راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف "شۆرت لیست".. ئەمە دیارترین دەستەواژەی سیاسی ئەم رۆژانەیە لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، كە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانە. لیژنەی یەكلاكردنەوەی كاندیدی پۆستەكان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دواین ئەركی خۆی جێبەجێكرد، بۆ هەر پۆستێك لە نێوان (3 بۆ 5) كاندیدی دیاریكرد، بڕیاربوو سبەینێ جڤات نیشتمانی دەنگ لەسەر كاندیدەكان بدات، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانەوە پێناچێت كۆبونەوەكە بكرێت. لیژنەكەی گۆڕان بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە یەكەمین لایەن بوو رێككەوتنی سیاسی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردن، ئیمزاكرد. گۆڕان كە پۆستو پێگەی خۆی لە حكومەت چەسپاندووە، ئێستا سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكانیەتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان. مانگی نیسانی رابردوو بەفەرمانی خانەی راپەڕاندن، كە ئەم خانەیە بەپێی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنە لەناو حزبەكەدا، لیژنەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی دۆسیەی كاندیدەكان دروستكرا. لیژنەكە پێكهاتووە لە (13) كەس، ئەركی ئەم لیژنەیە بریتییە لە پۆلێنكردنو جیاكردنەوەی ناوی ئەوانەی سیڤییان بۆ وەرگرتنی پۆستەكان پڕكردوەتەوە، ئەم لیژنەیە پێوەرێكی داناوەو بەپێی ئەو پێوەرە هەر كاندیدێك لەسەر (10 نمرە) خەمڵاندنی بۆ دەكرێتو بەپێی ئەو ئەنجامەی لە كۆی ئەو (10) نمرەیە بەدەستی دەهێنێت، بڕیار لەسەر دانان یان دورخستنەوەی لە لیستی كاندیدەكان دەدرێت. شۆرت لیستی كاندیدەكان بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لیژنەكە چەند كاتژمێرێك بەر لە نوسینی ئەم راپۆرتە دواین كاری خۆی تەواوكردووە كە "شۆرت لیست"كردنی ناوی كاندیدەكانە، واتە كورتكردنەوەی لیستی كاندیدەكان، چونكە بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەر دراوە، دەبێت ئەم لیژنەیە بۆ هەر پۆستێك لەو پۆستانەی كە لە حكومەت بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە، لەنێوان (3 بۆ 5) كاندید بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی جڤاتی نیشتمانی كە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو بزوتنەوەكە، بتوانێت بەئاسانیو بەدەنگدان لەنێوان ئەو ناوانەدا بۆ هەر پۆستێك یەكێكیان هەڵبژێرێتو دواجار ناوی ئەو كاندیدە بدرێت بە مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. بازەكە لەسەر شانی كێ دەنیشێتەوە ؟ بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لیژنەكەی بزوتنەوەی گۆڕان تەنیا لیستی ئەو كاندیدانەی "شۆرت لیست" كردووە كە سیڤییان بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان پڕكردوەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ پارتی كردویەتی، لەم كابینەیەدا (4) وەزارەتی بەدەستەوە دەبێت. سەرباری وەزارەت، بزوتنەوەی گۆڕان دوو پۆستی گرنگیشی بەدەستەوە دەبێت كە بریتین لە پۆستەكانی (جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان)و (یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی). بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، سێ كەسایەتی دیار لەناو بزوتنەوەی گۆڕان خۆیان كاندید كردووە، كاندیدەكان بریتین لە (جەمال محەمەد سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە، مستەفا سەید قادر وەزیری پێشووی پێشمەرگە، محەمەد تۆفیق رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكە). بۆ پۆستی (یاریدەدەری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی) تائێستا بەهێزترین كاندید (جەلال جەوهەر) ئەندامی خانەی راپەڕاندنە. لیژنەی تایبەت بە كاندیدەكان تائێستا هیچ بڕیارێكی لەبارەی كاندیدەكانی ئەو دوو پۆستە باڵایە نەداوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، كاندیدەكانی (4) وەزارەتەكەی بەمشێوەیە "شۆرت لیست" كردووەو تەنیا ئەم ناوانەی هێشتوەتەوەو دواجار ئەم ناوانە دەخرێنە بەردەم جڤاتی نیشتمانیو بەدەنگدان بۆ هەر پۆستێك یەكێكیان هەڵدەبژێردرێت: • وەزارەتی داراییو ئابوری/ ئاوات شێخ جەناب- هاوار شێخ رەئوف- شۆڕش حەمید • وەزارەتی بازرگانی/ داهێن هاشم- كاروان هاشم- چالاكی موهەندیس- بەشدار حسێن • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن/ دانا عەبدولكەریم- هیوا قلیاسانی- بەختیاری رانیە • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی/ ئاراس وەلی- چیمەن حەمەڕەشید- هەژار مەعروف كاندیدی بێ سیڤی ! بۆ نوسینی ئەم راپۆرتە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی بزوتنەوەی گۆڕان كرد، بەپێی قسەی ئەوان هەندێك بەرپرسی باڵای بزوتنەوەكە خۆیان بۆ پۆستەكان كاندید كردووە، بەڵام هیچ سیڤییەكیان پێشكەش نەكردووە. نازانرێت لیژنەكە بە چ شێوەیەك خەمڵاندن بۆ ئەو كەسانە دەكات كە كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستەكان، بەڵام سیڤییان پێشكەش نەكردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، چەند كەسێك لە بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەكەو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن خۆیان بۆ پۆستە باڵاكان كاندید كردووە، بەڵام سیڤییان پێشكەش نەكردووە. ئەوانەی سیڤییان پێشكەش نەكردووە چانسی گەورەیان هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان. ناڕەزایەتییەكان لەگەڵ بڵاوبونەوەی دەنگۆی "شۆرت لیست"كردنی لیستی كاندیدەكان، شەپۆلێك ناڕەزایەتی لەنێوان ئەو كەسانەدا دەستیپێكردووە كە سیڤییان بۆ پڕكردنەوەی پۆستەكان پێشكەشكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، هەندێك نیگەرانن لەكاری لیژنەكەو پێیانوایە ستەمیان لێكراوە، بەتایبەتی لە دانانی نمرەی تایبەت بە كاندیدبوونیان كارو ماندوبونیان لەناو بزوتنەوەكە لەماوەی رابردوودا لەبەرچاونەگیراوە. ژمارەیەك كاندید هەن كە پشتیوانی بەهێزیان لەناو جەمسەرەكانی بڕیاردا لە گردی زەرگەتە هەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لیژنەكە "شۆرت لیست"ی كردون، واتە دوریخستونەتەوە، سەرباری ئەوە، هەندێك كاندیدیش هەن كە سیڤییەكەیان لەڕووی پیشەییەوە بەهێز بووە، بەڵام دورخراونەتەوە، دیارترین كاندیدە دورخراوەكان ئەمانەن: • كوێستان محەمەد، كاندید بۆ پۆستی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، لەلایەن عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەوە پشتیوانی لێدەكرێت • عومەر عینایەت، پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەكە لە پەرلەمانی كوردستان، كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن، وەكو باسدەكرێت سڤییەكەی لە زۆربەی كاندیدەكانی تر بۆ ئەو پۆستە دەوڵەمەندتر بووە، بەوپێیەی خۆی ئەندازیارەو ئەزمونێكی زۆری كاركردنی لە بواری ئاوەدانكردنەوەدا هەیە • برزۆ مەجید، كاندید بۆ وەرگرتنی وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە لەلایەن كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە پشتیوانی دەكرێت جڤات كەی بڕیار دەدات ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئەمشەو لیژنەی كاندیدەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەتەوە، بڕیاربووە سبەینێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆببێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر كاندیدەكان، بەڵام كۆبونەوەكەی جڤات بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە. هەندێك لە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان كە (درەو میدیا) قسەی لەگەڵ كردوون، هۆكاری دواخستنی كۆبونەوەی جڤاتو یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بۆ دواخستنی كۆبونەوەی پەرلەمان تایبەت بە پێدانی متمانە بە حكومەت دەگێڕنەوە، هەندێكی تر باسلەوەدەكەن ناكۆكی قوڵ هەیە لەسەر لیستی كاندیدەكانو بەوهۆیەوە كۆبونەوەكە دواخراوە. بەپێی زانیارییەكان، لیژنەی تایبەت بە كاندیدەكان بەو "شۆرت لیست"ەی كە ئامادەی كردووە، ریسی رێككەوتنی ژێربەژێری نێوان جەمسەرەكانی گۆڕانی لەسەر كاندیدەكان كردووەتەوە بەخوری، ئەمەش كێشەی دروستكردووە. ئەندامانی لیژنەكە كێن ؟ ئەم لیژنەیە هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا هەندێك ناڕەزایەتی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروستكرد، هەندێك رەخنەیان لەوە هەبوو لیژنەكە لەسەر فەرمانی خانەی راپەڕاندن دروستكراوە، لەكاتێكدا بەپێی قسەی ئەم كەسانە دەبوو لەسەر فەرمانی جڤاتی نیشتمانی ئەم لیژنەیە دروستبكرێتو ئەندامەكانی دیاری بكرێت، بەوپێیەی جڤاتی نیشتمانی بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە بەپێی دەستوری ناوخۆیی حیزبەكە. ئەندامانی لیژنەكە بریتین لە: • سەفین مەلاقەرە • مستەفا سەلیم • د. محەمەد شوانی • چۆمان عەلی • د. دەرباز محەمەد • شێخ كامیل پێنجوێنی • ئاكۆ وەهبی • د. سنور قادر كۆكۆیی • لیوا جەلال • بایەزید حەسەن • هێمن شێخانی • ئاسۆ رەحیم • فوئاد جەمال
درەو میدیا: "بەڕاشكاوی بە یەكێتیمان وتووە ئێمە قارەمانەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكەین، چۆن سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێممان بێ یەكێتی هەڵبژارد دەتوانین حكومەتیش پێكبهێنین" ئەمە نوێترین لێدوانی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بەدەنگی ئەمریكای راگەیاندووە. با بارزانی مەرجەع بێت! سەبارەت بە مەرجەعبونی مەسعود بارزانی فازڵ میرانی دەڵێت "من لەقسەكانی"كاك سەعدی پیرە" تێگەیشتم، خوێندمەوە لەدەنگی ئەمریكا كە دەڵێ پارتی دەیەوێت"كاك مەسعود" مەرجەع بێت ئەمە چیتر ناخوات، هەر خۆیان بە خۆ-شیەوە (كاك سەعدی پیرە) كە ئیشێكیان كەوتۆتە لای "كاك مەسعود" و بۆیان جێ بەجێ كراوە دواتر خۆیان وتویانە "كاكە ئەم پیاوە نەك تەنها سەرۆكی پارتیە، ئەمە بكەنە "مەرجەعێك" بۆ هەموومان، بەڵام دیارە ئیتر بەرژەوەندییەكان (مەبادیئی) داپۆشیوە." سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر ڕونیكردەوە" من ناڵێم یەكێتی بەفەرمی داوای كردووە، باسی ئەوانە لە یەكێتی دەكەم كە ئێستا ڕەخنە دەگرن و دەڵێن كاك مەسعود دەیەوێت ببێتە مەرجەع، بەڵام بەشێك لە خۆیان لە ئەندامانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە "بەندە" و بەشێك لەبرادەرانی مەكتەبی سیاسی ئێمەیان وتووە بە (كاك مەسعود بارزانی" بڵێن تەنها وەك سەرۆكی پارتی نەبێت بەڵكو ببێتە مەرجەعی كوردستان بۆ هەموومان چونكە هەر ئەو-مان (كاك مەسعود بارزانی) ماوە بەدەستەوە (جا بەبێ بەڵگە ئەو قسەیە ناكەم و بەڵگەمان لایە لەسەر ئەو قسەیە)، بەدڵنیاییەوە بەشێكی زۆرییان ئەو "مەرجەعیەتە"قبوڵ دەكەن بەو مەرجەی "تەئمینی بەرژەوەندی ئەوان بكات". لە قسەكانی سەنگاوی نیگەرانن! فازڵ میرانی لە گفتوگۆكەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا نیگەرانی زۆری پارتی لە قسەكانی مەحمود سەنگاوی دەردەبڕێت" خۆی قسەكانی "مەحمود سەنگاوی" هی ئەوە نیە مرۆڤ وەڵامی بداتەوە ئێمە بە ئەنقەست گەورەمان كردەوە خۆ ئەگەر بۆ ئێمە بوایە ئێمە قوتمان دەدا بەڵام "زماندرێژی" بەوجۆرەكرد كە باسی "مەلا مستەفا" بكات كە هەرچوار پارچەی كوردستان و یەكێتیەكانی پێش 1964 یش سوێندییان بەسەری دەخوارد، ئێمە جوابی ئەو-مان نەدا جوابی ئەو ڕونكردنەوە شەرمنانەی یەكێتی-مان دا چونكە ڕونكردنەوەكە وابوو بڵێن" كاك مەحمود دەستت خۆش بێت ئەمە بەدڵی ئێمە بوو بەزاری تۆ بوو" نەیانتوانی بڵێن ئێمە ئیدانەی دەكەین و تۆ مافت نیە باسی "مەلا مستەفا" بكەی كە مەرجەعی كوردە و هەرچوار پارچەی كوردستانی پێی ڕازیبووە 16ی ئۆكتۆبەر مێژویەكی رەشە فازڵ میرانی 16ی ئۆكتۆبەر بە مێژویەكی رەش ناودەبات و دەڵێت " لێت ناشارمەوە ئێمە قارەمانەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكەین ئەوە ڕاستیەكەیە، بەشێكی زۆری ئەو كاندیدانە لەوانە بوون، خۆ ئەو پۆستە بەتەنها هی یەكێتی نیە هی هەموو خەڵكی كەركوكە دەبێت ئێمەش لەسەری ڕازی بین." میرانی رونتر دەڵێت: ئێمە ڕاشكاوانە بە برادەرانی یەكێتیمان وتتوە كە بەوانە ڕازی نابین بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كە قارەمانی شانزەی ئۆكتۆبەر-ن، ئەگەر خۆتان "تەعینی" دەكەن لەگەڵ حكومەتی عیراق بیكەن." سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەش دەڵێت" شانزە ڕێككەوتنیش بكەین لەسەر باس نەكردنی 16 ی ئۆكتۆبەر، بەدڵی من و یا برادەرێكی یەكێتی یا بەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی نابێت كەباس نەكرێت چونكە ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی ڕەشە لە مێژووی كوردستاندا منداڵەكانی ئێمە و ئەوان دەزانن 16ی ئۆكتۆبەر چیە؟ تەنانەت منداڵەكانی قارەمانانی شانزەی ئۆكتۆبەریش كە ئێستا لەكەركوك ناژین "وەڵاه" پێیان ناخۆشە 16ی ئۆكتۆبەر، ئنجا با ئەوانە بچن لەكەركوك بژین، دەمی ئەو خەڵكە بە ئێمە ناگیرێت بڵێین باسی شانزەی ئۆكتۆبەر مەكەن، باشە ئەی بەیاننامەكانی كاك كۆسرەت و مەلا بەختیار چی لێبكەین كە هی خۆیانە ئەوانیش بسڕینەوە لە مێژوو؟" بێ یەكێتیش حكومەت پێكدێنین فازڵ میرانی بەراشكاوی دەڵێت كە بەبێ یەكێتیش ئەتوانین حكومەت پێكبهێنین " به دڵنیایی و بێ گومان پڕۆسهی سیاسی لهسهر حیزبێك ناوهستێنین، ڕێزمان بۆ برادهرانی یهكێتی ههیه، جێگهی ئهساسیان لهناو حكومهتدا ههیه بهڵام دهبێت ئهوانیش ئهو سنوره بزانن پارتی خاوهنی زۆرینهیهكی لهبهرچاوی پهرلهمانه وه ئێمه زۆرینهی حكومهتین، چۆن سهرۆكایهتی پهرلهمان و سهرۆكی ههرێممان ههڵبژارد دهتوانین ئهوهش بكهین لهگهڵ هاوپهیمانهكانی ترمان وه پارێزگاری له پێگه و پۆستهكانی یهكێتیش دهكهین جاری پێشوش وابوو، بهڵام ئهمه ناچاریه ههروهك له شهرعدا دهوترێت (اكره الحلال فی الاسلام الگلاق بهدڵنیایی پۆستهكانیان بهبهتاڵی دادهنێین خۆ یهكێتی "مهحروم ناكهین". ئهگهر یهكێتی بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بونی دا چی؟ فازڵ میرانی دهڵێت" ئۆپۆزسیۆن بونی پارتی و یهكێتی بهو ڕاده و قهبارهیهی ههیانه ناتوانن ببنه ئۆپۆزسیۆن، چونكه ئێمه بهرپرسی ئهم ئهزمونهین كه له وڵاتهكهی ئێمهدا ههیه ناچارین ئهم وڵاته بهڕێوه ببهین ببینه ئۆپۆزسیۆنی كێ؟ جا لهبهر ئهوه ناكرێت پارتی و یهكێتی ببنه ئۆپۆزسیۆن."
درەو میدیا: وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند" بەپێی ئاماری كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بڕی هەناردەكراوی نەوتی خاو لە مانگی ئایاری 2019 (110)ملیۆن و (737)هەزارو (293) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (7) ملیارو (329) ملیۆن و (737) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (66.190)دۆلار فرۆشراوە" ئاماژەی بەوەشداوە"بڕی نەوتی خاوی هەناردەكراو لە مانگی ئازار لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشور گەیشتوەتە زیاتر لە (106)ملیۆن و (675)هەزارو (881) بەرمیل و لە كێڵگە نەوتیەكانی كەركوكیش بڕی ( 3 ) ملیۆن و ( 166 ) هەزارو ( 261 ) بەرمیل هەناردەكراوە، بەبڕی ( 209 ) ملیۆن و ( 175 ) هەزارو ( 253) دۆلاربووە. مانگی نیسانی رابردوو كۆی هەناردەی نەوتی عێراق (103)ملیۆن و (988)هەزارو (607) بەرمیل بەرمیل و بە بەهای لە (7) ملیارو (20) ملیۆن و (667) دۆلار، "تێكڕای نرخی بەرمیلیك نەوت بە (67.514)دۆلار فرۆشراوە"
راپۆرت: فازل حەمەرەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف دادوەرێك كە تا ساڵی 2003و روخانی رژێمی پێشووی عێراق لە سیستمی دادوەری عێراق كاریكردووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتی لەسەر پۆستی وەزارەتی دادی عێراق چارەسەركردو بوو بە وەزیری داد لەسەر پشكی كورد، ئەم پیاوە شەشەمین كوردە لە مێژووی عێراقدا كە پۆستی وەزارەتی داد وەردەگرێت، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد بڵاودەكاتەوە. دوای زیاتر لە ساڵێك، دواجار پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ناوێك وەكو كاندید بۆ پۆستی وەزیری دادی عێراق رێككەوتن. ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق ناوی دادوەر (فاروق ئەمین شوانی) وەكو كاندیدی كورد بۆ پۆستی وەزارەتی داد پەسەندكرد. ئەم پیاوە، لەسەر پشكی كوردو لەناو پشكی كوردیشدا لەسەر پشكی یەكێتی نیشتمانی پۆستی وەزارەتی دادی عێراقی وەرگرتووە. فاروق ئەمین شوانی كێیە ؟ بەپێی ئەو پرۆفایلەی كە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشكەشی پەرلەمانی كردووە: • فاروق ئەمین شوانی، ناوی تەواوەتی بریتییە لە (فاروق ئەمین عوسمان محەمەد شوانی) • ساڵی 1957 لە كەركوك لەدایكبووە • ساڵی 1980 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە قانونو زانستی سیاسییدا بەدەستهێناوە • ساڵی 1993 بڕوانامەی دیپلۆمی باڵای لە زانستی دادوەرییدا لە پەیمانگای دادوەریی بەغداد بەدەستهێناوە • ئەم پیاوە تاوەكو ساڵی 2003و روخانی رژێمی بەعس نەگەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان • ساڵی 1993 تاوەكو 1997 سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی زیقار بووە • ساڵی 1998 تاوەكو 2003 سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ئەنبار بووە • لە ساڵی 2003و دوای روخانی رژێمی بەعسەوە تاوەكو ئەمڕۆ، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك بووە بەپێی ئەوەی لە سڤییەكەیدا نوسراوە، دیارترین دەستكەوتو كارەكانی ئەم پیاوە لەدوو خاڵدا كورتكراوەتەوە: • بەشداری پرۆگرامی (IVLP)ی كردووە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 2006 بۆ 2007 • ژمارەیەكی زۆر نوسراوی رێزلێنانی پێدراوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لەبواری مافەكانی مرۆڤو روبەڕووبونەوەی تیرۆردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دادوەر فاروق شوانی خەڵكی گوندی (كڵاوقوت)ی ناوچەی شوانە، ئەم پیاوە لەماوەی رابردوودا كە سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركوك بووە، سەرباری ئەوەی سەربە یەكێتی بووە، بەڵام زیاتر وەكو بێلایەنێك كاریكردووەو ئەمە وایكردووە كە پارتی قایل ببێت بە كاندیدكردنی لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی وەزارەتی دادی عێراق. كورد لە وەزارەتی دادی عێراقدا وەزارەتی دادی عێراق سەرەتا لە ساڵی 1920 دامەزرێندراوە، یەكەم وەزیری داد لە مێژووی عێراقدا (ناجی سویدی) بووە، لەسەرەتای دروستكردنی ئەم وەزارەتەوە، چەند كەسایەتییەكی كورد پۆستی وەزارەتی دادی عێراقیان بەدەستەوە بووە، بەمشێوەیە: • یەكەمین كورد كە بووە بە وەزیری دادی عێراق (داود حەیدەری) بووە لە ساڵی 1928، ئەم پیاوە خەڵكی شاری هەولێر بووە • دووەمین كورد كە پۆستی وەزارەتی دادی وەرگرتووە (جەمال بابان) بووە لە ساڵی 1930 • سێیەمین كورد كە ئەم پۆستەی وەرگرتووە ناوی (ئەحمەد موختار بابان) بووە لە ساڵی 1943 • چوارەمین كورد كە پۆستی وەزارەتی دادی وەرگرتووە (موسڵیحەدین نەقشبەندی) بووە لە ساڵی 1965دا، ئەم پیاوە خەڵكی بامەڕنی-ی سەربە قەزای ئاكرێ بووە • پێنجەمین كورد دادوەر (دارا نورەدین) لە ساڵی 2008دا پۆستی وەزیری دادی عێراقی وەرگرتووە • دادوەر (فاروق ئەمین شوانی) شەشەمین كوردە پۆستی وەزارەتی دادی عێراق دەگرێتەدەست بایەخی وەزارەتی داد ئەم وەزارەتە پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە وەكو پایەیەكی سەرەكی پێكهێنەری دەسەڵات لە سیستمی سیاسیدا، لەكەیسی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەریدا، وەزارەتی داد تەنیا دەسەڵاتی سەرپەرەشتیكردنی گرتوخانەكان (چاكسازییەكان)ی پێدراوە. لایەنی گرنگی ئەم وەزارەتە بۆ كورد ئەو دەسەڵاتەیە كە لەبواری تۆماری زەویو خانوبەرەدا هەیەتی، كورد لە كەركوكو ناوچە جێناكۆكەكانی تر دەتوانێت سود لەم دەسەڵاتە وەرگرێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی موڵكایەتی. ئەركێكی تری ئەم وەزارەتە دەركردنی رۆژنامەی وەقایعی عێراقییە كە یاساكان پەسەندكراوەكانی تێدا بڵاودەكرێتەوەو دوای بڵاوكردنەوەیان یاساكان دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە. ساڵی 2003 دوای روخانی رژێمی پێشووی عێراق، دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان، بەفەرمانی ژمارە (35) دەسەڵاتێكی گرنگی لەدەستی وەزارەتی داد سەندەوە كە دەسەڵاتی "چالاكی دادوەریی" بوو، ئەم دەسەڵاتە درا بە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی. ململانێكان لەسەر وەزارەتی داد وەزارەتی دادی عێراق هەر لەسەرەتاوە كە بۆ كورد یەكلاكرایەوە، بووە سەرچاوەی ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان پارتیو یەكێتی، ماوەیەكیش بزوتنەوەی گۆڕان هاتەسەر هێڵی ململانێكان بۆ بەدەستهێنانی ئەم پۆستە. لەماوەی رابردوودا ناوی چەند كەسێك بۆ وەزارەتی دادی عێراق خرانەبەردەم عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام هیچ یەكێكیان پەسەندنەكران، دیارترین ئەو ناوانەی كە لەماوەی رابردوودا بۆ پۆستی وەزارەتی داد باسكران ئەمانەبوون: • خالید شوانی (كاندیدی یەكێتی بوو) • حاكم ئیسماعیل عومەر، دادوەری دادگای بەرایی سلێمانی (كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بوو) • ئازاد چۆمانی (كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان) • بەشدار حەسەن (كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان) • دارا نورەدین (كاندیدی پارتی دوای ئەوەی پارتی لەوە گەیشت عەبدولمەهدی دەیەوێت كاندیدێكی بێلایەنی كورد دابنرێت، دارا نورەدین 2008 بۆ 2010 وەزیری دادی عێراق بوو، ئێستا لە ئوردن دەژی) • حاكم رزگار حەمەئەمین (كاندیدی بێلایەنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستەكە) پشكی كورد لە عێراق ئەوەی وەكو پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق دیاریكراوە، هەمووی لەنێوان پارتیو یەكێتیدا دابەشكراوە، چونكە هیچ لایەنێكی تری كوردی چ لەگەڵ پارتیو یەكێتی بە هاوبەشی، چ بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری حكومەتیان لە عێراق نەكردووە، بزوتنەوەی گۆڕان هەوڵێكیدا بە وەرگرتنی وەزارەتی داد بچێتە ناو حكومەتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو. ئێستا كورد یاخود بەدیاریكراوی (پارتیو یەكێتی) لە حكومەتی عێراق خاوەنی ئەم پۆستانەن: • پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق (بەرهەم ساڵح- یەكێتی) • پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (بەشیر حەداد- پارتی) • پۆستی وەزیری داراییو جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق (فوئاد حسێن- پارتی) • پۆستی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی عێراق (بەنگین رێكانی- پارتی) • پۆستی وەزیری دادی عێراق (فاروق ئەمین شوانی- یەكێتی) واتە لەم كابینەیەی حكومەتی عێراقدا كورد جگە لە پۆستی سەرۆك كۆمارو پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، تەنیا (3) پۆستی وزاری وەرگرتووە، ئەمە لەكاتێكدایە لەكابینەی پێشوودا جگە لە دوو پۆستە باڵاكە، كورد (5) پۆستی وزاری بەدەستەوە بوو.
درەو میدیا: بەپێی جیاكردنەوەی لە 100%ی دەنگەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت 54%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوەو بۆ جاری دووەم سەركەوتەوە بەسەر بن عەلی یەڵدرم، كاندیدی هاوپەیمانی جمهور كە 45%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە بەپێی جیاكردنەوەی لە 100%ی دەنگەكان كە رێژەی بەشداریكردن لە 84.4% بووەو ( 10 ملیۆن و 570 هەزار) كەس دەنگدەر هەبوو. ئیمام ئۆغڵۆ ( 4 ملیۆن و 741 هەزارو 870 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 54.21% ) و یەڵدرم( 3 ملیۆن و 935 هەزارو 444 ) دەنگی بەدەستهێناوە بەرێژەی ( 44.99% )
درەو میدیا: محەمەد رەئوف – نامیق رەسوڵ بڕیارێكی حكومەتی عێراق بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هێلكە، نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بە رێژەی 100% بەرزدەكاتەوە، هەرێمی كوردستان ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی (ملیارێكو300 ملیۆن )هێلكەی هەیە، بەڵام ئەو بڕە ناتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبكاتەوە كە ساڵانە تەنها ( 800 ملیۆن ) هێلكەیە، چونكە بڕێكی زۆر لەو هێلكەیەی لە ناوخۆی هەرێم بەرهەمدەهێنرێت هێلكەی رەنگ سورە رەوانەی شارەكانی تری عێراق دەكرێتو لە هەرێمی كوردستان خواستی لەسەر نییە. هۆكاری گرانبوونی هێلكە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، رۆژی 30ی نیسانی رابردوو نوسراوێكی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە بۆئەوەی رێگە بگرێت لە هاوردەكردنی هێلكە لە دەرەوەی عێراق لەسەرجەم دەروازە سنورییەكاندا بە تایبەتی دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق هۆكاری ئەو بڕیارەی بۆئەوە گەڕاندوەتەوە كە بڕێكی زۆر هێلەی خراپ بە شێوەیەكی نایاساییو بە نرخێكی كەم لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە هاوردەكراوەو ئەوەش زیانی بە بەرهەمی ناوخۆ گەیاندووە، ئەو بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، بەشێوەیەكی خێرا نرخی هێلكەی لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزكردەوە. پێداویستی ناوخۆیی هێلكە لەدوای دەركردنی ئەو بڕیارەوە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، نرخی تەبەقێك هێلكە بە رێژەی 100% بەرزبوەوەو لە 3 هەزار دینارەوە بۆ نزیكەی 6 هەزار بەرزبوەوە. بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان, لە 11 پڕۆژەی پەلەوەری بەرهەمێنانی هێلكە، ئێستا پێنجیان بەرهەمیان هەیە، ئەگەر هەر 11 پڕۆژەكە بكەونەوە كار ساڵانە (ملیارێك و 300 ملیۆن) هێلكە بەرهەمیان دەبێت، ئەوە لە كاتێكدا پێویستیی هەرێمی كوردستان بە هێلكە لە ساڵێكدا نزیكەی 800 ملیۆنە". بەوەش هەرێمی كوردستان دەتوانێت ساڵانە ( 500 ملیۆن) هێلكە لە پێداویستی خۆی زیاتر بەرهەمبهێنێت. بە بڕوای چەند شارەزایەكی ئابوریی بڕیاری قەدەغەی هاوردەی هێلكەی سودیشی هەیە بەوە بووەتە هۆی بووژانەوەی پرۆژەكانی پەلەوەر لە ناوخۆی هەرێم. بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2017 دا خواست لەسەر هێلكەی كوردستان لە شارەكانی عێراق زۆربووەو، 90%ی ئەو هێلكەیەی لە كوردستان بەرهەمدێت، هەناردە دەكرێ بۆ شارەكانی عێراق، لە هەمانكاتدا هەرێمی كوردستان ساڵانە بایی(45 ملیۆن دۆلار) هێلكە لە توركیاو ئێران دەكڕێت. هێلكە لە توركیا هەرزان دەبێت لەدوای بڕیاری قەدەغەی هاوردەكردنی هێلكە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوەو گەڕاندنەوەی سەدان تۆن هێلكە بۆ توركیا لە هەرێمی كوردستانەوە، نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی توركیا دادەبەزێنێت، بەوتەی سەرۆكی یەكیتی سەنتەری بەرهەمهێنانی هێلكە لە توركیا" پێشتر لە توركیا یەك تەبەقی هێلكە بە (٢٠)لیرەی توركی بووە، بەڵام لەدوای قەدەغەكردنی هاوردەی هێلكەی توركی بۆ عێراق، نرخی یەك تەبەق هێلكە بووە بە(١٠)لیرەی توركی. ئیبراهیم ئافیۆن سەرۆكی یەكێتی سەنتەری بەرهەمهێنانی هێلكە لە توركیا، بە رۆژنامەی (جمهوریەت)ی توركی راگەیاندووە" بۆیە نرخی هێلكە لە ناوەوەی توركیا هەرزارن بووەو لە عێراق گران بووە، ماوەی چەندین ساڵە ٩٥٪ی هێلكەی وڵاتەكەیان لە عێراق ساغدەكەنەوە" هاوڵاتیەك ساڵانە 145 هێلكە دەخوات هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستیی بە ( 800 ملیۆن ) هێلكەیە، واتا ساڵانە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان (800 ملیۆن) هێلكە دەخۆن، ژمارەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە نزیكەی ( 5 ملیۆن و 500 هەزار)كەسە, ئەگەر ئەو هێلكانە دابەشی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بكرێت، ئەوا هەر هاوڵاتیەكی هەرێم ساڵانە ( 145 ) هێلكەی بەردەكەوێت.
راپۆرت: BBC وەرگێڕانی: فازل حەمەرەفعەت كۆنترین دەوڵەتی سەربەخۆی كیشوەری ئەفریقا روبەڕووی هەوڵی كودەتای سەربازی بووەوە، فەرماندەی سوپا بەدەستی پاسەوانەكەی كوژرا، بەڵام كودەتاكە راگیراو سەركەوتوو نەبوو. نوسینگەی ئابی ئەحمەد سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیا رایگەیاند، فەرماندەی سوپا لە تەقەكردنێكدا لە ئەدیس ئابابای پایتەخت كوژراوە. بەپێی قسەی سەرۆك وەزیران، ژەنەراڵ سیاری میكونینو ئەفسەرێكی تر، لەكاتی هەوڵدانیان بۆ رێگریكردن لە رودانی كودەتای سەربازی لەدژی ئیدارەی ناوچەی ئەمهەرەی باكوری ئەسیوپیا، كوژراون. میدیاكان لە زاری وتەبێژی سەرۆك وەزیرانەوە باسیانلەوەكرد، سەرۆك ئەركانی سوپا بەدەستی پاسەوانێكی خۆی كوژراوە. بەگوێرەی ئەوەی میدیای فەرمی ئەسیوپیا بڵاویكردەوە، هەر لەو هەوڵە شكستخواردووەدا بۆ كودەتا، سەرۆكی ویلایەتی ئەمهەرەو راوێژكارەكەی كوژراون. سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیا بەجلوبەرگی سەربازییەوە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن دەركەوتو وتی:" لە هێرشێكدا بۆسەر شاری بەحر دار پایتەختی ناوچەی ئەمهەرە، ژمارەیەك لە بەرپرسان كوژران". پێشتر حكومەتی ئەسیوپیا ئاماژەی بەوەكرد هەوڵێكی كودەتاكردن لەناوچەكە رویداوە، چەندین راپۆرتیش بڵاوبونەتەوە سەبارەت بەوەی هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە، خەڵكی شاری بەحر دار-یش باسلەوە دەكەن گوێیان لە دەنگی تەقەكردن بووە. باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەڵێ" ئاگاداری ئەوە بووە روبەڕووبونەوەی چەكداری لە پایتەختی ئەسیوپیا رویداوە". ئابی ئەحمەد دوای هەڵبژاردنەكەی ساڵی رابردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەسیوپیای وەرگرتووە، لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا دەستیكرد بە ئازادكردنی گیراوانی سیاسیو قەدەغەی كاری سیاسی لەسەر پارتەكان هەڵگرتو پرۆسەی دادگایكردنی ئەو بەرپرسانەی دەستپێكرد كە تۆمەتبارن بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ. بەڵام بەپێی راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەوكاتەوە ئەم پیاوە دەسەڵاتی گرتوەتەدەست، توندوتیژی رەگەزی زیادی كردووەو بەهۆیەوە (2 ملیۆنو 400 هەزار) كەس ئاوارەبوون. ئابی وتی:" ژەنەراڵ سیاری میكۆنین فەرماندەی ئەركانی سوپا قوربانی هێرشێكە كە چەتەكان ئەنجامیاندا"، لەمە زیاتر باسی لە وردەكاری تر نەكرد. ئاماژەی بەوەكرد، بەرپرسان لە ئەمهەرە لە كۆبونەوەدابوون كاتێك "هاوڕێكانیان" تەقەیان لێكردوون. پێشتریش وتەبێژەكەی ئابی رایگەیاند، ئەنجامدەرانی هەوڵی كودەتاكە، داوای وازهێنانی ئەمباچیۆ میكۆنین سەرۆكی حكومەتی خۆجێی ئەمهەرەیان دەكرد، هێزەكانی سوپا بەرەنگاریان بونەوە. پارتی دەسەڵاتداری ئەسیوپیا لە ئەمهەرە لەبەیاننامەیەكدا بەرپرسێكی ئەمنی تۆمەتباركرد بە هاندان بۆ كردەوە توندوتیژییەكان، كە زیندانیكراو بووەو لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئابی ئەحمەددا لەزیندان ئازادكراوە. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری یەكێك لە مامۆستایانی زانكۆوە لە شاری بەحر دار بڵاویكردەوە، تەقەكردن لە شارەكە بۆماوەی چوار كاتژمێر بەردەوام بووە. مامۆستاكە دەڵێ:" سەرەتا گومانم دەكرد ئەوە تەنیا روداوێكی ئاسایی بێت، دواتر گوێمان لە دەنگی چەكی قورس بوو". ئەسیوپیا دێرینترین دەوڵەتی سەربەخۆیە لە كیشوەری ئەفریقا، دووەم دەوڵەتە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە (لەدوای نەیجیریاوە)و ژمارەی دانیشتوانەكەی (105 ماایۆنو 500 هەزار) كەسە، كە دابەشبوون زیاتر لە (80) گروپی ئیتنیكی جیاوازدا. ئەسیوپیا سەنتەرێكی گرنگە لە بواری گواستنەوەی ئاسمانی مەودا درێژدا، ئابورییەكەی بە یەكێك لە خێراترین ئابورییەكانی جیهان دادەنرێت، بەڵام سەرباری ئەمەش ژمارەیەكی زۆری گەنجیش هەن كە بەدەست بێكارییەوە دەناڵێنن. لەبارەی هێرشەكانەوە چی دەزانین ؟ ژەنەراڵ سیاری مییكۆنینو ژەنەراڵ جیزا ئەبیرا لەسەر دەستی پاسەوانە تایبەتەكەی فەرماندەی سوپا كوژراونو ئێستا ئەو پاسەوانە دەستبەسەرە، ئەمە بەگوێرەی قسەی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك وەزیران. لە ئەمهەرە، حاكمی ویلایەتەو راوێژكارە دیارەكەی كە ناوی ئیزی واسیە، كوژراون، داواكاری گشتی ناوچەكەش برینداربووە. لایك ئەیالیۆ دانراوە وەكو حاكمی ویلایەتەكە. نوسینگەی سەرۆك وەزیران، ئەسامینۆ تسیج سەرۆكی ئاسایشی هەرێمیی لە ناوچەی ئەمهەرە تۆمەتبار دەكات بە پلاندانان بۆ بۆ هەوڵی كودەتاكردن، تائێستا روون نییە ئایا ئەو پیاوە دەستگیركراوە یاخود نا. بەیاننامەی حكومەت دەڵێ" هەوڵی كودەتا لە ویلایەتی ئەمهەرە، پێچەوانەی دەستورەو ئامانج لێی تێكدانی ئەو ئاشتیەیە كە لەناوچەكە بەدی هاتووە". بەیاننامەكە داوا لە خەڵك دەكات ئیدانەی ئەو "كودەتا نایاساییە" بكەن، جەخت لەسەر ئەوەدەكات، حكومەتی فیدراڵی توانای سەركەوتنی هەیە بەسەر ئەو گروپە چەكدارەدا. وتەبێژی سەرۆك وەزیران: سەرۆكی ئەركان بەتەقەی پاسەوانەكەی كوژراوە دۆخێكی سیاسی ژەهراوی ئەم بارودۆخە بۆ ئەسیوپیاو سەرۆك وەزیرانەكەی ئاڵَۆزە، كە خۆی لە بنەڕەتەوە روبەڕووی ئاڵۆزی ئیتنیكی بوەتەوە. سەرۆك ئەركانی سوپا، پۆستی فەرماندەی سوپای بۆ ماوەی ساڵێك وەرگرت، ئەمەش دوای ئەوەی ئابی ئەحمەد لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا لە پۆستی سەرۆك وەزیران لە مانگی نیسانی رابردوودا، گۆڕانكارییەكی گشتگیری لە دەزگای ئەمنیدا كرد. ئەوەی كە روونە ئەوەیە، هێشتا لەناو سوپادا ناڕەزایەتی هەیە لەبارەی شێوازی كاركردنی سەرۆك وەزیرانەوە. كوشتنی حاكمی ویلایەتی ئەمهەرە گورزێكی گەورە بوو كە لە ئابی درا، كە چاكەی دانانی ئەمباچۆ میكۆنین لەو پۆستەدا بۆ ئەو دەگەڕێتەوە. حاكمە كوژراوەكەی ویلایەتی ئەمهەرە، هاوپەیمانی سەرەكی سەرۆك وەزیرانی ناوچەكە بوو، ئەو خۆشی روبەڕووی كێشەی ئەمنیو داواكاری هەندێك لە گروپەكان بۆ ئۆتۆنۆمیو خۆبەڕێوەبەرییەكی گەورە تر لە حكومەتی ناوەندی، دەبووەوە. پێشبینی دەكرێت ساڵی داهاتوو یەكەمین هەڵبژاردنی گشتی لەدوای دەستبەكاربوونی ئابی ئەحمەدەوە لە ئەسیوپیا بەڕێوەبچێت، بەڵام سەختە پێشبینی ئەوە بكرێت ئەو پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت لە وڵاتێكی فرەجەمسەردا، كەشوهەواكە زۆر ژەهراوییە. بایەخی ویلایەتی ئەمهرەیە لەچیدایە ؟ ئەم ویلایەتە نیشتمانی رەگەزی "ئەمهەرە"یە، دووەم گەورەترین ناوچەی ئەسیوپیایە لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، زمانی فەرمی ئەسیوپیا "ئەمهەریی" لەم ناوچەیەوە سەرچاوەی گرتووە. مانگی رابردوو، لە ئەمهەرەو ناوچەی بنیشنگۆل گۆمۆزی دراوسێی، بەهۆی ناكۆكی نێوان خەڵكی سەربە هەردوو رەگەزی "ئەمهەری"و "گۆمۆز"، دەیان كەس كوژران. ناكۆكی رەگەزیی كە زۆربەی جار سەرچاوەیەكەی بۆ ناكۆكی لەسەر زەویو زار دەگەڕێتەوە، بووەتەهۆی ئاوارەبوونی (3 ملیۆن) كەس لەسەرتاسەری ئەسیوپیا. كێشەیەكی تریش هەیە كە روبەڕووی سەرۆك وەزیران دەبێتەوە، ئەویش ناكۆكییەكانی ناو سوپایە. ئابی وتی، ئەو سەدان سەربازەی كە هەڵیانكوتایەسەر نوسینگەكەیو داوای زیادكردنی موچەكانیان كرد، هەوڵیانداوە بیكوژن. بەر لە ساڵێك ئابی لە هێرشێك رزگاری بوو كە بەبۆمب ئەنجامدراو بەهۆیەوە دوو كەس كوژرانو 100 كەس برینداربوون. گومانلێكراوی پشت هەوڵی كودەتاكە كێیە ؟ ئەسامینیۆ تسیگی یەكێك بوو لەو سەربازە پلەدارانەی كە لەسەرەتای ساڵی رابردوودا لە زیندان ئازادكران، ئەوەش كاتێك حكومەتی پێشوو لەژێر فشارێكی میللیدا دەستیكرد بە ئازادكردنی گیراوانی سیاسی. ژەنەراڵ ماوەی (9 ساڵ) بوو لە زینداندا بوو، تاوانباركرابوو بە پلاداندانان بۆ كودەتا. ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز باسلەوەدەكات، بەرپرسانی باڵا رۆژی شەممە كۆبونەوەیەكیان كردووە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەوڵە ئاشكراكانی ژەنەراڵ بۆ دروستكردنی میلیشیایەكی رەگەزیی. لە ڤیدیۆیەكدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوبووەوە، ژەنەراڵ ئەسامنۆ بەشێوەیەكی ئاشكرا داوای لە خەڵك كرد چەك هەڵگرن. روون نەبوەتەوە ئاخۆ ژەنەراڵ لەنێو ئەو كەسانەدایە كە دەستگیركراون یاخود نا.
(درەو میدیا): ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەشێك لە وردەكاری دەستپێشخەرییەكەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی فەلەستین ئاشكراكرد كە بە " گرێبەستی سەدە" ناسراوەوهەفتەی داهاتوو لە كۆنگرەیەكدا لە بەحرەین پێشكەشی وڵاتانی دەكات. بە گوێرەی ئاژانسەكان پلانەكەی ئەمریكا بونیاتنانی رێڕەوێك لەخۆدەگرێت بۆ بەستنەوەی كەرتی غەززە لە كەناری خۆرئاوای فەلەستینەوە، هەروەها سندوقێكی وەبەرهێنانی جیهانیش دادمەزرێنرێتو 50 ملیار دۆلار بۆ بونیاتنانو وەبەرهێنان لە فەلەستین تەرخاندەكرێت. رۆژی 25و26ی ئەم مانگە جارید كۆشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیدا لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین پلانی گرێبەستی سەدە بۆ وڵاتانی بەشدار ئاشكرادەكات. تائێستا سعودیەو ئوردنو چەند وڵاتێكی تری كەنداو ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەكەی بەحرەین دەبڕیوەو فەلەستینییەكانیش بڕیاریانداوە بایكۆتی كۆنگرەكە بكەن كە دوای داننان بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل لە ساڵی 2017ەوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا هەڵپەساردووە. لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، جاریك كۆشنەر ئاشكرایكرد كە ئیدارەی ترەمپ هیوادارە وڵاتانی تر بە تایبەتی وڵاتانی دەوڵەمەندی كەنداو لەگەڵ وەبەرهێنەرەكانی كەرتی تایبەت بەشێكی زۆری بودجەی پلانەكە دابین بكەن. كۆشكی سپی " گرێبەستی سەدە" بە مێژوویی وەسفدەكاتو جەختدەكاتەوە كە لە توانایدایە گۆڕانكاری ریشەیی لە كەناری خۆرئاواو غەززە بێنەتەكایەوەو لاپەڕەیەكی نوێ لە مێژووی فەلەستین بكاتەوەو وەرچەرخانێكی دەگمەنیش لە ئابوریدا بكات بە رەخساندنی یەك ملیۆن هەلی كار. كۆشكی سپی ئاشكراشیكردووە كە بانكێكی نێودەوڵەتی سەرپەرشتی پرۆسە ئابورییەكە دەكات بۆئەوەی رێگە لە ئەنجامدانی گەندەڵی بگرێت. هەروەها واشنتۆن رایگەیاند بڕیاریداوە حكومەتی ئیسرائیل بۆ كۆنگرەكەی مەنامە بانگهێشت نەكات، لەبەرئەوەی دەسەڵاتی فەلەستینی ئامادەنابێتو لەبری ئەوە وەفدێكی بچوك لە كەرتی كاری ئیسرائیل بەشداری دەكات.
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف سبەینێ هەڵبژاردنی شارەوانی لە شاری ئیستانبوڵی توركیا دووبارە دەكرێتەوە، سەرباری ئەوەی كاندیدەكەی پارتی دەسەڵاتدار بەرەگەز كوردە، بەڵام دەنگدەرانی كورد جارێكی تر دەنگ بە كاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەدەنەوە، راپرسییەكان باس لە چانسی بردنەوەی كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن دەكەن. دوو هەڵبژاردن لە سێ مانگدا بۆجاری دووەم لەماوەی سێ مانگدا، سبەینێ دەنگدەرانی شاری ئیستانبوڵی توركیا دەچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی شارەوانی بۆ شارەكەیان. رۆژی 31ی مانگی ئازاری رابردوو، هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا بەڕێوەچوو، لە ئیستانبوڵ یەكەم گەورە شارو پایتەختی ئابوریو گەشتوگوزاری توركیا (ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ) كاندیدی پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆن (جەهەپە) بەجیاوازی (14 هەزار) دەنگ سەركەوتنی بەسەر (بن عەلی یەڵدرم) سەرۆك وەزیرانی پێشووی وڵاتو كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتدار (ئاكەپە)دا، سەركەوت. بەڵام لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان رۆژی 6ی ئایاری رابردوو وەكو وەڵامدانەوە بۆ داوایەكی پارتی دادو گەشەپێدان، ئەنجامی هەڵبژاردنی لە ئیستانبوڵ هەڵوەشاندەوەو فەرمانیدا بە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە رۆژی 23ی ئەم مانگە، واتە سبەینێ. پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا سەرۆكایەتی دەكات، دەڵێت لە هەڵبژاردنی ئیستانبوڵدا سەرپێچی رویداوە. ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ كێیە ؟ بەڵام سەرباری ئەمەش دەبێت ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ كێ بێت كە توانیویەتی ئیدارەی شارەكە لە ئەردۆغانو ئیسلامییەكان بسەنێتەوە كە ئیدارەی ئەو شارە لە ساڵی 1994وە بەدەست ئەوانەوەیە ؟ ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ تەمەنی (49 ساڵ)ە، یەكێكە لەو سیاسییانەی بەمدواییە ئەستێرەی لە ئاسمانی سیاسی توركیا درەوشاوەتەوە، بەپێچەوانەی سەركردەكانی تری پارتەكەیەوە (جەهەپە)و ئەم پیاوە تاڕادەیەك سەربە نەوەی نوێی توركیایە، ئەمە لەكاتێكدایە كەمال كلیچدار ئۆغلۆی سەرۆكی پارتەكەی تەمەنی (71 ساڵ)ەو سەربە نەوە سیاسییە كۆنەكەیە. كاروانی سیاسی ئەردۆغان ساڵی 1994 لە ئیستانبوڵەوە دەستیپێكرد، كاتێك وەكو سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە لەسەر لیستی پارتی رەفاهی ئیسلامی هەڵبژێردرا كە نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكایەتی دەكردو دواتر هەڵوەشێندرایەوەو ئەردۆغان بۆماوەی چەند مانگێك زیندانی كراو پاش خوێندنەوەی هۆنراوەیەكی ئاینیش لە فێستیڤاڵێكدا، ئیتر رێگری لێكرا هیچ پۆستێكی حكومی وەرگرێت. ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ هاوشێوەی ئەردۆغان كاروانی سیاسی خۆی لە ئیستانبوڵەوە دەستپێكرد. پارتی فەزیلەتی ئیسلامی كە میراتگیری پارتی رەفاه بوو، ساڵی 2004 سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵی گرتەدەست، پارتی دادو گەشەپێدان كە ئەردۆغان سەرۆكایەتی دەكات ساڵی 2002 دەسەڵاتی لە توركیا گرتەدەست، لە ساڵی 2004وە جارێكی تر ئیستانبوڵ كەوتەوە دەست پارتەكەی ئەردۆغان، واتە ئەم شارە ماوەی چارەكە سەدەیەكە لەژێر دەستی ئەو پارتانەدا بووە كە رەگو ریشەی ئیسلامییان هەبووە. زمانێكی ئاشتیخوازانە بەپێچەوانەی گوتاری سۆزاویو توندی ئەردۆغانەوە، دوای ئەوەی لیژنەی هەڵبژاردنەكان سەركەوتنی راگەیاند، ئیمام ئۆغلۆ لەبەردەم لایەنگرانی پارتەكەیدا لە ئیستانبوڵ رووی دەمی كردە لایەنگرانی ئەردۆغانو وتی:" دەبێت پرۆسەكە بەڕێزو لێكتێگەیشتنو دیالۆگ بەڕێوەبچێت، داوا لە سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان دەكەم ئەوپەڕی پەرۆشی خۆی لەم بوارەدا نیشان بدات، لەبەر بەرژەوەندی نیشتمانو ناوچەكە، خوازیارم گەیشتنم بە چارەسەرێكی دادپەروەرانە لە زوترین كاتداو دورخستنەوەی هەر زیانێك بە ناوبانگی توركیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی". ئیمام ئۆغلۆ بەشداری نوێژێكی بەكۆمەڵی كرد بۆ گیانی قوربانیانی كرایست چێرچ لە نیوزلەنداو چەند ئایەتێكی قورئانیشی خوێندەوە، بەمشێوەیەش دژی ئەو وێنە باوە وەستایەوە كە لەسەر پارتی گەلی كۆماری هەبوو وەكو پارتێكی ئەتاتوركیی عەلمانیی. ئیمام ئۆغلۆ لەدایكبووی ساڵی 1970ی شاری ترابزۆنە لە باكوری توركیا، دەرچووی كۆلیژی كارگێڕی كارە لە زانكۆی ئیستانبوڵ، لە خێزانێكی دیندارو كۆنەپارێزەوە لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە، بەڵام خێزانەكەی مێژوویەكی دورودرێژی هەیە لە كاری سیاسیدا، باوكی دامەزرێنەری لقی پارتی "نیشتمانی دایك"ە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی كۆچكردووە تۆرگۆت ئۆزال لە ترابزۆن. ئیمام ئۆغلۆ دانی بەوەدا نا كە ئەو لە خێزانێكی كۆنەپارێزەوە هاتووە، بەڵام لەسەردەمی خوێندنی زانكۆدا ئازادتربووەو بووەتە هەڵگری بەها دیموكراتییە كۆمەڵایەتییەكان. تاوەكو ساڵی 2008 نەچووەتە ناو كاری سیاسییەوە، لەو ساڵەدا چووەتە ناو پارتی گەلی كۆمارییەوە، یەك ساڵ دواتر بووە بە سەرۆكی شارەوانی ناوچەی (بیلیكدۆز) لە بەشە ئەوروپییەكەی ئیستانبوڵو لە كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری بردوەتەوە. وەبەرهێنان لە سەركەوتندا پارتی گەلی كۆماریی لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئاستە باشەكەی ئیمام ئۆغلۆی لە ئیدارەدانی شارەوانی ناوچەی (بیلیكدۆز)ی قۆستەوەو كاندیدی كرد بۆ هەڵبژاردنی ئەمدواییەی شارەوانی ئیستانبوڵ، كە ئەم شارە (16 ملیۆن) كەسی تێدایەو ژمارەی دەنگدەرەكانی (10 ملیۆن) كەسە. رۆژی 13ی كانونی یەكەمی 2018، كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماریی سەردانی ماڵی حەسەن ئیمام ئۆغلۆ باوكی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆی كرد لە ترابزۆنو بە پێكەنینەوە وتی:" هاتوین كوڕەكەت بخوازین" ئەمەش وەكو ئاماژەیەك بۆ كاندیدكردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ. حەسەن ئیمام ئۆغلۆ وەڵامی دایەوەو وتی:" پێشتر كچێكت لە ئاغجا ئابات (یەكێك لە گەڕەكەكانی ترابزۆن) برد، ئێستا كوڕێكیشت پێدەدەین". لەو كاتەوە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ بە لیهاتووییو داناییەوە چووە ناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوەو خۆی بەدورگرت لە وروژاندنی ناكۆكیو توڕەكردنی دەنگدەرانو پەنای بۆ گوتارێكی دۆستانەی جیاواز برد كە هەموو چینە جیاوازەكانی دەنگدەران بگرێتەوە. ئیمام ئۆغلۆ دەچووە بۆلای دەنگدەران لەو گەڕەكانەی كە بە پێگەی پارتی دادو گەشەپێدان دادەنرانو بەناو شەقامەكانیدا دەسوڕایەوەو لەگەڵ خەڵك قسەی دەكرد بۆ ئەوەی سەرەنجی دەنگدەرانی ئاسایی بەلای خۆیدا رابكێشێت، لەبەرامبەردا ئەردۆغان بەشێوەیەكی تایبەتیو بەنوێنەرایەتی پارتەكەی هەڵمەتی بانگەشەی بەڕێوەدەبرد، تا ئەو ئاستەی لە دواین رۆژی هەڵمەتی بانگەشەدا، لە ئیستانبوڵ هەشت وتاری پێشكەشكرد. پارتەكەی ئەردۆغان كە هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی نەتەوەپەرەست (مەهەپە)دا كردبوو، سەرباری ئەوەی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا خۆی لە توڕەكردنی دەنگدەرانی كورد بەدورگرت، بەڵام ئەو هاوپەیمانێتییە بوو بەهۆی لەدەستدانی پشتیوانی دەنگی كوردو كورد دەنگیاندا بۆ ئیمام ئۆغلۆ، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە نوێنەرایەتی دەنگی كورد دەكات، لە ئیستانبوڵو ئەنكەرەو شارە گەورەكانی تر كە زۆرینەی دانیشتوانەكەیان كورد نین، كاندیدی بۆ سەرۆكی شارەوانی پێشكەش نەكرد، بەوەش دەنگی كورد لەو شارانە رۆیشت بۆ ئۆپۆزسیۆن. كورد ئەمجارە پشتیوانی كێ دەكات؟ لە هەڵبژاردنی ئیستانبوڵ دەنگی كورد خاڵی یەكلاكردنەوەی كورسی سەرۆكایەتی شارەوانییە، لە هەڵبژاردنی رابردوودا پارتی دیموكراتی گەلان"هەدەپە" كە نوێنەرایەتی دەنگی زۆرینەی كورد دەكات، كاندیدی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ نەبوو، پشتیوانی لە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو، كاندیدی (جەهەپە) كرد، لەم هەڵبژاردنەشدا سەرەڕای كۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان، بەهەمان شێوە پشتیوانی خۆی بۆ كاندیدەكەی (جەهەپە) راگەیاند. پەروین بوڵدانو سەزایی تەمەللی هاوسەرۆكانی (هەدەپە) لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا جەختیانكردەوە، حزبەكەیان هەتا ئێستا ستراتیژو هەڵوێستی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنەكە نەگۆڕیوە. هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی (هەدەپە) لە زیندانەوە هەڵوێستی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنەكە راگەیاندو داوای لە دەنگدەران كرد، دەنگ بە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ بدەن. ئەم هەڵوێستەی (هەدەپە) لە كاتێكدایە (ئاكەپە) لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ راكێشانی دەنگی كورد بۆ كاندیدەكەی، ئەوەی بڵاوكردەوە كە گوایە ئۆجەلان لە زیندانەوە داوای لە دەنگدەرانی كورد كردووە بێلایەن بن لەنێوان (ئاكەپە)و (جەهەپە)دا، بەڵام هاوسەرۆكانی (هەدەپە) ئەوەیان رەتكردەوە. راپرسییەكان چی دەڵێن ؟ لەدوای بڕیاری دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئیستانبوڵەوە، زۆرینەی راپرسییەكان كە لە توركیا ئەنجامدراون، ئەنجامەكەی لە بەرژەوەندی كاندیدی (جەهەپە) بووە. نوێترین راپرسی كە رۆژانی 17 بۆ 19ی ئەم مانگە لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی ئیستانبوڵ ئەنجامدراوەو 1500 كەس بەشدارییان تێداكردووە، لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی (جەهەپە) بووە. لەو راپرسییەدا، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ، كاندیدی (جەهەپە) 52.11%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، بن عەلی یەڵدرم كاندیدی ئاكەپە 47%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، نەجدەت گۆكچینار، كاندیدی حزبی سەعادەت كە پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا زۆر هەوڵو تەقەلای دا لە كێبركێكە بكشێتەوە لەو راپرسیەدا 0.84%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە. لە راپرسیەكیشدا كە دامەزراوەی " كۆندا"ی تایبەت بە راپرسی ئەنجامیداوە، ئیمام ئۆغڵو 54%و یەڵدریم 45%ی دەنگەكانیان بەدەستهێناوە. یەڵدرم.. هاوپەیمانە دڵسۆزەكەی ئەردۆغان كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ، بن عەلی یەڵدرمە، كە پێشتر سەرۆك وەزیران بووەو پێش ئەوەی ببرێتە ناو كێبركێی سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵەوە، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا بووە. یەڵدرم كە بەرەگەز كوردە، ساڵی 1955 لە شاری ئەرزنجان لە دایكبووەو پسپۆری ئەندازیارییو دەریاوانییەو سەرپەرشتی چەندین پرۆژەی گرنگی لە بواری ژێرخانی توركیاو گواستنەوەی دەریاییدا كردووە، كە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەرێتی (ئاكەپە) لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا لە ساڵی 2002ەوە. یەڵدرم بە هاوپەیمانە دڵسۆزەكەی ئەردۆغان وەسفدەكرێتو لەوكاتەوە كە ئەردۆغان سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ بووە لەگەڵیدا كاریكردووەو ساڵی 1994 بۆ 2000 بەرپرسبووە لەو هاتوچۆی دەریایی لە شارەوانی ئیستانبوڵ. ساڵی 2001 لەكاتێكدا ئەردۆغان پارتی دادو گەشەپێدانی دامەزراند، چەندین كەسی نزیك لەخۆی هێنایە ئەنكەرەی پایتەخت، یەكێك لەوانەش بن عەلی یەڵدرم بوو. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2002دا یەڵدرم لە شاری ئیزمیر سەركەوتنی بەدەستهێناو هەر ئەو هەڵبژاردنە (ئاكەپە)ی گەیاندە كورسی دەسەڵاتو دوای ئەوەی ئەردۆغان بووە سەرۆكی حكومەت پۆستی وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی بە یەڵدرم سپاردو تا 2007 لەو پۆستەدا مایەوە. لە هەڵبژاردنی 2007دا جارێكی تر یەڵدرم لە شاری ئەرزەنجانی زۆرینە كورد خۆی كاندیدكردو سەركەوتنی بەدەستهێناو لە پۆستی وەزیری گواستنەوەدا بەردەوام بوو، بەڵام لە ساڵی 2011دا لە شاری ئیزمیر سەركەوتنی بەدەستهێناو دەسەڵاتەكانی وەزارەتەكەی فراوانكراو گواستنەوەی ئاوییشی خرایەسەر. لە میانی خزمەتكردنیدا لە وەزارتی گواستنەوە، یەڵدرم هێڵی دەریایی ئیستانبوڵ- یالۆڤا، ئیستانبوڵ- بالیكی كردەوەو چەندین خزمەتی پێشكەش بە كەرتی دەریاوانیو رێگەی ئاویی كرد لە ئیستانبوڵ، پاشان رویكردە ئیزمیرو چەند پرۆژەیەكی وەك شەمەندەفەری خێرا، پەرەپێدانی ژێرخانو ئینتەرنێتو هێڵی ئاسمانیو رێگا خێراكانی بۆ ئەو شارە پێشنیاركرد، بەهۆی ئەو پرۆژانەوە شاری ئیزمیر بەرووی (ئاكەپە)دا كرایەوە كە پێشتر ئامادەگی لەو شارە زۆر كەمبوو. یەڵدرم ئازاری 2014 خۆی بە سەرۆكایەتی شارەوانی ئیزمیر كاندید كرد، بەڵام شكستیهێنا، پاشان ئەردۆغان وەك راوێژكاری خۆی بۆ بواری وەبەرهێنان دەستنیشانی كرد. ساڵی 2016 ئەردۆغان متمانەی بە یەڵدرم كردو سەرۆكایەتی پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری پێسپاردو دواتر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپێردراو پاشان ئەركی هەمواركردنەوەی دەستوری وڵاتو گۆڕینی سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی پێسپێدراو ئەوەش لە ساڵی 2018 ئەنجامدرا. دوای سەركەوتنی راپرسی هەمواری دەستورو هەڵبژاردنی ئەردۆغان وەك سەرۆك كۆمارو هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، ئەردۆغان یەڵدرمی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندیدكردو تا تەموزی 2018 لەو پۆستەدا مایەوەو پاشان كاندیدكرا بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی ئیستانبوڵو لە هەڵبژاردنەكەدا بە جیاوازییەكی كەم بەرامبەر ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ شكستیهێنا.
ئامادەكردنی: سەردەشت عەزیز بەشی یەكەم ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٢ حكومەتی چینی وەك دیارییەك بەبڕی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بارەگای یەكێتی ئەفەریقای لە”ئەدیس ئەبابا” ی پایتەختی ئەپیوبیا دروست كرد، هەموو پێداویستیەكانی بارەگاكە، بەسیستەمی كۆمپیوتەری و بنكەی زانیاریشەوه چین دابینی كرد، بۆ ماوەی چەند ساڵێك ئەم بارەگایە بو بە رەمزێك بۆ نزیكبونەوەی نێوان وڵاتانی ئەفەریقاو چین و جوڵەی بازرگانی زۆر بەخێرایی گەشەی كرد، لە لەماوەی ئەو ساڵەدا پەیوەندی بازرگانیان بەڕێژەی %٢٠ی زیادیكردو بەمەش چین بوە بەگەورەترین هاوبەشی بازرگانی لەئەفەریقا. لەمانگی یەكی ساڵی ٢٠١٨ دا رۆژنامەی لۆمۆندی فەڕەنسی هەواڵێكی بۆمب ئاسای بڵاوكردەوەو كە سیستەمی كۆمپیوتەری یەكێتی ئەفەریقا كەوتوەتە مەترسییەوە، رۆژنامەكە لەچەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە بڵاوی كردەوە كە ماوەی پێنج ساڵە لەنیوەشەواندا، بەبێ ئاگاداری خۆیان سەرجەم زانیاریەكانی یەكێتی ئەفەریقا لەسێرڤەرەكانی بارەگاكەوە لەئەپیوبیاوە دەگوازرێتەوە بۆ شەنگەهای چینی، كەدوری نێوانیان ٨ هەزار كیلۆمەترە، ئەم گواستنەوەی داتایە بۆ ماوەی ١٨٢٥ رۆژ بەردەوام بوە. ئاشكرابونی دزینی ئەم زانیاریانەش كاتێك بوە كە بارەگاكە داخراوەو دەوامی تێدانەبوە بەڵام توێژەرێك لەناو بارەگای یەكێتی ئەفەریقا ماوەتەوە، وەك شەوەكانی دیكە كەدەستكراوە بەگواستنەوەی زانیاریەكان بۆ شەنگەهای ئەم توێژەرە هەستی بە زەختێكی زۆر لەسەر سێرڤەرەكانی ناو بارەگاكە كردوە، دوای لێكۆڵینەوە دەردەكەوێت كەئەمە پرۆسەی گواستنەوەی زانیاریەكانە بۆ شەنگەهای، دواتریش ئاشكرا بوو كە مایكرۆفۆن و ئامێری گوێگرتن خراوەتە ناو دیوارەكانی بارەگاكەو تەنانەت مێزەكانیشیانەوە. كاردانەوەكانی دوای ئەم ڕاپۆرتە دوای بڵاوبونەوەی راپۆرتەكە، یەكێتی ئەفەریقا و چینیش ئەم زانیاریانەیان رەتكردەوەو وتیان دەستی رۆژئاوایە بۆ تێكدانی نێوانمان، بەڵام بەرپرسانی ئەكێتی ئەفەریقا بەنهێنی بەرۆژنامەی لۆمۆندیان راگەیاندبوو كە دڵگرانن لەحكومەتی چین و دەترسن لەپشت پێبەستنیان پێی. ئەم هەموو كێشەیە كەدروست دەبێت نهێنیەكەی كۆمپانیایەكە كەئەویش(هواوی)ە چونكە دابینكەری سەرجەم ئامێرەكانی پەیوەندی و سیستەمی كۆمپیوتەری ناو بارەگاكە بوو، هەرچەند بەڵگەی یەكلاكەرەوە نەبوو كەگوایا هواوی بەئەنقەست ئەم كارەی كردوە یان نا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان بوە چۆن دابینكردنی ئەم هەموو ئامێرە بەهواوی درا؟ یان چۆن لەكاتێكدا كە هواوی دابینكەری سەرجەم ئامێرو دامەزرێنەری بنكەی زانیاریی ئەو بارەگایە، بێ ئاگا بوە لەوەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ زانیاری ئەم بارەگایە گوازراوەتەوە بۆ حكومەتی چین؟. وتەبێژی هواوی بە بی بی سی راگەیاندبوو كە ئەوان لەمەسەلەی بردنی زانیاریەكانی بارەگای یەكێتی ئەفەریقا بێ تاوانن و گرفتەكە ئەوان نین. هواوی لەم كێشەیەدا بەبەڵگەی راستەوخۆ تاوانبارنەكرا، لەیارمەتیدانی چیندا بۆ بردنی زانیاریەكان، بەڵام ئەم روداوە ڕۆڵێكی گرنگی هەبوو لەوەی هواوی بخاتە ناو بازنەی گومانەكان و زنجیرەیەك سزادان و بلۆككردنی لەسەر ئاستی جیهان. دامەزراندن و گەشەكردنی هواوی رێن زێنگفەی دامەزرێنەری هواوی لەساڵی ١٩٤٤ لەناوچەیەكی زۆر هەژار، لەباشوری چین لەدایك دەبێت كه لەخێزانێكی ٩ كەسی هەژارەوە هاتوە، هەر ئەم هەژارییەش وایلێكردوە وەك گەنجەكانی ئەو ناوچەیە لەساڵی ١٩٧٢ پەیوەندی بەسوپاوە بكات. لەساڵی ١٩٨٣ بەهۆی كەمكردنەوەی ژمارەی سوپاوە رین سوپا جێدەهێڵێت. پاش ٥ ساڵ لەساڵی ١٩٨٧ ڕێن زێنگفەی هواوی دروست دەكات، سەرەتای هاتنی هواوی و رینی دامەزرێنەری بۆ ناو دنیای بازرگانی نەیان توانی گەشە بكەن و رێنیش هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كەهەموو ژیانی لەناو سەربازیدا بوەو هیچی لەبارگانی نەزانیوەو دواتر خۆی شارەزاكردوە لەبازرگانی و مێژوی ئەوروپادا. دواتر ساڵ بەساڵ هواوی گەشەدەكات و خۆی ئامێرەكانی پەیوەندی دروست دەكات، لەسەرەتای ساڵەكانی ١٩٩٠ەوە هواوی تەندەرەكانی حكومەتی چینی بۆ دابینكردنی ئامێرەكانی پەیوەندی بۆ سوپا پێدەدرا. لەساڵی ١٩٩٥ فرۆشتنی هواوی گەیشتە ٢٢٠ ملیۆن دۆلار بەڵام ئەم پارە بەزۆری لەبازاڕە شەعبیەكانەوە بۆی هات. ساڵی دواتر هواوی نازناوی ‘پاڵەوانی چین ی پێدرا، ئەم نازناوە لەواقیعدا بۆ ئەوەبوو حكومەتی چینی بازاڕی بەڕوی كۆمپانیا بیانیەكانی ركابەری هواوی داخست لەبەرژوەندی هواوی. هواوی یەكێكە لەو كۆمپانیایانەی كه كاریگەری گەورەی لەسەر پێشخستنی ئابوری چین هەیە و ساڵ بەساڵ رێژەی فرۆشتنی لەجیهاندا بەرزدەبوەوەو لەساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەكەمجار چەند رێكەوتنێكی گرنگی لەسەر ئاستی بازاڕی جیهانی كرد. بەڵام سەرباری سەركەوتنەكان، گومانەكان لەسەر هواوی وەك سێبەر لەگەڵیدایە بەتایبەت دوای ئەوەی زانرا كە رێنی دامەزرێنەرو كۆمپانیای هواویش پەیوەندییان لەگەڵ پارتی كۆمەنیستی دەسەڵاتدار لەچیندا هەیەو ئەمەریكا بەئامرازی دەستی حكومەتی چین تۆمەتباری كرد. رێن زێنگفەی دەڵێت وا بیرمەكەنەوە سەركەوتنەكانی هواوی بەهۆی ئەوەوەیە كە ئێمە پەیوەندیەكی تایبەتمان لەگەڵ حكومەتدا هەیە. چونكە ئەگەر كۆمانیاكەش %١٠٠ هی حكومەت بێت هەر دەكرێت شكستخواردو بێت، سەركەوتنی ئێمە بەهۆی كارەكانمانەوەیە نەك حكومەت. تێبینی: بەشی دووەم لەسەر كەیسەكانی دژی هواوی دەنوسم. سەرچاوە: BBC, TECHWORM, Business INSIDER, TechDator, Cnet
درەو میدیا: لێپرسراوێكی ئەمریكا خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی لە بواری ئاسمانی نێودەوڵەتی لەسەر گەروی هورمز لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاستكردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە رەسمی خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەی راگەیاند. بەڵام پێنتاگۆن رەتیدەكاتەوە فڕۆكە ئەمریكییە ئاسمانی ئێرانی بەزاندبێتو دەڵێت كاتێك فڕۆكەكە بە موشەكێك بە ئامانجگیراوە 17 میل لە ئاسمانی ئێرانەوە دووربووە. سایتی سوپا نیوز باڵی میدیایی پاسداران رایگەیاند هێزەكانی سوپای پاسداران فڕۆكەیەكی سیخوڕیكردنی بێفڕۆكەوانی ئەمریكییان لە هەرێمی هورمزگان كە دەڕوانێت بەسەر كەنداودا خستوەتە خوارەوە. بەڵام ئاژانسی فارس كە ئەویش ئاژانسێكی نزیكە لە سوپای پاسدارانەوە رایگەیاند فڕۆكەكە بە بەكارهێنانی سیستمی بەرگری موشەكی " سێیەمی خورداد" خراوەتە خوارەەوە كە بە هەوڵی ناوخۆیی ئێران دروستكراوە. بە بۆچونی پسپۆران سیستمی خورداد كۆپییەكی تەواوەتی چەكی روسی یان چینییە، چونكە ئێران مێژوویەكی هەیە لە كۆپیكردنەوەی چەكی بیانیو لە رابردووشدا موشەكی SA-2 روسیو موشەكی جۆری SA-2 چینیو كۆریای باكوری بەناونیشانی ( سەیاد 1) دروستكردوەتەوە، ئەوەش بەوتەی پەنهان تاڵبلو، توێژەری بواری كاروباری ئێران لە دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراتییەكان. تاڵبلو لە وتارێكیدا دەڵێت:" هاوشێوەی زۆرینەی پیشەسازییەكانی ئێران موشەكی " سەیاد" بنچینەكەی دەگەڕێتەوە بۆ چەكی بیانیو موشەكی سەیاد2 لەسەر بنەماکانی موشەكەكانی SM-1 RIM-66 دیزاینكراوە كە هێزی دەریایی ئێران پێش شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1970 لە ئەمریكا وەریگرتووە. تایبەتمەندییەكانی فڕۆكەكە ئەو فڕۆكە ئەمریكییەی ئەمڕۆ خرایە خوارەوە لە جۆری " گلۆباڵ هۆك" نیە وەك ئاژانسی فارس باسی دەكات، بەڵكو بە گوێرەی بەرپرسێكی پێنتاگۆن كە قسەی بۆ تۆڕی سی ئێن ئێن كردووە فڕۆكەكە ناوی تریتۆنە " MQ-4C Triton". ئەو فڕۆكەیە بەشێكە لە پۆلی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا كە جێگەی فڕۆكەی U-2 ئەمریكی بۆ بواری سیخوڕیكردن گرتوەتەوەو ئەم تایبەتمەندیانەی هەیە: * درێژی فڕۆكەكە نزیكەی 14.5 مەترە، درێژی هەردوو باڵەكەی دەگاتە 40 مەتر، بەرزییەكەی 4.7 مەترەو كێشی 6 هەزارو 779 كیلۆگرامەو خێراییەكەی 475 میلە لە كاتژمێرێكدا. * فڕۆكەكە بۆ یەكەمجار ساڵی 2012 ئاشكراكرا، و ساڵی 2013 بۆ یەكەمجار تاقیكراوەتەوەو ساڵی 2018 یەكەمین ئۆپەراسیۆنی پێ ئەنجامدراوەو ئیدارەی ئەمریكا پلانی داناوە ساڵی 2023 بە تەواوتی بیخاتە خزمەتەوە. * تریتۆن دەتوانێت لە بەرزی 56 هەزار پێوە بفڕێت. * تێچووی دروستكردنی نزیكەی 121 ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە. * خستنەخوارەوە فڕۆكەكە زۆر قورسەو لە رێگەی سیستمی موشەكی S-300 روسییەوە نەبێت ناخرێتەخوارەوە كە ئێران ئەو سیستمەی هەیە. * ئەركەكانی تریتۆن بریتین لە: چاودێریكردن، چالاكی هەواڵگریو سیخوڕیكردن لەسەر زەریاكانو ناوچە كەناراوەكان و دەتوانێت ماوەی زیاتر لە 24 كاتژمێر بەبەردەوامی بفڕێت. * دەتوانرێت موشەكی ئاسمان بە زەمینی لێببەسترێتو لە توانایدایە یەكە دەریاییەكان بكاتە ئامانجو هەروەها دەشتوانێت بەبەكارهێنانی تیشكی سەروو سورو وێنەی كارەباییو تیشكی ئامانجەكان ئاشكرابكاتو پۆلێنیان بكات. * فڕۆكەكە چەندین كامێرای تێدایە كە دەتوانێن بە پلەی 360 چواردەوری فڕۆكەكە وێنەبگرێت لە بازنەیەكدا كە نیوەتیرەكەی زیاترە 2000 میلی دەریایی.
( درەو میدیا): ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا دژایەتی خۆی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كورد لە عێراق راگەیاند، بەڵام جەختیكردەوە لەگەڵ پێویستی رەخساندنی دۆخێكی دادپەروەرانەیە بۆ كورد لە عێراق. بە گوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵ، مێركڵ رۆژی چوارشەممە لە سەردانێكیدا بۆ یەكێك لە خوێندنگەكانی شاری گۆسلار لە ویلایەتی سەكسۆنیای خوارۆۆ لە باكوری ئەڵمانیا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی:" باوەڕم نیە كە بوونی دەوڵەتێك بۆ كوردەكان خزمەت بە ئاشتی بكات لە ناوچەكەدا". مێركڵ داوایكرد مافی ئۆتۆنۆمی زیاتر بە كورد بدرێتو وتی:" پێویستە كوردەكان لە عێراق دۆخێكی دادپەروەرانەیان هەبێت".
(درەو میدیا): خامنەیی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ رێکخەرانی کۆنگرەی " پێنج ھەزارو ٤٠٠ شەھیدی کوردستان" کۆبووەوە. بەیانی ئەمڕۆ کۆنگرەکە لەشاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، ڤیدیۆی دیداری رێکخەرانی کۆنگرەکە لەگەڵ خامنەیی دەستپێکی کردنەوەی کۆنگرەکە بوو. لە دیدارەکەدا خامنەیی لەبارەی کوردەوە دەڵێ:" شەھیدانی ئازیزی کوردستان جیاوازن لە شەھیدانی ناوچەکانی تر، چونکە خەباتکارانی کورد ھاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی بیانی، لە ناوچەکانی خۆیان لەدژی دوژمنانی شوڕش شەڕیان دەکرد، واتە شەھادەت لەم ناوچەیە ئازایەتی و دلێری زیاتری تێدا بووە". لەبارەی پرسی خزمەتگوزارییەکانەوە لە ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، خامنەیی رژێمی پێشووی ئێران "پەھلەوە" تۆمەتبارکرد. خامنەیی باسی لەوەکردووە" لەڕووی فرە نەتەوەییەوە ئێران کەم وێنەیە، سەرەتا دوژمنان ویستویانە لەو رێگەیەوە کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن، بەڵام خەڵکی باوەڕدارو ھۆشیاری کوردستان بە خزمەتکردنی شۆڕش دوژمنانیان نائومێد کردووە". ھاوکات میدیاکانی ئێران چەند وێنەیەکی کۆنی سەردانی عەلی خامنەییان بۆ شاری سنەو شارۆچکەی دزی ناوچەی مەریوانیان بڵاوکردەوە.
درەو میدیا: سێ پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان وەڵامی رونكردنەوەكەی بزوتنەوەی گۆڕان دەدەنەوەو دەڵێن" لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین" لە رونكردنەوەیەكدا هەریەك لە (هۆشیار عەبدوڵا، د.غالب محەمەد و كاوە محەمەد) پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕان لە عێراق رایدەگەیەنن" روونكردنەوەكەی ئەمڕۆ (٢٠١٩/٦/١٩)ی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك ناوەرۆك و وەك نەفەس، رێك پێچەوانەی دید و دنیابینی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئەو دۆسێیانەیش كە قسەی لەسەر كردبوون، تەواو پەیوەستن بە ئێمەی پەرلەمانتارانی بەغدا كە بەردەوام و بەتایبەتیش لەم ماوانەی دواییدا كار و قسەی جدیمان لەسەر كردوون" .................. لەبارەی روونكردنەوەكەی بزووتنەوەی گۆڕان-ەوە روونكردنەوەكەی ئەمڕۆ (٢٠١٩/٦/١٩)ی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك ناوەرۆك و وەك نەفەس، رێك پێچەوانەی دید و دنیابینی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، ئەو دۆسێیانەیش كە قسەی لەسەر كردبوون، تەواو پەیوەستن بە ئێمەی پەرلەمانتارانی بەغدا كە بەردەوام و بەتایبەتیش لەم ماوانەی دواییدا كار و قسەی جدیمان لەسەر كردوون، پێشتر هاوڕێمان هۆشیار عەبدوڵا لەوبارەیەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، بەڵام بەپێویستمانزانی لێرەوە بە تەواوی گۆڕانخوازان و رایگشتی رابگەیەنین كە ئەم روونكردنەوەیە تەعبیر لەرای هەرسێكمان (هۆشیار عەبدوڵا، د.غالب محەمەد و كاوە محەمەد) دەكات و هەموو لایەكیش لەبەردەوامبوونمان لەسەر ئەو رێگەیە دڵنیا دەكەینەوە: رونكردنەوەیەكی پێویست بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی كوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم كە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆرینی ریشەیی تێداكردوە. نەوت ؛ سامانێكی سروشتی و موڵكی خەڵكی كوردستانە. دەبێ داهاتەكەشی بۆ خەڵكی كوردستان بێت،هەر داكۆكیەك لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی كوردستان بەم شیوازەی ئێستای لە دیدی ئێمەدا تاوانێكی نیشیمانیی گەورەیە. هەڵبەتە لە بەغداد ، ئێمە داكۆكی لە مافی دەستوری هەرێم دەكەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشكردنی داهات لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیتیحادی بە شیوەیەك لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەلەی پێوەبكرێت. ئێمە جگە لەوەی كە داوامانكردوە كێشەی نەوت بە دەستور و یاسا چارەسەر بكرێ و دوربگیرێ لە رێكەوتنی سیاسیی ژێر بە ژێر شتێكی ترمان نەگوتوە ئیدی ئەم هەمو هاوئاوازیە لەگەڵ مافیاكانی نەوت بۆ ؟! ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاكانی نەوت دەوەستنەوە خەریكی خۆنواندن و موزایەدە نین بەڵكو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەكەن ئەوەش تەنها لە پێناوی گوتنی راستیەكاندا،چونكە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریكەی هەرێمدا هیچ شتێك لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەكڵاوەكەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایكبو بۆ ئەوەی كۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنیتەوە. لێرەوە سەرلەبەری ئەو نەفەسە رەتدەكەینەوە كە رونكردنەوەكەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێنوسراوە ، ئەم جۆرە لە پاكانەكردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەریە لێی جا هەر كەسێك لە هەر ئاستێكی بزوتنەوەكەدا نوسیبێتی. چاوەرێبوین و (بریاریش وابو)! كە گۆڕان بە رونكردنەوەیەك پشتیوانی هەوڵەكانمان بێت نەك بە كۆمەلێك قسەی لاستیكی داكۆكی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بكات و هیچ ئاماژیەك بەو هەمو تاڵانی و تاوانە نەدات كە بە نەوت و داهاتەكەیەوە دژی خەڵكی كوردستان كراوە و دەكرێت . هەركەسێك بگەرێتەوە بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان،بەرنامە سیاسیەكەی،ئامانجەكانی،میدیاكەی دەزانێت كە ئەوەی ئێمە دەیكەین و دەیڵێن سیاسەتی راستەقینەی گۆڕانە،هەربۆیە بە بێ هیچ دودڵەیەك لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین. لەگەڵ رێزدا كاوە محەمەد د.غالب محەمەد هۆشیار عەبدوڵا ۱۹ی حوزەیرانی ۲٠۱۹
راپۆرت: فازل حەمە رەفعەت - محەمەد رەئوف فڕۆكەوانێكی سوپای عێراق كە تۆمەتبارە بە تێوەگلان لە شاڵاوەكانی ئەنفال خەریكە دەبێت بە كاندیدی هاوبەشی یەكێتیو پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد بڵاودەكاتەوە. وادەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییەكانی نزیكبوەتەوە، مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بە پێكهێنانی كابینەی نوێ، دەیەوێت بەر لە كۆتایی ئەم مانگە لیستی ناوی كاندیدی وەزارەتەكان بخاتەبەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە. بەرپرسانی یەكێتی باسلەوەدەكەن، ئەگەر هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا، پارتی رەزامەندی لەسەر كاندیدێكی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەرنەبڕێت، یەكێتی بەشداری كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ناكات. بڕیارە هەفتەی داهاتوو لایەنەكان كاندیدی خۆیان بۆ پۆستەكان پێشكەشی مەسرور بارزانی بكەن، هاوكات لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی نیشتمانی هەوڵێكی نوێی بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك دەستپێكردووە. فڕۆكەوانێك پارتیو یەكێتی رێكدەخات بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئێستا ژمارەیەك بەرپرسی باڵای یەكێتی ناوی (فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین) فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقیان هێناوەتە پێشەوە وەكو كاندیدی بەهێز بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوكو پارتیش رەزامەندە بە كاندیدكردنی. (درەو میدیا) زانیویەتی، ئێستا لە پشتی پەردەوە هەوڵی چڕ هەیە بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك لەناو سەركردایەتی یەكێتی دروستبكرێت لەسەر كاندیدكردنی (فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین) بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك. ئەنوەر حەمەئەمین كێیە ؟ ئەم پیاوە كە ئێستا بڕیارە ببێت بە كاندیدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لە ساڵی 2008وە فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراقە، وەكو كاندیدی یەكێتی ئەو پۆستەی پێدراوە، ئێستا تەمەنی خانەنشینبوونی نزیكبووەتەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2017 تۆمەتباركرا بە گەندەڵیكردن لە گرێبەستی كڕینی فڕۆكەی چیكی بۆ هێزی ئاسمانی عێراق، بەوهۆیەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لەوكاتەوە رووی لە هەولێر كردووەو لەوێ دەمێنێتەوە، دەوترێت لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دروستكردووە، بەڵام پێدەچێت مێژووی پەیوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كۆنتر بێت، چونكە ساڵی 2015 كاتێك بابەكر زێباری سوپاسالاری عێراق خانەنشین كرا، دەنگۆی دانانی فەریق روكن ئەنور حەمەئەمین لە شوێنەكەی بڵاوبوەوە، بەڵام كاتێك دۆسیەی ئەنفالی بۆ هەڵدرایەوە، پارتی لە كاندیدكردنی ئەنوەر حەمەئەمین بۆ پۆستی سوپاسالار كشایەوە. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین ساڵی 1978 كۆلیژی سەربازی بە پلەی مولازم تەواوكردووە، ساڵی 1980 بووە بە فڕۆكەوان لە پۆلی چوارەمی هێزی ئاسمانی عێراقو لەماوەی جەنگی عێراق- ئێرانو جەنگی رژێمی بەعس دژ بە كورد، بەشداری زۆربەی شەڕەكانی كردووەو فڕۆكەوان بووەو فڕۆكەی هێلیكۆپتەری پێبووە. ئەم پیاوە تۆمەتبارە بەوەی بەهێلیكۆپتەرەكەیەوە بەشداری شاڵاوەكانی ئەنفالی كردووە لەدژی گەلی كورد كردووەو ناوی لە ریزبەندی ژمارەی (21)ی ئەو لیستەدایە كە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڵاویكردوەتەوەو داوای دەستگیركردنو سزادانیان دەكات. فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن، ساڵی 2015 لە لێدوانێكدا وتی"من ئەگەر تاوانبار بم چۆن لەدوای روخانی رژێمەوە دوو پۆستی گرنگم لە وەزارەتی بەرگری پێدراوە، یەكێكیان پشكنەری گشتیو ئەوی تر فەرماندەی هێزی ئاسمانی..". ساڵی 1992 كە كوردستان دوای رزگاربوون لە دەستی رژێمی بەعس سەرقاڵی بنیادنانی پەرلەمانو حكومەت بووە، فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لە بەغداد بووەو كۆلیژی فەرمانبەرانی عێراقی تەواوكردووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە، هەمان ساڵ وەكو فەرمانبەری تایبەت بە كاروباری پلاندانان لە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی سوپای عێراق دامەزرێندراوە. ساڵی 1996 پلەكەی بۆ (عەمید) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 1999 كۆلیژی جەنگیی عێراقی تەواوكردووە، ساڵی 2000 كراوە بە بەڕێوەبەری سەلامەتی فڕۆكەوانی لە هێزی ئاسمانی عێراق. پاشان پلەكەی بۆ (لیوا) بەرزكراوەتەوە، ساڵی 2003 كە رژێمی سەددام حسێن روخا، فەریق روكن ئەنوەر حەمەئەمین فەرماندەی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بووە لە بێجی، واتە تا دواین سات كە رژێمی عێراق لەدەسەڵاتدا بووە، لە سوپای عێراق كاریكردووە. دوای روخانی رژێمی پێشووی لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە وەكو فەرماندەیەكی سوپای عێراق داوای هاوكاری لێكراوە، بەتایبەتیش لە پرسی چۆنیەتی دروستكردنی یەكەی ئاسایشی سەربازییەوە لە كەركوكو سلێمانیو تكریت، یارمەتی هاوپەیمانانی داوە لە دروستكردنی ئەنجومەنە سەربازییەكانی دوای روخانی رژێمی پێشوودا، لەچەندین كاری تردا هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان كردووە، كە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكرد. فەریق روكن ئەنوەر حەمە ئەمین لەدایكبووی پارێزگای كەركوكە. زیاتر لە 40 كاندید بۆ پۆستێك ! یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ناوی زیاتر لە (40) كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك خستوەتەبەردەم پارتی دیموكراتی كوردستانو هەموو ئەو ناوانە رەتكراوەتەوە. پارتی دەڵێت هیچ كەسێك لەوانە وەكو پارێزگاری كەركوك قبوڵ ناكات كە لەڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 تێوەگلاون یاخود پاڵپشتییان كردووە، پارتییەكان دەستەواژەی "ئۆكتۆبەرچی" بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێننو وەكو "خیانەتكار" ناویان دەبەن. پارتی تائێستا بەفەرمی یەك ناوی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵكردووە كە ئەویش (فەرەیدون عەبدولقادر) ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتییە، بەڵام یەكێتی رەتیكردەوە. یەكێتی كە لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا پۆستی پارێزگاری كەركوكی لەدەستدا، ئێستاش ئەو پۆستە بە پشكی خۆی دەزانێت، دیارترین ئەو ناوانەی یەكێتی لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك پێشكەشی پارتی كردووە ئەمانەن: • رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی • رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی • ئاسۆ ئەڵمانی- بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكو ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی • خالید شوانی- ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی • كاكە رەش سدیق- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، یەكێتی • ئەحمەد عەسكەری- ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك- یەكێتی • رەوەند مەلا مەحمود- جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك • لیوا جەمال تاهیر- بەرپرسی پێشووی پۆلیسی كەركوك، یەكێتی • دكتۆر عومەر ئینجە- جێگری سەرۆكی زانكۆی كەركوك، یەكێتی