هەموارى دەستور لایەنەكان كۆدەكاتەوە

Draw Media

2019-11-05 17:55:03



راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف
مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ عەلی‌و شاسوار عەبدولواحید لە دیارترین ئەو كارەكتەرە سیاسییانە بوون كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێمدا غائیب بوون، محەمەد حاجی مەحمود لە ئێرانە، عیرفان عەبدولعەزیزو ئارام قادر بانگهێشتنەكران، كۆسرەت رەسوڵ هەڵوێستی وەرگرتووە، بارزانیش دووەمجارە ناچێتە كۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی برازایەوە.
 
هەمواری دەستور لایەنەكان كۆدەكاتەوە
ئەمڕۆ سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) لە هەولێر كۆبونەوە، دواتر كۆبونەوەیەكی فراوانتر لە بارەگای نوێی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ئەمجارە جگە لە سێ سەرۆكایەتییەكە، سەرۆك كۆماری عێراق‌و سەرۆكی‌و بەرپرسی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بەشداربوون.
ئەم دوو كۆبونەوەیە بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتە نوێیەكانی عێراق بوو، بەدیاریكراوی هەوڵی هەمواركردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق.
راگەیەنراوی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم، بەرپرسیارێتی ناڕەزایەتییەكانی ئەمڕۆ شەقامی عێراقی خستەئەستۆی " كەموكوڕیی كەڵەكەبووی چەندین ساڵەی حوكمڕانی‌و جێبەجێنەكردنی دەستور" لە عێراقدا.
كرۆكی راگەیەندراوی كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، خۆی لە یەك خاڵدا دەبینێتەوە كە بریتییە لەوەی:" لەكاتی هەر هەموارێكی دەستوردا، دەبێت سیستەمی فیدراڵی‌و ماف‌و ئازادییەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق‌و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان پارێزراو بن".

غایبەكانی كۆبونەوەكە 
سێ كارەكتەری سیاسی دیاری هەرێمی كوردستان كە حزبەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان كورسییان هەیە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی‌و پارتە سیاسییەكان لە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بەشدارنەبوون‌و غائیب بوون، كە ئەمانەبوون:
•     مەسعود بارزانی- سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
•    كۆسرەت رەسوڵ عەلی- جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
•    شاسوار عەبدولواحید- سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ
رۆژی 16ی تشرینی یەكەمی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی هەرێم، بۆیەكەمینجار لەگەڵ سەركردەی لایەنەكان كۆبووەوە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەهەمان شێوە بەشداری ئەو كۆبونەوەیەشی نەكرد.
لەدوای دەستبەرداربوونی لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بارزانی لە نوسراو و راگەیەندراوەكانیدا هەرگیز خۆی وەكو سەرۆكی پارتی ناناسێنێت‌و تەنیا ناوی خۆی دەنوسێت بەبێ ئاماژەكردن بۆ پۆستە سیاسییەكەی. 
نائامادەیی مەسعود بارزانی لە كۆبونەوەكە، بوو بە جێگای سەرەنجی چاودێرانی سیاسی، بەگشتی سێ لێكدانەوەی جیاواز بۆ نائامادەییەكەی بارزانی دەكرێت:
•    لێكدانەوەی یەكەم: بارزانی كە سەرۆكی پارتییە، خۆی لە دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان (سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان) بە گەورەتر دەزانێت‌و ئامادە نییە بەشداری كۆبونەوەیەك بكات كە مەسرور بارزانی كوڕی‌و نێچیرڤان بارزانی برازای تێیدا لە بەشی سەرەوەی مێزی كۆبونەوەكە دانیشتبن، سەرباری ئەوەی پۆستی فەرمی حكومیشیان هەبێت.
•    لێكدانەوەی دووەم: بارزانی خۆی بە هاوشانی سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی تر نازانێت، بۆیە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردووە.
•    لێكدانەوەی سێیەم: بارزانی وەكو مەرجەعی سیاسی هەرێمی كوردستان مامەڵە دەكات، بۆیە بەشداری نەكردووە، چاوەڕێیە سەرۆكایەتییەكان‌و لایەنەكان دواجار بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو و لەبارەگای بارزانییەوە بڕیاری كۆتایی لە هەڵوێستی هەرێم بدرێت.
كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانیش ئامادەنەبوو، سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆسرەت رەسوڵ بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەبەر دوو هۆكار كۆسرەت رەسوڵ بەشداری نەكردووە:
•    هۆكاری یەكەم: نیگەرانییەكانی ئێستای یەكێتی لە پارتی سەبارەت بە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكەی نێوانیان، تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت.
•    هۆكاری دووەم: بەشداری نەكردنی مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆبونەوەكە، ئەگەر كۆبونەوەكە بۆ سەرۆكی حزبەكانە پێویستە مەسعود بارزانی بەشداری بكات و ئەگەر بۆ سەركردایەتییەكانە ئەوا یەكێتی لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی بەشداری دەكات. 
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ یەكێك لەو روخسارە سیاسییە دیارانە بوو كە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەرەتای دروستبوونییەوە هەرجۆرە كۆبونەوە‌و گفتوگۆیەكی لەگەڵ دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە (پارتی‌و یەكێتی) رەتدەكردەوە، بەڵام بەمدواییە لەبارەی پرسی دروستكردنی لیستی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان لە كەركوك، بۆیەكەمجار لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی كۆبونەوەی كرد، ئەوانەی لە جوڵانەوەكە جیابووبونەتەوە، ئەم هەنگاوەیان وەكو پاشەكشێی جوڵانەوەكە ناوبرد، بەتایبەتی دوای دەستگیركردنەكانی سەرۆكی جوڵانەوەكە بەمدواییە‌و دادگایكردنی.
هیمداد شاهین ئەندامی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەكەیان بەفەرمی بانگهێشتی كۆبونەوەی ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێم كراوە، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك بەشداری نەكردووە، لەوانە:
•    ئەم كۆبونەوانە هیچ شتێكیان لێ سەوز نابێت‌و تەنیا كۆبونەوەی شكلی‌و بەردەم كامێران.
•    كۆمەڵێك هێز بانگهێشتی كۆبونەوەكە كراون كە "دوكانی سیاسین"‌و بەراورد ناكرێت بەو هێزانەی كە لە هەڵبژاردندا دەنگی زۆریان هێناون.
•    كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم زۆر زیاترە لە كێشەكانی عێراق كە لایەنەكانی هەرێم بێدەنگییان لێكردووە.

یەك كورسی‌و دوو نوێنەر
بڕیاربوو كۆبونەوەی ئەمڕۆ تەنیا سەركردەی ئەو لایەنانە بەشداری تێدا بكەن كە حزبەكانیان لە پەرلەمانی كوردستان كورسییان هەیە، لەسەر ئەو بنەمایە (عیرفان عەبدولعەزیز) رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی‌و (ئارام قادر) سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی بانگهێشتی كۆبونەوەكە نەكران، ئەو دوو پیاوە لەوانەبوون بەمدواییە سەردانی مەسعود بارزانییان كرد.
بەڵام حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان‌و پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران كە بە هەردووكیانەوە لە پەرلەمان یەك كورسییان هەیە، دوو نوێنەریان بەشداری كۆبونەوەكەی كرد.
عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان وەكو نوێنەری محەمەد حاجی مەحمودی برای كە سكرتێری حزبی سۆسیالیستە بەشداری كۆبونەوەكەی كرد، باپیر كامەلا- ش وەكو سكرتێری پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران لەسەر حسابی هەمان كورسی بەشداربوو لە كۆبونەوەكەدا.
محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری گشتی حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان كە پێشبینی دەكرا بەر لە هەموان بگاتە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێم بۆ بەشداربوون لە كۆبونەوەكە، بەپێچەوانەوە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، محەمەدی حاجی مەحمود ئێستا بە سەردانێك لە كۆماری ئیسلامی ئێرانە‌و ئەمە هۆكاری بەشدارنەبوونی بووە لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا.
ئێستا حزبی  سۆسیالیست هیچ كورسییەكی لە پەرلەمان نیە، دوای ئەوەی عەبدوڵای حاجی مەحمود پۆستی وەزیری شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی وەرگرت، كورسییەكەی سۆسیالیست درا (باپیر كامەلا) سكرتێری پارتی كرێكاران‌و رەنجدەران كە لە هەڵبژاردندا لەگەڵ سۆسیالیست بەیەك لیست بەشداربوون. 

فڕین لەدەرەوە پۆلەكە !
لەبەرامبەر غائیبەكاندا، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و حزبی شیوعی‌و حزبەكانی تر لەسەر ئاستی كەسی یەكەم بەشداری كۆبونەوەكەیان كرد.
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەمە سێیەمینجاربوو كە بۆ كۆبونەوەی فەرمی سەردانی هەولێری كردو مەسعود بارزانی نەبینی، بەڵام عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی رۆژی 8ی ئەیلولی رابردوو، دوای ماوەیەك دابڕان‌و گرژی سەردانی مەسعود بارزانی كرد‌و پەیوەندییەكانی ئاسایی كردەوە، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووش بەردەوام پەیوەندییەكانی لەگەڵ بارزانی ئاسایی بووە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و حزبی شیوعی لەم خولەدا ئۆپۆزسیۆنبوونیان هەڵبژاردووە، واتە لەناو لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكاندا تەنیا جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری كۆبونەوەی ئەمڕۆی نەكرد‌وەو لە دەرەوەی پۆلەكە هەوڵی فڕین دەدات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمدا كە ئەمڕۆ بەر لە كۆبونەوە فراوانەكە لەگەڵ لایەنەكان بەڕێوەچووە، باسلەوە كراوە لەبەرپرسی مامەڵەكردن لەگەڵ گۆڕانكارییە نوێیەكان لە عێراق" بەهیچ جۆرێك پەرتەوازەیی قبوڵناكرێت"، واتە بۆچونی تر لە دەرەوەی كۆدەنگی لایەنە كوردییەكان قبوڵناكرێت، ئەمە پرسیاری ئەوە دروستدەكات ئایا بەم هەڵوێستەی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەتوانێت ئەزموونی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا"ی دووبارەبكاتەوە، كە بەر لە راگەیاندنی وەكو حزبێكی سیاسی، سەركردەكانی لەكاتی ریفراندۆمدا ئەزمونیان كردو پێچەوانەی كۆدەنگی ریفراندۆم هەڵوێستیان وەرگرت.
  
بارزانی لەبری هەموان قسەی كرد
كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆك كۆماری عێراق‌و لایەنە سیاسییەكان بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵوێستی هەرێم سەبارەت بە پێشهاتەكانی عێراق، لەكاتێكی درەنگ وەختدا هات.
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی لایەنەكان‌و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم بكات، پێشتر هەڵوێستی خۆی راگەیاند‌و ئەوەی ئەمڕۆ لایەنەكان بڕیاریان لەسەردا، جەختكردنەوەی بوو لەسەر هەڵوێستەكانی پێشتری بارزانی. 
مانگێك لەمەوپێش، ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانی عێراق سەردانی پیرمامی كرد‌و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆبووەوە.
بارزانی كە هیچ پۆستێكی فەرمی نەبوو، بەر لەوەی دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن، لەگەڵ عەلاویدا رێككەوتنێكی (4) خاڵی كرد سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەكان لە عێراق، یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە ئەوەبوو كە هەردوولا هەرجۆرە گۆڕانكارییەك لە دەرەوەی رێوشوێنە دەستورییەكان رەتدەكەنەوە، لەمەدا مەبەستیان لە هەوڵەكان بوو بۆ دروخستنەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەژێر پەردەی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەتی خەڵكدا.
رۆژی 27ی ئۆكتۆبەر فاڵح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێك گەیشتە پیرمام‌و لەگەڵ مەسعو بارزانی كۆبووەوە. بەپێی هەواڵی سایتی (بارەگای بارزانی)، لە كۆبوونەوەكەدا "بیروڕا لەبارەی گرژی و خۆپێشاندانەكانی بەغدادو پارێزگاكانی باشووری عێراق ئاڵوگۆڕ كراوە، هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراقی دووپاتكردەوە لە جێبەجێكردنی چاكسازی و داوكارییە رەواكانی هاوڵاتیان و خۆپێشاندەران".
لەبارەی پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانەوە، بارزانی پێش دامەزراوە فەرمییەكان قسەی كرد، رۆژی 20ی مانگی رابردوو لە پەیامێكدا هۆكاری روداوەكانی ئەمڕۆی عێراقی بۆ "جێبەجێنەكردنی دەستور" گەڕاندەوە، ئەمە هەمان ئەو قسەیەیە كە ئەمڕۆ لە راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی لایەنەكان جەختی لەسەر كراوە.
 سەبارەت بە هەمواری دەستوری عێراقیش بارزانی وتی:" نابێ گۆڕینی دەستوور ببێتە هۆی پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی‌و پاشەكشەی مافی گەلی كوردو پێكهاتەكانی تر"، ئەمەش بەتەواوەتی لە راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەمڕۆی لایەنەكان‌و سەرۆكایەتییەكاندا رەنگیداوەتەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand