترین سوكایەتیكردن بە زەریف رەزامەند نیە". 25ی شوباتی رابردوو وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی پۆستێكەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەستی لەكاركێشایەوە، بەڵام دوو رۆژ دواتر بە فشاری حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران پاشگەزبوەوە. بە گوێرەی چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی ئاگادار، رۆحانی فەرمانیداوە كە سزای دەستەی رادیۆو تەلەفزیۆنی حكومەت بدرێت بەهۆی بەرهەمهێنانو پەخشكردنی زنجیرەیەكی ئەمنیی كە بووەتە مایەی سەرهەڵدانی ناكۆكی لە نێوان لێپرسراوانی حكومەت و باڵی موحافیزكارانو لە پێش هەموشیانەوە سوپای پاسداران. ئاژانسی فارس نیوزیش رایگەیاند روحانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف پرسی كەمكردنەوەی بودجەی دەستەی رادیۆو تەلەفزیۆنی حكومەتیان تاوتوێكردووە بەهۆی بەرهەمهێنانی ئەو زنجیرەیەوە كە باس لە "دۆسیەیەكی ئەمنی هەستیار دەكاتو قەیرانی لەناو حكومەتدا دروستكردووە". سێ حوەزیرانی رابردوو كەناڵی سێی ئێران زنجیرەی تەلەفزیۆنی " گاندو"ی پەخشكرد كە باس لە پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی زیندانیان دەكات لە نێوان ئەمریكاو ئێراندا لەسەردەمی باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكاو باس لە پرسەی گۆڕینەوەی رۆژنامەنەسوێكی ئێرانی ئەمریكی دەكات بەناوی جیسۆن رەزائیان كە وەك پەیامنێری رۆژنامەی واشنتۆن پۆست كاریكردووەو تۆمەتباركراوە بە سیخوڕیكردن بۆ ئەمریكا. بە گوێرەی میدیاكانی ئێران بیرۆكەی زنجیرەی " گاندو" كە لە 30 ئەڵقە پێكدێت باس لە كێبركێو ململانێی نێوان سوپای پاسدارانو حكومەتەكەی رۆحانەی دەكات. هەروەها زنجیرەكە وردەكاری ئەمنیی دەربارەی پەیوەندیی رەزائیانو هەندێك بەرپرسی حكومەت لە نێوشیاندا وەزیری دەرەوە ئاشكرادەكات لەگەڵ نهێنییەكانی ئازادكردنی لە بەرامبەر هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر بڕێك پارەی بلۆككرای ئێران كە ملیارێكو 700 ملیۆن دۆلارە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ یەكێتی نیشتمانی كۆنگرە دەكات، هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن كۆسرەت رەسوڵ كۆنگرەكە دەباتەوە، چارەنوسی ماڵباتی تاڵەبانی لەدەستی بەرهەم ساڵحدایەو گروپی كەركوكییەكان ساغ نەبوونەتەوە، مەكتەبی سیاسییەكانیش چاویان لە "تەوافوقی پێشوەختە"یە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا ئامادەكارییەكان یەكێتی بۆ كۆنگرەی چوارەم بڵاودەكاتەوە. "بەر لە كۆتایی ئەمساڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگرە سازدەدات" ئەمە هەواڵی ئەمڕۆی تەلەفزیۆنی "كوردسات نیوز"ی سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو. رۆژی 1ی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردنەكە پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هێزی یەكەمە لەو پارێزگایەدا، چاوی لەو هەڵبژاردنەیەو دەیەوێت جارێكی تر پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام رەنگە بەشداریكردنی لەو هەڵبژاردنەدا روبەڕووی ئاستەنگی یاسایی ببێتەوە. كۆمسیۆن داوای كۆنگرە دەكات رۆژی 2ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە نوسراوی فەرمی یەكێتی نیشتمانی ئاگاداركردەوە كە دەبێت لەماوەی (3 مانگ)دا كۆنگرەی حیزبی خۆی ببەستێت، بەپێچەوانەوە بەناوی "یەكێتی نیشتمانی"یەوە مافی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكاندا نابێت. ئەم هۆشداریدانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تەنیا بۆ یەكێتی نیشتمانی نەڕۆیشتووە، بەڵكو ئاڕاستەی هەموو ئەو لایەنانەی تریش كراوە كە وادەی بەستنی كۆنگرەی حیزبییان دواكەوتووە، لەوانە (پارتی دیموكرتی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان). یەكێتیو كۆنگرە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساڵی 1975 دامەزراوە، واتە ئەم حزبە ئێستا تەمەنی (44 ساڵ)ە، لەم تەمەنە دورودرێژەدا یەكێتی تەنیا (3) كۆنگرەو (2) پلینیۆمی كردووە. یەكێتی لە سازدانی كۆنگرەدا تەمەڵترین حزبی سیاسییە لە هەرێمی كوردستان، رەنگە هۆكارەكەی بۆ ئەوە بگەڕێتەوە ئەم حزبە هەر لەسەرەتاوە لە یەكگرتنی سێ ئاڕاستەو گروپی سیاسی جیاواز (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان، بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان، هێڵی گشتی) دروستبووەو هەمیشە مەترسی هەبووە لە كۆنگرەدا پارسەنگ تێكبچێتو حزبەكە لەبەریەك هەڵوەشێتەوە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، كۆنگرە "بەرزترین دەسەڵاتە" لەناو حزبدا، كۆنگرە دەبێت (سێ ساڵ جارێك) سازبدرێت، بەڵام یەكێتی لە ساڵی 2010وە تاوەكو ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە، واتە ماوەی (سێ) خولی لەسەریەك كۆنگرەی یەكێتی دواكەوتووە. نەخۆشكەوتنو دواتریش مردنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی حزبەكەو كارەكتەری بەهێزو كۆكەرەوەی یەكێتی، پاڵنەری سەرەكی دواكەوتنی كۆنگرەكانی یەكێتی بوو، هەندێك لە یەكێتییەكان باس لە هۆكاری تریش دەكەن لە نمونەی قەیرانی داراییو شەڕی "داعش"و دواتریش ریفراندۆمو تێكچونی بارودۆخی ناوچە جێناكۆكەكان. كۆنگرەی چوارەم ! لەدوای نەخۆشكەوتنی جەلال تاڵەبانییەوە هیچ كاتێك وەكو ئێستا لەناو یەكێتی نیشتمانیدا كۆدەنگی لەسەر سازدانی كۆنگرە دروستنەبووە. نەبوونی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاردان لەناو یەكێتیدا، لایەنگرانی ئەو حزبەی بەتەواوەتی نیگەران كردووە، ئێستا كۆدەنگییەك دروستبووە لەسەر ئەوەی بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، یەكێتی كۆنگرە سازبدات. نەبوونی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاردان لە ریفراندۆمی ساڵی 2017دا پێگەی یەكێتی لە پرۆسەكەدا لاواز كرد، هەرچەند ئەوكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كارەكتەری بەهێز بوو، لە رووداوەكانی "16ی ئۆكتۆبەر"یشدا كە لێكەوتی ریفراندۆمەكە بوو، یەكێتی بەتەواوەتی ناوەندی بڕیاردانی تێدا نەماو حزبەكە دابەشبوو بەسەر دوو ئاڕاستەی جیاوازدا (ئاڕاستەیەك ماڵباتی تاڵەبانیو ئاڕاستەكەی تر كۆسرەت رەسوڵ)، لەدواین وێستگەشدا لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت یەكێتی بە چەند ئاڕاستەیەك كاری كردووەو بەوهۆیەوە زۆربەی كارتەكانی دەستی سوتاند، بەڵام دواجار كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی هەژمونی كردو زۆرینەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت لەبەرژەوەندی ئاڕاستەی خۆی یەكلاكردەوەو وەكو بڕیاربەدەستێكی بەهێز دەركەوت، هاوكات بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقەوە دوای دابڕانەكەی لە ماوەی رابردوودا، بۆجاری یەكەم وەكو جێگری دووەمی سكرتێری گشتی بەهێزەوە گەڕایەوە بۆناو گەمەكانی ناوخۆی یەكێتی. تەوافوق یان بێ تەوافوق ؟ "تەوافوقی پێشوەختە" ئەم رۆژانە ئەمە دەستەواژەی باوی ناو كادیرانی یەكێتی نیشتمانییە. هەموو كۆنگرەكانی یەكێتی لە رابردوودا، بەر لەوەی كۆنگرەكە سازبدرێت ئەنجامەكانی لە گیرفانی تاڵەبانیدا بووە، تاڵەبانی لەم رێگەیەوە رێگری لە هەڵوەشانەوەی حزبەكەیو دابەشبوونو پەرتبوونی دەگرت، هاوكات لەو رێگەیەوە زامنی باڵادەستبوونی ئاڕاستەكەی خۆشی دەكرد. بەڵام ئێستا ماڵباتی تاڵەبانی، بەدیاریكراوی بافڵی كوڕە گەورەی تاڵەبانیو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوا دەكەن كۆنگرەی چوارەم بەبێ هیچ "تەوافوقێكی پێشوەختە" بەڕێوەبچێت، واتە كەس ئەنجامی خۆی نەزانێتو بچێتە ناو گەمەی كۆنگرەوە. مەلا بەختیار كە زیاتر لە ساڵێكە دەستی لە هەموو بەرپرسیارێتییەك لەناو یەكێتی هەڵگرتووەو لە ماڵەوە دانیشتووە، بەمدواییە پرۆژەیەكی بۆ سازدانی كۆنگرە ئامادەكرد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەفەرمی پشتیوانی لە پرۆژەكەی دەكات، بەوپێیەش پرۆژەكەی مەلا بەختیار جەخت لەسەر كۆنگرەیەك دەكات "بەبێ تەوافوقی پێشوەختە"، پرۆژەكەی بە پرۆژەی هاوبەشی ماڵباتی تاڵەبانی دەناسێنرێت. لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ كە پیاوی قاڵبووی ناو گەمە سیاسییەكانەو لەو گۆڕەپانەدا رۆژگارێك لەگەڵ تاڵەبانی باوكو نەوشیروان مستەفاو بەمدواییەش لەگەڵ بەرهەم ساڵحو مەلا بەختیار گەمەی كردووە، ئەگەر ئەنجامی كۆنگرەكەی لە گیرفاندا نەبێت، پێناچێت بچێتە ناو یارییەكەوە، بۆیە بانگەشەكان دژی "تەوافوقی پێشوەختە" رەنگە هیچ شتێكی ئەوتۆیان لێ سەوز نەبێت. كێ كۆنگرە دەباتەوە ؟ دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی باوك، ماڵباتی تاڵەبانی پێگەیان لەناو یەكێتی بەهێز بوو، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەزووی وەكو كارەكتەرێكی بەهێز دەركەوت، ئەوكات كە هێرۆ ئیبراهیم لە گۆڕەپانەكەدا بوو، ماڵبات پشتیوانی سازدانی كۆنگرەیان دەكردو ئاڕاستەی كۆسرەت رەسوڵو دواتریش ئەوەی ناوی لێنرا "ناوەندی بڕیار" دژی سازدانی كۆنگرەبوونو رێگرییان دەكرد، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە، ئاڕاستەكەی كۆسرەت رەسوڵ بەهێز بووەو ماڵباتی تاڵەبانی پاشەكشێیان كردووە. ماڵباتی تاڵەبانی ئێستا كە قایلن بە سازدانی كۆنگرە، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە لەناو خۆیاندا كوتلەیەكی یەكگرتوووی بەهێز نین، لاهور شێخ جەنگی بەتەنیا كوتلەیەكی سەربەخۆیەو پاڵپشتی ئەو پرۆژەیە ناكات كە مەلا بەختیار نوسیویەتیو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پشتیوانی دەكات. قوباد تاڵەبانی كە بەمدواییە بانگەوازی بۆ سازدانی كۆنگرە كرد، سەرقاڵە بە كاروباری حكومەتەوەو پێناچێت رۆڵی بەهێزی لە كۆنگرەدا هەبێت. لەبەرامبەردا ئاڕاستەی كۆسرەت رەسوڵ ئاڕاستەیەكی بەهێزە كە توانای كۆكردنەوەی دەنگەكانی هەیە لە دەوری خۆی، ئەم ئاڕاستەیە دەیەوێت هەولێرییەكان ناو یەكێتی لە كۆنگرەدا بكات بە كوتلەیەكی یەكگرتووی بەهێز، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئێستا هاتوەتە ناو ئەم ئاڕاستەیەوەو لە هەولێر لەگەڵ شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەستبەكاربووەو ئامادەكاری بۆ كۆنگرە دەكەن. گروپی كەركوكییەكانی ناو مەكتەبی سیاسیش كە تاڕادەیەك گروپێكی یەكگرتوون، ئەمانە پێشتر پشتیوانییان لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەكرد، بەڵام ئێستا كە هێرۆ ئیبراهیم لە گۆڕەپانەكە دوركەوتوووەتەوە، ساغ نەبونەتەوەو تەماشای یارییەكە دەكەن، بەمدواییە كە بەهێزبوونی كۆسرەت رەسوڵیان لە دانانی كاندیدەكانی یەكێتی لە پۆستە حكومییەكان بینی، تاڕادەیەك بەلای ئەودا شكاونەتەوەو رەنگە لە كۆنگرەدا لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بەلای ئاڕاستەكەی كۆسرەت رەسوڵدا ساغ ببنەوە. گروپەكەی تری ناو مەكتەبی سیاسی كە پێكهاتوون لە (حاكم قادر، شێخ جەعفەر، عومەر فەتاح..)، ئەمانە چاویان لە "تەوافوقی پێشوەختە" بەر لە سازدانی كۆنگرە، بەوپێیەی كۆسرەت رەسوڵ توانای بەهێزی هەیە لە ئیدارەدانی ئاڕاستەكان، رەنگە دواجار ئەمانیش لەچوارچێوەی ئاڕاستە گشتییەكەی خۆیدا كۆبكاتەوە. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا دەرفەتی ئەوەی بۆ دەرەخسێت بەهێزەوە بگەڕێتەوە بۆ گەمە سیاسییەكانی ناو یەكێتی، بەرهەم ساڵح لە دوو سەرەوە بە هەردوو ئاڕاستەكەی ناو یەكێتییەوە دەبەسرێتەوە، لەناوەندی بڕیارەوە لە كۆسرەت رەسوڵەوە نزیكە، هاوكات دۆستی نزیكی دوو كوڕەكەی تاڵەبانیشە، پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن بەرهەم ساڵح لە كۆنگرەدا كوڕانی تاڵەبانی لە مەلا بەختیارو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دوربخاتەوەو لەچوارچێوەی تەوافوقێكدا لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ پێگەیان لە داهاتووی یەكێتی زامن بكاتو هاوكات پێگەی سیاسی خۆشی بەهێز بكات. كۆنگرەی یەكبوون یان جیابونەوە ؟ هەرچۆنێك بێت كۆنگرەی چوارەم، كۆنگرەیەكی چارەنوسساز دەبێت بۆ یەكێتی نیشتمانی، لەدوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانییەوە ئەمە یەكەمینجارە یەكێتی كۆنگرە سازدەدات، ئەگەر بەبێ دابەشبوونو جیابوونەوە، سەركردایەتییەكی نوێ بۆ حزب هەڵبژێرێت، توانای خۆراگرتنی زیاتر دەبێت، بەپێچەوانەشەوە رەنگە هێندە لاواز ببێت بەتەواوەتی پێگە سیاسییەكەی لەدەستبدات. هەموو پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن بەبێ "تەوافوقی پێشوەختە"و زامنكردنی پێگەی ئاڕاستەكان، یەكێتی ناتوانێت كۆنگرە بكات، ئێرانییەكان لە داهاتوودا رۆڵی یەكلاكەرەوەیان دەبێت لە هێنانەدی ئەو "تەوافوقە پێشوەختە"دا.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف كورد زەرەرمەندی یەكەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەبێت لە كەركوك كە لە 23ی تەموزی رابردوو لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، ئەگەر هەمواری یاساكە جێبەجێ بكرێت ( 35 -40 هەزار) دەنگی كورد لە تۆماری دەنگدەران دەسڕێتەوە. تەنها هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان زیان لە پێگەی كورد نادات لەكەركوك، بەڵكو ناكۆكی و ململانێی نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە رابردووداو چۆڵبونی گۆڕەبانی كەركوك، ئەگەری دۆڕانی كورد زیاتر دەكات لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. كورد لە هەڵبژاردنی كەركوكدا بەپێی هەمواری بڕگەی 7 ی مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە تایبەتە بە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك، كۆمسیۆنی هەڵبژردنەكانی عێراق پابەندكراوە كە تاوەكو( 31ی كانونی یەكەم 2020 ) وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێتەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین.¬ بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا) ئەگەر ئەو بڕگەیە جێبەجێ بكرێت، ئەوا نزیكەی( 35 – 40 ) دەنگی كورد لە تۆماری دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە دەسڕێتەوە، چونكە بەپێی هەمواری یاساكە ئەگەر لە لیستی دەنگدەراندا فۆرمی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی ( هویە الاحوال المدنیە) هاوتا نەبن ئەوا ناوەكانیان دەسڕێتەوە، بەو پێیەی بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی ناوچەكانی درەوەی كەركوك ( چەمچەماڵ، سەنگاو، قادر كەرەم، ئاغجەلەر، قەرەناو ..) فۆرمی خۆراكیان گواستۆتەوە كەركوك و تۆماری دەنگدانیان لە كەركوكە بەڵام ناسنامەی باری شارستانیان نەگواستۆتەوە كەركوك هەر لە سەر سلێمانین، بۆیە ناوەكانیان دەسڕێتەوە. بەشێك لە هاوڵاتیانی كورد كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە، فۆرم و ناسنامەو تۆماری دەنگدەریانیان كەركوكە، كە ئەمان كێشەیان نیە و یاساكە نایانگرێتەوە، بەڵام بەشێكیان هێشتا قەرەبوی مادەی 140 یان وەرنەگرتووە، فۆرم و تۆماری دەنگدانیان كەركوكە، بەڵام ناسنامەیان كەركوك نیە بۆیە بەپێی یاساكە ناوەكانیان دەسرێتەوە. كورد زەرەرمەندی سەرەكی ( درەو میدیا) بەدواداچونی ووردی كردووە بۆ یاسای هەڵبژاردن و كاریگەری لەسەر پێگەی كورد لە پارێزگای كەركوك، بەشێك لە نوێنەری لایەنە كوردیەكان پێیان وایە ئەو یاسایە بەسەر نوێنەرانی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تێپەڕێوەو زیانی زۆری بۆ كورد دەبێت، بەشێكی تریان پێیان وایە ئەو یاسایە زیانی زۆر بە كورد ناگەیەنێت، ئەگەر كورد بەیەك لیست و بە گوڕوتینێكی بەهێزەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن، كورد دەنگی خۆی بەدەستدێنێتەوە كە لە زۆرینەی هەڵبژاردنەكاندا كورد نیوە زیاتری كورسیەكانی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە، كێشەی سەرەكی كورد لە ئێستادا لە كەركوك: - چۆڵكردنی كەركوك و لەدەستدانی پۆست و پلەكانی كورد لەو پارێزگایە، ئەگەر بەم بارودۆخەوە كورد بچێتە هەڵبژاردنەوە زیانی گەورە دەكات. - كێشەی كورد لە كەركوك لە ئێستادا تەنها كێشەی كورد و پێكهاتەكانی تری كەركوك نیە، بەڵكو كێشەی ناوخۆی كوردو پارتی و یەكێتیە، كە لەدوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێندەی بە ململانێی یەكتریەوە سەرقاڵبون هێندە لە هەوەڵی چارەسەری كێشەی كەركوكدا نەبوون. - دواخستنی دانانی پارێزگاری كەركوك و كۆنترۆڵكردنی هەموو پۆست و شوێنە هەستیارەكانی لەلایەن پێكهاتەكانی دیكەوە. ئێستا كورد هەوڵی جدی دەدات كە پێش هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 پرۆسەی ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا نەكرێت و پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، دیاریكردنی 31ی كانونی یەكەمی 2020 بۆ ئەوەیە كە پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە، بەوەش رازین كە بەشێك لە هەنگاوەكان پێش هەڵبژاردن بگیرێنەبەر بەڵام بڕیاری كۆتایی لەسەر پرۆسەكە بكەوێتە دوای هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 . توركمان سورە لەسەری لایەنە توركمانیەكان كە فشاری زۆریان دەكرد بۆ ئەوەی هەمواری یاساكە بكرێت و هەڵبژاردن لە كەركوك بەشێوەیەك بكرێت ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكرێت، بەڵام دەیانەوێت پێش هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 پرۆسەی ووردبینی لە لیستی تۆماری دەنگدەراندا بكرێت. ئەرشەد سالحی سەرۆكی بەرەی توركمانی لە پەیجی رەسمی خۆی نوسیویەتی كە " ئەگەر ووردبینی تەواو لە تۆماری دەنگدەراندا نەكرێت و تۆماری دەنگدەران لە دەنگە ساختەكان پاكنەكرێتەوە پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێگای كەركوك، دەبێتە كلیلی دروستكردنی شەڕی ئەهلی، كە سەردەكێشێت بۆ گۆڕینی نەخشەی جوگرافی لە عێراقدا". كۆبونەوە نهێنیەكان لەبەغداد ( درەو میدیا) زانیویەتی چەند رۆژێكە لە بەغداد كورد و پێكهاتەكانی دیكە بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبونەوەو گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی رێشەیی بۆ كێشەی كەركوك، بەرپرسێكی ئاگاداری كورد لە كۆبونەوەكان بە ( درەو میدیا) رایگەیاند: بە چاودێری نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك لە بەغداد چەند كۆبونەوەیەكیانكردووەو بڕیارە لەكۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتووكۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە شاری بەغداد بەرێوەبچێت و پارێزگاری كەركوكیش دیاری بكرێت، هەرچەندە لایەنی عەرەب و توركمان دژی دانانی پارێزگارن" لە قۆناغی یەكەمدا بڕیارە لیستی برایەتی كورد كۆببێتەوەو ئەجێندای كاری خۆیان یەكبخەن، دواتر ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە، ئەگەرچی پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی هەیە بۆ دیاریكردنی پارێ.گاری كەركوك، بەڵام پێناچێت بە بێ ئاساساییكردنەوەی بارودۆخی ئەمنی كەركوك پارتی بارەگاكانی بگەڕێنێتەوە كەركوك، بەڵام لەدەرەوەی كەركوك لە ( بەغداد) بەشداری كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێ.گای كەركوك دەكات و دەنگ بە پارێزگاری كەركوك ( تەیب جەبار) دەدات. لە حاڵەتی نەگەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركوك، ئەوكات ناراستەوخۆ پشتیوانی لە لیستێك دەكات كە رەنگە لیستەكەی (نەجمەدین كەریم) بێت كە چەند رۆژێكە نەجمەدین كەریم ئاماژە بە دانانی لیستی هەڵبژاردن دەكات لە كەركوك لە كاتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێ.گای كەركوك. دەقی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق: بڕگەی 7: كۆمسێۆنی باڵای سەربەحۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بەوەی تاوەكو رۆژی 31 كانونی دووەمی 2020 وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێنەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین، ئەمە ئەوانە ناگرێتەوە كە رێوشوینەكانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان گرتونیەتەوە كە ئەو لیژنەیە بەپێی ماددەی 140ی دەستور لە پارێزگای كەركوك دروستكراوە بڕگەی 8: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەپێی رێنماییە كارپێكراوەكان سەبارەت بە رێوشوینی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكرێت تێیاندا. بەپێی یاساهەمواركراوەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵبریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو. ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەدوای هەڵبژاردنی 30ی كانونی دووەمی 2005 ەوە بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك ئەنجامنەدراوە، بەڵام بڕیارە لە هەڵبژاردنی 1ی نیسانی 2020 هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوكیش بەڕێوە بچێت. كەركوك هەڵبژاردنی 2005 دا لە هەڵبژاردنی 30/1/2005ی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا لیستی (برایەتی كەركوك) كە لایەنە كوردیەكانی لە خۆ دەگرت لە كۆی( 41 كورسی پارێزگە 26 كورسی بەدەستهێنا بەرێژەی( 63.4% ) كورسی ئەو پارێزگایە، لەبەرامبەردا بەرەی توركمانی 8 كورسی و بەرێژەی ( 19.5% )ی كورسیەكان و گردبوونەوەی عەرەبی 5 كورسی و بەرێژەی ( 12.2% ) و هاوپەیمانی ئیسلامی توركمانی 1 كورسی بەرێژەی ( 2.4% ) و گردبوونەوەی نیشتیمانی عێراقی 1 كورسی و بەرێژەی ( 2.4% ) كورسی واتا كورد ( 63.4% ) كورسی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێنا، كە دەكرێت بوترێت لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەی بەدەستهێناوە بەڵام لایەنەكانی تر بە عەرەب و توركمانەوە ( 36.6% )ی كورسی ئەنجومەن و دەنگی پارێزگای كەركوكیان بەدەستهێناوە كەركوك لە هەڵبژاردنی 2010 دا لە هەڵبژاردنی 7/3/2010 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا كە كورد بە چەند لیستێك بەشداری كرد، لەكۆی ( 557 هەزارو 37 ) دەنگدەری پارێزگای كەركوك ، لە لیستە سەركەوتووەكاندا لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند پارتێكی دیكە پێكهاتبوو، توانی (206 هەزارو 542 ) دەنگ بەرێژەی (37% )ی دەنگەكانی ئەو پارێزگایە بەدەستبهێنێت و 6 كورسی لە كۆی 12 كورسی پشكی ئەو پارێزگایە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستبهێنێت، كە رێژەی كورسیەكانی ( 50%) دەكات، هاوكات لیستی عێراقیە (211 هەزارو 336 ) دەنگ و بەرێژەی ( 37.9% )ی دەنگی لیستە سەركەوتوەكانی ئەو پارێزگایەو 6 كورسی بەدەستهێنا واتا (50% ) و لیستی رافیدەین (28 هەزارو 78 ) دەنگ و بەرێژەی ( 5% ) و 1 كورسی لە كورسی كۆتا بەدەستهێنا. سەرەرای دەنگی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی كە (206 هەزارو 542 ) دەنگی بەدەستهێنابوو دەنگی سەرجەم لیستە كوردیەكان لەو پارێزگایە ( 278هەزارو 170 ) دەنگی بەدەستهێنابوو بەرێژەی ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە بەو پێەی لیستی گۆران ( 36هەزارو 554 ) دەنگ و یەكگرتووی ئیسلامی ( 24هەزارو 274 ) دەنگ، كۆمەڵی ئیسلامی ( 7 هەزارو 175) دەنگی بەدەستهێنابوو حیزبی شیوعی ( 3 هەزارو 397 ) دەنگی بەدەستهێنا بوو، كە نزیكەی ( 70 هەزار ) دەنگە كە ئەو دەنگانە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ كورسیەك كە بەهای كورسیەك ( 46 هەزارو 419 ) دەنگ بووە، هیچ كورسیەكیان بەدەستنەهێناو دەنگەكانیان سوتا. بەو پێیەش دەنگی كورد لە نێوان 2005 بۆ 2010 لە ( 63.4% ) دەنگی ئەو پارێزگایەوە بۆ ( 49.9% )ی دەنگی ئەو پارێزگایە دابەزی واتا بەرێژەی ( 13.5% )ی دەنگەكانی دابەزی رێژەی كورسیەكانیشی بەهەمان شێوە( 13.4% ) دابەزی. كەركوك لە هەڵبژاردنی 2014دا بەڵام لە هەڵبژاردنی 30/4/2014 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای كەركوك لە كۆی (570795 ) دەنگدەری ئەو پارێزگایە كە 12 كورسی هەبوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێتی ( 209964 ) دەنگی بەدەستهێنا 6 كورسی و پارتی ( 63076 ) دەنگی بەدەستهێنا 2 كورسی بەدەستهێنا بەهای كورسی لەو پارێزگایە ( 47566 ) دەنگ دەكات . كەركوك لە هەڵبژاردنی 2018 دا لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12ی ئایاری 2018 دا لە پارێزگای كەركوك پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری هەڵبژاردنی ئەو پارێزگایەی نەكرد، لە كۆی ( 12) كورسی و ( 487 هەزارو 142 ) دەنگدەر. - یەكێتی نیشتیمانی 6 كورسی و ( 177 هەزارو 920 ) دەنگی بەدەسهتهێنا - هاوپەیمانی عەرەبی لەكەركوك 3 كورسی و ( 86 هەزارو 452 ) دەنگی بەدەستهێنا - بەرەی توركمانی 3 كورسی و ( 82 هەزارو 33 ) دەنگی بەدەستهێنا - لیستی نیشتیمانی ( گۆڕان، هاوپەیمانی، كۆمەڵ) لە كەركوك ( 14 هەزارو 914 ) دەنگی بەدەستهێنا بەبێ كورسی - نەوەی نوێ ( 13 هەزارو 665 ) دەنگی بەدەستهێنا - حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ( 7 هەزارو 509 ) دەنگی بەدەستهێنا - یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ( 4 هەزارو 784 ) دەنگ
(درەو میدیا): محەمەد تۆفیق رەحیم، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی لە پۆستەكەی كێشایەوەو دەیەوێت پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم مسۆگەر بكات. بە گوێرەی زانیارییەكانی ( درەو میدیا) محەمەد تۆفیق رەحیم دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەراندن كێشاوەتەوەو كێبركێی مسەفا سەید قادر دەكات بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هاوشێوەی یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزیرەكان دەسەڵاتی یەكلاكردنەوەی كاندیدی تری پۆستەكانی تری بزوتنەوەكەی بەخشی بە عومەر سەیدعەلی رێكخەری گشتی گۆڕان. (درەو میدیا) زانیویەتی عومەر سەیدعەلی پێشتر هەڵوێستی خۆی دەبارەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان راگەیاندووەو لەگەڵ ئەوەدا نیە ئەندامانی خانەی راپەراندن كە ژمارەیان شەش ئەندامە هیچ پۆستێك وەربگرن, ئەوەش وایكردووە محەمەد تۆفیق رەحیم دەست لە ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بكشێنێتەوە بۆ ئەوەی بەهانەی رێكخەری گشتی حزبەكەی ببڕێت لە یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانیشدا عومەری سەید عەلی رایگەیاندووە كە هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن بۆ پۆستە حكومیەكان دانانێت، لەو كاتەدا محەمەد تۆفیق رەحیم رایگەیاندووە كە ئەویش چیدیكە ئەندامی خانەی راپەڕاندن نیە، لەلایەك دژ بە بڕیارەكەی عومەری سەید عەلی، لەلایەكیش دەیەوێت خۆی بەدور بگرێت لەو بڕیارەی عومەری سەید عەلی و دەیەوێت لەدەرەوەی خانەی راپەڕاندن خۆی بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم كاندید بكات دەستلەكاركێشانەوەی محەمەد تۆفیق رەحیم لە كاتێكدایە كە 25ی تەموزی 2019 وادەی یاسایی خانەی راپەڕاندن كۆتایی هاتوو لە كۆبونەوەی 25ی تەموزی رابردو جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان 14ی ئەیلولی داهاتووی دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن . دوێنێ (درەو میدیا) لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكرد نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم داوای لە بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بە فەرمی ناوی كاندیدی جێگری سەرۆكی ئاراستەبكەنو ئێستا سێ كەس لەناو گۆڕاندا كێبركێ لەسەر ئەو پۆستە دەكەن كە بریتین لە مستەفا سەیدقادر، جەمال حاجی محەمەد، محەمەد تۆفیق رەحیم. مستەفا سەیدقادر هیچ پۆستێكی حزبی نیە بەڵام لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پشتگیری لێدەكرێتو خۆی ئەندازیاری رێككەوتنی گۆڕانو پارتییە لە پێكهێنانی حكومەتداو چانسی بۆ وەرگرتنی پۆستەكە زۆر بەهێزە، كاندیدی دووەم جەمال حاجی محەمەدە كە ئەندامی خانەی راپەڕاندنەوە بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا باری تەندروستی ناجێگیرەو بۆ چارەسەر لە دەرەوەی وڵاتەوەو كاندیدی سێیەم محەمەد تۆفیق رەحیم كە دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن كێشاوەتەوەو بەپێگەیەكی بەهێزترەوە چوەتە ناو ململانێی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمەوە. (درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی دەستلەكاركێشانەوەی پەیوەندی بە محەمەد تۆفیق رەحیمەوە كرد، بەڵام مۆبایلەكەی داخرابوو. پرۆفایلی محەمەد تۆفیق رەحیم - 1953 لە سلێمانی لەدایكبووە - كۆلێژی ئەندازیاری تەواوكردووە - زاوای نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕانە - پێشمەرگەی دێرینەو لە شاخو لەناو یەكێتیو كۆمەڵەی رەنجدەراندا پۆستی باڵای هەبووە. - ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بووە - 1992 جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بووە - لە یەكەمین كابینەی حكومەتی هەرێمدا وەزیری هاوكاریو پەیوەندییەكان بووە - ساڵی 2004 وەزیری پیشەسازی بووە لە كابینەكەی ئەیاد عەلاویدا. - 2006 لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا وازی لە یەكێتی هێناوەو بەشداری دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانی كردووە. - بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی گۆڕان بووە - 2017 خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندیدكرد، بەڵام هەڵبژاردن ئەنجام نەدرا. - 2017 بە ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵبژێردرا. - 27ی تەموز دەستی لە ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن كێشایەوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف نێچیرڤان بارزانی چاوەڕێی بزوتنەوەی گۆڕانە كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم یەكلابكاتەوە، كاندیدەكەی گۆڕان پرسی دانانی دوو جێگرەكەی سەرۆكی هەرێمی دواخستووە، سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوەو كاندیدی هەموو ئەو پۆستانەی تر یەكلادەكاتەوە كە لەكابینەی نوێدا بەر بزوتنەوەكە كەوتووە. سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوە، كۆبونەوەكە بۆ بڕیاردانە لەسەر چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پۆستی (جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان)و (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی)و پشكەكانی تری بزوتنەوەكە لە حكومەت، بەدیاریكراویش پۆستەكانی (راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكان). نێچیرڤان بارزانی چاوەڕوانی گۆڕانە سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چاوەڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان تاوەكو ناوی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم رەوانە بكات. سەرچاوەكە وتی:" دواكەوتنی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم، پەیوەندی بە بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیەو ئەو بزوتنەوەیە تائێستا كاندیدی خۆی یەكلانەكردوەتەوە، پارتی بە فەرمی داوای لە گۆڕان كردووە ناوی كاندیدی خۆی بنێرێت". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت لە یەك رۆژدا فەرمانی دانانی جێگرەكانی سەرۆكی هەرێم دەربكات، كە یەكێكیان كاندیدی یەكێتییەو یەكێتی یەكلایكردوەتەوە جەعفەر شێخ مستەفا ئەو پۆستە وەردەگرێت، ئەوی تریان كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕانەو هێشتا بەفەرمی یەكلانەكراوەتەوە. كاندیدی جێگری سەرۆكی هەرێم (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا لەنێوان سێ سەركردەی باڵای گۆڕاندا كێبڕكێی لەسەرە، ئەوانیش هەریەكە لە (مستەفا سەید قادر- جەمال محەمەد، محەمەد تۆفیق رەحیم)ن. مستەفا سەید قادر كاندیدی بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە، بەوپێیەی خۆی ئەندازیاری رێككەوتنە سیاسییەكەی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتییەو هاوكاتیش لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پشتیوانی لێدەكرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، مستەفا سەید قادر هەرچەندە كاندیدی بەهێزە، سیڤی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە پێشكەش نەكردووە، بەڵام دوو كاندیدەكەی تر (حەمەتۆفیق رەحیمو جەمال محەمەد) سیڤییان پێشكەشكردووە. كاندیدی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی یەكێكی ترە لەو پۆستە باڵایانەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت وەریدەگرێتو هێشتا كاندیدەكەی یەكلا نەكردوەتەوە. یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، پۆستێكە بۆ یەكەمینجارە لەم كابینەیەدا دروستدەكرێت، ئەم پۆستە لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەكرێتو كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستەكە (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنە، چەند كەسێكی تر ناویان هێنراوە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە لەوانە (شوان قلیاسانی). ئەم پۆستە رەنگە دروستكردنی ماوەیەكی تر بخایەنێت، بەوپێیەی دەبێت ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسای پێكهێنانی رەوانەی پەرلەمان بكاتو پەرلەمان پەسەندی بكات. ئەو دامەزراوەیە ( یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆكاروباری چاكسازی ) ئەنجومەنێكی بۆ درووست دەكرێت كە نوێنەری لایەنەكانی تێدا دەبێتو سەرۆكەكەی لەلای بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت، ئەو كەسەی سەرۆكی ئەنجومەنەكە وەردەگرێت پلەكەی (وەزیر) دەبێت. مەسرور بارزانی جگە لە یاریدەدەر بۆ كاروباری چاكسازی، دوو یاریدەدەری تریشی دەبێت، ئێستا ئاشتی هەورامی بەفەرمی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە، دەنگۆش هەیە رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی بكرێت بە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری دارایی، بەڵام هێشتا فەرمانی بۆ دەرنەچووە، (درەو میدیا) زانیویەتی، بزوتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی پێدانی پۆست لە كابینەی نوێ بە پارتی راگەیاندووە، بەوپێیەی رێباز حەملان لە كابینەی پێشوودا سەربە بزوتنەوەی گۆڕان بووەو دواتر لە گۆڕان جیابوەتەوە، بەڵام پارتی داواكاریو نیگەرانییەكانی گۆڕانی لەوبارەیەوە رەتكردوەتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، پارتی بە بزوتنەوەی گۆڕانی راگەیاندووە، مەسعود بارزانی فەرمانیداوە رێباز حەملان لە كابینەی نوێدا بمێنێتەوەو پۆستی پێ بدرێت، بۆیە ئەگەر پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی بۆ كاروباری دارایی پێنەدرێت، پۆستی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان وەردەگرێت. پۆستەكانی تر جگە لەو دوو پۆستەی باڵایە، بزوتنەوەی گۆڕان ژمارەیەك پۆستی تری راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرێت، پێشتر بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان رایانگەیاند، بەپێی پشكی خۆیان دەبێت (24) پۆستی راوێژكارو (24) پۆستی بەڕێوەبەری گشتی وەربگرن. بۆ ئەم پۆستانە ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان سیڤییان پڕكردوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان گومانی لەوە هەیە پارتی هەموو پۆستەكانی راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی لەوادەی دیاریكراودا رادەست بكات، لەكابینەی هەشتەمدا كە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە لەژیاندا بوو، خۆی چاودێری رێككەوتنەكەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دەكرد، پارتی تا كۆتا رۆژ كە گۆڕانی لە حكومەت دەركرد، هەندێك لە پۆستەكانی بەڕێوەبەری گشتی كە بەر گۆڕان كەوتبوو، پڕنەكردەوە، گۆڕان لەمڕووەوە پارتی تۆمەتبار دەكرد بەوەی تەنانەت بەر لە تێكچوونی پەیوەندییەكانیشیان لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پارتی بابەندی رێككەوتنەكەی نەبووە لەگەڵ گۆڕان. كێ بڕیار لەسەر كاندیدەكان دەدات ؟ رۆژی 5ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، لەو كۆبونەوەیەدا جڤات كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، دەسەڵاتی خۆی بۆ دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكە بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكان بەخشی بە عومەر سەید عەلی رێكخەری بزوتنەوەكە، بەم بڕیارە، جڤاتی نیشتمانی كارەكانی ئەو لیژنەیەی هەڵوەشاندەوە كە پێشترو بەر لە سێ مانگ بزوتنەوەكە دروستیكرد بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان، ئەم بڕیارە ئەندامانی لیژنەكەی نیگەران كردو دواتر چەند كەسێكیان راگەیەندراوێكیان بۆ رایگشتی بڵاوكردەوە. دوو رۆژ دوای بڕیارەكەی جڤاتی نیشتمانی، عومەر سەید عەلی بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە جڤات پێیدابوو، كاندیدی ئەو چوار پۆستە وزارییەی دیاریكرد كە بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت وەریگرتووە، بەمشێوەیە: • پۆستی وەزیری دارایی: ئاوات شێخ جەناب • پۆستی وەزیری بازرگانیو پیشەسازی: كەمال موسلیم • پۆستی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی: كوێستان محەمەد • پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە: دانا عەبدولكەریم دیارنییە جڤاتی نیشتمانی كە سبەینێ كۆدەبێتەوە چ بڕیارێك لەسەر چۆنیەتی دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكانی تری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت دەدات، بەڵام بەوپێیەی ململانێی ئەم پۆستانەی تر لەنێوان سەركردە باڵاكانی بزوتنەوەكەدایە، پێناچێت عومەر سەید عەلی بیەوێت ئەو رۆڵە بگێڕێت كە لەدانانی وەزیرەكاندا گێڕای، بەتایبەتیش ئەوەی كە ململانێكان لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەنێوان دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندن (حەمەتۆفیق رەحیم، جەمال محەمەد)و سەركردەیەكی تری باڵای بزوتنەوەكەدایە (مستەفا سەید قادر)ە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر ئەو كارەكتەرانە لەنێوان خۆیاندا لەسەر ناوێك رێكنەكەونو بۆ یەكتری نەكشێنەوە، جڤاتی نیشتمانی بەدەنگدان ناوی كاندیدەكان یەكلادەكاتەوە. سەبارەت بە كاندیدی پۆستی راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پێشنیازێك هەیە جڤاتی گشتی بگەڕێتەوە بۆسەر ئەو میكانیزمەی كە لیژنەی یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكان بڕیاری لەسەر داوە، لەم رێگەیەوە هەەوڵدەدرێت هەندێك ئیعتیبار بۆ كارەكانی ئەو لیژنەیە بگەڕێندرێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی كارەكانی لیژنەكە لە دانانی كاندیدی وەزارەتەكان رەتكرایەوە، واتە هەوڵدەدرێت كار بەو پێوەرانە بكرێت كە لیژنەكە دایناوە بۆ یەكلاكردنەوەی سیڤی كاندیدەكان، كە ئەویش بەشێوازی دانانی نمرەیە لە بوارە جیاوازەكاندا بۆ كاندیدەكانو دواتر كۆكردنەوەی كۆنمرەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكە.
درەو میدیا: ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەقی دانپێدانانی هێرشبەرەكانی رێستۆرانتی( هۆقەباز)ی هەولێری بڵاودەكاتەوە، بەپێی دەقی ئەو راگەیەنراوەی ئەنجومەنی ئاساییش بڵاویكردۆتەوە، كردەوەكە لە قەندیلەوە پلانی بۆ دارێژراوەوە" بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەكە تیرۆریستییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێكی پەكەكە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆركردنی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و سەرەنجام تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان" دەقی راگەیێندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان "رۆژی چوارشەممە 7/17/ 2019 رووداوێكی تەقەكردن لە رێستورانتێكی شاری هەولێر روویدا كە لە ئەنجامدا كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر بە ناوی (عوسمان كۆسە) و دوو هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بەناوەكانی نەریمان (عوسمان محەمەدعەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح) بوونە قوربانی. هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆری كوردستان توانیان لە ماوەیەكی زۆر كەمدا شەش كەس لە پەیوەند بەم رووداوەدا دەستگیربكەن كە سێ كەس هاووڵاتی توركیان لە نێویاندا ئەنجامدەری سەرەكی رووداوەكە بەناوی (مەزڵوم داغ). سێ كەسیش لە هاوكار و یاریدەدەرانی ئەنجامدەرانی رووداوەكە هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن. هەروەها چەند كەسێكی دیكەش كە پەیوەندییان بەم رووداوەوە هەیە و لە رووی یاساییەوە داواكراون بەدواداچوون لە سەریان بەردەوامە. بە پێی دانپێدانانی تۆمەتباران، رووداوەكە تیرۆریستییە و چەند مانگێك لەمەوبەر لە لایەن بەرپرسێكی پەكەكە بەناوی فاتیح (بۆتان) لە قەندیل پلانی بۆ داڕێژراوە بە ئامانجی تیرۆركردنی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیا و سەرەنجام تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان. هەر بەپێی دانپێدانانی ئەنجامدەری سەرەكی رووداوە تیرۆریستییەكەش، هەردوو هاووڵاتییەكەی هەرێمی كوردستان تەنیا بە گومانی ئەوەی پاسەوانی دیپلوماتەكەی توركیان كوژراون. لێرەدا دەقی دانپێدانانی تۆمەتبارانی رووداوە تیرۆریستییەكە دەخەینەڕوو. لەبەر رێزگرتن لە كەسوكاری قوربانییەكانی ئەم رووداوەش ساتی تەققەكردنەكە لێڵ كراوە. https://www.facebook.com/drawmedia/videos/439880726598535/
درەو میدیا: ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 23ی تەموزی رابردوو هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەندكردو رۆژی 1ی نیسانی 2020 دیاریكرد بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە پارێزگای كەركوكەوە. بەپێی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان كە تایبەتە بە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركوك كۆمسیۆنی هەڵبژردنەكانی عێراق پابەندكراوە كە تاوەكو( 31ی كانونی دوەمی 2020 )وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەراندا، لەگەڵ ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی دەكرێت. بەپێی بەدواداچونەكانی ( دەو میدیا) بەرواری سەر بەڵگەنامەكە ( 31ی كانونی دوەمی 2020 ( بە هەڵە نوسراوەو چونكە خۆی ( 31ی كانونی یەكەمی 2020 )ە . دەقی هەمواری بڕگەی ( 7 ، 8 ) مادەی 35ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق: بڕگەی 7: كۆمسێۆنی باڵای سەربەحۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بەوەی تاوەكو رۆژی 31 كانونی دووەمی 2020 وردبینی بكات لە تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای كەركوك لە نێوان پسوڵەی خۆراك و ناسنامەی باری شارستانی، بۆئەوەی ئەو ناوانە بسڕێنەوە كە لە هەردوو تۆمارەكەدا هاوتا نین، ئەمە ئەوانە ناگرێتەوە كە رێوشوینەكانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەكان گرتونیەتەوە كە ئەو لیژنەیە بەپێی ماددەی 140ی دەستور لە پارێزگای كەركوك دروستكراوە بڕگەی 8: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان پابەندە بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەپێی رێنماییە كارپێكراوەكان سەبارەت بە رێوشوینی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بۆ ئەو وێستگانەی كە داوای ژماردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكرێت تێیاندا. بەپێی یاساهەمواركراوەكە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان پارێزگای كەركوكیش دەگرێتەوە، 14 كورسی بۆ پارێزگای كەركوك دیاریكراوەو ( 13 كورسی گشتی و 1 كورسی كۆتای)ە، كورسیە گشتیەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دیاریكراوە كە ژمارەی دانیشتوانی كەركوك بە ( یەك ملیۆن و 639 هەزارو 953 )كەس دیاریكراوە. ئەگەرچی ئێستا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ( 41 ) ئەندامە چونكە كەركوك تەنها بەشداری لەیەك هەڵبژاردندا كردووە ئەویش بەپێی یاسای ژمارە 71ی پۆڵبریمەری حاكمی مەدەنی عێراق بووە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 41 كورسی دیاریكرابوو.
(درەو میدیا): ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە ئاشكرایكرد، هەفتەی رابردوو سوپای توركیا لە دوو هێرشی ئاسمانیدا چەند كەسێكی لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا كوشتووە، كە پلانداڕێژەری كوشتنی دیپلۆماتكارەكەی شاری هەولێر بوون. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، هێرشی ئاسمانی یەكەم لە رۆژی 18ی ئەم مانگە ئەنجامدراوە، واتە رۆژێك دوای رووداوی كوشتنی "دیپلۆماتكار"ەكەی توركیا، ئەم هێرشە لە سەر رێگایەكی سنوری پارێزگای دهۆك ئەنجامدراوە، هێرشی دووەمیش دوێنێ لەناوچەی (باتۆڤا)ی سەربە هەمان پارێزگا جێبەجێكراوە. كەناڵی (CNNTURK)، وێنەی دوو ئۆتۆمبیلی بڵاوكردەوە كە بەوتەی كەناڵەكە لە هێرشە ئاسمانییەكاندا كراونەتە ئامانجو تێكشكاون. كەناڵەكە باسی لەوەشكردووە، هێرشە ئاسمانییەكان ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی سوپاو دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توركیا بوون. بەڵام تائێستا روون نییە چەند كەس لەو هێرشە ئەسمانییانەدا بەركەوتوونو كوژراوەكان كێنو سەربە چ لایەنێكن، كەناڵەكەی توركیا دەڵێ:" دەزگاكانی توركیا لەدوای هێرشەكەی ریستۆرانتی هۆقەبازەوە چاودێری دوو كەسیان كردووە كە پلانداڕێژەری هێرشەكە بوونو لە شاری هەولێر چونەتە دەرەوە". رۆژی 17ی ئەم مانگە لەناو ریستۆرانتێكی شاری هەولێر بەناوی "ریستۆرانتی هۆقەباز"، لە هێرشێكی چەكداریدا بەرپرسێكی توركیا بەناوی (عوسمان كۆسە) كوژرا، كە بەپێی زانیارییە فەرمییەكان پۆستەكەی جێگری كونسوڵی گشتی توركیا بووە لە هەولێرو زانیارییە نافەرمییەكانیش دەڵێن بەرپرسێكی باڵای دەزگای هەواڵگری توركیا "میت" بووە. ئەمڕۆ (8) رۆژ بەسەر رووداوەكەدا تێدەپەڕێت، تائێستا دەزگا ئەمنییەكانی هەرێم هیچ ئەنجامێكیان لەبارەی لێكۆڵینەوەكان ئەو دۆسیەیە بۆ رایگشتی بڵاونەكردوەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدا هێزە ئەمنییەكان لە رۆژی شەممەی رابردووەوە دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی هێرشەكەیان راگەیاندووە، كە یەكێكیان برای پەرلەمانتارێكی سەربە پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە لە پەرلەمانی توركیا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە دووەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بە وەزیرەكانی راگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا زانیارییەكان بۆ رایگشتی بڵاودەكەنەوە. مەسرور بارزانی هاوكات لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی حكومەتە، سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانو دەزگای پاراستنی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە.
(درەو میدیا): ئەمریكاو توركیا لەسەر دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە رۆژئاوای كوردستان نەگەیشتنە رێككەوتنو ئەنكەرە واشنتۆن تۆمەتبار دەكات كە نایەوێت بگاتە رێككەوتن لەسەر ئەو پرسە. ماوەیەكە جیمس جێفری، نێردراوی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لەنێوان سنوری توركیاو رۆژئاوای كوردستان. مەولود چاوش ئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند لەگەڵ ئەمریكا نەگەیشتونەتە رێككەوتنو پێشنیارەكانی ئەمریكای تایبەت بە ناوچەی ئارام لە باكوری سوریا مایەی رەزامەندی ئەنكەرە نین. وەزیری دەرەوەی توركیا ئەمریكاشی بەوە تۆمەتباركرد كە دەستی دەستیان پێدەكاتو نایەوێت بگاتە رێككەوتن. چاوش ئۆغڵۆ، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئەنكەرە رایگەیاند هەردوو وڵات " توركیاو ئەمریكا" لەسەر قوڵایی ناوچەی ئارامو چ لایەنێك كۆنترۆڵی دەكات رێك نەكەوتوون. وتیشی:" ئەوەمان لادروستبوو كە ئەوان دەیانەوێت هاوشێوەی ئەوەی لە مەنبەج روویدا پرۆسەكە دوابخەنو پێویستە بە زووترین كات لەسەر دامەزراندنی ناوچەی ئارام بگەینە رێككەوتن ، چونكە سەبرو ئارامیمان خەریكی كۆتایی دێت". لە بەشێكی تری قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند هەمان ئەو رۆژەی كە جیمس جێفری گفتوگۆی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی توركیادا كردووە بەرپرسانی سوپای ئەمریكا لەگەڵ فەرماندەی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە"دا كۆبوونەتەوەو ئەوەش ئاماژەیەكە بۆئەوەی كەواشنتۆن بە نیەتێكی راستگۆیانەوە مامەڵە ناكات.
(درەو میدیا): بەرەیەكی نوێی سیاسیی سوننە لە حەوت پارێزگای عێراق دادەمەزرێنرێت، ئەوەش لە كاتێكدایە پەرلەمانی عێراق یەكی نیسانی داهاتووی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكرد. ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی هاوپەیمانی قەراری عێراقی لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی پارێزگای نەینەوا، رایگەیاند مانگی ئابی داهاتوو پرۆژەیەكی سیاسی نوێ لە حەوت پارێزگای عێراق رادەگەیەنرێت بەناونیشانی " بەرەی رزگارییو پەرەپێدان". نوجێفی ئاشكراشیكرد ئەو پرۆژەیەی بەرەی رزگاریی و پەرەپێدان هەڵیگرتووە لە دیدی سیاسیی یەكدەگرێـتەوە لەگەڵ چەند پارێزگایەكی عێراقداو پەیكەری رێكخستنیشی بریتیە لە سێ دەستەی سەرەكی، دەستەی جێبەجێكردن، دەستەی سیاسییو دەستەی پارێزگاكانو چەندین حزبو كەسایەتی سەربەخۆی چینە جیاجیاكان لەخۆدەگرێت. سەبارەت بە ئامانجی دامەزراندنی ئەو بەرە نوێیە نوجێفی ئاماژەب بەوەدا كە ئامانجی بریتیە لە گۆڕینی دۆخی ئێستای ئەو پارێزگایانە كە بەوتەی ئەو بۆ ژیانو بۆ وڵاتێكی خاوەن مێژوو شارستانیەتو سەربەرزیی وەك عێراق دەستنادەن. دامەزراندنی ئەم بەرەیە لە كاتێكدایە كە ساڵی داهاتوو ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەدەچێتو هێزەكانی پێكهاتەی سوننەش لە عێراقدا ئێستا ناكۆكیو ململانێی توند لە نێوانیاندا سەریهەڵداوەو لە دوای دانانی پارێزگاری نوێی نەینەواوە سوننەكان بەسەر دووبەرەی هاوپەیمانی " قەرار"و هاوپەیمانی " هێزە عێراقییەكان" دا دابەشبوون.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف 118 بەرپرسی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێری وردی "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە"دان لە یەكێتی ئەوروپا، ئەم بەرپرسانە لە رابردوودا لەڕێگەی نایاساییەوە پارەیان رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كردووە، (درەو میدیا) لە بەدواداچونێكدا، زانیاری ورد لەبارەی سپیكردنەوەی پارەی بەرپرسانی هەرێمو حەواڵەكردنی بۆ بانكەكانی ئەوروپا، بڵاودەكاتەوە. دەزگایەكی نوێ دەستبەكاردەبێت مانگی ئازاری ئەمساڵ یەكێتی ئەوروپا دوای بەدواداچونێكی چەندین ساڵە لەسەر كەیسی زیادبوونی دیاردەی سپیكردنەوەی پارە لە بانكەكانی ئەوروپا، لەڕێگەی "دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا"وە دەزگایەكی بۆ روبەڕووبونەوەی سپیكردنەوەی پارە، ئاڵوگۆڕی پارەی زۆرو پرۆژەی وەبەرهێنانی كارەكتەرە سیاسییەكان لەناو سنوری یەكێتی ئەوروپا، دامەزراند. دەزگاكە ناوی لێنراوە " ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە". ئامانج لە دامەزراندنی ئەم دەزگایە، چاودێریكردنی ئەو بەرپرسە حیزبیو حوكومییانەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە كە هەوڵی سپیكردنەوەی پارە ناشەرعییەكانیان دەدەن، ئەوەش لەڕێگەی ناردنەدەرەوەی پارەكانیان بۆ بانكەكانی ئەوروپاو بونیاتنانی پرۆژەی بازرگانی گەورە لە وڵاتانی ئەوروپا. دامەزراندنی ئەم ئاژانسە دوای راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی (رێكخراوی بنكۆڵكاریی رۆژنامەوانی نێودەوڵەتی) هات، ئەو رێكخراوە دەیان راپۆرتی وردی لەسەر سپیكردنەوەی پارەی كاربەدەستە سیاسییەكان بڵاوكردەوە، بەتایبەتی بڵاوكردنەوەی (11 ملیۆن 500 هەزار) بەڵگەنامە كە دواتر بە بەڵگەنامەكانی "پەناما پەیپەرس" ناسراو تێیدا هەزارن كەیسی پارە سپیكردنەوەو سەرمایەی كاربەدەستانی حكومیو حیزبیی وڵاتانی جیهان، ئاشكراكرا. كورد لە دۆسیەی سپیكردنەوەی پارەدا (درەو میدیا) چەند رۆژێك سەرقاڵی بەدواداچونی ورد بوو لەسەر كەیسی سپیكردنەوەی پارەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان تاوەكو دەستی گەیشت بە كارەكتەرێكی نزیك لە "ئاژانسی چاودێری بۆ روبەروبونەوەی سپیكردنەوەی پارە" لە دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا. بەپێی زانیارییەكانی ئەو سەرچاوەیە كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە، ئێستا (118) كارەكتەری حیزبیو حكومی هەرێمی كوردستان لەژێر چاودێریی وردی ئاژانسی روبەرووبونەوەی سپیكردنەوەی پارەن لە یەكێتی ئەوروپا، ناوی بەشێك لەو بەرپرسانە لای (درەو میدیا) پارێزراوە. سەرچاوەكە باسیلەوەكرد، ئاژانسەكە چاودێری وردی خستوەتە سەر ئەو كارەكتەرە حزبیو حكومیانەی هەرێمی كوردستانو ئاگاداری مامەڵەو حەواڵەكانیانەو چاودێری وردی پارەو پرۆژەكانیان دەكات لە بانكەكانی ئەوروپادا. بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو میدیا)، دەسەڵاتی بانكیی یەكێتی ئەوروپا زانیاری لەسەر ئەو بەرپرسانەی هەرێم لەبەردەستدایە كە لەنێوان (2011 بۆ 2019) پارەیان بە ناشەرعی پەیداكردووەو پارەكانیان رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا كردووە، هەندێك لەوانە پرۆژەی گەورەیان دامەزراندووەو موڵك و ماڵیان پێ كڕیوە. ناوی كەسایەتییەكانو پڕۆژەكانیان لە هەندێك لە وڵاتانی وەك ئەڵمانیاو بەریتانیاو سویسراو فەرەنساو هۆڵەندا لای (درەو میدیا) پارێزراوە، تائەوكاتەی لێكۆڵینەوەكان دەگەن بەئەنجامو بەفەرمی بڵاودەكرێنەوە. پارە چۆن سپیدەكرێتەوە ؟ بەگوێرەی بەدواداچونەكان، بەشێكی زۆری بەرپرسە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان تێكەڵە لە بازرگانی نەوتو لە پشت زۆرێك لە سەرمایەو كارە بازرگانییەكانی ترەوەن، كێشەی سەرەكی بەردەم ئەو بەرپرسانە پەیداكردنی پارە نیە، بەڵكو سپیكردنەوەی ئەو پارە زۆرو زەبەلاحەیە كە دەستیان دەكەوێت. بەرپرسان ئەو پارانەیان دەنێرنە بانكەكانی ئەو وڵاتانەی كە پەیوەستنامەو رێككەوتنیان نیە لەگەڵ وڵاتانی تر تایبەت بە وردبینیكردنو خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆیانن لە نمونەی وڵاتانی (پەنەما، سویسرا، قوبرس، ماڵتا، لیتوانیا، ئیستۆنیا.. هتد..). ئێستا زۆرێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی ئەو بانكانەوە پارەكانیان حەواڵە دەكەن كە لقیان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان هەیەو لقەكانی دیكەیان لە (قوبروس، ماڵتا، ئیستۆنیا، لیتوانیاو پەنەما) هەیەو چەندین ساڵە سەرقاڵی سپیكردنەوەی پارەن. بۆ نمونە، لە بانكی (......) كە ناوەكەی لای (درەو میدیا) پارێزراوە، ژمارەی بانكیی دەكەنەوە، ئەم بانكە لقی لە سلێمانیو هەولێر هەیە، پارە دەخەنە سەر ئەو حساب بانكییەو دواتر لە لقە ئەوروپییەكەوە لە قوبرس بە ئەلیكترۆنی حەواڵەی دەكەن بۆ بانكەكانی تریان لە سویسراو فەرەنساو ئەڵمانیاو بەریتانیا.. هتد. جگە لە بانكەكان، چەندین رێگای تر هەیە بۆ سپیكردنەوەی پارەكان، دیارترینیان حەسانەی دیپلۆماسییە، فڕۆكەی تایبەتو جانتای بەرپرسە باڵاكان لە فڕۆكەخانەكاندا ناپشكنرێن، هەندێك لەو بەرپرسانە بڕێكی زۆر پارەی كاش بەوشێوەیە دەبەنەدەرەوە، هەرچەندە ئەمە سەرچڵییەو ئەگەر ئاشكرابن روبەڕووی لێپێچینەوەو ئابڕوچوون دەبنەوە. ئەم حەواڵەكردنە زۆرجار خاوەنی پارەكانی دوچاری كێشەو گرفتی زۆر كردووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی كە دەستی (درەو میدیا) كەوتووە، لە ساڵی 2015دا بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستان (ناوەكەی پارێزراوە)، بڕی (205 ملیۆن) دۆلار لەڕێگەی بانكەكانی لوبنانەوە رەوانەی بانكەكانی ئەوروپا دەكات، لە لوبنان لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت، دوای گفتوگۆو دانوستانی زۆرو پەنابردن بۆ بەرپرسانی ئێرانیو حزبە شیعەكانی عێراق، توانرا نیوەی پارەكە وەربگیرێتەوە. هەر لە ساڵی 2015دا لەڕێگەی فڕۆكەوە بڕێكی زۆر پارەی كاشی بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان رەوانەی پۆڵەندا كراوە، لەوێ لە فڕۆكەخانە كێشەی بۆ دروست كرا، بەڵام دواتر بە ئۆتۆمبێل گوازرایەوە بۆ بانكەكانی ئەڵمانیا. لە ساڵی 2017 كێشەی زۆر بۆ بڕی (7 ملیار) دۆلاری یەكێك لە كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان (ناوەكەی لای درەو میدیا پارێزراوە) دروستكرا، كە سەربە بەرپرسێكی حزبییە، دواتر بە هەوڵێكی زۆر چارەسەركرا. پارەكانیان لەكوێ دادەنێن زۆرێك لە بەرپرسان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەڕێگەی ناشەرعییەوە پارە كۆدەكەنەوە، دەیانەوێت پارەكان لە وڵاتێك بخەنەگەڕ كە نەكەوێتە ژێر هیچ جۆرە چاودێرییەكو زانیارییەكانیش نەگاتە هاوڵاتیانی وڵاتەكانی خۆیان. بەرپرسان زۆربەیان پارەو پرۆژەكانیان لەو وڵاتانە دەخەنەگەڕ كە خاوەنی یاسای تایبەت بەخۆیاننو ناكەونە ژێر چاودێریو لێكۆڵینەوەی وڵاتانی دیكەوە، لەنمونەی دورگەكانی (كەیمەنو پەنەما). بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پارەكانیان لە دورگەكانی (كەیمەنو پەنەما) خستوەتەگەڕ، ئەوەش لەڕێگەی "كۆمپانیا هۆڵدین" واتا "گروپی كۆمپانیا"، ئەمانە ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیان كە لەژێر چەترێكدا كۆدەبنەوە، كۆمپانیاكە بەناوی بەرپرسەكە خۆیەوە نابێت، بەڵكو بەناوی گروپی پارێزەرانەوە دەبێت كە ئێستا زۆرێك لە كۆمپانیاكان بەوشێوەیە كاردەكەن، ناوی بەشێك لە بەرپرسانی هەرێم لای (درەو میدیا) پارێزراوە، كە لەو دوو دورگەیە پارەكانیان خستوەتەگەڕ، هەروەها بەشێكیشیان پارەو پرۆژەكانیان لە (سویسرا، قوبرس، ماڵتا، ئیستۆنیاو لیتوانیا..) داناوە، كە بانكەكانیان ناكەوێتە ژێر چاودێریو لێكۆڵینەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاوە، بۆیە یاسای بانكیی تایبەت بەخۆیان هەیەو بازرگانو سەرمایەداران ناو و پارەو پرۆژەكانیان پارێزراوە. ئەم وڵاتانە رێككەوتنی پەیوەست بە بانكو پرۆژە ئابورییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا واژو نەكردووە، بۆیە چاودێریكردنو لێكۆڵینەوە نایانگرێتەوە. بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگەی "بازل"ی نێودەوڵەتی تایبەت بەسپیكردنەوەی پارە، كە لە دیسەمبەری 2018 دەرچووە، ئاماژە بەوە دەكات، 20 دەوڵەت سپیكردنەوەی پارەیان تێدا ئەنجام دەدرێت. عێراق لە سپیكردنەوەی پارەدا ساڵی 2015 گەورەترین دۆسیەی گەندەڵیو سپیكردنەوەو حەواڵەكردنی پارەی بەرپرسانی عێراق ئاشكرا بوو، ئەوكات كۆچكردووە (ئەحمەد چەلەبی) سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی بەدواداچوونو كۆكردنەوەی زانیاری بوو لەسەر ئەو دۆسێیە. دۆسیەكە (72) لاپەڕە بوو، تێیدا ئەوە ئاشكراكرابوو كە لەنێوان ساڵانی (2007 -2013) بڕی (312 ملیار) دۆلار چوەتە بانكەكانی عێراقەوە، لەوە بڕی (212 ملیار) دۆلاری چوەتە دەرەوەی عێراق، لەو نێوەندەدا بڕی (78 ملیار) دۆلار چارەنوسی نادیارەو نازانرێت لەلایەن كێوە بۆ كێ رۆیشتووە؟. سەبارەت بەو حەواڵانەش، لەو ماوەیەدا (60 هەزار) جوڵەی بانكیی هەبووە، لەو (60 هەزار)جوڵەیە (30 هەزار) جوڵەی بانكیی نازانرێت لە كێوە بۆ كێ چووە؟، بەشێوەیەكی گشتی لەو ماوەیەدا رۆژانە بە تێكڕا (50 ملیۆن) دۆلار جوڵەی پێكراوە، بەشی زۆری ئەو پارەیە حەواڵەی بانكەكانی دەرەوە كراوە. هەرێمی كوردستان لە دۆسیە گەورەكەدا لەو (78 ملیار) دۆلارەی كە نازانرێت لە كێوە بۆ كێ رۆشتووەو چارەنوسی نادیارە، بڕی (12 ملیار) دۆلاری لە بانكەكانی هەرێمی كوردستانەوە چوەتە دەرەوە، (32) بەرپرسو (25) كۆمپانیای هەرێمی كوردستان لەناو دۆسیەكەدان، كە دەوترێت مردنی گوماناوی (ئەحمەد چەلەبی) لە 2015دا پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە هەبووە. سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوەكەی بڵاوبكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" ئێستا هەموو جموجوڵێكی حەواڵەكردنی پارەی زۆر بەئاگاداری بانكی ناوەندیی دەبێت، ئەگەرچی چونە دەرەوەی پارە بە بڕی زۆر بەئاسانی ناكرێت، بەڵام لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانەوە پارەی زۆر حەواڵە دەكرێت، ئەویش لەبەرامبەر هاوردەكردنی كەلوپەلو فێڵی ترەوە". بەپێی راپۆرتی پەیمانگەی "بازل"ی نێودەوڵەتی كە تایبەتە بە سپیكردنەوەی پارە، لە ساڵی 2012دا لە دزینو سپیكردنەوەی پارەی حكومەتدا، عێراق پلەی یەكەمی هەبووە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیو هەموو جیهان. پۆلێنكارییەكە لەسەر بنەمای 14 پێوەری ورد دانراوە، كە وڵاتانی پێ هەڵسەنگێنراوە، لەناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئوردەن خاوێنترین وڵاتە. بەڵام لە ساڵی 2018دا بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، عێراق بەفەرمی لە لیستی دەستەی چاودێریكردنی سپیكردنەوەی پارەی نێودەوڵەتیو پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر (FAFTF) دەرهێنراوە، ئەوەش بە هۆی ئەوەی كە بانكی ناوەندیو نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپییكردنەوەی پارەو پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر پابەندی رێنماییەكانی كۆمەڵەكە بوون. ئەمە جگە لەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە ژمارە 39 بۆ ساڵی 2015 دەركردووە. لە 2017 نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان تایبەت بە تاوان، پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەی لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی ساڵانە لەنێوان 2-5%ی كۆی قەبارەی بەرهەمی جیهانی دیاریكرد، ئەوكاتە ئەو بڕە بە (2 ترلیۆن) دۆلار خەمڵێندرا، لەوكاتەی پێوەری بازڵ بۆ نەهێشتنی سپیكردنەوەی پارە كە لە پەیمانگای بازل دەرچووە لە سویسرا، لە راپۆرتی خۆیدا لە ساڵی 2017 دەڵێ" قەبارەی پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە لە جیهاندا ساڵانە لەنێوان 500 ملیار بۆ ترلیۆنێك) دۆلاردایە، ئەوەش رێژەی 1%ی قەبارەی ئابوری جیهان پێكدەهێنێت كە بڕەكەی (85 ترلیۆن) دۆلارە.