کازان سەباح ھەورامی پێویستە سەرجەم كێشەكان لەگەڵ بەغدا پێكەوە چارە بكرێن، نەك تەنیا نەوت، وەك كێشەی بودجە و پێشمەرگە و ناوچە كوردستانییەكان و سەرجەم كێشەكانی تر، چونكە تا ئێستا لە ناوچە دابڕێندراوەكان تەعریب دەكرێت و كەرتی نەوتی عیراقیش زۆر بە خراپی بەڕێوەدەچێت و یاسای نەوت و گاز نییە، بۆیە ھەمووان گلەیی لە شێوازی بەڕێوەبردنی نەوت و گاز دەكەن”. ھاورێیان تایاسای نەوتو گاز لەپەرلەمانی عێراق پەسەن نەکرێت نەوت رادەستی بەغدا ناکرێت حكومەتی عیراق زۆر جار بێ ھەرێمی كوردستان ھەنگاو دەنێت بەبێ ئەوەی ھیچ حسابێک بۆ دامەزراوەکانی نەوتی کوردستان بکات، بۆ وێنە لە دانانی كۆمپانیای نیشتمانیی (سۆمۆ) كە نوێنەری ھەرێمی تێدا نییە لەکاتێکدا لەسەردەمی نووری مالیکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەرجەم بەرێوەبەرو کارمەندەکانی بەلایەنگران و کەسانی ئەو پرکراونەتەوە، بۆیە ناكرێت ھەر باسی ڕادەستكردنی ٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوت بكرێت بە بەغدا، بەڵكو پێویستە حكومەتی عیراق حیساب بۆ ھەرێمی كوردستان بكات، كە ئەوە زۆر گرنگە، هەروەها پێویستە بنەمایەك بۆ ئیدارەدانی نەوت دابنرێت و حكومەتی هەرێم تێیدا بەشدار بێت، نەك تەنیا ئێمە نەوت ڕادەستی ئەوان بكەن”. لێرەدا گرنگە ھەرێمی کوردستان لەرێگای چوونی شاندی باڵای نەوت و گاز بۆ بەغدا بگەنە لێگەیشنێک لەوبارەوە و پێشبینی دەکەم یەکەم سەردانی کاک نێچیرڤان بارزانی دوای سوێند خواردنی بۆ بەغدا بێت تالەسەر پرسی نەوت لەگەڵ بەغدا قسەبکرێت.
ئارێز عەبدوڵا لە ھەلومەرجێکدا کە ھەموومان چاوەڕوانی ئەنجام و لێکەوتە باشەکانی رێککەوتن و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمین، ئەمڕۆ لەپڕ ھەواڵی گواستنەوەی نزیکەی ھەموو فەرمانبەرە یەکێتیەکان و چەند پارتیەکی ناو دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بۆ وەزارەتەکان بڵاوکرایەوە. ئەو ھەواڵە لە ئەنجامی بڕیارێک بوو کە بە ئیمزای سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران دەرکراوە. بەراستی ئەو بڕیارە جێگای نیگەرانیە، چونکە: یەکەم: ئەو فەرمانبەرانە دەمێکە لەوێ کاردەکەن. ئەگەر گواستنەوەشیان پێویست بێت دەبوایە چاوەڕوانی ھەڵبژاردنی سەرۆک و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بوان. دووەم: ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە کە حکومەتێکی ھاوپەیمانی پێک دەھێندرێ و خەڵکی چاوەڕوانی کەمکردنەوەی ناکۆکیەکان و بەیەکەوە کارکردنن، نەک پاکتاوکردنی دامەزراوەکان و تاپۆکردنیان لەسەر لایەنێکی دیاریکراو. سێیەم: سەیرکردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەت بەچاوی حزبی و مامەلەی حزبایەتی کارێکی نەشیاوە، ئەبێ ھەموو لایەک بزانین کە دامەزراوەکانی دەوڵەت موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانن و ناکرێ لایەنێک یان چەند لایەنێک لە ئەلف تا ی خاوەندارێتیان بکەن. چوارەم: لە ھەرێمی کوردستان ئازادی بیر و باوەڕ و حزبایەتی ئازادە، ناکرێ بەھۆکاری بیروبۆچونی جیاواز ھاوڵاتیان بەگشتی و کارمەندانی حکومەت بەتایبەت لە مافەکانیان بێ بەش و جیاکاریان پێبکرێ. پێنجەم: سزادانی بەکۆمەڵ کارێکی نا دەستوری و رێکارێکی نایاساییە و نابێ ئەو جۆرە ھەنگاوانە بندرێن. شەشەم: راستە چەند ئەندامێکی پارتیش لەناو ئەو لیستەدان، بەڵام ئایا ئەوانە بەئاگری یەکێتیەکانەوە سوتاون یان بۆ پاساوی پاکتاوکردن کراونەتە قوربانی؟ حەوتەم: سەرەڕای ئەوەش ھەواڵێکی وا ھەیە کە ھەندێ فەرمانبەری پلە باڵای سەرۆکایەتی ھەرێم و ھەندێ جێگای تریش ناچار بەخۆ خانەنیشکردن دەکرێن. ئەوەش ھەنگاوێکە کە نە لەڕووی سیاسی و نە لە روِوی یاسای لەبەرژەوەندی گشتی نییە و نابێ. لە کۆتاییدا ھیوادام سەرۆکی حکومەت ئێستا و سەرۆکی ئاییندەی ھەرێم چاوێک بەو بڕیارەدا بخشێنێتەوە، بەپێچەوانەوە یەکێتی چاو لەو بڕیارە و بڕیاری تری لەو جۆرەش ناپۆشێ، چونکە لە پشتی ئەو جۆرە بڕیارانە بابەتی تر دەخوێندرێنەوە، ئەو بابەتانەش نیگەرانی و دڵەراوکێ و ترس لەناو خەڵکی کوردستان دروست دەکەن.
فارس نەورۆڵی سیاسەت واتە مامەڵە لەگەڵ واقیعێکدا کە لە بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان وچاکەی گشتی دا ، بەڵام ئەوەی ھەندێک کەس و لایەن ممارەسەی دەکەن فۆڕمێکی شێواوە لە سیاسەت و تەنھا بۆ چاوبەستن و شێواندنی ڕای گشتی یە ، دوای ڕێکەوتنی لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن دوای گفتوگۆیەکی دوورودرێژ گەیشتنە ڕێکەوتن بۆ پێکھێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، پەرلەمان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، بەزۆرینەی دەنگ یاسای سەرۆکایەتی پەسەند کرا ، چەند لایەنێک کە بەشدارنین لە حکومەت یان فەرموویان لێ نەکرابوو دەنگیان نەدا ، لەھەمان کاتدا ھەندێ کەس لێرە و لەوێ کەوتنە تەقە بە بیانوی جیاجیا ، ھەندێک بەبێ تێگەیشتن لە ئەرکی فەرمانڕەوا و فەرمانڕەوایەتی وتیان سەرۆکی حکومەت و ھەرێم بڕوانامەی نیە ، من پرسیارم نەکردووە بزانم بەڕێز (نێچیرەوان بارزانی) ئەو ماوەیەی لە ئێران بووە خوێندویەتی یاخود نا ، بەڵام دەزانم فارسیەکی باش و ئینگلیزیەکی باش قسە دەکات، بۆیە دەمەوێ بەوانە بڵێم کە ئێوە تەنھا بۆ خۆ دەرخستن ، بەردەوام باری دەرونی خەڵک دەشێوێنن ، ئەوانە بە ئیحساس قسە دەکەن نەک بە ئەقڵ ئەمەش بۆ تێکدانی ئیحساسی خەڵکە ، لە ڕاستی دا دەکرێ ئەمە ناو بنێین جەھل بەخود ، ئەگینا ئەوانەش ئەو قسانە دەکەن دەزانن (نێچیرەوان بارزانی) پەکی لەسەر بڕوانامە نەکەوتووە بۆ بەڕێوە بردنی وڵات ، لە پێگەی سەرۆکایەتی ھەرێم دا، چونکە ئەزمونێکی دەوڵەمەندی ھەیە لە بەڕێوەبردن و دبلۆماسیەت دا ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ماوەیەی (نێچیرەوان بارزانی) حوکمڕانی یان سەرۆکایەتی حکومەتی دەکرد پەیوەندی حزبەکان لە خراپترین دۆخی بێمتمانەیدابوون لە ھەموو ڕوویەکەوە ، ئەوە (نێچیرەوان بارزانی) بوو توانی تەجاوزی دۆخی بێ متمانەی بکات و حزبەکان کۆبکاتەوە و دور لە نەفەسی حزبی فەرمانڕەوای بکات ، وەزیرەکانی حکومەت لە یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ ئەو شاھیدیە دەدەن ، کە (نێچیرەوان بارزانی) ئەندازیاری دروست کردنەوەی متمانە بوو ، جگە لەوە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ھەموو کەس ڕۆڵی دبلۆماسیەتی (نێچیرەوان) ی لەبەر چاوە کە بە بڕوایەکی پتە و ئیدارەی ئەو قەیرانەی کرد ، ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێ بڕوا لە پێش بڕوانامەوەیە، جگە لەوە لە مومارەسە کردنی دا ، تیمەکانی چەندان بڕوانامەی بەرزی تێدایە ، حاڵەتی واش لە سیاسەت دا دەگمەن نیە . (جۆن مێجەری) سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا تا شەشی سەرەتایی خوێندبوو ، لە لایەکی دیکەوە بەڕێزیان لە کابینەکانی ڕابردوودا حزبی کوردی نەماوە دەنگی پێ نەدابێ ، بۆ سەرۆکایەتی حکومەت و پێشی ڕازی بوون ، کەواتە دروست کردنی ئەم ھەرایە تەنھا بۆ بازاڕ گەرمی حزبی و نا لۆژیکی ، لە خوێندنەوەی واقع دایە ، گەر نا پرسیاری فەلسەفەی سیاسی ئەوەیە چۆن حوکم دەکرێ ، بۆیە لەسەر ھەموو لایەک پێویستە بەدوای بەرژەوەندی خەڵک بن ، بۆ چاک کردنی بازاڕ بۆ ڕێککردنی کایەی تەندروست و پەروەردە و خوێندنی باڵا ، ئەو مەسەلانەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە ھەیە لەسەر ڕۆشنایی گیروگرفتەکانی ڕۆژ قسە بکەن و بە دوای جوگرافیا لەبیرکراوەکانی ژیان دا بگەڕێن ، نەک نەزانن چۆن دەست پێدەکەن و چۆن کۆتای پێ دێنن ، بە مەرجێ ئەزمونێکی شکست خوارد و لەم بارەوە ھەیە کە دژایەتی ناڕەوای ناوخۆمان کرد ، لە بیریشتان نەچێ ئەوانەی پێشتر گوایە بڕوانامەیان ھەبوو سەرکردایەتی ھێز گەلی سیاسی یان دەکرد ، بۆ چاکسازی دیمانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەیشتنە کوێ و چیان کرد و چۆن شێواندیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، بەسەر بەرژەوەندی خەڵکدا پەڕینەوە ، دەبێ ئەوەش بڵێم بڕوانامە گرنگە ، بەڵام بڕوا گرنگترە و سەرکردەکان پیاوی کردارن نەک بیر، نوخبە بیری بۆ دەکەنەوە و پێشنیاری دەخەنە بەرچاو، ژیانیش وەستایی یە بۆلای وەستا ، ھەموو لایەکیش جێ دەست و پەنجەی (نێچیرەوان) دەبینن لەسەر ڕووداوەکانەوە بۆ چاکەی گشتی ، بۆیە ئەوانەی خەریکی ئەم جۆرە بازاڕگەرمیەن غیابی لۆژیک لای ئەمانە ئەسڵی بەڵاکەیە، بۆ داھاتوو ئەگەر بەم جۆرە سیاسەن بکەن ئیتر خەڵک ڕێگایان لێ دەگرێت و پێیان دەڵێ ئەمە کایەی ئێوە نیە ئەوەش ئەھلی کایە یەک نەبێ نابێ دەستکاری بکات و بۆیە وا باشە ئەم بەیتەی نالی بخوێننەوە کە دەڵێ: کە خاکی خاکی دامەن بە، وەگـەرنـــا تــۆزێ بەربــادی کە ئــاوی ئـاوی گەوھەر بە وەگەر نا بڵقی ســـەرئاوی ڕاستە ھەموو ڕەخنە گرتنێک بۆ ڕاستکردنەوە بێت دەبێ ھەموو لایەک ڕێزی بگرن و جیاوازییەکانمان بە خستنە ڕووی ئەرگۆمێنت بەڕێوەبەرین وەک وڵاتانی پێشکەوتوو ، ئەمەش بەوە دەبێ خۆمان لە ڕق و کینە داماڵین ئەگینا بۆ نا ، ئێمەش وەک میللەتان بە لۆژیک بیربکەینەوە و مومارەسەی ڕەخنە و ڕەخنەسازی لە چوارچێوەی دیموکراسی دا بەڕێوە بەرین ، ئەمە جائیزترین کردارە ئەنجامی بدەین نەک بە ڕق و کینە ئیدارەی بدەین ، وەک حەمدی دەڵێ: (ھەڵپەڕکێ جایزە بۆ کوردان.. بــێ قـــەزابـێ ڕەحـمـــەخــان .. نـــــایــەڵــێ ھـــــەڵـپەڕیــــن) بۆیە باشتر وایە بواربدەین سیاسەت بە دۆخی سروشتی خۆیدا تێ پەڕێ و بە گەمەی بچوکەوە میللەت سەرقاڵ مەکەن ، دواجار ھەموشمان دەزانین لە واقیعدا بۆ دەوڵەت مەداری بڕواو ئەخلاق پێش بڕوانامەیە.
عوسمان گوڵپی دەبێت دان بەم ڕاستیەدا بنێین كە هەڵبژاردن كۆتایی هات و تەزویرە فەزیحەكە ئاشكرابوو و ڕوون بویەوە ئەوەی كراوە ئەتكردنی هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی و پێشێلكردنی مافی خەڵكە ، هەر زوو هێزە دەنگ دزراوەكان كۆ بوینەوە و پێكەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانمان ڕەد كردەوە و هەموان وتمان قبوڵی دزی دەنگەكانمان ناكەین و ناچینە بەغداد و پێكەوە هەنگاو دەنێین و لە داهاتوودا بەرەیەكی یەكگرتوو پێكدەهێنین لە بەرامبەر دەسەڵاتدا. كات تێپەڕی و چەند كۆبونەوەیەكی چوار قۆڵی و پێنج قۆڵی كراو شەش حیزبە نارازیەكە پێكەوە ناومان دەهات راستە لە ڕووكەشداپێكەوە بوین بەڵام لە ڕاستیدا وا دەر نەچوو، كۆمەڵێك بەرژەوەندی جیاواز و عەلاقەی لابەلا و چاوبەیەك هەڵنەهاتن و ململانێی كۆن و ناڕوونیان كە ئێستا بەڕوونی دیارە، وایكرد ئەم هێزانە بە ئەندازەیەكی فراوان بۆشایی بكەوێتە نێوانمان و هیچ بەڵێنێكیشمان پێكەوە نەبردە سەر، ئەگەرچی یەكڕیزیەكی بەڕووكەش جوان بوو. من دەزانم هەندێك هۆكار دەرەكین و لە توانای نێوخۆیی گەورەترە و ناكرێ بیانخەینە ئەستۆی خۆمان بەڵام خۆ چەندین هەنگاوی گرنگ هەبوو دەمانتوانی پێكەوە هەڵیانگرین، بۆ نموبە بەیەك پاكێج چونە بەغداد و یەك لیستی بۆ كوردستان و یەكهەڵوێستی پێویستی بە بڕیاری نێوخۆییە و لە دەستی هیزەكانی خۆماندابوو. گریمان هێزە نوێكان ئاسان هەزم نەدەكران و نە ئەكرا پێكەوە بن بەڵام خۆ دەكرا ئەو هێزانەی ئەزمونی ئۆپۆزسیۆنیان پێكەوە هەبوو بتوانن بەیەك پاكێج مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەكە بكردایە بۆیە بەڕای من ئەگەرچی ئەم هەڵبژاردنە ساختەیە چەندین كاریگەری نەرێنی بەجێ هێشت، بەڵام تەزویر ئەوەی بۆ ڕوون كردینەوە كە هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیەتی هیچ كات و لە ژێر هیچ فشارێكدا بە قازانجی خەڵك كۆنابنەوە و هێزی گۆڕانكاری جدی نین بە ئێمەشەوە، هەڵبژاردنی كوردستانیش زۆر شتی بەوردی ڕوون كردەوە. بۆیە دەبێت وانەیەك فێربوبین لەو ڕۆژەداو و بەخۆماندا چوبینەوە، تا بەتەواوی دان بە هەڵەو شكستەكاندا بنێین، گەر وا نەكەین ناتوانین مامەڵەی واقیعیانە لەگەڵ ئێستا بكەین و بۆ داهاتوو هەنگاو بنێین بۆیە دەبێت هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكیتی لەوە تێبگەین كە بۆچی خەڵك ئامادەنەبوو بچێتە سەر سندوقی دەنگدان؟ بۆچی بەدەم هێزەكانەوە وەك پێویست نەهاتن، دەیان پرسیاریتر كە نابێ هموی بخەینە ئەستۆی تەزویر و دەسەڵات و وڵاتان، دەبێ بڵێین خۆمان خاوەنی بەشێك لە شكستەكانین و بەدرێژای چەندین ساڵ بانگەشەكارێك بوین بە بێ هەنگاوی كرداری بەتەنیشت دروشمەكانمانەوە، بەتایبە نەمانتوانی لە ڕیزی خەڵكابین لە ناڕەزاییەكاندا و داوای مافەكانیان بكەین، كەوتینە داوی پلانەكانی دەسەڵات و بێ بەرنامەو لاواز بوین لەبەردەم بەرژەوەندیەكاندا بۆیە هەتاوەكو دان بەڕاستیەكاندا نەنێین با لە سودیشمان نەبێت، ناتوانین قسەلەسەر متمانەو داهاتوی باشتر لە ئێستا بكەین، دەبێت بڵێین بەڵێ هەڵەمان هەیەو كەرەستەی گۆڕانكاری ڕیشەیی نەبوین ، دەبێت بیر لە قۆناغێكی نوێ بكەینەوە بە شێوازێكی جیاوازتر، ئەمەش كۆبونەوە و یەكخستنی تواناكانی دەوێ و قوربانیدان و دوركەوتنەوە لە بەرژەوەندی شەخسی زامنی سەركەوتنە.
محهمه حسێن لهوهتهی حكومهتی فیدراڵی عێڕاق پارهی مانگانهی موچهخۆرانی كوردستانی له ٣١٧ ملیار دینارهوه زیادكرد بۆ ٤٤٥ ملیارو دواتر حكومهتی ههرێمیش پاشهكهوتی سهر موچهی كارمهندانی كهرتی گشتی لابرد، جۆرێك له گهشبینی باڵی كێشا به سهر بازاڕهكانی كوردستاندا. رۆژانهش پرسیاری ئهوهی كه چۆن و كهی قهیرانه داراییهكهی كوردستان كۆتایی دێت دووباره دهكرێتهوه. ههرچهنده ئێستا بوژاندنهوهیهك دهستی پێكردووه له ئالوگۆڕی ناو بازاڕهكانی كوردستاندا، بهڵام له راستیدا زیادهڕۆییهك ههیه لهم گهشبینیهدا، چونكه نه جیاوازی ژمارهكانی پارهو داهاتی كوردستان و نه كۆی ئهو ڕێكهوتنه سیاسی و ئابوریهش له نێوان بهغداو ههولێردا ههیه نهگهیشتۆته ئهو ئاستهی كه مژدهی تێپهڕاندنی قهیرانه داراییهكهی كوردستان بدات. راسته كورستان له ئێستادا زۆر باشتره له ساڵانی نێوان ٢٠١٥ و ٢٠١٨، بهڵام ئهگهر مهبهست له تێپهڕاندنی قهیرانه داراییهكه گهڕانهوه بێت بۆ دۆخی پێش ٢٠١٤، ئهوا هێشتا زۆری ماوه تا ئابوری و بازاڕهكانی كوردستان سوڕی قهیرانهكه تێپهڕێنن. بۆنمونه تهنها له بواری ههلی كار دروستكردندا، كوردستان پێویستی به ٣٠٦ ههزار كاری نوێ ههیه بۆ ئهوهی رێژهی بێكاریهكهی له ١٣.٣% ی ساڵی ٢٠١٥ هوه دابهزێنێت بۆ ٣%، كه ئاستێكی قبوڵكراوی بێكاریه، بهپێی توێژینهوهیهكی ناوهندی عێراقی بۆ لێكۆڵینهوهو شیكاریه سیاسیهكان. باسهرهتا ئهوه به بیربهێننینهوه كه مانای تێپهڕاندنی ئهوهی به كوردی پێی دهوترێت قهیرانی ئابوری و دارایی (Recession) چیه؟ بۆ تێپهڕاندنی ئهم قهیرانه، لانی كهم ئهم مهرجانه پێویسته: گهشهی بهردهوامی (GDP)، گهڕانهوهی كڕیار بۆ بازاڕهكان و گهشهی ئاڵوگۆڕه بازرگانیهكان، بهشێنهیی بهرزبونهوهی نرخی خانوبهره، راگرتنی ههڵكشان و داكشانی نرخهكان له مهدای ٢% دا، كهمبونهوهی بێكاری و دروستبوونی دهرفهتی كاری سهقامگیر لهگهڵ چهند مهرجێكی تر كه له كوردستاندا پێشتر نهبووهو ئێستاش هیچی لێچاوهڕوان ناكرێت وهك ئاڵوگۆڕی بۆرسهو قهرزی نیشتهجێبوون و بههایی نهختینهیی و نرخی سوو. ئهگهر تێپهڕاندنی قهیرانهكه به مانای گهڕانهوه بێت بۆ دۆخی پێش ٢٠١٤، ئهوا ژماره سهرهتاییهكانی ئابوری كوردستان پێمان دهڵێن كه هێشتا قهیرانهكه تێنهپهڕیوه، بهڵكو زۆریشی ماوه. ههم ئهو پارهیهی ئێستا له بهغداوه دێت و ههم سروشتی ئهو ههل ومهرجه سیاسیهش كه نیمچه رێكهوتنهكهی ئێستای نێوان ههولێرو بهغدای دروستكردووه بهو جۆره نیه كه هێنده دڵی پێخۆش بكرێت. جارێ ههر لهسهرهتاوه هیچ رێكهوتنێكی سیاسی و دارایی نهكراوه بۆ چارهسهركردنی كێشهكانی نێوان ههولێرو بهغدا، ئهوهی ئێستا ههیه تهنها یاسای بودجهیه وئهم یاسایهش تهنها بۆ ٢٠١٩یه. كهواته چارههسهرێكی كاتیه. له ساڵی ٢٠١٣، بودجهی حكومهتی ههرێم، كه له بهغداوه دههات، ١٤.٤ ترلیۆن دیناری عێراقی بوو، بهڵام له ساڵی ٢٠١٩ ئهگهر ههموو ٥٢٠ ملیار دینارهكهی موچهخۆران و هێزهكانی پێشمهرگهش خهرج بكرێت ئهوا بودجهكهی تهنها ٦.٢٤ ترلیۆن دیناردهبێت. ئهگهر ئهم ژمارانه وردبكهینهوه بۆ رێژهی سهدی، ئهوا دهبینین بودجهی فیدراڵی ههرێمی كوردستان له ٢٠١٩دا ٤٤%ی ههمان ئهو بودجهیه كه له ساڵی ٢٠١٣دا وهریگرتووه. بهراورد به دۆخی پێش قهیرانهكه بهشه بودجهی ههرێم زیاتر له ٥٥% كهمی كردوهه، ئهمه گهر بێت و ههرێم بهشه بودجهی ههر ١٢ مانگهكهی بهتهواوی وهربگرێت، به هی پێشمهرگهو موچهخۆرانیشهوه. بۆ پڕكردنهوهی ئهو كهلێنهی كهمكردنهوهی بهشه بودجهكهی دروستیكردووه، ئێستا حكومهتی ههرێم سهربهخۆیانه نهوت دهفرۆشێت. به پێی داتاكانی ئیراق ئۆیڵ ڕیپۆرت، ههناردهی رۆژانهی نهوتهكهی ٤٧٧ ههزار بهرمیل بووه له مانگی ئازارداو ٣٩٢ ههزار له مانگی نیساندا، ئهگهر تێكڕای ههردوو مانگهكه وهربگرین، دهبینین رۆژانه ٤٣٤،٥٠٠ بهرمیل نهوتی ههناردهكردووه جگه لهوهی بهمهسفاكانی ناوخۆی دهفرۆشێت. هیچ داتا و زانیاریهك له سهر داهات وههناردهكردن و فرۆشتنی نهوتی ههرێم لهمساڵدا بلاونهكراوهتهوه، دیارنیه چهندی داهاتهكه بۆ كۆمپانیا نهوتیهكان وتێچووی ههناردهكردن و و بازاڕیكردن دهڕوات، وه چهندیشی وهك داهاتی كۆتایی دهگهڕێتهوه خهزێنهی كوردستان. بهپێی لێدوانێكی نافهرمی بهرپرسێكی وهزارهتی دارایی و ئابوری كوردستان، له ئێستادا ههرێم نزیكهی ٣٣ دۆلاری دهستدهكهوێت بۆ ههر بهرمیلێكی نهوتهكهی. ئهگهر ههناردهی رۆژانهی ههرێم به ٤٣٤،٥٠٠ بهرمیل بخهمڵێنرێت و بۆ ههر بهرمیلێك نهوت ٣٣ دۆلار بگهڕێتهوه خهزێنهی كوردستان، ئهوا داهاتی ساڵانهی ئهم نهوته نزیكهی ٦.١٣ تریلیۆن دیناره، كهواته ههموو داهاته نهوتی و فیدراڵیهكانی ههرێم پێكهوه دهگاته نزیكهی ١٢.٤ ترلیلیۆن دینار، ئهمهش كهمتر له ٨٦% بودجهكهیهتی له ٢٠١٣دا. جگه له كهمبونهوهی داهاتهكانی، حكومهتی ههرێم قهرزێكی زۆری دهرهكی و ناوخۆیی لهسهر كهڵهكه بووه. ئهم قهرزانه له ئێستادا به زیاتر له ١٤ ملیار دۆلار دهخهمڵێنرێت كه دهكاته زیاتر له ١٦ ترلیۆن و نیو دیناری عێراقی. ئهم قهرزانه بهقهدهر ههموو داهاتهكانی ههرێمه له ماوهی ساڵو نیوێكدا ئهگهر نرخی نهوت و بهرههمی رۆژانهی وهك ئێستا بمێننهوه. وێنهكه له ئێستادا ئهوهیه كه حكومهتی ههرێم، ههمیشه سێ مانگ و زیاتریش لهدوای كاتی ئاسایی دابهشكردنی موچهی كارمهندانی كهرتی گشتیهوهیه. تاقه بۆڕیهكهی كه تهنها دهروازهی ههناردهكردنی نهوتهكهیهتی بۆبهندهری جیهان له ئێستادا بۆته بابهتی ناكۆكیهكی یاسایی له نێوان دهوڵهتی عێراق و توركیاو پێ ئهچێت تا كۆتایی ئهمساڵ لهبهرژهوهندی عێراق ژوری بازرگانی نێودهولهتی له فهرهنسا ئهم ناكۆكیه یكلایی بكاتهوه، به پێی دهزگای واشنتۆن ئینستیتوت. له پشت ئهم بوژاندنهوه رێژهییهی ئابوری و بازاڕی كوردستان، ههمیشه نیگهرانیهكی قوڵ ههیه لهبارهی ئهو رێكهوتن و شهراكهته ئابوریانهی ههرێم به عێراق و توركیاو كۆمپانیا نێودهوڵهتیهكانی بواری نهوتهوه گرێدهدات. بهشێكی ئهم نیگهرانیانه پهیوههسته به لاوازی پێگهی ههرێمهوه لهم رێكهوتنانهدا، چونكه وهك دهوڵهتێكی سهربهخۆ مامهڵهی لهگهڵدا ناكرێت و پێگهی قانونی نهوتهكهشی ههمیشه لهژێر پرسیاردایه به هۆی سكاڵا بهردهوامهكانی عێراق له دادگاو ناوهنده جیهانیهكان. دیوێكی تری نیگهرانیهكان پهیوهندی به سروشتی ئهو پرسه ههڵواسراوانهی نێوان ههولێر بهغداوه ههیه كه تا ئێستا ماونهتهوهو له ههر كات و ساتێكدا دهشێت به پێی میزاجی بهرپرسه سیاسیهكان بجوڵێنرێن. ئهم ناسهقامگیریه ههم متمانهی به بازاڕ و بوژاندنهوه ئابوریهكهی ئێستا كهمكردۆتهوه و ههم ترسێكی زۆریشی دروستكردووه دهربارهی بهردهوامی ئهم دۆخهی ئێستا. تهنها له سێ حهفتهی رابردوودا چهندجارێك میدیا كوردیهكان ههواڵی بڕینی موچهی فهرمانبهرانیان له لایهن حكومهتی بهغداوه بڵاوكردۆتهوه ئهمهش به بیانوی ئهوهی ههرێم ئهو بڕه نهوتهی تهسلیمی سۆمۆ (كۆمپانیای فرۆشتنی نهوتی عێراق) نهكردووه كه له یاسای بودجهدا بۆی دیایریكراوه، ٢٥٠ ههزار بهرمیل له رۆژێكدا. جگه لهمهش تا ئێستا هیچ رێكهوتنێكی سیاسی و دارایی وئابوری له نێوان ههرێم وبهغدا روینهداوه له بارهی پرسهكانی نهوت و بودجهو ناكۆكیه داراییهكانی تری پهیوهست به خاڵهسنوریهكان و پێشمهرگه. ئهوهی ههیه تهنها رێكهوتنێكی كاتیه له چوارچێوهی یاسای بودجهدا، لهباشترین ئهگهردا تهمهنی ئهم یاسایهو ئهم وبودجهیه بۆ یهك ساڵه.
عەلی مەحمود محەمەد بەڕێز نێچیرڤان بەرزانی بە 82%ی دەنگەكان دەبێتە سەرۆكێك, كە دەسەڵاتی زۆر زیاترە لە سەرۆكەكانی فینلەندا, نەمسا, پورتوگال, زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات كە بە هەڵبژاردنی راستەوخۆ دەگەن بە پۆستەكە, تەنانەت لە سەرۆكی باشوری ئەفریقا كە بە سستەمی سەرۆكایەتی ناسراوە, تیایدا سەرۆك لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت, لێ پەرلەمان مافی گۆڕینی هەیە كەی خواستی بێت, وەك چۆن یاكوب زۆمای لە 15ی فیبریوەری 2018 لەسەر كورسیەكەی لادا, كە سەركردایەتی پارتەكەی دوو خول بۆ سەركەوتن كرد, تیایدا توانی " 69,69% و 65,90% " دەنگەكان بهێنێتەوە. ئەو ترسەی هەمان بوو لە سستەمە پەرلەمانییەكەی برادەران, كە بە نەڕەو دروشمەوە نەك بە عەقڵەوە بانگەشەیان بۆی دەكرد, تەخوینی نەیارانی فكری خۆیانیان دەكرد, هەڵبژاردنی سەرۆك بوو لەناو پەرلەمان, كە نە پیوەندی بە چاكسازی و حكومەتی یاساكەوە هەبوو كە ئیدعایان بۆی دەكرد, تەنها پەیوەندی بەوەوە هەبوو دەنگی پەرلەمانتارەكانیان لە هۆڵی پەرلەماندا موزایەدە بكەن و لە بەرامبەریدا شتێك وەربگرن, ئاخر ئەوان ناتوانن دەنگی بنكە و دەنگدەر موزایەدە بكەن, ساناترین رێگا دەنگی پەرلەمانتارانە , ئەم قسەیەم سێ سەڵ لەمەوپێش وتووە . زۆربەی وڵاتانی دیموكراسی جیهان سستەمی سیاسیان سەرۆكایەتیە, ئەمانیش كە دابەش دەبن بەسەر 4 جۆر , لەوانە 43 وڵات راستەوخۆ سەرۆك لە لایەن خەڵكەوە هەڵدەبژێرن و دەسەڵاتی تەواوی بێ ركابەریان هەیەو هاوزەمان سەرۆكایەتی حكومەتیش دەكەن, وە 22 وڵات سەرۆكی بەهێزیان هەیە كە خەڵك هەڵیان دەبژێرێت بە بوونی سەرۆك وەزیرانی لاواز لە وڵات كە سەرۆك كۆمار دیاریان دەكات, هاوكات 29 وڵات سستەمی سیاسیان نیمچە سەرۆكایەتییە( سەرۆكێكی بەهێزی هەڵبژێردراو و سەرۆك وەزیرانی لاواز ) كە پەرلەمان هەڵی دەبژێردرێت بە كەمتر لە دەسەڵاتی سەرۆك, بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی سستەمی سیاسیان سەرۆكایەتییە لە جیهان دەگاتە 96 وڵات لە كۆی 193 وڵاتی جیهان , كە نزیك 49,7%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن . هەر لەم پەیوەندەدا 8 وڵات راستەوخۆ لەناو پەرلەمان سەرۆكی بەهێزی وڵات هەڵدە بژێرن بە بێ بوونی سەرۆك وەزیران (نموونە باشوری ئەفریقیا), بەمەش ژمارەی وڵاتە سەرۆكایەتییەكان لە جیهاندا بەرز دەبێتەوە بۆ 103 وڵات ,. هاوكات لە جیهان 45 وڵات كۆماری پەرلەمانی هەیە(زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لەم چەشنەن) , لێرەدا سەرۆكی وڵات بە دووجۆر دیاری دەكرێت, بەشێك راستەوخۆ لەناو خەڵك هەڵدەبژێردرێت كە زۆرینەن, بەشی دووەمیان لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن, كە ئەمانەش بە هەردوولایان كەمتر لە 25%ی وڵاتانی جیهان پێك دەهێنن , هەروەها 29 وڵاتی پاشایەتی دەستوری پەرلەمانی لە جیهاندا هەیە(ئەوروپا و یابان و وڵاتانی كۆمۆنۆلس), وە 8 وڵاتی پاشایەتی پەرلەمانی بە بوونی پادشای بەهێزەوە كە ئەمانەش ناتوانرێت بە سستەمی پەرلەمانی و وڵاتانی دیموكراسی بناسرێن( زیاتر وڵاتانی مەلەكی عەرەبین), هاوكات دیكتاتۆریش نین, بەمەش لە كۆی گشتی 169 وڵاتی دیمكراسی لە سستەمەكانی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە جیهاندا هەیە, نزیك بە 61 %یان سەرۆكیەتییەو 39%ێشی پەرلەمانییە بە كۆماری و پاشایەتی یەوە , گروپی یەكەم زیاتر لە ئەمەریكای لاتین و وڵاتانی سۆڤیەتی جاران و ئەفریقیاو ئەمەریكای باكور و وڵاتانی دەریای كاریبین ....... , وەلی گروپی دووەم زیاتر لە ئەوروپا و وڵاتانی نیمچە كیشوەری هیندی و وڵاتانی دەوروبەری و ئەسیوبیاو سۆماڵ و عێراق و لیبیایە...زۆربەیان ئەو وڵاتانەن دیموكراسیەت زیاتر چەسپیوەو یاساكانی هەڵبژاردن پێشكەوتنی زۆریان بەخۆوە بینیوە لە پێناو دادپەروەری زیاتر لە نوێنەرایەتی, دیارە لەم وڵاتانەش بە تایبەت ئەو وڵاتانەی دیموكراسیەت تیایاندا نە چەسپوە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیستەمی سیاسی هەیە , نموونە ئێستا ناڕەزایەتی لە نیپاڵ هەیە داواكارن سەرۆك لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت , لە عێراقیش نارەزایەتی هەیە بە هەمان ئاراستە , لام مسۆگەرە لە كوردستانیش ئەم داواكارییە لە داهاتوو دێتە پێشەوە , بە تایبەت دوای جێكەوتنی هەڵبژاردنی ناو پەرلەمان بەو هەموو دەسەڵاتەوە. بەهۆی ئەوەی سستەمە سەرۆكایەتییەكانی وڵاتانی دواكەوتووی چەشنی كوردستان بەشێكی زۆریان بەرەو دكتاتۆریەت چوونە, نموونە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقیا ...., بۆیە بۆ گرنتی مانەوەی دیموكراسی لە كوردستان , سستەمی پەرلەمانی زۆر گونجاوە, بە بروای من لەناو ئەویشدا هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە بە دەسەڵاتی تەشریفاتیەوە نەك لەناو پەرلەمان, كە تەنها لە بەرژەوەندی پارتە رامیاریەكانە و بگرە دەكرێتە هۆكارێك بۆ چەسپاندنی گواستنەوەی دەسەڵاتنی بنەماڵەیی لە نەوەی پێشوەوە بۆ ئێستا. هەرچەندە مەرج نییە هەموو كات دیموكراسیەت و دەنگی خەڵك لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت, لە سایەی دیموكراسی راستەوخۆی سویسرادا تا ساڵی 1972 پیاوانی وڵات نەیان هێشت ژنان بەشداری دەنگدان بكەن, بە دەنگدان هیتلەر هاتە سەر حوكم, نموونە زۆرە, وەلێ ئەم نموونانە وا ناكەن ساردمان كەنەوە لە داكۆكی لە بەكارهێنانی دەنگی خەڵكی لە هەڵبژاردنەكاندا, وەلەو كۆی جیهاندا بە تایبەت رۆژئاوا دیموكراسی نوێنەرایەتی كەوتۆتە ژێر پرسیارەوە, دوای هەڵبژاردن ئیتر حیزبی براوە وەك ئێستای كوردستان منەتی بە دەنگدەران نامێنێت, بۆیە وردە وردە باوەڕ بە دیموكراسی راستەوخۆ لە جیهان زیاد دەكات, هەرچەندە لە سویسرای پیشەنگی دیموكراسی راستەوخۆ كەم رودەدات دەستپێشخەرییە رادیكاڵەكان دەنگی پێویست بە دەست بهێنن, ئێستا دەستپێشخەریەك هەیە بۆ ئەوەی ستافی حكومەتیش بە دەنگدان بێت واتا خەڵك هەڵیان بژێرێت وەلێ بە مەرجەوە , كەچی لە كوردستان بنەماڵەكان لە بەرژەوەندی خۆیان مافی دەنگدان لە خەڵك دەسێننەوە بۆ سات و سەوداو مامەڵەی ناو پەرلەمان, چونكە ئەگەر گەمەی ناو پەرلەمان نەبێت ئەوا حیزبی دۆڕاو لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەست بەتاڵ بۆی دەرە چێت. سەرۆك ناو خەڵك هەڵبژێردرێت, ئەگەر دەسەڵاتی تەشریفی بێت ئەوا لە تایبەتمەندی پەرلەمانی بوونی سستەم ناگۆڕێت, هەڵبژاردن لەناو خەڵك گرنگە لەبەر 1- هەموو تاكێك دەتواننێت مافی خۆی مومارەسە بكات بۆ خۆ كاندید كردن بۆ ئەو پۆستە, مافی هەمووان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە پارێزراوە,. 2- هەموو تاكێك دەتوانێت مافی خۆی مومارەسە بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك . 3- سستەم هەمە رەنگتر دەبێت , مەرج نییە ئەو لایەنەی حكومەت پێك دەهێنێت سەرۆكی هەرێمیش بباتەوە, لە جیاتی بژاردەیەك دوو بژاردە لەبەردەم گەلدا دەبێت بۆ حیزبی حوكمڕان, دیارە لە ئێستادا لە جیاتی بنەماڵەیەك دەبێتە دوو بنەماڵە. 4- زۆرجار لە هەڵبژاردنی سەرۆكدا, سەركەوتن لە دەرەوەی موئەسەسەی سیاسی باو رودەدات, بەمەش گۆڕانكاری گرنگ دێنێتە پێشەوە., بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆك لە ناو پەرلەمان بە قازانجی پارتە رامیاریەكانە بە تایبەت گەورەكان , بەوەی دەتوانن كاندیدی خۆیان دیاریبكەن بۆ پۆستەكە كە پێشتر مامەڵەیان كردووە, بەمەش پۆستەكە لە نێوان خۆیان پاوان دەكەن , هاوكات لە كاتی هەڵبژاردنی سەرۆك مامەڵە بە ژمارەی كورسیەكانیانەوە دەكەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە پشتیوانی كاندیدێك , بەمەش ئیمتیازاتی زیاتر بە دەست دەهێنن لە بەرامبەر دەنگدانیان بە كاندێك, لێرەدا ئازادی و دیموكراسیەت لە بەرژەوەندی حیزب بە تایبەتیش حیزبی گەورە دەكرێتە قوربانی , وە ئەگەر دەنگدان نهێنی بێت دەنگ فرۆشتنی پەرلەمانتاران, كورسی فرۆشتن و كورسی كڕین دەبێتە دیاردە, ئاشكراش بێت ئازادییان لێ دەسەنرێتەوە, ئەگەر سەرچڵی و یاخیبونێك هەبێت.. هاوكات بۆ بارودۆخی كوردستان بەهۆی زاڵ بوونی پاوانخوازی حیزبی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سیاسەتی بەرچاو تەنگی حیزبایەتی, دەكرێت كۆمەڵێك پێوانە بۆ سەرۆك دیاریبكرێت بە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانییەوە, لەوانە : 1- سەرۆك لە پارتەكەی دەست لە كار بكێشێتەوە. 2- سەرۆك بارەگای سەرەكی كارەكەی لە پایتەخت دەبێت و تەنها لە كۆشكی سەرۆكایەتی كە لە پایتەختە پێشوازی لە میوانەكانی دەكات. 3- سەرۆك ئەجندای كارەكانی رون بێت و سەرۆكی تەواوی گەل بێت و بەشێك لە كاتەكانی بۆ دیداری خەڵك دیاریبكات . 4- نابێت دوو كەسی نزیكی یەكتر هاوكات دوو پۆستی سیادی وەربگرن. 5- نابێت كەسە نزیكەكانی سەرۆك كاری بازرگانی و خێرخوازی بكەن و پرۆژە لە حكومەت وەربگرن و كەناڵی راگەیاندنیان هەبێت. 6- سەرۆك سەروەت و سامانی خۆی و كەسە نزیكەكانی ئاشكرا دەكات و بڵاوی دەكاتەوە بۆ ئاگادار بوونی هاووڵاتیان, چاودێری وردی خەرجی و بەخششەكانی دەكرێت. 7- لە هیچ بارودۆخێك نابێت لە دوو خول زیاتر بەهیچ بەهانەیەك پۆستەكەی بۆ درێژ بكرێتەوە, یان خۆی كاندید بكاتەوە لە قۆناغەكانی دواتری ژیانیدا بۆ هەمان پۆست. 8- نابێت هیچ ئیمتازێك زیاتر لە موچەو ئیمتیازاتەكانی سەرۆكایەتی هەبێت. ئەوەی دەگوزەرێت لە هڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان, پاشەكشەی ژیانی سیاسییە لە كوردستان بە روكەشیەكەشی دەردەخات , هاوپەیمانی بۆرژوازی دەسەڵاتدار , لەو كەمە ئازادیەش پەشیمان دەبنەوە بەهۆی فشاری خەڵكەوە سەپێنراوە, حیزبی بۆرژوازی نەتەوەیی بوونە بە حیزبی ئۆلیگارشی , سستەمی سیاسی لە بری دیموكراسی بۆتە بلۆتۆقراتی, هەموو فەزاكانیان داگیر كردووە, سیاسەت, ئابووری, رۆشنبیری و راگەیاندن.... هەمووشی لە خزمەت پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەكانە .. دیموكراسی راستەوخۆ باشترینە , لێ تا دەگەین بەو رۆژە , بۆ رێگا گرتن لە مامەڵەی بنەماڵەكان و درێژكردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتیان , بۆ خولقاندنی هەلی زیاتر بۆ هەمووان, بۆ گەڕاندنەوەی كەرامەت و ئیرادە بۆ تاك, یەكێك لە دەرگا بچوكەكان سستەمی پەرلەمانییە بە هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵكەوە بە كەمترین دەسەڵاتەوە..
چیا عەباس کاری گەورە بە قسەی زل دەست پێناکات، بەڵکو بە کرداری بچوک بۆ دو ساڵ دەچێت هەڵسوراو و گۆرانخوازە دڵسۆزەکان لە دەرەوە و لە وڵات بەردەوام بە رەخنە و پرۆژە هەوڵی بێ ئەندازەیان بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی گۆڕان و گەشەپێدانیان داوە. مەخابن دەسەڵاتدارانی گۆڕان پشتگوێیان خستن و دوای مەزاج و ئارەزوەکانی خۆیان کەوتن. مۆرکردنی کوێرانەی یاسای کاراکردنەوەی ( نەک هەمواکردنەوەی) سەرۆکایەتی هەرێم و خۆخزانە ناو نمونەی حوکمرانیەکی چەند بارەکراو تەسلیمبونێکی بێ شەرمنانەی دەسەڵاتدارانی گۆڕانە بە ئیرادە و بەرنامەیەکی ناکۆک لە گەڵ پرەنسیپ و کارنامە رەسەنەکەی گۆڕان، کوشتنی ئاوات و خەونی جەماوەری گۆڕانە، خەنجەر وەشاندنە لە پشتی هەزاران هەڵسوراوی دڵسۆز و خۆراگر، بێگومان بێ وەفاییەکی بێئەندازەی زەقیشە بەرامبەر بە کاک نەوشیروان و مێژوی خەباتی لە بزافی کوردایەتی و لە ناو گۆڕاندا، لە کۆی گشتیشدا گەمەکردنێکی مەترسیدارە بە ئایندەی نەتەوەیەک، تەنها لێکدانەوەی مەنتقیش بۆ ئەم وێرانکردنەی گۆڕان هەستی رق و کینە و تۆڵەکردنەوەیە لە کاک نەوشیروان. کاک نەوشیروان پێش وەفاتی بەردەوام جەختی دەکردەوە لەوەی گیرۆدەی تاقمێکی هاوکاری دێرینی بوە کە لە گەڵ یەکتردا ناگونجێن، گۆڕانیشیان کردۆتە گۆرەپانی کێشە شەخسیەکانی خۆیان، بێگومان ئەمە هۆکاری سەرەکی بریارەکەی بو بۆ دروستکردنی گروپی راوێژ لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦، کاتێک بینی هاوکارانی لێکدانەوەی مەزاجیان بۆ بریارەکە هەیە کار گەیشتە ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ یەک بە یەکی زۆربەی ئەو هاوکارانە بکات، خۆشبەختانە ئەو دۆکیۆمێنتە مێژوییە پارێزراوە و لە شوێنێکی ئەمیندایە. ئەم دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەرانە بە پاساوی چاکسازی وەهمی و گۆرینی وەهمی سیستەمی حوکمرانی بۆ پەرلەمانی و بە ناوی گۆڕانیشەوە ئەو لادان و تێکشکاندنەی گۆڕان ئەنجام دەدەن. ئەم کارەشیان ئەو دلۆپەیە بو کە وای کرد ئاو لە جامەکە برژێت. بێدەنگی گوماناوی خانە و تەسلیمبونی زۆربەی جڤاتی نیشتمانی بە بەڵێنەکانی پۆست و پارە و دەنگۆ لەرزۆکەکانی جڤاتی گشتی ئاماژەی زەقن کە گۆڕان لە دارماندنێکی بەردەوامدایەوە، ئەوەی ماوەتەوە هەڵمەت و کاری گۆرانخاز و هەڵسوراوە دڵسۆزەکانە بۆ ستۆپکردن بەم دەسەڵاتە نامۆیە بە گۆڕان و پرەنسیپەکان و رێبازی کاک نەوشیروان. بێگومان چەند گروپێکی نیەت گوماناوی کە لە ئاراستە سیاسی و فکری و ئاینی و کۆمەڵایەتیە جیاکانەوە لە ناو گۆڕاند پێگەی خۆیان گەرم کردوە، کاک نەوشیروان لە دڵپاکی و بەخشینی هەل بۆیان پشتگیری کردن و بواری پێدان، دوای وەفاتی بونەتە بازرگانی سیاسی و ئەڵقەی گومانلێکراوی گرێدراو بەم هێز و ئەو لایەن، ژێر بەژێر سەفقاتی بازرگانی و گەندەڵی و سیاسی و یاسایی و پەرڵەمانی دەکەن و بزوتنەوەکەیان گەیاندۆتە لێواری دارماندنی تەواو. لە لاکەی ترەوە چەند کەسانێکی تر کە لە رابوردودا سەرتاپایان لە گەندەڵی و پێشێلکردنی بەها جوانەکانی کۆمەڵایەتی تێوەگلاوە ئەمرۆ زۆر موخەنەسانە جاڵجاڵۆکەی حەز و خواستە شەیتانیەکانیان لە سایەی گۆڕاندا هەڵدەچنن، خۆشبەختانە چەند راپۆرتی باوەرپێکراوی ئەمریکی و دەرەکی دەرباری ئەم گروپە لە بەر دەستدان، خوازیارم نەگاتە ئەوئاستەی هەمویان بۆ رای گشتی بڵاوبکرێنەوە. هەروەها دەبینین گروپێکی پۆپۆلیستیش کە کاک نەوشیروان بواری کارکردنی لە ناو گۆراندا، تایبەت لە راگەیاندنی گۆڕاندا، بۆ رەخساندن زیادە لە قەوارە و بەهای خۆیان دەمدرێژی بەرامبەر بە هەڵسواراوە رەسەنەکان دەکەن و بونەتە تابوری پێنجەمی وێرانکەرانی گۆڕان، ئەوانە ناشێت ئەوە لەیاد بکەن گەر بێتە سەر هەڵدانەوەی لاپەرەکانی رابوردو، دەبێت شەرمیش دایان بگرێت کاتێک بیر لەوە بکەنەوە سەردانی مەکۆی سەرەکی گۆڕان بکەن. بە کورتی ئەمانە مۆتەکە تێکدەرەکانی ناو گۆڕانن، بەڵام ئەمە کۆتایی ئەو چیرۆکە نیە، دەیان هەڵسوراوی دڵسۆز ژمارەیەکی زۆری بەڵگەو ودۆکیۆمێنت و ڤیدیۆ و نامەی تایبەتیان لە بەر دەستدایە کە راستی بەشێکی ئەم تاقم و گروپە خۆپەرستانەی ناوگۆڕان دەسەلمێنن. ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە خانەی راپەراندن بە گشتی دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان رابگەیەنن، ئەنجومەنێکی کاتی لە سەرجەم نوێنەرانی هەڵسوراوان و دامەزراوەکانی گۆڕان ببێتە دەسەڵاتی بریاردەر تا بەستنی دوەم کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان، سەرجەم رێکەوتنەکانی گۆڕان تا کۆنفرانسی نیشتمانی هەڵپەسێنرێن، هاوکاتیش کورەکانی کاک نەوشیروان بێنە دەنگ چونکە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت هەولێکی نەخشە دارێژراوە بۆ کاڵکردنەوەی مێژ و خەباتی باوکیان. گەر ئەمانە نەکرێن هیچ پاساوێک نامێنێت بۆ شاردنەوەی راستیەکان و رانەماڵینی دەمامک لە روخساری ئەو تێکدەر و لادەرانەی ناو گۆڕان. ١٢ی مایسی ٢٠١٩
ئارام سەعید یەکێک لەو دیاردانەی لەماوەی چەند ساڵی رابردودا بەدی دەکرێت لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکاندا مەسەلەی تەشهیر و جنێودان و سوکایەتیکردنە بەشیوازی جیاواز کە هەندێکیان بۆ کۆمیدیا و هەندێکیان بۆ بەکارهێنانە دژی کەسایەتی و گروپی جییاواز، کە ئەوانیش وردە وردە کۆدەکرێنەوەو دەبنە گروپی رێکخراو، حزب ،تاقم ودەستە جیاوازەکان بەکاریان دەهێنن، واتە ئەوەی جاران لەسەر شەقامەکان خەڵکی بەرشەق دەدا و ئێستاش هەیە، بەشیوازێکی تر دەرکەوتۆتەوە کە ئەویش دروستکردنی پەیجی جیاواز و بەکارهێنانی ناوی خوازراو سەرنج راکێش بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەیەوە لە رکابەرەکانیان بدەن و هیچ یاسایەکیش نیە بۆ بەرەنگاربونەوە چونکە ئەنجامدەران نەناسراون و ئازایەتی ئەوەیان نیە بەناوی خۆیانەوە هیچ بڵێن. موئەیەد ناسری نوسەر دەڵێت ” لەسەردەمی عوسمانیەكاندا ئەوانەی چاودێری نرخی بازاڕیان دەكرد وەك كارمەند ناویان شەللاتی بوو پاشان لەبەرئەوەی فێری گەندەڵیی و بەرتیل خواردن بوون، حكومەت فەرمانبەری نوێی دانا بۆ چاودێری ئەوان و ناویان نا سەرسەری" ، كەكاری سەرەكیان چاوێری شەللاتیەكان بوو." دواتر لەبەرئەوەی ئەوانیش فێری بەرتیل خواردن بوون ئیتر ئەو دووناوە لە ناو كۆمەڵگەدا وردە وردە ناشرین بوو، بەشێوەیەك تا ئێستا لە زمانەكانی ئەم ناوچەیەدا چەندین دەستەواژەی تری ناولێنراوە، وەك چەورە، چەكل، چەقاوەسوو، شەقاوە...هتد . هەمیشە دەسەلات و خاوەن پارە هەوڵدەدات بەكاریان بهێنێت بۆ ئەوەی بەڕێگایەکی ئاسان بەرامبەرەکانیان پێ بترسێنن. لەمێژووی شۆڕش وخەباتی رابردوشدا سوود لەم جۆرە کەسانە بینراون، گەر لە رابردودا ژینگەیەکی دیاریکراو لە گەرەکێکدا کەسێ یان دوانی لەوجۆرەی دروستکردبێت ئەوا ئێستا دامەزراوەو کارگەی دروستکردنی ئەم جۆرە کەسانە دروستکراوەو بەردەوام شێوازی نوێ بەرهەم دەهێنێت کە جیاوازن لە رابردوو، گەر سەیری ئەخلاقی رابردوی شەلاتیەک بکەیت لە رابردودا لە سلێمانی وا ناسراوبون کە لە گەرەکی خۆیاندا ئەو جۆرە هێرش و پەلاماردانەیان نەدەکرد، بەڵکو لەگەرەکێکی تر و دوور لە دراوسێکانی خۆیان و هەندێ جار بەرگریکاری باشیش بوون لە دەرودراوسێی خۆیان. تەنانەت لە ناو باندەکانی مافیاشدا هیشتا هەندێ رێسا هەیە کە پابەندی دەبن. بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی بە رێکخراو بۆ ئەو ئامانجە بەرهەمهێنراون ئەخلاقیشیان جیاوازە و دەست لەکەس ناپارێزن. ئەمە سەرەرای ئەوەی بۆ ئەوەی کەسێکی شارێک بەرشەق بدەیت لەسەر سیاسەت پێویستت بەوەبوو لە شارێکی ترەوە خەڵک بهێنیت چونکە خەڵکی ئەو شارە لە رووی نەدەهات کە هاوشاریەکی خۆی ئازاربدات لەبەرهۆی سیاسی. لەپێل ئەمانەدا ئێستا قوتابخانەیەکی ترهەیە لە سۆشیال میدیا کە ئەویش چەورە و چەکلەکانی فەیسبوکن،کە وەک چەمکێکی نوێ ئەم جۆرەش لە چەکل دروستبوەو ئەرکی سەرەکیان بەردەستی و کۆمێنت نوسین و پۆست کردنی بابەتی جنێو و ئابروبردنی خەڵکە لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان و لەرێگەی پەیجە ساختەکان و گروپی چاتەوە ئاراستە دەکرێن. ئەم گروپە لە دەورو خولی سەرۆک حزب و سەرۆکی دەستەو تاقمە کۆمەڵایەتیەکان کاریان گەورەکردن و پەردەپۆشکردنی ناشیرینیەکانی دەسەلات و بەرپرسەکانیانە، لە پرۆسەیەکی رێکخراو و بە بەرنامە لە کەسی خاوەن را و خاوەن بیرکردنەوەی ئازاد خاڵیدەکرێنەوە و دەبنە داردەست و ئەندامی دەستەو و باند. لە رابردودا ئەم گروپانە هەبوون، لە ناو حزبە سیاسیەکان مێژویەکی کۆنییان هەیە کە هەندێ جاربە "ماستاو چی و کۆیلە" ی حزب ناوهێنراون . بەڵام لە سەردەمی تازە ئەم گروپانە وەزیفەیەکی گەورەتریان هەیە لە کاری "ماستاوچی" ، ئەویش مینبەری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەکاردێنن بۆ شێواندنی رایگشتی . ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم گروپانە خاوەن بروانامە و باکگراوندی ئەکادیمی و رۆناکبیرین وەک کەسانی خاوەن را خۆیان پیشان دەدەن لە کاتێکدا ئەمانە لەرێگەی گروپی چات و بە نامە هەڵدەسورێنرێن و هاندەدرێن و دەکرێنە چەورە و مرۆڤی بێ ئیرادە. ئەم گروپانە لە دەوری ئەو سەرکردانە کۆدەبنەوە کە پێویستیان بەوەیە بە درۆ چەواشەکاری بەردەوامی بە دەسەڵاتیان بدەن جا چ لە دەسەڵاتی حوکمڕان بێت یان دەسەلاتی ئۆپۆزیسیۆن، لەجیاتی ئەوەی دەیان ئەکادیمیا و سەنتەری راهێنان بکەنەوە و کاربکەن لەسەر پەرەپێدانی مرۆیی و بونیادنانی سەرکردەی بەتوانا، کاردەکەن بۆ ئەوەی کۆیلە بەرهەمبهێنن بۆ بەرگری لە ناڕەوایەتی کردوەکانیان. سەرکردەی راستەقینە لەبری چەورە و چەکل، کەسانی حەکیم و بیرکەرەوە و ژیر کە خاوەن رای جیاوازی خۆیانن لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی بەردەوام مەعریفەی نوێ بەرهەمبێنێنن، بۆ تێروانینی نوی و هەموو تاکێکی کۆمەڵگە فێربکەن، سەرکردە راستەقینەکان ئەوانەن کە هاولاتیان خەونەکانی خۆیان لەچاویدا دەبینن، بەڵام ئەو سەرکردانەی پێویستیان بە کۆمێنت نوس وچەکلەکانی فەیسبوکە کەسانی بیرکەرەوەیان ناوێت، بەڵکو چەورە و چەکل کە بەردەوام پێیدا هەڵبدەن و ئەویش هانیان بدا ئەوە دوبارە بکەنەوە. لەکۆتاییدا گرنگە خەڵک جیاوازیەکانی سەرکردایەتی و غەوغائیەت جیابکاتەوە، رەنگە پۆپۆلیزم ئیلهام بەخش بێت بەلام ئامانجەکانی و ئامرازەکانی پاک و بێگەرد نین. دەبیت بپرسین ئایا ئەو سەرکردەیە کە بروامان پێیەتی ژیانی خۆی تەرخانکردوە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک؟ یان دروستکردنی مێگەلێک و کردنیان بە کۆیلە بۆ پیرۆزکردنی خۆی؟ سەرکردەی راستەقینە ئەوانە نین کە خەریکی زیادکردنی شوێنکەوتوی خۆیانن، بەڵکو ئەوانەن دەوروبەریان فیردەکەن چۆن ببنە سەرکردە. ئەوکەسانە سەرکردەن کە خۆیان ناسەپێنن بەسەر دەوروبەردا و ئازادیان زەوت ناکەن. چۆن متمانە بە سەرکردەیەک بکرێت کە خۆی بروای بەو بەهایانە نەبێت کە باسی دەکات و بگرە هەندی جار هەڵسوکەوتی پێچەوانەی ئەو بیروباوەرانەیە کە باسی دەکات.
هەڵمەت غەریب وا وردە وردە لەگەڵ کۆتایهاتنی وەرزی باران بارین دەر ئەنجامەکانی هەلبژاردنەکەی هەرێم ئەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە پاش دوو وەرز لە ئەنجامدانی خەریکە ملامحەکانی کابینەی داهاتوو وەدەر دەکەون لەڕابردوودا هەمیشە لاڤ وگەزافی ئەوەمان لێدەدا لە زۆر شت لەپێش عێراقەوەین بەڵام دەرکەوت لە جەوهەریترین بابەتدا کەدەستاودەستکردنی دەسەڵات و دروستکردنی حکومەت و ریزگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردن زۆر لەدواوەین، لەم ڕوەوە یەکێتی نیشتمانی وەک هێزێکی سیاسی پشکی شێری بەردەکەوێت لە بێ بایەخ کردنی هەڵبژاردن وبابەتی دەستاودەستکردنی دەسەلات لەکوردستاندا وەبە لاوازیەکی زۆریشەوە ئەو حزبە دواجار هاتە ناو پرۆسەکە، دواتر هێزەکانی تر بەشێک لەبەرپرسیاریەتیەکەیان ئەکەوێتە ئەستۆ. پرسیاری گرنگ ئەوەیە درەنگ لەدایک بوونی حکومەت نیشانەی قورسی ئەو پەیامانەیە کە هەڵیگرتووە یان شەڕ و هەڵپەی دەستکەوتە تێیدا ؟؟!! باچاوەڕوان بین .بەڵام هەرچی تایبەت بێت بە هەڵبژاردنەکانی ئایاری پارساڵی عێراق ئەوە هەروا روداوێکی سانا نەبوو لە ناو پرۆسەیەکی سیاسی ئاڵۆزدا ، ئەو هەڵبژاردنە پاش هەوڵی دابەشکردنی دەوڵەتەکە هاتە کایەوە، ئەو دەوڵەتەی کە ئێستاش هەمان مەیلی دابەشکاری تێدا ماوە ، ۱۲ ئایار تا رادەیەکی زۆر گۆرانکاری گەورەی هێنایە کایەوە لە پرۆسەی حوکمرانی عێراقدا هەندێکی ئیجابی و هەندێک سلبی ، لەوانەیە گرنگترینیان کردنەوەی لاپەرەی نوێی نێوان هەولێر ـ بەغدا بووبێت چونکە بۆ یەکەم جار بوو لە دوای ۲٠٠۳ هەندێ دەموچاوی سیاسی بێ پشت وپەنای سیاسی بێنە سەر کورسیەکانی دەسەڵات هەر لەسەرۆک کۆمارەوە کە سیاسیەکی تاک وتەنیایە تا سەرۆکی پەرلەمان وسەرۆک وەزیرانیش کە هیچیان خاوەنی پێگەی بەهێزی پەرلەمانی وسیاسی نین ،ئەمە سەرباری بەردەوامی ناسەقامگیری دوای هاتنی ئەم پیاوانە بۆ دەسەڵات بەجۆرێک تا ئێستا حکومەت تەواو نەکراوە وزۆریک لە وەزارەتەکان بێ وەزیرن بەهۆی رێکنەکەوتن و نەبوونی متمانەی سیاسی نێوان هێزەکان ، بۆیە عێراقی دوای ۱۲ ئایار عێراقێکی لاوازتر ولەرزۆک تر دەرکەوێت لەرووی سیاسی وئابوریەوە بەپێچەوانەی پێشبینیەکانەوە، هەمیشە ترسی سفرکردنەوەی پرۆسەی سیاسی یەکێکە لەسیما هەرە دیارو گریمان کراوەکانی ئەم عێراقەی ئەمڕۆ . هێشتا و پاش ساڵێک لە هەڵبژاردنەکان و دوو ساڵ لەوەدەرنانی داعش لەعێراقدا سیمای دەوڵەتداری بۆ وڵاتەکە نەگەراوەتەوە لەوانەیە ئاسانترین وەلام بۆ ئەمە نەبوونی ئیرادەی سیاسی و وابەستەیی بیت بە ئەجندای دەرەکی وبەتایبەت ئەجندای ئێرانی، ئێران لەپشت سستی پرۆسەی سیاسی وحوکمرانیەوەیە لەعێراقدا،لەم نێوەندەدا ئەبیت بپرسین کورد لەکوێی ئەم قۆناغە نوێیەی پرۆسەکەدایە ؟پارتی ویەکیتی چیان خستۆتە سەرباربۆ قۆناغە نوێیەکە لەناوململانێەکی توندی حزبیدا ؟ ئەمە جگە لەوەی نوێنەرایەتیەکی لاواز و هەڵپەرست کە بەناوی کوردەوە هەن لەبەغدا تاچەند توانیویانە پارێزگاری لەوەی لەدەستا ماوە بکەن نەک ئەوەی لەدەست چووە؟ لەراستیداڤئەوتیمە کوردیەی کە لەبەغدان لەسەرهەردوو ئاستی پەرلەمانی و حکومی زۆر لاوازن و لەئاستی پێگەی کوردی دوای ڕیفراندۆمدا نین تەنانەت بەشێکیان زمانیش نازانن وناتوانن بەرگری لەبچوکترین ئەرگۆمێنتی کوردی بکەن لەوبەغدایە بە نموونە ناتوانن وەلامی ئەو پرسیارە بدەنەوە لەڕووی سیاسیەوە بۆچی ڕیفراندۆمان کرد یان بۆ گەراینەوە بەغدا و بەشدار بوینەوە لەپرۆسەی سیاسی، ڕووی دەمم بەتایبەت لەو ستافە پەرلەمانیەیە کە مرۆڤ بەزەیی بە بەشێکیاندا دێتەوە ، ئەوەندە کۆلەوارو نەزانن وبەشێکیشیان بەس خەریکی شاتە شاتی سەر شاشەکانن، بۆ ناوی خواش دوو قسەی بەسودیان لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا نەکردوە بۆیە تەمەنا ئەکەم لەم خولەدا هیچ یاسایەک دەرنەچێت پەیوەندیدار بەکوردەوە چونکە لە باشترین حالەتدا لەیاسایی میزانیەی ئیتحادی باشتر نابێت ئەویاسایەی مێشکی عەوامیان پێ پڕ کرد بە چەواشەکردن بەوەی مەسەلەی موچە هێچ پەیوەندیەکی بەناردن یان نەناردنی نەوتەوە نیە کەچی لە ڕاستیدا لە هەرحالەتێکی سەرپێچی لەیاسای ناوبراو قوتی خەڵک ئەکەوێتەوە بەر مەترسی ، لاوازی ئەدائی کوردی لەبەغدا بەتایبەت ستافە پەرلەمانیەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کەبەشێکی زۆریان لەڕێگای کرینی دەنگ وبەکارهێنانی پارەو دانی بەرتیل و بەکارهێنانی نفوژی کۆمەڵایەتیەوە گەیشتوون بە پەرلەمان و توانیویانە کورسی بەدەست بهێنن نەک لەسەر بنەمای توانای لێهاتووی و شارەزایی لە کاری پەرلەمانیدا خەڵک دەنگی پێدابن ، واتە بۆ دەسکەوتی شخسی وسفقات چون بۆ بەغدا نەک بۆ شەرکردن بۆ مافەدەستوریەکانی کورد ،بۆیە وا لاواز دەردەکەون لەکاری پەرلەمانیدا،بۆیە پێم وایە خول لەدوای خول پێگەو سەنگی کورد لە دامەزراوە فیدراڵیەکانی عێراقدا لاواز دەبێت و دواجار کیانی سیاسی هەرێمیش پێوەی لاواز دەبێت ، بۆیە پێویستە حکومەتی داهاتووی هەرێم بەجدی بیر لە پێداچوونەوە لە پێگەی کوردستان وبەشداری کارا لەدامەزراوە فیدڕالیەکاندا بکاتەوە بەجۆرێک هاوسەنگی بۆ سیستەمی فیدرالی لەعێراقدا بگێرێتەوە کە بەهۆی لاوازی حزوری کوردەوە و خراپی ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراقەوە دروست بووە. هەڵمەت غەریب مامۆستای زانکۆی سەلەحەددین
شنیار ئەنوەر ئەوانەی نامەم بۆ ئەنێرن و ئەلێن بۆ بێ دەنگی یان ئەلێن بۆ ھاوسەرەکەت ھەشت سال لەگەل شاسوار ئیشی کردوەو قسەی نەکردوە؟! یەکەم ، سەرکەوت سێ سال ئیشی کردوە لە NRT نەک حەوت سال و ھەشت سال دووەم، سەرکەوت ھیچ پەیوەندیەکەی کارکردنی لەگەل شاسوار عەبدولواحید نەبوە کە لە NRT بو پەیوەندی راستەوخۆی لەگەل ئاوات عەلی ھەبو. وە کارکردنی ئێن ئارتی لە واشنتۆن تەنیا بۆ پشتیوانی میدیای ئەهلی کردی وە پێشخۆی پێشنیاری بۆ دوو کەسی تر کرد کە ئەوان کار بۆ ئێن ئارتی بکەن بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەکەی کەم بوو ئەو دوو کەسە (رەنگە خۆیان ئەم نوسینە بخوێننەوە) ئامادەنەبون کاربکەن بۆ ئێن ئارتی. بۆ زانیاریتان سەرکەوت پێش ئێن ئارتی لەرێکخراوی کادکا لە واشنتۆن بە موچەی پێنج هەزار دۆلار و سەرجەم تێچوی تەندروستی و خانەنشینی و زەمالەی خوێندنەکەی کاریدەکرد بەڵام لەبەر ئێن ئارتی وازیهێنا کە پارەیەکی زۆر کەمتربو، ئێن ئارتی هیچ تێچویەکی تەندروستیش بۆ سەرف نەدەکرد. بۆ ئەوەی بتوانێ بەردەوام بێ لە ئێن ئارتی (چونکە پارەکەی زۆر کەمبوو)بەپارت تایم بەشێوەی کۆنتراکت لەگەل وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کاری دەکرد (کاری زمانەوانی، شیکاری دەکرد). بۆ زانیاریتان، سەرکەوت پێش ئێن ئارتی لە میدیای ئەهلی نوسراو ئەزمونی زیاتر لە ٤ ساڵ کارکردن و کارمەندی باڵوێزخانەش بوو پێش ئێن ئارتی لە ئەمریکا بوو وە سەدان پەیوەندی شەخسی و کارگەری هەیە و هەنو ئەوانەی بەکارهێنا بۆ ئێن ئارتی و نەوەی نوێ. وەنزیک بونەوەی پەیوەندی سەرکەوت و شاسوار پەیوەندی بە چەند جار سەردانکردنی شاسوار عبدولواحیدەوە ھەبو بۆ ئەمریکا چەند مانگێک پێش لە دروست بونی نەوەی نوێ، کە ئێستا نامەوێ بچمە ناو وردەکاری سەردانکردنانەوە. دروستبونی نەوەی نوێ راستە زۆر کەسمان لێ دلگران بو زۆرکەس پێی وتین کە نەبینە بەشێک لەم پرۆژەیە بەلام ئێمە لە رۆژگارە سەختەکاندا شانماندایە بەر ئەم ئەرکە و وە پێشتر لە نزیکەوە ئیشمان لەگەڵ زۆرێک لەو هاورێیانە بە سەرۆکی جوڵانەوەکەشەوە نەکردبوو، وە بەراستی ھەمو کەسێک ئەبێ خۆی بە ئەزمونەکەدا بروات چونکە ناکرێت بە هۆی قسە و قسەڵۆکە وە بریار لەسەر کەسانی تر بدەیت. بەلکو ئەبێت بەر ئەو ئەزمونانە بکەویت. سێھەم/ بەراستی وەسفی سەرکەوت ناکەم. مشتێک لە خەرمانی راستیەکانتان پێئەلێم، ئێمە ھەر ھاوژینی یەکتر نەبوین دو ھاورێی زۆر نزیکیش بوین. بۆیە ئەزانم کە چۆن بوەو کە چی کردوە. زۆر بە نیەتی پاک و دلسۆزی کاری کردوە، تەنانەت کەمترین کات بۆ ژیانی خێزانیمان مابویەوە، لە کوردستان کاتێک سەرۆکی جولانەوەکە گیرا (۲٠ ی ۱۲ ی ۲٠۱۷)، شەورۆژ لەسەر خەت بو، لەگەل قونسیلەو پەیوەندیەکانی دەرەوەدا. بەشداری یەک خۆشی نەدەکرد ئەیوت من چۆن ئەتوانم بچمە دەرەوەو ئەو لە زیندان بێ! ئەوە باسی ئەوەناکەم چی بۆ جولانەوەکە کردوە، بەراستیش منیش و سەرکەوتیش بەشێوەیەکی کاتی ھاتبوینەوە وە بریاربوو دوای هەڵبژاردن برۆینەوە هەربۆیە سەرکەوت خۆی بۆ ئەنجومەنی باڵا کاندید نەکرد وە سەرکەوت تا مانگی ٤ ی ۲٠۱۸ لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە گرێبەستی هەبوو، دوتر کەوتینەوە ناو خۆپیشاندان.بەڵام بە تەکلیفی زۆری سەرۆکی جوڵانەوەکە وازی لە ئیشەکەی وەزارەت دەرەوە هێنا و کاندیدبونی قبوڵکرد، ئەوەش ئەرکێکی گەورەبوو وە منەت نیە، بەڵام گرنگە حەقیقەتەکان بزانن پاشان بریاربەن... گومانم نیە زۆربەمان بە نیاز پاکی و خەونی گەورەوە ھاتینە ناو ئەم جولانەوەیە کە زۆرێکمان بەتایبەت لە کچەکان کە بارەگەی هیچ حیزبێکمان نەبینیبو، بەلام نەوەی نوێمان ھەلبژاردو ھەمومان بەکار و پلانی نوێوە لە دەوری ئەم جولانەوەیە کۆبوینەوە. ئێمە شتێکمان ئەویست کە جیاوازبین لەوانی تر. سەبارەت بە من و نەوەی نوێ من چوار مانگەوە گەراومەتەوە بۆ ئەمەریکا و پلانی زۆر جوان لە مێشکا بو کە سود بە نەوەی نوێ بگەیەنم لەناویشیانا بەتایبەت بۆ خانمان. لەو ماوەیەدا کە لە ئەمەریکا بوم کاتێک سەرۆکی جولانەوەکە گیرا، سیناتۆر و زۆر کەسم و ئاگادار کردوە کە تەواوی نامەکان و ئیمەیلەکان ھەن. تەنانەت یەکێ لە ھاورێ کوردەکانیش شاھیدە وتم ئەگەر تا چەند رۆژێکی تر بەرنەبێت ئەوا لێرەوە خەلکانێکی زۆر کۆدەکەینەوە بۆ پشتیوانی. سەرەرای ئەوەی سەرقاڵی زۆری خوێندنم بەڵام ئەو روداوانە ئازارمان ئەدەن. دوای نا کۆکیەکانی ناو نەوەی نوێ پەیوەندیم بە سەرکەوتەوە کرد. وتی باوەرم پێبکە من بریاری خێرام نەداوەو شەش مانگە بیردەکەمەوەو زۆریش لەگەل ئەو برادەرە قسەم کردوە، کە بارودۆخەکان باشتر بن بەلام ئەو سەرۆکی حێزبەکەیەو بریارەکان لای ئەوە کە ھەمو شتێک باش بکات یاخود خراپتری بکا، بۆیە نامەوێ بەشێکبم لەم پرۆژەیە و چیتر بەرپرسیاری کارەکانی نەوەینوێ هەڵناگرم. لەکۆتایدا، من تەنھا شتێکی کەمم گێراوەتەوە. کات و رۆژگار راستیەکان زیاتر ئاشکراتر دەکەن. زۆربەمان راستیەکان باش ئەزانین وە ئەزانین کێ راستەو کێ ھەلەیە، لەبەر ئەوە باشترە یەکتر تاوانبارنەکەن. ئەوانەی چەپلە بۆ ناشرینیەکان لێئەدەن بەیانی بەرگی پەشیمانی لەبەردەکەن. تێبینی: ئەوەی ئێمە لە حەملەی کوردستان بۆ کاندیدەکانمان کرد بەتایبەت کاندیدی ژمارە یەک (من لەسلێمانی و سەرکەوت لە بادینان) ۱ لە سەدی سەرکەوت کە سەرۆک لیست بو ریکلامی بۆخۆی نە دەکرد، کە دەگەرا ریکلامی بۆ کاندیدەکانی تر دەکرد.ئیتر پارەی چی و خۆفرۆشتنی چی.
عەبدولڕەزاق شەریف بەشی سێیەم سەرگەرمی نوسینەوەی بەشی سێیەمی قسەكانم بوم، هەواڵی دانیشتنی پەرلەمانو تێپەڕاندنی یاسای (كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراقو هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور)م بیست. بەناچاری چومەوە سەر وردەكاری كۆبونەوەیەكی تەموزی پارساڵی جڤاتی نیشتمانی، كە دوای تێپەڕبونی یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم، بەشێكی كۆبونەوەكە بۆ چۆنیەتی نوسینی ئەو پرۆژەیەو چۆنیەتی دەنگدانی فراكسیۆنەكەمان لەناو پەرلەمان، تەرخان كردبو. - لەنێوان حزبو هێزو دەوڵەتە ركابەرو دوژمنەكاندا، پەنو كڵاوی ئیستیخباراتی كارێكی تازە نییە، پارتی بەم یاسایە كڵاوێكی لەوجۆرەی بە هەر رێگەیەك بێ كردوەتە سەرمان، داوای لێكۆڵینەوە ئەكەم، نابێ ئەمە بەبێ لێكۆڵینەوە تێپەڕێت. ئەم قسەیەم دوای مشتومڕی ئەندامەكانی جڤات لەسەر جەلسەی پەرلەمانو سیفەی ئیستعجالو تێپەڕاندنی ئەو یاسایە كرد. ئەوكاتە عەڕابەكانی نوسینو تێپەڕاندنی رەشنوسەكە، هیچیان لە كۆبونەوەكەدا نەبون، بۆیە جەلال جەوهەر كە نوێنەری ژوری حكومەتو پەرلەمان بو، بە دو بەهانەی لاواز وەڵامی دایەوە: - دەرفەتێك هاتوەتەپێشەوە، لە سیاسەتدا ئەبێ ئەو دەرفەتانە ئیستیغلال بكرێن. یاساكەش هەمو ئەندامانی ژورەكەی ئێمە بینیویانەو رەزامەندبون. بەدوای قسەكانیدا، لە كۆبونەوەكە چومە دەرەوەو خۆم گەیاندە دكتۆر بایەزید (كە مەسئولی گۆشەی پەرلەمان بو لەهەمان ژوری تایبەتمەند). قسەكانی جەلال جەوهەرم بۆ گێڕایەوەو وتم: - دكتۆر چۆن هەڵەیەكی وا بەسەر ئێوەدا تێپەڕیوە ؟ - دەك روی وای لێ بێت !، راست ناكا، من لە تەلەفزیۆنەوە بیستومە، ئامادەم بێم لەبەردەم هەمو جڤات ئەم قسەیەی پێ بڵێم. ماوەیەكی كورتو دكتۆر بایەزید دەستی لە كاروباری ئەو ژورە كێشایەوە. دوای بێ ئومێدبونم لەوەی بیانەوێو بتوانن لێكۆڵینەوە بكەن، لای خۆمەوە كەوتمە پرسو بەدواداچونو وەرگرتنی قسەی هەمو ئەو كەسانەی كە پەیوەندییان بەو دۆسێیەوە هەیە، گەیشتمە ئەم راستیانە: • ئەندامانی هەردو جڤات بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری رەشنوسو پێشكەشكردنو تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبون. • ژوری حكومەتو پەرلەمان بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری رەشنوسو پێشكەشكردنو تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبوە. • ژوری یاسایی (كە ئەركێكی سەرەكی بریتییە لە داڕشتن، یان پێداچونەوە یاخود رەزامەندی لەسەر هەمو ئەو پرۆژە یاسایانەی كە بزوتنەوەكە پێشكەشیان دەكات) بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری رەشنوسو پێشكەشكردنو تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبوە. • رێكخەری گشتی بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری رەشنوسو پێشكەشكردنو تێپەڕاندنی ئەو یاسایە نەبوە. تێگەیشتم حەقیقەتی حیكایەتەكە بەمشێوەیە بوە: عەلی حەمەساڵح كە لە پەرلەمانیشدا نە سەرۆكی فراكسیۆنو نە لە لیژنەی یاسایی بوە، رەشنوسی یاساكەی لەگەڵ دكتۆر یوسفو لە ژورێكدا شەنو كەو كردوە، چۆن هێناویەتیو كێ پێی داوە ؟! ئەمەیان رەنگە وەڵامەكەی لای خۆی بێ، بەڵام كاتێ بۆ تایپكردن، یەكێك لە كۆمپیوتەرەكانی ژوری یاسایی بەكارئەهێنن، بەرێكەوت دكتۆر ئیسماعیلی رێكخەری ئەو ژورە ئەیبینێو هەر بە چاوخشاندنێ بە رەشنوسەكەدا، بەسەرسوڕمانەوە ئەڵێ: ئەمە چییە ؟!، ئەگەر بۆ پێشكەشكردنە؟ ئاگاداربن، هەم هەڵەی زۆری تێدایە، هەم كارەساتە. خانەی راپەڕاندن بەجیاو تەنانەت مامۆستا جەلالیش، لای منیشو چەندین كەسی تر وتبویان "نەمانخوێندوەتەوە"، بەڵام دكتۆر یوسف لە وەڵامی ئەواندا ئەیوت " راست ناكەن، من لەو گروپەدا، كە لەگەڵ ئەندامەكانی خانە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی هەمانە، رۆژی پێشتر دامناوەو كەسیان هەڵوێستیان نەبوەو مامۆستا جەمالیش دەستخۆشی لێكردوم"، چاتەكانیشی پیشانی زۆر كەس ئەدا، لە وەڵامیشدا ئەندامانی خانە ئەیانوت" فریای خوێندنەوەی نەكەوتوین". لە هەمو حاڵەتەكاندا كەس خۆی بە خاوەنی نەكردو یاساكە تەنانەت بێ رەزامەندی كۆمەڵی ئیسلامی (كە هەتا ئەوكاتە بەهۆی هەڵوێستەكانیانەوە پەیوەندمان لەگەڵیاندا بەهێز بو، بەبێ پرسو گفتوگۆی ئەوان هیچ رەشنوسێكمان نەخستبوە پەرلەمانەوە) دەنگی پێویستی هێنابو و تێپەڕی بو، ئەم گفتوگۆیانەی ئێمە كەپنەكی دوای بارانی كەتنەكە بو. پارتی لە زمانی فازل میرانییەوە وتیان" پرۆژەكەی گۆڕان بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆكایەتی، لەوەی پارتی باشترو جوانتر بو". یەكێتی لە زمانی مەلا بەختیارەوە وتیان" گۆڕان كارێكی كرد، ئێمەیان لەو ئیحراجییە رزگار كرد كە ساڵانێكە تێی كەوتبوین". شوباتی ئەمساڵو كاتێ جڤاتی نیشتمانی كۆبوەوە، بەهەمان شێوازی ساڵی پار لە ئێوارەدا، تەوەری سەعاتی كۆتاییان بۆ (بڕیاری رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی دیموكراتی كوردستان) تەرخانكرد. سەید عومەر دیسانەوە بە موداخەلەیەكی من قوشقی بو: - من هەرگیز دژی رێككەوتنو موساڵەحە نیم، چەندینجار خۆم پێشنیازم كردوەو لەم قۆناغەدا بۆ كورد لە هەمو شتێ گرنگترە، بەڵام ئەوەی پارتی لەگەڵ ئێوە كردویەتی رێككەوتنی سیاسی نیە، چونكە ئەو خاڵانەی رێككەوتنەكەو ئەو پۆستانەی وەرگیراوە بەپێی ئەو قسانەی مامۆستا جەلال دەیكا، تەنیا ئاشتبونەوەی ئەندامانی وەفدەكەمانە لەگەڵ پارتیدا بۆ چەند پلەو پۆستێكی خۆیانو هیچی تر، ئەمە ئاشتبونەوەی پارتیو گۆڕانو دەنگدەرەكانیان نییە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە كە مەسعود بارزانیو سەید عومەر تائێستا یەكتریان نەبینیوە، عورف وایە رێككەوتنو موساڵەحەی نێوان دو هێز دەبێ سەركردەی یەكەمی هەردولا هەم یەكتری ببیننو گفتوگۆ بكەنو هەم دواجار ئەوان ئیمزای بكەن، مەسەلەی ئیعتیزار هێنانەوەی پارتیش بۆ دادگاییكردنەكەی كاك نەوشیروان، بۆ یەكەم دانیشتنمان دەبوایە مەرجی سەرەكی ئێمە بوایە، ئەمە هەنگاوی یەكەمی موساڵەحەی راستەقینەی نێوانمانە، رەنگە پارتیش هەندێك نیگەرانی هەبێ كە پێویست بكات ئێمە داوای لێبوردنی لێبكەین. سەید عومەر هەستایە سەرپێیو بە توڕەبونەوە وتی: - تۆ لە تەلەفزیۆنیشا ئەم قسانە ئەكەی، ئێمە هیچ رێككەوتنێكی سڕیمان لەگەڵ پارتی نەكردوە، هەر ئەمەیەو هێناومانەتە ناو جڤاتەوە، ئەتوانن دەنگی پێ نەیەن. - كاك عومەر تەنیا یەك كەسیش نییە لەم جڤاتەدا گومانی لەوە هەبێو نەزانێ لە ساڵی پارو لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتییەوە، گروپێكی گۆڕانو پارتی خەریكی ئەم رێككەوتنەن ؟! زیاتر لە 40 ئەندامی جڤات لە كۆبونەوەكەدا بونو جگە لە دكتۆر یوسفو عەلی حەمەساڵح (كە لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە بونەتەوە بە ئەندامی جڤات) كەسی تر بە نەخێر وەڵامی نەدامەوەو ئەوانیش بە هەراو زەنا تەئكیدیان كردەوە كە رێكخەری گشتی دورو نزیك ئاگاداری تێپەڕاندنی یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەبوە، سەیر لەوەدا بو، سەید عومەریش وا بەرگری ئەكرد، وەكو ئەوەی خۆی یاساكەی نوسیبێتەوەو تێیپەڕاندبێ ! رۆژی 8ی ئەم مانگە، كە یاسای (كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراقو هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور) تێپەڕی، لام گرنگ نەبو لە پەرلەمان چی ئەگوزەرێ، خاڵو مادەكان چینو چۆن گفتوگۆو دەنگیان لەسەر ئەدرێ، خەریكی بەدواداچونی كاردانەوەی هاوڕێكانمان لە بزوتنەوەی گۆڕانو ناوەندە رۆشنبیریو سیاسییەكەدا بوم. دكتۆر محەمەد عەلی: ئەم تەسلیمبونە موتڵەقەی گۆڕانی گردەكە بە ئیرادەی پارتی، هیچی لە ئاشبەتاڵی 75 كەمتر نییە. كاوە محەمەد: چ شەرمێكی گەورەیە ئەمڕۆ لە هەمو كاتێك زیاتر هەرێم لە دەستی پارتیدایە. مەجید ساڵح لە KNNوە: پارتی وتویەتی ئێمەش بەرنامەكانی نەوشیروان مستەفا جێبەجێ دەكەین. عەلی حەمەساڵحیش خەتاكەی خستە ملی خەڵكو وتی:" با خەڵكی كوردستان 45 كورسی نەدایە بە پارتی". حاكم شێخ لەتیف: پەرلەمانی كوردستان نێریش ئەدۆشێ. ئاراس فەتاح: پارتی بۆ دروستكردنی حكومەتەكەیو سیستمە سیاسییەكەی، ئەو هێزە سوڵتانییانەی هەڵبژارد كە هەم هاوشێوەی مۆدێلەكەی خۆینو هەم متمانەی پێیانە. ئەبوبەكر هەڵەدنی: ئەمڕۆ 30ی حوزەیرانی 2013 دوبارە بوەوە. ئەبو كاروان: پارتیو گوڕان لە ئەنجامی سەفقەیەكی تەسكی حزبیانەی هەردو لایەن، لەسەر پلەو پۆست رێككەوتن. شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: ئاخر چۆن دەبێت لە سیستمی پەرلەمانیدا كە عورف وایە دەسەڵاتی سەرۆك تەشریفی بێت، ئەوەی كوردستان لە ئەسكەندەری مەكدۆنیو جەنگیزخان زیاتر دەسەڵاتی پێبدرێت..؟. عارف قوربانی لە KNNەوە: بزوتنەوەی گۆڕان لە هەمو لایەنەكانی تر راستگۆتر بو. رێبوار كەریم وەلی وتویەتی: ئەمجارە پارتی بە مەبەستو بۆ دروستكردنی جێپێیەكی قایم لە سلێمانی، گۆڕان وەكو ئەسپی تەڕوادە بەكاردێنێ. ئاریان فەرەج رو لە خوێندەوارەكانی نەیاری پرۆژەی 50 ساڵی رابردوی پارتی دەكاتو دەنوسێ:" هەڵوەستەیەك بكەنو پرۆژە سیاسییەكەی پارتی بە كۆی پرۆژە شكستخواردو و هەڵوەریوەكانی دیكە بەراورد بكەن". ئەمەی ئاریان، دەربڕینێكی راستگۆیانەی ناخی پارتیو هەنگاوەكانیەتی، كە هەر لەسەرەتای گفتوگۆكانەوە بەمەبەستی شكاندنی ئیرادەی ئەو رەوتە مێژوییەو نەیارەكانی پارتی، ناویەتی، بەوەی دورخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردە مەرجو لە یادی 17ی شوباتو یادی سەردەشت عوسماندا، سەردانە گرنگەكانو رێككەوتنەكانی لەگەڵ گۆڕاندا ئیمزا ئەكاتو دواجاریش كە لە تێپەڕاندنی هیچ یاسایەكی هاوشێوەداو لە پەرلەماندا مەسەلەی خوێندەوارو نەخوێندەوار نەخراوەتە دەنگدانەوە، كە دیارە هەر بەشێكە لە شكاندنی ئەو ئیرادە شەعبەوییەی گۆڕان بەرامبەر بە پارتی دروستیكردبو، بەدڵنیایی هەنگاوی تریش بۆ ئایندە بەڕێوەیە، دەبێو دەبوایە هەرگیز ئەو قسەیەی نەوشیروان مستەفا لەبیر نەكەن كە ئەیوت" ئێمە شەڕی ئیرادە ئەكەین". بۆ بیرخستنەوە كێشەی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیو لەناویدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، لە ساڵی 2005وە جەوهەری ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی بو، لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئەو ساڵەوە، شەش مانگ پەرلەمان لەسەر ئەو كێشەیە داخرا، هەمان سیناریۆ لە ساڵی 2016داو لەسەر هەمان مەسەلە دوبارەبوەوە، هەر ئەمەش جەوهەری ناكۆكییەكانی (نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانی) بو، كە دواجار گەیشت بە جیابونەوەو دواتر لە نوسینێكی دورودرێژدا, بەناوی (پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم) نەوشیروان مستەفا بە درێژی باسی دەكاتو ئەڵێ مام جەلال تەنیا لەبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەسەر لاشەی هاوڕێكانیدا رێككەوتنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ مەسعود بارزانی كرد. باشترین سەرچاوە بۆ ئەوەی خوێنەرو خەڵكی كوردستان لە بیروباوەڕی نەوشیروان مستەفاو هەڵوێستەكانی سەبارەت بە مەسەلەی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیو سەرۆكایەتی هەرێم تێبگەن، گەڕانەوەیە بۆ ئەم نوسینە. ئەو سەردەمەش ئەم گروپەی خانەی راپەڕاندن (خڕ) لە تەرەفی مام جەلال بونو دژی بیروباوەڕەكانی نەوشیروان مستەفا بون. جارێكی ترو دوای ئەوەندە ساڵ، دیسانەوە پارتیو مەسعود بارزانی زیرەكانە ئامانجی وەفدی دانوستانكاری گۆڕانیان بۆ ئایندەی حوكمڕانی خوێندەوەو یاسای سەرۆكایەتی هەرێمیان وەك دوبارەبونەوەی هەمان سیناریۆ بە چەند پلەو پۆستێكی شەخسی، لە رێككەوتنێكدا بە وەفدی دانوستانكار جێبەجێكرد، تەنیا جیاوازی لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە، تاڵەبانیو نەوشیروان مستەفا لە مەعریفەی سیاسیو رۆشنبیریو توانای شەخسی خۆیانەوە هەڵوێستو بڕیاریان بە باشو خراپ ئەدا، بەڵام ئەم گروپەی "خڕ" لەدوای مەرگی كاك نەوشیروانەوە لە غیابی مەعریفەو توانایاندا، لە پشتی دەرگایەكەوە دانیشتوونو بڕیارەكانیان لەڕێگەی كەناڵی ترەوە پێ ئەدرێت، بۆ سەلماندنی ئەمەش، باشترین نمونە ئەم حیكایەتەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەیە، كە ئەو گروپە بەسەر لاشەی نەوشیروان مستەفاو گۆڕانخوازاندا تێیانپەڕاند. ماویەتی..
