راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت – محەمەد رەئوف سبەینێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە، سەرۆكایەتی هەرێم دەیەوێت كورد بە "یەكڕیزیی" بچێتە گفتوگۆیەكی نوێوە لەگەڵ بەغداد، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو) مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوەختەو بە فەرمی دەستی بە گفتوگۆ كردووە، بارزانی رازی نییە بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكانو داوای مانەوەی وەزیرە كوردەكانی كابینەكەی عەبدولمەهدی دەكات لە شوێنی خۆیان، لەبەرامبەردا پەرلەمانتارانی لایەنەكانی دەرەوەی پارتیو یەكێتی كە بە "گروپی 15" ناسراون داوای دانانی كەسانی سەربەخۆ دەكەن، یەكێتیش سەرقاڵی هەڵبژاردنی سەركردایەتی نوێی حزبەكەیەتیو پرسەكەی بۆ بەرهەم ساڵح جێهێشتووە، كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق جارێكی تر ریزی كوردی پەرتكردوەتەوە، لەم راپۆرتەدا (درەو) زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. كورد لەبەردەم كابینەیەكی نوێدا جارێكی تر كورد كەوتەوە بەردەم پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق، كابینەیەك كە بەشێوەیەكی كاتیی بە سەرۆكایەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی پێكدەهێنرێتو بڕیارە لەماوەی ساڵێكدا دوای پێكهێنانی، بانگەشەی سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بكات. خۆپیشاندەرانی شارەكانی عێراق دانانی كاندیدی حزبەكان لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ رەتدەكەنەوە، حزبەكانیش دەیانەوێت هاوشێوەی كابینەكانی رابردوو بەشێوە پشكێنەی حزبیو تائیفی پۆستەكان دابەشبكرێت، عەلاوی كەوتوەتە نێوان بەرداشی ناڕەزایەتی شەقامو فشاری لایەنە سیاسییەكان. كورد لە كابینەی عەلاویدا كابینەی حكومەتی عێراق بەپێی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە دەبێت پۆستە وزارییەكانی لە خەڵكانی سەربەخۆو تەكنۆكرات پڕبكرێتەوە، ئەمە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی نیگەران كردووە. بڕیارە سبەینێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ قسەكردن لەبارەی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێم، مستەفا سەید قادر سەرۆكایەتی دەكات، نێچیرڤان بارزانی دۆسیەی فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی داوەتە دەست مستەفا سەید قادر، رەنگە ئەمە بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەبێت فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق كە مستەفای سەید قادر سەربەو بزوتنەوەیەیە، لەگەڵ بۆچونەكانی پارتیدا لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێ هەماهەنگ نییە. كۆبونەوەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ یەكخستنی هەڵوێستی لایەنە كوردییەكانە لەبارەی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام كۆبونەوەكە لەكاتێكدا دەكرێت پێشوەختە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبێ ئاگاداركردنەوەی لایەنەكانی تر دانوستانی لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد دەستپێكردووە. دانوستانێكی پێشوەختە سەرۆكایەتی هەرێم لەكاتێكدا هەوڵی كۆدەنگی نێوان لایەنەكان دەدات، كە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد دەست (درەو) كەوتوون، دوێنێ فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق دور لە چاوی كامێراكان بە نوێنەرایەتی مەسعود بارزانی لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، فوئاد حسێن لەو كۆبونەوەیەدا محەمەد تۆفیق عەلاوی لەوە ئاگاداركردووە كە بارزانی رازی نییە لەوەی كەسانی سەربەخۆو ناحزبی لە پۆستە وزارییەكاندا، ئەوانەی كە پشكی كوردن، دابنرێن. سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، مەسعود بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی قسەی كردووەو رای بارزانی ئەوەیە دەبێت گۆڕانكاری لە وەزیرەكانی كورددا نەكرێت، واتە هەریەكە لە (فوئاد حسێن وەزیری دارایی)و (بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە)و (فاروق ئەمین شوانی وەزیری داد) كە لەسەر پشكی كورد لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا دانراون، وەكو خۆیان لە كابینەی نوێدا لە پۆستەكانیان بمێننەوە، چونكە بەپێی قسەی بارزانی كورد بەشێك نەبووە لەو كێشانەی كە ئێستا لە عێراق روو دەدەن، ئەمەش داواكارییەكە كە تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە محەمەد تۆفیق عەلاوی رازی نەبووە لەسەری. (درەو) زانیویەتی، هەریەكە لە كوتلەكانی سائیرونو فەتح كە زۆرینەی پێكهاتەی شیعەكان لە پەرلەمان پێكدەهێنن، قایل بوون بەوەی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتدا دابنرێن، بەڵام سوننەكان بە دیاریكراویش محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاوڕای مەسعود بارزانیەو داوا دەكەن خۆیان كەسانی حزبیی بۆ پۆستەكان كاندید بكەن. بڕیارە بەمزوانە محەمەد تۆفیق عەلاوی سەردانی هەولێر بكات بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ مەسعود بارزانیدا، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو) بەر لە هاتنی بۆ هەولێر، محەمەد تۆفیق عەلاوی هەریەكە لە (هادی عامری) سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحو (وەلید كریماوی) نوێنەری موقتەدا سەدری سەرۆكی هاوپەیمانی سائیرون دەنێرێتە لای بارزانی تاوەكو قایلی بكەن بەوەی كورد كەسانی سەربەخۆ بۆ پۆستەكان كاندید بكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی پێكهاتەی شیعە رازی بووە لەسەر دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكاندا. محەمەد تۆفیق عەلاوی بە پاڵپشتی موقتەدا سەدرو هادی عامری راسپێردراوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بۆیە لەچارەسەركردنی هەر كێشەیەك كە بێتە بەردەم دەگەڕێتەوە بۆلای سەدرو عامری. بارزانی ئەگەر قایل ببێت بە دانانی كەسانی سەربەخۆ، ئەوا لە هەموو حاڵێكدا ئەو كەسانەی كە بۆ پۆستە وزارییەكان كاندید دەكرێن، دەبێت كەسانی دڵخوازی بارزانی بن. بەپێی هەواڵێك كە دوێنێ سایتی (سۆمەرییەنیوز) لەزاری سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی دەزانێت بارزانی بە دانانی كەسانی سەربەخۆ لە پۆستەكان قایل نابێت، بۆیە بۆ ئەوەی توشی شەرمەزاری نەبێت لەڕێگەی نوێنەرێكی خۆیەوە داوای لە بارزانی كردووە ناوی كاندیدە سەربەخۆكانی كورد بنێرێت بۆ پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ. لەكابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا بڕیارە چەند وەزارەتێكی نوێ زیاد بكرێت، لەوانە وەزارەتێكی تایبەت بە ژنان، بەڵام پشكی كورد وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە سێ وەزارەتەو دوانیان لای پارتی دیموكراتی كوردستانەو وەزارەتێكیش لای یەكێتییە. پشكی كوردو پڕكردنەوەی پۆستەكانی كابینەی پێشووی حكومەت كە عادل عەبدولمەهدی ئێستا بەشێوەی كاربەڕێكەر سەرۆكایەتی دەكات، بەپێی رێككەوتنێكی پێشوەختەی نێوان مەسعود بارزانیو هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح یەكلاكرایەوە، رێككەوتنی ئەمجارەش بەهەمان شێوە لەنێوان عامریو بارزانیدا دەبێت. دانوستانێكی تر چەند كاتژمێرێك دوای كۆبونەوەی فوئاد حسێن لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی، دوێنێ شەو نوێنەرانی (15) پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق كە ناوی "گروپی 15"یان لێنراوە، لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆبوونەوە. "گروپی 15" پێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئایندە (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەوە)، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری سەركەوتن بۆ پەرلەمانو ئێستا سەربە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقن). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكەی دوێنێ شەو لەسەر داوای محەمەد تۆفیق عەلاوی بووە، تێیدا نوێنەرانی "گروپی 15" جەختیان كردووە لەسەر ئەوەی، ئەوان وەكو ئەو (15) پەرلەمانتارە هیچ كاندیدێكیان بۆ پۆستە وزارییەكان نییەو خوازیارن كەسانی سەربەخۆ لە پشكی كورد لە پۆستەكان دابنرێن، بەپێچەوانەوە ئامادە نین دەنگ بە كابینەكە بدەن، بەڵام ئەگەر عەلاوی داوایان لێبكات دەتوانن كەسانی سەربەخۆی لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستنیشان بكەن. (درەو) زانیویەتی لەماوەی رابردوودا چەندجارێك پارتی لەڕێگەی حزبەكانیانەوە هەوڵیداوە گروپی (15) هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام تائێستا هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبووە، "گروپی 15" لەو پەرلەمانتارانە پێكهاتووە كە هەندێكیان بەردەوام رەخنەی توند لە سیاسەتەكانی پارتی دەگرن بەتایبەتیش لە بەغداد، ئەمانە وەكو هێڵێكی نوێی بەرەی دژە پارتی دەردەكەون كە لە بەغدادەوە دەستیان بەجموجوڵ كردووەو سەركردایەتی پارتییان نیگەران كردووە. كەسە دیارەكانی ناو "گروپی 15" ئەوانەی كە پارتی لێیان نیگەرانە، سبەینێ بەشداری لە كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا ناكەن، ئەمانە پێیانوایە پارتی بەردەوام لەژێر ناوی "یەكڕیزیی"دا هەموو پشكەكانی بەغداد بۆ خۆی كۆدەكاتەوەو لایەنەكانی تر بێبەش دەكات، سەرباری ئەمەش لە وەرگرتنی بڕیاردا لەبارەی ئەو پرسانەی كە لە عێراقدا دەگوزەرێن پرسو رایان پێناكرێتو پارتی پێشوەختە خۆی بڕیار دەداتو دواتر داوایان لێدەكات ئەوان شوێن بڕیارەكانی پارتی بكەون. لە كۆبونەوەی سبەینێی سەرۆكایەتی هەرێمدا، فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر ئاستی سەرۆكی فراكسیۆن بەشداری دەكەن، بەڵام فراكسیۆنی گۆڕان سەرۆكی فراكسیۆنەكەی كە یوسف محەمەدە بەشدار نابێتو لە بری ئەوە بەهار مەحمود نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكە دەكات لە كۆبونەوەكەدا، فراكسیۆنی ئایندەش بەشدار نابن. پارتیو گروپی 15 گروپی 15 پەرلەمانتارە كوردەكە دەیانەوێت وەكو بەشێك لە نوێنەرایەتی كورد لە بەغداد مامەڵەیان لەگەڵ بكرێتو گوێ بۆ داواكارییەكانیان بگیرێت، بەڵام ئەوەی تائێستا روودەدات ئەوەیە سەركردە سیاسییەكانی عێراق زیاتر مامەڵە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستانو بەدیاریكراویش مەسعود بارزانیدا دەكەن. بەمدواییە كە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان دا، ئەمریكا لەسەر ئاستی باڵا كە مایك پۆمپیۆ-ی وەزیری دەرەوە بوو لەگەڵ بارزانیدا قسەی كردو داوای لێكرد كورد بەشداری دەنگدانەكەی عێراق نەكەن، گروپی 15 پەرلەمانتارەكە پێشوەختە بڕیاریاندا لەسەر ئەوەی بەشداری كۆبونەوەكە نەكەن، بەڵام دواجار دەستكەوتە سیاسییەكە چووە گیرفانی بارزانییەوە. ئەوانەی گروپی 15 پێكدەهێنن، جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ناو گروپەكە رێككەوتنیان لەگەڵ پارتیدا نییەو لە كوردستان ئۆپۆزسیۆنن، رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتەو پەیوەست نییە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە عێراق. لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا، لەبەر رۆشنایی ئەو رێككەوتنەی كە لە كوردستان لەگەڵ پارتی هەیبوو، بزوتنەوەی گۆڕان چاوی لەوە بوو لە سێ پۆستە وزارییەكەی كورد لە عێراق، یەكێك لە پۆستەكان وەربگرێت، بەڵام پارتی ئەم كارەی بۆ گۆڕان نەكرد، ئەمە نوێنەرانی گۆڕانی لە بەغداد نیگەران كرد. یەكێتی چی دەكات یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەم رۆژانە سەرقاڵی دانانی سەركردایەتی نوێی حزبەكەیەتی، بۆیە ناپەرژێتەسەر دانوستانەكانی بەغدادو گۆڕەپانەكەی بۆ بارزانی چۆڵكردوەتەوە. یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدیدا كە تائێستا كاردەكات، یەك وەزارەتی وەرگرت كە وەزارەتی داد بوو، فاروق ئەمین شوانی كە لەسەر یەكێتی ماڵە، بەهۆی ناڕەزایەتی پارتییەوە دوای شەش مانگ لە پۆستەكەی دەستبەكاربوو، پارتی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ وەزارەتی داد رەتدەكردەوە، ئەمە پڕكردنەوەی پۆستەكەی دواخست، فاروق ئەمین شوانی كە ئێستا لەسەر یەكێتی لە پۆستی وەزارەتی داد دانراوە، نزیكە لە پارتییەوەو لەناو یەكێتیدا زیاتر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئاگاداری كاروبارەكانیەتی، سەرباری ئەمە، پۆستی وەزارەتی داد بەرلەوەی بدرێت بە كاندیدەكەی یەكێتی لەلایەن بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوەی سەربە پارتییەوە بەشێوەی وەكالەت بەڕێوەدەبرا، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) بەنگین رێكانی كاتێك پۆستەكەی رادەستی فاروق ئەمین شوانی كردووە كە پۆستی بەڕێوەبەر گشتییەكانی وەزارەتەكەی لە خەڵكانی سەربە پارتی پڕكردوەتەوە، واتە وەزارەتێكی بەتاڵی رادەستی كاندیدەكەی یەكێتی كردووە. یەكێتی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی بۆ بەرهەم ساڵح جێهێشتووە.
درەو: وەرگیراوە رۆژنامەی شەرقلئەوسەت وێڕایی دەركەوتنی نیشانەی ماندوبوون بە ڕووخسارییەوە، (سەوسەن) چالاكانە هەوڵی بەجێگەیاندنی داواكاری كڕیارەكانی دەدات لەیەكێك لە دوكانەكانی (دیمەشق)، ئەوەش دوای ئەوەی لەپڕ خۆی وەك تاكە بەخێوكەری خانەوادەكەی بینیوەو، ناچاربووە ڕۆڵی دایكو باوك لەیەككاتدا ببینێت. لەم ڕۆژانەدا، ئەوەی لەگەڕەكانی دیمەشق بسوڕێتەوە تێبینی دەكات كە بازاڕو شوێنە گشتییەكان جمەی دێت لەژنان، بەجۆرێك هەندێك بە "شاری ژنان" ناو دەبەن بەهۆی زاڵبونی زۆری ژمارەی مێینە بەسەر نێرینەدا، لەكاتێكدا هەندێكی تر شاری (تەرتوس) لەكەنارەكانی سوریا بە "شاری بێوەژنەكان" ناو دەبەن، بەهۆی كوژرانی ژماریەكی زۆر لەپیاوەكانی لەجەنگدا، كە پێدەچێت زیاتر لە هەزار پیاویان لەناو سوپای سوریادا كوژرابێت. (سەوسەن)، خانمێكە تەمەنی 25 ساڵە، كێشەی لێزانیو ئەزمونی نییە لەمامەڵەكردن لەگەڵ كڕیارەكان، لەڕێی پیشاندانی زەردەخەنە لەكاتی بەجێگەیاندنی داواكانیان، ڕوونیدەكاتەوە ئەو"سەرپشك نەبووە لە كاركردن لەبازاڕ بەڵكو ناچاربووە لەپێناو بەخێوكردنی دوو منداڵەكەی، دوای ئەوەی بەهۆی جەنگەوە دوو ساڵە مێردەكەی لەدەستداوە كەتاكە بەخێوكەریان بوو". (سەوسەن) هیچ شەرمێك نابینێت لەكاركردن بۆ ماوەی 8 كاتژمێر لەڕۆژێكدا لەگەڵ ئەوەی زۆرترین كرێكارەكانی لەگەڵیدان پیاون، ئەو بە"شەرقلئەوسەت"ی وتوە:" ژیان زۆر قورسە، بەم دواییانە قورستر بووە، پێویستە كاربكەم بۆ ئەوەی خۆمو منداڵەكانم بژێنم، كەس نییە لەدەرگاكەمان بداتو لیرەیەك یان نانێكمان بداتێ". ئەو خانمە ڕوونیدەكاتەوە، ژیانی باشترە لەژیانی هەندێك خانەوادەی كۆچبەر كە بەخێوكەرەكەیان لەدەستداوەە، ناچارن پارەیەكی زۆر بدەن بە كرێی خانوو، دەڵێت:"سوپاس بۆ خودا، حاَلمان باشە، من كۆچمنەكردووە لەماڵەكەم، مانگانە 60 هەزار لیرە وەردەگرم، خاوەن كارەكەم پیاوێكی باشەو بە بەردەوامی پاداشت دەدات بە كرێكارەكان، هاوكاریش لە كۆمەڵە خێرخوازییەكان وەردەگرم"، یەك دۆلاری ئەمریكی هاوتای هەزار لیرەی سورییە. مردنی ژمارەیەكی زۆر لەپیاوان لە جەنگی سوریادا كە ناوەڕاستی مانگی ئازاری داهاتوو پێدەنێتە ساڵی دەیەمییەوەو، پرۆسەی ڕفاندنو گرتن، بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لەخانەوادەكان لەژێر دەسەڵاتی حكومەتدا بەخێوێكەرەكەیان لەهاوسەرو كوڕەكانیان لەدەستبدەن. ڕێكخراوە مافپەروەر و سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە تەئكیددەكەن، ژمارەی قوربانیانی جەنگ بە زیاتر لە نیو ملیۆن كوژراو مەزەندە دەكرێت، 350 هەزار كوژراویان بە بەڵگەوە تۆماركراون، وێڕایی نزیكەی یەك ملیۆن كەس كە دووچاری بەركەوتنو كەمئەندابوونی ڕاستەوخۆ بوونو، نزیكەی 200 هەزار كەسیش دەستگیركراون، لەكاتێكدا "سەنتەری دیمەشق بۆ لێكۆڵینەوەو دیراسات" (مداد) كە سەر بە حكومەتە، لە لێكۆڵینەوەیەكدا لە ژێر ناونیشانی " لێكەوتەكانی قەیرانەكە-جەنگ لەسەر واقیعی ژنی سوریا" ڕێژەی مردن لە نێرینە لەجەنگی سوریادا گەیشتوەتە نزیكەی 82%. ئەم دۆخە پاڵی بەژنێكی زۆرەوە ناوە بۆ ئەنجامدانی هەندێك كارو پیشە كە پێشتر تەنها پیاوان ئەنجامیدانداوەو، ڕۆڵی باوكی بەخێوكەرو دایكیش لەیەك كاتدا دەگێڕن، ئەمەش دیاردەیەكە پێش جەنگ لەسوریادا نەبووە، بەجۆرێك ئێستا بینینی كچان لە كۆگانی فرۆشتنی جلو بەرگی ئامادەكراوی پیاوانو ژنانو سوپەرماركێتو شرینییەكانو ساردەمەنی بۆتە شتێكی ئاسایی، تەنانەت كاركردن لە بازاڕەكانی سەوزەواتو، كرێكاری پاكوخاوێن كردنەوەی ڕێگاوبانەكانو، شۆفێری ئۆتۆمبیلی كرێو، شوێنی چاككردنەوەی ئۆتۆمبیل. لە ئاماژەكانی بەرزبونەوەی ڕێژەی ژنانو كچانی كاركەر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتو، دۆخی هەژاركەوتنی قوڵ كە زۆرێك لە خێزانەكان بەدەستییەوە دەناڵێنن، بینینی كچانە كەتەمەنیان 18 ساڵی تێپەڕنەكردووە، لە قاوەخانەكان كاردەكەن، كە لەماوەی جەنگدا بەشێوەیەكی فراوان لە دیمەشق بڵاوبوەتەوە، پێشوازی لە سەردانیكەران دەكەنو لەگەڵیان دەڕۆن تامێزێك هەڵدەبژێرنو لەسەری دادەنیشنو،دواتر داواكارییەكانیان جێبەجێدەكەن، ناو بەناویش سەردانیان دەكەن تا ئەوكاتەی لەوێ دانیشن، پاشان بەهای خواردنەوەكانو بەخشیش وەردەگرن. دایكی یوسف، كەخاوەنی سێ كچە، لەدوای ونبونی هاوسەرەكەی لەساڵی یەكەمی جەنگدا لە شتنی ئۆتۆمبیل لەبەردەم بینایی گەڕەكە دەوڵەمەندەكان لەناوەڕاستی پایتەخت كاردەكات، لەبەرامبەر بڕە پارەیەكی باش كە لەخاوەنەكانیانی وەردەگرێت، بەوە خانەوادەكەی دەژێنێت، دەڵێت" منداڵەكان بچوك بوون، هیچ بژاردەیەك نەبووە لەبەردەم جگە لەكاركردن، ئەگینا بێدەرتان دەبووین لەبرسا". ڕوونیشدەكاتەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا كە ئەو كارە ئەنجامدەدات" زۆرێك لەخاوەن ئۆتۆمبیلەكانی ئەو گەڕەكە بوون بەموشتەری، ڕۆژێك پێشتر ئاگاداری دەكەن بۆ پاككردنەوەی ئۆتۆمبیلەكانیان بۆ ڕۆژی دواتر". لەگەڵ كەڵكەبوونی قورسی ژیان بۆ زۆرینەی خێزانەكان، بەهۆی گرانی لەڕادەبەدەرو كەمی داهاتی مانگانە، دایكی یوسف ئاماژە بەوەدەكات كە بەدوای كاردا دەگەڕێت بۆ كچەكانی تا هاوكاری بكەن لە ڕووبەڕووبونەوەی سەختی ژیانو دەڵێت:" كاركردن بۆ كچان نەنگی نییە مادام موحافیزكارن، لەگەڵ لەزۆرێك لە موشتەرییەكانم قسەم كردووە بۆ دۆزینەوەی كار، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی نەبووە"، ئاماژە بەوەشدەكات" هەركارێك دەستبكەوێت پێیاندەكەم دوای گەڕانەوەیان لە قوتابخانە، چونكە خەرجییەكان زۆرن، ناتوانم بە تەنیا دابینی بكەم". ئامارە فەرمییەكان ئاماژەیان بەوە دەكرد كەدەستی كاری ژنان لەسوریا زیاتر لەسەدا 16ی هێزی كاری سوری پێكناهێنن، ڕێژەی بێكاریش لەناو مێینەدا لەساڵی 1994 گەیشتوەتە 11.1، لەساڵی 2004 بۆ 2009 ڕێژەكە بۆ دووهێندە بەرزببوەوە، بەڵام لە نێرینەدا ڕێژەكە 6،3 بووەو بۆ نزیكەی 10.5 بەرزبوەتەوە لە هەمان ماوەدا. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەكان گۆڕانی گەورەی بەسەردا هاتووە لەبەرژوەندی ژنان، دوای ئەوەی زۆرێك لەكەرتەكان پێویستان بە دەستی كاری ژنان بوو بۆ پڕكردنەوەی كەلێنەكانیان بەهۆی كەمی كاركەری پیاو و لاوان. لەگەڵ بێدەنگی سەرچاوە فەرمییەكان لەوڵات لەبارەی ڕێژەی ئێستای كاركەرانی ژنان، بۆ پڕكردنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیانی جەنگ، ئاماژە بە ڕاپۆرتەكانی شارەزایەكی ئابوری لە دیمەشق دەكەین، كە ڕەتیكردەوە ناوی خۆی ئاشكرابكات لەبەر هۆكاری ئەمنیی، زیادبوونی ڕێژەی مێینە لەبازاڕەكانو شوێنەگشتییەكان لەسەر حسابی نێرینە گەیشتوەتە80%. وەك ئەنجامێكی سروستیش، كرێكارانی ژن بەشدارییان كردووە لە بەرزكردنەوەی ئەو چالاكییانەی كە ژنانی سوری ئەنجامیدەدەن بە بەراورد بەپیاو، بە نزیكەی 40% وەك ئاستێكی مامناوەند، ئەمە بەپێی قسەكانی ئەو شارەزا ئابورییە، ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو ڕێژەیە بەرزبوەتەوە بۆ لە 90% لەكۆتایی ساڵی 2015و سەرەتای ساڵی 2016 لەئەنجامی ئەودۆخەی كە جەنگ بەسەر پیاواندا سەپاندویەتی. ژمارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژە بە كۆچكردنی نزیكەی 6 ملیۆن هاوڵاتی سوری دەكات بۆ وڵاتانی دراوسێو وڵاتانی خۆرئاوا لەسەرەتای جەنگەوە، لەكاتێكدا ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوەدەكەن زۆرینەی ئەوانەی لەپیاوانو گەنجانن كە هەڵهاتوون، لەترسی پەیوەندی زۆرەملێو یەدەگبوون لەڕیزەكانی سوپای حكومەت. بەپێی دیراسەیەكی تر، نزیكەی 2.7 ملیۆن كەس كارەكانیان لەهەردوو كەرتی گشتیو تایبەت لەدەستداوە، ئەوەش بووەتە هۆی لەدەستدانی داهاتی نزیكەی 13 ملیۆن كەس بەهۆی ئەو وێرانبوونەی شوێنی كارەكانی گرتونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی كەوتنەداوی خێزانەكان لەتۆڕی قۆرغكردنو هەژاریی، ئەوەش فشارەكانی لەسەر ژنی سوری زیاتر كردووە، كە خۆی وەك بەرپرسیار بینیوەتەوەو ڕووبەڕووی فشارە جۆراوجۆرەكانی ژیان ببێتەوە. لەساڵەكانی پێش جەنگ نرخی لیرەی سوری بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی لەنێوان 45-50 لیرەدا بوو، لەكاتی جەنگدا نرخەكەی هێواش هێواش داڕما، لەئێستا گەیشتوتەوە نزیكە 1050 لیرە. داڕمانی نرخی لیرە بەدرێژایی ساڵانی جەنگ هەموو جارێك هاوشان بووە بە شەپۆلێكی بەرزبونەوەی نرخی زۆرێك لە كەرەستە بنەڕەتییەكان، بەجۆرێك نرخەكان 22 هێندە زیاتر بەرزبونەوە، كە دەكاتە ڕێژەی 2400%، لەسایەی مانەوەی مامناوەندیی مووچەو هەقدەستی كرێكار لەكەرتی گشتی لەنێوان 20 هەزار لیرە نزیكەی(20 دۆلار)و 40 هەزار لیرە نزیكەی(40) دۆلار مانگانە، لەكەرتی تایبەتیش لەنێوان 100 هەزار لیرە نزیكەی(100 دۆلار)و 150 هەزار لیرە نزیكەی(130 دۆلار) مانگانە، لەكاتێكدا تاكە كەسێك پێویستی بە 100 هەزار لیرەیە لەمانگێكدا لە كەمترین ئاستدا، بەپێی لێكۆڵینەوەكانیش زیاتر لە 93% سورییەكان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین. لەئاماژەكانی ڕۆیشتنی ژنانیش بۆ كاركردن، سەرچاوەكانی حكومەت لەوەزارەتو دامەزراوەكان بە "شەرقلئەوسەت"یان ڕاگەیاندووە، زۆرینەی ئەوانەی داوایان پێشكەشە كردووە بۆ دامەزراندن كە لەلایەن ئەو وەزارەتو دامەزراوانەوە ڕاگەیەندراون لەژنانن، لەكاتێكدا لەڕێگاوبانەكان زیادبوونی ڕێژەی ئەو ژنانە بەرچاو دەكەوێت كەجلی سەربازییان پۆشیوە، دوای پەیوەندیكردنیان بە سوپاو ملیلشیاكانی سەربە حكومەت، ئەوەش كارێكی دەگمەن بوو پێش ساڵەكانی جەنگی سوریا.
(درەو): بەر لە كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكان، "گروپی 15" لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە (درەو)ی رایگەیاند، ئەمشەو (15) پەرلەمانتاری كورد كە لەناو پەرلەمانی عێراق كە ناوی "گروپی 15"یان لێنراوە، لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق كۆدەبنەوە. ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە بۆ ئەوەی كورد لە بەغداد بە یەكهەڵوێستی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بكات، بەدیاریكراویش گۆڕانكاری لە پێكهاتەی كابینەی حكومەتدا، ئەمەش خواستێكە كە هەندێك لە پەرلەمانتارانی كورد گومانیان لەسەری هەیە. "گروپی 15" پێكهاتووە لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی، فراكسیۆنی ئایندە (ئەوانەی لە نەوەی نوێ جیابونەوە)، لەگەڵ دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ (ئەوانەی لەسەر لیستی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەری سەركەوتن بۆ پەرلەمان). بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆبونەوەكە لەسەر داوای "گروپی 15" رێكخراوەو بڕیارە لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی باسی چۆنیەتی پڕكردنەوەی پۆستە وزارییەكانی كابینەی حكومەتی كاتیی عێراق بكەن. بەپێی ئەوەی بڕیاری لەسەردراوە، دەبێت محەمەد تۆفیق عەلاوی كابینەیەكی حكومەت بۆ ماوەی یەك ساڵ لە عێراق پێكبهێنێتو لەو ماوەیەدا بانگەشەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات، خۆپیشاندەرانی شارەكانی عێراق دانانی كاندیدی حزبەكان لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێ رەتدەكەنەوە، حزبەكانیش دەیانەوێت هاوشێوەی كابینەكانی رابردوو بەشێوە پشكێنەی حزبیو تائیفی پۆستەكان دابەشبكرێت، عەلاوی كەوتوەتە نێوان بەرداشی ناڕەزایەتی شەقامو فشاری لایەنە سیاسییەكان. لە هەرێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت جارێكی تر حزبە كوردییەكان لەژێر چەتری خۆیدا كۆبكاتەوە، لەماوەی رابردوودا نوێنەرانی كورد لەكاتی بڕیارداندا لەسەر دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، بەبێ هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە لەگەڵ پارتی هەڵوێستیان وەرگرتو نەچوونە ناو كۆبونەوەی پەرلەمانەوەو بەوەش كورد بەشداری لە دەركردنی بڕیاری دەركردنی هێزەكانی ئەمریكادا نەكرد، دەستكەوتی سیاسی ئەو بڕیارە بە پلەی یەكەم لەلای ئەمریكییەكان بۆ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی نوسرا. هەوڵی پارتی بۆ یەكخستنی لایەنەكان لەكاتێكدایە بەپێی هەواڵێك كە ئەمشەو سایتی سۆمەریەنیوز لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسییەوە بڵاویكردەوە، محەمەد تۆفیق عەلاوی بە نهێنی نوێنەرێكی خۆی ناردووە بۆلای مەسعود بارزانیو داوای لێكردووە كاندیدەكانی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستە وزارییەكان ئاڕاستە بكات. سەرچاوەكە باسی لەوەكردووە، عەلاوی دەزانێت كورد بەوە رازی نابێت خەڵكانێك لە پۆستەكان دابنرێن كە حزبی نەبن، بۆیە دەیەوێت بەدانانی كەسانی دڵخوازی بارزانی خۆی لە شەرمەزاری بپارێزێت. جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان كە رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، هیچ یەكێك لە لایەنەكانی ناو "گروپی 15" هیچ رێككەوتنێكیان لەگەڵ پارتیدا نییە، رێككەوتنەكەی بزوتنەوەی گۆڕانیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتەو پەیوەست نییە بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتەوە لە عێراق، نوێنەرانی ناو "گروپی 15" پشتیوانی دانانی خەڵكانی سەربەخۆ لە پۆستە وزارییەكانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق دەكەن. بەپێی زانیارییەكانی (درەو) فراكسیۆنی گۆڕان چاوی لە وەرگرتنی پۆستێكی وزارییە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا سەرباری رێككەوتنەكەی هەرێمی كوردستان، بەڵام پارتی لەكابینەكەی عەبدولمەهدیدا گۆڕانی لە وەرگرتنی هەر پۆستێك لە عێراق بێبەش كرد. هەندێك لە نوێنەرانی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سەرباری ئەو رێككەوتنەی كە بزوتنەوەكەیان لە كوردستان لەگەڵ پارتی هەیەتی، بەڵام ئەوان بەردەوام رەخنەی توند لە پارتیو ئەو یەكڕیزییە دەگرن كە پارتی داوای دەكات لە بەغداد. رۆژانی داهاتوو دەریدەخات ئایا "گروپی 15" بەیەكگرتوویی دەمێنێتەوە یاخود جارێكی تر دەگەڕێنەوە ژێر چەترەكەی پارتیو یەكێتی، بەتایبەتیش كە هێشتا گروپەكە تۆكمە نییەو راوبۆچوونی جیاوازی تێدایە لەسەر بابەتو كێشەكان.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف هەماهەنگی ئەمنیی لەنێوان پارتیو یەكێتی بەردەوام لە پاشەكشێدایە، رێگریكردن لە تانكەرەكانی گواستنەوەی غازی شڵ دواین كێشەی ئەمنیی بوو كە روبەڕووی هەردوولا بووەوە، بەڵام بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە لە بنەڕەتەوە بۆ یەكخستنی هێزە ئەمنییەكانو هەماهەنگی دروستكرا، بەڵام لە (8) ساڵی رابردوودا هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە، بەهۆی ناكۆكی مەسرور بارزانیو نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنیی، ئەنجومەنی ئاسایش نوێ نەكراوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت (رەوان بارزانی) برای بكات بە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، مەسرور بارزانیش دەیەوێت (وەیسی بارزانی) برای دابنێت. دۆخی ئەمنیی لە بۆشایی ئەمنیدا چەند رۆژێكە لە هەرێمی كوردستان قسەوباس لەبارەی دۆخی ئەمنی چڕبووەتەوە، رێگریكردن لە تانكەرەكانی گواستنەوەی غازی شلو تەقەكردن بابەتی گەرمی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، هەماهەنگیی ئەمنی نێوان زۆنی سەوزو زەرد لەڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە بوو، بەڵام ئەو ئەنجومەنە ئێستا خۆی لە كێشەدایە، لەدوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانییەوە لە پۆستی سەرۆكی حكومەتو پێشتریش ئەنجومەنەكە هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووەو هەماهەنگی بەتەواوەتی راوەستاوە، ئەم راوەستانە جۆرێك لە بۆشایی ئەمنیی دروستكردووە. لەبارەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە ئەنجومەنی ئاسایش، بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی یاسای ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانی عێراق دروستكراوە، مەسرور بارزانی یەكەم راوێژكاری ئەم ئەنجومەنە بووەو لەدوای دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، هێشتا هیچ كەسێك لە شوێنەكەی دەستبەكارنەبووە. بارەگای ئەنجومەنی ئاسایش لە سەری رەشە لە نزیك بارەگای بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنەكە بەپێی یاسا پلەكەی وەزیرە، دروستكردنی ئەم ئەنجومەنە هەر لە سەرەتاوە وەكو دۆزینەوەی پۆستێكی حكومی بۆ مەسرور بارزانی لێكدرایەوە، چونكە ئەوە یەكەمجار بوو مەسرور بارزانی پۆستێكی حكومی وەرگرێت، بەهۆی دروستكردنی ئەم ئەنجومەنەوە مەسرور بارزانی دەزگای "پاراستن" كرد بە دەزگایەكی حكومیو لە بودجەی هەرێمی كوردستان پشكی بۆ بڕییەوە، ئەمە بۆ دەزگای زانیاریی یەكێتی نیشتمانیش بەهەمان شێوە بوو. بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنی ئاسایشو پەسەندكردنی یاساكەی لە پەرلەمان لەكاتی خۆیدا هەڵای زۆری دروستكرد، بە یاسا ئەنجومەنەكە بەسترایەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە، نەك سەرۆكایەتی حكومەت، ئەوكات مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت بوون، مەسرور بارزانی نەیدەویست ئەنجومەنەكەی لەژێر فەرمانی سەرۆكی حكومەت واتە نێچیرڤان بارزانیدا بێت، بۆیە ئەنجومەنەكە بەسترایەوە بە سەرۆكایەتی هەرێمەوە واتە بە مەسعود بارزانی باوكییەوە. پێكهاتەی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی بڕگەی یەكەم لە مادەی دووەمی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2011ی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنەكە پێكدێت لە: * دەزگای ئاسایشی هەرێم * بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازیی * ئاژانسی پاراستنو زانیاری ئەنجومەنی ئاسایش لە (6) پۆست پێكهاتووە، ئەم پۆستانە بەشێوەی 50+50 لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانیدا دابەشكراوە بەمشێوەیە: * راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان/ مەسرور بارزانی * سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانو جێگری راوێژكاری ئەنجومەن/ د. خەسرەو گوڵ محەمەد * سەرۆكی دەزگای پاراستنو زانیاری- زانیاری / لاهور شێخ جەنگی * سەرۆكی دەزگای پاراستنو زانیاری- پاراستن/ نەزهەت حالی * سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 70ی یەكێتی * سەرۆكی دەزگای هەواڵگری هێزەكانی 80ی پارتی لەماوەی (8)ی رابردووداو لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تائێستا ئەم ئەنجومەنە بەهۆی ناكۆكی نێوان ئەندامەكانییەوە، كۆنەبوەتەوەو هەماهەنگی تەواوەتی لەنێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا نیە، بۆیە زۆرجار كە كێشەیەكی ئەمنی لە یەكێك لە زۆنەكان روودەدات، بەرپرسانی ئەمنی ناو ئەنجومەنەكە لەڕێگەی بەیاننامەوە قسە لەگەڵ یەكتر دەكەنو وەڵامی یەكتر دەدەنەوە. بودجەی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 2013وە هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نەبووە، بەڵام بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، ژمارەی كارمەندانی ئەنجومەنی ئاسایش (6 هەزارو 476) كارمەندەو بودجەكەشی (344 ملیارو 630 ملیۆن) دینارە، رێژەی (2.9%)ی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا بۆ ئەم ئەنجومەنە تەرخانكراوە. ئەمە سەرباری ئەوەی، هەربە بەپێی دواین پرۆژە یاسای بودجە، دەزگای ئاسایش كە ژمارەی كارمەندانی بە (31 هەزارو 421) كەس دیاریكراوە، بڕی (487 ملیارو 443 ملیۆن) دیناری بۆ تەرخانكراوە كە دەكاتە (4.2%)ی كۆی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا. لەدوای ساڵی 2013ەوە تائێستا بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە نازانرێت بودجەی ئەو دەزگایانە چەندەو چۆن خەرجدەكرێت، سەرباری ئەمە بودجەی ئەنجومەنی ئاسایشو وردەكاری خەرجییەكانی ناكەوێتە ژێر چاودێری پەرلەمانەوە. چارەنوسی ئەنجومەنی ئاسایش ماوەی شەش مانگە كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی دەستبەكاربووە، بەڵام پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایش پڕنەكراونەتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا (ویسی مەسعود بارزانی) برای مەسرور بارزانی كاروبارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەدەبات، مەسرور بارزانی كە پۆستی سەرۆكی حكومەت وەرگرتووە، هێشتا دەستبەرداری دۆسیەی ئەمنی نەبووەو ئامادە نییە سەرۆكایەتی ئەو ئەنجومەنە رادەستی كەسێك بكات كە لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدا نەبێت. (درەو) زانیویەتی، بەمدواییە هەوڵێك هەبووە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەوەی (رەوان بارزانی) برای پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش وەرگرێت، بەوپێیەی ئەنجومەنی ئاسایش بەپێی یاسا سەربە سەرۆكایەتی هەرێمە، بەڵام ئەو هەوڵە سەركەوتوو نەبووە. بەهۆی ناكۆكی بنەماڵەی بارزانی لەسەر دانانی كەسی جێگرەوەی مەسرور بارزانی لە پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایش، تائێستا ئەو پۆستە بەبەتاڵی ماوەتەوەو سەرباری ئەوەش پۆستەكانی تری ناو ئەنجومەنەكەش نوێ نەكراونەتەوە. بەپێی رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پارتی بەڵێنی بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە، دوو پۆستی باڵا لەناو ئەنجومەنەكە بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات، بەڵام ئەو پۆستانە تائێستا یەكلانەبونەتەوە. بە كشانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، جموجوڵی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی بارزانیدا رویدا، نێچیرڤان بارزانی پۆستی سەرۆكی هەرێمی وەرگرتو مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی حكومەتی وەرگرت، لەم ئاڵوگۆڕەدا پۆستی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چۆڵ بوو، ئێستا پڕكردنەوەی ئەم پۆستە لەپاڵ پۆستی وەزارەتی نەوتدا، كێشەیەكی تری بۆ پارتی دروستكردووە. ئەگەر یاسای ئەنجومەنی ئاسایش هەموارنەكرێتەوەو دامەزراوەكە سەربە سەرۆكایەتی هەرێم بێت، دەبێت نێچیرڤان بارزانی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكە كاندید بكات، بەڵام پێناچێت هەرگیز ئەمە روبدات، چونكە مەسرور بارزانی بەهیچ جۆرێك ئامادە نییە دۆسیەی ئەمنیی رادەستی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای بكات. هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەدەچن، دواجار (وەیسی مەسعود بارزانی) پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش وەربگرێت، ئەمە وادەكات دۆسیەی ئەمنی هەر لەدەستی مەسرور بارزانیدا بمێنێتەوە، مەسرور بارزانی كە ئێستا سەرۆكایەتی حكومەت دەكات، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەوەیە جڵەوی دۆسیەی ئەمنی لای خۆی بهێڵێتەوە. بەڵام بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی گورزێكی بەهێزی لە دەزگای ئەنجومەنی ئاسایشو تەنانەت دەزگای پاراستن-یشدا، بەپێی زانیارییەكان مەسرور بارزانی رێژەی 90%ی ستافی ئەنجومەنی ئاسایشو پاراستنی لەگەڵ خۆیدا راپێچی حكومەت كردووە، لەدیارترینی ئەوانەی لە ئەنجومەنی ئاسایشو پاراستنەوە چونەتە ناو حكومەت بریتین لە هەریەكە لە (شەعبان شەعبان چالی بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆك وەزیران)و (هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان)، (رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ)و (جوتیار عادل وتەبێژی حكومەت)و (ساسان عەونی وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار)، سەرباری ئەمانە زۆربەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان لە خەڵكانی سەربە ئەنجومەنی ئاسایش پڕكراونەتەوە. نازانرێت پارتی چۆن پرسی ئەنجومەنی ئاسایش یەكلادەكاتەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەكاندا ئەو كەسەی كە پۆستەكە وەردەگرێت لەژێر فەرمانی مەسرور بارزانیدا دەبێت نەك نێچیرڤان بارزانی.
راپۆرتی: درەو هاوشێوەی حزبی زەحمەتكێشان و پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەكێتی پەسەند كرد، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی كاندیدی یەكلابوەوەی هاوسەرۆكایەتیەكەن و ئێران گەمەكەی لە بەرهەم ساڵح تێكدا، باڵی كۆسرەت رەسوڵیش دەیانەوێت لە رێگەی ئەنجومەنی باڵای سیاسیەوە هەژمونی خۆیان لەداهاتووی یەكێتیدا بچەسپێنن. هاوسەرۆكایەتی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە كۆبونەوەی تایبەت بە پەسەندكردنی هەمواری پەیرەوی ناوخۆدا بریاریدا (سیستەمی بەرێوەبەردنی یەكێتی بكات بەهاوسەرۆكایەتی) بەمەش كۆتایی بە سەرۆك یان سكرتێری حزب هێناو گۆڕانكاری لە سیستمی سەرۆكایەتی ( 44) ساڵەی خۆیدا كرد. مستەفا چاوڕەش سەرپەرشتیاری دانیشتنەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی راگەیاند ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتیدا بە زۆرینەی دەنگ سیستەمی هاوسەرۆكی بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی یەكێتی پەسەند كرا، ژمارەی هاوسەرۆكەكان دیاریی نەكران، هەروەك ناوی كەسیش بۆ ئەو پۆستانە دەستنیشان نەكران. دانانی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتیەوە پەیوەندی بە رێكنەكەوتنی باڵەكانی یەكێتیەوە هەیە لەسەر شێوازی بەرێوەبەردنی ئەو حزبە، لەدوای دەركەوتنی ئەنجامەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیەوە ململانێكانی نێوان باڵەكانی یەكێتی گۆڕانی بەسەردا هات و هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی وەك دوو كارەكتەری براوەی كۆنگرە ئاراستەی داهاتووی یەكێتیان كەوتە دەست. هاوسەرۆكایەتی لە دوو ئەزموندا سیستەمی هاوسەرۆكایەتی كە ئەمڕۆ ئەنجومەنی گشتی یەكێتی بۆ بەرێوەبەردنی یەكێتی پەسەندكرد، هاوشێوەی دوو ئەزمونی حزبی كوردیە ئەوانیش: - شێوازی بەرێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان لەدوای دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆج ئالانی رابەری ئەو حزبە لەسەرجەم پۆستەكانیدا، بەڵام هاوسەرۆكایەتی لەلای ئەوان لە نێوان ( ژنێك و پیاوێكدا)یە ئەویش لە پێناو هێنانە پێشەوەی ژن لە سەركردایەتیدا و بەشداریپێكردنیان (راگرتنی جێندەریە). واتا سیستەمی هاوسەرۆكایەتییەكەی یەكێتی جیاواز دەبێت لە سیستەمی بەرێوەبەردنی پارتی كرێكارانی كوردستان، كە لە پێناو هێنانە پێشەوەی ژنان نیە بەڵكو لە هاوسەرۆكایەتیە لە پێناو رێكنەكەوتنی باڵەكان. - ئەزمونی دووەم ئەزمونی بەرێوەبردنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لەدوای جیابونەوەیان لە قادر عەزیز سكرتێری پێشووی ئەو حزبە ، كە لەیەكەم كۆنگرەدا حزبی زەحمەتكێشان هاوسەرۆكایەتی پەسەندكرد لە نێوان (بەهمەن حسێن، بەڵێن عەبدوڵا، سەعد خالید)، بەڵام لە دوایین كۆنگرەدا كە لە رۆژی 22/11/2019 بەرێوەچوو سیستەمی هاوسەرۆكایەتی هەڵوەشاندەوەو شكستی هێناو چوەوە سەر فۆرمی پێشتری كە هەڵبژاردنی ( سكرتێر) و ( جێگری سكرتێر) بوو. ئەگەر یەكێتی هاوسەرۆكایەتیەكەی لە سێ كەس پێكهاتبێت ئەوا دەبێتە هاوشێوەی هاوسەرۆكایەتی پێشووی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە شێوازی بەرێوەبردنیدا. یەكێتی بۆ ماڵبانی تاڵەبانی گفتوگۆی باڵەكانی ناوخۆی یەكێتی لەدوای كۆتاییهاتنی كۆنگرەی یەكێتی بە ئاراستەی سەرۆكی حزب هەنگاوی دەنا، بەڵام چەند رۆژێكە ئاراستەی گفتوگۆكان گۆڕانی بەسەردا هاتوو. بەپێی زانیاریەكانی (درەو) رۆژی دوو شەممەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كردووەو پێی راگەیاندووە، ئەوان وەكو ماڵباتی تاڵەبانی رازی نین بەرهەم ساڵح بكرێت بە سەرۆكی یەكێتیو داوای لێكردووە بەدوای چارەسەرێكی تردا بگەڕێن. ئەگەرچی دواتر ماڵباتی تاڵەبانی گفتوگۆیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح كردووە بەوەی رازی بێت بە هاوسەرۆكایەتی، بەڵام بەرهەم ساڵح ئەو پێشنیازەی رەتكردۆتەوە. ئەمڕۆ ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی سیستەمی هاوسەرۆكایەتی بۆ یەكێتی پەسەندكرد ئەگەرچی تا ئێستا یەكلا نەبۆتەوە كە دوو كەس دەبێت یان سێ بۆ هاوسەرۆكایەتیەكە، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) بۆیە ژمارەكە یەكلانەكراوەتەوە چاوەڕەوان دەكەن بەرهەم ساڵح بەو سیستەمە نوێیە رازی بێت، ئەگەر نا تەنها دوو كەس دەبێت و ئەوانیش ( بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) دەبن كە ئەمەش بەشێكی پەیوەندی هەیە بە هاتنە پێشەوەی نەوەیەكی نوێ بەتایبەتیش نەوەی تاڵەبانییەكان كە بە كوڕوتینێكی زیاترەوە هاتونەتە ناو سەركردایەتی یەكێتی و لەلایەكیش سازشنەكردنی (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) بۆ یەكتری كە پێشتر كێبەركێ بوو لەسەر جێگرایەتی سەرۆك و ئێستاش لەسەر سەرۆكایەتی. هاوسەرۆكایەتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لە ترۆپكی یەكێتیدا، رەنگە هەروا ئاسان نەبێت، بەتایبەت ئەو دوو ئامۆزایە لە رابردوودا پەیوەندییەكانیان چەندین جار هەورازو نشێوی بەخۆیەوە بینیوەو فۆرم و شێوازی كاركردنیان جیاوازە، پرسیارەكە ئەوەیە دەتوانن پێكەوە هەڵبكەن و یەكێتی بگەیەننە كەناری ئارام ( وەك خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن) ئێران تۆڵە لە بەرهەم ساڵح دەكاتەوە گەمەكە بە زیانی بەرهەم ساڵح كۆتایی هات، بەپێی زانیاریەكانی (درەو) لە دوو رۆژی رابردوودا گفتوگۆی چڕكراوە لەگەڵ بەرهەم ساڵح بۆ رازی بوونی بە هاوسەرۆكایەتی بەتایبەت لەلایەن ماڵباتی تاڵەبانیەوە، بەڵام بەرهەم ساڵح رازی نەبووەو پێی وتوون، ئەوەی ئێوە دەیكەن پاشگەزبونەوەیە لەو رێككەوتنانەی پێشوو بەتایبەتیش كە لە كۆنگرەدا بەبێ دەنگدان هەڵبژێردراو بڕیاردرا بكرێتە سەرۆكی یەكێتی. زانیارییەكانی (درەو) كە قسەی لەگەڵ چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح كردووە ئەوە دەخەنە روو كە بەرهەم ساڵح پێی وتوون من لە یارییەكە دەچمە دەرەوەو پیرۆزی خۆتان بێت، بەڵام ئەم هاوسەرۆكایەتیە سەركەوتوو نابێت. ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەكرد، كە لەدوا ساتەكاندا ئێران دەستوەردانی كردووەو نارازی بوونی خۆی بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح دەربڕیوە بەتایبەت كە پێیان وابووە لە بەغداد زیانی زۆری بە سیاسەتەكانی ئێران گەیاندووە، بەتایبەتیش لە رازی نەبوونی بەرهەم ساڵح بە دانانی سەرۆك وەزیرانێكی دڵخوازی ئێران. بۆیە چاوەڕەوان ناكرێت بەرهەم ساڵح رازی بێت بە هاوسەرۆكایەتی و ناشیەوێت ئەزمونی رابردووی هاوپەیمانی دووبارە بكاتەوە، بۆیە لە باشترین حاڵەتدا وەك سەرۆك كۆمار دەمێنێتەوە ( هەرچەند تەمەنی سەرۆك كۆماریش نزیكەی یەك ساڵی تر بەردەوام دەبێت ئەویش بەهۆی پێداگری لایەنەكان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە) نایەوێت دوور بكەوێتەوە لە یەكێتی. یەكێتی بەرەو كوێ؟ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا تەنها بڕیاری لەسەر سیستەمی هاوسەرۆكی داوە ئەوەی ماوە. - هاوسەرۆكایەتیەكە لەچەند كەس پێكدێت؟ - چەند جێگری دەبێت و كێ دەبن ؟ - دەسەڵاتەكانی سەرۆك چی دەبن؟ - دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی چی دەبن؟ تا ئێستا هیچ یەك لەو پرسانە یەكلا نەكراوەتەوە، چونكە بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو) ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی یەكێتی رازی نابن ئەو دەسەڵاتە بدەن بە ئەنجومەنی باڵای سیاسی كە (كۆسرەت رەسوڵ) سەرۆكایەتی دەكات، وەك ئەوەی خۆیان داوایانكردووە. تا ئێستا روون نیە كە ئایا ئەنجومەنی باڵای سیاسی رازی دەبێت تەواوی دەسەڵاتەكانی یەكێتی رادەستی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بكات یان نا؟ هێشتا روون نیە كە باڵەكانی تری یەكێتی ( باڵی كۆسرەت رەسوڵ، كەركوكییەكان، گەرمیانییەكان، باڵی دلێری سەید مەجید) رازین بەوەی دەسەڵاتی رەهای یەكێتی بدرێت بە ماڵباتی تاڵەبانی.؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو) باڵی كۆسرەت رەسوڵ لەلایەك شەڕی جێگیركردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و دانانی شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ دەكەن بۆ جێگری هاوسەرۆكی یەكێتی ( ئەگەر هاوسەرۆك جێگری بۆ دابنرێت). باڵی كەركوكییەكان شەڕی جێگری هاوسەرۆكایەتییەكە دەكەن یان سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی و بەدەستیهێنانی بەرپرسی چەند مەكتەب و دەڤەرێك. زانیارییەكانی ( درەو) ئەوە دەخەنە روو كە باڵی دلێری سەید مەجید هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە عیماد ئەحمەد لە پۆستێكی باڵا جێگیر بكەن، كە ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردن یاخود بەرپرسی دەڤەری سلێمانی یەكێتی، بۆ ئەمەش لەگەڵ ماڵباتی تاڵەبانی لێكتێگەیشتنیان هەیە. پارتی لەگەڵ كێ مامەڵە دەكات؟ تا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لێدوان و هەڵوێستی روون وفەرمی نەبووە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی و مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ لێدوان و تەنانەت پیرۆزباییەكی لە یەكێتی و سەركردایەتی نوێی یەكێتی نەكردووە. بەپێی پێشبینیەكان و خوێندنەوەی بارودۆخەكان چاوەڕەوان دەكرێت لەدوای كۆتاییهاتنی كارەكانی كۆنگرەو یەكلاكردنەوەی تەواوی پرسەكانی یەكێتی سەركردایەتی نوێی یەكێتی مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ پارتیدا بكەن و ئەو گرژیانەی ئێستای نێوانیان كەمببێتەوە، بەپێی خوێندنەوەی ئەزمونی رابردوو هەر هێزوو گروپێك لە لێدوان و بانگەشەكانیدا بەرامبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان توند بووبێت ئەوا دەنگی جەماوەرەكەی بەدەستهێناوە. ئێستا هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بەهۆی هەڵوێستە توندەكانیان بەرامبەر بە پارتی دەنگی زۆرینەی ناو یەكێتیان بەدەستهێناو ئەو لایەنانەشی مامەڵەیان لەگەڵ پارتیدا دەكرد دۆڕاوی كۆنگرەی یەكێتی بوون، بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت : - پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ( دیفاكتۆ) مامەڵە لەگەڵ سەركردایەتی نوێی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا بكات، بەوپێیەی نایەوێت كێشەو گرفت بۆ حكومەتەكەی مەسرور بارزانی درووست بێت، كە لە ئێستادا كێشەو سەرئێشەی زۆری بۆ درووست دەكرێت لەلایەن باڵی سەركەوتووی یەكێتیەوە. - سەركردایەتی نوێی یەكێتی ( بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) كە لەرابردوودا دەیانویست پارتی و خودی مەسعود بارزانی ئەمری واقیعیان مامەڵەیان لەگەڵ بكات، لەدوای كۆنگرەوە بە هێزەوە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن و چاوەڕەوان دەكرێت بارودۆخ و گرژیەكانی نێوانیان كۆتایی پێبهێنن، چونكە بۆ هەردوولایان دەركەوتووە كە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەكانیان ئەوە دەخوازێت كە تەبابن، هەرجۆرە ناكۆكیەك زیان بە بەرژەوەندییە ئابورییەكانیان دەگەیەنێت.
راپۆرتی: درەو سەدرو لایەنگرانی كە ئێستا لەدۆخێكی سیاسیو جەماوەری نالەباردانو، تۆمەتی كوشتنو برینداركردنو ئازاردانی خۆپیشاندەرانیان لەبەغدادو شارەكانی تری عێراق دەدرێتە پاڵ، بە تەوای كەوتونەتە ئەو بەرەیەی كە بەهەموو هێزو توانایەوە هەوڵی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان دەدات، لایەنی كەم ڕوداوەكانی ئەم دواییە ئەو بڕواییەی زیاتر لەلای خۆپیشاندەران زەقتر كردوەتەوە، ئەوەش سەدرییەكانی ناچاركرد لەچەند كاتژمێری ڕابردوودا كۆمەڵێك هەنگاو بە ئاراستەی هێوركردنەوەی دۆخەكە بنێن. سەرەتای هەنگاوەكەیان بەدانیشتن لەگەڵ خۆپیشاندەرانو دوورخستنەوەی "كڵاوشینەكان" لەگۆڕەپاەكانی خۆپیشاندانەكان دەستپێكرد. سەدر سەرەتا ڕاوێژكارەی ناردو بەخۆپیشاندەرانی وت كڵاوشینەكان لەخۆپیشاندەران دوور دەخنەوە، دواتر خۆی هاتە سەرخەتو "پەیماننامەی شۆڕشی چاكسازی" ڕاگەیاند. "ئەبو دوعا ئەلعیساوی" كە بەڕاوێژكاری سەربازیی "موقتەدا سەدر" ناودەبرێت، لەگەڵ خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریری شاری "بەغداد" كۆبوەوەو لەسەر سێ خاڵ ڕێككەوتن: • كشاندنەوەی كڵاوشینەكان. • چۆڵكردنی "چێشخانەی توركی" كە بە قەڵای خۆپیشاندەران ناسراوە. • بەریەكنەكەوتن لەگەڵ خۆپیشاندەران. بەقسەی چالاكانی خۆپیشاندانەكان، ڕاوێژكارەكەی سەدر بەڵێنی پێداون "كڵاوشینەكان"لە سەرجەم گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بكشێننەوە، ئەوەش مانای ملدانی سەدرە بۆ ئەو فشارانەی لەدوو ڕۆژی ڕابردودا لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندانو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانو بەشێك لەمیدیا عێراقییەكان ڕووبەڕوویان بوەوە. ئاسیش ئیشی ئێوەنییە ڕەنگە فشاری هەرە توندی سەر سەدر، وتارەكەی گەورە مەرجەعی شیعەكانبێت، "عەلی سیستانی" كە لەوتاری هەینی ڕابردوودا ڕاشكاوانە دەستوردانی سەدرییەكانی لەخۆپیشاندانەكاندا ڕەتكردەوە، كاتێك لەڕێی نوێنەرەكەیەوە وتی: "هیچ پاساوێك نییە بۆ خۆدزینەوەی هێزە ئەمنییەكان لە ئەنجامدانی ئەركەكانی سەرشانیانو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشو پاراستنی خۆپیشاندەرانو گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان" ئەوەش پەیامێكی ڕاستەوخۆ بوو بۆ سەدرییەكان كە پاراستنی خۆپیشاندەران ئیشی ئەوان نییە. سەدر پەیامی تازەی هەیە ئەمڕۆ "موقتەدا سەدر" پەیامێكی 18 خاڵیی بە ناوی "پەیماننامەی شۆڕشی چاكسازی" ئاراستەی خۆپیشاندەران كرد، كە بەوتەی بەشێك لەچاودێران پەیامەكە زیاتر لەكۆمەڵێك مەرجو ڕێنمایی دەوڵەتیی دەچێت بۆ خەڵكانێكی لادەر، نەك بۆ كەسانێك كە داوای مافە سەرەتاییەكانی خۆیان دەكەن. لەوەش زیاتر بەشێك لەخاڵەكانی سەدر جگە لەكۆتو بەندكردنی خۆپیشاندان، تۆمەتی ناڕاستەوخۆی تێدایە بۆ خۆپیشاندەران، جارێكی بە وابەستەبوونیان بەدەستی دەرەكی، جارێكیش بەلادەر لە عورفو نەریتە كۆمەڵایەتییەكانو، دەستدرێژیكار بۆ سەر ئاینو پیرۆزییەكانی. سەدر لەپەیامەكەیدا ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەوانەشی داوەتەوە كە داوای لێكۆڵینەوە لەتوندوتیژییەكانی گۆرەپانی " ئەلسەدرەین" دەكەن لەشاری نەجەف، ڕووداوەكەی هاوپێچی كۆمەڵێك هێرشی خوێناوی تركردووە كە كراوەتە سەرخۆپیشاندەران لەبەغدادو پارێزگاكانی ترو، داوادەكات لێكۆڵینەوە لەهەموو ئەو ڕووداوانە بكرێت. پەیماننانەی شۆڕشی چاكسازی سەدر: یەكەم: بەردەوامبوون لە سەر ئاشتیخوازیی خۆپیشاندانەكان، كە ئەوەش مانای: 1-ناچارنەكردنی هیچ كەسێك بۆ بەشداریكردن لەخۆپیشاندان. 2-ڕێگا نەگرتنو زیان نەگەیاندن بەژیانی گشتی. 3-ڕێگانەگرتن لەدەوامكردنی قوتابخانەكان، زانكۆكانیش سەربەست بن. 4-دەستدرێژی نەكردن بۆ سەر موڵكی تایبەتو گشتیو دامەزراوەخزمەتگوزراییەكانو وێنەو بارەگاكان. 5-چۆڵكردنی ناوچەكانی خۆپیشاندان لەدیاردەی چەكداریو بۆمبی مۆلۆتۆفو ڕادەستكردنی بەهێزە ئەمنییەكان. دووەم: ئیدارەدانی خۆپیشاندانەكان لەناوخۆوەو، وازهێنان لەوانەی كۆنتڕۆڵیان كردووە لەدەرەوە. سێیەم:بەسیاسی نەكردنی خۆپیشاندانەكان. چوارەم: خۆبێبەریكردن لەتێكدەران. پێنجەم: یەكخستنی داواكارییەكانو نوسینی بەناوی هەموو خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە. شەشەم: پێكهێنانی لیژنە لەناو خۆپیشاندەران بۆ ئازادكردنی گیراوەكانو ڕفێندراوەكان و لێكۆڵینەوەی جدی لەكوژرانی خۆپیشاندەران. حەوتەم: دەستنیشانكردنی وتەبێژی فەرمی بۆ خۆپیشاندانەكان. هەشتەم: دەستدرێژی نەكردن بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان. نۆیەم: تێكەڵاونەبوونی نێرو مێ لەخێوەتەكانی خۆپیشاندانو چۆڵكردنی شوێنەكانی خۆپیشاندان لەمادە كحولییەكانو هۆشبەرەكان. دەیەم: كشانەوەی كڵاوشینەكانو ڕادەستكردنی كاری پاراستنی خێوەتەكان بەهێزە ئەمنییەكان. یانزەیەم: دیاریكردنی شوێنەكانی خۆپیشاندان بەگشتیو مانگرتن بەتایبەتی لەڕێی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی فەرمیو، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان. دوانزەیەم: پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی مەرجەعیەتو سەركردە نیشتمانییەكان. سیانزیەم: دەركردنی هەموو ئەوانەی ئاشوب ناوخۆیی و تائیفی دەنێنەوە، هەمو ئەوانە دەستدرێژی دەكەنە سەر خوداو عورفە ئاینیو كۆمەڵایەتییەكان. چواردەیەم: ڕۆژی هەینی ببێت بە ڕۆژی خۆپیشاندان فراوانی عێراقییەكان. پانزەیەم: لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی "ئەلوەسبە" و مەزاری " سەید ئەلحەكیم" و ڕووداوی " گۆڕەپانی ئەلسەدرەین"و قەسابخانەی ناسریەو سەرجەم پارێزگاكانی تر بكرێت. شانزیەم: دەستوەرنەدانی خۆپیشاندەران لەكاروباری سیاسی لاوەكی وەك دامەزراندن و ڕەتكردنەوەی هەندێك سیاسەت لێرەو لەوێ، ئەوە كاری لایەنی تر پێیهەڵدەسێت. هەژدەیەم: بایەخدان بەگردبونەوەی خوێندكارانی زانكۆو دەستدرێژی نەكردنەسەریان مادام ئاشتیخوازانەیە. بەردەوامبوون لەسەرم ئەم كارە تا كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
درەو: دۆناڵد ترەمپ دوو بەرپرسی ئەمریكی لەكارەكانیان دەردەكات بەهۆی ئەوەی لەكاتی دادگایكردنەكەیدا لە كۆنگرێس شایەتیان دژی داوە. "گوردون سۆندلاند" نێردەی ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لە یەكێتی ئەوروپا دەڵێت:"پێیانڕاگەیاندم كە سەرۆك ترەمپ دەستبەجێ داوایكردوویت". پێش چەند كاتژمێرێكیش، بەرپرسە ئەمنییەكانی كۆشكی سپی دوایان لە ئەفسەر "ئەلیكسەندەر فیندمان" شارەزا لەكاروباری ئۆكرانیا كردووە نوسینگەی چۆڵبكاتو بارەگاكە بەجێبهێڵێت. پارێزەرەكەی "فیندمان" كە لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییە لەكۆشكی سپی كاریدەكرد ڕایگەیاندووە:"بریكارەكەی دەركراوە لەكارەكەی بەهۆی ئەوەی شایەتی داوە دژی سەرۆك ترەمپ لەكاتی دادگایكردنەكەی لەكۆنگرێس". چوارشەممەی رابردوو، لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا بەزۆرینەی 52 دەنگ بە بەڵێ لەبەرژەوەندی ترەمپ، لەبەرامبەر 48 دەنگ بە نەخێر، بێتاوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەلمێنرا،
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت حكومەتی هەرێمی كوردستان جگە لە پارەی پاشەكەوتی موچە، نزیكەی (4 ترلیۆن) دیناری پارەی بەرزەموچە "تەرفیع"ی فەرمانبەران قەرزارە، لە پەرلەمانەوە هەوڵێك دەستیپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە، بەپێی بەدواداچوونی (درەو)، بۆ گەڕاندنەوەی بەرزە موچە حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی (36 ملیار) دینار هەیە، یاسای چاكسازی بەلای بەرزە موچەدا نەڕۆیشتووە، پێناچێت حكومەت بەمزوانە وەڵامی داواكاری بەرزەموچە بداتەوە. كاتێك بڕیار شوێنی یاسا دەگرێتەوە شوباتی ساڵی 2016 كە هەرێمی كوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتو بڕینی بەشە بودجەی هەرێمو خەرجییەكانی شەڕی "داعش"ەوە بە قەیرانێكی دارایی سەختدا تێدەپەڕی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك "بەرزەموچە"ی فەرمانبەرانی راگرت كە لەناو فەرهەنگی فەرمانبەراندا بە "تەرفیع" ناسراوە. ئەوەی نێچیرڤان بارزانی كردی، راگرتنی یاسا بوو بە بڕیار، ئەمە بۆ یاساناسان بابەتێكە كە زۆر جێگای تێبینی-یە، بەرزەموچەی فەرمانبەران بەپێی یاسای (موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008)ی عێراق جێگیركراوە، ئەم یاسایە لە هەرێمی كوردستان كاری پێدەكرێت. بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری بڕینی موچەی فەرمانبەران بەرێژەی (25% بۆ 75%) لەژێر ناوی "پاشەكەوتی موچە"، كابینەی پێشوو بەرلەوەی وادەكەی تەواو ببێت، بەدوو قۆناغو لە ئازاری 2018و ئازای 2019دا بە یەكجاری پاشەكەوتی موچەی هەڵگرت، بەڵام بڕیاری راگرتنی بەرزەموچە وەكو خۆی مایەوە، ئەمە یەكێكی ترە لەو كێشانەی كە لە كابینەكەی نێچیرڤان بارزانییەوە بە میرات بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی ئامۆزای ماوەتەوە. بەمدواییە پەرلەمانی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت یاسایەكی بەناوی "چاكسازی" پەسەندكرد، بەڵام ناوەڕۆكی یاساكە بە هیچ جۆرێك نەچووە بەلای بابەتی بەرزەموچەی فەرمانبەراندا، تائێستا چارەنوسی ئەم دۆسیەیە بە ناڕوونی ماوەتەوەو فەرمانبەران چوار ساڵی تری تەمەنی خزمەتی وەزیفییان بەڕێدەكەن بەبێ ئەوەی بەرزەموچەیان بۆ بكرێت، ئەمە سەرباری ئەوەی بەشێكی زۆری فەرمانبەران لە ساڵی دەرچوونی بڕیارەكەو ساڵانی دواتریشدا وادەی ئەوەیان هەبووە بەرزەموچەیان بۆ بكرێتو بۆیان نەكراوە، ئەمەش وەكو پاشەكەوتنی موچە بەقەرز لەسەر حكومەت ماوەتەوەو نازانرێت چۆن چارەسەری بۆ دەدۆزرێتەوە. هەوڵێك لە پەرلەمانەوە رۆژی 28ی مانگی رابردوو (36) كەس لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ئیمزایان لەسەر نوسراوێك كردو ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، ئەو پەرلەمانتارانە لە نوسراوەكەیاندا دەڵێن ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باش بووە، بۆیە دەبێت ئەو مافە یاساییە (بەرزەموچە) بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە. كابینەی نوێی حكومەت لەدوای دەستبەكاربوونیەوە زیاتر لە هەوڵی كۆكردنەوەی داهاتەكانە، نەك گەڕاندنەوەی قەرزەكانی كابینەی پێشوو كە بە میراتیی بۆی ماوەتەوە، مەسرور بارزانی كە یەكەمجارە ئەزمونی خۆی لە سەرۆكایەتی حكومەتدا تاقیدەكاتەوە جارێ دەیەوێت بزانێت داهاتەكانی حكومەت چەندن، دواتر بڕیار لەسەر دابەشكردنیان بدات. یاسای چاكسازی كە بە پلەی یەكەم بۆ گەڕاندنەوەی بڕێك داهاتی بەهەدەردراو بوو بۆ حكومەت، لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە، بەمەش كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، روون نییە یاساكە چەندێك داهات بۆ حكومەت دەگەڕێنێتەوە، بەڵام هەر داهاتێك كە بەهۆی ئەو یاسایەوە دەگەڕێتەوە، دەبێت سەرەتا ئەو بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی بەكاربهێنرێت، چونكە لە یاساكەدا ئەولەویەت بەم بابەتە دراوە نەك گەڕاندنەوەی بەرزە موچەی فەرمانبەران. تێچووی بەرزە موچە چەندە ؟ دیارنییە ئاخۆ حكومەت لەسەر داوای پەرمان بڕیار لەسەر گەڕاندنەوەی بەرزەموچەی فەرمانبەران دەدات یاخود نا، چونكە ئەمە بەپلەی یەكەم بەندە بە تێچووی خەرجكردنی بەرزەموچەوەو ئەو قەرزانەی كە بەهۆی بەرزەموچەوە لەماوەی رابردوودا لەسەر حكومەت ماونەتەوەو بە فەرمانبەرانی نەداوە. لەدوای دەرچوونی بڕیاری راگرتنی بەرزەموچەوە، بەتێكڕا هەموو فەرمانبەران بەهۆی ئەو بڕیارەوە دوو بەرزەموچە "تەرفیع"یان فەوتاوە، ئەمە هاوشێوەی پاشەكەوتی موچە قەرزێكە كە لەسەر حكومەتی هەرێمەو دەبێت بگەڕێنێتەوە بۆ فەرمانبەران. بەهای ئەو قەرزەی بەرزەموچە كە دەبێت حكومەت بۆ فەرمانبەرانی بگەڕێنێتەوە بەدیاریكراوی نازانرێت، (درەو) پەیوەندی بە ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی داراییەوە كرد، كەسیان بە دیاریكراوی بەهای پارەكەیان نەزانی، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەكان باسلەوە دەكەن بەهای ئەو پارەیە دەگاتە نزیكەی (4 ترلیۆن) دینار، واتە لەحاڵی بڕیارداندا لەسەر گەڕاندنەوەی پارەی بەرزەموچە، دەبێت حكومەت سەرەتا خۆی بۆ پێدانەوەی ئەو قەرزانە ئامادە بكات. عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێ:" بڕی ئەو پارەی بەرپرسان بە هێنانی كاڵای قاچاخ دەستیاندەكەوێت، نزیكەی ٣٥ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، بە نیوەی ئەو پارەیە، خەرجی بەرزەموچە چارەسەر دەكرێت"، واتە بەپێی قسەی عەلی حەمەساڵح گەڕاندنەوەی بەرزەموچەی فەرمانبەران زیاتر لە (17 ملیۆن) دۆلار لەسەر حكومەت دەكەوێت. بەڵام یاسین واحید سەرۆكی دیوانی وەزارەتی داراییو ئابوری لە لێدوانێكدا بۆ (درەو) رایگەیاند، تائێستا هیچ خەمڵاندنێكیان نەكردووە لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەرزەموچە گەڕێندرایەوە چەندێك لە فەرمانبەران سودمەند دەبن لێیو خەرجی كۆی گشتی چەندێكە، بۆیە وتنی هەر ژمارەیەك لەوبارەیەوە شتێكی ناڕاست دەردەچێت. ئەگەر تێكڕای بەرزەموچە بە (50 هەزار) دینار ئەژماربكرێت، كە بۆ هەندێك پلەی وەزیفی لەم بڕە زیاترو بۆ هەندێك تر كەمترە، لەحاڵی دەستپێكردنەوەی خەرجكردنی بەرزەموچە بۆ فەرمانبەران، حكومەت مانگانە پێویستی بە نزیكەی (36 ملیار) دینار دەبێت، ئەمە لەكاتێدایە ئێستا تێكڕای موچەی فەرمانبەرانی هەرێم مانگانە (881 ملیار) دینارە. بەرزەموچە چییە ؟ بەپێی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتو كەرتی گشتی عێراق بەرزەموچە بریتییە لە " گواستنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەر لە كارەكەیدا بۆ پلەیەكی بەرزتر لە پلەكەی خۆی بەگوێرەی پلەبەندی وەزیفی". بۆ پلەبەرزكردنەوە بەپێی یاسا دەبێت ئەم مەرجانە جێبەجێ ببن ئینجا پلەبەرزكردنەوە دەكرێت: • شوێنی بەتاڵ هەبێت لەو پلە وەزیفیەی كە فەرمانبەرەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە، لە فەرمانگەكەدا. • ئەو ماوەیە تەواوبووبێت كە بۆ تەرفیع دانراوە. • فەرمانبەر مەرجو پێداویستی داواكراوی تێدا بێت بۆ وەرگرتنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە. • تواناو لێهاتووی فەرمانبەر بسەلمێندرێت لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەركەی كە پلەكەی بۆ بەرزدەكرێتەوە. راگرتنی بەرزەموچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ناتوانێت بەراورد بكرێت بە بڕیاری پاشەكەوتی موچە، چونكە پاشەكەوتی موچە هاوشێوەی قەرزێكە كە هی فەرمانبەرانەو كەوتوەتە سەرشانی حكومەتو پێدانەوەی لە ئێستادا یاخود كاتێكی تر كێشەی گەورە بۆ كاری فەرمانبەران دروستناكات، بەڵام بڕینی بەرزەموچە كێشەی بۆ پلەبەندی كاری فەرمانبەران دروستدەكات، بەتایبەتی بۆ تەمەنی خانەنشینی. قەرزەكانی فەرمانبەران لای حكومەت كابینەی نوێی حكومەت كە دەستبەكاربوو، كەوت بەسەر قەرزێكی (14 ترلیۆن) دیناریدا، كە پارەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانە لەماوەی ساڵانی (2015 بۆ 2019)، ئەمە سەرباری قەرزی تایبەت بە بەرزەموچەی فەرمانبەران. ئەگەر پارەی پاشەكەوتی موچەو بەرزەموچە بە تێكڕا ئەژماربكرێت، قەرزی فەرمانبەران لەسەر حكومەت بۆ (18 ترلیۆن) دینار بەرزەدەبێتەوە. لە ساڵی 2014وە حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسای بودجەی نییە، بۆیە پەرلەمان كە چاودێرە لەسەر حكومەت بەدیاریكراوی شێوازی دەستخستنی داهاتەكانو چۆنیەتی خەرجكردنیان لەلایەن حكومەتەوە نازانێت، بۆیە پێدانەوەی قەرزی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتەوە بابەتێكە كە ناتوانرێت پێشبینی بكرێت. لە یاسای چاكسازیدا كە بەمدواییە پەسەندكرا، چارەنوسی موچە پاشەكەوتكراوەكان رادەستی بەغداد كراو حكومەتی هەرێم چاوەڕێیە حكومەتی ناوەندی عێراق ئەو پارانە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنێتەوە، بەڵام چارەنوسی بەرزەموچە هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە.
درەو: حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای زانیاری لەسەر ئەو فەرمانبەرانە دەكات كە تەمەنیان (45) ساڵەو (15)ساڵ خزمەتیان هەیە، ئەتوانن ئارەزومەندانە خانەنشین بنن، دوای ئەوەی یاسای چاكسازی لەمڕۆوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە ئەمڕۆ یاسای چاكسازی و خانەشنینی پلە باڵاكان دوای پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە لە رۆژنامەی (وقایعی كوردستان) بڵاوكرایەوەو دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان خشتەیەكی ئاراستەی وەزارەتەكان كردووەو داوای زانیاری دەكات لەسەر ئەو فەرمانبەرانەی كە تەمەنیان (45) ساڵ و زیاترەو خزمەتیشیان لە (15) ساڵ و زیاترە. لە بڕگەی سێیەمی مادەی 7ی یاسای چاكسازیدا، ئەو فەرمانبەرانەی كە تەمەنیان (45)ساڵە و خزمەتیشیان (15) ساڵە دەتوان بە خواستی خۆیان خانەنشین بن، بەڵام خانەنشینیەكە ئارەزوو مەندانەیە، تا تەمەنی (63) ساڵ دەبێتە ئیجباری، ئەم خانەنشینیە ئارەزومەندانەیە تەنها فەرمانبەرانی مەدەنی دەگرێتەوەو سەربازی ناگرێتەوە. لە دەقی بڕگەی سێیەمی مادەی (7) ی یاساكەدا هاتووە: فەرمانبەر بەو پێناسەیەی لە یاسی خانەشنی یەكگرتووی بەركار لە هەرێمدا هاتووە ( بەوانەشەوە كە لەبڕگەی یەكەمی ئەم مادەیەدا ئاماژەی پێدراوە) شاییسە موچەیەكی خانەنشینی دەبن ئەگەر خزمەتی خانەنشینیان لە (15) ساڵ كەمتر نەبێت و (45) ساڵ لە تەمەنیان تەواو كردبێت، جگە لە حاڵەتەكانی مردن یان شەهید بوون یان خانەشنینبون لە هۆكاری تەندرووستی و ئەو حاڵەتانەی دیكەی بەدەركردن كە لە یاسای خانەنشینی بەركاردا هاتووە.
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم له سهرهتای دروستبوونی یهكێتیهوه، مام جهلال وهكو دامهزرێنهری سهرهكی و كۆكهرهوهی سهرجهم بیروباوهڕ و هێله جیاوازهكان، باوهڕی به بنهماڵه كردنی ئهو حزبه نهبوه، ئهو ئاڕاسته و هێلهشی كه به "هێلی گشتیی" لهسهردهمی خۆیدا ناسراو بو، سهرجهم كهس و باڵ و گروپهكانی نێو یهكێتیی له خۆگرتبو، زۆربهی ئهوانهشی له لوتكهی خهته گشتییهكهی مام جهلالدا بوون، هی زۆربهی ناوچهكان بوون، تا ئهم دوایانهش یهك كهس له بنهماڵهكهی خۆی له نێو ئهو حزبهدا پۆستی باڵای نهبو. له كۆنگرهی سێههمی یهكێتیی ( له دوای جیابوونهوهی گۆڕان)، دهوترێ یهكێك له نهوهكانی مام جهلال له دهرهوهی وڵات گهرابۆوه، تاوهكو بۆ سهركردایهتی خۆی كاندید بكات، دوای ئهوهی مام جهلال بهوه دهزانێت، توڕه دهبێت و داوای لێدهكات پلیتی فڕۆكه ببڕێت و بگهڕێتهوه شوێنهكهی خۆی. هێرۆخان به درێژای مێژووی یهكێتی هاوشانی مام جهلال خهباتی كرد، ئینجا له كۆتاییهكانی ژیانی هاته پێشهوه، بهڵام تاوهكو مام جهلال له گۆڕهپانهكهدا بوو، ئهو رۆڵی كاریگهری نهبوو، لاهور شێخ جهنگیش كه بهشێكی تهمهنی لهگهڵ مام جهلالدا به رێكرد، له كۆنگرهی سێههمدا، تهنها توانی ببێته ئهندامی ئهنجومهنی ناوهند. دوای مام جهلال و دووركهوتنهوه هێرۆخان، له كۆنگرهی چوارهم دۆخێكی دیكه هاتۆته ئاراوه، بهشێوهیهك كوڕ و نزیك و نهوهكانی مام جهلال، بوونهته رێگر لهبهردهم دووباره تهشكیلكردنهوهی یهكێتیی، دهیانهوێ جگه له خۆیان پۆستی سهرۆك و جێگر بۆ هیچ و گروپ و باڵێكی دیكهی ئهو حزبه نهبێت، لهكاتێكدا سهرۆكایهتیكردنی یهكێتیی لهسهرهتای دروستبوونیهوه لهسهر بنهمای سازان و پێدانی بهشی باڵ و گروپهكان بووه. بۆ نموونه له رابردوو دهستهی سهرۆكایهتی یهكێتیی له نێوان سهرۆك و دوو جێگر، دوو كهس له دهرهوهی ماڵی مام جهلال بوو. رهنگه تاڕادهیهك به مهركهزی بوونی حزب و به بنهماڵهیی كردن فۆڕمێكی گونجاو بێت بۆ حزبی ڕۆژههڵاتی، بهڵام سروستی یهكێتیی و ئهو هێزانهی له منداڵدانی یهكێتیی هاتوونهته دهرهوه ئهو فۆڕمه پهسهند ناكات. بۆ نموونه له بزوتنهوهی گۆڕان ئهگهرچی كوڕهكان نهوشێروان موستهفا به فهرمی هیچ پۆستێكیان نییه، بهڵام لهبهرئهوهی به كردهكی و له پشت پهردهوه ،ههموو شت له دهستی ئهوانه، بۆیه ههر زوو له لایهن خهڵك و قاعیدهی جهماوهری ئهم شێوازه بهڕێوهبردنه رهتكرایهوه، هیچ كهسیش گهشبین نییه به داهاتووی ئهو حزبه. ئهگهر ماڵی مام جهلال بیانهوێ چاو له ماڵی بارزانی بكهن، دهبێت ئهوهیان لهبارچاوبێت، ئهوهی ئێستا له ناو پارتی دهگوزهرێ و بهجۆرێك له جۆرهكان مهركهزیهتی هیشتۆتهوه، مانهوهی مهسعود بارزانیه، دوای ئهو زوو، یان درهنگ پێكدادان له نێوان ئامۆزاكان روودهدات. ئهوهی شارهزای بارودۆخی ناوخۆی بنهماڵهی تاڵهبانی بێت، دهزانێت دۆخی یهكێتیی دوای نهمانی مام جهلال و دووركهوتنهوهی هێرۆخان، ماڵی مام جهلال لهسهر بهڕێوهبردنێكی كاتی ئێستای یهكێتیی نهبێت، له هیچ شت كۆك نین، ئهم نزیكبوونهوهش بههۆی دهستپێشخهرییهكی قوباد تاڵهبانییه، ئهگهر نا ههریهكهیان له ئاوازێك دهخوێنن. لاهور و باڤڵ له زۆر شت لهیهكهوه دوورن، ئێستاش كه له یهكهوه نزیكن بههۆی قوباد تاڵهبانی، رهنگه له چهند كاتژمێر و ڕۆژ و ساڵی داهاتو، تووشی پێكدادان بن، یان لێك دووربكهونهوه، بهتایبهت باڤڵ ههڵپهی دهسهڵات و پاره و هێزی ههیه، لاهوریش بهمه نارهحهته، ههستیار و دوو دڵه بهرامبهر باڤڵ، دهشزانێت دوای كۆنگره بهپرسیاریهتی زیادیكردوه، وهكو بهر له كۆنگره نییه، دهبێت باشتر مامهڵه لهگهڵ ههمووان بكات. ئهو عینادیهی ماڵی مام جهلال كاریگهی لهسهر دۆخی سیاسی و ناوخۆی ههرێمی كوردستانیش كردوه، حكومهت و لایهنه سیاسییهكان نازانن لهگهڵ كێ و لهگهڵ كامه سهر و ماڵ مامهڵه بكهن ؟ ئهم رووداوانهی لهم چهند رۆژی رابردو كه له ههرێم روویاندا بهشێكی زادهی ئهم كێشانهیه. له چهند ڕۆژی رابردوودا، كه سهركردایهتی یهكێتیی خهریكی داڕشتنهوهی پهیڕهوی ناوخۆی یهكێتین، لهسهرهتادا ماڵی مام جهلال داوای ههردوو پۆستی جێگریان دهكرد، بهڵام له چهند ڕۆژی داهاتوو داواكارییهكانیان بهشێوهیهك گۆڕیوه، داوای پۆستی سهرۆك، یاخود سیستهمی هاوسهرۆكی دهكهن، بهم داواكاریهش بهرههم ساڵحیشیان لهخۆیان تۆراندوه. ماڵی مام جهلال بهتایبهت باڤڵ تاڵهبانی و قوباد تاڵهبانی به ناچاری لاهور شێخ جهنگیان رازیكردوه جۆرێك له رێككهوتنیان لهگهڵ بكات، كه یهكێتیی به تهواوی به ئاراستهی بنهماڵهیی بوون ببهن، هاوشێوهی ئهوهی ئێستای پارتی و بزوتنهوهی گۆڕان پهیڕهوی دهكهن، ئهوهش له پێناو پاراستنی بهرژهوهندییهكانی خۆیان، ئهگهر یهكێتیی لهوهی ئێستا ههیه بچووكتریش ببێتهوه. بهم كردهوانهی ئهم دوایهی ماڵباتی تاڵهبانی، كه لاهور شێخ جهنگیشیان خستۆته ناوی، چهندین بهرهیان له دژی خۆیان كردۆتهوه لهوانه ( بهرهی ماڵی كۆسرهت رهسوڵ و بهرههم ساڵح و گروپی كهركووكییهكان و دلێری سهید مهجید و عیماد ئهحمهد و عهدنانی حهمهی مینه و چهند كهسێكی دیكه)، لهكاتێكدا ئهوانیش هاوشێوهی بنهماڵهی تاڵهبانی خۆیان به میراتگیری بهشێكی یهكێتیی دهزانن، بهڵام ئێستا ههستیان بهوه كردوه، لهم خولهدا ههوڵدهدرێت پهراوێزبخرێن. لاهور شێخ جهنگی كه براوه گهورهكهی كۆنگرهیه، له ئێستاشدا لهبهرهی كوڕهكانی مام جهلال دهردهكهوێت و كهوتۆته ژێر كاریگهری ئهم رێككهوتنه، ئهگهر بهم شێوهیه بهردهوام بێت، جگه لهوهی یهكێتیی تووشی قهیرانێكی دیكه دهكات و بهم یاریه كێشهكان زیاتر قوڵتر دهكاتهوه، دواجاریش چارهسهركردنی ئهستهم دهبێت، له ههمانكاتیشدا رهنگه بهم یاریه به تهواوی دهسهڵات بكهوێته دهست ئهنجومهنی سیاسی و بهرژهوهندی گشتیی یهكێتیی، یاخود گروپێكی دیكه دروست بن، دان به ههیكهلی نوێی یهكێتی دانهنێن. دهبێت نهوهكانی ماڵی مام جهلال ئهوه بزانن، كه یهكێتیی تهنها مولكی ئهوان نییه، ئهگهر بیانهوێ حزب بهره و سیستهمی به بنهماڵهیی ببهن، دهبنه هێزێكی بچوك له گۆڕهپانهكهدا، چونكه ههریهك لهو باڵ و گروپانهی داوای بهشی خۆیان دهكهن، حهقێكیان لهسهر یهكێتیی ههیه و نفوز و قاعیدهی جهماوهریان زۆره، به دووركهوتنهوهی ههر كهسێك لهوانه، ئهوكات لهبهرژهوهندی یهكێتیی نابێت. ئهگهر ئهم دۆخه بهردهوام بێت، سهرباری ئهوهی دۆخی یهكێتیی بهره و خراپتر و خراپتر دهچێت، له سنوورهكانی دیكهی وهكو ههولێر و بادینانیش رۆژی دوای ڕۆژ ئهو حزبه روو له لاواز بوون دهكات، چونكه ئهگهر یهك جوله بهرامبهر ماڵی كۆسرهت رهسوڵ بكرێت و پهراوێز بخرێن و له بهرژهوهندیان نهبێت، ئهوهندهی دیكه برینی یهكێتیی لهم ناوچانه زیاتر دهبێت. ئهمه بۆ باڵ و گروپهكانی دیكهش له سنووری گهرمیان و سلێمانی كهركوك راسته، چونكه ئهوان به ئهندازهی خۆیان كاریگهری گهورهیان ههیه. كهركوك كه ئێستا تاكه پارێزگایه یهكێتیی تیایدا زۆرترین نفوزی جهماوهری ههیه و به قهلای سهوزی یهكێتی ناسراوه، ئهوانیش بهم شێوازهی ئێستای داڕشتنهوهی ههیكهلی یهكێتیی رازی نین، بۆیه ئهگهر داواكارییهكانی ئهوانیش لهبهرچاو نهگیرێت، گره و لهسهر پهرتهوازهیكردنی یهكگرتووی سهركردهكانی ئهو دهڤهره بكرێت، دیسانهوه لایهكی یهكێتیی تووشی ئیفلیج بوون دهبێت، لهم ناوچانهش زۆر شت له دهست دهدهن. ئێستا لاهور شێخ جهنگی كه براوهی كۆنگرهیه، ئهگهر نهرمی نهنوێنێت، له نێوان فۆڕمی به بنهماڵهیی كردن، یاخود دابهشكاری پۆستهكان لهسهر بنهمای تهوافوق و پشكی گروپهكان و بهڕێوهبردنی به كۆمهڵ، هی دووهمیان ههڵنهبژێرێت، ههندهی دیكه دۆخهكه خراپتر دهبێت و كارتهكان بهشێوهیهكی ئاڵۆز تێكهڵ دهبن، چونكه ئهوها ههم خۆی بههێزدهبێت و ههمیش یهكێتیی به تهواوی له حزبی به بنهماڵهیی بوون دهپارێزێت. باشترین چارهسهر بۆ دۆخی ئێستای یهكێتیی بهڕێوهبردنی ئهو حزبهیه بهشێوازی كۆمهڵ و سیستهمی فره جێگری، كه ههمووان ههست به بوونی خۆیان بكهن، مافهكانیان له رووی بهڕێوهبردنی ئهو حزبه پارێزراو بێت.
راپۆرتی: درەو تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەی قوربانیانی توندوتیژییەكانی شەوی ڕابردووی شاری "نەجەف" گەیشتە 11 كوژراو 140 بریندار، ئەوە بەگوێرەی سەرچاوە پزیشكییەكان لەنەخۆشخانەی شارەكە كە پێشبینی دەكەن ژمارەی كوژراوەكان بەرزتربێتەوە بەهۆی مەترسیداری برینی هەندێك لەبریندارەكان. چالاكان و شایەتحاڵەكان و ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە، ئاماژە بەوە دەكەن ئەنجامدەرانی هێرشەكە سەربە ڕەوتی سەدرنو بەدیاریكراوی " كڵاوشینەكان" ئەنجامیانداوە، كە لەبنەڕەتدا "موقتەدا سەدر" بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران لەپەلاماری گروپە چەكدارەكان پێكیهێناوە. وردەكاری ڕووداوەكە پاشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە، دوای ئەوەی گروپێك لە "كڵاوشینەكان" ویسویان بچنە ناو گۆڕەپانی "ئەلسەدرەین" كە گۆڕەپانی گردبونەوەی خۆپیشاندەرانە لەشاری "نەجەف"، بە بیانوی پاككردنەوەی لە تێكدەرانو بەكرێگیراوان كە بە "جۆكەر"ییە ناویاندێنن لەڕیزەكانی خۆپیشندەرانو، "موقتەدا سەدر" ڕابەری ڕەوتی سەدر بەوە تۆمەتباریاندەكات كە ئەجێندای ئەمریكاو ئیسرائیل جێبەجێدەكەن. خۆپیشاندەرانو مانگرتووان ڕێگەیان نەداوە سەدرییەكان بچنە ناوەو بیانپشكننو پرسیاریان لێبكەن، بەوپێیەی ئەمانە هیچ سیفەتێكی یاساییان نییە، ئەوەش بووەتە هۆی شەڕ قسەو دەمەبۆڵە لەنێوان هەردوولا. بەوتەی چالاكی خۆپیشاندانەكان، لایەنگرانی سەدر پێداگرییان كردووە لەسەر پشكنیی خێوەتەكانی خۆپیشاندەران، بە بیانوی گەڕان بۆمبی مۆلۆتۆفو ماددە كحولییەكان، خۆپیشاندەرانیش سوربون لەسەر ئەوەی ڕێگەیاننەدەنو، دروشمیان دژی موقتەدا سەدر وتووەتەوەو داوایانلێكردووە سواری شەپۆلی خۆپیشاندەرانی خەڵكی عێراق نەبێت، ئەوەش لایەنگرانی سەدری توڕە كردووەو شەڕی دەستەویەخە ڕویداوەو دواتر بووە بەشەڕە بەرد لەنێوان هەردوولا، دوای بانگی شێوان "كڵاوشینەكان"ی سەربە ڕەوتی سەدر بەچەك پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوەو بەوهۆیەوە دەیان خۆپیشاندان كوژراونو برینداربوون. لەسەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە، ئەوە دووەمین جارە شاری نەجەف كە بەپایتەختی شیعەكانی جیهان دادەنرێت ڕووداوی خوێناوی لەوشێوەیە بەخۆوە دەبینێت، سەرەتای مانگی كانونی یەكەمی ساڵی پار كاتێك خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر مەزاری "حەكیم" لەناوەڕاستی شارەكە، لەلایەن گروپی " سەرایای عاشورا"وە درانە بەر دەستڕێژی گوللەو چەندین خۆپیشاندەر كوژرانو برینداربوون، كۆنسوڵخانەی ئێرانیش سوتێنرا. كاردانەوەكان ڕووداوەكانی شاری نەجەف كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەدیارترین كاردانەوە ناوخۆییەكان ئەو پەیامە بوو كە ئەمڕۆ "محەمەد تۆفیق عەلاوی" سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق ئاراستەی خەڵكو خۆپیشاندەرانی كردو، تێیدا ئاماژەی بە مەترسیداری دۆخی عێراقو ئەگەری خزاندی كرد بەرەو نادیار. "عەلاوی" ناڕاستەوخۆ پەیامێكی هەڕەشە ئامێزیشی ئاراستەی هێزە سیاسییەكان كرد و وتی:" ناتوانین بەردەوامبین لەو ئەركەی پێمان سپێردراوە لەگەڵ بەردەوامبونی ئەوەی بەرامبەر گەنجەكانمان دەكرێت، بە كارێكی ئەخلاقی نازانین ئەوپۆستە وەربگرین لەكاتێكدا ڕۆڵەكانمان ڕووبەڕووی ئەو ڕەفتارانە دەبنەوە"، وەك ئاماژەیەك بۆ كشاندنەوەی لە ڕاسپاردنی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ لەحاڵەتی بەردەوامبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران. "جنین بلاسخارت" نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق لەتویتێكدا بەتوندی ئیدانەی توندوتیژییەكانو ئەو ژمارەی زۆرەی قوربانیانی كرد لەشاری نەجەف، بەپێویتیشی زانی بە بەردەوامی پارێزگاری خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بكرێت، نەك دوای لەدەست دەرچوونی دۆخەكە. "مارتن هوس" باڵیۆزی یەكێتی ئەوروپاش لە عێراق لەتویتێكدا لەبارەی ڕووداوەكەی شەوی ڕابردووی شاری نەجەفەوە نوسیویەتی:"توقاندنو توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران لەلایەن چەكدارەكانەوە، كە شەوی ڕابردوو بووە هۆی كوژرانی چەندین كەس لەنەجەف، كارێكی قبوڵ نەكراوە، دەبێت تاوانباران دەستنیشانبكرێنو لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت. ئەم ڕەفتارە قێزەونانە هەر پێشكەوتنی سیاسی تێكدەدات". سەدرییەكانیش قسەیان هەیە "موقتەدا سەدر"ڕابەڕی ڕەوتی سەدر كە لەسەر زۆرێك لە پێشهاتەكانی عێراق بەشێوەیەكی ڕۆژانە قسەی هەیە، تائێستا لەسەر ئەم ڕوداوانەی شاری نەجەف قسەی نەكردووە، بەڵام كەسە نزیكەكانی بەشێوازی جیاواز گوزراشتیان لەڕای سەدر كردووە. "ساڵح عێراقی" كە یەكێكە لەكەسە نزیكەكانی سەدر، لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لەسەر ڕووداوەكانی نەجەف نوسیویوتی:" پێویستە خوێندكاری زانستخوازی بەڕێزو عەشیرەتەكانی پارێزگای نەجەف، ڕۆڵیان هەبێت لە ڕزگاركردنی نەجەفی ئەشرەف لەدەستی تێكدەرانو ئەوانەی خزاونەتە ناوخۆپیشاندەران، بەشێوەیەكی ئاشتیانەو، كۆتایهێنان بەدەستی نادیارو چەپەڵ كە دەیانەوێت پیرۆزییەكانی لەكەدار بكەن. سوپاس بۆ خودا ڕزگارمان بوو لەتێكدەرانو نیشتیمانپەروەرەكانی پێبەخشیوین". "عودەی عەواد" سەركردە لەڕەوتی سەدر دەڵێت:" سەدر ڕووبەڕووی هێرشێكی دڕندانە دەبێتەوە بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانییەكانی بەرامبەر گەلی عێراقو، پوچەڵكردنەوەی ئەو پیلانگێڕیو ئاشوبانەی كەدژی وڵات دەچنرێت". ئەو سەركردەیەی ڕەوتی سەدر لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دوولایەنیش بە ئەنجامدانی ئەو كارە تۆمەتبار دەكات و ڕایدەگەیەنێت:" مافیای دەسەڵاتی گەندەڵو، ئەجێندای نێودەوڵەتی، لەپشت ئەو هێرشە دڕندانەوەن كە سەدر ڕووبەڕووی دەبێتەوە. پێش ئەویش "حاكم زاملی" سەركردەی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند: عێراق پێویستی بە پێداچونەوە هەیە بە یاسا بەركارەكانو، تاوانباركردنی هەموو ئەوانەی خراپەكاری (قسەی ناشرین) بەرامبەر بە ڕەمزە ئاینیو نیشتمانییەكان دەكەن. "زاملی" لەلێدوانێكدا بۆ میدیا عێراقییەكان داوای لەپەرلەمان كرد: "یاسایەكی تایبەت بە تاوانناساندنی ناشرینكردن هەمواربكات، دوای ئەوەی ژمارەیەكی بەرچاو لە ڕەمزە ئاینیو نیشتمانییەكان ڕووبەڕووی ناشرینكردن بونەتەوە، بەتایبەت لەلایەن هەندێك لەڕاگەیاندنەكانەوە". لەدوای كشانەوەی لایەنگرانی سەدر لەگۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان دوای زویربوونی "موقتەدا سەدر" لێیان بەهۆی بەشدارینەكردنیان لەو خۆپیشاندانەی كە گروپە شیعییەكان لە دژی بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق ڕێكیانخست، سەدر ڕووبەڕووی لێشاوێك ڕەخنەو تۆمەت بوەوەو بە بەجێهێشتنی خۆپیشاندەران تۆمەتباریانكرد، هەینی ڕابردووش دوایئەوەی جارێكی تر لایەنگرانی سەدر گەڕانەوە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بەڵام گەڕانەوەكە بەوشێوەیە نەبوو كە زۆرینەی خۆپیشاندەران چاوەڕییان دەكرد، لایەنگرانی سەدر ئەمجارە هەوڵیاندا بەتەواوی كۆنتڕۆڵی خۆپیشاندانەكان بكەن. لەدوای ڕاسپاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراقیش كە زۆرێك لەخۆپیشاندەران ڕەتیدەكەنەوەو سەدرییەكان بەتوندی پشتیوانی دەكەن، ناكۆكییەكانی نێوان لایەنگرانی سەدرو خۆپیشاندەران لەزۆرێك لە گۆڕپانەكانی خۆپیشاندان لەبەغدادو پارێزگاكانی تر تادێت قوڵتر دەبێتەوەو، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا چەندین بەریەككەوتنو ڕووبەڕووبونەوە لەنێو هەردوولادا ڕویداوە، كە دواترینیان توندوتیژییەكانی شەوی ڕابردووی پارێزگای نەجەف بوو.
(درەو): ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی دەرەوە، (151) دەزگای راگەیاندنو رۆژنامەنوس پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە، هەولێرو سلێمانیو كەركوك پێشەنگی پێشێلكارییەكانن، پارێزگای هەڵەبجە خاوێنترین ناوچە بووە، زۆرترین حاڵەتی پێشێلكاریی لە شێوەی رێگریكردن بووە لە روماڵكردنی رووداوەكانو دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان، زۆرترین پێشێلكارییەكان لەبەرامبەر رۆژنامەنوسو میدیاكارانی كەناڵی (NRT) كراوە. ئامارێكی نوێ لیژنەی داكۆكیكردن لە ئازادی رۆژنامەنوسیو مافی رۆژنامەنوسان كە سەربە ئەنجومەنی سەندیكای رۆژنامەنوسانە، راپۆرتی خۆی لەباری پێشێلكراییەكان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2019دا بڵاوكردەوە. بەپێی راپۆرتەكە ساڵی رابردوو بەشێوەیەكی گشتی (66) حاڵەتی پێشێلكاری بەرامبەر بە دەزگاكانی راگەیاندنو رۆژنامەنوسان تۆماركراوەو ئەو پێشێلكارییانە (151) دەزگای راگەیاندنو رۆژنامەنوسی گرتوەتەوە. جۆری پێشێلكارییەكان كە ساڵی رابردوو تۆماركراون، ئەمانە بوون: • دەستگیركردن: 19 حاڵەت • رێگەنەدان بە روماڵكردنی هەواڵ: 24 حاڵەت • هێرشو سوكایەتی: 10 حاڵەت • لێدان: 2 حاڵەت • داخستنی نوسینگە: 2 حاڵەت • دەستبەسەركردن (توقیف): 4 حاڵەت • هەڕەشە: 4 حاڵەت • داوای پڕكردنەوەی فۆڕمی زانیاری كەسییو ئەمنی: 1 حاڵەت رێگەنەدان بە رووماڵكردنی رووداوەكان لەلایەن میدیاو رۆژنامەنوسانەوە لە ساڵی رابردوودا دیارترین پێشێلكاریی بووە كە رێژەی (41%)ی كۆی ئەو پێشێلكارییانە پێدەهێنێت كە لەو ساڵەدا تۆماركراون، لەدوای ئەویش پێشێلكاری دەستگیركردنی رۆژنامەنوسانە كە رێژەی (24%)ی كۆی پێشێلكارییەكان پێكدەهێنێت. پێشێلكاریی بەپێی ناوچە بەپێی راپۆرتەكە، زۆرترین رێژەی پێشێلكاری بەرامبەر بە میدیاكانو رۆژنامەنوسان لە ساڵی رابردوودا لە پارێزگاكانی (هەولێر- سلێمانی- كەركوك) بووە، كەمترین رێژەش لە پارێزگای هەڵەبجە بووە. ساڵی رابردوو بەپێی دابەشبوونی جوگرافی، پێشێلكارییەكان بەرامبەر بە میدیاو رۆژنامەنوسان بەمشێوەیە بووە: • هەولێر: 17 حاڵەت • سلێمانی: 17 حاڵەت • كەركوك: 17 حاڵەت • دهۆك: 8 حاڵەت • هەڵەبجە: 1 حاڵەت • خانەقین: 1 حاڵەت • بەغداد: 1 حاڵەت • موسڵ: 1 حاڵەت پێشێلكاریی بەپێی رەگەز بەپێی رەگەز بەپێی ئامارەكەی لیژنەی داكۆكیكردن لە ئازادیو مافی رۆژنامەنوسان، ساڵی رابردوو زۆربەی ئەو پێشێلكارییانەی كە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كراوە، لەدژی ئەو رۆژنامەنوسانە بووە كە رەگەزییان (نێر) بووە، بەجۆرێك رێژەی (97%)ی ئەوانەی پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە لە رەگەزی (نێرینە)بوون، لە رەگەزی (مێ) تەنیا رێژەی (3%) تۆماركراوە. پێشێلكاریی بەپێی دەزگاكانی راگەیاندن راپۆرتەكە ناوی ئەو رۆژنامەنوسو دەزگایانەی بڵاوكردوەتەوە كە ساڵی رابردوو پێشێلكارییان لەدژ كراوە، بەمشێوەیە: • پێشێلكاریی لە شێوەی دەستگیركردندا: ئەم شێوازەی پێشێلكاریی لە ساڵی رابردوودا زۆربەی لەدژی رۆژنامەنوسو میدیاكارەكانی كەناڵی (NRT) بووە. • پێشێلكاریی لەشێوەی فەرمانی دەستبەسەركردندا: دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (NRT)و ئەوی تر بەرامبەر ستافی سایتی (درەو)و چەند رۆژنامەنوسێكی ترە. • پێشێلكاریی لەشێوەی رێگەنەدان بە رووماڵكردنی رووداوەكان: زۆرینەی پێشێلكاریی لەم جۆرە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی (NRT) بووە كە (14) حاڵەتە، لەدوای ئەویش كەناڵی (كوردسات) دێت كە (5) حاڵەتە، پاشان كەناڵی (رۆژتیڤی) كە (4) حاڵەتە، (3) حاڵەتیش بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی كوردستان 24 بووە. • پێشێلكاری لە شێوەی هێرشو سوكایەتی: زۆرترین پێشێلكاری لەم شێوازە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی (وار) تۆماركراوە كە (3) حاڵەتە، لەدوای ئەویش كەناڵی (سپێدە)و (كوردسات) دێت كە هەریەكەیان (2) حاڵەتیان لەدژ كراوە. • پێشێلكاریی لەشێوەی لێداندا: ئەم شێوازە دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بە رۆژنامەنوسانی كەناڵی (سپێدە) بووەو ئەوی تر لەدژی پەیامنێری كەناڵی جەزیرەی قەتەری بووە لەكاتی كوشتنی دیپلۆماتكارەكەی توركیا لە هەولێر. • پێشێلكاریی لەشێوەی داخستنی نوسینگەو كەناڵ: دوو حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە كەناڵی (NRT) بووەو ئەوی تر بەرامبەر بە كەناڵی كوردستان 24 كراوە لە رۆژئاوای كوردستان. • پێشێلكاریی لەشێوەی پڕكردنەوەی فۆڕمی زانیاریی كەسییو ئەمنی: ئەم شێوازە سێ حاڵەت تۆماركراوە كە بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی هەرسێ كەناڵی (رۆژتیڤی- گەلی كوردستان- كوردستات) تۆماركراوە. • پێشێلكاریی لەشێوەی هەڕەشە: چوار حاڵەت تۆماركراوە، یەكێكیان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (NRT) لە بەغداد تۆماركراوە، یەك حاڵەت بەرامبەر بە رۆژنامەنوسێكی كەناڵی (كەركوك)، یەك حاڵەت بەرامبەر بە كەناڵی (وار)، یەك حاڵەت بەرامبەر بە كەناڵی كوردستان 24. كێن ئەوانەی پێشێلكاریی دەكەن ئەوەی لە راپۆرتەكەدا تۆماركراوە، ئەوانەی ساڵی رابردوو پێشێلكاریی جۆراوجۆریان بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان كردووە بریتی بوون لە: • هێزە ئەمنییەكان لە شیلادزێ- دهۆك • هێزەكانی ئاسایش- دهۆك • پۆلیسو بەڕێوەبەری ناحیەی تەكیە- سلێمانی • هێزەكانی حەشدی شەعبی- خانەقین • هێزەكانی ئاسایش- سلێمانی • هێزەكانی سوپای عێراق- كەركوك • هێزەكانی سوپای عێراق- موسڵ • هێزە ئەمنییەكان- هەولێر • هێزی 8ی تەواری- خانەقین • راكان جبوری پارێزگاری كەركوك • بەرپرسی ئەمنی نیشتمانی- خانەقین • هێزی فیرقەی چواری مغاویری سوپای عێراق- كەركوك • پۆلیسی نەخۆشخانە- دهۆك • هێزەكانی سوپای عێراق- مەخمور • هێزەكانی پۆلیسی سۆران • ئاسایشی گەرمیان- كەلار • ئیستخباراتی كەركوك • سەرپەرەشتیاری یاری نێوان یانەی سەیدسادقو یانەی خاك لە 7/12/2019 • خۆپیشاندەران لە كەركوك رۆژی 15/10/2019 • مستەفا حەسەن گەورە لە 11/10/2019 • بەشی راگەیاندنی شارەوانی گەرمیان • هێزی دژە تیرۆر- هەولێر • ئیدارەی باكوری سوریا- رۆژئاوای كوردستان • لیوای 61ی سەرۆك وەزیران- كەركوك دەربازبوون لە سزا لە هەرێمی كوردستان بەردەوام ئەوانەی كە پێشێلكاری لەبەرامبەر رۆژنامەنوسان ئەنجام دەدەن، لە سزای یاسایی دەرباز دەبن، راپۆرتی لیژنەی داكۆكی لە رۆژنامەنوسان لە راپۆرتی خۆیدا هیچ حاڵەتێكی تۆمارنەكردووە لەبارەی سزادانی ئەوانەی كە ساڵی 2019 پێشێلكارییان بەرامبەر بە میدیاكانو رۆژنامەنوسان ئەنجامداوە. بەراوردكارییەك بەپێی ئاماری هەمان لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، ساڵی 2018 لە هەرێمی كوردستانو ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم (131) حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنوسانی كورد تۆماركراون، واتە ساڵی رابردوو حاڵەتەكانی پێشێلكاری دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوەو لە (131) حاڵەتەوە دابەزیوە بۆ (66) حاڵەت.
راپۆرتی: درەو پێشبینی دەكرێت سبەی چوارشەممە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كە كۆمارییەكان تێیدا زۆرینەن "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بێبەری بكات لەو دوو تۆمەتەی ئاراستەی كراون، (خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتو دروستكردنی ئاستەنگ بۆ كارەكانی كۆنگرێس) لەچوارچێوەی دادگایكردنی لەبەردەم ئەنجومەنەكە. ڕۆژی چوارشەممە پرۆسەی دەنگدانەكە بەڕێوەدەچێت، كە چاوەڕواندەكرێت لەبەرژوەندی "ترەمپ"بێت، لەكۆی 100 كورسی ئەنجومەنی پیران، كۆمارییەكان خاوەنی 53 كورسین، لەبەرامبەر 47 كورسی دیموكراتەكان، لەكارخستنی سەرۆك پێویستی بەدەنگی دوو لەسەرسێی ئەندامانی ئەنجومەنەكەیە واتە دەنگی 67 سیناتۆر، ئەمەش وادەكات ئەو كارەی دیموكراتەكان ماوەیەكی كەم نییە دەستیانداوەتێو بەنیازن سەرۆكێكی كۆماری لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دابگرن، نەك هەر كارێكی قورسە بەڵكو لەحەوتەم ئەستەمەكانەو شتی وا ڕوونادات. تۆمەتی یەكەم كە ڕوبەڕووی "ترەمپ" كراوەتەوە، هەوڵدانە بۆ هاوكاریكردنی لەلایەن "ئۆكرانیا"وە بەشێوەیەكی ناشەرعی بۆ هەڵمەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی لەمساڵداو، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بۆ ڕێگەگرتن لە "ئۆكرانیا" لەبەدەستهێنانی هاوكارییەكانی ئەمریكا بە ئامانجی دروستكردنی فشار لەسەری بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لە "جۆ بایدن" جێگری سەرۆكی پێشووی ئەمریكا. تۆمەتی دووەمیشیان، هەوڵی ئاستەنگ دروستكردنە بۆ دادپەروەری، دوای پێشكەشكردنی شاهیدو بەڵگەی تایبەت بە لێكۆڵینەوە، لە وەڵامنەدانەوەی یاداشتی بانگهێشتكردن كە لەلایەن كۆنگرێسەوە دەرچووە. دیموكراتەكان شەڕێكی دۆڕاو دەكەن ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو دیموكراتەكان لەكۆتایی پرۆسەی دادگایكردنەكەدا لەبەردەم ئەنجومەنی پیران داوایانكرد "ترەمپ" سزا بدرێت بەو دوو تۆمەتەی ڕووبەڕووی كراوەتەوە، "ئادەم شیف" سەرۆكی دەستەی سكاڵاكار وتی" ناكرێت متمانە بەوەبكرێت كە ئەم سەرۆكە كاری باش دەكات" وتیشی:"ناگۆڕێت ئێوەش ئەوە دەزانن، مێژوو ڕەحم بە دۆناڵد ترەمپ ناكات"، داواشی لەئەندامانی ئەنجومەنەكە كرد ئازایەتی ئەوەیان تێدابێت بەڕویدا بوەستنەوە. لەبەرامبەردا پارێزەرەكانی سەرۆكی ئەمریكا داوای بێبەریكردنیانكرد لەو تۆمەتانە،"بات چیبۆلۆنی" پارێزەری كۆشكی سپی وتی:" سەرۆك هیچ هەڵەیەكی نەكردووە". بڕیاری لەكارخستنی "ترەمپ"یشی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە بڕیارێكی لایەنداری تەواو و سیاسی وەسفكردو ڕاشیگەیاند" متمانەمان بە ئەنجومەنی پیرانە". پارێزەرەكەی سەرۆكی ئەمریكا داوای لەئەنجومەنی پیران كرد، بڕیاری هەڵبژاردنی سەرۆك بۆ گەلی ئەمریكا جێبهێڵێت، بەپێویستیشی زانی ئەمریكییەكان بڕیاری ئەوە بدەن كێ سەرۆكایەتییەكان دەكات، وتیشی:" ترەمپ بەشەوقەوە ئامادەیە بچێتەوە بەردەم گەلی ئەمریكا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا". ڕۆژی هەینی ڕابردوو ئەنجومەنی پیران بەزۆرینەی 51 دەنگ بەرامبەر 49 هەوڵێكی دیموكراتەكانی ڕتكردەوە بۆ بانگهێشتكردنی "جۆن بۆڵتن" ڕاوێژكاری پێشوی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپیو گەورە ڕاوێژكارەكانی تری سەرۆك بۆ دادگایكردنەكە بۆ وەرگرتنی وتەكانیان. "دۆناڵد ترەمپ" سێیەم سەرۆكە لەمێژوویی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا ڕاپێچی بەردەم دادگا دەكرێت بۆ لەكارخستنی، "ئەندرۆ جۆنسۆن" یەكەم سەرۆك بووە كە هەوڵی لەكارخستنی دراوە لە ساڵی 1868 و "بیل كلنتۆن" دووەم سەرۆك بووە كە ساڵی 1999دا هەوڵی لەكارخستنی دراوە. شەڕەكەی ترمپو پیلۆسی وتاری ساڵانەی دۆخی دەوڵەت، ئەمڕۆ هەردوو ئەنجومەنی نوێنەرانو پیرانی ئەمریكا كۆكردەوە بۆ گوێگرتن لە وتارێكی 80 خولەكی "دۆناڵد ترەمپ". سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان پێشئەوەی قسەكانی دەستپێبكات تۆڵەی خۆی لە "نانسی پیلۆسی" سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كردەوەو تەوقەی لەگەڵ نەكرد. دوای چوار مانگ كاتێك "پیلوسی" بە توڕەیی كۆبونەوەكەی "ترەمپ"ی لەكۆشكی سپی بەجێهێشتبوو، ئەوە یەكەمجاربوو ئەودوانە یەكتر ببیین."پیلوسی"یش لەكاردانەوەی ئەوەدا كاتێك داوای لە "ترەمپ" كرد وتارەكەی بخوێنێتەوە، تەنها ئەوەندەی وت" ئەندامانی كۆنگرێس ئەوە سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتووەكانە"، هیچ دەستەواژەیەكی وەك گوزراشت كردن لەڕێز بۆ "ترەمپ" بەكارنەهێناو دواتریش وتارەكەی دڕاند. "ترەمپ" لەنێو چەپڵە ڕێزانی كۆمارییەكان و بێدەنگی دیموكراتەكاندا وتارەكەی خوێندەوەو خۆی بەدوور گرت لەمەسەلەی دادگایكردنەكەی، كاتێك دەستی كرد بەقسەكانی، كۆمارییەكان لەهەردوو ئەنجومەنی نوێنەرانو پیران هاواریاندەكرد" چوارساڵی تریش" دیموكراتەكانیش بە بێدەنگی دانیشتبوون، كاتێكیش "ترەمپ" وتی: دۆخی دەوڵەتمان بەهێزترە لەڕابردوو، دیموكراتەكان سەریانبادەدا وەك ئاماژەیەك بەوەی كە ئەو قسەیەی سەرۆك ڕاست نییە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا گورزێكی بەهێزی لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی وەشاند، سەركردایەتی لە پەیڕەودا بەرزترین دەسەڵاتی حزبی بەخشییە ئەنجومەنی سەركردایەتی، پرسی سەرۆكو جێگرەكانی هێشتا گرێكوێرەیەكە كە نەكراوەتەوە، ماڵباتی تاڵەبانی بەرهەم ساڵحیان خستوەتە ناو مامەڵەیەكی نوێوە. یەك كۆبونەوەو سێ دانیشتن دوای سێ دانیشتن، هێشتا یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەكراوەیی ماوەتەوەو سەركردایەتی نوێی حزبەكە نەیتوانیوە پەیڕەوی ناوخۆی حزب پەسەندبكاتو سەرۆكێكی نوێ بۆ حزبەكە هەڵبژێرێتو دەسەڵاتی ئۆرگانە نوێیەكانی حزب دیاری بكات. بەهۆی ئەم دۆخەوە، دوای نزیكەی (45) رۆژ لە بەڕێوەچوونی كۆنگرەی چوارەم، هێشتا یەكێتی بەبێ سەر ماوەتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە دۆخی هەرێم لە ناوخۆدا پەرەسەندنی خێرا بەخۆوە دەبینێتو عێراقیش بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو دەنێت. سێ گروپ بەشدارنەبوون ئەمڕۆ جارێكی تر ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی كۆبوەوە، لە كۆبونەوەكەدا لە كۆی (121) كەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، نزیكەی (100) كەس بەشداربوون. باڵی كۆسرەت رەسوڵو گروپی كەركوكییەكانو گەرمیانییەكان بەشدارنەبوون، هۆكاری بەشدارنەبوونی ئەم گروپانە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پەیوەندیدار بوو بە رێكنەكەوتن باڵەكانی حزب لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكو جێگرانی نوێی سەرۆكی حزب. كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، دەسەڵاتی پەسەندكردنی پەیڕەوی نوێی حزبی دایە دەست سەركردایەتییە هەڵبژێردراوەكە، ئەمە وایكرد چارەسەری كێشە بنەڕەتییەكانی یەكێتی هەر لە سەرەوە بمێنێتەوە، ئەمەش هەمان ئەو بارودۆخەیە كە لەدوای نەخۆشكەوتنو دواجاریش كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سەركردەی مێژوویی حزبەكەوە، یەكێتی تێیكەوتووەو لەڕێگەی سەركردایەتییەوە نەیتوانیوە چارەسەریان بكات. مستەفا چاوڕەش سەرپەرەشتیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی رایگەیاند، تائێستا لە كۆی (77) ماددەی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆ، (33) ماددەی پەسەندكراوە. مستەفا چاوڕەش باسی لەوەكرد، لە پەیڕەودا دەسەڵاتەكانی سەركردایەتیو سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزب یەكلاكراونەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئەنجومەنی سەركردایەتی هێشتا نەگەیشتووەتە سەر بابەتی دەسەڵاتەكانی سەرۆكو جێگرەكانی كە لە ماددەی (36)ی پەیڕەوەكەوە دەستپێدەكات، هەروەها بابەتی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی شارەكانو دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكلانەبووەتەوە كە سێ بابەتی هەستیارنو كرۆكی كێشمەكێشی نێوان باڵەكانی یەكێتییە. باڵەكان دەیانەوێت بەر لە پەسەندكردنی ژمارەی جێگرانی سەرۆكی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی، كاندیدەكانی پۆستی سەرۆكو جێگرەكانیان یەكلابكرێتەوە، ئەمەش ئاستەنگی بۆ پەسەندكردنی تەواوی ماددەو بڕگەكانی پەیڕەوەكە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی دروستكردووە. گەمەی نوێی باڵەكان بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە چەند رۆژی رابردوودا باڵەكانی یەكێتی هەندێك كارتی نوێی گەمەكردنیان بەڕووی یەكتردا بەرزكردوەتەوە. (درەو) زانیویەتی، رۆژی دوو شەممەی رابردوو بافڵ تاڵەبانی سەردانی كۆسرەت رەسوڵی كردووەو پێی راگەیاندووە، ئەوان وەكو ماڵباتی تاڵەبانی رازی نین بەرهەم ساڵح بكرێت بە سەرۆكی یەكێتیو داوای لێكردووە بەدوای چارەسەرێكی تردا بگەڕێن. بافڵ تاڵەبانی چاوی لەوەیە پۆستی سەرۆكی حزب وەرگرێت، یاخود لە خراپترین حاڵدا پۆستی جێگری سەرۆكی یەكێتی پێبدرێت بە دەسەڵاتی تەواوەتییەوە. لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ كە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتییە دەیەوێت هەم ئەنجومەنەكەی دەسەڵاتی "باڵا"ی هەبێتو هەم یەكێك لە كوڕەكانیشی ببێت بە جێگری سەرۆكی یەكێتی. لاهور شێخ جەنگیش كە براوەی یەكەمی كۆنگرەی چوارەمی حزب بووەو زۆرینەی لەناو ئەنجومەنی سەركردایەتی هەیە، چاوی لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبە، سوربوونی بافڵ تاڵەبانی لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی حزبو جەختكردنی لەسەر ئەوەی نابێت سەرۆك لە دوو جێگر زیاتری هەبێت، ئاستەنگی بۆ لاهور شێخ جەنگی دروستكردووە، چونكە لاهور لەسەر ماڵباتی تاڵەبانی ئەژماردەكرێتو باڵەكانی تر بەوە قایل نین هەردوو پۆستەكەی جێگری سەرۆك بۆ ماڵباتی تاڵەبانی بێت. پرسی دانانی چوار جێگر بۆ سەرۆكی حزب، هەوڵێك بوو بۆ چارەسەری ئەم ناكۆكیانە، بەڵام ئەم پێشنیازە لە لیژنەی هەمواری پەیڕەوی ناوخۆدا تێنەپەڕیو لیژنەكە لە هەموارەكەیدا دوو جێگری بۆ سەرۆك دیاریكردووە، نازانرێت ئەنجومەنی سەركردایەتی دواجار چۆن بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدات. لەم نێوەندەدا هەندێك باڵی تر لە پێش كۆنگرەی چوارەمەوە دروستبوونو لەكۆنگرەدا پێگەیان بەهێزبووە، داواكاری خۆیان هەیەو داوای پۆستی باڵا دەكەن، لەوانە گروپی سەركردە كەركوكییەكانی حزبەكەیە كە داوای پۆستی جێگری سەرۆك دەكەنو كاندیدیان هەیە بۆ ئەو پۆستە كاندیدەكەش (رەفعەت عەبدوڵا)یە، باڵی ئیداری گشتی یەكێتیش كە دلێری سەید مەجید سەرۆكایەتی دەكاتو لە كۆنگرەی چوارەمدا وەكو كوتلەیەكی نوێ دەركەوتن، كارتێكیان فڕێداوەتە سەر مێزەكەو عیماد ئەحمەدیان كاندیدكردووە بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حزب. شەڕكردن لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی حزب لەكاتێكدایە هێشتا پۆستی سەرۆكی حزب یەكلانەكراوەتەوە. هەوڵێكی نوێ بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دوای سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆلای كۆسرەت رەسوڵ بۆ قسەكردن لەبارەی رەتكردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆكی حزب، ماڵباتی تاڵەبانی جارێكی تر گەڕاونەتەوە بۆلای بەرهەم ساڵحو پێشنیازێكی نوێیان پێداوە. پێشنیازە نوێیەكەی ماڵباتی تاڵەبانی بۆ بەرهەم ساڵح ئەوە بووە، ئەو ببێت بە سەرۆكی حزبو دوو جێگری هەبێت، یەكێك لە جێگرەكان بافڵ تاڵەبانیو ئەوی تر لاهور شێخ جەنگی بێت، بەرهەم ساڵح ئەم پێشنیازەی رەتكردوەتەوەو وتویەتی:" دەبێت یەكێك لە جێگرەكانی سەرۆك بۆ ماڵی كۆسرەت رەسوڵ بێت، چونكە ئەگەر یەكێك لە جێگرەكان بۆ ئەوان نەبێت كێشە بۆ سەرۆكایەتییەكەی ئەو دروست دەبێت". بەمجۆرە هێندەی تر ماڵباتی تاڵەبانی لە بەرهەم ساڵح دوردوونگ بوون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییە بەرهەم ساڵح بە راشكاوی بە ماڵباتی تاڵەبانی راگەیاندووە كە ئەو هیچ بۆی گرنگ نییە ببێت بە سەرۆكی حزبو تەنانەت ئەگەر تەكلیفیشی لێنەكەن ئەو پۆستە وەرناگرێت. قادر عەزیز نێوەنگیری دەكات (درەو) زانیویەتی، ئەمڕۆ وەفدێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی بە سەرۆكایەتی قادر عەزیز سەردانی ماڵی كۆسرەت رەسوڵیان كردووە، سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی گفتوگۆیان كردووە. مەلا بەختیار یەكێك لەوانە بووە كە بەشداربووە لە كۆبونەوەكەی ماڵی كۆسرەت رەسوڵو لەوێ جەختی كردووە لەسەر ئەو دەسەڵاتانەی ئەنجومەنی باڵا كە پێشتر لە نامەیەكدا ئاڕاستەی سەركردایەتییان كردووە. ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات، ئەندامەكانی پێكهاتوون لە (مەلا بەختیار، ئەرسەلان بایز، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عومەر فەتاح، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید، عەدنان موفتی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد). ئەم ئەنجومەنە لە كۆنگرەی چوارەمدا پەسەندكراو لە فەرهەنگی یەكێتیدا دامەزراوەیەكی نوێیە، تەنیا سەرۆكی ئەنجومەنەكە كە كۆسرەت رەسوڵە بەدەنگدانی كۆنگرە دانراوە، ئەندامانی ئەنجومەنەكە بەشێوەی تەعین دانراون. پێشتر (درەو) ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی بڵاوكردەوە كە لەبارەی دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكەوە ئاڕاستەی سەركردایەتی نوێی حزب كراوەو داوا دەكرێت لە پەیڕەوی نوێی حزبدا ئەو دەسەڵاتانە بۆ ئەنجومەنی باڵای سیاسی جێگیربكرێن. لەو نامەیەدا كە كۆسرەت رەسوڵ ناردویەتی بۆ سەركردایەتی، ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوای هەندێك دەسەڵات دەكات، كە ئەگەر وەكو خۆی لە سەركردایەتی پەسەندبكرێت بڕیاری سیاسی یەكێتی بەتەواوەتی دەكەوێتە دەست ئەم ئەنجومەنە نەك سەرۆكو جێگرانی سەرۆكی حزبو ئەنجومەنی سەركردایەتی. ئەو دەسەڵاتانەی كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی داوای دەكات: • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا سەرپەرشتیاری گشتی هەموو هێزە چەكدارەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە. • سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین پۆستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی. • ئەنجومەنی باڵا، باڵاترین ئەنجومەنی سیاسیو بەرژەوەندی یەكێتییە. • ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی داراییو موڵكداری تەنها دەداتە مەكتەبی دارایی. • دەسەڵاتی پەسەندكردنی پرۆژەو بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی دەبێت. • سەرۆكی ئەنجومەن دەسەڵاتی رەتكردنەوەی هەر رێككەوتنێكی دوقوڵی یان چەند قۆڵی هەیە كە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی دەیكات. • لە كاتی سەرپێچیدا، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵا دەسەڵاتی سزادانی هەر ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی هەیە. گورزێكی پێشوەختە لە ئەنجومەنی باڵا لەكاتێكدا هێشتا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نەگەیشتووەتەسەر ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆ كە تایبەتە بە دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی، ئەمڕۆ سەركردایەتی گورزێكی بەهێزی لەو نامەیە وەشاند كە كۆسرەت رەسوڵ بۆ سەركردایەتی ناردووە. (درەو) زانیویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكلاكراوەتەوە، بەپێی ئەوەی پەسەندكراوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەم دەسەڵاتانەی دەبێت: • بەرزترین دەسەڵاتە لەنێوان دوو كۆنگرەداو سەرچاوەی بڕیارە لە پرسە گرنگو چارەنوسسازەكاندا. • بەرپرسە لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی حزب لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە. • بەرپرسە لەو رێككەوتنە گرنگانەی كە پەیوەندییان بە پرسە نەتەوەییو چارەنوسسازەكانو بەرژەوەندی باڵای یەكێتیو هاوپەیمانێتی هەڵبژاردنەوە هەیە. • دەسەڵاتی هەیە متمانە لە سەرۆكی حزبو سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی بسەنێتەوە بەرێژەی دەنگیی دوو لەسەر سێی ئەندامەكانی. پێدانی ئەم دەسەڵاتانە بە ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، بەپلەی یەكەم لێدان بوو لە ناوەڕۆكی ئەو نامەیەی كە ئەنجومەنی باڵای سیاسی لەبارەی دەسەڵاتەكانییەوە بۆ سەركردایەتی ناردووە. تاقیكردنەوەی كارتەكان ئەوەی تائێستا هەیە، هیچ رێككەوتنێكی جێگیر لەنێوان باڵە سەرەكییەكانی یەكێتیدا نییە لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستو دەسەڵاتەكان، رۆژانە كوتلەكان چەندین كارتی نوێ بۆ یەكتر بەرزدەكەنەوە، بەڵام ئەمە بەردەوام گۆڕانكاری بەسەردا دێت، رەنگە هۆكارەكە ئەوەبێت تائێستا كوتلە سەرەكییەكان نەیانتوانیوە پێكەوە رووبەڕوو دابنیشنو باسی داواكاریو خواستەكانی خۆیان بكەنو لەچوارچێوەی دانوستانێكدا ناكۆییەكان بەلادا بخەن، ئەوەی كە هەیە، تەنیا كۆبونەوەی پشتی پەردەیە.
(درەو): ژمارەیەك شۆفێری مەرزی باشماخ، رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی هەرێمو ئێران دەخەنە مەترسییەوەو كوسنوڵگەری ئێران ناڕەزایەتی دەردەبڕێت. ژمارەیەك سەرچاوەی ئاگادار لە مەرزی باشماخ بە (درەو) یان راگەیاند، چەند شۆفێرێكی بارهەڵگرە فلاتەكانی سنوری مەرزەكە، رۆژی یەكشەممەی رابردوو، لەڕێگای نێوان پێنجوێن- سلێمانی بەچەكەوە رێگرییان لەو بارهەڵگرە ئێرانییانە كردووە كە شوشە لە ئێرانەوە دەگوازنەوە بۆ ناو شارەكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان هەرێمی كوردستانو ئێراندا كراوە، سێ جۆر كەلوپەل هەن دەبێت لەكاتی هاتنیان لە ئێرانەوە بۆ هەرێم، لە مەرزەكان دانەگیرێنو هەر بە ئۆتۆمبیلی ئێرانی بگەیەندرێنە شارەكانی هەرێم، ئەو كەلوپەلانە بریتین لە: • پتمۆس- ئەمە مادەیەكە هاوشێوەی پەینی كیمیاییە، ئەم مادەیە ئەگەر لە ئۆتۆمبیلێكەوە بگوازرێتەوە بۆ یەكێكی تر، كوالیتییەكەی خۆی لەدەستدەدات. • ئەساسی مۆبیلیاتی ناوماڵ- ئەمە ئێرانییەكان پێی دەڵێن "سەڵتەنە"، ئەمانەش كەلوپەلی ناسكنو لە گواستنەوەدا زۆرجار دووچاری شكان دەبن. • شوشەی گەورە- ئەمە بریتییە لەو تەبەقە شوشانەی كە بۆ پەنجەرەی ماڵو بینا گەورەكان بەكاردەەهێنرێن. شۆفێری بارهەڵگرە فلاتەكانی مەرزی باشماخ نیگەرانن لەم رێككەوتنە، چونكە پێیانوایە شۆفێرە ئێرانییەكان كاری ئەوانیان لە مەرزەكە راگرتووەو داوا دەكەن ئەوان ئەو جۆرە كەلوپەلانە بگوازنەوە. چەندجارێك نوێنەری ئەو ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرە فلاتانە لەگەڵ لیوا مەریوان شێخ كەمال بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ كۆبونەتەوە، بەڕێوەبەری دەروازەكە ئاگاداریكردوون ئەوە رێككەوتنی نێوان هەرێمو ئێرانەو ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە ئۆتۆمبیلە ئێرانییەكان ئەو جۆرە بارانە دەگوازنەوە، بەڵام ئەم كۆبونەوانە كۆتایی بە نیگەرانی شۆفێرەكان نەهێناوە. چەند جارێكە بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی باشماخ هێزی پۆلیس لەگەڵ بارهەڵگرە ئێرانییەكان دەنێرێت تا ئەوكاتەی بارەكانیان دەگەیەننە سلێمانی. بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ئەو رووداوەی كە رۆژی یەكشەممە روویداوە، (درەو) پەیوەندی بە لیوا مەریوان شێخ كەمال بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخەوە كرد، لیوا مەریوان زانیارییەكانی پشتڕاستكردەوە. بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی دەروازەی باشماخ بە (درەو)ی راگەیاند، لەسەر ئەو رووداوە، لەلایەن بەرپرسانی مەرزەكە لە دیوی ئێرانو هەروەها لەلایەن بەڕێوەبەری نوسینگەی مەهدی شوشتری كونسوڵی ئێران لە سلێمانی، پەیوەندییان پێوەكراوەو ناڕەزایەتییان لەبارەی رووداوەكەوە دەربڕیوە. لیوا مەریوان وتی:" ئێمە پێشتر كە ئۆتۆمبیلە ئێرانییەكان دەهاتن، بۆ پاراستنیان هێزی پۆلیسمان لەگەڵ دەناردن، بەڵام رۆژی یەكشەممە كە هاتوون، ئێمەیان ئاگادارنەكردووەو بەبێ پۆلیس رۆیشتوون، بۆیە ئەو شۆفێرانەی مەرزەكە لەڕێگەی نێوان پێنجوێن- سلێمانی رێگرییان لێكردوون". ئەو كەسە كە بەچەكەوە رێگری لە بارهەڵگرە ئێرانییەكان كردووە، ناوەكەی لای (درەو) پارێزراوەو ئەنجومەنی شۆفێرە بارهەڵگرە فلاتەكانی مەرزی باشماخە، ئێستا رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر گیراوەتەبەرو دادوەر بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی كردووە، بەڵام دەستگیرنەكراوە. رێگرەكان لەدوو لاوە لە بنكەی پۆلیسی پێنجوێن سكاڵای یاساییان لەسەر تۆماركراوە، لەلایەك، لەلایەن شۆفێرە ئێرانییەكانەوە، لەلایەكی تر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی مەرزی باشماخەوە.