راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم یهكێتیی نیشتمانی كوردستان لهگهڵ ئهوهی كۆنگرهی چوارهمی خۆی ئهنجامدا و یهكهم كۆبوونهوهی ئهنجومهنی سهكردایهتی گشتیشی له ههفتهی رابردوو بهڕێوهبرد، بهڵام هێشتا كێشه گهلێكی زۆری ناوخۆیی ماون، كه دووباره ئهو حزبهیان رووبهڕووی قهیرانێكی دیكه كردۆتهوه، ئهگهر بهجۆرێك له جۆرهكان ههریهك له لایهنهكان سازش بۆیهك نهكهن، ئهستهمه بتوانرێت بهم زووانه ئهو قهیرانه تێپهڕبكرێت. مانگێك بهسهر ئهنجامدانی كۆنگره تێپهڕدهبێت، ئهنجومهنی گشتییی ئهو حزبه هێشتا له قۆناغی ههمواركردنهوهی پهیڕهودایه، له دوای پهیڕه و قهیرانی دووباره تهشكیلكردنهوهی ئهو حزبه و دابهشكردنی دهسهڵات دێته گۆڕێ، ئاماژه سهرهتاییهكان ئهوه دهردهخهن، پێناچێت باڵ و گروپهكان وا به ئاسانی رێكبكهون، ئهوهش بهپێی ئهو دانوستاندنه سهرهتاییانهی لهوبارهیهوه دهستیانپێكردوه. جارێ تاوهكو سهرۆك و جێگر و ئهندامانی ئهنجومهنی بهڕێوهبردن ههڵدهبژێردرێت، كۆسرهت رهسوڵ ههروهك كهسی یهكهمی ئهو حزبه مامهڵه دهكات( ئهگهری ههیه تا ماوهیهكی زۆر بهم شێوهیه بێت)، له ئهگهری بهردهوامبوونی ئهو دۆخهش، ئهنجومهنی باڵای سیاسی و بهرژهوهندی سیاسی ئهو حزبه ڕۆڵی مهكتهبی سیاسی كۆنی ئهو حزبه دهگێڕێت، ههموو شتهكان دهچنهوه ئهو ئهنجومهنه. هاوكێشهكان و سیناریۆكان وهك ئهوهی بهر له كۆنگره لهبارهی پۆستی سهرۆك و جێگر و ئهنجومهنی بهڕێوهبردن قسهی لهسهر دهكرا، له ئێستادا گۆڕاوه، ئهمهش وایكردووه، ههندێ باڵ و گروپ، كه بهر له كۆنگره هاوپهیمان و نزیكی یهك بوون لێك دووربكهونهوه. بهرههم ساڵح كه بهر له كۆنگره بهڵێنی پێدرابوو ژمارهیهك كهسی نزیكی بچێته سهركردایهتی، بۆئهمهش 18 كهس لهسهر داوای ناوبراو خۆیان كاندیدكرد، هیچیان دهرنهچوون، ئێستا جگه له پۆستی سهرۆك و سكرتێری ئهو حزبه، هیچ شتێكی دیكهی قبوڵ نییه، رهنگه له خراپترین حاڵهتدا هاوسهرۆكایهتی قبوڵ بكات لهگهڵ كهسێكی ماڵی مام جهلال، بهڵام ئایه ماڵی كۆسرهت رهسول ئهوهی قبوڵه؟ هاوشێوهی بهرههم ساڵح، ههریهك له (لاهور شێخ جهنگی و باڤڵ تاڵهبانی) ئهوانیش ههمان تموح و خواستیان ههیه بۆئهوه ببن به كهسی یهكهم، ئهوانیش ئهگهر له حاڵهتێكدا بیانهوێ سازش بكهن، دهیانهوێ ههرخۆیان به تهنها جێگری سكرتێری گشتیی بن، یاخود ههردووكیان وهك جێگری یهكهم و دووهمی سكرتێری گشتیی بن. رهنگه ئهم سیناریۆیهش له لایهن باڵهكانی دیكهی وهكو (كۆسرهت رهسوڵ و كهركووكییهكان و دلێری سهید مهجید) قبوڵ نهكرێت. لاهور شێخ جهنگیش ئهگهر بهمه رازیبێت خۆی بهتهنها، یان ئامۆزاكهی به تهنها ببنه جێگر، گروپ و باڵهكانی دیكهی نێو ئهو حزبه لێی دووردهكهونهوه، رهنگه له ئێستاشدا ناوبراو ئهوهی نهوێت، چونكه ئهو كهسانهی لێی دووردهكهونهوه، تاوهكو ئێستا ماڵی خۆیان لهگهڵ لاهور نهكردوه. كۆسرهت رهسوڵیش هاوشێوهی باڵهكانی دیكه، جگه لهوهی دهیهوێ دهسهڵاتێكی باش بۆ خۆی له نێو ئهنجومهنهكه، له رێگهی پهیڕهوی ناوخۆ گهرهنتی بكات، له ههمانكاتیشدا قبوڵی نییه كه یهكێك له كوڕهكانی به تایبهت ( شاڵاو كۆسرهت رهسوڵ) نهكرێته جێگر، یاخود یاریدهدهری سهرۆك هاوشێوهی ماڵی مام جهلال. ئێستا دلێری سهید مهجید و ههندێ لهسهركردهكانی ئهو حزبهش لهگهڵ ئهوهن ( عیماد ئهحمهد) یهكێك بێت لهو پێنچ تا شهش كهسهی كه دهیانهوێ ببنه جێگر. بۆ گروپی كهركووكییهكانی ئهو حزبهش به ههمان شێوهیه، له پێدانی پۆستی جێگری سكرتێر، یاخود سهرۆك كهمتر رازی نابن بۆ (رهفعهت عبدالله)، به مافی خۆیانی دهزانن، بههۆی ئهوهی بهشێكی زۆر له ئهندامانی سهركردایهتی ئهو حزبه سهر بهو پارێزگایهن ، زۆرترین نفوزی جهماوهری یهكێتییان ههیه. ئهگهر ئهو داواكاریهی كهركووكییهكان جێبهجێنهكرێت، ئهوا به دڵنیایهوه دۆستایهتی و هاوپهیمانیان لهگهڵ ماڵی مام جهلال و لاهور شێخ جهنگی نامێنێـت، بهلای كۆسرهت رهسوڵ گروپهكانی دیكهدا دهچن و له داهاتوو بهیهكهوه كاردهكهن، بهربهست بۆ ههیكهلی نوێ دروست دهكهن. باشترین سیناریۆ بۆ دۆخی ئێستای یهكێتیی نیشتمانی كوردستان، ههڵبژاردنی سكرتێر و ههبوونی پێنج بۆ شهش جێگره، بهشێوهیهك كه ههریهكهیان بهرپرسی دۆسیهك بێت، له پاڵ ئهو سهرۆك و جێگرانهش 13 كهسی دیكه، وهكو سهرۆكی ئهنجومهنی سهركردایهتی دهڤهرهكان و بهرپرسی ژمارهیهك ئۆڕگان بهیهكهوه ئهو حزبه بهڕێوهببهن. جگه له قهیرانی تهشكیلكردنهوهی سهرۆكایهتی یهكێتیی، ئهنجومهنی باڵای سیاسی ئهو حزبهش، دوای ئهوهی سێ كهسیان چووه ناو لیژنهی ههمواركردنهوهی پهیڕهوی ناوخۆ، به ئامانجی ئهوهبوو پێگهی خۆیان له رێگهی پهیڕهو بههێز بكهن، به تایبهت حاكم قادر كه دوای ئهوهی كوڕهكهی دهرنهچوو، دهیهوێ دهسهڵاتی بۆ بگهڕێتهوه ، مهلا بهختیاریش كه پۆستی جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی سیاسی قبوڵ كردووه، نایهوێ دهسهڵاتی نهبێت، دلێری سهید مهجیدیش ههمان خواستی ههیه. چهند سیناریۆیهك بۆ سهرۆكایهتیكردنی یهكێتیی ههیه كه گرینكترینیان: سیناریۆی یەكەم: سیستهمی هاوسهرۆكایهتی پهیڕه و بكرێت له نێوان ماڵی مام جهلال و بهرههم ساڵح، بهڵام لهو حاڵهتدا باڤڵ تاڵهبانی، یاخود لاهور شێخ جهنگی یهكێكیان قبوڵی بێت لهگهڵ چوار بۆ پێنج كهسی دیكه جێگر، یاخود یاریدهدهر بن. ئهم سیناریۆیه قوڕسه چونكه باڤڵ و لاهور تاوهكو ئێستا سازش بۆیهك ناكهن. سیناریۆی دووهم: ئهوهیه بهرههم ساڵح سكرتێر بێت و ههریهك له باڤڵ تاڵهبانی و لاهور شێخ جهنگی و شاڵاو كۆسرهت رهسوڵ و رهفعهت عبدالله جێگر بن و ههریهكهیان بهرپرسی دۆسیهی ئهمنی و پێشمهرگه و ئابووری و كارگێری و رێكخستن بگرنه ئهستۆ، ئهمه باشترین سیناریۆیه، ئهگهر ماڵی مام جهلال پێی رازیبن، بهرههم ساڵح به تهنها سكرتێر بێت و ماڵی كۆسرهت رهسوڵ و كهركووكییهكان هاوشێوهی ماڵی مام جهلال بن. سیناریۆی سێهههم: هاوشێوهی سیناریۆی دووهمه و تهنها عیماد ئهحمهدیش بۆ پۆستی جێگر زیادبكرێت، لهسهر داواكاری گروپێكی نێو ئهو حزبه، زۆرجاریش دهوترێت ژنێك وهكو كۆتا بۆ پۆستی جێگر زیادبكرێت، بۆئهمهش باسی (شاناز ئیبراهیم ئهحمه)د دهكرێت، ئهم داواكاریهی كۆتایی خواستی بهشێك له باڵهكانه وهكو كارتێك بۆ تێكدانی ههندێ یاری سیاسی. سیناریۆی چوارهم: ماڵی مام جهلال پۆستی سهرۆك و سكرتێر وهرگرن، ئهم سیناریۆیه لهدوو رووهوه كێشهی ههیه، یهكێكیان ئهوهیه كه ماڵی مام جهلال ناتوانن لاهور شێخ جهنگی و باڤڵ تاڵهبانی یهكلابكهنهوه كامیان بكرێته سكرتێر، له ههمانكاتیشدا بهرههم ساڵح و تهواوی گروپهكانی دیكه دژی ئهو سیناریۆیه دهبن. تێگهیشتن لهو هاوكێشانهی سهرهوه بۆ ههندێ كهسی ئاسایی، یاخود دوور له رووداوه ناوخۆییهكانی یهكێتیی قوڕسه، بهڵام ئهوانهی له جهرگهی رووداوهكانن، دهزانن چی نوسراوه؟ چی دهگوزهرێ؟ تهنها وێنهگرتنهكانی سهركردهكان بهیهكهوه مهبینه، بهڵكو بزانه حهقیقهتی ململانێكان چۆنه؟
راپۆرتی: درەو وەرزێكی تری توندتیژی لە عێراق دەستیپێكردەوە، میدیاكانی عێراق پڕبونەوە لەوێنەی كوژراو و بریندار، ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق هێزە دەسەڵاتدارە شیعییەكانی بەتەواوی خستۆتە دۆلێك و خۆپیشاندەرانیش كەوتونەتە دۆلێكی تر، ئێستا لە عێراق هیچ شتێك دەسەڵات و خەڵك پێكەوە كۆناكاتەوە تەنها وشەی خۆپیشاندان نەبێت، خۆپیشاندان وەك كردەو پرۆسە نەك ئامانج و خواستی هاوبەش. دیمەنی سیاسی لە عێراق بەجۆرێك شێواوە دەسەڵات و خەڵك هەردووكیان بوون بە خۆپیشاندەر، دووەمیان یەكەمیان بە سەبەبكارو خولقێنەری ئەو دۆخە دەزانێت و داوای ڕۆیشتنی دەكات، یەكەمیشیان ئەمریكا تۆمەتباردەكات بەداگیركردنی عێراق و داوای ڕۆیشتنی دەكات، بەمشێوەیە عێراق ڕۆژانە خوێن و سامانی لێدەچۆڕێ لەبازنەیەكی بەتاڵدا دەسوڕێتەوە، ئاماژەكانیش نەك هیوای كرانەوەو بەرەوپێشچوونێكی تێدا بەدیناكرێت، بەڵكو ترسی ڕۆچوون بەرەو ئاڵۆزی و نەهامەتی زیاتر ئەگەرێكی كراوەو چاوەڕوانكراوە. دواین پێشهاتەكانی خۆپیشاندان بەپێی تازەترین ئامار، 4 كەس لەخۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی بەغدادو شارەكانی تری عێراقدا كوژراونو 100 كەسی دیكەش برینداربوون، هێزە ئەمنییەكانی عێراق گوللەی زیندوو و گازی فرمێسك ڕێژیان بەشێوەیەكی بەربڵاو بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی "تەیەران" و ڕێگای "محەمەد قاسم"ی نزیكی بەكارهێناوە، بەو هۆیەشەوە 3 خۆپیشاندەر كوژراونو 80ی دیكەش برینداربوون، زۆرینەی بەركەوتووەكانیش دووچاری تەنگەنەفەسی و خنكاندن بوون لە ئاكامی هەڵمژینی گازی فرمێسك ڕێژ، هاوكات لە باشوری عێراقیش كەسێك كوژراوەو 20 كەسی دیكەش برینداربوون. بەگوێرەی چالاكانی خۆپیشاندانەكان، پێشتر خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ناچاركرابوون ڕێگای "محەمەد قاسم" لە شاری بەغداد چۆڵبكەن، ئێوارەی ئەمڕۆ جارێكی توانیویانە ئەو ڕێگایە دابخەنەوەو، هەزاران خۆپیشاندەری تریش گەیشتونەتە گۆڕەپانەكە بۆ بەشداریكردن لەخۆپیشاندانەكان. لەشاری بەسرەش، چەند چەكدارێكی نەناسراو چالاكێكی خۆپیشاندانەكانی ئەو شارەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللەو كوشتویانە، ئەوەش لەكاتێكدایە ڕووبەڕووبونەوەی خۆپیشاندەران لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لەو شارە گەیشتۆتە قۆناغێكی توندو ئاڵۆز. لەوچوارچێوەیەدا هەزاران خۆپیشاندەر لە ناوچەی "جونەینە" لەشاری بەسرە گردبونەوەو ڕێگای "ئەندەلوس"یان بەشێوەیەكی تەواوەتی داخست و تایەی ئۆتۆمبیلیان لەشەقامەكان سوتاند، هاوكات تایەی سوتاویش شەقامی بازرگانی بەسرەی داپۆشی، خۆپیشاندەران دروشمی توندیان دژی "ئەسعد عیدانی" پارێزگاری بەسرەو فەرماندە ئەمنییەكانی شارەكە بەرزكردەوە، بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەكانیان و دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەندین خۆپیشاندەر. "قاسم نەزال" فەرماندەی پرۆسە سەربازییەكان لە بەسرە لەبەیاننامەیەكدا، چەند لایەنێكی تۆمەتباركرد بە هاندانی خۆپیشاندەران بۆ تێكدانی دۆخەكە و هەوڵدان بۆ دروستكردنی كەلێن لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، ڕاشیگەیاند: هێزە ئەمنییەكان كاردەكەن بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، داواشی لێكردن پەنا نەبەنە بەر توندوتیژی و گرتنی ڕێگاو پەلاماردانی دامەزراوە حكومییەكان. بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكانیش، دەزگا ئەمنییەكانی بەسرە فەرمانیان پێكراوە بە دەستگیركردنی هەر خۆپیشاندەرێك كە هەوڵی داخستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و گرتنی ڕێگاكان بدات، لە دوێنیەوە، هێزی "شۆك" لەشاری بەسرە لەڕێی هێزەوە دەیەوێت خۆپیشاندانەكان سەركوت بكات و دەیان كەسیش دەستیگركراون. لەپارێزگاكانی (زیقارو كەربلا و نەجەف و واست و بابل) یش خۆپیشاندەران بەگرتنی ڕێگاو سوتاندنی تایەی ئۆتۆمبیل درێژەیان بە خۆپیشانداو هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندتریش ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق بەشێوەیەكە پەلە وەڵامی داواكارییەكان نەدەنەوە. پێشهاتە سیاسییەكان بەگوێرەی هەوالێك كە ئێوارەی ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە: "بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ "هادی عامری" سەرۆکی هاوپەیمانی بونیاتنان یەکلاکردنەوەی پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتوویان تاتوێکردووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ توندبونەوەی خۆپیشاندانەکان لەزۆرێک لە شارەکانی عێراق دوای کۆتایهاتنی ئەو مۆڵەتەی بۆ دەسەڵاتیان دیاریکردبوو بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانیان. زانیارییەکان ئاماژە بەوەشدەکەن، ژماریەک لە هێزە شیعییەکان و لەنێویاندا هاوپەیمانی بونیاتنان و کوتلەی سائیرون، ڕێککەوتوون لەسەر پێویستی یەکلاکردنەوەی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بەشێوەیەکی پەلە کە بەلای خۆپیشاندەرانەوە پەسەند بێت. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانیش، ئەگەر زۆرە پێش ئەوەی "بەرهەم ساڵح" سبەی سێ شەممە گەشتی سویسرا بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی دافۆس کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ڕابسپێرێت. بەپێی ئەوزانیارییەی (درەو) لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستیكەتووە، سێ كەس كاندیدین بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق - عهلی شوکری -محهمهد تۆفیق عهلاوی -مستهفاكازمی بەوتەی سەرچاوەكە، "محەمەد عەلاوی" بەهێزترین كاندیدە، "عەلی شوكری" تا ئێستا رەتیكردۆتەوە ئەو پۆستە وەربگرێت مستەفا كازمی لەلایەن شیعەكانی لایەنگرانی ئێرانیەوە رەتدەكرێتەوە. بەتۆمەت و خۆپیشاندان وەڵامی خۆپیشاندەران دەدەنەوە پێدەچێت كردنە ئامانجی بنكەو بارەگاكانی گروپەكانی حەشدی شەعبی و كوشتنی "قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس"لەلایەن ئەمریكاوە هێزە شیعییەكانی عێراقی بەتەواوی تووشی شڵەژان كردبێت، ئەوان لەبری وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپیشاندەران و دامركانەوەی خۆپیشاندانەكان ، بەزمانێكی توندتر لە جاران هەڕەشە دەكەن و بێتەموومژ خۆپیشاندەران بەجوڵاندیان لەلایەن دەستی دەرەكییەوە تۆمەتباردەكەن، بە ئاشكرا لێرەو لەوێ هەڕەشەی سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان دەكەن، ئەو توندوتیژییەی بەربڵاوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوشدا دژ بە خۆپیشاندەران لەبەغدادو شارەكانی تر بەكاریانهێناوە، ئاماژەیەكی ڕوونە بەوەی خواستێكی بەهێزیان هەیە تا لەڕێی هێزەوە كۆتایی بەو خۆپیشاندانانە بهێنن. "كەریم علیوی" پەرلەمانتاری هاوپەیمانی (فەتح) لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: پارەی كەنداو دەڕژێتە عێراق بە ئامانجی لێدان لە سەقامگیری و ئاشتیبوونی خۆپیشاندانەكان، تەئكیدیش دەكات، زانیاری وردیان لەبەردەستدایە كە پارەی وڵاتانی كەنداو لەوانەش "سعودییە" ڕژاوەتە ناو هەندێ پارێزگای باشور بۆ شێواندنی داواكارییە ڕەواكانی خۆپیشاندەران. لەگەڵ ئەوەی ئەم تۆمەتانە شتێكی تازەنین، بەڵام پرسیاری چاودێران و بەشێك لە خۆپیشاندەرانی عێراق ئەوەیە، بۆچی لەماوەی زیاتر لە سێ مانگی ڕابردووداو دوای ڕژانی ئەو هەموو خوێن و زیانە ماڵییە، دەسەڵاتدارانی عێراق تائێستا چارەسەرێكیان بۆ ئەودۆخە نەدۆزیوەتەوەو ڕێگەش لەدەستوەردانی دەرەكی بگرن؟. ئەم تۆمەتانەی هێزە دەسەڵاتدارەكان لەكاتێكدایە، چەند ڕۆژێكە زۆرێك لە هێزە شیعییەكانی عێراق بەهەموو توانیانەوە سەرقاڵی كۆكردنەوەی خەڵكن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی ملیۆنی گەورە لە بەغدادی پایتەخت و شارو شارۆچكەكانی ناوەڕاست و باشور دژی بوونی سوپای ئەمریكا لە عێراق، كە بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان جگە لەوەی ڕیكلامێكی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانو و هەندێك لەمیدیا حزبییەكانەوە بۆ دەكرێت، سەرجەم تواناكانی دەوڵەتیشیان بۆ خراوەتەسەرپشت تا خۆپیشاندانەكە دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبێت و ببێتەجۆرێ لەپشتیوانی بۆ بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق و هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتی كاربەڕێكەر لەوبارەیەوە. هێزە شیعییەكان كە لەگەڵ بەشێكی بەرچاوی شەقامی شیعی_دا كەوتونەتە ململانێیەكی سەختەوەو، ئەو خۆپیشاندانانەی زیاتر لە سێ مانگە زۆرێك لەناوچەكانی عێراقی گرتۆتەوە بە هەڕەشەیەكی جدی دەزانن بۆ سەرپێگەی خۆیان، بە بایەخەوە لەو خۆپیشاندانەی بڕیارە ڕۆژی هەینی بەڕێوەبچێت دەڕوانن، ئەوان هەر بەو چاوە تەماشای ناكەن كە دژی ئەمریكاو هێزە بیانییەكان ڕێكدەخرێت، گەرچی ئامانجەكە سەرەكییەكەیان ئەوەیە، بەڵكو وەك جۆرێك لەبەیعەت و هەژموونی خۆیان تەماشای دەكەن لە عێراقی دوای خۆپیشاندانەكانی خەڵك، دەیانەوێت لەوڕێیەوە نمایشی بازووی خۆیان بكەن و ئەوپەیامە بگەیەننە شەقامی عێراقی و وڵاتانی دەرەوەش، كە هێشتا بەشێكی بەرچاوی خەڵك پشتیوانیان دەكات و ئامادەییان تێدایە لەسەر قسەی ئەوان بێنە سەرشەقام.
درەو: لە هەرێمی كوردستان لە هەر 4 پرۆسەی هاوسەرگیری یەكێكیان بە جیابونەوە كۆتایی دێت و لە پارێزگای سلێمانیش لەهەر 3 پرۆسەی هاوسەرگیرییەك یەكێكیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت. بەڕێوەبەرایەتیی پلان و ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان ئاماری مامەڵەی ئەنجامدراوی دادگاكانی بۆ ساڵی 2019 بڵاوكردەوە، لە كۆی ( 32 هەزار و 432 ) پرۆسەی هاوسەرگیری (8 هەزارو 381) پرۆسەیان بە جیابونەوە كۆتاییان هاتووە بەرێژەی (25.8%) بەمشێوەیە: 🔹 پارێزگای هەولێر لە ( 11 هەزارو 144) پرۆسەی هاوسەرگیری ( 3 هەزارو 115) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەرێژەی ( 28%). 🔹 پارێزگای سلێمانی لە ( 11 هەزارو 33) پرۆسەی هاوسەرگیری ( 3 هەزارو 448) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەرێژەی ( 31.3%). 🔹 پارێزگای دهۆك لە ( 8 هەزارو 322) پرۆسەی هاوسەرگیری (هەزارو 129) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەرێژەی ( 13.6%). 🔹 گەرمیان لە (هەزارو 933) پرۆسەی هاوسەرگیری (689) پرۆسەیان بە جیابوونەوە كۆتایی دێت بەرێژەی ( 28%).
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت بەرپرسانی ئەمریكا لە عێراق خۆیان هەواڵەكەیان دزەپێكردووە، لەڕێگەی دزەپێكردنی ئەم هەواڵەوە دەیانەوێت هۆشداری بەو كەسانە بدەن كە ناویان هێنراوە، واشنتۆن لەڕێگەی یاسای ماگنتسكی-یەوە دەیەوێت لایەنگرانی ئێران لە عێراق راوبكات، ماگنتسكی چییە ؟ سزاكانی چین ؟ لەم راپۆرتەدا (درەو) زانیاری زیاتر بڵاودەكاتەوە. هەواڵێكی دزەپێكراو ئەمڕۆ لە چەند سەرچاوەیەكی ناڕوونەوە هەواڵێك بڵاوكرایەوە لەبارەی ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێنج سەركردەی عێراقی خستوەتەناو لیستی سزاكانییەوە، بەڵام تائێستا هیچ بەرپرسێكی ئەمریكی هەواڵەكەی پشتڕاستنەكردوەتەوە. (درەو) لەڕێگەی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد، بەدواداچوونی بۆ راستیو ناڕاستی هەواڵەكە كرد. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی ئەمریكی لە عێراق خۆیان دزەیان بە هەواڵەكە كردووە، ئەمەش وەكو هۆشداریدانێك بۆ ئەو كەسانەی كە لە هەواڵە دزەپێكراوەكەدا ناویان هاتووە. ئەو كەسانەی كە ناویان هاتووەو هۆشدارییان پێدەدرێت لەبارەی ئەوەی ناویان دەخرێتە لیستی سزاكانی ئەمریكاوە بریتین لە هەریەكە لە: • هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحو یەكێك لە دۆستە نزیكەكانی ئێران لە عێراق. • نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا • حاكم زاملی سەركردەی میلیشیای سوپای مەهدی • فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی • شبل زەیدی ئەمینداری كەتیبەكانی ئیمام عەلی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دوای ئەوەدێت ژمارەیەك لە سەركردە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی هێرشكردنیان كرد بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە تۆڵەی كوژرانی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی ئەمریكادا لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران. سزاكەی ئەمریكا چییە ؟ ئەو سزایەی كە واشنتۆن بەسەر بەرپرسانی عێراقدا دەسەپێنێت، لە ئەمریكای پێدەوترێت یاسای (ماگنتسكی جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ و لێپرسینەوە)، ئەمە بۆ سزادانی ئەو كەسانەیە كە ئەمریكا تۆمەتباریان دەكات بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و گەندەڵی. یاسای ماگنتسكی چییە ؟ ئەمە پرۆژەیاسایەكی هاوبەش بوو كە هەردوو پارتی دیموكراتو كۆمارییەكان لە كۆنگرێس پێشكەشیانكردو دێسەمبەری 2012 باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووی ئەمریكا پەسەندی كرد. یاساكە بۆ سزادانی ژمارەیەك كەسایەتی روسی بوو كە واشنتۆن تۆمەتباريكردبوون بە تێوەگلان لە مردنی سێرگی ماگنتسكی لە زیندانەكەیدا لە مۆسكۆ لە ساڵی 2009دا. سێرگی ماگنتسكی ژمێریاری باج بوو، ئەو پیاوە لێكۆڵینەوەیەكی كردبوو، تێیدا رایگەیاندبوو، ژمێریارانی باج لە روسیا بڕی (230) ملیۆن دۆلاریان لە خەزێنەی دەوڵەت دزیوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی روسیا لەبەرامبەردا ئەم قسەیەدا ماگنتسكی-یان دەستگیركردو رەوانەی زیندانیان كرد، راپۆرتەكان باسیان لەوەدەكرد لە زینداندا ئەشكەنجەی زۆر دراوە، هاوڕێیەكی ئەمریكی ماگنیتسكی بابەتەكە لە ئەمریكا وروژاند، لەسەر ئەو بنەمایە ئیدارەی ئەمریكا رێوشوێنی گرتەبەر. لە ساڵی 2016وە یاسای ماگنیتسكی كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوە لە ئەمریكا، یاساكە تەنیا بەرپرسانی روسیا ناگرێتەوە، بەڵگو گشتگیركراوە بۆ هەموو جیهانیش، یاساكە ئیدارەی ئەمریكای دەستكراوە كردووە لەسەرتاسەری جیهان سزا بەسەر هەر كەسێكدا بسەپێنێت كە تێوەگلابێت لە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ. سزاكانی ماگنتسكی چین ؟ ئەو سزایانەی كە لەچوارچێوەی یاسای ماگنتسكی-دا دیاریكراون ئەمانە لەخۆدەگرن: • لیستی رەشی بانكەكان ئەوانەی كە بەیاسای ماگنتسكی سزادەدرێن، ناویان دەخرێتە لیستی ئەو كەسانەی كە ملكەچكراون بۆ چاودێریكردنی نوسینگەی چاودێری دارایی بیانی لە ئەمریكا كە سەربە وەزارەتی خەزێنەیە، ئەم كەسانە دەستدەگیرێت بەسەر سەروەتو سامانیاندا لە ئەمریكا، هەروەها ناویان دەخرێتە سیستمی سڕینەوەی ئۆتۆماتیكییەوە كە بەتایبەتی لە بانكەكانی ئەمریكاو وڵاتانی خۆرئاوادا ئەم سیستمە بەكاردەهێنرێت، ئەمە وادەكات كەسی سزادراو نەتوانێت حسابی بانكی بكاتەوە یان پارە حەواڵە بكات یاخود مامەڵەی تایبەت بە خاوەندارێتی لە دەرەوەی وڵاتەكەی خۆی بكات. • وەبەرهێنەران مامەڵەیان لەگەڵدا ناكەن سزایەكی تر كە لەیاسای ماگنتسكی-دا هاتووە، ئەوەیە وەبەرهێنەران مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا ناكەن كە ملكەچن بۆ سزاكانی ئەمریكاو هاوبەشەكانی، ئەمەش وادەكات كاروباری بازرگانی ئەو كەسانە دوچاری داڕمان ببێت، هەروەك ئەم رێوشوێنە وادەكات ئەو كەسانە بەئاسانی نەتوانن بەشداری لە پرۆژە گەورە ئابورییە قازانجدارەكاندا بكەن، بەهۆی ئەوەی ناتوانن مۆڵەتی كاركردن وەربگرن. • كۆتوبەندی گەشتكردن یاسای ماگنتسكی رێگری لەوە دەكات سزادراوان گەشتی ئەمریكا بكەن، هەروەها لەتوانایدایە گرێوگۆڵ بۆ ئەو كەسانە دروستبكات لە پێدانی ڤیزا بۆ گەشتكردنیان بۆ وڵاتانی تریش، سیستمی سڕینەوە لە هێڵی ئاسمانیدا، وادەكات ئەو كەسانە نەناسرێنەوە، ئەمەش كێشەیان بۆ دروستدەكات. • پەراوێزخستن لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە ئەوانەی ناویان دەچێتە لیستی سزای ماگنتسكی-یەوە، لەلایەن ئیدارەو بەرپرسانی ئەمریكاوە بەتەواوەتی پەراوێز دەخرێنو كەس دیداری سیاسییان لەگەڵدا ناكات، سەرباری ئەمە، ئەوانەی دەچنە لیستی سزاكەوە، لە وڵاتەكانی خۆیان ناتوانن پۆستی وەزیر یاخود پارێزگارو پۆستی باڵا وەرگرن. كێن ئەوانەی تائێستا سزادراون ؟ بۆیەكەمجار دوای دەرچوونی، یاسای ماگنتسكی لەسەر عێراق جێبەجێكرا، رۆژی 18ی تەموزی 2019 نوسینگەی چاودێری دارایی بیانی كە سەربە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكایە، بەپێی یاسای ماگنتسكی سزای بەسەر چوار بەرپرسی عێراقدا سەپاند. بەرپرسەكان بریتی بوون لە هەریەكە لە (رەیان كلدانی- وەعد قەدۆ- نەوفل حەمادی عاگوب- ئەحمەد جبوری). رەیان كلدانیو وەعد قەدۆ سەركردایەتی میلیشیایەكیان دەكرد، بەقسەی بەرپرسانی ئەمریكی ئەو دوو كەسە فەرمانی حكومەتی ناوەندی عێراقیان بۆ كشانەوە لە ناوچەی مەسیحینشینەكانی دەشتی نەینەوا رەتكردوەتەوە، ئەمەش بووەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵكی ئاوارەی ناوچەكە بۆسەر ماڵوحاڵیان هەروەها كێشەی بۆ پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە دوای نەمانی "داعش" دروستكردووە. نەوفل حەمادی عاگوب و ئەحمەد جبوری كە خرانە لیستی سزاكانەوە هەردووكیان پارێزگار بوون، هەردووكیان تۆمەتباركرابوون بە گەندەڵی، نەوفل عاگوب پارێزگاری نەینەوا بوو، تۆمەتباردەكرا لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵدا تێوەگلابێت لە گەندەڵی، ئەحمەد جبوریش پارێزگاری سەلاحەدین بوو، لەلایەن ئەمریكییەكانەوە تۆمەتبار دەكرا بە گەندەڵیو پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆی. لەدوای ئەم چواركەسە، هەر لە ساڵی 2019دا ئەمریكا بۆ جاری دووەم یاسای ماگنتسكی لەدژی ژمارەیەك كەسایەتی تری عێراقی بەكارهێنا. رۆژی 6ی دێسەمبەری 2019 ئەمریكا چوار كەسایەتی عێراقی خستە لیستی سزاكانییەوە كە بریتی بوون لە هەریەكە لە: • قەیس خەزعەلی: سەرۆكی میلیشیای عەسائیب ئەهل حەق، ئەمریكا تۆمەتباری كرد بەوەی بەپشتیوانی سوپای پاسدارانی ئێران خۆپیشاندەرانی عێراقی سەركوتكردووە، خەزعەلی لەو سەركردە سەربازییانەی شیعە بوو لە عێراق كە پێشتر ئەمریكییەكان بەتۆمەتی كوشتنی پێنج سەرباز دەستگیركریان كردبوو، دواتر ئازادیان كردبوو. • لەیس غەزعەلی: ئەمە برای قەیس غەزعەلی-یە، لەلایەن ئەمریكییەكانەوە تۆمەتباركرا بە سەركوتكردنی خۆپیشاندەرانو بەشداریكردن لە پرۆسەی پاكتاوكردنی سوننەكان لە پارێزگای دیالە. • ئەبو زەینەب لامی: ناوی راستەقینەی حسێن فالح لامی-یە، یەكێكە لە ئەندامانی كەتیبەی (حیزبوڵا)، ئەمریكا ئەم كەتیبەی خستوەتە لیستی تیرۆرەوە، بەرپرسی ئاسایشی ناوەندی هێزەكانی حەشدی شەعبی بوو، ئەمریكییەكان تۆمەتباریان كرد بەوەی لەپشت بەئامانجگرتنو كوشتنی خۆپیشاندەرانەوە بووە بە چەكی قەناسە. • خەمیس خەنجەر: یەكێك لە روخسارە دیارەكانی پێكهاتەی سوننەیە لە عێراقو بەشدارە لە كوتلەی بنیادنان لە پەرلەمانی عێراق كە كوتلەی گەورەی پێكهاتەی شیعەیە لە عێراق، ئەمریكا تۆمەتباریكرد بە وەرگرتنی بەرتیلو گەندەڵیو پشتیوانیكردن لە ئێران. یەكەم سزای ئەمریكا رۆژی 5ی ئایاری ساڵی 2018 ئیدارەی ئەمریكا ناوی (ئاراس حەبیب) شارەزایی ئابوری خستە لیستی سزاكانییەوە، بانكی (البلاد الاسلامی) كە ئاراس حەبیب خاوەندارێتی دەكرد خرایە لیستی "تیرۆرر جیهانی"یەوە، ئەمریكییەكان ئاراس حەبیبیان تۆمەتباركرد بەوەی رۆڵی هەبووە لە حەواڵەكردنی پارەی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراقەوە بۆ حزبوڵای لوبنانی. ئەمە سەرەتای دەستپێكردنی سزاكانی ئەمریكا بوو لەدژی ئەو كەسایەتییە سیاسییانەی عێراق كە پشتیوانییان لە ئێران دەركرد، لەكاتی خۆیدا سزاكەی ئاراس حەبیب جۆرێك لە شۆكی لەناو توێژی سیاسەتمەدارانی عێراقدا دروستكرد، ئەوە سەرەتای ئەو مەترسییە بوو كە ئێستا هەڕەشە لە زۆرێك لەوانە دەكات لە چینی دەستڕۆیشتووی سیاسەتن لە عێراق.
راپۆرتی: درەو هەندێك دەڵێن "تنینی چینی" عێراقیش هاوشێوەی زۆرێك لەوڵاتانی باشوری خۆرئاوای ئاسیاو ئەفریكاو ئەمریكا لاتین قوتدەدات، ئەمانە ڕێككەوتنەكەی (عێراق_ چین) بە داگیركاری سێیەم ناودەبەن، دەستی تۆمەتیش بۆ ئێران درێژدەكەن بەوەی ڕۆلێكی باڵای هەیە لە ئەنجامدانی ئەم ڕێككەوتنە بەوپێیەی سودی ئابوری گەورەی پێدەگەیەنێت. هەندێكی تریش پێیانوایە، ئەم ڕێككەوتنە بەرەكەتی خوایەو لەدەرگای عێراقی داوە، ئەمانە چاویان لەوەیە چینییەكان لەبەرامبەر هەناردەكردنی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لەماوەی چەند ساڵێكدا عێراق بكات بەیەكێك لەو وڵاتانەی خاوەنی ژێرخانێكی ئابوری پتەو بەهێزە. دوای چوار مانگ لەئیمزاكردنی، مشتومڕەكان سەبارەت بە ڕێككەوتنی ئابوری نێوان "عێراقو چین" گەرموگوڕتربووە، ئەوەی زیاتر ئەم ڕێككەوتنەی تەمومژاوی كردووە ئەوەیە، تائێستا حكومەتی عێراق بڕگەو وردەكاری ڕێككەوتنەكەو، ئەو پڕۆژانەی ڕانەگەیاندووە كە كۆمپانیا چینییەكەكان بەنیازن لەعێراق جێبەجێی بكەن. ڕۆژی 23 ئەیلولی ساڵی 2019 "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، 8 ڕێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتنی لەبوارەكانی ژێرخانی ئابوریو پەیوەندیو پیشەسازیو ئاسایشو ووزە لەگەڵ حكومەتی چین ئیمزاكرد. (هەیبەت حەلبوسی)سەرۆكی لیژنەی نەوت و ووزە لەپەرلەمانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا دەلێت:" زانیاری هەیە كە حكومەت زیاتر لە 8 ڕێككەوتنو یاداشتی لێكگەیشتنی لەگەڵ چین ئیمزاكردووە كە بەهاكەی سەروی 500 ملیار دۆلارە بۆ 10 ساڵی داهاتوو. "بەپێی ئەو ڕێككەوتنەكە حكومەتی چین سەدان ملیار دۆلار قەرز دەدات بە عێراق بەمەرجی ڕەهن كردنی نەوتی عێراق بۆ ماوەی 50 ساڵی داهاتوو بۆ دانەوەی قەرزەكانو ئەوسودەی دەچێتە سەری". لای خۆیەوە "وەلید ئەلسەهلانی" سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزرایو ئاوەدانكردنەوە لەپەرلەمانی عێراق لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا قسەیەكی تەواو پێچەوانەی سەرۆكی لیژنەی ووزە دەكات، بەوتەی ئەو: " ڕێككەوتنەكە لەبەرژوەندی عێراقەو حكومەت دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی، عێراق لەچەند ساڵی داهاتوودا بەرەكەی دەچنێتەوە". بەگوێرەی قسەكانی "سەهلانی" سندوقی ڕێككەوتنە پڕۆژە لەبواری فرۆكەخانەو دروستكردنی قوتابخانەو دروستكردنی ڕێگای دەرەكیو كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونو پرۆژەی ژێرخانی ئابوریو ووزەو چارەسەركردنی پیسبوونی ڕووباری دیجلەوفوراتو شەتولعەرەبو هەر پرۆژەیەكی تر دەگرێتەوە بەپێی داواكاری حكومەتی عێراق". پرۆژەكە لەچاوی حكومەتەوە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا "موزهیر محەمەد ساڵح" ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق بابەتێكی وردی لەسەر ڕێككەوتنەكەی "عێراقو چین" بڵاوكردۆتەوە لەپێشەكی نوسینەكەیدا دەڵێت:" لەچوارچێوەی دەستپێشخەری "پشتوێنو ڕێگا" كە كۆماری چین لەساڵی 2013 دا ڕایگەیاندووە، عێراق بۆجاری یەكەم چۆتە زنجیرەیەك یاداشتی لێگەیشتنو ڕێككەوتن، كە هەردوو حكومەتی "عێراقو چین"ی لەڕۆژی 23ئەیلولی 2019 لەپەكین_ی پایتەختی چین ئیمزایانكرد. "ڕێككەوتنەكە بۆ عێراق قۆناغێكی ئابوری نوێیە لە ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی ئابوری لەچوارچێوەی پرۆژگرامێكدا كە ئەكرێت ناویبنرێت نەوت بەرامبەر بە ئاوەدانكردنەوە. كەعێراق بە یەكێك لەگرنگترین سەرچاوەكانی دابینكردنی نەوتی خاو بۆ چین دادەنرێتو ڕۆژانە 750 بۆ یەك ملیۆن بەرمیلی نەوتی بۆ هەناردەدەكات" . بەقسەی ڕاوێژكارەكەی "عەبدولمەهدی" خواستی چین بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابورییەكانی لەگەڵ عێراق لەچوارچێوەی ئەو پرۆگرامە جیهانیەیەوە سەرچاوە دەگرێت كە بە دەستپێشخەری "پشتوێنو ڕێگا" ناسراوەو، بیرۆكەكەی لەڕێگای حەریری كۆنەوە سەرچاوە دەگرێت، كە ڕێگە خۆشدەكات بۆ پتەوكردنی پەیوەندیو وەبەرهێنانو بازرگانیو هاتوچۆكردنی سەرمایە لەنێوان چینوئاسیاو ئەفریكاو ئەوروپا.(پشتوێن) پێكدێت لەوپرۆژانەی چین بە ئەوروپاوە دەبەستێت لەڕێی ئاسیاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی وشكانی، لەكاتێكدا (ڕێگا) ئاماژە بەو پرۆژانە دەكات كە لەڕێگا ئاوییەكانەوە چین بە ئەفریكاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەڕێی باشوری خۆرهەڵاتی ئاسیاو هەموو ئەو وڵاتانەی كە ئیمزایان لەسەر دەستپێشخەری پەكین كردووە، كە لەئێستادا لە 66% دانیشتوانی جیهان پێكدێنن. لەبارەی ڕێككەوتنەكەشەوە ئاماژە بەوەدكات: ڕێككەوتنەكە بریتیە لە ئاڵوگۆڕكردنی داهاتەكانی نەوت بە جێبەجێكردنی پرۆژە لە عێراق، بۆ ئەومەبەستەش حكومەتی عێراق حسابی لەیەكێك لە بانكە گەورەكانی چین كردۆتەوە بۆ دانانی داهاتی ڕۆژانەی 100 هەراز بەرمیل نەوت. لەڕێی ئەو حسابەوە پارە بۆ ئەو كۆمپانیایانە خەرج دەكرێت كە پرۆژەكان لە عێراق ئەنجامدەدەن، سەبارەت بە سروشتی پرۆژەكانیش، ڕاوێژكارەی عەبدولمەهدی دەڵێت:" ڕێككەوتنەكە تەركیزی لەسەر پرۆژەكانی ژێرخانی ئابورییە وەك قوتابخانەو نەخۆشخانەو ڕێگاوبانو كارەباو ئاوەڕۆ، كە لەڕێی وەزارەتی پلاندانانەوە دەستنیشاندەكرێن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران". ئەو خاڵانەی لەبارەی ڕێككەوتنەكەوە ئاشكراكراون: 1- ڕێككەوتنەكە هیچ مەرجێكی سزایی تێدانیە، ئەگەر ناكۆكی ڕووبدات پەنا بۆ دەستە نێودەوڵەتییەكانی ناوبژیوانیكردن دەبرێت. 2- ماوەی ڕێككەوتنەكە 20 ساڵە. 3- سندوقی عێراقی چینی بۆ ئاوەدانكردنەوە دروستدەكرێت، لەلایەن حكومەتی عێراقو كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری سەرپەرشتی دەكرێت كەبانكی ناوەندی عێراق هەڵیدەبژێرێت لەنێوان 5 لەباشترین كۆمپانیا گەورەكانی جیهان. 4- دامەزراوەی دڵنیایی چینی(ساینوشور) كە ڕێكخراوێكی حكومییە زامنی لایەنی چینی دەكات بۆ ڕێككەوتنكە. 5- داهاتی 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لەچین گلدەدرێتەوە، كە بە دیاریكراوی بە هەردوو كۆمانیای (زنهواو سینۆك) دەفرۆشرێت، ئەو پارەیە دەخرێتە ناو سندوقی عێراقی چینی. 6- سەرمایەی سندوقی عێراقی چینی كە لەلایەن بانكە چینییەكانەوە كۆمەكدەكرێت دەگاتە 10 ملیار دۆلار. 7- ئەگەر چەردەی یەكەمی پرۆژەكان سەركەوتووبوو، عێراق خواستی بوو پڕۆژەكان زیادبكات، بڕی فرۆشتنی نەوتی ڕۆژانەی عێراق بۆ 300هەزار بەرمیل زیاددەكرێت، لەبەرامبەردا چینیش ئاستی قەرزەكانی بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد دەكات. 8- پارەكە لە بانكی (ستك بانك) دادەنرێت، دواتر بانكەكە هەڵدەستێت بە حەواڵەكردنی حسابەكە بۆ بانكی فیدراڵی ئەمریكی لە نیویۆرك كە سەرپەرشتی كۆی داهاتی فرۆشراوی نەوت دەكات، كە حسابی فرۆشراوی نەوتی عێراقی لێیە، دوای ئەوە بڕە پارەكە حەواڵەی حسابێكی تازە دەكرێت كە ناوی حسابی وەبەرهێنانە. 9- حساب بانكییەك دروستدەكرێت بەناوی حسابی خزمەتكوزرای قەرز تایبەت دەبێت بە پشتیوانی ڕێژەی سوود. 10- سندوقی پرۆژەكان تایبەت دەكرێت بەخەرجكردنی پارە بۆ ئەم پڕۆژانە: فرۆكەخانە، دروستكردنی قوتابخانە، دروستكردنی ڕێگا، چارەسەركردنی پیسبوونی ڕوباری دیجلەو فوراتو شەتولعەرەب، هێڵی شەفەمەندۆفێر، كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، پڕۆژەی ژێرخانی ئابوری، پڕۆژەكانی ووزە، پڕۆژەی تر بەپێی داواكاری حكومەت. • ئەگەر تێچووی یەكێك لەم پرۆژانەی سەرەوە بگاتە ملیارێك دۆلار، 850 ملیۆن دۆلاری لەسندوقەكە خەرجدەكرێتو 150 ملیۆن دۆلاریش لە فرۆشی نەوتی عێراق. 11-ئەنجومەنی وەزیرانی پرۆژەكان هەڵدەبژێرێت. 12 - لەڕۆژی 1/10/2019وە پارەی عێراق خراوەتە سندوقەكەوەو، تائێستا 500 ملیۆن دۆلار دانراوە، چینیش ئامادەیە 10 ملیار دۆلار بخاتە ناو حسابەكە، دەبوو لەئێستادا یەكەم پرۆژە دەستنیشانبكرێت بۆ جیبەجێكردن، بەڵام بەهۆی ئەوەی حكومەت بووە بەكاربەڕێكەر ئەو دەسەڵاتەی نییە. 13 –عێراق مافی هەیە كۆمپانیای ئەوروپیو ئەمریكی دەستنیشانبكات بۆ ئەوەی ببن بە هاوبەشی چین، بەپێی جۆری پرۆژەكە. ڕێككەوتن و دابەشبوونە سیاسیەكان ئەم پرۆژەیەش هاوشێوەی كۆی پرسە سیاسییەكان لەعێراق دابەشبونێكی قوڵی دروستكردووە، ئەوەی تێبیینی دەكرێت زۆرینەی هێزە نزیكەكانی ئێران پشتیوانی ئەم ڕێككەوتنەدەكەنو، باس لە لێكەوێتە گەورەو گرنگەكانی دەكەن بۆ عێراق، بەپێچەوانەوەشەوە هێزە نەیارەكانی ئێران دژی ڕێككەوتنەكەنو پێیانوایە بۆ ڕزگاكردنی ئێرانە لەو دۆخە ئابورییەی تێكەوتووە. "محەمەد ئیقبال" پەرلەمانتاری میحوەری سوننەكان لەتویتێكدا دەڵێت:" پرسیارم لەچەند وەزیرێك كرد سەبارەت بەكۆپییەكی ڕێككەوتنەكە دەستمنەكەوت، لەئەنجومەنی نوێنەرانیش هیچ كۆپییەكم دەستنەكەوت" دەشڵێت:" شاردنەوەی بەڵگەنامە بەوشێوەیە ئەو پێشبینییە تاریكەمان لەبارەی ڕێككەوتنەكە بەهێزتر دەكات". "جەمال كەربولی" سەرۆكی حزبی (حەل) كە سیاسیەكی سوننەیە لەتویتێكدا لەبارەی ڕێككەوتنەكە دەڵێت:" زۆر بەسادەیی...ڕێككەوتنی چین پلانی ڕزگاركردنی ئابورییەو وڵاتێكی درواسێ دایناوەو سەپاندویەتی بەسەر حكومەتی عێراق لەپێناو هاوكاریكردنی ئابوری ئەو دەوڵەتە لەپارەی عێراق بەشێوەیەكی ژێر بەژێر، وەك ئەوەی چەندین ساڵە دەیكات، بەهەموو تواناشییەوە هەوڵدەدات تەمەنی حكومەتی كاربەڕێكەر درێژبكاتەوە بۆ زامنكردنی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەكە" لەكۆتایی تویتەكەشیدا نوسیویەتی : ڕێككەوتنی چین داگیركاری سێیەم. هەر لەوچوارچێوەیەدا "عەبدولڕەحمان مەشهەدانی" پسپۆڕی ئابوری لەبارەی ڕێككەوتنەكە دەڵێت:"ئەوەی لەئێستادا لەڕاگەیاندنەكانەوە سەبارەت بەجۆری پرۆژەكانو قەبارەی پارەكان دەخرێنە ڕوو پرسێكی سیاسییە، چونكە حكومەتی دەستلەكاركێشاوە هەوڵی ڕاكردن دەدات بۆ پێشەوە لەڕێی چارەسەركردنی قەیرانێك بە قەیرانێكی گەورەتر". ئەو شارەزا ئابورییە كە بۆ پێگەی "كەناڵەی حورە" لێدوانی داوە ئاماژە بەوەشدەكات:"عەبدولمەهدی دەیەوێت بڵێت حكومەتەكەی شتی باش بۆ گەلی عێراق دەكات، چونكە خوازیارە لەدەسەڵات بمێنێتەوە". بەبڕوای ئەو، ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو ڕێككەوتنە پەیوەندی بە یەكێك لەوڵاتە دراوسێكانەوە هەبێت و لەمیكانیزمی دانەوەی قەرزەكانی عێراق بە چین سودمەندبێت. "مەشهەدانی" لەبارەی قسەكانی ڕاوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە سەبارەت بە ڕێككەوتنەكە دەڵێت: "موزهیر محەمەد بەشێك لە بڕگەكانی ڕێككەوتنەكەی ئاشكراكردووە، نەك سەرجەم وردەكارییەكانی". دبلۆماسیەتی تەڵەی قەرز ئەوەی چینییەكان تێیدا سەركەوتووبوون، بەكارهێنانی میكانیزمە ئابورییەكانە بۆ پتەوكردنی بەرژوەندییە جیۆستراتیجییەكانی وڵاتەكەیان لەجیهاندا، لەڕێی دەستپێخەری ( یەك پشتوێن- یەك ڕێگا) كە ترلیۆنێك دۆلاری لەلایەن حكومەتی پەكینەوە بۆ تەرخانكراوە. بەوپێیەش چین هاوكاری پڕۆژەی ژێرخانی ئابوری وڵاتانی تازە پێگەیشتووەكان دەكات كە خاوەن جێگەیەكی ستراتیجین، ئەوەش لەڕێی پێشكەشكردنی قەرزی زەبەلاح بەحكومەتی ئەو دەوڵەتانەو، جێبەجێكردنی پرۆژەی ژێرخانی ئابوری تیایاندا. ئەوانەی مەترسییان هەیە لەم هەنگاوەی چین پێیانوایە، ئەو پرۆژانەی چین بنیاتیان دەنێت، ئامانجی پشتیوانیكردنی ئابوری ناوخۆی ئەووڵاتانە نییە، بەڵكو ئامانجی گەیشتنێتی بەسەرچاوە سروشتییەكانی ئەو وڵاتانە، یان ئاوەڵاكردنی بازاڕەكانی بۆ كەرەستە چینییە بێكواڵیتیەكان كە تێچووی كەمەو نرخی هەرزانە، ئامانجێكی تریشی هەناردەكردنی دەستی كارو خولقاندنی هەلی كارە بۆ خەڵكی وڵاتەكەی لەڕێی ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراوجۆر لەوڵاتان، لەكۆتایشدا زۆرێك لەو وڵاتانە دەكەونە ژێر قەرزێكی زۆری چینەوە، سریلانكاو فەنزیویلاو ژمارەیەك لەوڵاتانی ئەمریكای لاتینو ئەفریكا بەشێكن لەو وڵاتانەی چونە چوارچێوەی ئەو پرۆژە چینیەوە، لەئێستادا كەوتونەتە ئەوتەڵەیەوە كە بەتەڵەی قەرز ناودەبرێت، قەرزێكی زۆری چینیان لەسەر كۆبوەتەوەو توانای دانەوەیان نییە.
(درەو): مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری عادل عەبدولمەهدی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق بۆ کاروباری دارایی: 🔹قەرزە دەرەکییەکانی عێراق کەمتر لە ۳۰ ملیار دۆلارە 🔹 قەرزەکانی عێراق لەقۆناغی بەر لە ساڵی ۱۹۹۰ کە بڕەکەی ۱۲۸ ملیار دۆلارە، رێژەی ۸۰٪ی بەپێی رێککەوتنی یانەی پاریس سڕدراوەتەوە. 🔹بڕی ٤۱ بۆ ٤۲ ملیار دۆلار هەیە کە قەرزی وڵاتانی کەنداو و هەندێک وڵاتی ترەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە ساڵی ۱۹۹۰، ئەمانە قەرزی دەرەوەی رێککەوتنی یانەی پاریسن. 🔹 ئەو قەرزانەی کە دەکەونە چوارچێوەی رێککەوتنی یانەی پاریسەوەو تائێستا نەگەڕێندراونەتەوە، کەمترە لە ۹ ملیار دۆلار. 🔹 هەندێک قەرزی نوێ هەن کە کەوتونەتەسەر عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە، رێژەی ئەم قەرزانە نزیکەی ۱۳ ملیار دۆلارە. 🔹 رێژەی ئەو قەرزانەی کە لەسەر عێراق ماونەتەوە بەڕێژەکەی یانەی پاریس و قەرزەکانی دەرەوەی هەروەها قەرزی دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کە ملکەچ نین بۆ رێککەوتنی یانەی پاریس، بەنزیکەی ۲۸ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. 🔹پێدانەوەی ئەو قەرزانە بەشێوەی قیست دەبێت لەساڵی ۲۰۲۰وە بۆ ساڵی ۲۰۲۸. 🔹 قەرزی ناوخۆیی عێراق کە پارەی بانکی ناوەندی و بانکی رافیدەین و بانکی ئێڵ تی بی ئای و بانکی رەشیدە، نزیکەی ٤۲ ملیار دۆلارە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف سەرۆكی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كە هەندێكجار دەستەواژەی "سەركردایەتی سیاسی كورد"یان بۆ بەكاردەهێنرێت، زۆربەیان بەپلەی باڵا خانەنشینن، یاسای چاكسازی لە خانەنشینی پلەباڵاكان گۆڕانكاری لە موچەكانیاندا دەكات، (درەو) لەم راپۆرتەدا لەسەر بنەمای یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینی هەریەكەیان بڵاودەكاتەوە. مەسعود بارزانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، بارزانی (12) ساڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بووەو تەنیا ئەو (12) ساڵەی وەكو راژە هەیەو جگە لەو (12) ساڵە هیچ ساڵێكی تری خزمەتی حكومی نییە، واتە مەرجی یاسایی كە (15) ساڵ خزمەتە، نیەتی، بەڵام یاساكە چارەسەرێكی بۆ داناوەو بەپێی بڕگەی (شەشەم) لەماددەی حەوتەمی یاسای چاكسازی "ئەوانەی خزمەتی خانەنشینییان نەگەیشتوەتە 15 ساڵ، ئەوا تاوەكو سێ ساڵ دەخرێتەسەر خزمەتەكەیان بۆئەوەی بگەنە تەمەنی خانەنشینی"، بارزانی لەم (3) ساڵە زیادكراوەی یاساكە سودمەند دەبێتو مەرجی یاسایی دەیگرێتەوە، بارزانی مەرجی یاسایی تەمەنی تێدایەو ئێستا تەمەنی (74) ساڵە، لەكاتێكدایە یاساكە تەمەنی (45) ساڵی بۆ خانەنشین بوون دیاریكردووە. یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • موچەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم (15 ملیۆن) دینارە. • دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی كە دەكاتە (7 ملیۆن 500 هەزار) دینار. • كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم دەگاتە (22 ملیۆنو 500 هەزار) دینار. بەر دەرچوونی یاسای نوێی خانەنشینی پلەباڵاكان، سەرۆكی هەرێم لەكاتی خانەنشینبوونیدا موچەی خانەنشینی بەڕێژەی 80%ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە وەردەگرت كە لەپێش خانەنشینی وەریگرتبوو، ئەوكات كۆی موچەی خانەنشینییەكەی دەیكردە (18 ملیۆن) دینار، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە، موچەی خانەنشینی بارزانی بەمشێوەیە دەبێت: • بارزانی كە 15 ساڵ خزمەتی بۆ ئەژماردەكرێت، بەپێی ساڵی خزمەت بۆ هەر ساڵێك بڕی (1,5%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە دەبات كە لەكاتی سەرۆكایەتی وەریگرتووە، تەنیا لە ساڵی خزمەتدا بارزانی لە كۆی گشتی (22 ملیۆنو 500 هەزار)ی موچەكەی لەكاتی سەرۆكایەتیدا، بڕی (8 ملیۆنو 325 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی بەردەكەوێت. • بارزانی بەهۆی ئەوەی هیچ بڕوانامەیەكی خوێندنی نییە، دەرماڵەی بڕوانامە نایگرێتەوە. بەكۆی گشتی موچەی خانەنشینی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا نوێیەكە، دەبێت بە (8 ملیۆنو 325 هەزار) دینار، واتە بەبەراورد بە یاسا كۆنەكە، موچەی خانەنشینی بارزانی لە (18 ملیۆن) دینارەوە كەمدەكات بۆ (8 ملیۆنو 325 هەزار) دینار، بەهۆی یاساكەوە موچەی خانەنشینی بارزانی بەبەراورد بە رابردوو (9 ملیۆنو 675 هەزار) دینار كەمدەكات. لەم ژمێركارییەدا تەنیا ساڵانی خزمەت لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی ئەژماركراوە، خۆئەگەر ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆسەر راژەكەی زیادبكرێت، موچەی زیاتر دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بەپێی یاساكە نابێت موچەی خانەنشینییەكەی (50%)ی كۆی ئەو موچەیە تێپەرێنێت كە بەر لە خانەنشینی وەریگرتووە، واتە ئەگەر كۆی ساڵانی خزمەتیش بهێنێت موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (11ملیۆنو 250 هەزار) دینار. كۆسرەت رەسوڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی كە لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانی وەرگرتووە، بەهەمان شێوەی بارزانی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە. كۆسرەت رەسوڵ ماوەی (12) ساڵ جێگری مەسعود بارزانی بووە لە سەرۆكایەتی هەرێم، جگە لەم خزمەتە، ماوەی (8) ساڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە، واتە بە هەردووكیانەوە (20) ساڵ راژەی هەیە، سەرباری ئەمە بڕوانامەی (دیپلۆم)ی هەیە، واتە دەرماڵەی بڕوانامە دەیگرێتەوە. یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی جێگری سەرۆكی هەرێمی بەمشێوەیە دیاریكردووە: • موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە. • دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن 500 هەزار) دینار. • كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە. بەر لە دەرچوونی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان، جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی خانەنشین دەبوو، كە خانەنشینییەكەی دەیكردە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینییەكەی بەمشێوەیەی لێدێت: • لەڕووی ساڵی خزمەتەوە، كۆسرەت رەسوڵ عەلی ماوەی (20) ساڵ خزمەتی هەیە، واتە مەرجی یاسایی خانەنشینی تێدایە كە یاساكە (15) ساڵی دیاریكردووە، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت یاساكە رێژەی (1,5%)ی كۆی موچەو دەرماڵەی دیاریكردووە، واتە موچەی خانەنشینی نوێی كۆسرەت رەسوڵ تەنیا بە ساڵی خزمەت دەبێت (7 ملیۆنو 215هەزار) دینار. • كۆسرەت رەسوڵ بڕوانامەی دیپلۆمی هەیە، ئەم بڕوانامەیە لە یاساكەدا رێژەی (2%)ی كۆی موچەی بۆ دانراوە، واتە بەپێی ئەم بڕگەیەش كۆسرەت رەسوڵ (390 هەزار) دینار دەرماڵەی بڕوانامە دەچێتە سەر خانەنشینییەكەیو بەكۆی گشتی موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (7 ملیۆنو 215هەزار) دینار، بەبەراورد بە موچەی خانەنشینی پێشتری كە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار بوو، خانەنشینییەكەی بڕی (8 ملیۆنو 385هەزار) دینار كەمدەكات. لەم ژمێركارییەدا تەنیا ساڵانی خزمەت لە پۆستی سەرۆك وەزیرانو جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كۆسرەت رەسوڵ ئەژماركراوە، خۆئەگەر ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆسەر راژەكەی زیادبكرێت، موچەی زیاتر دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بەپێی یاساكە نابێت موچەی خانەنشینییەكەی (50%)ی كۆی ئەو موچەیە تێپەرێنێت كە بەر لە خانەنشینی وەریگرتووە، واتە ئەگەر كۆی ساڵانی خزمەتیش بهێنێت موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (9 ملیۆنو 750 هەزار) دینار. عومەر سەید عەلی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو پەرلەمانتار بووە، بەڵام بە پلەی (وەزیر) خانەنشین كراوە، یاساكە موچەی هەموو ئەو كەسانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە بەپلەیەك خانەنشین كراون كە كاریان تێدا نەكردووە، بۆیە لەهەموو حاڵەتەكاندا خانەنشینی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەگەڕێندرێتەوە بۆسەر خانەنشینی پەرلەمانتارییەكەی. عومەر سەید عەلی لە خولی یەكەمی پەرلەماندا ئەندام پەرلەمان بووە، ئەو خولە بەهۆی شەڕی ناوخۆوە (13) ساڵی خایاند، واتە ماوەی (13) ساڵ راژەی هەیە، ئەمە سەرباری ئەوەی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بڕوانامەی دیپلۆمی هەیەو كاری مامۆستایەتی كردووە بەرلەوەی پەیوەندی بە شۆڕشەوە بكات، بەڵام (درەو) نازانێت ساڵی خزمەتی وەكو مامۆستا چەندەو ئایا ئەو ساڵانەی خزمەتی گەڕاندوەتەوە یاخود نا. پێشتر كە بە پلەی (وەزیر) خانەنشین كرابوو، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان مانگانە بڕی (6 ملیۆنو 400 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەرگرتووە، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە ئەگەر خانەنشینییەكەی بگەڕێندرێتەوە بۆسەر پلەی پەرلەمانتارییەكەی، موچەی خانەنشینییەكەی بەمشێوەیەی لێدێت: • رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ماوەی (13) ساڵ خزمەتی هەیە، بەپێی یاسا نوێیەكە ماوەی (3) ساڵ خزمەتی بۆ زیاددەكرێت بۆئەوەی ساڵی خزمەتی بگاتە (15) ساڵو خانەنشینی بیگرێتەوە، بۆ هەر ساڵێكی خزمەت رێژەی (1,5%)ی كۆی موچەو دەرماڵە ئەژماركراوە، واتە تەنیا بە ساڵانی خزمەت (3 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبات. • عومەر سەید عەلی بڕوانامەی دیپلۆمی هەیە، ئەم بڕوانامەیە لە یاساكەدا رێژەی (2%)ی كۆی موچەی بۆ دانراوە، لەم بڕگەیەشدا رێكخەری گشتی گۆڕان (164 هەزار) دینار دەبات. واتە بە تێكڕا عومەر سەید عەلی موچەكەی وەكو پەرلەمانتاری خانەنشین دەبێت (3 ملیۆنو 214 هەزار) دینار. لەم ژمێركارییەدا تەنیا ساڵانی خزمەت وەكو پەرلەمانتار بۆ عومەر سەید عەلی ئەژماركراوە، خۆئەگەر ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتیو مامۆستایەتی بۆسەر راژەكەی زیادبكرێت، موچەی زیاتر دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بەپێی یاساكە نابێت موچەی خانەنشینییەكەی (50%)ی كۆی ئەو موچەیە تێپەرێنێت كە بەر لە خانەنشینی وەریگرتووە، بۆیە ئەگەر كۆی ساڵانی خزمەتیش بگەڕێنێتەوە، موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار. محەمەد حاجی مەحمود محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بەهەمان شێوە یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا پەرلەمانتار بووە، دواین پلەی حكومی كە وەریگرتووە پلەی وەزیری بووە، بۆیە بەپلەی وەزیر خانەنشین كراوە. خانەنشینییەكەی بە پلەی وەزیر پێشتر (6 ملیۆنو 100 هەزار) دینار بووە، بەڵام بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی، موچەی خانەنشینییەكەی بەمشێوەیەی لێدێت: • ماوەی (8) ساڵ خزمەتی هەیە وەكو پەرلەمانتارو وەزیر، واتە مەرجی ساڵی خزمەتی تێدا نییە كە یاساكە (15) ساڵی دیاریكردووە، بەو سێ ساڵ زیادكردنەكە كە لە یاساكەدا هاتووە هێشتا ساڵانی خزمەتی ناگات بە (15) ساڵ، بۆیە بەرێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەكرێت كە وەكو وەزیر وەریگرتووە. • محەمەدی حاجی مەحمود بڕوانامەی نییە، واتە دەرماڵەی بڕوانامەش نایگرێتەوە. بەكۆی گشتی موچەی خانەنشینی سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بەپێی یاسا نوێیەكە لەگەڵ ئەو (8) خزمەتەی كە هەیەتی، كە بۆ هەر ساڵێكی خزمەت رێژەی (1,5%) كۆی موچەو دەرماڵە دیاریكراوە، كۆی موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار. لەم ژمێركارییەدا تەنیا ساڵانی خزمەت لە وەكو پەرلەمانتارو وەزیر بۆ محەمەد حاجی مەحمود ئەژماركراوە، خۆئەگەر ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆسەر راژەكەی زیادبكرێت، موچەی زیاتر دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا بەپێی یاساكە نابێت موچەی خانەنشینییەكەی (50%)ی كۆی ئەو موچەیە تێپەرێنێت كە بەر لە خانەنشینی وەریگرتووە، واتە ئەگەر كۆی ساڵانی خزمەتیش بگەڕێنێتەوە، موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار. كاوە مەحمود كاوە مەحمود سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو وەزیر بووە لە كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەپلەی وەزیر خانەنشینە. سكرتێری حزبی شیوعی بڕوانامەی دكتۆرای هەیە، واتە دەرماڵەی بڕوانامە دەیگرێتەوە، كە یاساكە بەرزترین پۆینتی بۆداناوە بڕوانامەی دكتۆرا داناوەو بەرێژەی (8%)ی كۆی موچەو دەرماڵەیە، كاوە مەحمود تەنیا (4) ساڵ خزمەتی هەیە، واتە مەرجی ساڵانی خزمەتی تێدا نییە كە (15) ساڵە. ئەگەر خزمەتی تریش بگەرێنێتەوە بۆسەر راژەكەی لەبەرزترین ئاستدا (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار موچەكەی دەبێت، لە كەمترین ئاستیشدا موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبێت. ئارام قادر ئارام قادر سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەوە بەر لەوەی لە كۆمەڵی ئیسلامی جیاببێتەوە، لەسەر لیستی كۆمەڵ پەرلەمانتاری كوردستان بوو. لەباشترین حاڵەتدا ئەگەر مەرجی تەمەنو بڕوانامەی بەرزی هەبێت موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت (4 ملیۆنو 100 هەزار)، خۆ ئەگەر هەموو مەرجەكانیشی تێدا نەبێت لە كەمترین ئاستدا بڕی (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار موچەی خانەنشینی وەردەگرێت. بەڵێن عەبدوڵا بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانتار بووە. بەپێی یاسا نوێیەكە بەلەبەرچاوگرتنی ساڵانی خزمەتو بڕوانامە لەبەرزترین ئاستدا موچەی خانەنشینییەكەی (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەكەی (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار دەبێت. باپیر كامەلا باپیر كامەلا سەرۆكی پارتی كرێكارانو رەنجدەرانی كوردستان یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو ئێستا ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە، بەلەبەرچاوگرتنی مەرجەكانی تەمەنو ساڵی خزمەت لەبەرزترین ئاستدا بەپێی یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار. محەمەد بازیانی محەمەد بازیانی رێكخەری گشتی بزافی چاكسازیو گەشە یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان دەیگرێتەوە، ئەو لەكابینەی حكومەتی هەرێم- هەولێر لە ساڵی 1996 وەزیر بووە، ئێستا بەپلەی وەزیر خانەنشینە. بەلەبەرچاوگرتنی تەمەنو ساڵی خزمەت لە بەرزترین ئاستدا بەپێی یاسای نوێی خانەنشینی، موچەی خانەنشینییەكەی دەبێت بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار، لە كەمترین ئاستیشدا موچەكەی دەبێت بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار. ئەوانی تر جگە لەوانەی باسكران، سەركردەی چەند حزبێكی تری هەرێم كوردستان هەن كە موچەی خانەنشینی پلەباڵا وەردەگرن، بەڵام یاسای نوێی خانەنشینی پلەباڵاكانی هەرێم نایانگرێتەوە. • سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، لە هەرێمی كوردستان هیچ پۆستێكی وەرنەگرتووە، بەڵام دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003، لە بەغداد بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی حوكمو خانەنشینییەكەی لەسەر عێراقە. • عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەهەمان شێوە لە هەرێمی كوردستان هیچ پۆستێكی وەرنەگرتووە، بەڵام لە یەك خولدا ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، باسلەوەدەكرێت لە كوردستان بەپلەی وەزیر خانەنشین كراوە، (درەو) نازانێت ئێستا خانەنشینی پەرلەمانتاری عێراق وەردەگرێت یاخود خانەنشینی پلەباڵا لە هەرێم. • عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی یاسای خانەنشینی پلەباڵاكان نایگرێتەوە، هیچ موچەیەكی خانەنشینی نە لە كوردستانو نە لە عێراقیشدا نییە. • شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هیچ موچەیەكی خانەنشینی نییە، چونكە حزبەكەی حزبێكی نوێیەو تائێستا بەشداری دەسەڵاتی نەكردووە، بەڵام خۆی بزنسمانەو لەكاری بزنسەوە رووی لە جیهانی سیاسەت كردووە. • سەرباری ئەمانە، ژمارەیەكی زۆر لە سەركردایەتی پارتە سیاسییەكانی هەرێم بەپلەی باڵا خانەنشین كراون، لەكاتێكدا زۆربەیان رۆژێك لە رۆژان هیچ پلەیەكی حكومییان نەبووە، بەپێی یاسا نوێیەكە دەبێت موچەكانیان ببڕدرێت.
(درەو): نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ سایتی (ئەلمۆنیتۆر): • ئێمە لە ئێران ناترسین، رێزی لێدەگرین. • ئەو بڕیاری پەرلەمانی عێراقی دەریكرد بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان بڕیارێكی باش نەبوو، كوردو سوننە بەشدارییان لەو بڕیارەدا نەكرد. • بڕیاری كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان پێشینەیەكی خراپە، بڕیارەكە لەلایەن كوتلەی شیعەوە دەركرا بەبێ راوێژكردن لەگەڵ پێكهاتەی كوردو سوننەدا. • ئێمە باوەڕمانوایە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان كارێكی پێویستە بۆ هەموو عێراق. • مایك پۆمپیۆ لەسەردانەكەیدا بانگهێشتنامەی ئاڕاستە كردین بۆ ئەوەی سەردانی واشنتۆن بكەین، بەڵام بانگهێشتنامەكە بەر لە رووداوی كوژرانی قاسم سلێمانیو دەستلەكاركێشانەی عادل عەبدولمەهدی بوو لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق. • نازانم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشداری لە لوتكەی داڤۆس دەكات یاخود نا، بەڵام مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا دەبینم. • لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا خۆت بەنێوەندگیر دەزانی لەنێوان ئەمریكاو ئێراندا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" بەڵێ ئێمە لەوبارەیەوە بەرۆڵی خۆمان هەڵدەستین". • لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا بەمزوانە سەردانی تاران دەكەین ؟ نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" بەردەوام بانگهێشتنامە هەیە، بەڵام هێشتا هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ سەردانكردن". • ئێمە پێشتر بە هێزەكانی سوریای دیموكراتیمان لە رۆژئاوای كوردستان وت پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەدا بپچڕن، بەڵام ئەوان ئێستاش فەرمان لە پەكەكەوە وەردەگرن، بەهەرحاڵ دەبێت كارێك بكەن كە باوەڕ بە توركیاو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنن كە بەشێك نین لە ئەجێندای پەكەكە. • ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باشە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دیدارێكی باشی كرد رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاو بەردەوامیش دەبین لەو رێگایە. • پێویستە توركیا سەلاحەدین دەمیرتاش ئازاد بكات بۆ ئەوەی رۆڵ ببینێت لە دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی ئاشتی. • لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانییەوە، ئێران فشار لە حكومەتی عێراق دەكات موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگرێت، نچێرڤان بارزانی دەڵێ:" لەو بڕوایەدا نییە ئێران دەستوەردان بكات". • لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئەدای كاری مەسرور بارزانی سەرۆكی نوێی حكومەتی هەرێم چۆن هەڵدەسەنگێنیت كە كوڕە مامی خۆتە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" كاری باش دەكات، هاوسەنگییەكی باشی لەناو ئەنجومەنی وەزیران دروستكردووە". • لەوەڵامی ئەوەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بۆچی وەزیری نەوتی نییە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" بەمنزیكانە وەزیری نەوتمان دەبێت.. بەڵام نازانم كێیە". • لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێستا كێ سەرۆكایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ:" سەرباری هەموو پێشبینییەكان، یەكێتی كۆنگرەیەكی سەركەوتووی كرد، بەڵام تائێستا روون نییە لە داهاتوودا كێ سەرۆكایەتی ئەو حزبە دەكات، لەو باوەڕەدام بەرهەم ساڵح ببێت بە سەرۆكی یەكێتی".
ئامادەکردنی: چیا عەباس بەشی یەکەم ئەم نوسینە باس لە رۆڵی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و کەنداو دەکات، پشتئەستور بە چەندین توێژینەوە و نوسین و شێکردنەوە دامرشتوە. سەرەتا گرنگە چاوێک بە مێژوی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بخشێنینەوە، دواتر بێینە سەر باسی کورد و ئەمریکا. ئەم سەرەتایە پێویستە تا بەرچاومان رون بێت دەرباری ئەو دۆخ و گۆرانکاری و دەروازانەی کە ئەمریکا لە رێگەیانەوە دەستی بە مامەڵەکردن لە گەڵ وڵات و هێزەکانی ناوچەکە، بە کوردیشەوە، کردوە. زۆربەی پسپۆر و توێژەر و چاوێداران کۆکن لە سەر ئەوەی سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ماوەیەکی درێژە لە سەر چەند کۆڵەکەی بنەرەتی دارێژراوە: ١- پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و دۆستە باوەرپێکراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ٢- پاراستنی بازاری نەوت و گواستنەوەی، ٣- جەنگی دژ بە تێرۆریزم، ٤- رێگری لە هەژمونی ئێران و هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، ٥- باس لە مافەکانی مرۆڤ و پرۆسەی دیموکراسی ناوچەکەش دەکرێت. لە سەردەمی حومکرانی ترەمپ شتێکی ئەوتۆ لەو سیاسەتە نەگۆڕاوە، تەنها ئەوە نەبێت ترەمپ بەو شێوازەی خۆی پێی باشە بەرێوەی دەبات، بۆ نمونە: ئایا کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ناچار دەکات بە تەسلیم بون لە کاتێکدا ئێران نفوزی لە ناوچەکە زیادی کردوە. نمونەیەکی تر زاواکەی ترەمپ Jared Kushner نوێنەری تایبەتی خەزوریەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدی نەناوە و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودس رۆڵی ئەمریکای وەک نێوەندگیر لاواز کردوە. هەڵوێست و کارە ناجێگیرەکانی بەرامبەر تورکیا و کورد بە گشتی.... تاد. ئاوردانەوەیەک لە مێژو لە مێژە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە گەڵ تورکیا و ئێران و ئەفغانستان لە رۆژهەڵاتەوە ناوچەیەکە ناسراوە بە توندوتیژی و کێشەکانی سنور و ئاین و مەزهەب و شەری خێلەکی. ئیسرائیل کە دەکەوێتە سنوری رۆژئاوای ئەو ناوچەیە بە هۆی چەند هۆکارێکەوە ناچارە گەمەکەرێکی سەرەکی ناوچەکە بێت. مانەوەی ئیسرائیڵ لە بنەرەتدا ئەرکی خۆیەتی بەڵام ئەمریکاش رۆڵی بەرچاوی هەیە، ئیسرائیڵ بۆ ئەمریکا وڵاتێکی زۆر گرنگە لە گەمەکانی هێزە زلهێزەکانی دنیا لە ناوچەکە، بە تایبەت لە ساڵانی دواییدا روسیا توانیویەتی پێگەی ستراتیژی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەدەست بهێنێت. واقیعێک لە ناوچەکە بۆتە خەسلەتێکی جێگیر و هۆکارێکی بنەرەتی ئاڵۆزی، ئەویش باڵانسی زلهێزەکانی دنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەردەوام لە گۆراندابوە، دوای تێکشكاندنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئینگلیز و فەرەنسیەکان باڵادەست بون، لە گەڵ دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیڵ و ئەو کێشە و و قەیرانانەی لێی کەوتنەوە پێگەی بەریتانیا، سەرەرای ئەوەی رۆڵی گرنگی لە دروستکردنی ئیسرائیڵدا هەبو، لاواز بو. پاش لاوازبونی بەریتانیا و فەرەنسا پێگەی ئەمریکا رو لە هەڵکشاندن بو. دەوڵەمەندیی ناوچەکە هۆکارێکی گرنگ بو کە ئەمریکا هاوپەیمانی لە گەڵ سیستەمە موحافزکار و ستەمکارەکانی ناوچەکە، وەک سعودیە و پاشکۆکانی، ببەستێت. لە ئێستادا ئەم هاوپەیمانیە بەهۆی گۆرانکاریەکان لە نێوان وڵاتانی عەرەب کەلێنی بەرچاوی پێوە دیارە. کێشەکانی شیعە و سوننە کە شەری یەکتر دەکەن، وەک ئەوەی عبادەی یەک خوا نەکەن، رۆڵیکی لەو هاوکێشەیەدا هەیە. تا ئەم چرکەیەش هێزێک دەرنەکەوتوە توانیبێتی ئەو ئاڵۆزی و شەر و مەرافانە هێور کاتەوە و دەرفەتەکان بۆ ئاشتی زیاتر برەخسێنێت. لە سەردەمەکانی شەری سارد و تەوافقی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەمریکا بەشێک لە ئاڵۆزی و گرفت و شەرەکانی ناوچەکە رەنگدانەوەی رکابەری و ململانێکانی ئەو دو زلهێزە بون. ئەوەی لە ماوەی دواییدا رویداوە و وا بەرچاو دەکەوێت کە ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست خەریکی کشانەوەیە. سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپ، لەو باوەرەدایە کە دەبێت بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بە رادەی سەرەکی لە تێرامانێکی ناشیۆنالیزمەوە ببینرێت، ئەمریکا لە پلەی یەکەمدا دروشمە ناودارەکەی ترەمپە. دوای شەری دوەمی جیهان هەمو سەرۆکەکانی ئەمریکا تێرامانی فراوانی نێودەوڵەتیان هەبوە، پێیان وابوە کە رۆڵێکی بنەرەتی ئەمریکا بریتیە لەوەی دنیا بەرەو خۆشگوزەرانی و ئارامی ببات، هەرچەندە بەرژەوەندی سەرمایەداری رۆڵی بەرچاوی لە دارشتنی ئەم ئەم دیدگایەدا هەبوە، بەڵام ناشێت ئەوە بەرچاو نەگرین کە ئەمریکا وەک زەمینەخۆشکەر و پارێزەری دیموکراسیش بینراوە، بێگومان رکابەریکردنی توندی کۆمینیزمیش رۆڵی لەو تێرامانەدا هەبوە، تایبەت ئەمریکا دوای روخاندنی دیواری بەرلین لە ١٩٨٨ خۆی بە براوە دەبینی. ئەمریکا و کەنداو Charles Cogan بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتەن ناوەراستی CIA لە کۆتایی هەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابوردو دەڵێت: " پێموایە بۆ ئەمریکا ئارامی ناوچەکە گرنگە چونکە هەر تێكچونێک کاریگەری لە سەر رۆلی ئەمریکا وەک تاکە زلهێزی دنیا دەبێت". هەرچەندە کەنداو سەرچاوەیەکی گەورەی سامانی سروشتی وزەیە هاوکات بۆ ئەمریکا ئاسایش و بەردەوامی گواستنەوەی نەوتیش زۆر گرنگە، هەروەها بە هۆی کاریگەری بەهێزی لۆبی جولەکە لە واشنتۆن ئاسایشی ئیسرائیڵیش بۆ ئەمریکا پرسێکی زۆر بنەرەتیە. بەم هۆیانەوە ئەمریکا رۆڵێکی گرنگی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و کەنداو و ناوچەی دەوربەری کەنداو پەیداکردوە و کەنداو بە بەشێکی گرنگ بۆ مانەوەی بەهێزی خۆی دەزانێت. جیمی کارتەر لە دوا ساڵی سەرۆکایەتیدا لە پەیامی ساڵی نوێدا گوتی: " هەر هێرشێکی هێزێکی بیانی بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی کەنداوی فارسی وەک هێرش بۆ سەر بەرژەوەندیە بنەرەتیەکانی ئەمریکا دەبینرێت، هێرشێکی لەو جۆرە بە هەمو شێوازێک بە سەربازیشەوە وەڵامی دەدرێتەوە". شەری سارد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە دیسەمبەری ١٩٧٩ یەکێتی سۆڤیەت بۆ بە دەنگەوەهاتنی حکومەتی کۆمینیستی کابوڵ ئەفغانستانی داگیرکرد. سۆڤیەت خولیای کشاندن بو بۆ کەنداو، ئەمریکاش ترسی هەبو سوڤیەت بگاتە مینایەکی بێ بەستەڵەکی سەهۆڵ و هەروەها سەرچاوە زۆرەکانی نەوتیش لەو ناوچەیەدان. نێوان کەنداو و ئەفغانستان ئێران لەمپەرێکی ئەو خەونەی سۆڤیەت بو. لە هەفتاکان سۆڤیەت پێگەی لاواز بوبو، مردنی جمال عبدالناصر لە ١٩٧٠ مانای کۆتایی بە رۆڵی دۆمینانتی میسر لە جیهانی عەرەبیدا کە پێشتر مەترسیەکی جدی بو لە سەر پێگە و نفوزی سعودیە. بەرە بەرە نفوزی سعودیە رو لە هەڵکشاندن بو، تایبەت کە یاسر عەرەفات وەک موحافزکارێکی سەر بە سعودیە سەرکردایەتی رێکخراوی رزگاری فەلەستینی دەکرد، نفوزی میسر تا دەهات کەمتر دەبو. جیهانی عەرەبی لە ئەرزی واقیعدا بەسەر دو بەرەدا نێوان دو زلهێزەکەی دنیا رو لە دابەشبون بو، ئەمریکا باڵادەست بو هەوڵی زۆریشی دا کە باڵانس رابگرێت بۆ پاراستنی ئارامی. لەو سەردەمەدا و تا ئێستاش ئەمریکا هەوڵی داوە و دەیدات بۆ دۆستایەتی لە گەڵ وڵاتە عەرەبە میانرەوەکان، وەک سعودیە و ئوردون و میسر و هاوکاتیش پاڵپشتێکی بەهێزی ئیسرائیل بێت. لە ١٩٦٨ بەعس لە عێراق بە کودەتای سەربازی حوکمی گرتە دەست، لە ١٩٧٢ عێراق و یەکێتی سۆڤیەت موعاهەدەی دۆستایەتی و هاریکاریان بۆ ١٥ ساڵ بەست. لە مێژەوە عێراق و ئێران کێشەی شەتی عەرەب و چەند دورگەیەکیان لە کەنداو هەبو. شۆرشی کورد باری حکومەتی عێراقی زۆر قورس کردبو، لە کۆبونەوەی ئۆپێک لە جەزائیر لە ئازاری ١٩٧٥ شای ئێران و سەدام حسێن، بە ئاگایی ئەمریکا و کارئاسانیکردنیش، رێککەوتن. ئەمریکا و ئێران پشتیان لە کورد کرد و شۆرشی ئەیلول توشی شکست بو و ئێرانیش شەتی عەرەبی دەسکەوت. ئێران و ئەمریکا پەیوەندی توند و تۆکمەیان هەبو، رێکەوتنی ساڵی ١٩٥٨ نێوان هەر دو وڵات پێگەی زۆر تایبەتی بە ئەمریکا بەخشیبو. شەری ١٩٦٧ نێوان عەرەب و ئیسرائیڵ پەیوەندیەکانی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ئەمریکا خراپتر کرد و شا لەمە سودمەند بو. دۆکترێنە بە ناوبانگەکەی نیکسۆن کە ئێران پۆلیسی ناوچەکەیە پێگەی شای لە ناوچەکە زۆر بەهێز کرد. شۆرشی ئێران شا لە خۆی بایی بوبو، لەو باوەرەدا بو بە هۆی پشتگیری ئەمریکا و رێگری وڵاتەکەی لە تەشەنەکردنی کۆمینیزم لە یەکێتی سۆڤیەتەوە بوە بە یەکێک لە سەرکردە گرنگەکانی دنیا، بێباک بو لە بەرامبەر یاخیبون و نارەزایی ناوخۆ، لە ئاکامدا ساڵی ١٩٧٩ بە رابەرایەتی خومەینی شۆرشی ئیسلامی سەرکەوت و شا هەڵهات بۆ دەرەوەی وڵات و لە ماوەیەکی کورتدا وەفاتی کرد. ئەمریکا هاوپەیمانێکی باوەرپێکراوی لە دەستدا، ئێران لە فەوزایەکدا دەگوزەرا، بە هەڵسەنگاندنی Cogan CIA ی لە کۆی گشتی ئەو روداوە خێرانەدا سەرسام بو، وەک شۆرشی ئیسلامی ئێران و لە دەستدانی چەن پۆستی راداری ئەمریکی لە ئێران کە بۆ چاودێری سۆڤیەت دانرابون، چەسپاندنی رژێمێکی کۆمینیست لە ئەفغانستان و لە کۆتایی ١٩٧٩ داگیرکردنی لە لایەن روسیاوە. لەو گێژاوەدا پاکستان داوا لە ئەمریکا دەکات بەیەکەوە دژ بە حکومەتی نوێی ئەفغناستان بوەستنەوە، بە وتەی کۆگان: ئەمە دەرفەتێک بو پاش پشتگیری روسیا بۆ ڤێتنامی باکور وا بکەین روسیا لە ئەفغانستان نرخێکی باش بدات. زیادە بۆ ئەمەش پرسیارێک لای ئەمریکا سەری هەڵدابو: ئایا عێراق پاش نەمانی شا وڵاتێکی گونجاوە شوێنی ئەو بگرێتەوە و لە بەرژەوەندی رۆژئاوا کاربکات؟ بەڵام ئەمریکا هیچکات باوەری بە رۆڵی عێراق لەو روەوە نەبوە. ئەمریکا هەوڵی میانرەوی عێراقی دەدا و هاوکات پشتئەستور بو بە سعودیە، میسر و ئوردون وەک کۆڵەکەکانی ئارامی ناوچەکە. شۆرشی ئێران سنوری ئێرانی بەزاند، لە وڵاتانی دەوروبەری ئێران تەنها عێراق زۆرینەیەکی شیعەی هەیە، چەکدارەکانی ئێران گەیشتبونە کەنارەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی و کێشەیان بۆ دروست دەکردن، بەرە بەرە عەرەب و ئەمریکا دەرکیان بە مەترسیەکانی بڵاوبونەوەی ئیسلامە فەندەمەنتیلستەکانی سەر بە ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریکا دەکرد، لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا زۆربە دەیانروانیە عێراق وەک ئەو هێزەی رێگری لەو هەڵمەتەی ئێران بکات. شەری یەکەمی کەنداو لوتکەی ساڤاک و سوپا و دەزگا هەواڵگریەکانی تری شا لە گەڵ شۆرشی ئیسلامیدا رویان لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد، دواتر لە عێراق یەکیان گرتەوە و خۆیان رێکخست، لە ساڵی ١٩٨٠ سەدام حسێن حاکمی موتڵەقی عێراق بو، کۆماری ئیسلامی روبەروی فەواز و کێشە ناوخۆییەکانی بوبو، سەدام بە فرسەتی زانی پەلاماری ئێران بدات. لە کۆنفرانسێک لە بەسرە ئەفسەرە باڵاکانی سەردەمی شا لە گەڵ ژەنەراڵەکانی عێراق دۆخ و توانا سەربازیەکانی ئێرانیان شێدەکردەوە و پلانیان بۆ رێگریگرتن لە هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی دادەرشت. پێدەچیت CIA ش لەو کۆبونەوە بەشدار بوبێت کە پلانی پەلاماردانی ئێران تێیدا دراێژرا. ژەنەراڵە دێرینەکانی سەردەمی شا گەرەنتیان دا کە لە گەڵ دەست بەسەراگرتنی ناوچەکانی ئێران دانیشتوانەکانی رادەپەرن و دواتر تەهرانیش دەگرێتەوە و لە ماوەیەکی کورتدا ئەرکەکە کۆتایی دێت. کۆگان، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە CIA رەتیدەکاتەوە کە CIA بەشدار بوە لە ئامادەسازیەکان بۆ پەلاماردانی ئێران و عێراقیشیان بۆ ئەو هێرشە هان نەداوە. لە درێژەی باسەکەیدا دەشڵێت: لەوانەیە من ئاگام لە هەمو شتەکان نەبوبێت، هەرچۆنێک بێت بۆ من موفاجەئە بو. سەدام بە تەمای جەنگێکی کورت بو، بەڵام وا دەرنەچو. لە ساتی دەستپێکردنی شەرەکەدا ئەمریکا پەیوەندی دبلۆماسی لە گەڵ هەر دو وڵاتەکە نەبو، بە فەرمی ئەمریکا لە سەر شەرەکە رەتدانەوەی نەبو، بە نافەرمی چاودێری دۆخەکەیان دەکرد و پێشیان ناخۆش نەبو دو وڵات کە دۆستی ئەمریکا نین شەری یەکتر دەکەن. کۆگان دەڵێت کاتێک شەرەکان بە قازانجی ئێران ئاراستەیان دەکرد ئەمریکا بە پێویستی زانی دەستتێوەردان بکات بە قازانجی عێراق.. نەک بە مەبەستی ئەوەی عێراق شەرەکە بباتەوە بەڵکو بۆ ئەوەی عێراق شەرەکە نەدۆرێنێت. ئەمریکا عێراقی لە لیستی دەوڵەتە تێرۆریستەکان دەرهێنا و Donald Rumsfeld وەک ناردەی تایبەتی ئەمریکا کاری لە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکان لە ساڵی ١٩٨٤ لە گەڵ عێراق کرد. هەمو وڵاتانی رۆژئاوا بە ئەمریکاشەوە چەکیان بۆ عێراق دەنارد، عێراق زۆر سودی لە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کرد. هاوکات چەکیش بە ئێران دەدرا، هەرچەندە ئێران جبەخانەیەکی گەورەی جەکی سەردەمی شای هەبو، بەڵام دوای شۆرشی ئیسلامی دەرگاکان بەروی ئێران بۆ بەشە ئیحتیاتەکانی چەکەکان داخرابون، هۆکارێکی ناردنی چەک بۆ ئێران ئەوەبو لەو ساتانەدا هێشتا رەهائینەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەهران ئازاد نەبون، دواتریش بۆ پەلەکردن لە ئازادکردنی رەهائینە ئەمریکیەکان کە لە لوبنان لەلایەن حزب اللە ەوە دەستگیر کرابون، حزب اللە پەیوەندی تۆکمەی لە گەڵ ئێران هەبو. پارەی دەسکەوتی فرۆشتنی چەکەکان بە شێوازێک زۆر ورد نێردرا بۆ یاخیبوەکانی نیکاراگوا کە دواتر وەک Iran-Contra Scandal ناسرا. کۆگان باس لەوەش دەکات کە ئیسرائیڵیش چەکی بە ئێران دەدا، هۆکارێک بۆ باشترکردنی رەوشی جوەکانی ئێران و هەروەها بۆ درێژکردنەوەی شەرەکە. لە ١٩٨٨ شەرەکە راگیرا، عێراق بەهۆی یارمەتیەکانی رۆژئاوا بە هێز و سوپایەکی گەورە لە شەرەکە دەرچو. ئەو سوپا گەورە و بەهێزە عێراقی کردە مەترسی لە سەر ناوچەکە، دو ساڵ دوای راگرتنی شەر لە گەڵ ئێران سەدام پەلاماری کوێتی دا و داگیری کرد. کۆگان دەڵێت: هەڵسەنگاندنمان باش نەبو کاتێک دەرکمان بەوە نەدەکرد کە عێراق مەترسیەکی گەورەترە لە ئێران بۆ سەر ناوچەکە. ئەمریکا ئەمجارەش وەک لە ساڵی ١٩٧٩ دوای واقیعە تازەکان کەوت. خوالێخۆشبو شا حەسەنی ئوردون وەسفی عێراقێ وەك " ئەسپە هار و درندەکەی جیهانی عەرەبی" کردوە. ئەمریکا و داعش بەشێک لە چاودێر و توێژەرە سیاسیەکان پێیان وایە داعش بەرهەمێکی راستەوخۆی شکستی داگیرکردنی عێراقە لەلایەن ئەمریکاوە. سەرەتای ئەم روداوانە لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ دەستی پێکرد، سەرۆک بوش و دەوروبەرەکەی یەکسەر هەڵسەنگاندنێکی پەڵەیان بۆ روداوەکە کر.، هێرشە تێروریستەکە وەک راگەیاندنی شەر دژ بە ئەمریکا درایە قەڵەم، بۆیە جەنگی دژ بە تێرۆریزمیان راگەیاند. لە بەر ئەوەی القاعدە هێزێکی نیزامی نەبو بۆیە شەرکردن دژیشی بە نیزامی بەرێوە نەچو، لە بری ئەوەی ئەمریکا بەدوای ئوسامە بن لادن بگەرێت و سزای بدات چون بە دوای شەرێکدا دەگەران کە بە شێوەیەکی سەرسورمێنەر بیبەنەوە و بە دنیاش رابگەیەنن کەس ناتوانێت خۆی لە قەرەی ئەمریکا بدات، ئەمجۆرە جەنگ دژ بە تێرۆریزم ئاکامی نەخوازیاری لێکەوتەوە. لە ١١ ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ Donald Rumsfeld، وەزیری بەرگری ئەمریکا و جێگرەکەی Paul Wolfowitz ئاماژەیان دا بەوەی کە بە بۆچونی ئەوان سەدام حسێن دەستێکی لە هێرشەکەدا هەبوە. هەرچۆنێک بێت ١١ی سێپتەمبەر وەک دەرفەتێکی بێ وێنەیان بینی بۆ خواستێکی کۆنیان، ئەویش گۆرینی رژێم لە عێراق. لە ئێوارەی ١١ی سێپتەمبەر سەرۆک بوش داوای لەRichard P. Clark ، مونەسیقی نیشتمانی دژ بە تێرۆریزم کە بگەرێت بەدوای ئەوەی سەدام چ رۆڵێکی لە هێرشەکەدا هەبوە، کلارک منگەمنگی دەکرد و دەیویست رونی بکاتەوە کە القاعیدە لە پشت هێرشەکەوە بوە، سەرۆک بوش بە گرژیەوە پێی گوت دەبێت تەرکیز لە سەر سەدام بکات. ئەمریکا شەرێکی قورسی بە چەکی مۆدێرن و بۆردومانی خەست دەست پێکرد. لە جانواری ٢٠٠٢ سەرۆک بوش لە وتاری ساڵانەی بۆ سینات و کۆنگرێس باسی میحوەری شەیتانی کرد، مەبەستی ئێران و عێراق و کوریای باکور بو. وەک سەرۆک باسیکرد عێراق هاوکاری و یارمەتی تێرۆریزم دەکات و کار لە سەر چەکە کۆمەڵکوژەکان کردوە.، عێراق چەکی کیمیاوی زۆری هەیە و سەرقاڵی بەدەستهێنانی جەکی ئەتۆمیش بوە. Dick Cheney ، جێگری سەرۆک بوش، دەیویست ئەمریکا بە تەنیا شەری سەدام بکات، تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئامۆژگاری کرد کە بە رێگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە هەوڵ بدات. ئەمە هۆکار بو کە لە قۆناغی سەرەتادا تیمی نوێی چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق نێردرا، تیمەکە چەکی کۆمەڵکوژیان نەدۆزیەوە، بە تەنیشت ئەمەشەوە ئاژانسی ئەتۆمی نێودەوڵەتی رایگەیاند کە سەدام هیچ بەرنامەیەکی ئەتۆمی نوێی دەست پێنەکردوە. ئەمریکا پەلەی بو و چاوەروانی زیاتری تیمەکانی پشکنین و چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکانی نەدەکرد، بۆیە لە ٢٠ی ئازاری ٢٠٠٣ بێ مانداتی ئەنجومەنی ئاسایش هێرشیان کرد بۆ سەر عێراق و رژێمی سەدام یان روخاند. دوای روخاندنی سەدام بزافێکی بەرەنگاربونەوە بە تەکتیکی گەرێڵلا دژ بە ئەمریکا سەریهەڵدا، بەهۆی چەند بریار و کاری دەسەڵاتی پاوڵ برێمەر، حاکمی عێراق، وەک رەگ و ریشەکردنی بەعس و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق، سەدان هەزار کەس بێکار و بێ داهات بون. بەشێکی زۆری سەربازە دەرکراوەکانی سوپای عێراق سوننە مەزهەب بون کە لە سەردەمی سەدام شیعەیان دەچەوسانەوە، خۆیان لە پێگەیەکی لاوازدا بینیەوە و دەشترسان شیعەکان تەسفیەی حساباتیان لە گەڵ بکەن بۆیە چونە بەرەی بەرەنگاربونەوە. ساڵی ٢٠٠٦ نوری مالیکی، شیعە و سەرۆکی حزبی دەعوە، حکومەتی نوێی عێراقی دروستکرد، مالیکی هەنگاو بە هەنگاو حوکمرانیەکی شیعەی بەهێزی سەپاند و زۆربەی سوننەکانی لە کار و پۆستەکانی حکومەت دورخستەوە. ئەم سیاسەتە زەمینەسازکەر بو بۆ بڵاوبونەوەی بەپەلەی داعش لە باکوری عێراق، لە دەرەوەی ناوچەی کوردستان. سوننەکان ئامادە بون هاوکاری داعش بکەن، سوپای عێراق لەو سەردەمەدا هێزێکی لاوازی پەرتەوازە بو و لە داگیرکردنی موسڵدا چەکە مۆدێرنەکانی ئەمریکایان بۆ داعش جێهێشت و هەڵهاتن. روداوەکانی تر لە گەڵ داعش لای هەمو زانراون و پێویست بە دوبارە کردنەوە ناکات. ئەوەی ماوە ئاماژەی پێ بکرێت: یەکێک لە میلیتانتە یاخیبوەکان کە دواتر خۆی وەک ئەبو بەکر بەغدادی ناساند، لە ساڵی ٢٠٠٤ لە کامپێکی ئەمریکیەکان بەندکرا بو، لەو کامپە گروپێکی کۆنە بەعسی و ئەفسەرەکانی سوپای سەدامی ناسی، داتر بەغدادی لە ساڵی ٢٠١٠ بوە سەرۆکی داعش و زۆربەی هاوبەندەکانی بونە کاراکتەرە گرنگەکانی داعش. لە ساڵی ٢٠١٣ داعش دەسەلاتی بە ئاراستەی سوریا بەرفراوان کرد و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا دروستکرد. * رۆتەردام: جانواری ٢٠٢٠
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە هەرێمی كوردستان كە لەسەرەتای ساڵی 2000وە بووە بە بابەتی گفتوگۆ لە میدیاو شەقامدا، بۆ یەكەمجار ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان بەشێوەیەكی نوێ رێكخرایەوە، بەپێی رێكخستنە نوێیەكە، هەموو پەرلەمانتارو پلەباڵاكان ئەوانەشی كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا نییە، لە كەمترین ئاستدا بە زیاتر لە (ملیۆنێكو 500 هەزار) دینارو لەبەرزترین ئاستدا بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێن، دەرگای موزایەدەكردنیش داخرا بەڕووی ئەوانەی كە داوای هەڵوەشاندنەوەی موچەی خانەنشینی پلەباڵانیان دەكرد، ئەوانەی دەیانەوێت موچەكە وەرنەگرن، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆسەر كاری پێشووی خۆیان، یاساكە بوو بەسەرەتایەك بۆ جیابوونەوەی بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان، پارتیو یەكێتیو گۆڕان پێكەوە بەرەی دەسەڵات بوون، نەوەی نوێو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی پێكەوە ئۆپۆزسیۆن بوون، حزبی شیوعی كە پێشتر رایگەیاند بەشداری حكومەت ناكاتو دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ بەرەی دەسەڵات رۆیشتو پشتی لە ئۆپۆزسیۆن كرد. پلەباڵا كێیە ؟ بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە پلەباڵاكان ئەوانەی كە بەرزترین ئاستی موچەیان هەیەو موچەكانیان بەبەراورد بە رابردوو كەمترین دەكرێتەوە ئەمانەن: • سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی حكومەت لەگەڵ جێگرەكانیان • ئەندامانی پەرلەمانو وەزیرەكانو ئەوانەی بە پلەی پەرلەمانتارو وەزیر خانەنشین كراون • بریكارەكانی وەزارەتو ئەوانەی بە پلەی بریكاری وەزیر خانەنشینكراون • خاوەن پلەتایبەتەكانو بەڕێوەبەرە گشتییەكان، ئەوانەی پلەی بەڕێوەبەری گشتییان هەیەو ئەوانەی موچەی بەڕێوەبەری گشتی وەردەگرن • سەرۆكو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێم • گشت ئەو كەسانەی كە بەپێی خشتەی كارپێكراوی موچە لە هەرێم، موچەی پلەكانی (1)و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانیو سەربازیو هێزەكانی ناوخۆ ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدا نییە، بەرێژەی (15%) بۆ (25%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (77 ) پەرلەمانتارە. نمونەیەك بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەنیا چوار ساڵ كاروباری گشتی راپەڕاندووەو مەرجی (15) ساڵ خزمەتی نییەو تەمەنیشی نەگەیشتووەتە (45) ساڵ، لە بەرزترین ئاستدا ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێتو لەگەڵ چوار ساڵی خزمەتی پەرلەماندا، رێژەی 25%ی كۆی ئەو موچەیەی وەكو خانەنشینی بۆ ئەژماردەكرێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لە كۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا وەریدەگرێت، بە (2 ملیۆنو 50 هەزار) دینار خانەنشین دەكرێت. ئەوانەی مەرجیان تێدایە بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەو پلەباڵایانەی كە مەرجی یاسایی تەمەنو ساڵی خزمەتیان تێدایە، بەرێژەی (15%) بۆ (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبن كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، ئەوانەی لەم خولەدا ئەم بڕگەیە دەیانگرێتەوە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارەو موچەی خانەنشینییان نابێت زیاتر بێت لە 50%ی كۆی ئەو موچەیەی ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرن. نمونەیەك بەپێی ئەم بڕگەیە، پەرلەمانتارێك كە تەمەنی (45) ساڵی تەواوكردووەو (15) ساڵیش خزمەتی بواری گشتی هەیە، ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێتو (30) ساڵ خزمەتی هەبێت، بەرێژەی (50%)ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبێت كە ئێستا وەكو پەرلەمانتار وەریدەگرێت، واتە لەكۆی (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینار كە ئێستا موچەیەكەیەتی لە پەرلەمان، بە (4 ملیۆنو 100 هەزار) دینار خانەنشین دەبێت، بەپێی یاساكە ئەگەر مەرجەكانیشی لەرێژەی 50%ی كۆی موچەكەی زیاتر بێت، یاساكە هەر رێژەی 50%ی كۆی موچەی بۆ ئەژماردەكات. پێوەری نوێی خانەنشینی هەموو ئەوانەی كە خانەنشینی پلەباڵاكان دەیانگرێتەوە بەوانەی مەرجە یاساییەكانیان تێدایەو نوێیەكە بەوانەشی كە مەرجەكانیان تێدا نییە، بەپێی یاسا چەند پێوەرێك لەسەریان جێبەجێ دەبێت، پێوەرەكانیش ئەمانەن: • بەپێی یاسا پەسەندكراوەكە، ئەوانەی پلەی باڵایان هەیە بەشێوەیەكی گشتی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینییان بەرێژەی 15%ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە دیاریكراوە كە بەر لە خانەنشینبوون وەریدەگرن، بەرزترین ئاستی موچەش بەرێژەی 50%ی كۆی موچەو دەرماڵە دیاریكراوە، ئەمە لەگەڵ دەرماڵەی ساڵی خزمەتو بڕوانامە بەمشێوەیەی خوارەوە: • یاساكە بۆ هەر ساڵێكی خزمەت، رێژەی (1.5%)ی كۆی موچەی دیاریكردووە كە دەچێتە سەر موچەی خانەنشینی. • یاساكە دەرماڵەی بڕوانامەی بەمشێوەیە دیاریكردووە: - بڕوانامەی ئامادەیی بەرێژەی 1%ی كۆی دواموچە دیاریكراوە. - دەرماڵەی بڕوانامەی دیپلۆم بەرێژەی 2%ی كۆی دوا موچە دیاریكراوە. - دەرماڵەی بڕوانامەی بەكالۆریۆس بەرێژەی 4%ی كۆی دوا موچە دیاریكراوە. - دەرماڵەی بڕوانامەی دیپلۆمی باڵاو ماستەر بەرێژەی 6%ی كۆی دوا موچە دیاریكراوە. - دەرماڵەی دكتۆرا بەرێژەی 8%ی كۆی دوا موچە دیاریكراوە. تێچووی ماددەكە بە پارە بەپێی راپۆرتی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، تێچووی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بەشێوەیەكی گشتی تەنیا بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەپێی ئەوەی لە یاساكەدا پەسەندكراوە، مانگانە (295 ملیۆن) دینار لە بودجەی حكومەت دەبات، لە حاڵێكدا ئەگەر موچەی خانەنشینی ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە لە یاساكەدا بەتەواوەتی رەتبكرایەتەوە، مانگانە تێچوونی خانەنشینی ئەم خولەی پەرلەمان (135 ملیۆن) دینار دەكەوت، واتە ئەگەر موچەی خانەنشینی ئەوانەی مەرجیان تێدا نییە لە پەرلەمان رەتبكرایەتەوە، تەنیا بۆ ئەو خولە مانگانە (160 ملیۆن) دینار زیاتر بۆ حكومەت دەگەڕایەوە، بەڵام پەرلەمانتارە گەنجەكان كە تەمەنی یاساییان نەبوو، رێگربوون لەبەردەم تێپەڕینی ئەو پێشنیازەدا. دەرگای موزایەدە داخرا لەماوەی رابردوودا هەندێك لە پەرلەمانتاران كە رەخنەیان لە زۆری موچەی پلەباڵاكان دەگرت، تۆمەتباردەكران بەوەی تەنیا موزادەیە دەكەن، لە یاسا پەسەندكراوەكەدا بەپێی چەند بڕگەیەك دەرگای موزایەدەكردن داخراوە، بەمشێوەیە: • ئەوانەی نایانەوێت موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان وەرگرن، دەتوانن بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە دەستبەرداری خانەنشینی پلە باڵا ببن، رێكاری هەڵوەشاندنەوەی موچەی خانەنشینی دیاریكراوە بەوەی ئەو كەسە (30) رۆژ دوای بەركاربوونی یاسا نوێیەكە داواكارییەك پێشكەشی دیوانی پەرلەمان بكاتو داوای هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی بكات. • یاساكە رێكارێكی تری بۆ ئەو كەسانە دیاریكردووە كە بەشێوەیەكی ئارەزومەندانە موچەی خانەنشینی پەرلەمان رەتدەكەنەوەو دەگەڕێنەوە بۆسەر وەزیفەی پێشوویان لە حكومەت، ریكارەكەش ئەوەیە پەرلەمانی ماوەی خزمەتی پەرلەمانیی بۆ مەبەستەكانی سەرەموچەو بەرزكردنەوەی پلە بۆ ئەو كەسانە دەكات. بەرەی دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن جیابونەوە ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان لە یاسای چاكسازیدا ماددەی ژمارە (7)ە، ئەم ماددەیە بەدەنگی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی (پارتی- یەكێتی- گۆڕان- شیوعیو پێكهاتەكان) تێپەڕیو پەسەندكرا. بەڵام سەرباری ئەمەش لەناو ئەو فراكسیۆنانەی كە تەبەنی ماددەكەیان كردو پێشتر رێككەوتنیان لەسەر كردبووە، ژمارەیەك پەرلەمانتار هەبوون كە دەنگیان بە ماددە كێشەلەسەرەكە نەدا، بەمشێوەیە: لە فراكسیۆنی یەكێتی (4) ئەندام دەنگیان ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان نەدا، بەڵام دواتر لەكۆی گشتیدا دەنگیان بە پەسەندكردنی پرۆژەی چاكسازی داوە. ئەوانەی لە فراكسیۆنی یەكێتی دەنگیان بە ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان نەدا ئەمانەن: • راهی رەهبەر • هاوڕێ مەلا ستار • سەركۆ ئازاد • كاروان گەزنەیی لە فراكسیۆنی گۆڕانیش ژمارەیەك پەرلەمانتار پابەند نەبوون بە رێككەوتنی فراكسیۆنەكەیان لەبارەی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان، بەڵام بەكۆی گشتی دەنگیان بە پرۆژەی چاكسازی داوە. ئەوانەی لە فراكسیۆنی گۆڕان دەنگیان بە ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان نەدا ئەمانەن: • شایان عەسكەری • شیرین ئەمین لەبەرامبەردا سێ فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان نە دەنگیان بە ماددەی تایبەت بە خانەنشینی پلەباڵاكان داو نەدەنگیشیان بە كۆی گشتی یاسای چاكسازیدا، ئەوانەش فراكسیۆنەكانی (نەوەی نوێ- جگە لە پەرلەمانتار شادی نەوزاد)، فراكسیۆنی (یەكگرتووی ئیسلامی)و فراكسیۆنی (كۆمەڵی ئیسلامی). واتە لەم یاسایەكە لەناو پەرلەمانی كوردستان بەتەواوەتی بەرەی ئۆپۆزسیۆنو دەسەڵات لەیەكتر جیابوونەوە، پارتیو یەكێتیو گۆڕان پێكەوە بوون لە بەرەی دەسەڵات، نەوەی نوێو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامی پێكەوەبوون لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام حزبی شیوعی كە پێشتر رایگەیاند بەشداری حكومەت ناكاتو دەبێت بەئۆپۆزسیۆن، ئەمڕۆ لەناو پەرلەمان چووە پاڵ دەسەڵاتو پشتی لە ئۆپۆزسیۆن كرد.
(درەو): بەپێی پرۆژەی چاكسازی كە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ پەسەندی كرد، موچەی خانەنشینی دادوەرو داواكارە گشتییەكانی بەرێژەی 30% كەمكراوەتەوە. پێشترو بەر لە پەسەندكردنی ئەم یاسایە، بەشی زۆری دادوەرو داواكارە گشتییەكان لە هەرێم بەرێژەی 100%ی كۆی ئەو موچەو دەرماڵەیە خانەنشین دەبوون كە لەكاتی كارو بەر لە خانەنشین وەریاندەگرت، بەڵام ئێستا رێژەكەیان بۆ 70%ی كۆی موچەكەیان كەمكراوەتەوە. لە هەرێمی كوردستان دادوەرەكان لە كۆتایی تەمەنی خانەنشینبونیاندا موچەی مانگانەیان دەگاتە (9 ملیۆن) دینار، پێشتر كە خانەنشین دەبوون موچەی مانگانەیان (9 ملیۆن) دیناربوو، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەكە موچەی خانەنشینونیان دەبێت بە (6 ملیۆنو 300 هەزار) دینار، واتە بڕی (2 ملیۆنو 700 هەزار) دینار لە موچەی خانەنشینییەكەیان كەمكراوەتەوە. پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەوانەی كە بە ئاشكرا داوای موچەی خانەنشینیی پلەباڵایان دەكرد، كاتێك لە شەقام روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی بوونەوە، توڕەیی خۆیان بەسەر دادوەرەكاندا رشت، پەرلەمانتاران رەخنەیانە گرت لەوەی بۆچی كەس باسی موچەی دادوەرەكان ناكات كە بەرێژەیەكی زۆرەو سەرباری ئەمەش لە قەیرانی دارایدا دەستكاری موچەكانیان نەكراوە، دواجار پەرلەمانتاران بەشێوەكی گشتیو بەرێژەی 30% موچەی خانەنشینی خۆیان كەمكردەوە، هەمان پێوەریشیان لەسەر موچەی خانەنشینی دادوەرەكان جێگیركرد.
درەو: پەرلەمانی كوردستان بە دەنگی فراكسیۆنەكانی ( پارتی، یەكێتی، گۆڕان، شیوعی، پێكهاتەكان) مادەی تایبەت بە خانەنشینی پلە باڵاكانی پەسەندكرد و فراكسیۆنەكانی( نەوەی نوێ، یەكگرتوو، كۆمەڵ) دەنگیان بە مادەكە نەدا. لە كۆبونەوەكەدا راپۆرتی لیژنەی هاوبەش تایبەت مادەی 7ی خانەنشینی پلە باڵاكان خوێندرایەوەو بە دەنگی (84) ئەندامی پەرلەمان پەسەندكران، فراكسیۆنی یەكێتی دەنگی بە مادەكەدا بەڵام لەهەریەك لە ( سەركۆ ئازاد گەلاِڵی و كاروان گەزنەیی، هاوڕی مەلا ستار، راهی رەهبەر ) لەو فراكسیۆنە دەنگیان بە مادەكە نەدا، فراكسیۆنی گۆڕان دەنگی بە مادەكەدا بەڵام هەریەك لە ( شیرین ئەمین، شایان عەسكەری ) دەنگیان بە مادەكە نەدا.
راپۆرتی: درەو هەینی داهاتووتر، گۆڕەپانی تەحریری بەغدادی پایتەخت دەبێتە گۆڕەپانی خۆپیشاندانێكی ملیۆنی جیاواز، بە دروشمو داواكاریی جیاواز لە خۆپیشاندانەكانی سێ مانگی ڕابردووی عێراق، ئەم خۆپیشاندانە باسی گەندەڵیو ناعەدالەتی تیادانییە، داواش لە نوخبەی سیاسی ناكات بڕوات. كێشەی ئەمان بوونی هێزی بێگانەیە لەسەر خاكی عێراق، كە بۆتە هەڕەشەی جدیی لەسەر وجودی خۆیان. حزبو گروپە شیعییەكانی عێراق كاراكتەری ئەم نمایشە تازەیەن، سیناریستەكەی تارانە، نیازیانوایە ئەم دراما سیاسیە لە ڕەهەندە تائیفەییەكەی داماڵنو، بەرگێكی ڕەنگاو ڕەنگی لەبەر بكەن. ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو "موقتەدا سەدر" ڕابەڕی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا ڕایگەیاند:" ئاسمانی عێراقو خاكەكەیو سەروەریی لەلایەن هێزە داگیركەرەكانەوە پێشێلدەكرێت". داواشی لەگەلی عێراق كرد دژی بوونی سوپای ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق خۆپیشاندانێكی ملیۆنی ئاشتیانە ئەنجامبدەن. دوابەدوای تویتەكەی "سەدر"، "هادی عامری" سەرۆكی ڕێكخراوی بەدرو "قەیس خەزعەلی" ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەقو زۆرێك لەسەركردەی حزب و گروپە شیعییەكان پشتیوانی خۆیان بۆ داواكەی "سەدر" دەربڕیو داوایان لە خەڵكی عێراق كرد بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بكەن. ڕۆژێك پێش ئەم پەیامەی "سەدر" گروپە چەكدارە شیعییەكان (ڕەوتی سەدر، عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕێكخراوی بەدر، كەتائیبی حزبوڵا، كەتایبی سەیدلشوهەدا، نوجەبا) كۆبونەوەیەكیان ئەنجامدا بە ناوی كۆبونەوەی "گروپەكانی بەرەنگاری" بۆ تاوتوێكردنی میكانیزمی دەركردنی هێزە داگیركەرەكانی ئەمریكا لە عێراق. بەپێی ئەو زانیارییانەی لەكۆبونەوەكەوە بڵاوبوەوە، لیژنەیەكی هەماهەنگی بۆ ڕێكخستنی كاری ئەم گروپانە پێكهێنراوە بۆ دەركردنی هێزی داگیركەری ئەمریكا لە عێراق. دەوڵەوتو دامەزراوە غائیبن غائیبی سەرەكی لەم ڕێكخستنە تازەیەی ناو ماڵی شیعەدا "دەستەی حەشدی شەعبی"یە، لەكاتێكدا تەواوی ئەم گروپانە لەژێر ڕەشماڵی ئەو دەستەیەدا كۆكراونەتەوە، كە جگە لەوەی چەترێكی یاسایی بۆ دەستەبەركردوون، چەكو پێداویستیو مووچەشیان دابین دەكات، لەویش غائیبتر حكومەتو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانو وەزارەتی بەرگرییو دامەزراوە ئەمنییەكانی تری وڵاتە، ئەمانە هیچ محلەلێكیان نییە لە ئیعرابی ئەم پێشهاتە تازانەدا، هیچ قسەیەكشیان نییە لەبارەی یاساییبوونو نەبوونی كاری تاكو كۆی ئەم گروپانە لە حزوری دەوڵەتدا. خالێكی تر كە مایەی سەرەنجە، كۆبونەوەو ڕێككەوتنی ئەم هێزو گروپە نەیارو دژ بەیەكانەیە، كە هەندێكیان بەخوێنی سەری یەك تینون، ئەوەش دەلالەتێكی ڕوونە لەگەورەیی ئەو هەڕەشە وجودییەی لەسەریانە، ڕەنگە هەر ئەوەش ناچاری كردبێتن هەموو ناكۆكییەكان وەلابنێننو باوەش بەیەكدا بكەن. هێزە شیعییە باڵادەستەكانی عێراق لەگەڵ ئەم پێشهاتە تازەیەدا لەسەر سێ ئاست كاردەكەن: 1- بە جەماوەریكردنی داواكاری ڕۆیشتنی هێزە بیانییەكانو كردنی بەقەزییەی ڕایگشتی، بۆ ئەوەش خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ ڕێكدەخەن. 2- پیشاندانی نینۆك بە سوپای ئەمریكاو هێزە بیانییەكانی تر، بەوەی ئەگەر بەخۆشی نەرۆن ئەوا لەڕێی شەڕی چەكدارییەوە ناچاریان دەكەن عێراق بەجێبهێڵن. 3- بەكارهێنانی هەژموونیان لەدەسەڵاتی جێبەجێكردن لەڕێی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كاربەڕێكەر، هاوشێوەی دەسەڵاتی یاسادانانو تێپەڕاندنی بڕیارەكە. كێشەی هەر گەورەی شیعییەكان لەم پرسەدا ئەوەیە، تائێستا نەیانتوانیوە داواكاری دەكردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق بكەنە داواكارییەكی عێراقی، بەومانایەی خواستو داوای تەواوی پێكهاتەكانی عێراق بێت، هەرچەندە لەلایەن پەرلەمانی عێراقیشەوە بڕیاری لەبارەوە دراوە، بەڵام بەوپێیەی نوێنەرانی كوردو سوننە بەشداری ئەو دانیشتنەیان نەكردووە، بڕیارەكە زیاتر ڕەهەندێكی تائیفی وەرگرتووە وەك لەوەی بڕیارێكی دەستەجەمعیی گەلانی عێراق بێتو، كۆدەنگیی تەواوی پێكهاتەكانی لەسەربێت. "مۆرگان ئۆرتاگۆس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەمباریەوە دەڵێت:" بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق ناتەواوەو، كێشەی شەرعییەتی هەیە بەهۆی بەشدارینەكردنی نوێنەرانی پێكهاتەكانی تر لەدانیشتنی پەرلەماندا". عەبدولمەهدی عەرابی پرۆژەكەیە "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە، كە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی عێراق ئەستێرەی بەختی كوژاندنەوەو، ژیانی سیاسی بەتراژیدیترین شێوە كۆتایهات، ڕووداوی بۆردومانكردنی بارەگاكانی "كەتائیبی حزبوڵا" لەكۆتا ڕۆژەكانی ساڵی ڕابردوداو كوژرانی "قاسم سولەیمانیو ئەبومەهدی موهەندیس" لەلایەن ئەمریكاوە جارێكی تر ئومێدی بەدەستهێنانی شكۆی بۆ گەڕاندەوە. ئەو باش لەوەگەیشتووە دۆزینەوەی بەدیلو شوێنگرەوەیەك بۆی كارێكی هەروا ئاسان نییە، زیرەكانەش كار بۆ مانەوەی خۆیدەكات، كارتی بەهێزی "عەبدولمەهدی" لەم قۆناغەدا قسەكردنە بەو ئاوازەی هێزە شیعییەكانو ئێران پێی دەخوێنن. "عەبدولمەهدی" كە ئەندازیارو داواكاری ڕێكخستنی كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عێراقو پەسەندكردنی بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانە لە عێراق، ئێستا عەرابی ئەم پرۆژە"شیعییە عێراق _ئێران"یەیە. بەدەگمەن هەوالێك لە نوسینگەی ڕۆژنامەوانییەكەیەوە بڵاودەبێتەوە باسی پێویستی كشانەوەی هێزە بیانییەكانو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی تیادا نەبێت، هیچ شتێك بۆ ئەو لەئێستادا لەو قسەیە گرنگترو كاریگەرتر نییە، ئەو بەتەنها زامنی مانەوەی خۆی ناكات، لەكەی ئەوانەش لەسەرخۆی خۆی لابادەبات كە بەلاواز ناویدەهێنن. "عەبدولمەهدی" هێندە توندە لەم پرسەدا، هیچ سیاسییەكی شیعە ناتوانێت شانبدات لەشانی، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەپەیوەندییەكی تەلەفونی لەگەڵ "مایك پۆمپیۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، دوایلێكردبوو وڵاتەكەی تیم ڕەوانەی عێراق بكات بۆ داڕشتنی میكانیزمی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق. یەك بژاردەی لەبەردەمدایە جوڵاندنی كارتی كردنە دەرەوەی ئەمریكا لەعێراق ڕەنگە دوا كارتی بەهێزی ئێرانییەكان بێت كە هیوایان پێدا هەڵواسیوە، ئێرانو شیعییەكانی عێراق لەگەڵ ئەوەی لەترسو چارەنوسدا هاوبەشن، ئەوەشیان لا ڕوونە كە ئەمریكا هەروا بە ئاسانی عێراق جێناهێلێت، ئەگەر لەژێر فشاری شەقامیشدا ئەو بڕیارە بدات، ئاكامو دەرەنجامێكی زۆر كارەساتاویی بۆ خەڵكی عێراق دەبێت. سەرۆكی ئەمریكا لەزیاد لە بۆنەیەكدا ئەو هەڕەشەیەی كردووەو بەوتەی ئاگایانیش"ترەمپ" بە بڕیارێك دەتوانێت ئابوری عێراق بە تەواوی داتەپێنێت. ئەوەی وای لە ئێرانو شیعەكان كردووە پەنا بۆ ئەم بژاردەیە بەرن ئەوەیە، هەردوولایان بەباشی لەوە گەیشتوون كردنە ئامانجی "سولەیمانیو موهەندیس" لەلایەن ئەمریكاوە سەرەتای یارییەكەیە، نەك كۆتاییەكەی، دڵنییان لەوەی واشنتۆن لێرەدا ناوەستێتو بەرنامەی پەكخستنی تەواوی تواناكانی گروپە چەكدارەكانی شیعەی هەیە كە لەچوارچێوەی "حەشدی شەعبی"دا خڕكراونەتەوە، لەڕێی وشككردنی سەرچاوەی داراییانو وەشاندنی گورزی ئاسمانیو كردنە ئامانجی سەركردەكانیان، كە ئەمە ڕاستەخۆ دەكاتە بڕینی دەستی ئێرانو دورخستنەوەی بە تەواوی لەبڕیاری سیاسی عێراق، لەوەش زیاتر توندكردنەوەی گەمارۆ ئابورییەكان لەسەریو بڕینی ئەو بڕە ئۆكسجینەی زۆرەی عێراقە كە ڕۆژانە دەیكاتە سییەكانی ئابوری داتەپیووی ئێرانەوە. باشترین بژاردە بۆ ئەوان لەئێستادا بژاردەی دەركردنی سوپای ئەمریكایە لەعێراق لەڕێی فشاری جەماوەرییو ئەگەر بكرێت شەڕی پارتیزانی گروپە چەكدارە شیعییەكانەوە، ئەگەر نەشكرێت پرسی دەركردنی سوپای ئەمریكا بكاتە كارتێكی سیاسیو مامەڵەی لەگەڵ "واشنتۆن"پێبكات، بەو مانایەی ئەمریكا ناچاربكات لەبەرامبەر وازهێنانی شیعەكان لەداواكاری كردنەدەرەوەی ئەمریكا لە عێراق، فشارەكانی سەر تاران كەمبكاتەوە، لەگەڵ دەستهەڵگرتن لەپاكتاوكردنی گروپەچەكدارە شیعییەكانو سەركردەكانیان لە عێراق. لەكورد مۆڕ دەبێتەوە كۆماری ئیسلامی ئێران لەپرسی كردنە دەرەوەی ئەمریكادا چاوی زۆری لەسەر كوردە، پارتە كوردییەكان بەدیاریكراوی "یەكێتی نیشتمانی كوردستانو پارتی دیموكراتی كوردستان" لەگەڵ ئەوەی دۆستایەتییەكی مێژووییان هەیە لەگەڵ تاران، لەگەڵ ئەمریكاش پەیوەندییەكی توندتوڵیان هەیە، كورد لەم پێشهاتە تازیەدا كەوتۆتە نێوان دوو بەرداش، دراوسێیەكی ئەبەدیو هاوپەیمانێكی گرنگو پێویست، هەردوولا لەهەوڵی ڕاكێشانی كوردن بەرەو سەربازگەی خۆیان، دەسەڵاتدارانی ئەمریكا زیاد لەجارێك لەسەر ئەو پرسە پەیوەندییان بە بەپرسانی هەرێمەوە كردووە، دیارنییە لەپەیوەندییەكاندا هەڕەشەیان كردبێت یان بەڵێنێكی تایبەتیان دابێت، بەڵام ئەوەی ڕوونە تائێستا بەرپرسانی هەرێم لەهەڵوێستی ئەمریكاوە نزیكنو نەچوونەتە بەرەی شیعەكان. لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی ئێران بە ئاشكرا هەڕەشە دەكەنو زیاد لە پەیامێكیان بۆ بەرپرسانی هەرێم ناردووە. ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو "ئیرەج مەسجدی" باڵیۆزی ئێران لە عێراق كە پێشتر ڕاوێژكاری "قاسم سولەیمانی" بووە هاتە هەرێمی كوردستانو لەگەڵ بەرپرسانی هێزو لایەنە سیاسییەكان كۆبوەوە، پرسی هاوهەڵوێستی كورد لەگەڵ شیعە لەپرسی چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئەگەر ئەجێندای هەموو كۆبونەوەكە نەبوبێت ئەوا بابەتی سەرەكی بووە. سەرەتای ئەم هەفتەیەش "عادل عەبدولمەهدی" سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق سەردانی هەولێرو سلێمانی كرد. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، بەشێك ئەجێندای ئەم سەردانەش گەیاندنی پەیامی حكومەتی تاران بووە لەبارەی هەمان پرس. پێشتریش سەرچاوەیەكی باڵای سیاسی هەرێم بە(درەو)ی ڕاگەیاند: كۆماری ئیسلامی لەڕێی نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران پەیامێكی توندی ئاڕاستەی سەرۆكی هەرێمو سەرۆكی حكومەتو جێگرەكەی كردووەو، لەپەیامەكەدا تاران هۆشداری ئەوەی داوە بە بەرپرسانی هەرێم كە دەبێت پەیوەست بێت بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، بەوپێیەی هەرێم لەگەڵ عێراقدا یەك جوگرافیای سیاسیو سەربازییەو، دوای كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نابێت هەرێم ببێتە پەناگە بۆ هێزەكانی ئەمریكا.
درەو: یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان بانگەواز دەكات كە بەرگری سەرسەخت لە پەرلەمان و شكۆی پەرلەمانتاران بكەن و داواش دەكات موچەی پەرلەمانتارو پلەباڵاكان كەمبكرێتەوە تا لەوێوە موچەی خانەنشینان كەمبكرێتەوە. لە رونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان كە لە ئەندامانی خولەكانی پێشووی پەرلەمان پێكدێت رایدەگەیەنێت: 🔹 پشتیوانی پرۆژەی چاكسازی دەكەین 🔹 چاكسازی پێویستە بۆ بەهێزكردنی پێگەی دامەزراوەكان بێت بەتایبەتی ( پەرلەمانی كوردستان) 🔹 دەبێت شكۆی پەرلەمان و كەسایەتی پەرلەمانتاران پارێزراو بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئەركی خۆی هەڵبسێت. 🔹 پێویستە موچەی ئێستای پەرلەمانتار و پلەباڵاكان كەمبكرێتەوە بۆ ئەوەی راستەوخۆ موچەی خانەنشینیان كەمبكرێتەوە. 🔹 بانگەوازی رای گشتی دەكەین كەبەرگری سەرسەخ لە دامەزراوەی پەرلەمان و شكۆی پەرلەمانتاران بكەن
راپۆرتی: فازڵ حەمەرەفعەت - محەمەد رەئوف سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆتایی بە چیرۆكی پرۆژەی چاكسازی دەهێنێتو پرۆژەكە دەخاتە دەنگدانەوە، دواین ساتەكان بەر لە دەنگدان لەسەر پرۆژەكە بەقۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕی، تا ئەو ئاستەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستوەردانی كردووە بۆ بەلاداخستنی پرسی موچەی پەرلەمانتارو پلەباڵاكان، نیگەرانی سەرەكی یەكێتی لەپرۆژەكە كە تایبەتە بە موچەی كادیرانی حزبیی، چارەسەركرا، بەڵام نیگەرانی كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراو و زیندانیانی سیاسی كاریگەری لەسەر حكومەت دروست نەكردو حكومەت سورە لەسەر بڕینی موچەو مینحەكەیان. رۆژێكی یەكلاكەرەوە سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای چاكسازی. لەساتی نوسینی ئەم راپۆرتەدا، تیمەكانی پەرلەمانو حكومەت لە كۆبونەوەدان بۆ كۆتایهێنان بە هەموو ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان فراكسیۆنی لایەنە سیاسییەكان لە پەرلەمان دروستبووە سەبارەت بە هەندێك بڕگەی پرۆژەیاساكە، سبەینێ رۆژی یەكلاكەرەوە دەبێت. كێشەكە لە كوێدایە ؟ لەسەر پرۆژەیاسای چاكسازی لە موچەیو ئیمتیازاتی پلەباڵاكان، كۆمەڵێك بڕگە هەیە كە ناكۆكی لەنێوان لایەنەكان دروستبووە، ئەو ماددەو بڕگانەی پرۆژەكە، كە لەناو لایەنەكاندا كێشمەكێشی لەسەرە ئەمانەن: خانەنشینی پەرلەمانتاران پرۆژەكە لە بنەڕەتەوە نوسراوە بۆ ئەوەی موچەی پلەباڵاكان كە بریتین لە (وەزیرو پەرلەمانتارو بریكاری وەزیر تاوەكو بەڕێوەبەرە گشتییەكان) كەمبكرێتەوە، بەڵام لەسەر كەمكردنەوەكە كێشە هەیە، سێ پێشنیاز لە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساكەدا لەناو پەرلەمان خراوەتەڕوو، بەڵام هێشتا رێككەوتنی كۆتایی نەكراوە لەبارەی جێگیركردنی كام یەكێك لە پێشنیازەكانەوە، ئەو پێشنیازانەی كە پەرلەمانتاران پێشكەشیان كردووە ئەمانەن: • پێشنیازی یەكەم/ ئەمە پێشنیازی هاوبەشی فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامییە. پێشنیازەكە داوا دەكات، خانەنشینبوونی پلەتایبەت بەرێژەی ٢٥٪ بۆ ٥٠٪ی كۆی گشتی دواین مووچە بێت، بەپێی ئەم پێشنیازە (78) پەرلەمانتار بەبێ ئەوەی مەرجی تەمەنو ساڵی خزمەتیان هەبێت بەرێژەی ٢٥٪ی دواین مووچەیان خانەنشین دەكرێن، (33) پەرلەمانتار كە ئەو دوو مەرجەیان تێدایە بەرێژەی ٥٠٪ی دواین مووچەیان خانەنشین دەبن، بەپێی راپۆرتی فراكسیۆنی یەكگرتوو، كۆی تێچووی هەردوو جۆرە خانەنشینیەكە لەم پێشنیازەدا مانگانە بۆ هەر (111) زیاتر لە (295 ملیۆن) دینار لەسەر بودجەی حكومەت دەكەوێت. * پێشنیازی دووەم/ ئەم پێشنازە فراكسیۆنی یەكگرتوو پێشكەشیكردووە، پێشنیازەكە داوادەكات، تەنیا ئەوانە خانەنشین بكرێن كە مەرجی یاساییان تێدایە، مەرجی یاسایی ئەوەیە پەرلەمانتار تەمەنی (45) ساڵ كەمتر نەبێتو ماوەی (15) ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوانەی كە ئەو پەرلەمانتارانەی كە لەم خولەدا دوو مەرجەیان تێدایە ژمارەیان (33) پەرلەمانتارە، پێشنیازەكە داوا دەكات ئەو (33) كەسە وەك ئەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق هاتووە خانەنشین بكرێن، بەو مەرجەی كۆی گشتی خانەنشینیان زیاترنەبێت لە نیوەی دواین مووچەی پەرلەمانتاریان، كۆی گشتی تێچووی ئەم پێشنیارە لەرووی داراییەوە مانگانە (135 ملیۆن) دینار لەسەر بودجەی حكومەت دەكەوێت. * پێشنیازی سێیەم/ ئەمە پێشنیازی فراكسیۆنی نەوەی نوێیە، پێشنیازەكە داوا دەكات، بەشێوەیەكی گشتی خانەنشینی پلەتایبەت نەمێنێت، رەخنەیەك كە لەم پێشنیازە دەگیرێت ئەوەیە پێشنیازەكە پێچەوانەی سیستمی خانەنشینیەو پێشێلی مافی ئەو كەسانە دەكات كە مەرجی یاسایی خانەنشینبونیان تێدایەو پێشتر لەسەر ئەو بنەمایە پارەی خانەنشینی لە موچەكانیان بڕدراوە. گەڕان بەدوای چارەسەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئێستا فراكسیۆنو تیمی حكومەت سەرقاڵی ئەوەن پێشنیازێكی نوێ لە دەرەوەی ئەو پێشنیازانەی كە لەدانیشتنی خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساكەدا لەلایەن پەرلەمانتارانەوە خراونەتەڕوو، داخڵی ناو پرۆژەیاساكە بكەن، بەجۆرێك كۆدەنگی لەسەر بێتو نەبێتە بەربەست لەبەردەم دەنگدانی پەرلەمانتاران لەسەر پرۆژەكە. بەر لە هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، لەدوای خوێندنەوەی دووەم نەدەتوانرا هیچ پێشنیازێكی نوێ داخڵی ناو پرۆژەیاساكان بكرێت، بەڵام كۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمان، پەیڕەوی ناوخۆ هەمواركرایەوەو بەپێی ئەو هەموارە نوێیە دەرەچەیەك دۆزراوەتەوە بۆ ئەوەی لە رۆژی دەنگدان لەسەر پرۆژەكان پێشنیازی نوێ داخڵی ناو پرۆژەیاساكان بكرێت بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوسەنگ بۆ ئەو بابەتانەی كە ناكۆكییان لەسەرە. موچەی وارسی شەهیدان موچەی كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوان یەكێكی ترە لەو ماددانەی پرۆژەیاساكە كە كێشەی لەسەرەو ناڕەزایەتی لای كەسوكاری شەهیدان دروستكردووە. بەپێی رەشنوسی پرۆژەكە هەموو ئەوانەی كە وارسی دووەمی شەهیدو ئەنفالكراوانن موچەكانیان دەبڕدرێت، ئەمەش بەلەبەرچاوگرتنی یاسای خانەنشینی عێراق، ئەم ماددەیە ئەگەر پەسەندبكرێتو بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە رێژەی 50%ی ئەوانە كە موچەی شەهیدو ئەنفالكراوان وەردەگرن، موچەكانیان دەبڕدرێت، ئەمە سەرچاوەی نیگەرانییەكەیە، سەرباری ئەوەش ماددەكە بۆ زۆرێك لە پەرلەمانتاران ناڕوونی تێدایەو پرسیاری زۆری لەسەر دروستبووە. (درەو) زانیویەتی، دوێنێ لە كۆبونەوەی لیژنە هاوبەشەكانی پەرلەمانو تیمی حكومەت، بەرەڤان حەمدی بریكاری وەزیری شەهیدانو ئەنفالكراوان وتویەتی:" موچەی كەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوان لەدوو حاڵەتدا ناگوازرێتەوە، حاڵەتی یەكەم: ئەگەر وارسەكە موچەخۆر بێت، حاڵەتی دووەم: ئەگەر وارسەكە تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت"، واتە لە هەموو حاڵەتەكاندا موچەی كەسوكاری شەهیدان ناگوازرێتەوە بۆسەر وارسی پلە دووی شەهیدەكە. كێشەی زیندانییە سیاسییەكان بەپێی رەشنوسی پەسەندكراوی پرۆژەی چاكسازی، مینحەی تایبەت بە زیندانیانی سیاسی دەبڕدرێت، كە خۆی وادە یاساییەكەی لە رۆژی 1/7/2020 كۆتایی دێتو بۆ ماوەی (15) ساڵ بووە. بەپێی ئەم بڕگەیەی پرۆژەكە، (5 هەزارو 175) كەس لە زیندانیانی سیاسی كە لەماوەی رابردوودا ئەم مینحەیەیان وەرگرتووە، لە رۆژی 1/7ی ئەمساڵەوە چیتر ئەو پارەیان پێنادرێتو پارەكە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت كە مانگانە بڕەكەی بەكۆی گشتی (2 ملیار) دینارە، ئەمە ئەو كەسانەی نیگەران كردووە كە موچەی زیندانی سیاسی وەردەگرن. (درەو) زانیویەتی، دوێنێ تیمی حكومەت بەڕوونی بە پەرلەمانتارانیان راگەیاندووە، بڕیاری حكومەت ئەوەیە ئەو مینحە دەبڕدرێتو جارێكی تر نوێ ناكرێتەوە. نیگەرانی یەكێتی چارەسەر كرا لە خولی رابردووی پەرلەمانەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان نیگەرانە لە بڕگەیەكی پرۆژەیاساكە، كە تایبەتە ئەوانەی موچەیان لەسەر رێكخراوەكان بووە، یەكێتی نیگەران بوون لەوەی بەهۆی پرۆژەكەوە موچەی ئەو كەسانە ببڕدرێت كە سەربە رێكخراوەكان بوون، خۆی بە زەرەرمەندی یەكەم دەزانی لە پەسەندكردنی یاساكەدا، چونكە پارتی پێش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانگەی رێكخراوەكان كە تایبەت بوو بە بڕینەوەی موچە بۆ كادیرانی حیزب، زۆربەی كادیرو لایەنگرانی خۆی بەشێوەی یاسایی گواستوەتەوە بۆسەر خانەنشینی وەزارەتەكانی تر، بەڵام یەكێتی ئەم كارەی نەكردووەو لەحاڵی پەسەندكردنی یاساكەدا روبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی لایەنگرانی دەبێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا كە خانەنشینەكانی پارتی زۆربەیان دۆسیەی یاساییو خزمەتیان بۆكراوە، بەڵام خانەنشینەكانی یەكێتی زۆربەیان ئەم دۆسیە یاساییەیان نییە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بڕگەی (پێنجەم) لەماددەی شەشەمی رەشنوسی پرۆژەیاساكە نیگەرانییەكانی یەكێتی لەوبارەیەوە رەواندوەتەوە، چونكە لە كۆبونەوەی دوێنێدا تیمی حكومەت بە پەرلەمانتارانیان راگەیاندووە، ئەو بڕگەیە تایبەتە بە كێشەكەی یەكێتیو موچەی ئەوانەی لەسەر رێكخراوەكان نابڕدرێت، بەڵام دەبێت ئەو كەسانە لێبڕینی خانەنشینییان بدەن. بارزانی دەستوەردان دەكات لە چەند رۆژی رابردوودا كێشمەكێش لەسەر پرۆژەی چاكسازی گەیشتە ئاستی ناكۆكی ناوخۆیی لەنێوان حزبو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانە، دوو بۆچوونی دژبەیەك لەبارەی پرۆژەكەوە دروستبووە، بۆچونێكیان داوای ئەوەی كردووە موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان بمێنێتەوە، بۆچونێكی تریش باسی لەوەكردووە پارتی لە كەمپەینی هەڵبژاردندا بەڵێنی بەخەڵكداوە خۆی چاكسازی بكات، بۆیە نابێت خانەنشینی پلەباڵاكان بمێنێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، دواجار پەیامێك لە بارەگای بارزانییەوە گەیشتووەتە ناو فراكسیۆنی پارتیو دەنگی هەموویانی یەكخستووە لەسەر: • نابێت پەرلەمانتارانی پارتی موزادەیە بكەن • نابێت موچەی خانەنشینی پلەباڵاكان لە رێژەی 50%ی كۆی گشتی ئەو موچەیەی وەریدەگرن زیاتر بێت، مەسعود بارزانی كەمترین ئاستی موچەی خانەنشینی پلەباڵاكانیشی بە رێژەی 20%ی دیاریكردووەو دەڵێ نابێت كەمترین ئاستی موچەیان لەو رێژەیە زیاتر بێت. پەیامەكەی بارزانی بۆ فراكسیۆنی حزبەكەی، كۆتایی بە كێشەی ناوخۆی پارتی هێنا لەسەر پرۆژەكە، لەسەر ئەو بنەمایەش فراكسیۆنی پارتی پێشنیازەكەی كرد بە بنەمای رێككەوتن لەگەڵ فراكسیۆنەكانی (یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ)و پێشبینی دەكرێت ئەوەی بارزانی خستویەتیەڕوو سبەینێ دەنگی زۆرینە لەناو پەرلەمان بەدەستبهێنێت.