دانا مەنمی تهمهنی كابینهی ههشتهمی حكومهتی ههرێم بهرهو كۆتایی دهڕوات ،بهڵام قهرزێكی زۆری كۆمپانیا نهوتییهكان و بانكهكان و موچهی فهرمانبهران و بهڵێندهران قهرزارهو وەك میرات بۆ كابینەی نۆیهمی حكومهتی ههرێم ماوهتهوه ، پرسی قهرزهكانی حكومهتی ههرێم و رێكهوتنهكهی لهگهڵ بهغدا گهورهترین ئهو كێشانهن كه ڕوبهڕوی كابینهی نۆیهم دهبێتهوه . حكومهتی ههرێمی كوردستان له ساڵی ۲۰۱٦ وه تائێستا كه بڕیاری لابردن و ههڵوهشاندنهوهی سیستهمی پاشهكهوت دراوه نهیتوانیووه به تهواوی ههموو مانگێك موچهی فهرمانبهران بدات ، له ههر ساڵێكدا موچهی سێ مانگی فهرمانبهرانی خواردووه ، قهرزی پاشهكهوتی موچهی فهرمانبهران لای حكومهت نزیكهی ههشت ملیار دۆلاری تێپهراندووه ، جگه له قهرزی بهڵێندهران كه ههر بهڵێندهرێك نزیكهی ۸۰۰ ملیۆن دۆلاری لای حكومهتی ههرێمی كوردستانه و ئهگهر قهرزی كۆمپانیا نهوتییهكانیش درابێتهوه لهسهر حیسابی گیرفانی فهرمانبهرانی ههرێم دراوهتهوه . لهیاسای بودجهی ۲۰۱۹ی عێراقدا ههرێمی كوردستان پابهندكراوه بهناردنی ۲٥۰ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانه، لهبهرامبهردا حكومهتی عێراق بودجهو موچهی فهرمانبهرانی ههرێم رهوانه دهكات ،بهڵام دوای تێپهڕبوونی پێنج مانگ له ساڵی نوێی ۲۰۱۹ تا ئێستا حكومهتی ههرێم موچهی تهنها دوو مانگی له ساڵی ۲۰۱۹ دابهشكردووه ، لهكاتێكدا مانگانه له لایهن حكومهتی عێراقهوه بری ٥۲۲ ملیار دیناری بهدهست دهگات ، جگه لهوهی ڕۆژانه حكومهتی ههرێمی كوردستان زیاتر له ٤۲۰ ههزار بهرمیل نهوت دهفرۆشێت كۆی داهاتی نهوتی فرۆشراو مانگانه له نێوان ۳٥۰ بۆ ٤۰۰ ملیۆن دۆلاردایه . خۆ ئهگهربهپێی یاسای بودجهی عێراق ئهگهر ههرێمی كوردستان رۆژانه ۲٥۰ ههزار بهرمیل نهوت رادهستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات ئهوه ۱۰ تریلیۆن و ٥۹۹ ملیار دیناری لهبهغداوه بۆدێت ، ئهگهریش ئهو بڕه نهوته رادهست نهكات ئهوه مانگانه ٥۲۲ ملیار دینار بۆ موچهی فهرمانبهرانی ههرێم له بهغداوه دێت ، جگه له سهرچاوهكانی داهاتی ناوخۆ له ههرێمی كوردستان كه داهاتی ناوخۆی ههرێمی كوردستان زیاتر له ۱۰۰ ملیۆن دۆلاره ،پێش سهرههڵدانی قهیرانی دارایی حكومهتی ههرێم پێویستی به ۸٥۰ ملیار دینار بوو بۆ پێدانی موچه بهبێ پاشهكهوت، له ئێستاشدا حكومهت دهڵێت پێویستی به ۸۹۰ ملیار دینار ههیه بۆ پێدانی موچه بهبێ پاشهكهوت . عادل عهبدولمههدی ههرچهنده دۆستی كورد بێت ، فشاری زۆری كوتلهو لایهنهكانی تری لهسهرهو پێویسته كورد هاوكاری بكات و ههنگاوێك بچیته پێشهوه ،حكومهتی ههرێم جگه لهوهی نهوتی نهناردووه پابهندیش نهبووه بهو رێككهوتنه ٢٧ خاڵییهی كه لهسهر گومرك ئهنجامیداوه، خۆ ئهگهر بۆ ئهمساڵ مهترسی بڕینی مووچه نییه، هیچ گرهنتییهك نییه بۆ ساڵی داهاتوو بتوانرێت مووچه بهم شێوه بهردهوام بێت ، ئهوهش وادهكات كه یاسایی بودجه بۆ ساڵی ئاینده ڕوبهڕووی كێشه ببێتهوه چونكه حكومهتی ههرێم هیچ پابهند بونێكی له ساڵی ۲۰۱۹ نهبووهو ساڵی ۲۰۲۰ ڕوبهڕووی كێشه دهبێتهوه . ههرێمی كوردستان خاوهن تاڕادهیهك بڕه نهوت ٤٥ -٦۰ملیار بهرمیل نهوتی یهدهگ و زیاد له ٥ تریلیۆن مهترسێجا غازی سروشتی یه ، گرنگی و كاریگهری خۆی ههیه لهسهر نهخشهی وزهی دونیادا و زلهێزهكان و كۆمپانیا نهوتیه گهورهكانی وهكو ئهكسن مۆبیل و شێل و تووتاڵ و گازپرۆم وشیڤرۆن و ڕۆسنهفت ودانه غاز و...هتد ، زیاد له ٤۰ كۆمپانیای نهوتی له پێشبڕكێدان بۆ وهدهستهێنانی كێڵگه نهوتیهكانی ههرێمی كوردستان ،زیاتر له ٤۲ گرێبهستی نهوتی واژۆ كراوه ، فرۆشتنی نهوتی كوردستان بێ گهڕانهوه بۆ بهغداد، لهكاتێكدا بهپێی دهستوری عێراقی ههمیشهیی ساڵی ۲۰۰٥ و له مادهكانی ۱۱۱ و ۱۱۲ دا دانی بهوهدا ناوه كه نهوت و غازی سروشتی موڵكی ههموو گهلانی عێراقه لهههموو ههرێم و پارێزگاكاندا دهبێت ئهو سامانه سروشتیه بههاوبهشی و هاوكاری ناوهند و ههرێمهكان بهڕێوه بچێت نهك بهتهنها. ئهوهی لێرهدا گرنگه ئهوهیه كه مهلهفی نهوت له ههرێمی كوردستان به ناشهفافی ماوهتهوه و بووهته مایهی كێشهو گرفت بۆ خهڵكی كوردستان ، له ئێستادا رۆژانه نهوت بهرێژهیهكی زۆر زیاتر له رابردوو بهڕێ دهكرێت، بهڵام پێشمهرگه و فهرمانبهران بێمووچهن و خهڵك بێ خزمهتگوزاریین و زۆربهی كهرتهكانی خزمهتگوزاریی و بازرگانی و وهبهرهێنان و سهرمایهگوزاریی ناوخۆیی و بیانی له ههرێم پهكیان كهوتوووه وسێكتهرهكان تووشی قهیران بوون ،چیتر ناڕوونی مهلهفی نهوت دۆخی ههرێم قهیراناوی تر دهكات .
سەركۆ یونس لەمانگی ڕەمەزاندا زیاتر لەیەك ملیار موسڵمان بە كاتژمێری جیاواز لەنزیكەی(57) وڵاتی موسڵماناندا و جگە لە موسڵمانانی وڵاتانی تر بەڕۆژوو دەبن. ئەمەش ڕەنگدانەوەی باش و خراپی دەبێت لەسەر ئابوری ئەم وڵاتانە. بێ گومان ئەم ڕەنگدانەوەیە بۆ ئەو هەڵسوكەوت و ڕەفتارانە دەگەڕێتەوە كە بەكاربەرو كڕیارانی بەڕۆژوو لەم مانگەدا پێ ی هەڵدەستن وئەنجامی دەدەن ،لە هەندێ وڵات بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەوا و داب ونەریتی كۆمەڵایەتی وئایینەوە سەرهەڵدەدات لەوانە كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی كاركردن لەكەرتی گشت و تایبەت ودواخستنی كردنەوەی دوكان و ماركێت و شوێنەبازرگانی و پیشەسازییەكان و لەهەمانكاتدا زووداخستنیان، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نێگەتیڤی دەبێت بەسەر گەشەی ئابوری ناوخۆیی و چالاكی بازرگانی وسەرئەنجام بەشێوەیەكی گشتی ئابوری هەموەكی لەڕاستیدا كاریگەریەكانی مانگی ڕەمەزان لەسەر ئابوری جیهانی بە گشتی و ئابوری وڵاتانی ئیسلامی زۆر و جۆراو جۆرن و وە بوەتە جێگای سەرنج و تێڕامانی ئابوریناسان ئەوەتا بەپێ ی ئەو ڕاپۆرتانەی كە لە ساڵی (2015) دەرچوون ، دەركەوتووە ساڵانە موسڵمانان نزیكەی (1.8) ترلیۆن دۆلار خەرج دەكەن.لەچەند ساڵی ڕابردودا هەندێ توێژینەوەی زانستی لە وڵاتانی ئیسلامی ئەنجامدراوە و دەركەوتوە( ئەگەر بێت و كاتژمێرەكانی بەڕۆژوو بوون درێژە بكێشێت ئەوا كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئابوری ئەو وڵاتانە بەگشتی و وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت و ئەگەر هاتوو تێكڕای كاتژمێرەكانی بەڕۆژوبون لە (12) كاتژمێرەوە بەرزببێتەوە بۆ (13) كاتژمێرئەوا ڕێژەی گەشەی ئابوری لەو وڵاتانەدا كەمدەبێتەوە بۆ (%7) ! كەمبونەوەی بەرهەمداری: بەهۆی ئەو هەڵە تێگەشتنەوە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەوەی كە موسوڵمانان كردویانە بە مانگی پشوو و پاڵدانەوە و نوستن بەڕۆژ و خواردن و خواردنەوە و بەسەربردنی كات بە پیاسەكردن و سەردانەكان بەشەو وادەكات بەرهەمداری یەكەكانی بەرهەمهێنان لەسەرجەم كەرتەئابوریەكان كەمببێتەوە و ڕێژەی كاروچالاكیە ئابوری و بازرگانیەكان كەم دەبنەوە بەپێ ی هەندێ ئاماری زانستی پێوەرەكانی بەرهەمهێنان لەماوەی مانگی ڕەمەزاندا لەزۆربەی وڵاتانی ئیسلامی دادەبەزێت و ئەوەتا بەپێ ی توێژینەوەیەك دەركەوتوە ئاستی بەرهەم و بەرهەمداری بەڕێژەی (%20 بۆ %40) دابەزیوە لەو كێڵگانەی كە كرێكارانی هیندی بەڕۆژو دەبن.لەبەشێكی تری وڵاتانی ئیسلامیدا كاروچالاكییەكان دەخرێنە كاتەكانی شەوەوە ئەمەش پێچەوانەی سیستەمی كاركردنی ئابوری ئەم وڵاتانەیە. ڕۆشنبیری بەكاربردن : بەهۆی ئەو هەڵە تێگەشتنەیەوە زۆربەی خێزانەكان لە پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان بۆ دابین كردنی پێداویستیەكانی ئەو مانگە لە خۆراك و خواردەمەنی و تەنانەت جلوبەرگیش ڕوو دەكەنە بازاڕەكان ئەمە وا دەكاتە جموجوڵ بخاتە بازاڕەكانەوە وخەرجی خێزانەكان بە هۆی خواستی بەكاربردنەوە زیادە دەكات و وا لە فرۆشیاران دەكات وردە وردە نرخەكانیان بەرزبكەنەوە وبەدەرفەتێكی لەباری دەزانن بۆ خۆ دەوڵەمەندكردن..! كە دەچینە ناو ڕەمەزانەوە دیاردەكە گەورەتر و فراوانتر دەبێت بەتایبەت لەئابوری ئەو وڵاتانەی كە دەزگای بەرهەمهێنانیان توانای وەڵامدانەوەی ئەو خواستەیان نی یە وەك ئابوری هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ وەڵامدانەوە ناچار پەنا دەبرێتە بەر هاوردەكردنی بڕێكی زیاتر لە بابەتی خۆراك خواردەمەنی و میوە بەهەموو جۆرەكانیەوە ،ئەم ناڕۆشنبیرییەی بەكاربردن لەلایەن زۆربەی ڕۆژوەوانانەوە كاریگەری نێگەتیڤی دەبێت لەسەر ئابوری بەگشتی و كەرتی بازرگانی بەتایبەتی ،ئەمە وادەكات جارێكی تر تەرازوی بازرگانی لەبەرژەوەندی هاوردەكردن بێت و سەروەت و سامانی ناوخۆیی لەپێناو پڕكردنەوەی پێداویستیەكان جارێكی بڕواتە دەرەوەی هەرێم.ئەمەش كاریگەری خراپ دەخاتە سەر بودجەی خێزان و زۆربەی داهاتەكانیان بۆ لایەنی خەرجی بەكاربردن تەرخان دەكرێت و هەندێ جار ڕێژەیەك لە خێزانەكان لە پێناو دابینكردنی پێداویستییەكانیان پەنا بۆ قەرز دەبەن كە ئەمەش بارگرانیەكی ترە بەسەر شانی كۆمەڵگاوە. • زیادەرۆیی لە بەكاربردندا : لەڕاستیدا مانگی ڕەمەزان دەرفەتێكە بۆ ئەوەی تاك و خێزانی موسڵمانان بەسیستەم و شێوازی بەكاربردنیاندا بچنەوە و دوور بكەونەوە لەدیاردەی بەفیرۆدان و زیادەخەرجی بەڵام بەداخەوە بەهۆی نارۆشنبیری بەكاربردنەوە زۆربەی كۆمەڵگا ئیسلامیەكان توشی دیاردەی زیادە بەكاربردن و زیادە خەرجی دەبنەوە و زیاد لە پێویستی ڕۆژانە پێداویستی دەكڕن و بۆ هەردوو ژەمی ئێواران و پارشێو دادەنرێت كە بەداخەوە بەشێكی زۆری زیادەیە و سەرئەنجام بەفیرۆ دەچێت و دەخرێتە ناو زبڵدانەوە ئەوەتا بەپێ ی ئامارێكی ناڕەسمی شارەوانی سلێمانی لەساڵانی ڕابردودا نزیكەی لە (%60 بۆ%70) ی زبڵ و خاشاكی شاری سلێمانی بریتی بووە لە ماددەخۆراكیەكان و سەوزە و میوە ! هەرچەندە لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا زیادەبەكاربردن و زیادەرۆیی ڕێگە پێنەدراوە و دەچێتە بواری حەرامكراوەكانەوە . لەڕاستیدا بەرۆِژوو بون بۆخۆی هەندێ ڕەهەندی ئابوری گرنگی هەیە بۆ موسڵمانان یەكێك لەوانە پاراستنی تەندروستی خودی مروڤە كە ئامانجی سەرەتاو كۆتایی گەشەپێدانی ئابوریە بۆ مرۆڤ خۆیەتی بەداخەوە لەم لایەنەیشەوە تاكی موسڵمان هەست بەوە ناكات و پشت گوێ ی خستوە بەسەردانێكی شەوانەی نەخۆشخانە فریاگوزارییەكان تێبینی ئەوە دەكەین كە زۆربەی زۆری توشبوان كەسانی ڕۆژوەوانانن.! هۆكارەكانی بەرزبونەوەی نرخەكان لە ڕەمەزاندا:- لێرەدا بەكورتی باس لەو هۆكارە ئابوری و كۆمەڵایەتیانە دەكەین كە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەبنەهۆی بەرزبونەوەی نرخی شمەك وكاڵاكان،گرنگترین هۆكار خودی ڕەفتاری بەكاربەری ڕۆژوەوان خۆیەتی بەهۆی ئەوەی كەبەڕۆژوو ئەبێت برسی و تونیو دەبێت و حەزی بۆ زۆرێك لە خواردن و خواردەمەنی یەكان ئەجوڵێت ئەمە وا دەكاتە ببێتەهۆی زیاد بونی خواست و سەرئەنجام بەرزبونەوەی نرخەكان،هەروەها زێدەبەكاربردنی ڕۆژوانان یەكێكی ترە لە هۆكاران،گەڕانەوەی سیستەمی پێدانی مووچە و نەمانی پاشەكەوت بەشێوەیەك بووە هۆی زیاد بونی داهاتی نەختینەیی تاك و خێزانەكان بووبەهۆی زیاد بونی خواست و خەرجی بەكاربردن ، هەروەها ئەو پێشبینی یە نادروستەی كەبەكاربەران هەیانە كاریگەری ناڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرزبونەوەی نرخەكان و ئەوەشمان لەبیر نەچێت هۆكارە ئاینییەكان لە خێرو سەدەقەو سەرفیترەی ڕەمەزان و پێدانی زەكاتی دەوڵەمەندان لەم مانگەدا دەبێتەهۆی زیادیونی داهاتی چینی هەژاران و ڕاستەوخۆ خەرج كردنی لەبازاڕەكاندا و سەرەئەنجام دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخەكان ،هەروەها زۆر بەداخەوە فرۆشیاران و بازرگانانی هەرێم بەچاوێكی تەماحاوی لەبارودۆخەكە دەڕوانن و هەمو هەوڵێكیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجە.! باشترین چارەسەر بۆ دەربازبوون لەم قەیران و دیاردانە بونیاد نانی ئابورییەكی سەربەخۆ و پتەو و پشت بەستو بە سامانی نیشتمانی كەرتەكانی نەوت وكانزاكان و كشتوكاڵ وگەشتوگوزارەوە هەرێم دەتوانێت بەسەر ئەم بارودۆخانەدا زاڵ ببێت ... *ئابوریناس
بەهادین نوری لە بارودۆخە سەختەکەی ڕیفراندۆمی ئەیلولی ٢٠١٧ دا نەوەی نوێ وەکو یاریچیەکی تازە هاتە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم ، ناتوانم بڵێم بە شێوەیەکی تەواو ئاسایی لەدایک بوو ، بەڵام ئەوە ڕوونە کە دروستبوونی ئەم ڕێخراوە کاردانەوەیەکی ئەو هەڵە کوشندەیەبوو کە پارتی و یەکێتی تێکەوتن . لەو ڕۆژانەدا کە بانگەشەی گەرم و بەربڵاو بۆ ڕیفراندۆم دەکرا ، وەک بڵییت چرکەیەکی ماوە بۆ لە دایکبوونی دەوڵەتی سەربەخۆیی کورد ، دۆخی هەرێم زۆر پێویستی بە رێخراوێکی وەکو نەوەی نوێ بوو کە هەڵوێستێکی ڕوون و رەوانی هەبوو دژ بەو هەڵە ستراتیجیەی پارتی و یەکێتی + دەزگایەکی ڕاگەیاندنی بەتوانای هەبوو . واتە بابەتیانە سەیری بکەین دۆخەکە لەباربوو بۆ دامەزراندنی نەوەی نوێ، لە ماوەیەکی کورتدا ن.ن ( نەوەی نوێ ) بەچوار کورسیەوە چووە پەرلەمانی عێراق و بە هەشت کورسیشەوە چووە پەرلەمانی هەرێم . ئەمە ئەنجامی خەباتێکی چڕ و پڕی بوێرانەی ئەم بزووتنەوە تازە پەیدابووە بوو . توێژێکی بەربڵاو ، بەتایبەتی لەنێوان لاوانی هەرێمدا ، هیوایان بەم ڕێخراوە بوو ، ن.ن شانسێکی باشی هەبوو کەگەشە بکات و ببێتە بزووتنەوەیەکی گەورە و کارامە ئەگەر بەدەستی خۆی ئاگری لەماڵی خۆی بەرنەدایە ، ئەوانە بەهەڵەداچوون کە دەڵێن ئەم لەتبوون و کێشەی ن.ن . دەستکردی پارتی و یەکێتیە . گومان لەوەدانیە کە پارتی و یەکێتی ئەم لەتبوون و شەڕە قسەی نێوان ن.ن یان زۆر پێخۆشە و هەوڵدەدەن کەڵکی زۆری لێوەرگرن بۆ لەناوبردنی ن.ن. بەڵام برادەرانی ن.ن خۆیان بەرپرسیارن لە دروستکردنی کێشەکە ، هەر خۆیشیان دەتوانن چارەی بکەن . قسەی شاسوار ڕاستە کەدەڵێ کەم ئەزموون بووە بۆیە توشی ئەم کێشەبووە ، باشە ئەوەش بزانێ کە گومڕاش بووە ، ئێستە باجی کەم ئەزموونی و گومڕایی خۆی دەدات . ئەو پێیوابوو ، مادام سەرچاوەی دارایی ن.ن بێ دەتوانێ سەرچاوەی هەموو بڕیارێکی سیاسی و ڕێخراوەیش بێ ، هەرچی بوێ مافی خۆیەتی بیکات، بەڵام شاسوار بەتەنها بەرپرسیارنیە . ئەوانەش کە لەشاسوار جیابوونەوەتەوە بەشێک لە بەرپرسیارێتی ئەم تێشکانە دەکەوێتە ئەستۆیان دەبوو ئەوەیان بزانیایە کەبەم جیابوونەوەیە رەنجی خۆیشیان دەدەن بەبادا، دەبوو بیانزانیایە کە هەلێکی زێرن دەرەخسێ بۆ نەیارانی ن.ن ، بەتایبەتی بۆ دەسەڵاتداران ، بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی ن.ن . و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن کە ئەمڕۆ لە خراپترین حاڵیدایە لەم هەرێمەدا . ئەمەش وەکو جەژن وایە بۆ پارتی و یەکێتی. دەسەڵاتدارانی یەکێتی ئەم لەتبوونەیان بەهەل قۆستەوە بۆ سازدانی هێرشی پۆلیسی بەگیانی تۆڵەسەندن لە ن.ن . لەسەر ئەوە کە قسەیان کردووە دژ بە پۆخڵەواتی پارتی و یەکێتی . بە پێی ڕاگەیاندنی ن.ن . ئەومەفرەزانەی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای ن.ن . بۆ گرتنی ئەوانەی ویستویانە ، گەنجانی دەمامکپۆش بوون ، ڕێگەی هیچ گیراوێک نەدراوە چاوی بەکەس و کاری بکەوێت و پارێزەر بۆخۆی بگرێت . کە ئاسایش بە دەمامکەوە . بچێتە سەر ماڵێک یان بارەگایەک ئەمە هیچ مانایەک نابەخشێ جگە لە چەتەگەری ، دور لەیاسا و دیموکراسی . دەبێ هەموو مرۆڤێکی مرۆدۆست نارەزایی خۆی دژ بەمە نیشانبدات و داوای لێکۆڵینەوە و سزای تاوانباران بکات . دەبێ حکومەتی بەغدادیش بێتە دەنگ. ئەو کەسانەش هەن کە ده لین دەوڵەمەندێکی سەرمایەداری وەکو شاسوار حیزبی لەوە باشتری پێدروستناکرێ ، یان بزنس یان حیزبایەتی . ئەمە لە جیهانی ئەمڕۆدا قسەیەکەی نەگونجاو و دوورە لە واقع ، خۆزگە ئێمە رژێمێکی سەرمایەداری وەکو هۆڵندا، سوید ، کەنەدامان هەبوایە لەباتی ئەم رژێمە خێڵەکیە نەتیدیموکراتیە پڕ لە گەندەڵکاریەی ٢٨ ساڵە . لەکۆتاییدا بەبرایانی نەوەی نوێ دەڵیم : زەرەر لەنیوە بگەڕێتەوە باشترە . باشەری راگەیاندن بە فەوری بوەستێنن و بیگۆڕن بە موناقەشەی دوستانە . بارێگە نەدەن زیانی گەورە تریشیان بەر بکەوێ ، باپێوەندی نێوانیان ئاسایی بکەنەوە و بەوردی بیر لەبەرژەوەندی حیزب و گەل و نیشتیمان بکەنەوە . باکەشێکی وەها دروستبکەن کە بتوانن لێکتر نزیک بێتەوە و یەکبگرنەوە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی باشتر کە ئەزموونی هەموو هەڵەکانی لەمەو پێشی تێدا رەچاوبکرێ .
ئومێد حەمەعەلی زیادەڕەوی نییە بڵێم, ئێمە لە دۆخێکی ترسناکداین, بەشێوەیەک جگە لە بیدەنگی و ملکەچی ڕەها, هیچ شتێکی تر, هیچ هەڵوێست و ڕەوشێکی تر ناتوانن ئاسایشی کەسێتی و ڕۆحی ئینسان تائەندازەیەکی باشتر فەراهەم بکەن. تەنیا کوفری ڕەخنە مەکە, ئیتر تۆ پارێزراویت. ڕەنگە تەنیا شتێ زۆربەی بیریاران و بیرکەرەوە گەورەکانی دونیا لەسەری ڕێکبن, پێویستی بوونی ڕەخنەبێ بۆ پێشکەوتنی شارستانێتی میللەتان. بەڵام لەگەل ئەوەشدا, هەموو جار ئەو زەرورەتەی ڕەخنە ڕێزی لێ ناگیرێ, نەک هەر ئەوە, لەهەندێ لە کۆمەڵگەکاندا و لە دیدگای بەرتەسکی ئایدۆلۆژیا و هێزەکاندا وەک کوفر بەرخوردی لەتەکدا دەکرێ و ڕەخنەگران دەخرێنە بەردەم مەکینەی فاشیستییانەی هاڕینی مرۆڤ و تا دوائەندازە دەهاڕدرێن. مەکینەی فاشیستی, ئەو هێزانەن کە لەبری گفتوگۆی ئەقلانی و دیموکراسییانە پەنادەبەنەبەر کوشتنی کەسێتی و هاڕینی بوونی ئینسان. ئەم مەکینە فاشیستییە ڕێگری سەرەکی بەردەم لەدایکبوونی گۆڕانکاریی و هەموو سەردەمێکی تازەیە. ئەگەر جاران لیژنەی ئیغتیالات و پەکتاوکردنی جەستەییانەی نەیارە سیاسیەکان لەمێژوی شۆڕش و دوواتریش سەردەمی دەسەڵاتی باشوردا لەئیشدابووە, ئێستا سەرباری ئەوە لیژنەی ئیغتیالاتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەئارادان و, تەنیا لەبەر بیرکردنەوەی جیاوازت, تەنیا لەبەر ئەوەی لەوان ناچیت, ڕاستەوراست لیژنە ئیغتیالاتەکانی حیزب دەستبەکاردەبن و فیشەک بە کەللە سەری کەسێتیتەوە دەنێن. ڕۆحت تیرۆردەکەن. لەبناغەدا هۆکار ئەوەیە, ئەم مەکینە فاشیستییە, ئەم هێزانە و بەشێک لە شوێنکەوتووانیان ڕەخنە بە کوفر دەزانن. ئێمە لەدۆخێکی ترسناکداین, چونکە بیدەنگبوون ئارامی دروستدەکات. لەهەر کۆمەڵگەیەکدا بێدەنگبوون و ڕازیبوون و سەرلەقاندن بۆ هەموو شتێک, بۆ هەموو هەڵوێست و کردەوەیەک, مەرجی دڵسۆزی, مەرجی وەفاداری, مەرجی باشبوونی کەسەکان بوو ئەوە حاکمییەتی ئەو هێزانە بەسەر ژیانەوەیە, کە مرۆڤ وەک کۆیلەی ئەبەدی خۆیان تەماشادەکەن. ڕەخنە کوفر نییە. ڕەخنە مەرجی بنچینەیی هەموو هێز و کەسێکی دیموکراتە, کە خاڵی جیاکەرەوەیەتی لە ئەقڵێکی فاشی. ئەزیزان سەیری مێژوو بکەن نازییەکان هەر کەس لەخۆیان نەچووایە دەیانکوشت. کۆمۆنیستە بەلشەڤیکەکان هەر کەس وەک ئەوان بیری نەکردایەتەوە دەکوژرا, یان ڕاوەدوودەنرا; بەعسییەکان تەنیا ئینسانی بێدەنگ و ملکەچیان دەهێشتەوە و داعشییەکان بۆیان بلوێ هەموو دونیا سەردەبڕن تەنیا لەبەرئەوەی وەک ئەوان بیرناکەنەوە. هەموو ئەم ڕەفتارە فاشیستییانەیان لەبەرئەوەبووە, خۆیان پێ موقەدەس و خاوەن ڕێگەی ڕاستی ڕەهایە و, ڕەخنەکردنیان وەک کوفر تێگەیشتوون. ئەی هێزە سیاسییەکانی کوردستان چی لەگەل ئەو کەسانە دەکەن کە ڕەخنەیان لێ دەگرن؟ پێش ئەوەی هیچ بکەین, پێش ئەوەی هیچ بڵیین, پێش ئەوەی بڕیار لەبارەی کەس و هێز و ئەوانیترەوە بدەین, پێش هەر شتێک پێویستە بیربکەینەوە سەبارەت بە پرسیارێک, کە دەتوانێ بمانخاتە بەردەم خۆیەکلاکردنەوەیەکی ئەخلاقی, ویژدانی و مەعریفی. ئەو پرسیارە بناغەییە بریتییە لەوەی ڕووبکەینە خۆمان بپرسین: (ئایا ڕەخنە کوفرە؟ ئایا ڕەخنە تاوانە؟).