وەزارەتی بەرگری توركیا: هێرشەكە بە پشتیوانی دەزگای هەواڵگری بەڕێوەچوو

Draw Media

2020-05-27 11:04:34




 (درەو):
شەوی رابردوو، توركیا لە هێرشێكی ئاسمانیدا، ژمارەیەك گەریلای پەكەكەی لە گوندی سەفرەی سەربە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی شەهید كرد.
وەزارەتی بەرگری توركیا لە بەیاننامەیەكدا لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، رایگەیاند، پێنج گەریلای پەكەكە كوژراون.
وەزارەتی بەرگری توركیا دەڵێ:" هێرشەكە بەبەشداری دەزگای هەواڵگری بەڕێوەچووە‌و بەشێوەیەكی بەردەوام چاودێری ناوچەكە كراوە.
بەپێی قسەی كامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت، هێرشەكە كاتژمێر 11:40 خولەكی دوێنێ شەو رویداوە.
قایمقامی ماوت دەڵێ:" فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی گەریلاكانی پەكەكەیان كردوەتە ئامانج كە پێنج سەرنشینی تێدابووە‌و هەمویان كوژراون".

بەپێی زانیارییەكان ئەو پێنج گەریلایە ( 3 كچ و دوو پیاو) بوون. 
ئەمە جاری یەكەم نییە، سوپای توركیا لە سنوری پارێزگای سلێمانی گورز لە پارتی كرێكارانی كوردستان دەدات، پێشتریش لەسەر چیای ئەزمەڕ، لەڕێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە دوو فەرماندەی سەربازی پەكەكەی تیرۆركرد.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand