سیناریۆ پێشبینیكراوەكانی دۆخی عێراق 

2019-11-09 07:52:24

ڕاپۆرت: دەرومیدیا
دۆخی عێراق وەك ئەو شەفەمەندەرە وایە كە بەخێرایەكی لەڕادەبەر بە تونلێكدا دەڕوات ئەو سەری دیارنییە، گەندەڵی و نادادی لە دابەشكردنی سەروەت و سامانی گشتی، هەژاری و بێكاری، ئەو زەمینە بە پیتەیە كە بەردەوام عێراقی بەكراوەیی بەڕووی هەموو ئەگەرەكاندا هێشتۆتەوەو، فەوزاو پشێوی كردووە بە یەكێك لە بژاردە بەهێزو پێشبینكراوەكان.
لەدوای 25ی مانگی ڕابردوەوەو هاتنە ناوەوەی موقتەدا سەدر (ڕابەڕی ڕەوتی سەدر) بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەران، ئەوەندەی نەمابوو شەڕی ناوخۆ لەناوماڵی شیعە هەڵگیرسێت، بەڵام بەفشارو دەستوەردانی ئێرانییەكان و مەرجەعییەت  ڕێگەی لێگیرا.

سەدر بێدەنگ كرا
•    سەدر بەهەموو هێزی خۆیەوە هەوڵی لابردنی عادل عەبدولمەهدی دا، پێشبینیەكان لەو كاتەدا لەنێوان دوو بژاردەدا بوو، ڕۆیشتن بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەخت یان فەوزاو پشێوی.
•      ئێرانییەكان و هادی عامری و هەندێك هێزی تری عێراقی هەڵوەشاندنەوەی حكومەتیان بە ڕیسك و مەترسیەكی گەورەزانی و دژی هەوڵەكانی سەدر بۆ لەكارخستنی حكومەت وەستانەوە، نەشیانویست ئەو دەرفەتە بدەن بە سەدر وەك بڕیاردەری یەكەمی پرۆسەی سیاسی عێراق دەربكەوێت و، كلیلی پێكهێنانی حكومەت و هەڵوەشاندنەوەی بدەنە دەست.
•    دوای بێدەنگكردنی سەدرو بردنی بۆ ئێران، گرەوی گەورە لەسەر قسەی یەكلاكەرەوەی مەرجەعەییەت بوو (ئیرحەل) لەحكومەت بكات. پاش دوو هەینی چاوەڕوانیی، سیستانی هەمان ئەو قسانەی كرد كە نەیارانی ڕوخاندنی حكومەت دەیكەن بەڵام بە زمانێكی تر، ئەمەش زۆرێك بە گلۆپی سەوزی بەردەوامبونی حكومەت ‌و، پێدانی دەرفەتێكی زیاتر بە عادل عەبدولمەهدی لێكیدەدەنەوە.

خۆپیشاندانەكان عەبدولمەهدی بەهێزتر دەكات!

•    زۆرێك لەپێشبینییەكان وای بۆ دەچوون لە دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستلەكاربكێشێتەوە.
•     هەندێكی تر داواكەی سەدر_یان بۆ ڕۆیشتنی عەبدولمەهدی بە لێدانی زەنگی كۆتایهاتنی حكومەتەكەی لێكدایەوە. 
•     بە پێچەوانەی هەموو ئەو پێشبینیانە، عادل عەبدولمەهدی دەستی لەكارنەكێشایەوەو سەدر_یش كەخاوەنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە نەیتوانی بیخات.
•    عەبدولمەهدی ئێستا لەپێگەیەكی بەهێزترەوەو بەزمانێكی توندتر هەڕەشەی سزادان لەهەموو ئەوانە دەكات كە زیان بەدامەزراوەكانی دەوڵەت دەگەیەنن. 
•    لەدوای ئەم پێشهاتە نوێیانە، ئەگەری بەهێز بەردەوامبونی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و دەستپێكردنی هەنگاوەكانی چاكسازییە، گریمانەی بەهێزیش بۆ كۆتایهێنان بە خۆپیشاندانەكانەكان،  بڵاوەپێكردنییانە لەڕێی هێزەوە یان گرەوكردنە لەسەر كات و ماندوكردنی خۆپیشاندەران و، چۆڵكردنی شەقامەكان.
•    لەئەگەری بەردەوامبونی خۆپیشاندانیش بەشێوەیەكی ئاشتیانە وەك ئەوەی مەرجەعییەت داوای دەكات، دیسان لە قازانجی هەنگاوەكانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدییەو، گوڕوتین و هێزێكی زیاتری دەداتێ‌ تا لەبواری چاكسازی و دژایەتیكردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵكاراندا هەنگاوی گەورەتر بنێت.
  
بەڕای زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی، مانەوەی عادل عەبدولمەهدی مانای گەڕانەوەی عێراق نییە بۆ پێش خۆپیشاندانەكان، ڕەنگە مێژوو خۆی دووبارەكردبێتەوە، وەك چۆن حەیدەر عەبادی سودێكی گەورەی بینی لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2016 و كۆمەڵێك چاكسازی دارایی و ئیداری كرد و چەندین بڕیاڕی گرنگی خستە بواری جێبەجێكردنەوە كە ئەگەر لە ژێر فشاری خۆپیشاندا نەبوایە نەیدەتوانی بڕیاریان لێبدات، نزیكترین پێشبینی ئەوەیە ئەم خۆپیشاندانەش هێزێكی زیاتر بداتە عەبدولمەهدی و دەستكراوەتری بكات بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك گۆڕانكاری كە ڕەنگە لە دۆخێكی ئاسایدا هەرگیز بۆی نەچێتە سەر.    
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand