Draw Media

شەش هەزار مامۆستای گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی

شەش هەزار مامۆستای گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی

2019-11-06 17:48:49


راپۆرتی: درەو میدیا
كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی بۆیەكەمجار لەدوای ساڵی 2014ەوە دەرگای دامەزراندنی كردەوە، هەرچەندە دامەزراندنە نوێیەكان سنوردارن، بەڵام ئومێدێكی بەو ژمارە زۆرەی دەرچوان بەخشیوە كە چاویان لەوەیە لە دامەزراوەیەكی حكومیدا دەرفەتی كاریان بۆ برەخسێ، لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا (130هەزار) موچەخۆر هەبووە و لە ئێستادا گەیشتوهتە (ملیۆنێك و 249 هەزار) موچەخۆر، واتا لەماوەی ئەو 27 ساڵەدا بەرێژەی (1000%) زیادیكردووە.

لەبارەی دامەزراندنەوە
دامەزراندنەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم خۆی دەبینێتەوە لەم دوو جۆرە:
یەكەم: دامەزراندنی سێ یەكەمەكانی زانكۆ حكومییەكان بۆ ساڵی خوێندنی 2015-2016، كە ژمارەیان نزیكەی (هەزارو 300) و كۆی موچەكەیان بۆ یەك مانگ دەكاتە نزیكەی (650 ملیۆن) .
دووەم: بە هەمیشەییكردنی مامۆستایانی گرێبەست كە نزیكەی (6 هەزار) مامۆستا لێی سودمەند دەبن، لە دوای ساڵی 2014ەوە بەدوو وەجبە گرێبەستیان بۆ كراوە، جاری یەكەم (2 هەزار) مامۆستاو جاری دووەم (4 هەزار) مامۆستا گرێبەستیان بۆ كراوە، كۆی موچەكەیان بە نزیكەی (3 ملیار) دینار دەكات، مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێمدا بەپێی بڕوانامەو پسپۆڕییانە، كە لە (250 هەزار دینارەوە دەستپێدەكات تاوەكو دوو ملیۆن و 500 هەزار) دینار.
لەدوای ساڵی 2014ەوە لەسەر داوای وەزارەتەكان نزیكەی (31 هەزار) فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست دامەزراوە، وەزارەتی شارەوانی لە پلەی یەكەمدایەو (14هەزارو 500) فەرمانبەری گرێبەستی هەیە، تەندروستی (هەزارو 600) گرێبەست، خوێندنی باڵا (هەزار) گرێبەستیان هەیە.  
لە ساڵی 2014 ەوە بەشێوەی فەرمی و ئاشكرا كەس دانەمەزراوە، لە كاتێكدا ساڵانە نزیكەی (10 هەزار) خانەنشین دەبن، بۆ نمونە تەنها لەمساڵدا لە قەزایەكی وەكو چەمچەماڵ (709) فەرمانبەر خانەنشین بوون و كەس لە شوێنیان دانەمەزراوە، واتا لەو پێنج ساڵەدا نزیكەی (50 هەزار) كەس خانەنشین بووەو كەس دانەمەزراوە لە جێگەیان (سەرەرای ئەوەی بەشێوەی نافەرمی خەڵكی دامەزراوە)، ساڵانە نزیكەی (35 هەزار) كەس لە زانكۆو پەیمانگاكان خوێندن تەواودەكەن، لەماوەی ئەو (5) ساڵەدا زیاتر لە (150 هەزار) كەس لە زانكۆ و پەیمانگاكان دەرچون و دانەمەزراون.
ئەگەرچی لە بەغداد (ئەنجومەنی راژە) دروستكراوە بەڵام لە هەرێمی كوردستان تائێستا ( ئەنجومەنی راژە) دروست نەكراوە، هەرچەندە بە فەرمانی مەسرور بارزانی (رێباز حەملان) وەك یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وەبەرهێنان و راژەی گشتی دیاریكراوە.  
پێش قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان ساڵانە لە پرۆژە یاسای بودجە ژمارەی دامەزرێنەران دیاری دەكران، بۆ نمونە لە پرۆژە بودجەی 2013ی هەرێمی كوردستان بریاری دامەزراندنی (15 هەزار) كەس دراوە كە بەسەر وەزارەتەكاندا دابەشكراوە لەوانە:.
* وەزارەتی پەروەرد: 3350 كەس
* وەزارەتی ناوخۆ: 2500 كەس
* وەزارەتی تەندروستی: 1500 كەس
* وەزارەتی خوێندنی باڵا: 1200 كەس
* سەرۆكایەتی هەرێم: 50 كەس
* سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان: 65 كەس
* سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران: 55 كەس
 
ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم
لەدوای كشانەوەی داو و دەزگاكانی حكومەتی بەغداد لەپارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی ساڵی 1991 بۆشاییەكی ئیداری درووست بوو، بۆیە بۆ ماوەیەك موچەی فەرمانبەران نەدرا بەڵام ئەوكات دەوترا ( مامۆستا سەری بەرزی بۆ مۆچە نەوی ناكات) ئەویش لەبەرامبەر فشارەكانی بەعس بوو كە دەیویست دامەزراوەكانی هەرێم پەك بخات، لەسەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێم لەساڵی 1992 تەنها (130 هەزار) مووچەخۆری هەبوو، كە ئەوكات پێویستی بە موچەیەكی كەم بوو بۆ نمونە لە موچەی تەواوی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 10/1994 كە حكومەتی یەك ئیداربوو (86 ملیۆن و 450 هەزار دیناری سویسری) بوو.  


بەڵام لەدوای دروستبونی شەڕی ناوخۆو دوئیدارەییەوە، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیادیكرد، لە ساڵی (2000) گەیشتە (450 هەزار) موچەخۆر، واتا لە ماوەی 8 ساڵدا (320 هەزار) موچەخۆر زیادی كردووە، بەرێژەی لە ( 350%)، موچەی فەرمانبەران هەمووی لەسەر باج و گومرگ و خاڵەسنوریيەكان  دەدرا، بەڵام لەدوای پرۆسەی رزگاركردنی عێراق لە 2003 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدادهوە، ئیتر رۆژانە ژمارەی فەرمانبەران زیادی كردوو تا لە ساڵی 2013، پێش بڕینی بەشە بودجە لە بەغدادهوە ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم گەیشتە (ملیۆنێك و 390 هەزار) موچەخۆر، واتا لەنێوان ساڵی (1992 بۆ 2013 ) ژمارەی موچەخۆران (ملیۆنێك و 270 هەزار) موچەخۆر زیادی كردووەو بڕی موچەی مانگانەشی (850 ملیار) دینار بووە.


لەئێستاداو لەدوای سیستمی بایۆمەتریيەوە، ژمارەی موچەخۆران گەیشتوهتە (1 ملیۆن و 249 هەزارو 481 ) موچەخۆرەو پێویستی بە (881 ملیار) دینار هەیە، واتا لە 1992 بۆ 2019 بەرێژەی (1000%) زیادیكردووە، لەو ژمارەی موچەخۆرەی ئێستا تەنها (697 هەزارو 190)ی فەرمانبەرە لەو ژمارەیەش (415 هەزارو 879) فەرمانبەری مەدەنیيەو بەرێژەی (60%)و (281 هەزارو 311) فەرمانبەری سەربازیيە بەرێژەی (40%) لە خانەنشینانیش كە ژمارەیان (246 هەزارو 736) خانەنشین هەیە، كە (113 هەزارو 301) فەرمانبەری لەبواری مەدەنیيە بەرێژەی (46%)و (133 هەزارو 435) خانەنشینی لەبواری سەربازیدایە، بەرێژەی (54%).

 

موچەخۆرانی عێراق
بەپێی خشتەیەكی 2016 ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق (2 ملیۆن و 905 هەزارو 226) فەرمانبەری هەیە، ژمارەی موچەخۆرانی هەرێمیش (682 هەزارو 21) فەرمانبەرە، بەرێژەی 23%ی كۆی فەرمانبەرانی عێراق، ئەمە سەرەرای ئەوەی لە عێراق (یەك ملیۆن و 100 هەزار) چاودێری كۆمەڵایەتی هەیە لەگەڵ (600 هەزار) موچەخۆری كۆمپانیای تەمویلی خۆیی، لەگەڵ (3 ملیۆن) خانەنشینی هەیە، واتا كۆی گشتی (7 ملیۆن و 605 هەزارو 226) موچەخۆری هەیە، كە مانگانە موچەیان دابین دەكات، بەڵام ژمارەی خانەنشنینانی كە (3 ملیۆن) خانەنشینە موچەی لەسەر حكومەت نیەو لەسەر سندوقی خانەنشینیە كە تا 2045 پارەی موچەی خانەنشینانی عێراق داابینكراوەو حكومەتی عێراق ناتوانێت بەكاری بهێنێت و لەوسندوقە دەربكات مەگەر بۆ قەرز نەبێت، كە دواتر دەبێت بیخاتەوە سەری، پارەی ئەو سندۆقەی مانگانە 7% لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بۆ خانەنشینان و دەخرێتە سندوقی خانەنشینینەوەو هەڵدەگیرێت، لە هەرێمی كوردستان رێژەی 7% لە فەرمانبەران دەبڕدرێت بۆ سندوقی خانەنشینان بەڵام ئەو سندوقە بونی نیە.

 

سەرچاوەی داهات

تائێستا حكومەتی هەرێم شۆكی قەیرانی دارایی بەرینەداوە، ناتوانێت لەكاتی خۆیداو بەئاسانی موچەی موچەخۆران بدات، ئەگەر ئەو پارەیە نەبێت كە مانگانە لە بەغدادەوە دێت ( لە ئێستادا مەترسی لەسەر بڕینی هەیە)، ناتوانێت موچە دابین بكات.
حكومەتی هەرێم مانگانە (453 ملیار) دیناری لە بەغدادهوە بۆ دابینكردنی موچە بۆ دێت كە دەكاتە ( 51%)ی كۆی موچەی مۆچەخۆرانی هەرێم و مانگانە (881 ملیار ) دینارە.
سەرچاوەی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم 2019 بریتین لە:
* پارەی بەغداد: مانگانە 453 ملیار دینار
* داهاتی ناوخۆ: 120 ملیار دینار
* پارەی ئەمریكا: 20 ملیار دینار
* پارەی نەوت: 790 ملیار دینار، بەڵام بۆ موچە 378 ملیار دینار 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand