حكومەتێكی قەرزار !

Draw Media

2020-05-23 15:48:15




راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
"حكومەت قەرزارە" ئەمە پەیامێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوو بۆ موچەخۆران، قەرزێك كە بەهاكەی بە (27 ملیار) دۆلار ئەژماركرا، لە شەش ساڵی رابردوودا حكومەت (60 ملیار) دۆلار داهاتی دەستكەوتووە، بەڵام سەرباری ئەوەش قەرزار بووە، ئەم قەرزانە چۆنن، كەی وەرگیراون، لە كێ وەرگیراون، (درەو) لەم راپۆرتەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەو چەند پرسیارێكی تر دەگەڕێت. 

لیژنەی قەرز
"حكومەت 27 ملیار دۆلار قەرزارە" مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت وای وت، پرسی قەرزەكانی حكومەت جارێكی تر كەوتەوە بەرباس.
حكومەت لەزاری مەسرور بارزایینەوە، هیچ یەدەگێكی نییە، بەڵام ئێستا بەكۆی گشتی قەبارەی قەرزارە چەندە؟
حكومەت لە كابینەی پێشووەوە لیژنەیەكی تایبەتی بە پێدانەوەی قەرزەكان دروستكردوو كە دوو جۆر قەرزن (قەرزی دەرەكی‌و قەرزەكانی ناوخۆ).
لیژنەكەی حكومەت ئامانج رەحیم سەرۆكایەتی دەكات كە سەربە یەكێتی نیشتمانییە‌و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانە.

قەرزەكان چی‌و چەندن ؟
بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، تاوەكو ساڵی 2014 كە بەشە بودجەی هەرێم لە بەغدادەوە دەهات، حكومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەك قەرزی لەسەر نەبووە، بەڵام لەو ساڵەدا كە نرخی نەوت دابەزی‌و خەرجییەكان بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە زیادیان كرد، كابینەی نێچیرڤان بارزانی دوچاری مایەپوچبوون هات‌و پەنای بۆ قەرزكردن برد.
ئەو قەرزانەی كە تائێستا لەسەر حكومەتی هەرێم ماڵن، مێژووەكەیان بۆ شەش ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە‌و دوو جۆرن.

قەرزە ناوخۆییەكان
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لەئێستادا حكومەتی هەرێم زیاتر لە (12 ترلیۆن) دینار قەرزاری بانكەكانە، ئەم پارەیە بەمشێوەیە دابەشبووە:
•    (5 ترلیۆن‌و 648 ملیار) دیناری كە لە بانكە ئەهلییە ناحكومیەكانی هەولێر لای لقی ناوەندی بانكی هەولێر وەریگرتووە.
•    (2 ترلیۆن‌و 447 ملیار) دینار كە لە بانكە ئەهلییەكان لای لقی بانكی ناوەندی سلێمانیە وەریگرتووە.
•    (4 ترلیۆن‌و 900 ملیار) دینار كە لە بانكە بازرگانییەكان وەریگرتووە.
مێژووی ئەم قەرزانە بۆ كابینەی پێشووی نێچیرڤان بارزانی دەگەڕێتەوە، بەڵام كابینەی نوێش كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، بڕی (400 ملیار) دیناری لە سەرمایەداران قەرزكردووە بۆ دابینكردنی موچە (ئەمە بەپێی ئەوەی تائێستا زانراوە، رەنگە قەرزی تریشی كردبێت، بەڵام "درەو" هیچ زانیارییەكی لەوبارەیەوە دەست نەكەوت)

قەرزی دەرەكی
ئەمانە ئەو قەرزانە بوون كە حكومەتی پێشوو لەناوخۆدا كردویەتی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەكەیدا، كابینەی پێشوو سەرباری ئەمە قەرزی دەرەكیشی كردووە كە بریتییە لە:
•    وەرگرتنی بڕی (1 ملیار) دۆلار لە توركیا.
•    (2 ملیار)ی پارەی كۆمپانیا كڕیارەكانی نەوت، ئەمە پارەیەكە كە كابینەی پێشوو بەر لە رادەستكردنی نەوت لە كۆمپانیا كڕیارەكانی وەرگرتووە، واتە بە سەوزی پارەی لێوەرگرتوون.
•    (4 ملیار) دۆلاری مافی كۆمپانیای بیانییەكان بواری دۆزینەوە‌و دەرهێنانی نەوت.

قەرزی موچەخۆران
هاوكات لەگەڵ قەیرانی دارایدا، سەرباری قەرزی ناوخۆیی‌و دەرەكی، حكومەتی هەرێم جۆرێكی تر قەرزی كەوتە سەرشان كە ناوی لێنراوە قەرزی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران‌و موچەخۆران چاویان لەوەیە حكومەت ئەو پارانەیان بۆ بگەڕێنێتەوە كە لەسەردەمی قەیراندا لێی بڕیون.
بەهای كۆی گشتی ئەم قەرزە، بەو یەك مانگانەش كە لە كابینەی نوێدا دابەشكردنی موچە دواكەوتووە، دەگاتە نزیكەی (14 ترلیۆن) دینار.

چەنێك لە قەرزەكان دراوەتەوە ؟
بەپێی قسەیەكی پێشتری دكتۆر ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوە و زانیاری ستراتیژی كوردستانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان، حكومەت هەرێم لە مانگی ئابی ساڵی 2017وە دەستیكردووە بە پێدانەوەی قەرز بە خاوەن قەرزەكان.
لەبارەی پێدانەوەی قەرزە ناوخۆیی‌و دەرەكییەكانی حكومەتی هەرێم ئەم زانیارییانە لەبەردەستدان:
•    كانونی یەكەمی 2018 كۆمپانیای دانەغاز كە كاری نەوت‌و غاز لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئاشكرایكرد، بڕی (466 ملیۆن) دۆلار پارەی قەرزی لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووەتەوە.
•    رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی هەرێم لە كۆتایی كابینەی پێشووی حكومەتدا رایگەیاند، نزیكەی (500 ملیۆن) دۆلاری قەرزی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دراوەتەوە، (300 ملیۆن) دۆلاری بەڵێندەران دراوەتەوە، (260 ملیۆن) دۆلاری قەرزی بانكە ئەهلییەكان دراوەتەوە.
•    بەپێی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم‌و بەغداد، تائێستا حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (10 ملیۆن) دۆلار قەرزی بانكە ئەهلییەكانی هەرێم رادەستی بانكی ناوەندی دەكات، عێراق ئەم پارەیە لە بەشە بودجەی مانگانەی موچەخۆرانی هەرێم دەبڕێت.
•    شیروان ئەنوەر سەرۆكی هاوبەندی بانكە ئەهلییەكانی هەرێم پێشتر لە لێدوانێكدا رایگەیاند:" حكومەت رێژەی 50%ی قەرزی بانكە ئەهلییەكانی داوەتەوە". 
•    لەنێوان مانگی شەشی 2016 بۆ مانگی سێی 2017، زیاتر لە (ملیارێك‌و 600 ملیۆن) دۆلار دراوەتەوە بە قەرزی كۆمپانیا نەوتییەكان.
•    كازم نامیق بەڕێوەبەری گشتی بانكەكانی هەرێم، لەبەردەم لیژنەی دارایی پەرلەماندا وتویەتی:" حكومەت رێژەی 70%ی قەرزی بەڵێندەرانی داوەتەوە".
•    بەپێی راپۆرتێكی نهێنی حكومەت كە دەست (درەو) كەوتووە، تائێستا مانگانە لە داهاتی نەوت بڕی (50 ملیۆن) دۆلار بۆ پێدانەوەی قەرزەكانی توركیا دەڕوات.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەدواین قسەیدا باسی لەوەكرد حكومەت بڕی 27 ملیار دۆلار قەرزارە، بەڵام زانیاری ئەوتۆی نەخستەڕوو لەبارەی ئەوەی چەنێك لە پارەكە قەرزی ناوخۆیی‌و چەندی تری قەرزی دەرەكییە، ئایا كابینەكەی ئێستا مانگانە چەندێك لە داهاتەكانی بۆ پێدانەوەی قەرزەكان خەرج دەكات، كابینەكەی خۆی لەم چەند مانگەدا چەنێك قەرزی كردووە‌و میكانیزمی گەڕانەوەی قەرزەكانی چۆنە، ئایا سودیان دەكەوێتە سەر یاخود نا، ئەمە ئەو بابەتە هەستیارەیە كە تائێستا حكومەت بەشێوەیەكی ناشەفاف مامەڵەی لەگەڵدا دەكات.

قەرزارەو قەرزیشی لای خەڵكە
حكومەتی هەرێم هەر قەرزار نییە، خۆشی پارەی لە قەرزی كۆمپانیا‌و سەرمایەداراندایە‌و وەرینەگرتونەتەوە، بەهای ئەو پارەیەی كە حكومەت قەرزارە بەپێی قسەی مەسرور بارزانی (27 ملیار) دۆلارە، بەڵام لەبەرامبەردا بەپێی قسەی بەرپرسان حكومەت، حكومەتیش قەرزی لای كۆمپانیاكان‌و خەڵكە كە تائێستا نەیانگەڕاندوەتەوە‌و بەهای قەرزەكە دەگاتە (4 ملیار) دۆلار، ئەم پارەیە پێكدێت لە: 
•    ئەو پارانەی كە كابینەكانی پێشوو بە قەرز وەكو پاڵپشتی بۆ بواری كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و هاوسەرگیری‌و پێشینەی خانوبەرە بە خەڵك‌و كۆمپانیاكانی داوە‌و تائێستا نەگەڕاوەتەوە.
•    لەماوەی رابردوودا دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە كابینەی پێشوو، حكومەت كۆمپانیاكانی لە سێ جۆر باج بواردووە كە بریتین لە باجی (كۆمپانیاكان، باجی خانوبەرە، باجی داهات)، حكومەت ئەمەی بەقەرز ئەژماركردووە لەسەر ئەوانەی لێی سودمەندبوون.
•    حكومەت بڕی (745 ملیار) دینار قەرزی لای كۆمپانیا‌و سەرمایەدارانە كە پێشتر وەكو پاڵپشتی پێیداون‌و بەشێكی ئەو پارانە تائێستا نەگەڕاونەتەوە‌و بەپێی بڕیاری كابینەی مەسرور بارزانی دەستكراوە بە كۆكردنەوەی ئەو پارانە.
•    قەرزی پارەی ئاو و كارەبای لای هاوڵاتیان كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەشێكی زۆری تائێستا وەكو داهات نەگەڕاوەتەوە بۆ حكومەت.

داهات‌و قەرزەكان
حكومەتی هەرێم بەپێی قسەی سەرۆك وەزیران لە شەش ساڵی رابردوودا بڕی (27 ملیار) دۆلار قەرزار بووە، بەڵام بەپێی راپۆرتی حكومەت كە ئاڕاستەی بەغدادی كردووە:
•    لەو شەش ساڵەدا (2014-2020) بڕی (13 ترلیۆن) دیناری لە بەغداد وەرگرتووە.
•    داهاتی ناوخۆ لەو شەش ساڵەدا نزیكەی (8 ملیار) دۆلار بووە. 
•    داهاتی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ زیاتر لە (40 ملیار) دۆلار بووە.
•    هەر لەو شەش ساڵەدا حكومەت بڕی (ملیارێك‌و 500 ملیۆن) دۆلار پارەی وەكو یارمەتی لە ئەمریكییەكان بەناوی پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە وەرگرتووە.
واتە بە تێكڕا داهاتی حكومەت لە شەش ساڵی رابردوودا گەیشتوەتە (60 ملیار) دۆلار، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەت لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا بە نزیكەیی (40 ملیار) دۆلاری بە پارەی موچەخۆران داوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand